قەدەغەکردنی شوناسی کورد لە تورکیا لە نێوان ساڵانی (١٩٢٣-١٩٣٨) لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی کۆماری تورکیادا
بەشی چوارەم
د. سامان مستەفا ڕەشید

پوختە
ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ساڵی (١٩١٨)و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی (١٩٢٣)دا گۆڕانێکی ڕێشەیی قووڵی لە سەر ئاستی کارگێڕی، سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتیو کولتووریی هێنایەکایەوە، گۆڕانێک کە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری بنیاتی ئیداریو سیاسیو کولتووریی دێرینو درێژی عوسمانی. هەروەها گۆڕینی بنیاتی فرەکولتوورو فرەڕەنگو ڕەگەزی عوسمانی بۆ دەوڵەتێکی کۆماری تاک_شوناس. دەوڵەتێک، کە دروشمی باڵادەستیو زاڵیەتیی شوناسی تورکی بەرزکردبووەوە، نەک تەنها دەرفەتی بۆ خۆنیشاندانی ئازادانەی شوناسە جیاوازە ناتورکەکانی وەکو “کورد، ئەرمەن، لازو چەرکەس” نەهێشتبووەوە، بەڵكو کۆمارە نوێیەکە بە تەواوی توانای خۆیەوە دەستی بە جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکردنو تواندنەوەی هەموو ڕەگەزە ناتورکەکانی ناو کۆمارەکەی لە بۆتەی شوناسی تورکدا كرد. بە جۆرێک پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتی سەرکوتکردنو تواندنەوەیە تەنها لە سەر ئاستی سەرکوتکردنی جوڵانەوەو شۆڕشە کوردییەکانی “شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی دەرسیمو ئاگری” بە ئاگرو ئاسن قەتیسنەبوو، بەڵکو کەوتووەتە هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی توندی فرەلایەنی قەدەغەکردنی هەر شتێک ئاماژە بێت بۆ بوونی کولتوورو شوناسێکی جیاواز لە شوناسی تورکی لە کۆماردا. یەکێک لەو ڕێگەیانە بریتی بووە لە قەدەغەکردنی هەموو بڵاوکراوەو بانگەشەیەک، کە ئاماژە بێت بۆ شوناسی کورد لە تورکیاو دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لەم بابەتەدا قەدەغەکردنی شوناسی کورد لە تورکیا لە نێوان ساڵانی (١٩٢٣-١٩٣٨) لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی کۆماری تورکیا خراوەتەڕوو.
قەدەغەکردنی شوناسی کورد لە (١٩٢٣-١٩٣٨)
پرۆسەی قەدەغەکردنی بڵاوکراوەو نوسراو دەربارەی کوردو کوردستان بەراورد بە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە ڕووی چەندیەتیو چۆنیەتییشەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوەدیوە. لەبەرئەوەی عوسمانی دەوڵەتێکی فرەکولتوور، زمانو ڕەگەز بووە، ئەو بەرهەمانەی لە سەردەمی عوسمانیدا سانسۆرکرابوونو لە بەشەکانی پێشوودا باسمانکردن(١)، زیاتر لەبەر هۆکاری ئایینیو سیاسی بووە نەک لەبەر هۆکاری ڕەگەزی، واتە لەبەرئەوە سانسۆرکرابوون، کە نوسینیان لە دژی تێگەیشتنی دینیی باو یان دژی سیاسەتەکانی سوڵتانی عوسمانی تێدا بووە، نەک لەبەرئەوەی کە کوردنو هەڵگری شوناسێکی جیاوازیان لە شوناسی تورکییان هەیە، واتە تا ڕادەیەکی زۆر هێشتا فاکتەری ناسیۆنالیزم لە ئارادا نەبووە، بەڵام لە سەرەدەمی کۆماردا بابەتەکە تەواو گۆڕاوە بۆ پرسێکی ناسیۆنالیستیو لەوەیش زیاتر، بەرەو ڕەگەزپەرستیو تواندنەوەی ڕەگەزی کورد ڕۆیشتووە.
لە لایەکی دیکەوە کۆماری تورکیا پرسەکە دەکاتە پرسێکی یاساییو بە یاسا هەوڵی سەرکوتکردنی شوناسی کوردو قەدەغەکردنی هەر شتێک لە بارەی شوناسی کوردەوە دەدات، جا لە ناوخۆ یان دەرەوەی کۆمارەکە بڵاوببێتەوە.
١. قەدەغەکردنی بەیاننامەیەک لە (٢٢)ی حوزەیرانی (١٩٢٥)
ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا لە (٢٩)ی تشرینی یەکەمی (١٩٢٣)و هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە (٣)ی ئاداری (١٩٢٤)(٢)، هاوکات لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەکی دیکەدا، لەگەڵ بوونی کەموکورتیی زۆر لە دەستووری ساڵی (١٩٢١)دا، مستەفا کەمالی خستووەتەسەر ئەو باوەڕەی پێویستە دەستوورێکی نوێ بۆ کۆماری تورکیا بنووسریتەوەو تێیدا بە پێی پێشهاتە سیاسییە نوێیەکان فۆڕمو پەیکەری دەوڵەتی تورکیا دابڕێژرێتەوە.
دوای چەندان گفتوگۆو مشتومڕ لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتیمانیی تورکیا (پەرلەمان)، دەستووری ناوبراو لە (٢٠)ی نیسانی (١٩٢٤) پەسەندکراوە. بە چەشنێک ئەم دەستوورە هەوڵی چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی دەستوورە (٢٤) مادەییەکەی ساڵی (١٩٢١)ی داوە. لە پەسەندکردنی دەستووری (١٩٢٤)دا بۆ یەکەم جار بنەمای زۆرینەی دوو لە سەر سێ پەیڕەوکراوە، پەرلەمانی تورکیا وەک تاکە نوێنەری نەتەوە، خاوەنی دەسەڵاتەکانی یاسادانانو جێبەجێکردن ناسێنرا، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیرانی دیاریکراوەوە بەکاردەهێنرا، هەندێک تایبەتمەندیی سیستەمی پەرلەمانییشی تێدا بووە. دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە دەستووردا بە جیا ڕێکخرابوون. دەستووری (١٩٢٤)، تەنها لە ماوەی ساڵانی (١٩٢٤)ەوە تا (١٩٤٥) پێنج جار گۆڕانکاریی تێدا کراوە. زمانی دەستوور بە تەواوی بووە بە تورکیو ناوی (Teşkilatı Esasiye Kanunu) بۆ (Anayasa) گۆڕدراوە(٣).
دەستووری ساڵی (١٩٢٤)، بە ژمارە (٤٩١) لە ڕۆژنامەی فەرمیی کۆماری تورکیا لە ڕۆژی (٢٦/٥/١٩٢٤)ی زایینیدا بڵاوکراوەتەوە. دەستوورەکە لە شەش بەشی سەرەکی پێکهاتووەو بە کۆیگشتی (١٠٥) ماددەی سەرەکی لەخۆگرتووە. بەم جۆرە دابەشبووە، بەشی یەکەم تەرخانکراوە بۆ حوکمە گشتییەکان (Ahkâm-ı Umumiye)و لە ماددەی (١-٨) پێکهاتووە. بەشی دووەمی دەستوورەکە بۆ ئەرکەکانی یاسادانان (Vazife-i Teşriiye) تەرخانکراوەو ئەم بەشەیش لە ماددەی (٩-٣٠) پێکهاتووە. هەرچی بەشی سێیەمی دەستوورەکەیە، لە ماددەی (٣١-٥٢)ەوە پێکهاتووەو تەرخانکراوە بۆ ئەرکەکانی جێبەجێکردن (Vazife-i İcraiye). بەشی چوارەمی دەستوورەکەیش تەرخانکراوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن (Kuvve-i İcraiye)، لە ماددەی (٥٣-٦٧) پێکهاتووە. بەشی پێنجەمی دەستوورەکەیش تەرخانکراوە بۆ مافە گشتییەکانی تورکەکان (Türklerin Hukuku Ammesi)، لە ماددەی (٦٨-٨٨) پێکهاتووە. کۆتا بەشی دەستوورەکەیش ناوی ماددە جۆراوجۆرەکانی (Mevadd-ı Müteferrika)ی لێنراوە، لە مادەی (٦٩-١٠٥) پێکهاتووە(٤).
بە وردبوونەوە لە ماددەکانی دەستووری ساڵی (١٩٢٤)ی کۆماری تورکیا، دەردەکەوێت دەستوورەکە نەک هەر شوناسو زمانی کوردیی وەک ڕەگەزێکی پێکهێنەری بنیاتی ئیتنیکیو کۆمەڵایەتیی ناو سنووری کۆماری تورکیا نەناساندووە، بەڵکو بە تەواوەتی خۆی بواردووە لەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باسی شوناسی نەتەوە ناتورکەکانی ناو کۆمارەکە بکات. لەوەیش زیاتر، لە ماددەی دووەمدا هاتووە (ئایینی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا ئایینی ئیسلامە، زمانی تورکی زمانی فەرمیی دەوڵەتی تورکیایەو شاری ئەنقەرەیش بارەگای دەوڵەتەکەیە)(٥). بەم ماددەیەیش زمانی تورکیی بە زمانی فەرمیی کۆماری تورکیا ناساندووەو نکوڵیی لە بوونی شوناسو زمانو نەتەوەی جیاوازی جگە لە تورک لە چوارچێوەی کۆمارە نوێیەکەدا کردووە. لەوەیش زیاتر، لە ماددەی (١١)، کە تایبەتە بە مەرجەکانی خۆپاڵاوتن بۆ بوون بە ئەندامی پەرلەمان، بەم شێوە هاتووە: “هەر کوڕە تورکێک سی ساڵی پڕکردبێتەوە، مافی ئەوەی هەیە خۆی بۆ نوێنەرایەتی (مبعوث) بپاڵێوێت”(٦). لێرەدا لە بریی بەکارهێنانی چەمکی “هاوڵاتیی کۆماری تورکیا”، چەمکی “هەر تورکێک”ی بەکارهێناوە، واتە تورکبوون جێگەی هاوڵاتیبوون دەگرێتەوە. ئەمەیش بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ناساندنی کۆماری تورکیای نوێ وەک کۆمارێکی تاک_شوناسو تاک_زمان.
کۆمارە نوێیەکەی تورکیا هەر بە نکوڵیکردنی شوناسی ناتورکیی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ناو کۆمارەکەی نەوەستاوەتەوە، بەڵکو کەوتووەتە هەوڵی کپکردنو قەدەغەکردنی شوناسەکانی دیکە. لەو چوارچێوەیەشدا شوناسی کوردی لە کۆماری تورکیا توشی شاڵاوێکی بەرفراوانی سەرکوتکردنو سانسۆرکردن بووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی کۆماری تورکیا، کە فەرمانێکی نهێنیی سەرۆکایەتیی کۆمارە، بە ژمارە (٢١٦١) واژۆی مستەفا کەمالو سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەکەی لە سەرە، بە پێی فەرمانەکە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (٢٢)ی حوزەیرانی (١٩٢٥)ی کابینەی حکومەتی تورکیا، کە بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال بەستراوە، بڕیاردراوە بە سانسۆرکردنو قەدەغەکردنی هێنانەناوەی ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن لاتین-کۆمیتەی یەکێتیی ئیسلام (لاتین- اسلام اتحاد قومیتەسی)ییەوە لە جەزائیرەوە بۆ هەندێک لە بازرگانانی ئەرزڕۆم لە تورکیا نێردراوە. لە بەیاننامەکەدا داواکراوە ڕێگە بە خوێنڕشتنو شەڕکردن لەگەڵ کوردەکاندا نەدرێت. دەوڵەتی تورکیا لە فەرمانەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە لەبەرئەوەی ئەو بابەتانە بە تێکدەری ئەمنو ئاسایشی مەملەکەتو دژی بنەماکانی یاسای (تقریری سکونت)ە، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو بەیاننامەیە دراوە(٧). جێی ئاماژەبۆکردنە، زۆر گەڕاین بە دوای ئەوەی بزانین ئەو کۆمیتەیە کەی دامەزراوە، ئەندامەکانی کێ بوون؟ چ جۆرە چالاکییەکی دیکەیان کردووە؟ سەرەڕای هەوڵێکی زۆر بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەو بارەیەوە دەستنەکەوت.

بەڵگەی:(1بڕیاری قەدەغەکردنی بەیاننامەی “لاتین-کۆمیتەی ئیتیحادی ئیسلام”، کە لە جەزائیرەوە بۆ هەندێک بازرگانو خەڵکی ئەرزڕۆم نێردراوە)
٢. قەدەغەکردنی (غنچە بهارستان)ی حسێن حوزنی موکریانی لە (١٩٢٥)
یەکێکی دیکە لەو کتێبە کوردییانەی لەلایەن کۆماری تورکیاوە قەدەغەکراوەو بڕیاردراوە ڕێگرییلێبکرێتو نەهێڵرێت ببرێتەناو خاکی تورکیاوە، کتێبی (غنچە بهارستان)ی حسێن حوزنی موکریانی بووە، کە لە ساڵی (١٩٢٥) لە چاپخانەی (عصر الجدید) لە حەڵەب چاپکراوە.

وێنەی :(1بەرگی کتێبی (غنچە بهارستان)ی حسێن حوزنی موکریانی)
بە پێی فەرمانێکی نهێنی، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (٥)ی ئابی (١٩٢٥)دا کابینەی حکومەتی کۆماری تورکیا، بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار؛ مستەفا کەمالو سەرۆکوەزیرانو هەموو وەزیرەکانی حکومەت، بە بڕیاری ژمارە (٣٢٠٢)، کە واژۆی مستەفا کەمالو عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی حکومەتی لە سەرە، بڕیاری قەدەغەکردنی پەرتووکی ( غنچە بهارستان)ی حسێن حوزنی موکریانی دراوە. هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە: “کتێبی کوردیی غونچەی بەهار(٨) کە کوردێک بە ناوی سەید حسێن حوزنی ئەلحوسەینی بە مەبەستی پڕوپاگەندە نووسیویەتی، لەلایەن والیی ناپاکی پیشووی ویلایەتی قەستەمونی، کە ناوی (دانشمند سامی)یە لە شامو بە نهێنی چاپکراوە، دەرکەوتووە لە حەڵەبەوە بۆ هێنانی بۆ ناو سنوورەکانمانو دابەشکردنی نێردراوە. بە گوێرەی ماددەی تایبەتمەندی یاسای چاپەمەنییەکانو لە سەر داوای وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێکەوتی (٥)ی ئابی (١٩٢٥)، بەرمەبنای پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنیەت، بە نوسراوی ژمارە (٨٥٠٦/١١٣٤٥/٣٧٠٦)، لە کۆبوونەوەی (٥)ی ئابی (١٩٢٥)دا، بڕیاری قەدەغەکردنو ڕێگریکردن لە هێنانەناوەوەی بۆ ناو خاکی تورکیا دراوە”(٩).

بەڵگەی(2) : بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبی (غنچە بهارستان)ی حسێن حوزنی موکریانی
٣. قەدەغەکردنی گۆڤاری (La questiyon kurde) لە (١٩٣١)دا(١٠)
یەکێکی دیکە لەو بڵاوکراوانەی لەلایەن کۆماری تورکیاوە قەدەغەکراوە، گۆڤاری (La questiyon kurde) بووە، کە کۆمەڵەی خۆییبوونەوە بە زمانی فەرەنسی چەند ژمارەیەکیان لێچاپو بڵاوکردووەتەوە. تێیدا پرسی کوردیان بۆ ڕایگشتیی جیهان خستووەتەڕوو. گۆڤارەکە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بە ژمارە (١١.٣٧) قەدەغەکراوە. لە بڕیارەکەدا هاتووە: گۆڤاری (La questiyon kurde) کە لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە بە زمانی فەڕەنسی لە قاهیرە بە مەبەستی پڕوپاگەندە بۆ کوردایەتی بڵاودەکرێتەوە، بەو پێیەی ناوەڕۆکێکی زیانبەخشی هەیە، لە سەر ڕاسپاردەی وەکالەتی ناوخۆ (وەزارەتی ناوخۆ)، لە ڕێکەوتی (١٢/٥/١٩٣١)، بە نوسراوی ژمارە (٨٣/١٨٨٤)، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال، بڕیاری قەدەغەکردنو ڕێگریکردن لە هاتنەناوەی ئەو کتێبە بۆ ناو تورکیا دراوە(١١).

وێنەی (2): وێنەی بەرگی ژمارە (٦)ی گۆڤارەکە
٤. قەدەغەکردنی گۆڤاری “هاوار” لە ساڵی (١٩٣٢)
یەکێکی دیکە لەو بڵاوکراوە کوردییانەی بە بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا قەدەغەکراوە، گۆڤاری “هاوار” بووە. گۆڤارێکی ئەدەبیی کوردیی بووە، گرنگیو بایەخێکی زۆری بە زمانو ئەدەبی کوردی داوە. گۆڤارەکە لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە دامەزرێنراوە، یەکەمین ژمارەی لە (١٥)ی ئایاری (١٩٣٢) لە “چاپخانەی ترەقی” لە دیمەشق چاپکراوە. گۆڤارەکە بە هەردوو ئەلفوبێی لاتینیو ئەلفوبێی ئارامی چاپکراوە. گۆڤاری هاوار لە ماوەی ساڵانی (١٩٣٢-١٩٤٣)دا، بە کۆیگشتی (٥٧) ژمارەی لێدەرچووە. یەکەمین (٢٣) ژمارەی هەم بە ئەلفوبێی لاتینیو هەمیش بە ئەلفوبێی ئارامی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە ژمارە (٢٤)ەوە هەموو ژمارەکانی دیکەی بە تەنها بە ئەلفوبێی لاتینی بڵاوکراوەتەوە. لە دیارترین نوسەرەکانی گۆڤارەکە “جەلادەت بەدرخان، جگەرخوێن، نورەدین زازا، قەدری جان، کامەران بەدرخانو ئوسمان سەبری…هتد” بووە(١٢).
بە پێی بڕیارێکی کۆماری تورکیا، کە بە ژمارە (١٢٩٣٦)، لە ڕێکەوتی (٣٠/٥/١٩٣٢) دەرچووە، لە نوسراوەکەدا هاتووە(١٣): ڕۆژنامەی هاوار (Havar)؛ ئۆرگانی کۆمەڵەی خۆییبوون، کە لە شام دەردەچێت، لەبەرئەوەی بڵاوکراوەیەکی زیانبەخشە، هێنانی بۆ ناو تورکیا قەدەغەکراوە، ئەوەیش بەرمەبنای نوسراوی ژمارە (24II/4586)، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە (٢٥/٥/١٩٣٢) ئاڕاستەکراوەو بڕیاری قەدەغەکردنەکەی لە (٣٠/٥/١٩٣٢) لەلایەن کابینەی حکومەتەوە پەسەندکراوە(١٤).

وێنەی :(3بەرگی ژمارە یەکی گۆڤاری هاوار)
٥. قەدەغەکردنی چوار کتێبی مێژوویی کورد بە یەک بڕیار لە ساڵی (١٩٣٤)
دەسەڵاتدارانی تورکیا زۆر بە وردی کەوتبوونە شوێنپێهەڵگرتنی کارو چالاکییەکانی کۆمەڵەی خۆییبوون لە شام، هەموو جوڵەو چالاکییە کولتووریو سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵەیان بە مەترسی لە سەر کۆمارە نوێیەکەیان زانیوە، لەبەرئەوە هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هاتنەناوەوەی بڵاوکراوەو چالاکییەکانی کۆمەڵەکە بۆ ناو قەڵەمڕەویی کۆمارەکەیان بکەن. لەو چوارچێوەیەداو بە تەنها بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی مامەڵەکان لە سەرۆکایەتیی وەزیران لە کۆماری تورکیا، کە واژۆی مستەفا کەمال ئەتاتورکی سەرۆککۆمارعیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی لە سەرە، بە ژمارەی (١٠٩٦/٢)و بە کۆی دەنگو لە دانیشتنی ڕۆژی (١)ی ئابی (١٩٣٤)، بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبەکانی “کوردەکان لە بەرانبەر لێخۆشبوونی گشتیی تورکدا، نوسراوێک بۆ سەرۆککۆماری تورکیا ڕێزدار غازی مستەفا کەمال، پرسی کورد لە دیدی دەرەکییەوە (بیانییەوە)، (القضیة الکردیة)” دراوە(١٥). وەکو لە بڕیارەکەدا هاتووە، قەدەغەکردنی ئەم چوار کتێبە بە هۆکاری ئەوە بووە، کە دژی دەوڵەتی تورکیا نوسینی زیانبەخشی تێدا بووە. قەدەغەکردنەکەیش لە سەر ڕاسپاردەو نوسراوی ژمارە (٧٠٦٧)ی وەزارەتی ناوخۆ بووە، کە لە ڕێکەوتی (٢٩)ی تەمموزی (١٩٣٤) ئاڕاستەکراوە(١٦).

بەڵگەی :(3بڕیاری قەدەغەکردنی چوار کتێبی مێژوویی کورد)



وێنەی :(4بەرگی (٣) لەو کتێبانەی قەدەغکراون)
٦. قەدەغەکردنی کتێبی “چەند لاپەڕەیەک لە مەسەلەی کورد”ی ڕەفیق حیلمی
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ قەدەغەکردنی مێژوو و شوناسی کورد، بە پێی نوسراوی ژمارە (٢٧١٥/٢)، لە ڕێکەوتی (٥/٦/١٩٣٥)، حکومەتی تورکیا لە سەر ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆو بە گوێرەی ماددەی (٥١)ی یاسای چاپەمەنییەکان، بە واژۆی سەرۆککۆمار؛ مستەفا کەمال، عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی کابینەی دەوڵەت، بڕیاری یاساغکردنی کتێبی چەند لاپەڕەیەک لە مەسەلەی کورد (Kürt meselesi safahatından) دراوە، کە لە عێراقدا لەلایەن ڕەفیق حیلمییەوە نووسراوەو لە بڕیارەکەدا هاتووە: نابێت ڕێگەبدرێت ئەم کتێبە لە ناو خاکی تورکیادا بڵاوبکرێتەوە. سەبارەت بە هۆکاری قەدەغەکردنی ئەم کتێبە لە بڕیارەکەدا هاتووە: بە هۆی ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە ئەم کتێبە نوسینی زیانبەخشی لە دژی دەوڵەتەکەمان تێدایە، بۆیە بە پێی ماددەی (٥١)ی یاسای چاپەمەنییەکان بڕیاری قەدەغەکردنی دراوە(١٧).

بەڵگەی :(4بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبەکەی ڕەفیق حیلمی)

وێنەی :(5بەرگی کتێبەکەی ڕەفیق حیلمی)
٧. قەدەغەکردنی دوو کتێبی نوسەری کورد؛ حیلمی یەڵدرم
موشلو حیلمی یەڵدرم یان شەعبانزادە حیلمی یەڵدرم، کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی کوردی باکووری کوردستان بووە. خەڵکی گوندی (Geliyê Aliya)ی سەر بە موش بووە. حیلمی یەڵدرم کوڕی فەقێ یوسفی بووە. ئەگەرچی بە ڕوونی ساڵی لە دایکبوونی نازانرێت، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی فەڕەنسا لە ساڵی (١٩٣٦)دا حیلمی یەڵدرم تەمەنی (٣٠) ساڵ بووە. لە موش دەستی بە خوێندن کردووە، دواتر چووەتە فێرگەی سەربازی لە ئەستەنبوڵ، لەوێ لە بەشی (Elektro-Mekanik) خوێندوویەتی. لە ساڵی (١٩٣٣) وازی لە فێرگە هێناوەو ماوەیەک وەکو تەکنیککار لە سوپا کاریکردووە. ئەو کاتەی لە سوپا کاریکردووە، بە هۆی ئەوەی گومانی کوردایەتیی لێکراوە، دۆسیەی لێپێچینەوەی لە بارەوە کراوەتەوە، بەو هۆیەوە ناچارکراوە بۆ سوریا هەڵبێت. لە سوریا لەگەڵ ڕووناکبیرانی کورددا دەستی بە چالاکیی سیاسی کردووە. لەوێ هەردوو کتێبی دەنگێک لە کوردستانەوە ( Une veox Kurdistan)و شارستانیەتی تورکەکان لە کوردستان لە سەدەی بیستەمدا ( Kürdistan’da 20. Yüzyıl’da Türklerin Medeniyeti)، یەکەمیانی بە زمانی فەڕەنسیو دووەمیانی بە زمانی تورکی نووسیوەو بە خۆڕایی دابەشیکردووە. بڵاوکراوەکانی بووە بە بەشێک لە پروپاگەندەی کوردایەتی لە سوریا. بەو هۆیەوە بڵاوکراوەکانی لەلایەن کونسوڵیەی تورکیا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان قەدەغەکراوە. لەوەیش زیاتر، دەزگای هەواڵگریی فەڕەنسایش لە سوریا بۆ بێئەرزشکردنی حیلمی یەڵدرمو هەوڵەکانی، دەستی بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە کردووەو ناوبراوی بە “گومانلێکراو”و “سیخوڕی تورک” تۆمەتبارکردووە. حیلمی یەڵدرمو چەند کەسێکی دیکە لە سەروبەندی شۆڕشی دەرسیمو بە مەبەستی کۆمەکو بەهاناوەچوونی بەرەنگاریی ساسۆن، بڕیاردەدەن لە ساڵی (١٩٣٧) لە سوریا بپەڕنەوە بۆ تورکیا، دوای نۆ ڕۆژ بە پێ ڕۆیشتن، لە ناوچەی “بیسمیل” لە نزیک دیاربەکر ئاشکرادەبن. ئەم چەند کەسە لە ناو خەلەو دەغڵو کێڵگەی گەنمدا دوو ڕۆژ خۆیان حەشاردەدەنو بەرەنگاردەبنەوە. دوای ئەوەی سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکە (ڕائید حەمدی) دەزانێت ناتوانن پێشڕەویبکەن، بڕیاردەدات، کە ئاگر لە کێلگەی گەنمەکە بەربدەنو بەرگریکاران بە زیندوویەتی دەسوتێنو گیانلەدەستدەدەن. ئەم ڕوداوە بووەتە بەسەرهاتی بەیتبێژانی ناوچەکە، لە نێو ئەو بەرگریکارانەدا تەنها سەڵاحەددین ناوێک دەربازی دەبێت، ئەویش لەلایەن ناپاکەکانەوە دەستڕێژی گولەی لێدەکرێتو دەکوژرێت(١٨). جێی ئاماژەبۆکردنە، توێژەری لاو؛ سەدات ئولوگانا (Sedat Ulugana) کتێبێکی بە ناونیشانی موشلو حیلمی یەڵدرم، ئەو گیانبەختکارە (فیداییە)ی کوردستان کە لە کاتی چوونی بۆ یارمەتیدانی سەید ڕەزا سووتێنرا (Seyit Rıza’ya Yardıma Giderken Yakılan Kürdistan Fedaisi Muşlu Hilmi Yıldırım) نووسیوەو لە خانەی چاپو پەخشی دارا لە دیاربەکر لە ساڵی (٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە. دواتر لە چاپی دووەمی کتێبەکە، کە نووسراوە پوختەکراوو فراونترکراو، ناونیشانی کتێبەکەی بۆ موشلو حیلمی یەڵدرم ئەو گیانبەختکارە (فیداییە)ی کوردستان کە لە کاتی چوونی بۆ کۆمەککردنی دەرسیم سووتێنرا (Dersim’in İmdadına Giderken Yakılan “Kürdistan Fedaisi” Muşlu Hilmi Yıldırım) گۆڕیوە(١٩).
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە واژۆی مستەفا کەمالی سەرۆککۆمار، عیسمەت ئینۆنۆو وەزیرەکانی کابینەی دەوڵەت، هەردوو کتێبەکەی حیلمی یەڵدرمی قەدەغەکردووە. بە چەشنێک لە دانیشتنی ڕۆژی (٢)ی (٦)ی (١٩٣٦)دا بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبێکی حیلمی یەڵدرمی خەڵکی موش بە ناوی دەنگێک لە کوردستانەوە (Une veox Kurdistan) دراوە، کە بە زمانی فەرەنسی لە شام دەریکردووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە: کتێبەکە بە پێی ماددەی (٥١)ی یاسای چاپەمەنییەکانو لە سەر ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بە نوسراوی ژمارە (٧٣٦)ی ڕۆژی (٢٩)ی ئایاری (١٩٣٦) قەدەغەکراوەو بڕیاردراوە ئەو کۆپییانەی کتێبەکە کە بڵاوکراونەتەوە، کۆبکرێنەوە(٢٠).
لە بڕیارێکی دیکەی حکومەتی کۆماری تورکیادا، کە بە ژمارەی (٥٢٨٢/٢)، لە (٤) ئەیلوولی (١٩٣٦) دەرچووەو واژووی مستەفا کەمالی سەرۆککۆمار، عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی کابینەی حکومەتی ئەو کاتی تورکیای لە سەرە، هاتووە: لە سەر ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بە نوسراوی ژمارە (١٣٨٢) لە (١)ی ئەیلوولی (١٩٣٦) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی حکومەت کراوەو بە پێی ماددەی (٥١) لە یاسای چاپەمەنییەکان، لە دانیشتنی ڕۆژی (٤)ی ئەیلوولی (١٩٣٦)دا بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبی شارستانییەتی تورکەکان لە کوردستان لە سەدەی بیستەمدا ( Kürdistanda 20. Yüzyıl’da Türklerin Medeniyeti) دراوە، کە لەلایەن حیلمی یەڵدرمی خەڵکی موشەوە لە شام دەرکراوە، بڕیاردراوە ڕێگە نەدرێت کتێبەکە بێتە ناو خاکی تورکیاوە، چونکە دەرکەوتووە نوسینی زیانبەخشی تێدایە(٢١). هەرچەندە توێژەر هەوڵی زۆری داوە بۆ دەستکەوتنی نوسخەی ئەو کتێبانەی حیلمی یەڵدرم، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بێئاکام بوون!

بەڵگەی :(5بڕیاری قەدەغەکردنی کتێبی دەنگێک لە کوردستانەوەی حیلمی یەڵدرم)
٨. قەدەغەکردنی ڕۆمانی هەڵۆی کوردستان (Der Adler Von Kurdistan)ی کامەران بەدرخان لە (١٩٣٨)
یەکێکی دیکە لەو بڵاوکراوانەی لەلایەن کۆماری تورکیاوە بە بریاری فەرمی قەدەغەکراوەو بڕیاردراوە ڕێگەنەدرێت ببرێتەناو سنووری وڵاتەکەوە، ڕۆمانی هەڵۆی کوردستان (Der Adler Von Kurdistan)ی میر کامەران عەلی بەدرخانو هەربەرت ئورتێلی ئەڵمانی بووە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ڕۆمانێکە، لەلایەن کامەران عەلی بەدرخانو هەربەرت ئورتێلەوە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوەو لە ئەڵمانیا بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە لە بارەی قارەمانیەتیو نەبەردیی یادۆ/ یادین مەحموود عەباس (Yado / Yadin Mehmud Ebas)ی سەرکردەی سەربازیی کوردەوە بووە، کە سەرپەرشتیکردنی بەرەی “خەرپوت، مەزرە، ئیلازیغو پالۆ”ی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانی لە ئەستۆدا بووە. یادۆ پاشا، لەو سەردەمەدا بە جۆرێک قارەمان بووەو ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە، کوردەکان لە بەرانبەر ئەوەی تورکەکان گوتوویانە: بژی کەمال پاشا (Yaşa Kemal Paşa)، ئەمان گوتوویانە: بژی یادۆ پاشا (Yaşa Yado Paşa)! لە ڕۆمانەکەدا یادۆ وەکو سیمبوڵی جەربەزەیی، ئازایەتی، قارەمانیەتیو باوەڕبەخۆبوون لە مێژووی بەرەنگاریی کورددا باسکراوە. کتێبەکە بە شێوەی ڕۆمان باسی لە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد کردووە(٢٢). ئەم ڕۆمانە لەلایەن ئیلهامی یازگان (İlhami Yazgan)ەوە لە ئەڵمانییەوە کراوە بە تورکیو لەلایەن وەشانخانەی ئاڤێستاوە لە ئەستەنبوڵ، لە ساڵی (٢٠١٤) چاپی یەکەمی لە دووتوێی (١٦٨) لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە(٢٣).
بە پێی بڕیارێکی کۆماری تورکیا، بە ژمارە (٩٩٨٣/٢)، لە (٣/١٢/١٩٣٨) دەرچووەو واژۆی عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆککۆماری ئەو کاتە، جەلال بایاری سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکانی کابینەکەی لە سەرە، تێیدا هاتووە: کتێبی هەڵۆی کوردستان (Der Adler Von Kurdistan)، کە لە ئەڵمانیا بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن میر کامەران عەلی بەدرخانو (Herber Oertel)ەوە نووسراوە، لەبەرئەوەی کتێبەکە نوسینی زیانبەخشی تێدایە، بە گوێرەی ماددەی (٥١)ی یاسای چاپەمەنییەکان، هێنانی بۆ تورکیاو فرۆشتنی قەدەغەکراوە. ئەم بڕیارەش بەرمەبنای نوسراوی وەزیری ناوخۆ لە ڕێکەوتی (١/١٢/١٩٣٨)، بە نوسراوی ژمارە (٤٩٤٠/ ٣٣/ A/ II)، لە (٣/١٢/١٩٣٨)دا لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری قەدەغەکردنەکەی پەسەندکراوە(٢٤).

وێنەی (4): یادۆی پاڵەوانی ڕۆمانەکە

بەڵگەی :(6بڕیاری قەدەغەکردنی ڕۆمانەکەی کامەران بەدرخان)

وێنەی :(6بەرگی وەرگێڕاوی تورکی ڕۆمانی هەڵۆی کوردستان، کە لەلایەن وەشانخانەی ئاڤێستاوە چاپو بڵاوکراوەتەوە)
سەرچاوەکان
- .لە سێ ژمارەی پێشووی وەرزنامەی تورکیاناسی بابەتەکان بڵاوکراونەتەوە
- 1924 Teşkilat-I Esasiye Kanunu Genel Bilgiler, https://www.tbmm.gov.tr/anayasa/yirmi-dort-teskilati-esasiye-kanunu.
- 1924 Teşkilat-I Esasiye Kanunu Genel Bilgiler, https://www.tbmm.gov.tr/anayasa/yirmi-dort-teskilati-esasiye-kanunu.
- رسمی جریدە، تورکیە جمهوریتنک رسمی غزتەسیدر، جمعە ایرتسی، (٢١) شوال (١٣٤٢/٢٤) مایس (١٣٤٠)، نومرو: (٧١)، سنە: (٢)، صحیفە (٤-٧).
- مادەی (٢) لە دەستووری (١٩٢٤)، بڕوانە: هەمان سەرچاوە، ل(٤).
- هەمان سەرچاوە.
- 30.18. 01.01/ KALEM-İ MAHSUS MÜDÜRİYETİ/ 014. 41.13
- جێی ئاماژەبۆکردنە، لە بڕیارەکەی کۆماری تورکیادا ناوی کتێبەکە بە (غنجە بهار) نووسراوە.
- 30-18-1-1 / KARARLAR DAİRE BAŞKANLIĞI (1920-1928)/ 14 – 48 – 14.
- لەبەڵگەنامەکەدا بە (مجموعە) هاتووە، کە بە واتای گۆڤارە.
- 30-18-1-2 / KARARLAR DAİRE BAŞKANLIĞI (1928- )/ 19 – 30 –
- Abidin Parilti, Hawar Dergisi Bir Hazinedir: https://web.archive.org/web/20170226092225/http://www.radikal.com.tr/kitap/hawar-dergisi-bir-hazinedir-951728/
- جێی ئاماژەبۆکردنە، لە بڕیارەکەدا نووسراوە ڕۆژنامەی هاوار (Havar gazetesi). ئەمە لە کاتێکدایە، هاوار گۆڤارە نەک ڕۆژنامە!
- 30-18-1-2 / KARARLAR DAİRE BAŞKANLIĞI (1928- )/ 29 – 43 –
- هەرچەندە کتێبی کۆتایی بە عەرەبی بووە، بەڵام لەبەرئەوەی ناونیشانو ناوەڕۆکەکەی پەیوەندیدار بووە بە کوردەوە، وەک کتێبێکی کوردی قەدەغەکراوە. ئەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، کە تەنها لە سەر زمانی کوردی نا، بەڵکو لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکان دەربارەی کورد بوون، قەدەغەکراون.
- 30-18-1-2 / KARARLAR DAİRE BAŞKANLIĞI (1928- ). 47 – 54 –
- 30-18-1-2 / KARARLAR DAİRE BAŞKANLIĞI (1928- ) 55 – 46 –
- Rêdûr Dîjle,Yakılan Muşlu Hilmi Yıldırım’ın bilinmeyen öyküsü, https://www.haberercis.com.tr/yakilan-muslu-hilmi-yildirimin-bilinmeyen-oykusu
- Sedat Ulugana, Dersim’in İmdadına Giderken Yakılan “Kürdistan Fedaisi” Muşlu Hilmi Yıldırım, Dara Yayinlari, Diyarbakır, 2024.
- 30-18-1-2 / KARARLAR MÜDÜRÜ(1936- ) 65 – 46 – 12.
- 30-18-1-2 / KARARLAR MÜDÜRÜ(1936- ) 68 – 74 – 1.
- YADO, (01.07.1889 | 1929)Kürdistan Kartalı General Yadin Mehmud Ebas Beg, https://www.saradistribution.com/yado.htm .
- Kamiran Alî Bedirxan & Herbert Oertel, Kürdistan kartalı Yado, çevirme: İlhami Yazgan, Avesta, İstanbul 2014.
- 30-18-1-2 / KARARLAR MÜDÜRÜ(1938- ). 85. 101. 14
- YADO, (01.07.1889 | 1929)Kürdistan Kartalı General Yadin Mehmud Ebas Beg, https://www.saradistribution.com/yado.htm .
كوردی

