• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 25, 2025

سیناریۆکانی مەلەفی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە نێوان یەکلاکردنەوە و  پەرەسەندندا

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: گۆران سەلام محەمەد/ خوێندکاری دکتۆرا

 

بەرایی

پرسی ئەتۆمی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزییەوە، ئەمەش دوای دەنگدانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت بۆ هەڵنەگرتنی سزاکانی سەر ئێران، بەپێی مەرجەکانی دەنگدانەکە ئەگەر لەگەڵ تاران ڕێککەوتن نەکرێت لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا سزا ئابوورییەکان دەسەپێندرێنەوە، هەروەها میکانیزمی “سناپباک” بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون چالاک دەکرێتەوە، ئەمەش پەیامێکی سیاسی ئەمریکا و وڵاتانی ترۆیکای ئەورووپییە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مەرجەکانی دانوستان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، ئەمەش چەندین سیناریۆ بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دەوروژێنێت لە ئەگەری پەرەسەندنی بارودۆخ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

(چەمکی بەرگری) وەک بەشێک لە باوەڕ  یاخوود ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ١٩٧٩ەوە ئەم باوەڕە سێ دوژمنی بۆ خۆی دەستنیشان کردووە: (دوژمنی ڕەها ئەمریکا و ئیسرائیلە، دواتر دەوڵەتانی هاوپەیمانی واشنتۆن و تەلئەبیب بە دەوڵەتی دوژمن دادەنرێن و ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بزووتنەوەی ئەهواز و موجاهدینی خەلق) وەک دوژمنی ناوخۆ پۆلێن دەکرێن، بەم پێیە سووپای پاسدارانی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەو دوژمنانە دامەزراوە.

ئێران وا وێنای سیاسەتەکەی کردووە کە بەرگرییکارە، نەک هێرشبەر.  بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیە بۆ پاراستینی وڵاتەکەی لە هەر هەڕەشەیەک، کەچی چەندین هێزی پرۆکسی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، هێزەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا لە عێراق، حووسییەکان لە یەمەن، هەروەها بزووتنەوەکانی فاتمیون و زەینەبیون، کە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا دامەزراندبەە چالاکییان دەکرد، لە ڕابردووشدا واتە هەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودووە سووپای قودسی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی هەواڵگری و سەربازی و چاودێریکردنی نەیارەکانی ئێران لە دەرەوەی خاکەکەی دامەزراندووە.

بە دواکەوتنی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئێران بیرۆکەی پاشەکشەی وەک تاکتیکێک لە چوارچێوەی بنەمای بەرگری خۆیدا بەرەوپێش برد و ڕێگەی پێدا هەنگاوەکانی وەڵامدانەوەی سەربازی خۆی بۆ دوژمن دوابخات یان بیگۆڕێت. پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک وەک ئەولەوییەت تەماشا دەکات. دوابەدوای تیرۆرکردنی (ئیسماعیل هەنیە)، بەرپرسی ئەوکاتی مەکتەبی سیاسی حەماس، لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٤، عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتی: “دوژمن لە ڕێگەی شەڕی دەروونییەوە، هەوڵدەدات، دۆخی پاشەکشە و ترس دروست بکات و ئەو پاشەکشەیە هەندێکجار تاکتیک یان پەرەسەندنی تاکتیکێکە”.

یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، پێی وایە قووڵایی بەرگری ستراتژیکی ئێران لە سنوورەکانی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، ئەم ستراتیژە پشتدەبەستێت بە پەرەپێدانی توانای سەربازی و بەکارهێنانی ئامرازی جەنگی ناتەقلیدی وەکوو: (هێرشی ئەلیکترۆنی، بڵاوەپێکردنی سیخووڕ، پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگری وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و پاڵپشتیکردنی بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)دا.

ئایا ئێران بەڕاستی ئاشتی دەوێت یان تەنها کڕینی کات؟

سەرەڕای ئەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە و هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەداوە، لەم پێناوەشدا ڕێککەوتنی لەگەڵ (٦) زلهێزی جیهان بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و ڕێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ چاودێریکردنیان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا گومانەکان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کەم نەبووەتەوە، یەکێک لە گومانەکان ئەوەیە ئێران دەیەوێت سوود لە کات وەربگرێت، چونکە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨دا بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ٦٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش تۆمەتبارکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ساڵی ٢٠٢٤ لێکەوتەوە کە بە تەواوی بە ئەرکەکانی هەڵنەساوە.

دوابەدوای کۆتایی هاتنی شەڕ دوانزە ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و ئەگەری سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران، تا ئێستا جددیەتی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان نادیارە، بەرپرسانی ئێران باسیان لە دەستدانی متمانە بە واشنتۆن کردووە و کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند: “کاراکردنەوەی گەمارۆکان، ئەو ڕێککەوتنە بە تەواوی هەڵدەپەسێرێت کە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ئەنجامدراوە”.

لە نێو ئێراندا هەڵوێستی جیاواز هەیە سەبارەت بە دانوستان و کڕینی کات بۆ خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە. ڕۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە کە ئێران توانای سەربازی و ئابووریی نییە بۆ بەرگەگرتنی سزا نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆدا. ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، پێش ئەوەی درەنگ بێت، ڕێگایەک بۆ وتووێژ بدۆزێتەوە. لە 10ی ئابی 2025، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وتووێژ بە مانای ڕادوستبوون یان شکست نییە، جەختی لەسەر ڕاوێژ لەگەڵ ڕێبەری ئێران کردەوە. پزیشکیان لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٥ ڕەخنەی لە لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت کە ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژیم هاوکاری ئێرانییەکان دەکات و بیرۆکەی چوونە ناو دانوستانەکانی بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشی دیکی پێشنیار کرد.

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، پێی وایە ئەو دانوستانە پاشەکشە نییە، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە وڵاتەکەی لە هەموو قۆناغەکانی مێزی دانوستاندا ئامادە بووە. مەهدی کەروبی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: “دانوستانی ڕاستەوخۆ ڕێگایەکە بۆ هەڵگرتنی سزاکان و دوورکەوتنەوە لە شەڕ”.  حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانیش داوای کەمکردنەوەی گەمارۆکان لەگەڵ واشنتۆن کرد. لە بەرامبەردا ڕۆژنامەی کەیهانی ئێرانی هێرشی کردە سەر بازش پزیشکیان و و لێدوانەکانی بە بەرهەمی “نەزانی” وەسف کرد. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سووپای پاسداران ڕەخنەی لەو قسانە گرت و بە لاوازی ئێران لێکیدایەوە.

دانی سیترینۆڤیچ، لێکۆڵەری کاروباری ئێران لە ئینستیتیوتی ئیسرائیلی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی نەتەوەیی، پێی وایە ئێران ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی دەرەکی و ناوخۆیی بووەتەوە، ئەمەش ڕەنگە وا بکات کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل وەک هێرشێکی پێشوەختە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەگەری هەڵبژێرێت. پێشبینی دەکات ئێران سەرنجی لەسەر گەڕاندنەوەی تواناکانی بەرگری ئاسمانی و مووشەکیی خۆی و بریکارەکانی بێت و تا ئەو کارە ڕووبدات بڕیاری ستراتیجی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی نادات.

ڕۆژئاوا ترسی ئەوەی هەیە ئێران درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە توانا ئاساییەکانی ڕێگریکردن سنووردار بووە و نزیکەی (400) کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا 60%ی هێشووەتەوە، کە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستی توندڕەوی پەرلەمانی ئێران و پێشنیارەکەی لە 29ی ئابی 2025 بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، پەرلەمان یاسایەکی دەرکرد کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگرت و مەرجی ئەوەی دابوو کە هەر پشکنینێک لە داهاتوودا بە ئاگاداریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە تاران ئەنجام بدرێت.

سیناریۆی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی هەموارکراو

ئێران پابەندە بە مەرجی پیتاندن، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئێران، دووپاتی کردەوە کە پرەنسیپی پیتاندن جێگای دانوستان نییە، بەڵکو ئاست و ڕێژەی سەدی پیتاندن دەتوانرێت دانوستان بکرێت. ئێران جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان پەیوەستە بە چالاکنەکردنی سزاکان و دانوستان نەکردن لەژێر گوشار و بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەوەی کە جارێکی دیکە لەڕووی سەربازییەوە نەکرێتە ئامانج و قەرەبووکردنەوەی دارایی ئەو زیانانەی کە لە شەڕی ئەم دواییەدا بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی گەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە (ترۆیکا) پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکات بۆ ئەوەی دووبارە سزاکان نەسەپێندرێتەوە، ماوەیەکەی کەمی بە ئێران داوە پێش ئەوەی سزاکان بسەپێنرێنەوە.

پاتریک کلۆسۆن، هاوکارێکی باڵای پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێی وایە کە ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ سیاسەتی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانە بە خێرایی بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە بەبێ هیچ هەوڵێکی واشنتۆن بەرەو کاراکردنەوەی سزاکان هەنگاو دەنێت و سێ وڵاتی ئەورووپی بەپێی بەرژەوەندییی خۆیان و گوشار خستنە سەر تاران مامەڵەیان کردووە، بە تایبەت کە (ترۆیکا) نیشانی دا کە قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ناوەکی و هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، نەک هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا.

سیناریۆی پەرەسەندنی لەسەرخۆ و  بەبێ شەڕ ی فراوان

سەرەڕای لێدوانی عەلی لاریجانی سکرتێری گشتی ئەنجەومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە وڵاتەکەی بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆکان، ئامادەیی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 20% لە جیاتی 60% کەم بکاتەوە، کەچی ئێران بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی، ڕێگریش لە دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکات، هەروەها پشت بە هێرشە ئەلیکترۆنیەکان و حووسییەکان دەبەستێت وەک ئامرازێک لە دژی وڵاتان، لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، (ترۆیکا) نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ناردووە و داوای چالاککردنی میکانیزمی تریگەری کرد. لە 20ی ئەیلولی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایش هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی ڕۆژئاوا دەنگی بە بژاردەی هەڵگرتنی سزاکانی دا لە بەرامبەر گەیشتن بە ڕێککەوتن. (ترۆیکا) ڕوونی کردەوە کە ئەرکەکانی خۆی بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ کردووە، لە کاتێکدا ئێران یۆرانیۆمی بە (٤٨) هێندەی ئاستی ڕێگەپێدراو پیتاندووە.

سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە

وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان بە مانای کۆتایی هاتنی ڕووبەڕووبوونەوەکان نییە. ئیسرائیل هەوڵدەدات لە هەموو ململانێکانی ئەم دواییەیدا لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و تیرۆرەوە باڵادەستی خۆی نیشان بدات. ئیسرائیل پەرەپێدانی بەردەوامی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران بە هەڕەشە بۆسەر خۆی لێکدەداتەوە، تۆڕی هەواڵی بی بی سی ئاماژەی بە ئەگەری شەڕێکی نوێ کردوە، بەهۆی زیادبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ نەک پشتیوانی لۆجستی لە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران.

واشنتۆن کاریگەریی سەربازی لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەیە، بنکە سەربازییەکان وەک خاڵی ئۆپەراسیۆنی دەریایی و ئاسمانی و هەواڵگریی کاردەکەن، ئەمە جگە لە گرووپێکی هێرشبەری فڕۆکە هەڵگر کە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کاردەکەن، هەروەها سیستەمی بەرگری مووشەکیش بۆ ڕاگرتنی ئێران ئامادەکراوە، ئەم دۆخە ڕێگە بە وەڵامدانەوەی خێرا دەدات بۆ هەر هێرشێک و بژاردەی بەرگری  بەگوێرەی دیدگای واشنتۆن دابین دەکات. هاوکات وڵاتانی ناوچەکە ترسیان لەوە هەیە ئەم ئامادەکارییە بەردەوامانە بەلبکێشن بۆ پێکدادانی نوێ.

سیناریۆی “بێ چارەسەر” و بەردەوامیی دۆخی ئێستا

هەردوولا له دانوستانه کاندا هێزی خۆیان دەپارێزن، به لەبەرچاوگرتنی پێداگری ڕۆژئاوا له سه ڕ دانانی کۆت و بەندی هەمیشەیی بۆ ڕێگرتن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەروەها بەردەوامی زیادبوونی پیتاندنی ئێران، کە دۆخەکەی خستۆتە قۆناغی دواخستن و بەستنی دانوستانەکان بۆ چەند مانگێک، لەگەڵ گەڕانەوەی سزاکانی سەر تاران. لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، (ترۆیکا) دەرفەتی کۆتایی بە ئێران داوە بۆ دانوستان بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکان، ئەگەر لێکتێگەیشتنێک نەیەتە ئاراوە، متمانەی بەیەکتر لەدەست دەچێت، لە ئەگەری قایل نەبوون بە هیچ مەرجێک بۆ دانوستان دۆخەکە خراپتر دەکات.

هاوسەنگی نێودەوڵەتی: ڕووسیا، چین و ئاسایشی وزە

ڕووسیا و چین هەوڵیان دا بڕیارنامەیەک بۆ درێژکردنەوەی وادەی بەسەرچوون بۆ گەڕانەوەی خێرای سزاکانی سەر ئێران بۆ ماوەی (٦) مانگ دابڕێژن، بەڵام ئەم هەنگاوە داوا لە تاران دەکات کە پشکنینی بێ سنوور لەلایەن ئاژانسەوە قبوڵ بکات و ڕوونکردنەوەیەک بۆ (٤٠٠) کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو تا (٦٠%) بدات و ڕازی بێت لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن. لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥ نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە واژۆکارانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە مافی دووبارە سەپاندنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان نییە. نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد پەلە نەکەن لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. ڕووسیا و چین میکانیزمێکیان نییە بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنی سزاکان بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان، بەمەش ئێران بەبێ پاراستنی دیپلۆماسی لەلایەن چین و ڕووسیا دەمێنێتەوە. بەو پێیەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، تەنها لە ڕێگەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، یان بەریتانیا دەتوانرێت میکانیزمەکە چالاک بکرێت.

چین و ئێران پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی چین بە نەوتی ئێرانەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە شەڕ هەڕەشە لە هەردوولا دەکات. پەکین خۆی لە تێوەگلان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واشنتۆن و تەلئەبیب بەدوور دەگرێت و خۆی وەک ناوبژیوانێک نیشان دەدات و ئیدانەی پەرەسەندنەکانی دژی تاران لە شەڕی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەکات. ڕووسیا و ئێران هاوکاری هاوبەشی چەک و هەواڵگری دەکەن و ئێرانیش لە شەڕی دژی ئۆکرانیا پاڵپشتی ڕووسیای کرد. ڕووسیا هۆشداریی دا بە ئەمریکا لە ڕێوشوێنی زیاتر لە دژی ئێران و هۆشداریشی دا لە کاردانەوەکانی دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لەسەر ئاسایشی جیهانی.

خوێندنەوەکانی داهاتوو:

  • هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل-ئەمریکی، ئێرانی ناچارکرد پلانەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا ڕێکبخاتەوە، دوای ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە زیانی بەرکەوتووە، ئامرازەکانی خۆپارێزی لە ناوچەکەدا سنووردار بوون، بەتایبەتی کە شەڕی ئیسرائیل کەلێنەکانی دامەزراوەی ئەمنی تارانی ئاشکرا کرد. ئیسرائیل توانی سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ناڤۆکی لە شوێنی کار و ماڵەکانیان بکاتە ئامانج، ئەمەش تەحەدایەک بوو بۆ ڕژێمی ئێران لە ژێر ڕۆشنایی کەلێنی ناوخۆییی و فشاری دانوستانەکاندا.
  • ئەگەرچی هێشتا ڕادەی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام دەرئەنجامەکانی هێرشەکانی ئەمریکا پێویستی بە کات و هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوانە بە کارایی بەرز کاربکەن. بەڵام ئێران لە درێژەدان بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابوونە ئامانج، نەوەستاوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تاران سیاسەتێکی “کات کڕین” پەیڕەو دەکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی بەبێ ئەوەی ئیمتیازاتی جەوهەری لە پرسی ئەتۆمیدا بکات، بە تایبەت کە بە لەبەرچاوگرتنی توانای ڕۆژئاوا بۆ بەکارهێنانی سزاکان، پێگەی لاوازی خۆی درک پێدەکات.
  • ئیدارەی وڵاتانی (ترۆیکا) لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ئاماژەیە بۆ خواستی ئەورووپا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتن، بە پێشنیارکردنی گریمانەی دواخستنی سزاکان کراوە ئەگەر تاران پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە.
  • دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن و ئاسانکاری بۆ چاودێریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەردەوامە. پێشوازیی واشنتۆن لە نێوەندگیری ئەورووپی لە خواستی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت کە خۆی لە سروشتی ئێستای دانوستانەکان دوور بخاتەوە، نەک لەلایەن تارانەوە تۆمەتبار بکرێت بە بێهەڵوێستی یان بکەوێتە ژێر فشاری ئیسرائیل و پەرەی سەندووە.
  • پەرەسەندنی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان و یەمەن دەبێتە بەشێک لە پلانی ئیسرائیل بۆ هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێران. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بەدوای سیناریۆی شەڕدا دەگەڕێت، لە کاتێکدا خامنەیی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور دەگرێت و هەوڵدەدات پرسی ئەتۆمی بەبێ چارەسەر و بێ سزا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بەرنامە ئەتۆمییەکە دەگاتە قۆناغێک کە پێگەی دانوستانکاری ئێران بەهێزتر بکات و زەمینەسازییەکی بەهێزتری پێبدات بەسەر ڕۆژئاوادا.
  • واشنتن درک بەوە دەکات کە بەشداریکردن لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی، نەک هەر کاریگەری لەسەر ڕژێمی ئێران دەبێت، بەڵکو ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە لایەنەکانی دیکەش دەگرێتەوە، بەتایبەتی کە هاوپەیمانەکانی ئێران، وەک چین و ڕووسیا، وەڵامەکانیان بەتەنها بۆ لێدوانەکان سنووردار ناکەن، بەڵکو فشاریان لەسەر ڕۆژئاوا لەسەر پرسە دڕکاوییەکانی دیکە دروست دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران هاوپەیمان و هاوبەشی ستراتیژییە بۆ ئەوان، و دژە قورسایی کاریگەری ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا، بەپێی دیدگای مۆسکۆ و پەکین. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری دووبارە داڕشتنی هاوپەیمانییە جیهانییەکان و گۆڕینی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان.

ناوی ناوەند:

المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب والاستخبارات

لینکی بابەت:   https://www.europarabct.com/?p=109829

Reference

  • IAEA Board of Governors on the JCPoA, September 2025: E3 Statement

https://bit.ly/3Kc4aVg

  • Iran Update, August 11, 2025

https://bit.ly/3IpFTuq

  • IAEA Director General Grossi’s Statement to UNSC on Situation in Iran

https://bit.ly/4pqK6P3

  • Back to Basics: Iran Sanctions After the June 2025 Conflict

https://bit.ly/4mrsfFc

Send this to a friend