• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 8, 2026

ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و ڕەوشی بازرگانیی جیهانی؛ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ

 د. زانا کەریم / پسپۆڕ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی

 

بەرایی

ڕێگا و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکان، چ وشکانی بن یان دەریایی، ڕایەڵەی پێکەوەبەستنی جیهان و شادەماری جیهانگیرین و ئومێدی بەرجەستەکردنی “یەک جیهان، یەک خەون[1]” بەم ڕێڕەوانەدا تێدەپەڕێت. ئابووریی وڵاتان بە هۆیانەوە بە بازاڕ و هەلی نوێ دەگات و فراژوو دەبێت. شمەک و کاڵا بازرگانییەکان، چ پێش دروستکردنیان و چ پاش دروستکردنیان، لە هاتوچۆدان و هات و چوونەکەش بەم ڕێڕەوانەدا تێدەپەێت. بۆیە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئاسایشی ئەم ڕێگایانە لێکەوتەی نەرێنی لە سەر ئابووریی جیهان دادەنێت. دەریای سوور یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە جیهانییەکانە و گرنگییەکی سیاسی و ئابووری و ستراتیژیی بۆ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە. لە ئێستادا ئەم ڕێگا بازرگانییە لە بەردەم ئاڵنگاریدایە و کەوتووەتە بن باندۆری بەریەککەوتن و تەنگژە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لە سەر بازرگانیی جیهانی داناوە، بە جۆرێک هەندێک لە چاودێران وەک دەستپێکی سەرەولێژبوونەوەی جیهانگیری و لەبەریەکهەڵوەشانی جیهانی بەجیهانیبوو لێی دەڕوانن. ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور چین؟ چ پەیوەندییەکیان بە وەرچەرخان و ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە و چ کاریگەرییەک لە سەر ئایندەی بازرگانی و ئابووریی جیهانی دادەنێن؟ ئایا ئەم ئاڵۆزییانە سەر دەکێشن بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغێک لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دەبنە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و داڕشتنەوەی پەیوەندییە جیهانییەکان لە سەر بنەمایەکی نوێ؟

یەکەم: دەریای سوور زیاتر لە ڕێڕەوێکی بازرگانی

دەریای سوور ڕێڕەوێکی ئاویی گرنگ و ستراتیژی جیهانییە و خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە. لە مێژوودا ڕێڕەوێکی گرنگی پێکەوەگرێدانی کیشوەرەکانی جیهانی کۆن (ئاسیا، ئەفەریقا، ئەورووپا) بووە و لەگەڵ کردنەوەی نۆکەندی سوێس و دۆزینەوەی نەوتیشدا، گرنگییەکی زیاتری پەیدا کرد و بووە جێگەی بایەخی دەوڵەتە هەرێمی و جیهانییە کێبەرکێکارەکان و مەیدانی بەیەکداچوون و کارلێکی نێوان بکەرە جیاوازەکان.

ئەم ڕێڕەوە ئاوییە چەندین بەندەری گرنگ لەخۆ دەگرێت، بۆ بازرگانیی هەرێمی و نێودەوڵەتی سوودی لێ وەردەگیرێت و وێستگەیەکی گرنگن لە گواستنەوەی ئاویدا، بۆیە  ڕێڕەوەکە بە  یەکێک لە شادەمارەکانی سیستمی بازرگانیی جیهانی دادەنرێت[2].

بە بۆچوونی ڕیچارد هایمان، مامۆستای جوگرافیای ستراتیژی لە زانکۆی لەندەن، یەکێک لەو فاکتەرانەی گرنگی و بایەخی ڕێڕەوێکی ئاوی (گەروو) دەستنیشان دەکات، قەبارەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و جۆر و گرنگیی ستراتیژی ئەو شمەکانەیە کە بە ڕێڕەوەکەدا تێدەپەڕێت[3]. گرنگی و بایەخی دەریای سوور لەوەدا دەردەکەوێت هەم قەبارەی بازرگانیی نێودەوڵەتی کە بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت گەورەیە، هەم جۆر و گرنگیی ستراتیژیانەی شمەکەکانیش.

نزیکەی 15٪ی تێکڕای بازرگانیی جیهانی لە ڕێگەی ئاوییەوە بەم ڕێڕەوە ئاوییەدا تێدەپەڕێت. ساڵانە بەهای 700 ملیار دۆلار لە تێکڕای بەهای بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا بە گەرووی بابولمەندەبدا، کە دەکەوێتە دامێنی دەریای سوور، تێدەپەڕێت. هەروەها ڕۆژانە 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، کە هاوتای 4٪ی تێکڕای بازرگانیی نەوتە لە جیهاندا، بەم ڕێڕەوە دەریاییەدا تێدەپەڕێت. سەرباری ئەمە، بە ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە ڕۆژانە لە نێوان ملیۆنێک بۆ ملیۆن و نیوێک بەرمیلدا دەبێت؛ بۆ بازاڕەکانی جیهان دادەنرێت، هەروەک ڕێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی کێبڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتە (نزیکەی 17٪ی قەبارەی ئینتەرنێتی جیهان بەم کێبڵانەدا تێدەپەڕێت). سەرباری هەموو ئەمانە، ناوچەی دەریای سوور و بڕەی ئەفەریقا[4]، لەم دواییانەدا بوونەتە یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە جیهاندا، بە تایبەتییش هەرێمەکە بە بەرهەمی کانزایی و نەوتی و کشتوکاڵی و ئاژەڵی دەوڵەمەندە[5].

بایەخ و گرنگیی دەریای سوور ڕەهەندی بازرگانی و ئابووری تێدەپەڕێنێت و گرنگیی ستراتیژی و جیۆپۆڵەتیکییشی هەیە. لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە باڵادەستبوون لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا واتە زاڵبوون بەسەر یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکانی بازرگانیی جیهانی و زنجیرەی بەرهەمهێناندا، هەروەها دەستەبەرکردنی نفوزی سیاسی و سەربازی و کاریگەریدانان لە سەر مەلەفە هەرێمییەکان، بۆیە بایەخێکی گرنگی بۆ گەشەسەندن و زاڵبوون و پاراستنی هەژموونی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە. ڕەنگە بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی جیۆپۆلەتیکییانەی ڕێڕەوی دەریای سوور، تێزەکانی ئەلفرێد تاییر ماهان[6]، لە بارەی هێزی دەریاییەوە، دەروازەیەکی گرنگمان بۆ واڵا بکات. بە لای ئەلفرێد ماهانەوە، هێزی دەریایی بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن و بووژانەوە و ئاسایشی دەوڵەتان زۆر گرنگە و کاتێکیش باس لەو فاکتەرانە دەکات کە بایەخێکی زۆر و یەکلاکەرەوەیان لە گەشەسەندنی دەوڵەتدا هەیە،  باس لە ڕەوشی جوگرافیایی دەوڵەت، لە ڕووی ڕوانینی دەوڵەتەکە بەسەر زیاتر لە دەریایەکدا، هەروەها هەبوونی پەیوەندی لە نێوان دەریاکاندا، ئاستی زاڵبوونی دەوڵەتەکە بەسەر ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکان و بنکە ستراتیژییەکاندا دەکات و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە بارەی هێزی دەریاوانیی بەریتانیاوە بەم بەرەنجامە گەیشتووە[7]. ماهان پێی وایە بەریتانیا بەوەی کە دوورگەی گرنگ و بنکەی ستراتیژیی وەک جەبەلتاریقی بەدەستەوە بوو، توانیویەتی دەست بەسەر دەریای ناوەڕاستدا بگرێت. دەستبەسەرداگرتنێک کە لە ڕووی بازرگانی و جەنگەوە باندۆرێکی زۆری لە سەر مێژووی جیهان داناوە[8]. لە سۆنگەی بۆچوونەکانی ماهانەوە تێدەگەین باڵادەستی لە ڕێڕەوێکی وەک دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبدا چ کاریگەرییەک لە سەر هێز و گەشەی دەوڵەتان دادەنێت.

ئەم گرنگی و بایەخەی دەریای سوور وای کردووە ناوچەکە ببێتە مەیدانێکی ململانێی جیۆسیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتییش. چەندین نیشاندەر هەن ئاماژەی کێبەرکێی جیۆسیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتین لە ناوچەی دەریای سووردا، ڕەنگە دیارترینی ئەو نیشاندەرانە پێشبڕکێی مۆڵخواردن (تمرکز)ی سەربازی و فراوانکردنی نفوزی دەریایی بن. ئەمەش لە بنیادنانی بنکەی سەربازی و بەهێزکردنی ئامادەگیی دەریایی لە ناوچەکەدا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین و ڕووسیا و فەڕەنسا، سەرباری هێزە هەرێمییەکانی وەک ئێران و تورکیا و ئیسڕائیل و ئیمارات و سعودیەوە ئەنجام دەدرێت؛ خۆی پیشان دەدات[9]. لە ئێستادا هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا، چین، تورکیا، ئیسڕائیل، ئێران، سعودیە و ئیمارات، لە جیبۆتی و سۆماڵ و ئەریتیریا و سوودان بنکەی سەربازییان هەیە[10]. میسڕیش مانگی یەکی ساڵی 2017 کردنەوەی سەرکردایەتیی کەشتیگەلی باشووری لە سفاجا ڕاگەیاند و مانگی یەکی ساڵی 2020 بنکەی سەربازیی بەرنیسی کردەوە، کە گەورەترین بنکەی سەربازییە لە ناوچەی دەریای سووردا[11].

یەکێکی دیکە لە نیشاندەرەکانی کێبەرکێی جیۆسیاسی، کێبەرکێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە لە پێناوی زاڵبوون بەسەر ڕێڕەوەکانی دەریاوانیدا، بە مەبەستی سەپاندنی نفوزی خۆیان بەسەر ئەم ڕێڕەوانەدا و دەستەبەرکردنیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئەمە سەرباری پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و هاوبەشیی ناکۆک بە یەکی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا، کە زۆربەی جار لە سەر بنەمای ناکۆک بە یەک پێک دەهێنرێت، هەروەها کێبەرکێی ئابووری و پڕۆژە ستراتیژییەکان کە لە هەوڵی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر سەرچاوەی ئابووریی دەوڵەتانی ناوچەکەدا لە میانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی گەورە لەو دەوڵەتانەدا وەک پەرەپێدانی بەندەرەکان یان ژێرخاندا کە نفوزی ئابووری و سیاسییان بەهێز دەکات؛ خۆی دەردەخات[12].

گرنگیی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکیی ڕێڕەوی ئاویی دەریای سوور بۆ هێزە هەرێمی و جیهانییەکان، سەرباری دابەشبوونی ناوخۆیی و ناکۆکیی ئیتنی و تایفی لە دەوڵەتانی هەردوو بەری ڕێڕەوە ئاوییەکەدا، زەمینەیەکی لەباری بۆ دەستتێوەردان ڕەخساندووە و وای کردووە ناوچەی دەریای سوور ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەرژەوەندیی جیاواز و ململانێی دەوڵەتە کێبەرکێکارە هەرێمییە کاریگەرەکانی وەک میسڕ، سعودیە، ئیمارات، تورکیا، ئێران و هێزە جیهانییەکانی وەک ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەڕەنسا، سەرباری بکەرە نادەوڵەتەکانی، وەک حوسییەکانی یەمەن و کۆمەڵە چەکدار و تیرۆرستییەکان و بەیەکداچوونی بەرژەوەندییەکانیان. ئەم بارودۆخە سەری کێشاوە بۆ دروستبوونی ڕەوشێکی ئاسایشی ناسەقامگیر و پڕ لە پشێوی و بردنە سەری ئاستی ئاڵۆزی و جەمسەربەندییەکان لە ناوچەکەدا.

دووەم: ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و تەنگژەی وەرچەرخانی جیهانی

لە کۆتا دەیەی سەدەی ڕابردوودا و بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو بە تاقانە هێزی جیهانی و دەوڵەتیی بەهەژموون لە شیرازەی نێودەوڵەتی  (النظام الدولي)دا. لەو کاتەوە ئەمەریکا وەک دەوڵەتێکی قایل بە باری ئارا (Status quo State)، لە هەوڵی پاراستنی هەژموونی خۆیدایە و ڕێگری لە هەر هێزێکی دیکەش دەکات شان لە شانی بدات. لە بەرانبەردا دەوڵەتە هەموارگەراکان (Revisionist State) بە بارودۆخی نێودەوڵەتیی نوێ قایل نین و لە هاوسەنگیی هێز و ڕێساکانی شیرازەی نێودەوڵەتی نیگەرانن. ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵدان ئەم هەژموونە تاک لایەنەی ئەمەریکا کۆتایی پێ بهێنن و چاویان لە جیهانێکی فرە لایەن بڕیوە. لە ئێستادا دەکرێت وەک دوو دەوڵەتی هەموارگەرا لە هەر یەکە لە کۆماری ڕووسیای فیدراڵ و کۆماری چینی میللی بنواڕین، ئەم دوو دەوڵەتە، سەرەڕای جیاوازییەکانیشیان، لەم خاڵەدا تەبا و کۆکن. هەر یەکێک لەم دوو دەوڵەتە شێواێکی ڕووبەڕووبوونەوەی گرتووەتە بەر و لەم پێناوەدا چەندین هەنگاوی ناوە و دەستاوێژی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر. ئەگەر ڕووسیا ڕێگەچارەی سەربازی هەڵگرتبێتەوە، ئەوا چین زیاتر لە ڕێگەی ئامرازی ئابوورییەوە کێبەرکێی ڕکابەرەکەی دەکات و لە هەوڵی کۆتاییپێهێنانی هەژموونی تاکلایەنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە[13].

لە ساڵی 2022دا ڕووسیا پالاماری ئۆکراینی دا و پێکا هەڵپژان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین لە سەر سروشتی پێکەوەژیانیان پێکەوە ناکۆکی کەوتە نێوانیان، مەترسیی تێوەگلانی چین لە جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین لەگەڵ تایوان لەئارادایە. دوو جەمسەری نوێ لە دەرکەوتندان و پێچەوانەی دوو جەمسەرەکەی جەنگی سارد، ئەم دوو جەمسەرە پشت بە وەلائی سەربازی نابەستن، بەڵکوو پشت بە وەلائی بازرگانی دەبەستن[14].

ململانێی ئەم هێزە گەورەوارانە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زەق و زۆپتر دەرکەوتوون و شیرازەی نێودەوڵەتیی وەرچەرخانی پەیکەریی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک پێکهێنانی تەرازووی هێز و ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی ململانێی داڕشتووەتەوە و جۆرە هەڕەشەیەکی دووپەژم (هجين)ی بەرهەم هێناوە، چەمکە تەقلیدییەکانی بەرگردی و سەروەریی تێپەڕاندووە. ئەم وەرچەرخانانە تەنها لە جوغزی گۆڕانی پێگەی دەوڵەتە گەورەوارەکان یان دووبارە دابەشکردنەوەی نفوزدا هەڵنایەت، بەڵکوو بەر گەوهەری شیرازەی ئاسایشی جیهانییش کەوتووە و چەمکی نوێی لە بابەت بکەرە نادەوڵەتەکان، بەرگردی ناهاوتا و جەنگی سایبەرانی، بەو پێیەی توخمی کاران، هێناوەتە ناو هاوکێشەکانی سەقامگیرییەوە. لەم بەستێنەدا دەریای سوور لە سای هەڵکشانی کێبەرکێکان لە پێناو ڕێڕەوە ژیانییەکان و زیادبوونی هەڕەشە لەیەکنەچووەکان کە ئاستەنگ بۆ ئازادیی دەریاوانی و سەقامگیریی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی (سلاسل الامداد العالمية) دروست دەکات، وەک گۆڕەپانێکی ستراتیژی دەرکەوتووە کە بەیەکداچوونی وەرچەرخانە جیۆسیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی بەرجەستە کردووە[15].

لە ئێستادا ناوچەی دەریای سوور لەگەڵ چەندین ئاڵنگاریی ئاسایشیی ئاڵۆز و بەیەکداچوودا، بە جۆرێک سەقامگیریی ناوچەکەیان خستووەتە بەردەم هەڕەشە، ڕووبەڕووە. هەڵکشانی ئاستی کێبەرکێی هەرێمی لە نێوان هێزگەلێکدا کە هەوڵی سەپاندنی نفوزی خۆیان دەدەن، هەروەها ئاڵۆزتربوونی قەیرانی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای سوور و پەڕینەوەی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە ناوخۆییانە بۆ ئەو دیوی سنووری وڵاتەکان، پەرەگرتنی مەترسیی کۆمەڵە تیرۆرستییەکان و چالاکییە تاوانکارییە ڕێکخراوەکان کە ڕەوشی ناسەقامگیریی ناچەکەیان لە پێناو پەرەپێدانی کارنامەکانیاندا بەسوود هێناوە. ئەمانە سەرباری هەڕەشە كلاسیكییەكان، وەک چەتەگەری و ئاسایشی وزە و ڕێڕەوەکانی دەریاوانی، هەروەها لێکەوتە ئاسایشییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووی دەریا و کاریگەرییەکانی لە سەر ژێرخان و کۆمەڵگە کەناراونشینەکان، لە گرنگترینی ئاڵنگارییەکانن[16].

سەرباری ئەم ئاڵنگارییانە، قەیرانی یەمەن و زاڵبوونی حوسییەکان بەسەر باکووری وڵاتەکەدا؛ ڕەوشەکەی ئاڵۆزتر کرد و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئیسڕائیل و بزووتنەوەی حەماسیشدا ئاڵۆزییەکان پێیان نایە قۆناغێکی دیکەوە و هەڵکشان. کەشتییە ئیسڕائیلییەکان و کەشتیی ئەو دەوڵەتە خۆرئاواییانەی هاوکاریی ئیسڕائیل دەکەن، بە تایبەتییش کەشتییە ئەمەریکایی و بەریتانیاییەکان، لە لایەن حوسییەکانەوە کرانە ئامانج. بە گوێرەی دەیتاکانی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان (International Institute for Strategic Studies)، تەنها لە ماوەی نێوان مانگی 11/2023 بۆ مانگی 12/2024، حوسییەکان زیاتر لە 300 هێرشیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا ئەنجام داوە[17].

ئەم هێرشانەی حوسییەکان بوو بە هۆکاری چڕبوونەوەی زیاتری ئاستی بەسەربازگەکردنی ناوچەی دەریای سوور. لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پڕۆسەی پاسەوانی گەشە (Operation Prosperity Guardian)ی ڕاگەیاند. پاسەوانی گەشە دەستپێشخەرییەکی ئاسایشیی فرە ڕەگەزە و لە ژێر چەتری هێزە دەریاییە هاوبەشەکان و فەرماندەیی دەستەی کاری هاوبەش (CTF 153) کە لە ساڵی 2022 لە پێناو پارێزگاریکردن لە دەریاوانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دروست بوو، کار دەکات. لای خۆشییەوە یەکێتیی ئەورووپا مانگی شوباتی ساڵی 2024 پڕۆسەی ئەسپایدێس (Aspides)ی ڕاگەیاند، کە ئەرکەکەی بریتی بوو لە هاوەڵیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان[18].

سەرەڕای ئەم هەوڵانەی هێزە دەریاییەکانی خۆرئاوا و بەئامانجگرتنی حوسییەکانی یەمەن لە سەر زەوی، لە لایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاوە، کەچی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان هەر بەردەوامن و جموجووڵی دەریاوانی داویەتی لە کزی، بە جۆرێک تێپەڕینی کەشتییەکان بە نۆکەندی سوێسدا، کە دەریای سوور بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێت، بە ڕێژەی دوو لە سەر سێ پاشەکشەی کردووە[19].

 لێرەوە دەکرێت ئەنجامگیری بکەین کە وا ناوچەی دەریای سوور لە بەستێنی سیاسی و جیۆستراتیژیی خۆیدا، بە ڕوانین لە بەردەوامیی ڕەوشی ناسەقامگیریی چەند ساڵە بە هۆی جەنگەوە لە یەمەن، هەروەها ئەو ململانێیەی ئێستا لە نێوان دەوڵەتانی بڕەی ئەفەریقاییدا هەیە و هەڵسوکەوتی هەندێک لە دەوڵەتان و بوونی حاڵەتێک لە لەبەرڕۆیشتنی سیاسی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ناوچە چاوەڕوانکراوەکان بۆ ململانێ و ئەمەش بە کردەوە حاڵەتێکی لە توندبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ستراتیژی بەرهەم هێناوە، دەبێتە ناونیشان بۆ ماوەیەکی دورودرێژی داهاتوو، بە تایبەتییش پاڵنەری پەرەدان بەم حاڵەتە و  گەشەپێدانی ململانێ شاراوەکان لەئارادان[20]. کەواتە بە ڕوانین لە پێدراوەکان و بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت لانی کەم لە ئایندەیەکی مامناوەند مەودادا، ڕەوشی ناسەقامگیریی دەریای سوور بەردەوام دەبێت و باندۆری نەرێنی لە سەر بازرگانی و ئابووریی جیهانییش دادەنێت.

سێیەم: بازرگانیی جیهانی لە پای ئاڵۆزییەکانی دەریای سووردا

بازرگانیی جیهانی ژمارەیەکی بێشومار شمەک و خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت و شمەکە پیشەسازییەکان پشکی شێری ئەم بازرگانییە پێک دەهێنێت. بازرگانیی جیهانی بریتییە لە کۆی هەناردەی جیهانی، یاخود کۆی هاوردەی جیهانی، واتە جیاوازیی نییە، دەکرێت بڵێین کۆی هەناردەی جیهانییە، هەروەها دەکرێت بڵێین کۆی هاوردەی جیهانییە. ئەم هاوتابوونی هەناردە و هاوردەش لەبەر ئەوەیە هەناردەی جیهانی ئەگەر کرێی بارکردن و دڵنیایی لێ دەربکەیت، یەکسان دەبێت بە هاوردەی جیهانی، هەروەها ئەوەی لە وڵاتێکەوە هەناردە دەکرێت هەمان شتە کە لە وڵاتێکی دیکە هاوردە دەکرێت[21]. لە لایەکی دیکەوە، بازرگانی جیهانی هەم ئامرازێکە بۆ پێشکەوتنی ئابووری و هەم پێوەرێکیشە بۆ پێوانی پێشکەوتنی ئابووری، بەمەش ئامانجە دوورمەوداکانی بازرگانی لە ئابووریی نێودەوڵەتیدا بەدی دەهێنێت کاتێک ئەرکی دابەشکردنی کەرەستە خاوەکان بەسەر بەرهەمهێنەرەکان و شمەک و بەرهەمەکانیش بەسەر بەکاربەرەکاندا ئاسان دەکات، بە جۆرێک خزمەت بە ئامانجەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نیشتمانی دەکات[22]. کەواتە بازرگانیی نێودەوڵەتی هۆکارێکە بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتان و کەڵەکەکردنی سەرمایە و هێز، بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بازرگانیی جیهانی و جموجووڵ و ڕێڕەوەکانی ئەم بازرگانییە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتان.

بە هۆی تێچووی کەم و کارامەیی لە ڕاییکردندا، گواستنەوەی دەریایی زیاتر لە 80٪ی کۆی بازرگانیی جیهانی لە سەرتاسەری جیهاندا پێک دەهێنێت، ئەمەش ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکان دەکات بە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی ئاسایشی وزە لە جیهاندا و ڕوودانی هەر پشێوییەک لەم ڕێڕەوانەدا جیهان تووشی قەیرانی وزە دەکات، بۆیە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکان گرنگیی ستراتیژیانەی خۆی بەسەر هێزە دەریاییە جیهانییەکاندا دەسەپێنێت[23].

لێرەوەیە هەر هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی دەریای سوور دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی دادەنێت. کەوتنە ژێر هەڕەشەی کاری دەریاوانی لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی وزە و بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشە و پاشەکشەی تێکڕای وەبەرهێنان لە سای نادڵنیایی ئابووریدا و پەکخستنی جووڵەی بازرگانیی جیهانی، ئەمەش ئاستەنگ بۆ بووژانەوەی ئابووریی (التعافي الاقتصادي) جیهانی دروست دەکات[24].

ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور بە شێوەیەکی کاتی بووەتە هۆکاری داڕشتنەوەی نەخشەی بازرگانیی جیهانی، سەدان کەشتی ناچار بوون ڕێڕەوی خۆیان بەرەو ڕێگای سەری ئاواتی چاک (Cape of Good Hope) بگۆڕن، ئەم گۆڕینەش بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی جیهانی، وەک مێرسک (Maersk) و هاپاگ لوید (Hapag-Lloyd)، وا دەکات گەشتی کەشتییەکان 10 بۆ 14 ڕۆژ زیاتر بخایەنێت و تێچوویەکی زیاتریشیان تێبچێت کە لە نێوان 500 هەزار بۆ 1.2 ملیۆن دۆلاردایە بۆ هەر گەشتێک[25]. سەرباری ئەمە، ئاستی تێچووی بیمەکردنیش بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر و بە شێوەیەکی ئاسایی تێچووی بیمەکردن دەگەیشتە 0.6٪ی بەهای شمەکەکانی ناو کەشتییەکە؛ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 2٪ی بەهای شمەکەکانی ناو کەشتییەکە[26]. بەرزبوونەوەی نرخی بیمەکردن لە ساڵی 2024دا نزیکەی هەژدە کۆمپانیای وا لێ کردووە پلانی دەستپێکردنەوەی تێپەڕین بە دەریای سووردا هەڵبسپێرن[27].

ئەم ئاڵۆزییە تەنها لە جوغزی تێچووی زیاتری سووتەمەنی یان بەرزیی نرخی دڵنیایی و بیمەکردنی دەریاییدا کورت هەڵنایەت، بەڵکوو سەر دەکێشێت بۆ خنکانی زنجیرەی هاوردەکردنی جیهانییش، بە تایبەتی لە کەرتە ژیانییەکانی وەک:

  • وزە: دواکەوتنی بارەکانی نەوت و غازی شل باندۆر لە سەر دەوڵەتە هاوردەکارە ئەورووپایی و ئاسیاییەکان دادەنێت، ئەمەش فشار لە سەر بازاڕەکانی وزە دروست دەکات.
  • بابەتە ئەلکترۆنییەکان و ئۆتۆمبێل: کارگەکان لە ئەورووپا و ئاسیا ڕووبەڕووی کەمیی ئەو پێکهاتانەی کە لە پیشەسازیدا بەکار دێن دەبنەوە، ئەمەش بەرهەمهێنان خاو دەکاتەوە و نرخەکان بەرز دەکاتەوە.
  • شمەکە بەکاربەرییەکان: بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە ڕەنگدانەوەی لە سەر نرخی کوت (أسعار التجزئة)[28] دەبێت، ئەمەش تێکڕای هەڵاوسان لە چەندین دەوڵەتدا بەرز دەکاتەوە[29]. بۆ نموونە؛ تێکچوونی باری ئاسایشی دەریای سوور لێکەوتەی نەرێی بۆ ئابووریی هەر یەکە لە میسڕ و ئەریتیریا و سوودان لێ کەوتووەتەوە و تێکڕایی هەڵاوسانی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرز، بە جۆرێک لە مانگی 4/2024دا تێکڕای هەڵاوسان لە میسڕ گەیشتووەتە دەوروبەری 32.5٪ و لە ئەریتیریا 6.4٪، لە سوودانیش 145.5٪[30].

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی “Bloomberg Economics”، ئەگەر قەیرانەکە تا کۆتایی ساڵ بەردەوام بێت، بەردەوامبوونی قەیرانەکە دەبێتە هۆکاری نزمبوونەوەی تێکڕای گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی بە ڕێژەی 0.3 بۆ 0.5 خاڵی سەدی. هەر چی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانیش هەیە، زیاتر گیرۆدەی بێتوانایی لە بەرگەگرتنی ئەم زیادبوونە کتوپڕەی تێچوون و بە خێرایی خۆگونجاندن لەگەڵ زنجیرەی هاوردەکردنی جێدار (سلاسل توريد بديلة)دا دەبن[31].

ئەم هەڕەشە ڕوولەزیادبوونانەی دەریای سوور، پاڵی بە چەندین گەورەکۆمپانیای بواری گواستنەوەی وەک مێرسکی دانیمارکی و “MSC”ی ئیتاڵیایی و “CMA-CGM”ی فەڕەنساییەوە ناوە، تێپەڕینی کەشتییەکانیان بە دەریای سووردا هەڵسپێرن، هەروەک کۆمپانیای دیکەی وەک هاپاگ لویدی ئەڵمانیایی ڕسوماتێکی زیاتر بەسەر ئەو بارانەدا بسەپێنێنن، کە بە ناوچەی دەریای سووردا تێدەپەڕن. لە بەرانبەردا کۆمپانیاگەلێکی دیکە وەک کۆمپانیای ئێڤەرگرین (Evergreen)ی تایوانی و ئۆرێنت ئۆڤەر سیز (Orient Overseas) لە هەوڵێکدا و لە پێناو خۆدوورگرتن لەوەی بکرێنە ئامانج، ڕێگای مامەڵەنەکردن لەگەڵ کەلوپەلی ئیسڕائیلی یان هەڵسپاردنی گەشتەکانیان بەم ڕێڕەوە گرنگەدا گرتووەتە بەر[32].

لە سای ئەم ئاڵۆزییانەدا، سەکۆی فریتۆس (Freifgtos Platform) بەرزبوونەوەیەکی لە نرخی گواستنەوەی دەریاییدا لە ناوەڕاستی مانگی (12/2023)ەوە بە ڕێژەی 173٪ تۆمار کردووە. کۆمپانیای تێسلا (Tesla) هەڵسپاردنی بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنانی لە کارگەکانی خۆی لە ئەڵمانیا ڕاگەیاند، بە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی پێکهاتەکانی ئەو بەرهەمانە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە[33]. دروستبوونی گرفت بۆ زنجیرەی دابینکردن تەنها ڕووبەڕووی کۆمپانیای تێسلا نەبووەتەوە، بەڵکوو گرفتی بەردەم زۆربەی زۆری کۆمپانیا خۆرئاواییەکانە و لە ساڵی 2023دا؛ 69٪ی زنجیرەی دابینکردنی کۆمپانیا سنووربڕە خۆرئاواییەکان، بە هۆی ڕووداوە جیۆسیاسییەکانەوە ڕووبەڕووی پشێوی بووەتەوە[34].

ئەنجامگیری

لە پێشەکیی کتێبی “ماڵئاوا جیهانگیری[35]”دا، کە بۆ چاپی عەرەبیی کتێبەکەی نووسیوە، خانمە نووسەر و توێژەری سویدی ئەلیزابێس براو؛ ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور دەکاتە دەستپێک و بە دەرکەوتنی شێوازێکی نوێی ململانێ و بە هەڵمەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، دژ بەو کاروبارانەی کە بە جیهانیبوون لەقەڵەمی دەدات. ئەلیزابێس دەنووسێت: کەشتییە خۆرئاواییەکان بە توندی ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و دەکرێنە ئامانج، بە جۆرێک سەرەڕای تێچووی زۆر، ناچار بوون ئاڕاستەی هاتوچۆی ئاوی خۆیان بگۆڕن و ڕێڕەوی ”لوتکەی ئاواتی چاک” بەکار بهێنن. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و سێرەلەسەرگرتنە لەم پرسەدا، بە تەنها کەشتییە خۆرئاواییەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوە. لە جەرگەی ئەم ئاڵۆزییانەدا، کەشتییە چینی و ڕووسیاییەکان بە ئارامی کەشتییەوانیی خۆیان دەکەن و بەم ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ دەبن، بە بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێکیان بێتە بەردەم[36].

ئەلیزابێس ئەمە بە کۆتایی سەردەمی بێلایەنی و سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی جیهان دادەنێت و دەنووسێت: “ئێستا سەردەمی بێلایەنی کۆتایی هاتووە”. لەگەڵ توندبوونەوەی ئاستی پشێوییە جیۆسیاسییەکان لە نێوان خۆرئاوا لە لایەک و چین و ڕووسیا لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیاکان و ئیش و كارەكانی دیکە بۆیان دەردەکەوێت بوون بە ئامانجی ناکۆکییەکان. کاتێک ڕووسیا پەلاماری ئۆکراینی دا، حکومەتە خۆرئاواییەکان دەستیان کرد بە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، بە ئامانجی پەکخستنی ئابووریی ڕووسیا. بەڵام ڕووسیا پەنای بردە بەر هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکە، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی بە هۆی جیهانگیرییەوە دەوڵەمەند بوون، هەروەها لە ڕێگەی زەوتکردنی خاوەندارێتیی ئەو کۆمپانیا خۆرئاواییانەی کە هێشتا لە ڕووسیا کار دەکەن؛ سزای حکومەتە خۆرئاواییەکانیشی دا[37].

لە جیهانێکدا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لێک دەترازێت و ململانێ و دابەشبوونەکان تۆختر                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                             دەبنەوە، سیاسەتی پاراستنی ئابووری و جەنگی بازرگانیی نێوان دەوڵەتە گەورەوارەکان بەرەو توندبوونەوە دەچێت؛ تەرازووی هێز لاسەنگ دەبێت و لە بەردەم ئەگەری وەرچەرخاندایە، دەکرێت چۆن لە ئایندەی جیهان و ڕەوشی بازرگانیی جیهانی بنواڕین؟ ئایا ئەو قۆناغەی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە دەستی پێ کرد و شانی لە سەر بنەماکانی لیبراڵیزمی دادا، چیتر بایی ئەوەندەی بەبەرەوە ماوە، بەردەوامی بە خۆی بدات و نەکەوێتە گیانەڵا؟ جیهان وەکوو ئەوەی ئەلیزابێس براو دەڵێت “سەرلەنوێ دابەش دەبێتەوە”، یاخود دەکرێت ئەم ئاستەنگی و تەنگژانە تێپەڕێنرێت و  جارێکی دیکە جیهان لە سەر خوانی یەک خەون کۆ ببێتەوە؟ ئایا ڕێسا و ڕێکخراوەکانی شیرازەی نێودەوڵەتی توانای ئەوەیان ماوە ئەم تەنگژە و ئاڵۆزییانە لەخۆ بگرن و تێیانپەڕێنن؟ ئایا هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم وەرچەرخانانەدا جێگە دەگرێت و چۆن دەتوانێت پارێزگاری لە پێگە و ڕۆڵ و تەنانەت مانەوەی خۆی وەک قەوارەیەک بکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەو ئومێدەی بتوانێت دەرگا بە ڕووی گفتوگۆیەکی بەرهەمداردا بکاتەوە…

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]  “یەک جیهان، یەک خەون”، درووشمی خولی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی ساڵی 2008 بوو، لە پەکینی پایتەختی چین.

[2] د. أبو بكر الدسوقي، “مصادر التهديد وفرص التعاون في البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 106.

[3]  وەرگیراوە لە: هشام محمود،  30 مضيقا مائيا تمثل عصب التجارة في العالم .. و«هرمز» أهمها للصادرات النفطية، الإقتصادية (13/7/2019): بەردەستە لە:

https://www.aleqt.com/2019/07/13/article_1636941.html

[4] بڕەی ئەفەریقا (القُرن الافريقي) لە ڕووی جوگرافیاییەوە بەو دەوڵەتانە دەگوترێت کە دەکەونە خۆرئاوای دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و بریتین لە: سۆماڵ و جیبۆتی و ئەریتیریا و ئیسیوپیا. بۆیە پێیشی دەگوترێت بڕە (قُرن)، چونکە ئەگەر لە سەر نەخشە سەیری ناوچەکە بکەیت؛ لە کەللە و شفرەی کەرکەدەن دەچێت.  لە زمانی کوردیدا (قُرن) بە: شاخ، قۆچ، شفرە، بڕە؛ وەردەگێڕدرێت.

[5]  الدسوقي، “مصادر التهديد وفرص التعاون في البحر الأحمر”، 106.

[6] ئەلفرێد تاییر ماهان (A. T. Mahan) (1840-1914): مێژوونووس و ئەکادیمی و ئەفسەرێکی هێزی دەریایی ئەمەریکاییە، پێگەیەکی گرنگی لە مێژووی هزری سەربازیدا هەیە و خاوەنی بیردۆزی هێزی دەریاییە. کوڕی دەنیس هارت ماهانی ئوستادی پێشووی ئەکادیمیای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. لە نیویۆرک چووەتە زانکۆی کۆڵۆمبیا، پێچەوانەی ئارەزووی باوکی کە حەزی کردووە کوڕەکەی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بمێنێتەوە، ماهان خۆی گواستووەتەوە بۆ ئەکادیمیای دەریایی ئەناپۆڵس و لەگەڵ دەرچووانی ساڵی 1859دا وەک ئەفسەرێکی دەریاوان دەرچووە. خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ستراتیژی دەریایی و کاروباری نێودەوڵەتییەوە و سێ کتێبی گرنگیشی لە بارەی هێزی دەریاییەوە نووسیوە: “کاریگەریی هێزی دەریایی لە مێژوودا” (1660-1783)، “کاریگەریی هێزی دەریایی لە سەر شۆڕش و ئیمپڕاتۆریای فەڕەنسایی” (1793-1812)، “هێزی دەریایی و پەیوەندیی هێزی دەریایی بە جەنگی ساڵی (1812)ەوە”. بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ماهان و ستراتیژی هێزی دەریاییەوە بە زمانی کوردی، خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم دوو سەرچاوەیە بگەڕێتەوە: مارگرێت تتل سپروت، “ماهان و ستراتیجی دەریایی”، و: هێمن سەلیم ئەحمەد، گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، 15 (تشرینی یەکەمی 1995): 43-77؛ مارگرێت تتل سپروت، “ماهان و ستراتیژی دەریایی”، و: هێمن سەلیم ئەحمەد، گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، 16 (کانوونی دووەمی 1996): 67-96.

[7]  د. كاظم هاشم نعمة، الوجيز في الاستراتيجية (بغداد: شركة اياد للطباعة الفنية، 1988)، 37.

[8] سپروت، “ماهان و ستراتیژی دەریایی”، 51.

[9]  د. احمد يوسف محمد عبدالنبي، “محددات الرؤية الأمنية المصرية لضبط اتجاهات الصراع في منطقة البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 59.

[10] الدسوقي، “مصادر التهديد وفرص التعاون في البحر الأحمر”، 106.

[11] المصدر نفسه.

[12] عبدالنبي، “محددات الرؤية الأمنية المصرية…”، 59.

[13] لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ڕەفتاری دەوڵەتان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبێت: هەندێک لە دەوڵەتان لە قۆناغێکدا بەو ڕەوش و بارودۆخی هەرێمی یان نێودەوڵەتییە قایل نین و لە شێوازی دابەشکردن و تەرازوی هێز ڕازی نین، بۆیە هەوڵی گۆڕینی دەدەن، بەم جۆرە دەوڵەتانە دەگوترێت ”دەوڵەتی هەموارگەرا” (revisionist)؛ بە جۆری دووەمی دەوڵەتان دەگوترێت ”دەوڵەتی باری ئارا” (status quo). مەبەست لە دەوڵەتی باری ئارا ئەو دەوڵەتانەیە کە لە قۆناغێکدا لە شێوازی دابەشکردنی هێز لە نەزمی نێودەوڵەتیدا ڕازین، پشتیوانیی باری ئاران و ڕێگە لە گۆڕانکاری دەگرن. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Hans J. Morgenthau, Politics Among Nations: the Struggle for Power and Peace (New York: McGrew-Hill,1993), 50-55.

[14] إليزابيث برو، وداعاَ للعولمة: انقسام العالم من جديد، ت: دينا عبدالمنصف (أبو ظبي: مركز المستقبل للأبحاث والدراسات المتقدمة، 2024)، 17.

[15] د. أحمد مصطفى الجيزاوي، “أبعاد الاستراتيجية الأمنية المصرية في البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 110.

[16] عبدالنبي، “محددات الرؤية الأمنية المصرية…”، 53-54.

[17] وەرگیراوە لە: تقي النجار، “دوافع وتداعيات دور الحوثيين في أمن البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 136.

[18] تقي النجار، “تأثير حركة الشباب الصومالية على أمن البحر الأحمر”،  أوراق السياسات الأمنية، جامعة نايف العربية للعلوم الأمنية (اكتوبر 2024): 9.

https://spp.nauss.edu.sa/index.php/spp/article/view/138/108

[19] برو، وداعاَ للعولمة…، 9.

[20]  د. طارق فهمي، “المتغيرات الاقليمية في البحر الأحمر في اطار تجاذبات القوى الرئيسية”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 119.

[21] د. كريم مهدي الحسناوي، المدخل الى الاقتصاد الدولي (بغداد: مطبعة التعليم العالي، 1987)، 40.

[22] د. محمد علي الجاسم، الاقتصاد الدولي – الكتاب الأول (بغداد: مطبعة دار الجاحظ، 1976)، 221.

[23] رحيمة الفقى، “مستقبل التنافس على الممرات الملاحية الدولية”، السياسة الدولية- ملحق تحولات استراتيجية، 225 (يوليو 2021): 6.

[24] د. سالي محمد فريد، “فرص واليات التعاون الاقتصادي في البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 154.

[25] د. أشرف سليمان غبريال، “متطلبات حماية الأمن في البحر الأحمر”، السياسة الدولية، 241 (يوليو 2025): 134.

[26] د. شيماء سعيد العربي، الاضطرابات في البحر الأحمر وتأثيرها على التجارة العالمية وسلاسل الإمداد.. الواقع والتداعيات، مركز فاروس للاستشارات والدراسات الاستراتيجية (27/3/2024)، متاح على:

https://pharostudies.com/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%B6%D8%B7%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D9%8A-%

[27] هجمات البحر الأحمر تهدد التجارة العالمية وتدفع نحو ارتفاع التضخم، موقع جريدة الشرق الأوسط (6/1/2024)، متاح على:

https://aawsat.com/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF/4772836-%D9%87%D8%AC%D9%85%D8%A7%D8%AA

[28] لە ناوچەی بادینان وشەی “کوت و کۆم” لە بەرانبەر وشەی “جملة ومفرد”ی عەرەبیدا بەکار دەهێنن. ئێمەش وشەی “کوت”مان لەوێوە هێناوە و لە بەرانبەر “التجزئة”ی عەرەبیدا بەکارمان هێناوە، چونکە مەبەست لە “التجزئة” لێرەدا نرخی موفرەدی شمەکە.

[29] غبريال، “متطلبات حماية الأمن في البحر الأحمر”…، 134.

[30] أحمد إمبابي، “التهديدات الأمنية في باب المندب وتداعياتها على الشرق الأوسط”، السياسة الدولية 239 (يناير 2025): 122.

[31]  غبريال، “متطلبات حماية الأمن في البحر الأحمر”…، 134.

[32] المصدر نفسه.

[33] المصدر نفسه، 134-135.

[34] برو، وداعاَ للعولمة…، 10.

[35] ماڵئاوا جیهانگیری: گەڕانەوەی جیهانی دابەشبوو یاخود سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی جیهان (Goodbye Globalization: The Return of the Divided World)؛ کتێبێکی خانمە نووسەر و توێژەری سویدی ئەلیزابێس براوە، ساڵی 2024 لە لایەن چاپخانەی زانکۆی یەیڵ لە وڵاتی بەریتانیا چاپ کراوە. کتێبەکە ساڵی 2024  مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتەکانی ئەکسیۆم (AXIOM)ی بەریتانیایی لە بواری بیزنسدا پێ بەخشراوە. ڕانانێکمان بۆ کتێبەکە کردووە و بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە کتێبەکە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ: د. زانا کەریم، ماڵئاوا جیهانگیری: گەڕانەوەی جیهانی دابەشبوو، جۆرناڵی ئاوەز 4 (حوزەیرانی 2025): 291-310.

[36]  برو، وداعاَ للعولمة…، 9.

[37]  المصدر نفسه، 10.

Send this to a friend