ئایندەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، ڕۆڵی ئەورووپا و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ(1)
وەرگێڕان: گۆران سەلام محەمەد
1- ئایندەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمریکادا
ستراتیژی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا سیاسەتی: (سزا و هەڕەشەی سەربازیی) بەکارهێنا، بەڵام لە خولی دووەمیدا ئیدارەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتی: (زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێگەی دیبلۆماسی) دەگرنەبەر، ئەم ستراتیژە گوزارشت لە هەوڵی ئیدارەی ترەمپ دەکات بۆ هاوسەنگکردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەییەکان، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، بەنێوەندگیریی زلهێزە جیهانییەکانی وەک (ڕووسیا – چین) لە دانوستانەکان و کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەورووپییەکان لە پرسەکەدا.
بۆچی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران گۆڕاوە؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەبری زیندووکردنەوەی ئەو سیاسەتەی (زۆرترین فشار) کە لە خولی یەکەمیدا پەیڕەوی کردبوو، گڵۆپی سەوزی بۆ تیمەکەی بۆ نوێکردنەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران هەڵکردووە، تەنانەت سەرەتا خواستی ئیسرائیلی بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر تاران ڕەتکردەوە. ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری دەرەوە ڕوونی کردەوە کە “بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هێڵی سوورە بۆ ئەمریکا”. ویتکۆف ئاماژەی بە ئەگەری ڕێگەدان بە ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستێکی نزم کرد، بەڵام لە هەمانکاتدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد ئەگەر نەگەیشتە ڕێکەوتن، ڕێکاری سەربازی دەکات.
سینا تووسی لە ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی گوتی: وتارەکەی ترەمپ لە ڕیاز نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ڕوون و بەرچاو دەکات لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژەی بەوەشکردووە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێکەوتنی فرەلایەنە لەگەڵ ئێران کشایەوە، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا دانوستانیان لەسەر کرا و سنووردارکردنی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا سەپاند لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان”. “لەبری ئەوە ترەمپ پەنای بۆ سیاسەتێک بردووە کە بریتیبووە لە توندکردنەوەی گەمارۆی ئابووریی لەسەر ئێران لەڕێگەی زیادکردنی سزاکانەوە، لە هەمانکاتدا هەڕەشەی سەربازیی ناڕاستەوخۆی دەرکردووە. بەڵام ئەم ڕێبازە نەیتوانیوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕابگرێت”.
دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی چ فشارێکی ناوخۆیی دەبێتەوە؟
پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، دانوستانە ئەتۆمییەکانی خستۆتە ژێر گومانەوە. لە نێو ئەو بەربەستانەی کە ماونەتەوە، تاران ڕەتیدەکاتەوە یۆرانیۆمی بەهەمهێنراو ڕادەستی کۆمەڵگەی نێودوەڵەتی بکات، یان ئامادەی گفتوگۆ بێت لەسەر بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی خۆی. لە لەلایەکی دیکەوە ڕاپرسییەکی مانگی شوباتی ٢٠٢٥ ئاماژەی بەوە کردووە کە ٧٢٪ی دەنگدەرانی دیموکراتەکان و ٨٢٪ی کۆمارییەکان پشتیوانی لە “لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران” دەکەن.
جێفری فیڵدز، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا، پێی وایە کە ترەمپ دەرفەتێکی ناوازەی هەیە نەک تەنیا بۆ گەڕاندنەوەی ڕێکەوتنێکی ئەتۆمی هاوشێوەی ئەو ڕێکەوتنەی کە ڕەتیکردەوە، بەڵکو ڕێکەوتنێکی گشتگیرتر بەرێتەپێش، ئەمەش پەرەپێدانی پەیوەندی باشتری لەگەڵ ئێران لێدەکەوێتەوە. فیڵدز پێی وایە “هەندێک ئاماژە هەن بۆ ئەوەی ڕێکەوتن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەرەکانی ڕێنەکەوتن گەورەترن”. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە “هەر پێشکەوتنێک بەرەو ڕێکەوتن بەرەوڕووی تەحەدا دەبێتەوە، دیارترینیان بریتین لە: دووبەرەکی ناوخۆیی و دژایەتی لەناو ئیدارەی ترەمپ و هەندێک گومان لە ئێران”.
ئەگەری ڕێکەوتنی ئەتۆمی نوێ چەندە؟
دانوستانکارانی ئێران و ئەمریکا لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لە ڕۆما بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیان بە دانوستانەکان کردەوە، سەرەڕای هۆشداریی ئێران کە ڕەنگە ڕێکەوتنی نوێ لە نێوان هێڵە سوورە ناکۆکەکاندا مەحاڵ بێت. ئێران دەیەوێت لە گەمارۆی ئابووریی وابەستە بە نەوت ڕزگاری بێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران ئامادەیە هەندێک سنووردارکردن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم قبوڵ بکات، کە پێداگری دەکات و دەڵێت وزەی ئەتۆمی تەنها بۆ مەبەستی خزمەتگوزاریی بەکاردەهێنێت، بەڵام پێویستی بە گەرەنتییەکی پتەو هەیە کە واشنتۆن پاشەکشە نەکات لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی داهاتوو.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەهۆی تێکچوونی ئابووری ئێران و دابەزینی نرخی تمەن و بێکاریی زۆری گەنجان و پچڕانی کارەبا لەژێر فشاری ناوخۆیی تونددایە. دکتۆر سەنام وەکیل لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس لە لەندەن دووپاتی دەکاتەوە کە “لەناوخۆی ئێران ڕەوت و گرووپ هەن، کە لایەنگری دانوستانن، گرووپیش هەن کە چەکی ئەتۆمی بە باشترین دەرفەتی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێران دەزانن”. لای سەرانی ئێران متمانە بە ئیدارەی ترەمپ زۆر کەم بووەتەوە. چونکە ئەوان مامەڵە ناڕێکەکەی ترەمپیان لەگەڵ ڤلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و پێشنیارە ناڕێکەکانی سەبارەت بە غەززە بینیوە و نایانەوێت مامەڵەی لەو جۆرەیان لەگەڵ بکرێت.
مۆسکۆ چۆن سوودمەند دەبێت لە بەشداریکردنی لە دانوستانەکاندا؟
لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، هاوتا ئێرانییەکەی، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و گەڕاندنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێرانی تاوتوێ کرد. پوتین ئامادەیی ڕووسیای بۆ ئاسانکاریی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە. ڕووسیا سوودمەندە لە بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە کاتێکدا مۆسکۆ دەبێتە یاریزانێکی چالاک و جەوهەری لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێ. یەکێک لە سوودە هەرە گرنگەکان بۆ ڕووسیا بەشداریکردن دەبێت لە بەڕێوەبردن یان چاودێریکردنی کۆگاکانی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو. نوێنەرانی ئەمریکا ڕێکخستنێکی ئەگەرییان پێشنیاز کردووە کە بەمەبەستی دانانی عەمبارکردنی یۆرانیۆمی ئێران لە وڵاتی سێیەمی وەک ڕووسیا، بەمەش هەژموونی مۆسکۆ زیاتر دەبێت.
ڕۆڵی چین لە دانوستانەکاندا چییە؟
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٥، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بۆ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی پشتڕاستکردەوە کە: “چین پاڵپشتی ئێران دەکات لە ئەنجامدانی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمریکا و دژایەتی بەکارهێنانی هێز و سزا تاکلایەنە نایاساییەکان دەکات”، وانگ یی لە میانەی وتووێژەکانی پایتەختی چین لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی وتی: پەکین ئامادەیە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ تاران لە کاروباری نێودەوڵەتی و ناوچەییدا.
ئامانجی (چین) لە دەستوەردان لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و فراوانکردنی کاریگەرییە ناوچەییەکانی و بەرزکردنەوەی هەژموونییەتی، چونکە خۆی وەک هێزێکی جیهانی و هاوبەشێکی متمانەپێکراو دەبینێت.
ئایا ترەمپ ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران؟
ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥، ئاماژەی بەوە کردووە کە: “واشنتۆن زانیاریی پێگەیشتووە کە ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات”، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەدواداچوونی ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕێکەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران. بەرپرسان هۆشداری دەدەن لەوەی هێشتا دیار نییە سەرکردەکانی ئیسرائیل بڕیاری کۆتایییان داوە یان نا، ناکۆکییەکی قووڵیش لەناو حکومەتی ئەمریکادا هەیە سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل لە کۆتاییدا بڕیارێک بدات. ڕاپرسییەک لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥ دەریخستووە کە ٤٥%ی ئیسرائیلییەکان پشتیوانی لە هێرشی ئیسرائیل دەکەن بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدا ٤١.٥% دژایەتی دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ململانێیەکی ناوچەیی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
مەزەندە دەکرێت کە بڕیاری ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان و چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکان، پەیوەستە بە تێڕوانینی ئەو بۆ دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئێران دووپاتی کردەوە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، تاران بەشێوەیەکی یاسایی ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشەکە دەزانێت. جۆناسان پانیکۆف، بەرپرسێکی هەواڵگری تایبەتمەند لە ناوچەکە، دەڵێت: ئیسرائیل لەنێوان دووڕیانیكی سەختدا گیری خواردووە، بەو پێیەی بنیامین ناتانیاهۆ، لەلایەک لە ژێر فشاردایە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە ڕێکەوتنی ئەمریکا و ئێران، لەلایەکی دیکەشەوە بە پێویستی دەزانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپدا بپارێزێت، کە پێشتر لە پرسە سەرەکییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا جیاوازی لەگەڵیدا هەبووە.
ئایا وڵاتانی کەنداو پشتیوانی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن؟
وڵاتانی کەنداو نیگەرانن لەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کارەسات لە ناوچەکەدا دروست بکات و بیکێشێتە ناو شەڕێکی فراوانتری ناوچەییەوە. لە هەمانکاتدا وڵاتانی کەنداو پێیان وایە پەرەسەندنی توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی ناوچەیی دەستپێبکات. سەرانی کەنداو کەڵک دەبینن لە پەیوەندییە نزیکەکانیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی پردێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران بۆ کۆشکی سپی دەستەبەربکەن. بەرپرسانی کەنداو دیمەنی ناوچەکە بە دەرفەتێک دەزانن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و باشترکردنی پەیوەندییەکان، پێداگری دەکەن کە نایانەوێت بەشێک بن لە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمریکا یان ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
2- هەڵوێستی ترۆیکای ئەورووپایی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران
ساڵانێکە وڵاتانی ئەورووپایی، بەتایبەتی ئەندامانی ترۆیکا (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێکخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گێڕاوە، لە هەوڵی ڕاستەوخۆدان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمەش ڕۆڵی ئەورووپا لە ئایندەی وتووێژەکان لەم دیمەنە دیپلۆماسییە نوێیەدا زیاتر دەکات.
ترۆیکا: نێوەندگیری و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن
ئەورووپا بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ترۆیکا: بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا (E3)، دانوستانکارێکی سەرەکیی ئێران و ئەمریکا بوو لە پێشبڕکێی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن (JCPOA)، داوای گفتوگۆی دەکرد نەک ڕووبەڕووبوونەوە. پێچەوانەی هەندێک هەڵوێستی شەڕانگێزانەی ئەمریکا کەوتنە کار، بۆیە هەوڵیاندا هاوسەنگی لە نێوان نیگەرانییە ئەمنییەکان لەگەڵ چارەسەرە دیپلۆماسییەکان بهێننە کایەوە، ئەمەش بەڵگەی ڕۆڵی پلانی ساڵی ٢٠١٥ی (JCPOA)ە، کە لەلایەن ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ڕووسیا و چینەوە واژۆکرا. یەکێتیی ئەورووپا ئەم ڕێکەوتنەی بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە هەمانکاتدا هێشتنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ ئێران زانی. بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە لە ساڵی 2018، و دواتر خێراکردنی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەم هەوڵانەی تێکشکاند و یەکێتیی ئەورووپای خستۆتە دۆخێکی دژوار لە نێوان پاراستنی ڕێبازی دیپلۆماسی خۆی و چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان.
سەرەڕای هەوڵەکانی زلهێزەکانی ئەورووپا، بەتایبەتی فەڕەنسا، بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان، ئەم هەوڵانە بەهۆی نەبوونی متمانەی نێوان هەردوولا شکستی هێنا. لە پەرچەکرداری سزا توندەکانی ئەمریکا، ئەورووپا میکانیزمی پەیوەندی (ئامرازی پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان)ی دامەزراند بۆ دەربازبوون لە سزاکان، بەڵام ئەم میکانیزمە بەهۆی هاوپەیمانی ئابووری ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا شکستی هێنا.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڵێنەکانی هەڵپەسارد و لەو کاتەوە پشێویی هاتەکایەوە. یەکێتی ئەورووپا لە زیاتر لە جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ١ی تەمموزی ٢٠١٩ەوە دەستبەرداری بەڵێنەکانی بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی بووە و دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی ژێرزەمینیی (فۆردۆ)، شەفافیەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کەمکردەوە بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پشکنەرەکان و دەستیکرد بە تاقیکردنەوەکان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەبێ پاساو.
دواتر ئیدارەی بایدن ڕاگەیاند ئەمریکا نیازی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزای لەسەر ئێران هەیە، کە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە سەپێندراوە، دانوستانەکانی نێوان بەشداربووانی JCPOA و ئەمریکا لە ڤیەننا لە مانگی نیسان تا حوزەیرانی ٢٠٢١ و لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ تا ئازاری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، لەو ماوەیەدا ڕێکەوتنێکی چوارچێوەیی پەرەی پێدرا.
چوارچێوەی ڕێکەوتنێک لەسەر ئەم پرسە گەڵاڵە بوو، بەڵام ئێران لە کۆتاییدا ئەو پاکێجەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن دەزگای کاروباریی دەرەوەی ئەورووپا (EEAS) لە مانگەکانی ئازار و ئابی ٢٠٢٢ پێشکەشکرابوون، بە سەرنجدان بە پێشێلکارییە بەرچاو و بەردەوامەکانی ئێران لە سەر یاسای JCPOA، ڕێکخراوی E3 گەمارۆکانی پەیوەست بە ئەتۆمی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەورووپا و بەپێی یاساکانی بەریتانیا لە دژی ئێران کارا کردەوە، هەرچەندە بڕیار بوو لە ڕۆژی گواستنەوەدا، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەپێی یاسای JCPOA هەڵبگیرێن.
لە ئێستادا پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپایی وردە وردە بەرەو خراپتر دەچێت. متمانەی یەکتری تێکچووە و دوای شەڕی ئۆکرانیا گرژیەکان پەرەی سەندووە و تۆمەتبارکردن بەوەی تاران هاوکارییە سەربازییەکان دەگوازێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕووسیا.
پەرەسەندنی هەڵوێستی ئەورووپا و زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئێران
نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە ئەورووپایی و ئێرانییەکان کاتێک ڕوون بووەوە کە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وڵاتانی گرووپی سێهەم ڕەزەماندییان لەسەر ناردنی (نێردەی پشکنەری وزەی ئەتۆمی) دەربڕی تاکو ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە بکات، تاکو وڵاتانی ئەورووپا بتوانن دوبارە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێننەوە.
بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا و بەریتانیا لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ نیگەرانی خۆیان لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمی تاران “هەڕەشە لە هەموومان دەکات”. نیکۆلاس لێرنەر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرا مەترسی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا “هەڕەشەی هەرە جدی” بێت و ویستە ناوەکییەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامە، لێرەوە زنجیرەیەک هێرش و لێدان لە دژی بریکارەکانی تاران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتە کایەوە.
لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، نیگەرانییەکی زۆریان لە توانای ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕی و ڕایانگەیاند: بە توندی داوا لە ئێران دەکەین ئەم هەنگاوانە پێچەوانە بکاتەوە و دەستبەجێ پەرەسەندنی ئەتۆمی خۆی ڕابگرێت. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ڕافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووە بەڕێژەی٦٠٪ لە ڕێژەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی کە ٩٠٪یە نزیک دەبێتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە مانگی یەکی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند کە خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران “زۆر نزیکمان دەکاتەوە لە خاڵی شکاندن”، ئاماژەی بەوەشکرد کە هاوبەشەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە پێویستە بیر لە سەپاندنەوەی سزاکان بکەنەوە ئەگەر تاران لە چارەسەرکردنی نیگەرانییەکاندا پێشکەوتنی بەدەست نەهێنا.
ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی بە ڕێژەیەکی مەترسیدار ٥٠% زیاد کردووە. جگە لەوەش ئێستا کۆی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نزیکەی (٤٠) هێندەی ئەو سنوورەیە کە بەپێی پلانی تۆکمەی هاوبەشی کارکردن لەسەری ڕێکەوتووە.
ژان نۆیل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە وتاری خۆیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥وتی: ئەگەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەورووپا بکەوێتە مەترسییەوە، بۆ ساتێک درێغی ناکەین لە دوبارە سەپاندنی هەموو ئەو سزایانەی کە دە ساڵ لەمەوبەر هەڵگیراون. ئەم لێدوانە لە تاران وەک هۆشدارییەکی توند لێکدرایەوە.
دانوستانی دوو قۆڵی ئەمریکا و ئێران
لە ئیدارەی نوێی ترەمپدا، ئەمریکا دەستی کرد بە ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێراندا. ترەمپ هەڕەشەی کرد لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی ئێران، هێرشی سەربازی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام دەدات. دانوستانە باڵاکان لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥، لە عومان دەستیپێکرد. بەڵام هەردوولا بەردوام بوون لە هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی شوێنە گرنگە سەربازی و لۆجستییەکانی یەکتر. لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسیدا، ترەمپ هەڕەشەی پەردەپۆشکراوی بۆ هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر چاودێری ئەمریکادا بڵاوکردەوە. لەبەرامبەردا تاران بەڵێنیدا وەڵامی بداتەوە، ئەگەر مەترسی لەسەر شوێنە ئەتۆمییەکانی هەبێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەورووپای لێکەوتەوە. بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەورووپا بە شەڕی ئۆکرانیا و ئەو باجانەی کە ئەمریکا سەپێنراون، هەر شەڕێکی نوێی ئەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڕەشەکانی وزە و ئەمنی لە سەرانسەری یەکێتی ئەورووپادا زیاد دەکات.
ژان نویل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥دا وەڵامی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی عومانی دایەوە و ڕایگەیاند کە فەڕەنسا بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دیکە، دڵنیای دەدات لەوەی کە هەر ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەورووپادا یەکدەگرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. ئاماژەی بەوەشکرد، “چاوەڕوانی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکەین لە هەفتەکانی داهاتوودا، ڕاپۆرتێک کە بە وردی ئاستی پێشکەوتنەکان ڕوون بکاتەوە کە لەم بەرنامەیەدا بەدەست هاتووە”، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی شەفافیەت و چاودێری لەم پرۆسەیەدا کردەوە.
نیگەرانییەکانی ئەورووپا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران
تاقمی E3 نیگەرانی جدی هەیە سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران. لە لایەک ترسیان هەیە کە ڕێکەوتنی ئەتۆمی داهاتوو لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر لاواز بێت. سنووردارکردنی ناڕوون بۆ پیتاندن یان ڕێکارە لاوازەکانی پشتڕاستکردنەوە دەتوانێت ڕێگە بە ئێران بدات کە چەکی ئەتۆمی دروست بکات بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت. هەروەها پێیان وایە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ دەرفەتی سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر چالاکییەکانی دیکەی ئێراندا لەدەست بدات، لەوانەش بەرنامەی مووشەکی ئێران و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک بۆ ڕووسیا. بە پێچەوانەوە، ترۆیکای ئەورووپی ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم دانوستانانە بەهۆی داواکارییە ناڕوونەکانی ئەمریکا و پەیامە دژبەیەکەکان و کەمی شارەزایی تەکنیکی و کەمبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ترەمپەوە بڕووخێن. ئەمەش دەتوانێت زەمینە بۆ هێرشە سەربازییە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران خۆش بکات، کە دەکرێت لێکەوتەی ناسەقامگیریی دروست بکات، وەک لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا.
ترۆیکای ئەورووپی و دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران
لە نێوان دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن، جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٥ لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ئەستەمبوڵ دیداریان ئەمجامدا. گفتوگۆکان لەسەر ئایندەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ و دۆخی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بوو.
هەرچەندە سێ خولی پێشووی ڕاوێژکاری نێوان تاران و ترۆیکای ئەورووپی لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ١٣ی کانونی دووەم و ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەی ئەستەمبوڵ گرنگ بوو، چونکە یەکەم پەیوەندی لە دوای دەستپێکردنەوەی وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بوو. یەکێتی ئەورووپا لە پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیادا لایەن واشنتۆنەوە دوورخراوەتەوە. بۆیە نایەوێت ئەم دوورخستنەوەیە لە دانوستانە ئەتۆمییەکانێشدا دوبارە بێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە مانای ڕۆڵی تێکدەریش بێت.
لە ناو لوتکەی ئەستەمبوڵدا “میکانیزمی سناپباک” هەیە، کە ئامرازێکە لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەدا هاتووە و ڕێگە بە هەر واژۆکارێک دەدات هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێنێتەوە کە پێش ڕێکەوتنی ساڵی ٢٠١٥ لە شوێنی خۆیان بوون. ئەم بڕگەیە بۆ ئەوە بوو کە پارێزگارییەک بێت، بەڵام ئێستا بووەتە هەڕەشەیەکی جیۆپۆلەتیکی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەسەرچوونی ڕێکەوتنەکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، تاران ترسی ئەوەی هەیە کە گرووپە سێ وڵاتییەکەی یەکێتی ئەورووپا ئەم هاوینە میکانیزمەکە دەستپێبکەن، هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ پێشێلکردنی ئاستی پیتاندنی ٦٠% لەلایەن ئێران و کۆکراوەی کەڵەکەبووی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
سیناریۆی سناپباک
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە لە ناو گرووپی ٤+١ خێراتر کردووە کە بریتین لە چین، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا. کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکان لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین، ستراتیژی تارانی بۆ بنیاتنانی چەترێکی دیپلۆماسی فرەلایەنە لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا بەهێزتر کردووە.
میکانیزمی سناپباک وەک بەهێزترین کارت دەمێنێتەوە کە ترۆیکای ئەورووپی لەبەردەستدایە. بەپێی مادەی ٣٦ی ڕێکەوتنی ئەتۆمی، هەر لایەنێک دەتوانێت ناکۆکی پابەندبوون بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزبکاتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەنگدان یان کۆدەنگی هەبێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر هەر ڤیتۆیەکی ڕووسیا یان چینی تێپەڕێنێت. ئەگەر میکانیزمەکە کارا بکرێت، هەر حەوت سزای نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشتر هەڵگیرابوو، خۆکارانە دەگەڕێتەوە، سیناریۆیەک کە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ئابووری ئێران و ستراتیجی بەرفراوانی ناوچەکەی دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران، ناتوانێت میکانیزمی “سناپباک”، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێبکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ترۆیکای ئەورووپی- بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا- تاکە وڵاتێک بن کە بەشدارن لە ڕێکەوتنەکەدا کە توانای ئەوەیان هەبێت هەوڵی چالاککردنی ئەم میکانیزمە بدەن.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ترۆیکای ئەورووپی هەوڵ دەدات میکانیزمەکە لە مانگی تەمموز یان ئابدا کارا بکات، بە ئامانجی زۆرترین فشاری دیپلۆماسی و دانانی کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی نێودەوڵەتی، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، پێدەچێت تاران هەڕەشەی کشانەوە لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەک جێبەجێ بکات، هەڕەشەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دوبارە دەبێتەوە.
3- بژاردەکانی ئەتۆمی ئێران لەژێر زۆرترین فشاردا چین؟ تەقینەوە یان دانوستان؟
سەرەڕای دەستپێکردنی خولی دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی ناوەکی ئێران لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥، ئێران ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاوی پەیوەندیدار بە بەرەوپێشچوونی ئەم وتووێژانە لەگەڵ ئەمریکا دەبێتەوە کە وا دیارە کراوەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن. بەڵام دانوستانەکانی ئێستا ناتوانرێت لە هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە جیابکرێنەوە کە کاریگەرییان لەسەر ئێران و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هەیە. ئەمەش وا دەکات کاتی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن لە ئێستادا ئەوەندە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تاران نەکات. ئەمەش بژاردەکانی سنووردار دەهێڵێتەوە و دەورە دراوە بە چەندین تەحەدای ئەمنی و سیاسی و ئابووری، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو زیانە یەک لە دوای یەکانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووشی بووە، هەروەها هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئەگەرێکی کراوەیە.
بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئێران لە ئەگەری پەرەسەندنەکانی ئەمریکا چییە؟
وەڵامێکی سەربازی هاوشێوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەندین جار هۆشداریی داوەتە ئێران سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕێکەوتن نەکرێت، ڕێوشوێنی سەربازی دژی ئێران دەستپێبکات. ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەی داوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیش هۆشداری داوە لە هەر جۆرە حیساباتێکی هەڵە سەبارەت بە ئێران. نوێنەری تاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەر جۆرە کردەیەکی سەربازی دژ بە وڵاتەکەی.
لە ئەگەری هێرش بۆ سەر تاران لەلایەن ئەمریکاوە، ئەوا ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکی و بەریتانی دەکات، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەڵێنی داوە وەڵامی توندی هەڕەشەکانی ئەمریکا بداتەوە و عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر وڵاتەکەی بەر هێرشی سەربازی بکەوێت، ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات.
داخستنی گەرووی هورمز
پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن، تاران لە مانگی شوبات و ئاداری 2025 هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورموزی کرد، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی توانای داخستنی گەرووەکەی هەیە، کە سێیەکی نەوتی جیهان بەو گەروەدا تێدەپەڕێت. دەکەوێتە باشووری کەنداوی عەرەبی، لە ئاوەکانی کەنداوی عومان و دەریای عەرەبی جیای دەکاتەوە. لە باکوورەوە لەگەڵ ئێران و لە باشوورەوە لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان هاوسنوورە، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە خاڵێکی ستراتیژی لە هەر ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکیدا.
چەکی هەرێمی
ئێران دوابەدوای دابەزینی هەژموونی هەرێمی لە سووریا و لوبنان ناچارە ئامرازی گوشاری بەدیل پەرەپێبدات. ئەمەش وا دەکات حوسییەکان دوا کارتی ئێران و گرنگترین پایەی بوونی ئێران بێت لە ناوچەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی پەیوەندی نێوانیان بۆ هاوبەشییەکی ئۆپەراسیۆنی نەک تەنها پشتیوانی سیاسی و لۆجستیکی. هەرچەندە ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک بە هەر هێرشێکی حوسییەکانەوە هەبێت لە دەریای سووردا، بەڵام ئەم هێرشانە وەک ئامرازێکی کاریگەر و کەم تێچووی گوشار دەبینێت. ئێران بەمە ڕۆڵی خۆی لە دانوستان لەسەر پرسی ناوەکی بەهێزتر دەکات و پەیامێک بۆ ئەمریکا دەنێرێت کە سەقامگیری ئەم ڕێڕەوە ئاوییانە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستی ئێراندایە.
پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک (NPT)
ئێران پێش دانوستانەکان لە ٥ی ئازاری ٢٠٢٥ هەڕەشەی کشانەوەی لە NPT کرد و هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێشێلکردنی پابەندییە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا لە میکانیزمی “سناپباک” نزیک ببنەوە کە سزاکان دوبارە دەسەپێنێتەوە، یان ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەری. ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران خاوەنی یەکێک لە گەورەترین جبەخانەی مووشەکی بالیستیکییە، واتە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کشانەوە لە پەیماننامەکە ڕێگەی پێدەدات ڕێگرییەکی بەهێزتر لە دژی نەیارەکانی دروست بکات.
حیساباتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران چین؟
قەیرانی ئابووری ئێران
ئابووری ئێران لە نێوان سزاکانی ئەمریکا و گوشارە ناوخۆییەکان گیری خواردووە. ڕۆژی 2ی ئاداری 2025، پەرلەمانی ئێران دەنگیدا بە دوورخستنەوەی عەبدولناسر هێماتی، وەزیری ئابووری و دارایی. ئەمەش دوای ئەوە هات کە تمەنی ئێرانی زیاتر لە 50%ی بەهای خۆی لەدەست دا و هەڵاوسان بەرزبووەوە و ئابووریی ئێران بە ڕادەیەکی بێ وێنە تێکچوو و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و خانووبەرە و دابەزینی کرێی کار.
تاران ترسی هەیە لە شکستی دانوستانەکان و سەپاندنی سزای نوێ و کاردانەوەکانیان لەسەر قەیرانی ئابووری. لە کاتێکدا ئابووریناسان پلانی حکومەتی ئێستا و خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بەربڵاو دەخەنە ئەستۆی سیاسەتمەدارانی ئێرانی هۆکاری قەیرانەکە بۆ هەڵمەتی “زۆرترین فشار”ی واشنتۆن دەگەڕێننەوە، کە دەستڕاگەیشتن بە نەوتی ئێران بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان سنووردار دەکات و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دامەزراوە داراییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج، بەمەش هەژموونی ئێران لە بازاڕی جیهانیدا سنووردار دەکات. هەروەها ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب بووەتە هۆی دابەزینی وەبەرهێنانی بیانی لە ئێران و ناسەقامگیری ئابووری ئێران.
دابەشبوونی نێوان لایەنە توندڕەوەکان و ڕیفۆرمخوازەکان
دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن، ناکۆکی نێوان بەرەی ڕیفۆرمخواز و بەرەی توندڕەو لە ئێران نیشان دەدات. لایەنە توندڕەوەکان ترسیان لەوە هەیە کە ڕێکەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە پلانی کاری تۆکمەی هاوبەش (JCPOA) خراپتر بێت، بە تایبەت کە تاران نایەوێت دەستبەرداری بەرنامە مووشەکییەکەی بێت یان کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم. هاوکات بەرەی ڕیفۆرمخواز، دانوستانەکان بە دەرفەتێک دەزانن بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و هەڵگرتنی وردە وردە سزاکانی سەر وڵاتەکەیان. ئەم بەرەیە بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بەڕێوەدەچوو، لە ئێستاشدا بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییەدایە لە ڕێگەی دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە نوێنەرایەتی (عەباس عەراقچی- وەزیری دەرەوە)، کە جەختی لە سەختی و گرنگی دانوستانەکان کردووەتەوە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، پەنای بۆ گوتاری ئایینی بردووە و داوای پێویستی دانوستان بۆ بێدەنگکردنی توندڕەوەکان دەکات. تەنانەت ئەو دابەشکارییە گەیشتووەتە ناو نووسینگەی خامنەیی. ڕۆژنامەی “کەیهان”ی ئێرانی هەڵوێستی دژایەتی دانوستانەکانی گرتەبەر و داوای پەرەسەندنی دانوستانەکان لەدژی ئیدارەی ئەمریکا دەکات. هاوکات سوپای پاسداران، پێداچوونەوەی بە توانا مووشەکییەکانی ئێران کردووە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
سوپای پاسدارانی ئێران
پێدەچێت سوپای پاسدارانی ئێران هەڵوێستی توندڕەوانە بەرامبەر دانوستان و هەڕەشەکانی ئەمریکا بگرێتەبەر. هێزەکە هۆشداری داوە لە هەر جۆرە هێرشێکی لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە. محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە. وتەبێژی سوپای پاسداران لە ساڵیادی ڕزگارکردنی خوڕەمشاردا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی بوونە بە هێرشبەر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران خاوەنی توانای وەڵامدانەوەی هەر سیناریۆیەکی پەرەسەندنە.
سیناریۆکانی پەرەسەندن لە لایەن ئێرانەوە چین؟
ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە: پەرەسەندن یان دانوستان. بژاردەی یەکەم بە واتای پشتبەستن بە کارتی حوسییەکان و دوبارە دامەزراندنەوەی ئەو وەکیلانەی کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە بۆ دوبارە جێگیرکردنەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، ئەمەش دوای لەدەستدانی سەرکردایەتی لە حزبوڵڵای لوبنان و لەدەستدانی هەژموونی لە گۆڕەپانی سیاسی لوبنان و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و دابەزینی هەژموونی سوپای پاسداران لە سووریا.
ڕێکەوتنی نێوان حوسییەکان و واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی ئەوان لە بەرامبەر ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کەشتییە ئەمریکییەکان، ئێران لە سیناریۆی دووەم نزیک دەکاتەوە: کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و دانانی مەرجەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەتۆمی، لە ترسی ئەوەی کە ببێتە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل یان دوبارە سەپاندنەوەی سزاکان. بۆیە تاران بەدوای سیاسەتێکدا دەگەڕێت کە خۆی لە پێکدادان لەگەڵ واشنتۆن بەدوور بگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حوسییەکان بپارێزێت، بۆ ئەوەی دوا چەقۆی خۆی لە ناوچەکەدا لە دژی نەیارەکانی لەدەست نەدات و ئاماژە بۆ هاوپەیمانەکانی نەنێرێت کە پێویستە ئێستا دەستبەرداریان بن.
چانسی هێرشی سەربازی سنووردار بۆ سەر ئێران چییە؟
لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کرد، ئەگەر دانوستانەکان شکستی هێنا، ئەوا هەنگاوی سەربازی دەگرنەبەر. بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند که ئێران له لاوازترین پێگەی سەڕبازی خۆیدایە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، بۆیه واشنتۆن هەوڵە هەواڵگرییەکانی چڕتر دەکاتەوه بۆ ئامادەکاریی بۆ هەر پێشهاتێک.
قسە و باسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمریکا لەگەڵ کردەوەی سەربازی دژی ئێران نییە، هاوکات لەگەڵ هاوکاریکردنی ئیسرائیلیش نییە لە هەمان بابەتدا. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، ئەگەری زۆرە هێرشی ئیسرائیل ڕێکەوتنەکە لە ڕێڕەوی خۆی دەربهێنێت، ئەگەر ترەمپ ڕێکەوتنێک قبووڵ بکات، ئەوا بە دڵی ئیسرائیل نابێت.
سی ئێن ئێن لە 21ی ئایاری 2025 لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: “واشنتۆن زانیاریی هەواڵگری دەستکەوتووە کە ئاماژە بەوە دەکات کە تەلئەبیب ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران“.
بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو هەنگاوە پەیوەستە بە هەڵوێستی ئیسرائیلەوە سەبارەت بە دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، هەروەها نیگەرانییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە هێرشێکی لەو شێوەیە پەرەی سەندووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاریانەی کە لە بەرپرسانی ئیسرائیلەوە دێن و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی تەقەمەنی ئیسرائیل و پەیوەندییە سەربازییەکان. شارەزایان ئەم ئاماژانەیان وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان تەماشا کردووە.
لە 28ی ئایاری 2025، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کرد و هۆشداریی بە ناتانیاهۆ دا لە پەکخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران. واتە لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەستەم دەبێت، ئەمەش هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سەخت دەکات.
ئەو مووشەکانەی دیاریکراون بۆ هێرشی سەر ئێران، بەشێکی زیان بە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و شوێنەکانی سوپای پاسداران و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگەیەنن و ڕێگری لە هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەکی ئێران بۆ ئەم هێرشانە دەکات.
چانسی سەرکەوتنی نێوەندگیری نێودەوڵەتی لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران چییە؟
مەسقەت و ڕۆما میوانداری پێنج خولی دانوستانەکانی تایبەت بە پرسی ئەتۆمی ئێرانیان کرد و پیتاندنی یۆرانیۆم هێشتا وەک خاڵێکی ناکۆک لە دانوستانەکاندا ماوەتەوە. ئێران زۆر هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر ڕووسیا و چین وەک نێوەندگیری. لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥، لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆسکۆ، پێشوازیی لە هەوڵی ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتۆن و تاران کرا. ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئێستای سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی لە (چین) تاوتوێ کرد.
خولی پێنجەمی دانوستانەکان لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥ بەبێ پێشکەوتنی بەرجەستە کۆتایی هات. عومان ڕۆڵی ناوبژیوان دەگێڕێت لە میوانداریکردنی دانوستانەکان و پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانی. هەوڵ دەدات ڕێکەوتنێکی نوێ بکرێت لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران و لەگەڵ سووککردنی سزا نێودەوڵەتییەکان. مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕۆژانی 27 و 28ی ئایاری 2025 سەردانی شاری مەسقەتی کرد و تاوتوێی پێشهاتەکانی دانوستانەکانی ئێستای کرد.
لایەنی ئێرانی و ئەمریکی سەبارەت بە پابەندبوونی هەر لایەنێک بە هەڵوێستی خۆیەوە لێدوانیان ئاڵوگۆڕ کرد. لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥ واشنتۆن سزای بەسەر کەرتی بیناسازی ئێراندا سەپاند. تاران ڕەخنەی لە گەمارۆکان گرت و عەباس ئاراغچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند کە “گەیشتن بە ڕێکەوتن کارێکی قورس نییە. سفر چەکی ئەتۆمی بە واتای ڕێکەوتنە، هاوکات سفر پیتاندن بە واتای ڕێکەوتن نییە.”
برایان کاتولیس، توێژەر لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن، گەڕانەوەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سیاسەتی “زۆرترین فشار” بە ڕێوشوێنی ئابووری و یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئێران ڕوونکردەوە. گوتی: واشنتۆن لە پێش ساڵی 2018ەوە لە هەوڵدایە، ئەمەش گرنگیی نێوەندگیری نوێ بەهێزتر دەکات، چ لە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە بێت یان لە ئەمریکاوە.
هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی داهاتوو
- ڕێبازی ترەمپ لەسەر بنەمای ڕێکەوتن بۆ سیاسەتی دەرەوە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی توند دەبێتەوە، بەتایبەت لە ئامادەکاریی بۆ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
- ئیسرائیل ڕووبەڕووی دووڕیانێکی ستراتیژی دەبێتەوە: یان ڕێکەوتنێکی ئەتۆمی قبووڵ بکات کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تێر نەکات، یان هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێبکات، هەڵبژاردنێک کە پڕە لە کاردانەوەی ناوچەیی و دیپلۆماسی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانی نەکردنی ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئەم بژاردەیە.
- دەوڵەتانی کەنداو درک بەوە دەکەن کە هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە دەتوانێت دەرگای پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی ناوچەیی بکاتەوە. پێشبینی دەکرێت دەوڵەتانی کەنداو بەردەوام بن لە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن بۆ دوورکەوتنەوە لە سیناریۆی پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا.
- پێدەچێت ڕووسیا و چین وەک ناوبژیوانی سەرەکی نێوان تاران و واشنتۆن ڕۆڵ ببینن، ئەمەش کاریگەریی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک “گەرەنتیکار” بەهێزتر دەکەن، لە کاتێکدا ڕۆڵی ئەورووپا لەم بابەتەدا بەرەو دابەزین دەڕوات.
- ڕەنگە پرسی ئەتۆمی ئێران لەژێر ئیدارەیەکی توندڕەوی ئەمریکادا ئاڵۆزتر بێت و ئەگەری ڕووخانی تەواوەتی ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە زیاتر دەبێت، هەروەها مەترسی خۆخلیسکاندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا، بەتایبەتی ئەگەر ئێران لە “بەربەستی ئەتۆمی” نزیک بێتەوە.
- ترۆیکای ئەورووپی ڕۆڵێکی سەرەکی لە پرسی ئەتۆمی ئێراندا دەگێڕێت وەک لایەنێکی سەرەکی لە پلانی کاری تۆکمەی هاوبەشی ساڵی ٢٠١٥ (JCPOA). سەرەڕای گەمارۆکان و پاشەکشە دیپلۆماسییەکان، سەرەتا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ و دواتر خێراترکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، یەکێتی ئەورووپا بە دانپێدانانی سەقامگیریی ئێران بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و ئابوورییەکانی ئەورووپا، بەردەوام بووە لە داوای وتووێژ.
- ترۆیکای ئەورووپی هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان پێشگرتن لە داڕمانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی و ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران بپارێزێت. بەڵام هەڵوێستی توندڕەوی واشنتۆن و خۆدزینەوە لە تاران، ئامرازەکانی لاواز دەکات و کاریگەرییەکانی سنووردار دەکات، ئەمەش ئەگەری ئەوە دەکات کە لە داهاتوودا ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی میحوەرەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کەم ببێتەوە.
- ئیدارەی دووەمی ترەمپ بووە هۆی تەحەدایەک بۆ ئەورووپا سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە ناتۆ و ئۆکرانیا، هاوکات لە هەمان کاتدا باج بەسەر وڵاتانی ئەورووپادا سەپاند. هەرچەندە ئەورووپا و ئەمریکا نیگەرانی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە شەڕی غەززە و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ترەمپ دانوستانی تاکلایەنەی لەگەڵ ئێران لە دیپلۆماسی فرەلایەنی بە باشتر زانیوە. لەگەڵ ئەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەولەویەتەکانی بەشداریکردنن، ئەورووپا دەبێت سیاسەتێکی جەختکەرەوەتر و سەربەخۆتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێتەبەر.
- لە غیابی پلانی کاری تۆکمەی هاوبەش (JCPOA) و ڕێکەوتنی جێگرەوەی، تاران ڕەنگە بڕیار بدات کە بەردەوام بێت لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەم ئاسۆیە زیاتر لە دوای ساڵێک کە توانای خۆپاراستنی ئێران بە توندی تێکچووە، زیاتر دەردەکەوێت. هێزەکانی “بەرەی مقاوەمە” بە سەرۆکایەتی تاران، وەک حەماس و حیزبوڵڵا، بە هۆی ململانێکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوون. ڕژێمی ئەسەدی لایەنگری ئێران لە سووریا داڕما. هێرشەکانی ئیسرائیل لە مانگی نیسان و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کە بەرگری ئاسمانی ئێرانیان کردە ئامانج، لاوازیی تارانی نیشان دا. ئیدارەی نوێی ترەمپ گرژییەکانی زیاتر بەرزکردەوە بە دوبارە سەپاندنەوەی سزای (زۆرترین فشار) لە هەفتەکانی یەکەمی سەرۆکایەتیدا. لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل فشاری خستۆتە سەر ئیدارەکەی بۆ پشتیوانی لە هێرشە ڕاستەوخۆکان لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڕەشەی هێرشی سەربازیی گەورە دەکات.
- پەراوێزخستنی ئەورووپییەکان لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێراندا دەتوانێ ببێتە هۆی ڕێکەوتنی دیکە کە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا لەبەرچاو نەگرێت و توانای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاریگەری لەسەر پرسەکانی ئاسایشی ناوچەکە لاواز بکات. بەڵام ئەورووپییەکان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بەدەستبهێننەوە بە بەکارهێنانی هێڵی ئابووری و شەرعیەتی نێودەوڵەتی خۆیان، بە مامەڵەکردنی کاریگەرانە وەک گرووپێکی یەکگرتوو لە هەر یەکلاکردنەوەیەکی داهاتوودا. سەرەڕای ئەو ڕۆڵە تەقلیدییەی کە ئەورووپا و بەتایبەتی ترۆیکای یەکێتی ئەورووپا (فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئەورووپا لە هەر دانوستانێکی ئەگەری ئەمریکا و ئێران، بە تایبەت لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ڕوون بووەتەوە کە واشنتۆن و تاران ڕێکبکەون.
- ترۆیکای ئەورووپی لە پێشبڕکێی نێوان چارەسەری دیپلۆماسی یان سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا قفڵ بووە، ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و ئەمریکا لە لایەک و ئەورووپییەکان لە لایەکی دیکە، نەگەنە “کۆتایییەکی باش”. ئەورووپییەکان هەڕەشەی سەپاندنی سزا دەکەن بەبێ ئەوەی باس لە هیچ کردەیەکی سەربازی بکەن، خۆیان لە واشنتۆن جیا دەکەنەوە کە بەردەوامە لە بەکارهێنانی سیاسەتی سەربەخۆ لەگەڵ تاران.
- لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەورووپا و ئێران، وڵاتانی ئەورووپا سوورن لەسەر ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان وەک ناوبژیوانی نێوان ئێران و ئەمریکا دووپات بکەنەوە. بە بنیاتنانی ئەزموونی دەیان ساڵەیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا، ئەورووپا دەتوانێت دانوستانی نوێ لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ دەستپێبکات. پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی ناوچەیی بۆ دوورکەوتنەوە لە تەڵەکانی ڕابردوو و بنیاتنانی ڕێکەوتنێکی پتەوتر.
- هەموو ئەوانەی سەرەوه ، ساڵی 2025 بۆ بەرنامه ئەتۆمییەکانی ئێران و بۆ ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەکاتە ساڵێکی هەرە گرینگ بۆ ئێران بەبێ دەربازبوون، ڕەنگە پەلە بکرێت لە چەککردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، یان هێرش بکرێتە سەری، یان هەردووکی.
- هەلومەرجی دانوستانەکانی ئێستای واشنتۆن و تاران ئاڵۆزتر و دژوارترە لە دانوستانەکانی ساڵی ٢٠١٥، بە تایبەت کە کاردانەوەکانی شەڕی غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانەکانی تاران لە لوبنان، سووریا و یەمەن هەبووە و دەرفەتی بە ئیسرائیل داوە کە هێرشەکانی دژی ئێران دەستپێبکات و بیخاتە ناو هاوکێشەی هەڵکشانەوە. لەهەمانکاتدا ئێران ڕووبەڕووی دووڕیان دەبێتەوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ حوسییەکان، چونکە ئەوان ئامرازێکی فشارن و تا ئێستاش نوێنەرایەتی هەژموونن بۆی. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەستبەرداربوونیان ئەستەمە، نەک ستراتیجی تاران بەهۆی بیروڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لاواز بێت. هەروەها تاران درک بەو مەترسییە دەکات کە بە ڕوونی پشتبەستن بەوان بۆ فشار لە دانوستانەکاندا، نەک توڕەیی واشنتۆن، بەڵکو وڵاتانی دراوسێش لە ئێستادا دەورووژێنێت.
- ئێران تەنیا پشت بە پەرەسەندنی زارەکی دەبەستێت لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سزادان یان هێرش. ئەمەش بەو مانایەیە کە بژاردەکانی بۆ فشارخستنە سەر واشنتۆن سنووردارە. بەوریایی لەگەڵ واشنتۆن مامەڵە دەکات، تاکو هێڵی سوور نەبەزێنێت، پێداگری لەسەر پابەندبوونی خۆی بە پیتاندنی یۆرانیۆم و خواستی کەمکردنەوەی سزاکانی سەپێنراو لەسەری دەکات، بۆ ئەوەی سەپاندنی سزای نوێ لە دوای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ فراوان نەکات، ئەمەش وا دەکات ئەگەر ڕێکەوتن نەکرێت و دانوستانەکان شکست بهێنێت، بە تەواوی، دۆخی نێوان تاران و واشنتۆن پەرەدەسێنێت.
- دابەشبوونی ناوخۆی ئێران لە خزمەتی دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمیدایە، بەڵام تەحەدای ناوخۆیی پەیوەست بە کاریگەریی بەرەی توندڕەویی تاران دەخاتە بەردەم تاران، کە هەوڵی ئاستەنگ بۆ دانوستانەکان دەدات و هۆکاری گرژیی دانوستانەکانە. بۆیە ئەنجامی وتووێژەکان لەگەڵ واشنتۆن بەهێزی کوتلەی چاکسازیخواز ئاشکرا دەکات، بەتایبەتی کە دەرهاویشتەکان ئاماژەن بۆ ڕێکەوتنێکی چاوەڕوانکراو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. ترەمپ دەیەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکات و هەر پەرەسەندنێک کە ئیسرائیل پلانی بۆ داناوە کۆنتڕۆڵ بکات، بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە هەموو شەڕەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی هەر ململانێیەکی نوێ جێبەجێ بکات.
- ئێران لە دانوستانەکانی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و گۆڕانی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەمریکا دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕووسیا بخاتە ناو پرۆسەی نێوەندگیرییەوە. هەروەها چین وەک هاوپەیمانێکی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا لەسەر پرسە دڕکاویەکان لەگەڵ چین، وەک ئابووری و تەکنەلۆژیا و بۆشایی ئاسمان. ئەمەش بە تایبەتی ڕاستە کە ئاستی متمانەی نێوان هەردوولا لە دانوستانەکاندا بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە. تاران هەر سێ زلهێزی ئەورووپای ئەڵمانیا، فەڕه نسا و بەریتانیا به نزیکتر له واشنتۆن دەزانێت له لێکتێگەیشتنی سەبارەت به پرسی ئەتۆمی، چونکە ئەو سێ وڵاته ستراتیژێکی هاوسەنگی لەگەڵدا دەگرنە بەر، به پێچه وانەی واشنتۆن.
- سەرەڕای نەبوونی ڕێکەوتنێکی ڕاستەقینە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشە سەربازییەکان، بەڵام هەردوولا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەسەر “سیاسەتی ئیمتیازاتی دیپلۆماسی” کە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی هۆشداری و هەڕەشەوە هەیە، ڕێکدەکەون. ئێران پەنای بردۆتە بەر هەڕەشە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی خۆی و درێژەدان بە پشتیوانییەکانی بۆ حوسییەکان و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا، هاوکات ئەمریکا هەڕەشەی گەمارۆ ئابوورییەکانی کردووە و مەرجی دانوستانی بەرزی سەپاندووە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بەو شێوەیەی کە ئیدارەی ترەمپ ویستویەتی.
https://www.europarabct.com/104838-2/
Reference
- Trump reshapes US Mideast policy. Can deals work instead?
https://tinyurl.com/3hduwt4w - China backs Iran’s nuclear talks with US, opposes ‘illegal’ sanctions
https://tinyurl.com/3bdp9ar2 - High stakes as Iran nuclear issue reaches crunch moment
https://tinyurl.com/34x9rsda - Israel preparing to strike Iran fast if Trump’s nuclear talks break down
https://tinyurl.com/4k7ndz28 - Recent US-Iran talks on a new nuclear deal
- https://2u.pw/dUEGh
- Iran, Europeans hold nuclear talks, agree to more, diplomats say
- https://2u.pw/l7Cdp
- Iran, European powers meet amid tensions over nuclear deal
- https://2u.pw/S8ngX
- The US and Iran are on the road to escalation. Europe can and should create an off-ramp
- https://2u.pw/2OqQB
- How Europe can influence Trump’s deal-making with Iran
- https://2u.pw/P4hnF
- Iran would view US as ‘participant’ in any Israeli attack on its nuclear sites
- https:/org/yhkuank6
- ‘Red lines’ stalk fifth round of Iran-US nuclear talks
- https://shorturl.at/RcMEf
- Divide over Iran-US negotiations spreads to Khamenei’s office
- https://shorturl.at/Zmh6j
- Iran’s middle class bears brunt of economic crisis
- https://shorturl.at/nqvfT
[1] ئەم توێژینەوەیە لە ماڵپەڕی المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب والاستخبارات، بە زمانی عەرەبی و بە ناونیشانی مستقبل البرنامج النووي الإيراني، الدور الأوروبي وتحولات سياسات ترامب بڵاو كراوەتەوە.