• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 12, 2025

پرسی کورد لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، ڕژێمە ئۆتۆنۆمی (خودموختارى)یەکان و جیۆپۆلەتیکیان

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەلیشان ئاکپنار

ئامادەکردنى: هارون ئێرجان | وەرگێڕانی: حەمزە محمد صاڵح

دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی و بەدوایدا هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دواجار بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ “چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی”، پرسی کورد لە تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە بابەتی گەرمی میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوەی ناوچەیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی. بە سەرگوزەشتەیەکی خێرا بە مێژووی کوردستاندا، تێدەگەین پرسی کورد ڕەگێکی قووڵی مێژوویی هەیە، بە تایبەت لە مێژووی نزیکدا ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و سەفەوی. بۆ تێگەیشتنی باشتر لە پرسی کورد، گەڕانەوە بۆ مێژوو و خوێندنەوەی قۆناغە جیاوازەکانی پرسی کورد لە ڕابردوودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە ئێستا و ئایندەی ئەم پرسە لە تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەرزنامەی تورکیاناسی بە پێویستی زانیوە چاوپێکەوتنێکی ناوەندی توێژینەوە کلتووری و مێژووییەکانی قاد QAD Kültür ve Araştırmalar Derneği دەربارەی (پرسی کورد لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، ڕژێمە ئۆتۆنۆمی (خودموحتارى)یەکان و جیۆپۆلەتیکیان) لەگەڵ ئالیشان ئاکپنار Alişan Akpınar شارەزای مێژووی کورد و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بڵاوبکاتەوە. ئاکپنار چەندین لێکۆڵینەوە و کتێبی لە سەر مێژووی کورد و پەیوەندی مێرنشینە کوردییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی عوسمانی بڵاوکردووەتەوە. گرنگترینیان کتێبی (کوردستانی عوسمانی Osmanlı Kürdistanı) بووە.

بەرایی:
لە کاتێکدا بە مانای سەردەمیانە باس لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکرێت، یەکێک لەو بابەتانەی کەمتر دەکرێت بە ڕۆژەڤ، بریتییە لە خستنەڕووى مێژووی دوور و درێژی ئەم بابەتە.
پرسی کورد، یەکێکە لە گرێکوێرە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیە هەوڵەکان بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، تەنها لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە سیاسییەکانی هەڵەیە، چونکە لەبیرکردنى مێژووى ئەم بابەتە وەک لەبیرکردنی سەرچاوەی ڕووبارێکە لە کوێوە هەڵدەقوڵێت و تەنیا باسکردنى بێت لەو شوێنەى ئەمڕۆ تێی دەڕژێت. ئەم مێژووە دوور و درێژە تەنها لە ململانێ و گرژییەکان پێکنەھاتووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا لە چەندین ڕژێمی ئۆتۆنۆمی پێکهاتووە. لەم ڕوانگەوە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژمان لەگەڵ مێژوونووس ئەلیشان ئاکپنار ئەنجامدا، ئەمەش بۆ ئەوەی تێبگەین کە لێکۆڵینەوە مێژووییە نوێیە ورووژێنەرەکانی مێژووی کورد و کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا چۆن دەتوانن ڕێنماییمان بکەن. لێرەدا ئێمە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە بڵاودەکەینەوە.

هارون ئێرجان: سەرەتا دەمەوێت باس لەوە بکەم لە چوارچێوەی کورد و عوسمانیدا دیاردەی ئۆتۆنۆمی پێویستە چۆن چەمکسازی بکەین. بەڵام سەرەتا با لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکیەوە دەست پێ بکەین. گرنگی ستراتیژی کوردستان لە کۆتایی سەدەی ١٥ و سەرەتای سەدەی ١٦دا چی بووە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژینگەی دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییانەی کە دەوروبەری ئەم جوگرافیاییان داوە، ئایا دروستە بڵێین جوگرافیای کورد هاوتایە لەگەڵ کۆنتێکستێکی جیۆپۆلەتیکی کە لە خۆی تێدەپەڕێت؟
ئەلیشان ئاکپنار: لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەبووە لەلای ئەو ئیمپراتۆرییەتانەی کە هەوڵی جێگیرکردنی باڵادەستی خۆیان لە ناوچەکەدا داوە. چونکە کوردستان خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی وەهایە کە ئاسیای ناوەڕاست بە حەوزی ئێران و ئەنادۆڵ و دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بووە کوردستان بووە بە مەیدانی چەندین ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتەکان. بۆ نموونە ململانێی نێوان ئیمپراتۆری بیزەنتین و ساسانی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی کوردستان ڕوویداوە. دواتر ململانێی نێوان بیزەنتین و خەلافەتی و ئەمەوی و عەباسیەکانیش هەر لەسەر ئەم خاکانە ڕوویداوە. بەهەمانشێوە ململانێی نێوان خەلافەتەکان و ساسانیەکان، گرنگی جیۆپۆلەتیکی کوردستانیان زیاتر دەرخستووە. پاشان لەشکرکێشیی مەغۆلەکان کوردستانی وێرانکرد. دواتر سەردەمی سەلجوقییەکان و تەیمورییەکان دێت. دواجار ململانێی عوسمانیەکان و سەفەوییەکان هاتەکایەوە. لەم ڕوانگەیەوە کوردانی نیشتەجێی ئێرە ناچار بوون بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ستراتیژی جۆراوجۆر دابڕێژن. لە نێو ئەم هاوسەنگییە سەختەی ئیمپراتۆرەکاندا، کورد بە پەرەپێدانی توانا ستراتیژییەکانی خۆی هەوڵیداوە تاوەکو سەدەی نۆزدەهەم لەگەڵ خۆبەڕێوەبەر و میرنشینەکاندا بوونی خۆی بپارێزێت.

هارون ئێرجان: جوگرافیاى کورد خاوەنى چى جۆرە پێکهاتەیەکە کە بتوانێت لەم پرۆسەیەدا پارێزگاری لە ئۆتۆنۆمی سیاسی خۆی بکات؟
ئەلیشان ئاکپنار: لە سەدەی ٩ و ١٠وە چەندین دەوڵەت هەبوون، کە ئەمانە لەلایەن کوردەکانەوە دامەزراون، وەک مەروانییەکان، شەدادیدییەکان، حەسەنەوییەکان، کاکاواییەکان، حەزبانی و ئەیوبیەکان. ئەمەش بەتایبەت دوای لەشکرکێشیەکانی مەغۆلەکان، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە دۆخێکی زۆر خراپەوە. بەڵام لە دوای ئەم وێرانکارییە گەورەیەش، دەبینین کوردەکان توانیویانە لەژێر ئەو بونیادەی کە ئێمە پێی دەڵێین میرنشین، ئۆتۆنۆمی سیاسی خۆیان دابمەزرێنن. دەتوانین بونیادی میرنشینەکانی وەک میرنشینی جزیرە- بۆتان، میرنشینی ئەردەڵان، بابان و سۆران وەک نموونە بخەینەڕوو. شەرەفخانی بەدلیسی لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی (شەرەفنامە)، باسی زۆربەی ئەو میرنشینانە دەکات و سەرەتای سەرهەڵدانیان بۆ سەدەی ١٣ و ١٤ دەگەڕێنێتەوە. چونکە دوای لەشکرکێشی مەغۆلەکان، ناسەقامگیرییەکی یەکجار زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتەکایەوە. سەرەڕای ئەمەش، میرنشینە کوردییەکان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی کیانی خۆیان. پاشان لە سەردەمی ململانێیەکانی نێوان ئاققۆینلۆ و قەرەقۆینلۆدا توانیان پارێزگارى لە بوونى خۆیان بکەن. بەشێوەیەکی سەرەکی هەموو ئەمانە بۆ ستراتیژییە سیاسییەکانی کورد دەگیڕدرێتەوە.

هـارون ئێرجان: دەکرێت کەمێک وردتر لەسەر ئەم ستراتیژیانە قسە بکەن؟
ئەلیشان ئاکپنار: هەندێک جار ئەم ستراتیژانە بە دروستکردنی پەیوەندیی پارێزگارانە بەدیهاتووە. بەڵام ئەو کاتانەی کە بونیادی پەیوەندی پارێزگارانە لاواز بووە، کوردەکان توانیویانە سەربەخۆیی بۆ خۆیان بەدەست بهێنن. کاتێک بارودۆخی پێچەوانە هاتووەتە ئاراوە، دووبارە پەنایان بۆ دانوستان بردووە. کاتێکێکیش دانوستانەکان شکستیان هێناوە، دۆخیان بۆ شۆڕش و بەرخۆدان گۆڕاوە. هەربۆیە دەبینین ئەم جۆرە ستراتیژانە لەلایەن حکومەتە کوردییەکانەوە (لەلایەن عوسمانیەکان وشەی حکومەت بەکارهێنراوە) لەو سەردەمەدا جێبەجێکراوە.

بێگومان کۆتایی سەدەی ١٥ و سەرەتای سەدەی ١٦ وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە بۆ کوردەکان. چونکە لەم قۆناغەدا دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەى وەک عوسمانی و سەفەوی لەسەر شانۆی مێژوو سەریانهەڵدا. دووبارە ململانێی دەسەڵاتی ناوچەیی نێوانیان لەسەر خاکی کوردستان چڕبووەتەوە. هەر بۆیە لە دروستبوونی هەژمونی ناوچەیی، هەڵبژاردەی حکومەتە کوردییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی لەم دۆخەدا.

هـارون ئێرجان: پێش ئەوەی قووڵتر باس لەم هاوسەنگییە نوێیەی جیۆپۆلەتک بکەین، ئێمە سەبارەت بە ژێرخانی سیاسی و سەربازیی حکومەتە کوردییەکان چی دەزانین؟
ئەلیشان ئاکپنار: هەموو ئەم حکومەتە کوردییانە خاوەنی هێزی چەکدار، واتە سوپا بوون. لێرەدا ئێمە باسی ئەو بونیادە دەکەین کە کۆشک، خان، چینی دەسەڵاتدار، مەلا (زانا) و ستافی نووسەر- وێنەکێشی تایبەت بە خۆیان هەبووە. لە ڕاستیدا بەشێک لەو دراوانەی لەو سەردەمەدا و لەلایەن حکومەتە کوردییەکانەوە چاپدەکران، تاوەکو ئێستاش ماونەتەوە. بۆ نموونه له گۆڤاری (مێژووی کورد)دا، چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگ له مەڕ ئەو دراوانه ئەنجامدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باس لەو بونیادە دەکەین کە بە ناوی خۆیانەوە پارەیان چاپدەکرد و لە ناو هەرێمەکانی خۆیاندا ڕەوایەتی هەبووە. هەر بۆیە دەتوانرێت بە مانای وشە ئەم بونیادانە وەک دەوڵەتی سەدەی ناوەڕاست ناوزەندبکرێن. هەڵوێستی ئەم حکومەتانە ڕۆڵی زۆر گرنگیان لە یەکلاکردنەوەی خەباتی جیۆپۆلەتیکیدا بینیوە.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا کاتێک بیرم لەم بابەتە دەکردەوە، بەدوای وەڵامی پرسیاری “بۆچی سەرکردەکانی کورد ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان پێ باشتر بوو؟” دەگەڕام. لەو سەردەمەدا لە ڕوانگەیەکی زۆر سادەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بەوە درایەوە کە بەو پێیەی سەفەوییەکان قزڵباشی بوون، سەرکردەکانی کوردیش کە زۆرینەیان سوننە مەزهەب بوون، ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان لەلا پەسەندتر بوو. بەڵام بەهۆی لێکۆڵینەوە تازەکانی ئەم دواییەوە بۆچوونی ئێمەیان لەسەر ئەم پرسە گۆڕیوە. بێگومان فاکتەری ئایینی بەشێکی بابەتەکەیە، بەڵام ڕاستی بابەتەکە زۆر جیاوازە لەوە.
لە ساڵانی ١٥٠٧-١٥٠٨ شا ئیسماعیلی سەفەوی بەشێکی گرنگ و بەرچاوی خاکی کوردستانی داگیرکرد و هەوڵی زۆری لەسەر نەهێشتنی بونیادە ئۆتۆنۆمییەکەى کوردییەکاندا. هەر بۆیە بەشێک لە میرەکانی گرت و لە کارەکانیان دووریخستنەوە و لە شوێنی ئەوان پیاوەکانی خۆی وەکو والی دانا و ڕاشکاوانە بە سەرکردە کوردەکانی دەگوت “ئیتر شتێک بە ناوی سەروەری ئێوە نەماوە”. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی عوسمانی دەرفەتێکی جیاوازی پێشکەش بە سەرکردە کوردەکانی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی کرد و پێی ڕاگەیاندن: “ئەگەر ئێوە لە لای من بن، دان دەنێم بە سەروەری ناوخۆیتاندا. تەنیا ئەوەم لە ئێوە دەوێت لەسەر سنووری ئێران پشتێنەیەکی پارێزگاری بۆ من دروست بکەن. جگە لەمەش دەتوانن وەک پێشتر لە هەرێمەکەی خۆتان درێژە بە ئیدارەی خۆتان بدەن”. بۆیە لە سایەی ئەم پڕۆژەدا بوو کە سەرکردەکانی کورد ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان پێ باشتر بوو نەوەک شا ئیسماعیلی سەفەوی. لەلایەکی دیکەوە شا ئیسماعیل هیچ پرۆژەیەکی بۆ کورد نەبوو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە سەرنجی لەسەر نەهێشتنی بوونیان بوو. هەر بۆیە لە سەرەتای سەدەی ١٦دا، لە کاتی شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤ز، میرەکانی کورد چوونە لاى عوسمانییەکانیان. دوابەدوای ئەم هاوپەیمانییە لەگەڵ عوسمانییەکان، پرۆسەی لەناوبردنى بوونی سەفەوی بەتەواوی لە کوردستان لە قۆناغێکدا تەواو بوو، کە لە ساڵی ١٥١٧ تاوەکوو ١٥٢٠بەردەوام بوو. دەتوانین بڵێین لەم قۆناغەدا چالاکییەکانی ئیدریس بیتلیسی و محمد پاشای سمێڵدار گرنگییەکی زۆریان هەبووە. لەسەر ئەم بابەتە مێژوونووس ڤورال گەنج کتێبێکی گشتگیری هەیە بە ناوی “لە عەجەمەوە بۆ یۆنان: بیرۆکرات و مێژوونووس ئیدریسی بیدلیسی (١٤٥٧- ١٥٢٠)”، کە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد و گرنگە.
لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەدا، سەرکردە کوردەکان پەیوەندییەکی وەسیەتگەرای لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دادەمەزرێنن. ڕوانگەی دەوڵەتی عوسمانیش بەم شێوەیە بوو کە “دەتوانن لەم خاکانەدا بمێننەوە، بەڵام ناوچەیەکی پاراستن و پارێزگاری بۆ من دروست بکەن”. ئەمەش لەبەرئەوەبوو سنووری ئێران هەرێمێک نەبوو کە دەوڵەتی عوسمانی بەتەنیا بە دەسەڵاتی سەربازی خۆی بتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ئەمەش بەهۆی پانایی و پێکهاتە شاخاوییەکەیەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو دەسەڵاتی ناوخۆیی میرنشینە کوردییەکان بۆ دەوڵەتی عوسمانی گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.

هارون ئێرجان: کەواتە ئیمراتۆریەتی عوسمانی پێویستی بە گەرەنتی سیاسی لە ناوخۆ و کوردەکانیش لە سەر سنورەکانی ئێران هەبووە. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین گرێبەستەوە جێبەجێ دەکرێت؟
ئەلیشان ئاکپنار: ڕێک وایە. کوردەکانیش لە دژی شا ئیسماعیل، پێویستیان بە پشتیوانی عوسمانی هەبوو. کە لە دوای ساڵی ١٥١٤، واتە لە دوای جەنگی چاڵدێرانەوە باس لە ڕێککەوتنی هاوبەش دەکرێت. ئەمەش بە تایبەت لە سەردەمی یاڤوز سوڵتان سەلیم و دواتر لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونیدا بەدیدەکرێت. لەم پرۆسەیەدا کیانی هێزەکان لە کوردستان بە سێ شێوە پۆلێن دەکرێت:
یەکەمیان: حکومەتە کوردییەکان.
دووەمیان: ئەو سەنجاقانەی کە بە مالیکییەت-پشتاوپشت پۆلێنکراون.
سێیەمیان: ئەو سەنجاقانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە هەبوو.
وەک دەزانین ئەمڕۆ دوو لەسەر سێی، ڕەنگە ٧٠-٧٥%ی خاکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەت و سەنجاقە کوردییەکاندا بوو. بەڵام دەوڵەتی عوسمانی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی لەو خاکانەدا نەدەکرد کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتە کوردییەکاندا بووە. بە واتایەکی دیکە لێرە باسی هیچ تۆمارێک ناکرێت، نە قازی دەنێردرێت، نە هیچ والییەک دادەنرێت. هەموو ناوچەکە و کاروبارە کارگێریبەکان لە دەستی سەرۆکی ئەو شوێنەدایە. جگە لەوەش لەم هەرێمەدا دەسەڵاتی کۆکردنەوەی باج بە میر دراوە و باجاکانیش بۆ دەوڵەتی عوسمانی نەنێردراوە. حکومەتە کوردییەکان سوپای تایبەت بە خۆیان پێکهێناوە و تەنانەت بە ناوی خۆیانەوە پارەیان چاپکردووە. دەکرێت ئەمە وەک جۆرێک لە بونیادی ئۆتۆنۆمی یان دەوڵەتێکی ناوخۆیی بیری لێبکرێتەوە. بەڵام ئەم هەرێمانە دوو بەرپرسیارێتی گرنگیان بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی هەبوو:
یەکەم: پاراستنی سنووری ئێران، واتە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
دووەم: پشتگیری لۆجستی بۆ دەوڵەتی عوسمانی لە کاتی شەڕێک؛ وەک دابینکردنی خۆراک، بژێوی یان یارمەتی سەربازی.
جگە لەمانەش دەوڵەتی عوسمانی دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی حکومەتە کوردییەکان نەدەکرد. ئەم دۆخە وەک ڕێکخستنێک بوو کە لەسەر بنەمای گرێبەستێکی هاوبەش دامەزرابوو، خزمەتیشی بە پێداویستییەکانی هەردوولا دەکرد.

هارون ئێرجان: ئایا دەکرێت ئەم دیاردەیە بە ناوەندی شارە مێژووییەکانی کوردستانەوە ببەسترێتەوە، نەک بە ناوچە گوندنشینەکانییەوە؟ بۆ نموونە کە ڕاستەوخۆ شارەکانی وەکوو جزیرە و سیواس و بیدلیسی.
ئەلیشان ئاکپنار: لێکۆڵینەوەکان لەسەر بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانی پێمان دەڵێن مەرامی سەرەکی میرنشینە کوردییەکان پاراستنی شارۆچکە و شارەکان بوون. لە کاتێکدا ئێمە هەمیشە وێنای ئەم میرنشینانەمان بەوە کردووە کە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بن و لەسەر بنەمای پێکهاتەی خێڵەکی دامەزراون. بە واتایەکی دیکە ئێمە وەک بونیادێک بیرمان لێکردونەتەوە کە پشت بەستووە بە سەرکردەیەک و سەرکردایەتییەکەش بە دەمارگیری خێڵەکی دیاریکراوە. بەڵام ئێستا لە ژێر ڕۆشنایی ئەم لێکۆڵینەوە نوێیانەدا، دەتوانین بڵێین کە ئەم بابەت بەو شێوە نییە.

هارون ئێرجان: کەواتە ئەم میرنشینانە بونیادێکی کۆمەڵایەتی گوندنشینی بچووک نین کە تەنها بە پەیوەندی خوێن پێناسە بکرێن. لە هەمان کاتدا خاوەنی ئەو بوارانەن کە کایەی ئابووری کۆنترۆڵ دەکەن و تایبەتمەندی شارستانییان هەیە؟
ئەلیشان ئاکپنار: بەدڵنیایەوە وایە. ئیتر دەزانین کە بونیادی بنەڕەتی ئەم میرنشینە کوردییانە لەسەر بنەمای شار و شارۆچکەکان دامەزراوە. کتێبی (گەشتنامەی)ی ئەولیا چەلەبی کە لە ساڵانی١٩٣٠دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام کاتێک لە دوای نەوەدەکانەوە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لەم کتێبە دەکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەولیا چەلەبی ژیانێکی بێ وێنەی شاری دیاربەکر و بیتلیسی وێنا کردووە. ئەو ناوچەیەی کە باسی دەکەین بەشێکی گرنگی هێڵێکی بازرگانییە و بە تایبەت بازرگانی دەریای ناوەڕاست بە بازرگانی ڕۆژهەڵاتی دوورەوە دەبەستێتەوە. باسیشى لەوە کردووە شارەکانى دیاربەکر و بیدلیس و زۆرێک لە شارە کوردییەکانى دیکە خاوەنى تۆڕی بازرگانی زۆر بەهێز بوون. لەگەڵ ئەوەشدا تەنها کوردەکان بەرهەمهێنەرى ئەم تۆڕە بازرگانییانە نین، بەڵکو ئەرمەنی، یۆنانی و جوولەکەکانیش بەشداربوون تێیدا.

هارون ئەرجان: لە ڕوانگەی تیۆرییەوە دیاردەی دەوڵەت، بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئابووری پێناسە دەکرێت. ئایا دەتوانین باس لە سیستەمێکی نزیک لەم پێناسەیە بکەین؟
ئەلیشان ئاکپنار: وەک دەزانین کە مێژوونووسان ئەو بونیادە بنەڕەتییەی ئەم میرنشینانەیان لەسەری بنیات ناوە، عەشیرەت نییە. بە پێچەوانەوە، خاوەنی ژێرخانێکى ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازی زۆر بەهێزن. بۆ نموونە ئەولیا چەلەبی باس لەوە دەکات کە میرنشینی بیدلیس خاوەنی نزیکەی چل هەزار جەنگاوەر بووە. دەڵێت میرێکی دیکە دە هەزار و یەکێکی تر بیست هەزار جەنگاوەری هەبوو، بە واتایەکی دیکە ئەم میرنشینانە بەڕاستی خاوەنی سوپا و سەرباز و بونیادی ئابووری بەهێز بوون. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی سیستەمی باج، مەدرەسەى ئایینى، بیرۆکراتی و مەلاکان بوون. بۆیە ئیتر ئێمە دەزانین کە ئەم میرنشینە کوردییانە، وەک ئێوە ئاماژەتان پێدا، تەنیا پێکهاتەیەکی خێڵەکی نین و لەسەر بنەمای پەیوەندیی خوێن دامەزرابێتن. بە پێچەوانەوە دەتوانین بڵێین ئەوان خاوەنی بونیادێکی زۆر ڕێکخراو بوون، کە شێوەکەیان بەڕوونی لەو دەوڵەتانەی سەدەکانی ناوەڕاست دەچێت.

هارون ئێرجان: لە بنەڕەتدا ئێمە باس لە مۆدێلێکی هاوبەشی سەروەری دەکەین لە سەردەمێکی مێژووی کورددا، کەواتە تا چەند بیرۆکراسیی عوسمانی لە حکومەتە کوردییەکان و ناوچەکانی پۆلێنکراوی مالیکییەت-پشتاوپشتدا بوونی هەبووە؟
ئەلیشان ئاکپنار: حکومەتە کوردییەکان والییان نەبووە و هەرگیز والیی عوسمانیش نەیتوانیوە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو حکومەتانەدا بکات. میرە کوردەکانیش هیچ کاتێک هیچ فەرمانێکیان لە والییە عوسمانییەکانەوە وەرنەگرتووە. بەڵام لە شارە گەورە کوردییەکاندا دۆخەکە جیاواز بووە. لە شارەکانی وەک دیاربەکر و وان والی عوسمانی هەبووە، چونکە دەوڵەتی عوسمانی بە تایبەت والی بۆ ئەو ناوچانە دەنارد، ئەمەش بۆ ئەوە بوو دەوڵەت نەیدەویست کۆنترۆڵی شارە گەورەکان لەدەست بدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی والییەکان لە شارەکاندا سنوردار بووە و نەیانتوانیوە له کارکردنی ناوخۆیی میرە کوردییەکاندا دەستێوەردان بکەن. لەلایەکى دیکەوە لەگەڵ ئەوەی والییەکان دەسەڵاتێکی سەربازی دیاریکراویان هەبووە، هەربۆیە لە کاتێکی پێویستیدا توانیویانە بە خێرایی توانای سەربازی خۆیان زیاد بکەن، ئەمەش بە داوای هاوکاریکردن لە ویلایەتەکانی دەوروبەریان. هەربۆیە لە هەر ساتێکدا ئەم دۆخە ئەگەری دروستبوونی ململانێی لە ناوچەکەدا بە کراوەیی هێشتبوویەوە. بەڵام دۆخەکە لەو شوێنانەی کە سیستەمی مالیکییەت-پشتاوپشتیان تێدا جێگیرکرابوو جیاواز بوو. لەم ناوچانەدا کارگێڕی عوسمانی هەبوو، پەڕاوى تۆمار دروستکرابوو، قازییەکان خزمەتیان دەکرد، بەڵام دەسەڵات لە دوای خێزان، بە دەست میرەکان بووە. لە ناو حکومەتە کوردییەکاندا هیچ تۆمارێک نەکراوە. تەنانەت یەک بەرپرسی عوسمانی لەم ناوچانەدا بوونی نەبووە.

هارون ئێرجان: لەم قۆناغەدا، واتە پێش سەرهەڵدانی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندیی هاوچەرخ، بۆ پێکهاتەکانی وەک کورد فۆرمێکی ئۆتۆنۆمی تەواو باو بووە، ئەمەش کەوتبووە سەر پەراوێزی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان. کەواتە چۆن دەتوانین کوردستان بە بەراوردکردنی بە ناوچەکانی دیکە سەر پەراوێزی عوسمانی لە چوارچێوەدا دابنێین؟ بۆ نموونە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان شێوازی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان لە میصر و باڵقانەکاندا هەیە. چۆن دەتوانین پەیوەندی نێوان کورد و ناوەند لە ناو سیستەمی کارگێڕیی گشتیی دەوڵەتی عوسمانیدا بخەینە کۆنتێکستەوە؟
ئەلیشان ئاکپنار: لێرەدا هیچ پرسێکی نائاسایی بوونی نییە، بەڵکو دەتوانین بڵێین کوردستان پێگەیەکی جیاوازی هەبووە. نوسراوی دەوڵەتی مۆدێرن بە گشتی بەمشێوەیە باسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات: قۆناغێکی دامەزراندن، دواتر قۆناغێکی سەرهەڵدان کە تێیدا گەیشتە لوتکەی ناوەندخوازی، پاشان قۆناغێکی داکەوتن دێت، کە تێیدا ناوەندخوازی لەدەستچوو. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە وا دەکات کوردستان وەک هەڵاوێرێک یاخود نائاسایی دەرکەوێت. بەڵام ئێستا دەزانین ئەم بابەتە ڕاست نییە. چونکە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تەنانەت لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونیشدا کە دەوڵەت لەوپەڕی ناوەندگەراییدا بووە، سیستمی سیاسی خۆی بەوشێوەیە بەڕێوە نەبردووە. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمپراتۆریەتێک بوو و بەهۆی ستراتیژییە ئیمپراتۆرییەکانییەوە، شێوازی جیاوازی بەڕێوەبردنى لە هەر ناوچەیەکدا پەیڕەوکردووە. بۆ نموونه ستراتیژی جیاوازی له باڵقانەکان، باکوری ئەفریقا، قەوقاز و کوردستان هەبووە. بۆیە بارودۆخی کوردستان نائاسایی نەبووە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ستراتیژە جیاوازەکانی ئیمپراتۆری عوسمانی بووە.
ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی عوسمانی چەندە گرنگی بە کوردەکان داوە. چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردستان گرنگییەکی ستراتیژی تایبەت بەخۆى هەیە. بۆ نموونە کاتێک لە سەدەی ١٧ کە سەفەوییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان بە پێشڕەوی کرد و شارێکی ستراتیژیی وەک شارى بەغدادیان گرت، سوڵتان مورادی شەشەم دەپرسێت: “ئەوە چی دەگوزەرێت؟ ئایا ئەوێ لەژێر قەڵەمڕەوی ئێمەدا نییە؟ ئەو میرە کوردانەی لەوێن سەربە ئێمە نین؟” لەم کاتەدا یەکێک لە بیرۆکراتە عوسمانییەکان کە ناوی عەزیز ئەفەندی بووە، بەمشێوەیە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “قوربان ئەو میرە کوردانەی کە لەوێن، لە جەنگی چاڵدیرانەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵمانن. بەڵام ئێستا بەهۆی مامەڵەی خراپی ئەو والییانەی کە ئێمە دەیاننێرین بۆ ئەو ناوچانە، وای کردووە خەڵکەکە پشتیوانی لە ئێمە نەکەن. هەر بۆیە ئەم میرە کوردانە بۆ ئێمە زۆر گرنگن”.
عوسمانییەکان لەگەڵ ئەوەی ئاگایان لە گرنگی ستراتیژی کوردستان بووە، بەڵام پەیوەندییەکی زۆر دووریان لەگەڵ ئەم هەرێمەدا هەبووە. بە شێوەیەک کوردستان بۆ عوسمانییەکان وەک وڵاتێکی نادیار بوو. بۆ نموونە، کاتێک ئەولیا چەلەبی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٦٠٠زدا چووەتە شاری بیدلیسەوە، نووسیویەتی: “بۆ یەکەمجار کەسێکی عوسمانیمان بینی”. چونکە هیچ بەرپرسێکی عوسمانی بۆ ئەو ناوچە نەچووە. بەڵام باڵقانەکان بەوشێوەیە نەبووە، میصر بۆ عوسمانییەکان بە هەمانشێوە نەبوو. ڕەنگە دۆخی بەشێک لە قەوقاز هاوشێوەی کوردستان بووبێت، بەڵام کوردستان بۆ عوسمانییەکان هەم شوێنێکی زۆر ستراتیژی بووە و هەم شوێنێکی نادیار. کاتێک سەیری سنووری زانیاری و کۆنترۆڵی عوسمانییەکان دەکەین، دەتوانین بڵێین دەسەڵاتیان تاوەکو شاری دیاربەکر هەبووە. زاڵبوون بەسەر بەڕێوەبردنی شارەکانی وەک دیاربەکر و موسڵ و واندا. بەڵام ناوچەکانی دەرەوەی ئەم شارانە بەڕاستی “وڵاتانی نەناسراو” بوون بۆ عوسمانییەکان.

هارون ئێرجان: ئایا ئەم خودموختاری(ئۆتۆنۆمی)یە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی نووسراو بوو یاخود ڕێککەوتنێکی یاسایی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و حکومەتە کوردییەکان بوو؟ یان زیاتر باسکردنە لە واقیعی ناوچەکە؟
ئەلیشان ئاکپنار: بێگومان ڕەهەندێکی دیفاکتۆ و ئاماژەپێکراویش لەو بابەتەدا هەیە. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیە بە یاساکان یان بە زاراوەی ئێستا، فەرمانەکان کە هێزی یاسایان هەیە ڕێکخراون. بۆ نموونە یاساکانی سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونی، بە تەواوی ڕونکەرەوەی ئەم بابەتەن. لەم یاسایانەدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە سەرژمێری (تۆمار) لەو شوێنانەی دەسەڵاتی کوردی لێیە ناکرێت و بەرپرسانی عوسمانی ناچنە ناوچەکە، باج لەلایەن سەرکردە کوردەکانەوە کۆدەکرێتەوە، کاتێک میرێک دەمرێت تەنها یەکێک لە بنەماڵەکەی دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە.

لە سەدەی ١٦ەوە تاوەکو سەدەی ١٩، بیرۆکراتەکانی عوسمانی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی کورد، ئاماژەیان بەم یاسایانە کردووە. هاوتەریب لەگەڵ بنەمای “بەردەوامی لە دەوڵەتدا بنەمایە”، زۆرجار لە بەڵگەنامەی نوسراودا وەک بنەمایەک باس لە ئەم یاسایانە کراوە. کەواتە ئەم ڕێسایانە تەنها قسەی بیستراو نین، بەڵکو لە ئەرشیڤی دەوڵەتی عوسمانیدا ئەمانە چوارچێوەیەکی یاساییان هەبووە و بەشێوەیەکی سیستماتیکی ئامادەکراون. تەنانەت دوای نەمانی میرنشینە کوردییەکان، هەندێک لە سەرکردە کوردەکان داوای گەڕاندنەوەی زەوییەکانیان دەکرد، ئەمەش بە ئاماژەدان بە یاسا و بەڵگەنامە کۆنەکان بووە. بۆ نموونه لێکۆڵەر نیلای ئۆزۆک گیوندۆغان لە توێژینەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە که ئەو داواکاریانه له هەندێک دۆخدا پەسەندکراون و سەرکردەکانی کورد توانیویانە زەوییەکانی خۆیان وەربگرنەوە. بۆیە ئەم پەیوەندییە ئۆتۆنۆمییەی نێوان حکومەتە کوردییەکان و عوسمانییەکان تەنیا بریتی نییە لە پرۆسەیەکی دیفاکتۆ، بەڵکو لە هەمانکاتدا بە ڕوونی بە فەرمان و ڕێسا لە چوارچێوەیەکدا ڕێکخراوە.

هارون ئێرجان: سەبارەت بە کارکردنی ناوەوەی ئەم دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییانە چی دەزانین؟
ئەلیشان ئاکپنار: کێشەی گەورە لە کاتى لێکۆڵینەوە لەسەر میرنشینە کوردییەکان بریتیە لەوەی کە: بەو پێیەی دەوڵەتی عوسمانی لەو ناوچانە نە سەرژمێری (تۆمار)ی کردووە و نە قازیشی ناردووە، هەر بۆیە لەسەر ئەم بابەتە نە پەڕاوى تۆماریمان هەیە و نە تۆماری قازی هەیە. ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ مێژوونووسان. بۆیە ئەگەر تۆماری قازی یان تۆماری تاپۆی دەوڵەتە کوردییەکانمان هەبوایە، زانیاری زۆر زیاترمان لەسەر دانیشتوان و ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی دەبوو، کە بەداخەوە زانیاریمان لەسەر کارکردنی ناوەوە سنووردارە.
لە سەدەی شانزەھەمەوە تا سەدەی نۆزدەهەم، ناتوانین باس لە قۆناغێکی “ئۆتۆنۆمی لە ژێر چەتری عوسمانی” لە نێوان کورد و عوسمانییەکان بکەین، بەجۆرێک لە ڕووی نوستالۆژییەوە بێ کێشە بێت. بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی زۆر هەڵبەز و دابەزیوە. دەستەبژێرى کوردی بە بەردەوامی نەک هەر لەلایەن عوسمانیەکان و سەفەوییەکانەوە، بەڵکو لەلایەن ململانێ و شەڕە ناوخۆییەکانی خۆیانەوە بۆ تەختی پاشایەتیش تاقیکراونەتەوە. لەم پڕۆسەیەدا میرنشینە کوردییەکان ناچاربوون کە بەردەوام شەرعیەت بەرهەمبهێنن و خۆیان بسەلمێنن بە بەرەنگاربوونەوەی هەم میرنشینەکانی دەوروبەریان و هەم گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان. بە واتایەکی دیکە باس لە پرۆسەی دانوستاندنی ململانێی دینامیکی و گفتوگۆ دەکەین. بۆ نموونە میرنشینی ئەردەڵان لە ماوەی دوو سەد ساڵی تەمەنیدا پێنج جار لایەنداری خۆی گۆڕیوە.
دەوڵەتی عوسمانی سەرەتا ئۆتۆنۆمیی بە هێزە کوردییەکان بەخشیوە. بەڵام دوای ماوەیەک هەوڵیداوە ئەم سەربەخۆییە سنووردار بکات و مەودای چالاکییەکانیان بەرتەسک بکاتەوە. بۆ نموونە کاتێک والییەک لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە بۆ ئەم ناوچە نێردراوە و دەڵێت: “ئێوە ئیتر ناتوانن باج لەم ناوچانە وەربگرن، ئێمە لەم هەرێمانەدا کۆیدەکەینەوە”. لەم کاتەدا میرنشینە کوردییەکان هەستیان بە فشاری عوسمانی کرد، بۆیە دەستیان بە گەڕان بەدوای بەدیلی دیکەدا کردووە. بۆ نموونە دەتوانن دانوستان لەگەڵ سەفەوییەکاندا بکەن. کە میرنشینی ئەردەڵان نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی ئەمەیە. یەکێکە لەو میرنشینە کوردیانەی کە لە شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤دا لایەنداری عوسمانییەکان نەبووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە سەفەوییەکان دانیان بە ئۆتۆنۆمی ئەردەڵاندا ناوە. بەڵام پاش ماوەیەک کاتێک سەفەوییەکان هەوڵیاندا دەسەڵاتی ئەردەڵان بەرتەسک بکەنەوە، ئیتر لێرەدا لایەنگری عوسمانییەکانیان دەکرد. تەنانەت میرنشینەکە دابەش بووە، کە بەشێکی بە دڵسۆزانە لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو و بەشێکی دیکەش لایەنگری سەفەوییەکانیان دەکرد.

کاتێک لە میرنشینێکدا شەڕ بۆ تەختی میرایەتی بکرایە، یان کاتێک میرێک بمردایە و ململانێ لە نێوان کوڕ و براکانیدا دروست بووبوایە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستێوەردانی لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەکرد. ئێمە سەبارەت بەمجۆرە ڕووداوانە بەڵگەمان لەبەردەستدایە، ئەمەش چوارچێوەیەکی ئەکادیمی دیاریکراومان بۆ دەخاتەڕوو. لەم ڕووەوە دووبارە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لە سەدەی ١٦ تا سەدەی ۱۹، لە ژێر چەتری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا قۆناغێکی بێ گرفت بۆ ئۆتۆنۆمی (خودموختار)ی کورد لە ناوچەکەدا نەبووە. بە پێچەوانەوە دەتوانین قسە لەسەر قۆناغێک بکەین کە تێیدا دەوڵەتی عوسمانی لە هەر دەرفەتێکدا دەسەڵاتی سەرکردەکانی کوردی تاقیکردووەتەوە و درێژەی بە ڕژێمێکی دانوستان و ململانێ داوە .

هارون ئێرجان: سەبارەت بە سیاسەتی ئیتنۆ-ئاینی لە ڕژێمی ئۆتۆنۆمیدا. ئەمەش تاوەکو سەردەمی تەنزیمات، ئەو پێکهاتانەی کە لە ناو جوگرافیای کوردستاندا بوون وەکو ناموسڵمانەکان یان ئەوانەی سوننە مەزهەب نەبوون و بە شێوەزاری جیاوازی کوردی قسەیان دەکرد، هەم لە ڕووی یاساییەوە و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە کوێی چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنامە ئۆتۆنۆمیەدا بوون؟
ئەلیشان ئاکپنار: نموونەی میرنشینی پالوو نموونەیەکی سەرنجڕاکێشە کە ئەم زانیارییە سنووردارانەی تێپەڕاندووە. لە سنوری قەڵەمڕەویی ئەم میرنشینەدا چەندین عەشیرەتی قزڵباشی بوونیان هەبووە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەم عەشیرەتانە و میرەکان تاڕادەیەک باش بووە. لە سەدەی هەژدەهەمدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێکهاتەیەکی لە ناوچەکە بە ناوی (ماددەنی هومایون) دامەزراند و دەستی بەسەر نیوەی زەویەکانی میرنشینی پالوودا گرت. هەر بۆیە میری پالوو لە ناوچەکەدا لەگەڵ عەشیرەتەکانی قزڵباشیدا هاوپەیمانێتییەکى پێکهێنا و پێکەوە دژی عوسمانییەکان وەستانەوە. بەشێک لەو عەشیرەتانەی لەو سەردەمەدا لەو ناوچەیەدا دەژیان، عەشیرەتی شێخ حەسەنان و دێسوملی بوون. کە ئەم عەشیرەتانە ئەو پێکهاتانەن کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا پێی دەڵێین ناوچەی دێرسیم و کۆچگیری. لە سەدەی ١٦ەوە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی چەمیشگەزک و ڕۆژئاوای میرنشینی پالوو نیشتەجێبوون.

لەم پرۆسەی ئۆتۆنۆمییەدا لە ناوچەکانی وەک بیتلیس و دیاربەکر شاهیدی ژمارەیەک مەدرەسەی ئایینى زۆر دەبین. ئێمە دەزانین کە لە سەدەی ١٦ەوە لە ناو ئەم مەدرەسانەدا چەندین کەسی وەک (مەلای جزیری، فەقیێ تەیران، ئەحمەدی خانی) پەروەردە کراون، لەگەڵ پێگەیاندنی سەدان خوێندکار، کە لەسەر دەستی ئەمانە چەندان دیوان نووسراوە و نەک تەنیا بە زمانی عەرەبی و فارسی، بەڵکو بە کوردیش بەرهەم بڵاوکراوەتەوە. ئەم بەرهەم و نووسینانەی زانایانی کورد دەتوانن سەرچاوەیەکی ئەوپەڕی گرنگ بن بۆ ئەوەی لە دینامیکی ناوخۆیی میرنشینەکانی ئەو سەردەمە تێبگەین. بەڵێ لەوانەیە پەڕاو و تۆماری نوسراومان لەبەردەستدا نەبێت. بەڵام بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ئەرشیفی ئێرانی و ئەو بەرهەمە کوردی و عەرەبی و فارسییانەی کە لەم مەدرەسە کوردیانەدا بەرهەمهێنراون، ناوەڕۆکێکی زۆر دەوڵەمەندمان پێشکەش دەکەن.
کاتێک فەقێی تەیران وەک مەلایەکی کورد بەرهەمێک بە زمانی کوردی دەنووسێت، ئێمە وەک بەرهەمێکی کوردی پەسەندی دەکەین، بەڵام هەمان هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمێک ناکەین کە بە زمانی عەرەبی نووسیبێتی. ئەمە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنێکی زۆر سەیرە. ئێستا ئەگەر من بمەوێت کتێبێک لەسەر مێژووی کورد بە زمانی ئینگلیزی بنووسم، ئایا ئەم بەرهەمە وەک بەرهەمێک لەسەر مێژووی کورد سەیر ناکەین؟
کاتێک سەیری سەردەمی عوسمانی دەکەین، دەبینین کە نەریتی مەدرەسەى ئایینى لە سێ ناوچەی وەکوو ئەدیرنە، قەیسەری و دەوروبەری قۆنیا زۆر بەهێز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگای دیاربەکر و دەوروبەری کە بە کوردستان ناسراوە، زۆر بەربڵاو بووە. لەم ناوچانەدا مەلا کوردەکان زیاتر بە زمانی عەرەبی و فارسی دەیاننووسی، چونکە ئەو زمانانە وەک زمانی هاوبەشی ئەو سەردەمە وابووە، ئەمەش دەرفەتی بۆ گەیشتن بە خوێنەرێکی زۆریان لە جوگرافیایەکی فراواندا ڕەخساند، لە هیندستانەوە تا دەگاتە بەڵقانەکان. بەرهەمگەلێکیش هەن کە بە زمانی کوردی نووسراون. بەڵام ئەم بەرهەمانە گوتارەکەیان تەنها بۆ کۆمەڵێکى زۆر بەرتەسک بووە، ئەمە نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی نەریتی نوسین بە زمانی کوردی.
ڕۆشنبیرانی کورد نەک هەر بە زمانی کوردی، بەڵکو بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسیش بەرهەمیان نووسیوە. کە بە دڵنیاییەوە پێویستە ئەم بەرهەمانە بخوێنینەوە. نابێت بەرهەمێک کە بە زمانی عەرەبی یان فارسی نووسراوە، وەک بەرهەمێک سەیری بکەین کە کوردەکان بەرهەمیان نەهێنابێت. ئەمە بوارێکی زۆر ئەستەمە بۆ لێکۆڵینەوە، چونکە پێویستى بە شارەزایی لەم زمانانەدا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە شارەزاییەکی باشی زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی بیت و پێویستی بە پەروەردەیەکی کلاسیکی تۆکمە و بناغەیەکی فیلۆلۆژی هەیە. کە بەداخەوە لە تورکیا دەستگەیشتن بەم جۆرە پەروەردەیە زۆر ئەستەمە.
________________
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:
https://qad.institute/index.php/osmanlida-kurt-meselesi-ozerklik-rejimleri-ve-jeopolitik-i/148/

Send this to a friend