سولەیمان چەڤیک: لە (٢٠) ملیۆن کورد لە تورکیا، تەنها (٥٠) هەزار خوێنەری بڵاوکراوە کوردییەکان هەیە
چاوپێکەوتن: تورکیاناسی
کتێبو چاپو بڵاوکردنەوە بە یەکێک لە هەرە گرنگترین بوارەکانی پاراستنی زمانو ئەدەبو کولتووری هەر نەتەوەیەک دادەنرێت. لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەی وەرزنامەی تورکیاناسیدا بەپێویستزانرا ئاوڕێک لە دۆخی چاپەمەنیو بڵاوبوونەوەی کتێبو گۆڤار بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستانو تورکیا بدرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لەم ژمارەیەی وەرزنامەی تورکیاناسیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز سولەیمان چەڤیک (Süleyman Çevik)؛ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نوبەهار کراوە.
سولەیمان چەڤیک (Süleyman Çevik)؛ نوسەر، ڕۆژنامەنووسو کەسایەتیی کورد لە تورکیا، لە ساڵی (١٩٥٦) لە دیاربەکر لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ دەستیکردووە بە نوسینو لەمەش زیاتر سەرقاڵی چاپو بڵاوکردنەوەی کوردی بووە. ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی چاپو بڵاوکردنەوەی نوبەهار (Nubehar Yayınevi)ەو لە هەمان کاتدا سەرنوسەری گۆڤاری نوبەهارە، کە گۆڤارێکی ئەکادیمییەو بە زمانی کوردی/ کرمانجی لەلایەن ناوەندی چاپو بڵاکردنەوەی نوبەهارەوە بڵاودەکرێتەوە.
لەم چاوپێکەوتنەدا بەڕێز سولەیمان چەڤیک تیشکیخستووەتەسەر دۆخی زمانی کوردیو چاپو بڵاوکردنەوەی کتێبو گۆڤارو ڕۆژنامەگەری لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا. چەڤیک لەگەڵ ئاشکراکردنی چەندن زانیاریی گرنگ دەربارەی ناوەندەکانی چاپو بڵاوکردنەوەو ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان، ڕاڤەی بۆ دوایین پێشهاتەکانی تورکیاو پڕۆسەی ئاشتیو کاریگەریی لە سەر فراوانبوونی مەودای ئازادیی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەوانی بۆ کوردو نوسینو چاپو بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی خستووەتەڕوو.
گرنگیو چێژی نەبڕاوەی ئەم چاوپێکەوتنە لەوەدایە، کە بە زمانی شیرینی کوردی گفتوگۆیەکی ئەکادیمی لە نێوان وەرزنامەی تورکیاناسیو سولەیمان چەڤیکدا کراوە.
تورکیاناسی: دۆخی چاپەمەنیو ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا چۆن بووە؟
سولەیمان چەڤیک: وەک دەزانن لە کۆتاییەکانی تەمەنی دەوڵەتی عوسمانی سەرجەم نەتەوەکانی ژێردەستی ئەو دەوڵەتە بە زمانی خۆیان دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەو کتێب. کوردیش بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٨٩٨) ڕۆژنامەی “کوردستان”ی دەرکرد. دوای ئەوەش هەتا ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانیو دامەزراندنی کۆماری تورکیا چەندین ڕۆژنامەو گۆڤاری وەک “ژین، ڕۆژی کورد، هەتاوی کورد، ئیستیقلال …هتد” بە زمانی کوردی لەلایەن ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرە کوردانەوە دەرکران، کە هاتبوونە ئەستەنبوڵ. لە هەمان کاتدا ژمارەیەک کتێب بە زمانی کوردی چاپکراون، لەوانەش “مەولوودنامە”ی مەلا حسێنی باتەیی، لە ساڵی (١٨٩٩)و مەولوودنامەی زازاکی، کە لەلایەن مەلا ئەحمەدی خاسێوە نوسراوە، لە دیاربەکر چاپکراوە، ئەمەش کارێکی سەرنجڕاکێش بووە لەو سەردەمەدا. هەروەها لە ساڵی (١٩١٨) مەمو زین لەلایەن حەمزەی موکسیو دیوانی مەلا ئەحمەدی جزیری لەلایەن شەفیق ئارواسییەوە چاپکراوە. لەمانەش گرنگتر، پێش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی کتێبی ئینجیل بە زمانی کوردی/ کرمانجیو بە پیتی ئەرمەنی چاپکراوە. ئەمەش لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەرمەنی لە ناوچە کوردییەکاندا ژیاون، بەڵام زمانی ئەرمەنییان لەبیرچووەتەوەو فێری زمانی کوردی بوون. هەروەها دیوانی مەولانا خالیدی بەغدادی (شارەزووری) چاپکراوە. پاش دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا، هەموو چالاکیو بڵاوکراوەیەک بە زمانی کوردی قەدەغەدەکرێت. سەرەڕای سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی شێخ ڕەزای دەرسیمو جوڵانەوەی شێخ سەعیدی کوردی (نورسی)، بەڵام هەتا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هیچ جۆرە چالاکییەکی کولتووریو ڕۆژنامەوانیو چاپەمەنی بە زمانی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان نەبووە. لە ساڵی (١٩٥٩) ڕۆژنامەیەک بە ناوی (الشرق) لەلایەن موسا عەنتەرەوە لە دیاربەکر دەردەکرێت، بەڵام بە بیانووی قەدەغەبوونی دەرکردنی ڕۆژنامە بە زمانێکی قەدەغەکراو بەدەر لە زمانی فەرمیی دەوڵەت، موسا عەنتەر دەدرێتە دادگاو ڕۆژنامەکەش دادەخرێت. دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (١٩٦٠)، “یاسای بنەڕەتیی تورکیا” لە بریی دەستوور دەردەکرێت، ئەم یاسا بنەڕەتییە بە باشترین دەستوور دادەنرێت لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا. هەر لەم چوارچێوەیەدا شەش حەوت ڕۆژنامەو گۆڤار بە زمانی کوردی چاپو بڵاوکرانەوە. بۆ نموونە ڕۆژنامەی “دەنگ” لە ساڵی (١٩٦٥) بڵاوکرایەوە. پاشان دۆزی کورد لە میدیای تورکیادا دێتەبەر باس. لە کۆتایی شەستەکاندا مەمو زینو شەرەفنامە لەلایەن محەمەدئەمین بۆز ئارسڵانەوە وەردەگێڕدرێت بۆ تورکیو بڵاودەکرێتەوە. فەرهەنگێکی کوردی-تورکی لەلایەن موسا عەنتەرەوە بڵاودەکرێتەوە. بەم جۆرە لە سایەی کودەتا سەربازییەکەی (١٩٦٠)دا ئازادییەکی ڕێژەیی بۆ کورد دێتەکایەوە. لە سەرەتای حەفتاکانەوە پارتی کرێکارانی تورکیا دادەمەزرێت، لەبەرئەوەی ئەم پارتە خاوەنی ئایدۆلۆژیای چەپ بووە، چەندین کەسایەتیی کورد دەڕۆنەناو پارتەکەوە. لەم چوارچێوەیەدا دۆزی کورد چڕتر دێتەبەر باسوخواس، تەنانەت چەند پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی کرێکارانی تورکیا لە پەرلەمان قسە لە سەر دۆزی کورد دەکەن. لێرەوە قسەکردن لە سەر دۆزو زمانی کوردی زیاتر بڵاودەبێتەوەو دەگاتە ناو خوێندکارانی زانکۆو قوتابخانەکان. دوای دروستبوونی کێشە لە نێوان کەسایەتییە کوردەکانی ناو پارتی کرێکارانی تورکیاو بەرپرسانی باڵای حیزبەکەدا ئیدی کوردەکان خۆیان حیزبی سیاسی دادەمەزرێنن. هەتا سەرەتای هەشتاکان نزیکەی (١٠) پارتو ڕێکخراو لەلایەن کوردەکانەوە دروستکرا، ئەم پارتو ڕێکخراوانە هەوڵیانداوە ڕۆژنامەو چاپەمەنیی تایبەت بە خۆیان بە زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە. هەڵبەت لەگەڵ زمانی کوردیدا، لەو بڵاوکراوانەدا زمانی تورکییش بەکاردەهێنرا. کودەتای (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٠) جارێکی دیکە سەردەمێکی تاریکی بۆ کوردو چاپەمەنیو زمانەکەی هێنایەکایەوە، کودەتاچییەکان بڕیارێکیان دەرکردو لەو بڕیارەدا تەنها ڕێگە بە دەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان بە زمانی فەرمی (یەکەم)ی دەوڵەت دراوە، کە تورکییە، ئەم بڕیارەش لەو مەترسییەی کودەتاچییەکانەوە سەریهەڵدابوو، کە لە عێراق کوردی کرابوو بە زمانی دووەم. هەروەها هەموو کەسایەتیو ڕۆشنبیرو خەباتکارانی کورد یان خرانە زیندانەوە، یاخود بێدەنگکران، یان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد. لەگەڵ ئەمانەشدا بە تایبەت ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرە کوردانەی ڕوویان لە وڵاتی سوید کرد، هەتا کۆتایی هەشتاکان توانییان خزمەتێکی باش بە زمانی کورد بکەنو شۆڕشێکی مەزنیان لەو بوارەدا کرد. لە ساڵی (١٩٩١) تورگوت ئۆزال؛ سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارەکەی کودەتاچییەکانی ڕاگرت، ئیدی جارێکی تر ڕۆژنامەو کتێبو بڵاوکراوە بە زمانی کوردی دەرکرایەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمو دوای کرانەوەی تورکیا بە ڕووی جیهانو هاتنەسەر کاری پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و هەوڵەکان بۆ چوونەناو یەکێتیی ئەوروپاو پڕۆسەی ئاشتی، ئازادیی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەوانیو چاپەمەنی بۆ تورکیا بە گشتیو بۆ کوردیش بە تایبەتی زیاترو فراوانتربوو. هەرچەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەندێک گرفتو ئاستەنگ خراونەتە بەردەم ڕۆژنامەوانیو چاپەمەنیی کوردی لە تورکیا، بەڵام بەراورد بە ڕابردوو هەنگاوی باش بەرەوپێشچووە.
تورکیاناسی: دەکرێت پۆلێنبەندییەک بۆ ناوەندە کوردییە چاپەمەنییەکانی تورکیاو باکووری کوردستان بکەین؟
سولەیمان چەڤیک: ئێستا نزیکەی (٣٥) ناوەندی چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان چالاکییان هەیە، هەندێکیان گەورەنو هەندێکیان چالاکیی سنووردارن، هەندێکیان تەنها کتێب چاپدەکەن، هەندێکی دیکەیان کتێبو گۆڤارو بڵاوکراوەی جۆراوجۆریان هەیە، هەندێکی دیکەشیان هەیە لەگەڵ ئەو چاپکراوانەدا چالاکیی کولتووریو زمانەوانیی وەک “کۆڕ، سیمینارو پانێڵ” دەکەن. لە ڕوانگەی فیکریو ئایدۆلۆژییەوە دەتوانین ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیا دابەشبکەین بۆ ناوەندی “چەپڕەو، لیبراڵو پارێزکارەکان”. پۆلێنێکی دیکە بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکان لە سەر بنەمای بابەتو زمانە. بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان لەلایەن کوردەوە دامەزراونو بەڕێوەدەبرێن، هەمووی یاخود زۆرینەی بابەتە بڵاوکراوەکانیشیان پەیوەستە بە دۆزی کوردو کوردستانەوە، بەڵام بە زمانی تورکی بڵاودەکرێنەوە. بەشێکی دیکەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان لە ڕووی خاوەنداریەتیو بابەتو زمانیشەوە بە تەواوی کوردین. تەواوی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی بە پیتی لاتینی بابەتەکان چاپدەکەن، بەڵام ناوەندی نوبەهار (Nubehar Yayınevi) نزیکەی (٣٠٪)ی بڵاوکراوەکانی بە زمانی کوردی/ پیتی عەرەبی چاپدەکات. ئەو ناوەندە چاپەمەنییە کوردییانەی کە خاوەن ئاڕاستەی پارێزکارن، بایەخیان بۆ بەکارهێنانی پیتی عەرەبی لە بریی پیتی لاتینی هەیە.
تورکیاناسی: خوێنەری کتێبو بڵاوکراوەی کوردی لە باکووری کوردستانو تورکیا لە چ ئاستێکدایە؟
سولەیمان چەڤیک: ئێمە داتایەکمان لە بەردەستدا نییە لە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی خوێنەری کتێبو بڵاوکراوە کوردییەکانن. بە داخەوە، هەتا ئێستا ڕێژەی خوێنەری بابەتی کوردی بەراورد بە ژمارەی کورد لە باکووری کوردستانو تورکیا زۆر کەمە، بە گشتی ڕەنگە لە کۆی نزیکەی (٢٠) ملیۆن کورد تەنها نزیکەی (٥٠) هەزار کەس کتێبو بڵاوکراوە کوردییەکان بخوێننەوە. ئەم ژمارانە داتای ورد نین، بەڵکو تەنها پێشبینی ئێمەیە لە بەرمەبنای فرۆشتنی کتێبو بڵاکراوە کوردییەکان لەلایەن چاپەمەنییە کوردییەکانەوە. بە داخەوە، ئەمەش دەرئەنجامی کۆمەڵێک کێشەو گرفتە لە بەردەم بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی لە تورکیا. کاتێک زمانی کوردی زمانی قسەکردنی بازاڕ نەبێت، زمانی پەروەردە نەبێت، زمانی دەسەڵاتو فەرمانڕەوایی نەبێت، زمانی زۆرینەی میدیای وڵات یاخود ناوچە کوردییەکان نەبێت، زمانی چالاکییە ئایینیو کولتوورییەکان نەبێت، ئیدی خوێندنەوەی کتێبو بڵاوکراوەکان بەو زمانە لە ئاستێکی زۆر لاوازدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی نوسینو بڵاوکردنەوەو خوێندنەوەی کتێبو بڵاوکراوەی کوردییەوە چەندین کەس دادگاییکراون، لە کار دەکراون، سزای زیندانییان بە سەردا دراوە، دوچاری فشارو هەڕەشە بوونەتەوە.
تورکیاناسی: ئەگەر باشتر بۆمان ڕوونبکەیتەوە، ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنەوەی کتێبو بڵاوکراوە کوردییەکان لە تورکیاو باکووری کوردستان چین؟
سولەیمان چەڤیک: دەتوانین ئاستەنگەکان پۆلێن بکەین بۆ ئاستەنگی دەوڵەتیو ئاستەنگی خودی، مەبەست لە ئاستەنگی دەوڵەتی ئەو گرفتو ڕێگرییانەن دەوڵەت لە ڕێگەی یاسایی، سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتیو کولتووری دەیخاتە بەردەم بەکارهێنانی زمانی کوردی، بەڵام ئاستەنگی خودی ئەو گرفتانەیە، کە سەرچاوەکەی بۆ خودی هاوڵاتیانی کورد دەگەڕێتەوە. دەوڵەت هەتا ئێستا ئامادە نییە کتێب لە ناوەندە چاپەمەنییە کوردییەکان بکڕێت، تەنانەت ڕەزامەندینەدراوە لە سەر هەڵگرتنی کۆپییەکی کتێبو گۆڤارە کوردییەکان لە دامەزراوەی ئەرشیفی نیشتیمانیو ئەرشیفی شارەوانیو هیچ دامودەزگایەکی دەوڵەتدا. هەروەها هەتا ئێستا دۆخی سیاسی زەمینەسازیی بۆ ئاساییکردنەوەی خوێندنەوە بە زمانی کوردی نەکردووە، هاوڵاتی ناتوانێت بەبێ ترسو بە ئازادی کتێبی کوردی لە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی یان لە ناوەندێکی گشتی یان لە ناو میترۆو پاسدا بخوێنێتەوە. لێرەشەوە ئاستەنگی ئابووری سەرهەڵدەدات، ئەمەش لەبەرئەوەی خەڵکی وەک پێویست کتێبە چاپکراوە کوردییەکان ناکڕن، بۆیە ناوەندە چاپەمەنییە کوردییەکان ڕووبەڕووی گرفتی دارایی دەبنەوە، هەر ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ دروستنەبوونی پسپۆڕی لە بوارە جیاوازەکانی چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی کوردیدا، لەبەرئەوەی نە پشتیوانییەکی دارایی پێویست لەلایەن دەوڵەت یان حیزبو ڕێکخراوەکانەوە هەیە، نە ئەو ناوەندانەی چاپەمەنیی کوردی دەتوانن لە سەر داهاتی کتێبو گۆڤارە چاپکراوەکانیان بژین، بۆیە ڕەنگە لە ناوەندێکی چاپەمەنیی کوردیدا کەسێک کاری چەند کەسێک لە یەک کاتدا بکات. هەروەها لەبەرئەوەی پاداشتی پێویست بۆ نوسەری کتێبو بابەتە کوردییەکان دابینناکرێت، بۆیە ئەو نوسەرانەش ئامادە نین کاتی خۆیان بە نوسینی بابەتێکەوە خەرجبکەن، کە خوێنەری پێویستی نەبێتو داهاتی پێویستیشی لێوەدەستنەکەوێت. کێشەیەکی دیکەیش تێکچوونی وشەو ئاوازو ناوەڕۆکی زمانی کوردییە بە هۆی بەکارهێنانی بەردەوامی زمانی تورکی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتو قوتابخانەو بازاڕو تەنانەت لە ناو هەندێک خێزانی کوردییشدا، ئەمەش بووەتە هۆی لەبیرچوونەوە یاخود کەمکردنەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردیو دواجار تێکدانی وشەدانو بنەما ڕێزمانییەکانی کوردی، هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ تێکدانو بەلاڕێدابردنی مێژووی ئەدەبو فۆلکلۆری کوردیو لەمانەش مەترسیدارتر جێگرتنەوەیەتی بە زاراوەو ڕێزمانو ئەدەبی تورکی.
تورکیاناسی: ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو حیزبە سیاسییە کوردییەکان بۆ هاندانی خەڵک بۆ خوێندنو خوێندنەوە بە زمانی کوردی لە چ ئاستێکدایە؟
سولەیمان چەڤیک: بە داخەوە، حیزبە سیاسییەکان لە هاندانی خەڵکی بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردیو پشتیوانی لە ناوەندەکانی تایبەت بە چاپەمەنیی کوردی سەرکەوتوو نەبوون. ئەمەش بە هۆی ئەوەی یان دەوڵەت ڕێگەینەداوە، یان خۆیان لە بایەخی زمانی دایک تێنەگەیشتوونو پێیانوایە بە تورکی دەتوانن ئاسانترو باشتر بانگەشەی خۆیان بکەن. هەروەها بوونی زازاو عەلەوییەکانیش لە ناو کوردو ئەو پارتە سیاسییانەدا هۆکارێکی دیکە بووە بۆ ڕێگری لە پشتیوانیی زمانی کوردی لەلایەن پارتە سیاسییە کوردییەکانەوە، بەڵام مەدرەسە ئایینییەکان ڕۆڵیان گێڕاوە لە پاراستی زمانی کوردی، ئەمەش لەبەرئەوەی مامۆستایان لە حوجرەکاندا کتێبی عەرەبی بە زمانی کوردی بۆ خوێندکارەکان ڕووندەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی فشاری دەوڵەتو ئەو ڕێگرییە یاساییانەی دەهێنرێتە بەردەم سیستەمی خوێندنو مەدرەسە ئایینییەکان، ئەوانیش هەتا ڕادەیەک لە بەکارهێنانی زمانی کوردو ڕوونکردنەوەی وانەکان بە زمانی دایک کشاونەتەوەو تورکی جێگەی زمانی کوردیی گرتووەتەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا خودی ناوەندەکانی چاپو بڵاوکردنەوەی کتێب ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بڵاوکردنەوەو پشتیوانی لە بەکارهێنانی زمانی کوردی، بە نزیکەیی ساڵانە (٤٠٠) کتێبی نوێ لە بوارە جیاوازەکاندا بە زمانی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان بڵاودەکرێتەوە. بەشێک لەو کتێبانە بۆ جاری دووەمو سێیەم چاپدەکرێنەوە. ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییش تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانو هاندانیان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی هەن. بۆ نموونە بزوتنەوەی زمانی کوردی (هێز کورد) یەکێکە لە ڕێکخراوە کاریگەرەکانی بواری پشتیوانی لە زمانی کوردی. ساڵانە چەندین چالاکیی لە بوارە جیاوازەکانی پەیوەست بە زمانی کوردی هەیە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاندانی دایکوباوکانو منداڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا.
تورکیاناسی: کورد لە تورکیاو باکووری کوردستان پیتی لاتینی بەکاردەهێنێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستانی عێراق پیتی عەرەبی بەکاردەهێنرێت، بە گوێرەی ئەزموونی ئێوە کورد باش وایە پیتی لاتینی بەکاربهێنێت یاخود پیتی عەرەبی؟
سولەیمان چەڤیک: بەڕای من گرنگی لە بەکارهێنانی جۆری پیتەکاندا نییە، لاتینی بێت یاخود عەرەبی، هەر یەکێک لەو دوو جۆرە پیتە لایەنی ئەرێنیو نەرێنییان هەیە، بەڵام گرنگ ناوەڕۆکی بابەتەکانو لە هەمان کاتدا یەکگرتووییە لە بەکارهێنانی پیتو ڕستەسازیو زمانی ستاندارد.
تورکیاناسی: ناوەندەکانی چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی کوردی لە تورکیا هەتا چەند بەشداردەبن لە پێشانگای کتێب لە تورکیاو دەرەوەی وڵاتەکە، بە تایبەت لە عێراقو ئێرانو سوریا کە کوردی لێیە، هەروەها لەو وڵاتانەی زمانی فەرمییان تورکییە؟
سولەیمان چەڤیک: لە پێشانگای ساڵانەی کتێب لە دیاربەکر سەرجەم ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیا بەشداریدەکەن، بەڵام لە شارەکانی دیکەی وەک باتمان، وانو ماردین چەند ناوەندێک بەشداریدەکەن. بە داخەوە، لە ئەستەنبوڵو شارە گەورەکانی تورکیاش دوو یان سێ ناوەندی چاپەمەنیی کوردی دەتوانن بەشداریبکەن، ئەمەش بەهۆی گرانیی کرێی ئەو شوێنانەی دەدرێت بە ناوەندەکانی چاپەمەنی لەو پێشانگایانەدا. سەبارەت بە دەرەوەی تورکیا، تەنها چەند ناوەندێکی چاپەمەنیی کوردی دەتوانن بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەرێمی کوردستان بکەن. لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی ئەمساڵ لە هەولێر تەنها ناوەندەکانی “ئاڤێستا، نوبەهارو سیتاڤ” بەشدارییانکردبوو. هەندێک کتێبفرۆشیش بەشداری لە پێشانگای کتێب لە سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن. بە داخەوە، لەوێ هەندێک جار گرفت بۆ بەشداریکردنی بەشێک لە ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان دروستدەکرێتو جیاوازی لە نێوان ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردیدا دەکرێت. ئەم جیاوازییە بە داخەوە، لەلایەن شارەوانیو پارێزگاری شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەکرێت.
تورکیاناسی: وەک دەزانن شارەوانیی بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان بە دەست کوردەوەیە، ئایا ئەو شارەوانییانە پشتگیریی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی دەکەن؟
سولەیمان چەڤیک: ئەگەر ئەو شارەوانییانە لە دەستی کوردەکاندا بێت، پێشانگای گەورەی کتێب ڕێکدەخەنو ناوەندەکانی چاپو بڵاوکردنەوەی کوردییش بانگهێشتدەکەن. هەرچەندە لە ڕووی بانگهێشتکردنەوە جیاوازییەکی کەم دەکەن، بەڵام هێندە نییە شایانی باس بێت. گرفتی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو شارەوانییانەدایە، کە قەیومیان بۆ دانراوە. ئەمانە بایەخ بە پێشناگای کتێبو چالاکیی کولتووری لە سەر زمانو کولتووری کوردی نادەن. خۆ ئەگەر چالاکییەکیش بکەن، ناوەندە کوردییەکان بانگهێشتناکەن.
تورکیاناسی: نزیکەی (١٣) ساڵە لە تورکیاو باکووری کوردستان “وانەی بژاردەی زمانی کوردی” دانراوەو خوێندکار دەتوانێت بیخوێنێت. بە بۆچوونی ئێوە ئەم وانەیە بەسە، یان پێویستە بکرێت بە “وانەی ناچاری”، یاخود پێویستە خوێندن بە تەواوی بە زمانی کوردی بێت لە باکووری کوردستان؟
سولەیمان چەڤیک: لە هیچ وڵاتێکدا نییە وانەی زمانی دایک “وانەی بژاردە” بێت، بەڵکو لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن وانەی زمانی دایک “وانەیەکی ناچارییە”. پێویستە وانەی تایبەت بە زمانە بیانییەکان “وانەی بژاردە” بێت.
لە قوتابخانەکانی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٢)وە تەنها وانەیەک بۆ خوێندنی زمانی کوردی لە پۆلەکانی پێنجەمو شەشەمو حەوتەمو هەشتەم دەخوێنرێت، بەڵام ئەم وانەیەش بژاردەیەو چەندین کێشەو گرفتی هەم لەلایەن دەوڵەتو هەم لەلایەن بەشێک لە کوردەکانیشەوە بۆ دروستدەکرێت. لەلایەن دەوڵەتەوە وانەکە وەک وانەیەکی “بژاردە” لە سیستەمی پەروەردەدا دانراوە، مەرجی هەڵبژاردنی ئەم وانەیە لەلایەن (١٠) خوێندکارەوە بۆ کردنەوەی پۆلی تایبەت بە “وانەی بژاردەی زمانی کوردی” دانراوە. دامەزراوە پەروەردەییو میدیاییەکانی دەوڵەت هاوکار نین لە هاندانی خوێندکارانو کەسوکاریان بۆ هەڵبژاردنی ئەم وانەیە. هەروەها وەزارەتی پەروەردە مامۆستای پێویستی زمانی کوردی دانامەزرێنێت. لە هەندێک قوتابخانەدا مامۆستای وانەکانی دیکە وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە، یاخود کەسانی خۆبەخش، یان ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانو بوژاندنەوەی زمانی کوردی مامۆستا بۆ وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی دەوڵەتدا دابیندەکەن. بە داخەوە، لەلایەن کوردیشەوە وەک پێویست هەنگاو بە ئاڕاستەی پشتیوانی لەم وانەیە نەنراوە. بە تایبەت پارتە سیاسییە کوردییەکان پشتیوانیی پێویست لە هەڵبژاردنی وانەکە ناکەن، تەنانەت منداڵی زۆربەی بەرپرسانی حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە تورکیا “وانەی بژاردەی زمانی کوردی” هەڵنابژێرن.
لەگەڵ ئەم کێشەو گرفتانەشدا ساڵانە ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی “وانەی بژاردەی زمانی کوردی” هەڵدەبژێرن، لە بەرزبوونەوەدایە. بۆ ئەمساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) نزیکەی (٦٠) هەزار خوێندکار ئەم وانەیەیان هەڵبژاردووە. ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو مایەی دڵخۆشییە.
تورکیاناسی: ئەم وانەیە کاریگەریی هەبووە لە سەر بڵاوبوونەوەی زمانی کوردیو زیادبوونی ڕێژەی خوێنەری کتێبو بڵاوکراوە کوردییەکان؟
سولەیمان چەڤیک: بە دڵنیاییەوە کاریگەریی زۆر باشی هەیە، لەبەرئەوەی ئەو خوێندکارانەی ئەم وانەیە هەڵدەبژێرن، لەگەڵ وانەو کتێبەکەی خۆیاندا لە قوتابخانە پەنا بۆ ئەو کتێبو چیرۆکو ڕۆمانە کوردییانە دەبەن، کە لەلایەن ناوەندە چاپەمەنییە کوردییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. هەروەها بەشێک لە خوێندکارەکان بەشداری لە خولی فێرکردنو بەهێزکردنی زمانی کوردیدا دەکەن، کە لەلایەن ناوەندەکانی چاپەمەنیو سەنتەرەکانی فێرکردنی زمانەوە دەکرێنەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم وانەیە هاندانێکەو ئامادەکارییەکی خوێندکارە بۆ هەڵبژاردنی بەشی زمانی کوردی، کە لە چەند زانکۆیەکی باکووری کوردستان کراونەتەوە. بە تایبەت کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆکانی فورات لە ئێلازغ، ئارتوکڵو لە ماردینو چەند زانکۆیەکی دیکە، کاریگەریی زۆر باشی هەبووە لە سەر فرۆشتنی بەرهەمی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی، لەبەرئەوەی خوێندکارانی بەشی زمانی کوردی پێویستیان بە سەرچاوەی زانستی دەبێت لە بواری زمانو ئەدەبی کوردی بە خودی زمانەکە، لە هەمان کاتدا دابینکردنی کورسیی ماستەرو دکتۆرا لە بەشی زمانی کوردیی ئەم زانکۆیانە کاریگەریی زیاتری دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە هەم ناوەندەکانی چاپو بڵاوکردنەوەی کوردی، هەم نوسەری کتێبو بڵاوکراوەکان، هەم هەندێک لە بازرگانو دەوڵەمەندان خەرجیی دابینکردنی ژمارەیەک لە کتێبو چیرۆکو ڕۆمان بۆ ئەو خوێندکارانە دەگرنەئەستۆ، کە “وانەی بژاردەی زمانی کوردی” لە قوتابخانەکاندا هەڵدەبژێرن. ئەمەش دیسان مایەی دڵخۆشیو ئومێدبەخشەو کاریگەریی لە سەر فرۆشتنو بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیا دەبێت.
تورکیاناسی: ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان هەماهەنگیو کاری هاوبەشیان هەیە؟
سولەیمان چەڤیک: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، هەماهەنگیو کاری هاوبەش هەیە. بۆ نموونە ناوەندی ئاڤێستا لە پێشانگای کتێب لە وان پڕۆگرامێکی هابەشی ئامادەکرد. چەند ناوەندێکی چاپەمەنیی کوردی بەشدارییان تێدا کرد، ئێمەش وەک ناوەندی نوبەهار بەشداربووین. هەروەها لە ئامەد “یەکێتیی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی” دروستکراوەو سەرجەم ناوەندە کوردییەکان تێیدا ئەندامن. ئەم یەکێتییە کاری زۆر باشی کردووەو لە هەندێک بابەتی گشتیدا هەڵوێستی یەکگرتووی ناوەندەکانی چاپەمەنی کوردی لە ڕێگەی ئەم یەکێتییەوە ڕادەگەیەنرێت. پەیوەندی لە نێوان هەموو ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردیدا هەیە، نوسەرانی ناوەندو گۆڤارەکانیان وتارو توێژینەوە بۆ یەکدی دەنووسن. ساڵی ڕابردوو چەند جارێک کۆبوونەوەو دیدار لە نێوان چەند ناوەندێکدا لە سەر دۆخی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردیو ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان لە تورکیا سازکراوە.
تورکیاناسی: پەیوەندیی ناوەندەکانی چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی کوردی لە تورکیا لەگەڵ ناوەندەکانی چاپەمەنیو دەزگا میدیاییەکاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق چۆنە؟
سولەیمان چەڤیک: پەیوەندییەکی ئاسایی هەیە، بەڵام زۆر بەهێز نییە. هەندێک جار کە ئێمە دێینە هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی ناوەندێکی چاپەمەنی یان دەزگایەکی میدیایی لە هەرێم ڕێبەریی ئێمە دەکات. هەندێک دەزگای میدیایی هەواڵو بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەربارەی کارو چالاکییەکانی ئێمە بڵاودەکەنەوە، لێرەوە سوپاسیاندەکەین، بەڵام هەماهەنگیو کاری هاوبەشی پێکەوەیی هەتا ئێستا نەکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەتا ئێستا لە ڕووی داراییەوە هیچ هاوکارییەکی ناوەندەکانی چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی کوردیی لە تورکیا نەکردووە.
تورکیاناسی: هیچ نوسەرو لێکۆڵەرێک لە هەرێمی کوردستانەوە بابەت لە گۆڤارەکانی ناوەندەکانی چاپەمەنیی کوردی لە تورکیاو باکووری کوردستان بڵاودەکەنەوە؟
سولەیمان چەڤیک: بەڵی هەندێک نوسەرو لێکۆڵەر بابەتمان بۆ دەنێرن، بەڵام بە داخەوە، بە هۆی ئەو دابڕانە زمانیو کولتوورییەی لە نێوان باکوورو باشووری کوردستان هاتووەتەکایەوە، ئەمەش لە دەرئەنجامی دانانی سنوورێکی جوگرافیو سیاسیی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاو عێراقو جیاوازیی پیتی نوسینی زمانی کوردی لە باکوورو باشوور کارێکی ئاسان نییە نوسەرانی باشوور بابەت بە زمانی کوردی/ کرمانجی بنووسن، لە باکووری کوردستانو تورکیاش وەک پێویست کەسی شارەزاو پسپۆڕی زمانەوانی دروستنەبووە، بتوانێت بابەتی نوسەرەکانی باشوور لە سۆرانییەوە بکات بە کرمانجی.
تورکیاناسی: وەک دەزانن پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووەتەوەو هەنگاوی باشی بڕیوە، پێتانوایە پڕۆسەکە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر ئازادیی قسەکردنو نوسین بە زمانی کوردیو دامەزراندنی دەزگای میدیاییو چاپەمەنیی کوردی لە تورکیا؟
سولەیمان چەڤیک: بە دڵنیاییەوە لە ئاشتیدا دەرفەتی ئازادیی زیاتر فەراهەمدەبێت. لە هەر شوێنێک شەڕ هەبێت، ئازادیی ڕادەبڕینو ڕۆژنامەوانیو نوسین نابێت، یاخود بەرتەسک دەبێت. ئەگەر ئاشتی بەرقەرارببێت، کوردیش باشتر دەتوانێت پەرە بە زمانو کولتووری خۆی بداتو بەکاریبهێنێت. ئیدی لێرەوە لە بریی چەک، سیاسەت قسەدەکاتو دەکرێت لە ڕێگەی خەباتی سیاسییەوە کورد مافە زمانیو کولتوورییەکانیشی بەدەستبهێنێت. لە هەمان کاتدا دەوڵەتیش هەنگاو بە ئاڕاستەی کرانەوەو فەراهەمکردنی زیاتری ئازادیی ڕادەربڕینو نوسینو چاپ بە زمانی کوردی دەنێت، تەنانەت لەلایەن دەوڵەتەوە کتێب بە زمانی کوردی چاپو بڵاودەکرێتەوە، لە قۆناغەکانی پێشوودا چەند هەنگاوێکی لەو جۆرە لەلایەن دەوڵەتەوە نراوە. هەوەها خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەو زانکۆکان کاتی زیاتری بۆ تەرخانبکرێت. لەمانەش گرنگتر نەمانی بەهانەیە بە دەست دەوڵەتەوە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی، یاخود بەرتەسککردنەوەی مەودای ئازادیی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەوانیو نوسین بە زمانی کوردی بە بیانووی بوونی شەڕو ناسەقامگیری لە باکووری کوردستان.
تورکیاناسی: سوپاس بۆ بەخشینی کاتی بەنرختان بە وەرزنامەی تورکیاناسیو خوێنەری کورد، دوا وتەتان چییە؟
سولەیمان چەڤیک: سوپاسو دەستخۆشیم هەیە، بەو هیوایەی ئەم چاوپێکەوتنە مایەی سوودو ڕەزامەندیی ئێوەو خوێنەری بەڕێز بێت.