شێخ عیزەدینی حوسەینی، دیدی جیاواز لە ئایینداریدا
ڕابەر سیوەیلی

دەروازە
ئایین بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، نەک ھەر تەنیا وەک لایەنێکی باوەڕداریی، بەڵکو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەشی بینیوە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی پێکھاتە سیاسییەکان و ناسنامە کولتوورییەکاندا. هەرچەندە ئەو ڕۆڵەی ئایین لە پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگەکاندا گرتوویەتییە ئەستۆ، لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەلێکدانەوەی جیاواز شێوەی گرتووە؛ ئەم لێکدانەوانەش ھەندێکجار بوونەتە ھۆی سازان و ھەندێکجاریش لە ھەردوو ئاستی تیۆلۆژیکی و سۆسیۆلۆژیدا بوونەتە ھۆی مشتومڕ و ناکۆکی. بەتایبەت لە جیھانی ئیسلامیدا، مەزھەبی جیاواز و قوتابخانە فیکرییەکان و ڕێبازە ڕۆشنبیرییەکان نیشاندەری بەرجەستەی ئەم فرەییەن. لەم چوارچێوەیەدا، بابەتی (بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ئایین)، نەک ھەر تەنیا بابەتێکی تیۆرییە، بەڵکو کلیلێکی گرنگیشە بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی فیکری و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەکان.
لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەدا، باس لە کەسایەتی و دیدی ئاینیی (شێخ عیزدەینی حوسێنی) دەکەین وەکو یەکێک لە زانا ئایینییە دیارەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، کە بەهۆی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و ھەڵوێستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانەوە نموونەیەکی بەرچاوی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووە. ھەوڵی ئەو بۆ کۆکردنەوەی تێگەیشتنی کلاسیکیی لە ئیسلام لەگەڵ کێشەکانی سەردەمدا بەڕوونی دیارە! لەھەمانکاتدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ھێڵە فیکرییە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە بژین. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە ناوبراو نەك تەنها وەکو زانایەکی ئایینی، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی کۆمەڵایەتی و خاوەن ڕایەکیش بەدیار بکەوێت.
بۆچوونەکانی شێخ عزەدین حوسێنی سەبارەت بە ئایین، لە تێگەیشتنێکی تاک ڕەھەندی تێدەپەڕێت. ئەو ئایین بەتەنیا وەک بوارێکی پەرستنی تاکەکەسی وێنا ناکات، بەڵکو وەک بنەمایەکیش بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی و گەڕان بەدوای شوناسی نەتەوایەتیدا دەبینێت. واتە (شێخ عیزەدینی حوسێنی) لەیەكکاتدا گرنگی بە پاراستنی بەھا ئایینییەکان داوە و ھەروەھا داکۆکی لەوەش کردووە کە دەکرێت ئەم بەھایانە بەشێوەیەک لێکبدرێنەوە کە وەڵامدەری پێداویستییە ھاوچەرخەکانی کۆمەڵگە بن، چونکە ئایین خاوەنی پێکھاتەیەکی وەستاو نییە، بەڵکو دینامیکییە.
جێگەی باسە، ئەو سەردەمەی (شێخ عیزەدینی حوسێنی) تێیدا ژیاوە، قۆناغێک بووە کە خەباتی ناسنامەی گەلی کورد چڕتر بووەتەوە و گرژییە سیاسی و کولتوورییەکان زیادیان کردووە. لەم قۆناغەدا ھەڵوێستی سەرکردە ئایینییەکان تەنیا بە پرسە ئایینییەکانەوە سنووردار نەبووە؛ بەڵکو کاریگەرییان لەسەر ورەی گەل و شێوەگرتنی ھۆشیاری سیاسییش ھەبووە. لە بۆچوونەکانیدا، پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوان ناوەڕۆکی ئایین و داخوازییەکانی کۆمەڵگە بۆ دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی ھەیە. لێرەدا شێخ عیزەدین داکۆکی لەوە دەکات کە بیری ئایینی ھێزێکی بنیاتنەری کۆمەڵایەتییە و نیشاندەدات کە ئایین توانای ئەوەی ھەیە نەک تەنیا ڕابردوو ڕوون بکاتەوە، بەڵکو داھاتووش پێکبھێنێت. ئەم تێگەیشتنە، جگە لە قەبوڵکردنی ڕەوایی لێکدانەوە جیاوازەکانی ئایین، ڕێگەش بەوە دەدات کە وەک دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێن.
ژیان و بنەماڵەکەی
شێخ عیزەدین، ناوی (ڕەشید)ەو ناسراوە بە (سەید عیزەدینی حوسەینی). ساڵی ١٩٢٢ لە شاری بانە لە بنەماڵەیەکی ئاینیی و کوردپەروەر لە دایکبووە[1]. باوکی شێخ عیزەدین ناوی (شێخ حەمە ساڵح)ە، بە (سەید ساڵح) یان (قازی شێخ ساڵح)یش ناسراوە و خۆیان بە سەید و نەوەی ساداتی بەرزنجە دەزانن[2]. لەبنەڕەتدا لە گوندی (واژەی)ی (شارباژێر) بوون، دواتر چوونەتە بانە، باوکی شێخ عیزەدین دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکھێناوە، لە هاوسەری یەکەمی تەنها کچێکی بووە بەناوی (ئامینە)، دوای ماوەیەك هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە، پاشان لەگەڵ (حەلیمە) ھاوسەرگیری کردووە، لەویش چوار کوڕ و کچێکی بووە. شێخ عیزەدین یەکەم منداڵی خانەوادەکەیان بووە، لە دوای ئەو ھەریەک لە (عەبدولقادر و شێخ جەلال و زەکیە و عەزیز) لەدایکبوون.
شێخ عیزەدین لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە[3]، ھەرچەندە پێیخۆشبووە بچێتە خوێندنگە، بەڵام شاری بانە ھەتاوەکو ساڵی ١٩٣٦ خوێندنگەی ھاوچەرخی لێ نەبووە، دواتریش کە لەو شارەدا خوێندنگە کرایەوە، باوکی شێخ عیزەدین ڕێگەی نەداوە منداڵەکانی بچنە خوێندنگە، چونکە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی سەردەمی حوکمی ڕەزاشای وەک بانگەشەیەک بۆ دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی وێنا کردووە. ئەو سەبارەت بە حەزنەکردنی لە خوێندنی ئاینیی وتوویەتی: ”من وەک ھەموو کوڕە مەلایەک لە خوێندگەی ئاینیی وانەم خوێندووە، ماوەیەک حەزم لە خوێندنی ئاینیی نەبوو، حەزم دەکرد بڕۆمە خوێندنگە، بەڵام باوکم ڕێگەی نەدا! پاشان چوومە فەقێیەتی، کە چوومە ناو فەقێیان فیکرم گۆڕا، زۆر بە جددی دەستمکرد بە خوێندن و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان گەڕام تاوەکو ھەموو زانستی مەلایەتیم تەواوکرد و لەساڵی ١٩٤٦ لەسەر دەستی (مامۆستا مەلا باقری بالک) ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرتووە[4] ”.
شێخ عیزەدین لە تەمەنێکی گەنجیدا ژیانی ھاوسەرگیریی لەگەڵ (زوڵەیخای کچی سەید بابە گەورە) پێکهێناوە و نزیکەی دوو ساڵ لە گوندی حەمامیان ماوەتەوە. بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییەش حەوت منداڵە بە ناوەکانی (ئایشێ، فاتیمە، شیرین، سەیران، پەروین، جەمیلە و جەمال). شێخ عیزەدینی حوسەینی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠١١ لە نەخۆشخانەی (ئەکادیمیای زانستیی) لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.
دیدی جیاواز لە ئایینداریدا
شێخ عیزەدینی حوسەینی خاوەن مێژوویەکی سیاسیی بەرجەستەیە، ئەو لەلایەک مەلا بوو، لەلایەکی دیکەوە کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراو و لایەنگری بزووتنەوەیەکی چەپ بوو لە کوردستان[5]. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئاینیی بوو بە مامۆستای زمانی عەرەبی لە مزگەوتی سوری مەھاباد، لە فێرگەی ئاینییش وانەی زانستە ئیسلامییەکانی وتۆتەوە، پاشان بوو بە (ئیمام جومعە)ی شاری مەھاباد، لەدوای پیشەی مامۆستایی، ئەوە دووەم کار بوو کە پێیی درا، بەمەش نفوزی لە شاری مەھاباد زیادی کرد[6].
ئەو لەو مەلایانە بوو توانایەکی باشی لە زانستی قورئاندا ھەبوو، زۆرێک لە مەلاکانی کوردستان قورئانیان باش نەدەناسی بە دەستی دوو و سێ ئیسلامیان ناسیبوو، بەڵام ناوبراو ئاشنایەتییەکی تەواوی لەسەر سەرچاوەی یەکەمی ئاینیی ئیسلام ھەبوو، بۆیە وەک زانایەکی گەورەو ھەڵکەوتووتر و پێشەنگتر لە ھەموویان ناسرابوو. لە زۆر شتی مەزھەبیی دیدو بۆچوونی تایبەت بەخۆی ھەبوو، پێیوابوو ئایین لایەنێکی مەعنەویی و ڕۆحانیی ھەیە، بڕوای وابوو دوو شت لە دەروونی مرۆڤدا بوونی ھەیە، یەکێک سۆزو و ئەوی دیکە عەقڵ و لۆجیکە. لایەنی سۆزداری مرۆڤ بریتییە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خودا، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ…ھتد، ھەندێک جاریش ئەو ھەستە لەگەڵ خراپەدا ئالودە دەبێت، جاری وا ھەیە مرۆڤ بەردێک دەپەرستێت، یاخود دەچێتە سەر گۆڕی شێخێک و پێیوایە ڕزگاری دەکات! ئەمەش ھیچی ئایین نییە و لە ھەستەوە سەرچاوەی گرتووە[7]. بڕوای وابوو ئاینیی ئیسلام دەبێت لە تێڕوانینی سیاسیی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا گۆڕانی بەسەردا بێت، دەکرێت زۆر شت لە ڕابردوودا زەمینە ھەبوو بێت بۆ ئەنجامدانی، بەڵام ئێستا نییە، نابێت ئێمە وەکو ڕابردوو ڕەفتار بکەین.
ئەو لەو مەلایانە بوو، کە ئەوەندە بوێر بوو بڵێت دەبێت تێڕوانینمان بۆ ئیسلام بگۆڕێت و نوێ بکرێتەوە، نابێت ڕابردوو لەئێستادا وەک خۆی کۆپی بکرێتەوە، وتوویەتی ئایین لەھەر سەردەمێکدا کە ھاتووە بۆ ئەوە بووە مرۆڤ ڕێنوێنی بکات. وەک شێخێک خاوەنی مورید نەبووەو دژی شێخایەتیی و خورافات بووە[8]. ناوبراو ئەو زانستە ئیسلامیی و عەرەبییە کۆنانەی لەگەڵ بیروباوەڕی نوێ و پێشکەوتووخوازدا تێکەڵکرد، پێیوابوو ناکرێت مرۆڤ ئایین بکاتە ئامرازێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ژیانی خەڵک و دیاریکردنی چارەنوسی تاکەکان بەناوی خوداوە! بەڵکو بڕوای وابوو ھەبوونی ھێزی عەقڵ و مەعریفەت دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و کەس بۆی نیە بەناوی خوداوە حوکم بکات و ڕەوتی ژیانی مرۆڤ دیاریبکات. لەڕاستییدا ئەم خوێندنەوەیە لەوکاتەدا بۆ کەسایەتییەکی وەک ناوبراو پڕ بایەخبووە، چونکە لەلایەن مەلاکانی دیکەوە دژایەتی دەکرا. شێخ عیزەدین دەڵێت: “ئایین مەسەلەیەکی ڕۆحییە، ئێمە لایەنگری پرۆسەی پەرەسەندنین، ھەموو مرۆڤێک بە کۆمەڵێک قۆناغدا تێدەپەڕێت تادەگاتە ئامانج، وەک منداڵێک کە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێدەکات و پاشان ناوەندی و دواناوەندی و زانکۆ تێدەپەڕێنێت و دوای ئەوە سەربەخۆ دەبێت و پێداویستییەکانی خۆی دابیندەکات، مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو وابووە، تەنانەت ئەو کاتەش، کە ھیچ پەیامبەرێک نەبووە، پاش ئەوەی مرۆڤ گەشەیکردووە، ئینجا پەیامبەرانو چاکسازان ھاتوون”[9].
شێخ عیزەدین ئەو زۆرجار لەسەر بیروبۆچوونەکانی تەکفیر کراوە، چونکە وتنی ئەو قسانە ئازایەتی دەویست، بەڵام لەلایەن ھەندێک لە ھاوپیشەکانی ئەوە دەرچوون بوو لە ئایینی ئیسلام. زۆر بەڕاشکاوانە وتویەتی: ”من بەھیچ شێوەیەک بڕوام بە حکومەتی ئاینیی و مەزھەبیی نیە، نە لە ئێران نە لە ھیچ جێگەیەکی دیکەی جیھان، حکومەتی ئاینیی ئەگەر سەردەمانێک بەکەڵک ھاتبێت و ڕۆڵی ھەبوو بێت، بەڵام لەدنیای ئێستادا ناتوانێت قازانجی ھەبێت”. شێخ عیزەدین ھەر زوو دەرکی بەو ڕاستییە کردووە کە دەوڵەتی مەزھەبیی لەسەر یەک ڕێباز و یەک ڕەنگ، دەوڵەت دووچاری داخرانی سیاسیی و فەرھەنگیی و کۆمەڵایەتیی دەکاتەوە.
دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری خومەینی، تێزی (ویلایەتی فەقیهـ) وەك سیستەمێکی ئیسلامیی سیاسیی لەسەر بنەمای شیعەگەرایی کەوتە بەرباس. شێخ عیزەینی حوسەینی یەکێك بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی کە پێیوابوو بەردی بناغەی ویلایەتی فەقیهـ لەسەر دیکتاتۆریی دامەزراوە، کۆماری ئیسلامیی ناتوانێت ئازادیی و دیموکراسی بۆ خەڵک دەستەبەر بکاتو مافی نەتەوەکان بەفەرمی بناسێنێت، بۆچوونی وابوو مەسەلە تەنیا ویلایەتی فەقیهـ نیە، بەڵکو دەبێت ئایین و حکومەت بە تەواوی لێکجیابن، ئەگەر نا ئایین دەبێتە بووکەڵەی دەستی دەسەڵاتداران و پیرۆزی خۆی لەدەست دەدات. بەواتایەکی دیکە، ناوبراو زۆر ھۆشیارانە و ئازایانە وەستا لە دژی ئەوەی کە پیاوانی ڕۆحانی بەشداربن لە حوکمی سیاسیی و ئیداری[10].
شێخ عیزەدین بڕوای وابوو ئایین بەپێی قۆناغە جیاوازەکان ئەرک و ڕۆڵی دەگۆڕێت لەم بارەیەوە دەڵێت: ”کاتێک ئادەمیزاد لە قۆناغی سەرەتاییدا بوو تەنیا ئایین توانیوێتی کۆمەڵ ڕێکبخات و بەڕێوەیبەرێت، بەڵام لە ئێستادا ئایین جێگەی خۆی داوە بە زانست و زانیاری سەردەم لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، دەبێت خەڵک کۆمەڵگەی خۆی بەڕێوەبەرێت و ڕێسا و یاسایی بۆ دابنێت، مافی ھەڵبژاردنی سەرۆکی خۆی ھەبێت، مەزھەب و ئایین ڕۆڵی نەبێت. ئایین دەبێت ئەرکی خۆی بەجێ بھێنێت، کە زانست ناتوانێت ئەو ڕۆڵەی ھەبێت[11] ”. ئەو باوەڕی بە شەڕی ئاینزای (شیعە و سوننە) نەبوو، لە وتارێکدا لە زانکۆی (سەنعەتی شەریف) لە تاران بە ئامادەبوونی دەیان ھەزار کەس وتی: ”ئەو مەزھەبەی خەڵکی ڕووبەڕووی یەکتر کردۆتەوە ئاینیی خودا نیە، سانسۆر نموونەیەکە لە گەڕانەوەی کۆنەپەرستیی، لەھەر بەرگێکدا بێت ئێمە مەحکومی دەکەین. من داوا دەکەم دەست لەنێو دەستی یەکتر ڕێگە نەدەین لەسەر بنەمای جیاوازی مەزھەبی بدرێن بەگژ یەکتردا، چونکە ئایین دەبێت بۆ ئاسوودەیی خەڵک بێت و لە خزمەتی خەڵکدا بێت و ھەر جۆرە دەمارگیرییەکی ئاینیی مەحکوم دەکەم[12] ”.
لەنێوان (دین و سیاسەت)دا
بەهۆی ڕۆڵی بەرفراوانو گەورەی لە ڕووداوەكانی دەیەی هەشتاكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، شێخ عیزەدینی حوسەینی، زیاتر وەك كەسایەتیەكی سیاسیی دەناسرێ تاوەكو ئاینیی، لە بواری سیاسەتیشدا لە زۆر كەسی دی قوڵتر بیری دەكردەوە. خاوەن بیروبۆچوونێكی ڕۆشنبیرانە و كوردانە بوو، هەوڵیدا لە دید و بۆچوونیدا دەق و تێڕوانینە ئیسلامییەكان لەڕووی چەسپاندنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییەوە لێك نزیكبكاتەوە، جەختی كردۆتەوە لەسەر مافە نەتەوەییەكانی كورد، ناوبراو لەم بارەیەوە دەڵێت: ”من هیچ جیاوازییەك نابینم لەنێوان ئابووریی سۆسیالیزم لەگەڵ ئابووریی ئیسلام، بۆیە قوتابخانەی ئابووریی سۆسیالیزمم قبوڵە، نەك قوتابخانە فەلسەفیەكەی، چونكە سۆسیالیزم لە هەندێك لایەنەوە لەگەڵ ئیسلام دا هاوڕایە، وەك نەبوونی چینایەتی توند و یەكسانی دەرفەتی ئابووریی، دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی، نەمانی جیاوازی…هتد[13] ”.
جگە لە بۆچوون و دیدە فکریی و ئاینییەکانی، ئەگەر ئاماژەیەك بە ژیانی سیاسی شێخ عیزەدینی حوسەینی بکەین، دەتوانین بڵێین: هەر لە دەورانی فەقێیەتیدا و لەساڵی 1944 بەناوی نهێنی (هەوێن) پەیوەندی كردووە بەڕیزەكانی ڕێكخستنی (ژ.ك)ەوە. پاشان لە دەورانی فەرمانڕەوایی (د. موحەممەد موسەدیق)دا لایەنگری حكومەتەكەی ناوبراو و ڕیفۆرمە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی بووە، تەنانەت چاكسازییە لیبڕاڵییەكانی موسەدیق لەنێوان ساڵانی (1951_1953) كەشوهەوایەكی لەباری بۆ هێز و چینە چەوساوەكان ڕەخساند، كە داوای ماف و ئازادی سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانیان بكەن، كە پێشتر لێیان زەوتكرا بوو. كاتێك شێخ عیزەدینی حوسەینی لە گوندەكانی كانیە ڕەش، گۆڵێ و قارەوای موكریان مەلا بوو، بزووتنەوەی جوتیاران لەو ناوچەیەدا زۆر بەهێزبووەو ناوبراو پشتیوانی لە جوتیاران كردووە، بۆیە كەوتۆتە بەر هێرشی ئاغاو خاوەن موڵكەكانی ناوچەكەو بەو هۆیەشەوە ناچاركراوە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵت.
لەلایەکی دیکەوە، شێخ عیزەدینی حوسەینی چەند جارێك كەوتۆتە بەر هەڕەشەی دەزگای هەواڵگری ساواك، لەساڵی 1968 لە شاڵاوە بەربڵاوەكەی ئەو دەزگایەدا بۆ سەر ئازادیخوازانی كورد گیراوە و پاش ماوەیەك ڕاگرتنی لە سەربازخانەی (جڵدیان) ئازاد كراوە. ئەو یەكێك بوو لەو مەلایانەی لە كاتی وتاری هەینیدا ئەگەرچی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی شاهەنشاهییەوە هەڕەشەی لێكراوە، بەڵام هەرگیز بەزمانی كوردیی دۆعای بۆ شا نەدەكرد[14]، زۆركەم تێكەڵاوی دەوڵەت بوو، تەنانەت كاتێك بانگهێشت دەكرا بۆ مەراسیم و بۆنەكان تا ئەو جێگەی بۆی بكرایە نەدەچوو، لەبری خۆی مەلایەكی دەنارد.
لەكاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانيشدا وەك ڕێبەری سەرجەم گەلی كورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا. بەتێڕوانینی ئەو كوردایەتی بریتییە لە خەبات بۆ ڕزگاری میللەتی كورد لە هەموو چەوساندنەوەیەك، لەسەرەتاوە چەوساندنەوەی نەتەوەیی پاشان چەوساندنەوەی چینایەتیی و فەرهەنگیی و ئەدەبیی و…هتد. ئەو پێیوابوو كورد وەك میللەتێك هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەكی لەسەرە، ئامانجی ئەوەیە وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆ بناسرێت، نەك بەناوی تورك و فارس و عەرەب یان هەر مەزهەب و ئاینێكەوە مافی نەتەوەبوونی لێ بسەندرێتەوە، هەرشتێك دژی جوڵانەوەی ڕزگاری كورد بێت ڕێگربێت لە بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد ڕووبەڕووی دەبینەوە، با لە چوارچێوەی مەزهەبیشدا بێت، خودا ئێمەی وەك خەڵك دروستكردووە، چۆن ئاینیی خودا ڕێگە دەدات ئەوان سەربەخۆبن، بەڵام بەكورد ڕێگە نادات[15]!
شێخ عیزەدین تێڕوانینێكی گشتگیری هەبوو بۆ نەتەوەی كورد! لەم بارەیەوە دەڵێت: ”كاتێك قسەمان لە نەتەوەی كورد كرد، قسە لە هەموو كوردستان و میللەتی كورد دەكەین، ئەو كات میللەتی كورد وەك میللەتی موسوڵمان سەیر ناكەین، وەك میللەتێك سەیری دەكەین موسڵمانە، شیعەیە، سوننەیە، ئەهلی هەقە، ئێزدییە، كاكەییە، لائیكە…هتد، نەتەوەیەكە هەموو بیروباوەڕەكان لە خۆدەگرێت، ئێمە باسی موسڵمان و ناموسڵمان ناكەین، دەڵێن كێ كوردە؟ كێ خەبات و تێكۆشان دەكات بۆ ڕزگاری كورد؟ ئەوكاتە هەر كەسێك لەو ڕیزەدا بێت، هەر ئایینو باوەڕێكو بیروبۆچوونێكی هەیە قبوڵی دەكەین”. پێشی وابوو پێویستە كورد لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ، دەبێت مافی خۆی بەدەستی خۆی بەدەستبهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن هەركەسو لایەنێكەوە یارمەتیدرا قبوڵی بكات، نەك بەو مانایەیی بەستراوە بێ بە لایەنێكەوە یاخود ببێتە نۆكەرو ژێردەستە، هەروەها زۆر هەوڵی بۆ یەكگرتووی كورد داوە.
یوسف ئەردەڵان سەبارەت بە كەسایەتی شێخ عیزەدین دەڵێت: ”هەرگیز خواستی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی نەبووە، وتویەتی ئەگەر مەزهەب دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەوكات شەریعەت جێگەی یاسا دەگرێتەوە”. بە بیروباوەڕی ئازادیخوازانەو مرۆڤدۆستانەوە، وەك كەسایەتییەكی سیاسیی لە مافی ڕەواو بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد بەرگریی كردووەو لەو ڕێگەیەدا تێكۆشاوە.
ئەو زۆری پێ خۆشبوو پەیوەندی هەبێت لەگەڵ هەركەسێكدا، كە بۆ ڕزگاری میللەتی كورد خەبات دەكات، لە مەهاباد و دەوروبەری، یان لە هەربەشێكی دیكەی كوردستان بێت. بەبۆچوونی ئەو چۆن گەلی كورد لە ئێراندا دەبێت مافەكانی خۆی بەدەستبهێنێت، نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیش هەمان مافیان هەیە. ئەحمەد ئەسكەندەری سەبارەت بە كەسایەتی شێخ عیزەدین دەڵێت: ”ئەو وەك بیرمەندێك باسی مرۆڤ، ژیان، خودا، بەهەشت، كائیناتو مافخوازیی كردووە؛ كە قسەی دەكرد بەڵگەی دەهێنایەوە و بیری لەوە نەدەكردەوە ئایا ئەم دەربڕینە لەباری سیاسییەوە قازانجی لێدەكات یان نا، بیری لەوە دەكردەوە ئەوەی كە دەیڵێت چەندە لەڕاستییەوە نزیكە، تا چەند خزمەت بەخەڵكو ئامانجەكەی دەكات”. هەروەها شێخ عیزەدین دەیوت: ”نابێت لە خەباتكردن ماندوو بین، ڕەنگە هەندێك دانیشن و دەستهەڵگرن، بەڵام كۆمەڵێكی تر دەستپێدەكەن، مەرج ئەوەیە شێوەی خەباتی خۆمان بگۆڕین و زیاتر بایەخ بە لایەنی سیاسی بدەین”.
ڕۆشنبیریی و چاکسازیی کۆمەڵایەتی
شێخ عیزەدین، كەسێكی ڕۆشنبیر و خوێنەر بوو، ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەكان بوو، هەم لە بواری ئایین و هەم لە دونیای سیاسەتو زانستی كۆمەڵایەتیدا. زمانی عەرەبی و فارسی و كوردی زۆربە باشی زانیوە، جگە لە خوێندنەوەی كتێبە ئاینییەكان زۆر حەزی بە خوێندنەوەی كتێبی (مێژوویی، فەلسەفیی، كۆمەڵناسیی، ئەدەبیی، سیاسیی) هەبووە[16]. ئەو پەیوەندیەكی زۆر باشی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكاندا هەبوو، ماڵ و حوجرەكەی ببووە شوێنی كۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و خوێنەرانی كورد؛ لە شارەكانی دیكەوە هاتوونەتە ماڵی ناوبراو، سەبارەت بە هەموو مەسەلەیەكی مەزهەبی كەسانی سیكۆلار و نامەزهەبیی مافی ئەوەیان هەبوو بە ڕاشكاوی قسە بكەن و بۆچوونەكانی خۆیان دەرببڕن، جگە لەوەش هەڵاتوانی سیاسیی دەبردە حوجرەی خۆیو وەك فەقێ وەریدەگرتن و وانەی پێدەگوتنەوە، بەمشێوەیە هەم لە چاوی دەوڵەت دەیشاردنەوە هەم فێری خوێندنەوە دەبوونو تێڕوانینیان فراوان دەبوو.
ناوبراو لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ گۆڤاری بەربانگ دەڵێت: ”كاتێك بووم بە مەلا زیاتر دەستم كرد بەخوێندنەوەی هەموو جۆرە كتێبێك، بەتایبەت كتێبەكانی (جەمالەدینی ئەفغانیی و شێخ موحەممەد عەبدە) و نووسەرەكانی دیكەی ئەو شێوە فیكرەی ئەو كاتە، ئەوانە زۆر كاریان تێدەكردم، لەكاتی وانەوتنەوەدا ئەو بیروڕا باشانەم ڕادەگەیاند، جگە لەوانە كتێبی دیكەشم دەخوێندەوە وەك كتێبە سیاسییەكان و كتێبە ئەدەبییەكان، هەموو كاریگەریی خۆیان هەبوو، دواتر وام لێهات بەهۆی خوێندنەوەی كتێبی نوێترەوە، بگەمە ئەو بڕواییەی كە كتێبەكانی جەمالەدین و موحەممەد عەبدە لە سەردەمێكی دیاریكراوو پێشوودا نووسراوە، ئێستا گۆڕانكاری گەورە بەسەر ژیان و كۆمەڵگەدا هاتووە و پێویستە بۆچوونی نوێیان بخرێتە سەر”. یەكێك لەو كتێبانەی بەخوێندكارەكانی دەوتەوە كتێبی (رسالە التوحید)ی (موحەممەد عەبدە) بوو. ئەو فێرخوازانەی لای شێخ عیزەدین خوێندبوویان چ لە مەهاباد یان لە شارەكانی دیكە، خاوەنی بیری تایبەتی خۆیان بوون، لە فەقێی شوێنەكانی دیكە جیاواز بوون[17].
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەیەن کە شێخ عیزەدینی حوسێنی هاوڕێ و ئاشناكانی خۆی لەنێو ڕۆشنبیران و سیاسییەكان هەڵبژاردووە، بۆیە خەڵكانی سۆفی و ئیسلامیی سوننەتیی لە دژی بوون، كەسێكی بیرتەسك نەبوو، بەڵكو ئەو دیدو هۆشیاریەكی فراوانی هەبوو، خاوەن بیروبۆچوونی خۆی بوو[18]. ناوبراو دژ بە خوێندنو خوێندەواری نەبوو، بەڵكو یەكێك بوو لە خەباتكارانی ئەم ڕێگایە، بۆیە كاتێك بەرپرسی ئەنجومەنی شورای شاری مەهاباد بوو لە بەیاننامەیەكدا خەڵكی مەهابادی بانگهێشتكرد بۆ دامەزراندنی زانكۆی كوردستان، بەمەبەستی وەڵامدانەوەی پێداویستییە پزیشكییو كشتوكاڵییو پیشە ئابورییەكان، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە دەوڵەت كردبوو بودجەی پێویست تەرخان بكات.
شێخ عیزەدینی حوسەینی، لەبواری كۆمەڵایەتیشدا، وەك سەرجەم بوارەكانی دیكە جیاواز لە زۆربەی مامۆستایانی تری ئاینیی لێكدانەوەی تایبەت بەخۆی هەبووە. مرۆڤێكی ئازادیخواز بوو لایەنگری دادپەروەری كۆمەڵایەتیی و دژی چەوساندنەوە بوو، داوای یەكسانی نێوان چینەكانی كردووە؛ لەگەڵ ئەوەدا نەبوو مرۆڤەكان ببنە دوو چین، چینێك ئاغا و خۆشگوزەران و سەردەست بێت، چینەكەی دیكەش هەژارو ژێردەستە بێت، بەڵكو پێیوابوو پێویستە مرۆڤەكان لە كۆمەڵگەدا یەكسان بن و خاوەنی مافەكانی خۆیان بن، هەر لە چینی جوتیار و كرێكار و خوێندەوار تا دەگاتە چینەكانی دیكە، پێویستە هەموو كەسێك بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێتو بەپێی توانای خۆی پلەوپایەی پێ بدرێت، نەك جیاوازیی لە نێوانیاندا بكرێت. هەمیشە پشتگیری لە چینی جوتیاران كردووە، لەسەر ئەم هەڵوێستەی ڕووبەڕووی گرفتو نەهامەتی بۆتەوە[19]. ناوبراو وێڕای پشتگیریكردنی لە چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە، بەردەوام هانی داون بۆ بڕوابەخۆبوون و بەرزكردنەوەی پلەوپایەیان، بەشێوەیەك وتوویەتی: ”خەڵكینە جگە لە پێغەمبەر داودو سڵێمان…هتد، زۆرێك لە پێغەمبەران لە چینی خوارەوەی كۆمەڵگە بوون چینی كارگەرو زەحمەتكێش بوون، دەبێت ئاگاتان لێ بێت چینی بژاردە ئێوەن، هەموو پیاوە گەورەكان لەنێو ئێوەدا دەركەوتوون”.
یەكێكی دیكە لەو لایەنانەی شێخ عیزەدین قسەی لە بارەوە كردووە، یەكسانی ڕەگەزیی و نەبوونی جیاوازیی و جیاكاریی نێوان ژن و پیاوە. لە گۆشەنیگای ئەودا هیچ جیاوازییەك لەنێوان ژن و پیاودا نیە، لەڕووی مافەوە هەردووكیان یەكسانن، ژنێك دەبێت وەك پیاوێك ئەو مافەی هەبێت قۆناغەكانی گەشەسەندن ببڕێت، مافی ئەوەی هەبێت چارەنووسی خۆی دیاری بكات. تەنانەت بڕوای وابوو ژن مافی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆك كۆمار، ناوبراو دژی هەندێك دیاردەی كۆمەڵایەتیی وەك (ژن بە ژن، كچ بە زۆر بەشوودان، فرەژنی، گەورەو بچوك، مارەبەجاش…هتد) زۆر دیاردەی دیكە وەستایەوە، هەرگیز كچی لە تەمەنی منداڵی مارە نەدەكرد. پێی وابوو ژن بەشێكی هەرە گرنگی كۆمەڵگەیە، بەو ئەندازەی كە نیوەی كۆمەڵگەیە دەبێت بەو ئەندازە لەنێو كۆمەڵگە لە هەموو شتێكی كەڵك وەربگرێت.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین: شێخ عیزەدین مەلا بوو، بەڵام خاوەن فیکر و بیروبۆچوونێکی کراوە بوو، جیاوازتر لە ھاوپیشەکانی خۆی بیری کردۆتەوە و لێکدانەوەی مرۆڤدۆستانە و وردی ھەبووە بۆ شتەکان و دژی چەقبەستوییو کۆنەپەرستییو خۆبەستنەوە بە خورافات بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بەتەواویی جەختیكردۆتەوە لە بابەتە نەتەوەییەكان، چونكە بۆخۆی نموونەی مامۆستای ئاینییو میللییو پێشكەوتن بوو، كە خەباتی نەتەوەییو خەباتی ئاینیی پێكەوە گرێدابوو، بگرە لە زۆر بابەتیشدا لایەنە نەتەوەییەكەی زاڵكردووە بەسەر لایەنە ئاینییەكەدا.
[1]. ژیاننامەی شێخ عیزەدینی حوسەینی: بەرنامەی بیوگرافیا، ئەرشیفی ڤیدۆیی كەناڵی ئاسمانی knn، (8/2/2012)؛ عوسمان سەنگەسەری: بەشێك لە ژیانی سەركردە نەمرەكانی كوردستان، چ1، چاپخانەی سیما، سلێمانی، 2014، ل47؛ حەسەن بارام: ئینسكلۆپیدیای پارت و بزوتنەوە ئیسلامییەكان لە جیهاندا، چ1، چاپخانەی ڕەهەند، سلێمانی، 2014، ل313.
[2]. دارا ڕەشید: شێخ عیزەدین دروشمی ئۆتۆنۆمی كۆن بووەو باوی نەماوە، بەربانگ، ژ62ی ساڵی نۆیەم، سوید، ل61.
[3]. كورتەیەك لە ژیاننامەی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی بە پێنوسی مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی، تێكۆشان، ئۆرگانی كۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، ژمارەی تایبەت، 1389، ل3.
[4]. كۆچی دوایی جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی، گۆڤاری k21 ، ژ10، هەولێر، 2011، ل254؛ مەنسور بلووری: بەیادی سێهەمین ساڵیادی كۆچی مامۆستای پایەبەرزو ڕێبەری دڵاو ڕوناكو زانای گەورەی ئاینییو خەباتكاری مافی كورد http://helwist.com/Mamosta/16%20%202%20%2014%20%20M.Blori.htm .
[5]. كاوە ئەمین: چاوپێكەوتن لەگەڵا شێخ عیزەدینی حوسەینی، https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1012047758808736&set=t.100000105649964&type=1&theater&__mref=message
[6]. یاسین سەردەشتی: كوردستانی ئێران (1939-1979) لێكۆڵینەوەیەكی مێژووییە لە خەباتی ڕزگاریخوازی كورد، چ2، چاپخانەی سیما، سلێمانی، 2011، ل607.
[7]. شێخ عیزەدینی حوسەینی: مەسەلەی میللی،https://www.youtube.com/watch?v=HxckVxDI
[8]. دیدگاههای فقهی ماموستا شیخ عزالدین، https://www.youtube.com/watch?v=OopcQxjtWsI
[9]. شێخ عیزەدینی حوسەینی: باوەڕم بەجودای دین لە دەوڵەت هەیە تەواو دڵنیام ئیمڕۆ دین ناتوانێت حكومەت بەڕێوەبەرێت، چاودێر(ڕۆژنامە)، ژ293، دووشەمە 10/11/2011.
[10]. مامۆستاو بیروبۆچوونەكانی بۆ كۆنفرانسێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران،بەرلین_ ئەلمانیا، پاییزی 2005.
[11]. عینایەت فانی: (بە عبارت دیگر) گفتوگو با شیخ عیزالدین حسینی روحانی و فعال سیاسی سابق كرد، تەلەفزیونB.B.C))، 16 خرمانان 1389، 7ئەیلولی 2010
[12]. عزیز ماملی: شیخ عزالدین در سیاست خردمند و در مژهب فرهیخته بود،
[13]. اگلاعات، شمارە15910، یكشنبە، 31 تیرماە 1358.
[14]. سەروەت عەبدوڵڵا: كاك ئەحمەدی موفتی زادە دەروازەیەك بۆ خەباتێكی نەناسراو، چ1، چاپخانەی سیما، سلێمانی، 2010، ل161.
[15]. شێخ عیزەدینی حوسەینی: مەسەلەی میللی، https://www.youtube.com/watch?v=HxckVxDI7o4
[16]. مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی لە دیمانەیەكی تایبەتدا، k21، ژ(2،3)، هەولێر، 2008 ، ل171؛
[17]. سیروان كاوسی: كوردستان لەسەردەمی ڕژێمی حەممە ڕەزا شای پەهلەویدا_ بە بۆنەی تێپەڕبوونی 32 ساڵا بە سەر ڕووخانی ڕژێمی حەممە ڕەزا شا لە ئێران، ب ش، ب س، ل20.
[18]. سەڵاحی موهتەدی: لە ساڵیادی مەرگی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی،https://www.google.as/?gws_rd=ssl#tbm=vid&q=%D8%B4%DB%8E%D8%AE+%D8%B9%DB%8C%D8%B2%DB%95%D8%AF%DB%8C%D9%86+%D8%AD%D8%B3%DB%8E%D9%86%DB%8C
[19]. كورتەیەك لە ژیانی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی: دواڕۆژ (ڕۆژنامە)، ژ47، ساڵی چوارەم 15/2/2011.
كوردی

