کۆمەڵناسیی ئایین، کۆمەڵناسیی ئایینی و کۆمەڵناسیی ئیسلامی
نووسینی: حسین تنهائی
وەرگێڕانی: ئارام مەحموود ئەحمەد
ئەمڕۆ بە هۆی ئەو مەیلە بەهێز و کۆنترۆڵ نەکراوەی بەرەو گەشەی تەکنەلۆژیا و ئابووری دروست بووە، ئارەزووی بەرفراوانکردنی زانستە ئەزموونییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا خێراتر بووە. زۆرێک لە کۆمەڵناسان دەپرسن کۆمەڵناسیی ئایین بوونی هەیە؟
لە ئێستادا لەو وڵاتانەی کە ئەو مەیلە بەهێزەیان تێپەڕاندووە، گەڕانەوە بەرەو کۆمەڵناسیی ئایین و کۆمەڵناسیی ئایینی بە لەپێشینە هەژمار دەکرێت، ئەوەی کە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو دەبێت چەندێک پەند لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان وەرگرن و ڕێگە ناکامەکانی ئەوان بە وردی لێکبدەنەوە، بۆ خۆی بابەتێکی جیاوازە.
لەم بابەتەدا ئەوە دەردەخرێت، کە کۆمەڵناسیی ئایین، بە تایبەتی لە ساڵانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا یەکێک بووە لە لقە سەرەکی و جێ سەرنجەکانی کۆمەڵناسیی ڕۆژئاوا و کۆمەڵناسیی ئایینیش هەرچەندە بەڕێگەوەیە، بەڵام دەبێت ڕێگەیەکی درێژ بۆ پیشاندانی بوونی خۆی ببڕێت. بەداخەوە و بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئەو کۆمەڵگانەی زێدی ئایینە خواییەکان بوون، لە کۆمەڵناسیی ئایین و کۆمەڵناسیی ئایینی دواکەوتوون و بەرامبەر هەردوویان غافڵ بوون.
کۆمەڵناسیی ئایین
کۆمەڵناسیی ئایین لقێکە لە زانستی کۆمەڵناسی و بریتییە لەو لقەی کە زانینی مرۆڤایەتی (بە تیۆرەکانی کۆمەڵناسیشەوە) بە بەکارهێنانی شێوازەکانی توێژینەوەی زانستی هەوڵ بۆ لێکدانەوە و توێژینەوە لە لایەنی کۆمەڵایەتیی ئایین لەوانە ڕێکخراو و ئۆرگانە ئایینییەکان و پێکهاتەی نەریتیی ئایین، گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی کولتووری و یاسا ئایینییەکان، بازنەکانی پەیوەندی نێوان کولتتور و پێکهاتەی ئایین و کۆمەڵگە و … دەدات. لەبەر ئەوە ناوە گەورەکانی کۆمەڵناسیی ڕۆژئاوا لە کانت و دۆرکایم-ەوە تا مارکس، ویبەر و مید هەموویان پێیانوایە کە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە و کولتووری ئایینی دەبێت وەک یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی بناسرێت. هەر چەندە هەر یەکێکیان بۆچوونی تایبەتی خۆیان بەرامبەر ئایین هەبووە.
هەڵبەت لەم لقەی کۆمەڵناسی، ئایین و لێکەوتەکانی نەک وەک بابەتی بان سروشتی، بەڵکو وەک بابەتی جێی ئاماژە و لێکۆڵینەوە کە لە واقیعییەت و دەرەوەی هزری توێژەر بوونی هەیە، جێی لێکدانەوەیە، ئەگەر مێتافیزیکی بێت، یان نا.
بەڵگەنەویستە هەموو توێژەرێک بۆچوونی تایبەتی خۆی بۆ ئایین هەیە. ئەوانەی باوەڕیان بە یەکگرتوویی هەیە، ئایین وەک هۆکاری کۆمەڵایەتی لەبەرچاو دەگرن، لەم ڕووەوە ئایینی کۆمەڵایەتی بەپێی گونجاوی لەگەڵ زەمەن، لە جێگەی ئایینی خودایی دادەنێن. ئەوانەی مشتومڕ دەکەن وەک مارکس، یان پرودن، بە لێکدانەوەی ڕۆڵی ئایین لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەک ئۆرگانێکی موحافیزکار و پارێزەری دۆخی هەنووکە ناوی ئایین دەبەن و بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، دانانی دیاردەیەکی هاوشێوەی ئایین بە پێویست دەزانن. بۆ نموونە مارکس دەرکەوتنی خودئاگایی چینەکان بە زەمینەسازی کەلتووری نوێ و ئایینی ئازادکراو لە کۆتی دژیەکی چینایەتی بە بەیداخ هەڵگری مێژووی مرۆڤایەتی دوای جێگیربوونی سەردەمی کۆمۆنیزم ناو دەبات. هەروەها ڕەوایەتی دەسەڵاتداری ئایینی لە زەمەنی عەقڵدا بە ناجێگیر دەزانێت، بەڵام (شێلێر) ئارەزوو دەکات بە ئایینی مەسیحی جیهانێکی مرۆڤانەتر و بە بەهاتر دروست بکات.
لە ئەنجامدا کۆمەڵناسیی ئایین نەک تەنیا بەو هۆکارە بوونی هەیە، کە (کاری کۆمەڵناسی)یە، بەڵکو بە هۆکارێكی دیکە لقێکی حاشاهەڵنەگری زانستی کۆمەڵناسییە، چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک نییە تێیدا ئایین نەبێت و هیچ ئایینێکیش نادۆزرێتەوە کاریگەری لەسەر ڕەفتاری گرووپ و یاسا کۆمەڵایەتییەکان نەبێت. ئەگەر کۆمەڵناسیی پیشەسازی تەنیا لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا پێویست بێت و کۆمەڵناسیی گوند لە کۆمەڵگە گوندنشینەکاندا، کۆمەڵناسیی ئایین لە هەر قۆناغ و سەردەمێکی مێژوویی و لە هەر شوێن، یان پێگەیەکی جوگرافی و هەر شوێنێک کە گرووپێک لە مرۆڤەکان کۆمەڵگەیەکیان پێکهێنابێت، پێویستە.
کاراییەکانی ئایین و چەمکە ئایینییەکان
لە هەندێک دەقی سەرەتایی کۆمەڵناسیدا لەگەڵ دانانی ئایین لە ژێر ناونیشانی (ئۆرگانی کۆمەڵایەتی، بۆ ڕوونکردنەوەی کاراییە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین لە پێکهاتە و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمەڵێک توێژینەوەیان پێشکەش کردووە. بۆ لێکدانەوەی کاراییە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی لە دۆخە چەقبەستووە کۆمەڵایەتییەکاندا پێیان وایە:
“ئایین کارایی جیاجیا بۆ کۆمەڵگە و تاک ئەنجام دەدات. ئایین بۆ کۆمەڵگە واتایەک بۆ کۆمەڵگە و کۆمەڵ دروست دەکات و پتەویی پێدەبەخشێت. ڕێگری لە ڕەفتارە دژە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و کۆمەڵێک ڕێگە بۆ یەکگرتنی دووبارەی دژەکان پێشنیار دەکات. ئایین بۆ مارکس لە بنەڕەتدا وەک ئۆرگانێکی موحافیزکار وایە، کە خۆگری ئاسان دەکات و هیچ هەوڵێک بۆ نەهێشتنی هۆکارەکان ئەنجام نادات. بۆ ویبەر هۆکاری جووڵە و خێرایی گۆڕانکارییە سەرمایەداری و کۆمەڵایەتییەکان بووە”.
لە خوێندنەوەیەکی دیکەدا بۆ نووسینە سەرەتاییەکانی کۆمەڵناسی لەگەڵ بە گرنگدانانی ئایین و لێکدانەوەی، بە شێوەیەکی سنووردار ئاماژە بە کاراییە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین بە ئاڕاستەی یەکگرتوویی و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان کراوە:
“کۆمەڵناسان ئایین وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی گرنگ، کە هەم لە ڕووی تاک و هەم لە ڕووی کۆمەڵگەکانەوە واتایەکی گرنگی هەیە، خوێندنەوە بۆ ئایین دەکەن. ئایین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و مەرگ یارمەتی مرۆڤەکانی داوە، سەرچاوەیەک بۆ بەها کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات و کاریگەری لەسەر زۆر بژاردەی تاک لە ژیانی ڕۆژانەیدا دروست دەکات. هەروەها ئایین ڕەفتارێکی بەکۆمەڵە. کاتێک باوەڕ و دابونەریتی مرۆڤایەتی کارێکی هاوبەشی کۆمەڵگەیە، گرنگی تایبەتی بەدەست دەهێنێت. گرووپ و کۆمەڵە ئایینییەکان لە پێکهاتە نەژادی، ئابووری، ناوچەیی، نەتەوەیی و ئەو کۆمەڵانەی پارێزگاریان لێ دەکەن، کاریگەریی ئایینییان لەسەر دەبێت. ئایین بە ڕیفۆرم لە باوەڕ و کار و پەرستشەکان، خۆی لەگەڵ ئاڕاستە و پێگە گۆڕاوەکاندا دەگونجێنێت. لە کاتێکدا کە دەرەنجامە زانستییەکان، مشتومڕی بەدواداچوون بەرامبەر باوەڕی گرووپە ئایینییەکان دەخاتەڕوو، بە ڕوونی دیارە کە مرۆڤ کاتێک هەوڵی تێگەیشتن لە واتای ژیان دەدات، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ئایین”.
مرۆڤناسەکان کاتێک هەوڵی لێکدانەوەی باوەڕەکان، بەها کولتوورییەکان، ئاداب و بۆنە ئایینییەکان و لێکدانەوەی جیهانبینی و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگەکان دەدەن، بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵناسەکان دەگەن. هەردوویان توێژینەوە لە ئۆرگان و ڕێکخراوە ئایینییەکان لەو ڕوانگەیەوە بە گرنگ و پێویست دەزانن، کە ئەم کارە هاوبەشانە لەلایەن گرووپ، یان کۆمەڵگەیەکەوە بە هاوبەشی باوەڕێ پێ دەهێنرێت و کاری پێ دەکرێت. ئەم باوەڕ و کارە هاوبەشەیە، کە کۆمەڵناس و مرۆڤناسەکان ناچار دەکات توێژینەوە لەبارەی واقیعییەتە ئایینییەکان بکەن.
لە دەقەکانی مرۆڤناسی کولتووری، لێکۆڵینەوە لە سیستمی باوەڕ و ئایدۆلۆژییەکان بە ناچاری وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەی کولتووری لەقەڵەم دەدەن، بۆ نموونە:
“… ئایدۆلۆژیا ئاماژەیە بۆ دەزگایەکی کەم تا زۆر ڕێکخراوی باوەڕ و بەها هاوبەشەکانی نێوان ئەندامانی گرووپێکی کۆمەڵایەتی… بەو واتایەی هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژیایەکی هەیە …. (لەبەر ئەوە) ئامانجی ئێمە بریتی دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە جۆراوجۆری سیستمە ئایدۆلۆژییەکان لە کۆمەڵگەکاندا بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئایدۆلۆژیا و ڕووکارە کولتوورییەکانی دیکە بناسرێن”.
مرۆڤناسەکان پێیانوایە ئایین خاوەنی کارایی تایبەتە. لەم ڕووەوە لەدەستدانی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە مانەوەی کۆمەڵگە و لەبەر ئەو هۆکارەش بووە، کە هیچ کاتێک نەمانتوانیوە باس لە کۆمەڵگەیەک بکەین کە تێیدا ئایین بوونی نەبووە.
لە هەندێک لێکدانەوەدا لەگەڵ دیاریکردنی ئایین و سیستمی باوەڕ وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی، ئاماژەیان بە چوار کارایی کۆمەڵایەتی و بنچینەیی ئایین کردووە:
- یەکگرتوویی سۆزداری
- دووبارە ئافراندنەوەی کولتووری
- واتاسازی
- یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی
بەشێوەیەکی گشتی چەمک و باوەڕە ئایینییەکان کارایی کولتووری و کۆمەڵایەتی گرنگییان تایبەت کردووە بە خۆیان و بەردەوام بوونە هۆی سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵناس و مرۆڤناسەکان.
کۆمەڵناسیی ئایین لە تەرازووی مێژوودا
لە پانتایی گەشەی مێژووی نوێی کۆمەڵناسیدا، کە لە سەدەی نۆزدەوە دەستی پێ کرد، کۆمەڵناسیی ئایین لە ڕوانگەیەکی پۆزەتیڤیستییەوە لە بەرهەمەکانی کانت و دورکایم و لەگەڵ کەمێک جیاوازی لە بەرهەکەمانی مارکسدا جێگەی خۆی گرت. دوای ماوەیەک دیبەر لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆیەوە ئەم لقەی کۆمەڵناسی لە پانتایی واقیعی نزیکتر کردەوە. بەمشیوەیە ڕیزبەندی کۆمەڵناسیی ئایین لە ڕۆژئاوا لە قاڵبی سێ تێڕوانینی تەواو جیاوازدا گەشەی کرد:
- تێروانینی پۆزەتیڤیستی: ئەم تێڕوانینە کە بە تایبەتی لەگەڵ بیروڕاکانی دورکایم خێراتر بوو، بە بیرکردنەوە لە دانانی کۆمەڵگە لە جیاتی خوا، کە ناسێنەری ئەندێشەی سێهەمین قۆناغی کانتی بوو، بە بەدنیایی دانانی ئایین لە سەردەمی نوێدا، هەوڵی ڕاگەیاندنی ئەو خاڵەی دا، کە لە سەردەمی پۆزەتیڤیزمدا، بواری ئەپستمۆلۆجی و قەڵەمڕەوی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیی ئایین دەبێت سنووردار بێت لە پیرۆزی و ناپیرۆزییە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان، نەک تیشک بخاتە سەر بابەتی ئیلاهی.
- تێڕوانینی جێ مشتومڕ – پۆزەتیڤیستی: ئەم تێڕوانینە کە بە هۆی هەندێک لێبوردەیی و غەفڵەتەکانی مارکس لە هیگڵ دوورکەوتەوە، لە یەک بیرکردنەوەدا لەگەڵ پۆزەتیڤیستەکان هاوڕا بوو، کە دوا قۆناغی گەشە لە زنجیرەی گەشەی مێژوویی بەرهەمهێنان، پێدراوێکە کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوودەدات و ئەو باوەڕەی بەهێز دەکرد، کە سەرجەم پێدراو، ئیمتیاز و پێوەرەکانی گەشە دەبێت بە شێوازی بەرهەمهێنان، یان بەزمانێکی گشتی لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی – ئابووری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا بدۆزرێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەرکی کۆمەڵناسیی ئایین ئەوە بوو، کە لە سەردەمی پۆزەتیڤیستی کانتیدا ئەندێشەی خودئاگایی چینایەتی خۆی بکاتە جێگرەوەی ئەندێشەی خوا، یان هەر جۆرێک ڕووکاری ئایینەکان وەک سەرخان، کە پاساودەری پەیوەندی بەرهەم بوو.
- تێڕوانینی شیکاری: ئەم ڕوانگەیە لەلایەن ویبەر دەستی پێ کرد و لە کارەکانی فینۆمۆنۆلیجیستە ئەڵمانییەکان و شیکەرەوە ئەمریکاییەکاندا درێژەی پێدرا و پەرەی سەند و ڕیگەی نوێی بۆ ڕێڕەوی گەشەی ئەم لقەی زانستی کۆمەڵناسی کردەوە. ویبەر لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە، هەر چەندە لە هەندێک باردا کەوتە ژێر کاریگەری ناهاوسەنگیی نیگەرانییەکانی پۆزەتیڤیزم، هەوڵی جێگرتنەوەی ڕەوایی ئایینی خوایی و باوەڕە ئایینییەکانی بە ڕەوایی عەقڵانی – یاسایی دا، بەڵام لە لێکدانەوەی ڕەفتاری گرووپەکان، کولتووری، ئۆرگان و ڕێکخراوە ئایینییەکاندا هەوڵی تایبەتی دا و بنەمای تێگەیشتنی خۆی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵناسیی ئایین و کاریگەری ئەندێشەی ئایینی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، لەوانە شێوازی بەرهەمهێنان، پێکهاتەی چینایەتی، پێگەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان و نموونەی ڕێکخراوەیی دامەزراند. لەسەر ئەو بنەمایە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی لە بواری کۆمەڵناسیدا، کتێبی ناسراوی ئەو بە ناوی (ئەخلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری) هاتەبوون. نموونەی درێژکراوەی ڕێگەی ویبەر لە کۆمەڵناسیی ئایینی (شێلێر) کە کەمێک لە کۆمەڵناسیی ئایین دوورکەوتەوە و نموونەی ئەمریکایی ئەو دەتوانین لە کارەکانی (مید) و خوێندکارەکانیدا بە تایبەتی (بلومەر) ببینرێن.
گرنگترین تەوەرێک کە خوێندکارەکانی لەم بوارەدا لێکیاندایەوە، شیکاری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای بابەتە ناسراوە سیانییەکانی بلومەر-ە. توێژینەوەکانی خوێندکاران و پەیڕەوانی ڕێگەی شیکاری لە کۆمەڵناسیی ئاییندا تا ساڵانی حەفتا لە ئەمریکا لەسەر تەوەری کاریگەری ئایین لەسەر چینایەتی و ئاڕاستەی پیشەکان بە هۆکاری تایبەتی ئەمریکایی بەردەوام بوو.
کۆمەڵناسیی ئایینی
کۆمەڵناسیی ئایین هەوڵی دەدا بابەتە ئایینییەکانی وەک بابەتی دەرەکی لێکبداتەوە و بە بەکارهێنانی شێوازی زانستی هەوڵی ڕوونکردنەوەیان بدات. بەڵام کۆمەڵناسیی ئایینی هەوڵ دەدات بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنیا ئایینییەکان، بە بەکارهێنانی شێوازی زانستی، بەڵام لە قاڵبی قوتابخانەیەکی تاتیبەتیدا هەڵبسەنگێنێت، ڕەخنەی لێبگرێت، لێکبداتەوە.
قوتابخانەکانی کۆمەڵناسی هاوشێوەی لقەکانی تری زانستی مرۆیی، بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر بنەمای گرووپێک لە باوەڕە ئایینی و گریمانە سەلمێنراوەکان دروست دەبن. هەرچەندە ئەو باوەڕانە لە لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵناساندا بەردەوام لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت و کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵام سێبەری قوورس و هەمیشەیی ئەوان بەسەر لێکۆڵینەوەکاندا دەبینرێت. ئەو گرووپە لە باوەڕ، یان چەمکانە، لە ژێر ناوەکانی (گریمانە، بنەمای دانراو، گریمانەی سەلمێنراو) دەناسێنرێن.
لە قوتابخانەی فەندەمێنتالیستەکاندا، کۆمەڵگە وەک کۆمەڵێک بەشی بەیەکەوە گرێدراو گریمانە دەکرێت، کە تێیدا هیچ بەشێک بە جیا لە گشت ناتوانرێت لێی تێگەیشت.
بەڵگەنەویستە کە ئەم گریمانەیە پشت بەستووە بە کۆمەڵێک بنەما، کە فەندەمێتالیستە لایەنگرەکانی یەکگرتوویی لە تیۆری بەکۆمەڵ و تێڕوانینە ئۆرگانییەکان کە لە سەدەی نۆزدەدا بیری بیرمەندانی پێکدەهێنا، بەو دەرەنجامە گەیشتوون. ئەم بنەما دانراوانە کە لە قوتابخانەی فەندەمێنتالیستەکاندا بە بەڵگە نەویست و سەلمێنراو گریمانە دەکرێن و لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵگە بە یەک گشتی تەندروست دەبینێت، کە هیچ کاتێک لە ڕێگەی تاقیکاری و ئەزموونییەوە نەسەلمێنراون، بەڵکو دژی قوتابخانەکانی دیکەشن. بۆ نموونە قوتابخانە دژەکان پێچەوانەی ئەم گریمانانەیان بەلاوە ڕاستە، بەڵام لەو قوتابخانە دژانەشدا ئەو بنەمایانە بەشێوازی تاقیکردنەوە، ئەزموون نەکراون.
لە قوتابخانە دژەکاندا پرۆسەی کۆمەڵایەتی نەک لە فۆڕمی هاوکاری گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو وەک دەستدرێژیکردنی مرۆڤ لەبەرچاو گیراون.
لە ئەنجامدا سەرجەم قوتابخانەکانی کۆمەڵناسی بە ناچاری هەندێک بنەما و گریمانە بە بەڵگەنەویست و بنەمای تێڕوانینی تیۆری و توێژینەوە ئەزموونی و پراکتیکییەکان دادەنێن.
کۆمەڵناسیی ئیسلامی
هەر کاتێک مەبەستی کۆمەڵناسانی ئایینمان لە سەدەی نۆزدەدا بیر بێتەوە کە هەوڵیان دەدا ئاگایی چینایەتی، یان سیستمی عەقڵانی – یاسایی لە جیاتی خوا و قوتابخانە ئیلاهییەکان دابنێن، بۆمان دەردەکەوێت، کە لە قوتابخانەکانی کۆمەڵناسیدا کە ئەم کۆمەڵناسانە لە بیرکردنەوەیاندا بووە، واتا ئایین لە پێگەی ئایینی کۆمەڵایەتی، هەموویان ناچاربوون باوەڕیان بە جۆرێک لە کۆمەڵناسیی ئایین هەبێت. بەو واتایەی کە کۆمەڵناسیی دۆرکایم لە گەڕانیدا لە بارەی ئایین، هەرچەندە چەمکی ئیلاهی ئایین ڕەت دەکاتەوە، بەڵام دووبارە بە جۆرێک لە کۆمەڵناسیی ئایین دەگات، کە خوا لە ئۆرگانی ئاییندا، نەک بوونێکی بان سروشتی، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵگە گونجاو بووە. لەم چوارچێوەیەدا مارکس و ویبەر بە شێوازی تایبەتی خۆیان، جێگرەوەیەکی گونجاویان دۆزیەوە.
مارکس لە واتای کۆمەڵناسیی ئایینی خۆیدا پێی وابوو، کە بابەتەکانی کۆمەڵناسی هەموویان لە ژێر کۆنترۆڵی خوای سەرمایەداری، یان کولتووری سەرخانن و گرنگترین فۆڕمەکانی کۆمەڵگەش، ئەم گرێدراوی چینایەتییە بووە. مارکس ئومێدی وابوو لە کۆتا سەردەمی سیستمی چینایەتی، یان ئاسۆی نوێی کۆمەڵگەی دیموکراسی، مێژووی مرۆڤایەتی لە خوای بە دنیایی بوو و ئازاد لە کۆتوبەندی چینایەتی، بۆ فۆڕمی ئاگایی چینایەتی گەشە بکات.
کەواتە پێویستە دوو چەمکی بنچینەیی لە کۆمەڵناسیی ئایینی ڕۆژئاوادا پێناسە بکرێنەوە:
- کۆمەڵناسیی ئایینی سەدەی نۆزدە کە تایبەتە بە ئایینە ئەفسانەییەکان، بنەماکانی ئەویش بۆ ئایینە بە دنیایی بووەکان دەگەڕایەوە، کە ئەمڕۆ بە ناوی قوتابخانە جیاجیاکانی کۆمەڵناسی بنەما و گریمانەی ناسراو و بنەمای شیکاری دواتر دادەنێن. ئەم گریمانانەی زانست و فەلسەفە لە هەمان ئەو سەردەمەدا بەرهەم هاتوون.
- واتای خوا لەو قوتابخانانەدا بۆ چەمکەکانی وەک کۆمەڵگە، خودئاگایی چینایەتی، یان سیستمی عەقڵانی – یاسایی گۆڕاوە.
ئەم ناساندنەوەیە پیشانی دەدات، کە کۆمەڵناسە ناوبراوەکان، بنەما و گریمانە پێویستەکانی خۆیان لە هەناوی زانست و فەلسەفەی پەسەندکراوی زەمەنی خۆیان دەرهێناوە و خوڵقاندووە.
بەڵام لە کۆمەڵناسیی ئایین، تێگەیشتنی ئایینی ئیلاهی و بە تایبەتی جۆرە ئیسلامییەکەی، کە جێی مەبەستی ئێمەیە، بنەماکان نەک لە زانست و فەلسەفەی پەسەندکراو، بەڵکو لە وتەی خوا و سوننەتی پەیامبەرانی وەردەگیرێت و چەمکی خوا شوێنکەوتەی هیچ جۆرە گۆڕاکارییەک نابێت.
کۆمەڵناسیی ئیسلامی وەک قوتابخانەیەکی کۆمەڵناسی، هاوشێوەی قوتابخانەکانی تر خاوەنی بنەما و شێوازی زانستی و باو و جێی لێکۆڵینەوەیە.
لەبەر ئەوە کۆمەڵناسیی ئیسلامی وەک یەکێک لە لقەکانی کۆمەڵناسیی ئایینی دوو جیاوازی بنچینەیی و بەرجەستەی لەگەڵ کۆمەڵناسیی ئایینی دۆرکایم و مارکس و ویبەر هەیە، یەکەم، لەم قوتابخانەیەدا خوا بە واتای باوی بوونناسانە، بە تەنیا هەبوو، تەنیا پەرستراو دادەنرێت و بەرجەستەبوونی ئەو لە دەقی یاساکانی بووندایە، بە تایبەتی وتەی خوا و سوننەتی پەیامبەران و خەلیفەکان و ….. دووەم، بنەماکانیش دەبوو لە هەمان ئەو وتە و سوننەتانەوە وەربگیرێن، نەک بنەماکانی قوتابخانە زانستی، یان فەلسەفییەکان.
بەمشێوەیە کۆمەڵناسیی ئیسلامی وەک لقەکانی دیکەی کۆمەڵناسی، لەسەر بنچینەی کۆمەڵێک بنەما و گریمانەی بەرهەمهێنراوی سیستمی فیکری ئیسلام هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی شێوازە زانستییەکان لە قاڵبی بیری ئیسلامیدا لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکاندا بکات.
سەرچاوە
دانشکدە اسلامی/ شمارە اول/ ٩