پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان “تورکیای بێتیرۆر”و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا
دڵدار باجاری | ئەحمەد سیروانی
پوختە
ئەو بانگەوازەی دەوڵەت باخچەلی بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی پەکەکەو چەکدانانی خستیەڕوو، سەرەتای پڕۆژەی تورکیای بێتیرۆر (Terörsüz Türkiye) بوو، کە لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان خستیەبەر باس.ئەگەر ئامانجی تورکیاو ئەردۆغان لە پڕۆژەی “تورکیای بێتیرۆر”، هێنانەکایەی وڵاتێکی بەهێزترو خاوەن قسەی زیاتر بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو جیهاندا لە سەدەی دووەمی کۆماردا، لە هەمان کاتدا دابینکردنی خۆشگوزەرانییەک بۆ هاوڵاتیانی تورکیا کە قەیرانی ئابووریی چەند ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەیان لەبیربباتەوەو جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی پەرلەمانی بدەنەوە بە هاوپەیمانیی کۆماری (ئاکپارتیو مەهەپە)و ڕەنگە دەمپارتیشی بۆ زیادببێتو کورسیی سەرۆککۆماریش هەر بە شایستەی ئەردۆغان ببینن، ئەوا بێگومان خواستو داواکاریی کورد جگە لە فەراهەمکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ناسنامە، زمانی دایک، خوێندنو گەشەپێدانی کولتووری لە ناوخۆی باکووری کوردستانو تورکیادا، لە هەمان کاتدا داواکاریی کورد بۆ مامەڵەیەکی نەرمو دۆستانەی ئەنقەرە لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانو بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت.
لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ خستنەڕووی قۆناغەکانی دەستپێکردنو بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، تیشکخراوەتەسەر پڕۆسەکە لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی “تورکیای بێ تیرۆر”و خواستو داواکارییەکانی کوردو پەکەکە لە بەرانبەر خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبەو دەستبەرداربوون لە خەباتی چەکداری. هەروەها شیکارییەک بۆ ڕاگەیەنراوەکەی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خراوەتەڕوو.
قۆناغەکانی “تورکیای بێتیرۆر”
بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێویستە ئاگاداری ئەو هەنگاوانە بین، کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی تورکیا، پەکەکەو لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو هێزەوە نراون بە ئاڕاستەی پڕۆسەی ئاشتیو چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا(١). ڕۆژی (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، لە مەڕاسیمی کردنەوەی وەرزی نوێی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە گوتارێکیدا باسی لە دۆخی ئاڵۆزو جەنگاویی جیهانو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردو ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنیو سەربازییەکانی سەر تورکیا کرد(٢). دوای کۆبوونەوەکە، دەوڵەت باخچەلی (Devlet Bahçeli)؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، خۆی گەیاندە هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) (DEM Parti) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi)و تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکو چەند پەرلەمانتارێکی ئەو پارتەدا کرد(٣). ڕۆژی سێشەممە؛ (٢٢)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، باخچەلی لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی تایبەتی فراکسیۆنی مەهەپە(٤)، لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: “سەرکردەی تیرۆریستان با بێتە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی تایبەتیی فراکسیۆنی دەمپارتی هەڵوەشانەوەی گرووپی تیرۆریستی ڕابگەیەنێت، هاواربکات، کە تیرۆر کۆتاییهاتووە. پاشان چەند دەکرێت سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت”. لەم پەیامەیدا باخچەلی دەیەوێت بڵێت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، با بێتە پەرلەمانی تورکیاو لە کۆبوونەوەی تایبەتیی دەمپارتیدا دان بە شکستی تەواوی پەکەکەدا بنێتو هاواربکات، کە ئەم “گرووپە تیرۆریستییە” کۆتاییهاتووە. لە بەرانبەردا بە گوێرەی بڕگەی (٢) لە ماددەی (١٠٧)ی یاسای جێبەجێکردنی سزاکان (İnfaz Kanunu)، ژمارە (٥٢٧٥)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی تورکیا، ئۆجەلان دەتوانێت سوود لەو مافە وەربگرێت، کە باس لەوە دەکات، کە “هەر کەسێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسی بە سەردا دەسەپێنرێت، دوای تەواوبوونی (٢٤) ساڵ یاخوس (٣٠) ساڵ لە زیندانیکردنی، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکات بۆ پێداچوونەوەی دادگا بە دۆسیەکەیداو دەرکردنی بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار بۆی”(٥). بەم جۆرە ئۆجەلان دەرگای ئازادبوونی مەرجدار (دەستبەسەرکردنی لە ماڵێکدا)و تەنانەت ئازادبوونی یەکجارەکیی بە ڕوودا بکرێتەوە.
سەرەڕای ئامادەیی ئۆجەلانو دەمپارتی، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی نەکرا، هەر بۆیە ڕۆژی سێشەممە؛ (٢٦)ی تشرینی دووەمی (٢٠٢٤)، دەوڵەت باخچەلی لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لەو بانگەشەیەی پێشووی بۆ هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان پاشگەزبووەوەو ڕایگەیاند: “با هاوسەرۆکانی دەمپارتی سەردانی ئۆجەلان بکەن لە زیندان”(٦).تونجار باکرهانو تولای هاتیم ئۆغڵو؛ هاوسەرۆکانی دەمپارتی، چەند کاژێرێک دوای بانگەشەکەی باخچەلی خۆیان گەیاندە وەزارەتی دادی تورکیاو داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئۆجەلاندا پێشکەشکرد(٧). جگە لە هاوسەرۆکان، زۆرینەی سەرکردایەتییەکانی دەمپارتیو پەرلەمانتارو کەسایەتییەکانی ئەو حیزبە داواکارییان بۆ چاوپێکەوتنی ئەردۆغان پێشکەشکرد، دواجار لە (٢٨)ی کانوونی یەکەمی (٢٠٢٤)، هەریەک لە سری سورەییان ئۆندەر (Sırrı Süreyya Önder)و پەروین بوڵدان (Pervin Buldan) سەردانی ئیمراڵییان کردو گفتوگۆیەکی سێ کاژێرییان لەگەڵ ئۆجەلاندا ئەنجامدا(٨). ئۆندەرو بوڵدان دوو پەرلەمانتاری کاریگەری دەمپارتینو لە گفتوگۆکانی ئاشتیی ساڵی (٢٠١٢-٢٠١٥)دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.ڕۆژی (٢٩)ی کانوونی یەکەمی (٢٠٢٤) وەفدەکە پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە. لەو پەیامەیدا ئۆجەلان جەختیکردەوە لە “بەهێزکردنی برایەتیی تورکو کورد، دەستبەرداربوونی هێزە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی حیزبیو کەسی، ڕۆڵی کاریگەری پەرلەمان، دوورکەوتنەوە لە چارەسەری دەرەکیو پشتبەستن بە چارەسەری ناوخۆیی بۆ کێشەی کورد، پشتیوانی لە هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی، دیموکراسیو برایەتی(٩)”.
لە سەرەتای ساڵی نوێی (٢٠٢٥)، وەفدی دەمپارتی/ ئیمراڵی زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرکردەی سەرجەم حیزبە سیاسییەکان کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا خاوەن پەرلەمانتارن، سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەو ژمارەیەک سەرکردەی زیندانیکراوی کورد کرد. هەرچەندە وەفدەکەی ئیمراڵی لە ئاستی سەرۆکی حیزبدا لەلایەن ئەو پارتانەی کە سەردانەکەیان پەسەندکرد، پێشوازییانلێکرا، بەڵام ئەردۆغان وەک سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازییلێنەکردنو کۆبوونەوەی حیزبەکەیو وەفدی ئیمراڵیی بە فوئاد ئۆکتای جێگری سپارد. لە لایەکی دیکەیشەوە، وەفدی ئیمراڵی ئامادەنەبوو سەردانی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) بکات، کە وەک حیزبێکی ئیسلامیی کوردی لە تورکیا چالاکیی هەیەو خاوەنی (٤) کورسییە لە پەرلەمانی تورکیا.لە (٢٢)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥) وەفدی دەمپارتی سەردانی ئیمراڵی کردەوەو پەیامی لایەنە سیاسییەکانی تورکیای بە ئۆجەلان گەیاند(١٠)، لە هەمان کاتدا دیدو تێڕوانینی ئۆجەلانی لە بارەی هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی تورکیاوە وەرگرت، هەر لەو دانیشتنەدا ئۆجەلان پێشنیازی سەردانی وەفدی دەمپارتی/ ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق خستەڕوو. لە کۆتا سەردانیدا وەفدی ئیمراڵی لە (١٦-١٩)ی شوباتی ئەمساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی هەرێم، مەسروور بارزانی؛ سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆکی حکومەت، مەسعوود بارزانی؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو بافڵ تاڵەبانی؛ سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دیداری ئەنجامدا. لەو دیدارانەدا وەفدی ئیمراڵی پەیامی ئۆجەلانی بە هەریەک لەو بەرپرسانە گەیاندو لە هەمان کاتدا سەرنجو پەیامی بەرپرسە دەوڵەتیو حیزبییەکانی هەرێمیشی لە بارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیاو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی وەرگرت(١١). وەفدەکەی ئیمراڵی لە پەراوێزی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان چاویان بە سەڵاحەدین بەهائەدین؛ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کەوت، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاونەکرایەوە.بە گوێرەی زانیارییەکان، پەیامەکانی ئۆجەلان لە ڕێگەی نامەوە گەیەنراوەتە قەندیلو ڕۆژئاوای کوردستانیش. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکانی ئەو دوو لایەنەیش پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتیو هەر بانگەشەیەک دەکەن، کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ڕابگەیەنرێت. تەنانەت پێشبینیدەکرێت لە ئایندەدا کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بهێنرێنەناو پڕۆسەکەوە(١٢).ڕۆژی (٢٧)ی شوباتی (٢٠٢٥) وەفدی دەمپارتی/ ئیمراڵی جارێکی دیکە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کردەوە، لەو سەردانەدا وەفدەکە پەیامێکی گرنگی ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە. ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا(١٣) کە ڕۆژی (٢٧)ی شوباتی (٢٠٢٥) لە ئەستەنبوڵ لەلایەن سری سورەییا ئۆندەر، ئەحمەد تورکو پەروین بوڵدانەوە ڕاگەیەنرا، داوای “چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە”ی کرد. ئۆجەلان لە دووتوێی لاپەڕەو نیوێکدا بە پوختی سەربردەی دامەزراندنی پەکەکەو قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیو پێویستیی کۆتاییهێنانی بە حیزبەکەی خستووەتەڕوو.ڕۆژی (٢٨)ی شوبات، پەکەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا پابەندیی خۆی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان ڕاگەیاندو بڕیاری “ئاگربەستی” بڵاوکردەوە(١٤). ڕۆژی (١٠)ی نیسانی (٢٠٢٥) هەریەک لە پەروین بوڵدانو سری سورەییا ئۆندەر وەک ئەندامانی وەفدی دەمپارتی/ ئیمراڵی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیایان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئبیراهیم کاڵن؛ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت)و ئێفکان ئالا؛ جێگری سەرۆکی ئاکپارتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی نوێی ئاشتییەوە کرا(١٥). گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە لەوەدا بوو، کە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ پشتیوانیی سەرۆککۆمار لە پڕۆسەکە، بە جۆرێک هیچ قسەیەک نەمایەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پێیانوابوو ئەردۆغان ئاگاداری پڕۆسەکە نییە، یاخود ڕازینەبووە لە سەر پڕۆسەکە.
ڕۆژی (٢٥)ی نیسانی (٢٠٢٥)، عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵییەوە نامەیەکی (١٢) هەزار وشەیی ناردەوە بۆ کۆنگرەی پەکەکە. لەو نامەیەدا ئۆجەلان بە وردی تێڕوانینی خۆی بۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی جیهانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیاو کوردستان خستووەتەڕوو. نامەکە پێکهاتووە لە چەند ناونیشانێکی “پێشەکی، سروشتو تێگەیشتن، سروشتی کۆمەڵایەتیو بەرپرسیاریەتی، ژینگەی کۆمەڵگەی هاوبەشو دەوڵەت لە مێژووی کۆمەڵگەدا، مۆدێرنیزم، ڕاستی/ دیفاکتۆی کوردو کوردستان، پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوە، تێڕوانین بۆ قۆناغی نوێ”(١٦).
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە (٥-٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) لە دوو ناوچەی جیاواز لە قەندیل کۆنگرەی دوازدەیەمی نائاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبەو ڕاگرتنی چالاکییە چەکدارییەکانو چەکدانان دراوەو جەخت لە بێبەریبوونی پەکەکە لە هەر چالاکییەکی چەکداری کراوەتەوە، بەڵام ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنگرەکە لە (١٢)ی هەمان مانگدا بڵاوکرایەوە(١٧). لەگەڵ ئەوەی ماوەیەک بۆ چەکدانان دیارینەکراوە، بەڵام هەوڵدەدرێت لە نزیکترین ماوەدا کە ڕەنگە هەتا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ بخایەنێت، بە گوێرەی زانیارییەکان گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان لە ناوچەکانی ئامێدیو كانیی ماسی لە دهۆك، كۆیە لە هەولێر، ڕانیەو سەیدسادق لە سلێمانی لە نزیک بنکەو بارەگاکانی خۆیان ڕادەستی تیمێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانو میتی تورکی دەکەن(١٨). سەرچاوەی دیکەیش باس لە ڕادەستکردنی چەکەکانی گەریلا بە لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنراو لە بەغدادو هەولێر دەکەن، کە نزیکەی سێ مانگی پێدەچێت، بە جۆرێک دوای وەرگرتنی چەکەکانو ڕاپۆرتکردنی تەواوی چەکو کەلوپەلە سەربازییە وەرگیراوەکان، ڕادەستی میتو حکومەتی تورکیا دەکرێت(١٩). لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی نائاسایی دوازدەیەمی پەکەکەیە، لە هەمان کاتدا کوردو بەرپرسانی قەندیلیش چاوەڕێی هەنگاوی سەرەتاییو کردەیی لە حکومەتی تورکیاو ئاکپارتی دەکەن بە ئاڕاستەی هەمواری دەستوورو فەراهەمکردنی خواستو مافەکانی کورد لەو دەستوورەدا، بۆ ئەو مەبەستەیش ئازادکردنی هەزاران زیندانی سیاسیو دەستبەسەرکراوی کورد وەک یەکەم هەنگاوی ئەو پڕۆسەیە دەزانرێت.لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا بەرپرسانی دەمپارتیو سیاسەتی کورد لە تورکیا بەگومانن لە هەنگاوەکانی دەوڵەت بۆ چارەسەری پرسی کوردو بەردەوام نیگەرانیی خۆیان دووپاتکردووەتەوە لە “چاوەڕێکردنی دەوڵەت بۆ پێشهاتەکانو هەنگاونانی پەکەکە بۆ جێبەجێکردنی بریاری خۆهەڵوەشاندنەوە بەبێ ئەوەی دەوڵەت خۆی بەرەوپێشچوون بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەی کورد بەدیبهێنێت(٢٠)”.کۆنگرەی هەڵوەشانەوەو ڕاگەیەنراوێکی پڕ لە ئاماژە
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە (٥-٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) لە دوو ناوچەی جیاواز کۆنگرەی دوازدەیەمی نائاسایی خۆی ئەنجامدا.لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبەو ڕاگرتنی چالاکییە چەکدارییەکانو چەکدانان دراوەو جەخت لە بێبەریبوونی پەکەکە لە هەر چالاکییەکی چەکداری کراوەتەوە(٢١).
ئەم کۆنگرەیە دوای زنجیرەیەک دانوستانی نهێنیو ئاشکرا کە سەرەتاکەی بۆ نیسانی (٢٠٢٤) دەگەڕێتەوەو ژمارەیەک بانگەوازو دیداری سیاسیی نێوان ئۆجەلانو وەفدی دەمپارتی/ئیمراڵیو زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی تورکیاو دواجار بانگەوازی ئۆجەلان لە (٢٧)ی شوباتی ئەمساڵ بۆ چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئەنجامدرا.هەرچەندە کۆنگرەی پەکەکە لە (٥-٧)ی ئایار سازکرا، بەڵام ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنگرەکە لە (١٢)ی هەمان مانگدا بڵاوکرایەوە، ئەمەیش بە گوێرەی زانیارییەکان لە لایەک بە هۆی ناکۆکیی سەرکردەو باڵە جیاوازەکانی پەکەکەوە لە سەر بڕیارەکانی کۆنگرەو داڕشتنەوەی ڕاگەیەنراوی کۆتایی، لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ناکۆکیی نێوان بەرپرسانی پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا لە سەر ناوەڕۆکی ڕاگەیەنراوەکەو بەکارهێنانی دەستەواژە ناڕوونو ئاماژە فرەواتاکان لە ڕاگەیەنراوەکەدا، لە لایەکی دیکەوە ئەنجامدانی کۆنگرە لە دوو شوێنو لە هەمان کاتدا جگە لە ڕێکاری ئەمنیو سەلامەتیی پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی ناو پەکەکە خۆیەوە هەبووە.ڕاگەیەنراوەکە پڕیەتی لە دەستەواژەی فرەواتاو ئاماژەیی بۆ بڕیاری چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە، ئایندەی پەکەکەو کورد لە تورکیاو چاوەڕوانییەکان لە حکومەتو دەوڵەت. هەر لە سەرەتای ڕاگەیەنراوەکەوە بانگەوازەکەی (٢٧)ی شوباتی ئۆجەلان بە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبراوە نەک بانگەوازەکەی باخچەلی لە (٢٢)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤). ئەمە جگە لەوەی جەختکردنەوە لە سەر “ئەنجامدانی کۆنگرەکە بە سەرکەوتوویی” وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزیی پەکەکە خراوەتەڕوو، “سەرەڕای هێرشی بەردەوامو گەمارۆکان”.هەرچەندە کۆنگرە بە ئامانجی پڕۆسەی ئاشتیو چارەسەری پرسی کورد لە تورکیاو سوریا کراوە، بەڵام لە ڕاگەیەنراوەکەدا جارێکی دیکە جەخت لە “ڕکابەریو دوژمنایەتی”ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەکەکە کراوەتەوە.پەکەکە پێیوایە ئەو خەباتەی کردوویەتی، بووەتە هۆی پارچەکردنی هەوڵەکانی لەناوبردنو نکوڵیکردن لە ناسنامەی کوردو کێشەی کوردی گەیاندووەتە ئاستێک لە ڕێگەی دانوستانو سیاسەتی دیموکراتییەوە چارەسەربکرێت، بۆیە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە “پێوسیتییەک بۆ مانەوەی پەکەکە نەماوە”.بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پەکەکە بە تەواوی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی نەداوە، بەڵکو بڕیاری “هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنەکانیو چالاکییە چەکدارییەکانی” داوەو بێبەریبوونی خۆی لە هەر چالاکییەکی چەکداری ڕاگەیاندووە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا بە ناڕاستەوخۆ باس لە خیانەتی دەوڵەتانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیهانیو مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکات، کە پەیماننامەی لۆزانیان واژووکردو پاشان ئەو دەستوورەی لە ساڵی (١٩٢١) بۆ کۆماری تورکیا نوسرایەوە، لە ساڵی (١٩٢٤) دەستکاریکراو ئەو مافانەی لە دەستووری (١٩٢١) بە کورد درابوو، لە هەموارەکەی (١٩٢٤) لابران، هەر بۆیە لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، کە “پەکەکە لە بەرانبەر پەیماننامەی لۆزانو دەستووری ساڵی (١٩٢٤)ی تورکیا دامەزراوەو لە پێناوی ئازادیو سەربەستیی گەلی کورد کاریکردووە”، هەر بۆیە لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە “لە ژێر سایەی کۆماری تورکیای دیموکراتیو گەڕانەوە بۆ دەستوورەکانی پێش (١٩٢٤)و پەیماننامەی لۆزانو بنەمای خاکی هاوبەشو نەتەوەی دیموکراتی، کێشەی کورد چارەسەردەکات”.هەروەک ئۆجەلان لە نامەیەکدا لە (٢٥)ی نیساندا بۆ کۆنگرەی پەکەکەی ناردووە، جەختیکردووەتەوە لە “کاریگەریی تەوژمی سۆشیالیزم لە دروستبوونی ئایدۆلۆژیای پەکەکەو دواتر شکستهێنانی ئەو تەوژمەو دەوڵەتی نەتەوەیی”، کە دواجار ئەو شێوەیە لە دەوڵەتیش “بووەتە ئامڕازێکی دەستی سیستەمی سەرمایەداری بۆ چەوساندنەوەی گەلان(٢٢)”، بە هەمان جۆر لە ڕاگەیەنراوی کۆنگرەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە پەکەکە “لە دروستبوونیدا کەوتەژێر کاریگەریی تەوژمی سۆشیالیزمو دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییو لەم پێناوەیشدا خەباتی چەکداریی وەک ڕێگەچارەو ڕێبازی ئازادیو ڕزگاری دەستپێداوە”.لەگەڵ ئەوەیشدا ڕاگەیەنراوی کۆنگرە جەختی لە سەر پێویستیو گرنگیی دروستبوونی پەکەکە کردووەتەوە، بە جۆرێک “ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە کاتێکدا شێوەی خۆیان گرت، کە سیاسەتی نکوڵیکردنی ڕەها لە کوردو بەتورکیکردن لە ڕێگەی کوشتوبڕو جینۆسایدو ڕێگریی سیاسی دەکرا. پەکەکە لە (١٩٧٨)ەوە هەوڵیداوە بۆ قبوڵکردنی بوونی کوردو جێگیرکردنی کێشەی کورد وەک دۆزی یەکەمی تورکیاو لەم هەنگاوەیشیدا سەرەڕای قوربانیی زۆر؛ بەڵام سەرکەوتوو بووەو دواجار پەکەکە بووەتە سیمبولی بەرخۆدانی کوردان”.ڕاگەیەنراوەکە یەکەم هەوڵی دەوڵەتی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتیو قبوڵکردنی کورد وەک نەتەوەو کێشەکەی وەک کێشەیەک لە تورکیا کە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە، بۆ سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ دەگێڕێتەوە، لە هەمان کاتدا سۆشیالیزمو دەوڵەتی قووڵ بە هۆکاری لەباربردنی ئەو هەوڵە دەزانێت. هەروەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە “خەباتی پەکەکە دواجار گەیشتە هەنگاوی سەرەتایی قەبوڵکردنو دەستپێشخەرییەکەی تورگوت ئۆزاڵ لە نەوەدەکانو وەڵامدانەوەی لەلایەن ئۆجەلانەوە لە (١٩٩٣) لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تەوژمی باوی سۆسیالیزمو بەچەتەکردنی گەریلاو پاکتاوکردنی ئۆزالو تیمەکەی لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە هەوڵەکەی لەباربرد”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەستەواژەی “دەستپێکردنەوەی شەڕو لەناوبردنی کورد ژمارەو توانای گەریلای زیاترکرد”. بەرپرسانی پەکەکە دەیانەوێت پێمانبڵێن: چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە بە واتای لاوازبوون نایەت، بەڵکو پەیوەندیی گوشارەکانو گەریلا لە ڕوانگەی ژمارەوە ڕاستەوانەیە، بەو واتایەی لەو کاتو شوێنەی گوشارەکان بۆ سەر گەریلا زیاترببێت، ژمارەی گەریلایش زیاتردەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە ئەگەر تاوەکو سەرەتای سەدەی بیستویەکەم ڕاست بووبێت، ئەوا لە چارەکی دووەمی هەمان سەدەدا کارکردن بەو تێڕوانینە بریتییە لە خۆڵکردنەچاوی خەڵک، ئەمەیش بە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئامرازەکانی پەیوەندیو ئاگاداربوونی خەڵکی لە دۆخی ناوخۆی پەکەکە، ئەمە جگە لە گەشەی بەردەوامو بەهێزبوونی سیستەمی بەرگریو سەربازیی تورکیا، کە بووەتە هۆی تەنگپێهەڵچنینی گەریلا لە ناوچەیەکی شاخاویی سەختی دوورەدەستی ئاوەدانیو سنوورەکانی تورکیا.لە ڕاگەیەنراوەکەدا پەکەکە سیستەمی پیاوسالاریی کۆمەڵگەی یەکسانکردووە بە سیستەمی فەرمانڕەوایی دەوڵەتو ناوەندگەرایی، بە جۆرێک بەرپرسانی پەکەکە تێڕوانینی خۆیان بۆ دەوڵەتو کۆمەڵگەو تا ڕادەیەک خێزانیش لە ڕێگەی دەستەواژەیەکەوە پێدەڵێن، کە بریتییە لە جەختکردنەوە لە “دژایەتیی بیری پیاوسالاریو دەوڵەتداریو پشتیوانی لە بیری فێمینیزمو دیموکراتیو سیستەمی لامەرکەزی”، هەر بۆیە داوایکردووە سەرکردایەتیی کۆمەڵگە بدرێتەدەست گەنجانو ژنان، “هەر لە ئێستاوە دەستبەکارببن بۆ کاری ڕێکخراوەییو بەرگری لە مافو دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان”و گەشەپێدانی دیموکراسیەتی کوردی. ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیی کوردی لە بەرانبەر کۆمەڵگە یاخود دەوڵەتی دیموکراتیی تورکی.لەگەڵ ئەوەی لە دەقی تورکیی ڕاگەیەنراوەکەدا دەستەواژەی یاخیبوون (İsyan) بۆ شۆڕشەکانی کورد لە سەد ساڵی تورکیادا بەکارهێنراوە، لە هەمان کاتدا پەکەکە پێیوایە، بە ڕەچاوکردنی دۆخو دەرئەنجامی ئەو شۆڕشانەو پەیوەندیی هەزار ساڵەی کوردو تورکو (٥٢) ساڵ خەباتو بەرخۆدانی چەکداری دەریخستووە، کە کێشەی کورد لە سایەی خاکی هاوبەشو یەکسانی لە مافی هاوڵاتبوون دەستەبەردەبێت”، هەر بۆیە پەکەکە پێیوایە، کە “لە جەنگی سێیەمی جیهانیو دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیی کوردو تورک ڕاستییەکە، کە کەس ناتوانێت لێیڕابکات”. هەر ئەم ڕستەیە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ دووبارەداڕشتنەوەی بەرنامەو سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەیش دەرئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسی، سەربازی، وزەیی، ئابووریو بازرگانییەکانی ناوچەکەیە.لەگەڵ بانگەواز بۆ پشتیوانیو زەمینەسازیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە، پەکەکە داوای لە حکومەتو پارتە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانیش کردووە، کە پشتیوانی لە “پڕۆسەی ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتی” بکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسیاریەتیی گەورەو مێژوویی خستووەتەئەستۆی پەرلەمانی تورکیاو بە ناوە سەرەکییەکەی خۆی؛ ئەنجومەنی مەزنی نیشتیمانیی تورکیا، ناویبردووە.لە ڕاگەیەنراوەکەدا بە ناڕاستەوخۆ داوا لە دەوڵەتە زلهێزەکان دەکات، کە نەبنە ڕێگر لە پڕۆسەکە، ئەمەیش لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی کوشتوبڕی کورد، هەر بۆیە داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە “بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە بەرانبەر سیاسەتی کوشتوبڕی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاوبگرنو نەبنە ڕێگر لە بەردەم چارەسەری دیموکراتی”.لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا باس لە قۆناغی کۆمەڵگەی سۆشیالیزمی دیموکراتی (Demokratik Toplum Sosyalizmi)و بزوتنەوەی دیموکراسیی جیهانی (küresel demokrasi hareketi) کراوە، کە دەبێتە هۆی هاتنەکایەی کۆمەڵگەی یەکسانو دیموکرات لە جیهاندا، ئەمەیش لە سایەی “پڕۆسەی ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتیو خەباتی سۆشیالیزمی (Barış ve Demokratik Toplum süreci ve sosyalizm mücadelesi) دێتەدی.لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا چەند دەستەواژەو دروشمێک بەکارهێنراوە، کە مایەی هەڵوێستەلەسەرکردنە، یەکێک لەوانە دەستەواژەی “بژی برایەتیی گەلانی تورکو کوردو سەربەخۆیی تەواوی تورکیا (Yaşasın Türk ve Kürt Halklarının Kardeşliği ve Tam Bağımsız Türkiye!)یە، کە وەک دروشمی هێزە چەپەکان پێشنیارکراوە.
دروشمێکی دیکە بریتییە لە “دۆڕانی دەوڵەتی نەتەوەیی سۆشیالیزمی، سەرکەوتنی کۆمەڵگەی دیموکراتیی سۆشیالیزمی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت”، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم دروشمەوە پەکەکە لە لایەکەوە دەیەوێت پاساو بۆ دۆڕانی ئەو ئایدۆلۆژیایە بهێنێتەوە، کە نزیکەی (٤٠) ساڵە پشتیپێدەبەستێت، لە لایەکی دیکەیشەوە ئاماژە بە قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسیو مەدەنی دەکات، کە ئامانجەکەی بریتییە لە هێنانەکایەی “کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیو سۆشیالیزمی”، واتە تێکەڵەیەک لە ئایدۆلۆژیای دیموکراتی-سەرمایەداریی بلۆکی ڕۆژئاواو سۆشیالیزمی بلۆکی ڕۆژهەڵات.
کۆتا دروشمی ڕاگەیەنراوەکە بریتییە لە یەکسانکردنی سۆشیالیزم بە مرۆڤایەتی، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “جەختکردنەوە لە مرۆڤایەتیبوون، جەختکردنەوەیە لە سۆشیالیزم”. ئەمەیش ئەو واتایە دەدات، کە سەرەڕای دانپێدانانی خودی ئۆجەلانو بەرپرسانی دیکەی پەکەکەیش بە شکستی بیری سۆشیالیزم، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان ڕزگاربکەن لەو ئایدۆلۆژیایەو بە تایبەتیش لە بەکارهێنانی کۆتا ڕستەی ڕاگەیەنراوەکەدا (بژی سەرۆک ئاپۆ)، سەلماندوویانە هێشتا لە سەر بیری سۆشیالیزم دەڕۆنو وەک هەر حیزبێکی دیکەی کوردی، پەکەکەیش ڕزگاری نەبووە لە کەسو سەرکردە_پەرستی.
خواستی دەوڵەتو مەرجەکانی کورد
ئەوەی ڕودەدات لە ژێر ناوی “پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشەی کورد، تورکیای بێتیرۆر، پڕۆسەی بەدیموکراتیبوونی تورکیا”، هەمووی لە پێناوی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک خواستو مافی نەتەوەی کوردو دەوڵەتی تورکیادایە. ئەگەر خواستی دەوڵەت بریتی بێت لە کۆتاییهاتنی پەکەکەو بەدیهاتنی تورکیایەکی بەهێز بەبێ تیرۆر لە ناوخۆی وڵاتو سنوورەکانی دەرەوەیداو نەمانی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە، ئەوا خواستی کورد بریتییە لە ناسینی وەک نەتەوە لە تورکیاو پێدانی مافە سیاسی، کولتووری، زمانیو کارگێڕییەکان لە بەڕێوەبردنی ناوچە خۆجێییەکانو جێبەجێکردنی جۆرێک لە لامەرکەزیەت لە شارە کوردییەکانی تورکیادا.
هەرچەندە لە پەیامەکەی (٢٧)ی شوباتی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکەو نامەکەی (٢٥)ی نیسانی ناوبراو بۆ کۆنگرەی حیزبەکەیو ڕاگەیەنراوی (١٢)ی ئایاری کۆنگرەی چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە جەختکراوەتەوە لە بەدیهاتنی بەشێک لە خواستو مافەکانی کورد، بە تایبەت ئەوانەی کە ئەو حیزبە خەباتی لە پێناوی بەدیهاتنیدا کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەم کوردو پەکەکە چاوەڕێی بەدیهاتنی کۆمەڵێک خواستو مافی دیکەن، بە تایبەت پەیوەست بە ناسنامە، زمانی دایک، سیاسەتی مەدەنی، کولتوورو خۆبەڕێوەبەرییەکی سنووردار. لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانی تورکیاو چاودێرانی ناوخۆییو نێودەوڵەتیو بەشێک لە بەرپرسانی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنیش پێشبینیی هاتنەکایەی بەشێک لەو مافانە دەکەن. ئەمەیش لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو هەوڵەکانی تورکیا بۆ ڕابەرایەتیکردنی ناوچەکەو بوون بە هێزێکی باڵادەستو قسەڕۆیشتوو لە ناوچەکەداو لە هەمان کاتدا لێدوانو هەنگاوەکانی بەرپرسانی باڵای تورکیا، بە تایبەت خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو دەوڵەت باخچەلی. داواکاریی ئۆجەلانیش بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مەسعوود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵوم عەبدیو قوباد تاڵەبانیدا(٢٣)، بە ئەگەری زۆرەوە جگە لە باسی پڕۆسەی ئاشتی، بۆ قسەکردنە لە سەر ڕۆڵی تورکیاو ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانی لە کورد، بە جۆرێک پێگەی تورکیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتربکاتو مەیلی کوردەکان بە لای ئێرانو وڵاتانی عەرەبو کەنداو کەمتربکاتەوە.هەروەها هەم ئۆجەلانو هەم قەندیلو دەمپارتییش پێیانوایە، کە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە دانوستانو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد هەیە لەلایەن دەوڵەتەوە، لە گرنگترین داواکارییەکانیش سەربەستیی ئۆجەلان (ئەگەر مەرجداریش بێت)، پێدانی ناسنامەیەکی دیاریکراو بە کوردو خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها دەرکردنی لێبوردنێکی گشتی، کە گەریلاکانی پەکەکە بگرێتەوەو بتوانن بگەڕێنەوەناو ماڵوحاڵی خۆیان. بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ژمارەی ئەو کەسانە نزیکەی (٧) هەزارو (٥٠٠) کەس دەبن(٢٤)، ئەمە جگە لەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانو مانەوەی کانتۆنەکان بە هێڵی سوور ناوزەددەکەن.هەرچەندە دامەزراوە دەوڵەتیو حیزبییەکانی دەسەڵات بەردەوام جەخت لە سەر نەبوونی هیچ مامەڵەو دانوستانێک لە نێوان دەوڵەتو ئۆجەلانو پەکەکەدا دەکەنەوە سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی ئەو حیزبە لە بەرانبەر هەمواری دەستوورو دانپێدانان بە مافی ناسنامە، زمانی دایکو خۆبەڕێوەبرییەکی سنووردار بۆ کوردەکان. هەروەک ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی زانیاریی ساختە (Dezenformasyonla Mücadele Merkezi)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا لە (٢)ی ئاداری (٢٠٢٥)، هەموو ئەو لێدوانو زانیارییانەی سەبارەت بە “ڕێککەوتنی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەت بۆ گۆڕانکاریی دەستووری لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا” ڕەتکردووەتەوە(٢٥).هەریەک لە باخچەلیو ئەردۆغانیش چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دانوستان لە نێوان دەوڵەتو ئیمراڵی یاخود قەندیلدا نییەو پڕۆسەکە تەنها بریتییە لە داواکاریی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی لە چوارچێوەی بانگەشەکانی “تورکیای بێتیرۆر (Terörsüz Türkiye)دا(٢٦)”.هەروەک لە دەستپێشخەرییەکەیشیدا دەوڵەت باخچەلی داوایکردبوو “ئۆجەلان بێتە پەرلەمانو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەمپارتی بانگەشەی کۆتاییهاتنی تیرۆرو هەڵوەشانەوەی پەکەکە بکات.” لەم پەیامەوە دەردەکەوێت دەوڵەت خۆی زۆر لەوە بەهێزتر نیشاندەدات، کە بکەوێتە دانوستانو پەکەکە وەک هێزێک لە بەرانبەری خۆیدا دابنێت. هەروەک بەرپرسانی هەواڵگری، ئەمنیو سەربازیی تورکیایش جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لە سایەی هێرشی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانو هەماهەنگیی هەواڵگری لە نێوان ئەنقەرە، هەولێرو بەغداددا توانای بەرگریی پەکەکە لاوازبووەو نەک لە شارەکانی باکوورو باشووری کوردستان، بەڵکو لە قەندیلیش ناتوانن لە ئەشکەوتو پەناگەکانیان بێنەدەرەوە.
لەگەڵ ئەمانەیشدا هەوڵەکانی ئاکپارتیو خودی ئەردۆغان بۆ نوسینەوەی دەستووری نوێ (Yeni Anayas) ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەروەها ڕیفۆرمی سیستەمی لامەرکەزی (Yerel Yönetim Reformu)و گۆڕانکاریی فراوان لە یاسای جێبەجێکردنی دادوەری (İnfaz Yasasında Kapsamlı Değişiklik) گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکانی بەرپرسانو پسپۆڕانی بواری یاساو دستووریی سەر بە ئاکپارتیو وەزارەتی دادی تورکیا دەبن، بە درێژایی پشووی هاوین(٢٧).
جەختکردنەوەی بەردەوامی ئەردۆغان لە سەر ڕیفۆرمی بەڕێوەبردنی خۆجێییو سیستەمی لامەرکەزی گەیشتووەتە ئاستێک لە وتارەکانی لە کاتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کردووە، کە سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەندیو چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئەنقەرەو وەزارەتەکاندا لەگەڵ ئەوەی گرفتی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەو کاری خزمەتگوزاری دروستکردووە، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی زۆری ناپێویستی لە سەر وەزارەتەکانو دەسەڵاتی ناوەندی داناوە(٢٨)، هەر بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت لە ڕێگەی ڕیفۆرمی سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەندییەوە جۆرێک لە لامەرکەزیەت، بە تایبەت بۆ ناوچە کوردییەکان فەراهەمبکات.جگە لەمانەیش باس لە پاکێجی دەیەمی دادوەری (Onuncu Yargı Paketi) دەکرێت، کە لەلایەن فراکسیۆنی ئاکپارتیو مەهەپەوە ئیشی لە سەر دەکرێتو ئێستا لە بەردەستی لیژنەی دادوەریی پەرلەماندایە(٢٩).هەرچەندە دوای هەموارکردنەوەی کۆمەڵێک ماددەو بڕگەی یاساکە، پاکێجی نۆیەمی دادوەری لە (١٤)ی تشرینی دووەمی (٢٠٢٤) لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە(٣٠)و هەتا ڕادەیەک دەسەڵاتی دادوەری بۆ لێکۆڵینەوە، دەستبەسەرکردنو تەنانەت سزادانی تۆمەتباران زیاترکرد، بەڵام چاوەڕێدەکرێت لە سایەی دۆخی نوێی تورکیادا پاکێجی دەیەمی دادوەری، دەسەڵاتی دادوەران سنوورداربکات لە مامەڵەی توندیان لەگەڵ تۆمەتبارو گومانلێکراوان(٣١)، بە تایبەت پەیوەست بە زیندانیکراوانی بەتەمەن، منداڵو نەخۆشەوە ئاسانکاری هەتا ڕادەی بەسەربردنی ماوەی زیندانییەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا دەکرێت.هاوکات چاوەڕێدەکرێت هەمواری هەریەک لە یاسای سزادانی تورکی (Türk Ceza Kanunu)، یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر (Terçrle Mücadele Kanunu)، “بابەتی دانانی قەیوم (Kayyum Meselesi) بکرێت. لەم چوارچێوەیەیشدا لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکاندا، پێشبینیی ئازادکردنی نزیکەی (١٠٠) هەزار زیندانی دەکرێت، لە نێویاندا هەزاران کەس بە تۆمەتی “تیرۆر” زیندانیکراون، بە تایبەت کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، منداڵو ئەو ئافرەتانەی منداڵی بچووکیان هەیە، ئەگەر بە یەکجارییش ئازادنەکرێن، دەکرێت ماوەی سزاکەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بەسەرببەن(٣٢).
دوای ئەو پڕۆژەیەی بۆ هەمواری دەستوور بە درێژایی پشووی هاوین لەلایەن بەرپرسانو شارەزایانی ئاکپارتییەوە ئامادەدەکرێتو پێشبینیدەکرێت لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵو لەگەڵ کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیادا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، چوارچێوەی دەستووریو یاسایی پڕۆژەی “تورکیای بێتیرۆر” پێکبهێنێتو زەمینەی پێویستی بۆ بڕەخسێنێت(٣٣).
خاڵی گرنگ لە ڕوانگەی کوردەوە بریتییە لە ئاستی جێبەجێکردنی خواستەکانی کوردو فەراهەمکردنی مافەکانی لە چوارچێوەی دەستووری نوێو ڕیفۆرمی لامەرکەزیو گۆڕانکاری لە یاسای جێبەجێکردنی دادوەریدا. ئاشکرایە ئەردۆغانو ئاکپارتی هەمواری دەستوورو گۆڕانکاری لە یاساکاندا تەنها لەبەر خاتری کوردو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ناکەن، بەڵکو زیاد لەوە ئەردۆغان دەیەوێت شوێنەواری دەسەڵاتی سەربازی بە سەر ئەو دەستوورەوە بسڕێتەوە، کە دوو ساڵ دوای کودەتاکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٠) نوسراوەتەوەو هەتا ئێستایش زۆرێک لە ماددەکانی ئەو دەستوورە هەموارنەکراوەتەوە. بە تایبەت چوار ماددەی سەرەتا کە پەیوەستە بە ناساندنی سیستەمی فەرمانڕەواییو ناسنامەی دەوڵەتو کۆمەڵگەی تورکیاو دیاریکردنی ئایین، ئایدۆلۆژیاو زمانی فەڕمیی دەوڵەتو خەڵکی ئەو وڵاتە.خاڵێکی دیکە کە زیاتر دەمپارتی جەختیلێدەکاتەوە، پێکهێنانی ئەنجومەنی پەرلەمان (Meclis Komisyonu)، بە جۆرێک ئەنجومەنەکە لە کەسی یەکەمی حیزبەکان لە پەرلەمان یاخود سەرۆکی فراکسیۆنەکانو بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی پەرلەمان پێکبهێنرێت(٣٤)، بەڵام سەرەڕای چەندبارەکردنەوەی ئەم داواکارییە لە کۆبوونەوەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی دەمپارتیدا، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ نەنراوەو ڕەنگە پێکهێنانی بکەوێتە سەرەتای وەرزی نوێی یاسادانانی تورکیا لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ. لەگەڵ ئەمانەیشدا تەنانەت بەرپرسانی دەسەڵاتو تەنانەت دەمپارتییش باس لەوە دەکەن، کە ئەم پڕۆسەیە نزیکەی دوو ساڵی پێدەچێت(٣٥).لەگەڵ ئەوەی ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەک لەو ماددانەی سەرەتای دەستووری تورکیا لە بەرژەوەندیی کورد دەبێت، بەڵام مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لەو ئاستەدا بن، کە کورد چاوەڕێیدەکات، بە تایبەت لە بابەتی ناسنامە، زمانی فەڕمیو خوێندن بە زمانی دایکو خۆبەڕێوەبەری.لە هەمان کاتدا دەوڵەت باخچەلییش لە زنجیرەوتارێکیدا لە ڕۆژنامەی (Türkgün) ئاماژەی بە هەمواری ماددەی (٦٦)ی دەستووری تورکیا داوە لە بەرژەوەندیی کوردو کەمەنەتەوەکانی دیکەی تورکیا(٣٦)، بە گوێرەی ئەو ماددەیە، “هەر هاوڵاتییەک لە تورکیادا بژی وەک تورک دەناسرێت(٣٧)،” بەڵام باخچەلی لە وتارەکەیدا لە (٣١)ی ئاداری ئەمساڵ جەختی لەوە کردووتەوە، کە “هەر هاوڵاتییەک لە کۆماری تورکیادا بژی، خاوەن ئەرکو مافی هاوبەشە”. زۆرێک لە شارەزایانی سیاسیو بواری یاساو دەستوور پێیانوایە، کە ئەم دەستەواژەیەی باخچەلی بەکاریهێناوە، ئاماژەیە بۆ هەمواری ماددەی (٦٦)ی دەستوور، بە جۆرێک ئیدی هەموو هاوڵاتیانی تورکیا بە تورک ئەژمارنەکرێنو ناسنامەی نوێی نەتەوەیی بە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بدرێت.لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا بەستنەوەی کێشەی “تیرۆر”و پەکەکە بە کێشەی کوردەوە بە هەڵەیەکی بنەڕەتی دادەنرێتو بەشێک لە چاودێران، سياسیو ئەکادیمییەكانی کورد لە تورکیا داوادەکەن بابەتی چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تێکەڵ بە چارەسەری کێشەی کوردو دەستەبەرکردنی مافەکانی لە دەستووری نوێو هەمواری یاساکاندا نەکرێت(٣٨)، لەبەرئەوەی کێشەی کورد کێشەی نەتەوەیەکی گەورەیە لە تورکیاو پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییەو ناکرێت دەوڵەت لە ڕوانگەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە لە چارەسەری کێشەی کورد بڕوانێتو هەموو کورد بە تەرازووی پەکەکە بپێوێت.سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەمواری دەستووریو ئاسانکاری بۆ زیندانیانی کورد، دەمپارتیو پەکەکە لە لایەکی دیکەوە کێشەی یاساییو سیاسی بۆ ئاکپارتیو حکومەت دروستدەکات. بە تایبەت پەیوەست بە دۆخی سزادراوانی سەر بە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەنو بەرەی ئۆپۆزسیۆن(٣٩)، لەبەرئەوەی بەشێک لە هەموارو ئاسانکارییە سزاییەکان دەکرێت ئەو کەسانەیش بگرێتەوە، کە بە هۆی دۆسیەی گرووپی فەتوڵا گیولەن (فەتۆ)و بابەتی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) سزادراون، یاخود ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی (گەزی پارک)و پشتیوانی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن سزادراون، ئەمە جگە لەو ژەنەڕاڵو پلەدارانەی سوپا، کە بە تۆمەتی کردنی کودەتا لە کاتە جیاوازەکاندا ئێستا لە زیندانن.
دەرئەنجام
پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بۆ جاری چوارەمە ئەزمووندەکرێت، ئەمەیش دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلیو بەدەمەوەچوونی گەرمی ئۆجەلانو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ناوبراو لەلایەن پەکەکەوە بۆ چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە. خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تۆپەکەی خستووەتەوە گۆڕەپانی ئەنقەرەوەو خودی ئەردۆغان لە بەرانبەر بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی مێژوویدا ڕاگیراوە، لێرەوە ئەرکی قورسی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستپێدەکات، کە کۆمەڵگەی تورکیاو مەیدانی سیاسەت بەرەو دیموکراتی ببەن، دەستبەرداری لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانی دەمپارتیو جەهەپەو دانانی قەیوم لە جێگەیان ببن. ڕێگرییەکانی بەردەم سیاسییەکانی دەمپارتیو جەهەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨)ی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا مەرجی سەرەکیو پێشوەختەی زامنکردنی ئەو کۆمەڵگەی دیموکراتییەن، کە ئۆجەلان پێش خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بانگەوازی بۆ دەکات.سەرەڕای فەراهەمبوونی بەشێک لە مافەکانی کورد، بەڵام لە ڕوانگەی ناسنامەی نەتەوەیی، زمانی دایک، خوێندنو مافە کولتوورییەکاندا، تورکیا پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی یاسایی، دەستووریو تەنانەت کۆمەڵایەتییش هەیە، بە جۆرێک هەمواری دەستوورو یاساکان داببەزێنرێتە ئاستی جەماوەرو بە تایبەت خەڵکی نەژادپەرستی تورک لە ڕاستیی بوونی کورد لە تورکیا هۆشیاربکرێتەوەو ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی لە سایەی هەمواری دەستووردا دێتەکایەوە، لەلایەن جەماوەریشەوە پەسەندبکرێت.ئەرکی نوێنەرو بەرپرسانی کوردیشە لە تورکیا داواکاریی نەگونجاو بەم سەردەمە لە بابەتی دەوڵەتداریو خوێندن بە زمانی دایکو خۆبەڕێوەبەری وەک مەرج لە سەر دەوڵەتی تورکیا دانەنێنو خۆبەدووربگرن لە بەکارهێنانی دەستەواژەی هەستیاری نەژادپەرستیو نەتەوەییانەی نەرێنی، بە جۆرێک هێماو ئاماژەی جوداخوازیو پارچەکردنی خاکی تورکیای تێدا بێت.
پەراوێزو سەرچاوەکان
بۆ ئەم مەبەستە خوێنەر دەتوانێت سوود لە بابەتێکی ژمارە (٦)ی وەرزنامەی تورکیاناسی وەربگرێت. “ئەحمەد سیروانی، فەرزان چاڵشکان، پڕۆسەی ئاشتی، ڕاستی یان خەیاڵ!” وەرزنامەی تورکیاناسی، ژمارە (٦)، کانوونی یەکەمی (٢٠٢٤)، (٢١/١٢/٢٠٢٤)، https://www.centerfs.org/the-peace-process-truth-or-fiction/، (١١/٠٦/٢٠٢٥).
KRTTV, Cumhurbaşkanı Erdoğan Türkiye Büyük Millet Meclisi Açılış Töreninde Konuşuyor, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=cD7DWUzEewA, 11.06.2025.
HALKTV, MECLİS’TE ŞAŞIRTAN ANLAR! Devlet Bahçeli, daha önce topa tuttuğu DEM Partililerle tokalaştı!, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=9BNqX0wWWXw&t=1s, 11.06.2025
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیاو کولتووری چالاکیی حیزبی سیاسی لە پەرلەمان، هەر فراکسیۆنێک هۆڵێکی بۆ دابینکراوە، لەو هۆڵەدا هەفتانە کۆبوونەوەدەکرێتو سەرۆکی حیزبەکە گوتارێک بۆ پەرلەمانتارو ئەندامو لایەنگرانی حیزبەکەی دەداتو هەڵوێستی خۆی لە بارەی ڕۆژەڤی ئەو هەفتەیەی جیهانو تورکیا ڕادەگەیەنێت.
Mevzuaat Bilgi Sistemi, CEZA VE GÜVENLİK TEDBİRLERİNİN İNFAZI HAKKINDA KANUN, 29.12.2004, https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=5275&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=5, 11.06.2025.
Adem Kara, Bahçeli’den yeni 0calan çıkışı, Dem parti İmralı’ya gidiyor!, 26.11.2024, https://www.youtube.com/watch?v=ydomHkHKvvc, 11.06.2025.
Son Gelişme, ANKARA — DEM Parti, PKK elebaşı ile görüşmek için Adalet Bakanlığı’na başvurdu, 26.11.2024, https://www.youtube.com/watch?v=RzxY-grMODQ, 11.06.2025.
Liderhaber, DEM Parti heyeti İmralı’yı ziyaret etti, 28.12.2024, https://www.liderhaber.com.tr/dem-parti-heyeti-imraliyi-ziyaret-etti, 11.06.2025.
Tercumangazetesi, Abdullah Öcalan’dan 7 Maddelik Mesaj, 29.12.2024, https://tercumangazetesi.com.tr/abdullah-ocalandan-7-maddelik-mesaj/, 11.06.2025.
BBC News Türkçe, İkinci İmralı ziyareti: Öcalan çalışmaları sürdürüyor, gözler Şubat ayında, 23.01.2025, https://www.bbc.com/turkce/articles/cly4g49pwp9o, 11.062025.
DHD Online, کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی, 18.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=YxLhjC7qHQg, 1.06.2025.
Habertürk TV, İmralı Ne Zaman Çağrı Yapacak?, 10.02.2025. https://www.youtube.com/watch?v=HE_Nypd5F4Q, 11.06.2025.
Dilara Bağcı, Abdullah Öcalan Açıklamasının Tam Metni: Öcalan Ne Açıkladı, Ne Dedi?, 27.02.2025. https://onedio.com/haber/abdullah-ocalan-aciklamasi-tam-metni-ocalan-ne-acikladi-ne-dedi-1277709, 11.06.2025.
K24, PKK’den Öcalan’ın çağrısına yanıt: Ateşkes ilan ediyoruz, 31.03.2025, https://www.kurdistan24.net/tr/story/827320, 1106.2025.
Medyascoptv, DEM Parti heyeti Külliye’de Erdoğan ile görüştü, 10.04.2025, https://medyascope.tv/2025/04/10/dem-parti-heyeti-kulliyede-erdogan-ile-gorustu/, 11.06.2025.
Serxwebun, RÊBER APO’NUN 12. PKK KONGRESİ’NE GÖNDERDİĞİ PERSPEKTİF, 29.05.2025, https://serxwebun.org/reber-aponun-12-pkk-kongresine-gonderdigi-perspektif, 10.06.2025.
PKK sonuç bildirisi açıklandı: PKK adıyla yürütülen çalışmalar sonlandırıldı, 12.05.2025, https://firatnews.com/kurdIstan/pkk-212559, 11.06.2025.
CNN TÜRK, PKK’nın fesih bildirisinin kodları ne? ‘Ankara temkinli bir iyimserlik içerisinde! Adım adımı getirecek stratejisi izlenecek’, 12.05.2025, https://www.cnnturk.com/video/turkiye/pkknin-fesih-bildirisinin-kodlari-ne-ankara-temkinli-bir-iyimserlik-icerisinde-adim-adimi-getirecek-stratejisi-izlenecek-2283374, 11.06.2025.
NTV, PKK’nın Fesih Kararını Kemal Öztürk Değerlendirdi! ‘İlginç Mesajlar Kodlanmış’ | NTV, 12.05.2025, https://youtu.be/ofxZeNP4WtI?si=dN5vg0XwXH53C0PU, 11.05.2025.
Halk TV, “Beklenen adımlar konusunda rehavet var!” Tuncer Bakırhan’dan iktidara çok kritik ‘süreç’ eleştirisi, 08.04.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ebxieo4WTZU,11.06.2025.
PKK sonuç bildirisi açıklandı: PKK adıyla yürütülen çalışmalar sonlandırıldı, 12.05.2025, https://firatnews.com/kurdIstan/pkk-212559, 11.06.2025.
Serxwebun, RÊBER APO’NUN 12. PKK KONGRESİ’NE GÖNDERDİĞİ PERSPEKTİF, 29.05.2025, https://serxwebun.org/reber-aponun-12-pkk-kongresine-gonderdigi-perspektif, 10.06.2025.
ANKA Haber Ajansı, DEM Parti Sözcüsü Ayşegül Doğan, partisinin genel merkezinde açıklama yaptı, 11.06.2025, https://www.youtube.com/live/peN4A45_g-U, 11.06.2025.
Halktv, AKP’li Yayman’dan ‘PKK ne zaman silah bırakacak’ sorusuna çok konuşulacak yanıt!, 02.01.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ea1s_qA7uak, 11.06.2025.
İletişim Başkanlığı, “Terörsüz Türkiye” hedefi için çalışmalar hakkında bilgilendirme, 02.03.2025, https://www.iletisim.gov.tr/turkce/haberler/detay/terorsuz-turkiye-hedefi-icin-calismalar-hakkinda-bilgilendirme, 10.06.2025.
Yetkin Report, Erdoğan “süreç yok” dedikçe DEM “var” diyor; söylem makası açılıyor, 13.01.2025, https://yetkinreport.com/2025/01/13/erdogan-surec-yok-dedikce-dem-var-diyor-soylem-makasi-aciliyor/, 10.06.2025.
Karar, AK Parti’den yaz mesaisi: Anayasa, yerel yönetim ve infaz düzenlemesi gündemde, 10.06.2025, https://www.karar.com/guncel-haberler/ak-partiden-yaz-mesaisi-anayasa-yerel-yonetim-ve-infaz-duzenlemesi-1966731, 11.06.2025.
AK PARTİ, AK Parti grup toplantısı, 14.05.2025, https://www.youtube.com/live/sTy5yMcrEi4, 11.06.2025.
Adalet Bakanlığı, 10. YARGI PAKETİ TBMM ADALET KOMİSYONUNDA KABUL EDİLDİ, 01.06.2025, https://www.adalet.gov.tr/10-yargi-paketi-tbmm-adalet-komisyonunda-kabul-edildi, 11.06.2025.
Türkiye Barolar Birliği, 9. Yargı Paketi Olarak Adlandırılan Kanun Resmi Gazete’de Yayımlanmıştır, 14.11.2024, https://www.barobirlik.org.tr/Haberler/9-yargi-paketi-olarak-adlandirilan-kanun-resmi-gazetede-yayimlanmistir-85178, 11.06.2025.
Hilal Köylü, Günün kulisi: Süreçte kimler cezaevinden çıkacak?, 28.04.2025, https://www.youtube.com/watch?v=D3Orj6_W0XM, 11.06.2025.
Hilal Köylü, Günün Kulisi: Silahlara veda, kayyuma son. İBB’ye terör soruşturması düşecek. İnfaz’da son durum, 09.05.2025, https://youtu.be/VNkN5ecvq28?si=keWp6SwfSdSMHD1f, 11.06.2025.
Ekol TV, Geniş İnfaz Düzenlemesi İçin Yol Haritası Belli Oldu! İnfaz Paketi Neleri Kapsayacak?, 10.01.2025, https://www.youtube.com/watch?v=j00vnpWhuCU, 11.06.2025.
ANKA Haber Ajansı, DEM Parti Sözcüsü Ayşegül Doğan, partisinin genel merkezinde açıklama yaptı, 11.06.2025, https://www.youtube.com/live/peN4A45_g-U, 11.06.2025.
Hilal Köylü, Günün Kulisi: Silahlara veda, kayyuma son. İBB’ye terör soruşturması düşecek. İnfaz’da son durum, 09.05.2025, https://youtu.be/VNkN5ecvq28?si=keWp6SwfSdSMHD1f, 11.06.2025.
TÜRKGÜN, Yeni bir toplumsal hayat ve yeni bir Türkiye için: Tarihi çağrı, 31.03.2025, https://www.turkgun.com/gundem/yeni-bir-toplumsal-hayat-ve-yeni-bir-turkiye-icin-tarihi-cagri/279679, 11.06.2025.
T.C. Anayasası, Seçkin Yayınevi, Ankara, 2018, Sa61.
ALAN, Reha Ruhavioğlu değerlendiriyor: PKK fesholdu, peki ya şimdi?, 12.05.2025, https://www.youtube.com/watch?v=_JG9mn7Cx8E, 11.06.2025.
TGRT, İnfaz Düzenlemesinde ‘Terör’ Detayı: Düzenlemenin Bayramdan Önce Yasalaşması Bekleniyor, 28.05.2028, https://www.youtube.com/watch?v=j0y15Yam05c, 11.06.2025.