• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 22, 2025

شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل: گواستنەوەی گۆڕەپانی شەڕ بۆ تاران

شرۆڤەی (یەكەم)

مەیسەم مورادی

 خوێندکاری ماستەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی زانکۆی ڕۆسکیلدەدانیمارک

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشێکی زۆری هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی کرد; شەڕێکی ١٢ ڕۆژە کە دەسەڵاتی ئێرانی تا لێواری هەڵدێران برد، بە نووسینێکی دۆناڵد ترەمپ، جێگۆڕکێی پێکرا بۆ ئاگربەستێکی سۆشیاڵ میدیایی. ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کاتێک باسی لێکرا کە دۆناڵد ترەمپ بە نووسینێک لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا باسی لێوەکرد (١). ئاگربەستێک کە لە چوارچێوەی هیچ دەق و نووسینێکدا نییە و بەرپرسانی باڵای ئەو دوو دەوڵەتە واژۆی هیچ ڕێکەوتنێکیان نەکردووە، ناکرێت وەک ئاگربەستێکی فەرمی نێودەوڵەتی باسی بکرێت، بەڵکو ئەم ئاگربەستە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی پێشێل بکرێت.

بۆ باشتر تێگەیشتن لە ئاکامی ئەم شەڕە، دەبێت ئامانج یان ستراتیژییەکانی هەر دوولایەن لەم شەڕەدا بە وردی هەڵبسەنگێنین. ئیسرائیلییەکان و بەتایبەت بنیامین ناتانیاهوو، دوای ساڵانێکی زۆر لە هەڕەشەکردن لە ئێران، لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ١٣ی  مانگی ٦دا هێرشێکی چەند لایەنە و قوورسیان کردە سەر ئێران (٢). هێرشەکانی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بە ئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییەکانی ئێران و دواتر هێرش بۆ سەر دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئێران، ئەو پەیامەی ڕوونکردەوە کە ئیسرائیلییەکان بەدوای ئەوە بوون کە دۆخی گۆڕینی ڕژیمی ئێرانیان دروست بکەن. ئامانجەکانی ئیسرائیل لەم هێرشەدا دەکرێت لە دوو بەشدا دابەش بکرێت: کورت-مەودا، بریتیبوو لە هێرشێکی قورس کە بشێوی لە نێوان دەسسەڵاتدارانی ئێران بڵاوبکاتەوە و ئێرانییەکان بخاتە دۆخێکەوە بڕیاری هەڵە بدەن، بۆ نمونە تاکتیکی Decapitation یان بەئامانجگرتنی سەری دەسەڵاتدارە سەربازییەکانی ئێران، لە پلانی کورت-مەودای ئیسرئیلدا بوو. هاوکات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازی، ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، کە بەشێکیان لەڕێگەی کۆماندۆکانی سوپای ئیسرائیل لە سەر خاکی ئێران ئەنجامداربوو، بەشەکی دیکەی ئەم پلانە بوو.

بەشی دووەمی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خاوەن پلانێکی درێژ-مەودا بوو. پلانی درێژ-مەودای ئیسرائیل، گۆڕینی ڕژیمی ئێران بووە (٣). ئیسرائیلییەکان ساڵانێکی زۆرە باس لەوە دەکەن کە بەدوای گۆڕینی ڕژیمی ئێرانن و لەم ئاڕاستەیەدا پلانی جیاوازیان لەپێش گرتبوو.

لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، پلانی کورت-مەودای ئیسرائیل، دوای کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئێران، بەباشی چووەپێشەوە. سەرگرتنی پلانی قۆناغی کورت-مەودای ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، لەسەر شانی ئیسرائیل بوو. سوپا و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم بەشە کردبوو و توانیان قۆناغ بە قۆناغ بیبەنە پێشەوە. بەڵام بۆ پلانی درێژ-مەودا، بەشێکی پلانەکە لەدەست ئیسرائیلدا نەبوو، بەڵکو ئەوە خەڵکی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەبوو جێبەجێکەری بوایان. ئیسرائیلییەکان پێیان وابوو کە بە هێرشێکی لەوشێوەیە بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران و بە کەڵکوەرگرتن لە بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئێران، دەرفەتی ڕاپەڕین لەدژی دەسەڵاتی ئێران دەڕەخسێت. هەڵسەنگاندنی ئیسرائیلییەکان ئەوە بوو کاتێک هێرشێکی قوورس بکەنە سەر دەسەڵاتی ئێران، باڵی سەربازی ئێران بیر لەوە دەکاتەوە کە لە زووترین کاتدا خۆی کۆبکاتەوە و پێش بە هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت و ئەمە دەتوانێت هاندەری خەڵک بێت بۆ ئەوەی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆپێشاندان بکەن. سەرنەگرتنی پلانی درێژ-مەودای ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە: ئیسرائیلییەکان خوێندنەوەیەکی دروستیان لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نەبوو و هەوڵیان دەدا بە زەقکردنەوەی ڕەزا پەهلەوی، هەستی نەتەوەگەرایی ئێران بجووڵێنن لەدژی کۆماری ئیسلامیی. هاوکات هەڵسەنگاندنی ئیسرائیلییەکان لەسەر ئەوەی کە بەبێ گوێدانە کورد، بەلوچ و عەرەب، پرۆژەی گۆڕینی ڕژیمی ئێران سەردەگرێت، سەرکەوتوو نەبوو. بەپێچەوانەی خوێندنەوەی ئیسرائیلییەکان، ناسیۆنالیزمی ئێرانی توانی کە خەڵکی ناوەندی ئێران و تەنانەت بەشێک لەو کەسانەی کە خۆیان بەدژبەری کۆماری ئیسلامیی دەناسن، یەکگرتوو بکات بۆ ئەوەی لەدژی شەڕ بوەستنەوە و تەنانەت سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن و لە کۆتاییدا لە پشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستن.

نەناسینی عەقڵی ئێرانی و پێگەی کەسانێک وەک ڕەزا پەهلەوی، هۆکارێک بوو کە ڕیسکی ڕاپەڕینی خەڵکی لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئیسرائیل بردە سەرەوە. بۆیە ئیسرائیلییەکان بیریان لەوە کردەوە کە هێرشەکانی خۆیان ڕابوەستێنن. ڕۆژی پێش ”ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل”، هێرشەکانی ئیسرائیل لە تاران ئەوەی دەرخست کە ئیسرائیلییەکان بەدوای وەستای هێرشەکانی خۆیان بوون. بۆ نمونە هێرش بۆ سەر کاتژمێری ”لەناوبردنی ئیسرائیل” لە گۆڕەپانی فەلەستین لە تاران (٤). ئەم هێرشە پەیامی ئەوەی گەیاند کە ئیسرائیلییەکان لە دوا ڕۆژەکانی هێرشەکانی خۆیاندان لە تاران; ڕیسکی ئەوەی کە فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل بچێتە سەر ئاسمانی تاران و بەتەنیا کاتژمێرێک بکاتە ئامانج، خاڵی کۆتایی هێرشەکانی ئیسرائیل بوون لە ناو تاران لەو شەڕەدا.

ئیسرائیل هاوکات توانی کە سەرکەوتنی زۆر لەم شەڕەدا بەدەست بهێنێت، لەوانە کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئێران. کەسانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە ناو دامودەزگاکانی ئێران. کوشتنی کەسانێک لە ئاستی باڵادا. ناردنی کۆماندۆ بۆ ناو خاکی ئێران. هێرشە سایبرییەکان. لەناوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. گواستنەوەی گۆڕەپانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە سنوورەکانی ئیسرائیل بۆ تاران و زۆر بابەتی دیکە، خاڵی بەهێزی ئیسرائیل بوون لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا. بەڵام ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی پلانی کورت-مەودای ئیسرائیلدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئەوەی کە دەمێنێتەوە، پلانی درێژ-مەودای ئیسرائیلە، کە ئیسرائیلییەکان ناچار دەکات بەجۆرێکی دیکە بیر لە جێبەجێکردنی بکەنەوە.

لە بەرامبەردا ئێرانییەکان توانیان لە ماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕدا بەردەوامی بدەن بە هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل. دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ وادەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئێرانییەکان تا دوا ساتی دەستپێکردنی ئاگربەست، هێرشی مووشەکییان کردە سەر ئیسرائیل، کە ئەمە بە واتای ئەوەیە کە ئێران هێشتا توانای مووشەکی خۆی بەشێوەی گشتی لەدەستنەداوە و دەتوانێت تەنانەت لە ئەگەری بەریەککەوتنەکانی داهاتووی خۆیدا لەگەڵ ئیسرائیل، بەردەوامی بدات بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل. ئەوەی کە جێگەی سەرنج بوو لەم شەڕەدا، ئەوە بوو کە ئێرانییەکان ساڵانێکی زۆر بوو باسیان لەوە دەکرد کە ئەگەر ڕۆژێک هێرش بکرێتە سەریان هەموو ناچەکە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و هەموو گرووپەکانی سەر بە ”محور مقاومت” بەشداری شەڕێکی لەوشێوەیە دەکەن، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی شەڕی ١٢ ڕۆژە ئێران و ئیسرائیل، ئەوە دەردەکەوێت کە هیچ یەک لەو گرووپانە نەبوون بە لایەنێکی بەشدار لە شەڕەکەدا و تەنانەت ئێران لە تەنیاییەکی نێودەوڵەتیدا خۆی دەبینیەوە.

چوونەسەرەوەی ئاستی خەسارەکانی شەڕ، وایکرد کە ئێرانییەکانیش ئەو ئاگربەستەی کە دۆناڵد ترەمپ باسی کردبوو، قبوڵ بکەن. بەڵام هاوکات باسکردنی دۆناڵد ترەمپ لە ”تەسلیمبوونی بێمەرج” بۆ ئێرانییەکان، ئەو ترسەی لایان دروست کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای ئەوەن کە مێژووی وڵاتی لیبیا لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمجارە لە ئێران دووپات بکەنەوە (٥). واتە بەدەستدانەوەی هەموو پرۆگرامی ئەتۆمی-مووشەکی و چاودێریکردنی هەموو هەوڵەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە. گرفتی بنەڕەتی ئەمریکا لەگەڵ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران و هاوکات لەگەڵ هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل، ئێرانییەکانی خستوەتە دۆخێکەوە کە دەبێت بڕیارێکی مێژوویی بدەن. بژاردەکانی بەردەم ئێرانییەکان لەم کاتەدا دەتوانن زۆر نەبن، واتە بەجۆرێک خۆیان لەنێوان هێرشی دوبارەی ئیسرائیل یان تەسلیمبوونی بێمەرج و کۆتایهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندا بێت.

مێژووی بەریەککەوتن و شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە ماوی ئەو ١٢ ڕۆژەدا دەستیپێنەکرد و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کاتی هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە ناکرێت باس لەوەش بکرێت ئەم شەڕە بە ئاگربەستێکی ساکار بوەستێت، بەڵکو دەتوانێت درێژەی هەبێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژی تر. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاستی بەریەککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتەی برزکردەوە بۆ بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی دوو ئەکتەری دەوڵەتی دژ بە یەک. ئەم بەرزبوونەوەی ئاستی بەریەککەوتنانە، دەتوانێت تەنانەت هۆکاری سەرەکی بێت بۆ ئەوەی کە ئێرانییەکان بیر لەوە بکەنەوە بە هەمووشێوەیەک خوپارێزییەک بۆ خۆیان دروست بکەن. ئەزموونی وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە کە هێرشی دەرەکی کراوەتە سەریان، ئەوە بە ئێرانییەکان دەڵێت کە دەبێت لە زووترین کاتی گونجاودا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی بدەن و بە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، ئاستی خۆپارێزی خۆیان ببەنە سەرەوە و بەمجۆرە مانەوەی خۆیان زیاتر مسۆگەر بکەن. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دکەن ئێران هێشتا ٤٠٠ کیلۆگەرام یۆرانیۆمی ٦٠% پیتێندراوی هەیە و دەتوانێت لەکاتێکی کەمدا گەشەی پێبدات بەرەو ئاڕاستەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی (٦). هاوکات ئیسرائیلییەکان هەمووکات باسیان لەوە کردووە کە ناهێڵن ئێرانییەکان دەستیان بەچەکی ناوەکی بگات و وەک مەترسییەکی بنەڕەتی بۆ خۆیان دەیبینن. ناڕوونی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، هاوکات دۆخی ئێستای ئێران کە ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ژێر هێرشی بەردەوامی فڕۆکەکانی ئیسرائیلیدا بووە، ئەوەمان پێدەڵێت کە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەتوانێت زۆر زەحمەت بێت و تەنانەت ئیسرائیلییەکان بیر لەوە بکەنەوە  ئەمجارە بەشێوەیەکی دیکە هەڵبکوتنەوە سەر ئێران  و ڕێگە  بە ئێرانییەکان نەدەن جارێکی دیکە لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل ئاگری شەڕ بەرپا بکات، بەڵکو جارێکی دیکە لە ناوخۆی ئێران، بەتایبەت لە تاران، بەشێوەیەکی دیکە بەرەنگاری ئێران ببنەوە. ئەوەی کە گرنگە زۆر بە وردی سەرنجی بدرێت، ئەوەیە کە ئیسرائیلییەکان توانیویانە گۆڕەپانی شەڕی خۆیان لەگەڵ ئێران، بگوازنەوە بۆ قووڵایی خاکی ئێران و لە تاران لەگەڵ ئێرانییەکان شەڕی خۆیان بکەن، جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو کە ئێرانییەکان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل، شەڕی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکرد.

سەرچاوەکان:

1- A whirlwind 48 hours: How Trump’s Israel-Iran ceasefire agreement came together, The Associated Press, https://apnews.com/article/trump-iran-israel-ceasefire-agreement-terms-b5fc5cc8a8c32b4899646130b496798a

2- Israel strikes Iran’s nuclear sites and kills top generals. Iran retaliates with missile barrages. The Associated Press, https://apnews.com/article/iran-explosions-israel-tehran-00234a06e5128a8aceb406b140297299

3- Netanyahu speaks of regime change in Iran; what he means is regime destruction, Peter Beaumon,the Guardia, https://www.theguardian.com/world/2025/jun/17/netanyahu-israel-iran-regime-change-destruction

4- در حمله اسرائیل به تهران؛ «روزشمار نابودی اسرائیل» در میدان فلسطین نابود شد، ایران اینترناشنال،  , https://www.iranintl.com/202506230521

5- Trump calls for Iran’s ‘unconditional surrender’ as Israel-Iran air war rages on, Parisa Hafezi, Jaidaa Taha and Maayan Lubell, Reuters, https://www.reuters.com/business/aerospace-defense/trump-urges-tehran-evacuation-iran-israel-conflict-enters-fifth-day-2025-06-17/

6- U.S. strikes on Iran’s nuclear sites set up “cat-and-mouse” hunt for missing uranium, Francois Murphy and John, Irish, https://www.reuters.com/world/europe/us-strikes-irans-nuclear-sites-set-up-cat-and-mouse-hunt-missing-uranium-2025-06-29/

Send this to a friend