• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 8, 2025

ئایندەی ڕۆژئاوای كوردستان لە سووریای نوێدا

 ئامادەكردن و وەرگێڕان لە ئەڵمانییەوە: عەلی ئەکبەر مەجیدی

          دە ساڵ پاش سەرکەوتن بەسەر گرووپە توندڕەوەکاندا، شاری کوردنشینی کۆبانی کە شارێکی بچووکە، دیسان لە بەردەم مەترسیدایە و بۆ ساڵیادی ئەو کەسانەی مردوون؛ ناتوانن بە ئاسانی لە گۆڕستانەکاندا کۆ ببنەوە، چونکە بەردەوام سەرقاڵی هەڵکەندنی گۆڕستانی نوێین. شەڕ لە سووریا بۆ کوردەکان تەواو نەبووە. درۆنەکانی تورکیا هەموو ڕۆژێک بە سەر کۆبانی و گوندەکانی دەوروبەریدا دەفڕن. هەموو ڕۆژێک هەواڵی بۆمبڕێژی لە سەر ڕێگاکان و هێرشکردنە سەر گوندەکان لە ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکانی کوردستان دەبیسترێت. میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا لە ناو سوپای نەتەوەیی سووریا (SNA)دا بەرەو ڕۆژئاوا دەڕۆن. هاوکات تورکیا جارناجار هێرش دەکاتە سەر ژێرخانە گرنگەکان وەکوو بەنداوی تشرین؛ هەمان ئەو شوێنەی کە هێڵی سەرەکییە. خەڵک کەمتر بڕوا دەکەن کە لێرە، لە باکووری سووریا، ڕێگایەکی ئاشتیخوازانە بوونی هەبێت.

خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە

            لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کۆبانی شایی دەگێڕن. دە ساڵ لەوەوپێش ئەوان شارەکەیان لە دەستی توندڕەوەکان ئازاد کرد و لەو ڕووەوە هێزە توندڕەوەکان کەم بوونەوە. هەندێ کەس خزم و کەسیان لە شەڕدا لەدەست دابوو. هەم شکستیان خواردووە و هەمیش سەر کەوتوون. ژنانی کۆبانییش پێبەپێی پیاوەکانیان شەڕیان کردووە و زیاتر لە یەکتر تێدەگەن. کەسێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی “نەورۆز مەحموود ئەحمەد” دەڵێت: “پەیوەندیی نێوان خەڵک ئێستا باشتر و پتەوترە و ژنان بەشدارن لەو پەیوەندییە گرنگەدا. ئێمە هەستمان بە ڕەنجی یەکتر دەکرد، لەو ڕووەوە هەموومان پێکەوە گرێ دراوین.”

شارەکەیان هێشتا وێرانیی پێوەی دیارە و ئێستا دیسانەوە لە بەردەم مەترسیدایە. کۆبانی ڕێک لە سەر سنووری تورکیایە. ئەوان لەوە نیگەرانن کە ئەردۆگان شارەکەیان لێ داگیر بکات و بیکاتە بەشێک لە تورکیا. فڕۆکە و درۆنەکانی تورکیا هەموو ڕۆژێک بەسەر ئاسمانی کۆبانیدا دەفڕن. کوردەکان لە ژێر گوشاردان، لە هەمان حاڵدا پێگەکەیان لە سووریای نوێدا وەکوو کەمینەیەک بە یەکینەی شەڕکەری تایبەت بە خۆیان (SPF) ناڕوونە.

هێرشی تورکیا بۆ سەر گوندە کوردنشینەکان

            لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە، کوردەکانی سووریا بە شێوەی سەربەخۆ باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن. لە کاتی ڕووخانی ئەسەددا، بەشێک لە خاکەکەیان کەوتە دەست میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا. هاوکات سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان. ئەو دیاردەیە هەموو ڕۆژێک دەبینرێت وەکوو ڕووداوەکانی بەنداوی تشرین. خەڵکی گوندەکان هەموو شەوێ بەخەبەر دەمێننەوە. تا ئێستا چەندین کەس لەوانە کوژراون و یەکینەی بەرگریی کوردەکان و هێزەکانی دیموکراتیكی سووریا لە مەترسیدایە. بەرپرسی کۆمیتەی بەرگری ڕاپۆرت دەدات کە تا ئێستا تەنها یەک جار لەگەڵ ڕێبەرایەتیی نوێی دیمەشقدا کۆبوونەوەیان کردووە. دەوڵەت جارێک دیسانەوە جەختی لە سەر پێویستیی هەڵوەشانەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکانی کردووە کە بچنە ناو سوپای نوێیەوە. “عیسمەت شیخ حەسەن” دەڵێت: “ئێمە ئامادەین، بەڵام ئێمە تا ئێستا بە گرووپێکی سەربازی ناسراوین. لەو ڕووەوە ناتوانین بچینە بەرەی ئەوان. پاش دەستەبەرکردنی یاسای بنەڕەتیی نوێ، کە ئێمەش لەبەرچاو بگرن، وەکوو هێزی دیموکراتیکی سووریا بەشدار دەبین.”

خەڵکی کۆبانی هەموو ڕۆژێ دەڕۆنە گۆڕستان و سەردانی کەسە لەدەستچووەکانیان دەکەن. کەسێک بە ناوی “نەورۆز” سەردانی گۆڕی برا بچووکەکەی (بوزان) دەکات و دەڵێت: “بە مردنی؛ ژیانێکی نوێی پێ بەخشیون. خۆزگە تۆش لێرە بوویتایە و وەکوو هاوڕێکانت هاوسەرگیریت بکردایە و ژن و منداڵت هەبووایە. ئێمە دەمانەوێ خۆێنڕشتن کۆتایی پێ بێت. ئیتر خوێنڕشتن بەسە. خاکی کۆبانی بست بە بستی لە خوێن ژەنراوە.”

تەنها لە کۆبانی زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس لە شەڕ لە بەرامبەر توندڕەوەکاندا کوژراون. کاتێک تاریکە، بۆ هەر ژیانێک ڕووناکییەک دادەگیرسێت. کوردەکان هیوادارن بە ڕێبەرایەتیی نوێ لە دیمەشقدا ڕێك بکەون، چونکە حەزیان لە ئاشتییە.

ئایا ئومێدێک بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا لەئارادایە؟

            کوردەکانی سووریا بە کۆمەڵگەیەکی چەند نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسراون و دەژین و ئامانج و خەونەکانیان پێکەوە گرێ دراون. لە ڕۆژئاوادا کورد و عەرەب و کەمینەکان هەوڵ دەدەن بۆ خۆبەڕێوەبەری و هاوکاری لە نێوان گرووپە نەتەوەییەکانی تردا. هەر چەند لە لایەن هەندێ وڵاتی ترەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. ئاشتی لە سووریا و ئەو بیرۆکەیە کە مافی بنەڕەتیی نوێ کە مافی کوردەکان بەهێز بکات؛ شتێکی باشە. پێویستە شەڕی چەکداری لە سووریا ڕابوەستێت، چونکە شەڕ دەبێتە هۆی گۆشەگیری و فەوتان. ڕەنگە لە ئێستادا نەکرێ کوردستان بەو شێوەیە کە پێویستە بنیات بنرێت، چونکە ئەگەری هەیە دەسەڵاتدارانی سووریا و تورکیا لە ڕێگەی سەربازییەوە ڕێگر بن لە بەردەمیدا. پەرەپێدان بە هەستی نەتەوەپەرەستی کە تێگەیشتنی تێدا نەبێت، دەبێتە هۆی ڕق و ئازار و ئەزیەت و سەرگەردانی. سەرۆککۆماری ئێستای سووریا پاڵپشتیی خۆی دەربڕیوە بۆ هێزەکانی ”کڵاو شین” لە بەرزاییەکانی گوڵاندا، ئەوانەش لەوە دەچێ لە سەر سنوورەکانی سووریا و تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵات سەقامگیر بن. پێویستە کوردەکانی سووریا لە لایەن تورکیاوە هەڕەشەیان لەسەر نەبێت و ڕێگا خۆش بکرێ بۆ ئەوەی هەموو ئاوارەکانی سووریا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

 

چی بۆ کورد لە سووریای نوێدا دێتە ئارا؟

            ئاهەنگی نەمان و کەوتنی بەشار ئەسەد لە سووریا بەڕێوە چوو، بەڵام داهاتووی کوردەکان لەوێ نادیارە و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە ئێستادا خەریکی خۆڕێکخستنن. قەیرانی مرۆیی و سەربازیی سەدەی بیست و یەکەم گەیشتووەتە لوتکەی وەرچەرخانی مێژوویی. زۆربەی سوورییەکان پاش ڕووخانی لەناکاوی بەشار ئەسەد لە لایەن گرووپی “هەیئەتی تەحریر ئەلشام” (HTS)ی سەر بە ئەلقائیدە، لە خۆشیدا باڵیان گرتەوە. هەروەها کوردەکانیش کردیان بە جەژن و هەموو خەڵکی سووریا لەو ناوچانەی سەر بە بەشار ئەسەد بوو، ڕژانە سەر شەقامەکان و پەیکەری بەشار ئەسەدیان هێنایە خوارەوە. کوردەکانیش وەکوو زۆربەی خەڵکی سووریا لە سێنزە ساڵی ڕابردوودا لە ژێر زەبر و زۆر و توندوتیژی و پاکتاوی نەتەوەییدا بوون و ئاوارە کراون.

بە پێی ئەزموون دەبێ بزانین کە ڕێگای ئاشتی درێژخایەنە و پێویستی بە گرنگیپێدانە. کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا دوو سەد هەزار کوردی مەدەنیی لە سووریا وەدەر نا، زۆربەی خەڵکەکە لە ناو خانووە بۆردوومانکراوەکانیاندا مانەوە. هەمان ئەو خانووانە کە لە لایەن گرووپێکی میلیشیای عەرەب و تورکمانەوە داگیر کرابوون. دەیان هەزار کەس بەو هیوایەوە لە کەمپە پەرشوبڵاوەکانی ناوچەی ”شەهبا”دا دەژیان کە ڕۆژێک بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. لە حاڵێکدا میلیشیاکان نارونجەکی تورکیایان لە سووریا دەتەقاندەوە، ”HTS” هێرشێکی کرد و بەشار ئەسەد ڕووخا و شارەکانیان بەدەستەوە گرت. لەو نێوانەدا تورکیا و میلیشیاکان هەلەکەیان قۆستەوە و کەمپی ئاوارەکانیان گەمارو دا و دانیشتووانی کەمپەکانیان دەرکرد. حسێن مامۆ؛ نوێنەری فەرمیی کوردەکانی سووریا لە لەندەن، بە یاکوبینی ڕاگەیاند: “گرووپە هاوپەیمانەکانی تورکیا دەیانەوێت هێرشەکانیان بۆ ناوچە کوردنشینەکان شەرعیەت پێ بدەن و ئەو هێرشانە وەکوو هێرش بۆ سەر هێزەکانی ڕژیمی پێشوو نیشان بدەن.”

محەمەد شێخۆ؛ بەرپرسی ئەنجوومەنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (کە بە ناوی ڕۆژئاوا دەناسرێن)، هەزاران کورد و عەرەب و کەمینەکانی تری لە کەمپەکانەوە بۆ ناوچەی دڵنیایی ژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا ئاڕاستە کرد، سەرەڕای ئەوەش هەزاران کەس بەجێ ماون. محەمەد شێخۆ لە سووریاوە بە یاکوبین دەڵێت: “سەدان کەس لە ئێمە لەوێ گیریان خواردبوو و نەیاندەتوانی بێنە دەرەوە. هەندێ کەس کوژران و هەندێ کەسیش ئەشکەنجە بوون و هەندێ کەسی تر بەدیل گیران و کەس نازانێ چییان بەسەر دێت.”

پڕۆژەی ڕۆژئاوا شوێنی دڵنیایی بۆ ملیۆنان کەس لە سووریا دابین کردووە و خۆی وەکوو نموونەیەک بۆ وڵاتێک لە داهاتوودا لە سەر بنەمای خۆبەڕێوبەریی ناوچەیی و پارێزگاری و نوێنەرایەتیکردن لە کەمینەکان دەزانێ. ڕێبازی تا ڕادەیەک پراکتیکی ”هیئت تحریر الشام”، تەنانەت دەتوانێ ڕێگا بکاتەوە بۆ هەماهەنگی لە داهاتوودا لە نێوان بزووتنەوەی کورد و بەرە ناکۆکەکانی تر، بە تایبەت لەو سۆنگەیەوە کە بەرەی سەربازیی کوردەکانی ڕۆژئاوا خۆی هەندێ ناوچەی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەدەست هێناوە. سەرەڕای ئەوەش، لە حاڵێکدا تورکیا بەدوای ئەوەدایە لە قەیرانەکان کەڵک وەربگرێ بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و ئاوارەکردنی زیاتری ملیۆنان کورد بە ئاڕاستەی سنوورەکان، لەو ڕووەوە پڕۆژەی کوردی و سووری ڕووبەڕووی داهاتوویەکی زۆر نادیار دەبنەوە.

ئەگەر ئەو پەندە کە دەڵێت: “دوژمنی دوژمنەکەم، دۆستی منە” ڕاست بووایە، ئەوە کوردەکانی سووریا بە ئەگەری زۆر خۆشەویستترین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوون. بەڵام هەڵاتنی ئەسەد بۆ مۆسکو بە دژوار دەتوانرا پێش لە دەستپێکی ئەم توندوتیژییانەی دوایی دژ بە کوردەکان و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان جەژن بگیریایە. هەر بەو جۆرە کە توێژەری زانکۆی جۆرج تاون؛ سینان سەیدی بۆ یاکوبین شرۆڤە دەکات: “شکستی ئەسەد کە لە مێژە چاوەڕوان دەکرا، ئەگەری هەیە بەرەو دۆخێک بڕوات کە سووریا یان لە لایەن گرووپێکی سەلەفی-جیهادی بەڕێوە دەچێت، یان بۆشاییەک دروست دەبێت کە هێزێکی دیاریکراو بەڕێوەی نابات.”

لە ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەددا، دەبێ هەواڵێکی باش بۆ ڕۆژئاوا هەبێت. بەڵام ”هیئت تحریر الشام” کە خۆی بەسەر ملیۆنان کەسدا حکومەت دەکات، ئێستا دەیەوێ دەسەڵاتی تەواو بگرێتە دەست. ئەسەد بەرپرسی کوشتوبڕی خەڵکێکی مەدەنیی زۆرە لە سووریادا و بەردەوام هەوڵی داوە پێگەی ڕۆژئاوا لاواز بکات کە کوردەکان ڕێبەرایەتیی دەکەن، ئەوەش لە ئێستادا یەک لە سەر سێی خاکی سووریا لەخۆ دەگرێت. توێژەرێکی ناوەندی ویلسۆن بە یاکوبینی وت: “ڕۆژئاوا پەیوەندییەکی جێبەجێکار بەڵام هەستیاری لەگەڵ ڕژیمی ئەسەددا پاراست کە بە هەماهەنگییەکی سنووردار لە بەرامبەر هەڕەشە هاوبەشەکاندا دیاری دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش ڕژیمی ئەسەد ناکۆک بوو لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانی ڕۆژئاوا بۆ خۆبەڕێوەبەری.” لەو ڕووەوە دەبێ ڕووخانی ئەسەد هەواڵێکی باش بێ بۆ ڕۆژئاوا. بەڵام “هیئت تحریر الشام” کە خۆی بەسەر ملیۆنان کەس لە سووریادا، بە تایبەتی لە شاری ئەدلیب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا حوكمی دەکرد، ئێستا هەوڵ دەدا حکومەتی خۆی بسەپێنێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێشتر ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو کردبوو، هەر چەند “هیئت تحریر الشام” لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوێستی نەرمی نواندووە، بەڵام هێشتا بە شێوەی جۆراوجۆر خەڵک کۆنترۆڵ دەکات.

ئێستا “هیئت تحریر الشام” بە داگیرکردنی دووەمین شاری گەورەی سووریا واتە ”حەلەب”، یەکەمین سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. لەو نێوانەشدا سەد هەزار چەکداری کورد لەو شارەدا گەمارۆ درابوون و کارەبای شارەکە پچڕابوو. کەسێک بە ناوی “حمودە”؛ چالاکی ڕاگەیاندن لە گەڕەکی “شێخ مقصود” کە لە لایەن “هیئت تحریر الشام” گەمارۆ درابوو، دەڵێت: “ئێمە  نازانین بارودۆخەکە چۆن بەرەو پێشەوە دەڕوات، چونکە دەیانەوێ بە زۆر شتەکان بسەپێنن.” ئەو گەڕەکە لە سەرەتای تێکهەڵچوونەکان لە سووریا، خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان لێی پارێزراوە. حەموودە درێژە بە قسەکانی دەدات: “کوردەکان و کەمینەکانی تری ئایینی و نەتەوەیی لە حەلەبدا دەژین و ئەو کەمینانە ڕەنگە لە مەترسیدا بن.” کەسێکی ئەرمەنی لە سووریا دەڵێت: “‘هیئت تحریر الشام’ دڵنیاییمان پێ دەدات کە زیانمان پێ ناگەیەنن، بەڵام ئێمە نازانین چی دەبێت.”

تا ئێستا “هیئت تحریر الشام” توانیویەتی سەرکەوتنێکی بەرچاو دژ بە ئەسەد دەستەبەر بکات و دوورەپەرێز بوون لەوەی بەرامبەر بە کوردەکان بجەنگن. ئەو میلیشیایانە کە تورکیا لە ژێر ئاڵای نەتەوەیی سووریادا (SNA) کۆی کردبوونەوە، هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی و سەدان کەسیان ئاوارە کردووە. لەو ناوچانەی کە پێشتر کورد و کەمینە ئایینی و نەتەوەکانی تر تیایدا نێشتەجێ بوون، سیاسەتێکی بەردەوامی گۆڕینی دیمۆگرافیای زۆرەملێ پەیڕەو دەکرا و لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر لە دژی ناوچەکانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێت. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوا، خەڵکی مەدەنی و باڵەخانەکانی کردووەتە ئامانج. بە پێچەوانەی میلیشیاکانی تر، ”هیئت تحریر الشام” ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانێ بە تەنیایی لە چوارچێوەی سووریادا مامەڵە بکات. بە دڵنیاییەوە ئەنقەرە سەری سوڕما لەوەی ئەسەد بەو خێراییە ڕووخا، بەڵام سەرکردایەتیی تورکیا و “هیئت تحریر الشام” لە مێژە لە ڕێگەی ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە هەماهەنگییان کردووە و میلیشیاکانی “SNA” کە پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەوە کردووە،  لە لایەن تورکیاوە خەرجییان دابین دەکرێت و ڕاهێنان و ڕێبەرایەتی دەکرێن. پاش ئەوەی حەلەبیان گرت، ئاڵای تورکیا بەسەر قەڵای شارەکەوە هەڵکرا و نەتەوەپەرستەکانی تورکیا ئەوەیان وەکوو “تاجی عوسمانی” وەبیر دەهێنایەوە.

توێژەرێک بە ناوی کان دەڵێت: “شتێک سەدا سەدە، ئەوەش ئەوەیە تورکیا هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە دەتوانێت هەیبێ، چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، بەکاریان دەهێنێت.”

ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە سووریا سادەیە: نەهێشتنی حکومەتی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتیی کورد بە درێژایی سنوورەکانی و پاڵنانی دانیشتووانی کورد بەرەو بیابانەکانی سووریا بە دابینکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بە پانتایی سی و دوو کیلۆمەتر. هەروەها دەیەوێ پەنابەرە سوورییەکان لە گوندە کوردییەکاندا نیشتەجێ بکات، هەم بە مەبەستی ئەوەی ڕەچاوی هەستی سیاسیی پەنابەرە ناوخۆییەکان بکات، هەم بۆ ئەوەی بە درێژایی سنوورەکان ئاڵوگۆڕ بەسەر نەتەوەکاندا بهێنێت. هەر چەند نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووسیاش ڕێگە بە تورکیا دەدەن کە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات (ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی سروشتی وەکوو ئاو و خاک و کارەبا)، بەڵام مۆسکو و واشنتن وایان بە باش زانی لە جیاتیی ئەو پشێوییە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە سوودی نەنقەرە، لە پاڵ هێزە کوردییەکاندا کە جێی باوەڕن، لە باکووری سووریا خۆیان دەربخەن.

بەرەنگاربوونەوەی فرەجەمسەری

            تورکیا چاوەڕێ بوو مۆسکو یان واشنتن بۆ دوایین ئۆپەراسیۆن ڕێگەی پێ بدا، ئەوەش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە لایەن “هیئت تحریر الشام”ەوە گەڵاڵە کرا. هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی “هیئت تحریر الشام” بەرەو دیمەشق، ڕووسیا کە پێشتر بە هۆی شەڕی خۆی بەرامبەر بە ئۆکراین سەرقاڵ بوو، لۆمەی تورکیای نەکرد و تا ڕادەیەکیش دووری گرت لە ئەسەد. هەڵویستی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر دەستکەوتەکانی “هیئت تحریر الشام” و هەڕەشەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد لە سووریا، لە سەرەتاوە شێلگیرانە نەبوو. بەرەی سەربازیی ڕۆژئاوا ئێستا ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستدایە کە پێشتر لە دەستی ئەسەددا بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا دیار نییە ئەو کارە تا چ ڕادەیەک ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیادا دەپارێزێت، یاخود نەتەوە یەکگرتووەکان چۆنایی هەڵسوکەوت لەگەڵ “هیئت تحریر الشام” و بەرەکانی تر لە باشووری سووریادا دەکەن. هەڵبەت هەبوونی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئەگەری بەسەر ئاڵۆگۆڕەکاندا هەیە. لە ئێستادا تورکیا لە دۆخی ئامادەدایە و هەوڵ دەدات بارودۆخێکی نوێ بهێنێتە کایەوە. بە پێی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزانە، تاوانبارکردنی تورکیا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە ئەندامی ناتۆیە، لەوە دەچێ بۆ ئەوان گونجاو نەبێت.

            بە گشتی تورکیا لە ئێستادا لە دۆخی ئامادەدایە و هەوڵ دەدات تا دۆخێکی نوێ لە سەرانسەری باکووری سوریادا دابین بکات، دۆخێک کە هەم لایەنگرانی ئەسەد و هەمیش نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە. تورکیا بەو پێیە کە دووەمین هێزی گەورەی ناتۆیە، ڕەنگە بیەوێ بە تەنیا ببێتە ئەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانەکە. لەوە ناچێ تورکیا سەرنج بخاتە سەر ڕۆژهەڵاتی سووریا. نزیکەی سەد هەزار ئاوارە لە ناوخۆی سووریادا لە بارودۆخێکی نالەباردا ڕوویان لە ڕۆژئاوا کردووە. پێشتر چەندین بەساڵاچوو و منداڵ لە ڕێگادا بە هۆی سەرماوە تیاچوون و هەزاران کەس بە بێ خانوو لە دەرەوە دەخەون.

شێخۆ؛ نوێنەری کوردەکان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “لێرە شوێن بۆ خەڵکەکە نییە.” خەڵکی بەساڵاچوو سەرما لەناویان دەبات. بە هەموو نەخۆشخانەکانی ڕۆژئاوا فەرمان کراوە کە دەرمانی بە خۆڕایی بدەنە خەڵک، بەڵام بەردەوام خەڵک پێویستی بە پێداویستیی پزیشکی هەیە. لەو بارودۆخەشدا ئەو ناوچانە، بە تایبەتی شاری فرەنەتەوەیی ”مەنبەج”، لەوە دەچێ ئامانجی دوایی تورکیا بێت. بە ڕۆیشتنی چەندین هێز لە سووریا و جڵەوکردنی هێزەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تورکیا لە سووریای نوێدا دەیەوێ ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە چەندین کارتی لە بەر دەستدایە.

کاتێک بیر لە داهاتووی سووریا بکەنەوە، دەتوانن ئەو بیرکردنەوەیە هەم بە ئومێد و هەمیش بە ترس لێی بڕوانرێت. کاتێک سەیری خەڵکانێک بکەن کە چەوساونەتەوە، ئازادبوونیان دڵخۆشکەرە. بەڵام هۆکاری زۆر هەن کە بە وریاییەوە دەبێ لێک بدرێنەوە. بۆ نموونە هەم هێزی توندڕەو و هەمیش هێزی دەرەکی لە سووریادا بوونیان هەیە. بزووتنەوەی کورد دەبێ ڕۆڵێکی بەرچاو و سازندەی هەبێ لە دروستکردنی ئایندەی سووریادا. دەمێکە ڕۆژئاوا مەیلی جێبەجێکارانەی بۆ هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە نوێیەکەی دیمەشقدا نیشان داوە، هەڵبەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە پیشنیاری باش بخاتە ڕوو.

“حسێن مامۆ”؛ بەرپرسی کوردی سووریا لە لەندەن، بە یاکوبینی وت: “هەموو سوورییەکان بەشدارن لە ڕەوتی بڕیارداندا بۆ دابینکردنی دەوڵەتی باش و تێگەیشتوو کە بەرامبەر بە ئایین و نەتەوەکان و بیروڕای سیاسی ڕێز دادەنێن.”

بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یەکەمین هێماکانی کەمکردنی ناکۆکی لە نێوان “هیئت تحریر الشام” و ڕۆژئاوا دەبینرێت. هەردوو حزبەکە جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە دەیانەوێ دوورەپەرێز بن لە تێکهەڵچوون، لە بەرامبەردا دژ بە لایەنگرانی ئەسەد دەوەستنەوە. “هیئت تحریر الشام” دڵنیایی داوەتە کوردەکانی حەلەب و ئاسانکاریی کردووە بۆ ڕێککەوتن کە خەڵکی مەدەنیی کورد لەوێ بتوانن بڕۆنە دەرەوە. نوێنەرانی ڕۆژئاوا لەگەڵ “هیئت تحریر الشام”دا ڕێککەوتنیان هەبووە سەبارەت بە داهاتووی هەموو گەڕەکەکان وەکوو پەناگەیەکی دڵنیایی درێژخایەن. ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێ ڕێگا بۆ پەیوەندی لە نێوان ڕۆژئاوا و “هیئت تحریر الشام”دا خۆش بکات.

 

سەرچاوەكان

  • Vera Rudolph (2025), “Syrien: Rojava – Die Ungewisse Zukunft der Kurden”, https://www.daserste.de/information/politik
  • weltgeschehen/weltspiegel/sendung/syrien-rojava-ungewisse-zukunft-der-kurden-100.html, accessed on: 2/2/2025.

Send this to a friend