کتێبی سوور یاخود دەستوورى نهێنیی تورکیا
بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
ئەم توێژینەوەیە شیکارییەکی گشتگیر بۆ کتێبی سووری تورکیا دەخاتەڕوو، کە بە فەرمی بە بەڵگەنامەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی ((MGSB) Milli Güvenlik Siyaset Belgesi) ناسراوە. توێژینەوەکە لە سروشتی ئەو دەستوورە دەکۆڵێتەوە وەک بەڵگەنامەیەکی ستراتیژی، لە هەمان کاتدا نایاساییو نهێنی، کە بە قووڵی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا لەقاڵبدەدات. توێژینەوەکە لە سەرچاوەی پەرەسەندنی مێژوویی دەستوورەکە لە کودەتا سەربازییەکانو ڕۆڵی وەک پارێزەری کەمالیزم دەکۆڵێتەوە، هەروەها تیشکدەخاتەسەر گۆڕانکارییە بەرچاوەکان لە تێڕوانین بۆ هەڕەشەکان، لەوانەش پۆلێنکردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا وەک هەڕەشەیەکی گەورەو گونجان لەگەڵ ئاڵنگارییەکانى وەک ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە لێکەوتەکانى نهێنیی كارى کتێبی سوور دەکۆڵێتەوە لە سەر شەفافیەتو پرسی دیموکراسیو سەروەریی یاسا، بەو ئەنجامە دەگات، کە کتێبی سوور نوێنەرایەتیی تەوژمێک دەکات لە پەرەسەندنی دیمەنی سیاسیی تورکیا، کە بە ئاڕاستەى مۆدێلێکی حوکمڕانیی ناوەندیترو ئایدۆلۆژیانەتر ملدەنێت.
یەکەم: پێناسەکردنی دەستووری نهێنیی تورکیا
- دەستنیشانکردنی فەرمیو تێڕوانینی باو
بەڵگەنامەکە بە فەرمی بە بەڵگەنامەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی (Milli Güvenlik Siyaset Belgesi ) ناسراوە. ئەم ناوە فەرمییە جەخت لە سەر گرنگیی ستراتیژییەکەی دەکاتەوە لە ناو دەوڵەتدا، بەڵام سەرەڕای ناوە فەرمییەکەی، لە سەر ئاستى جەماوەر بە کتێبی سوور (Kırmızı Kitap) ناسراوەو بە شێوەیەکی بەرفراوان بە “دەستووری نهێنی”ی تورکیا ناودەبرێت. ئەم زاراوەیە ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی سەرەکىی ئەو دەستوورەیە لە ئاڕاستەکردنى کاروباری دەوڵەتدا هاوشێوەی بەڵگەنامەیەکی دەستووری. لە هەمان کاتدا تیشکدەخاتەسەر سروشتە نهێنییەکەی، كە زۆر جار بە نهێنیترین بەڵگەنامەی تورکیا ناودەبرێت(1).
- ئامانجو گرنگیییەکەی
لە ڕووی کاراییەوە، کتێبی سوور وەک چەمکێکی سیاسیو ستراتیژی باسیدەکرێت، نەک بەڵگەنامەیەکی یاسایی پابەندکەر. ئەم جیاکارییە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەى لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی فەرمیدا کاردەکات، بەڵام لە پراکتیکدا بە بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەڕەشە ناوخۆییو دەرەکییەکانو کاریگەریی ڕاستەوخۆى لە سەر داڕشتنی بڕیارەکانی سیاسەت هەیە، کە لەلایەن دەزگا جیاوازەکانی حکومەتەوە دەدرێن(2). ئەم کتێبە وەک بنەمایەک بۆ چەمکی ستراتیژی نیشتیمانیو سەربازی کاردەکاتو ڕێنوێنیی پێکهاتەی ڕێکخراوەییو پێکهاتە جیاوازەکانی حکومەتی تورکیا دەکات، ئەمەش دزەکردنی قووڵی ئەو دەستوورە لە پلاندانانی ستراتیژیی دەوڵەتدا نیشاندەدات.
- پۆلێنکردنو کاریگەرییە یاساییەکان
ئەم بەڵگەنامەیە لە تورکیادا لە بەرزترین ئاستی نهێنیدا پارێزراوەو ئاشکراکردنی تاوانەو سزاکەى زیندانیکردنە. ئەم سزا توندە جەخت لە سەر پابەندبوونی دەوڵەت دەکاتەوە بە پاراستنی نهێنییەکانی. لە لایەکى دیکەوە مشتومڕێکی بەرچاو لەوەوە سەرهەڵدەدات، کە سەرەڕای نەبوونی پێگەی یاسایی لە یاسای تاوانەکانی تورکیا (TCK) یان یاسای دادوەریی تاوانکاری (CMK)، دادگاکانی تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا دەستیانکردووە بە ئاماژەدان بە کتێبی سوور لە بڕیارەکانیاندا، کە بە پێى بەڵگەنامەکە ڕەخنەگرانی حکومەتیان سزاداوە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا(3)، ئەم کارە نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە ڕێکاری یاسایی، سەربەخۆیی دادوەریو سەروەریی یاسا دەوروژێنێت، تایبەت بەوەى کە بەڵگەنامەیەکی نایاسایی بەکاربهێنرێت وەک بنەمایەک بۆ بڕیارە دادوەرییەکان.
- مشتومڕی نێوان ئەفسانەو واقیع
دژایەتییەکی بەرچاو لە چۆنیەتیی تێگەیشتن لە کتێبی سووردا هەیە. شارەزایانی وەک شارەزای بوارى هەواڵگریو ئاسایش؛ سێرکان یەڵماز، وەک ئەفسانەیەکی دروستکراو ڕەتيدەکەنەوەو جەخت لەوە دەکەنەوە، کە “سەیرە، هیچ کەسێک ئەم کتێبەی نەبینیوە، هەروەها کەسیش نایبینێت”(4). یەڵماز دەڵێت، کە تەمومژاوییەکەی زیاتر لە پیلانگێڕیی مافیایی دراما تەلەفزیۆنییەکانی تورکیا دەچێت، تا ئەوەى لە واقیعدا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە هەبێت، ئەم هەستیارییەش ڕێگریدەکات لە تێگەیشتنێکی عەقڵانی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت.
لە بەرانبەردا، چەندین لێدوانو ڕاپۆرتی فەرمی لە سەر بوون، ناوی فەرمی، نوێکارییە بەردەوامەکانو کاریگەرییە بەرجەستەکراوەکانی لە سەر سیاسەتی دەوڵەت پشتڕاستدەکەنەوە(5). باسکردن لە بەڵگەنامەیەکى بەربڵاوو کاریگەر، بەڵام لە هەمان کاتدا نهێنی، لەگەڵ گێڕانەوەیەکی گشتیدا کە وەک ئەفسانەیەک بوونى ڕەتدەکاتەوە، نیشانەى دروستکردنى تەمومژێکى بەئەنقەستە، تا بتوانرێت لە ڕووى ستراتیژەوە سوودیلێوەربگیرێت.
ئەگەر بەڵگەنامەیەک بە شێوەیەکی بەرفراوان بوترێت، کە هەیەو کاریگەریی لە سەر سیاسەت هەبێت، بەڵام بە فەرمی بەردەست نەبێتو تەنانەت لەلایەن هەندێکەوە ڕەتبکرێتەوە، ئەوا سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ دەسەڵاتی حکومەت دروستدەکات. ئەم ڕێکارە ڕێگە بە حکومەت دەدات بانگەشە بۆ کتێبی سوور بکات، بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوە هەستیارەکان، وەک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانو ئاڕاستەکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە، بەبێ ئەوەی بخرێتەژێر لێکۆڵینەوەی گشتی، لێپرسینەوەى پەرلەمانی، یان ئاڵنگارىی یاساییەوە. لە بەرانبەردا دەتوانرێت بە ناوزەندکردنى بە ئەفسانە، بەکاربهێنرێت بۆ خۆلادان لە ڕەخنەو ڕەتکردنەوەی پرسیارو بەدواداچوون بە ناونانی بە هەستیار یان نائاسایی. بەم شێوەیە کارکردنی حکومەت دەخاتە ئاستێک، کە کەمتر بتوانرێت لێیبپرسرێتەوە. ئەم ناڕوونییە بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە پاشەکشەی دیموکراسیی تورکیا. چینێکی نادیار لە حوکمڕانی دادەمەزرێنێت، کە لە دەرەوەی چاودێریی یاساییو پەرلەماندا کاردەکات، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگەی مەدەنی، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، یان دەزگا نێودەوڵەتییەکان نەتوانن لێپرسینەوە لە حکومەت بکەن بەرانبەر بەو بڕیارانەی کە بە ڕواڵەت لەم بەڵگەنامەیە وەرگیراون.
دووەم: دەوروبەری مێژووییو پەرەسەندنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی (MGK)و کتێبی سوور
- کودەتا سەربازیيەکانو چەسپاندنی دەستوور
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی (MGK) دامەزراوەیەکی مەدەنی – ئەمنی- هەواڵگریی تورکیایە، لەلایەن خودی سەرۆککۆمارەوە سەرۆکایەتییدەکرێتو وەزیرانی بەرگری، دەرەوە، داد، ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپا، هێزی ئاسمانیو دەریاییو سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) تێیدا ئەندامن. ئەم دەزگایە پێشهاتێکی ئۆرگانی نەبووە لەگەڵ دروستکردنی کۆماری تورکیادا دامەزرێنرابێت، بەڵکو ئەنجامی ڕاستەوخۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (١٩٦٠) بوو و دواتر لە دەستووری (١٩٦١)ی تورکیادا چەسپێنرا(6). ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بە دەستوەردانی سوپا، ئامانجی سەرەتایی خۆی وەک میکانیزمێکی چاودێریکردنی سەربازی لە دەسەڵاتی مەدەنیدا دەردەخات. دەستووری ساڵی (١٩٦١) بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو شتەی دامەزراند، کە زانا ساکالی ئۆغڵو بە “سیستەمێکی سیاسیی دوو سەر” ناوزەندیکردووە، کە تێیدا کابینەی مەدەنی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا لە ئاستی جێبەجێکردندا پێکەوە كاردەکەنو سیستەمی دادوەریی سەربازییش بە شێوەیەکی سەربەخۆ شان بە شانی سیستەمی مەدەنی کاردەکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی سوپاى لە ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا چەسپاند(7). ڕۆڵو کاریگەریی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەگەڵ پەسەندکردنی دەستووری ساڵی (١٩٨٢)دا زیاتربوو، کە لەلایەن حوکمڕانیی سەربازییەوە دوای کودەتاکەی ساڵی (١٩٨٠) سەپێنرا. ئەم دەستوورە ئاماژەی بەوە داوە، کە ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت، ئەمەش قورسایییەکی بەرچاوی بە ڕاسپاردەکان بەخشی(8).
- سوپا وەک پارێزەری کەمالیزم
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بەرجەستەکردنی دامەزراوەییو کاریگەریی بەربڵاوی سوپای تورکیا لە سەر سیاسەتی نەتەوەيى لێکدەدرێتەوە. ئەم تێڕوانینە لەو ڕۆڵەوە سەرچاوە دەگرێت، کە سوپا بۆ خۆی دیارییکردووە. لەو كاتەی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی (١٩٢٣) کۆماری تورکیای مۆدێرنو عەلمانیی دامەزراندووە، سوپای تورکیا بە بەردەوامی خۆی وەک پارێزەری کەمالیزم سەیرکردووە، سەرەڕای پێداگریی ئەتاتورک خۆی لە سەر جیاکردنەوەی سەربازی لە کاروباری سیاسی. ئەم تێگەیشتنە بوو بە هۆی زنجیرەیەک دەستوەردانی سەربازی، لەوانە کودەتاكانی ساڵانی (١٩٦٠)و (١٩٨٠)، کودەتای (١٩٧١) کە بە کودەتاى یاداشت[1] ناسراوەو کودەتاكەی ساڵی (١٩٩٧) کە بە کودەتاى پۆست مۆدێرن[2] ناسرا(9). ئەم دەستوەردانانە کاتێک ڕویانداوە، کە حکومەتە مەدەنییەکان وەک لادان لە بنەماکانی کەمالیستی یان هەڕەشەکردن لە نەزمی عەلمانی دەستنیشانکراون. ڕادەی دەسەڵاتی سوپا لە ساڵی (١٩٩٢)دا بە ڕوونی لەلایەن جەنەڕاڵ دۆغان گورێس؛ سەرۆکی ئەرکانی ئەو کاتەی سوپای تورکیاوە دەربڕدرا، کە بە دڵنیاییەوە ڕایگەیاند: “تورکیا دەوڵەتێکی سەربازییە”، کە ڕەنگدانەوەی هەژموونی سوپا بوو(10).
- حکومەتە مەدەنییەکانو چاکسازییەکانی یەکێتیی ئەوروپا
لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندیی نێوان حکومەتە مەدەنییەکانو سوپا لە هەڵکشانو داکشاندا بووەو بەو ناسراوە، کە دەسەڵاتدارانی مەدەنی هەر کاتێک ویستبێتیان، سوپايان پەراوێزخستووە، یان بە پێچەوانەوە، سەربەخۆییەکی زیادەیان پێداوە. لە وەڵامی پێوەرەکانی کۆپنهاگنی یەکێتیی ئەوروپادا؛ داواکارییە سیاسییەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئەندامیەتی، تورکیا چاکسازیی بەرچاوی کردووە بە ئامانجی بەهێزکردنی کۆنترۆڵی مەدەنی بە سەر سوپادا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی. ساتی سەرەکیی وەرچەرخان پەسەندکردنی پاکێجی چاکسازیی حەوتەم بوو لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە لە (٢٣)ی تەمموزی (٢٠٠٣)دا، کە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز وەسفیکرد بەوەى هیچی کەمتر نییە لە شۆڕشێکی بێدەنگ. ئەم پاکێجە هەوڵی سنووردارکردنی ڕۆڵو کاریگەریی سەربازیی لە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا گێڕاوە(11).
- ئاڕاستەی ستراتیژی
ڕەوتی مێژوویی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییو کتێبی سوور ئاشکرایدەکات، کە کێ پاسەوانی بنەما سەرەکییەکانو ئاڕاستەی ستراتیژی دەوڵەتی تورکیا دەکات. لە سەرەتادا ئەم ڕۆڵە بە توندی لەلایەن سوپاوە دەگێڕدرا، کە خۆی وەک بەرجەستەکەری ڕەوتى عەلمانیی کەمالیستی دەبینیو کتێبی سووریش ڕەنگدانەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە بوو. ئەو چاکسازییانەی بە فشارى یەکێتیی ئەوروپا کران، بە شێوەیەکی فەرمی کاریگەریی سوپاى کەمکردەوە، بەڵام کەناڵە نافەرمییەکان هەر بەردەوامبوون. لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیی کتێبی سوور بە ڕوونی بەرەو سیاسەتی دەرەکی لە سەر بنەمای ئیسلامو بوژانەوەی بەها عوسمانیيەکان گۆڕا. بە واتاى ئەوەی کە پاراستنی دیدی ستراتیژی دەوڵەت بە شێوەیەکی کاریگەر لە دامەزراوەی سەربازیی کەمالیستییەوە گۆڕاوە بۆ حکومەتێکی مەدەنی بە سەرۆکایەتیی ئاکپارتی، کە چالاکانە کاریدەکرد بۆ دووبارە داڕشتنەوەی شوناسی نیشتیمانیو ئەولەویاتە ستراتیژیيەکان(12). ئەم ئاڕاستەکردنەوە ئایدیۆلۆژییە، کە لە ڕێگەی بەڵگەنامەیەکی زۆر نهێنییەوە بە فەرمی کراوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵی دامەزراوەیی، کە سیمای سیاسیی ناوخۆییو ڕۆڵی نێودەوڵەتیی تورکیا پێناسەدەکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە قووڵە، بەرکەوتنى بەرچاوی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی تورکیادا دروستکرد، کە لە مێژوودا پشتگیریی ناسنامەی کەمالیستیی عەلمانیی تورکیایان کردووە.
سێیەم: پێکهاتەو پڕۆسەی بڕیاردانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی (MGK)
- پێکهاتە: ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وەک دەزگای سەرەکیی حکومەت کاردەکات، کە سەرۆککۆماری تورکیا وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کاردەکاتو بەکاریدەهێنێت بۆ ڕەچاوکردنو هەماهەنگیکردنی بابەتەکانی ئاسایشی نیشتیمانی، کاروباری سەربازیو سیاسەتی دەرەوە. هەروەها سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانییش دەکات، کە ئاماژەیە بۆ نیشاندانی ناوەندگەرایی دەسەڵاتی ستراتیژی. پێکهاتەی ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانی سەرکردە مەدەنیو سەربازییەکان لەخۆدەگرێت؛ سەرۆککۆمارو جێگرەکەی، وەزیرانی داد، ناوخۆ، دەرەوەو بەرگری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیو فەرماندەکانی هێزی وشکانیو دەریاییو ئاسمانیو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت). ئەم تێکەڵەيەی سەرکردایەتیی مەدەنیو سەربازیی جێی سەرنجە. یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی پاکێجی چاکسازیی حەوتەم دامەزراندنی زۆرینەی مەدەنی بوو لە ناو ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانیدا، کە بە هەنگاوێکی فەرمی ئەژمارکرا، بە ئاڕاستەى کۆنترۆڵکردنی کاروباری سەربازی لەلایەن دەسەڵاتی مەدەنییەوە.
- پرۆسەی بڕیاردانو ڕۆڵی ڕاوێژکاری: بە فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وەک دەزگایەکی ڕاوێژکاریی حکومەت کاردەکات. ئەم پێگەیە بە هۆی چاکسازییەکانی ساڵی (٢٠٠٣)وە بەهێزتربووە. ئەنجومەنەکە هەر دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە. لە ڕووی مێژووییەوە، پێشتر زۆرتر کۆدەبووەوە، هەندێک جار بەشێوەى مانگانە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ڕیتمی کارەکانیدا. سکرتاريەتی ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانی کە لەلایەن سکرتێری گشتیی مەدەنيیەوە سەرۆکایەتیدەکرێت (لە ئابی ٢٠٠٤ بۆ یەکەم جار کەسێکی مەدەنی لەم پۆستە دانرا)، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە یارمەتیدانی ئەنجومەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا(13). ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانی ئەرکی ئامادەکردنی ڕێنماییەکان بۆ سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها هەموارکردنەوەو پێداچوونەوەی ئەو جۆرە سیاسەتەو پلانو بەرنامە نیشتمانییەکانی پەیوەست بە پرسە ئەمنییەکانەوە دیاریدەکات. لە ڕووی مێژووییەوە بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە دەدرا، سەرۆک دەنگی یەکلاییکەرەوەى هەبوو لە ئەگەری یەکسانبووندا.
- چاکسازیو سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەربازی: پاکێجی حەوتەمی چاکسازی لە ساڵی (٢٠٠٣) کاریگەر بوو لە کەمکردنەوەی بەرچاوی ڕۆڵو کاریگەریی دەسەڵاتى سوپا لە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا، دوای چاکسازییەکە، ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانی خاوەنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنو چاودێریی فراوانى نەما. لەوەش گرنگتر، دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆکو سەرۆکوەزیرانی لەدەستدا. ئەمەش تواناکانی چاودێریی ڕاستەوخۆی کەمکردەوە. جگە لەوەش، دەستڕاگەیشتن بە هەموو دامەزراوە مەدەنییەکان کە پێشتر بێسنوور بوو، سنووردارکراو فەرماندەیی پەیوەندییە گشتییەکانی (Toplumla İlişkiler Başkanlığı) کە بە شاراوەیی کاریگەریی لە سەر ڕایگشتی هەبوو، هەڵوەشێنرایەوە(14). ئامانجی ئەم گۆڕانکارییانە کەمکردنەوەی کاریگەرییە سەربازییە بەربڵاوو نافەرمییەکان بوو. لە کاتێکدا چاکسازییە فەرمییەکان، بە تایبەتی پاکێجی چاکسازیی حەوتەم، سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانی بۆ زۆرینەی مەدەنیو کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی.
بەردەوامبوونی کەناڵە نافەرمییەکانی کاریگەریی سوپا (وەک لە ڕاپۆرتەکانی یەکێتیی ئەوروپادا ئاماژەیپێکراوە) ئەوە پیشاندەدات، کە میراتی دامەزراوەی پەروەردەی سەربازی بە تەواوی کۆتاییپێنەهێنراوە. لەوەش گرنگتر، چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی سەرۆککۆماردا، کە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەکاتو کاریگەریی ڕاستەوخۆی بە سەر پێداچوونەوەکانی کتێبی سووردا هەیە، بەو واتایەیە، کە تەنانەت بە زۆرینەی مەدەنییش، بڕیاردانی ستراتیژی تا ڕادەیەکی زۆر ناوەندگەرايەو بە ناڕوونى دەمێنێتەوە. ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر باڵادەستیی سەربازی بە هەژموونی سەرۆکایەتی دەگۆڕێت، لە بریی زیاترکردنى چاودێریی پەرلەمان یان لێپرسینەوەی گشتی. نەبوونی ڕۆڵی پەرلەمانیش لە پێداچوونەوە بەم بەڵگەنامە بنەڕەتییەدا، جەخت لەم ناوەندگەراییە دەکاتەوە.
چوارەم: ڕۆڵی کتێبی سوور لە فەرمانڕەواییو داڕشتنی سیاسەتی تورکیا
- دیاریکردنی ئامانجو ستراتیژی نیشتیمانی: کتێبی سوور وەک ڕێنماییەکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەرگریی نیشتیمانیو گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکان کاردەکات. ئەمەش ڕۆڵی سەرەکیی لە پێناسەکردنی ئەولەویەتەکانی ئاسایشی سەرەکیی دەوڵەتدا دەردەخات. بنەما بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ستراتیژیەکانی ناوخۆو دەرەوەو بەرگری لەخۆدەگرێت، وەک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دیاریکراوەو پەسەندکراوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پانتایی فراوانی، کە هەموو لایەنەکانی ئاسایشی نیشتیمانی دەگرێتەوە. بەڵگەنامەکە بە وردی هەڕەشە ناوخۆییو دەرەکییەکان بە پێی گرنگییەکەی دەخاتەڕوو، پاشان باس لە ئامرازو شێوازە جەستەییو دەروونییەکانی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشانە دەکاتو پلانی کارکردنی ورد دەخاتەڕوو(15).
- سیاسەتی حکومەتو پێکهێنانی ڕێنمایی: کتێبی سوور تەنها ڕێنمایی نييە، بەڵکو چالاکانە یارمەتیی داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکان دەدات، کە لەلایەن دەزگا جیاوازەکانی حکومەتەوە دەردەکرێن. لە ڕاستیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کە بەڵگەنامەکە باسیدەکاتو پەسەندیدەکات، وەک حکومەتێکی سێبەر کاردەکات. چەمکی ستراتیژیو سەربازیی نیشتمانی کە لقە جیاوازەکانی حکومەت ڕێکدەخات، ڕاستەوخۆ لە سەر بنەمای کتێبی سوور ئامادەکراوە. ئەمەش کاریگەرییە بەربڵاوەکەی لە سەرانسەری جومگەکانى دەوڵەتدا نیشاندەدات. زانیارییەکان بۆ داڕشتنو پێداچوونەوە بە کتێبی سووردا بە پلەی یەکەم لە دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەتەوە سەرچاوەدەگرن، لەوانە: وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (MİT)و سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتی(16).
- پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەکانی حکومەتو سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی: لایەنێکی چارەنووسساز لە ڕۆڵی کتێبی سوور، بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠١٤)وە، بەکارهێنانی بووە لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە، بۆ بەئامانجگرتنی ڕەخنەگرانو نەیارانی سیاسیو ناڕازییەکان. ئەمەش گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی نیشاندەدات. بەڵگەنامەکە بە شێوەیەکی مشتومڕاوی بەکارهێنراوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو کارانەی کە بە نایاساییو نادەستووری وەسفکراون، لەوانەش پەیوەندیدار بە بیروباوەڕی سیاسی یان پەیوەندییە نەتەوەیی/ ئاینییەکانیان، ئەمەش نیگەرانیی جددی لە سەر پرسی مافەکانی مرۆڤ دەوروژێنێت(17). سەرەڕای پێگەی نایاسایی، دادگاکانی تورکیا لە بڕیارەکانیاندا ئاماژەیان بە کتێبی سوور کردووە بۆ سزادانی ڕەخنەگرانی حکومەت.
- پێداچوونەوەی ناوبەناوو دۆخی ئێستا: کتێبی سوور ناو بە ناو پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی هەر چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک، یان جارێک یان دوو جار لە دەیەیەکدا، بۆئەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانو هەڕەشە نوێیەکاندا بگونجێنێت. لە پڕۆسەی پێداچوونەوەدا داوای زانیاری لە وەزارەتو دەزگا پەیوەندیدارە جیاوازەکان دەکرێت، دواتر کۆبوونەوەی زۆر نهێنی دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنو پەسەندکردنى گۆڕانکارییەکان دواى گرتنەبەرى ڕێوشوێنی توندی ئەمنی، وەک ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مۆبایل لەم کۆبوونەوانەدا، کە جەخت لە سەر ئەوپەڕی نهێنیی بەڵگەنامەکە دەکەنەوە(18). ئەرکی کارکردنی کتێبی سوور زۆر لەوە زیاترە، کە تەنیا بەڵگەنامەیەکی پلاندانانی ستراتیژی بێت. وەک ئامرازێکی بەهێزو نهێنی کاردەکات، کە لە ڕێگەیەوە حکومەتی دەسەڵاتدار دەتوانێت ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی خۆی بچەسپێنێتو بخاتەڕوو. بە دەستنیشانکردنی هەڕەشەکانو ڕێنماییکردنی بڕیارەکانی سیاسەت لە دەرەوەی بەدواداچوونەکانى پەرلەمان، جێبەجێکردنی خێراو بێچەواشەکاریی ڕێنماییەکان دەکات. ئەمەش ئەو ڕێنماییانە دەگرێتەوە، کە ئامانجیان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانو ئاڕاستەکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەیە.
پێنجەم: پەرەسەندنی مەترسیو هەڕەشەکان
- هەڕەشە ناوخۆییەکان: گۆڕان لە هەڕەشەی كۆنەپارێزى بۆ خراپ بەکارهێنانی ئایین: گۆڕانکارییەکی گەورەی ئایدیۆلۆژی لە کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠)دا ڕویدا، بە لابردنی زاراوەی هەڕەشەی كۆنەپارێزى (İrtica)(19). بە شێوەیەکی گشتى ئیرتیجا، هەموو مسوڵمانە ئایینییەکانی وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆ سەر پێگەی عەلمانی کۆمار دەبینی. ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی ديدێکى وردترە، کە جیاوازیدەکات لە نێوان ئایین بە گشتیو گرووپە توندڕەوەكاندا بە تایبەتى. لابردنی ئیرتیجا وەک هەڕەشەیەکی هەمەلایەنەی ناوخۆیی نوێنەرایەتیی لادانێکی قووڵی ئایدیۆلۆژییە لە بيری عەلمانیی توندی کەمالیستیو ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ڕەگوڕیشەی ئیسلامیی ئاکپارتیو هەنگاونانیەتى بەرەو دەسەڵات. لە ڕێگەی ئەم جیاکارییەوە، کتێبی سوور بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵێکی فراوانتر دەبەخشێت بە ئایین لە ژیانی گشتیداو لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەک بۆ بەئامانجگرتنو سەرکوتکردنی گروپە ئایینییە تایبەتەکان یان بزوتنەوەکان دياریدەکات، کە بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی دەوڵەت دادەنرێت، وەک جوڵانەوەى گولەن. ئەم پێناسە نوێیە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاپەڕینێکى بێدەنگدا دژی کەمالیزم، کە تایبەتمەندیی سەردەمی ئەردۆغان بوو. ئەم گۆڕانکارییە سەرکەوتنی ئاکپارتیی لە داڕشتنی تێزى ئاسایشی ناوخۆی دەوڵەت بۆ جێگیرکردنی بنکە ئایدیۆلۆژییەکەیو چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی نیشاندەدات، لە هەمان کاتدا توانای سەرکوتکردنی ئەو لایەنانەى پێدەبەخشێت، كە پێیوایە هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەى دەکەن.
- پلاتفۆڕمی سۆشیال میدیا وەک هەڕەشە: لە نوێکردنەوەیەکی بەرچاودا لە ساڵی (٢٠١٥)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە فەرمانێکدا پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیای وەک تویتەرو یوتیوبی وەک هەڕەشە لە پێداچوونەوەی نوێى کتێبی سووردا جێگیرکرد. ئەم هەنگاوە دوای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی دژەحکومەتو لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی گەندەڵی هات، کە حکومەتەکەی لە ساڵی (٢٠١٣)دا تێيدا بەشداربوو(20). پۆلێنکردنى پلاتفۆڕمەکان وەک هەڕەشە لە کتێبی سووردا ڕەنگدانەوەى ئەو ئاڵنگارییەیە، کە ئەو پلاتفۆڕمانە دروستیانکرد لە دۆخە هەستیارو نائارامەکاندا. ئەم پۆلێنکردنە پاساوی ستراتیژی بۆ ڕێوشوێنە یاساییەکانی دواتر دابیندەکات، وەک یاسای گشتگیری ئاسایشی ئەلیکترۆنیو هەموارکردنی یاسای ئینتەرنێت(21). ئەم یاسایانە دەسەڵاتی فراوان دەدەن بە دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی، سەپاندنی ناوخۆییکردنی داتا، سەپاندنی سزاى قورسو سزادانی بڵاوکەرەوەی زانیاریی ساختە، کە بە شێوەیەکی کاریگەر چاودێریو سانسۆری حکومەت فراوانتردەکات بە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. تاوانبارکردنی بەرهەمهێنانو بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ساختەو سنووردارکردنى توانای دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، ڕاستەوخۆ لەم تێڕوانینەوە سەرچاوەدەگرن. ئەم پێشهاتە تیشکدەخاتەسەر پەرەسەندنی مەیلی تاکڕەوانەی ناو تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی زانیاریو سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە بەکارهێنانی پاساوی پاراستنى ئاسایشی نیشتیمانی.
- پۆلێنکردنى جوڵانەوەى گولەن (FETÖ): لە مانگی ئایاری (٢٠١٦)وە تورکیا بە فەرمی جوڵانەوەى گولەن کە هاوپەیمانی پێشووی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بوو، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ژێر ناوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵا (FETÖ)و پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب (PDY)دا دەستنیشانکرد(22). ئەم دەستنیشانکردنە کە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی (٢٠١٦) هات، بێگومان لە کتێبی سووردا ڕەنگدەداتەوە، کە وەک پاساوێکی سەرەکییە بۆ پاکتاوکردنو سەرکوتکردنی بەرفراوان لە سەرانسەری دامەزراوەکانی دەوڵەتو کۆمەڵگەی مەدەنیدا.
- هەڕەشە دەرەکییەکان
- سەردەمی سفركردنەوەى کێشەكان (٢٠١٠): کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠) کە بە توندی لە ژێر کاریگەریی ستراتیژی “سفركردنەوەى کێشەكان لەگەڵ دراوسێکان”ی ئەحمەد داودئۆغڵو؛ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی تورکیا بوو، گۆڕانکاریی بەرچاوی لە تێڕوانینەکان بۆ هەڕەشە دەرەکییەکان هێنایەئاراوە(23). سیاسەتی سفر کێشە، وەک لە کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠)دا دەرکەوتووە، ڕێکخستنەوەیەکی پراگماتیکیی ستراتیژی ناوچەیی تورکیا بوو. تورکیا بە كەمکردنەوەى هەڕەشەكان، ئامانجی بەهێزکردنی کاریگەرییە ناوچەییو پەیوەندییە ئابوورییەکانو پێگەی دیبلۆماسی بوو. ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ ئاڕاستەیەکی فراوانتری “کەمتر ڕۆژئاوایی، زیاتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”و “بوژانەوەی بەها عوسمانیيەكان”دا هاوتەریبە، کە ڕەنگدانەوەی خواستی سەربەخۆیی ستراتیژیو سەرکردایەتیی زیاترە لە ناوچەکەدا. ئەم سیاسەتە ئەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانی پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بوو، کە تێيدا مەدەنییەکان بوون بە زۆرینەو لە ساڵی (٢٠٠٣)وە کاریگەرییان زياتربوو و ڕێگەی بە بیرۆکەکانی داودئۆغڵو دا، کە ببن بە بنەمای سەرەکیی کارکردن(24).
- ئێران: لە کاتێکدا کتێبی سووری ساڵی (2005) ئێرانی بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانی بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیو هەوڵەکانیەوە بۆ هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی، بەڵام لە ساڵی (2010) ئێران بە هەڕەشە نەزانراوە، بەڵکو بەڵگەنامەکە ستایشی هاریکاریی ئێرانو تورکیا دەکات، بە تایبەت دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
- یۆنان: کتێبی سووری ساڵی (٢٠٠٥) نیەتى یۆنان بۆ فراوانکردنی سنوورە دەریاییەکانى لە شەش میلەوە بۆ دوازدە میل بە هۆکارى جەنگ زانیوە. لە کاتێکدا کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠) شەڕی لەگەڵ یۆناندا لە ناوچەی ئیجە بەدوورزانیوەو چیتر پرسی دوازدە میلەکەی بە هۆکارى جەنگ نەزانیوەو جەختی لە سەر هاوکاری کردووەتەوە.
- سوریا: سوریا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لە کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠)دا لابرا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستى سیاسەتی نزیکبوونەوەی ناوچەيیە.
- عێراق: لە کاتێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک هەڕەشەیەکی گەورە مایەوە، کتێبی سووری ساڵی (2010) جەختی لە هاریکاریی نێوان ئەنقەرەو حکومەتی ناوەندی لە بەغدا کردووەتەوە دژی پەکەکە.
- ڕووسیا: پێشتر بیرکردنەوەی ستراتیژی تورکیا تیشکیدەخستەسەر ناکۆکی لەگەڵ ڕووسیادا، بەڵام بەڵگەنامەی ساڵی (٢٠١٠) داوای هاوکاریو بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکات.
شەشەم: گۆڕانکارییەکانی دوای ساڵی (٢٠١٠)و نوێبوونەوەى گرژییەكان (سەردەمی ئەردۆغان)
- ڕۆژئاوا (ناتۆ، یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا): لە گۆڕانکارییەکی توندو مشتومڕاویدا، وەزیری ناوخۆ؛ سولەیمان سۆیلو لە ئاداری (٢٠٢٢)دا ئاماژەی بەوە دا، کە لە دوایین وەشانی کتێبی سووردا لە ساڵى (2020)، ڕۆژئاوا بە ئەمریکاشەوە وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی پێناسەكراوە(25). سۆیلو ڕایگەیاند کتێبەکە بە هیچ شێوەیەک دان بە ئەمریکا یان ئەوروپادا نانێتو ڕەنگدانەوەی هەستێکی قووڵی دژەڕۆژئاوایە لە ناو هەندێک بازنەی حکومەتدا. ئەم هەڵوێستە بە پێچەوانەی ئەندامیەتیی درێژخایەنی تورکیایە لە ناتۆو خواستەکانی پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەوروپاوەیە. دەستنیشانکردنی ئاشکرای هاوپەیمانە درێژخایەنەکانی ناتۆو یەکێتیی ئەوروپا وەک هەڕەشەی گەورە لە بەڵگەنامەیەکی سەرەکیی ئاسایشی نیشتمانیدا، سەرەڕای هاوکارییە سەربازیو دیبلۆماسییە بەردەوامەکان، ئاماژەیە بۆ جیاوازییەکی قووڵی ئایدیۆلۆژیو ستراتیژی.
- ئیسرائیل: لە کاتێکدا کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠) پێشنیاری پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە، بەڵام تیشکیخستووەتەسەر ناسەقامگیریی ناوچەیی، کە بە هۆی ئیسرائیلەوە دروستبووە. ڕاپۆرتەکان لە ساڵی (٢٠١٠)، دوای ڕوداوی کەشتیی مەرمەرا (Mavi Marmara)، بە ڕوونی ئاماژ بەوە کراوە ئیسرائیل بە مەترسیی ستراتیژی دادەنرێت. لە وەشانى ساڵى (٢٠٢٥)، جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە كە لە ساڵی (2023)وە دەستیپێکردووە، لە کتێبی سووردا دیاریکراوە، کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی بەهێزی ڕاگەیەنراوی تورکیایە سەبارەت بە ململانێکانو پەیوەندییە دیبلۆماسییە ئاڵۆزەکان. پۆلێنکردنی ناجێگیری ئیسرائیل لە ناو کتێبی سووردا لە هاوبەشەوە بۆ سەرچاوەی ناسەقامگیری، بۆ هەڕەشەی ستراتیژی، بۆ تاوانباركردنی بە جینۆساید، ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە چەندە تێڕوانینەکان بۆ هەڕەشە لە بەڵگەنامەکەدا کاریگەرە بە ڕوداوەکان(26).
- پرسی کوردو سوریا: پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆی سوریا کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر ئاسایشی ناوخۆی تورکیا هەبوو، کە بوو بە هۆی هەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتیی کورد لە تەمموزی (٢٠١٥). ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە سوریا لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەدەوە گۆڕا بۆ خەمی زەقتر، کە ڕێگریکردن بوو لە کوردەکانی سوریا بە سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە دامەزراندنی هەرێمێکی خۆسەر لە سەر سنوورەکانی تورکیا. بوونی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا، لەوانەش جێگیرکردنی سیستەمی موشەکیی دژەفڕۆکەی (ئێس-400)و پاڵپشتیکردنی لە گرووپە دژەتورکیاکانی وەک پەیەدە، نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیای توندترکردووە. قەیرانی سوریا نموونەیەکی توندە لەوەی کە چۆن پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییە دەرەکییەکان ڕاستەوخۆو بە قووڵی ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوخۆی تورکیا، بە تایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد، توندتردەکەنەوە.
- سەرهەڵدانی هەڕەشەی نوێ: بۆ یەکەم جار کتێبی سووری ساڵی (٢٠١٠) بە ڕوونی ئاستەنگە نوێیە جیهانیو ناوخۆییەکانی دەستنیشانکرد، لەوانە: هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، گەرمبوونی جیهان، سیاسەتی بۆڕیی وزە، تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمانو کاریگەرییەکانی داهاتووی زیادبوونى دانیشتوان(27). خستنەڕووی هەڕەشە ئەمنییە ناتەقلیدییەکانی وەک جەنگی ئەلیکترۆنیو گۆڕانی کەشوهەوا نوێکارییەکی بەرچاوە لە بیرکردنەوەی ستراتیژی تورکیادا. هەنگاوێکە نیگەرانییە سەربازییەکان یان ئایدیۆلۆژییەکان تێدەپەڕێت تا لاوازیی کۆمەڵایەتیو تەکنەلۆژیو ژینگەیی فراوانتر لەخۆبگرێت، کە دەتوانێت کاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتیمانی هەبێت. ئەمەش تێگەیشتنێکی گشتگیرترو هاوچەرختر لە ئاستەنگە فرەلایەنەکانی بەردەم دەوڵەتێکی مۆدێرن دەردەخات.
حەوتەم: کاریگەریی کتێبی سوور لە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیاو یاسا ناوخۆییەکان
- ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوە: گۆڕانکارییە قووڵەکانی تێڕوانین بۆ هەڕەشە لە کتێبی سووردا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دروستبوونی گۆڕانکارییەکی گەورەوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا. ئەم گۆڕانکارییە زياتر بە کەمتر ڕۆژئاوایی، زیاتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایبەتمەندە، کە ڕەنگدانەوەی ڕێکخستنەوەی ئەولەویەتەکانی بەشداریکردنی ناوچەییە. ئەم ئاڕاستە نوێیە زۆر جار بە بوژانەوەی بەهای عوسمانیو بەدواداچوون بۆ سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆترو فرەلایەنەتر لێکدەدرێتەوە، کە هەوڵدەدات کاریگەریی تورکیا لە دەرەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکاندا دووپاتبکاتەوە، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەوەتەی پارتی دادو گەشەپێدان لە ساڵی (2002)دا دەسەڵاتى گرتووەتەدەست، سیاسەتێکی سەقامگیر نەبووە، ئەگەرچی لە سەر بنەماى “ئاشتی لە نیشتیمان، ئاشتی لە جیهان”و دەستوەرنەدان دامەزراوە(28).
- نموونەی گۆڕانکاری لە سیاسەتو دەستێوەردانەکان
- سوریا: دەستوەردانی تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سوریا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوەبینی. لە سەرەتادا ئامانجی سەرەکیی توركيا ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد بوو، بەڵام دواتر پەرەیسەندو بووە نیگەرانییەکی زەقتر؛ ڕێگریکردن لە کوردەکانی سوریا بە سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە دامەزراندنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە سەر سنوورەکانی. ئەمەش توانای کتێبی سوور نیشاندەدات بۆ گونجاندن لەگەڵ پەرەسەندنی دینامیکیی ناوچەییو نیگەرانییەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
- بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی (S-400): سەرەڕای ناڕەزایەتیو سزای توندی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (S-400) لەلایەن تورکیاوە لە ڕووسیا، دەتوانرێت وەک دەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆی کتێبی سوور سەیربکرێت، کە ئەگەری هەیە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا وەک هەڕەشەو ڕووسیا وەک هاوبەشێک پێناسەبکات. ئەم بڕیارە بووە بە هۆی دروستبوونی گرژییەکی بەرچاو لە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ناتۆو ئەمریکادا.
- ئیسرائیل – فەڵەستین: هەڵوێستی گۆڕاوى کتێبی سوور لە سەر ئیسرائیل، لەوانەش دەستنیشانکردنی وەک مەترسیی ستراتیژیو جینۆساید لە غەززە لە ساڵی (2023)دا، ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ گرژبوونی پەیوەندییە دیبلۆماسیو ئابوورییەکان، وەک سنووردارکردنو دواجار وەستانی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە ساڵی (2024).
هەشتەم: نوێکردنەوەى کتێبی سوور لە (2025)
لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی مەترسییەکان لە ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، ئەنقەرە دەستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر کرد بۆ بەڵگەنامەی کتێبی سوور، کە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانیدا لە کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)و کانوونى یەکەمى (٢٠٢٥) کۆتاییهات، تێیدا بە فەرمی بڕیاردرا وەشانی (٢٠٢٠) هەڵبوەشێنرێتەوەو وەشانى ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانیی (2025) پەسەندبکات(29). دیارترین گۆڕانکارییەکانیش بریتی بوون لە:
- خستنەڕووی زیرەکیی دەستکرد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییو فراوانکردنی چەمکی ئاسایش، بۆئەوەی ئابووریو وزەو کارەساتە سروشتییەکان بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا جەخت لە بەردەوامیی شەڕی دژى تیرۆر (پەکەکە، یەپەگە، داعشو فەتۆ) دەکاتەوە.
- شەرعیەتدان بە قوڵایی ئەمنی لە باکووری سوریا: بەڵگەنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەر بۆشایییەکی ئەمنی لە باکووری سوریا دەکرێت لەلایەن پەیەدەوە ئیستیغلالبکرێت، ئەمەش پێویستی بە بەردەوامیی بوونی تورکیاو دانانی پشتێنی سەلامەتی دەبێت.
- عێراق – بەردەوامبوونی ئامادەیی سەربازی: بەڵگەنامەکە شەرعیەتی بوونی تورکیا لە باکووری عێراق بەهێزتردەکات، ئەمەش بە پاساوی بەدواداچوون بۆ پەناگەکانی پەکەکە لە چیای قەندیلو شەنگال.
- بەستنەوەی پرسی کورد بە پشتیوانیی دەرەکییەوە: بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە پشتیوانیی ڕۆژئاوا بۆ کورد هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە، ئەمەش شەرعیەتدەدات بە فشارەکانی تورکیا بۆ سەر هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی دژی کورد.
ئەنجام
کتێبی سووری تورکیا، یان بەڵگەنامەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی (MGSB)، بەڵگەنامەیەکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە داینامیكيەتی دەسەڵاتو داڕشتنی سیاسەت لە تورکیادا. سەرەڕای سروشتی نهێنیو پێگەی نایاسایی، کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر سیاسەتی ناوخۆییو دەرەوەی وڵات هەیە.
ڕەگوڕیشەی بەڵگەنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ کودەتا سەربازییەکانو ڕۆڵی سوپا وەک پارێزەری کەمالیزم. لە هەمان کاتدا میراتێکی دوورودرێژی کاریگەریی سوپا بە سەر دەسەڵاتی مەدەنیدا ئاشکرادەکات.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)دا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەم کتێبەدا هاتووەتەئاراوە، کە پاراستنی دەوڵەت لە دامەزراوەی سەربازیی کەمالیستییەوە گۆڕا بۆ سەرکردایەتییەکی مەدەنی بە ئاڕاستەیەکی ئیسلامی.
نهێنیی کتێبی سوور، لەگەڵ بەکارهێنانی مشتومڕاوی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەکانی دەوڵەتو حکومەتو سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، نیگەرانییەکی جددی لە بارەی شەفافیەتو لێپرسینەوەو سەروەریی یاساوە لە تورکیادا دروستکردووە. ئەم ناڕوونییە ستراتیژییە ڕێگە بە حکومەت دەدات بەبێ لێکۆڵینەوەی گشتی یان پەرلەمانی، یاسا دەربکات، ئەمەش هۆکارە بۆ پاشەکشەی دیموکراسی لە تورکیا.
سەرچاوەکان
- Nordic Monitor. (2022, March 23). Turkey’s revised ‘secret constitution’ may have defined NATO and EU as a major threat. https://nordicmonitor.com/2022/03/turkeys-revised-secret-constitution-may-have-defined-nato-and-eu-as-a-major-threat/
- Dayan, A. (2010, November 8). Tel Aviv Notes: The Red Book: The Bible of Turkish Foreign Policy. https://dayan.org/content/tel-aviv-notes-red-book-bible-turkish-foreign-policy
- https://www.duvarenglish.com/constitutional-court-deems-anonymous-secret-testimony-sufficient-grounds-for-detention-news-60413?utm_source=chatgpt.com
- Electronic Frontier Foundation. (2020, November 11). Turkey Doubles Down on Violations of Digital Privacy and Free Expression. https://www.eff.org/deeplinks/2020/11/turkey-doubles-down-violations-digital-privacy-and-free-expression
- (2025, April 17). National Security Council (Turkey).(https://en.wikipedia.org/wiki/National_Security_Council_(Turkey)
- https://en.wikipedia.org/wiki/National_Security_Council_%28Turkey%29?utm_source=chatgpt.com
- https://www.constituteproject.org/constitution/Turkey_2017?utm_source=chatgpt.com.
- Heper & T. Tachau – “The State and Public Bureaucracies: A Comparative Perspective”
- https://www.swp-berlin.org/10.18449/2023C55/?utm_source=chatgpt.com
- “nothing less than a silent revolution.”
(FT, 24 July 2003). - https://www.ispionline.it/en/publication/islamist-civilizational-politics-and-the-akp-turkeys-role-in-a-changing-muslim-world-203361?utm_source=chatgpt.com
- https://humanrts.umn.edu/research/constitution-turkey.html?utm_source=chatgpt.com.
- https://bianet.org/haber/constitutional-journey-of-turkiye-1921-1924-1961-1982-271318
- Barkey, H. J. (2000) – “The Red Book and Turkish National Security Policy”
- Çınar & Arı (2017) – “The National Security Council and the Red Book in Turkish Politics
- https://www.dailysabah.com/politics/2014/08/01/gulen-movement-goes-into-red-book-as-national-threat?utm_source=chatgpt.com
- Hürriyet Daily News – “Turkey’s Red Book to be revised” (2010, 2015)
- Hürriyet Daily News (27 October 2010) – “Turkey’s ‘Red Book’ redefines threats”
- Al Jazeera (2015) – “Turkey adds social media to top threats list”
- Freedom House – Freedom on the Net: Turkey (2015–2016 Reports)
- The Institute for National Security Studies. (2010, November 8). Changes in the Turkish Threat Perception: Strategic Significance for Israel. https://www.inss.org.il/publication/changes-in-the-turkish-threat-perception-strategic-significance-for-israel/
- Nordic Monitor. (2025, March 19). Erdogan govt gains sweeping authority over personal data with new law. https://nordicmonitor.com/2025/03/erdogan-govt-gains-sweeping-authority-over-personal-data-with-new-law/
- Öniş, Ziya (2011) – “Multiple Faces of the ‘New’ Turkish Foreign Policy”
- https://nordicmonitor.com/2022/03/turkeys-revised-secret-constitution-may-have-defined-nato-and-eu-as-a-major-threat/?utm_source=chatgpt.com
- https://www.meforum.org/israel-to-be-listed-as-top-security-threat-in?utm_source=chatgpt.com
- Hürriyet Daily News (2010) – “Turkey’s Red Book to include new global threats”
- Electronic Frontier Foundation. (2020, November 11). Turkey Doubles Down on Violations of Digital Privacy and Free Expression. https://www.eff.org/deeplinks/2020/11/turkey-doubles-down-violations-digital-privacy-and-free-expression
- https://www.dailysabah.com/politics/turkiyes-top-secret-policy-document-red-book-gets-an-update/news?utm_source=chatgpt.com
- USC Center on Public Diplomacy. (n.d.). The PD of Emerging Powers.(https://uscpublicdiplomacy.org/sites/uscpublicdiplomacy.org/files/useruploads/u35361/The%20PD%20of%20Emerging%20Powers.pdf)
[1]. ئەم کودەتایە بە تانک لە شەقامەکاندا نەکرا، بەڵکو بە ڕێگەی یاداشتێکی سەربازی کە لەلایەن فەرماندەکانی سوپاوە بۆ حکومەت نێردراوە. ئەو یاداشتە حکومەتی ناچارکرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەمەش توانای سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی پڕۆسەی سیاسی دەردەخات، بەبێ ئەوەی پێویستبکات پەرلەمان بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.
[2]. ئەم کودەتایە لە مانگی شوباتی ساڵی (١٩٩٧) لە دژی حکومەتەکەی نەجمەدین ئەرباکان ڕویدا. کودەتاکە کودەتایەکی سەربازیی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو بە فشاری دامەزراوەییو میدیاییو دادوەری کرا، کە دواجار بوو بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت.
كوردی

