• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 18, 2025

کۆماری ئیسلامی لە نێوان داڕمان  و ڕووخاندا

توێژەر: ئارمان حوسێنی

بەرایی

باسی ڕووخان (سرنگونی) یان داڕمانی (فروپاشی) دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییی ئێران، یەکێک لە بابەتە گرنگ و لە هەمانکاتدا ئاڵۆزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانە. بە جۆرێک کە ئەم بابەتە بۆتە هۆی جۆرێک لە دابەشکاری لە نێو لایەنە جیاوازەکاندا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێواز و فۆرمی تێپەڕبوون لەو دەسەڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر پێکهاتە و نێوەڕۆکی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران دیاری دەکات. بەشێکی زۆر لە شارەزایان و پسپۆڕانی سیاسی پێیان وایە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامییی بڕووخێت، ئەوە شانسی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ئێران زیاتر دەبێ بۆ ئەوەی پشکی خۆیان بەدەست بێنن تا ئاستێک کە تەنانەت چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە پڕۆسەی ڕووخاندا پێکهاتەی دەسەڵات تاڕادەیەکی زۆر هەڵدەوەشێتەوە و ژێرخانە ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان لە نێو دەچن. بۆیە بۆشاییەک دروست دەبێت کە تێیدا کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمان و …هتد، دەتوانن وەک لایەنێکی بەهێزی گەمەی گۆڕەپانی سیاسی داهاتوو خۆیان دەربخەن. بەڵام لە ئەگەری داڕمانی کۆماری ئیسلامییدا دەشێت پاشماوەی هێزی دەسەڵاتی ناوەندی، ژێرخانێکی پتەو بێت بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی حکومەتێک کە درێژەدەری دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی لانیکەم سەد ساڵی ڕابردووی ناوەند لەو وڵاتەدا بێت.

بەپێی ئەزموونی دەوڵەت – نەتەوەی ئێران، فارسەکان بە دیموکراسیخواز و سەڵتەنەتخوازەکانیانەوە وەک یەکێک لە نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کە لەسەر داڕمان بۆ هێشتنەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆیان، وەکو پڕۆژەیەکی ستراتیژیک کار بکەن. بۆ نموونە ئەم جۆرە لە تێپەڕین (Transition) لە دەسەڵاتی قاجاڕەوە بۆ پەهلەوی و لە پەهلەوییەوە بۆ کۆماری ئیسلامییی ئەزموون کراوە. بە جۆرێک کە پاشماوەی هەر دەسەڵاتێکی داڕماو بووەتە بنچینە بۆ سەر لە نوێ دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێ. بەڵام لە بەرامبەردا نەتەوە بندەستەکان لە سەرووی هەموویانەوە کورد هەنگاوی پێچەوانەی ناوەندگەراکانیان هەڵگرتووە تاکو پڕۆسەی تێپەڕین لە دەسەڵاتی ناوەند نەک داڕمان، بەڵکو بە ڕووخان کۆتایی بێت. بەم واتایە کە ژێرخان و جومگەکانی دەسەڵات لە ئابوورییەوە تاکوو فەرهەنگی تێک بشکێندرێ. لەم حاڵەتەدایە کە بۆشایی هێز دروست دەبێ و بونیاتنانەوەی دەسەڵاتی نوێ پێویستی بە ڕەزامەندی و بەشداری نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکان دەبێت. بەتایبەتی ڕۆڵی کورد لەو ڕووەوە گرنگە کە خاوەن ئەزموونێکی دوور و درێژە لە بەرەنگاری، ڕێکخستن و کولتووری ڕێکخراوەیی کە ئەم ئەزموونە دەکرێ بگوازرێتەوە و ببێتە بنەما بۆ پێکهاتەکانی وڵاتی ئێران. دەرئەنجامی ئەم حاڵەتەش فۆرمگرتن و جومگەبەندییەکی گەورە و شوێندانەرە بۆ داهاتوو کە تاڕادەیەکی زۆر دەوری یەکلاکەرەوەبوون لە نەتەوەی فارس دەستێنێتەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین ململانێی سەرەکی بۆ داهاتووی ئێران بریتییە لە بەریەککەوتنی دوو نەخشەڕێگەی ڕووخان یان داڕمانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا. هەروەها فاکتەر و هێزی دەرەکیش کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر لایەنەکانی هەڵگری ئەم  دوو ستراتیژییە دەبێت. ئەم کاریگەرییە دەتوانێ هەریەک لەم دوو ستراتیژییە بەرەو ئاڕاستەی بەهێزی یان لاوازی ببات.

بە لەبەرچاوگرتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ئەو مەترسییە زۆر جدیە کە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار جارێکی تر دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ. ئەمەش لەخۆیدا ئەگەری دیموکراتیزاسیۆن، دابەشکردنی دەسەڵات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و نەتەوەیی بەرەو ڕووی هەڕەشەی گەورە دەکاتەوە کە پریشکەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش دەگرێتەوە. بۆیە لە ئێستادا مشتومڕێکی توند لەو بارەوە لە ئارادایە. ئێمە هەوڵ دەدەین لەم وتارەدا جیاوازی خاڵە جەوهەرییەکانی داڕمان و ڕووخان بخەینە بەر باس. هەروەها بە هێنانەوەی نموونە و لێدوان لە کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکان ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە کە چلۆن پڕۆسە و ڕەوتی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامییی دەتوانێت لەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و کەمینە ئایینییەکان نێوخۆی ئێران و وڵاتانی دراوسێ، کاریگەری قووڵ و درێژخایەن بەجێبهێڵێت

١. گریمانەکان بۆ داهاتووی ئێران

لێرەدا ئێمە دەپەرژێینە سەر چوار گریمانە کە پێمان وایە سیناریۆی سەرەکی دەبن بۆ داهاتووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییی ئێران. بەپێی ئەو پێناسەیەی کە لە سەرەتادا سەبارەت بە داڕمان یان ڕووخانی دەسەڵات لە ئێراندا باس کرا، دەکرێ هەر سیناریۆ یان گریمانەیەک بەپێی فاکتەرە کارتێکەرەکانی، بە شێوازی تایبەت بە خۆی بە داڕمان یان ڕووخان کۆتایی پێ بێت. بە واتایەکی تر ئەوە پڕۆسەی لەنێوچوونی دەسەڵاتە کە داهاتووی سیاسی دیاری دەکات.

١-١ گریمانەی یەکەم: کودەتای سەربازی

کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە ١٦ دامەزراوەی هاوتەریبی ئەمنی­یە (١). بۆیە پێشتر زۆێک لە شارەزایان و پسپۆڕان پێیان وابوو کە لەبەر ئەم تۆڕە گەورە و گشتگیرە، ئەگەری کودەتای سەربازی لە ئێراندا زۆر بەهێز نییە (۱). بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی لاوازبوونی پێگەی سوپای قودس (لقی دەرەکی سوپای پاسدارن) کە تایبەتە بە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، هەروەها لەرزۆکبوونی پێگەی بازنەی داخراوی دەسەڵات (خامنەیی و دەورووبەرەکانی)،کە لە هەڵوێستی سەرۆک کۆمار پزیشکیان و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بابەتی وتووێژ لەگەڵ ڕۆژاوا لە پاش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر بنکە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی و دژایەتی سەعید جەلیلی وەکو کەسایەتی دیاری نێو بازنەی بناژۆخوازەکان، هەروەها فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران ئەم ئەگەرە بەهێزتر بووەتەوە و بە یەکێک لە سیناریۆ بەهێزەکان دێتە ئەژمار. بە چاوخشاندێک بە پڕۆسەی لەنێوچوونی یەکێتی سۆڤیەت ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە لاوازبوونی پێگەی هەژموونخوازی دەرەکی، سەرەتایەکە بۆ لاوازبوونی پێگەی نێوخۆیی. چونکە ڕاستەوخۆ لەسەر هەیمەنەی دەسەڵاتی سیاسی – ئایدۆلۆژیک کاریگەری قووڵ دادەنێت. ئەم ڕەوتە لە یەکێتی سۆڤییەتدا بە جۆرێک بوو کە بازنەی دەسەڵات  (Territory) بۆ نێو سنوورەکانی ڕووسیای ئێستا کەم کرایە و بەرەبەرە دروستبوونی وڵاتانی جیاواز هێز و بڕشتی ئایدۆلۆژیکی حیزبی کۆمۆنیستی کەم کردەوە و بوو بەهۆی ڕیفۆرمەکانی گۆرباچۆف و کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەو دەسەڵاتە.

لە پاش هێرشی (٧)ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کە دواتر بەڵگەکان سەلماندیان بە فەرمانی خامنەیی ئەنجام درا (٢)، هەڵمەتێک لەلایەن ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا دەستیپێکرد، کە بوو بەهۆی لێدانی حەماس، حیزبوڵڵا و پراکسییەکانی تری سەر بە کۆماری ئیسلامیی و لە کۆتاییدا پاشەکشەی ناوچەی بەرتاو یان نفووزی تارانی لە ناوچەکەدا لێ کەوتەوە. ئەمەش لای پسپۆڕان بە جۆرێک دوبارەبوونەوەی چارەنووسی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. بۆیە لە ئێستادا دەکرێ بڵێین لانیکەم لە ڕووی هێز و دەسەڵات، سوپای پاسداران وەکو کۆڵەکەی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی لاواز بووە. ئەم پاشەکشە شەقڵێکی گەورەی خستووەتە نێو پەیکەرەی سوپای پاسداران بە جۆرێک کە بەشێکی پێی وایە دەبێت درێژە بە دەستێوەردانەکانی ناوچە بدەن تەنانەت ئەگەر نرخی ئەم دەستێوەردانە تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بێت. لە بەرامبەردا بەشێکی تر پێی وایە دەبێ بگەڕێنەوە نێوخۆ و واز لە سیاسەتی پێشوو بهێنن. ئەمە لەو ڕووەوە گرنگە کە لە کاتێکی قەیراناویدا دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێ بۆ کودەتای لایەنێک بەسەر دەسەڵات لەنێو حکومەتدا بەتایبەتی ئەگەر پشتگیریی وڵاتێکی هەبێ. بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا بەدوای ئەوەدایە کە سەرنجی بەشێک لە پلەدارانی سوپای پاسداران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەم هەوڵە ئەوەندە جدیە کە کوڕی شای پێشووی ئێران (ڕەزا پەهلەوی) لە چەند لێدوانێکدا بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە دەبێت ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارە (سوپا) بکەونە بەر فەرمانی لێخۆشبوون (٣). لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا )ئەمیری تاهێری( کە بە یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی پاشایی-خوازەکانە (سلطنت­طلبان) لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی یەک، دەڵێت: ئەو سەردەمە کە بریگارد (پاشماوەی هێزی سەربازی دەسەڵاتی قاجاڕ) بە تۆپخانە مەجلیسی (پاڕلمان) ئێرانی کردە ئامانج، مەشرووتە­خوازەکان بێ ئەوەی ئەم کارە بە کردەوەیەکی تێرۆریستی بزانن، بڕیاریان دا کە فەرماندەی ئەو هێزە، ڤلادمیر لیاخۆف خانەنشین بکەن و ڕەوانەی وڵاتی خۆی واتە ڕووسیا بکەن و ڕەزاخان بە پاشماوەی ئەو هێزە ئەرتەشی (سوپا) حکومەتی نوێی دامەزراند. بۆیە لە ئێستاشدا سوپای پاسداران نابێت هەڵبوەشێتەوە یان گەمارۆی لەسەر دابنرێ یان بە تێرۆریست بناسێندرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە دیموکراسیخوازان ئەم لێدوان و هەڵوێستە بۆسەر داهاتووی دیموکراسی و سەقامگیری بە مەترسی دەزانن.  جگە لەمەش دەکرێت بەشێک لەو ڕیفۆرمخوازانەی کە لەلایەن خامنەییەوە وەلا نراون، بە هاودەستی باڵێک لە سوپا بۆ کودەتایەکی سەربازی هەنگاوی کردەیی هەڵبگرن. لە هەر دوو حاڵەتدا کودەتای سەربازی بەتایبەتی ئەگەر دەستێکی دەرەکی لە پشت بێ، بە ئەگەری زۆرەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی دادەڕمێ. بەو واتەیە کە بەشێک لە سیستەمی ئابووری، سەربازی و سیاسی و … بە تۆزێک گۆڕانکارییەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندی لایەنێک تەواو دەبێ کە پاڵپشتی ستراتیژی داڕمانە. ئەم لایەنە دەتوانێ بە یارمەتی پاشماوەکانی حکومەتی پێشوو دەسەڵاتی خۆی بونیات بنێ کە بێ ئەملاو ئەولا دەسەڵاتێکی پاوانخواز، سەرەڕۆ و توندوتیژ دەبێ دەرهەق بە خەڵک بەتایبەتی نەتەوە بندەستەکانی وەکو کورد.

١-٢ گریمانەی هێرشی دەرەکی

هێرشی دەرەکی یەکێک لەو ئەگەرانەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی لەنێوچوونی یەکجاری یان لانیکەم لاوازبوونی دەسەڵاتی تاران. ئەم گریمانەیە پاش هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ئەفغانستان بەهێزتر بوو، دواتر لەبەر ناڕەزایەتی ڕای گشتی کۆمەڵگەی ئەمریکی، تێچووی زۆری دارایی و کوژرانی چەند هەزار سەربازی وەکو بژاردەیەکی جدی وەلانرا. بەڵام پێش لە ڕێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ لەنێوان وڵاتانی پنج کۆ یەک (٥+١)  و ئێران (JCPOA) باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دا ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئامادە نەبێت لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک (٥+١) ڕێکەوتن بکات، ئەوە بژاردەی هێرشی سەربازی جێبەجێ دەکرێت. هەروەها لە ئێستاشدا هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە دەکات ئەگەر تاران خواستەکانی واشینگتۆن قبووڵ نەکات و هەوڵ بدات بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، ئەوا فەرمانی هێرش دژی تاران دەردەکات وەک ئەوەی بینیمان کە چلۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان کردە ئامانج و بە وتەی سەرۆک ترامپ لەنێویان برد. جگە لەمەش وڵاتی ئیسرائیل لەبەرئەوەی ئێران بە مەترسییەکی جدی لەسەر مانەوەی خۆی دەزانێ، هەوڵ دەدا کە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی تەیار بکات. ئەگەرچی تەلئەڤیڤ پێی باشە کە ئێران لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی پتەوەوە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی بەردەام هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کردووە، هیچ ڕێکەوتنێک بۆ هەتاهەتایە بە گەرەنتییەکی دڵنیاکەرەوە نازانن. بۆیە لە دوکتورینی بەرگری خۆیاندا بەردەوام باسی هێرشی سەربازی وەکو بژاردەیەکی بەردەست ڕادەگرن. لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل یان ئەمریکا و هاوپەیمانانی، دوو سیناریۆی سەرەکیمان دەبێ کە لێرە باسیان لێوە دەکەین.

یەکەم، هێرشێک هاوشێوەی شەڕی یەکەمی کەنداو کە دەسەڵاتی حکومەتی بەعسی عێراقی بە تەواوەتی لاواز کرد. لەو هێرشەدا زەبری قورس لە ژێرخانە ئابووری، هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق درا. لە ئاکامی ئەم لاوازبوونەی دەسەڵاتی بەعس، دەرفەتێک بۆ کوردستانی باشوور وەکو پێکهاتەی سەرەکیی ئەو وڵاتە هاتە پێش و بەهۆی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە بەشێکی بەرچاوی خاکی باشووری کوردستان لەژێر دەستی بەعس ڕزگار بوو کە دواتر بوو بەم یەکە سیاسی، جوگرافی و کۆمەڵاتییەی کە لە ئێستادا بە هەرێمی کوردستان دەناسرێ.

دووەم، هێرشی هاوشێوەی گورزی سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە لە ساڵی ٢٠٠١ ڕووی دا، لەم هێرشەدا بەیەکجاری تێکڕای سیستەم و پێکهاتەی دەسەڵات کرایە ئامانج و هەڵوەشایەوە و دەسەڵاتێکی نوێ بە پشتگیری ئەمریکا لەو وڵاتە بونیات نرا، ئەگەرچی ئەو حکومەتە نوێیەی ئەفغانستان هەتا کاتی ڕووخانی هەر بە لەرزۆکی مایەوە. ئەوەش لەبەرئەوەبوو کە دەسەڵاتەکە زیاتر لەوەی کە هەڵقوڵاوی خواستی جەماوەری ئەو وڵاتە بێ، بەرهەمی ویستی ئەمریکا و ئەندازیاری پێنتاگۆن بوو. هەرچەند ئەمە بۆخۆی جێی مشتومڕە، بەڵام لێرەدا مەبەستی ئێمە لێکەوتەی هێرشە سەربازییەکەیە کە بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەوکاتەی ئەفغانستان.

لە ئەگەری ڕوودانی هەریەک لەم دوو حاڵەتە لە ئێراندا ڕێگەی جیاواز دەکەوێتە بەردەم خەڵک. ئەگەرچی ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی ئامانج و پلانی ئەمریکایە، بەڵام پێکهاتەی دەسەڵات و زەمینەکانی گۆڕانکاری لە ئێران کاریگەری تایبەتی خۆی دەبێ. هەر جۆر بێ لە ئەگەری هێرشدا، دوو نەتەوەی سەرەکی کە خاوەنی حیزب و ڕێکخراون وەکو کورد و بەلووچ دەتوانن دوو هاوپەیمان و پشتیوانی سەرەکی بن بۆ وڵاتی هێرشبەر. ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە ئەو دوو نەتەوە خاوەن ڕێکخستن و هێزی چەکدارن. ئەم توانستە وەکو ئەوەی کە ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان بینیمان دەتوانێ جۆری دەسەڵاتی داهاتوو دیاری بکات. بێگومان ئەم سیناریۆیە بە لای نەتەوەی فارسەوە، وەکو ناسنامەی باڵادەستی ئێرانی مودێرن بژاردەیەکی دڵخواز نییە، چونکە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی دابەشکردنی هێز و تێکشکاندنی مۆنۆپۆلی دەسەڵات لە تاران. بۆیە لایەنگرانی دەسەڵاتی ناوەندی کە بەزۆری فارسەکانن، دژی هێرشی سەربازین و زیاتر جۆرێک لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە تارانیان پێ باشترە کە هەیمەنە و هەژموونی خۆیان وەکو نەتەوەی سەردەست بهێڵێتەوە نەک بڕووخێ و دەسەڵات لە دەستیان دەربێت یان تووشی شەڕێکی نێوخۆیی بن. بۆیە بژاردەی پەسەند و باش لای فارسەکان وەکو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی بە تایبەتی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران داڕمانی دەسەڵاتە نەک ڕووخانی و بە ڕاشکاوی خوازیاری داڕمانی کۆنتڕۆڵکراوە (فروپاشی کنترل شدە) (٤).

١-٢ گریمانەی ڕاپەڕینی جەماوەری

حکومەتە تۆتالیتەرەکان لەبەرئەوەی تۆڕێکی گەورەی سیخوڕی بەسەر دامەزراوەکانی خۆیان و هاوڵاتییانەوە دروست دەکەن، دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر پێشگیری بکەن لە شێوەگرتنی بزووتنەوە و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان و دەوترێت لە یەک سەدەی ڕابردوودا لەنێوچوونی هەموو حکومەتە تۆتالیتەرەکان یان بە هێرشی دەرەکی یان بە داڕمان ڕووی داوە. واتە جەماوەر نەیانتوانیوە ئەم دەسەڵاتانە بڕووخێنێت. وەکو یەکێتیی سۆڤیەت کە تووشی داڕمان بوو، هەروەها دەسەڵاتی پێشووی تاڵیبان کە لە ئاکامی هێرشی دەرەکی لەنێو چوو. ئەگەر وای دابنێین کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حکومەتێکی تۆتالیتەرە ئەوە بەپێی تیۆری ئەم حکومەتە دەتوانێ بەرامبەر بە خرۆشە جەماوەریەکان خۆی ڕابگرێ. بوونی ڕێکخستن و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئەگەرچی لەسەر کاغەز ناتوانێ ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی لەنێو بردنی دەسەڵاتی تۆتالیتەر، بەڵام دەتوانێ گوشارێکی گەورە و ئامادەییەکی پێشوەختە بێ بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن لە ئەگەری دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لەنێو پەیکەرەی دەسەڵات یان هەر هۆکارێکی تر گۆڕانکاری گەورە بە ئاڕاستەی دڵخوازی خۆیان دروست بکەن با ئەو گۆڕانکارییەش شۆڕش (Revolution) نەبێ.

بۆ نموونە بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) کە ساڵی ٢٠٢٢ لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران ڕووی دا، تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوایی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیار و بە پشتبەستن بە درووشمی سەرەکی خۆی (ژن، ژیان، ئازادی) بەهایەکی دژ بە بەها داسەپاوەکانی دەسەڵات لە سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی ئێران بەرجەستە کردەوە. ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی دەسەڵات لە سەنگەری حیجابی زۆرەملێ پاشەکشەی پێ بکرێت و لە ئێستادا دەبینین لە شەقامەکانی زۆربەی شارە گەورەکان ژنان بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆیانەوە دەردەکەون. تەنانەت ئەو ژنانەی کە سەرپۆشیشیان هەیە هەریەک بە شێوازێ پاڵپشتی ژنانی تر دەکەن و نەبوونی حیجاب بە مافێکی حاشاهەڵنەگر دەزانن. ئەگەرچی ئەم هەنگاوە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی دروستبوونی مەترسی ڕووخان بۆ دەسەڵات، بەڵام بە جۆرێک متمانە بەخۆبوون، هەستی هاوپێوەندی و یەکگرتوویی لەنێو جەماوەری خەڵک دروست دەکات. ئەمەش لەخۆیدا بۆ حکومەتێکی تۆتالیتەر کە بەدوای ئەتۆمیزەکردن و لەیەکدابڕاندنی هاوڵاتییانە، وەکو هەڕەشەیەک دێتە ئەژمار. هەروەها دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ قووڵبوونەوەی ململانێی نێوخۆیی و لە ئەنجامدا داڕمانی دەسەڵات. بە واتەیەکی تر باڵێک لە دەسەڵات کە خوازیاری سەرکوتی داخوازی هاوڵاتییانە لەگەڵ باڵێکی تری دەسەڵات کە ڕێفۆرم و چاکسازی پێ باشترە، دەکەونە ململانێی توند و ئەمە سیستەمی بەڕێوەبەری و کاربەڕێکردن پەک پێ دەخات. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا وەکو ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی کە پێی کرا ڕاپەڕینێکی جەماوەری کە لە ساڵی ٢٠١١ ڕووی دا سەرکوت بکات، بەڵام هەر ئەو ڕاپەڕینە بوو بەهۆی لاوازبوون و شەڕێکی نێوخۆیی کە بە پشتگیری دەرەکی لە ماوەی چەند ڕۆژدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا. واتە دەکرێ چەندێک لەم فاکتەرانە پێکەوە کۆ ببنەوە یان یەک لە دوای یەک کاریگەری تایبەتی خۆیان لەسەر تێکەوەهەڵپێچانی دەسەڵات هەبێت.

٢- ناکارامەیی و داڕمانی نێوخۆیی دەسەڵات

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی (Transparency International)، ساڵی ٢٠٢٤، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری گەندەڵییەوە لەنێوان ١٨١ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٥١دا جێی گرت و تا ئێستاش بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا دێتە ئەژمار (٥). هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی دراو ئابووری ئێران لەو ساڵانەی دواییدا هەڵاوسانی چل لە سەدی تێپەڕاندووە. لە لایەکی ترەوە هەڵاوسانی خۆراک لە ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠١٨دا تا چل و هەفت لە سەد هەڵکشا.

ئەمە دەتوانێ نیشانەیەک بێت بۆ داڕمانی باری ئابووری کە دەکرێ سەرەتایەک بێ بۆ داڕمانی کۆی پێکهاتەی دەسەڵات. بە بچووکبوونەوەی ئابووری وڵات و کەمبوونەوەی داهات و لە ئاکامدا دابەزینی ڕێژەی ڕانت ململانێی نێوخۆیی لەنێو بازنەی دەسەڵات قووڵتر و بەریەککەوتن زیاتر دەبێت. وەک دەزانین لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێفۆرمخوازەکان (چاکسازیخوازەکان) لە ئاستی میدیاکاندا دژ بە ڕەوتی بناژۆخواز بە دەربڕینێکی توندتر لە جاران هەڵوێستیان گرتووە، ئەمەش لەبەرئەوەبوو کە ڕێژەی بەشداری پێکردنیان لە دەسەڵات کەمتر لە هەمیشە بوو. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئەم جۆرە لێدوانانە بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی دەزانێ و زۆر جار بۆخۆی لەبەرامبەریدا وەستاوەتەوە. ئەمە بە جۆرێک بووە کە خامنەیی کاریگەری پێشووی خۆی وەکو لەمپەری ڕاگری ململانێی نێوخۆیی دەسەڵات لەدەستداوە و زیاتر وەکو سەرکردەی باڵی بناژۆخواز دەرکەوتووە و ئەمەش کاردانەوەی کەسانێ وەکو ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتووەتەوە کە بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا. قووڵبوونەی ئەم ململانێیە لەسەر پشکی ئابووری و حکومەت دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بەرەو داڕمانی یەکجاری ستراکتۆر ببات.

دەرئەنجام

لە ئێستادا بەشێک لە خەڵک بەتایبەتی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە کە زۆربەی خەڵکی نەتەوە بندەستەکان دەگرێتەوە و لە ئاکامی سیاسەتە پێشێلکارانەکان و هەڵاواردنی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامییدا لە دۆخێکی دژواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر دەبەن، خوازیاری ڕووخانی دەسەڵاتن، چونکە تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە دەرفەتێکی گونجاو دێتە پێش بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ژیانیاندا. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە پێکهاتوو لە بەشێکی بەرچاوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوە نافارسەکانی ئێرانە و وەکو ئەڵتەرناتیڤێکی دیار نوێنەرایەتی ویست و خواستی نەتەوە بندەستەکان دەکات لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەکات تاکو ڕووخانی یەکجاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مەوەستن (٦). بەپێی دوایین ڕاپۆرتی مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە نێوان ساڵەکانی (٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٣)، (٤٩٪)  لە سەدی زیندانیانی سیاسی ئیعدام کراو لە ئێران، کورد، (٢٩٪) بەلووچ و (١٦٪) لە سەد هاوڵاتیانی عەرەب و (٦٪) لە سەدیش لە کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە بوون. مای ساتۆ لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا دەڵێ، ڕێژەی لەسێدارەدان بەپێی حەشیمەت لە ٢٠١٥ بەملاوە بە بەراورد بە ڕابردوو، بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە. بە جۆرێک کە دەسەڵاتی وڵاتی ئێران زۆرترین سزای ئیعدامی بەپێی حەشیمەت جێبەجێ کردووە. هەروەها بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کۆی ٥٤٠ کوژراو، ١٤٢ کەسیان کورد بوون. هەر لە ڕەوتی خۆپەشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا و تەنیا لە یەک ڕۆژدا لە ڕێکەوتی ٣٠ سێپتەمبەری ٢٠٢٢ کە بە هەینی خوێناوی زاهیدان ناسراوە، زیاتر لە سەد هاوڵاتی بەلووچ درانە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی گولە و گیانیان لەسەد دا و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە نەتەوە بندەستەکان زیاتر لە گۆڕەپانی بەرەنگاریدان و بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە کە پێشێلکەر مافەکانیانە بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن و قوربانی دەدەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگەی فارس وەکو نەتەوەی باڵادەست لە گەورە شارەکانی وەکو تاران، ئەسفەهان، مەشهەد و قوم بەشدارییەکی ئەوتۆی خۆپێشاندانەکانیان نەکرد. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لێرەدا خۆی دەردەخات کە فارسەکان وەکو نەتەوەی باڵادەست کە هەڵگری ناسنامەی دەسەڵاتن، کەمترین بەشدارییان لەو ناڕەزایەتییانە کردووە کە بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات هەڵگیرسابوون. هۆی سەرەکی بەشداری نەکردنی فارسەکان لەو جۆرە ناڕەزایەتییانە کە خۆپیشەندەران خوازیاری ڕووخانی حکومەتن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بناغەی دەوڵەت – نەتەوەی ئێران لەسەر ناسنامە و بەرژەوەندی و کەرامەتی فارسەکان دامەزراوە و ئەو دەسەڵاتیشە خۆی بە نوێنەری ئەوان دەزانێ. بۆیە دەبینین کە کاتێک بزووتنەوەی سەوز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە تاران دەستی پێکرد و دواتر شارە فارسەکانی دیکەی وەکو ئەسفەهان، مەشهەد و شیرازی گرتەوە، خەڵکی کوردستان، بەلووچستان و عەرەبی ئێران نەهاتنە سەر شەقامەکان و بەشدارییان تێدا نەکرد. هۆکاری سەرەکیش دەگەڕایەوە بۆ خواستی خۆپیشاندەران و ڕێبەرانی کە خوازیاری ڕیفۆرم بوون. ئەم ناڕەزایەتییانە لە کۆتاییدا بەرفراوانتر بوو و خەڵکێکی زۆر تێیدا بوونە قوربانی، بەڵام هێشتا درووشمی داڕمانی دەسەڵاتیان دەدا. بۆیە نەتەوە بندەستەکان هیچ جۆرە مافێکیان لە ئامانج و درووشمەکانی ئەو بزووتنەوەیەدا بۆخۆیان بەدی نەکرد وبڕیاریان دا و تێکەڵ بەو خۆپیشاندانانە نەبوون.

هەروەک چۆن خەڵک بەپێی ناسنامە و چینی کۆمەڵایەتی بەشێوەی جیاواز و لە ناڕەزایەتی تایبەت بەخۆی بەشداری دەکات، لایەنە سیاسییەکانیش کە هەڵگری باس و خواستی جیاوازن، ئەجێندا و بەرنامەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەگەر و پێشهاتەکان هەیە. بۆ نموونە لە ژن، ژیان، ئازادیدا پاوشایی­خوازەکان کە فارسەکان بەتایبەت و چینی مامناوەند و سەرەوەی ئەم نەتەوەیە نووێنەرایەتی دەکەن، هەوڵیاندا درووشمەکان بگۆڕن و دژی بنەما هزری و ئامانجەکانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە بوەستنەوە. بۆ نمونە ئەوان هەوڵیان دا بۆ گۆڕینی درووشمی سەرەکیی بزووتنەوەی ژینا کە ژن، ژیان، ئازادی بوو و بەجێگەی ئەو درووشمە ڕستەی بێ واتای؛ پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی-یان بەرزکردەوە. هەروەها بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەنگاویان نا بۆ تێکدانی یەکگرتوویی و ئاڕاستەی شۆڕشەکە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆنی کورد و بەلووچ و تا ڕادەیەک گیلەکەکان هەموو هێزی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە پێش بخەن. بەریەککەوتنی ئەم دوو بەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژیکە دەرخەری ململانێی نەتەوە بندەستەکان و نەتەوەی سەردەستە.

ئەم ململانێیەی نێوان نەتەوە بندەستەکان کە خوازیاری ڕووخانی دەسەڵاتی ناوەندین لەگەڵ خواستی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازییە فارسەکان لە دەسەڵات، کە خوازیاری داڕمانن هەروا درێژەی هەیە و بووەتە دەرفەتێک بۆ هەناسەدانی کۆماری ئیسلامیی. ئەگەرێک کە بەردەوام لە ئارادا بووە و هەیە دەستێوەردان و گوشاری دەرەکییە کە ئەم فاکتەرە دەتوانێ کۆی هاوکێشە و لێکدانەوەکان بگۆڕێ و واقعێکی نوێ بخاتە بەردەم خەڵک و لایەنە سیاسییەکان.

سەرچاوەکان:

٢: اسناد جدید نشان می‌دهد جمهوری اسلامی فعالانه در جریان حملات ۷ اکتبر بوده است، ایران انترناشنال، https://www.iranintl.com/202503182627

  • Iran Intelligence Revelations: How Khamenei Wields Powe, iranwire, https://web.archive.org/web/20141025084454/http://en.iranwire.com/features/6081/
  • شاهزاده رضا پهلوی: با فروپاشی کنترل شده کسی از سوریه شدن ایران پس از جمهوری اسلامی نمی‌ترسد https://ir.voanews.com/a/iran-pahlavi/5247107.html

  • کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ: هەتا گۆڕینی یەکجاری ڕژیم لە خۆپێشاندان مەوەستن، https://avatoday.net/node/7687

 

Send this to a friend