نیه‌تی ئاشتی
د. فاروق عه‌بدول
ده‌ستێشخه‌ریی ئاشتی و چاره‌سه‌ریی ئه‌م جاره‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) كه سه‌ره‌تاكه‌ی له‌لایه‌ن دەوڵەت باخچەلی سه‌رۆکی پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەپەرست خرایه‌ڕوو، دواتر به بانگه‌وازه‌كه‌ی عەبدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ڕێڕه‌وی خۆی وه‌رگرت، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی پێشوو جیاوازه. ئه‌م جیاوازییه پێدانی گه‌شبینییه‌كی ڕه‌ها نییه له باره‌ی به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كارلێك و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ردوولا بۆ پڕۆسه‌كه هەتا ئێستا ئەرێنییه، به تایبه‌تی هه‌نگاوه كردارییه‌كانی پەکەکە و حه‌ماسه‌تی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی گەریلا و قەندیل بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی ئۆجه‌لان بۆ پڕۆسه‌كه. هه‌رچه‌نده ئاستی ئه‌م حه‌ماسه‌ته له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه لاوازتر ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ندێك جار پێشمه‌رجی نوێ و ئاڕاسته‌ی جیاواز تێكه‌ڵ به پڕۆسه‌كه ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و نیگه‌رانییه‌یە، كه ڕه‌نگه له ساته‌وه‌خێكی دیاریكراودا كاریگه‌ریی نه‌رێنی بكاته سه‌ر هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی دواتر.
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، په‌كه‌كه و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی توركیاش ده‌ستپێشخه‌رییان هه‌بووه بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌یان ده‌ستپێخه‌ری كراوه، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه. له نیسانی ١٩٩٣، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن بۆ هه‌وڵه‌كانی تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی تورکیا له باره‌ی پرسی كورده‌وه، ئۆجه‌لان ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام مردنی گوماناوی و له‌ناكاوی ئۆزال و به‌رده‌وامیی هێرشه‌كانی سوپای تورکیا، پڕۆسه‌كه سفرده‌كاته‌وه. له ساڵی (١٩٩٥) هەتا (١٩٩٩)، دووباره په‌كه‌كه تاكلایه‌نه چه‌ند جارێك ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی سوپا و حكومه‌تی توركیا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنییان هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ هاتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاک پارتی) بۆ ده‌سه‌ڵات، له سه‌ره‌تای سەدەی بیست و یەکەوە پڕۆسه‌ی ئاشتی له ڕووی چه‌ندیه‌تی و چۆنیه‌تییه‌وه ئاڕاسته‌كی نوێ وه‌رده‌گرێت، هه‌ر له دانوستانی نهێنییه‌وه له نێوان ساڵانی (٢٠٠٨) هەتا (٢٠١١) و پاشان ده‌ستپێخه‌ریی چاره‌سه‌ری له نێوان (٢٠١٢) هەتا (٢٠١٥) و دواتر به‌شداریی ده‌یان گرووپی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ناو پڕۆسه‌كاندا. سه‌رئه‌نجام هیچ یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه نه‌ك سه‌رناگرێت، به‌ڵكو شه‌ڕو به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان زۆر جار توندتر‌و وێرانكارانه‌تر ده‌ستیانپێكردووەته‌وه. هه‌ڵبه‌ت له هه‌ناوی شكستی هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كاندا چه‌ندین هۆكاری بابه‌تی‌و خودی هه‌بوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاكه هۆكارێك بكه‌ینه خاڵی سه‌ره‌كیی شكسته‌كان، ئه‌وا بەبێ دوودڵی ده‌بێت ده‌ستبخه‌ینه‌سه‌ر نه‌بوونی نیه‌تی جددی‌و متمانه، كه هه‌میشه سه‌نگی مه‌حه‌ك بووه بۆ بڕیاردان له چاره‌نووسی پڕۆسه یه‌كله‌دواییه‌کەكانی ئاشتی‌و پرسی چاره‌سه‌ری.
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م پڕۆسه نوێیه‌ش كه هێشتا له سه‌ره‌تادایه، هه‌ر ده‌بێت له نیاز‌و نیه‌ته‌وه لێیبڕوانین، چونكه گرێوگۆڵه‌كان زاده‌ی شه‌وو ڕۆژێك نین، هیی نزیكه‌ی نیو سه‌ده جه‌نگ‌و ماڵوێرانییه، كه زیاتر له (٤٠) هه‌زار قوربانی‌و دەربەدەربوونیدیان هەزاری دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوە. سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه تاڵه له نیه‌تێكی جددییه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه باوه‌ڕی به دانپێدانانی یه‌كترو ڕێزگرتنی هاوبەش‌و گەرەنتیی یاسایی هه‌بێت.
ئاشتیی گشتی بەدینایەت، ئەگەر تورکیا چاوی لە ڕادەستبوونی پەکەکە بێت وەک دۆڕاوی جەنگ‌و پیشاندانی وێنەی بەهێزیی دەوڵەت‌و کێبڕکێی دەسەڵات‌و تاکتیکی هەڵبژاردن. پرسی چەکدانانی هێزێك له پێناوی ده‌ستبه‌ركردنی ئاشتیدا پرسی نەتەوەیەکە، کە دەیەوێت مافی هاوڵاتیبوون و یەکسانیی هەبێت. ئەمە بە چاکسازیی دەستووری‌و پاراستنی مافە سیاسی‌و مەدەنییەکان دێتەدی، بە شەرعیەتپێدان‌و ڕێککەوتن لە سەر ناولێنانی پڕۆسە دەکرێت، نەک لایەك به نیەتی ئاشتییه‌وه هه‌نگاوبنێ‌و لایەنێكی تر لە چوارچێوەی پرسی كۆتاییپێهێنانی “تیرۆر”دا لێیبڕوانێت.
لە ڕاستیدا ئەوەی هەتا ئێستا دەردەکەوێت، دۆخێکە بۆ کۆتاییپێهێنان بە ململانێی چەکداری به‌بێ بوونی پەیمانێكی ئاشتیی دووقۆڵی‌و چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەسڵی كێشه‌كه. هه‌ڵبه‌ته دۆخێکی لەو شێوەیەش له باشترین حاڵه‌تدا ئاشتییه‌كی لەرزۆک‌و کاتی به‌رهه‌مده‌هێنێت، کە ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا وەک تەواوی پڕۆسەکانی پێشووتر بە توندوتیژی دەستپێبکاتەوە، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر نیه‌ته‌كان بۆ تێكشكان‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ده‌ورانه تاڵه نه‌بێت، سه‌رئه‌نجام دیسانه‌وه ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش وه‌ك خولانه‌وه له ناو بازنه‌ی بۆشدا به‌بێ ئه‌نجام ده‌بێت. ده‌خوازین وا ده‌رنه‌چێت‌و ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ستیپێكردو‌وه، له هه‌ناوی نیه‌تێكی ساف‌و بێگه‌رده‌وه بێت، كه جگه له ئاشتیی ڕاسته‌قینه، هیچ نیه‌تێكی دیكه‌ی نه‌بێت.