• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 24, 2025

تەوزیفی سیاسییانەی ئایین؛ لە میراتی تەواوکارییەوە بۆ وێناکردنەوەی چەپانەی ئیسلام

د.هەردی مەهدی میکە

لەگەڵ ئەوەدا کە شەپۆلی سەربەخۆیی کایەی سیاسەت و ئایین و کۆمەڵگە بە ڕاڤەی جیاواز چەند سەدەیەکە لە بوارە هزری و سیاسی و کایە گشتییەکاندا کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام لە سەدەی ڕابردوو شاهێدی وەرچەرخانێکی دیار و کاریگەرن لە بەکارهێنانە جیاوازەکانی ئایین و پەیوەندیدار بە سیاسەت و کۆمەڵگە و بەکارهێنانەکانی ئایینەوە. بەشێکی ئەم ڕەوتە بارگاوی بوو بەو دۆخەی کە زۆرینەی ڕەهای جوگرافیای موسڵماننشین لەلایەن ناموسڵمانەکانەوە داگیرکرا و بەشێکیش هی ئەوەبوو چەندین ڕەوت لە دەرەوەی بیرکردنەوەی ئایینەوە دەرکەوتن، کە سەرجەمیان ئامانجییان ڕزگاری بوو لە دۆخی داگیرکاری و خراپ بەڕێوەبردن و پەتا کۆمەڵایەتییەکان، وەک کەسایەتی و بزاڤە ڕاستڕەو (نەتەوەیی و پارێزکار و بناژۆخوازەکان)، لیبراڵ و چەپەکان، کە هەموویان بە جۆرێک بوونە بەشێک لەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەی دنیای کۆڵۆنیالیزەکراو. بەمەش بۆشاییەک بۆ ڕۆڵی خودی ئایین و ڕەوت و ڕێچکە دینییەکان (ئیسلامییەکان) دروستبوو، ئەی ئایین و خودی ئەمانە چ ڕۆڵێکیان دەبێت؟ هەر چەپ و ڕاستەکان خۆیان دروشم و پەیامەکانیان بە شێوەی بژێرەیی (ئینتیقایی) بۆ ئامادەسازی و هاندانی کۆمەڵگە بەکارهێنایەوە.

لە دنیای ئیسلامدا (دنیای زۆرینە موسڵمان و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان) بەر دەرکەوتنی کۆڵۆنیالیزم و کاریگەریی بەو قەبارە گەورەیە، بەکارهێنانی ئایین هەر لەو ڕاڤانەدا دەخولایەوە، کە لە میراتی کولتووری سیاسیی ئیسلام بەجێیهێشتبوو، بە هاتنی داگیرکاریی نوێ و بە تایبەت پاش جەنگی یەکەمی گێتی، ئیتر بانگەشەی بزاوت و ڕەوتە ئیسلامییە هزری و سیاسییەکانیش وەرچەرخانی قوڵ لە تێڕوانینەوەیان بۆ میرات ڕوودەدات، جا چ دانی پێدا بنێن وەک ئەو هێزانەی، کە خۆیان لە چێوەی ڕیفۆرمی ئایینیدا دەبینیەوە، یان دانی پێدانەنێن وەک ڕەوتە بناژۆخوازەکان (فەندەمێنتاڵەکان)، دیسانەوە هەر بارگاوین بەو وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕانەی، کە دنیای سیاسەت و لێکەوتەکانی کۆڵۆنیالیزم و کولتووری سیاسیی سەدەی ڕابردوو بەرهەمیهێنا. لە قۆناغی یەکەمدا دژی دەوڵەتە داگیرکارەکان هەڵگەڕانەوە و پاشان کە نەتوانرا وەک نەتەوەیی و چەپەکان و بزووتنەوەکانی جیهانی سێ ببنە بەدیل، ئەوسا بزووتنەوە جیهادییە ئیسلامییەکان پێکهاتن، بەڵام ئەمجارە دژی دەوڵەتە موسڵمانەکان کەوتنە سەنگەرەوە، ئەمەش تەوزیفکردنەوەی جیاوازی ئایین بوو.

گەرچی بەر لە هاتنی داگیرکاریی و هەبوونی دەوڵەتە نەخۆشەکانی موسڵمانان لە ڕۆژهەڵاتدا، دنیای ئیسلام بەر لەچەند سەدەیەک هەر دنیایەکی بریندار و دواکەتوو و خراپدۆخ لە بەڕێوەبردن و دنیابینی و بەرهەمی مەعریفی بوو، بۆیە چەندین ڕەوت و کەسایەتیی ئایینی و هزری و کۆمەڵایەتی دەرکەوتن، کە پرسی سەرەکییان بریتی بوو لەوەی ڕۆڵی ئیسلام وەک پەیام و وەک لێکەوتە و پیادەکاریی چییە لەم بیابانە وشکەی خراپ بەڕێوەبردن و پەتا کۆمەڵایەتییانە؟ ئایا دەبێت ئیسلام چ ڕۆڵێکی پێبدرێت و چی لێبسەنرێتەوە و چۆن بەکاربهێنرێتەوە؟

لە وەرچەرخانی هاوچەرخانەی بەکارهێنای ئاییندا، جۆرێکی دیکەی بەکارهێنان خودی ڕەوت و کەسیایەتیە ئایینییەکان بوون لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا کە ئایینیان بەکارهێنایەوە بۆ هاندان و کردنی ئیسلام بە بەشێک لە جوڵانەوە ڕزگارییخوازەکە و ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتە تازە دامەزرێنراوەکانی دنیای ئیسلام، کە وڵاتانی کۆڵۆنیالیزمی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و …تاد هێنابوونیانە کایەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدابوو، کە ئیسلام و میراتەکەی بەشی ئەوەی تێدا نەبوو کە ئۆپۆزسیۆن بە مانا هاوچەرخەکەی بە بێ گەڕانەوە بۆ ئیستیعارەکردنی دنیای چەپ و ڕاستی نائیسلامی ئەو ڕەوتە دابمەزرێت و ئۆرگانیزە بکرێت. بۆیە ڕەوتی نوێی ئیسلامی و بەکارهێنانی دین بە چەمک و دنیابینیی چەپ و هەندێجار ڕاستی نەتەوەیی (کە هەردوو دەرکەوتەی دنیای تازەی سیاسەت و دەوڵەتداریی مۆدێرن بوون) گروپ و جووڵانەوەی تازەیان ڕێکخست، بەڵام بە فۆڕمی ئایینی و بە پەیکەربەندی و کڕۆکی شۆڕشگێڕانە (چەپ و مارکسیزم) و یاخیبوونەوە بەرامبەر دەوڵەت و سیاسییە نێوخۆییەکان، کە باوەڕیان وابوو ئەمانە لە ڕاستەڕێی ئایین و کۆمەڵگە لایانداوە، بەمجۆرە جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی تازەی سیاسی هاتەکایەوە کە بەرامبەر دەوڵەت هەڵگەڕایەوە، ئەم دەرکەوتەیە بەتایبەت بۆ دنیای سوننەمەزهەب نوێ بوو.کە ئایین جۆرێکی دیکە بەکارهاتەوە.

ڕەنگە پرسیارێک بێتەپێشەوە و بوترێت ئەی لە میراتی ئیسلامییدا ئەو هەموو بزووتنەوە هەڵگەڕاوە و “شۆڕشگێڕانە” بەڕووی دەسەڵاتدا مەگەر چیبوون؟ ئایا ئەوە بەکارهێنانی سیاسییانەی ئایین نییە؟ ڕاستییەکەی گەر وردبینەوە هیچ یەک لەوانە وەک ئۆپۆزسیۆن بە واتا هاوچەرخەکەی ئەمڕۆ نەهاتوون و هەموویان لە هەناوی پەیامە ئایینی و باوەکانی خۆیانەوە هەڵقوڵاون، چەند خاڵ جیاکەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هاوچەرخ و بزووتنەوە یاخییەکانی پێشووی دنیای ئیسلامە:

  • ئۆپۆزسیۆن دەبێت لەنێو سیستەم و شیرازەی سیاسییدا ڕۆڵبگێڕێت و کارابێت، نەک هەڵیبگێڕتەوە، بەڵام ئەو بزوتنەوانە چ لای دەسەڵاتی ئیسلامی و چ لای خۆشیان و دەقە مێژووییە هاوسەردەمەکانیان وەک بزووتنەوەی “یاخی” ناسێنراون. هەر بزووتنەوەیەک گرووپی بێت، یان ئۆرگانیزە کرابێت و سیاسی و دژە حکومەتەکان بووبێت گەر بێچەکیش بووبێت ئەوا بە یاخی دراوەتە قەڵەم و کار بۆ لەنێوبردنی کراوە.
  • بۆ مەسەلەی شۆڕشگێڕی و هەڵگەڕانەوەی چەکداری و بەدیلی دەسەڵاتیش تەنانەت تا جەنگی یەکەمی جیهانی، هەموو بزووتنەوە هەڵگەڕاوە سیاسییەکان بە خەواریج لانی زۆر (گەر خاتریان گیرابێت) هەر لە دەقە مێژووییە ئیسلامییەکاندا هەر پێیان وتراوە خروج-یان کردووە، واتە دەرچوون لە سکە و ڕاستەڕێ، تەنانەت ئەمە بۆ هەڵگەڕانەوەی حسەینی کوڕی عەلی-یش بەکارهاتووە. چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕ و کودەتاچی سەرجەم بەرهەمی هزری چەپ و بزووتنەوە نەتەوەییە ڕزگاریخوازەکانن. وەک نێوەڕۆک و فۆڕم بەرهەمی خودی دنیای ئیسلام نین و بەکارهێنراونەتەوە و میراتی ڕابردوو نەک تەئصیلی بۆ نەکردوون، بگرە وەک ئاشوب و نەرێنی وەسفکراون.
  • سەبارەت بە جۆری بەکارهێنانی ئیسلام، تا ئەو کاتەی حکومەت خۆماڵی بووە و جوگرافیای دەوڵەتە زۆرینە موسڵمانەکان بەر شاڵاوی داگیرکاریی دەرەکی و کۆڵۆنیالیزم نەکەوتبوون، کەسایەتیی دینی و سیاسیی دنیای ئیسلام، ئیسلامیان لەسەر ئاستی هەڕەمە باڵاکە لە سیاسەتدا بەکارهێناوە و وەک سەردەمی هاوچەرخ گرووپی سیاسیی نەیاریان لێپێکنەهێناوە بە ڕێچکەی چەکداری، یان ئۆپۆزسیۆنی دژەسیستەم و دەوڵەت، کە بیانەوێت حکومەت بگۆڕن، یان دژبەری بکەن، بەڵکو موسڵیحە موسڵمانەکان و زانایان و بگرە سیاسەتوانەکانیش وەک “ناصح امین” و ئیرشادکەر ڕاستەوخۆ بەردەنگیان لوتکەی دەسەڵات و دەربار و والییەکان بوون (وەک جەمالەدین ئەفغانی)، نەک ئەوەی خەڵک کۆبکەنەوە و ئامادەی بکەن بۆ “شۆڕش”، گەر ئەمە کرابێت ئەوا وەک مونحەریف، یان خروجکردن و خەواریج لەقەڵەمدراون.
  • زۆرێک لە گێڕانەوە هاوچەرخەکانیش بۆ پاڵەوانە جیاوازەکان لە سەدەی بیستەمدا بە جۆرێک وێناکراونەتەوە گوایە ئەمانە “شۆڕشگێڕ” و “ئۆپۆزسیۆن” و “دژەدەوڵەت” بوون، لەوانە ئەبوزەڕی غەفاری، حسەینی کوڕی عەلی، ئەبوموسلیمی خۆراسانی، سەڵاحەدینی ئەیوبی و تاد. ڕاستییەکەی ئەمانە کە ئێستا وەک چەپی نێومیراتی ئیسلامی لەقەڵەمدەدرێن، لە بنچینەدا هەر بەشێکی سیستەمەکە بوون و بە وەرگرتنەوەی مێژووی وردیی بابەتیانەیان، بە ئەنجامگەلی پێچەوانەی وێنا شۆڕشگێڕییەکەیان دەستدەخرێتەوە، کە لێرەدا بوار نییە یەک یەک ئەو ڕووداوانە دووبارە بهێنرێنەوە گۆ. بەڵام هەر بۆ نموونە صەڵاحەدین کە وا وێنادەکرێت دژە سیستەم و شۆڕشگێڕ بووە و تەنانەت چێ گیڤارا سەردانی گۆڕەکەی کردووە! ئەمە وێنای چەپ و ئیسلامیزمی نوێیە و بەکارهێنانی تازەیە بۆ صەڵاحەدین، نەک وێنەی ڕاستەقینەی صەڵاحەدین، چونکە ئەو دژی دەوڵەتی ئیسلامی خۆماڵی (بەغدا و قاهیرە) نەجەنگا و بگرە (وەک هاوکاری و تەواوکاریی ئەرکی ئەوان) دژی داگیرکاریی خاچدروشمە مەسیحییەکان لە قودس جەنگا، نەک ئەوەی وەک شۆڕشگێڕێکی ئۆپۆزسیۆن هەڵگەڕابێتەوە، ئەم خواستنە لە وێناکردنەوە و بەکارهێنانەوەی صەڵاحەدین، خواستنەوەیەکی چەپڕەوانە بوو، کارکردن بوو لە وەبەرهێنانەوەی سیمبولە مێژووییەکان لە میانەی تازەدا، هەروەک چۆن گەلگامێش و سپارتاکۆس و ئەبوزەڕ ئاوا وێناکراونەوە. پاشتریش بزووتنەوە ئیسلامییەکان زیاتر لە چەپەکان هەر بەو تەفسیرە چەپییانە خاوەندارێتی زیاتریان کرد، لەکاتێکدا وێنە گشتی و کەتوارییەکە ئەمە نییە.

ئەمانە سەرجەم ئەو پێدراوانەن دەکرێت بەکارهێنانەوەی ئایین بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو کایە گشتییە کە تێیدا ئایین لەبری ئەوەی دنەی ئامادەسازیی جەماوەری بۆ شۆڕش و گرووپێک و جەمسەرێکی کۆمەڵگە بدات، هی هەمووان بێت و جارێکی دیکە وەک ناصحون ئەمین و نەصیحەت و ئیرشاد خۆی بنوێنێتەوە.

Send this to a friend