زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى
ڕانانی: ئلیاس تاهیر
نووسەرى ئه‌م په‌رتووكه (د. مهدى محمد القصاص)ه له‌دایكبووى ساڵى 1965 له وڵاتى میسر هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه له زانكۆى میشیگان له ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له تایبه‌تمه‌ندى زانستى كۆمه‌ڵناسی و په‌یوه‌ندى به ئایین و یاسا و كۆمه‌ڵگەوه، خاوه‌نى چه‌نده‌ها په‌رتووك و توێژینه‌وه‌ى زانستى گرنگه له‌م بواره‌دا. دیارترین بیروڕا و بنه‌ما هزرییه‌كانى نووسەر ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ هه‌موو كات پێویستى به ئایین و بیروباوه‌ڕێك هه‌یه هه‌تا ژیانى ڕاسته‌قینه‌ى پێدروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه ژیانى مادى و ڕوحى تەنیا له ڕێگه‌ى ئایینه‌وه ئاوێته ده‌بن و دواتر مرۆڤى خاوه‌ن بیروهۆش دروست ده‌كه‌ن، كه‌واته ئه‌م په‌یوه‌ندییه ڕاسته‌وانه‌یه و هه‌موو كات هه‌ردوو لایه‌ن یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن.
ئه‌م په‌رتووكه له حه‌وت به‌ش پێكهاتووه و زۆر به تێروته‌سه‌لى شیكردنه‌وه بۆ بوارى زانستى و تیۆرى ئایین و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ژیانى تاك له كۆمه‌ڵگەدا كراوه و پاشان لێكۆڵینه‌وه‌ى واقيعیش تێكه‌ڵ به‌لایه‌نى تیۆرى كراوه.
له‌به‌شی یه‌كه‌مدا شیكردنه‌وه بۆ مانا و ماهیه‌تى زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێناسه‌ى ئایین زۆر لایه‌ن و بابه‌تى تر‌ى جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت و به‌هۆى بوونى جۆره‌ها بیروباوه‌ڕى جیاواز له جیهاندا به درێژایی مێژوو وای كردووه كه نه‌توانرێت تەنیا پێناسه‌یه‌ك بۆ ئایین بكرێت، به‌لكو زانایان له‌م بواره‌دا په‌نایان بردوه بۆ دۆزینه‌وه‌ى هۆكاره‌كانى كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئایین و پاشان چۆنیه‌تى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگە، لێره‌وه زانایانى كۆمه‌ڵناسی بۆ ده‌ستكه‌وتنى پێناسه‌یه‌كى گشتگیر و گونجاو بۆ ئایین گه‌یشتونه‌ته یه‌كگرتن له سه‌ر دوو بنه‌ماى سه‌ره‌كى كه ده‌بێت كه پێناسه‌ى ئاییندا هه‌بێت، یه‌كه‌میان بوونى دیارده‌ى جیهانى بوون، دووه‌میان هه‌بوون و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌ركى كۆمه‌ڵایه‌تییە بۆ تاك و كۆمه‌ڵگە. به‌م شێوه‌یه ئایین ده‌بێته كۆمه‌ڵێك بیروبۆچوون و بنه‌ما و ڕێنمايى كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به خودى مرۆڤ و هه‌ڵسوكه‌وتى ڕۆژانه‌ى ده‌بێت و تێڕوانین و شیكردنه‌وه‌ى بۆ ڕووداوه‌كان پێ ده‌كات.
به‌م شێوه‌یه نزیك ده‌بینه‌وه له ده‌ستكه‌وتنى پێناسه‌ى زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى، هه‌رچه‌نده جیاوازى زۆر هه‌یه له نێوان زانایان له سه‌رده‌مانى پێشوو ئێستاشدا له‌سه‌ر پێناسه و ماناى زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى، به‌ڵام به گشتى زانستێكه گرنگى به كاریگه‌رى ئایین ده‌دات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە و شێوازى بیركردنه‌وه و ڕێكخستنى ژیانى كۆمه‌ڵگە ڕوون ده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌نده گرنگه ئه‌وه بزانین كه زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى، زانستێكى ئایینى نییە، به‌ڵكو لقێكى زۆر گرنگى زانستى كۆمه‌ڵناسییه.
لێره‌دا پرسیارێك دروسته ده‌بێت كه بۆچى ئه‌م گرنگیدانه به ئایین؟ به تایبه‌ت به په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ تاك و كۆمه‌ڵگە؟ بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره چه‌ند خاڵێك ده‌خه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م/ په‌یوه‌ست بوونى مرۆڤایه‌تى به ئایین و ده‌ركه‌وتنى ئایین له هه‌موو كۆمه‌ڵگەكانى پێشوو و سه‌رده‌مى نوێ‌دا و به ڕوونى هه‌ستكردن به كاریگه‌رى ڕێنماییه ئایینییەكان له‌سه‌ر بڕیار و هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازى گشتى ژیانكردن له كۆمه‌ڵگەدا و ئایین وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى شیكردنه‌وه‌ى ڕووداوه‌كان سه‌یر ده‌كرێت.
دووه‌م/ گرنگى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه ئایین له كۆمه‌ڵگەدا ئه‌نجامیان ده‌دات، بێگومان ئایین كۆمه‌ڵێك ئه‌ركى گرنگ و گه‌وره‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگەدا له ئه‌ستۆ گرتووه، تاك به هۆى ئایینه‌وه زۆربه‌ى داخوازى و ویسته‌كانى ده‌ست ده‌كه‌وێت، گرنگترین ئه‌ركى ئایین دروستكردنى ئارامى ده‌رونییە بۆ شوێنكه‌وتوانى، هه‌روه‌ها پێكهێنانى به شێكى گه‌وره‌ى داب و نه‌ریت و بنه‌ما كۆمه‌ڵاییه‌تیه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگە له ئایینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه تاك به خۆشحاڵییه‌وه پێوه‌ى په‌یوه‌سته و به‌رگریشى لێ ده‌كات.
سێهه‌م/ ڕۆڵى ئایین له گۆڕانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى، بێگومان ئایین ڕۆڵى سه‌ره‌كى ده‌گێڕێت له هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه ڕووبه‌رووى كۆمه‌ڵگە ده‌بێته‌وه و له زۆر قۆناغى مێژوودا ئایین سیماى كۆمه‌ڵگەیه‌كى به ته‌واوه‌تى گۆریوه.
چواره‌م/ ڕۆڵى ئایین له پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى كه ئایین ڕۆڵى گرنگ و سه‌ره‌كى هه‌یه له به هێزكردنى ئابوورى و ڕۆڵى له‌م بواره‌دا. هه‌روه‌ها ناتواترێت ڕۆڵى گرنگى ئایین له چاره‌سه‌رى زۆرێك له نه‌خۆشییه ده‌رونی و تاوانه باوه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگە وه‌ك درۆ، دزى، خیانه‌ت، ماده‌ى هۆشبه‌ر ……. هتد له‌بیر بكرێت.
به‌م شێوه‌یه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه ئایین هه‌ندێك ئه‌ركى دیاریكراو و گرنگى له كۆمه‌ڵگەدا هه‌یه كه بریتین:
1- جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى هه‌ر بابه‌ت و ڕووداوێكى ناو كۆمه‌ڵگە به تایبه‌ت گۆڕانكارییه‌كان.
2- نوێكردنه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵگە كه ئایین به هۆی هه‌ندێك له ڕێكاره‌كانى (طقوس) به‌رده‌وام به‌یه‌كه‌وه‌بوون و یه‌كگرتووى نوێ ده‌كاته‌وه.
3- ئایین ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگە كه پاش هه‌موو باس و جیاوازییه‌ك بۆی ده‌گه‌رێنه‌وه.
4- ئایین هۆكارێكى سه‌ره‌كى ڕوونكردنه كارى چاك و هاوكارى و ده‌ستباربوونى ناو كۆمه‌ڵگەیه.
كه‌واته ئایین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كى په‌یوه‌ست بوون و ڕێكخستنه له كۆمه‌ڵگە له بواره‌كانى ڕ‌ۆشنبیرى و کو‌لتوور، دابونه‌ریت، یاسا، به‌هاكان، ڕای گشتى، خێزان، خوێندن و فێركردن، په‌روه‌رده……. هتد.
له به‌شی دووه‌مدا نووسەر چووه‌ته سه‌ر باسی شیكردنه‌وه‌ى ئایین وه‌ك بابه‌تێكى توێژینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵناسی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ى دروستبوونى ئایینه‌كان و ئاماژه‌ى به‌وه كردووه كه ناتوانرێت سه‌رهه‌ڵدانى ئایین به هیچ كات و قۆناغێكى دیاریكراوى مرۆڤایه‌تى ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵكو باشترین بۆچوون ئه‌وه‌یه كه هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای دروستبوونى مرۆڤایه‌تیدا هه‌بووه، چونكه هه‌موو كۆمه‌ڵگەكان به درێژایی مێژوو پاش لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه ئایین و بیروباوه‌ڕێكیان هه‌بووه.
له‌ڕووى دابه‌شكارى بۆ جۆره‌كانى ئایین نووسەر پێى وایه كه چه‌ند جۆرێكى سه‌ره‌كى ئایین له جیهاندا بوونى هه‌یه:
1- ئایینه ئاسمانییەكان (ئیسلام، مه‌سیحیه‌ت، جوله‌كه)
2- ئایینه هاوبه‌شه‌كان (هندۆكى – هندۆسی)
3- ئایینه‌كانى ته‌ریقه‌ت (بوزى، كۆنفۆشیوسی، گاوى)
4- ئایینى دواكه‌وتن (شنته‌وى له یابان)
5- ئایینه سه‌ره‌تاییه‌كان كه له كۆمه‌ڵگە سه‌ره‌تاییه‌كاندا هه‌ن و هه‌بوون وه‌ك (ئه‌ڕۆحى،(ڕۆحى بوونى كه‌ون)، ته‌وته‌حى)..
به‌م شێوه‌یه نووسەر گه‌یشتووەته ڕێگاى یه‌كلابوونه‌وه به هه‌بوونى په‌یوه‌ندى هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌ك به ئایینه‌وه و هیچ كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكى ناتوانن به‌یه‌كه‌وه له شوێنێكدا بژین به‌بێ هه‌بوونى جۆرێك له ئایین و بیروباوه‌ڕ. كه‌واته ئایین بابه‌تێكى حه‌تمىیه كۆمه‌ڵگەكاندا و ئاراسته‌ى ڕێگا و تێڕوانینى تاك بۆ ژیان و بوون و ئامانج دیاری ده‌كات.
لێره‌دا ده‌توانین په‌یوه‌ندییه‌كى تر‌ى ئایین له كۆمه‌ڵگە بدۆزینه‌وه كه بریتییه کو‌لتوور و ڕ‌ۆشنبیرى ناو كۆمه‌ڵگە كه ناتوانرێت جیابكرێته‌وه له ئایین، چونكه دواجار ئایین ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى كردنه‌وه‌ى گرێ كوێره‌ى هه‌ر بابه‌ت و پرسیارێك كه ژیرى و زانست له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌سته‌وەستانن ئه‌م شێوازه‌ى تێڕوانین له كۆمه‌ڵگەى كوردیدا به ڕوونى به‌دیده‌كرێت كه دواجار و له كۆتایی هه‌رگرێوگۆلێك ئایین بوه‌ته ڕێگا و سه‌رچاوه‌ى په‌نا بۆ بردن و ڕێگرى كردن له تێكچون و ئاڵۆزبوونى هه‌ندێك لایه‌نه‌كانى بنه‌ڕه‌تى ژیان له كۆمه‌ڵگەدا.
نووسەر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى تێگه‌یشتن له ئایین و په‌یوه‌ندى به خودى تاك و پاشان گشتى كۆمه‌ڵگە شیكردنه‌وه‌ى بۆ هه‌ندێ تیۆرى زانایانى كۆمه‌ڵناسی كردووه وه‌ك (دوركایم) هه‌رچه‌نده زیاتر له‌ژێر كاریگه‌رى كۆمه‌ڵگەى ڕۆژئاوادا بوه به‌ڵام ده‌رئه‌نجامى توێژینه‌وه‌كانى گه‌یشتۆته چه‌ند ده‌رئه‌نجامێك:
1- ئایین به‌وه جیاوازه له هه‌موو دیارده‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگە كه ئایین له ناخه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام دیارده‌كان به گشتى له ده‌ره‌وه‌ى مرۆڤن.
2- له كۆتایدا بۆ شیكردنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له ئاییندا پشت به زانست نابه‌سترێت، به‌ڵام بۆ دیارده‌كانى تر مرۆڤ هه‌موو كات به دواى وه‌ڵامى زانستیه.
3- هه‌ر دیارده‌یه‌كى تایبه‌ت به ماوه‌یه‌ك له‌ناو ده‌چێت به‌ڵام ئایین به‌رده‌وامى هه‌یه و ڕوحى ئایین له ناخى تاك و چه‌قى كۆمه‌ڵگەدا هه‌یه.
لێره‌دا گرنگه ئه‌وه ڕونبكرێته‌وه كه له هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌كدا هه‌ندێك بنچینه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگە به گشتى وه‌ك پایه و بنه‌ما و بوون و پێشكه‌وتن لێی ده‌ڕوانێت كه بریتی یه له یاسا، دابوونه‌ریت، ڕاى گشتى، به‌هاكان ….هتد و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ژێر كاریگه‌رى ئایینى گشتى كۆمه‌ڵكه‌دان و ئایین وه‌ك سه‌رچاوه‌یان سه‌یر ده‌كرێت ئایینه‌كانیش له‌گه‌ڵ هه‌ر جیاواز یه‌ك كه هه‌بێت له نێوانیان به‌ڵام به گشتى ئایین ده‌بێت سێ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كى هه‌بێت:
1- ڕه‌گه‌زى ڕوحى و ئیمانى: كه بریتییه له‌و هێزه‌ى كه باوه‌ڕى ئایینى ده‌یبه‌خشێت به ڕوح و دڵى بڕواداره‌كان و په‌یوه‌ست بوون به ئایینه‌وه ده‌كاته بابه‌تێكى ڕاسته‌قینه و حه‌تمى.
2- ڕه‌گه‌زى په‌رستن: بریتییه له ئه‌نجامدانى هه‌ندێ كار‌و و ئه‌ركى په‌رستش وه‌ك هۆكارى نزیكبوونه‌وه له خودا و به‌ده‌ستخستنى پاداشت.
3- ڕه‌گه‌زى به‌ڵگه‌یی و مه‌رجه‌عى: بریتییه له هه‌بوونى ده‌ق و یاسا و ڕێساى تایبه‌ت به ئایین و پشت پێ به‌ستنى له كاتى پێویست.
ئایینى ئیسلام وه‌ك ئایینى سه‌ره‌كى كوردستان به ته‌واوه‌تى هه‌رسێ ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كى تێدایه و بنه‌ماكانى ئایینى وه‌ك گه‌وره‌ترین ئایین له جیهاندا به ڕوونى له خۆگرتوه. به ئاماژه به هه‌رسێ ڕه‌گه‌زى ئایین ده‌توانین بڵێین ئایین چه‌ند ئه‌ركێكى گرنگ جێ به‌جێ ده‌كات له كۆمه‌ڵگەدا:
1- یه‌كریزى و یه‌كگرتوویی و هاوده‌نگى نێوان ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگە.
2- ڕاگرتن ورێكخستنى سلوك و هه‌ڵسوكه‌وتى تاك و چوارچێوه‌كردنى.
3- شیكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك باس و ڕووداو كه ڕێگاكانى ڕونكردنه‌وه‌یان قورس و گرانه.
4- ڕاگرتن و هێمن كردنه‌وه‌ى دڵ و ده‌رونى تاك له كاتى ڕووداو كێشه و گرفت ونه‌هامه‌تیه‌كان.
5- هه‌موو كات هه‌ستكردن به ئارامى و خۆشبه‌ختى و بێ خه‌م بوون له ژیان.
6- ئایین باشترین هۆكاره بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ى مێژوو کولتوورى نیشتمان و خێزان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
له‌به‌شی سێهه‌مدا باس له زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایین كراوه له‌لایه‌ن زانایانى ئه‌م زانسته، له پێشه‌نگى زانایان (إبن خلدون) ده‌رده‌كه‌وێت له په‌رتووكه‌كه‌یدا به ناوى (المقدمه) جه‌ختى كردووه له‌وه‌ى كه ئایین سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى كۆمه‌ڵگەیه چونكه هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌ك له‌لاى ئیبن خەلدون له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى سه‌ره‌كى داده‌مه‌زرێت ئه‌وانیش دەمارگیری و ئایین (العصبیه والدین) كه ده‌توانین بڵێین دەمارگیری له هزرى ئیبن خەلدوندا بریتییه ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕه‌گه‌ز،و نه‌ته‌وه و ئایینیش ڕوه‌كه‌ى تر‌ى كۆمه‌ڵگەیه. به كورتى هۆكارى گرێدانى نه‌ته‌وه و ئایین به‌یه‌كه‌وه‌یه كه ئیبن خه‌لدون پێى وایه ئه‌گه‌ر به هۆكارى نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زى كۆببینه‌وه ڕوداوى نه‌شیاو و نامرۆڤانه ڕووده‌دات به هۆى دروستبوون و په‌ره‌سه‌ندنى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و ڕۆچون تێیدا، به‌ڵام ئایین ده‌بێته هۆكارى ڕێك ڕاگرتنى ژیانى پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه و پاشان كۆمه‌ڵگەى دروست و شیا و پێكدێت.
دواتر نووسەر هزرى ئوگست كونت شیده‌كاته‌وه كه دیارترین بۆ چونه‌كانى كونت بریتی بوه له سێ یاساكه كه شیكه‌ره‌وه‌ن بۆ به‌ره‌و پێشچونى هزرى مرۆڤایه‌تى بۆ ئاستێك بتوانێت وه‌ڵامى هه‌موو پرسیارێكى پێ بێت و هه‌موو تازه‌یه‌ك ڕونبكاته‌وه.
یاساى یه‌كه‌م بریتی یه له بیروبۆچوونى كۆمه‌ڵگە سه‌ره‌تاییه‌كان و هه‌بوونى زانیارى كه‌م و زاڵ بوونى لێكدانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌ى لاهوتى به‌ڵام زۆر درێژه ناكێشێت و ده‌چێته قۆناغى دوه‌م و یاساى دووه‌م سه‌رهه‌ڵده‌دات كه كۆمه‌ڵگە ده‌چێته قۆناغى هزرى میتافیزیقى موجه‌ره‌د، هه‌تا دواتر ده‌چێته یاساى سێهه‌م كه بریتییه له شیكردنه‌وه‌ى هه‌موو دیارده‌كانى كۆمه‌ڵگەیه هزرو لێكدانه‌وه‌ى زانستى، ئه‌م یاساى سێهه‌مه‌ش كۆتا قۆناغى پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگە ده‌بێت وپاشان پێویستى به هیچى تر نابێت .
لێره‌دا ئۆگست كونت له زنجیره‌ى پێشكه‌وتنى هزرى مرۆڤایه‌تیدا ئایینى وه‌ك قۆناغێكى سه‌ره‌تایی ئه‌ژمار كردووه و دواتر هیچ گرنگى نامێنێت و یاساى ژیرى و زانستى مرۆڤ به‌تەنیا ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى وه‌ڵامى هه‌موو ڕوودا و داواكارى و تازه‌گه‌ریه‌كانى كۆمه‌ڵگە و ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگەیه‌تى سه‌رده‌مى دروست ده‌كات كه هه‌ر سه‌رده‌مێك باس و دیارده‌و لێكدانه‌وه‌ى تایبه‌ت به خۆى ده‌بێت.
سه‌باره‌ت تێڕوانینى دوركایم ده‌توانین له سێ خاڵى سه‌ره‌كیدا كۆى بكه‌ینه‌وه، یه‌كه‌میان گرێدانى ئایینه به كۆمه‌ڵگەوه كه دوركایم بنه‌ماى سه‌ره‌كى سه‌رهه‌ڵدانى ئایین ده‌به‌ستێت به بوونى كۆمه‌ڵگە و دیارده‌كانى ڕۆژانه‌ى ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، دووه‌میان شێوازه ساده‌كانى بابه‌ته ئایینییەكانه كه تێكه‌ڵى دیارده‌و دابوونه‌ریتى ڕۆژانه ده‌بن، سێهه‌میان، كارى ئایینه‌كه بریتییه له ڕێكخستن و چاككردنى كۆمه‌ڵگە.
به‌ڵام هه‌رچى سه‌باره‌ت به زانا (هربرت سبنسر)ه خاوه‌نى بیرۆكه‌ى بنه‌ماى زیندویی (المبدأ الحیوی)یه كه بریتییه له په‌رستنى یاخود بڕوا بوون به هه‌ندێ له ڕوحه‌كان كه پێشتر ژیاون و له‌كاتى ئێستادا ڕوحیان چاودێرى كۆمه‌ڵگە ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته به پیرۆز سه‌یربكرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت، كه‌ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا بوه‌ته شێوه له شێوه‌كانى ئایین و شوێنكه‌وته و په‌یڕه‌وانى په‌یداكردووه. پاشان ماكس فیبەر به شێوازێكى جیاواز تێڕوانینى بۆ ئایین په‌یداكرد و به‌گه‌ڕان به دواى وه‌ڵامى پرسیارى كه ئایا ئایین كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابوورى هه‌یه؟ یاخود ئابوورى په‌یوه‌ندى و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئایین هه‌یه؟ بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ش فیبەر ده‌ڵێت كه كاریگه‌رى و په‌یوه‌ندى دوولایه‌نه‌یه، لێره‌وه ماكس فیبەر گه‌یشتوه‌ته بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌ى كه ئایین زیاتر ڕێكخستنى شێواز و بارى ئابووریه له‌ناو كۆمه‌ڵگەدا و ئه‌ركى سه‌ره‌كیه‌تى و ئه‌مه‌ش ئه‌و ئامانجه‌یه كه مرۆڤ بۆى ده‌ژێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له سیسته‌مه‌كانى سه‌رمایه‌دارى و هاوبه‌شیدا ده‌ركه‌وتون. كه فیبر واى ده‌بینێت كه سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى ده‌رئه‌نجامى كردووه و بیر‌و بۆچوونه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگەیه، هه‌روه‌ك چۆن ماركسیش به ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى چینایه‌تى و بارى كۆمه‌ڵایه‌تى به ده‌ستهاتوى وه‌ك به‌شێك له بیروباوه‌ڕو ئایین بینیوه.
له‌به‌شی چواره‌مدا نووسەر تیۆره‌كانى تایبه‌ت به زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى خستۆته ڕوو كه بریتین له شه‌ش تیۆر به‌م شێوه‌یه:
تیۆرى یه‌كه‌م/ تیۆرى مێژوويي: ئه‌م تیۆره بۆ شیكردنه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ئایین و قۆناغه‌كانى پێشكه‌وتنى پشت به‌روداوه مێژووییه‌كان ده‌به‌ستێت، كه هه‌ر ڕوداوێكى دیار و گرنگى مێژوو بوه‌ته ویستگه‌ى دروستبوونى سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئایین و بیروباوه‌ڕێك و ئه‌م په‌یوه‌ندییه هه‌بوه و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه. دیارترین بیرمه‌ند له‌م بواره‌دا (بارسونزوبیلا) یه كه خاوه‌نى زۆرترین تێروانین بۆ په‌یوه‌ندى مێژوو و ڕووداوه‌كانى به ئایین و ده‌ركه‌وتنى.
تیۆرى دووه‌م / تیۆرى به‌راوردكارى: ئه‌م تیۆره بۆ ڕونكردنه‌وه‌ى ده‌ركه‌وتنى ئایین پشت ده‌به‌ستێت به به‌راوردكارى نێوان بیروباوه‌ڕو تێروانینى كۆمه‌ڵگە و بابه‌تى ئابوورى هه‌روه‌ها بیروباوه‌ڕى كۆمه‌ڵگە و بابه‌تى کولتوورى و دابوونه‌ریت كه ئه‌م دوانه‌یه بوونه‌ته هۆكارى گه‌ڵاڵه‌بوونى هه‌ندێك تێروانین بۆ ژیان و ڕێكخستنى كۆمه‌ڵگە كه دواتر شێوازێك له پیرۆزیان وه‌رگرتوه و پاشان بوونه‌ته ئایین.
تیۆرى سێهه‌م/ تیۆرى ئه‌زمونى: ئه‌زمون لێره‌دا واته وه‌رگرتن و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ى كه پێویسته توێژینه‌وه‌ى له باره‌وه بكرێت به هۆى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه كاریگه‌ر ده‌بن به بابه‌تى توێژینه‌وه‌كه، به‌م شێوه‌یه زانایان له ڕێگه‌ى چه‌ند پرسیارێكه‌وه سه‌باره‌ت به ئایین له‌هه‌ر كات و شوێنێكى دیاریكراو ده‌توانن ده‌رئه‌نجامێك به ده‌ست بهێنن سه‌باره‌ت به جۆر و شێوازى ئایین و په‌یوه‌ست بوون و كاریگه‌ریه‌كانى.
تیۆرى چواره‌م/ ژمێره‌یی: ئه‌م تیۆره پشت به چه‌ندێتى ده‌به‌ستێت بۆ سه‌لماندنى گریمانه‌كانى،به‌ڵام ئه‌م تیۆره به شێوه‌یه‌كى فراوان له بوارى كۆمه‌ڵناسی ئایینى دا به‌كارهاتوه و زۆر ڕێژه‌یی لێوه‌به‌ده‌سهاتوه. به نموونە له زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگەكاندا ڕه‌گه‌زى مێ زیاتر گرنگى به بابه‌ته ئایینییەكان ده‌دات وه‌ك له پیاو، یاخود ئه‌وانه‌ى كه نزیكترن له ئایین كه‌متر دوو دڵى و شێواوى ده‌رونیان هه‌یه وه‌ك له وانه‌ى دورن له ئایین.
تیۆرى پێنجه‌م/ تیۆرى ڕوپێوى كۆمه‌ڵایه‌تى: به‌كارهێنانى ئه‌م تیۆره زۆر باو‌و به‌ربڵاوه له زانستى كۆمه‌ڵناسیدا و پشت ده‌به‌ستێت به وه‌رگرتنى سامپڵ له هه‌ر لێكۆلینه‌وه‌یه‌ك كه ئه‌نجامبدرێت به پشتبه‌ستن به‌و مه‌رجانه‌ى كه جێگاى بایه‌خى ئه‌م تیۆره‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕێگایانه‌ى ئه‌م تیۆره پشتى پێ ده‌به‌ستێت بۆ ده‌ست كه‌وتنى ئه‌نجامه‌كانى نزیكه له تیۆرى ژمێره‌یی به‌ڵام له هه‌ندێ لایه‌ن جیاوازیان هه‌یه.
تیۆرى شه‌شه‌م/ تیۆرى هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌هاكان: ئه‌م تیۆره جیاواز له هه‌موو تیۆره‌كانى تر پشت ده‌به‌ستێت به به‌هاو بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى ئایین بۆ ده‌رخستنى هه‌ر لایه‌نێكى ئه‌و ئایینه، نموونە‌ى وه‌ك ئه‌فلاتۆن ده‌رده‌كه‌وێت له په‌رتووكه‌كانى (الجمهوریه) كۆمار و یاساكان هه‌روه‌ها ئه‌رستۆ له په‌رتووكه‌كانى (به‌هاكان) و (سیاسه‌ت)، هه‌روه‌ها فارابی له په‌رتووكه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به‌ناوى (شانیشی خوازراو) وه‌ك كه‌سانێك كه پشتیان به‌م توێژینه‌وه‌یه به‌ستوه له نوسراو توێژینه‌وه‌كانیان.
له به‌شی پێنجه‌مدا نووسەر چۆته ناو بابه‌تێكى گرنگ له بوارى ئایین و كۆمه‌ڵگەدا ئه‌ویش به گه‌ران به دوای په‌یوه‌ندى نێوان به‌ها ئایینییەكان و گۆڕانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به چه‌ند خاڵێك ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ى ڕون کردووەتەوە،.
یه‌كه‌م/ شیكردنه‌وه‌ى پێناسه و ماناى ئایین و ده‌رخستنى ڕووى ته‌واوى ئایین وه‌ك خۆی، له‌م باسه‌دا نووسەر پشتى به‌ستوه به تیۆرى ئیم‌یل دوركایم كه له سه‌ره‌تادا به پێویستى ده‌زانێت جیاوازى بكرێت له نێوان كه‌سانى ئاییندار و بێ ئایین، كه لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئایین به واتاى گشتى بریتی یه له هه‌موو ئه‌و بیروباوه‌ڕو كرده‌وانه‌یه كه كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵك به‌یه‌كه‌وه باوه‌ڕیان پێى هه‌یه یاخود ئه‌نجامى ده‌ده‌ن له كات و شوێنێكى دیاریكراودا.
دووه‌م/ بوارى زانستى كۆمه‌ڵناسی ئایینى: مه‌به‌ست له‌بوار لێره‌دا واته كار‌و ئه‌ركى ئایین چیه‌و له كۆمه‌ڵگە و ژیانى مرۆڤه‌كاندا تاچ ئاستێك ده‌رده‌كه‌وێت،هه‌رچه‌نده جیاوازى زۆر هه‌یه له نێوان بیرمه‌ندان له‌م بواره‌دا، به‌ڵام به گشتى ئایین ده‌بێت كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵیش هه‌بێت، تاك واته ده‌بێت ئایین هۆكار بێت بۆ جیاكردنه‌وه‌و ڕێكخستنى هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وه‌و هه‌نگاوى ڕۆژانه‌ى ئه‌م كه‌سه، هه‌رچى سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگەش بێت ده‌بێت ئایین هه‌ندێ سیما و شێوازى تایبه‌ت و جیاواز ببه‌خشێت به كۆمه‌ڵگە و جیابكرێته‌وه له كۆمه‌ڵگەكانى تر، ته‌نانه‌ت كاریگه‌رى ئایین له هه‌موو بوار‌و لایه‌نه‌كانى ژیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت وه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى، سه‌ربازى، ڕامیارى، ئه‌خلاقى …….هتد چونكه له كۆتايیدا ئایین بیروباوه‌ڕه له دڵ و ده‌روندا ده‌چه‌سپێت و ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت.
سێهه‌م/ به‌ها ئایینییەكان و جۆره‌كانى نوێگه‌ری: له‌م تیۆره‌دا گرنگى دراوه به په‌یوه‌ندى دولایه‌ن و كاریگه‌رى ئایین و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه تا چ ئاستێك كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه و چۆن ئایین به‌ها دروست ده‌كات و پاشان سیماى گشتى كۆمه‌ڵگە ده‌گۆرێت و سیماى نوێ و جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت. نووسەر جه‌ختى کردووەتەوە له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و گرنگى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه به هۆى به‌ها ئایینییەكانه‌وه دروست ده‌بن و سیما و شێوازى ژیانى كۆمه‌ڵگەیه‌ك ده‌گۆرن بۆ چه‌ندها سه‌ده به‌رده‌وام ده‌بێت.
چواره‌م/ چینایه‌تى له كۆمه‌ڵگەدا: كارل ماركس وه‌ك دامه‌زرێنه‌رى ئه‌م تیۆره سه‌یر ده‌كرێت كه بنه‌ماى تیۆره‌كه‌ى له‌سه‌ر چینایه‌تى ناو كۆمه‌ڵگە دارشتوه و كۆمه‌ڵگەى كردووه به دوو چینه‌وه، چینى هه‌ژار و چینى سه‌رمایه‌دار، سه‌باره‌ت به چینى هه‌ژاران ئایین وه‌ك ئارامكه‌ره‌وه سه‌یر ده‌كرێت كه هه‌ژاران به‌رده‌وام پێویستیان پێیه‌تى بۆ ڕاكردن له ڕوداوه قورسه‌كان و واقعى تاڵى ژیان و دڵخۆشبوون به پاداشت یاخود ژیانێكى تر‌ى جیاواز كه چاوه‌رێیان ده‌كات. به‌ڵام هه‌ر چی چینى سه‌رمایه‌دارانه ئایین به‌كارده‌هێنن وه‌ك ئامرازێك بۆ ده‌سه‌ڵاتیان و تواناى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت سێكته‌رى ئابوورى چونكه سه‌رچاوه‌ى به‌هێزى ده‌سه‌ڵاته. لێره‌دا ماركس پێى وایه ئایین له‌لای چینى یه‌كه‌م كه هه‌ژارانه پێویسته لاببرێت و بسردرێته‌وه هه‌تا له‌م بێهۆشی و خه‌یاڵه ڕزگاریان بێت و بتوانن مافیان به‌ده‌ست بخه‌ن، به‌ڵام بۆ چینى دووه‌م كه ده‌سه‌ڵات دار‌و و سه‌رمایه‌دارانن ئایین هیچ به‌هایه‌كى ڕاسته‌قینه‌ى نییە و تەنیا ئابووریه، هه‌ر بۆیه كاتێك ئابووریان لاوازكرا ده‌توێنه‌وه و دیار نامێنن. كه‌واته ماركس ئه‌م تیۆره‌ى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان ئابوورى و به‌ها ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دارشتوه و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر پێچه‌وانه‌یه.
پێنجه‌م/ ئایینى مه‌ده‌نى: پشت به‌ستن به توێژینه‌وه‌ى زۆرێك له بیرمه‌ندان به هۆی پێشكه‌وتنى ژیان و ته‌كنه‌لۆژیا و زیادبوونى كاریگه‌رى وڵات له‌سه‌ر ژیانى تاك و دانانى یاسا‌و ڕێنماى بۆ ورده‌كارى ژیانى تاك، شێوازێك له یه‌كگرتوویی بیربۆچوون له نێو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگەدا دروست بوه كه دواتر بوه‌ته هۆی پابه‌ندبوون و په‌یوه‌ست بوون پێوه‌ى كه‌له زۆركاتدا وه‌ك ئایین سه‌یرده‌كرێت، یاخود جێگاى ئایین ده‌گرێته‌وه له ڕووى واقعى ڕوداوه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا، به نموونە به‌پیرۆزدانانى سه‌ركرده گه‌وره و ڕوحیه‌كانى نیشتمان و ڕۆژى ئاڵا و بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیی و ….هتد هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كات له‌لاى مرۆڤ ئایین به‌ماناى پێشوترى لاواز ببێت و ئه‌م چالاكى و ڕێنماییه شارستانییە نوێیانه شوێنى بگرێته‌وه و وه‌ك ئایینى مه‌ده‌نى ئه‌ژمار بكرێت.
له‌به‌شی شه‌شه‌مدا نووسەر چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى جیهانى سه‌باره‌ت به ئایین وه‌رگرتوه و شیكردنه‌وه‌ى بۆ كردون:
لێكۆڵینه‌وه‌ى یه‌كه‌م/ پێگه‌یاندنى ئایینى گه‌نجان: به‌مه‌به‌ستى پێگه‌یاندنى گه‌نجان له‌سه‌ر ئایینێكى دیاریكراو پێویسته هه‌نگاوى زۆر ورد و قۆناغى ماوه‌درێژ ڕه‌چاو بگیرێت، چونكه له مناڵیه‌وه ده‌ست پێده‌كات به قۆناغى هه‌رزه‌كاریدا تێده‌په‌رێت و له قۆناغى سه‌ره‌تایی گه‌یشتن به كامڵ بوون كۆتایی دێت و هه‌ر قۆناغێكیش تایبه‌تمه‌ندى و جیاوازى خۆى هه‌یه به‌م شێوه‌یه:
1- قۆناغى منداڵى: به گشتى منداڵ له ئایینه‌كاندا شوێنى گرنگى نییە، به‌ڵام له ڕێگه‌ى زانیارى كه ڕووبه‌رروى هه‌ستیان ده‌كرێته‌وه سودمه‌ند ده‌بن له بنه‌ما ئایینییەكان وه‌ك چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كان، هه‌روه‌ها به هۆى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ر له خێزانه‌وه بۆ خوێندنگا و به‌شه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگە منداڵ فێرى زۆرێك زانیارى ده‌بێت سه‌باره‌ت به ئایین، لێره‌وه منداڵ ده‌ست ده‌كات به فێربوونى هه‌ندێك بنه‌ماى سه‌ره‌تایی و پاشان گرنگ سه‌باره‌ت به ئایینه‌كه‌ى و دواتر ده‌بێته بیروباوه‌ڕو كاریگه‌رى له‌سه‌ر كۆی ژیانى ده‌بێت.
2- هه‌رزه‌كارى: هه‌رزه‌كاران له قۆناغێكدان به‌گشتى هه‌ستیاره و زوو گۆڕانكارى له دیدو بۆ چونیان به‌دیده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه له‌م قۆناغه‌دا پێویسته به هێمنی و وردى كار له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیار و پركردنه‌وه‌ى داخوازیه‌كانیان بكرێت، واته قۆناغى هه‌رزه‌كارى له ڕووى په‌روه‌رده‌كردنه‌وه هه‌رزه‌كارى له‌رووى په‌روه‌رده‌كردنه‌وه ده‌بێت وه‌ك قۆناغێكى هه‌ستیار و ڕاگوزه‌ر ته‌ماشا بكرێت و به‌هه‌موو ئامرازه‌كانى به‌رده‌ست هه‌وڵبدرێت له‌سه‌ر شێوازى ژیانكردن و بوارێكى بیركردنه‌وه‌ى سنوردار جێگیر بكرێن.
3- سه‌ره‌تای كامڵ بوون: ئه‌م قۆناغه‌ى ژیانى تاك گرنگى تایبه‌تى هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌كه‌وێته بیركردنه‌وه له ژیانى پاشترو داهاتوى، كه ئایا چ كارێك بكات بۆ ئه‌وه‌ى باش بژێت؟ یاخود له‌گه‌ڵ كێ هاوسه‌رگیرى بكات؟ له كوێى له كۆمه‌ڵگە شوێنى ده‌بێت؟ هه‌ر بۆیه لێره‌دا قۆناغێكى هه‌ستیار ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ى جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه ئایین و بیروه‌باوه‌ڕه‌كه‌ى هه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ جۆری ژیان و بابه‌تى داهاتوى، تا چه‌ند یه‌كانگیر ده‌بن یاخود له كوێدا پێچه‌وانه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێته بنه‌ماى دروستبوونى بیروه‌باوه‌ڕى نیمچه جێگیر بۆ به‌شی كۆتایى و ماوه‌ى ژیانى.
لێكۆڵینه‌وه‌ى دووه‌م: گه‌نجان و په‌یوه‌ستى ئایینى: یه‌كێك له گرنگترین ویسته‌كانى داموده‌زگا ئایینییەكان له كۆمه‌ڵگەدا بریتییه له هه‌وڵدان بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئایین و بیروه‌باوه‌ڕه‌كه‌ى له نێو گه‌نجان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى كاریگه‌رین له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانى كۆمه‌ڵگەدا، ئه‌مه‌ش به گرنگیدان به سێ ڕه‌گه‌ز:
یه‌كه‌م/ ڕه‌گه‌زى ژیرى: واته تواناى جێكردنه‌وه‌ى بنه‌ماى ئایین له ژیرى و بیركردنه‌وه‌ى گه‌نج و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگاى گرێدانى زانیاریه ئایینییەكان به بیروتێروانینى گه‌نج هه‌تا باشتر تێبگات و له‌ژیریدا بچه‌سپێت.
دووه‌م:ره‌گه‌زى ده‌رونى: واته گرنگیدان به تواناى دروستكردنى ئارامى ده‌رونى و هێمنى خودى گه‌نج و دڵخۆشبوون به بنه‌ما و ڕێنماییه ئایینییەكان وه‌ك ڕه‌گه‌زێك بۆ چه‌سپاندنى ئایین له‌ناو گه‌نجان.
سێهه‌م:ره‌گه‌زى ڕه‌زامه‌ندى: ئه‌مه كۆتا ڕه‌گه‌زه كه گه‌نج پێى بگات و له‌م قۆناغه‌دا ئایین ده‌بێته بابه‌تێكى ویستراو و پیرۆز و پاشان گه‌نج ده‌بێته هۆكارى به هێزبوونى ئه‌م ئایینه و بڵاوه‌پێكردنى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه ده‌بێت گه‌نج به ویست و ڕه‌زامه‌ندى خۆی ئه‌م ئایینه قبوڵ بكات و هیچ زۆره ملێ و زۆر لێكردنێك له ئارادا نه‌بێت.
نووسەر له باسێكى تردا باسی تیۆره‌كانى گه‌شه‌سه‌ندن و په‌یوه‌ست بوون به ئایینه‌وه ده‌كات و له تیۆره‌كانى (جیمس فویلر، جون ویسترهوف، برویس بورز، فون هوجل) كۆی ده‌كاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به گشتى تیۆره‌كان له ڕووى ناوه‌رۆك و ماناوه له‌یه‌ك نزیكن به پێویستى ده‌زانم یه‌ك پوخته‌ى گشتگیر و سه‌باره‌ت به تێڕوانینیان بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و په‌یوه‌ست بوون به ئایین باس بكه‌ین، له ڕوانگه‌ى ئه‌م تیۆرانه‌وه ئایین له دواى ته‌مه‌نى سێ ساڵى ده‌ست پێده‌كات له‌لاى مرۆڤ و هه‌تا ته‌مه‌نى هه‌شت ساڵى كه ته‌مه‌نى منداڵیه، له‌م كاته‌دا منداڵ تەنیا به هه‌ست و سۆز ئایین ده‌ناسێت و سه‌ره‌تایه‌كى كه‌مى لێوه وه‌رده‌گرێت، پاشان له‌ته‌مه‌نى هه‌شت ساڵى هه‌تا ده‌گاته ته‌مه‌نى چوارده بۆ هه‌ژده ساڵى كه ته‌مه‌نى ده‌ستپێكردنى كاركردنى ژیرى مرۆڤه ئایین ده‌بێته باسێكى گرنگ تر‌و ده‌بێته چه‌ند پرسیارێك كه دواتر وه‌ڵامه‌كانى ده‌بنه هۆكارى په‌یوه‌ست بوون یاخود لاواز بوونى ئایین له‌لاى هه‌رزه‌كاران. دواتر قۆناغ و ته‌مه‌نى سێهه‌م ده‌ستپێده‌كات كه بریتییه له سه‌ره‌تایی كامڵ بوون و ته‌واوبوونى ژیرى مرۆڤ، لێره‌دا ئایین وه‌ك به‌ها و ڕه‌وشت و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته به‌شێكى گرنگ و بنه‌مایه‌كى پته‌و كه تاك پشتى پێ ده‌به‌ستێت بۆ پاشماوه‌ى ژیانى و ده‌بێته هه‌لى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو كێشه‌كانى كه دێته به‌رده‌م به‌رێكردنى كاروبارى ڕۆژانه.
لێكۆڵینه‌وه‌ى سێهه‌م: ئایین و كۆمه‌ڵگە (تێڕوانینى ماكس فیبەر) له سه‌ره‌تادا گرنگه ئه‌وه بزانین كه ماكس فیبەر یه‌كێكه له زانا پێشه‌نگ و دیاره‌كانى بوارى ئایین كه زۆربه‌ى له ژیانى بۆ لێكۆڵینه‌وه له ئایین ته‌رخان كردووه و باوه‌ڕى وابوه كه ئایین هۆكارى سه‌ره‌كى كاریگه‌ره له بڕیار‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌وشتى تاك، هه‌ر بۆیه گه‌یشتوته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه كۆمه‌ڵگە بوونى نییە به‌بێ ئایین، چونكه كۆمه‌ڵگەش له تاك پێكدێت.
هه‌روه‌ها ماكس فیبەر ڕه‌خنه‌ى له كارل ماركس گرتوه كه له زۆربه‌ى بۆچوونه‌كانى ئایینی پشتگوێ خستوه، چونكه وه‌ك فیبەر ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات له په‌یوه‌ندى نێوان ئایین و ئابوورى ئایین ده‌بێته خاوه‌ن كاریگه‌رى سه‌ره‌كى و ئابوورى ده‌بێته پاشكۆ و ده‌رئه‌نجامى ئایین، بۆ ئه‌مه‌ش نموونە‌ى سه‌رمایه‌دارى ئه‌وروپا و پێشكه‌وتنى چین وه‌ك به‌ڵگه‌ى تیۆره‌كه‌ى وه‌رده‌گرێت و ده‌سه‌لمێنێت كه ئایین و به‌هاكانى بوونه‌ته هۆكارى سه‌ره‌كى پێشكه‌وتن و گۆڕانكارى له‌م كۆمه‌ڵگەیانه‌دا، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه ماكس فیبەر هه‌موو ئه‌مانه‌ى به‌ستوه‌ته‌وه به تواناى ڕێكخستنى ژیرانه و بیركردنه‌وه‌ى بنیاتنه‌رانه كه ده‌بێته كۆمه‌ڵگە وه‌ك قۆناغێكى ئاسایی پێى بگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ك فیبر ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات ده‌بێت ئایین گرێ بدرێت له‌گه‌ڵ ژیریه‌كى ئاست به‌رز هه‌تا ببێته بنه‌ماى پێكهێنانى كۆمه‌ڵگەیه‌كى سه‌ركه‌وتوو خاوه‌ن ئایدیاى ڕون و بابه‌تیانه بۆ كۆى سێكته‌ره‌كانى ژیان و داینه‌مۆى پێشكه‌وتن و ڕانه‌وه‌ستان. هه‌رچه‌نده تیۆرى ماكس فیبەر بۆ په‌یوه‌ندى ئایین و كۆمه‌ڵگە ڕووبه‌رووى ڕه‌خنه‌ى زۆر بوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر یه‌كێكه له باشترین ئه‌و تیۆرانه‌ى كه توانیویه‌تى به شێوه‌یه‌كى باش ئه‌م په‌یوه‌ندییه ڕونبكاته‌وه.
لێكۆڵینه‌وه‌ى چواره‌م: ئایین و تێرروانینى كه‌سانى ئاسایی: لێره‌دا نووسەر بۆ دۆزینه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان ئایین و تاكى ئاسایی هاوڵاتى پشتى به‌ستوه به چه‌ند توێژینه‌وه و چاوپێكه‌وتنێك كه پێشتر ئه‌نجامدراون و شوێنى ئه‌نجامدانى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ش زیاتر وڵاتانى ئه‌وروپا بوه، كه گه‌یشتوه‌ته ده‌رئه‌نجامى ئه‌وه‌ى كه تاكى ئاسایی له ژیاندا به هۆی چه‌ند هۆكارێك به‌بیروباوه‌ڕوئایین ئاشنا ده‌بێت كه ئه‌مانه‌ن:
1- خێزان، واته ئه‌و ژینگه سه‌ره‌تایی و بچوكه‌ى كه سه‌ره‌تایی ژیانى تێدا ده‌ست پێده‌كات و به‌شێكى گرنگى منداڵى تێدا به‌سه‌ر ده‌بات.
2-ناوه‌ندى خوێندن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاییه‌وه هه‌تا زانكۆش ژینگه‌یه‌كى گرنگه بۆ ناسین و پێگه‌یاندنى هزرى ئایینى له‌لاى تاك.
3- گروپ و پارت و ڕێكخراوه‌كان، نزیك بوون یاخود په‌یوه‌ندیكردن به‌هه‌ر گروپ و لایه‌ن و ڕێكخراوێك كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر تێروانین و بیركردنه‌وه‌ى تاك.
4- ده‌زگا ئایینییەكان وه‌ك مزگه‌وت و كڵێسا و هه‌ر ناوه‌ند و ده‌زگایه‌كى ئایینى ڕۆڵى ئاشكرا‌و به‌رچاوى هه‌یه له‌سه‌ر تاك بۆ دروستكردنى هزرى ئایینى.
لێكۆڵینه‌وه‌ى پێنجه‌م: خراپ به‌كارهێنانى ئایین: هه‌روه‌ك پێشتر باسمان كرد ئایین ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌یه له ڕێكخستنى ژیانى تاكه‌كان، ئه‌ویش به كۆنترۆڵكردنى هه‌ڵسوكه‌وت و كرداره‌كان به هۆی چه‌سپاندنى بیروباوه‌ڕێكى به هێز له دڵ و ده‌رونى مرۆڤدا، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگە به شێوه‌یه‌كى خۆشبه‌خت و هاوبه‌ش و ئارامى ده‌ژین و كۆمه‌ڵگەیه‌كى ته‌ندروست پێك ده‌هێنن .به‌ڵام له هه‌ندێ كاتدا ئایین به هۆی خراپ به‌كارهێنانى یاخود تێگه‌یشتن و تێڕوانین و شیكردنه‌وه‌ى جیاواز بۆ بنه‌ماكانى ده‌بێته هۆكارى كێشه و گرفت و دووبه‌ره‌كى و نه‌هامه‌تى بۆ تاك و كۆمه‌ڵگەش، نووسەر بۆ سه‌لماندنى ئه‌م مه‌به‌سته شیكردنه‌وه‌ى بۆ چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك كردووه له‌م بواره‌دا و ده‌ركه‌وتوه كه لێكدانه‌وه و تێڕوانینى جیاواز بۆ ئایین هۆكاره بۆ دروسبوونى چه‌ند گروپ و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك كه دور له داب و نه‌ریته گشتى و باوه‌كانى كۆمه‌ڵگە بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌كانیان كێشه‌و گرفت بۆ ژیانى گشتى كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له دیارترین دیارده‌كانى دواى جیاوازیبوون له بیرى ئایینى بریتییه له توندره‌وى كه بریتییه له زیاد به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌یوه‌ست بوون به ئایین و به هه‌ڵه دانانى كه‌سانى تر كه ساده‌تر په‌یوه‌ستن به ئایینه‌وه.
هه‌روه‌ها دروستبوونى ململانێ وه‌ك دیارده‌یه‌كى تر‌ى ئه‌م بابه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌گه‌ر تێروانینى زۆر جیاواز بۆ بنه‌ما و ڕێنمایه ئایینییەكان هه‌بێت دواتر دووبه‌ره‌كى و ململانێ له نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگەدا دروست ده‌كات و پاشان ئاسایش و ئارامى گشتى كۆمه‌ڵگە ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه.
دیارده‌یه‌كى تر‌ى ئه‌م جیاوازبوونه بریتییه له كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌ستى یه‌كریزى و خۆشه‌ویستى و یه‌كگرتوویی نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگە كه هۆكاره بۆ لاوازبوونى هێزى ئابوورى و ڕامیارى و كۆمه‌ڵایه‌تى و …..هتد له‌و كۆمه‌ڵگەیه و پاشان نه‌ته‌وه و وڵاتێكى لاواز به‌رهه‌م دێت و لێره‌وه ڕێگا خۆش ده‌بێت بۆ لایه‌نه‌كانى تر‌ى نه‌یار به ئاسانى ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن له كاروبارى ناوخۆی و بیر‌و هزرى گه‌نجان له كۆمه‌ڵگەدا.
به‌شی حه‌وته‌م
توێژینه‌وه لۆكاڵیه‌كان
یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى كه ئه‌نجامدراون له‌م بواره‌دا بریتییه له بابه‌تى توندوتیژى ئایینى له‌لاى گه‌نجان، هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌نجان توێژێكى زۆر گرنگى كۆمه‌ڵگەن و كاریگه‌رى و ڕۆڵیان له كۆی گشتى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه بۆیه توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و توێژه كراوه و هه‌وڵدراوه وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه بدۆزرێته‌وه، هۆكاره‌كانى توندوتیژى له‌لاى گه‌نجان چیه؟ جۆر و شێوازه‌كانى توندوتیژى چین؟ شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه بۆ ئه‌م توندوتیژیه چیه؟ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نووسەر پوخنه‌ى چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو.
توندوتیژى به‌گشتى له‌لاى توێژى گه‌نجان بابه‌تى هه‌بوه یاخود ڕونتر بڵێن گه‌نجان ئاسانتر ڕوو له توندوتیژى ده‌كه‌ن چونكه به شێوه‌یه‌كى سروشتى قوناغى ئه‌و كاتى ژیانى گه‌نج گونجاوه بۆ هه‌نگاوى له‌م شێوه‌یه، جۆره‌كانیشی له لێدانى سوك ده‌ست پێده‌كات هه‌تا ده‌گاته كوشتن كه له‌م نێوانه‌دا جۆرى زۆرى توندوتیژى هه‌یه.
هه‌رچه‌نده به‌شێك له توێژینه‌وه‌كان ده‌ریان خستوه كه توندوتیژى له‌لاى گه‌نجان هه‌ندێ كات ئاساییه به‌ڵام ده‌بێت ڕێكارى پێویست بگرێته به‌ر بۆ گه‌وره‌نه‌بوون و په‌ره‌سه‌ندنى هه‌تا بگاته كارى ڕێكخراوه‌یی و توندوتیژى به‌مه‌به‌ست و پشتبه‌ستن به بیروباوه‌ڕ.
كه‌واته هه‌ندێك له جۆره‌كانى توندوتیژى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌پێدراو نییە و ده‌بێت هه‌وڵى توند هه‌بێت له‌لایه‌ن یاسا و ڕاگه‌یاندن و و ناوه‌نده‌كانى په‌روه‌رده بۆ ڕێگرى كردن، نموونە‌ى توندوتیژى نێوان هاوسه‌ران، هاوڕێیان، باوك بۆ منداڵ…هتد به‌ڵام له كۆتاییدا جێگه‌ى مه‌ترسی نییە بۆ بارى ژیان و ئاسایشى گشتى نه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و توندوتیژیه‌ى كه پشت به جیاوازى ئایین و بیروباوه‌ڕ ده‌به‌ستێت له‌لایه‌ك و كۆمه‌ڵ و ڕێكخراوى تایبه‌تى بۆ دروست ده‌بێت له‌لایه‌كى تره‌وه بابه‌ت و هۆكارى سه‌ره‌كى تێكدان و ئاڵۆزى كۆمه‌ڵگەیه و ده‌بێته مه‌ترسی گه‌وره بۆ لێكترازان و له‌ده‌ستدانى هاوسۆزى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌بایی نه‌ته‌وه‌یی.
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسەر نموونە‌ى زۆرى له ڕابردوو و ئێستادا وه‌رگرتوه كه به‌ڕونى ده‌ریده‌خات كه توندوتیژى ئایینى خراپترین جۆرى توندوتیژیه.
هۆكاره‌كانى توندوتیژى هه‌ر چه‌نده زۆرن و له كۆمه‌ڵگەیه‌ك بۆ یه‌كێكى تر جیاوازن به‌ڵام دیارترین هۆكار بریتییه له جياواز خوێندنه‌وه‌ى ئایین و ده‌قه‌كانى و لێكدانه‌وه‌ى مێژووى ئایین وتێڕوانینى ئایین بۆ ژیانى تاك و كۆمه‌ڵگە.
هه‌ر بۆیه زۆر پێویسته وڵات به‌رنامه‌ى ڕون و گشتگیرى هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانى ناوه‌نده ئایینییەكان و ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده و په‌یڕه‌وى پارت و ڕێكخراوه‌كان بۆ یه‌ك ڕوانین و یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بڕیار سه‌باره‌ت به هه‌موو بابه‌ته هه‌نوكه‌یی و جیاوازه‌كانى ڕۆژانه‌ى كۆمه‌ڵگە بۆ دروستكردنى تێڕوانینى هاوبه‌ش و یه‌كگرتووو له نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگەدا پاشان ده‌ستكه‌وتنى هێمنى و ئارامى له نێو كۆمه‌ڵگەدا.
گرنگه لێره‌دا ئاماژه به ئه‌وه بكه‌ین كه زۆرینه‌ى توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌یان به هۆكارى ئابووریش كردووه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دروستبوونى ئاڵۆزی و توندوتیژى و ئه‌وه‌یان ڕونكردووه‌ته‌وه كه ئابوورى به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ند و كه تێیدا تاك سودمه‌نده و داهاتى ڕۆژانه‌ى به‌رزه تیایدا و هه‌ست به دامه‌زراوه‌یی ده‌كات له‌بوارى ئابووریدا كه‌متر ڕوو له توندوتیژى ده‌كات و ملكه‌چى بیر و هزرى توند ده‌بێت.هه‌روه‌ها هۆكارێكى توندوتیژى بریتی یه له ده‌سه‌ڵاتى تاك ڕه‌وو دیكتاتۆر كه به‌هۆى سیاسه‌تى زوڵم و چه‌وساندنه‌وه بارێكى گونجاو بۆ توندوتیژى ده‌هێنێته به‌رهه‌م و له ژینگه‌ى هاوشێوه‌دا به ئاسانى گروپ و ڕێكخراو و پارت دروسشت ده‌بن كه له‌رووى ئایدیا و هزرو تێڕوانینه‌وه زۆر له‌یه‌كه‌وه دورن.
ڕێگاكانى چاره‌سه‌رى توندوتیژى یاخود ڕێگرى له دروستبوونى دیارده‌ى توندوتیژى زۆرن:
یه‌كه‌میان، ئاراسته‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده‌كانى خوێندن و ئایینى و به‌شێوازێك كه گوتارى یه‌كگرتووو ئامانجداریان هه‌بێت بۆ دروستكردنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر بیر‌و هزرى گه‌نج و ئاراسته‌كردنى به شێوازێك له به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵگە و یه‌كریزى و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تى بێت.
دووه‌میان، باشتركردنى بارى ئابوورى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى بژێوى تاك و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى گشتى .
سێهه‌میان/ فه‌راهه‌مكردنى ژینگه‌یه‌كى دیموكراسی و ئازادى ڕاده‌ربڕین و مافه كه‌سیه‌كان.
چواره‌م/ هه‌بوونى یاسایه‌كى به‌هێز و سزاى گونجاو بۆ هه‌ر تاوانێك كه توندوتیژى به‌رهه‌م ده‌هێنێت.