• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 3, 2025

کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ئەتنی و مەدەنی لەسەر شوناسی کورد

د. ڕێبوار ڕەئووف ساڵح / پسپۆڕ لە زانستی سیاسی و حکومڕانی

بەرایی

پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزمی ئەتنی و مەدەنی بەشێوەیەکی کاریگەر شێوەی داوە بە شوناسی کوردی، کاریگەری هەبووە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی کوردی و پەیوەندیەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراقدا. ئەم توێژینەوەیە ئەکۆڵێتەوە لەو پەرتبوونانەی ئەم فۆرمانەی ناسیۆنالیزم دروستیان کردووە لە شوناسی کوردیدا لە ئێراقدا. بەوە دەستپێئەکات کە پێناسەی ناسیۆنالیزم ئەکات، پاشان ئەکۆڵێتەوە لە ناسیۆنالیزمی ئەتنی، جەخت ئەکاتەوە لە بنەڕەتی هاوبەش، زمان، کەلتور و مێژوو کە بناغە بوون بۆ شوناسی کوردی دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە. گەشەکردنی ئەدەبیاتی کوردی، مۆسیقا و فۆلکلۆر ڕەنگدانەوەی ئەم فۆرمە لە ناسیۆنالیزمن کە هەستێکی یەکێتی لەناو کوردا دروست کردوە لە ئێراقدا. هەرچەندە دابەشبوونە ناوخۆییەکان—وەکو جیاوازیی دیالێکتی، مەیلی خێڵەکی، پەیوەندی بە هێزە هەرێمیەکان و کاریگەریی حیزبە سیاسیەکان—هەندێجار گرفتیان دروستکردووە بۆ هەوڵەکانی دامەزراندنی شوناسێکی نەتەوەیی. لەوەش زیاتر، ناسیۆنالیزمی ئەتنی هۆکار بووە بۆ کۆکردنەوەی پێشمەرگە وەکو هێزی دیاریکەر بۆ خۆسەریی یان سەربەخۆیی کورد. بە پێچەوانەوە، ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەولەویەت ئەدات بە بەهای هاوبەش، سیستەمی سیاسی و هاوڵاتیبوون لە هەمبەر شوناسی ئەتنیدا. لە بەستێنی کوردیدا، ئەم فۆرمەی ناسیۆنالیزم شێوەی داوە هەم بە ڕوانینی کورد لە خۆی و هەم پەیوەندیەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراقدا. لە مێژوودا، شوناسی کوردی زۆرجار ناکۆک بووە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئەتنی ئەو وڵاتانەدا کە کوردی تێدا ژیاوە؛ بۆ نمونە ناسیۆنالیزمی عەرەبی ئێراق بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کوردەکانی پەراوێز خستوە بۆ ئەوەی بەشداری سیاسیان نەبێت. هەرچەندە هەندێ لە کوردەکان داوای ناسیۆنالیزمی ئەتنی ئەکەن و هەوڵ بۆ دەوڵەتێكی کوردی سەربەخۆ ئەدەن لە ڕێگای جیابوونەوەوە، ئەوانی تر داکۆکی لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەکەن و داوای لەخۆگرتنی فراوانترو کرانەوەی سیاسی ئەکەن لەناو هەرێمی کوردستانی ئێراقدا. ئەم توێژینەوەیە هەوڵی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی گرنگ دەدات: چ فۆرمێکی ناسیۆنالیزم ئەبێ جەختی لێبکرێتەوە لە حوکمکردن لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا؟ ئایا شوناسی کوردی ئەبێ لە سەر بنەما ئەتنیەکان یان بنەما مەدەنیەکان پێناسە بکرێت؟ لەوەش زیاتر، چ فۆرمێکی ناسیۆنالیزم کەمینەکانی تر لەخۆئەگرێت لەناو هەرێمەکەدا؟ لە کۆتاییدا، چ ڕێگایەک ئەگەری زیاترە کیانێکی سیاسی سەقامگیرترو پێشکەوتووتر بنیات بنێت، جیاوازتر لەو دیمەنە سیاسیە توندو داپڵۆسێنەرەی ناوچەکە، بە تایبەتی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ؟

دەروازە

ناسیۆنالیزم هێزێکی ئاڵۆزو بەتوانایە کە بەشێوەیەکی کاریگەر شێوەی داوە بە کۆمەڵگاکان، سیستەمە سیاسیەکان و ناسنامە جڤاکیەکان. ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە لە بنیاتنانی نەتەوەکان و دروستکردنی هاریکاریی، بەڵام کاریگەریەکەی بەندە لەسەر ئەوەی ئایا بە فۆرمێکی لەخۆگرو مەدەنی بەکارئەهێنرێت یاخود بە فۆرمێکی ئەتنیکی دەرهاوێژ بەکارئەهێنرێت. ئەم سروشتە دووانیە وایکردوە ناسیۆنالیزم سەرچاوەیەک بێت هەم بۆ یەکێتی و یەکبوون هەم بۆ دابڕان و دابەشبوون.

لە ئێراق و هەرێمی کوردستانی ئێراقدا ناسیۆنالیزم فاکتەرێکی دیاریکەر بووە لە مێژووی ناجێگیری ناوچەکەدا. کاریگەریی دوولایەنەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی کوردی بەشێوەیەکی دیار ڕۆڵی هەبووە لە بەڕێوەبردن، شوناس و دیمەنی سیاسی ئێراقدا. لە مێژوودا ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە باڵادەست بووە لە دەوڵەتی ئێراقدا، بەزۆری جڤاتە نا-عەرەبەکانی پەراوێز خستووە، بە تایبەتیش کوردەکان کە ئەمەش بووە بە هۆی کێشەو ململانێ. لە وەڵامی ئەمەدا، ناسیۆنالیزمی کوردی سەریهەڵدا هەم وەکو جوڵانەوەیەکی بەرخۆدان و هەم وەکو ئامرازێکی گرێدان و کۆکردنەوەی سیاسی کە هەوڵیداوە بۆ خۆسەریی زیاترو مافی چارەنووس. ئەم ململانێیە بووە بە هۆکاری پەیدابوونی هەنگاوی گرنگ، بۆ نمونە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧، بەڵام دابەشبوونەکانی قوڵتر کردوەتەوە.

پەیوەندی نێوان دەوڵەتی ئێراق و دانیشتوانە کوردەکەی پەراوێزخستن، داپڵۆسین و ململانێ بووە. لە سایەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکاندا، بە تایبەتی ئەوەی سەدام حسەین، دەوڵەتی ئێراق بەدوای ئەجێندایەکی ناسیۆنالیستی عەرەبیەوە بووە کە ئامانجی تواندنەوەو چەپاندنی گروپە نا-عەرەبیەکان بووە. ئەمەش پێکهاتبوو لە بەعەرەبکردنی زۆرەملێ و هێرشی سەربازی دژی بەرخۆدانی کورد، کە ئەمەش سوتەمەنی بوو بۆ جۆشدانی عەتفی ناسیۆنالیستی و داواکاری خۆسەریی.

لە کاتێکدا ناسیۆنالیزمی کوردی هێزێک بووە بۆ یەکگرتنی کوردان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵەنگاریی ناوەکی هەبووە. لە ناو هەرێمی کوردستانی ئێراقدا، ناسیۆنالیزمی ئەتنی هەندێجار سەریکێشاوە بۆ بەشبەش بوون لەبەرئەوەی هێزو پارتە سیاسیە جیاوازەکان، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕکابەڕیانە بۆ هێزو کاریگەریی. پشتبەستن بە ناسیۆنالیزمی ئەتنی گرفتی دروستکردوە بۆ ئاوێتەکردنی جڤاکە ناکوردیەکانی ناو هەرێمی کوردستانی ئێراق، بووە بە گرفت لەبەردەم هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی حوکمداریی یەکخەرو لەخۆگر. ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ هەرچەندە دەربڕی ویستی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی بەڵام ئەم گرفت و ئاڵۆزیانەی زەقکردەوە لەبەرئەوەی وڵاتانی دراوسێ، ئێراق و جڤاکە نا-کوردیەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەکو کەرکوک هەموو دژایەتیان کرد.

لەسەر بنەمای ئەم ئاڵەنگاریانە، توێژەران و لێکۆڵەرە سیاسیەکان بەزۆری جەخت لەوە ئەکەنەوە کە پێویستە لە ناسیۆنالزمی ئەتنیکیەوە بگوازینەوە بۆ ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا. ناسیۆنالیزمی مەدەنی، کە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بنەما دیموکراتیەکان و بەڕێوەبردنی لەخۆگرە، ڕێگایەکی حەتمی پێشکەش ئەکات بۆ سەقامگیریی دورمەوداو ئاوێتەبوون. بە گرنگیدان بە ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان، بێ گوێدانە ئەتنیک، ناسیۆنالیزم ئەتوانێ دابەشبوونەکان نەهێڵێت لەناو هەرێمی کوردستانی ئێراقداو پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراق و وڵاتانی دراوسێدا باشتر بکاتەوە. نمونە مێژووییەکان لە وڵاتانی وەکو کەنەداو سکۆتلەندا نیشانی ئەدات کە ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەتوانێ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو هاوسەنگی شوناسی هەرێمی بە لەخۆگرتن ڕابگرێت و هۆکار بێت بۆ یەکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

سەرەڕای سوودەکانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی، دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستانی ئێراق قوڵ ڕۆچووە بەناو شیعاری ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی و سیاسەتی حیزبایەتیدا. حیزبە سیاسیە باڵادەستەکان، پارتی و یەکێتی، بەردەوام ناسیۆنالیزمی ئەتنی بەکاردێنن بۆ قایمکردنی دەسەڵاتیان، بەزۆری یەکێتیی کۆمەڵایەتی فراوانتر ئەکەنە قوربانی بۆ ئەمە. لە سەروو ئەمەشەوە، جیاوازیی ئابووریی نێوان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لەگەڵ کێشەکانی گەندەڵی و ناکارایی بەڕێوەبردن، هەموو پێکەوە گرفت دروست ئەکەن بۆ هەوڵەکانی بە بنەماگرتنی شوناسێکی لەخۆگری نەتەوەیی. بۆ چوون بەرەو ناسیۆنالیزمی مەدەنی، هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەبێ ڕیفۆرمی گشتگیر ئەنجام بدات کە دامەزراوە دیموکراتیەکان بەهێز ئەکات، برەو بە پەروەردەیەکی لەخۆگر ئەدات و چارەسەری کێشەکانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەکات.

ئەم توێژینەوەیە لە ڕۆڵی ناسیۆنالیزم ئەکۆڵێتەوە لە شێوەدان بە تەونی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراق هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای لێکۆڵینەوە لە ڕێڕەوی مێژوویی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کوردی، کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ئەتنی لەسەر حوکمداریی و شوناس، لەگەڵ ئەگەرەکانی پیادەکردنی ناسیۆنالیزمی مەدەنی. ئەم توێژینەوەیە هەروەها ئامانجی ئەوەیە سەرنج بخاتە سەر ئاڵەنگاریەکان و دەرفەتەکانی بەردەوام هەرێمی کوردستانی ئێراق. لێکۆڵینەوەکە جەخت ئەکاتەوە لە گرنگی بەکارهێنانی ڕێگایەکی لەخۆگر بۆ ناسیۆنالیزم کە لەپێشینەیی ئەدات بە حوکمداریی دیموکراتیی، مافەکانی مرۆڤ و یەکخستنی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستانی ئێراق ئایندەی سیاسی خۆی بنیات ئەنێت، باوەشکردنەوەو پیادەکردنی ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەکرێ هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو گەشەکردنی بەردەوام، سەقامگیریی و ئاوێتەبوون.

ناسیۆنالیزم

“ناسیۆنالیزم پرۆسەیەکی ئاڵۆز، خود-بەدیهێنەرو خود-تەواوکەری دروستکردن و وێناکردنی ئادیدیای نەتەتەوەیە، ئەمەش بەستراوەتەوە بە کارلێکی نێوان ئەفسانە، دەسەڵات، هەژمون و هێزی ڕەمزی و عاتفی لە کێشانی سنورەکانی ناسنامەی خەڵکانێکدا”١. ناسیۆنالیزم هەروەها سیستەمێکی باوەڕییە کە لەپێشینەیی ئەدات بە دڵسۆزیی، خۆتەرخانکردن و پشتیوانی بۆ نەتەوەو دەوڵەتێک، ئەم گفتە لای لە بەرژەوەندیە کەسیەکان گرنگترە. ڕۆڵێكی گرنگ ئەگێڕێت لە شێوەدان بە شوناس، بە تایبەتی لە ڕێگای کاریگەریی دەوڵەتەوە. هەرچەندە “ناسیۆنالیزم بۆ هەموو شتێک لۆمە کراوە، لە پۆپۆلیزمی جڵەونەکراوەوە بۆ جینۆساید. بەڵام چی ئەبێت ئەگەر ناسیۆنالیزم ئەو پەرچەکردارە نەگۆڕاوە نەبێت کە زۆرکەس پێیان وایە؟ لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزم ئەکرێ هاوکار بێت لە دروستکردنی سامان، شەڕی گەندەڵی و کەمکردنەوە تاواندا”٢.

بۆ نمونە کە بیر لە ناسیۆنالیزم ئەکەینەوە، وەکو گۆستاڤۆ دو لاس کاسا (٢٠٠٨) ئەڵێت “ڕەنگە بیرت بۆ وڵاتێک بچێت کە مێشکی شۆردراوەتەوە بەوەی ڕقی لە دراوسێکانی بێت. ڕەنگە وێنای هەزاران کەس بکەیت کە خۆیان ئەکەن بە قوربانی بۆ دیکتاتۆرێک کە تینوی دەسەڵاتە. لەمەدا تەنها نیت. ئەلبێرت ئەنشتاین بە ناسیۆنالیزم ئەلێت ‘نەخۆشیەکی منداڵی، سورێژەی مرۆڤایەتی’. زانا سیاسیەکان لۆمەی ناسیۆنالیزم ئەکەن بەوەی هۆکاری شەڕە ناوخۆییەکان و هەڵپەی دەسەڵاتە بەسەر ڕووبەرێکدا، لە ڕوانداو یوگسلافیاوە بۆ ئەڵمانیای نازی و فەڕەنسای ناپلیۆن. زۆر لە ئابوریناسەکان وەکو لادانێکی نائەقڵانی ئەبینن لە بنەماکانی بازاڕی ئازاد، کە بەربەستە لەبەردەم گەشەو برەو ئەدات بە گەندەڵیی لە سەرانسەری وڵاتە گەشەسەندووەکاندا. لە ڕابردوودا کە شەر دەستیپێکردووە، زۆرجار ناسیۆنالیزم وەکو بەشێک لە تاوانەکە سەیر کراوە کە یان ئەوەتا ئامرازێکە بەدەستی سەرکردەکانەوە بۆ ڕازیکردنی جەماوەر بۆ ئەوەی شەڕ بکەن یان وەکو سوتەمەنیەک کە ڕقی جەماوەر خۆش ئەکات. ناتوانێ ئینکاری لەمە بکرێت: ناسیۆنالیزم ناوبانگی خراپە. بەڵام ئەم ناوبانگە نەرێنیە ئەو هەستە ئاڵۆز ئەکات کە زۆرجار بێزیانە. ناسیۆنالیزم هەستی یەکبوونە لەگەڵ گروپێکدا لەسەروو خێزان و هاوڕێکانەوە. ناسیۆنالیزم وەکو خۆی و لەخۆیدا هۆکار نیە بۆ شەڕە وێرانکاریەکان. ئەو دەنگۆ خراپەی ناسیۆنالیزم بە نزیکەیی پشتئەستورە بە هەندێ نمونەی ناوازەو شاز. کەسانێک بەم دەرئەنجامانە گەشتوون بەبێ ئەوەی ئەو نمونە زۆر بەربڵاوانەی تر لەبەرچاو بگرن کە ناسیۆنالیزم تێیاندا هۆکار نەبووە بۆ خراپەیەک٣.

لە کۆتاییدا ئەبێ دانبەوە بنرێت کە “ناسیۆنالیزم ترسناکە کاتێک چەند لایەنێک بانگەشەی خاوەندارێتی ناوچەیەک ئەکەن و بەتایبەتیش کاتێک مێژوویەک هەیە لە توندوتیژی لە نێوانیاندا. کاتێک ئەم هەلومەرجانە هەیە، وەکو ئەوەی لە یوگسلافیای پێشوو لەگەڵ ڕواندا هەبوو، شەڕی ناوخۆیی ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. دیموکراسیەتە تازەکانیش مەترسی زیاتریان هەیە ناسیۆنالیزمی زیانبەخش پێیان بگات. لەم وڵاتە بەدیموکراسیبووانەدا، سەرکردە تەماحکارەکان ڕەنگە ڕێگای مەترسیدار هەڵبژێرن—بۆ نمونە داگیرکردنی دراوسێیەک—بۆ بەکارهێنانی ناسیۆنالیزمی پێنەگەشتووی خەڵکەکە بۆ ئامانجەکانی خۆیان”4.

وەکو زۆرینەی دیاردە مرۆییەکانی تر، ناسیۆنالیزمیش کاریگەریی هەم ئەرێنی و هەم نەرێنی هەیە لەسەر تاکەکان و کۆمەڵگاکان. هەرچەندە گرنگە ئەوە بزانرێت ئەم کاریگەریانە بەزۆریی بەندە لەسەر ئەو فۆرمەی ناسیۆنالیزم کە بەکارئەهێنرێت. دوو جۆری هەرە کاریگەریی ناسیۆنالیزم ئەتنی و مەدەنیە کە تەواو جیاوازن لە یەکتری. ئەتنی زۆرجار بەوە ئەناسرێتەوە کە توندو هێرشبەرەو بەستراوەتەوە بە ململانێ و هەتا جینۆسایدەوە، لە کاتێکدا مەدەنیەکە زانایان وەکو شێوازێکی پێشکەوتنخوازانە ئەیناسێنن کە هۆکارە بۆ پێکەوە ژیان.

ناسیۆنالیزمی ئەتنی

ناسیۆنالیزمی ئەتنی فۆرمێکی ناسیۆنالیزمە کە بەندە لەسەر ئەتنیکێکی دیاریکراو. لەسەر بنەمای میرات و زمانی هاوبەش لەگەڵ هەستێکی بەهێز بۆ شوناسێکی هاوبەشی نەتەوەیی. ئەم فۆرمە لە ناسیۆنالیزم جەخت ئەکاتەوە لەسەر بنەڕەتێکی دیاریکراوی نەتەوەیی، کە زۆرجار سەر ئەکێشێ بۆ هەستکردن بەوەی کە گروپە ئەتنی و کەمینەکانی تر لەخوارترن. لە ئەنجامدا، ئەمە ئەبێت بەهۆی ئەوەی پەراوێز بخرێن و وەکو هاوڵاتی پلە-دوو مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

وەکو جێری زێد میلەر لە وتارەکەیدا بەناوی ‘ئێمەو ئەوان: هێزی خۆڕاگریی ناسیۆنالیزمی ئەتنی’ (٢٠٠٨) ئەڵێت “بە کورتی ناسیۆنالیزمی ئەتنی ڕۆڵێکی کاریگەرترو خۆڕاگرتری بینیوە لە مێژووی مۆدێرندا لەوەی کە بە گشتی خەڵک تێئەگەن، ئەو پرۆسەی کە هۆکار بوو بۆ باڵادەستبوونی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی ئەتنیکی و جیابوونەوەی گروپە ئەتنیەکان لە ئەوروپا ئەگەری زۆرە لە شوێنی تر دووبارە بێتەوە”5.

بە نواڕین لە کەیسی ئێراق، “ئەکرێ بڵێین ئێراق دابەشبووەو بەدرێژایی مێژووەکەشی هەروەها بووە. وڵاتەکە گرفتی بۆ هاتوەتە پێش لە هەوڵەکانیدا بۆ ئاوێتەکردنی هەموو گروپەکان لەژێر ناسیۆنالیزمی دەوڵەتیدا”6، فۆرمێک لە ناسیۆنالیزم کە بە ئەتنیکی ناوئەبرێت لەبەرئەوەی جەخت ئەکاتەوە لەسەر شوناسی عەرەبی نەک ئەوەی شوناسێکی لەخۆگر کە هاوکار بێت بۆ ئاوێتەبوون. ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ وەستانەوەی کورد دژی دەوڵەتەکە کە بە نزیکەیی لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەوە بوونی هەیە. ئەمە ئارگومێنتە زیاتر لە لایەن هێنری دی ئەستارژیانەوە بەرگری لێئەکرێت کە نوسەر، دکتۆر و توێژەرێکی سیاسی ئەرمینی-ئەمریکیە، باشتر بە کتێبەکەیدا ئەناسرێتەوە بەناوی ‘تێکۆشان بۆ کەرکوک: سەرهەڵدانی سەدام حوسەین، نەوت و مەرگی لێبووردەیی لە ئێراقدا’. کتێبەکەی ئەکۆڵێتەوە لە تێکۆشان و ململانێ سیاسی و مێژوویەکان لەسەر کەرکوک، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە بەرنامە سیاسیەکانی سەدام حوسەین و کاریگەریەکانی لەسەر گروپە ئەتنی و ئاینیەکانی ناوچەکە. ئەستارژیان ئەڵێت کە “ئێراق شکستیهێناوە لەوەدا گروپەکان لەخۆی بگرێت بەشێوەیەکی یەکسان لە دامەزراندنیەوە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ١٩٢١، ئەمەش بووە بەهۆی شکستی دروستبوونی هەستێکی یەکێتی لە ناو هاوڵاتیانی وڵاتەکەدا بۆ ئەوەی خۆیان وەکو ئێراقی دەسنیشان بکەن … سونەی دەسەڵاتدار شیعەو کوردەکانیان وەکو هاوڵاتی پلە-دوو تەماشا کردووەو بارودۆخێکیان سەپاندوە کە تێیدا ئەو گروپە وەکو کەسانی دواکەوتوو لەڕووی ئابوریی و کۆمەڵایەتیەوە چاویان لێکراوە”8،7.

زیاتر ووردبوونەوە لە کاریگەریەکانی ناسیۆنالیزمی ئەتنی لە ئێراق “لەسەر بنەمای هەندێ لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ سیاسیەکان و پسپۆڕەکاندا ئەنجام دراون، دەوڵەت-نەتەوە نیەو هەرگیزیش نابێت لەبەرئەوەی نەتەوەی زۆر هەن لە ئێراقداو شتێکی مەحاڵە شوناسێکی نەتەوەیی دروست بکرێت و بپارێزرێت کە ئەو گروپە جیاوازانە قایل بکات … حیزبی بەعس و حکومەتەکانی پێشوو لە بەغداد ژینگەیەکی سیاسی و شوناسێکی نەتەوەیی لەخۆگریان لە ئێراقدا دروست نەکردووە”9 کە هاریکار بێت بۆ ئاوێتەبوون و لەخۆگرتنی گروپە ناعەرەبیەکان. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت کە لە ژێر حوکمڕانی سەدام حوسەیندا ئێراق لەلایەن ناسیۆنالیزمی ئەتنیەوە ئیدارە کراوە چونکە سەدام نەتەوەپەرستێکی عەرەبی بوو، هەروەها کەسێکی سەرەکی بوو لە حیزبی بەعسی عەرەبیداو لە کۆتاییدا بووبە سەرۆکی ئێراق. سەدام ئایدۆلۆژیای ئێراقی لەسەر بەعسیزم بنیات نا کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی تێکەڵ کردبوو لەگەڵ سۆسیالیزمی عەرەبی. ئەمەش هۆکار بوو بۆ جەختکردنەوەیەکی بەهێز لەسەر یەکێتی عەرەب و برەودان بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بەتایبەتی لەناو دانیشتوانە عەرەبیە باڵادەستەکەی ئێراقدا.

کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ئەتنی وەها دیارە ڕۆڵی هەیە لە لاوازکردنی پێکەوەژیان لەناو دەوڵەتەکاندا. ئەم گرفتە لەناو ئەمریکیەکاندا دەرکی پێکراوە، وەکو مولەر ئەڵێت “ئەمریکیەکان بەگشتی ڕۆڵی ناسیۆنالیزمی ئەتنی کەم ئەکەنەوە لە سیاسەتدا. دواجار، لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا خەڵکی ئەتنیکی جیاواز پێکەوە بە ئاشتی ئەژین. لە ماوەی دوو یان سێ نەوەی کۆچبەراندا، شوناسە ئەتنیکیەکانیان لاواز ئەبێت بەهۆکاری توانەوەی کەلتوریی و هاوسەرگیریی نێوان نەتەوەکانەوە. بە دڵنیاییەوە شتەکان لە جێگای دیکە لەوە جیاوازتر نابن. ئەمریکیەکان ناسیۆنالیزمی ئەتنی لە ڕووی فیکری و ئەخلاقیشەوە نەگونجاو ئەبینن”10.

مولەر زیاتری لەسەر ئەڕوات و ئەڵێت “زانا کۆمەڵایەتیەکان بە دوورو درێژی ڕوونی ئەکەنەوە کە ناسیۆنالیزمی ئەتنی بەرهەمی کەلتورە نەک سروشت، بەزۆری بە ئەنقەست دروست ئەکرێت. پسپۆڕانی ئەخلاقیش ڕقیان لەو سیستەمانەی بەهایە لەسەر بنەمای شوناسە بچوکە گروپیەکانن نەک گەردوونیەکان. بەڵام هیچ یەک لەمانە نابن بەهۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی ئەتنی لەناو بچێت. ئەو کۆچبەرانەی دێن بۆ ئەمریکا بەگشتی بەو ویستەوە دێن خۆیان لەگەڵ وڵاتە نوێکەیاندا بگونجێنن و شوناسیان بەو جۆرە دەسکاری بکەن. بەڵام بۆ ئەوانەی کە لە سەر زەویەکانی خۆیان ئەمێننەوە کە پێشینانیان بۆ چەندین نەوە یان سەدە تێیدا ژیاون، شوناسە سیاسیەکان بەزۆری فۆرمی ئەتنیکی وەرئەگرن، ئەمەش وائەکات بانگەشەکان بۆ دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئەو بنەمایە ڕکابەریان تێدا بێت. دروستکردنی ڕێکخستنێکی ناوچەیی ئارام بۆ دەوڵەت-نەتەوە بەگشتی بەرهەمی پرۆسەیەکی توندوتیژانەی جیاکردنەوەی ئەتنیکەکان بووە. لەو جێگایانەی ئەو جیاکردنەوەیە تا ئێستا ڕووی نەداوە، سیاسەت ئەبێ هەر بە ناشیرینی بمێنێتەوە”11. هەرچەندە “سەرکردەنان بەشێوەیەکی ستراتیژی ئەتنیک بەکارئەهێنن بۆ خاتری دەسەڵات … دەستەبژێر لەڕاستیدا ڕەنگە دەسەڵات بەوە بەدەستبهێنن کە شوناسی ئەتنیکی کۆبکەنەوە بەبێ ئەوەی باوەڕیشیان پێی بێت”12.

وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەم بوارەدا تاقانە نیە؛ بارودۆخی هاوشێوە لە زۆربەی دەوڵەتە لیبراڵەکاندا هەیە. ئەو پێشکەوتنە سیاسی و کەلتوریانەی لە لایەن دەوڵەتە لیبراڵەکانەوە بەدەستهاتوە، کە بووە بەهۆی لەخۆگرتنی زیاترو خۆشگوزەرانی، ئەوە دووپات ئەکەنەوە کە پێویستە بەدیلی تر بەکاربهێنرێت لەو ناوچانەی گروپە ئەتنیکیەکان ناکرێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە جیا بکرێنەوە. ئەگەر ناسیۆنالیزمی ئەتنی پارادایمە زاڵەکە بێت، کۆمەڵگاکان ئەبێ بەدوای گوتارێکی بەدیلدا بگەڕێن کە ئەولەویەت بە چوارچێوەیەکی حوکمداری ئەدات هۆکار بێت بۆ فۆرمێکی نوێی شوناسی دەستەجەمعی. ڕێگایەکی لەمجۆرە گرنگە بۆ دڵنیابوون لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەو مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەتنیک، ئایین یان مەزهەبیان.

ناسیۆنالیزمی مەدەنی

ناسیۆنالیزمی مەدەنی، کە بە ناسیۆنالیزمی دیموکراتی و لیبراڵیش ناو ئەبرێت، برەو ئەدات بە لەخۆگرتن و جیاوازیی. پشتگیری ئەکات لە پرەنسیپە لیبراڵەکانی وەکو ئازادیی، لێبوردن، یەکسانی و مافەکانی تاک، بەبێ ئەوەی بیان گەڕێنێتەوە بۆ ناوەندیبوونی ئەتنیکێک. ئەم فۆرمەی ناسیۆنالیزم هەوڵ ئەدات هاوڵاتیان کۆبکاتەوە لە ڕێگای بەهای هاوبەش و بەزۆری ئەبەسترێتەوە بە ئایدیاڵە پێشکەوتنخوازەکانەوە وەکو دیموکراسی و مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا. وەکو پۆڵ هامیڵتۆن (٢٠٠٠) ئەڵێت “گوتاری ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەیەوێت کەمینە هەمیشەییەکان بپارێزێت لەو حکومەتانەی ئەیانەوێت ئەجێندایەک بەسەریاندا بسەپێنن کە نامۆیە بە بەهاکانی جڤاتەکە … ناسیۆنالیزمی مەدەنی تاک نوقم ناکات لەناو گۆمی ئەتنیکێکدا کە جیاوازیەکان کاڵ ئەکاتەوەو ئەیانسڕێتەوە”13.

بە هەمان شێوە ئانا ستیڵز لە وتارەکەیدا ‘ناسیۆنالیزمی مەدەنی و سیاسەتی زمان’ (٢٠٠٩) ئەڵێت “نەتەوەییبوونی مەدەنی بەو مەبەستەیە وەسفی شوناسێکی سیاسیی بکات کە لەسەر هاوڵاتیبوونی هاوبەش بنیات بنرێت لە دەوڵەتێکی دیموکراسی لیبراڵدا … ئەندامبوون کراوەیە بۆ هەر کەسێک هەڵگری ئەو بەهایانە بێت. لە نەتەوەیەکی بەو شێوە مەدەنیدا، پاراستن و برەودان بە کەلتورێکی نەتەوەیی لەسەر حسابی ئەوانی تر ئامانجی دەوڵەت نیە”14. ستیڵز ئەوە دووپات ئەکاتەوە کە ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەبێ ئامانجی پاراستنی مافە بنەڕەتیە سیاسی و مەدەنیەکانی هەموو هاوڵاتیان بێت. هەرچەندە، کەلتورگەرا لیبراڵەکان ئەڵێن ئەوە “ئەرکێکی یاسایی دەوڵەتە کەلتوری نەتەوەیی و زمانی نەتەوەکان بپارێزێت و برەویان پێبدات لەناو سنورەکانیدا. دەوڵەت ئەبێ دابەشکردنی ماف و دەرفەتەکان بەشێوەیەک بگونجێنێت بە مەبەستی پاراستنی شوناسی نەتەوە مێژووییەکانی، ئەمەش پاراستنی داواکانیان بۆ پاراستنی ڕووبەرێک، سنوردارکردنی کۆچکردن بۆ پاراستنی یەکێتی کەلتوری نەتەوەیەک؛ درێژکردنەوەی نوێنەرایەتی تایبەتی، زمان و مافی خۆبەڕێوەبەریی؛ هەروەها پیادەکردنی سیاسەتگەلێک بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مێژوو، سیمبول و پشووەکانی نەتەوەیەک بە ئاشکرا دانیان پێدا ئەنرێت”15.

لەم گۆشەنیگایەوە دەوڵەتانی خاوەن ئەتنیک، ئایین و مەزهەبی جیاواز ئەبێ شوناسێکی نوێی لەخۆگر پەرەپێبدەن کە ئەم جڤاتە جیاوازانە لەخۆبگرێت. دەربارەی دروستکردنی شوناسێکی لەمجۆرە، ناگڵ و کڵانسی ئەڵێن “ئەبێ هەوڵ بدرێت شوناسێکی  گشتی هاوبەش دروست بکرێت لە ڕێگای پرۆسەی گواستنەوەیەکەوە کە هەموو گروپە پەیوەندیدارەکان تێیدا هاوبەش بن … ئەوان ئەڵێن لەبەرئەوەی ئەتنیک خۆی لە سەرەتاوە دروستکراوێکە، کەواتە ئەکرێ بە فۆرمی نوێتریش دروستبکرێتەوە کە بتوانرێت لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە هاوبەشی بکرێت”16، 17. ئەوان زیاتر دووپاتی ئەکەنەوە کە “ئەو کات یەک شوناسی گشتی هاوبەش هەیە کە هەموو ئینتیمایان بۆی هەیەو هاوکاری ئەکات لە دابەشکردنی سەرچاوە گشتیەکاندا، لەم کۆمەڵگا هاوبەشەدا شوناسی کۆمەڵایەتی لەلایەن تاکە حیکایەتێکی جڤاتیەوە جڵەو ناکرێت؛ شوناسە تاکیەکان زۆرن و درزی جۆراوجۆر دروست ئەکەن”18. ڕێگایەکی لەوجۆرە هۆکار ئەبێت بۆ پێکەوەژیان، برەو ئەدات بە ئاشتی و هانی هاریکاریی ئەدات لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا بەبێ ئەوەی هیچ جڤاتێک ناچار بکات بنەچەو سیمبولەکانی بگۆڕێت. لەوەش زیاتر، ڕێگریش ئەکات لە هەوڵەکان بۆ تواندنەوە لە لایەن گروپی باڵادەستەوە، کە بەردەوام زۆرینەیە.

بۆ نمونە ناگڵ و کڵانسی ڕەخنە لە کەیسی ئیرلەندای باکور ئەگرن، بەتایبەتی لە شیکردنەوەکانیاندا بۆ ڕێکەوتنی هەینی باش (GFA)، کە لە ١٠ی مانگی چواری ١٩٩٨ کراوەو لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکی گشتیەوە لە ئیرلەنداو ئیرلەندای باکوردا قبوڵکراوە لە ٢٢ی مانگی ٥ی هەمان ساڵدا. ئەو ڕێکەوتنە چوارچێوەیەکی دانا بۆ حکومەتێکی ڕادەستکراو لە ئیرلەندای باکور. بەپێی ناگڵ و کڵانسی “ئامانجی ڕێکەوتنی هەینی باش لە ئیرلەندای باکور ئەبوو دروستکردنی شوناسێکی نوێ بێت بۆ وڵاتەکە بە گشتی. لەبەرئەوەی ئەو گروپانەی بەشداربوون خەریکی دابەشکردنی دەسەڵات بوون، پێشنیاری زۆر هەبوون بۆ گرتنەبەری شێوازی گواستنەوە بۆ ڕێکخستنی ململانێکەو پێشکەشکردنی چارەسەرێک بۆ هۆکارە بنەڕەتیەکانی کێشەکە، ئەمەش ئەبوو بەهۆی بەکارهێنانی شوناسێکی هاوبەش و هانی نەرمی نواندن و هاریکاریی ئەدات لە نێوان گروپە بەشداربووەکاندا19،20. لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتنی هەینی باش، پۆڵ دیکسن ئەڵێت “شێوازی کۆمەڵگای مەدەنی ئاوێتەخوازو گەشبینانەیە لە دووبارە دروستکردنی شوناسە جڤاتیەکان لە ڕێگای برەودان بە بەرژەوەندی هاوبەش بۆ ئاوێتەبوون، هەستێکی زیاتر بە دیموکراسیەت و کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز”21،22.

ناسیۆنالیزمی مەدەنی لەوە ناچێت گرفت دروست بکات بۆ مافی چارەی خۆنوسین. بۆ نمونە، وەکو هامیلتۆن ئەڵێت، “لە سکۆتلەندا لە ١٩٩٠ەکاندا، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا (SNP) لەوە ئەچوو ویستێک بێت بۆ دیموکراستی زیاترو مافی چارەنوس لە ڕێگای ناسیۆنالیزمی مەدەنیەوە”23.

ناسیۆنالیزم لە هەرێمی کوردستانی ئێراق (KRI)

کوردەکان چوارەم گەورەترین گروپی ئەتنین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕووبەرێکدا ئەژین کە تورکیای ئێستا، ئێراق، سوریاو ئێران و ئەرمینیا ئەگرێتەوە. کوردەکان جڤاتێکی جیاوازن کە ئەتنیک، کەلتور و زمانی هاوبەش کۆیان ئەکاتەوە، هەرچەندە زمانەکەیان دیالێکتی زۆری هەیە. وەکو ئەگوترێت “کوردەکان گەورەترین نەتەوەی جیهانن کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نیە. زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کورد بڵاوبونەتەوە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا … ئەوان خۆیان بە نەوەی مادەکان ئەزانن لەگەڵ ئەو هۆزە هیندی-ئەوروپیانەی کە لە دەوروبەری شاخەکانی زاگرۆس گیرساونەتەوە ٤٠٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. سەرەڕای ئەوەی وڵاتی خۆیان نیە، کوردەکان سەرکەوتوو بوون لەوەدا کە شوناسی ئەتنی خۆیان بهێڵنەوە بەدرێژایی ئەو ساڵانە”24.

وەکو وەهاب (٢٠١٧) ئەڵێت “وەکو ناسیۆنالیزمەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناسیۆنالیزمی کوردیش دوای جەنگی جیهانی یەکەم سەریهەڵدا وەکو جوڵانەوەیەکی سیاسی کە ئامانجی دروستکردن و پتەوکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێرن بوو”25. ئەمە ڕەگوڕیشە مێژوویی و سیاسیەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی ڕوون ئەکاتەوە، کە وەکو جوڵانەوە ناسیۆنالیستیەکانی دیکەی ناوچەکە، وەکو وەڵامێک بۆ دروستبوونی دەوڵەتەکان دروست بوو دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

هەرێمی کوردستانی ئێراق، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیە، ڕەنگدانەوەی جیاوازیە ئەتنی و ئاینیەکانە کە لە زۆر وڵاتدا هەیە. جگە لە کورد وەکو زۆرینەیەک، لە ناوچەکەدا ئاشوری، تورکمان، عەرەب، ئەرمەنی، شەبەک و سابیئە هەیە—ئەم گروپانە خۆیان وەکو کورد ناناسێنن. لەوەش زیاتر، هەرێمی کوردستانی ئێراق هەندێ جڤاتی ناموسوڵمانی تێدایە وەکو مەسیحی و یەزیدیەکان. بەهۆی ئەم جۆراوجۆریەوە، سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەکرێ وانەیەک لە مێژووی ئێراقی پێش٢٠٠٣ فێربن و خۆیان بەدوور بگرن لە دووبارەکردنەوەی هەڵەی دەستەبژێری عەرەبی سونە لە ئێراقدا، کە لە دامەزراندنی ئێراقەوە شکستیان هێنا لەوەی کەمینە ئایینی و ئەتنیەکانی ئێراق لەخۆبگرن. وەکو هێنری ئەستارژیان ڕوونی ئەکاتەوە “لە ڕووی مێژوویەوە، گرژی هەبووە لە نێوان کوردەکان و حکومەتی ئێراقدا لە دامەزراندنیەوە. زۆرینەی کوردەکان هەست ئەکەن کە ئەوان هەرگیز بەشێک نەبوون لە دەوڵەتەکە، ئەمەش بووە بە هۆی شکستهێنان لە دروستبوونی شوناسێکی یەکگرتوو لای کوردەکانی وڵاتەکە وەکو کەمینەیەک”26،27.

ئەم کێشە تایبەت نیە بە ئێراق؛ زۆر وڵاتی تر ئاڵەنگاری هاوشێوەیان توش ئەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتوانە جیاوازو جۆراوجۆرەکەیاندا. وەکو زانایان ئەڵێن، “ئێمە یەکەم شت پێویستە لەوە تێبگەین کە زۆربەی نەتەوەکان گروپی دیکەی خەڵکیان تێدایە کە سەر بە کەلتوری ناوەکی نەتەوەکە نین و خۆیان وەکو بەشێک لە نەتەوەکە نابینن وەکو ئەوەی پێناسە کراوە”28،29. کەیسی هەرێمی کوردستانی ئێراق ئاڵۆزیە فراوانەکانی ناسیۆنالیزم نیشان ئەدات لە کۆمەڵگا فرەئەتنیەکاندا، کە دانپێدانان و لەخۆگرتنی گروپە جیاوازەکان گرنگن بۆ سەقامگیری سیاسیی و یەکێتی کۆمەڵایەتی.

ناسیۆنالیزمی ئەتنی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق

کوردەکانی ئێراق ئەبێ وانە وەربگرن لە ئەزمونەکانی ڕابردوو، بەتایبەتی لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا وەکو ئەمری واقیع دەوڵەتێکن. شێوازی ناسیۆنالیزمی ئەتنی، کە بەزۆری تایبەتمەندی حکومەتی ئێراقە-بە شێوەیەکی سەرەکی لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا-هەتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە هەرە تۆتالیتارەکاندا لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوو لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەقامگیرو لەخۆگردا.

گرنگە کە سەرنجی ئەوە بدرێت هەرچەندە ناسیۆنالیزم هۆکار بووە بۆ گرژیەکان و دابەشبوونی گروپە جیاوازەکان، بەڵام خزمەتی بەرژەوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکانی کردووە. لە کەیسی هەرێمی کوردستانی ئێراقدا، ئەمە ڕوون بوو لە کاتی ڕیفراندۆمەی ٢٠١٧دا بۆ سەربەخۆیی، کاتێک “مەسعود بەرزانی سەرکەوتوو بوو لە بەکارهێنانی گوتاری ناسیۆنالیستی سیاسیدا بۆ بەرژەوەندی خۆی دژی ئەوانەی کە هەوڵیاندا دژی ڕیفراندۆمەکە بوەستنەوە، بارزانی گوتی ئەوانی تر یان ئەبێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بن یان دژی بن، بوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە مانای پشتیوانی بەرزانی و ئەجێنداکەی بوو. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێگایە کە ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) شوێنی کەوتووە لە ناوچەکەدا”30.

هەوڵی جوڵانەوە ناسیۆنالیستیە کوردیەکە بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ لەو ناوچانە تێپەڕی کە لە ژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو بۆ لەخۆگرتنی ئەو ناوچە زۆرینە کوردانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتیدا بوون. کەرکوک کە ئەکەوێتە چەقی ئەو ناوچانەی ناکۆکی لەسەرە یەکێ لە شارە هەرە ناکۆک و فرەجۆرە ئەتنیەکانی ئێراقە. هەرچەندە لەڕوی مێژووییەوە وەکو شارێکی کوردی تەماشا ئەکرێت، بەڵام کەرکوک ئەمڕۆ عەرەب، کورد، تورکمان و ئاشوری و هەندێ کەمینەی دیکەی تێدا ئەژی کە هەموویان بانگەشەی خاوەندارێتی شارەکە ئەکەن. گرفتە سەرەکیەکانی کەرکوک پێکهاتوون لە ناکۆکیەکان لەسەر شوناسی ئەتنی شارەکە، بەڕێوەبردنەکەی و سەرچاوە نەوتیە گرنگەکانی. وەکو مێژوو نیشانیداوە، “ناسیۆنالیزم بە شێوازی بەرژەوەندی کەسی یان شێوە فیوداڵیەکەی بەزۆری بەکارهێنراوە وەکو دەمامکێک بۆ شاردنەوەی تەماحەکانی کەسانی خۆ-بە-سەرکردە کردوو یان بۆ شاردنەوەی ناکارایی کەسانی خێڵەکی لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستندا”31.

توێژەرانی وەکو پارک، یۆنگەردن، ئۆترام و یۆشیۆکا کە شیکاریان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کردووە سەرنجیان داوە کە “کەرکوک هەندێ ڕیزپەڕی خۆی نیشانداوە. هیچ هەڵبژاردنێکی ئێراق لەو شارەدا نەکراوە لە ٢٠٠٥ (تاوەکو ٢٠٢٣) بەهۆی ناکۆکیەکان لەسەر ئەوەی کێ مافی ئەوەی هەیە لەو شارە بژی و دەنگی تێدا بدات”32. بەپێی پارک و ئەوانیتر د.نەجمەدین کەریمی پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە کاتی ڕیفراندۆمەکەدا “چاوەڕوانی پشتیوانی بەهێزی تورکمان و عەرەبەکانی نەدەکرد لە پارێزگاکەیدا کە ئەمەش ئاماژە بەوە ئەکات ڕیفراندۆمەکە زیاتر ئاهەنگی شوناسی کوردبوون بوو تاوەکو بانگەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ دەوڵەتداریی”33،34. ئەمە بەو مانایە دێت کە سەرکردایەتی کورد شکستیان هێناوە لە دامەزراندنی سیستەمێکی کارای حوکمداریدا کە بتوانێ کەمینە ناکوردیەکانی شاری کەرکوک لەخۆبگرێت. لەجێی کارکردن بۆ پێکەوەژیان، حیزبە سیاسیە کوردیەکان پێئەچێت سەرنجیان لەسەر فراوانکردنی کاریگەریی سیاسیان بێت. بارودۆخەکە گرژی زیاتر تێکەوت لەناو دانیشتوانە تورکمان و عەرەبەکانی شارەکە دوای ئەوەی ئاڵای کوردی لە شارەکەدا هەڵکرا. لەم نێوەندەدا دیلان ئۆدریسکۆڵ و بەهار باسر (٢٠١٩) ئەڵێن “لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ئەو کۆدەنگیەی لە دەوری ئاڵاکە پەیدا بوو، لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتەوە بەکارهێنرا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتیان سەرەڕای نەبوونی ئەگەری سەربەخۆیی. ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی بەکارهێنرا وەکو ئامرازێک، بەو شێوەی بریلی ناویناوە ناسیۆنالیزمی دەوڵەت، لە لایەن نوخبەوە بۆ بەدەسهێنانی دەسەڵاتی زیاتر”35. ئۆدریسکۆڵ و باسر ئەڵێن “بارزانی ناسیۆنالیزمی بەکارهێنا وەکو ئامرازێک بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی. ئەو ویستی کوردەکانی بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەکارهێناو گوتاری عاتفی لە دەوری نەهامەتیەکان زیاتر کرد”36.

ئەم دینامیکیەتانە پێویستی دروستکردنەوەی شوناسێک نیشان ئەدەن کە لەخۆگر بێت و هەموو گروپەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق و کەرکوک لەخۆ بگرێت. بۆ سەقامگیری درێژمەودا، پارتە سیاسیە کوردیەکان ئەبێ کاری لەپێشینەیان پەرەدان بێت بە سیستەمێکی حوکمڕانی کە جڤاتە جیاوازەکان لەخۆی بگرێت و شوناسێكی دەستەجەمعی دروست بکات لە سەرو ناسیۆنالیزمی ئەتنیەوە.

ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق

پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی ئەتنی، ناسیۆنالیزمی مەدەنی بەدیلێکی گرنگەو پەرە بە لەخۆگرتن، ئازادیی و مافەکانی تاک ئەدات لە کاتێکدا دڵنیایی ئەدات بە مامەڵەکردنێکی یەکسانی هەموو هاوڵاتیان. ئەم بنەمایانە تەنها بە دروستکردنی شوناسێکی هاوبەش بەدیدێت کە لە لایەن گروپە جیاوازەکانی ناو هەرێمی کوردستانەوە ڕێزی بگیرێت و قبوڵ بکرێت. وەکو بیرمەندی بەناوبانگی ئەمریکی-کەندی جۆن گالبرەیت ئەڵێت “شوناسێکی نەتەوەیی مەدەنی قایم و پتەو ئەوەستێت لە دژی ناوەندیبوونی ئەتنی”37،38 کە بیرکردنەوەی باوی نوخبەی سیاسیە. ئەمەش بۆ خۆی هاوکار ئەبێت لە دامەزراندنی کۆمەڵگای لێبوردەترو مۆدێرنتردا، دژبەریەکان لە نێوان گروپە ئەتنی و ئاینییەکانی ناو هەرێمی کوردستان کەم ئەکاتەوە.

بەرەوپێشچوونەکانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە هۆکاری گەشەکردنی شوناسێکی مەدەنی کوردی، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دولایەنە لەناو ئەو هاوڵاتیانەدا کە هاوبەشن لە بەها سیاسی و کەلتوریەکانی ناوچەکەدا لەجێی ئەوەی پشتئەستور بێت بە یەک زمان و میراتی ئەتنی. هەندێ سەرکردەی سیاسی لە گرنگی ناسیۆنالیزمی مەدەنی گەشتوون و کرانەوەی زیاتریان نیشانداوە بەرامبەر دانیشتوانە ناکوردیەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراق. ئەم دانپێدانانە بە جۆراوجۆریی ئەتنی و کەلتوریی هەرێمەکە گرنگە لەبەرئەوەی یەکێتی کۆمەڵایەتی بەهێز ئەکات و پێگەی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا باشتر ئەکات. هەرچەندە بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی مەدەنی ڕەگ داکۆتێ ئەبێ سەرکردە سیاسیە کوردەکان ئەم دیدگایە بەردەوام و بەڕاستی پاڵپشتی بکەن. زۆربەی جار تەنها ئەو کاتە لەخۆگرتن و کرانەوەیان هەیە کە بەرژەوەندیەکانیان لە مەترسیدا نیە. کاتێک ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و گرفتی سیاسی ئەبنەوە، سەرکردەکان بەزۆری ئەگەڕێنەوە بۆ دروشمەکانی ناسیۆنالیزمی ئەتنی وەکو ئامرازێک بۆ قایمکردنی دەسەڵاتیان و هێشتنەوەی پێگە سیاسی و ئابوریەکانیان.

لەم لایەنەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئاوێتەکردن و لەخۆگرتنی گروپە ناکوردیەکانی وەکو عەرەب، تورکمان، ئاشوری و یەزیدیەکان بۆ ناو شوناسێکی فراوانتری مەدەنی. ئەم هەوڵە بووە بەهۆی ئاستێک لە یەکێتی سیاسی و دامەزراوەیی، کە لەلایەکەوە حوکمی یاسا بەهێز ئەکات و لە لایەکی ترەوە پشتگیری پرۆژەی دوورمەودای دروستکردنی دەوڵەوت ئەکات لە هەرێمی کوردستاندا بەو پێیەی کاریگەریی نزیکایەتی هۆزو خێڵ کەمئەکاتەوە لە حوکمکردندا.

سەرەڕای ئەوەی کوردەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە لە مێژوودا داپڵۆسێنراون و پەراوێزخراون بەڵام ئەوان بە سروشتە ئاشتیخوازو لێبووردەکەیان ناسراون. ئەوان ڕێزو میواندۆستیان نیشانی ئەوانی تر داوە، پشتیوانی مافی کەمینەکان و دروستکردنی ژینگەیەک بوون کە فرەکەلتور بێت و فرەیی زمانی و ئایینی بپارێزێت. لەوەش زیاتر، برەودان بە مافە مەدەنیەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خزمەتی ئامانجێکی ستراتیژی ئەکات: خەونە دیپلۆماسیەکانیل فراوان ئەکات، ئەمەش سەرئەکێشێ بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی گەورەتر. بە خستنەڕووی هەرێمی کوردستانی ئێراق وەکو مۆدێلێک بۆ دیموکراسی، سەقامگیری و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا، سەرکردە کوردەکان بەدوای پشتیوانی فراوانتری جیهانیدا ئەگەڕێن.

هەرچەندە برەودان بە ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئاڵەنگاری گرنگی ڕووبەڕوو بوەتەوە، بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی ئەتنی کە لەلایەن پارتە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراقەوە هێزی پێئەدرێت—کە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانن. ئەم دوو حیزبە بەشێوەیەکی سەرەکی ڕەگیان لە شوناسی ئەتنیکیدا داکوتاوە نەک لە دیدگایەکی فراوانتری لەخۆگری سیاسیدا. تاوەکو ئەمڕۆش، دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستانی ئێراق بەزۆریی لەلایەن ئەم دوو حیزبەوە کۆنترۆڵکراوە کە زۆرجار تۆمەتبارکراون بە گەندەڵی و حوکمی خراپ. لە دامەزراندنیانەوە، پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی ئەقڵیەتی خێڵ و دووبەرەکی زاڵ بووە تێیاندا، کە بەردەوام گرفتی بۆ هەوڵەکان بەرەو ناسیۆنالیزمی مەدەنی دروستکردووە.

یەکێ لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی مەدەنی دابەشکردنی نایەکسانی سەرچاوەکانی ئابووری و گەشەپێدانە لەناو پارێزگاو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراقدا—دابەشبوونێک کە بڕێکی زۆری کێبڕکێی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی درێژەی پێئەدات. ئەم ناهاوسەنگیە بووە بە بەربەست لەبەردەم دروستبوونی شوناسێکی مەدەنی لەخۆگرو یەکگرتوودا. یەکێ تر لە ئاڵەنگاریەکان هەبوونی دوو هێزی سەربازیە کە بەرژەوەندیەکانی پارتە سیاسیەکان ئەخاتە پێش بەرژەوەندیە فراوانترەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە گشتی. سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زیاتر ئەم داینامیکەی ئاڵۆزکرد لەبەرئەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەم قەیرانەیان بەکارهێنا بۆ قایمکردنی دەسەڵاتیان و بەهێزکردنی گوتارە ئەتنۆسەنتەریەکەیان، بەم هۆیەش حوکمی یاساو ناسیۆنالیزمی مەدەنیان لاواز کرد.

سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە هێشتا گەشبینیەک و ئارەزوویەکی بەهێز هەیە لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بۆ برەودان بە ناسیۆنالیزمی مەدەنی و بەهێزکردنی. زیاتر بە دامودەزگاییکردنی حوکمکردن گرنگە بۆ دروستکردنی بەهای هاوبەش و دڵنیاییدان بە سیستەمێکی سیاسیی کە هەموو هاوڵاتیان ئەپارێزێت بێ ڕەچاوکردنی پاشخانیان. ئەو ئاڵەنگاریە گرنگانەی پارتە ناسیۆنالیستەکان دروستی ئەکەن ئاماژەن بۆ پێوستبوونی خێرا بە ڕیفۆرم و گەشەپێدانی سیاسی کە سەرەکین لە دروستکردنی مۆدێلێکی حوکمڕانیدا کە کوردەکانی ئێراق شانازی پێوە بکەن.

شیکردنەوەی دەرئەنجامەکان

لەسەر بنەمای ئەو ئەدەبیاتەی لەم توێژینەوەدا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، ئەکرێ بڵێین ناسیۆنالیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە شێوەدان بە کۆمەڵگاکان، سیستەمە سیاسیەکان و شوناسەکاندا—ئەم لایەنەش تیشکۆی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە بوو. وەکو هەر دیاردەیەکی دیکەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، ناسیۆنالیزم کاریگەریی نەرێنی و ئەرێنی لەسەر دروستبونی شوناس هەیە. کاریگەریەکانی پشت ئەبەستێ بە جۆری ئەو ناسیۆنالیزمەی سیستەمە سیاسیەکە پشتیوانی ئەکات لەگەڵ شێوازی لێکدانەوە بۆ ناسیۆنالیزم. لە نمونەی ئێراقدا بە گشتی، لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق بە تایبەتی، ناسیۆنالیزم بەزۆری سەرچاوەی دابەشبوون بووە، هەندێجار هۆکاری گرژی بووە. ئەو شیکردنەوەی لەم پەیپەرەدا پێشکەشکراوە پشت ئەبەستێ بە کۆمەڵێ ئارگومێنتی ئاڵۆز کە لە ئەدەبیاتە پەیوەندیدارەکەوە وەرگیراوە. لە کاریگەریی هەردوو ناسیۆنالیزمی ئەتنی و مەدەنی ئەکۆڵێتەوە لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە ئەگەری دروستکردنی شوناسێکەوە کە گروپە جیاوازە ئەتنی و ئایینیەکانی هەرێمەکە خاوەندارێتی بکەن.

ئەدەبیاتەکە ئەوە ئەخاتەڕوو کە ناسیۆنالیزم چۆن لە مێژودا کاریگەری هەبووە لە سەر حوکمکردن لە ئێراقدا، زۆرجار وەکو میکانیزمێک بووە بۆ دابەشبوون و پەرتبوون نەک ئامرازێک بێت بۆ پێکەوەژیان. ئێراق وەکو وڵاتێک بەردەوام شکستیهێناوە لەوەی ناسیۆنالیزمێکی دەوڵەتی دروست بکات لەسەر بنەما مەدەنیەکان. لەجێی ئەوە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستوە بە ناسیۆنالزمی ئەتنی، دەسەڵاتی دەولەتی بەکارهێناوە بۆ برەودان بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی وەکو شوناسی زاڵ. ئەم ڕێگایەش هۆکار بوو بۆ پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنی دانیشتوانە ناعەرەبەکەی ئێراق. دروستی ئەم ئارگومێنتە لە لایەن هێنری ئاستارژیانەوە پشتیوانی ئەکرێت کە ئەیسەلمێنێت ئێراق لە دروستبوونیەوە شکستیهێناوە لەوەی ئاوێتەبوونی نیشتیمانی بەدەستبهێنێت، بەمەش ژینگەیەکی دروستکردوە کە گرژی بەردەوامی تێدایە لە نێوان حکومەت و گروپە کەمینەکاندا.

ئەم دابەشبوونە لە ژێر حوکمڕانی سەدام حسێندا گەشتە لوتکە. وەکو سەرۆکی حیزبی بەعس و سەرۆک کۆماری ئێراق، سەدام پشتیوانێکی بەهێزی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو. لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەودا، کەمینە ناعەرەبیەکان—بە تایبەتی کوردەکان—توشی داپڵۆسین توندو زەبروزەنگ بوونەوە. سیاسەتی پەراوێزخستنەکەی بوو بە هۆکاری ململانێی فراوان، ناڕەزایی، ناسەقامگیری و ڕاپەڕین لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

لە سەروو ئەوەشەوە ئەدەبیاتەکە ئاماژە بەوە ئەکات کە سەرکردە سیاسیەکان بەزۆریی ناسیۆنالیزمیان بەکارهێناوە وەکو ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان. بە تایبەتی، ناسیۆنالیزم ئەتنی زۆرجار بەکارهێنراوە وەکو ئامرازی مانەوەو قایمکردنی دەسەڵات. ماوەی حوکمرانی بەعس نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دیاردەیە. ئاڵەنگاریی سەرەکی بۆ ناسیۆنالیزمی ئەتنی لە ئێراقدا ئەوەیە کە ئێراق دەوڵەتێکی نەتەوەیی نیە بە مانای دیاریکراوەکەی وشەکە لەبەرئەوەی ئێراق شوناسێکی نەتەوەییی یەکگرتووی نیە، بەڵکو ئێراق نیشتیمانی گروپی جیاوازی ئەتنی و ئایینیە نەک تەنها عەرەب.

لە شیکردنەوەی ناسیۆنالیزمدا لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئەدەبیاتەکە ئاماژە بەوە ئەکات کە هەرێمە ئەزمونی ناسیۆنالیزمێکی کردووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەگی داکوتاوە لە ناسیۆنالیزمی ئەتنیدا. ئەم شێوەیە لە ناسیۆنالیزم شوناسی کوردی بە بنەما گرتوە بە تایبەتی وەکو وەڵام بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێراق کە پەراوێزخستن و دابڕینە.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧ بەرجەستەبوونێکی هەرە دیاری ناسیۆنالیزمی کوردیە کە بەشێوەیەکی گەورە هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی بەهێزکرد. ڕیفراندۆمەکە وەکو ئامرازێک بەکارهێنرا بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانەکە بۆ پشتیوانیکردنی پارتە دەسەڵاتدارەکان، پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، دەرفەتی مناوەرەی سیاسی، ڕەوایەتی و قایمکردنی دەسەڵاتی پێدان. ئەدەبیاتەکە هەروەها لەوەش ئەکۆڵێتەوە کە چۆن سەرکردە کوردەکان، بە تایبەتی مەسعود بارزانی، بەشێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) و گوتاری ناسیۆنالیستی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی سیاسی.

هەرچەندە ڕیفراندۆم دەرئەنجامی نەرێنی دیاریشی هەبوو، بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی وەکو کەرکوک، کە تێیدا کێشەکانی قوڵتر کردەوە لە نێوان کوردو گروپەکانی تردا بەتایبەتی تورکمانەکان. جوڵە ناسیۆنالیستە کوردیەکان لە کەرکوکدا، بەتایبەتی کاری ڕەمزی وەکو بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردی، لە لایەن جڤاتە ناکوردیەکەی کەرکوکەوە وەکو کاری دەرهاوێژو دابڕین لێکدرایەوە. هەرچەندە ئەم نوسینە پاساو بۆ دوژمنکاری ئەو گروپانە دژی ئەو کارە ناهێنێەوە، بەڵام داکۆکی لەوە ئەکات کە سەرکردە کوردەکان ئەبوو دیالۆگیان لەگەڵ ئەو گروپانەدا بکردایەوە بەرلەوەی ڕیفراندۆم بکەن. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچە کێشەلەسەرانە بەبێ پشتیوانی فراوانتر پێویست نەبوو، تەنها خزمەتی توندبوونەوەی دژبەریە ناسیۆنالیستیەکانی کرد. ئەم کارە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکمانی لەو ناوچانەدا داگیرساندەوە. بە هەمان شێوەی بەستێنە فراوانەکەی ئێراق، ناسیۆنالیزم لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا لە لایەن سەرکردە کوردەکانەوە بەکارهێنراوە بۆ قایمکردنی دەسەڵات و کاریگەریی.

ئەم ئارگومێنتانە ئاماژە بەوە ئەکەن کە پارتە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق—یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات—بەردەوام پشتیان بە ناسیۆنالیزمی ئەتنی بەستووە بۆ برەودان بە ئەجێندا سیاسیەکەیان. لە ئەنجامدا خەونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی کوردی لەوە ناچێت ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم پارتانە بێت. بە ئەولەویەتدان بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان، پارتە حوکمڕانەکان پەرتبوونی ناو گروپە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانیان قوڵتر کردوەتەوە، وەکچۆن هەمان شت لەناو کوردەکان خۆیاندا ڕوویداوە بەهۆکاری مەزهەبگەرایی ئایدۆلۆژی و سیاسیەوە. هەرچەندە سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا دانی پێدائەنرێت، بەڵام گرنگە بزانرێت ئەم سەقامگیرییە بەشێوەیەکی سەرەکی خزمەتی بەرژەوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکەی کردووە نەک ئاوێتەبوونی ڕاستەقینەو شوناسێکی هەرێمی هاوبەش.

ئەم پەیپەرە پێشنیاری ئەوە ئەکات ناسیۆنالیزمی ئەتنی ئەبێ تەنها لە حاڵەتی هەڕەشەی دەرەکی یان سیاسەتی پەراوێزخستنی وڵاتانی دراوسێدا پەنای بۆ ببرێت. هەرچەندە لە ناوخۆدا حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت پشت ببەستێت بە ناسیۆنالیزمی ئەتنی وەکو ستراتیژێکی سیاسی. لەجێی ئەوە هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەبێ ناسیۆنالیزمی مەدەنی پیادە بکات وەکو جێگرەوەیەکی بەردەوامتر و لەخۆگرتر.

ناسیۆنالیزمی مەدەنی برەو ئەدات بە پێکەوەژیان و ئاوێتەبوون، کە دواجار یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی دابەشبوونەکان لە ناو هەرێمەکەدا. سەرەڕای ئەوەی هۆکارە بۆ لەخۆگرتن، ناسیۆنالیزمی مەدەنی پاڵپشتی مافەکان مرۆڤ، دەرفەتی یەکسان، دیموکراسی و بەهای هاوبەش ئەکات و جەخت ئەکاتەوە لە شوناسێکی هاوبەش مەدەنی نەک شوناسێکی پەرتکەری ئەتنی. وەکو ئانا ستیلز و پۆڵ هامیڵتۆن داکۆکی لێئەکەن، ناسیۆنالیزمی مەدەنی توانای هەیە پاڵپشتی چوارچێوە دامودەزگاییەکەی هەرێمی کوردستان بکات و دڵنیایی بدات بە مافی کەمینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە. بە لێکۆڵینەوە لە مۆدێلە سەرکەوتووەکانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی، وەکو ئەوەی کەنەداو سکۆتلەندا، ئەم پەیپەرە داکۆکی لەوە ئەکات کە هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەتوانێ شوناسێکی زیاتر لەخۆگر گەشە پێبدات کە هۆکار ئەبێت بۆ تۆکمەبوونی دیموکراستی لە هەرێمەکەدا.

هەرچەندە تەنها چەند سەرکردەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا بەشێوەیەکی کارا پشتیوانیان لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی کردووە، بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی بەشێوەیەکی زۆر پشتیوانی ئەم ڕێگایە ئەکات. دانیشتوانە کوردەکە بە گشتی مەیلی هەیە بۆ کرانەوەو پێکەوەژیان، ئەو سیاسەتانەی لا پەسەندە کە جڤاتە ناکوردیەکەی ناو هەرێمی کوردستان لەخۆئەگرێت. ئەدەبیاتەکە هەروەها ئاماژە بە هەوڵی جۆراوجۆر ئەکات بۆ ئاوێتەکردنی گروپە ناوکوردیەکان لەناو چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە باڵادەستی ناسیۆنالیزمی ئەتنی، بەتایبەتی لەناو پارتە دەسەڵاتدارەکاندا، گواستنەوەو چوون بەرەو ناسیۆنالیزمی مەدەنی زەحمەتتر کردووە. بۆ نمونە پەرتەوازەیی هێزی سەربازیی بەکارهێنراوە بۆ بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی ئەتنی نەک بۆ مۆدێرنکردنی حوکمکردن و دژایەتی گەندەڵی.

نایەکسانی ئابووریی و گەشەی نابەرابەر لەنێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات هەوڵەکانی ئاوێتەکردنیان زیاتر بنبەست کردووە. بۆ دڵنیابوون لە ئایندەیەکی نوێتر و گەشتر، هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەبێ چوارچێوەیەکی ناخۆیی لیبراڵتر بەکاربهێنێت کە ئەولەویەت بدات بە دەرفەتی یەکسان و حکومداری لەخۆگر. داننان بە فرەکەلتوریی و پاراستنی مافەکانی تاک زۆر گرنگن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری ڕاستەقینە لە هەرێمەکەدا. هەرچەندە ئەم هەوڵانە بەس نابن بەبێ بەڵێن و خۆتەرخانکردنی سیاسیی مانادار. ئەگەر دەستەبژێری سیاسی ڕازینەبێت بە دەسبەرداربوون لە هەندێ دەسەڵات و پاڵپشتی ڕیفۆرمێک بکات کە ئاڵەنگاری هەندێ بەرژەوەندیی بکات، ئەوا هەرێمەکە بەردەوام ئەبێت لە ڕووبەڕووبونەوەی ناسەقامگیریی و پەرتبوون.

ئەم هەوڵە ئەرێنیانە بەرەو ناسیۆنالیزمی مەدەنی، لەلایەن دانیشتوان و هەم لەلایەن هەندێ ئەکتەری سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەسدەهێنێت و ڕەوایەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە شانۆی سیاسەتی جیهانیدا بەهێز ئەکات. هەرچەندە ئەم پەیپەرە داکۆکی لەوە ناکات کە هەرێمی کوردستانی ئێراق تەنها ئەبێ پشت بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی ببەستێت بۆ پاراستنی مۆدێلە سیاسیەکەی لەبەرئەوەی هێزە جیهانیەکان بەزۆریی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی خۆیان ڕەفتار ئەکەن نەک بەر بنەمای پەیمانێکی ڕاستەقینە بۆ پابەندبون بە بەها مەدەنیەکانەوە.

ئەنجامگیری

ئەو شیکردنەوەی لەم توێژینەوەیدا خراوەڕوو ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی ناسیۆنالیزم ئەکات لە شێوەدان بە کۆمەڵگاکان، سیستەمە سیاسیەکان و شوناسەکاندا. لە بەستێنی ئێراق و هەرێمی کوردستانی ئێراقدا، ناسیۆنالیزم هەم وەکو هێزێکی کۆکەرەوە بەکارهێنراوەو هەم وەکو ئامرازێک بۆ پەرتکردن. ئەو ئەدەبیاتەی پێداچونەوەی پێداکرا جەخت ئەکاتەوە لەوەی کە هەرچەندە ناسیۆنالیزم توانای ئەوەی هەیە کە هۆکار بێت بۆ شوناسێکی دەستەجەمعی، بەڵام شێوەی بەکارهێنانی—ئایا ئەتنیکیە یان ناسیۆنالیزمی مەدەنیە—کاریگەرییەکەی دەسنیشان ئەکات لەسەر حوکمداریی و یەکێتی کۆمەڵایەتی.

لە ئێراقدا ناسیۆنالیزمی ئەتنی بەزۆری هێزە باڵادەستەکە بووە، بەتایبەتی لە ڕێگای ئەولەویەتدان بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەوڵەتەوە. ئەم ڕێگایە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی جڤاتە ناعەرەبیە کەمینەکانی پەراوێزخستووەو هۆکار بووە بۆ دەیان ساڵ لە گرژی، ئاڵۆزی و نەبوونی ئاوێتەبوون. شکستی دەوڵەتی ئێراق لە بەکارهێنانی ناسیۆنالیزمێکی مەدەنیدا پەرتبوونەکانی بەردەوامی پێداوە، وەکو ئەوەی لە سیاسەتەکانی پەراوێزخستنی ڕژێمەکاندا دیارە بەتایبەتی لە سەردەمی حکومکداریی سەدام حسێندا. وەڵامی کوردی بۆ ئەم سیاسەتی دابڕین و پەراوێزستنە بەکارهێنانی ناسیۆنالیزمی ئەتنیە وەکو ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی سیاسییانە و مافی چارەی خۆنوسین. لە کاتێکدا ئەم ستراتیژە شوناسی کوردی و بەرخۆدانی بەهیزکردووە، بەڵام پەرتبوونی ناوخۆیی و ئاڵەنگاریشی دروستکردوە بۆ ئاوێتەبوونی جڤاتە ناکوردیەکانی ناو هەرێمی کوردستانی ئێراق.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧  یەكێ لە بەرجەستەبوونە دیارەکانی ناسیۆنالیزمی ئەتنیە. هەرچەندە ڕیفراندۆمەکە عەتفی ناسیۆنالیستی کۆکردەوەو شوناسی کوردی پتەوکرد، بەڵام گرژیەکانی لەگەڵ وڵاتە دراوسێ و گروپە ئەتنیەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکانی وەکو کەرکوک گەورە کرد. ئەو ڕێگا تاکلایەنەی سەرکردە کوردەکان دژایەتی جڤاتە ناکوردیەکانی بەهێزتر کردو ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکمانی ژیاندەوە لە ناوچەکەداو بوو بە هۆکاری جەمسەرگیزی زیاتر.

سەرەڕای پشتبەستن بە ناسیۆنالیزمی ئەتنی ئەم پەیپەرە داکۆکی لەوە ئەکات کە چوون بەرەو ناسیۆنالیزمی مەدەنی زۆر پێویستە بۆ سەقامگیریی و گەشەکردنی دوورمەودا لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا. ناسیۆنالیزمی مەدەنی کە ئەولەویەت ئەدات بە بەهای هاوبەش، حوکمی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و دەرفەتی یەکسان لە بەرامبەر شوناسی ئەتنی، ئەکرێ خزمەتی بناغەیەکی لەخۆگرتر بێت بۆ حوکمکردن. ئەزمونی وڵاتانی وەکو کەنەدا و سکۆتلەندا نیشانی ئەدات کە ناسیۆنالیزمی مەدەنی ئەتوانی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو جڤاتی جۆراوجۆر ئاوێتە بکات لەکاتێکدا شوناسە ناوچەییە جیاوازەکەیان بهێڵێتەوە.

هەرچەندە هەندێ سەرکردەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ئارەزووی خۆیان بۆ پیادەکردنی ناسیۆنالیزمی مەدەنی نیشانداوە، بەڵام هێزە دەسەڵاتدارە باڵادەستەکان—یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات—بەردەوامن لە ئەولەویەتدان بە ناسیۆنالیزمی ئەتنی بۆ بەهێزکردن و قایمکردنی دەسەڵاتیان. دیمەنە سیاسیەکە هێشتا پەرت و دابەش بووە، بەرژەوەندیە حیزبیەکان زۆرجار ئەکەونە پێش یەکێتیە کۆمەڵایەتیە فراوانترەکەوە. لە سەروو ئەوەشەوە، نایەکسانی ئابووری لە نێوان ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات زیاتر هەوڵەکان بۆ ئاوێتەکردن ئاڵۆز ئەکەن لەبەرئەوەی دەرفەتە نایەکسانەکان گرفت بۆ دروستبوونی شوناسێکی هەرێمی یەکگرتوو پەیدا ئەکەن.

بۆ گواستنەوە بۆ مۆدێلێکی حوکمڕانی سەقامگیرترو لەخۆگرتر هەرێمی کوردستانی ئێراق پێویستە ڕیفۆرمی بەرجەستە ئەنجام بدات کە برەو بدات بە ناسیۆنالیزمی مەدەنی. بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراتیەکان، کەمکردنەوەی کاریگەرییە حیزبی و خێڵەکیەکان و چارەسەرکردنی گەندەڵی هەنگاوە هەرە پێویستەکانن لەم پرۆسەیەدا. لەمەش زیاتر، برەودان بە پەروەردەو ڕاگەیاندنێکی لەخۆگر ئەتوانێ یارمەتی دروستبوونی شوناسێکی کوردی فراوانتر بدات لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون نەک ئەتنیک. سیاسەتە ئابوریەکان ئەبێ ئامانجیان کەمکردنەوەی جیاوازیە ناوچەییەکان و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان بێت بۆ هەموو هاوڵاتیان، بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئەتنیکی.

لە سەروو ئەمەشەوە، لە کاتێکدا پاراستنی شوناسێکی کوردی بەهێز هێشتا گرنگە، سەرکردە کوردەکان پێویستە پەیامەکانیان ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ ڕوون بێت و جەخت لەوە بکەنەوە کە ئاوێتەبوون لە ناو هەرێمی کوردستانی ئێراقدا بە مانای ئەوە نایەت کە واز لە شوناسی مێژوویی خۆیان بهێنن. ئەم ڕێگایە ئەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژیە دەرەکیەکان لەکاتێکدا ڕەوایەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق بەهێز ئەکات وەکو مۆدێلێک بۆ پێکەوەژیان و حوکمی دیموکراسی.

لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستانی ئێراق توانای ئەوەی هەیە سیستەمێکی تایبەتی پەرە پێبدات کە خۆی جیابکاتەوە لە حوکمداریەکانی دیکە لە ناوچەکەدا لە ڕێگای باوەشکردنەوە بۆ ناسیۆنالیزمی مەدەنی. گواستنەوەیەکی لەمجۆرە نەک هەر سەقامگیریی ناوخۆیی باشتر ئەکات بەڵکو پێگەی هەرێمی کوردستان لە جیهاندا بەهێزتر ئەکات و ئەیکات بە کیانێکی سیاسی مومکینتر و دانپێدانراوتر. هەرچەندە بەدەستهێنانی ئەم خەونە پێویستی بەوەیە دەستەبژێرە سیاسیەکە ئەولەویەت بدەن بە خۆشگوزەرانیە هەرێمیە دوورمەوداکان لە بەرامبەر دەسکەوتە سیاسیە نزیکمەوداکاندا. ئەگەر سەرکردە کوردەکان ئەم ڕیفۆرمانە ئەنجام بدەن هەرێمی کوردستان ئەتوانێ وەکو مۆدێلێک بێت بۆ حوکمی دیموکراتی و پێکەوەژیان لە ناوچەیەکدا کە لە مێژوودا ململانێ و پەرتبوون وێرانی کردووە.

سەرچاوەكان

  • Wahab, A. A. (2017). Education in Kurdistan Region at the intersection of nationalism and democracy. University of Toronto (Canada). Page 6.
  • de las Casas, G. (2008). Is Nationalism Good for You? Foreign Policy, 165, 50–56. http://www.jstor.org/stable/25462272. Page 51.
  • de las Casas, G. (2008). Is Nationalism Good for You? Foreign Policy, 165, 50–56. http://www.jstor.org/stable/25462272. Pages 51 – 52.
  • de las Casas, G. (2008). Is Nationalism Good for You? Foreign Policy, 165, 50–56. http://www.jstor.org/stable/25462272. Page 51.
  • Muller, J. Z. (2008). Us and them: The enduring power of ethnic nationalism. Foreign Affairs, 18-35. Page 19 – 20.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Pages 57 – 58.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 57 – 58.
  • Astarjian, H. D. (2007). The Struggle for Kirkuk: The Rise of Hussein, Oil, and the Death of Tolerance in Iraq. Greenwood Publishing Group. Page 16
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Pages 83 – 85.
  • Muller, J. Z. (2008). Us and them: The enduring power of ethnic nationalism. Foreign Affairs, 18-35. Page 18.
  • Muller, J. Z. (2008). Us and them: The enduring power of ethnic nationalism. Foreign Affairs, 18-35. Page 18.
  • Varshney, A. (2003). Nationalism, Ethnic Conflict, and Rationality. Perspectives on Politics, 1(1), 85–99. http://www.jstor.org/stable/3687814. Page 88.
  • Hamilton, P. H. (2000). The limits and potential of civic nationalism: the case of the Scottish National Party. Pages 32 – 33.
  • Stilz, A. (2009). Civic Nationalism and Language Policy. Philosophy & Public Affairs, 37(3), 257–292. http://www.jstor.org/stable/40468467. Page 257.
  • Stilz, A. (2009). Civic Nationalism and Language Policy. Philosophy & Public Affairs, 37(3), 257–292. http://www.jstor.org/stable/40468467. Page 258 – 259.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 53.
  • Nagle, J., & Clancy, M. A. C. (2012). Constructing a Shared Public Identity in Ethno-Nationally Divided Societies: Comparing Consociational and Transformationist Perspectives. Nations and Nationalism, 18(1), 78–97.
  • Nagle, J., & Clancy, M. A. C. (2012). Constructing a Shared Public Identity in Ethno-Nationally Divided Societies: Comparing Consociational and Transformationist Perspectives. Nations and Nationalism, 18(1), 78–79.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 53.
  • Nagle, J., & Clancy, M. A. C. (2012). Constructing a Shared Public Identity in Ethno-Nationally Divided Societies: Comparing Consociational and Transformationist Perspectives. Nations and Nationalism, 18(1), 79–82.
  • Dixon, P. (2008). Northern Ireland: The Politics of War and Peace. Palgrave Macmillan. Pages 270 – 271.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Pages 53 – 54.
  • Hamilton, P. H. (2000). The limits and potential of civic nationalism: the case of the Scottish National Party. Page 38.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 14.
  • Wahab, A. A. (2017). Education in Kurdistan Region at the intersection of nationalism and democracy. University of Toronto (Canada). Page 2.
  • Astarjian, H. D. (2007). The Struggle for Kirkuk: The Rise of Hussein, Oil, and the Death of Tolerance in Iraq. Greenwood Publishing Group.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 14.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 56.
  • Hastings, A. (1997). The Construction of Nationhood: Ethnicity, Religion and Nationalism. Cambridge University Press. Page 3.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Page 135.
  • Edmonds, C. J. (1971). Kurdish Nationalism. Journal of Contemporary History, 6(1), 87–107. http://www.jstor.org/stable/259625. Page 88.
  • Park, B., Jongerden, J., Owtram, F., & Yoshioka, A. (2017). On the Independence Referendum in the Kurdistan Region of Iraq and Disputed Territories in 2017. Kurdish Studies, 5(2), 199–214. http://www.tplondon.com/journal/index.php/ks/article/viewFile/1031/634. Page 210.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Pages 134 – 135.
  • Park, B., Jongerden, J., Owtram, F., & Yoshioka, A. (2017). On the Independence Referendum in the Kurdistan Region of Iraq and Disputed Territories in 2017. Kurdish Studies, 5(2), 199–214. http://www.tplondon.com/journal/index.php/ks/article/viewFile/1031/634. Page 210.
  • O’Driscoll, D., & Baser, B. (2019). Independence referendums and nationalist rhetoric: the Kurdistan Region of Iraq. Third World Quarterly, 40(11), 2016–2034. https://www.jstor.org/stable/26841592.
  • O’Driscoll, D., & Baser, B. (2019). Independence referendums and nationalist rhetoric: the Kurdistan Region of Iraq. Third World Quarterly, 40(11), 2016–2034. https://www.jstor.org/stable/26841592.
  • Salih, R.R., (2024). Kurdish Politics in the Middle East. Middle East Today. Pages 61 – 62.
  • O’Leary, B. (2007). Federalizing Natural Resources. In Iraq: Preventing a New Generation of Conflict (Chapter 12). Lynne Rienner Publishers. Page 189.

Send this to a friend