ململانێی ئێران و ئیسرائیل: ململانێیەک بۆ نەوت، مووشەک و دەسەڵات شەڕی جیۆپۆلەتیکی
ئەمبرین ئامان، فەرحان خالید، ڕۆشان ئارا
و. عەزیز ڕەئووف
پوختە
ئەم توێژینەوەیە[1] هەوڵێکە بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مێژە پرسێکی گرنگ بووە، کە بووەتە هۆی ململانێیەکی ناجێگیر کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەخۆوە بینیوە. پرسی سەرەکی ناوەندی ئەم ناکۆکییە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک مەترسییەک بۆ سەر مانەوەی ئێران تەماشا دەکرێت. ململانێی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و ئێران بووەتە هۆی سووڕێکی مەترسیداری گومان و کردەوەی سەربازیی. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، گرژییەکان گەیشتە خاڵی کوڵان، کاتێک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد و زیاتر لە ١٠٠ شوێنی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران کردە ئامانج. لە تۆڵەسەندنەوەدا، ئێران بە هێرشەکانی خۆیان کە بە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی ٣ ناسراوە، بۆ سەر شوێنە سەرەکییەکانی ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. دۆخەکە بە خێرایی پەرەی سەند، ئەمەش بە بەشداریکردنی ئەمریکا و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی گەورەی ئێران. ململانێی ئێران و ئیسرائیل بە تێپەڕبوونی کات چۆن پەرەی سەندووە و چ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی کە لە دۆخی ئێستایدا بێت؟ پڕۆژەی توێژینەوەکە بەدواداچوون بۆ گرنگیی سەرەکی گەرووی هورمز و ڕۆڵی دەستێوەردانی ئەمریکا و ئەگەری دەرئەنجامەکانی گۆڕانی ڕێژیم لە ئێران دەکات. مرۆڤ بە تێگەیشتن لەم هۆکارانە دەتوانێت تێگەیشتنێکی باشتر بەدەستبهێنێت لەوەی کە چۆن ڕەنگە لە داهاتوودا هاوکێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردابێت.
وشە سەرەکییەکان: ململانێ، جیۆپۆلەتیکی ئێران، مووشەک، نەوت
بەرایی
پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، ئێران و ئیسرائیل پەیوەندییەکی تاڕادەیەک دۆستانەیان هەبوو. شای ئێران، محەمەد ڕەزا پەهلەوی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل باشبوو، پێکەوە کاریان لە بواری هەواڵگری و بازرگانیدا دەکرد. هەروەها نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی هاوبەشبوو. بەڵام لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خومەینی و دامەزراندنی نیزامێکی تیۆکڕاتیک، هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گۆڕا بۆ هەڵوێستی دژایەتییەکی توند. ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند و شەرعیەتی دەسەڵاتی خومەینی لەو وڵاتە ئیدانە کرد و خۆی لەگەڵ دۆزی فەلەستین هاوتەریب کرد. لە دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢، ئێران پشتیوانی سەربازیی و دارایی بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە دژی ئیسرائیل بوون پەرەپێدا (Darya & Savill, 2025). ئەمەش بووە هۆی دامەزراندن و پڕچەککردنی حزبوڵڵای لوبنان، وەک میلیشیایەکی شیعە کە بوو بە کاریگەرترین بریکاری ناوچەیی ئێران. بەدرێژایی ساڵان، ئێران پشتیوانی خۆی فراوانتر کرد و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینیشی لەخۆگرت، چەک و پارە و مەشق و ڕاهێنانیان بۆ دابین کرد. ئەمڕۆ تۆڕی بە وەکالەتی ئێران مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات. کاریگەریی ئەوان لە سەرانسەری لوبنان، سووریا، غەزە و یەمەندا دەگرێتەوە و ڕێگەیان پێدەدات دەسەڵات فراوان بکەن و کارنامەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بکەن. لە لوبنان حزبوڵڵا وەک پارتێکی سیاسی و میلیشیایەکی بەهێز مامەڵە دەکات و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سنووری باکووری ئیسرائیل دروست دەکات. ئێران چالاکانە لە چەندین ململانێدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدار بووە و پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان کردووە بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و تەحەدای ڕکابەرە ناوچەییەکانی. لە سووریا هێزەکانی ئێران پشتیوانیان لە ڕژێمی ئەسەد کردووە و ڕێڕەوی لۆجستیکی بۆ پڕچەککردنی حزبوڵڵا دامەزراندووە. لە غەزە، پاڵپشتی ئێران، حەماس و جیهادی ئیسلامی هەوڵدەدەن بتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆیان بەهێزتر بکەن. لە یەمەن، ئێران هاوپەیمانییەکی بەهێزی لەگەڵ حوسییەکان پێکهێناوە و وەک بە وەکالەت بەکاریان هێناوە بۆ تێکدانی ئاسایشی دەریایی لە دەریای سوور. ئەم تۆڕە بە وەکالەت چاو دەخاتە سەر ئیرادەی ئێران بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵانی 2000 ەوە بەردەوامە و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بووەتە هۆی شەڕێکی شاراوەی تێکدان و هێرشی ئەلیکترۆنی و کوشتنی بە ئامانجی زانایانی ئەتۆمی. گرژییەکان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە هێرشێکی سەرکردایەتی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل پەرەی سەند و شەڕی غەزە و ململانێی زیاتری ناوچەکەی لێکەوتەوە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥ ئیسرائیل هەڵمەتێکی گەورەی ئاسمانی دژی ئامانجەکانی ئێران دەستپێکرد، ئەمەش بووە هۆی تۆڵەسەندنەوەی خێرا بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل. ململانێکان پەرەی سەند و بوو بە ئاڵوگۆڕی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو نەتەوەدا. قەیرانەکە گەیشتە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ کاتێک ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاتە ناو ململانێکانەوە و هێرشی ئاسمانی بە ئامانج بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان، فۆردۆ و نەتەنزی ئێران دەستپێکرد. گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەڵوێستی ستراتیژیی ململانێکان، هاوتەریب لەگەڵ ئامانجی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران. سەرۆک ترامپ ئۆپەراسیۆنەکەی بە “سەرکەوتنی سەرنجڕاکێش” ڕاگەیاند و وتی کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت تا توانای ئەتۆمی ئێران بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە (Rana, 2025). لێکۆڵینەوەی زیاتر ئامانجێکی گەورەتری نیشان دا کە نەک تەنیا دواخستنی بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە خۆڕاگری ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی لاواز بکات. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی تاران بە توندی شەرمەزار کران و وەک پێشێلکردنی سەروەری ئێران و کردەوەی شەڕ سەیر کران. سەرەڕای پەرەسەندنی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، بەرپرسانی ئێران ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەو هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر خودی بوونی وڵاتەکەیان. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە تا ئەو کاتەی دەستدرێژی و هێرشەکان بەردەوام بن، ناتوانرێت بوار بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی هەبێت. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو باوەڕە لەمێژینەی ئێران کە دیپلۆماسییەکی مانادار لە ژێر فشاری زۆرەملێدا ناتوانرێت ڕووبدات. لە ئەنجامدا ئێران بە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە وەڵامی داوەتەوە، لەوانە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، کە ڕێگەیەکی چارەنووسسازە بۆ هەناردەکردنی نەوتی جیهانی (Rana, 2024).
گرنگی ستراتیژی گەرووی هورمز
یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی تەسک بۆ بازرگانی دەریایی گەرووی هورمزە کە دەکەوێتە نێوان عومان و ئێران. ئەم ڕێڕەوی ئاوە کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبیەوە دەبەستێتەوە، قووڵایی و پانییەکی تەواو بۆ جێگیرکردنی گەورەترین کەشتییە نەوت هەڵگرەکان دابین دەکات. گرنگی ستراتیژییەکەی بەهۆی ئەو بڕە بەرچاوەی نەوت و گازی سروشتی شل (LNG) کە بەناودا دەڕوات، زەق دەبێتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، نەوتی خاو بەو گەرووەدا تێپەڕیوە، کە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی خواستی جیهانی بۆ نەوت پێکدەهێنێت. لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەم بەرگانە تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان مانەوە، ئەمەش جەخت لەسەر ڕۆڵی بەردەوامی گەرووەکە دەکاتەوە لە دابەشکردنی وزەی جیهانیدا. هەرچەندە ململانێی سیاسی لە ناوچەکەدا بەردەوامە، بەڵام گەرووەکە بۆ هاتوچۆی دەریایی بە کراوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام بازاڕ بە ئاسانی کاریگەری مەترسییەکانی هەستپێکراوی لەسەرە. ئەمەش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥دا دیاربوو کاتێک نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ٦٩ دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ ٧٤ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک لە ماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکەوە بوو، ئەمەش گرنگیی گەرووەکە وەک نیشاندەرێک بۆ سەقامگیری بازاڕی وزە نیشان دەدات. گەرووی هورمز گرنگییەکی زۆری هەیە بەهۆی سنوورداربوونی بەدیلەکانی بژاردەیی بۆ گواستنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوی عەرەبیدا. هەرچەندە سعودیە و (ئیمارات) ژێرخانی بای پاسیان پەرەپێداوە، وەک هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای ئارامکۆی سعودیە کە بەرەو دەریای سوور دەڕوات و بۆری فوجەیرەی ئیمارات بۆ کەنداوی عومان، بەڵام ئەم ڕێگەیانە لە سنووری کارکردنیان نزیک دەبنەوە. لە ڕاستیدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر ٨٤%ی نەوتی خاو و کۆندێنسێت و هەروەها ٨٣%ی گاز کە بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بوو. ئەمەش چاو دەخاتە سەر گرنگی ستراتیژی پاراستنی ڕێڕەوی دەریایی کراوە لە ڕێگەی گەرووەکەوە بۆ وڵاتانی وەک چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور کە بە کۆی گشتی لەسەدا ٦٩ی ڕۆیشتنی نەوتی هورمزیان پێکهێناوە. لە کۆتاییدا گەرووی هورمز بەردەوامە لە بوون بە کەناڵێکی چارەنووسساز بۆ بازرگانی وزەی جیهانی و شوێنێکی گەرمی جیۆپۆلەتیکی بەرچاو. هەر پچڕانێک، چ ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی، توانای ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەبێت و گرژییەکانی نێوان زلهێزەکانی جیهان بەرز بکاتەوە .(Barden, Candace, 2024)
ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، بازاڕەکانی نەوتی جیهانی چ وەڵامێکیان دەبێت؟
لە کاتێکدا ئێران دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ داخستنی گەرووەکە، بەڵام لەوانەیە تاکتیکی وەک دەستوەردان لە کەشتییەکان، جێگیرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک، یان دانانی مین لە ئاوەکاندا بەکاربهێنێت (Hurley,& Tom, 2025).
ئەم کردەوانە هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور بەبیر دەهێنێتەوە کە پێشتر وایکردووە کەشتییەکانی کەشتیوانی ڕێگەی جێگرەوە لە دەوروبەری ئەفریقا بگرنەبەر و لە ئەنجامدا خەرجی زیاتر و ماوەی گەشتکردنیان درێژتر بکەنەوە. بەدرێژایی مێژوو ئێران گەرووی هورمزی بەتەواوەتی داخستووە، تاکتیکی وەک دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان و دروستکردنی پەککەوتنی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کاریگەری سیاسیی هەبێت، بەتایبەتی لە کاتی سزاکان یان گرژییە ناوچەییەکان. لە حاڵەتەکانی ڕابردوودا هێزەکانی ئێران کۆنترۆڵی ئەو کەشتیانەی پەیوەست بە وڵاتانی وەک ئیسرائیل، ئەمریکا، بەریتانیا و یۆنانیان کردووە و زۆرجار پاساوی یاسایی جێی پرسیاریان بەکارهێناوە. گەمارۆدانی تەواوەتی گەرووەکە نەک تەنها تۆڵەسەندنەوەی سەربازیی و بەتایبەتی لەلایەن کەشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانییە دەریاییەکانی دیکەوە ورووژێنێت، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ئێران خۆی دەبێت، چونکە وڵاتەکە بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ کڕیارە سەرەکییەکەی، چین، بەشێوەیەکی زۆر پشت بەو گەرووە دەبەستێت، کە لەڕووی دیپلۆماسیشەوە چارەنووسسازە. دەوڵەتانی کەنداو کە بریتین لە سعودیە و ئیمارات توانای بۆرییەکانیان سنووردارە بۆ تێپەڕاندنی گەرووی هورمز، لەکاتێکدا عێراق، کوەیت، قەتەر و بەحرەین بە تەواوی وابەستەی ئەو گەرووەن . (Chehayeb, 2023) ئەمەش وا دەکات ئەم وڵاتانە ڕووبەڕووی هەر جۆرە پەککەوتنێکی ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووەکەوە ببنەوە. بەو پێیەی زۆربەی ئەو نەوتەی کە بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەڕوات، هەر پچڕانێک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابوورییەکانی ناوچەکە دەبێت. دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست بێ گومان موزایەدەی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز (Minhas, et al., 2024). وەک خاڵێکی گرنگی خنکاندنی وزە، گەرووەکە بەرپرسە لە بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە جیهاندا. کۆنتڕۆڵکردنی ئێران بەسەر ئەم ڕێڕەوی ئاوییەدا، ھێزێکی سیاسی بەرچاوی پێدەبەخشێت، بەتایبەتی کە ڕووبەڕووی سزای ئابووری و فشاری سەربازیی دەبێتەوە. ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووەکەدا، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەکتەرەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی هەبێت بۆ قبوڵکردنی مەرجی ئاگربەستی بەسوودتر، هەڵگرتنی سزاکان، یان باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. لە کاتێکدا بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە ڕەنگە سوودی کورتخایەن بەدەستبهێنێت، بەڵام توانای زیانگەیاندن بە هاوبەشییە گرنگەکانیش هەیە، وەک لەگەڵ چین کە زۆر پشت بە وزەی کەنداو دەبەستن. هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کە ئازادی کەشتیوانی وەک پرسێکی چارەنووسساز دەزانن. لە ئەنجامدا، بەکارهێنانی گەرووی هورمز لە دانوستانەکانی ئاگربەستدا مەترسی ستراتیژی و ئابووری بەرچاوی بۆ ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی بە گشتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت(Lee, 2025) .
ڕکابەری ئەتۆمی و شەڕی بە وەکالەت
دینامیکی ناوازەی ململانێی ئێران و ئیسرائیل لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیسرائیل لە ئێستادا تاکە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە توانای ئەتۆمی هەیە. ئیسڕائیل بۆ پاراستنی ئەم قازانجەیە هەوڵدەدات تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران پووچەڵ بکاتەوە و هەژموونی ناوچەیی خۆی فراوان بکات. ئەمەش بووەتە هۆی ناهاوسەنگی، ئیسرائیل دەسەڵاتی بەرچاوی بەدەستەوەیە و ئێران هەستی بە ناچاری کردووە توانا سەربازییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوسەنگی بەهێز بکات (Atlantic, 2025). ستراتیژی ئێران بریتییە لە: فراوانکردنی توانای سەربازی و پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییەکان و بەهێزکردنی هێزە ئاساییەکانی. دامەزراندنی قووڵایی ستراتیژی بنیاتنانی هاوپەیمانی و ئامادەبوون لە لوبنان (حزبوڵڵا)، پاڵپشتیکردنی فەلەستینییەکان و تێوەگلانی سەربازی لە سووریا. ئەمەش شەڕی ناهاوسەنگە بە بەکارهێنانی هێزی بە وەکالەت بۆ تەحەدای ئیسرائیل بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. کردەوەکانی ئێران بەهۆی خواستی گەیشتنە بە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی قۆرخکاری ئەتۆمی ئیسرائیل (Reuters, June 24, 2025).
کاریگەری ڕێکخستنە ناوچەییەکان و دەرئەنجامەکانی
دەرئەنجامەکانی کردەوە سەربازییەکانی ئێران کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی سووریا و ئوردن دەبێت. حکومەتی سووریا کە بەهۆی درێژخایەنی ململانێی مەدەنییەوە لاواز بووە و زۆر پشتی بە هاوکارییەکانی ئێران بەستووە، خۆی لە دۆخێکی ناجێگیردا دەبینێتەوە. ناچارە ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی ئێران لەخۆبگرێت و لە هەمان کاتدا هەوڵبدات بۆ دوورکەوتنەوە لە توندکردنەوەی ئاستی لاوازی خۆی بەرامبەر بە هێرشی زیاتری ئیسرائیل. ئەم سیناریۆ ئاڵۆزە ڕەنگە پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ ئێران لەلایەن سووریاوە هەبێت، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەترسییانەی پەیوەستن بە بوون بە شانۆیەک بۆ ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل. لە چوارچێوەیەکی هاوتەریبدا، ڕۆڵی ئوردن وەکو پارێزەرێکی هێڵی پێشەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئیسرائیل ڕەنگە دەرفەتی ئەوەی پێبدات کە هەڵوێستی خۆی لە بابەتە دوولایەنەکاندا بەکاربهێنێت، لەوانەش دانوستانەکانی تایبەت بە غەززە، بەمەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە دابڕێژێت.
وێنەی سەرهەڵدانی ئێران لە وڵاتانی ئیسلامی
کردەوە سەربازییەکانی ئێران لە نێوان ململانێی غەززەدا پێدەچێت پێگەی خۆی لە نێوان پێکهاتە ئیسلامییەکان بەرز بکاتەوە و وەک داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی فەلەستین لە دژی دەستدرێژییە هەستپێکراوەکانی ئیسرائیل پێگەی خۆی دابنێت. لە کاتێکدا سعودیە چاکسازییە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە پێشینەی کارەکانیدایە و ئوردنیش پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت، ئێران دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی فەلەستین. ئێران بە گرتنەبەری هەڵوێستی بەهێز ئامانجی بەرزکردنەوەی هێزی نەرم و تەحەدای نفوزی سعودیەیە. ڕەنگە هەڵوێستی جەختکردنەوە پشتیوانی ئەو کەسانە ڕابکێشێت کە مافەکانی فەلەستین لە پێشینەدان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەیی و هاوپەیمانییەکان لە قاڵب بداتەوە. بۆ ئەمەش کردەوەکانی ئێران دەتوانێت وەک دەنگێکی پێشەنگ لەم پرسە گرینگەدا جێگیر بێت (Mahmoudian, 2024).
داهاتووی وەبەرهێنانەکانی کەنداو: دەرئەنجامەکانی وەستانی ئێران و ئیسرائیل
سەفا ئەلکۆگەلی، بەڕێوەبەری وڵاتەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی کەنداو پێشبینی دەکات کە لە نیوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لە ناوچەی کەنداو کەم ببێتەوە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل. هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ٢٢ی حوزەیران، نادڵنیایی ناوچەکەی زیاتر کردووە و وەبەرهێنەران وایکردووە ڕێبازێکی وریاتر بگرنەبەر. لە کاتێکدا ئاستی FDI لە سەرانسەری GCC جیاوازە، ئیمارات لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 48% زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و 45.5 ملیار دۆلاری بۆ خۆی ڕاکێشاوە. لە لایەکی دیکەوە، سعودیە، بەحرەین، کوەیت و قەتەر دابەزینیان بەخۆوە بینی، عومان تاکە جیاکارییە بەهۆی بەڕێوەبردنی دارایی دروست و هەوڵەکانیان بۆ هەمەچەشنکردنی. بە گوتەی ئەلکۆگالی، پێوانەکردنی وردی کاریگەرییە ئابوورییە تەواوەکانی ململانێکان لە ناوچەکەدا جێگەی تەحەدایە. بەڵام هۆشداریدا لە لێکەوتەکان لەسەر پیشەسازییە جیاوازەکان بەهۆی زیادبوونی تێچووی کاڵا و کەشتیوانیەوەیە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە هەڵاوسان ڕووبدات. هەروەها کەرتی گەشتیاری کە بەشدارێکی سەرەکییە لە بەرهەمی ناوخۆییدا، ڕەنگە زیانیان پێ بگات، چونکە گەشتیاران خۆیان لە ناوچە ناسەقامگیرەکان بەدوور دەگرن. لە کاتێکدا کە ڕەنگە سوودی بۆ وڵاتانی کەنداو هەبێت ئەگەر نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت، بەڵام ئەلکۆگالی جەختی لە گرنگی هەمەچەشنکردنی ئابووری بۆ خۆڕاگری بەردەوام کردەوە. وڵاتانی وەک ئیمارات کە گرنگییەکی بەهێزیان لەسەر کەرتەکانی غەیرە نەوت هەیە، لە دۆخێکی باشتردان بۆ بەرگەگرتنی شۆکی دەرەکی. بانکی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات داهاتی نەوتی خۆیان لەو کەرتانەدا وەبەربهێنن کە توانای ڕەخساندنی هەلی کاریان زۆرە، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری درێژخایەن. سەرەڕای پێشینەی هەرێم لە وەڵامدانەوەی کاریگەرانە بۆ قەیرانەکان لە ڕێگەی سیاسەتە داراییەکانەوە، ئەلکۆگالی هۆشداریدا لەوەی کە ڕێبازێکی تەرکیزکراوتر و کاریگەرتر بۆ وەبەرهێنان پێویستە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی مەترسییە بەردەوامەکان تێپەڕێنرێت.
سیناریۆی ئەگەری ململانێ و کاریگەرییەکانیان لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان: (سیناریۆکانی گۆڕینی دەسەڵات و گۆڕینی ڕژێم)
هەرچەندە لە ئێستادا ئاگربەست لە ئارادایە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی ململانێی ئێران و ئیسرائیل، واتە بەدواداچوونی ئێران بۆ توانا ئەتۆمییەکان و پابەندبوونی ئیسرائیل بە ڕێگریکردن لێیان، هێشتا چارەسەرنەکراون. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەگەری زۆرە ئەو ململانێیە لە داهاتوودا بەردەوام بێت یان فۆڕمی نوێ وەربگرێت. ئەگەر عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی تیرۆر بکرێت، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دیمەنی سیاسی ئێران دەبێت، چ لە ناوخۆ و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێدەچێت دوای ئەوە بە ناسەقامگیری سیاسی و حکومەتێکی بێهێزتر تایبەتمەند بێت، کە قەیرانی شەرعیەتی ئێستای ئێران توندتر دەکات و نادڵنیایی لە دەوری پلانی جێنشینی ڕێژیم دروست دەکات (BBC, June 23, 2025). ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی مەدەنی بەرفراوان، چونکە لایەنە کێبڕکێکارەکانی ناو نوخبەی سیاسی و ئایینی، بەتایبەتی توندڕەوەکان، کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات و کاریگەری دەکەن لە پرۆسەی جێنشینی پشێو و کێبڕکێکاردا. ئەگەر گرژییە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە سوپای پاسداران لە ناو ڕیزەکانی خۆیدا تووشی ناکۆکی و ململانێ ببێت. دەکرێت نادڵنیایی و ناسەقامگیری زیاتر لەناو وڵاتدا دروست بکات. سەرەڕای ئەوەش، بازاڕە جیهانییەکان، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، ڕەنگە تووشی ناجێگیری ببن، چونکە پێشبینی پچڕان دەکەن بۆ ڕۆیشتنی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە. دوای ڕووداوێکی گەورە، ئەگەری دوو دەرئەنجام هەیە. یەکەمیان ئەگەر ڕژیم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و پلانی گواستنەوەی دەسەڵات دابڕێژێت، لەوانەیە کەسێکی وەک موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری مەزنی ئێران وەک کەسێکی توندڕەو دەستنیشان بکات. پێدەچێت ئەمەش ببێتە هۆی زیادبوونی پاوانخوازی و کۆنترۆڵی ناوخۆیی و هەروەها سیاسەتێکی دەرەکی شەڕانگێزتر لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران. لە کاتێکدا کە پێکهاتە بنەڕەتییەکەی حکومەت نەگۆڕا، بەڵام ڕژیم زیاتر جەختی لەسەر ئاسایش و بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی لەناو وڵات و ڕاگرتنی هەڕەشە دەرەکییەکان دەکردەوە. یانیش ئەگەر ڕژێمی ئێستای ئێران بڕووخێت، دەتوانێ ماوەیەکی درێژخایەنی ئاژاوەی ناوخۆی لێبکەوێتەوە. بەبێ جێنشینێکی ڕوون و شەرعی، بۆشایی دەسەڵات دەتوانێت دۆخێکی هاوشێوەی ئەو ناسەقامگیرییە دروست بکات کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا بینرا. ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لە ناوچەکەدا هەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ململانێی سەربازی، کردەوەی پێشبینینەکراو و ئەگەری گۆڕانکاری سیستماتیکی لە پێکهاتەی سیاسی ئێراندا. سیناریۆیەکی لەم شێوەیە ژینگەیەکی زۆر ناجێگیر و ناسەقامگیر دروست دەکات، کە لێکەوتەی بەرچاو بۆ ئاسایشی ناوچەکە و بازاڕەکانی وزەی جیهانی و هۆکارە سیاسی و جوگرافییەکان کە دیمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاڵب بدەن. بێ گوێدانە بەردەوامی یان داڕمان، تیرۆرکردنی ڕێبەری مەزنی ئێران کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای قۆناغێکی پڕ لە گێژاو و نادیار لە مێژووی ناوچەکەدا دەردەخات (Uberti &Costas ,2025).
ستراتیژییە دیپلۆماسی و سەربازییە ئەگەرییەکان
ئاگربەست لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بە نێوەندگیری ئەمریکا ڕاگەیەندرا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ وەستاندنی ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیل. ئەو پلانە کە سەرۆک ترامپ لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد، ڕێبازێکی قۆناغ بە قۆناغی لەخۆگرتبوو کە بە وەستانی ١٢ کاتژمێر لەلایەن ئێرانەوە دەستیپێکرد، دواتر ئیسرائیل بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر وەستا. پاشان ئەمەش کۆتاییەکی فەرمی بە دوژمنایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا. ڕێکەوتنەکە ڕێگەی بە هەردوولا دا کە ئەرکە سەربازییە بەردەوامەکان ئەنجام بدەن و داوایان لێکرد لە ماوەی پەنجەرە دیاریکراوەکاندا بە ئاشتی و ڕێزەوە بمێننەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی گەیشتووە، ئێران تەنیا بە مەرج پابەند بوو و هۆشداری دا کە خۆگرتنیان پەیوەستە بە کردەوەکانی ئیسرائیلەوە. لە ئەنجامدا دۆخێکی نائارامی خۆگرتن، پشت بەستن بە ڕێگریکردن لە یەکتر و چاودێری دەرەکی (Seddon & Gabriela, 2025). جگە لەوەش، لە ٢٣ی حوزەیران، ئێران ١٤ مووشەکی بالیستی بەرەو بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکی لە قەتەر هەڵدا، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی ڕێگریکردن، تەنها یەکێکیان توانی ئامانج بپێکێت. هێرشەکە کە وادیارە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەمزی بوو و خزمەتی بە نیشاندانی هێز و نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا دەکرد بەبێ ئەوەی گرژییەکان زیاتر پەرە پێبدەن. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەکانیان بۆ داخستنی گەرووی هورمز دووپاتکردەوە، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی کورت لە بازاڕی نەوتدا و توانای خۆیان بۆ بەکارهێنانی خاڵە ئابوورییە ستراتیژییەکان وەک ئیستفزازی نیشاندا. بۆ پاراستنی ئاشتی پێویست دەبێت هەوڵەکانی نێوەندگیری بەردەوام بن و ئامادەیی سەربازی بەهێز بپارێزرێت. ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە کاریگەرییە دیپلۆماسییەکان و توانا سەربازییەکانی ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە سەپاندنی ئاگربەستەکەدا بینیوە. هەروەها قەتەر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ئاسانکاری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و دڵنیابوون لە پاراستنی پابەندبوون. کەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا و بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید کە هەردووکیان لە بەحرەین جێگیرکراون، وەکو ڕێگرییەکی گرنگ کاردەکەن، تەنانەت لە وەڵامی بەرزبوونەوەی گرژییەکان جێگیرکراون (Roomi, 2023). لە ئەنجامدا، فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانی سەر بە خۆیان لە لوبنان، سووریا، غەزە و عێراق خۆیان لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکان بەدوور گرتووە، دوای ئەو تیرۆرانەی ئەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون. یاخیبووانی حوسییەکانی یەمەن بە پاڵپشتی ئێران، بەردەوامن لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە ئامادەباشییەکی بەرزدا ماونەتەوە و ئەگەر ئاگربەستەکە لەرزۆک بێت ئامادەن کاربکەن. هاوسەنگییەک لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە دۆخی سەربازی، هەوڵەکانی نێوەندگیری ناوچەیی و فشاری دیپلۆماسی دەپارێزرێت. هاوسەنگیەکە پشت بە دوورکەوتنەوە لە هەنگاوە هەڵەکان دەبەستێت کە دەتوانێت ئاگربەستەکە ببەزێندرێت و دوژمنایەتییەکان لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ زیاتر بکات. دۆخەکە هێشتا ناجێگیرە، لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێ (Saleh & kalin, 2025).
کاریگەرییەکانی
لە کاتێکدا تا ئێستا شەڕێکی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕووی نەداوە، بەڵام کردەوەکانی ئێران کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی ستراتیژی ئیسرائیل داناوە. لە ئەنجامدا ئیسرائیل دوکتۆرینی MABAM ی خۆی جێبەجێ کردووە و تاکتیکەکانی هێزی ئاسمانی نوێ کردووەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل، تاکتیکی هێرشکردنیان لە سووریا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستکاری کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی زیادبوونی مەترسییەکانی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران. بەکارهێنانی پێکهاتەی گەورەتر لەخۆدەگرێت بۆ لێدانی چەندین ئامانج لە یەک کاتدا، ئەمەش نەک تەنها پەنجەرەی مەترسی کەمدەکاتەوە بەڵکو ڕێگە بە پشتیوانی باشتری یەکتر و هۆشداریدان لە بەرامبەر بەرگرییە ئاسمانییەکان دەدات. هەروەها یارمەتیدەرە لە پشتڕاستکردنەوەی ئامانجەکان و هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی ئەرکەکانی بۆردومانکردن. هەرچەندە گۆڕانکارییەکانی تێز و تاکتیکەکان تا ئێستا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئێستا سەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل دەبێ ڕەوتی فراوانتر بەرەو ژینگەیەکی کێبڕکێکارتر لەبەرچاو بگرن (Dryden,2023). ئەگەری کوژرانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە سووریا ڕەنگە ئیرادەی سیاسی بۆ درێژەدان بە هێرشەکانی مابام لاواز بکات. لە کاتێکدا ئیسرائیل دەتوانێت تواناکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی بەرگری ئاسمانی دوژمن بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمە تەنها چارەسەرێکی بەشەکییە. بڕیاری قوورستر بۆ سەرکردەکانی ئیسرائیل ئەوەیە کە ئایا لەدەستدانی وردەوردەی ئازادی مانۆڕ بۆ هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی پێویستی بە پەرەسەندن هەیە بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی ئاسمانی ئیسرائیل. ئەگەر ئیسرائیل هەڵیبژێرێت کە بەسەر سووریادا نەفڕێتەوە، دەبێت لە دەرئەنجامەکانی ڕێگریکردنەکەیان تێبگات. ئەگەر ئێران بتوانێت ئازادی مانۆڕی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە شام سنووردار بکات، ئەوە شتێکی مەعقولە کە گریمانە بکەین کە دەتوانن ڕێگری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیش بکەن لە ئێران (Farnaz, Ronen & Eric, 2022).
پێشبینی ململانێکان: ئێران، ئیسرائیل و داهاتووی جەنگ
هەرچەندە ئێران و ئیسرائیل خاوەنی توانای سەربازیی ناهاوسەنگن، بەڵام هەردوو نەتەوە دەتوانن هێرشی سنووردار بۆ سەر خاکە سەروەرییەکانی یەکتر ئەنجام بدەن؛ بەڵام توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسایی درێژخایەنیان نییە. داینامیکی سیاسی ناوخۆیی، هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، سنووردارکردنی سەرچاوەکان و ئاڵنگاری لۆجستی وەک بەربەستێک بۆ پەرەسەندن بۆ هەردوو لایەنەکە دەبن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم سنووردارکردنانە ڕێگری لە هیچ لایەنێک ناکەن لە هەستکردن بە لێدانی ئاسایی دژی خاک و سەروەت و سامانە سەروەرەکان وەک بەشێک لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ململانێی بەردەوامیان. هەردوولا پاڵنەریان هەیە بۆ بەردەوامبوونی ململانێی ژێر ئاست؛ بەڵام ڕەنگە ئەم دۆخە پەرە بسێنێت. ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات، وەک ئەوەی ئەگەری هەیە، تواناکانی حزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەوە ئاڵۆزییەکی بۆ تاران دەخاتە ڕوو: توانای لاوازکردنی هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ حزبوڵڵادا نییە، هەروەها ناتوانێت بە شێوەیەک وەڵام بداتەوە کە ڕەنگە ئیسرائیل بوروژێنێت بۆ پەرەسەندنێکی ئەگەری کارەساتبار. ئەگەر ئێران بەبێ دەستەبەرکردنی پشتیوانییەکی بەرچاو لە ئەکتەرێکی دیکەی سەرەکی دەوڵەتەوە پەرەسەندن هەڵبژێرێت، ئەوا توانای بەشداریکردنی لە شەڕێکی تەواو دژی ئیسرائیل بەهۆی توانا سەربازییەکان و ئامانجە ستراتیژییەکانیەوە سنووردار دەمێنێتەوە (McKenzie, 2024).
پێشنیارە سەرەکییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی داهاتوو
لێدانەکانی ئەم دواییەی ئێران گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراتیجی سەربازی خۆیان نیشان دەدات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان ئامادەن بوێرانەتر و بێباکانەتر لەوەی پێشتر بیریان لێدەکرایەوە مامەڵە بکەن. ئەوە پەرەسەندنی باوەڕیان بە هێزی سەربازی خۆیان و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەکان نیشان دەدات، کە دەتوانێت گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەرەپێبدەن. لە ئەنجامدا پێویستە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەڵسەنگاندن بۆ ڕێبازە دیپلۆماسی و سەربازییەکانیان بکەنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ کردەوە پێشبینی نەکراوەکاندا بکەن. بۆ بەرگرتن لە ئەگەری ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پێشنیار دەکرێت دانوستانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و نیگەرانییەکانی ئاسایشی ناوچەکە ئەنجام بدرێت. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە وەک دامەزراندنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن یان کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکان. هەروەها پێویستە گفتوگۆی ناوچەیی کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدارن، بە ئێران و ئیسرائیلەوە، هان بدرێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییە هاوبەشەکان. هەروەها دەتوانرێت هاندانەکان بۆ هاوکاری ئابووری وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکۆڵرێتەوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یان ناوبژیوانەکان دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە ئاسانکاری گفتوگۆ و پێشکەشکردنی پشتیوانی بەرچاو. جگە لەوەش دەتوانرێت سزا ئابوورییەکان بەکاربهێنرێت بۆ فشارخستنە سەر هەردوو وڵات بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا بگەڕێن. جگە لەوەش زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەشەوە بەشداری خۆیان لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتری توندوتیژی بکەن. پاراستنی دیالۆگ و کەناڵەکانی پەیوەندی کراوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا زۆر گرنگە و چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێکە دەبێت لە پێشینەی کارەکان بێت. سەرەڕای ئەوەش، پێویستە هەوڵەکان بەرەو داماڵینی چەک و کەمکردنەوەی میلیتاریزەکردن لە ناوچەکەدا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هانبدرێن و پشتیوانییان لێبکرێت.
ئەنجام
ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە تەرکیزکردنی تەنیا بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە پەرەی سەندووە و بۆ لەخۆگرتنی مەودای بەرفراوانتر لە بابەتەکانی وەک ستراتیژی سەربازی، جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، نیگەرانییەکانی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییە ئابوورییە جیهانییەکان فراوانبوونی بەخۆوە بینیوە. ئەم قەیرانە فرەلایەنە بووەتە هۆی شەڕی بە وەکالەت و بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازی و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچە سەرەکییەکانی وەک گەرووی هورمز. وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی، هەر پچڕانێک یان داخستنی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە گرنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکان و ئاسایشی دەریایی هەیە، بەتایبەتی بۆ ئابووریی ئاسیا کە زۆر پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستن. بەشداری گەلانی کاریگەر، بە تایبەتی ئەمریکا، وەک بەربەستێکی زیادە لە چارەسەرکردنی ململانێی بەردەوامدا دروستکردووە. هەرچەندە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی ئێستا کراوە، بەڵام تەنها چارەسەرێکی کاتییە، چونکە گرژییە بنەڕەتییەکان و بەرژەوەندییە ناکۆکەکان بەردەوامن. چارەنووسی هەرێم پشت بە سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و خۆگرتنی ستراتیژی لە تێپەڕاندنی ئەجێندا توندڕەوەکان و میلیتاریزمی کاردانەوە دەبەستێت. گێژاوی ناوخۆیی و دابڕانی نێودەوڵەتی ئێران و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، ئەگەری پەرەسەندنی زیاتر وەک نیگەرانییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت.
قەیرانەکە وەک بیرخستنەوەیەک بۆ وڵاتانی کەنداو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەولەویەت بە وەبەرهێنان لە سەقامگیری ناوچەکە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوە وزە و ئامادەکاری بۆ دیمەنێکی جیهانی پێشبینینەکراوتر بەخۆوە دەبینێت. تەمەنی درێژخایەنی ئاگربەستەکە پشت بە دیپلۆماسیەتی بەردەوام و ڕێگریکردنی یەکتر و کۆنترۆڵکردنی هێز و ئەکتەری بە وەکالەت دەبەستێت، چونکە دەرئەنجامەکانی شکستەکە زۆرن. بەڵام بێمتمانەیی قووڵی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا وا دەکات پێشبینیکردنی دەرئەنجامی ئەم وەستانە کاتییە یان داهاتووی ئەم ململانێ ناجێگیرە کارێکی قوورس بێت.
References
al-batati, Saleh, and Stephen Kalin, “Israel-Iran Conflict: Trump Pressures Both Sides for Cease-Fire,” The Wall Street Journal, June 22, 2025.
Dolzikova, Darya & Savill, Matthew, “Operation Rising Lion: The First 72 Hours,” Rusi.org, 2025.
Nejad, Rana. 2025. “Iran and Israel’s Covert Pragmatic Friendship,” New Lines Magazine, January 29, 2025, https://newlinesmag.com/argument/iran-and-israels-covert-pragmatic- friendship/.
Fasshi, Farnaz, Bergman, Ronen & Schmitt, Eric “Iran’s Attack was Response to Secret Israeli Attack on Drone Site,” New York Times, March 16, 2022, https://www.nytimes.com/.
Ayad, Christophe, “Hezbollah’s Four Decades of War with Israel,” Le Monde, October,2024.
Chehayeb, Kareem, “How Lebanon’s Hezbollah Group Became a Critical Player in the Israel-Hamas War,” AP News, November 7, 2023. https://apnews.com/article/hezbollah-israel-hamas-war-lebanon-iran- 493e9290bc796fd90a9220bab229cd37.
Dryden,Joshua,(2023). Iran, israel, and the struggle for the skies over the middle east, æther: A journal of strategic airpower & spacepower, vol. 2, no. 1, spring 2023.
Roomi, F. The Iran-Israel Conflict: An Ultra-Ideological Explanation.
Middle East Policy.2023;1-16.https://doi.org/10.1111/mepo.12687.
“Four Questions (and Expert Answers) about Iran’s Threats to Close the Strait of Hormuz,” Atlantic Council, June 23, 2025.
Hurley, James, Emily Gosden, and Tom Saunders, “Oil Majors Fear Threat of Iran Blocking Strait of Hormuz,” The Times, June 23, 2025.
Barden, Justine, and Candace Dunn, “Amid Regional Conflict, the Strait of Hormuz Remains Critical Oil Chokepoint – U.S. Energy Information Administration (EIA),” EIA, 2024.
Lee, Julian, “What Happens to Global Oil If Iran Tries to Close Strait of Hormuz?,” Australian Financial Review, June 23, 2025, https://www.afr.com/world/middle-east/what-happens-to-global-oil-if- iran-tries-to-close-strait-of-hormuz-20250623-p5m9ob.
Minhas, Saeed Ahmed, Shujahi, Konami Farhat & Saeed, Shanzy. Analytical Appraisal of the 2024 Iran-Israel Conflict and Chances of Global Escalation, Journal of Law and Social Sciences-University of Turbat, 2 (2), 97-115, 2024
“Netanyahu Says Israel Has Agreed to Trump’s Proposal for Ceasefire with Iran,” Reuters, June 24, 2025, https://www.reuters.com/world/middle-
east/netanyahu-says-israel-has-agreed-trumps-proposal-ceasefire-with- iran-2025-06-24/.
Seddon, Sean, and Gabriela Pomeroy, “What We Know about Iran’s Attack on US Base in Qatar,” BBC, June 23, 2025, https://www.bbc.com/news/articles/cdjxdgjpd48o.
Uberti, David, and Costas Paris, “The Strait of Hormuz: The 6 Miles of Water Keeping Global Markets on Edge,” The Wall Street Journal, June 22, 2025, https://www.wsj.com/world/middle-east/strait-hormuz-oil- markets-0d046c6b.
“Qatari Prime Minister Secured Iran’s Agreement to US Ceasefire Proposal after Call with Trump, Official Says,” Reuters, June 23, 2025.
“As Iran Threatens Retaliation, Spotlight Turns to US 5th Fleet Base in Bahrain,” https://www.ndtv.com/world-news/iran-israel-middle-east-as- iran-threatens-retaliation-spotlight-turns-to-us-5th-fleet-base-in-bahrain- 8730850.
Mahmoudian, Arman, “Iran-Israel Conflict: A New Stage Emerges” (2024). GNSI Publications.
[1] – ناونیشانی بابەتەكە بە ئینگلیزی:
The Iran-Israel Conflict: A Struggle for Oil, Missiles, and Power – The Geopolitical Battle Unfolds Vol. 11, No. 1, January–June 2025, pp.55–64 Journal of Politics and International Studies