ئایندەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی تورکیا
وەرگێڕان: د. جەلیل عومەر عەلی؛ سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی

غەدا قەندیل
خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی زانستە سیاسییەکان، فاکەڵتی ئابووریو زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە. پسپۆڕە لە کاروباری ئاسیاو لە بوارەکانی ئیسلامی سیاسی، گۆڕانکاریی دیموکراسی، کەمینەکانو توندڕەویو تیرۆر، توێژینەوەو بڵاوکراوەی هەیە.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی عەرەبیی ئۆراسی (مرکز الدراسات العربیة الاوراسیة)
سەنتەری لێکۆڵینەوەی عەرەبیی ئۆراسی (مرکز الدراسات العربیة الاوراسیة) (CAES) دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سەربەخۆیەو تایبەتە بە کاروباری ناوچەی ئۆراسیا، کە ئاماژەیە بۆ وڵاتانی ڕووسیاو کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت، چین، تورکیا، ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، هیندستانو بەنگلادیشو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپادا.
دەستپێک
خاڵی وەرچەرخان لە وزەی ئەتۆمیی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی هێزی ناوەکیی ئاککویو (Akkuyu Nükleer Güç Santrali) لە کەناراوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست، هەروەها پڕۆژەی ئەتۆمی بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی (سینوب) لە سەر دەریای ڕەشو ناوچەی تراکیا، وەک دەستپێکێکی نوێ بۆ دنیابینیی دوورمەودای تورکیا لە بواری وزەدا. لەم قۆناغە هەستیارەدا تورکیا ڕووبەڕووی بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە دەبێتەوە؛ یان ئەوەتا بەردەوامدەبێت لە بەکارهێنانی کورە ئەتۆمییە کۆنەکانی بە شێوەیەکی فراوان، یاخود دۆزینەوەی جێگرەوەی پێشکەوتووترو نەرمتر، کە توانای پێشخستنو فراوانکردنی هەبێت. ئەمەش دەرگای مشتومڕ بە ڕووی ئایندەی تورکیای ئەتۆمیدا واڵادەکات، بەوەی کە ئایا تورکیا پشت بە فراوانکردنی پڕۆژەکانی وزەی ئەتۆمی دەبەستێت، یاخود ڕوو لە کورە ئەتۆمییە بچووکەکان دەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا؟
ئەم پرسیارە بە تەنها کورتناکرێتەوە لە تەکنەلۆژیای سەربازیو ئایدۆلۆژیادا، یاخود بڕوای بەرگریکردن لە خۆی، بەڵکو زۆر لایەنی تر دەگرێتەوە، وەک ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، سیاسەتی وزە، دیبلۆماسیەت، سەقامگیریی گشتیی ئابووری، بە شێوەیەک بەکارهێنانی گوتاری ئەتۆمی تەکتیکی لەلایەن ڕووسیاوە لە جەنگی ئۆکرانیا، پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە ڕێژەی (٦٠٪)، تاقیکردنەوە موشەکییە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور، توانا ئەتۆمییە شاراوەکانی ئیسرائیل، هەموو ئەمانە پاڵنەرێکی ڕاستەوخۆن بۆ ئەم پرسیارە، بە تایبەت ئەنقەرە لە ئایندەیەکی نزیکدا مامەڵە لەگەڵ سێ پرسی گرنگدا دەکات، کە بریتین لە ئاسایشی دابینکراو، سەقامگیریی نرخی کارەبا بۆ پیشەسازیو پارێزگاری لە پیسبوونی ژینگە.
پێگەی تورکیا لە سەر نەخشەی پێشبڕکێی ئەتۆمیی جیهانی
کۆیگشتی کۆگای ئەتۆمیی جیهانی بە نزیکەی (١٢١٠٠) کڵاوەی جەنگییە، ڕووسیا خاوەنی نزیکەی (٥٥٨٠) کڵاوەی ئەتۆمییە، ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش خاوەنی (٥٠٤٤) کڵاوەی ئەتۆمییە. ئەو ژمارەیەی دەمێنێتەوە، دابەشدەبێت بە سەر چیندا، کە زیاتر لە (٥٠٠) کڵاوە، فەڕەنسا (٢٩٠) کڵاوە، بەریتانیا (٢٢٥) کڵاوە، پاکستان (١٧٠) کڵاوە، هیندستان (١٦٤) کڵاوە، ئیسرائیل (٨٠-٩٠) کڵاوە، کۆریای باکوور (٥٠) کڵاوەی ئەتۆمی جەنگین. ئەمە سەرەڕای ژمارەیەک لە وڵاتانی تر، کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نین، بەڵام پشت بە چەتری ئەتۆمی ئەمریکی دەبەستن بۆ ڕووبەڕوبوونەوە، وەک تورکیاو کۆریای باشوورو یابانو ئەڵمانیاو هۆڵەنداو بەلجیکاو ئیتاڵیا. ئەوەندەی پەیوەندیی بە تورکیاوە هەبێت، ئەم چەترە خۆی لە (٥٠) کڵاوەی ئەتۆمیی تەکتیکی ئەمریکی دەبینێتەوە، کە باوەڕ وایە لە کۆگاکانی بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیکی ئاسمانی هەڵگیرابێتن. لە ڕاستیدا ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO) بە فەرمی ئەمەی پشتڕاستنەکردووەتەوە، بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانیپێدانراوە.
لە پاڵ ئەمەدا، ڕێچکەی ئەتۆمیی تورکیا بە خێرایی بەردەوامە، بە شێوەیەک پێشبینیدەکرێت، کە یەکەم یەکە لە کۆی چوار یەکەی ناوەندی ئاککویو بۆ وزەی ئەتۆمی، کە (٤٨٠٠) مێگاوات کارەبا لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٥) بەگەڕبخات. بە کردەوەش پلانی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی دووەمو سێییەمی لە ناوچەکانی سینۆپو تراکیا داڕشتووە. تورکیا ئامانجیەتی لە ڕێگەیەوە بگات بە توانای ئەتۆمی بە ئاستی زیاتر (٧) گێگاوات لە ساڵی (٢٠٣٥)و (٢٠) گێگاوات لە ساڵی (٢٠٥٣). لەگەڵ بەشداریپێکردنی کورە ئەتۆمییە بچووکەکان (SMR) بە توانای (٥) گێگاوات. ئەنقەرە لە هەوڵەکانیدا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیسکردنی ژینگە بۆ ئاستی سفر تا ساڵی (٢٠٥٣) بەردەوامەو ئێستا کار لە سەر بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەکنەلۆژیی ئەتۆمیو پێشخستنی تەکنیکی کورەی ئەتۆمییە بچووکە ناوخۆییەکانی دەکات.
لێرەوە ڕووندەبێتەوە تورکیا بە خێرایی لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا بە سێ ئامانجی پێکەوەگرێدراو؛ بەردەوامیی پاڵپشتیی ئاسایشیو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردەکراو، جێگیرکردنی نرخ لە دورمەودا، پاڵپشتی کردنی ئامانجی پارێزگاری ژینگە (بێلایەنی کاربۆنی) تا ساڵی (٢٠٥٠).
پڕۆژەی ئاککویو لە هێمای وازهێنانی ئەتۆمییەوە گۆڕدرا بۆ پلاتفۆڕمێک وەک جێگرەوەی پاڵپشتیکردنو تەوتینو هاوبەشیی نێودەوڵەتی، کە لە داهاتوودا شێوەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی تورکیا بۆ دوو دەیەی ئایندە دەستنیشاندەکات. پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەرخەری گواستنەوەی تورکیان لە قۆناغی بنیاتنانی وێستگەی یەکەم بۆ پڕۆژەکانی هەردوو گەورە وێستگەی زیادکراو (سینۆپ، تراکیا). لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە ڕایگەیاندووە بە نیازی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە بۆ بنیاتنانی دوو وێستگەی نوێی ئەتۆمی پێش کۆتاییهاتنی ساڵی (٢٠٢٥)، ئەگەر کێبڕکێکاران ئامانجەکانی تورکیا فەراهەمبکەن، هەر بۆیە ڕاگەیاندنە فەرمییەکان پێشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، کە وێستگەی سینۆپ پێش ساڵی (٢٠٣٥) دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتو بە دواشیدا وێستگەی تراکیا دێت. دانوستانەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیاو کۆریای باشووردا لە سینۆپ بەڕێوەدەچن، لەگەڵ چینیش لە تراکیا، شان بە شانی هەوڵەکانی ئەمریکا لە پێناوی کەمکردنەوەی پشتبەستنی تورکیادا بە ڕووسیا.
قازانجو زیانە ئایندەییەکانی وزەی ئەتۆمیی تورکیا
لە سەرەتای هەزارەی نوێوە تورکیا هەوڵی بنیاتنانی سیاسەتێکی وزەی سەربەخۆ دەدات لە ڕێگەی یەکانگیرکردنی وزەی ئەتۆمییەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوبوونی وێستگەی ئەتۆمیی ئاککویودا، مشتومڕەکانیش زیاتردەبن سەبارەت بە دەستکەوتو مەترسییە شاراوەکانی ئەم ڕێچکەیەی تورکیا گرتوویەتیەبەر.
یەکەم: دەستکەوتەکانی تورکیا
هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی یەکێکە لە بژاردە ستراتیژییەکانی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گازی سروشتی هاوردەکراو، بە تایبەت لە ڕووسیاو ئێرانەوە. ئەمەش لە پێناوی بەدیهێنانی سەربەخۆییەکی ڕێژەیی لە سیاسەتی وزەدا، هەروەک چۆن دەبێت بە هۆی زیادبوونی سەرچاوەیەکی وزەی جێگیرو بەردەوام شان بە شانی وزەی نوێبووەوە. لە هەمان کاتدا دەبێت بە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە کەشوهەواو قەیرانە نێودەوڵەتییەکانو هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەی وزەی دەوڵەت.
زیاتر لەوەش، ئەم سیاسەتی وزەیەی تورکیا دەبێت بە هۆی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بە شێوەیەک بەرهەمهێنان لە وزەی ئەتۆمیدا یەکێکە لە جێگرەوەکانی تورکیا بۆ پابەندبوون بە کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە لەبەر ڕۆشنایی ڕێکەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە، ئەم هەوڵە پێگەیەکی گرنگتری پێدەبەخشێت لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان بەرەو ئابووریی سەوز. چاوڕێدەکرێت، کە پڕۆژە ئەتۆمییەکان بەشدارببن لە بەرزکردنەوەی تواناکانی تورکیا لە ڕێگەی ڕاهێنانو گواستنەوەی تەکنەلۆژیاوە، ئەمەش ببێتە پاڵپشتییەکی بەهێزی پیشەسازیو ئەندازیاریی پێشکەوتوو. ئەمەش دەبێت بە هۆی بەهێزکردنی پێگەی جیۆسیاسیی ئەنقەرە، بۆیە خاوەنداریەتیی تورکیا بۆ بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتیانەی سەرکەوتوو، ئامرازێکی بەهێز دەبێت لە دانوستانو فشارەکانیدا لە سەر ئاستی هەرێمی، بە تایبەت لە سێبەری پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی تەکنەلۆژی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دووەم: لێکەوتەی پێچەوانە
سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی باسکران، پڕۆگرامی ئەتۆمیی تورکیا دەکەوێتەژێر ڕەحمەتی هاوبەشە دەرەکییەکانەوە، بە تایبەت ڕووسیا، کە خاوەنی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە دروستکردنو بەگەڕخستنی وێستگەی ئاککویودا، ئەمەش بوار بۆ فشاری سیاسی بەرانبەر یەک دەکاتەوە، جگە لە تێچووە ئابوورییە زۆرەکەی، چونکە وێستگەی ئەتۆمی پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر گەورەو فراوانو بەردەوامیپێدانی هەیە، ئەمەش دەکرێت ببێت بە هۆی زیادبوونی قەرزەکانی سەر ئەنقەرەو پێڕانەگەیشتنی بە پێشخستینی کەرتەکانی تری وەک پەروەردەو تەندروستی. ئەمە سەرباری مەترسییەکانی پەیوەست بە سەلامەتیو ژینگەوە، بە شێوەیەک ڕایگشتیی تورکیا بەردەوام گومانیان لە سەلامەتیی وزەی ئەتۆمیو پیسبوونو تیشکدانەوە هەیە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەڕێوەبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکاندا ڕووبەڕوویاندەبێتەوە، کە پێویستی بە چارەسەری درێژخایەن هەیە.
بە پێچەوانەی پڕۆژەی وزە نوێبووەکانەوە، قازانجەکانی وزەی ئەتۆمی لە ڕووی داراییو سیاسییەوە دوورمەودایەو کاتی زۆر دەوێت، ئەمەش وایلێدەکات کەمتر توانای وەڵامدانەوەی پێداویستییە بەپەلەکانی ئابووریی تورکیای هەبێت، کە پێوەیدەناڵێنێت. پشتبەستنی تورکیا بە سوتەمەنیی ئەتۆمیی هاوردەکراو ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی بازاڕی جیهانیو ئەگەری سزاکانی دەکاتەوە. لەوانەیە ئامانجەکانی لە سەربەخۆیی وزەیی لەگۆڕبنێت، پاشان بە ڕەچاوکردنی پێوەری قازانجو زیان ڕووندەبێتەوە، کە ئایندەی وزەی ئەتۆمیی تورکیا ناکرێت لە یەک گۆشەوە سەیربکرێت. لە کاتێکدا فەراهەمکردنی وزەی ئەتۆمی ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەو کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، لە هەمان کاتدا ئەنقەرە دەبێت بە دەستبەسەر لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەناردەکەرانی دەرەکیو قورساییەکی دارایی زۆر لە سەر ئابووریی تورکیا دروستدەکات.
ئایندەی وزەی ئەتۆمی لە تورکیا
توانای تورکیا لە پاراستنی هاوسەنگی نێوان سەربەخۆیی وزەو بەردەوامی پاڵپشتی ژینگە ڕوکارەکانی ئایندەی ئەتۆمی لە دەیەکانی داهاتودا دیاریدەکات، ئەمەش دەکرێت لە چوار سیناریۆدا کورتی بکەینەوە:
سیناریۆی یەکەم: پلەبەندی لە فراوانکردنی توانا ئەتۆمییەکان
ئەم سیناریۆیە پشت بە سەرکەوتنی تورکیا لە تەواوکردنو بەگەڕخستنی سەرجەم یەکەکانی وێستگەی ئاککویو تا ساڵی (٢٠٢٨) دەبەستێت، پاشان هەوڵدان بۆ دروستکردنی وێستگەی نوێ، وەک سینۆپو ئیغنیادا. لە دۆخێکی وادا تورکیا دەتوانێت ڕێژەی بەشداریی وزەی ئەتۆمی بەرزبکاتەوە بۆ (١٥-٢٠٪) لە کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا تا ناوەڕاستی ساڵانی سییەکان، ئەمەش سەربەخۆییەکی ڕێژەیی پێدەبەخشێتو تێچووی هاوردەکردنی وزە کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەم ڕێچکەیە بەستراوەتەوە بە تواناکانی لە تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە تەکنیکییەکانو فەرهەمکردنی داهات بۆی، هەروەها گەرەنتیکردنی ژینگەی یاسادانانێکی جێگیر بۆ ئەم پرسە.
سیناریۆی دووەم: پشتبەستن بە هاوبەشە دەرەکییەکان
ئەم سیناریۆیە بریتییە لە پشتبەستنی تورکیا بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان (بە تایبەت ڕووسیا) لە دروستکردنو بەگەڕخستنو دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی. سەرەڕای ئەوەی ئەم بژاردەیە خێراییەک دەبەخشێت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ئاستی شوێنکەوتەیی زیاددەکات، وا لە ئاسایشی وزەی تورکیا دەکات پەیوەستبێت بە هاوکێشە سیاسییە دەرەکییەکانو لاوازکردنی توانای ئەنقەرە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواو لە بڕیاری وزەیداو دەیخاتە بەردەم هەڕەشەی زیاتری جیۆسیاسییەوە.
سیناریۆی سێییەم: پەلەنەکردنو دووبارە خۆڕێکخستنەوە
لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناوخۆییەکانو ڕەخنە ژینگەییەکان، تورکیا خۆی بە ناچار دەبینێت، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی خاوبکاتەوە، یاخود هەندێک لە پڕۆژەکانی دوابخات. لە بارودۆخێکی لەم چەشنەشدا لەوانەیە تورکیا بە دوای جێگرەوەی دیکەدا بگەڕێت، وەک وزەی نوێبووەوە، کە بە خێرایی گەشەدەکاتو پشتگیرییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزیشی هەیە. ئەم سیناریۆیەش بژاردەیەکە بۆ پارێزگاریکردن لە هاوسەنگیی سیاسەتی وزەی تورکیا، بەڵام دەبێت بە هۆی دواخستنی دەستکەوتە ستراتیژییەکانی وزەی ئەتۆمی.
سیناریۆی چوارەم: تێکەڵەیەکی هاوسەنگیی وزە
ئەم سیناریۆیە پێشبینیی ئەوە دەکات تورکیا پشت بە تێکەڵەیەکی سەرچاوەی وزە ببەستێت، بە شێوەیەک پشت بە وێستگەی ئەتۆمیی سنوردار ببەستێت، شان بە شانی فراوانکردنێکی گەورەی وزەی نوێبووەوە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە پشتبەستن بە ڕێژەیەکی کەمی گازی سروشتی. ئەمەش بژاردەیەکی واقیعییە، کە ڕێگە بە هەمەچەشنەیی سەرچاوەی وزە دەدات، لەگەڵ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پشتبەستنێکی زیادەڕەویی یەک سەرچاوە، هەروەک چۆن نەرمییەکی زیاتر دەبەخشێت بە تورکیا لە ڕووبەڕوبوونەی گۆڕانە نێودەوڵەتییەکانو کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە.
پشتبەست بەوەی لە پێشەوە باسکرا، پێدراوە هەنووکەییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ئایندەی وزەی ئەتۆمیی تورکیا مەحکومە بە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز لە نێوان ویستە ستراتیژییەکانو ئاڵنگارییە ئابووریو ژینگەییەکاندا، ئەو سیناریۆیەی زیاتر ئەگەری ڕودانی هەیە، بریتییە لە جێبەجێکردنی هەمەچەشنەیی وزەی هاوسەنگ. بە شێوەیەک ئەنقەرە سوود لە دەستکەوتەکانی وزەی ئەتۆمی وەربگرێت، بەبێ ئەوەی بکەوێتەژێر چەپۆکی وابەستە جیۆستراتیژییەکان، یاخود فشارە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
ئەنجام
چاوەڕواندەکرێت ئایندەی وزەی ئەتۆمیی تورکیا بوەستێتەسەر سێ ئاڕاستەی پێکەوەگرێدراو، کە خۆیدەبینێتەوە لە:
- بەگەڕخستنێکی سەرکەوتوانەی وێستگەی ئاککویو لە ڕووی بازرگانییەوە.
- ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەنگ بۆ هەردوو وێستگەی سینۆپو تراکیا پێش کۆتایهاتنی ساڵی (٢٠٢٥)، لەگەڵ مەرجەکانی خۆماڵیکردنو پاڵپشتیکردنی دارایی بۆیان.
- دانانی خشتەو چوارچێوەیەکی ڕێکخستن بۆ وێستگە ئەتۆمییە بچووکەکان.
ئەمانەش وادەکەن تورکیا بگاتە بڕی بەرهەمهێنانی زیاتر لە (٧) گێگاوات کارەبا تا ساڵی (٢٠٣٥)و بڕی (٢٠) گێگاوات کارەبا تا ساڵی (٢٠٥٠)، بەمەش پشتیوانیی بەردەوامی ئەتۆمیو کەمکردنەوەی پیسبوونی هەواو بەهێزکردنی پێگەی پیشەسازیی ئەنقەرە دێتەدی، بەڵام ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپا بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دژی هەر فراوانبونێکی ئەتۆمین. ئەو سزایانەی دەیسەپێنن، کاریگەری دەکاتەسەر پارەدارکردنو وزەو بەرگریکردنی. ڕووسیاش وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی ڕاستەوخۆ سەیری پرسەکە دەکات، بە تایبەت لەلایەن دەوڵەتێکی ئەندامی پەیمانی باکووری ئەتڵەسییەوە. لە کاتێکدا وا چاوەڕواندەکرێت چین لە ئاستی فەرمیدا بە بێلایەنی بمێنێتەوەو خۆی بەدووربگرێت لە کێشەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا. لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەکرێت تورکیای ئەتۆمی لە پاڵ ئێرانو سعودیەدا وا لە ئیسرائیل بکات هەندێک ڕێوشوێنی پێشوەختە دژی هەرسێ دەوڵەتەکە بگرێتەبەر.
ئاڕاستەی تورکیا بەرەو وزەی ئەتۆمی ڕەزامەندیی هەریەکە لە واشنتۆنو بڕۆکسلو مۆسکۆو پەکینو پایتەختە هەرێمییەکانی پێویستە. ئەگەر ئەنقەرە نەتوانێت ببێتە جێگەی باوەڕ لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە، سیاسەتی ئەتۆمی تەنها پشت بە ویست نابەستێت، بەڵکو ئەندازیاری سەرکردایەتیکردن لەخۆدەگرێت. ئەگەر ئەنقەرە نەتوانێت ئەم ویستە ئەتۆمییەی باش ئیدارە بدات، ئەوا پێش ئەوەی بتوانێت یەکەم کڵاوەی ئەتۆمی دروستبکات، ڕووبەڕووی تێچوویەکی زۆر دەبێتەوە بە هۆی سزاکانەوە، هەروەها توشی هەڵهاتنی سەرمایەو کەنارگیریی دیبلۆماسی دەبێتەوە، ئەمەش دەبێت بە هۆی ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆککۆماری تورکیا لە چۆنیەتیی دەستکەوتی زیاترو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە توانای ئەنقەرەوە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ویستە ستراتیژییەکانو واقیعی ئابووریو جیۆسیاسییەکاندا.
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:
كوردی

