• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 11, 2026

كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا: داھاتوویەکی نادیار لە نێوان ھاوکاری و کێبڕکێدا

حەسا عەبدوڵا ئەلنوعەیمی/ توێژەر لە ئەنیستیتۆی ترێندز

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: نەورۆز محەمەد عبدولڕەحمان

لە ساڵانی ڕابردوودا جیھان ناچار کراوە بیر بکاتەوە کە چۆن  کاڵا و وزە و بیرۆکەکان بەسەر سنوورەکاندا جووڵە دەکەن. پەتای کۆڤید-١٩، شەڕی ئۆکراین و ناسەقامگیری لە دەریای سوور، ھەموویان ئەوەیان سەلماندووە کە كۆریدۆرە بازرگانییەکان ئیتر تەنھا پەیوەست نین بە ئابوورییەوە، بەڵکوو دەربارەی بەرگەگرتن و کاریگەری و مانەوەن. بۆ ھیندستان و ئەورووپا، ئەم ھەستکردنە گڕوتینێکی زیاتری دەربارەی دروستکردنی كۆریدۆری تایبەتی ھیندستان-ئەورووپا دروست کردووە،  کە بتوانێت ھەردوو ھەرێم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر و سەلامەتتر بەیەکەوە ببەستێتەوە. پێشنیارەکە کە لە کۆڕی  ”G20”ی ساڵی ٢٠٢٣دا ئاشکرا کراوە، كۆریدۆری ئابووریی ھیندستان-ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا  (IMEC)؛ سەرنجی جیھانی ڕاکێشا، بەڵێن درا بە دروستکردنی تۆڕێکی یەکگرتووی بەندەرەکان و شەمەندەفەرەکان و بۆریی نەوت و شەقامە دیجیتاڵییەکان کە لە مومبایەوە دەگاتە دەریای ناوەڕاست.

بەڵام گۆڕینی ئەم دیدگایە بۆ ڕاستی، ئاڵۆزە. ھیند پێشتر پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ دروستکردنی بەندەرێکی قووڵ بە نرخی ٩ ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی وەک ”AM Green” بناغە  بۆ كۆریدۆرێکی سووتەمەنیی هاوڕێی ژینگە (سەوز) دادەنێن  بە نرخی ١ ملیار دۆلار لەگەڵ بەندەری ڕۆتەردامی ئەورووپا. پاڵپشتیی سیاسییش لە گەشەدایە: دەستگرتنی سەرۆکوەزیران نارێندرا مۆدی بە قوبروس، ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە تەنانەت دەوڵەتە بچووکەکانی ئەورووپاش بەشێک دەبن لەم پڕۆژە هەماهەنگییەدا. بۆ ئەورووپا گرینگیی پڕۆژەکە لە هەمان ئاستدایە. لە درێژەی ھەوڵەکاندا بۆ “کەمکردنەوەی مەترسی” لە چین، كۆریدۆرەکە ڕێگایەک پێشنیار دەکات بۆ لەنگەراندنی ھیندستان بە شێوەیەکی بەهێزتر لە ستراتیژی ئابووریی درێژخایەنی ئەورووپا. لە ھەمان کاتدا دەوڵەتەکانی کەنداو، کە لە ناوەڕاستی جوگرافیی ئەم تۆڕەدا جێگیرن، كۆریدۆرەکە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ پارێزگاری لە پێگەی بازرگانییان لە داهاتوودا و بەھێزکردنی ڕۆڵیان وەک گرێدەرە سەرەکییەکانی جیھانی.

ھەر كۆریدۆرێکی سەرەکی لە ڕێگەی بەرژەوەندیی کێبڕکێکار و نادیاریی جیۆپۆلەتیکییەوە شێوەی پێ دەبەخشرێت. ناسەقامگیریی ھەرێمی و پڕۆژە لێکچووەکان وەک دەستپێشخەریی کەمەربەند و ڕێگای چین (BRI)، لە هەمان کاتدا گۆڕانی هۆکارەکانی گواستنەوەی وزەی جیھانی، ھەموویان دەتوانن پێشکەوتنەکان ئاڵۆز بکەن. کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە ”ئایا كۆریدۆری ھیندستان-ئەورووپا گرنگە؟”، بە ڕوونی گرنگە، بەڵام ئایا  چ شێوەیەک وەردەگرێت. ئەم تێڕوانینە دۆزینەوەی سیناریۆ پێشبینیکراوەکانە بۆ كۆریدۆرەکە و ئەوەی کە چی دەردەخەن دەربارەی داینامیکی  گۆرانی ھێز و پەیوەندیی جیھانی.

گرنگیی ستراتیژی كۆریدۆرەکە

كۆریدۆری ھیندستان-ئەورووپا زیاتر لە کۆمەڵێک ڕێگای بازرگانی لەخۆ دەگرێت، ئەو ھەوڵە ھاوبەشە دەردەخات بۆ پێناسەکردنەوەی چۆنیەتیی پەیوەندیکردنی ھەرێمەکان لە جیھانێکی فرەجەمسەریدا.

بۆ ھیندستان؛ كۆریدۆرەکە دەرفەتێک بۆ جۆراوجۆرکردنی ھاوبەشییە ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ھەر بازاڕێکی تایبەت دەڕەخسێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش ئەورووپا یەکێک بووە  لە گەورەترین ھاوبەشە بازرگانییەکانی ھیند، بەڵام كۆریدۆرەکە دەتوانێت دەستگەیشتنێکی خێراتر و متمانەپێکراوتر دابین بکات بۆ بازاڕە پێشکەوتووەکان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و دەرمانسازی و وزەی نوێبووەوە و وەبەرهێنانی بەهای بەرز، کە سەرەڕای بەرزکردنەوەی بڕی بازرگانی؛ پێگەی جیۆپۆلەتیکیی ھیند بەھێز دەکات. هاوکات  بە پەیوەندیکردنی فیزیکیی خۆی بە ڕۆژئاوا، ھیند وێنەی خۆی وەک پردێک لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا بەھێز دەکات و ڕۆڵێکی گەورەتر لە کاروباری جیھانیدا دەگێڕێت.

بۆ ئەورووپا، كۆریدۆرەکە لە ساتێکی گرنگدا دێتە ئاراوە. پاڵنەری یەکێتیی ئەورووپی بۆ “کەمکردنەوەی مەترسی” لە چین، ھیندی کردووەتە ھاوبەشێکی بەنرختر بۆ زنجیرەی دابینکردنی سەلامەتی و ھاوکاریی دیجیتاڵی. بە هۆی هەبوونی خواستێکی بەرفراوانی بەکاربەر و بەهێزی بواری تەکنەلۆژیا و بەرفراوانکردنی توانای وزەی نوێبووەوە، وای کردووە ھیندستان بە نزیکی لەگەڵ ئامانجە ئابووری و ژینگەییە درێژخایەنەکانی ئەورووپا ببەستێتەوە. ھەروەھا كۆریدۆرەکە  پارێزگاریی گواستنەوەی ئەورووپا بۆ دۆستی ژینگە (سەوز) دەکات، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی وزەی سووتەمەنیی پاک، هەروەک چۆن لەم دواییانە و لە هەماهەنگیی كۆریدۆرێکی سووتەمەنیی هاوڕێی ژینگەدا ھیند بە ڕۆتەردامەوە بەسترایەوە. لە ڕێگەی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانەوە، پڕۆژەکە نەک تەنھا دەربارەی پەیوەندیکردن دەبێت، بەڵکوو توانای بەرگەگرتن و کێبڕکێ لە گۆڕانی داواکاریی جیهانیدا دەخاتە ڕوو.

وڵاتانی کەنداو پێگەیەکی ناوەندی لەم تۆڕە پەرەسەندووەدا داگیر دەکەن. هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیژییەکەیان دەیانکاتە ناوەندی گواستنەوەی بنەڕەتی و دانەبڕاو، لە کاتێکدا پلانەکانیان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری؛ هاندەری بەهێز بۆ بەشداریکردن دروست دەکەن[10].

 بەشداریکردن لەم كۆریدۆرەدا سوودی بەرچاو دەبەخشێت، وەک وەبەرهێنان لە ژێرخان و فراوانکردنی کەرتی لۆجستی و دەستگەیشتن بە هاوبەشیی نوێی وزە، هاوكات بەهایەکی مەعنەوییشی هەیە کە وەک ئەکتەری سەرەکی لە بازرگانیی جیهانی لە داهاتوودا جێگیریان دەکات.

لە کۆتاییدا كۆریدۆرەکە هەڵگری گرنگییەکی مەعنەوییە، بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک جێگرەوەیەکی فرەجەمسەر بۆ دەستپێشخەریی “پشتێن و ڕێگا”ی چین (BRI) سەیر دەکرێت[11].

لە کاتێکدا ”BRI” ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە بە هۆی دروستکردنی وابەستەیی و چەسپاندنی هەژموون، كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا دیدگایەکی جیاواز دەخاتە ڕوو، دیدگایەک کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پەرەپێدانی هەرەوەزی بنیات نراوە. لەم سۆنگەیەوە، دەروازەکە تەنها بریتی نییە لە بەیەکەوەبەستنی بەندەر و بۆرییەکان، بەڵکوو بریتییە لە داڕشتنەوەی جیهانگیری لە ڕێگەی هاوکارییەوە نەک کۆنترۆڵکردن.

پەرەسەندن و جووڵەکان لە ئێستادا

كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا قۆناغی گفتوگۆ تیۆرییەکانی تێپەڕاندووە، ئێستا خەریکە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بەرچاو و هەماهەنگیی سیاسییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پابەندبوونی پەرەسەندووی هیندستان بە بەرزکردنەوەی توانای ژێرخانی خۆی؛ خاڵی جەوهەریی ئەم پێشکەوتنەیە. لە حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، نیودەلهی پڕۆژەی دروستکردنی بەندەرێکی قووڵی ئاوی بە بەهای ٩ ملیار دۆلار لە ”ڤاداڤان” پەسەند کرد. بڕیارە بەندەرەکە گەورەترین کەشتییە کۆنتێنەرەکانی جیهان لەخۆ بگرێت، ئەمەش هیندستان وەک رکابەرێکی گرنگ لە بازرگانیی دەریایی جیهانیدا جێگیر دەکات[12]. نیودەلهی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیندستان وەک یاریزانێکی سەرەکی لە زنجیرەکانی دابینکاریی جیهانیدا جێگیر بکات. ئەم پەرەسەندنە شانبەشانی باشترکردنی بەردەوامی كۆریدۆرە لۆجستییەکان و تۆڕەکانی گواستنەوەی کاڵا؛ بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە.

هاوکاری لە بواری وزەدا وەک لایەنێکی گرنگی پێشکەوتن دەرکەوتووە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا، کۆمپانیای ”AM Green” پلانی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەندەری ڕۆتەردام ڕاگەیاند بە مەبەستی دامەزراندنی كۆریدۆرێکی سووتەمەنیی دۆستی ژینگە (سەوز) کە هیندستان و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەهای ئەم هاوبەشییە یەک ملیار دۆلار بوو[13]. ئەم پڕۆژەیە پشتگیری لە ئامانجەکانی ئاووهەوای هەردوو هەرێمەکە دەکات: ئەورووپا ئامانجی ئەوەیە زیاتر دۆستی ژینگە بێت، لە کاتێکدا هیندستان هەوڵ دەدات خۆی وەک هەناردەکارێکی پێشەنگی سووتەمەنییە نوێبووەکان، وەک ئەمۆنیا و هایدرۆجینی سەوز، بسەلمێنێت. ئەمە نیشانی دەدات کە پەیوەندییە بازرگانییەکان تا دێت زیاتر گرێ دەدرێن بە بەردەوامیی ”هاوڕێی ژینگە” و تەکنەلۆژیا تازەکانەوە.

پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هیندستان و ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر بوون. ئەنجوومەنی بازرگانی و تەکنەلۆژیای یەکێتیی ئەورووپا و هیندستان (TTC) بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە هەردوو لا هاوکاری دەکەن لە سیاسەتی دیجیتاڵی و وزەی پاک و بەهێزکردنی خۆڕاگریی زنجیرەی دابینکردن[14]. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیران نەیندرە مۆدی بەرامبەر قوبرس؛ ئاماژەیە بۆ خواستی هیندستان بۆ دروستکردنی هاوبەشی لە دەرەوەی تەنها ئابوورییە گەورەکانی ئەورووپا. ئامانج لێی تێکەڵکردنی وڵاتە بچووکەکانە کە خاوەنی پێگەی ستراتیژین لە چوارچێوەی دەروازەکەدا.[15]

لە ئاستی هەرێمییشدا جووڵەکان لە گەشەکردندان. سەرکردەکان لە هەرێمی پەنجاب، کە دەکەوێتە باکووری هیندستان، پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە ویلایەتەکە ببێتە “كۆریدۆری هیندستان بەرەو ئۆراسیا”. ئەوان جەخت لە گرنگیی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبان دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی بەستەرە دەریاییەکان[16]. پڕۆژە نیشتمانی و هەرێمییەکان ئەوە دەردەخەن کە دەروازەکە خەریکە دەبێتە واقیع و وردە وردە لە ڕێگەی هاوکاری لە ژێرخان و وزە و سیاسەتدا بنیات دەنرێت.

ئاڵنگاری و مەترسییەکان

سەرەڕای ئەوەی هیوا هەیە بۆ كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا، بەڵام بەردەوامییەکەی لە مەودای دووردا هێشتا لێڵە. پڕۆژەکە لە دەیەی داهاتوودا ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ دەبێتەوە، لەوانە ناسەقامگیریی سیاسی و سنوورداربوونی ئابووری. چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ڕەنگە بڕیار لە سەر ئەوە بدات کە ئایا سەرکەوتنێکی جیهانیی گەورە بەدەست دەهێنێت، یان تەنها وەک ئاواتێکی بەدینەهاتوو دەمێنێتەوە.

جیهان لە ئێستادا ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە، کە وەک کێشەی سەرەکی و هەرە گرنگ دەمێنێتەوە. كۆریدۆرەکە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت، کە ناوچەیەکی گرنگە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان، هەر چەندە ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی سیاسیی بەرچاو دەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر کاریگەریی ململانێ و گۆڕانی هاوپەیمانێتییەکان و کێشەکانی پەیوەست بە دابینکردنی وزەدایە[17]. ئەگەر گرژییەکان لە کەنداو و  شام یان دەریای سووردا پەرە بسێنن، كۆریدۆرەکانی دەروازەکە دەکەونە مەترسییەوە. سەرکەوتنی پڕۆژەکە تەنها پشت بە ژێرخان نابەستێت، بەڵکوو بەندە بە دیپلۆماسیی کاریگەر و پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

کێبڕکێی ستراتیژی ئاڵۆزییەکی دیکە بۆ دۆخەکە زیاد دەکات. دەستپێشخەریی  ”BRI”ی چین هێشتا وەک ئامرازێکی کاریگەر دەمێنێتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە جیهانییەکان لە نێوان گەلاندا. سەرچاوەی دارایی زەبەلاحی بۆ تەرخان کراوە و ژێرخانێکی گەورەی لە سەرانسەری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا بنیات ناوە[18]. هیندستان بژاردەی ئەوەی هەیە لە ڕێگەی ئێران و دەریای قەزوینەوە بگاتە ئەورووپا بە بەکارهێنانی دەروازەی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی باکوور-باشووری ڕووسیا .[19] (INSTC)پێویستە كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا تیشک بخاتە سەر سوودە تایبەتەکانی خۆی، وەک کراوەیی و بەردەوامی و هاوبەشیی دادپەروەرانەی ڕاستەقینە، لە جیاتیی لاساییکردنەوەی مۆدێلەکانی وابەستەیی کە لە دەستپێشخەرییە جیهانییەکانی دیکەدا ڕەخنەیان لێ دەگیرێت.

پشتیوانیی سیاسی ناتوانێت گومانە ئابوورییەکان نەهێڵێت. پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان پێویستیان بە پشتیوانیی دارایی بەردەوام و دڵسۆزیی بەکۆمەڵ هەیە. زۆرێک لە لایەنەکان کێشەی دابەشکردنی خەرجییەکان و بەڕێوەبردنی قەرز، یان چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی وەبەرهێنەرانیان هەیە[20]. هیندستان و ئەورووپا بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی پارێزگاریی بازرگانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد (FTA) کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان دەکرێت، کاتی زیاتری دەوێت بۆ کۆتاییپێهێنان. ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت دەروازەکە بکاتە دەرفەتێکی ئابووریی ڕاستەقینە لە جیاتیی تەنها بیرۆکەیەکی دیپلۆماسی[21]. ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، پێشکەوتن تەنها لە چوارچێوەی تیۆریدا دەمێنێتەوە، کە ئەمەش ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بۆ كۆریدۆرەکە سەختتر دەکات.

لە کۆتاییدا گۆڕانی وزە؛ چینێکی جیاواز لە گومان دەهێنێتە کایەوە. كۆریدۆری سووتەمەنیی هاوڕێی ژینگە (سەوز) بە بەهای یەک ملیار دۆلار کە هیندستان و ڕۆتەردام بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پێشکەوتنێکی بەرچاوە و نیشاندەری توانای پێکەوە هەڵکردنی بازرگانی و پاراستنی ژینگەیە[22]. خێرایی بازاڕە جیهانییەکان لە بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە؛ بڕیار لە سەر سەرکەوتنی دەدات. ئەگەر خواست لە سەر سووتەمەنیی سەوز کەمتر بێت لەوەی پێشبینی کراوە، ڕەنگە ئەم پڕۆژانە بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبن کە مەبەست بوو، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخانێکی گرنگ بە کەمتر لە توانای خۆی بەکار بهێنرێت.

ئایندەی كۆریدۆرەکە بەندە بە فاکتەرگەلێکەوە کە لە بەندەر و بۆرییەکان تێدەپەڕن. سیاسەت و ڕای گشتی کاریگەریی گەورەیان لە سەر ئەنجامەکە دەبێت. ئاڵنگاریی ڕاستەقینە تەنها لە دروستکردنی كۆریدۆرەکەدا نییە لە نێوان هیندستان و ئەورووپا، بەڵکوو لە بەردەوامبوونی کارکردنیدایە لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کێشە ئابوورییەکان و پێویستیی بەپەلە بۆ ئایندەیەکی سەقامگیرتر.

سیناریۆکانی ئایندە

ئایندەی كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا نادیارە. وەک هەموو پڕۆژە گەورەکانی بەیەکەوەبەستن، ئەمەش دەکەوێتە سەر بژاردە سیاسییەکان و قەیرانە دەرەکییەکان و توانای لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ خۆگونجاندن. سێ سیناریۆ وەک باشترین ڕێگە دەردەکەون بۆ تێگەیشتن لە كۆریدۆرەکانی داهاتوو. هەر یەکێکیان چیرۆکێکی جیاواز نیشان دەدات دەربارەی ئەوەی دە ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت.

سیناریۆی یەکەم: لێکنزیکبوونەوەی ستراتیژی

 لە باشترین دۆخی ئایندەدا، سیاسەت و ئابووری بەیەکەوە کار دەکەن. ئەگەر هیندستان و یەکێتیی ئەوروپا دواجار لە سەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد ڕێک بکەون کە ساڵانێکە گفتوگۆی لە سەر دەکرێت، ئەمە پاڵنەرێکی گەورە بە بازرگانی و وەبەرهێنان دەبەخشێت[23]. لە ژێر ئەم سیناریۆیەدا، كۆریدۆری ”IMEC” دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە: کەشتییەکان لە بەندەرە ئاوییە قووڵە نوێیەکەی هیندستان لە ”ڤاداڤان” لەنگەر دەگرن، سووتەمەنیی سەوز لە ڕێگەی ڕۆتەردامەوە دەگوازرێتەوە و وڵاتانی کەنداو دەبنە ناوەندی وزەی نوێبووەوە و دیجیتاڵی[24]. لەم جیهانەدا دەروازەکە تەنها بریتی نییە لە ژێرخان، بەڵکوو سیمبولی متمانە و ئامانجی هاوبەشە. ئەمە نیشانی دەدات کە هیندستان دەبێتە دابینکەرێکی جیهانی بۆ کاڵا و وزە و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، لە کاتێکدا بۆ ئەورووپا هەنگاوێکە بەرەو زنجیرەی دابینکردنی پارێزراوتر. وڵاتانی کەنداو ئابوورییەکەیان دەبووژێننەوە لە ڕێگەی زیادبوونی قەبارەی بازرگانی، هەروەها پێگەی جیهانییان وەک بەستەری بازرگانی بەهێزتر دەکەن.[25]

سیناریۆی دووەم: کێبڕکێیەک کە باش ڕێک نه‌خراوە

 ڕەنگە ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی جیاواز و تاریکتردا بڕۆن. بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیریی سیاسیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەندە سەرەکییەکانی گواستنەوە ڕەنگە کەمتر جێی متمانە بن[26]. لە هەمان کاتدا، پڕۆژەی ”BRI”ی چین و ”INSTC”ی ڕووسیا وەک گرنگترین پڕۆژەکان لە ناوچەکەدا دەمێننەوە[27]. كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا، هەروەک تێکەڵەیەک لە پڕۆژەی تەواونەکراو و ڕاگەیاندنی سیمبولی دەمێنێتەوە. ئەورووپا بێزار دەبێت لە خاویی گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد  (FTA)و هیندستانیش تیشک دەخاتە سەر کاروباری خۆی. دەروازەکە هێشتا دەمێنێت، بەڵام زیاتر وەک مانشێتی هەواڵ دەبێت نەک تۆڕێکی کارا. لە جیاتیی ئەوەی هەرێمەکان بەیەکەوە گرێ بدات، دەریدەخات کە بیرۆکە گەورەکان چەندە لاوازن لە جیهانێکدا کە هەمیشە لە گۆڕاندایە.

سیناریۆی سێیەم: خۆڕاگرییەک کە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت

 ئەگەری زۆرە ئایندە لە شوێنێکدا بێت لە نێوان دوو سیناریۆکەی سەرەوە. دەروازەکە بەرەوپێش دەچێت، هەر چەندە كۆریدۆرێکی ڕاست پەیڕەو ناکات. پەرەسەندنی ئەرێنی لەئارادایە: كۆریدۆری سووتەمەنیی هاوڕێی ژینگە دەکەوێتە کار، بەندەرەکان باشتر دەبن و هاوبەشییە تەکنەلۆژییەکان بەهێزتر دەبن[28]. بەڵام کێشەی سیاسی یان دارایی دەبێتە هۆی دواکەوتن لە هەندێک ناوچەدا. هیندستان و ئەورووپا کەلێنەکان بە شێوازی جیاواز پڕ دەکەنەوە. بۆ نموونە؛ كۆریدۆری ”INSTC”  کە بە ئێراندا تێدەپەڕێت، یان تەنانەت هێڵەکانی گواستنەوە لە جەمسەری باکوور کە بە هۆی گۆڕانی ئاووهەواوە کراونەتەوە[29]. ئەنجامەکە ڕێگایەکی ساف و بێ کێشە نییە لە مومبایەوە بۆ دەریای ناوەڕاست، بەڵکوو تۆڕێکی مەتاتییە کە خۆڕاگری دەخاتە پێش خێراییەوە. ڕەنگە وەک ئەو پلانە گەورەیە دەرنەکەوێت کە سەرەتا بیری لێ کرایەوە، بەڵام نیشانی دەدات کە بازرگانیی جیهانی لە ئێستادا چەندە ئاڵۆز و مەتاتییە.

دەرئەنجام

كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا تەنها دەستپێشخەرییەکی بازرگانی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ گۆڕینی شێوازی کارکردنی جیهان. ئەم پڕۆژەیە ئاسیا و کەنداو و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە نیشانەیەکە بۆ ئومێدی جیهانێک کە تیایدا هیچ زلهێزێک بە تەنها کۆنترۆڵی ناکات. گرنگیی پڕۆژەکە هەم لەوەدایە کە خەڵک بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە و هەم لەوەدایە کە کاڵا و وزە و دەیتا بە سنوورەکاندا دەگوازێتەوە.[30]

بەڵام ڕێگای بەردەممان هێشتا ناڕوونە. سەرکەوتنی دەروازەکە بەندە بە ئیرادەی سیاسی لە نیودەلهی و برۆکسل و پایتەختی وڵاتانی کەنداو، هەروەها سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مێژوویەکی هەیە لە شۆک و ململانێکان[31]. وەبەرهێنانی درێژخایەن لە پیشەسازییە سەوز و دیجیتاڵییەکان بە هەمان ئەندازە گرنگە بۆ ئەوەی دەروازەکە نوێنەرایەتیی ئایندەی بازرگانی بکات نەک ڕابردوو[32]. ئەگەر ئەم بەشانە بەیەکەوە کۆ ببنەوە، دەستپێشخەرییەکە ڕەنگە جیهانگیری بە شێوەیەک بگۆڕێت کە دادپەروەرتر و بەهێزتر بێت.

لە کۆتاییدا، كۆریدۆری هیندستان-ئەورووپا وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆ سەردەمی ئێمە. چاودێران دەپرسن: ”ئایا جیهانگیریی فرەجەمسەر دەکرێت لە سەر بنەمای متمانە و کارکردن بەیەکەوە بنیات بنرێت، یان بە هۆی کێبڕکێ و بیرۆکە جیاوازەکانەوە لێک هەڵدەوەشێتەوە؟”، وەڵامەکە تەنها چارەنووسی ئەم كۆریدۆرە دیاری ناکات، بەڵکوو سروشتی بنەڕەتیی پەیوەندییە جیهانییەکان لە دەیەکانی داهاتوودا دەستنیشان دەکات.[33]

سەرچاوەكان:

[1] The White House, Memorandum of Understanding on the Principles of an India–Middle East–Europe Economic Corridor, September 9, 2023, https://bidenwhitehouse.archives.gov/briefing-room/statements-releases/2023/09/09/memorandum-of-understanding-on-the-principles-of-an-india-middle-east-europe-economic-corridor/.

[2] “India Approves $9-Billion Port to Boost Trade with Europe,” Reuters, June 19, 2024, https://www.reuters.com/world/india/india-approves-9-billion-port-boost-trade-with-europe-2024-06-19/.; “AM Green Partners Rotterdam Port to Build $1 Bn Green Fuel Corridor from India to Europe,” The Economic Times, January 25, 2025.

[3] “India and Cyprus to Step up Defense, Maritime and Cybersecurity Cooperation, Indian PM Says,” AP News, September 9, 2024, https://apnews.com/article/cyprus-india-defense-cybersecurity-maritime-modi-imec-22f6e19d4a4554e9867473ed10a10324.

[4] European Parliament, “EU-India Strategic Partnership: A Roadmap to 2025,” 2020, https://www.europarl.europa.eu/cmsdata/240671/EU-India-roadmap-2025.pdf.

[5] Jyoti Vij, “India-Middle East-Europe Economic Corridor: A New Global Binding Force,” Gulf News, July 19, 2025, https://gulfnews.com/opinion/op-eds/india-middle-east-europe-economic-corridor-a-new-global-binding-force-1.500203227.

[6] European Parliament, “EU-India Strategic Partnership: A Roadmap to 2025.”

[7] Shairee Malhotra, “A New EU-India Strategic Agenda in 2025,” Observer Research Foundation, February 20, 2025, https://www.orfonline.org/research/a-new-eu-india-strategic-agenda-in-2025.

[8] European Parliament Research Service, India’s Connectivity Initiatives: A multi-faceted strategy, 2024, https://www.europarl.europa.eu/RegData/etudes/BRIE/2024/762471/EPRS_BRI%282024%29762471_EN.pdf.

[9] “AM Green Partners Rotterdam Port to Build $1 Bn Green Fuel Corridor from India to Europe,” The Economic Times, January 25, 2025, https://economictimes.indiatimes.com/industry/renewables/am-green-partners-rotterdam-port-to-build-1-bn-green-fuel-corridor-from-india-to-europe/articleshow/121413687.cms.

[10] Jyoti Vij, “India-Middle East-Europe Economic Corridor: A New Global Binding Force.”

[11] Alberto Rizzi, “The Infinite Connection: How to Make the India-Middle East-Europe Economic Corridor Happen,” European Council on Foreign Relations (ECFR), April 23, 2024, https://ecfr.eu/publication/the-infinite-connection-how-to-make-the-india-middle-east-europe-economic-corridor-happen/.

[12] “India Approves $9-Billion Port to Boost Trade with Europe.”

[13] “AM Green Partners Rotterdam Port to Build $1 Bn Green Fuel Corridor from India to Europe.”

[14] Rajat Kathuria and Amaia Sánchez-Cacicedo “Tapping into the Momentum: The EU-India Trade and Technology Council,” Heinrich Böll Stiftung, May 2025, https://www.boell.de/sites/default/files/2025-06/tapping-into-the-momentum-the-eu-india-trade-and-technology-council.pdf.

[15] “India and Cyprus to Step up Defense, Maritime and Cybersecurity Cooperation, Indian PM Says.”

[16] “Bajwa Bats for Repositioning Punjab as India’s Gateway to Eurasia,” The Times of India, September 28, 2025, https://timesofindia.indiatimes.com/city/chandigarh/bajwa-bats-for-repositioning-punjab-as-indias-gateway-to-eurasia/articleshow/124195225.cms.

[17] Alberto Rizzi, “The Infinite Connection: How to Make the India-Middle East-Europe Economic Corridor Happen.”

[18] “The Belt and Road Initiative at Ten: A Reality Check,” Chatham House, October 2023, https://www.chathamhouse.org/2023/10/belt-and-road-initiative-ten-reality-check.

[19] United Nations ESCAP, “International North–South Transport Corridor: Opportunities and Challenges,” 2023, https://www.unescap.org.

[20] World Bank, “Reshaping Global Value Chains in a New Era of Reshoring,” 2023, https://www.worldbank.org/en/topic/trade/publication/reshaping-global-value-chains.

[21] European Parliament Research Service, “India’s Connectivity Initiatives: A multi-faceted strategy.”

[22] Ibid.

[23] European Parliament, “EU-India Strategic Partnership: A Roadmap to 2025.”

[24] “India Approves $9-Billion Port to Boost Trade with Europe.”; “AM Green Partners Rotterdam Port to Build $1 Bn Green Fuel Corridor from India to Europe.”

[25] Jyoti Vij, “India-Middle East-Europe Economic Corridor: A New Global Binding Force.”

[26] Alberto Rizzi, “The Infinite Connection: How to Make the India-Middle East-Europe Economic Corridor Happen.”

[27] “The Belt and Road Initiative at Ten: A Reality Check.”; United Nations ESCAP, “International North–South Transport Corridor: Opportunities and Challenges.”

[28] Alberto Rizzi, “The Infinite Connection: How to Make the India-Middle East-Europe Economic Corridor Happen.”

[29] World Bank, “Reshaping Global Value Chains in a New Era of Reshoring.”

[30] The White House, Memorandum of Understanding on the Principles of an India–Middle East–Europe Economic Corridor.

[31] Alberto Rizzi, “The Infinite Connection: How to Make the India-Middle East-Europe Economic Corridor Happen.”

[32] “AM Green Partners Rotterdam Port to Build $1 Bn Green Fuel Corridor from India to Europe.”

[33] World Bank, “Reshaping Global Value Chains in a New Era of Reshoring.”

سەرچاوە: تریندز للبحوث و الاستشارات (TRENDS Research & Advisory)

لینک: https://trendsresearch.org/insight/future-scenarios-for-imec/?srsltid=AfmBOoqhsGzP54D5nXLauAg1qPB-UX4PO_-iGUQFJXjEn0jhwvguUECj

 

Send this to a friend