ده‌ستوور و ميديا: ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى ده‌ستوورشكێنى
د. حه‌سه‌ن مسته‌فا/ پسپۆڕ له هزرى ده‌ستوورى
پوخته
په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێز له نێوان حوكمڕانیى ده‌ستوورى و ناوه‌نده‌كانى ميديا و ڕاى گشتييدا هه‌يه، ده‌ستوور وه‌ك په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى له نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵات، ئامرازێكه بۆ بونيادنانى حوكمڕانى له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌روه‌رىی گه‌ل و ڕێگه‌گرتن له درووستبوونى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مكار، له‌م ڕوانگه‌يه‌وه؛ گه‌ل مافى چاودێرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌مكارى ده‌سه‌ڵاتى هه‌يه، كه له وێنه گه‌وره‌كه‌يه‌دا پارێزگارييه له‌و په‌يمانی كۆمه‌ڵايه‌تييه، كه ده‌ستووره و له هه‌ناوى ئيراده‌ى گشتى خه‌ڵكدا دێته بوون. بۆيه ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌نامه ده‌ستوورييه‌كان ڕێگه له دروستبوونى ده‌سه‌ڵاتى سته‌مكار بگرێت و پارێزگارى له ماف و ئازادييه‌كان بكات، ئايا كێ پارێزگارى له ده‌ستوور ده‌كات؟ له‌م نێوه‌نده‌دا؛ ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆ و كارا؛ وه‌ك به‌رگريكارى پاراستنى پره‌نسيپه‌كانى حوكمڕانیی ده‌ستوورى و ماف و ئازادييه بنچينييه‌كان ده‌رده‌كه‌ون. له سيسته‌مى ده‌ستوورى هاوچه‌رخدا، ده‌سه‌ڵاتداران و پارته سياسييه‌كان به جۆرێك كۆنتڕۆڵى دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كان ده‌كه‌ن، كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تايبه‌تى خۆيان و بۆ مانه‌وه و درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتيان بێت، به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاته تۆتاليتارييه‌كانى سه‌رده‌م؛ كۆنتڕۆلى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگاكان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن بۆ به‌ر‌ژه‌وه‌ندييه تايبه‌تييه‌كانيان وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكارى پاشه‌كشێى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و بەرتەسكبوونی ئازادى گشتییەكان. له به‌رانبه‌ردا؛ له سيسته‌مى ده‌ستووریی وڵاتانى ديموكراسى و گه‌لى هۆشياردا، ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن ڕۆڵى كاريگه‌ر له پاسه‌وانیی زێده‌ڕۆييه‌كانى ده‌سه‌ڵات و به‌رگريكردن له ماف و ئازادييه‌كان له ڕێگه‌ى جووڵاندنى ڕاى گشتى ده‌گێڕن.
دەروازە
يه‌كێك له ئامانجه بنچينه‌ييه‌كانى ده‌ستوور و حوكمڕانیى ده‌ستوورى، وێڕاى به‌خشينى ڕه‌وايه‌تى به ده‌سه‌ڵات، بريتييه له ڕێگه‌گرتن له دروستبوونى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها (ليڤايهسان)، له‌م باره‌يه‌وه جه‌يمس ماديسۆن نووسه‌رى سه‌ره‌كیى ده‌ستوورى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا، جه‌خت له پێويستیى حوكمڕانیى ده‌ستوورى بۆ پارێزگاريكردن له ماف و ئازادييه‌كان ده‌كاته‌وه، چونكه له ديدى ئه‌ودا: “ئەگەر مرۆڤەکان فریشتە بوونایە، هیچ حکومەت و ده‌ستوورێكيان پێویست نەدەبوو. ئه‌گه‌ر فريشته‌كان حوكمى مرۆڤيان بكردبايه، هيچ جۆره چاودێرييه‌كى ناوه‌كى و ده‌ره‌كى له سه‌ر حكومه‌ت پێويست نه‌ده‌بوو”)[1](. به‌ڵام زۆر جار كێشه‌ى ديزاينى ده‌ستوورى و حكومه‌تى ده‌ستوورى له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كاتێک ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت به جۆرێک به‌هێز ده‌بێت، كه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسى بۆ سه‌ر ماف و ئازادييه‌كانى هاوڵاتيیان، بۆيه لێره‌دا ده‌ستوورى مۆدێرن له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى ليڤايهسان ده‌وه‌ستێته‌وه كه ماديسۆن له ژێر كاريگه‌رى و خوێندنه‌وه‌ى تۆماس هۆبز دا تيۆريزه‌ى ده‌كات و به گه‌ڕانه‌وه بۆ مۆنتسكيۆ پێشنيازى پره‌نسيپى جياكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و پشكنين و هاوسه‌نگى ده‌كات، تاوه‌كوو ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها له چنگى كه‌سێک ياخود دامه‌زراوه‌يه‌کدا كۆ نه‌بێته‌وه، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌سه‌ر ياسادانان (په‌رله‌مان)، ڕاپه‌راندن (حكومه‌ت) و دادوه‌ریدا دابه‌ش بكرێت و چاودێریى يه‌كتر بكه‌ن و هاسه‌نگيى هێز له باڵاده‌ستبوونى به‌سه‌ر يه‌كتردا بپارێزن. له‌م ڕوانگه‌يه‌وه، ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م و چاوى سێيه‌م له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كه؛ ڕۆڵى چاودێرى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئه‌كته‌ره سياسييه‌كاندا ده‌گێڕن.
له نه‌ريتى كلاسيكى ڕۆماندا گوزارشتێكى به‌ناوبانگ هه‌يه كه له ديالۆگى كۆمارى ئه‌فڵاتوونه‌وه وه‌رگيراوه، گوزارشته‌كه ئه‌وه‌يه: “كێ پاسه‌وانى له پاسه‌وانه‌كان ده‌كات” (Who guards the guardians)، ئه‌م ده‌ر‌بڕينه له لايه‌ن سكۆله‌رانى هزرى ده‌ستوورى بۆ ناو تيۆرى ده‌ستوورى هاوچه‌رخ گوازراوه‌ته‌وه، به جۆرێک ئه‌گه‌ر ده‌ستوور پاسه‌وانى له دروستبوونى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها و گه‌ره‌نتیى ماف و ئازادييه‌كانى هاووڵاتيان ده‌كات، ئه‌ى كێ پاسه‌وانى له ده‌ستوور ده‌كات؟ چونكه يه‌كێک له كێشه و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م ده‌ستووره هاوچه‌رخه‌كان بريتييه له چۆنيه‌تیى جێبه‌جێكردن و پاسه‌وانيكردن له بنه‌ماكانى حوكمڕانیی ده‌ستوورى. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، توێژه‌رانى بوارى هزرى ده‌ستوورى كۆمه‌ڵێک ئامرازى ياسايى و واقيعى وه‌ک گه‌ره‌نتیى پاسه‌وانيكردنى له ده‌ستوور ده‌خه‌نه به‌ر باس، له گرنگترين گه‌ره‌نتييه ياساييه‌كان بريتين له سه‌ربه‌خۆيى و كارابوونى دادگاى ده‌ستوورى، هه‌روه‌ها چاودێریى په‌رله‌مان له سه‌ر كاره‌كانى حكومه‌ت، به‌ڵام كاتێک په‌رله‌مان و دادگاكان ده‌بنه دوو ئامراز به ده‌ستى ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌ستخستنى به‌رژه‌وه‌ندیى تايبه‌تیى حيزب و كه‌س و بنه‌ماڵه‌كان، ئه‌وا ئامرازه واقيعييه‌كان كاريگه‌رييان ده‌بێت بۆ به‌رگريكردن له ده‌ستوور و حوكمڕانیى ده‌ستوورى. يه‌كێک له‌و ئامرازانه‌ى به‌رگرى و پاسه‌وانيكردن له ماف و ئازادييه ده‌ستوورييه‌كان، بريتييه له ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له دروستكردنى ڕاى گشتى و كاريگه‌ریدانان له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى وه‌كوو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌زگاكانى دادوه‌رى. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستووره هاوچه‌رخه‌كان ده‌سته‌به‌رى ئازادیى ڕاگه‌ياندن و ڕادەر‌بڕين و كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه و دروستكردنى ڕاى گشتى ده‌كه‌ن، تاوه‌كوو ببنه فاكته‌رێک بۆ پارێزگارى و پاسه‌وانيكردن له ماف و ئازادييه‌كان و پره‌نسيپه‌كانى ده‌ستوورى. له به‌ستێنى سيستمه ده‌ستووره ديموكراسييه‌كاندا، ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و ڕاده‌بڕين و گردبوونه‌وه و ياخيبوونى مه‌ده‌نى دژ به ده‌سه‌ڵاتى سته‌مكار و سه‌رپێچيكارى په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى (ده‌ستوور) ڕۆڵى كاريگه‌ر ده‌گێڕن، ته‌نانه‌ت زۆر جار كارابوون و سه‌ربه‌خۆبوونى ده‌زگاكانى ميديايى و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن بوونه‌ته هۆكارى گۆڕينى ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستووره‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ياسا و ڕێنماييه‌كان و بڕياره‌كانى دادگاكانى ئاسايى و ده‌ستوورى.
ته‌وه‌رى يه‌كه‌م: ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و ڕاى گشتى و حوكمڕانیى ده‌ستوورى
زانستى ڕۆژنامه‌گه‌رى (جۆرناليزم) كه ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن به گشت جۆر و شێوه‌كانى ده‌گرێته‌وه، پێناسه‌كردنى له چوارچێوه‌يه‌كى يه‌كڕاو و هاوڕا كارێكى ئاسان نييه، ئه‌مه‌ش بۆ ئاڵۆزیى چه‌مكه‌كه و هاتنه‌كايه‌ى ميدياى ئه‌لكترۆنى و له‌خۆگرتنى بواره جۆراوجۆره‌كانى ژيانى مرۆڤايه‌تى ده‌گه‌ڕێته‌وه. پسپۆڕان پێناسه‌ى ناوه‌نده‌كانى ميديا ده‌كه‌ن به‌وه‌ى بریتییە لە هونەری کۆکردنەوە و نووسین و بڵاوکردنەوەی هەواڵ، لە ڕێگەی ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ميدياى ئه‌لكترۆنييه‌وه، بۆ ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنى جه‌ماوه‌ر([2]). ئەم ناساندنانه‌ى ميديا تیشک ده‌خاته سەر سروشتی فرەلایەنی ڕۆژنامەگەری و میدیا، ئاگادارکردنەوەی جه‌ماوه‌ر و داڕشتنی گوتاری کۆمەڵایەتی و کاریگەری لە سەر ژیانی سیاسی و کو‌لتووری.
ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن به ته‌نها پردى گه‌ياندنى ده‌نگى هاوڵاتييان به ده‌سه‌ڵات نين، ياخود ئه‌ركه‌كه‌ى به ته‌نيا له دروستكردنى چيرۆک و گه‌ياندنى زانيارى به جه‌ماوه‌ر كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌ركه‌كه‌ى بۆ به‌رگريكردن له بنه‌ماكانى حوكمڕانیى ده‌ستوورى، به تايبه‌تى ماف و ئازادييه‌كان، شه‌فافيه‌تى كارگێڕى و دارايى درێژ ده‌بێته‌وه، جا به‌رگرى و پاسه‌وانيكردنه‌كه چ له ڕێگه‌ى ڕاگه‌ياندنى نووسراوه‌وه و بيستراوه و بينراوه بێت ياخود له ڕێگه‌ى پلاتفۆڕمه ئه‌لكترۆنييه‌كانه‌وه بێت. زۆر جار ناوه‌نده‌كانى ميديا و ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م و چاوى سێيه‌م وێنا ده‌كرێن، كه ئاماژه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ربه‌خۆى كارا و چاو‌دێر به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى ديكه‌ى ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچى ئه‌م ئامرازه له چوارچێوه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ى ده‌ستووريدا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م پێناسه نه‌كراون، به‌ڵام ئه‌مه له پێگه و ڕۆڵيان له جووڵاندنى ڕاى گشتى و كاريگه‌رييان له سه‌ر سياسه‌تى گشتى و سياسه‌تى ياسادانان و پردى په‌يوه‌ندى له گه‌ياندنى ده‌نگى هاوڵاتيان به ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كان؛ كه‌م ناكاته‌وه ([3]).
به گوێره‌ى توێژينه‌وه‌يه‌كى بانكى جيهانى بۆ په‌ره‌پێدانى حوكمڕانى، ڕاى گشتى و فه‌زاى گشتى (Public Sphere) دوو له كاريگه‌رترين ئامرازن بۆ گه‌يشتن به حكومه‌تێكى وه‌ڵامده‌ره‌وه (Responsive)، بۆيه له چوارچێوه‌ى پڕۆسه‌ى حوكمڕانيى ده‌ستووريدا، ڕای گشتی وه‌ک يه‌كێک له گه‌ره‌نتى و ئامرازه كاريگه‌ره‌كانى دژ به سه‌رپێچييه‌كانى ده‌ستوورى و سته‌مكارييه‌كانى دەسەڵات ده‌رده‌كه‌وێت. به‌م جۆره، دەکرێت ڕای گشتی بە تێڕوانینی هاوڵاتييان لە سەر پرسێکی گشتی بناسێنرێت، دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی گشتیدا ده‌خرێته ڕوو. له هه‌مان كاتدا، فه‌زاى گشتیی دیموکراسی بريتييه له په‌يوه‌ندیى دەوڵەت و هاوڵاتيیانی ئازاد، كه بۆ هاوبەشکردنی زانیاری و گفتوگۆکردن لە سەر نیگەرانییە هاوبەشەکان کۆ دەبنەوە)[4](.
چه‌مكى ڕاى گشتى؛ چه‌مكێكى فره‌واتا و فره‌ڕه‌هه‌نده، بۆيه هه‌ر پسپۆڕێک له ديدگا و تێگه‌يشتنى جياوازه‌وه ناساندنى بۆ ده‌كات. سكۆله‌رى به‌ريتانى مارک بيڤه‌ر (Mark Bevir) له ئينسايكلۆپيدياى حوكمڕانیدا پێناسه‌ى ڕاى گشتى به‌وه ده‌خاته ڕوو، كه بريتييه له‌و بیروباوەڕ و هەڵوێستانه‌ى کە لەناو ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا زاڵ ده‌بن، ياخود کۆکردنەوەی بۆچوونە تاکەکەسییەکانە کە هەماهەنگییەکی ڕێكخراوى ناوخۆییان له نێوانياندا نییە([5]). هه‌ندێكى تر چه‌مكى ڕاى گشتى وه‌ک چاوى گشتى (Public Eye) وێنا ده‌كه‌ن، كه گوزارشته له كۆده‌نگى و دونيابينیى ده‌سته‌جه‌معى و دروستكردنى كاريگه‌رى له سه‌ر حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له كۆنترۆڵى كۆمه‌ڵايه‌تى كه زياتر له ڕێگه‌ى ناوه‌نده‌كانى ميدياوه به‌گه‌ڕ ده‌خرێت)[6](. لە ڕووی ڕەهەندی كۆمەڵایەتییەوە هه‌ندێک له توێژه‌ران له‌و بڕوايه‌دان كه ڕای گشتی بریتییە لە حوكمی كۆمەڵایەتی لە لایەن كۆمەڵگەیەكى به‌ئاگا و هۆشیار لە بارەی بابەتێک كە گرنگیی گشتیی هەیە، ئەم ئاگایی و هۆشیارییە بە شێوەیەكی ئاشكرا و دوای گفتوگۆكردن گوزارشتى لێ ده‌كرێت([7]).
ڕه‌وتى مێژوويى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌مكى ڕاى گشتى (publicus) بۆ ميراتى سياسیی يۆنانى كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌و كاته‌دا شێوەیە‌ک بوو له گوزارشتى بەرژەوەندیی هاوبەش و چاکەی گشتیی هاووڵاتييان، دواتر ئه‌م چه‌مكه له ناو تيۆره‌كانى ديموكراسیى ليبراڵى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌یه‌مدا گه‌شه ده‌كات. لە سەرەتای بەکارهێنانیدا زۆر جار بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەواژەی ئیرادەی هاوبەش و ویژدانی گشتی گوزارشتى لێ ده‌كرا، تاكوو ئه‌و كاته‌ى ئه‌م چه‌مكه له كاره‌كانى فه‌يله‌سووفانى فێرگه‌ى سوودگه‌رايى (Utilitarian) له لايه‌ن هه‌ريه‌كه له جۆن ستيوارت ميل (Stuart Mill)، بينتام (Bentham) كه بانگه‌شه‌يان بۆ ئازادیى ڕاده‌بڕين ده‌كرد؛ جێگه‌ى خۆى گرت. كاتێک جه‌ختيان له‌وه كرده‌وه چاکەی بەکۆمەڵ تەنیا لەو کاتەدا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت؛ کاتێک تاکەکان لە ئاڵوگۆڕە کێبڕکێیەکاندا کارلێک بکەن و بە کەمترین دەستتێوەردانی دەوڵەت بەدوای سوودەکانیاندا بگەڕێن([8]).
له ئه‌نجامدا دەتوانین بڵێین ڕای گشتی بریتییە لە گوزارشتی ويست و خواستى كۆمەڵێک كه‌س لە بارەی پرسێک یاخود كەیسێكی دیاریكراوی ناوخۆیی ياخود نێودەوڵەتی، كە كاریگەریی لە سەر سیاسەتی كاركردن و بڕیاردانى ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌وڵه‌ت دەبێت. په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێز له نێوان ڕاى گشتى و ده‌ستووردا هه‌يه، ده‌ستوورى وڵاتان كۆمه‌ڵێک ئامراز ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن كه به هۆيه‌وه هاوڵاتيیان گوزراشت له بۆچوونه‌كانيان و په‌يڕه‌ويكردن له ئازادييه‌كانيان ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتدا، زۆر جار ده‌سه‌ڵاتى ياسادانان ده‌كه‌وێته ژێر فشارى ڕاى گشتى له ده‌ركردن ياخود ده‌رنه‌كردنى ياسايه‌ک كه پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و خواستى گشتييه، يان كرده‌وه‌يه‌كى حكومه‌ت كه ببێته هۆى ده‌ستوورشكێنی، ڕاى گشتى به‌دواى خۆي‌دا دێنێت، يانيش زۆر جار دادگاكانى ده‌ستوورى له ژێر كاريگه‌رى و فشارى ڕاى گشتى له بڕياره‌كانيان پاشگه‌ز (عدول) ده‌بنه‌وه.
له سيستمى ديموكراسیى ويلاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكادا، ڕاى گشتى يه‌كێكه له چه‌كه كاريگه‌ره‌كان به‌سه‌ر دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كاندا كه زۆر جار بووەته هۆى فشار دروستكردن و گۆڕينى هه‌ڵوێست و بڕيار و ته‌نانه‌ت هه‌موارى ده‌ستووريش، بۆ نموونه: له كه‌يسى درێد سکۆت دژی ساندفۆرد له ساڵى ١٨٥٧دا، دادگاى باڵاى فيدراڵیى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا بڕيارێكى سه‌باره‌ت به ئەمەریکییە ئەفەریقییەکان ده‌ركرد. له بڕياره‌كه‌دا ئه‌وانى بە هاوڵاتی هەژمار نه‌كرد و ته‌نانه‌ت له‌و مافه‌ش بێبه‌شی كردن كه بتوانن له دادگا سكاڵا تۆمار بكه‌ن. ئه‌م بڕياره کاردانەوەی ڕاى گشتیى دەوڵەتەکانی باکوور و لایەنگرانی دژەکۆیلایەتیی لێ کەوتەوە. به هۆى فشارى كاردانه‌وه‌كان و هه‌ڵويستى نه‌رێنیى ڕاى گشتى، بڕیارەکەى دادگا گرژییەكەی توندتر کرد کە دواتر شەڕی ناوخۆى لێ كه‌وته‌وه. لە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆيى و پەسەندکردنی هەمواری (13 و 14)ی ده‌ستوور، بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە. بۆيه له سه‌ر بنه‌ماى ڕاى گشتى، دادگا بڕياری دا مافی هاوڵاتیبوون بە هەموو ئەو کەسانە ببەخشێت کە لە ئەمەریکا لەدایک بوون، به بێ له‌به‌رچاوگرتنى ڕه‌گه‌ز و ڕه‌سه‌نايه‌تى([9]).
هه‌روه‌ها له كه‌يسى قەدەغەکردنى به‌رهه‌مهێنان و كڕين و فرۆشتنى مادده كحولييه‌كان (prohibited of alcohol)، كه به كه‌يسى هەموارکردنی هەژدەیەم و بیست و یەکەم ناو ده‌برێت، ڕاى گشتى ڕۆڵى كاريگه‌رى له‌م نێوه‌ندا بينى. كاتێک له ساڵى 1920 بڕيار درا به هەمواری هەژدەیەمى ده‌ستوور، به هۆيه‌وه بەرهەمهێنان و فرۆشتن و گواستنەوەی مادده کحولييه‌كان قەدەغە كرا. سەرەتا لە لایەن بزووتنەوەی میانڕەوەكان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكيشه‌وه داكۆكى له‌م هه‌مواره كرا، به‌ڵام دواتر سەرهەڵدانی تاوانی ڕێکخراو و بازاڕی نایاسایی مادده کحولييه‌كان بووە هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه لە سەر هەموارکردنەوەکە، بۆيه ڕای گشتی دژی قەدەغەکردنەکە هەڵگەڕایەوە و بوو به هۆی هەمواری بیست و یەکەمین لە ساڵی 1933 کە هەمواری هەژدەیەمى هەڵوەشاندەوە، ئه‌مه‌ش نموونەیەکی دەگمەنی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى هه‌موارى دەستووره له ژێر فشارى ڕاى گشتى([10]).
به شێوه‌يه‌كى گشتى جووڵاندنى ڕای گشتی لە بوارى سیاسی و یاساییدا لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک ئامراز و میکانیزمدایە. گرنگترين ئامرازه‌كانى دروستكردنى ڕاى گشتيیش بريتين له: پارتى سياسى، گرووپه‌كانى فشار، ناوه‌نده‌كانى ميدياى (بينراو، بيستراو، چاپكراو و ئه‌لكترۆنى)، دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى.
ته‌وه‌رى دووه‌م: ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له چوارچێوه‌ى سيستمى ده‌ستوورى ئه‌مەريكادا
ناوه‌نده‌كانى ميديا به گشت شێوه‌كانيه‌وه ڕۆڵى كاريگه‌ريان له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كان و گه‌شه‌پێدانى ديموكراسى هه‌يه. له باره‌ى پێگه و گرنگييان؛ تۆماس جێڤرسۆن سێيه‌مين سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا، له گوزارشتێكى به‌ناوبانگيدا ئه‌وه‌ى خستووەته ڕوو: ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنى نێوان حكومه‌تێكى بێ ڕۆژنامه‌گه‌رى يان ڕۆژنامه‌گه‌ریى بێ حكومه‌ت سه‌رپشک بكرێم، بێگومان ئه‌وه‌ى دووه‌ميان هه‌ڵده‌بژێرم([11]). هه‌ر بۆيه ده‌ستوورى ئه‌مەريكا ساڵى 1787 له هه‌موارى يه‌كه‌مدا پێگه‌يه‌كى تايبه‌تى بۆ فه‌زاى گشتى و ده‌بڕينى ڕاى گشتى له ڕێگه‌ى ئازادیى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ناوه‌نده‌كانى ميديادا به‌خشيوه. هه‌ر‌وه‌ک له ده‌قى هەمواری یەكەمى (12-15-1791)دا هاتووه: كۆنگرێس ئەم بابەتانە بە یاسا قەدەغە ناكات… سنوورداركردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنی، مافی گەل بۆ كۆبوونەوەی ئارام و سكاڵا تۆماركردن لە دژی حكومەت بۆ قەرەبووكردنەوەیان . ئه‌مه ده‌قێكى فراوانه بۆ به‌خشينى مافى دابينكردنى ئازادیى ميديایى به گشت شێوه و جۆره‌كانى، كه ببێته هۆى پاراستنى ماف و ئازادييه‌كانى تاک له لايه‌ک و به‌رگريكردن له بنه‌ماكانى ده‌ستوور.
دادگاى باڵاى فيدراڵیى ئه‌مەريكا له چه‌ند كه‌يسدا ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی هاوتەریب كردوون، بۆ نموونه: له دۆسيه‌ى ئەسۆشێتد پرێس دژ به دەستەی نیشتمانیی پەیوەندییەکانی کار ( Associated Press v. NLRB)، له ساڵى 1978، ئه‌وه‌ى خستووەته ڕوو كه دامه‌زراوه‌كانى ميديا شايسته‌ى ئازادیى به‌رفراوانترن، ته‌نانه‌ت له ئازادیى گرووپ و ڕێكخراوه ناميدياييه‌كان. دادوەر پۆتەر ستیوارت (Potter Stewart) لە بۆچوونێکيدا ئه‌وه‌ى خسته ڕوو، مه‌به‌ست له هه‌مواری یەکەمی دەستوور ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەری، كارێكى ده‌ستووریى به ڕێكه‌وت نييه، بەڵکوو دانپێدانانە بە ڕۆڵى گرنگی ميديايى لە کۆمەڵگه‌ی ئەمەریکيدا. هه‌ر بۆيه زۆرینەی بۆچوونه‌كان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەمواری یەکەمی دەستوور مافی به‌ندكردنى ڕۆژنامه‌نووسانى به دادگا و حكومه‌ت نه‌داوه، ئه‌مه‌ش گه‌ره‌نتييه‌كه بۆ سه‌ربه‌خۆبوونى ناوه‌نده‌كانى ميديا به گشت جۆره‌كانيه‌وه تاوه‌كوو بتوانن ئازادانه چاودێریى حكومه‌ت بكه‌ن([12]).
يه‌كێكى تر له دۆسيه به‌ناوبانگه‌كانى ڕۆڵى ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له چاودێريكردنى حكومه‌ت و هێنانه‌دیى شه‌فافيه‌ت و به‌رگرى له ده‌ستوور، بريتييه له دۆسیەی کۆمپانیای نیویۆرک تایمز دژی ئەمەریکا (New York Times Co. v. United States) له ساڵى 1971، کە بە شێوەیەکی گشتی بە دۆسیەی پێنتاگۆن پێپەرز (The Pentagon Papers Case) ناسراوە. ئەم دۆسیەیە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی میدیا لە بەرزڕاگرتنی هەمواری یەکەم و بەرگریکردنی دادگا لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە بەرانبەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ سنووردارکردن و سانسۆركردنى ئازادیى ڕاده‌بڕين و ڕۆژنامه‌گه‌رى.
ناوه‌رۆكى كه‌يسه‌كه به جۆرێک بوو ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست بەڵگەنامەی نهێنییان دەست کەوت، کە بە به‌ڵگه‌كانى پێنتاگۆن ناسرابوون. ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه وردەکارییەکانی دەستوەردانی سەربازیی حکومەتی ئەمەریکایان لە ڤێتنامدا خستووەتە ڕوو. ئەم بەڵگەنامانە دەریانخست کە حکومەتى ئه‌مەريكا خەڵکی بەلاڕێدا بردووە سەبارەت بە ڕادە و سروشتی ڕۆڵی ئەمەریکا لە جەنگی ڤێتنامدا. ئیدارەی ڕيچارد نیکسۆن (Richard Nixon) كه سى و شه‌شه‌مين سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا له نێوان ساڵانى (1974-1969) بوو، هەوڵی دا ڕێگری لە ڕۆژنامەکان لە بڵاوکردنەوەی ئەو به‌ڵگانه بکات بە ئاماژەدان بە مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی، كاتێک ئاماژەی بەوە دا بڵاوکردنەوە زیانێکی قەرەبوونەکراو بە بەرژەوەندییەکانی ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئەمەریکا دەگەیەنێت. دادگای باڵاى فيدراڵیى ئه‌مەريكا بە بڕیارى (6-3)، دۆسيه‌كه‌ى لە بەرژەوەندیی ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست يه‌كلا كرده‌وه و ڕێگەی پێ دان بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی به‌ڵگه‌كان. دادگا ئه‌وه‌ى خسته ڕوو حکومەت ئەو بارگرانییە قورسەی سەلماندنى له ئه‌ستۆدايه بۆ پاساوهێنانەوە، له هه‌مان كاتدا هەموارکردنی یەکەمى ده‌ستوور بە توندی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەپارێزێت([13]).
له هه‌مان كه‌يسدا ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و ڕاى گشتى له سه‌ركۆنه‌كردنى هه‌وڵه‌كانى ده‌ستوورشكێنى و سه‌رپێچيكردنى ياسا له لايه‌ن ڕیچارد نیکسۆن ە‌وه، له‌ژێر فشارى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و ڕاى گشتى، دووچارى لێپرسينه‌وه‌ى ياساشكێنى بووه‌وه (Watergate Scandal)، كه سه‌ره‌نجام ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ى له پۆسته‌كه‌يدا لێ كه‌وته‌وه، كه ئه‌مه يه‌كه‌مين نموونه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانەوە‌ى سه‌رۆكى ئه‌مەريكايه پێش ته‌واوبوونى ماوه‌كه‌ى([14]).
له ئه‌نجامدا بڕیارەکەی دادگا جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی میدیا لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا کردەوە، بە تایبەتی لە لێپرسینەوە لە حکومەت. لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە میدیاکان وەک پشکنینێک بۆ دەسەڵاتی حکومەت لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوەی خەڵکەوە کار دەكه‌ن، تەنانەت کاتێک حکومەت هەوڵی سەرکوتکردنی زانیاری دەدات، دادگا بەرگری لە مافی ئازادیى ميديايى بۆ ئاشکراکردنی هه‌وڵه چه‌واشه‌كارييه‌كانى حکومەت کرد. ئه‌م بڕياره ڕۆڵی میدیای وەک پارێزەری بەهاكانى دیموکراسى و حوکمڕانیی دەستووری بەهێزتر کرد.
ته‌وه‌رى سێيه‌م: ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له چوارچێوه‌ى سيستمى ده‌ستووریى فه‌ڕه‌نسادا
له سيستمى ده‌ستووریى فه‌ڕه‌نسادا، ئازادیى ڕاگه‌ياندن و ڕۆژنامه‌گه‌رى (la liberté de la presse) ڕۆڵ و پێگه‌يه‌كى ديار و كاريگه‌رى له دروستكردنى ڕاى گشتى و چاودێريكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌وڵه‌ت هه‌يه. شۆڕشى فه‌ڕه‌نساى ساڵى 1789 له ده‌ره‌نجامى نه‌بوونى ئازادى و له ژێر فشار و كاريگه‌ریى ڕاى گشتیى جه‌ماوه‌ر سه‌ری هه‌ڵدا، بۆيه له چوارچێوه‌ى سيستمى ده‌ستووریى ئه‌م وڵاته‌دا كۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ى ياسايى گرنگ؛ گه‌ره‌نتیى په‌يڕه‌ويكردنى ئازادیى ڕاده‌ربڕين و نووسين له ڕێگه‌ى ئامراز و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن ده‌كه‌ن. له گرنگترين ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش: مادەی (11)ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیى ٢٦ی ئابی ١٧٨٩، كه به‌شێكى جيانه‌كراوه‌يه له بلۆكى ده‌ستوورى فه‌ڕه‌نسا([15])، مادەی (19)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨، مادەی (10)ی ڕێککەوتننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 4ى تشرینی دووەمی ١٩٥٠، دواتر بە یاسای ٢٩ی تەممووزی ١٨٨١ ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە فەڕەنسا ناساندنی تایبەتی پێ درا. وێڕاى بوونى چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌م مافه، هاوكات دادگاى ئه‌ورووپى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ڕۆڵێكى گرنگ له فراوانكردنى پانتايى ئازادييه‌كان و چاودێریى ده‌سه‌ڵات و به‌رگرى له ده‌ستوور ده‌گێڕن([16]).
له فه‌ڕه‌نسا چه‌ندين كه‌يسى پاراستن و به‌رگريكردن له بنه‌ماكانى حوكمڕانيى ده‌ستوورى بوونيان هه‌يه، بۆ نموونه: ئەنجوومەنی دەستووری لە ژێر فشاری جه‌ماوه‌ر و میدیادا، لە ساڵی 2009دا چەند بڕگەیەکی له یاساى برەودان بە بڵاوکردنەوە و پاراستنی داهێنان لە ئینتەرنێتدا هەڵوەشاندەوە)[17](. بڕیارەکە جەختی لە سەر پاراستنی مافە بنچینەییەکان و سنووردارکردنی سەپاندنی یاسا كرده‌وه. ئه‌م بڕياره ده‌يسه‌لمێنێت كه چۆن میدیا و گفتوگۆی گشتی دەتوانن ببنە هۆی بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان. ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستوورى بە لەبەرچاوگرتنی بڕگەی (11) لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیی ساڵی 1789، جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه گەیاندنی ئازادیی بیروڕا یەکێکە لە بەنرخترین مافەکانی مرۆڤ، بۆیە هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت قسە بکات و بنووسێت، چاپکردنی ئازادانە بڵاو بكاته‌وه، جگە لە حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئەم ئازادییە لەو حاڵەتانه‌ى کە یاسا دیاریی دەکات. لە دۆخی ئێستادا ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی بەربڵاوی خزمەتگوزاريیەکانی پەیوەندیی ئینتەرنێتی گشتی، گرنگیی ئەو خزمەتگوزاریيانە بۆ بەشداریکردن لە ژیانی دیموکراسی و دەربڕینی بیروڕاکاندا، ئەم مافە مانای دەستگەیشتنی ئازادييه بەو خزمەتگوزارییانە. بۆيه یاسای هه‌ڵوه‌شاوه ناهاوسەنگی لە نێوان پاراستنی مافی چاپ و مافی ڕێزگرتن لە ژیانی تایبەت دروست دەکات. ئەو ئامانجەی یاسادانەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پێویستی بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوڵاتیيان و دامەزراندنی کۆنترۆڵی گشتی لە سەر پەیوەندییە ئەلکترۆنییەکان، ئه‌مه‌ش بە پێچەوانەی مەرجە دەستوورییەکانی مافی ڕێزگرتن لە ژیانی تایبەتييه([18]).
ته‌وه‌رى چواره‌م: ڕۆڵى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له چوارچێوه‌ى سيستمى ده‌ستوورى عێراقدا
سه‌باره‌ت به ڕۆڵ و كاريگه‌ریى ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقى ساڵى 2005، ماده‌ى (38)ی ده‌ستوور گه‌ره‌نتیى ماف و ئازادیى ڕاده‌بڕين و دروستكردنى ڕاى گشتى له ڕێگه‌ى ميدياى چاپكراو و بيستراو و بڵاوكراوه‌كانى ديكه كردووه، ئه‌مه جگه له ڕه‌خساندنى ئازادیى كۆبوونه‌وه و خۆپيشاندانى هێمنانه له چوارچێوه‌ى ياسا و ئادابى گشتى([19]). سه‌باره‌ت به ئازادييه‌كانى بيروڕاده‌ربڕين له ڕێگه‌ى ناوه‌نده‌كانى ميدياى بينراو و بيسترا و چاپكراو، ئازادیى پێكهێنانى كۆبوونه‌وه و خۆپيشاندانى ئاشتييانه، ده‌ستوورى كۆمارى عێراقى 2005 له ماده‌ى (38)دا، ئه‌و ئازادييانه‌ى به جۆرێک ده‌سته‌به‌ر كردوون كه پێچه‌وانه‌ى سيستمى گشتى و ئادابى گشتى (نظام العام والاداب العام) نه‌بێت و شێوازى په‌يڕه‌ويكردنى به ياسايه‌كى تايبه‌ت گرێ داوه كه له لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ياسادانانه‌وه ده‌رده‌چێت([20]).
به گوێره‌ى بۆچوونى ئێمه، ئه‌م شێوازه‌ى ڕێكخستنى ده‌ستوورى جۆرێک له سنوورداركردنى ئازادييه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت كه گريمانه‌ى ئه‌وه لێ ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتى ياسادانان به پاساوى سيستم و ئادابى گشتى؛ ده‌ست بۆ سانسۆر و سنوورداركردنى ئه‌م ئازادييانه ببات، چونكه چه‌مكى سيستمى گشتى و ئادابى گشتى دوو چه‌مكن ڕاجيايى فيقهى له سه‌ره و هه‌ڵگرى شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ى جياوازن و چوارچێوه‌كه‌يان ناڕوونه، بۆيه ئه‌م چه‌مكه پاساو به ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌وڵه‌ت ده‌دات كه بۆ پاراستنى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و سيستم و ئادابى گشتى له ڕێگه‌ى ياسا و ڕێنماييه‌وه پێشێلى مافه بنه‌ڕه‌تييه‌كان بكه‌ن. له‌م باره‌يه‌وه دادگاى باڵاى فيدراڵیى عێراق له بڕيارێكى مه‌ترسيداردا ئه‌وەی خستووەته ڕوو كه ئه‌گه‌ر بێتوو له ياسادا پرسى سيستمى گشتى و ئادابى گشتى ناڕوون بوو، ئه‌وا ئه‌ركى دادگايه به گوێره‌ى كات و شوێن بڕيار له سه‌ر ماهيه‌تى سيستمى گشتى و ئادابى گشتى بدات([21]). به گوێره‌ى تێگه‌يشتنى ئێمه، ئه‌م بڕياره ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى كه ماناى چه‌مكه‌كه له دادوه‌رێكه‌وه بۆ دادوه‌رێک، له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكى تر، له زه‌مه‌نێكه‌وه بۆ زه‌منێكى تر بگۆڕێت. له لایەكی ديكه‌وه، ئه‌م بڕياره‌ى دادگا و ماده‌ى (35)ی ده‌ستوورى كۆمارى فيدراڵیى عێراق له‌گه‌ڵ ماده‌ى (46)ی ده‌ستووره‌كه ناكۆكه، چونكه له ماده‌ى (46)دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه: جێبەجێكردنى هەر يەكێک لەو ماف و ئازادييانەى لەم دەستوورەدا هاتوون؛ نابێت سنووردار بكرێن تەنها بە ياسا يان بە پشتبەستن بە ده‌قى ياسايى نەبێت، بە مەرجێک ئەو سنوورداركردن و دياريكردنە كرۆكى ماف و ئازادييەكان نەشێوێنێت ([22]). ئه‌م ماده‌ى ده‌ستوور له ڕووى زمانى داڕشتنى ده‌ستوورييه‌وه لێڵ و ناڕوونه، چونكه به ده‌سته‌واژه‌ى لا يكون ده‌ست پێ ده‌كات، له كاتێکدا گونجاوتر بوو به ده‌سته‌واژه‌ى لا يجوز ده‌ستى پێ كردبا، چونكه سيفه‌تى ڕێگریى ته‌واوه‌تى (مانعا) له سنوورداركردنى ماف و ئازادييه‌كان ده‌بوو. له ڕوانگه‌يه‌كى ديكه‌وه سنوورداركردنى مافه‌كانى به ياسا گرێ داوه (إلا بقانون)، كه له لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ياسادانانه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له ڕێگه‌ى ده‌سته‌واژه‌ى أو بنا‌ء عليه مافى داوه‌ته ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن كه له ڕێگاى ڕێنماييه‌وه ئه‌م ماف و ئازادييانه سنووردار بكات، به تايبه‌تى به پاساوى پێويستى (ضرورة) بۆ پاراستنى سيستم و ئادابى گشتى. بۆيه ئه‌م ماده‌يه له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكى ماده‌ى 2 – يه‌كه‌م – ج هاودژه كه تيايدا هاتووه: نابێت ياسايەک دابنرێـت كە لەگەڵ ئەو ماف و ئازادييە بنەڕەتيانەى كە لەم دەستورەدا هاتوون، ناكۆک و ناتەبا بێت .
به شێوه‌يه‌كى گشتى ميدياى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ؛ بنچينه‌ى سەرەکیی گەشەی ديموكراسین، به پێچه‌وانه‌شه‌وه دەشێت میدیا و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن ببنە فاکتەری پاشەکشەی دیموکراسی، چونكه گەشەسەندنی دیموکراسی و حوکمڕانیی باش تا ئەو کاتە بەردەوامیی دەبێت كه کۆمەڵگە هۆشیاریی سیاسیی هەبێت و میدیا و دامەزراوە مەدەنییەکان سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و نه‌بنه پاشكۆى پارت و لايه‌نه سياسييه‌كان و ئازادانه گوزارشت له ڕاى گشتیى خه‌ڵک بكه‌ن.
ته‌وه‌رى پێنجه‌م: ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان
دواى تێپه‌ڕبوونى سى و ساڵ به‌سه‌ر حوكمى ديفاكتۆى به‌ره‌ى كوردستانى و بونيادنانى سيستمى په‌رله‌مانیى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى له كوردستان له ساڵى 1992، دواتر ڕووخانى ڕ‌ژێمى دكتاتۆرى به‌عس له ساڵى 2003 و نووسينه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌ميشه‌يى كۆمارى عێراقى له ساڵى 2005، ده‌سه‌ڵاتى سياسیى كوردى نه‌يتوانى قۆناغى ده‌سه‌ڵاتى نه‌ريتى و حوكمى پارتۆكراسى بۆ قۆناغى حوكمڕانیى ده‌ستوورى و دامه‌زراوه‌يى تێپه‌ڕ بكات. وه‌ک ئه‌وه‌ى سكۆله‌رى ئه‌مەريكى بروس ئا‌كه‌رمان له په‌رتووكى ساته ده‌ستوورييه‌كان دا ئاماژه‌ى پێ ده‌كات، گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له قۆناغى حوكمى نه‌ريتى و كه‌سييه‌وه بۆ حوكمى ده‌ستوورى دامه‌زراوه‌يى؛ ساتێكى مێژوویى گرنگه بۆ نه‌ته‌وه‌كان، به تايبه‌تى له ڕووى گه‌شه‌سه‌ندنى دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كان و په‌روه‌ر‌ده‌كردنى كو‌لتوورى ديموكراسى.
وێڕاى نه‌بوونى ده‌ستوورێک بۆ سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى سياسى و به‌خشينى به‌هاى باڵاى ده‌ستوورى به ماف و ئازادييه‌كان، به تايبه‌تى ئازادیى ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و كاراكردنى ڕۆڵيان له دروستكردنى ڕاى گشتى له سه‌ر پرسه سياسى و ئابوورى و جڤاتييه‌كان، هاوكات ياساى ڕۆژنامه‌گه‌ریى ژمارە (35)ی ساڵى 2007 ده‌سته‌به‌رى ماف و ئازادييه‌كانى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كردووه، به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره‌ى به‌رده‌م ئازادیى ڕاگه‌ياندن و ڕاى گشتى ته‌نها به ده‌ركردنى ياسا چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه زۆر جار ياسا ده‌بێته ئامرازێک له ده‌ستى ئه‌كته‌رە سياسى و پارته‌كان بۆ بێبه‌شكردنى هاوڵاتيیان له ماف و ئازادييه‌كان، به‌ڵكوو بۆ ده‌سته‌به‌رى ئازادیى ميديايى، پێويسته ئيراده‌يه‌كى سياسیى ڕژد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مێنتاڵيتى خێڵه‌كى و وه‌همى سه‌ركرده‌ى كاریزماى پۆپۆليست، سه‌ربه‌خۆبوونى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن و ميدياكاران ئاماده‌يى هه‌بێت.
پسپۆڕانى ياساى ده‌ستوورى هاوچه‌رخ ئاماژه به كۆمه‌ڵێک ده‌رد و نه‌خۆشیى حوكمڕانیى ده‌ستوورى ديموكراسى ده‌كه‌ن، كه دووچارى پڕۆسه‌ى حوكمڕانیى وڵاتان بوونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش سه‌رهه‌ڵدانى سه‌ركرده‌ى كاریزماى پۆپۆليست، خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات له لايه‌ن پارته سياسييه‌كان، قۆستنه‌وه‌ى ياسا بۆ پێشلكردنى ماف و ئازادييه‌كان، چونكه له سه‌رده‌مى ئێستادا ده‌سه‌ڵاتداران خاوه‌نى دادگا و ده‌زگاكانى بيرۆكراسين، ئابوورى و دارايى وڵات مۆنۆپۆل ده‌كه‌ن، سه‌ره‌نجام ئه‌مه كاريگه‌رى و كاردانه‌وه‌ى ده‌بێت بۆ سه‌ر ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنى فه‌رمانبه‌رانى داموده‌زگاكانى وڵات. به‌شى زۆرى ئه‌م شێوه له خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌ش له ڕێگه‌ى ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندنه‌وه مه‌يسه‌ر ده‌بێت، كه به هۆيه‌وه ڕاى گشتیى جه‌ماوه‌ر ده‌شوێنن و به‌لاڕێیدا ده‌به‌ن([23]).
په‌ره‌سه‌ندندنى ديارده‌ى كۆيلايه‌تیى مۆدێرن (Modern Slavery) وه‌ک ديارده‌يه‌كى جيهانى، كاريگه‌ریى نه‌رێنیى گه‌وره‌ى له سه‌ر كارى ميديایى و ئيراده‌ى گشتیى خه‌ڵک دروست كردووه، به جۆرێک زۆرێک له‌وانه‌ى له نێو ده‌زگاكانى ميدياىی كار ده‌كه‌ن، به ناچارى و بێ ويستى ئازادیى خۆيان و له پێناو داهاتى ژيانيان كار ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن به‌رگرى له سته‌مكارييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتيش بكه‌ن، بۆيه ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ى ده‌زگاكانى ميديايى و ميدياكاران هه‌وڵى دروستكردنى سه‌رۆكى كاريزماى ساخته و پۆپۆليست و به‌كه‌سيكردنى ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و به‌رگرى له كار و پڕۆژه سياسييه‌كانيان ده‌كه‌ن([24]).
ديارده‌ى كۆيلايه‌تیى مۆدێرن به شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له نێو كارى ميديايى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌دى ده‌كرێت، كه سه‌رنجام ميدياكاران بوونه‌ته به‌شێک له ڕه‌وايه‌تيدان به ده‌سه‌ڵاتى نه‌ريتى و بنه‌ماڵه‌يى و كه‌سى، ته‌نانه‌ت زۆرێک له ده‌زگاكانى ميديايى و ميدياكاران نه‌ک كاريگه‌رييان له جووڵاندنى ڕاى گشتى بۆ داواكردنى مافی سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى نييه، ته‌نانه‌ت هۆكارى سه‌ره‌كين بۆ له‌باربردنى ده‌نگ و ئيراده‌ى گشتى، بۆيه كاركردنى ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن به‌م شێوازه ناتوانن ببنە فاكته‌رێک بۆ دروستكردنى ڕاى گشتیى خۆڕسكانه و دوور له ويستى پارت و گرووپه سياسييه‌كان، به‌م جۆره‌ش ڕيفۆرمێكى ڕيشه‌يى له بوارى حوكمڕانى و به‌رگرى له مافه‌كان له هه‌رێمى كوردستان نايه‌ته كايه‌وه.
ده‌ره‌نجام
كاتێك كيانێكى سياسى بڕيار له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى و دامه‌زراوه‌يى ده‌دات، پێويسته شێواز و چوارچێوه‌ى پياده‌كردن و چۆنيه‌تیى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ى ده‌ستووره‌وه ڕێک بخات، له‌م ڕوانگه‌يه‌وه ده‌ستوور وه‌ک په‌يمانێكى كۆمه‌ڵايه‌تیى نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵات ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى باڵاى ڕه‌وايه‌تیى ده‌سه‌ڵاتى سياسى، لێره‌دا ده‌سه‌ڵات له بريكارى كاتیى گه‌ل بترازێت هيچى تر نييه. هه‌ر كاتێكيش ده‌سه‌ڵات سه‌رپێچیى له به‌نده‌كانى ده‌ستووره‌كه كرد، ئه‌وا گه‌ل مافى به‌ره‌نگارى و گۆڕينى ده‌سه‌ڵاتى ده‌بێت. به‌ڵام له سه‌رده‌مى هاوچه‌رخدا، وێڕاى بوونى ده‌ستوور و ياسا و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى ده‌ستوورى وه‌كوو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگاكان، به‌ڵام زۆر جار ئه‌كته‌ره سياسييه‌كان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييانه ده‌خه‌نه خزمه‌ت ڕه‌وايه‌تيدان به درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى حوكمڕانى له دەره‌وه‌ى ماوه‌ى ده‌ستوورى و ياسايى و پێشێلكردنى ماف و ئازادييه ده‌ستوورييه‌كان كه له چوارچێوه‌ى هزرى ده‌ستوورى پێى ده‌گوترێت Abusive Constitutionalism . ئه‌م شێوه هه‌وڵانه‌ى ده‌ستوورشكێنى زياتر له‌و كۆمه‌ڵگايانەدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه سروشتى ده‌سه‌ڵات تيايدا ده‌سه‌ڵاتى نه‌ريتیيه (Traditional Authority)، له‌م ڕوانگه‌يه‌شەوە ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له بریى ئه‌وه‌ى ببن به فاكته‌رێک بۆ دروستكردنى ڕاى گشتى و پاسه‌وانيكردن له ماف و ئازادييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌مكارييه‌كانى ده‌سه‌ڵات، ده‌بنه به‌شێک له‌و ده‌زگايانه‌ى كه درێژه به سته‌مكارييه‌كانى ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن.
له‌م سۆنگه‌يه‌وه ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له دروستكردنى ڕاى گشتى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌مكاریى ده‌سه‌ڵات له سيستمى ده‌ستووریى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا و سيستمى ده‌ستووریى فه‌ڕه‌نسا ڕۆڵى گرنگ و كاريگه‌ر ده‌گێڕن، كه زۆر جار نه‌ک ته‌نها كاريگه‌رييان له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ياسادانان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ياساى نادادپه‌روه‌ر هه‌بووه، ته‌نانه‌ت بوونه‌ته فاكته‌رێک بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور و ياسا و ته‌نانه‌ت له‌كارلادانى سه‌رۆكى وڵاتيش، به پێچه‌وانه‌وه ميديا و ناوه‌نده‌كانى ڕاگه‌ياندن له عێراق و هه‌رێمى كوردستان نه‌ک كاريگه‌رييان له سه‌ر دروستكردنى ڕاى گشتى له داكۆكيكردن له ماف و ئازادييه ده‌ستوورييه‌كانى هاوڵاتيیان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى ده‌ستوورشكێنى نييه، به‌ڵكوو بوونه‌ته ئامرازێک به ده‌ستى پارت و گرووپه سياسييه‌كان و كاركردن له پێناو خزمه‌تكردن به به‌رژه‌وه‌ندیى تايبه‌تى پارته سياسييه‌كان و ئه‌كته‌ره سياسييه‌كان و به‌رگريكردن له سته‌مكارييه‌كانى ده‌سه‌ڵات.
[1] James Madison, Federalist No. 51 (1788), “If men were angels, no government would be necessary. If angels were to govern men, neither external nor internal controls on government would be necessary”.
[2] JOHN HOHENBERG, THE PROFESSIONAL JOURNALIST A Guide to the Practices and Principles of the News Media, 4th Edition, New York, Chicago, 1983, pp 5-6.
[3] د. كه‌مال سه‌عدى، ياساى ڕۆژنامه‌گه‌رى، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌كانى (O.P.L.C) پڕۆژه‌ى ماف بۆ به‌رهه‌مه ياساييه‌كان، ژماره (6)، هه‌ولێر، 2003، لا19.
[4] S Odugbemi, Public Opinion, the Public Sphere, and Quality of Governance: An Exploration in S Odugbemi and T Jacobson (eds), Governance Reform under Real World Conditions (World Bank 2008) 15-37.
[5] Mark Bevir, Encyclopedia of governance, ibid. pp, 772.
[6] E. Noelle-Neumann, The Theory of Public Opinion: The Concept of the Spiral of Silence, Political Communication 2023, pp115-146.
[7] د. فتحى عبدالنبي الوحيدي، ضمانات نفاذ القواعد الدستورية، كلية الحقوق ، القاهرة، 1982، ص277.
[8] Vincent Price, Public Opinion, SAGE Publications – University of Pennsylvania, USA, 1992, pp 10-50.
[9] Dred Scott v. Sandford (1857) https://www.archives.gov/milestone-documents/dred-scott-v-sandford#:~:text=In%20this%20ruling%2C%20the%20U.S.,slavery%20from%20a%20Federal%20territory accessed 2 February 2024.
[10] هەر چەندە دەستوورى ئه‌مەريكا (27) جار بە فەرمی هەموار کراوەتەوە، بەڵام هەموارکردنی بیست و یەکەم (لە ساڵی ١٩٣٣ پەسەند کراوە) تاکە هەموارکردنە کە هەموارکردنێکی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەویش هەمواری هەژدەیەم (لە ساڵی ١٩١٩ پەسەند کراوە) کە تايبه‌ت بوو به بابه‌تى دروستکردن، فرۆشتن، گواستنەوەی مەیی سەرخۆشکەر . بۆ زانياریى زياتر بڕوانه:
Robert P. George, David A. J. Richards, The Twenty-First Amendment “Repeal of Prohibition”, https://constitutioncenter.org/the-constitution/amendments/amendment-xxi/interpretations/151. last visited: 2-2-2024.
[11] “Were it left to me to decide whether we should have a government without newspapers or newspapers without a government, I should not hesitate a moment to prefer the latter”. Thomas Jefferson, The Works, vol. 5 (Correspondence 1786-1789), edited by Paul Leicester Ford in 1904-05, https://oll.libertyfund.org/quotes/jefferson-s-preference-for-newspapers-without-government-over-government-without-newspapers-1787.
[12] U.S. Supreme Court: Associated Press v. NLRB, 301 U.S. 103, 130 (1937) (ruling that applying an antitrust law to the Associated Press did not violate either the freedom of speech or of the press).
[13] “New York Times Company v. United States.” Oyez, www.oyez.org/cases/1970/1873. Accessed 22 Oct. 2024.
[14] Xi, Ning (2022) “The Downfall of a President: The Media Coverage of Richard Nixon’s Resignation,” Armstrong Undergraduate Journal of History: Vol. 12: Iss. 3, Article 6.
[15] لە مادەی ١١ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیبووندا هاتووە کە “هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت بە ئازادی قسە بکات، بنووسێت، چاپ بکات، تەنها وەڵامدانەوە نەبێت بۆ خراپ بەکارهێنانی ئەم ئازادییە لەو حاڵەتانەی کە یاسا دیاریی کردووە”.
[16] Bertrand de LAMY, La Constitution et la liberté de la presse, Nouveaux Cahiers du Conseil constitutionnel n° 36 (Dossier : La liberté d expression et de communication) – juin 2012.
[17] LOI la diffusion et la protection de la création sur internet.
[18] Décision n° 2009-580 DC du 10 juin 2009, Lois relatives à l informatique, aux fichiers et aux libertés 16.24.2.3. Loi favorisant la diffusion et la protection de la création sur internet (loi n° 2009-669 du 12 juin 2009).
[19] ماده‌ى (38) له ده‌ستوورى كۆمارى عێراقى 2005: دەوڵەت ئەم خاڵانەى خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ بە مەرجێک نەبێـتە هۆى تێكچوونى ياسا و ئادابى گشتى:
يەكەم: ئازادیى دەربڕين بە هەموو شێوەكان.
دووەم: ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و چاپكردن و ئاگادارى و ڕاگەياندن و بڵاوكردنەوە.
سێيەم: ئازادیى كۆبوونەوە و خۆپيشاندانى هێمنانە بە ياسا ڕێک دەخرێت.
[20] بڕوانه ماده‌ى (38) له ده‌ستوورى كۆمارى عێراق 2005.
[21] “إن مفهوم النظام العام والآداب العامة الواردين في الدستور من المفاهيم التي وردت في العديد من التشريعات وأن القضاء هو الذي يقرر ذلك وهي تختلف حسب الزمان والمكان”، رقم القرار :63/إتحادية /2012، تاريخ القرار: 11\10\2012.
[22] المادة (46) من د‌ستور جمهورية العراق 2005: “لايكون تقييد ممارسة أي من الحقوق والحريات الواردة في هذا الدستور أو تحديدها الا بقانون أو بنا‌ء عليه، على ألا يمس ذلك التحديد والتقييد جوهر الحق أو الحرية”.
[23] Tom Ginsburg and Aziz Z. Huq, “How to Save a Constitutional Democracy”, University of Chicago Press, 2018.
[24] Pupavac Drago, “Modern Slavery as a Global Phenomenon”, Poslovne studije, 2020, pp 71.