کاریگەرییە نایەکسانییەکان لەسەر دیاردەی کۆچ لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران؛ ڕوانگەیەکی سیاسەتڕێژان
وەلیوڵڵا ڕۆستەم عەلیزادە | ڕەزا نەوبەخت
وەرگێڕان: مورتەزا مورادی (ئارما)

پوختە
ڕۆڵی نایەکسانییە ناوچەیی و فەزاییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێرانەوە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە. بەڵام ناوچە سنوورییەکانی ئێران گرنگییەکی ستراتیژییان لە باری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە و کەمتەرخەمبوون لەسەر ئەم ناوچانە، دەتوانرێ دەرهاویشتە و دەرەنجامی قەرەبوونەکراوی بەدوادا بێت. مەبەست و ئامانجی ئەم وتارە تاوتوێکردنی ئەم بابەتەیە کە ناوچە سنوورییەکانی ئێران لە بواری نایەکسانییە فەزاییەکاندا[1] چ هەلومەرجێکیان هەیە و ئەم دیاردەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆچکردن لەم ناوچەگەلەوە هەیە. بۆ هەڵسەنگاندنی نایەکسانییە فەزاییەکان لەنێو شارە سنوورییەکان لە ئاماری سەرژمێریی گشتی دانیشتوان و خانوبەرەی ساڵی 2016، ساڵنامە ئامارییەکانی پارێزگاکان لە ساڵی 2016 و زانیارییەکانی ڕێکخراوەی کەشوهەوا لە مەودای 2011 بۆ 2016 کەڵک وەرگیراوە. بۆ دیاریکردنی ڕێژەی گرنگی و تێکەڵکردنی پێکهاتە و بەشە گرنگەکان و سازکردنی پێوەری نایەکسانی لە شێوازی شیکاریی فاکتەری کەڵک وەرگیراوە. بۆ پۆڵێنبەندیی شارەکان نەرمامێری ArcPro و بۆ شیکاریی پەیوەندیی نێوان نایەکسانییەکان و کۆچ، شێوازی ئاماریی GWR دەکار هێنراون. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نایەکسانییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتدا لەچاو شوێنەکانی دیکە زیاتر بووە. هەروەها سەدا 66ی شارە سنوورییەکان هاوسەنگیی کۆچی نەرێنییان لە مەودای 2011 بۆ 2016 هەبووە.
بەپێی مۆدێلی ڕێگرسیۆنی ئاقاریی کێشی، سەدا 67ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوی کۆچ لە ڕێگەی گۆڕاوە سەربەخۆکانەوە ڕوون کراونەتەوە، هەروەها بەپێی ڕێژەی ناوەندیی ئاڕاستەکراو، فاکتەرەکانی پێکهاتەی دانیشتوان و ئابووری، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دیاردەی کۆچ لە شارە سنوورییەکاندا هەیە. هەربۆیە، نایەکسانییەکان لە شارە سنوورییەکاندا فاکتەرێکی کاریگەرە لە ڕێژەی کۆچدا و فاکتەرە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، ئابووری، دانیشتوانی و ئاقارییەکان کاریگەرییەکی جیاوازیان لەسەر هەریەکە لە شارەکان هەیە.
وشە سەرەکییەکان: نایەکسانی ناوچەیی، نایەکسانی فەزایی، ناوچە سنوورییەکان، کۆچ، کۆچی ناوخۆیی.
بەرایی
یەک لە گرنگترین بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەریی ئابووری و کولتووریی بەربڵاوی لەسەر وڵاتان هەیە، دیاردەی کۆچە. گرنگبوونی بابەتی کۆچ دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە کەسی کۆچەر بەهۆی گواستنەوەی شوێنی ژیانی خۆی بۆ جێگەی دیکە، کاریگەری دەخاتە سەر هەم خۆی و هەمیش ئەو شوێنەی کۆچی بۆی کردووە؛ بەجۆرێک کە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کۆچەران، شوێنەکانی سەرەتا و مەبەست تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم دیاردەیە. هەربۆیە ناسینی هۆکارەکانی کۆچ دەتوانێ یارمەتی ناوچەکانی سەرەتا و مەبەست بدات بۆ دانانی سیاسەت لەسەر گۆڕینی ڕەوتی کۆچ.
توێژینەوەی زۆر لەسەر بابەتی کۆچ لە ئێراندا کراون. هەندێ لەم توێژینەوەگەلە ئاماژەیان بە دەوری پلان و بەرنامەکانی پەرەپێدان و پێشکەوتن داوە، بەمۆدێرنكردن، داهاتە نەوتییەکان، سیاسەتدانانەکان، هەروەها ڕێژەی بوودجەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ڕەوتی کۆچکردنەکان لەنێوان پارێزگاکاندا (بڕوانە: ئاقاجانییان، 1991؛ سەنایی، 1996؛ ساڵحی، 1998؛ زاهید، 2006). هەندێ توێژینەوەی دیکە ئاوڕیان لەسەر گۆڕاوە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دانیشتوانی گرنگتر وەک داهات و مووچە، بارودۆخی ئیش و کار، گەشەکردن و قەرەباڵغی دانیشتوان لە ڕەوتەکانی کۆچدا داوەتەوە (بڕوانە: پوورجەلالی و هاوکارانی، 1997). کۆمەڵێکی دیکە تەرکیزیان خستووەتە سەر گۆڕانی داڕێژە و ڕەوتەکانی کۆچ لەدرێژەی کات، دەوری گۆڕاوە یەکلاکەرەوە تاکە کەسییەکانی کۆچ و فاکتەرەکانی وەک تۆڕەکان و دەور و ڕۆڵی ژنان (بڕوانە: کووششی، 2004؛ موشفیق، 2010؛ قاسمی ئەردەهایی، 2013؛ مەحموودییان، 2000). سەرەڕای توێژینەوەی جۆراوجۆر لە بواری کۆچدا، کاریگەری نایەکسانییە ناوچەیی-فەزاییەکان و جیاوازییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و … لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، بەتایبەت دەوری نایەکسانییەکان لە کۆچکردن لە ناوچە سنوورییەکانی ئێرانەوە، تا ڕادەیەک کەمتر ئاوڕیان لەسەر دراوەتەوە. هەربۆیە هەم بابەتی نایەکسانییە ناوچەیی و فەزاییەکان لە کۆچدا و هەمیش کۆچکردن لە ناوچە سنوورییەکانەوە کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە. بەڵام ناوچە سنوورییەکانی ئێران گرنگی ستراتیژیکیان لە ڕەهەندە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا هەیە و کەمتەرخەمی لەسەر ئەم ناوچەگەلە دەتوانێ دەرهاویشتە و ئەنجامی قەرەبوونەکراوی لە بەشە جۆراوجۆرکاندا بەدوادا بێت. هەربۆیە بەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتە دانیشتوانییەكانی ئەم ناوچەگەلە بەتایبەت گواستنەوەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گرنگە و دەتوانێ بۆ پلانداڕشتن و سیاسەتدانانەکانی داهاتوو بەسوود بێت.
لە توێژینەوە ئەنجامدراوەکاندا لەسەر تاوتوێکردنی پێشکەوتن و پەرەسەندنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، جەخت لەسەر ئەو بابەتە کراوە، کە ڕێژەی پەرەسەندنی ناوچە جۆراوجۆرەکان جیاوازییەکی بەرچاویان پێکەوە هەیە و بەجۆرێک نایەکسانییە ناوچەیی و فەزاییەکان لەم بوارەدا دەبینرێن. ئەم جیاوازییە بەتایبەت لەنێوان ناوچە سنووری و ناوەندییەکانی ئێراندا ئێجگار بەرچاوە. توێژینەوە ئەنجامدراوەکان، نەبوونی هاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و نایەکسانییەکانی پەرەسەندن و پێشکەوتن لەنێوان ناوچە سنووری و ناوەندییەکانی ئێرانیان خستووەتەڕوو (ئیبراهیمزادە و هاوکارانی، 2012:214؛ بەهەشتی و هاوکارانی، 2018؛ ساڵحی، 2018؛ پوورئەسغەر سەنگاچین و هاوکارانی، 2012؛ فەتحوڵڵاهی و هاوکارانی، 2016؛ عەندەلیب و موتەوەف، 2009).
هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نەبوونی هاوسەنگی لە دابەشکردنی پێداویستییەکان، ئاسانکارییەکان و سەرمایە لە ئێراندا –واتە لەڕاستیدا نایەکسانییە ناوچەیی و فەزاییەکان- پێکهاتنی ڕەوتەکانی کۆچکردن بەرەو تەوەرەکانی پەرەسەندن و پێشکەوتن ئاسان دەکاتەوە (قادری حاجەت و هاوکارانی، 2010:123،124؛ موسەوی و هاوکارانی، 2014:191). هەربۆیە، مەبەستی ئەم توێژینەوەیە تاوتوێکردنی ئەم بابەتەیە کە ناوچە سنوورییەکانی ئێران لە باری نایەکسانییە فەزاییەکانەوە چ دۆخێکیان هەیە و ئەم نایەکسانیگەلە چ کاریگەرییەکیان خستووەتە سەر دیاردەی کۆچ لەم ناوچانەوە.
بنەما تیۆرییەکان
پێناسە و چەمکی نایەکسانی و نایەکسانی ناوچەیی
دەرکەوتنی نایەکسانی دەکرێ لە شێوازی جۆراوجۆری وەک نایەکسانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، نەژادی، ئەتنیکی، ئایینی، ڕەگەزی و هەروەها شێوازە ڕوونترەکانی وەک داهات، خواردن، پەروەردە و تەندروستیدا تاوتوێ بکرێ (ڕاغفەر و هاوکارانی، 2012:242). واتای سەرەتای نایەکسانی ئاماژە دەداتە جیاوازی نێوان تاکەکان، بەجۆرێک کە لەنێو ژیانی ئەواندا بەتایبەت لە باری مووچە، دەرفەتەکانی ژیان، پاداشت و ئیمتیازەکان، جیاوازی ئاشکرا و نهێنی زۆر هەبێت (گرێپ، 1994:10). بە وتەیەکی دیکە، نایەکسانی دەکرێ وەک جیاوازییەکانی نێوان تاکەکان لە ڕێژەی بەرژوەندییان لە سەرچاوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان پێناسە بکرێت (ئوسبێرگ، 2007 وەرگیراو لە سەرایی و ئیرەجی، 2015). لەگەڵ جیاوازییە تاکەکەسییەکانی وەک توانا جەوهەری و خواستە جۆراوجۆرەکانی تاکەکان، جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جیاوازبوونی شێوازی ژیان، مووچە، دەرفەتەکان، پاداشت و ئەو ئیمتیازانەی کە کۆمەڵگە بۆ تاکەکان دایدەنێت، فاکتەر و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی نایەکسانین (ڕەبانی و هاوکارانی، 2011:268).
فاکتەری وەک سیاسەتەکانی دەوڵەت لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا، تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی وەک ڕەگەز و تەمەنی تاکەکان، ئاستی پەروەردە و ئاستی تەندروستیی کۆمەڵگە کاریگەری دەخەنە سەر ڕێژەی نایەکسانی. نایەکسانی ڕەنگدانەوەی لە دابەشکردنی داهات، سەروەت و سامان، ڕێژەی بەرخۆری، مووچە و پاشەکەوتی خەڵکی کۆمەڵگەدا هەیە (فێترێس و مەعبوودی، 2008:138). هەربۆیە نایەکسانییەکان وەک جیاوازی تاکەکانی کۆمەڵگە لە ڕێژەی بەرژەوەندبوون و بەردەستبوونی سەرچاوە و دەرفەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە پێناسە دەکرێت. هێنانی ڕەهەندی شوێن بۆ نێو ئەم نایەکسانیگەلە، پێکهاتەی فەزایی نایەکسانییەکان لە کۆمەڵگەیەکدا پێکدێنێت.
بەگشتی، نایەکسانی وەک دیاردەیەک لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانەوە و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستدا[2] تاوتوێ کراوە. بە بڕوای لووئیز ڕیگاداس “تیۆرییە تاکگەرایانەکان لەسەر دابەشکردنی لێزانی و سەرچاوەکان لەنێو بریکارەکاندا جەختیان کردووەتەوە. تیۆرییە کارلێکگەراکان[3] داڕێژەکانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی نایەکسانیان زەق کردووەتەوە؛ لەحاڵێکدا کە تیۆرییە گشتبینەکان تەرکیزیان خستووەتە سەر تایبەتمەندییە ناهاوشێوەکانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان”. هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەم نووسەرەوە، دەبێ نایەکسانی لە دیمەنێکی چەند ڕەهەندییەوە شی بکرێتەوە کە لایەنەکان و جۆرە جیاوازەکانی نایەکسانی بگرێتەوە (پینیلۆس و هاوکارانی 2019:2).
چەمکی نایەکسانی فەزاییش دەکەوێتە درێژەی چەمکەکانی وەک نایەکسانییە جوگرافیایی، ناوچەیی، پارێزگایی و تەنانەت هەرێمییەکانەوە. بە وتەیەکی دیکە، نایەکسانییە فەزایی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان گرێدراوی شوێنن (بڕوانە: دانشپوور و هاوکارانی، 2006). هەربۆیە مەبەست لە نایەکسانی فەزایی، دابەشکردنی نایەکسانی دەرفەت و پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە لە فەزایەکدا (چەلەبی، 1996:201). ئاقاری جوگرافیایی لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا جێی باسە کە یەک لە چوارچێوە گرنگەکان بەتایبەت لە پێوەری نێو وڵاتێکدا، چەمکی ناوچەیە. هەربۆیە “نایەکسانی ناوچەیی بە واتای نەبوونی هاوسەنگییە لە پێکهاتەی ئاقاری ناوچەکاندا و خۆی لە هەلومەرجە جیاوازەکانی ژیان، نایەکسانییە ئابوورییەکان و ئاستی پەرەسەندندا دەردەخات (ئەحمەدی و هاوکارانی، 2020:88).
نایەکسانی و کۆچ
وەک ئاماژەمان پێکرد نایەکسانی، چەمک و پێوەرێکی تێکەڵە و چەندڕەهەندییە لە ئاستی گەورەدا و ڕێژەی بەرژەوەندیی کۆمەڵگە یان ناوچەیەک لە داهات، تەندروستی، زانست، ستانداردەکانی ژیان و …هتد دەستنیشان دەکات. بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی نێوان نایەکسانی و کۆچ لە پێوەری ناوچەییدا دەتوانێت چۆن بێت، بابەتێکە کە لە ئەدەبیاتی کۆچدا لە دیمەن و گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەیری کراوە.
شابەیت و خاڵی سەرەکیی ئەم پەیوەندییە لەنێو هەموو ڕوانگە تیۆریکەکاندا، بەجێهێشتنی ئەو ناوچەگەلەیە کە لە باری ئابوورییەوە تووشی وەستان و چەقبەستوویی هاتوون و هەلومەرجی ژیان نالەبارە بەرەو ئەو ناوچەگەلەی کە هەلومەرجی لەبارتریان هەیە و زیاتر پێشکەوتوون. ئەو کەسانەی کە خاوەنی سەرچاوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی باشترن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆچ دەکەن تا هەلومەرجی خۆیان باشتر بکەن. واتە چوون و بەجێهێشتنی ناوچەی دواکەوتوو کە نایەکسانیی زیاتری تێدایە بەرەو ئەو ناوچانەی کە زیاتر پێشکەوتوون و نایەکسانیی کەمتریان تێدا بەدی دەکرێت.
دیاردەی کۆچ بەرهەمی نایەکسانییە لە گەشەی دانیشتوان، نایەکسانیی داهاتەکان و نەبوونی ئەمنییەت و ئازادی و لەبنەڕەتدا لەبەر دوو هۆکاری گەورە و گرنگی ئابووری و نائابووری دێتە ئاراوە (مارتین، 2004:8). تاک بەدوای هەلومەرجی لەبارتر و باشتری ئابووری، کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە هەلومەرجی نالەبار و نەشیاوی ژیانی ئێستایان دەگەڕێن، لەبەرئەوە شوێنی ژیانی خۆیان بەجێدەهێڵن و دەچنە شوێنی دیکە. هەربۆیە ئەمڕۆ جیهان “خەریکی جووڵانەوەیە” و کۆچ بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گرنگ و گەورە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا (هیلمەن، 2006:21).
بە بڕوای كاركردگەرایان، کۆچ دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی هاوسەنگییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکان و بەمەبەستی جێگیرکردنی هاوسەنگی و هەماهەنگییەوە دێتە ئاراوە. لەم بارودۆخەدا هەندێ فاکتەر گوشار دەخەنە سەر تاکەکان لە شوێنی سەرەتادا و دەبنە هۆی چۆڵکردنی شوێنی سەرەتا و ڕۆیشتن بەرەو ئەو ناوچەگەلەی کە هەلومەرجێکی لەبارتریان هەیە. بیرمەندانی تیۆری وابەستەیی لەسەر ئەو بڕوایەن کە نابێ فاکتەر و هۆکارەکانی کۆچ لە کاریگەری و دەرهاویشتەكانی جودا بکرێنەوە چونکە کۆچ لەلایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی ناهاوسەنگ و ناجێگیری و لەلایەکی دیکەیشەوە فاکتەر و هۆکاری گەشەپێدان و قووڵبوونەوەی پەرسەندنی ناجێگیر و ناهاوسەنگە. بەگشتی تیۆریدانەرانی وابەستەیی، لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا (دواکەوتوو)، کۆچ وەک دیاردەیەکی نوێی پەیوەندیدار بە سەرمایەداری و کاپیتالیزم لەم وڵاتانەدا دەبینن. ئەم تاقمە ئەگەرچی پەرەسەندن و پێشکەوتن وەک وابەستە سەیر دەکەن، هۆکاری کۆچیش دەگەڕێننەوە بۆ نایەکسانییەکانی ڕێژەی پێشکەوتن (لەهساییزادە، 1989:14). یەک لە بیرۆکە ئاڕاستەکراوەکان لە تیۆریی وابەستەیی، پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێزە کە لەلایەن سەمیر ئەمینەوە ئاڕاستە کراوە. ئەم دۆخە لە پێکهاتەی ناوخۆیی وڵاتاندا، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جەمسەرە پێشکەوتووەکان و ناوچە دواکەوتووەکان (گوندەکان) و جۆرێک نەبوونی هاوسەنگیی ناوچەیی دێنێتە ئاراوە. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی کۆچ و گۆڕینی شوێنی هێزی کار لە ناوچە گوندنشینە بێبەشەکانەوە بەرەو ناوچە شارییە پێشکەوتووەکان. بەکورتی، لە تیۆرییەکانی وابەستەییدا، کۆچ دیاردەیەکی زۆرەملی و ناچارییە کە بەپێی نەبوونی پێشکەوتنی ئاقارێک لەچاو ئاقارێکی دیکە و وابەستەبوونی ناسەرمایەداری بە کەرتی سەرمایەدارییەوە دێتە ئاراوە و دیاردەیەکی کۆلۆنیالیستییە و درێژەشی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ئاستی دواکەوتن (بڕوانە: حاجحوسێنی، 2006).
تیۆرییە نیوکلاسیکەکانی ئاستی گشتی کۆچ[4]، ئەم دیاردەیە وەک بەشێک لە پێشکەوتنی ئابووری دەستنیشان دەکەن و کۆچی ناوخۆیی وەک دەرەنجامی جیاوازییە جوگرافیاییەکان دەبینن لە ئاستی داواکاری و بەردەستبوونی هێزی کاردا. ئەم ڕوانگەیە لەسەر جیاوازییەکانی مووچە لە ناوچەکانی زێدی کۆچەر و وەرگری کۆچەر بنیات نراوە. سەرەڕای ئەمەش، چاوەڕوانی و داواکارییەکانی کۆچەران بۆ داهاتی زیاتر لە کۆمەڵگەی وەرگری کۆچەر، فاکتەری سەرەکیی دەستپێکردنی کۆچ سەیر دەکرێت (بڕوانە: لووئیز، 1954؛ ڕانیس و فی، 1961). لەم مۆدێلانەدا، کۆچ تا ئەو کاتەی کە لەنێو مووچەدا ناهاوسەنگی هەبێت، بەردەوام دەبێت. ئەم تیۆرییە لە چوارچێوەی بنەمای ئابووریی ناسراوی “دابینکردن و داواکاری”، ڕەوتەکانی کۆچ شی دەکاتەوە. کادوالدێر (1992) و جابز (2000) بە بەرچاوگرتنی ئەم ڕوانگە تیۆرییە لەسەر ئەو باوەڕەن کە گواستنەوەی خەڵک دەرەنجامی ڕێژە و کێشی هەڵبژاردە ئابوورییەکانی نێوان شوێنە جۆراوجۆرەکانە. هەربۆیە، تاک ئەو شوێنە هەڵدەبژێرێ کە هەلومەرجی ژیان و ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی تێیدا باشتر بێت.
“تودارۆ” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هاندەرە ئابوورییەکانی کۆچەران لە هاندەر و فاکتەرەکانی دیکە بەهێزترن و لە پلەی یەکەمدا خاڵە ئابوورییەکان (واتە دابەشبوونی نایەکسانی سەرمایە و هێزی کار و لە ئەنجامی ئەمەشدا جیاوازیی مووچە)یە کە تاک بەرەو کۆچکردن هان دەدات. ناوبراو دەڵێت کۆچ لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئابووری و لۆژیکی کەسی کۆچەر دامەزراوە (بڕوانە: مەک کارتی، 2004).
لایەنگرانی تیۆریی ئابووریی نوێی کۆچ، تیۆری ئابووریی نیوکلاسیکیان داوەتە بەر ڕەخنە چونکە ئەو تیۆرە دەڵێت “بڕیار بۆ کۆچ بەشێوەی تاکەکەسی دەدرێت”. ئەم تاقمە پێیان وایە کە بڕیارەکان بۆ کۆچ تەنیا و تەنیا لەلایەن تاکەوە نادرێن، بەڵکو لەلایەن یەکەی گەورەتری وەک خێزانەوە دەدرێن. ئەم بڕیارانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهات و دابەزاندنی مەترسییەکان و هەروەها بۆ زاڵبوون لەسەر سنوورەکانی بازاڕی کار دێنە ئاراوە. مەترسییەکان ڕەنگە بگەڕێنەوە سەر بابەتی وەک بیمەی بەرهەمەکان، بێکاری، دەرفەتەکانی بازاڕی ئیش و کار، بازاڕەکانی سەرمایە و هتد. هەربۆیە لەم ڕوانگەیەدا کۆچ وەک ستراتیژی ئابووریی خێزان سەیر دەکرێت؛ و ئەم ستراتیژەش لەلایەن خێزانەوە بەهۆی دابەزاندنی مەترسییەکانی سەر داهات و زاڵبوون لەسەر سنوورەکانی بازاڕی ئیش و کاری ناوچەیی ڕەچاو دەکرێت. کەوابوو تەنیا کەمینەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵگە کۆچ دەکەن، چونکە کۆچکردنی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەسوود نابێت، بۆیە یەک یان چەند ئەندامی خێزان (زۆرتر ئەندامانی گەنج) کۆچ دەکەن (بڕوانە: ستارک، 1991).
تیۆری دابەشبوونی ڕێژەییش بەپێی چوارچێوەی ئابووریی نوێ پێکهاتووە. بنیاتنەرانی ڕوانگەی بێبەشبوونی ڕێژەیی کۆچ (بڕوانە: ستارک، 1984؛ 1991؛ ستارک و بلووم، 1985) لەسەر ئەو باوەڕەن کە تاک یان خێزانەکان نە تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی ڕەهایان کۆچ دەکەن، بەڵکو بەمەبەستی باشترکردنی پێگەیان لەچاو گرووپەکانی سەرچاوە کۆچ دەکەن. “واتە خێزانەکان نە تەنیا بەمەبەستی باشتربوونی داهاتیان چالاکی دەکەن، بەڵکو دەیانەوێ داهاتیان لەچاو کەسانی دیکەی کۆمەڵگە ببەنە ئاستێکی بەرزترەوە. ئەگەرچی خێزانەکان ئەگەر داهاتیان نزم بێت هان دەدرێن بۆ کۆچ، بەڵام ئەگەر ئاستی داهات لە هەموو شوێنێک نزم بێت، ئاستی هاندران دادەبەزێت. ئەگەر هەندێ لە خێزانەکان داهاتی زیاتریان هەبێت، خێزانە هەژارەکان هەم بەشێوەی ڕێژەیی و هەمیش بەشێوەی ڕەها هەست بە بێبەشبوون دەکەن و هەر بەو ڕێژەیەش ئاستی هاندران بۆ کۆچ بەرز دەبێتەوە” (مەسی، 1990:13). ستارک و لایەنگرانی لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆچ ئەوکاتە دەبینرێت کە بێبەشبوونی ڕێژەیی پەیوەندیدار بە کۆچەوە، گەورەتر بێت لە بێبەشبوونی ڕێژەیی لە نەبوونی کۆچدا. ستارک و یتژاکی (1988) لەسەر ئەو بڕوایەن کە کەسانی دەوڵەمەند بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەیلێکی کەم و لاوازیان بۆ کۆچ هەبێ؛ لەحاڵێکدا کە کەسانی هەژار هەم هاندەری بەهێز و هەمیش هەلومەرجی ئابووریی لاوازیان بۆ کۆچ هەیە. هەربۆیە هاندەری کۆچ بۆ کەسانی هەژار لەچاو کەسانی دەوڵەمەند و دارا بەهێزترە. بانداری (2004) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاک یان خێزانەکان تەنیا لەبەر دەستخستن و زیادکردنی داهات کۆچ ناکەن، بەڵکو زیاتر پێگەی خۆیان لەچاو گرووپەکانی سەرچاوە هەڵدەسەنگێنن و لە ئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنەشدایە کە بڕیاری کۆچ دەدەن.
مۆدێلەکانی “ڕاکێشان و پاڵپێوەنان”ی کۆچیش پیشاندەری ئەوەن کە مرۆڤ لەو شوێنانەی کە تووشی ڕاوەستان و چەقبەستوویی ئابوورین پاڵی پێوە دەنرێ و بەرەو ناوچە دەوڵەمەندەکان ڕادەکێشرێ (بڕوانە: دا ڤانزۆ، 1981). ئورت ئێس. لی جەختی لەسەر تیۆری پاڵپێوەنان و ڕاکێشان کردووەتەوە و وەک سەرچاوەی سەرهەڵدانی کۆچ ئاماژەی پێداوە. جەختکردنەوەی لی لەسەر لەمپەرە دەستێوەردەرەکانە؛ وەک دەڵێت: لەنێوان دوو شوێندا کۆمەڵێک لە لەمپەرە دەستێوەردەرەکان دەبینرێن کە هەندێ جار ڕێژەیان کەم و هەندێ جاریش ڕێژەیان زۆرە (بڕوانە: حاجحوسێنی، 1385). ناوبراو دەرفەتی زیاتری پەروەردە و فێرکاری، هەلی کار و داهات وەک سەرچاوە و سەرەتای هۆکارەکانی ڕاکێشان ئاماژە پێدەدا و لەبەرانبەردا، خەرجی زۆری ژیان لە شوێنی نوێ، دووری لە زێد و پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا وەک هۆکارە پاڵپێوەنەرەکان دەبینێ (پاپلی یەزدی، 2002:165).
“تیۆری ساستاد”یش (1962) کە وەک تیۆری سەرمایەی مرۆیی[5] بەناوبانگە، لەسەر ئەو بناغەیە کە “سەرمایەی مرۆیی فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لەسەر بڕیاردان بۆ کۆچ کە لەسەر ئەگەری دۆزینەوەی هەلی کار بە مووچەی گونجاو لە شوێنی مەبەستدا دەجووڵێتەوە (ساستاد، 1962:82). “ئەم ڕوانگە تیۆرییە بە لەبەرچاوگرتنی لێزانی و پسپۆڕێتی مرۆڤ وەک کاڵایەک لە بازاڕی دابینکردن و داواکاریی کار، کۆچ شی دەکاتەوە. هەربۆیە، بڕیاردانی تاکی پسپۆڕ لەسەر کۆچ، وەک جۆرێک بڕیاردان بۆ سەرمایەدانان و کەڵکوەرگرتن لەو کاڵایە وێنا دەکرێت کە لەم نێوانەدا بەشی گەنجان زیاترە، چونکە ئەوان مەودای زیاتریان بۆ گەڕاندنەوەی سەرمایەی مرۆییان بەردەستە” (ئیرشاد، 2001:48). بەگشتی، بەپێی ئەم تیۆرییە، کەسانێک کە سەرچاوەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی باشتریان بەردەستە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆچ دەکەن و هەلومەرجی خۆیان باشتر دەکەن (هەمان سەرچاوە).
کورت و پوختی ئەدەبیاتی تیۆری لەسەر نایەکسانی و کۆچ پیشان دەدات، کە بەپێی بەتەوەردانانی تیۆرییەکانی ئابووریی کلاسیک، ئابووریی نوێی کۆچ، مۆدێلی پاڵپێوەنان و ڕاکێشان، مۆدێلی سەرمایەی مرۆیی، بێبەشبوونی ڕێژەیی و وابەستەیی، کۆچی مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەلومەرجی شوێنی سەرەتا و شوێنی مەبەست، هەروەها تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەو شوێنانە. لە تیۆری ئابووریی نیوکلاسیکدا، گۆڕینی شوێن لەلایەن خەڵکەوە وەک ئەنجامێک لە کێشی هەڵبژاردە ئابوورییەکانی نێوان شوێنە جۆراوجۆرەکان دەبینرێت. مرۆڤ ئەو شوێنەی هەڵدەبژێرێ کە بارودۆخی ژیانی باشتر و باشتر بێت. ڕوانگەی ئابووریی نوێی کۆچیش دەڵێت: “بڕیاری کۆچ لەلایەن خێزانەوە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی داهات و دابەزاندنی مەترسییەکان و زاڵبوون و شکاندنی سنوورەکانی بازاڕی کاری ناوچەیی دەدرێت”. مۆدێلەکانی ڕاکێشان و پاڵپێوەنانی کۆچیش پیشاندەری ئەوەن کە خەڵک لەو شوێنانەی کە تووشی کێشە و ڕاوەستانی ئابوورین و هەلومەرج بۆ ژیان نەشیاوە پاڵیان پێوە دەنرێ و بەرەو شوێنی لەبارتر ڕادەکێشرێن. مۆدێلەکانی سەرمایەی مرۆیی دەڵێن ئەو کەسانەی سەرچاوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی باشتریان هەیە، بەئەگەرێکی زۆرەوە کۆچ دەکەن تا هەلومەرجی خۆیان باشتر بکەن. واتە ئەگەر تاک بگاتە ئەو ئەنجامەی هێزی ڕاکێشانی مەبەست بەسەر هێزی پاڵپێوەنانی سەرەتادا دەشکێتەوە و کۆی هەڵسەنگاندنی خەرج و سوودەکانی کۆچ بە لای سوودەکاندا بشکێتەوە، بڕیاری بەجێهێشتن و کۆچ دەدات. لە تیۆرییەکانی بێبەشبوونی ڕێژەیی و وابەستەییشدا بەرزکردنەوەی ئاستی داهات و پەرەسەندنی نایەکسانی ناوچەکان، گرنگترین دەوریان هەیە بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتەکانی کۆچ.
پێشینەی توێژینەوە
سادقی (2022) لە توێژینەوەیەکدا لەسەر بێکاری، پەرەسەندنی نایەکسانی ناوچەیی و داڕێژە ئاقارییەکانی کۆچی ناوخۆیی ئێران، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەرزترین ئاستی پێشکەوتن و کەمترین ڕێژەی بێکاریی گەنجان و وەرگرتنی کۆچەری زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە ناوەندییەکانی ئێران و بەتایبەت پایتەخت واتە تاران. لەبەرامبەردا، ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا، باکووری ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، کەمترین ئاستی پێشکەوتن و بەرزترین ڕێژەی بێکاری و هەناردەکردنی کۆچەریان هەیە. سادقی و شوکریانی (2016) لە توێژینەوەی شیکاری هەڵاوسانە فەزاییەكاندا، ئاماژە دەداتە کاریگەریی پێشکەوتن لەسەر کۆچی ناوخۆیی نێوان شارەکان لە ئێران کە شارەکانی ئێران خاوەنی ئاستە جۆراوجۆرەکانی پێشکەوتنن و ئاستی پێشکەوتنیان پێکهاتەی ئاقارییان هەیە. سەرەڕای ئەمە، بەپێی تاقیکردنەوەی مورانی گشتی، داڕێژەی جۆراوجۆر لەسەر پەیوەندیی پێشکەوتن و کۆچی پەتی بەدی دەکرێت. ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی مورانی ناوچەییش پیشاندەری پەیوەندیی ئەرێنی و بەرچاوی ئاستی پێشکەوتن لەگەڵ ڕێژەی هەناردەکردنی کۆچەرە. توێژینەوەی عەسگەری نەدووشەن و هاوکارانی (2017) لەسەر پێوەرەکانی پێشکەوتن و وەرگرتنی کۆچەری شارەکانی ئێران دەریانخستووە کە لە نێوان بەشەکانی پێشکەوتندا، بەرژەوەندیی شارستانەکان لە کار و خوێندن وەک فاکتەرە گرنگەکانی دەستنیشانکردنی وەرگرتنی کۆچەرە تێیاندا و دەبێ لە بەرنامەداڕشتن و بەڕێوەبەرێتی کۆچەکانی وڵاتدا بەشێوەی جیدیتر جەختیان لەسەر بکرێتەوە و ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. سوتو و تۆرچە (2004) لە توێژینەوەیەکدا لەژێر ناوی “نایەکسانییە فەزاییەکان، کۆچ و پێشکەوتنی ئابووری لە چیلی” پیشانیان داوە کە لەنێوان ساڵەکانی 1975 بۆ 2000، بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بۆ هەر تاکێک ساڵانە سەدا 5 گەشەی کردووە. بەڵام بەم حاڵەشەوە، ناوچەکان بەشێوەی یەکسان لەم گەشەیە سوودیان وەرنەگرتووە؛ هەژاری لە هەموو ناوچەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر دابەزیەوە، بەڵام نایەکسانیی داهاتی ناوچەیی چەقبەستوو و نەگۆڕ ماوەتەوە. توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هاوگیری و یەکگرتنەوە لە ئاستەکانی داهاتی تاک و بەرهەمهێنان زۆر ڕەوتێکی هێواشی هەیە و ناتوانێ ببێتە هێزێکی گرنگ بۆ یەکسانکردنەوەی داهاتی ناوچەکە. نەبوونی یەکگرتنەوە و هاوگیری لەگەڵ ئاستە نزمەکانی کۆچی ناوخۆییدا پەیوەندی هەیە. ئەمەش لە جێگەی خۆی، زیاتر لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتدا و بەتایبەت خانوبەرەی گشتی هاتووەتە ئاراوە. ئامانجدارکردنی کاریگەری سووبسیدەکان لەگەڵ قەدەغەکردنی فرۆشتنی خانوو، خێزانەکانی لە شوێنی جوگرافیایی خۆیاندا بەستووەتەوە و دیاردەی کۆچی کۆنتڕۆڵ کردووە. هەربۆیە بەپێی ئەنجامەکانی توێژەران، چونکە شوێنی سەرەکیی ئەوان لە ناوچە هەژارەکاندا بووە کە تێیاندا ئاستی بێکاری بەرز بووە و بەرهەمهێنانی هێزی کاریش نزم بووە، کرێکاران نەیانتوانیوە جیاوازییەکانی داهات بەشێوەیەکی کاریگەر دەستنیشان بکەن، چونکە کۆچ کۆنتڕۆڵ کرابوو. پلۆتنیکۆڤا و ئولسەلوسیش (2022) لە توێژینەوەیەکدا لەژێر ناوی “نایەکسانی وەک هاندەرێک بۆ کۆچ” لەڕێگەی شیکاریی تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە دەریانخستووە کە ڕژێمەکانی کۆچ، یەکیان پیشاندەری گوازرانەوەی هێزی کاری لێزان زیاتر لەنێوان وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە و دووەمیان دەگەڕێتەوە سەر جیاوازیی مووچە و هەلی کار بۆ کۆچەران لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا. ئەنجامەکانی ڕێگرێسیۆن، جەختیان لەسەر شیکاریی گرافیکییە کە ڕەوتەکانی کۆچ لە وڵاتانی هەژارەوە بەرەو وڵاتانی دەوڵەمەند دەجووڵێنەوە و ڕەوتەکانی کۆچ لەنێوان وڵاتانی ئەندامی کۆنتر و وڵاتانی پەیوەندیدار لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا زیاترن کردوەتەوە. توێژینەوەی ئامارا و جێمالییش (2016) لەژێر ناوی “ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆچی ناوخۆیی و نایەکسانییە ناوچەییەکان لە تونس” دەریخستووە کە کۆچی نێوان پارێزگاکان لە تونس دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەی زۆری دانیشتوان لە شوێنەکانی سەرەتا و مەبەست، ئاستی بەرزی بێکاری لە شوێنی سەرەتا و ئاستی نزمی بێکاری لە شوێنی مەبەست. ئەنجامەکان هەروەها پیشان دەدەن کە ڕەوتەکانی کۆچ بەشێوەی نەرێنی دەکەونە ژێر کاریگەریی هەلی کاری زۆر و ڕێژەی ناوەندیی ساڵانەی خەرجەکانی تاکی خێزانە لە شوێنی سەرەتا.
چاوخشاندنێک لەسەر ئەدەبیات پیشانی دەدات کە لەسەر نایەکسانییە ناوچەییەکان و پەرەسەندن و کاریگەرییان لەسەر کۆچە ناوخۆییەکان، بەتایبەت لە ئاستی شارە سنوورییەکاندا و بەتایبەت لە ئێران توێژینەوەی زۆر نەکراوە. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە توێژینەوەی بەردەست سەرەڕای سازکردنی پێوەری نایەکسانی بەپێی پێنج ڕەهەند لە ئاستی شارە سنوورییەکاندا، ڕێژەی کاریگەرییەکانی هەر پێوەرێک لەسەر کۆچی پەتیی شارەکان تاوتوێ دەکات. هەربۆیە لەم توێژینەوەیەدا کاریگەریی کۆمەڵێک لە فاکتەرەکان وەک جیاوازییەکانی پەروەردە، هەلی کار، بەردەستبوونی تەندروستی و فێرکاری و پێداویستییەکانی ژیان، تایبەتمەندییە ئاقارییەکان و هتد کە ڕەنگدانەوەیان لە نایەکسانییە فەزاییەکانی ناوچە سنوورییەکاندا دەبێت، لەسەر کۆچکردن لەم ناوچەگەلە تاوتوێ دەکرێت.
شێوازی توێژینەوە
شێوازی توێژینەوەی بەردەست، شێوازی دیکۆمێنتاری لەسەر بنەمای شیکاریی داتا لاوەکییەکان بەپێی سەرژمێری ئاپوورە و خانوبەرەی ساڵی 2016، ساڵنامەی ئاماریی پارێزگاکان لە ساڵی 2016 و زانیارییەکانی ڕێکخراوی کەشوهەوا لە مەودای ساڵەکانی 2011 بۆ 2016 بووە. شیکاریی داتا و زانیارییەکان بەشێوەی ئاماری ڕێژەیی و پێوەرسازییە، بەجۆرێک کە بکرێ هەڵسەنگاندنیان لەسەر بکرێ و لە ئاستی شارە سنوورییەکانی ئێراندا ئەنجام دراوە. بەپێی ئامارەکانی سەرژمێریی ساڵی 2016، ئێران 118 شاری سنووریی تێدا هەڵکەوتووە.
گۆڕاوەی بەرسیڤدار لەم توێژینەوەیەدا ڕێژەی پەتیی کۆچە، کە بۆ مەودای ساڵەکانی 2011 بۆ 2016 بەشێوەی ژێرەوە هەژمارکراوە:
گۆڕاوە سەربەخۆکان بریتیبووە لە نایەکسانییە فەزاییەکان و ڕەهەندەکانی. بەمەبەستی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی نایەکسانییە فەزاییەکانی نێوان شارەکانی ئێران لە سەرژمێری ئاپوورە و خانوبەرەی ساڵی 2016، ساڵنامەی ئاماریی پارێزگاکان لە ساڵی 2016 و زانیارییەکانی ڕێکخراوی کەشوهەوا لە مەودای ساڵەکانی 2011 بۆ 2016 کەڵک وەرگیراوە. بە چاوخشاندنێک لەسەر توێژینەوەکان و ئەدەبیاتی تیۆری باسکراو، بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی نایەکسانی لە پێوەرە جۆراوجۆرەکان لە ڕەهەندە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان کەڵک وەرگیراوە. سەرەتا خشتەی پێوەرەکان بۆ هەموو شارەکان هەژمارکراوەو پاشان بەپێی داتا ئاماژەپێدراوەکان، 15 تایبەتمەندی (پاش ستانداردکردنەوە) هەڵبژێردراون بە شێوازی شیکاریی فاکتەر پۆلێنبەندی ئەنجامدراوە. لە هەڵبژاردنی پێوەرەکاندا ئاوڕ دراوەتەوە سەر ئەو خاڵەی کە پێوەرەکان تەنیا بەمەبەستی دەربڕینی ئاماریی دیاردەیەک نەهێنرابن، بەڵکو بەپێی تیۆری و لۆژیکێکی تایبەت کە درێژەی ئامانجەکانی توێژینەوەیە، هەڵبژێردرێن. هەروەها بۆ کێشدانان و تێکەڵکردنی پێوەرەکان و سازکردنی نایەکسانیی فەزایی لە شیکاریی فاکتەر کەڵک وەرگیراوە. پاش شیکاریی فاکتەر، گۆڕاوەکان لەسەر پێنج چەمک دانراون. پاش لەبەرچاوگرتنی بنەما تیۆریک و ئەزموونییەکانی توێژینەوە پێنج فاکتەری هەڵبژێردراو ناویان لەسەر دانراوە. ڕێژەی KMO 0.602 بووە.
خشتەی ژمارە 1: ئەنجامەکانی شیکاریی فاکتەر بۆ چەمکە چەندێتییەکانی پێکهێنەری مۆدێلی شیکاریی توێژینەوە
| ناو | گۆڕاوە | کێشی فاکتەری | ڕێژە تایبەتەکان | ڤاریانس*100 | کۆی ڤاریانس*100 |
| ئابووری | ڕێژەی کاری 15 بۆ 35 ساڵ | 0.984 | 2.996 | 21.401 | 21.401 |
| ڕێژەی گشتیی کار | 0.968 | ||||
| ڕێژەی کاری 15 بۆ 30 ساڵ | 0.963 | ||||
| کۆمەڵایەتی | ڕێژەی پزیشکانی پسپۆڕ | 0.879 | 2.515 | 17.966 | 39.367 |
| ڕێژەی گشتیی پزیشکان | 0.798 | ||||
| ڕێژەی ئاپوورەی خوێندەواری باڵا لەچاو کۆی خوێندەواران | 0.764 | ||||
| ڕێژەی خوێندەواری | 0.654 | ||||
| کوالێتیی خانوبەرە | 0.608 | ||||
| پێکهاتەی دانیشتوان | ڕێژەی دانیشتوان 15 بۆ 35 ساڵ | 0.694 | 2.120 | 15.143 | 54.509 |
| ڕێژەی دانیشتوان 20 بۆ 30 ساڵ | 0.637 | ||||
| ژینگە | ڕێژەی ناوەندیی گەرما | 0.843 | 1.970 | 14.072 | 68.581 |
| ڕێژەی ناوەندیی بارینی بەور و باران | 0.825 | ||||
| چڕیی دانیشتوان | چڕی ژمێرەیی | 0.887 | 1.908 | 13.627 | 82.208 |
| چڕیی بایۆلۆژیکی | 0.861 |
لەم توێژینەوەیەدا بۆ مۆدێلسازی لە نەرمە ئامێرەکانی Arc Pro و GWR کەڵک وەرگیراوە. ڕێگرێسیۆنی لانیکەمی چوارگۆشەکانی ئاسایی (OLS) جۆرێکە لە ڕێگرێسیۆنی هێڵی بۆ پێشبینیی گشتی یان مۆدێلسازیی گۆڕاوەی بەرسیڤدار بەیارمەتیی کۆمەڵەیەک گۆڕاوە سەربەخۆکان. گریمانەی سەرەکی لە ڕێگرێسیۆنی ئاساییدا، نەگۆڕبوونی کێش و پەیوەندییەکانە لە بازنەی ئامانجی توێژینەوەدا. وەک گرفتەکانی ئەم جۆرە ڕێگرێسیۆنە دەتوانین ئاماژە بدەینە شاراوەبوونی هەندێ ڕاستیی ناوچەیی کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەنجامەکان لۆژیک و ڕاستەقینە نەبن. لەم بوارەدا توێژەران بەمەبەستی چارەسەرکردنی ڕێگرسیۆنی ئاسایی هەوڵیان داوە شێوازی ناوچەی تر هەڵسەنگێنن. ئەم شێوازگەلە دیمەنێکی ڕاستەقینە تر لە پەیوەندیی گۆڕاوە سەربەخۆ و بەرسیڤدارەکان لە بازنەیەکدا دەخەنە ڕوو. ناهاوشێوەیی فەزایی ئەو ڕاستییە دەردەخات کە لە هەر ناوچەیەکدا، پەیوەندییەکی جیاواز لەنێوان گۆڕاوەی وابەستە و گۆڕاوە سەربەخۆکاندا هەیە کە ئەگەر ئەم ناهاوشێوەییە بەرچاو نەگیرێت و بۆ کۆی ناوچەکە تەنیا یەک مۆدێل ڕێگرێسیۆنی گشتی بەرچاو بگیردرێت، ناکرێ خەمڵاندنێکی وردبینانە لە پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕاوەکان بخرێتە ڕوو. شێوازی ڕێگرێسیۆنی کێشدار کە یەکەم جار لەلایەن برەنسدێن و هاوکارانی (1998) ئاڕاستە کرا، تەکنیکێکی ئاماریی ناوچەییە کە پەیوەندیی نێوان گۆڕاوە فەزاییەکان لە ئاقارێکی ناجێگیردا شی دەکاتەوە. داڕێژەی ڕێگرێسیۆنی کێشداری جوگرافیایی لە شێوازی هەموارسازی و ڕێگرێسیۆنی ناوچەییەوە دێت کە لەسەر بنەمای یاسای جوگرافیایی توبلێر بنیات نراوە. بەپێی ئەم یاسایە، هەر شتێک پەیوەندیی لەگەڵ شتەکانی دیکە هەیە، بەڵام لە نزیکی تایبەتمەندییە فەزاییەکاندا پەیوەندییەکان زیاتر و بەهێزترن و هەرچی لێیانەوە دوور ببینەوە پەیوەندییەکان کەمتر دەبن. ئەم شێوازە کە وەک ڕێگرێسیۆنی کێشداری جوگرافیایی پێناسە دەکرێت، بە فۆرموولی ژێرەوە هەژمار دەکرێ:
لێرەدا Yi گۆڕاوەی وابەستە بۆ شوێنی i و Xij گۆڕاوەی سەربەخۆ و β پارامەتری هەژمارکراو یان کێشی Xijەیە و لە ئەنجامدا i هەڵەکانن.
دەستکەوتە وەسفییەکان
لە خشتەی 1دا کورتەیەک لە ئامارە وەسفییەکانی گۆڕاوە سەربەخۆ و وابەستەکان لە ئاستی شارستانە سنوورییەکاندا ئاڕاستە کراوە. ڕێژە و ئاستی بایەخداربوونی ئاماری مورانی هەریەک لە گۆڕاوەکان، پیشاندەری وابەستەبوونی فەزایی گۆڕاوەکانی توێژینەوە و ئاستی بایەخداربوونیانە. گۆڕاوەی وابەستەی توێژینەوە ڕێژەی پەتیی کۆچە کە لانیکەم و لانی زۆری ئەم ڕێژەیە دەبێتە 12.66- و 27.05 و پێوەری مورانی پەتیی کۆچ بەرامبەرە لەگەڵ 0.242 کە پیشاندەری ئاستی قبووڵکراوی کۆبوونەوەی فاکتەرەکانی دیکەیە و لانیکەم و لانی زۆری دەبێتە 1.18- و 3.55 و پێوەری مورانی بەرامبەرە لەگەڵ 0.410 کە لە ئاستی قبووڵکراو و بایەخداردایە. ڕێژەی پێوەر پیشاندەری پەیوەندیی فەزایی شارە سنوورییەکانە بەپێی گۆڕاوەی نابەرامبەری. لەنێو گۆڕاوە سەربەخۆکاندا کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە و بەپێی پێوەری موران، فاکتەری ئاقاری لەچاو گۆڕاوەکانی دیکە، لە ئاستێکی بەرزتردایە. هەروەها دابەشبوونی لەسەدی (٪) گۆڕاوەکان لە پێنج دەستەی وێنەی ژمارە 1دا ئاڕاستە کراوە.

وێنەی ژمارە 1: فاکتەری ئابووری (چەپ)، فاکتەری کۆمەڵایەتی (ڕاست)

وێنەی ژمارە 1: نەخشەی وەسفیی گۆڕاوە سەربەخۆکان (فاکتەرەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاقاری، پێکهاتەی دانیشتوان ، چڕیی دانیشتوان و نایەکسانی) و وابەستە (ڕێژەی پەتیی کۆچ)
فاکتەری ئابووری پیشاندەری ئەوەیە کە شارە سنوورییەکانی باشوور (شارەکانی قیشم، بەندەرعەباس، کەنارەک، بەندەری لنگە، پارسیان، عەسەلوویە و کەنگان)، هەروەها شارەکانی نیمرووز، هاموون، سیب و سووران، سەربیشە و زیرکوه لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لە باری ئابوورییەوە هەلومەرجێکی باشتریان هەیە. وەک دەبینرێ شارە ڕۆژئاواییەکانی ئێران لە باری هەلومەرجی ئابوورییەوە لە چاو شارەکانی دیکە هەلومەرجێکی باشیان نییە. شیاوی باسە کە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیشەوە، شارەکانی ماکۆ، چاڵدێران، خۆی، پوڵدەشت و خودائافەرین هەلومەرجی ئابووریی باشیان هەیە. فاکتەری کۆمەڵایەتی پیشاندەری ئەوەیە کە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران (شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بێجگە زاهیدان) لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هەلومەرجێکی باشیان نییە. لەلایەکی دیکەیشەوە، شارەکانی باشووری ڕۆژئاوا و باکووری ئێران وەک گومیشان، میاندوڕوود، چالووس، ئەهواز، ئابادان و دێهلوڕان لە باری فاکتەری کۆمەڵایەتییەوە ئاستێکی بەرزتریان هەیە.
پێوەری ئاقاری وەک یەکی دیکە لە گۆڕاوەکان کە توێژینەوەی لەسەر کراوە پیشاندەری ئەوەیە کە شارە سنوورییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، هورموزگان و بووشەهر و هەروەها خوراسانی باشوور لەباری گۆڕاوە ئاقارییەکانەوە هەلومەرجێکی باشیان نییە. بەگشتی دەکرێ بڵێین بێجگە شارەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، لە باری ئاقارییەوە دۆخێکی لەباریان نییە و ئەم بابەتە لە زۆرینەی شارە سنوورییەکانی ئێراندا لێکچوونی تێدا بەدی دەکرێت. بەپێی فاکتەری پێکهاتەی دانیشتوان دەکرێ بڵێین کە شارە سنوورییە باشوورییەکان (پارسیان، عەسەلوویە، کەنگان و …)، باشووری ڕۆژئاوا (ئابادان، هووەیزە، دەشتی ئازادەگان و …) و ڕۆژئاوا (ئیلام، قەسری شیرین، گیلانی غەرب، سەرپێڵی زەهاو و …)، لە باری فاکتەرەکانی پێکهاتەی دانیشتوان لە چاو شارە سنوورییە باکووری و ڕۆژهەڵاتییەکانی ئێران دۆخێکی لەبارتریان هەیە. لە فاکتەری پڕاییدا دانیشتوانی شارە سنوورییە ڕۆژئاواییەکان، شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە چاو شارە سنوورییەکانی باکوور و باشوور، ئاستێکی نزمتریان هەیە.
فاکتەری تێکەڵەی نایەکسانیش کە لەسەر کۆی فاکتەرەکانی دیکە پێکهاتووە، پیشان دەدات کە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران نایەکسانیی زیاتریان تێدا بەدی دەکرێ؛ لەحاڵێکدا کە هەندێ لە شارەکانی باشوور (بەندەرعەباس، بەندەری لنگە، کەنگان، دەیر و بووشەهر)، باشووری ڕۆژئاوا (ئەهواز، دێهلوڕان) و لە ڕۆژئاوا (ئیلام، بانە، ورمێ، خۆی) و لە باکوور و باکووری ڕۆژئاواش (ئەردەوێڵ، ماکۆ، ڕزوانشەهر، بوجنوورد) لەگەڵ نایەکسانیی کەمتر لە چاو شارە سنوورییەکانی دیکەدا ڕووبەڕوون و هەلومەرجی لەبارتریان لە چاو شارە سنوورییەکاندا هەیە.
ڕێژەی پەتیی کۆچ وەک گۆڕاوەی وابەستەی توێژینەوە پیشان دەدات کە شاری کەنگان لەنێو هەموو شارە سنوورییەکانی ئێراندا زۆرترین ڕێژەی ڕاکێشانی کۆچەری هەیە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ناوچەی پیشەسازیی پارسی باشوور و باکوور. هەروەها شارەکانی پارسیان، بەندەری لنگە، بەندەرعەباس، قیشم، کنارەک و بووشەهر لە سنوورەکانی باشوور و شاری نیمڕووز لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، شاری ئیلام، قەسری شیرین، بانە و ورمێ لە ڕۆژئاوا، شاری جوڵفا و ئەردەوێڵ لە باکووری ڕۆژئاوا و شارەکانی ئاستانەی ئەشرەفییە، ڕەشت، عەباسئاوا، نەوشەهر، فەرەیدوونکەنار و بابولسەر هاوسەنگیی کۆچی ئەرێنییان هەیە و توانای ڕاکێشانی کۆچەریان هەیە. بەگشتی دەکرێ بڵێین کە سەدا 66ی شارە سنوورییەکانی ئێران هاوسەنگیی کۆچی نەرێنییان هەیە.
خشتەی ژمارە 2: ئامارە وەسفییەکانی گۆڕاوەکانی سەربەخۆ و وابەستە کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە
گۆڕاوە |
لانیکەم |
ناوەند |
لانی زۆر |
ئامارەی موران |
ئابووری |
3.92- |
0.11- |
2.79 |
***0.405 |
کۆمەڵایەتی |
2.29- |
0.14- |
3.12 |
***0.284 |
ئاقاری |
2.22- |
0.05 |
2.58 |
***0.907 |
پێکهاتەی دانیشتوان |
1.76- |
0.20 |
10.57 |
***0.404 |
چڕی دانیشتوان |
1- |
0.14- |
1.60 |
***0.303 |
نایەکسانی |
1.18- |
0.03- |
3.55 |
***0.410 |
ڕێژەی پەتیی کۆچ |
12.66- |
0.69- |
27.05 |
***0.242 |
*P≤0.050, **P≤0.010, ***P≤0.001
فاکتەرە گرنگەکانی کۆچ لە شارە سنوورییەکانی ئێران
کێشی کاریگەریدانانی هەر یەک لە گۆڕاوەکان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ بەپێی مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی هێڵی (OLS) لە خشتەی 3دا ئاڕاستە کراوە. ڕێژەی هەڵاوسانی ڤاریانس (VIF) –بەپێی ڕێژەی کەمترلە 2ی ئەم پێوەرە بۆ گۆڕاوە هێنراوەکان بۆ نێو مۆدێل- پیشاندەری نەبوونی هاوهێڵبوونی گۆڕاوە سەربەخۆکانە. لەلایەکی دیکەوە گۆڕاوە سەربەخۆکان بەشێوەیەکی بایەخدار پەیوەندییان بە گۆڕاوەی وابەستە (ڕێژەی پەتیی کۆچ) هەیە و سەدا 53ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوەی وابەستەیان لە شارە سنوورییەکان ڕوون کردووەتەوە. ئەنجامەکانی ڕێگرێسیۆنی هێڵی پیشاندەری ئەوەن کە بە ڕیز فاکتەری پێکهاتەی ئاپوورە (53٪)، فاکتەری پڕایی ئاپوورە (٪23) و فاکتەری ئابووری (22٪) زۆرترین کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ هەبووە. سەرەڕای ئەمەش، کێشی کاریگەریی فاکتەری کۆمەڵایەتی پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم فاکتەرە کاریگەرییەکی بایەخداری لە ڕێژەی کۆچی شارە سنوورییەکانی ئێراندا نییە. فاکتەری ئاقارییش وەک یەک لە گۆڕاوە هێنراوەکان لە مۆدێلدا، سەدا 19 لەسەر گۆڕاوەی وابەستە کاریگەری هەبووە و پێدەچێت بەپێی گۆڕانکارییە ئاقارییەکان لە ئێراندا، ئەم گۆڕاوەیە لە داهاتوودا ڕێژەی پەتیی گۆڕانکارییەکان زیاتر بخاتە ژێر کاریگەری و بەپێی دۆخی سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگاکانی ناوەندی، باشووری و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەتوانێ ڕێگەی هەناردەکردنی کۆچەری زیاتر بۆ ئەم ناوچەگەلە خۆش بکات.
خشتەی ژمارە 3: حسابکردنی کێشی ڕێگرێسیۆنی هێڵی، ئاستی بایەخداری، پەیوەندیی فەزایی بە کەڵک وەرگرتن لە موران و ئامارەی گونجاوبوونی مۆدێل
ڕێژەی پەتیی کۆچ |
حسابکردن |
VIF |
T Value |
نێوانەبەش |
0.323 |
||
ئابووری |
0.217 |
1.00 |
***3.328 |
کۆمەڵایەتی |
0.072 |
1.3 |
0.950Ns |
ئاقاری |
0.192 |
1.4 |
**2.77 |
پێکهاتەی دانیشتوان |
0.530 |
1.7 |
***7.75 |
چڕیی دانیشتوان |
0.226 |
1.00 |
***3.16 |
Moran’I |
*0.142 |
||
AICc |
254.4 |
||
R2 |
0.53 |
*P≤0.050, **P≤0.010, ***P≤0.001
بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامی ورد و ڕێکوپێکتر لە شێوازی ڕێگرێسیۆنی کێشدار کەڵک وەرگیراوە. لە چاو مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی هێڵیی ئاسایی، لە مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی فەزایی کێشداردا (GWR) سەدا 67ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوەی کۆچی پەتی لە ڕێگەی گۆڕاوە سەربەخۆکانەوە دەستنیشان کراوە. هەروەها هەڵسەنگاندنی پێوەری AICc کە ئاماژەی بە ڕێژەی کەمتری ئەم پێوەرە لە مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی فەزایی هەیە، پیشاندەری ئەوەیە کە مۆدێلی ئاڕاستەکراوی کێشدار گونجاوترە. بەپێی ڕێژەی ناوەندیی ئاڕاستەکراو لە خشتەی ژمارە 4دا، گۆڕاوە ئابوورییەکان لە هەموو شارەکان کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر کۆچی پەتیی هەبووە و وەک ڕاکێشەری کۆچەر دەوری گێڕاوە. فاکتەری کۆمەڵایەتی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆچی پەتی بەتایبەت لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵات هەیە؛ لەحاڵێکدا کە لە شارەکانی دیکەدا کاریگەریی ئەرێنی هەبووە. فاکتەری ئاقاری و پێکهاتەی دانیشتوانیش پیشان دەدەن کە بە ڕیز فاکتەری ئاقاری لە شارەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات کاریگەریی نەرێنی و لە شارەکانی باکوور و ڕۆژئاوادا کاریگەریی ئەرێنی هەیە و فاکتەری پێکهاتەی دانیشتوان زۆرترین کاریگەریی لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتدا هەیە. پڕایی ئاپوورەیش پیشاندەری کاریگەریی ئەرێنی لە هەموو شارە سنوورییەکانە بۆ پێکهاتنی هاوسەنگیی ئەرێنی کۆچ.
ناوەند |
لانیکەم |
ناوەڕاست |
لانی زۆر |
لادانی پێوانەیی |
|
نێوانەبەش |
0.269- |
0.764- |
0.192- |
0.074 |
0.187 |
ئابووری |
0.265 |
0.079 |
0.146 |
0.310 |
0.073 |
کۆمەڵایەتی |
0.091 |
0.353- |
0.110 |
0.537 |
0.0204 |
ئاقاری |
0.086 |
0.640- |
0.179 |
0.341 |
0.273 |
دانیشتوان |
0.376 |
0.112- |
0.318 |
0.920 |
0.342 |
چڕیی دانیشتوان |
0.191 |
0.017 |
0.186 |
0.336 |
0.204 |
Moran’I |
-0.010ns |
||||
AICc |
231 |
||||
R2 |
0.67 |
وێنەی ژمارە 2، ڕێژەی کاریگەریدانانی گۆڕاوە سەربەخۆکان و هەروەها ڕێژەکانی t بەپێی هەریەکە لە گۆڕاوەکان ئاڕاستە کردووە. ڕێژەی بێتای فاکتەری ئابووری پیشان دەدات کە زیاترین کاریگەریی فاکتەری ئابووری لە پێکهێنانی هاوسەنگیی ئەرێنیی کۆچ دەگەڕێتەوە سەر شارە سنوورییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و کەمترین ڕێژەی کاریگەریشی لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێرانە. ئەمە واتە فاکتەری ئابووری لە شارە سنوورییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەسەر وەرگرتنی کۆچەر کاریگەریی ئەرێنی زیاتری لە چاو شارەکانی دیکەدا هەبووە؛ لە حاڵێکدا کە لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژئاوادا کاریگەریی کەمتری لەسەر وەرگرتنی کۆچەر هەیە. ئەگەرچی فاکتەری کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی بایەخداری لەسەر کۆچی پەتیی نییە، بەڵام بەم حاڵەشەوە شارەکانی پارێزگای بووشەهر و خووزستان هەڵگری زۆرترین ڕێژەکانی بێتا واتە زۆرترین کاریگەرین؛ کەواتە فاکتەری کۆمەڵایەتی لەم شارانە زۆرترین کاریگەریی لە وەرگرتنی کۆچەر لە چاو شارە سنوورییەکانی دیکە هەیە. فاکتەری ئاقاریش پیشان دەدات کە ئەم فاکتەرە لە شارەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوادا زۆرترین کاریگەریی ئەرێنی لەسەر وەرگرتنی کۆچەر و لە شارە سنوورییەکانی باشووری ئێران کەمترین ڕێژەی کاریگەریی لەسەر وەرگرتنی کۆچەران هەبووە. فاکتەری پێکهاتەی ئاپوورە پیشاندەری ئەوەیە کە بێجگە شارە سنوورییەکانی باکووری وڵات، ڕێژەی کاریگەریی ئەم فاکتەرە لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ لە شارەکانی دیکەدا، ئاستێکی بەرزی تۆمار کردووە. لە شارەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوادا، فاکتەری پڕایی ئاپوورە زۆرترین کاریگەریی لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە شارە سنوورییەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوا کەمترین کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ داناوە. هاوکۆلکەی دەستنیشانکردنی ستاندارد پیشان دەدات گۆڕاوە سەربەخۆکان لە شارە سنوورییەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات زۆرترین هێزی ڕوونکردنەوەیان هەیە، لەحاڵێکدا کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا کەمترین ڕێژەی ڕوونکردنەوە دەبینرێت.



وێنەکانی سەرەوە: نەخشەی بێتاکان (β) و ڕێژەی T.valueی گۆڕاوە سەربەخۆکان و هاوکۆلکەی دەستنیشانکردن
لەم توێژینەوەدا سەرەڕای کاریگەریی فاکتەرە جۆراوجۆرەکان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ لەو شارە سنوورییانەدا کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، کاریگەریی نایەکسانییش کە لە کۆکردنەوەی هەموو گۆڕاوە سەربەخۆکان (ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاقاری، پێکهاتە و چڕیی دانیشتوان) وەدەست هێنراوە، تاوتوێ کراوە. بەپێی مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی ئاسایی، نایەکسانی سەدا 44ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوەی وابەستە ڕوون دەکاتەوە. چونکە ڕێگرێسیۆنە کێشدارە فەزاییەکان لە چاو ڕێگرێسیۆنی ئاساییدا هەندێ باشترن و کاریگەرییە ناوچەییەکان ڕێکوپێکتر پیشان دەدەن، بەمەبەستی تاوتوێی وردتری کاریگەریی پێوەری نایەکسانی لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ لە شارە سنوورییەکاندا لەم ڕێگرێسیۆنە کەڵک وەرگیراوە. ئەنجامەکان پیشاندەری ئەوەن کە پێوەری نایەکسانی سەدا 60ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوەی وابەستی ڕێژەی پەتیی کۆچ ڕوون دەکاتەوە کە لەچاو ڕێگرێسیۆنی ئاسایی لە ئاستێکی بەرزتردایە. سەرەڕای ئەمەش، پێوەرەکانی دیکە وەک AICc –هەرچی ڕێژەی کەمتریان هەبێت مۆدێل گونجاوترە- پیشان دەدەن کە مۆدێلی GWR لە مۆدێلی OLS باشترە. ناوەندی کاریگەریی پێوەری نایەکسانی پیشان دەدات کە ڕێژەی کاریگەریدانانی پێوەری نایەکسانی لەسەر کۆچ لە شارە سنوورییەکانی ئێران سەدا 52ە (بڕوانە: خشتەی ژمارە 6)
ناوەند |
لانیکەم |
ناوەڕاست |
لانی زۆر |
لادانی پێوانەیی |
|
نێوانەبەش |
0.051- |
0.777- |
0.086- |
0.585 |
0.272 |
نایەکسانی |
0.518 |
0.316- |
0.451 |
0.962 |
0.241 |
Moran’I |
-0.08ns |
||||
AICc |
238 |
||||
R2 |
0.60 |
وێنەی ژمارە 3: نەخشەی بێتاکان و ڕێژەی T.valueی گۆڕاوەی نایەکسانی و هاوکۆلکەی دەستنیشانکردن

ئەنجام
لەم توێژینەوەیەدا پەرژاوینەتەوە سەر نایەکسانییە فەزاییەکان و دەوریان لەسەر کۆچ لە ناوچە سنوورییەکانەوە و لە ڕێبازی شیکاریی فەزایی کەڵک وەرگیراوە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە پیشانیان داوە کە لە باری پێوەری نایەکسانییەوە، جیاوازییەکی بایەخدار لەنێوان شارە سنوورییەکاندا دەبینرێ کە لەگەڵ توێژینەوەی سادقی (2022)، سادقی و شوکریانی (2016) و نسترن و هاوکارانی (2015) کە ئاماژەیان داوەتە ئاستە جۆراوجۆرەکانی پێشکەوتنی شارەکانی ئێران، یەک دەگرنەوە. هەروەها پێوەری گشتی نایەکسانی پیشاندەری نایەکسانیی زیاتر لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانە؛ لەحاڵێکدا کە هەندێ لە شارەکانی باشوور (بەندەرعەباس، بەندەری لنگە، کەنگان، دەیر و بووشەهر)، باشووری ڕۆژئاوا (ئەهواز، دێهلوڕان)، ڕۆژئاوا (ئیلام، بانە، ورمێ و خۆی) و لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوا (ئەردەوێڵ، ماکوو، ڕزوانشەهر و بوجنوورد) نایەکسانیی کەمتریان تێدایە و لەچاو شارە سنوورییەکانی دیکە هەلومەرجێکی باشتریان هەیە.
ئەنجامە شیکارییەکانی توێژینەوە پیشانیان داوە کە بەپێی ڕێگرێسیۆنی هێڵی، بە ڕیز فاکتەرەکانی پێکهاتەی ئاپوورە (سەدا 53)، پڕایی ئاپوورە (سەدا 23) و ئابووری (سەدا 22) زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ هەبووە. هەروەها فاکتەری ئاقاری وەک یەک لە گۆڕاوە هێنراوەکان لە مۆدێلدا سەدا 19 لەسەر گۆڕاوەی وابەستە کاریگەربووە و پێدەچێت بەپێی گۆڕانکارییە ئاقارییەکانی ئێران، ئەم گۆڕاوەیە لە داهاتوودا کاریگەریی زیاتری لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچدا هەبێ. لەلایەکی دیکەوە، ئەنجامە وردبینانەترەکان بەپێی شێوازی ڕێگرێسیۆنی کێشدای فەزایی (GWR) دەریخستووە کە فاکتەرەکانی پێکهاتەی، پڕایی ئاپوورە و فاکتەری ئابووری زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچدا لە شارە سنوورییەکان هەیە؛ لەحاڵێکدا کە گۆڕاوەی کۆمەڵایەتی کەمترین کاریگەریی هەیە. هەربۆیە ئەنجامەکان پیشان دەدەن کە پێوەری نایەکسانیی کە لەڕاستیدا دەبێتە کۆی گۆڕاوە سەربەخۆکان (ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاقاری، پێکهاتەی ئاپوورە و پڕایی ئاپوورە)، بەپێی مۆدێلی ڕێگرێسیۆنی ئاسایی سەدا 44ی گۆڕانەکانی گۆڕاوەی وابەستە ڕوون دەکاتەوە. بەڵام لە ڕێگرێسیۆنی کێشداری فەزاییدا کە لەچاو ڕێگرێسیۆنی ئاسایی هەندێ باشترە و کاریگەرییە ناوچەییەکان باشتر پیشان دەدات، پێوەری نایەکسانی سەدا 60ی گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوەی ڕێژەی پەتیی کۆچ ڕوون دەکاتەوە و لەچاو ڕێگرێسیۆنی ئاساییدا ئاستێکی بەرزتری هەیە. ئەم ئەنجامگەلە پیشان دەدەن کە سەرەتا، هەم پێکهاتەی نایەکسانی و هەمیش پێوەرەکانی نایەکسانی بەتایبەت پێوەرەکانی پێکهاتەی دانیشتوان و ئابووری زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی پەتیی شارە سنوورییەکاندا هەیە کە لەگەڵ ئەنجامەکانی توێژینەوەی سادقی و شوکریانی (2016) کە نایەکسانیی پێشکەوتن وەک یەک لە بەستێنەکانی سەرهەڵدانی کۆچی ناوخۆیی لەمەدا دەبینن، یەک دەگرنەوە. دووهەم، کاریگەرییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا، جۆراوجۆرن؛ بەجۆرێک کە بێتای گۆڕاوەی ئابووری پیشان دەدات کە زۆرترین کاریگەریی ئابووریی لە ڕێژەی پەتیی کۆچدا دەگەڕێتەوە بۆ شارە سنوورییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و کەمترین ڕێژەی کاریگەرییش لە شارەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوادایە. ئەگەرچی فاکتەری کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی بایەخداری لە ڕێژەی پەتیی کۆچدا نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، شارەکانی پارێزگای بووشەهر و خووزستان زۆرترین ڕێژەکانی بێتا واتە زۆرترین کاریگەرییان هەیە. گۆڕاوەی ئاقارییش پیشان دەدات کە ئەم گۆڕاوەیە لە شارەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتدا زۆترین کاریگەری و لەلایەکی دیکەیشەوە لە شارە سنوورییەکانی باشووری ئێراندا کەمترین ڕێژەی کاریگەریی لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ هەیە. پێوەری پێکهاتەی دانیشتوانیش پیشاندەری ئەوەیە کە بێجگە شارە سنوورییەکانی باکووری ئێران، لە شارەکانی دیکەدا، ڕێژەی کاریگەریدانانی پێکهاتەی دانیشتوان لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ لە ئاستێکی بەرزدایە. لە شارەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوادا، فاکتەری پڕایی ئاپوورە زۆرترین کاریگەریی لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە لە شارە سنوورییەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوادا کەمترین کاریگەریی ئەم فاکتەرە لەسەر ڕێژەی پەتیی کۆچ دەبینرێ. هاوکۆلکەی دەستنیشانکردن پیشان دەدات کە گۆڕاوە سەربەخۆکان لە شارە سنوورییەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوادا زۆترین هێزی ڕوونکردنەوەیان هەیە لەحاڵێکدا کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا کەمترین ڕێژەی ڕوونکردنەوە دەبینرێ. هەربۆیە، دەسکەوتەکانی توێژینەوە لەگەڵ ڕوانگە تیۆریکەکانی تیۆریی وابەستەیی کە کۆچ وەک دەرەنجامی پێشکەوتنی ناجێگیر و پێشنەکەوتنی شوێنێک لەچاو شوێنەکانی دیکە دەزانن و ڕوانگەی كاركردگەرایی کە لەسەر نەبوونی هاوسەنگیی ئابووری لەنێوان شوێنە جۆراوجۆرەکان وەک گرنگترین فاکتەری کۆچ جەخت دەکاتەوە و هەروەها توێژینەوە ئەنجامدراوەکانی سادقی (2022)، سادقی و شوکریانی (2016)، نەستەرەن و هاوکارانی (2015) و عەسکەریی نەدووشەن و هاوکارانی (2017) یەک دەگرنەوە. ڕێبازی شیکاریی فەزایی و شێوازەکانی شیکاری وەک ڕێگرێسیۆنی کێشداری جوگرافیایی، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر نایەکسانی لە شارە سنوورییەکان وەک فاکتەرێکی گرنگ لە ڕێژەی پەتیی کۆچی ئەم ناوچەگەلەدا جەخت دەکەنەوە، ئەم بابەتەیش دەخەنە ڕوو کە شارە جۆراوجۆرە سنوورییەکان بەپێی فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆمەڵایەتی، ئابووری، پێکهاتەی ئاپوورە و ئاقاری دۆخی جیاوازیان هەیە؛ بەجۆرێک کە هەریەکە لەم فاکتەرگەلە بۆ هەندێ شارەکان و لەچاو شارەکانی دیکەدا گرنگی زیاتریان هەیە و ئاوڕدانەوە لەسەر ئەم جیاوازیگەلە دەتوانێ پلاندانان بۆ داهاتوو بە وردبینییەکی زیاترەوە بۆ دابەزاندنی ئەم نایەکسانیگەلە ڕێک بخات.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەتوانین ئەم پێشنیارانە لەسەر سیاسەتدانان بۆ پلانداڕێژەران و سیاسەتدانەران باس بکەین:
سەرەڕای بوونی نایەکسانی لەنێوان ناوچە سنوورییەکانی ئێراندا، نایەکسانی لەنێوان شارە سنوورییەکانی هەر پارێزگایەکیش دەبینرێ کە شیاوی ئەوەیە سەرەتا ئەم نایەکسانیگەلە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.
پێویستە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە بواری پێشکەوتنی شێوازە نوێکانی کشتوکاڵ، سەرمایەگوزاری، کارداهێنان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گوندەکان و هەروەها لە بواری پەرەپێدانی ژێرخانەکانی پەروەردە و تەندروستییەوە ئاوڕی تایبەتیان لێ بدرێتەوە.
بەپێی کاریگەریی بەرچاوی نایەکسانییەکان لەسەر کۆچ لە ناوچە سنوورییەکانەوە، باشترە کە پلانی مامناوەند و درێژخایەن بۆ هاوسەنگکردنی نایەکسانییەکان و دوابەدوای ئەوەش هاوسەنگکردنی کۆچ لە ناوچە سنوورییەکانەوە جێبەجێ بکرێت.
کاریگەریی لایەنە جۆراوجۆرەکانی نایەکسانی لە ناوچە سنوورییە جۆراوجۆرەکان جیاوازە و هەربۆیە پێویستە ئەم جیاوازیگەلە بەرچاو بگیردرێن. شیاوی ئاماژەیە کە لەپێشترەكان و پێداویستییەکانی ناوچە سنوورییەکان جیاوازییان تێدایە.
تێبینی: خوێنەران دەتوانن بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی بەكارهاتوو بگەڕێنەوە بۆ توێژینەوەكە بە زمانی فارسی بەم ناونیشانەی خوارەوە:
تاثیر نابرابری ها در مهاجر از مناطق مرزی ایران؛ چشم اندازی سیاست گذارانە، ولی الە رستمعلی زادە، رضا نوبخت، فصلنامەی علمی (پژوهشت انحرافات و مسائل اجتماعی)، شمارە پنجم، پاییز 1401: 134-101.
[1]. بەپێی مەبەستی وتارەکە وشەی فەزایی ئەگەرچی کوردی نییە، بەڵام تەواوترین هاوتا بووە بۆ ئەوەی کە مەبەست و واتای دروست بدرێتە خوێنەر و “شوێن، ئاقار، دابەشبوونی جوگرافیایی و ناوەند-پەراوێز و شار-گوند” دەگرێتەوە.
[2]. separate areas of knowledge
[3]. interactionist theories
[4] Neoclassical Macro Migration
[5]. Human Capital Theory
كوردی

