کارەساتی ئێران
نووسینی: مایکڵ ڕۆبەرتز | وەرگێڕانی: ئارام مەحمود ئەحمەد
پاش هێرشی بەرفراوانی هەفتەی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە كاتێكدا كە هەر دوو وڵات سەرقاڵی هێرشی موشەكی بەرامبەركێن، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆك كۆماری ئەمریكا، پێشنیازی وەستانێكی دوو هەفتەیی كردووە بۆ ئەوەی یان لەسەر “خۆبەدەستەوەدان” دانووستان بكەن، یان بە شێوەی سەربەخۆیانە دژی ئێران بێنە جەنگەوە. خەڵكی ئێران بەهۆی بۆمبارانەكانەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، بەڵام جەنگ ڕەهەندێكی ترسناكی دیكەی بۆ سەر قەیرانی ئابووریی خودی ئێران و زەحمەتی درێژخایەنی خەڵكەكەی زیاد كردووە.
بێکاریی و هەڵاوسان لە ئێران
چالاکی ئابووری ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئاماژەی ڕوونی ڕوو لە خواری هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی (Global Economic Outlook) کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە مانگی ئۆکتۆبەر 2024دا بڵاوی کردەوە، بەرهەمی ناوخۆیی ئێران بە نزیکەی 434 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی 90 ملیۆنی ئێران، داهاتی تاک زۆر نزمە و لە پلەی 117ی جیهاندایە.
بە هۆی هەڵاوسانی ساڵانەی 40٪ لەگەڵ نرخی بەرزی خواردەمەنی و کەمی کاڵا سەرەکییەکان. نزیکەی 33٪ ئێرانییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ڕێژەی بێکاری گەنجان نزیکەی 20٪ و نیوەی پیاوانی 25 تا 40 ساڵ بێکارن و نائومێدن لە بەدەستهێنانی کار.(1) لە دوو دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە بابەتە هەنووکەییەکانی ئێران بێ توانایی لە ڕەخساندنی هەلی کار بووە بۆ گەنجان و ملیۆنان دەرچووی زانکۆکان بە هۆی نەبوونی کارەوە لە ڕیزی ژمارەی دانیشتوانی چالاک هەژمار ناکرێن.
لە ساڵی ڕابردوودا وڵاتێک کە لەسەر زەریایەک لە سەرچاوەی سروشتییە، ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵی وزە و کەمی 50٪ بەرهەمهێنانی کارەبا بووەتەوە،(2) کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 30٪ تا 40٪ی بەرهەمهێنان.(3) هەروەها کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بە ڕێژەیەکە، کە بەنداوەکانی دابینکردنی ئاو بۆ تاران ڕووبەڕووی قەیران بوونەوە و 7٪ کەمتر لە پێویستییەکانە.
هۆکارەکانی قەیرانی ئابووری لە ئێران
چۆن ئابووری ئێران لەگەڵ بوونی سەرچاوەی سروشتی فراوان و هێزی کاری تا ڕێژەیەک خوێندەوار بەو ئاستە خراپە گەیشتووە؟ ئەم پرسیارە لە دوو ڕوانگەوە وەڵام دەدرێتەوە. سەرەتا ئەمە دەرەنجامی شکستی حکومەتە گەندەڵە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتەیە، کە بە کودەتای 1953ی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (CIA) دژی محەمەد موسەدەق سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی ئێران دەستیپێکرد، دواتر جێگیربوونی پەهلەوییەکانی لایەنگری ئیمپریالیزم بە سەرۆکایەتی محەمەد ڕەزا شا، کە دوو دەیە دەسەڵاتداری ڕەهای وڵاتەکە بوو. دوای ئەویش شۆڕشی ساڵی 1979، کە بووە هۆی حوکمێکی ئۆتۆکراسی مەزهەبی لەلایەن نوخبە سەربازییەکانەوە، کە تا ئێستاش بەشێکی زۆری سیستەمی ئابووری وڵاتەکەیان قۆرخ کردووە.
هۆکاری دووەم هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو هێزە ئیمپریالیستییانەیە کە سەردەمانێک حوکمی ئێرانیان کردووە و جەخت دەکەنەوە لەسەر لاوازکردن و لەناوبردنی ئابووری سەربەخۆ: سەرەتا لە ڕێگەی کودەتای 1953 و دواتر گەمارۆ خستنەسەر ئێران و ڕێگری لە هەر جۆرێک وەگەڕخستنی سەرمایە و هاوردەکردنی کاڵای دەرەکی.
گەمارۆکانی سەر ئێران
ڕۆژئاواییەکان بە پاساوی پشتیوانی ئێران لە میلیشیاکانی وەک حەماس لە فەلەستین و حیزبوڵڵا لە لوبنان و دەوڵەتی شیعەی ئەسەد (کە ئێستا ڕووخاوە)، هەر چییەکیان لە توانادا بووبێت بۆ لەناوبردن و لاوازکردنی ئاستی ژیانی خەڵکی ئێران ئەنجامیان داوە. زیانی داهات بە هۆی گەمارۆکانەوە لە 12 ساڵی ڕابردوودا بە نزیکەی 12 هەزار ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
لەگەڵ ئەوەی ئێران خاوەنی 10٪ یەدەگی نەوت(4) و 15٪ یەدەگی نەوتی جیهانییە،(5) بەڵام دەوڵەتێکی سەرمایەداری چەقبەستووە، لە کاتێكدا دەیتوانی زلهێزێکی وزەی(6) وەک عەرەبستانی سعودی بێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی حکومەتێکی نەیاری ئیسرائیل، شێخە سوننەکان و ڕۆژئاوایە، ڕێگەی گەشەی پێ نەدراوە.
قەیرانی ئابووری دەیەی 1970 کەمبوونەوەی سوودی لەگەڵ خۆیدا هێنا و بووە هۆی شکست و ڕووخانی پەهلەوییەکان.
پیاوانی ئایینی شیعە و قەیرانی ئابووری ئێران
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی، پیاوانی ئایینی شیعە تا بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت لە کۆتاییەکانی دەیەی 1990 نەیانتوانی بە تەواوی دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام ئەمەش لە دەیەی 2010دا کۆتایی هات و دوبارە سوود کەم بووەوە.
ئابووری ئێران لە قۆناغی ئاڵتوونی گەشەدا لە دەیەی 1960وە دەستی بە گەشە کرد، بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی 1970دا قەیران دەستیپێکرد و لە دەیەی پڕ لە ئاڵۆزی 1980دا بە سەرۆکایەتی دەسەڵاتی نوێی ئێران بە هۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت دۆخەکە خراپتر بوو. لە دەیەی 2000دا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئابووری کەمێک گەشەی کرد، بەڵام لە ساڵی 2010وە لەگەڵ کەمبوونەوەی نرخی نەوت و توندتربوونی گەمارۆکان، قەیرانەکان قووڵتر بوونەوە.
دەرامەتە نەوتییەكان نزیكەی 18% بەرهەمی ناخاڵصی نێوخۆیی پێكدەهێنێت هایدرۆکاربۆن 60٪ داهاتی دەوڵەت و 80٪ تێکڕای هەناردە و داهات دابین دەکات. لەبەر ئەوە هەموو شتێک بە نرخی نەوتەوە گرێی خواردووە و گۆڕانێکی یەک دۆلاری لە نرخی نەوتدا ملیارێک دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران دەگۆڕێت. ئێران لەگەڵ بوونی گەمارۆکان و کەمی وەگەڕخستنی سەرمایە، ڕۆژانە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت و ملیۆنێک بەرمیل بەرهەمی پێترۆکیمیایی هەناردە دەکات.
بەڵام ئەم داهاتانە بە تەواوی لەلایەن پیاوانی ئایینی شیعە (ئاخوند) و هێزە چەکدارەکانەوە قوت دەدرێت. بودجەی تایبەتی ناوەندە مەزهەبییەکانی ناسراو بە (بوونیادەکان)(7) ٪30 تێکڕای خەرجییەکانی حکومەت پێکدەهێنن. سوپای پاسداران(8) نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ئێرانی(9) لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە کۆنترۆڵ و قۆرخ کردووە. سوپای پاسداران زیاتر لە 100 کۆمپانیای بە داهاتی ساڵانەی 12 ملیار دۆلار هەیە و جێبەجێکاری زۆربەی پرۆژە گەورەکانی ژێرخانی ئێرانە. ساڵی 2024 سوپا 12 ملیار یۆرۆ، 51٪ی تێکڕای داهاتی نەوت و گازی بۆ خۆی بردووە.
ئێران ناچارە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ لایەنی سەربازی تەرخان بکات. بەشێکی بۆ بەرگری دژی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل، بەشێکی تری بۆ پاراستنی نوخبە سەربازییەکان بۆ ئەوەی پیاوانی ئایینی شیعە لە دەسەڵاتدا بهێڵنەوە و بپارێزن. تێچووی زۆری ئێران بۆ بەرگری و بەرنامە ناوەکییەکەیەتی، کە تا ئێستا نزیکەی 500 ملیار دۆلاری تێچووە، کە دەتوانرا بۆ بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیا و زیادکردنی مووچە تەرخان بکرێت. لە ئەنجامدا ئەو بەرنامە ناوەکییە کە وەک ڕێگری بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دیزاین کرابوو، بووە هۆی وەستانی وەگەڕخستنی سەرمایەی دەرەکی بۆ هاوردەکردنی گەشەپێدانی ئابووری.
سەرمایەی ئێران لە کوێیە؟
دەوڵەتی ئێران لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ بەهێزکردنی بەشەکانی بەرهەمهێنان، ناوبەناو لە نێوان کۆنترۆڵی دەوڵەت و بازاڕی ئازاددا ناجێگیر بووە. ساڵی 2005 سەرمایەی حکومەت بە 120 ملیار دۆلار خەمڵێنرا، بەڵام لەو کاتەوە نیوەی ئەو سەرمایەیە بووە بە کەرتی تایبەت، لە ئەنجامدا ئابووری وڵاتەکە لەلایەن پیاوانی ئایینی شیعە و هێزە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و وەگەڕخستنی سەرمایە لە پیشەسازیدا زۆر کەمە، یان هەر نییە.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد(10) سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران دەڵێت، 60٪ سەرمایەی نیشتمانی تەنیا لەلایەن 300 کەسەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و زۆربەی سەرمایەی خۆیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی موڵکی پێ بکڕن، یان لە هەژمارە بانکییە نهێنییەکاندا دەیشارنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی (Global Inequality Database) ٪1ی دەوڵەمەندترینی ئێرانییەکان، 30٪ تێکڕای سەرمایەی نیشتمانی و 10٪ دەوڵەمەندەکان نزیکەی دوو لەسەر سێی سەرمایەی نیشتمانییان کۆنترۆڵ کردووە، لە کاتێکدا کە 50٪ چینی خوارەوە تەنیا خاوەنی ٪3.5ی سەرمایەی نیشتمانین.
بە کەرتی تایبەت کردن و نایەکسانییەکانی سەرمایە، چینێکی دەسەڵاتداریان دروستکردووە، کە لە نێوان ئەو بوونیادگەرا مەزهەبییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و چینی کاسبی لایەنگری ڕێکەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا دابەشبووە. ڕیفۆرمخوازانی گرووپی دووەم بازاڕگەران و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بووە گەمارۆکان هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەگەر پیاوانی ئایینی شیعە بڕوخێن، ئەوان بە خێرایی دەچنە ناو کەمپی ئیمپریالیستییەوە و بەپێی مەرجەکان بە دوای ڕێکەوتنەوەن لەگەڵ ئیسرائیل، وەک چۆن شێخە عەرەبەکان ئەنجامیان داوە.
ژیانی چینی هەژار
هیچ یەکێک لە لایەنە نوخبەکان مەیلیان بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی چینی کرێكاری ئێران نییە. ناوەندی حەقدەستی کرێکارێک نزیکەی 150 تا 200 دۆلارە و زۆرێکیان شارە بچووکەکان کە هەژاری تێیاندا لە بەرزترین ئاستدایە، جێ دەهێڵن و ڕوو دەکەنە شارەکان و بە دوای کاردا دەگەڕێن. ڕاستییەکە ئەوەیە ناوەندی داهاتی تاک لە دەیەی 1980وە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
بەر لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ناڕازیبوونی کرێکاران زیادی کردبوو، چونکە کرێکاران خوازیاری حەقدەستی زیاتر بوون کە هاوئاست بێت لەگەڵ هەڵاوسان. ئەنجومەنی باڵای کار پێشنیاری 23.4 ملیۆن تمەن (260 دۆلار)ی کرد. بەڵام کرێکاران ڕایانگەیاند، کە تێچووی ڕاستەقینەی ژیان بە لایەنی کەمەوە زیاتر لە 29 ملیۆن تمەن (320) دۆلارە. پێشنیاری کەمترین حەقدەستی 14 ملیۆن تمەن (نزیکەی 150 دۆلار) لەلایەن حکومەتەوە تووڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە، چونکە ئەو بڕە زۆر کەمترە لە هێڵی هەژاری. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی (ئیلنا)ی حکومەت(11)، ئەو تۆمارەی داوای زیادکردنی 70٪ی حەقدستی دەکرد، زیاتر لە 25 هەزار کرێکار واژۆیان لەسەر کردبوو. (علی مقدسی زادە)(12) سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی کاری خوراسانی باشوور لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هۆشداری دا کە “بە بەراوردکردنی تێچووی ژیانی 23 ملیۆن تمەنی، کرێکاران پەراوێز دەخرێن و بێ ماڵ دەبن. ساڵی داهاتوو ساڵی هەڵاوسان و قەیران دەبێت، مەگەر حکومەت کارێک بکات”.
قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون گرفتەکانی زیاتر کردووە، بە شێوەیەک کە 45٪ی داهاتی خێزانەکان بۆ کرێ خانوو دەبێت. کرێکاران ڕایدەگەیەنن، ئیتر ناتوانن کرێی ژوورێکیش بدەن و لەگەڵ زیاتر بوونی هەڵاوسان دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش دژوار بووە. نرخی مریشک زۆرێک لە هاوڵاتییانی ناچار کردووە لە ڕیزی دوور و درێژی کڕینی مریشکی حکومی بوەستن. هەڵاوسانی نرخی مادە خۆراکییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 35٪ و ڕاگەیاندنەکانی حکومەتی ئێران باسیان لە ڕیزی درێژ بۆ کڕینی نان لە شارە گەورەکان کردووە، وێنەیەک کە ئاماژەیە بۆ سەردەمی قەیران. زۆرێک لە نانەواخانەکان بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و مادە سەرەتاییەکان دایانخستووە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا هێشتا ئابووری ئێران لە قەیراندایە و بەشی وزەش دۆخەکەی باشتر نییە، بەهای دراوی وڵاتەکە ڕووی لە نزمی کردووە و هەڵاوسان گەیشتووەتە زیاتر لە 40٪ و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین. ئێستا ئیدی بۆمبەكان ئاڕاستەی ئێران كراون.
[1] ناونیشانی ئەم پۆڵەسییە بە زمانی فارسی: مصیبت ایران / مایکل رابرتز
https://pecritique.com/2025/06/22/%D9%85%D8%B5%DB%8C%D8%A8%D8%AA-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%A7%DB%8C%DA%A9%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA%D8%B2/