• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 2, 2025

کودەتای (15)ی تەمموزی (2016)، سیناریۆی ئەردۆغان یان بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی

ئایهان جەسور | ئەحمەد سیروانی

پوختە

(١٥)ی تەمموزی (٢٠٢٥)، نۆ ساڵ بە سەر هەوڵێکی شکستخواردووی کردنی کودەتادا لە تورکیا تێدەپەڕێت.هەوڵێک، کە ئەردۆغان‌و پشتیوانەکانی بە خیانەتێکی بێوێنە لە مێژووی تورکیادا وێنایدەکەن، بەڵام نەیارەکانی، لە سەرووی هەموویانەوە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن بە سیناریۆی ئەردۆغان‌و ئاکپارتی ناویدەبەن. بەرپرسانی حکومەت‌و ئەردۆغان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە، کە کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) لەلایەن گرووپێکەوە کراوە، کە بەردەوام بانگەشەی پەروەردەو خۆدوورگرتن لە سیاسەت دەکەن، لە بەرانبەردا گرووپی گیولەن‌و بەشێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیان پرسیارو گومانیان لە بارەی کودەتاکەوە خستووەتەڕوو و هەتا ئێستایش زۆرێک لە گومان‌و پرسیارەکان بێوەڵام ماونەتەوە.

لەو کودەتایەدا کە (٢٥٢) کەس کوژراو (٢) هەزار و (٧٣٥) کەس برینداربوون‌و بۆمببارانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆمارو چەند دامەزراوەیەکی مەدەنی‌و سەربازیی تورکیای تێدا کرا، هەتا ئێستا گومان لە سەر پلانداڕێژان‌و چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەیە.ئەو کودەتایەی کە پلانداڕێژەرانی بڕیاریاندابوو لە کاژێر (٣)ی بەرەبەیانی (١٦)ی تەمموزی (٢٠١٦) بیکەن، بە هۆی ئاشکرابوونی پێشوەختەی پلانەکەیان‌و ئاگاداربوونەوەی هاکان فیدان؛ سەرۆکی ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگری (میت)و خلوسی ئاکار؛ سەرۆکی گشتیی ئەو کاتەی ئەرکانی سوپاوە، بە ناچاری (٦) کاژێر پێش کاتی دیاریکراو، کودەتاکەیان لە کاژێر (٩)ی شەوی (١٥) لە سەر (١٦)ی تەمموزی (٢٠١٦) دەستپێکرد.

سەرەڕای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بە سەر کردنیدا، گرتن‌و دادگاییکردنی هاوڵاتیان بە تۆمەتی بەشداریکردن‌و پشتیوانی لە کودەتاکە بەردەوامە، بە جۆرێک پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو کودەتایەیان کردووە بە بیانوویەک بۆ لەناوبردنی نەیارەکانیان. تەنانەت دەرفەتێکی زێڕینی بەخشیوە بە ئەردۆغان‌و پارتەکەی بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی، بە تایبەت لایەنگرانی پەکەکە، پەیەدە، هەدەپە، دەمپارتی، جەهەپەو لە سەرووی هەموویانەوە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن.ئەگەرچی لەلایەن دادگاکانی تورکیاو بەرپرسانی باڵای ئەمنی، سیاسی، سەربازی‌و دەوڵەتیی تورکیاوە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، کە لە دوای کودەتاکەوە لەلایەن ئەنقەرەوە وەک گرووپی تیرۆریستیی فەتحوڵڵا گیولەن (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü (FETÖ)) دەناسێنرێت، تاوانبارکراون بە ئەنجامدەری هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، بەڵام گومانەکانی لایەنی بەرانبەر لە سەر دەوڵەت‌و خودی ئەردۆغان کەم نین. بە جۆرێک ئەو کودەتایە بە هەوڵێکی ئەردۆغان وێنادەکرێت بۆ لەناوبردنی گرووپی گیولەن، لاوازکردنی کەمالیستەکان‌و بێبەهاکردنی ڕۆڵی سوپا لە ناوخۆی تورکیاو چاوترساندنی هەر بەرپرس‌و گرووپێک کە بیر لە کردنی کودەتا بکاتەوە.

کودەتا لە تورکیا

دەستەواژەی کودەتا لە تورکیا جیاواز لە هەر وڵاتێکی دیکە واتای جۆراوجۆری هەیە. کودەتا (Darbe) هەوڵێکە بۆ ڕوخاندن‌و گۆڕینی حکومەت، بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق‌و توندو چەک لەلایەن سوپا یان گرووپێک بە پشتیوانیی سوپا. وەک کودەتای سەربازیی (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠) لە تورکیا، بەڵام هۆشداری (Muhtra) جیاوازە لە کودەتا. هۆشداری لەلایەن سوپاوە وەک بەیاننامەیەک ئاڕاستەی حکومەت دەکرێت‌و ئاگاداردەکرێتەوە لە “هەڵەو کارە چەوتەکانی‌و لادانی لە بنەما سەرەکییەکانی پێکهاتەی دەوڵەتو دەستوور”، وەک هۆشداریی (١٢)ی مارتی (١٩٧١). ئەم هۆشدارییەی سوپا خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە سوکایەتی‌و بەکەمتەماشاکردنی حکومەت‌و ئاگادارکردنەوەی لە ئەگەری ڕاستنەکردنەوەی هەڵەو چەوتییەکانیدا، ئەوا بە زەبری هێزو چەک (کودەتا) دەسەڵاتی لێدەسەنرێتەوەو سزایشدەدرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک جار خودی هۆشدارییەکەی سوپا دەبێتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت بە ڕەزامەندیی خۆی یاخود بە ناچاری. وەک کودەتای پۆستمۆدێرنی (٢٨)ی شوباتی (١٩٩٧)(١).

مێژووی کردنی کودەتا لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەم‌و کاتی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان. یەکەم هەوڵی کودەتا لە (٢٠)ی مایسی (١٦٢٢) بە ناوی “ڕوداوی عوسمانیی گەنج” تۆمارکراوە، لە (٢٨)ی ئەیلوولی (١٧٣٠) هەستانەوە یاخود یاخیبوونێک بە ناونیشانی “هەستانەوەی خەلیل پاترۆن” لە مێژوودا تۆمارکراوە. یاخیبوونی مستەفا کاباکچی لە (٢٧)ی مایسی (١٨٠٧)، ڕوداوی کولەلی لە (١٤)ی ئەیلوولی (١٨٥٩)، لابردنی سوڵتان عەبدولعەزیز لە سەر تەختی سوڵتانی لە (٣٠)ی مایسی (١٨٧٦)، مەشروتیەتی دووەم لە (٢٤)ی تەمموزی (١٩٠٨)، ڕوداوی (١٣)ی نیسانی (١٩٠٩)، ڕاگەیەنراوی هالاسکار زابیتان لە (١٦)ی تەمموزی (١٩١٢)، گوشاری بابی عالی لە (٢٣)ی کانوونی دووەمی (١٩١٣)، ئەو ڕوداوانەن، کە لە مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان تایبەتمەندیی کودەتایان وەرگرتووە.سەبارەت بە مێژووی نوێ‌و هاوچەرخ‌و سەردەمی کۆماری نوێی تورکیا، هەریەک لە کودەتای سەربازیی (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠)، هۆشداریی (١٢)ی مارتی (١٩٧١)، کودەتای سەربازیی (١٢)ی ئەیلولی (١٩٨٠)، کودەتای پۆست_مۆدێرنی (٢٨)ی شوباتی (١٩٩٧)، هۆشداریی ئەلیکترۆنیی (٢٧)ی نیسانی (٢٠٠٧)، کە لە سایتی فەرمیی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا بڵاوکرایەوە، بە جۆرێک لە کودەتا یاخود هۆشداریی سوپا بۆ حکومەت هەژماردەکرێت.

ئەوەی کە بووە بە خاڵی بەهێزو پشتیوانییەکی دەستووری‌و یاسایی بۆ سوپای تورکیا لە کردنی کودەتاو دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، بریتی بووە لە ماددەی (٣٥)ی یاسای خزمەتی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا. بە گوێرەی ماددەی (٣٥)ی یاساکە، “ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا (سوپا) بریتییە لە پاراستنی کۆماری تورکیا، کە بە گوێرەی خاک‌و دەستووری تورکیا وڵات بەڕێوەدەبات. لە هەمان کاتدا پاراستنی وڵات لە دوژمنی ناوخۆیی (گرووپە دواکەوتووەکان، کۆمۆنیزم‌و هاوشێوەکانیان). لەو ماددەیەدا مەبەست لە دەستەواژەی دواکەوتووەکان ئیسلامییەکانە. جگە لەوەیش، دانانی دەستەواژەی هاوشێوەکانیان لە ماددەی (٣٥)دا دەستی سوپای تورکیای ئاوەڵاکردووە لە وێناکردنی هەر گرووپ‌و حیزبێک لە تورکیادا بە هاوشێوەی “دواکەوتووەکان‌و کۆمۆنیزم”، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٣) لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە هەمواری یاسای خزمەتی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکان کرایەوەو لەو چوارچێوەیەیشدا ماددەی (٣٥) بەم جۆرە داڕێژرایەوە: “ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بریتییە لە پاراستنی خاکی تورکیا لە هێرشی دەرەکی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی خاکی تورکیا بە بڕیاری پەرلەمان‌و دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی.” بەم جۆرە دەستەواژەی “پاراستنی وڵات لە دوژمنی ناوخۆیی (گرووپە دواکەوتووەکان‌و کۆمۆنیزم‌و هاوشێوەکانیان) لە ماددەی (٣٥)ی یاساکەدا لابرا(٢).سەرەڕای نەمانی بەهانەیەکی یاسایی‌و دەستووری بە دەست سوپای تورکیاوە، لە (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) جارێکی دیکە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا درا، بەڵام جیاواز لە کودەتاکانی دیکە، ئەمەیان بە ڕابەری‌و فەرمانی پیاوانی ئایینی کرا.

کودەتای (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) چۆن ڕویدا(٣)

ئەو کودەتایەی کە حکومەتی تورکیا ڕێکخراوی “تیرۆریستیی فەتحوڵڵا گیولەن (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü (FETÖ))و “پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب (پەیەدە) (Paralel Devlet Yapılanması(PYD)) بە بکەری تاوانباردەکات، دوانیوەڕۆی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) دەستیپێکرد.ڕۆژی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، کاژێر (٤:١٦) خولەکی عەسر هەواڵی پلانی هێرشێک بۆ سەر بینای میت‌و دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی دەگاتە هاکان فیدان، دواتر هاکان فیدان ئاگاداردەکرێتەوە، کە پلانەکە زۆر لەوە گەورەترە، کە تەنها لە دەستگیرکردنی ئەودا بوەستێت.کاژێر (٧:٢٦) خولەکی ئێوارە هاکان فیدان پەیوەندی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆمارەوە دەکات، کە لە قەزای مارماریس لە نزیک پارێزگای ئەنتالیا بووە، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نابێت.کاژێر (١٠:٥) خولەکی شەو ئەو فڕۆکانەی لە ژێر دەستی سەربازە کودەتاچییەکاندا بوون، بە نزمی بە سەر ئاسمانی ئەنقەرەدا فڕین.کاژێر (١٠:١٠) خولەکی شەو بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی پردی گەروو (Boğaziçi Köprüsü) لە ئەستەنبوڵ لەلایەن فەرماندەییەکی سەر بە کودەتاچییەکانەوە، ڕێگای پردەکە بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا داخرا.کاژێر (١١:١٠) خولەکی شەو، بینالی یەڵدرم؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، ڕوداوەکانی وەک “هەوڵی کودەتا لەلایەن گرووپێکی ناو سوپای تورکیاوە، کە سنووری دەسەڵاتی خۆیانیان بەزاندووە”، ڕاگەیاند.کاژێر (١١:٥٠) خولەکی شەو لە هەر چوار لای ئەنقەرەوە دەنگی تەقینەوەی زۆر بەرز بیسترا، هاوڵاتیان وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هەوڵی کودەتاکە ڕژانەسەر شەقامەکان.کاژێر (١٢:٢٤) خولەکی شەو ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنی (CNNTÜRK)ەوە لە ڕێگەی (Facetime) بەشداری لە گەشتی هەواڵەکاندا دەکات‌و داوای لە هاوڵاتیان کرد بڕژێنە مەیدان‌و سەرشەقامەکان‌و بەرەو فڕۆکەخانەو ناوەندە ستراتیژییەکانی دەوڵەت لە شارەکان بڕۆن‌و جەختی لەوە کردەوە، کە “هەتا ئێستا هیچ هێزێکم جگە لە هێزی گەل نەناسیوەو لەمەودوایش هەر وا دەبم(٤)”، ئەمە گرنگترین وتەی ئەردۆغان بوو لەو بەرنامەیەدا، کە خەڵکی زیاتر هاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان.کاژێر (٣)ی شەو ئەو سەربازو بەرپرسە سەربازییانەی هەوڵیاندا دەست بە سەر بیناو پەخشی (TRT)دا بگرن، لەلایەن پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، بەم جۆرە پەخشی (TRT) کەوتەوە دەستی بەرەی ئەردۆغان‌و حکومەت.کاژێر (١١:١) خولەکی پێشنیوەڕۆی (١٦)ی تەمموز، فەریقی یەکەم ئومیت دوندار؛ یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئەرکانی سوپا، ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی یەکگرتوویی‌و پێکەوەیی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، وەزیرەکان، پەرلەمانتاران، هێزە چەکدارەکان پێکەوەو لە پێناوی بەرگری لە دیموکراسی‌و یاسادا، ڕێگە لە هەوڵی کردنی کودەتا گیرا(٥)”.

ئامارەکان(٦)

لە سەرەتای کودەتاکەوە هەتا بەرەبەیانی (١٦)ی تەمموز، (١٨٥) هاوڵاتیی مەدەنی، (٦٣) پۆلیس‌و (٤) سەرباز، بە کۆیگشتی (٢٥٢) کەس کوژران (٢) هەزارو (٧٣٥) کەس برینداربوون(٧).لە کودەتاکەدا (٨) هەزار سەرباز، (٣٥) فڕۆکە، (٣٧) هێلیکۆپتەر، (٧٤) تانک، (٢٤٦) ئامێری گولەنەبڕو (٤) چەکی سوک بەکارهێنراوە. دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ (٦٩٣) هەزارو (١٦٢) کەس کراوەتەوە، سزا بە سەر (١٢٢) هەزارو (٦٣٢) کەسدا سەپێنراوە، (٩٧) هەزارو (١٣٩) کەس دوای لێکۆڵینەوە ئازادکراون، (٣٤٤) هەزارو (٨٤٨) کەس “بڕیاری بەدوادانەچوون” (٨)یان لە سەر دەرکراوە، هەتا ئێستا (١٥) هەزارو (٥٣٩) کەس بە تاوانی بەشداری‌و پشتیوانی لە کودەتاکە لە زینداندان. پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە (٦٧) هەزارو (٨٩٣) کەس بەردەوامە، دانیشتنی دادگایی بۆ دۆسیەی (٢٦) هەزارو (٦٦٧) کەس بەردەوامە، لە کۆی (٢٨٩) دۆسیەی تایبەت بە کودەتاکەدا (٦٣٤) کەس سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورس(٩)، (٣٦٦) کەس سزای زیندانیی هەتاهەتایی، (٨٩١) کەسیش سزای زیندانیی چەند ساڵێکیان بە سەردا سەپێنراوە(١٠).

کودەتا لە نێوان سیناریۆی ئەردۆغان‌و خەنجەری گیولەندا

هەتا ئێستا کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) لە نێوان ئەردۆغان‌و گیولەندا جێگای مشتومڕە، سەرەڕای بانگەشەکانی ئەردۆغان‌و دادگاکانی دەوڵەت سەبارەت بە تاوانبارکردنی بەرپرس‌و ئەندامانی گرووپی خزمەت بە ئەنجامدانی کودەتاکە(١١)، بەڵام ژمارەی ئەو بانگەشەو بەڵگانەیش کەم نین، کە گومان دەخەنەسەر قسەو بەڵگەکانی ئەردۆغان‌و دادگاکانی تورکیا، تەنانەت بەشێک لە بەڵگەکان لە لێدوان‌و قسەکانی خودی ئەردۆغان‌و نزیکەکانیەوە خراونەتەڕوو.بەرپرسانی حکومەتی تورکیا هەتا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە ئاگاداربوونی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (میت) پێش کودەتاکە نەداوەتەوە، واتە هێشتا بەرپرسان بە خودی ئەردۆغانیشەوە ڕاشکاوانە دانیان بەوەدا نەناوە، کە میت پێشوەختە ئاگاداری کودەتاکە نەبووە، بە تایبەت لە گفتوگۆکانی هاکان فیداندا، خلوسی ئاکار بە ڕوونی ئاماژە بە ئاگاداربوونی پێشوەختەی میت لە ڕوداوەکە کراوە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت ڕۆژی (١٤)ی تەمموز هاکان فیدان‌و خلوی ئاکارو چەند ژەنەڕاڵێکی سوپا بۆ ماوەی (٦) کاژێرو نیو گفتوگۆیانکردووە. کەس نازانێت باسی چییان کردووە، بەڵام هەریەک لە فیدان‌و ئاکار دانیان بەوەدا ناوە، کە ئەو کۆبوونەوەیەیان کردووە(١٢). لە هەمان کاتدا هەوڵێکی جددی بۆ ڕێگری لە کردنی نەدراوە. ئەمە جگە لەوەی چەندین جار ئەردۆغان بۆ نیشاندانی بەهێزیی میتی تورکیا باسی لە ئاگاداربوونی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی لە کردنی کودەتاکە کردووە. لە بەرانبەر ئەم تۆمەتانەدا، میتی تورکیاو ئەردۆغان باس لەوە دەکەن، کە “هەوڵی جددیی میت نەبوایە، کودەتاچییەکان پلانیان وا بووە ڕۆژی (١٦)ی تەمموزی (٢٠١٦)، کاژێر (٣)ی بەرەبەیان کودەتاکە بکەن، بەڵام بە هۆی هەوڵەکانی میت‌و خودی هاکان فیدانەوە کودەتاچییەکان ناچاربوون ئێوارەی (١٥)ی تەمموز هەوڵەکەیان دەستپێبکەن(١٣)”.لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کودەتاکە ڕاستەوخۆ سیناریۆی ئاکپارتی‌و ئەردۆغانیش نەبووبێت، لێدوانی ڕۆژنامەنووس‌و نوسەرە نزیکەکانی حکومەت‌و پارتە دەسەڵاتدارەکان لە بارەی ئاگاداربوونی حکومەت‌و ئەردۆغان لە پلانی کردنی کودەتاکە چەند مانگ پێش ئەنجامدانی وەک بەڵگەیەک بۆ پشتیوانی لە بۆچوونی “سیناریۆبوونی کودەتاکە” دەخرێتەڕوو. هەروەک عەبدولڕەحمان دیلیپاک (Abdurrahman Dilipak)، کە نوسەرێکی ڕۆژنامەوانی نزیک لە ئاکپارتی بووەو ماوەیەکیش ڕاوێژکاری ئەردۆغان بووە، لە تویتێکیدا لە (١٨)ی شوباتی (٢٠٢٤) ئاشکرایکردووە، کە “حکومەت (٤) مانگ پێش کردنی؛ ئاگاداری پلانی کودەتاکە بووە بە تەواوی وردەکارییەکانیەوە(١٤)”.لە کاتێکدا سەرۆکی میت‌و سەرۆکی گشتیی ئەرکانی سوپای تورکیا لە شەوی کودەتاکەدا بە تەلەفۆنیش نەیاندەتوانی قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا بکەن، لێدوانەکەی ئەردۆغان بۆ کەناڵی (CNN TÜRK) لە نیوەشەودا(١٥) گومانێکی دیکەیە لە سەر ڕاستیی ڕوداوەکەو ڕێکخستنی سیناریۆکە لەلایەن گرووپەکەی ئەردۆغانەوە. هەموان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەن، چۆن دەکرێت کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بتوانێت لە کاتێکی هەستیاری لەو جۆرەدا دەستیبگات بە سەرۆکوەزیران‌و لێدوانی لێوەربگرێت؟ بەڵام بەرپرسانی ئەمنی‌و سەربازیی وڵات نەتوانن قسە لەگەڵ ئەردۆغاندا بکەن. هەروەها ئەردۆغانیش هەواڵی پێشهاتی گوماناوی‌و ڕودانی کودەتای پێش بەرپرسانی هەواڵگری‌و ئەمنیی وڵات، لە زاواکەیەوە پێدەگات(١٦).گومانی گەورە لە سەر سیناریۆبوونی کودەتاکە ئەوەیە، کە ململانێکانی گرووپی خزمەت‌و ئاکپارتی گەشتبووە لوتکەو ئەردۆغانیش هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەبوو، بۆئەوەی پاکتاوی یەکجاریی ئەو گرووپە بکات. لە هەمان کاتدا بە هۆی ڕەگداکوتانی گرووپی خزمەت لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، جگە لەوەی لە هەر شوێنێکدا قسەی ئەردۆغان وەک خۆی جێبەجێنەدەکرا، تەنانەت لە هەندێک کات‌و شوێندا هەڵمەتی لێکۆڵینەوەو دەستگیرکردن بۆ ئەندام‌و لایەنگرانی ئاکپارتی دەکرا، تەنانەت لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان گەیشتبووە ئاستی وەزیرو ئەندامانی خێزانەکەی ئەردۆغان(١٧)و هاکان فیدان؛ سەرۆکی ئەوکاتی میت، کە ئەدۆغان بە سندوقی نهێنییەکانی ناویدەهێنا(١٨). هەڵبەت ئامانجە سەرەکییەکە خودی ئەردۆغان بوو، بەڵام دادوەرەکانی سەر بە گرووپی خزمەت دەیانویست لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی هاکان فیدانەوە دەستیانبگات بە خودی ئەردۆغان، هەر بۆیە لە هەڵمەتە دادوەری‌و ئەمنییەکەی (٧)ی شوباتی (٢٠١٢)، کە هاوکات بوو لەگەڵ نەشتەرگەرییەکی ئەردۆغاندا، بە پاڵپشتی‌و فەرمانی تایبەتی ئەردۆغان‌و هێزی تایبەتی پارێزگاریی سەرۆکوەزیران، هاکان فیدان بانگهێشتی دادگای ڕەتکردەوەو ئامادەنەبوو خۆی ڕادەستی ئەو هێزە ئەمنییە بکات، کە هاتبوونە بەردەم بینای میت بە مەبەستی دەستگیرکردنی(١٩)، هەر بۆیە ئەردۆغان لە (١٩)ی شوباتی (٢٠١٢) بێدەنگیی شکاندو ڕایگەیاند، کە “هەرگیز هەڵبژێردراوەکان ڕادەستی دانراوەکان ناکەین”، ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە ئەردۆغان لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بەڵام دادوەرەکان بە فەرمانی دەوڵەتی دانراون، بۆیە ئەردۆغان ملکەچی بڕیاری دادوەرێک نابێت، کە بە فەرمانی خۆی دانراوە. هەر بۆیە پاش ماوەیەک هەمواری یاسای تایبەت بە میتی تورکی کرایەوەو دەسەڵاتی بانگهێشتکردن‌و لێپرسینەوە لە سەرۆکی میت لەلایەن دادوەرەوە بەبێ ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران هەڵوەشێنرایەوە(٢٠). بەم جۆرە ئەردۆغان هەوڵیدەدا هەم لە ڕێگەی بڕیاری تاکڕەوی‌و هەم لە ڕێگەی یاساوە ڕێگریبکات لە هەوڵەکانی گرووپی خزمەت بۆ شکاندنی کەسانی دەوروبەری‌و لە هەمان کاتدا هەر پێشهاتێکی وەک دەرفەتێک بۆ پاکتاوکردنی ئەو گرووپە دەقۆستەوە.

کۆمەڵێک پرسیاری جددی هێشتا وەڵامیان نادیارە، تەنانەت ئەو کەسانەی ئەم پرسیارانە دەکەن، هەرچەندە لە شەوی کودەتاکەدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەوڵەکە ڕاگەیاندبوو، بەڵام بە تۆمەتی پەیوەندی بە فەتۆوە هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دەدرێت. یەکێک لەو پرسیارانەی کە بەردەوام ڕۆژنامەنوسانی تورکیا جەختیلەسەردەکەنەوە، ئەوەیە، کە ئایا ئەگەر ئەو ئەفسەرەی لە سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپاوە ئێوارەی (١٥)ی تەمموز خۆی نەگەیاندایەتە بارەگای میت‌و هەواڵی کودەتای بە هاکان فیدان نەدایە، میت ئاگاداری هیچ پلان‌و پێشهاتێک نەبووەو کودەتا بە سەرکەوتوویی دەکرا؟ کەواتە بەهێزیی میت لە چیدا بووە، کە بەردەوام هاکان فیدان‌و ئەردۆغان جەختیلێدەکەنەوە؟ بۆچی میت ئیشی لە سەر ئەو هەموو هەواڵ‌و زانیارییە نەکردووە، کە لەلایەن ڕۆژنامەنوس‌و میدیاکانەوە لە بارەی هەڵمەت‌و بەرنامە نهێنییەکانی فەتۆوە ئاشکرادەکران؟ بە دڵنیاییەوە میت زانیاریی زیاترو گرنگترو نهێنیتری لەوەی ڕۆژنامەنووسان دەستکەوتووە(٢١). پرسیارێکی دیکە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی ئەردۆغان‌و فەتحوڵڵا گیولەنەوە، لە کاتێکدا لە (٧)ی شوباتی (٢٠١٢) گرووپی خزمەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەندامانی خۆیەوە لە ناو دەسەڵاتی دادوەری، پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەکان، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا هەوڵی دەستبەسەرکردنی هاکان فیدانی داوەو ئامانجی سەرەکییش لەم ئۆپەراسیۆنە خودی ئەردۆغان بووە، کەچی لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا لە ئۆڵۆمپیاتی زمانی تورکی کە لەلایەن گرووپی خزمەتەوە ڕێکخرابوو، ئەردۆغان لە وتارێکدا داوا لە فەتحوڵڵا گیولەن دەکات لە ئەمریکا بگەڕێتەوە تورکیاو ناسۆری دووری لە نیشتیمانی دایک کۆتاییبێت(٢٢).پرسیارێکی دیکە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان‌و بەرپرسانی باڵای ئاکپارتییەوە، بۆچی ڕێگریکراوە لە دەستبەکاربوونی لیژنەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)ی پەرلەمان تایبەت بە لێکۆڵینەوەو ئاشکراکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی گرووپی فەتۆ لەگەڵ حیزب‌و کەسایەتییە سیاسییەکاندا؟ بۆچی ڕێگریکراوە لە بانگهێشتکردنی هاکان فیدان‌و خلوسی ئاکار بۆئەوەی لە دادگا ئیفادەی خۆیان لە بارەی ڕوداوەکانی (١٥)ی تەمموز پێشکەشی دادوەر بکەن؟ تەنانەت ئەو دادوەرەی واژووی لە سەر بڕیاری بانگهێشتکردنی فیدان‌و ئاکار کردبوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. پێش هەوڵی کودەتاکە دەستلەکارکێشانەوەی سەدان بەرپرسی باڵای سەربازی ئاماژە بوو بۆ مەترسیی گرووپی فەتۆو بێدەسەڵاتیی ئەو بەرپرسانە لە ئاست گرووپی فەتۆدا، بۆچی بەرپرسانی باڵای وڵات ئەو دۆخەیان نەبینی؟ئاگاداربوونی سەرۆکی میت‌و بەرپرسانی باڵای سەربازی‌و خودی ئەردۆغانیش لە سەرلەئێوارەی (١٥)ی تەمموز، بەڵام ڕایگشتیی تورکیا لە هەوڵی کودەتا ئاگادارنەکرایەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، شاردنەوەی هەوڵی کودەتا لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە لە پێناو چ ئامانجێکدا بووە؟ ڕەنگە هەر سەرلەئێوارە ڕایگشتی ئاگاداربکرایەتەوە، تورکیا بە کەمترین زیانی گیانی‌و ماددی لەو هەوڵە ڕزگاریببوایە.بۆچی بڕیاری “ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن” نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ئەم بڕیارە لە ساڵی (٢٠٠٤) لەلایەن دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا (Milli Güvenlik Kurulu (MGK))و بە واژووی خودی ئەردۆغان دەرکراوە، ئەمەیش لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتە هەواڵگری‌و ئەمنییەکانی میت‌و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تورکیا، کە جەختیان لە ڕۆچوونی ئەندام‌و لایەنگرانی گرووپی خزمەت کردووەتەوە بە ناو دامەزراوە سەربازی، دادوەری، ئەمنی‌و تەندروستییەکانی وڵاتدا(٢٣).

دەستگیرکرنی ئادیل ئۆکسوز (Adil Öksöz) کە ئیمامی هێزی ئاسمانی بووەو یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی فەتحوڵڵا گیولەن‌و ئازادکردنی پێش یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکەی لە دادگا، یەکێکی دیکەیە لە گومانەکان لە سەر ڕاست‌و دروستیی کودەتاکە، یاخود دەستتێکەڵبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەت‌و هێزە ئەمنییەکان‌و ئاکپارتی‌و مەترسیی ئاشکراکردنی سیناریۆی کودەتاکە لەلایەن ئادیل ئۆکسوزەوە.میدیای نزیک لە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن بە ئاشکراو شاراوەیی بانگەشەیان بۆ کودەتا کردووە، هەروەک (٩) مانگ‌و (١٠) ڕۆژ پێش کودەتاکە ڕۆژنامەی زەمان (Zaman Gazetesi) ئاماژەی بۆ کودەتاکە کردووە، ئەمەیش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆییەکی (٢٠) چرکەییەوە لە پێگەی ڕۆژنامەکە لە تۆڕی ئینتەرنێت، کە تێیدا ئاماژە بە چەند ساڵ ستەم‌و ڕاوەدوونانی ئەندامانی گرووپەکەو پاشان هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ‌و لەدایکبوونی گرووپی خزمەت وەک منداڵێکی ساوا دەکات. تەنانەت ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەلایەن داواکاری گشتییەوە وەک بەڵگەیەکی کردنی کودەتا خراوەتەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری(٢٤).

دواجار ئەردۆغان‌و ئاکپارتی توانییان لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتیان لە پڕۆسەی دژایەتی‌و پاکتاوکردنی کەمالیستەکان، بە تایبەت لە ناو سوپاو هەواڵگری‌و دەسەڵاتی دادوەریدا سوود لە تواناکانی گرووپی خزمەت وەربگرن‌و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان‌و وڵاتەکەیان بەکاریبهێنن، لە هەمان کاتدا گرووپی خزمەتیش لە پێناو هەمان ئامانجدا سوودیان لە ئەردۆغان‌و ئاکپارتی وەرگرت‌و پشتیوانێکی سەرسەختی پاکتاوکردنی کەمالیستەکان بوون، بەڵام کاتێک دۆخەکە گەیشتە ئاستی یەکلاییبوونەوەی مەیدانەکە بۆ لایەکیان، ئیدی کەوتنە ڕکابەریی یەکدی‌و کۆی پێشهاتەکان بە هەوڵێکی کودەتا بە ناوی گرووپی خزمەت (فەتۆ) دژی ئاکپارتی‌و ئەردۆغان تەقییەوە.بە دڵنیاییەوە ئەگەر کودەتاکە سەرکەوتنی بەدەستبهێنایە، ئێستا ئاکپارتی وەک پارتێکی قەدەغەکراوی تیرۆریست‌و ئەردۆغانیش وەک سەرکردەی باڵای ئەو گرووپە تیرۆریستییە بە جیهان ناسێنرابوو، هەروەک لە دەرئەنجامی شکستی هەوڵی کودەتاکەدا ئەو وێناکردنە بۆ گرووپی خزمەت‌و فەتحوڵڵا گیولەن جێبەجێکراوە.

ئەنجام

کودەتا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە مێژووی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی تورکیا هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە هە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. ئەگەرچی لە سەدەی بیستەمدا کەمالیستەکان‌و بەرەی سیکیۆلار چەندین جار لە ڕێگەی کودەتاوە دەسەڵاتی هەڵبژێردراویان لەکارخستووە، بەڵام لە سەدەی بیستویەکەمدا کودەتا لە تورکیا واتاو چوارچێوەیەکی دیکەی وەرگرت، بە جۆرێک کودەتاچی لە جەنەڕاڵێکی کەمالیستی سیکیۆلارەوە گۆڕا بۆ پیاوێکی ئاینیی مۆدێرن، لە هەمان کاتدا کودەتالێکراو لە سیاسییەکی دیموکراتی دڵسافی وەک عەدنان مەندەرەس‌و نەجمەدین ئەربەکانەوە گۆڕا بۆ کەسێکی وەک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆی‌و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، نەیارو دۆستەکانیشی بەیەکدادەدات‌و دواجار خۆیشی لەگەڵ براوەکەیاندا دەجەنگێت.ئاگادارکردنەوەی دەزگای هەواڵگری‌و خودی هاکان فیدان پێش دەستپێکردن بە کودەتاکە لەلایەن ئەفسەرێکی سوپاوە بە نهێنی‌و پاشان ئاگاداربوونەوەی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا، ئاشکراکردنی سەرەتای کودەتا لە بەردەم خلوسی ئاکارو ڕووبەڕووبوونەوەی ناوبراو دژ بە کودەتاچییەکان، پۆلیس، ئاسایش‌و ئەمن، ڕووبەڕووبوونەوەی فەرماندەی هێزی تایبەتی ئامەد لە ئەنقەرە بە چەک لەلایەن جێگری ئەفسەری ئێشکگری فەرماندەی هێزی تایبەتەوە لە ئەنقەرەو کوژرانی هەردووکیان، ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکوەزیران پێش ئەوەی هاوڵاتیانی تورکیا تەلەفزیۆنەکانیان بکوژێننەوەو بخەون، ئاگاداربوونەوەی میدیاو لێدوانەکەی ئەردۆغان لە (CNNTÜRK)، هاتنەسەر خەتی داواکاری گشتی‌و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەسانێک کە هێشتا ڕوون نەبوو ئایا دەستگیردەکرێن یاخود بۆ ڕۆژی دوایی وەک فەرمانڕەوای تورکیا بڕیار لە سەر ژیانی دادوەرانی داواکاری گشتی دەدەن، ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی کودەتا لە تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا (TRT)و قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن کودەتاچییەکانەوە، لە بەرانبەردا هاتنەدەرەوەی هاوڵاتیان‌و ڕژانەسەر شەقامەکان، خوێندنی قورئان‌و سەلات لە مزگەوتەکانەوەو بانگەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان، چەندێک بەڵگە بێت بۆ سیناریۆبوونی کودەتاکە لەلایەن ئەردۆغان‌و ئاکپارتییەوە. زیاد لەوە، هێمایە بۆ بوونی تۆڕێکی فراوانی ئەمنی‌و هەواڵگریی بەهێزی سەر بە ئەردۆغان‌و باڵەکەی خۆی لە ناو حکومەت‌و دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکانی تورکیادا، کە پێشوەخت بە پلانی کودەتاکەیان زانیوەو بە ناچاری کودەتاچییەکان پێش کاتی دیاریکراو هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە.

ناتوانین بڵێین کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) بە تەواوی سیناریۆی ئەردۆغان بووە، بەڵام پشتگوێخستنی ڕووکەشانەی میت‌و ئەردۆغان‌و لە پشتەوە ئاگاداربوونی حکومەت لە وردەکارییەکانی کودەتاکە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نیەتی ئەردۆغان بۆ پاکتاوکردنی گرووپی خزمەت لە ڕێگەی بەڵگەو بەهانەگەلێکەوە، کە هیچ کەسێک نەتوانێت ڕووبەڕوویانببێتەوە.

دوای تێپەڕینی (٩) ساڵ بە سەر ڕوداوەکەدا، ئەردۆغان لە ڕێگەی سوپایەک لە ڕۆژنامەنووس، نووسەرو لێکۆڵەرەوە هەوڵی جێگیرکردنی ئەو وێنایە لە لای هاوڵاتیانی تورکیاو جیهان دەدات، کە لە سایەی ڕوداوەکانی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) بۆ سوپای تورکیا، حکومەت‌و ئاکپارتی، خودی ئەردۆغان، گرووپی خزمەت، کەمالیستەکان، بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و تەنانەت کوردو پەکەکە دروستیکردووە.

سەرچاوەکان

Tevfik Erdem, Türkiye’de Darbe ve Müdahalelerin Kısa Tarihi, SDE, 15.07.2019, https://www.sde.org.tr/tevfik-erdem/genel/turkiyede-darbe-ve-mudahalelerin-kisa-tarihi-kose-yazisi-10443, 29.05.2025

Bianet, TSK İç Hizmet Kanunu’nun 35. Maddesi Meclis’te, 31.10.2013, https://bianet.org/bianet/siyaset/147996-tsk-ic-hizmet-kanunu-nun-35-maddesi-meclis-te#:~:text=madde%2FSiyaset&text=Bundan%20%C3%B6t%C3%BCr%C3%BC%20Silahl%C4%B1%20Kuvvetler%20mensuplar%C4%B1n%C4%B1n,vermeleri%20ve%20yaz%C4%B1%20yazmalar%C4%B1%20yasakt%C4%B1r.%E2%80%9D, 29.05.2025

Sozcu, 15 Temmuz’da ne oldu ve neler yaşandı? Dakika dakika 15 Temmuz darbe girişiminde yaşananlar…, 15.07.2020, https://www.sozcu.com.tr/2020/gundem/15-temmuzda-ne-oldu-ve-neler-yasandi-dakika-dakika-15-temmuz-darbe-girisiminde-yasananlar-5933335/, 29.05.2025

Yeni Şafak, Başkomutan’dan halkına çağrı!, 13.06.2017, https://www.youtube.com/watch?v=czCknVm14dc, 29.05.2025

وردەکاریی زیاتری ئەم بابەتە لە ژمارە (٤)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤)ی وەرزنامەی تورکیاناسی لە توێژینەوەیەکدا بە ناونیشانی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)؛ شەوی یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا بڵاوکراوەتەوە. https://www.centerfs.org/15-july-2016-the-night-of-the-settlement-of-the-political-and-social-islamic-conflict-in-turkey/

وردەکاریی زیاتری ئەم بابەتە لە ژمارە (٤)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤)ی وەرزنامەی تورکیاناسی لە توێژینەوەیەکدا بە ناونیشانی “(١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)؛ شەوی یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا” بڵاوکراوەتەوە. https://www.centerfs.org/15-july-2016-the-night-of-the-settlement-of-the-political-and-social-islamic-conflict-in-turkey/

Büşra Çoban, 15 Temmuz Darbe Davaları Platformu, darbe davalarıyla ilgili istatistikleri paylaştı, 10.07.2023, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/15-temmuz-darbe-davalari-platformu-darbe-davalariyla-ilgili-istatistikleri-paylasti/2941624, 29.05.2025

“بڕیاری بەدوادانەچوون (Takipsizlik Kararı) بە گوێرەی یاسا لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە بۆ هەر کەسیک دەردەکرێت، کە تۆمەتێکی ئاڕاستەکرابێت، بەڵام بەڵگەی پێویست نەخرێتە بەردەستی دادوەر بۆ سەلماندن یاخود ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا دادوەر بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکە لە ژێر ناونیشانی “بڕیاری بەدوادانەچوون” دەردەکات‌و دۆسیەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، هەتا ئەو کاتەی بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی تۆمەتەکە یاخود ڕەتکردنەوەی یەکجاری‌و بێتاوانیی تۆمەتبارەکە دەردەکرێت. https://kalemci.av.tr/takipsizlik-karari-nedir/

سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورس، واتە لێبووردنی گشتی‌و تەنانەت لێبووردنی تایبەتی سەرۆککۆماریش نایگرێتەوە.

Alican Uludağ, 15 Temmuz’a ilişkin yanıt bekleyen sorular, 15.07.2023, https://www.dw.com/tr/15-temmuz-darbe-giri%C5%9Fimine-ili%C5%9Fkin-yan%C4%B1t-bekleyen-sorular/a-66241716, 30.05.2025

بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە تاوانبارکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن بۆ کردنی کودەتاکە؛ دەتوانن سوود لەم تویژینەوەیەی “(١٥(ی تەمموزی (٢٠١٦)؛ شەوی یەکلاییبوونەوەی ململانێی ئیسلامی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا” وەربگرن، کە لە ژمارە (٤)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤)ی وەرزنامەی تورکیاناسی بڵاوکراوەتەوە. https://www.centerfs.org/15-july-2016-the-night-of-the-settlement-of-the-political-and-social-islamic-conflict-in-turkey/

 Ahmet Dönmez, Hulusi Akar’ın Yazılmamış Portresi – 13 (Hulusi Akar’ın 14 Temmuz’u), 30.11.2020, https://www.youtube.com/watch?v=_5uxBXB-lJw, 30.05.2025

TRT Haber, 15 Temmuz’da MİT’e gelen ihbar tarihin seyrini değiştirdi, 13.07.2021, https://www.youtube.com/watch?v=nuC98kGC75c, 30.05.2025

Abdurrahan Dilipak, Sanki FETÖ’cüler darbeye kalkışmamışlar gibi, 18.02.2024, https://x.com/aDilipak/status/1759261350063194452?s=20, 30.05.2025

TR724, Erdoğan’a 15 Temmuz akşamı CNN Türk yayınında ‘başkomutanım de’ telkini, 04.04.2027, https://www.youtube.com/watch?v=54d4tv4pBBY, 30.05.2025

  Postmodern, Recep Tayyip Erdoğan: Darbeyi eniştemden öğrendim, bu bize Allah’ın büyük bir lütfu, 10.01.2023, https://www.youtube.com/watch?v=YdHG6pLf5cc, 30.05.2025

  Mahmut Hamsici, 10 soruda: 17-25 Aralık operasyonları, 16.12.2014, https://www.bbc.com/turkce/haberler/2014/12/141212_17_25_aralik_operasyonu_neler_oldu_10_soruda, 30.05.2025

 Ulusal Kanal, Erdoğan’ın “Sır küpüm” dediği Hakan Fidan kimdir?, 08.06.2023, https://www.youtube.com/watch?v=6wFP7Z7OG6U, 30.05.2025

  Yeni Şafak, 7 Şubat MİT Kumpası’nda o dönem başbakan olan Erdoğan – MİT Müsteşarı Fidan diyaloğunun perde arkası, 07.02.2021, https://www.youtube.com/watch?v=ylR1_y0U4t8, 30.05.2025

AA TBMM, MİT Teklifi abul edildi, 17.04.2014, https://www.aa.com.tr/tr/turkiye/mit-teklifi-kabul-edildi/166313, 30.05.2025

 Murat Yetkin, 15 Temmuz-15 soru. Önce şu soruları yanıtlayın, öyle konuşalım, 15.07.2024, https://www.youtube.com/watch?v=f7K1Ly2gAH0, 30.05.2025

 Türk Avenue, Fethullah Gülen Başbakan’ın Dön Çağrısına Cevap Verdi, 25.06.2012, https://www.youtube.com/watch?v=4Xj1cJ4fKSc, 30.05.2025

 Alican Uludağ, 15 Temmuz’a ilişkin yanıt bekleyen sorular, 15.07.2023, https://www.dw.com/tr/15-temmuz-darbe-giri%C5%9Fimine-ili%C5%9Fkin-yan%C4%B1t-bekleyen-sorular/a-66241716, 30.05.2025

Haberler.com, Zaman gazetesinin “Sukutün Çığlığı” reklamı darbe dosyasına girdi, 07.08.2016, https://www.dailymotion.com/video/x4n2ua8, 30.05.2025

Send this to a friend