گوتاری دینیی ڕەوتە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان
زیرەك ئەحمەد ڕەحمان

لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەم میراتە دینییەی کە هەیە، زۆرینەی خەڵك پابەندی دینێكی میللی بوون، گەر نەڵێین هەمووی، تا ئەو ساتەی کۆمەڵێك بزاوتی ئیسلامی جۆراوجۆر دەرکەوتن، لەوێوە ئەم شێوازەی بیرکردنەوەی دینی و دیندارییەی ناو خەڵك شێوازی جۆراوجۆری تێکەوت. بێگومان هەر جۆرێك لە جۆرەکانی بیرکردنەوەی بزاوتە جیاوازەکان بەش بە حاڵی خۆی هەواداری بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، ئەم بزاوتانەش خاوەن گوتاری تایبەت بە خۆیان بوون، ئاسان جیاکراونەتەوە لەگەڵ هەر بزاوتێكی تر. ئەڵبەت هەندێك لەم بزاوتانە و گوتارەکانیان، جاروبار بەریەك کەوتوون تا ئاستی یەکتر خستنە دەرەوەی بازنەی ئیسلام و ئیمان، هەموو ئەم بابەتانەش کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کایەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردی هەبووە و بەردەوامیشە. هەر گوتار و هەر ڕەوتێكیش لە سەردەمێك بۆ سەردەمێكی تر، گوتاری گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بە گوێرەی ئەو سیاسەتەی ئەم ڕەوتە بەڕێوە دەبات.
یەکەم: ئیسلامی میللی
لەناو زۆربەی گەلان کاتێك هەر دینێك دێت، ڕەنگە سەرەتا پیت بە پیتی ئەو دینە وەك خۆی بگات، بەڵام دواتر نەوە دوای نەوە و دوای سەدان ساڵ مەحاڵە پیادەکردنی ئەم دینە وەك خۆی بمێنێتەوە، بێگومان ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵێك بیروباوەڕ و کولتوور و ناسنامەی ناوخۆیی ئاڵوگۆڕ دەکات لەگەڵ دین. ئەمە جگە لەوەی هەر خودی دینە داخۆ ڕێك پیت بە پیتی وەك خۆی گەیشتووە، یا ئەوەتا دوای نەوەی یەکەم و دووەمی دینەکە بە دەستی دوو و سێ و زیاتری گەیشتووە بە کۆمەڵگەی کوردی. بە ڕای هەندێكی لێکۆڵەرانی دین، ئیسلامی میللی: بریتییە لەو نەریتە دینیانەی زۆر پشت بە دەقەکانی دین لە قورئان و حەدیس نابەستێت، وەك ئیسلامی ڕەسمی کە وەستاوە[1] لەسەر دەقەکانی قورئان و حەدیس. ئەمە ڕەنگە قورس بێت بۆ ئیسلامی میللی کە کاتێك تاکی کۆمەڵگەی کوردی پابەندی زۆربەی تێگەیشتنەکانی دینی ئیسلام بووە بە تێگەیشتنێكی خۆماڵی، بە تایبەت ئەرکەکانی ئیسلام و ئیمان. بۆیە بەرامبەر ئەم تێگەیشتنە ڕوانینێكی تر هەیە پێی وایە ئیسلامی میللی و ڕەسمی چاکترە بە ئیسلامی واقیعی و ئیسلامی دەق وەسف بکرێت[2]، بەمەش دەق لە واقیعی کۆمەڵگە داببڕێت، ئەستەمە دین بمێنێتەوە، دەقیش وابەستەی واقیع ببێت، ئەوا ئۆتۆماتیکی دین خۆی دەبێتە چەند نوسخەیەکی ناوخۆیی بە گوێرەی کۆمەڵگەکە. بەو پێیەشی ئیسلامی میللی زۆربەی جار لە چوارچێوەی ئامۆژگاری مەلاکانی حوجرە و شێخانی تەسەوفەوە بوونە، ئەوانیش بە ئەندازەی خۆیان ئاگاداری دەقەکانی ئیسلام بوونە، بۆیە لە بواری ئەکادیمیدا هەندێك جار ئەم جۆرە لە دینداری ناونراوە ئیسلامی گونجاو، یا گونجێنراو، یاخود ئیسلامی کولتوورکراو[3]. بۆیە بە شێوەیەکی گشتی بەم تێگەیشتنانە گوتاری ئیسلامی میللی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، زیاتر چڕ دەبێتەوە لە ئەنجامدانی مەراسیمەکانی خواپەرستی وەك میراتێكی دینی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگە، زۆر تێکەڵاوی بابەتەکانی ئایدیۆلۆژیا و فیکری نییە بە قووڵی، پتر زادەی حوجرە کۆنەکانە. بە جۆرێكی گشتی دین دەکەوێتە بەشێكی ژیانی ئەم تاکانەی ئەم جۆرە دیندارییە دەکەن. ئەم جۆرە لە دینداری لە پاشەکشەیە، چونکە هەرچی ڕەوتی تری ئیسلامی هاتووە لەسەر حسێبی ئەم جۆرەی دیندارییە، بۆیە تەنانەت ئەم ڕەوت و ئایدیۆلۆژیا و ئاڕاستانەی هاتوون تەنانەت دزەیان کردووەتە ناو حوجرەکان و کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەریان هەیە. لە کۆمەڵگەی کوردی گوتاری ئیسلامی میللی پتر خۆی دەبینیەوە لە ئەنجامدانی نوێژەکان، دانی زەکات، سەرفترە، حەجکردن، مەولودنامە، شەوبەرات، یەك شەوی لەیلەتولقەدر، سەردانی گۆڕستان و گۆڕی پیر و پیاوچاکان، نەخواردنی ماڵی هەتیوان، دانی میرات، حەرامیی شیربایی و ڕیباخۆری و دووربوون لە داوێنپیسی…هتد، زۆربەی گوتاری مەلاکانیش لەم خولگەیەدا بوون و لە ئاستێكی باڵاتری دینی میللی پتر ڕەوتێكی سۆفیگەری و عیرفانی بووە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. لەبەرئەوە لە قۆناغی پێش دەرکەوتنی خوێندنی ڕەسمی، زۆربەی هەرە زۆری سیاسی و شاعیر و کەسایەتییە خوێندەوارەکانی کورد دەرچووی ئەم حوجرانە بوون کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان هەبوون. بۆیە میراتگری دیوە ڕەسمییەکەی ئەم جۆرە نوسخەی ئیسلام لە کوردستان پتر یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە، لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا سەرۆکەکانی دەرچووی ئەم حوجرانەن، بە دەگمەن تێکەڵاوی ئیسلامی تر نین.
دووەم: ئیسلامی سیاسی
ئەم دەستەواژەیە چەندان پێناسەی جیاجیای هەیە، هەر لە ناوخۆی ئەم بزووتنەوانە تا نەیاران و پێناسەی دەرەکیی بۆیان، بە گشتی ئیسلامی سیاسی بەم حزبە ئیسلامییانە دەگوترێت کەوا دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانی دروستبوون بە ئامانجی بنیادنانی دەوڵەتێك، کە شەریعەت حوکمی بکات و بەرەنگاری هێزە نەتەوەیی و ڕۆژئاواییەکان ببنەوە، یا ئەم هێزانەن هەوڵی گێڕانەوەی حوکمی خیلافەت، یا هاوشێوەی خیلافەت دەدەن، یا هەوڵێکی سیاسییە بۆ چاکسازیی کۆمەڵگەی موسڵمانان بۆ بەرەنگاری هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان و ڕۆژئاواییەکان، ئەویش بە ئیسلامیزەکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگە وەك بیری ئیسلامی و هونەری ئیسلامی و ئابووری ئیسلامی و بانکی ئیسلامی…هتد[4]. ئیسلامی سیاسی لە جیهانی عەرەبی کە سەری هەڵدا و دواتر پەلی هاویشە وڵاتانی تر، بە گشتی گوتاری ئەم ڕەوتە بە گشت ئاڕاستەکانیانەوە، بەو ئاڕاستە بووە کە خەڵك بگێڕێتەوە سەر ڕێگەی دین و ئیسلامکردنەوەیان، یاخود سەروەری حوکمی دین. بەڵام بە گوێرەی ئاڕاستە و حزبەکانیان میکانیزم و کارکردنیان جیاواز بووە، ئەمەش وای کردووە دواجار ئەم ئامانجانەی لە پێناویدا دروست بووە و واقعی کاردنیان بە ئاڕاستەی جیاوازدا بچێت.
- بزووتنەوەی ئیسلامی
هەرچەند ئەم حزبە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بوونێكی وای نەماوە بە تایبەت دوای هەڵبژاردنی (2024) کە نەیانتوانی هیچ کورسیی پەرلەمانی لە هیچ شارێك بەدەست بهێنن، بەڵام بە هۆی بوونی مێژوویەكی درێژ بەم ناوە، لەم توێژینەوە لایی لێ کراوەتەوە. ئەم حزبە لە سەرەتای دروستبوونییەوە لە شاخ و تا چەند گەڕێكی شەڕی ناوەخۆی دوای ڕاپەڕین، زیاتر خاوەنی گوتارێكی جیهادی و حەماسی بووە، کەمتر بەلای گوتاری نەتەوەییدا چووە، کاریگەرییەکی زۆری سەردەمی جیهادی ئەفغان و وڵاتانی قەوقاز بەسەر هەوادارانی ئەم حزبەدا هەبووە لە کۆندا. دوای یەکگرتنی ساڵی (1999) لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی لەژێر ناوی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی[5]، ئەم گوتارە حەماسییە زیاتر هەڵکشا وەك تێکەڵەیەك لە گوتاری بانگەواز و جیهاد بە یەکەوە. بەڵام ماوەیەکی زۆری پێ نەچوو، دوای دوو ساڵ لە (2001) بە هۆی ناکۆکی لەسەر ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بوونی چەندان بیرکردنەوەی جیاواز، ئەم یەکبوونە چەند پارچە بوو[6]. پاشماوەیەك لە کۆنە کادیر و خەڵكی نزیك بنەماڵەی مەلا عەلی هەڵەبجە، بە دەوری ئەم حزبە مانەوە. لە دوای ئەمەش سەرەڕای کۆمەڵێك هەوڵدان بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەهێزبوونەوە، بە هۆی زاڵبوونی بنەماڵەی مەلا عەلی بەسەر ئەم حزبە دوای ناکۆکی لەسەر ڕێك نەکەوتن لەسەر ڕابەری ئەم حزبە لەنێوان كامیل حاجی عەلی و عیرفانی مەلا عەلی، جارێكی تر ئەم حزبە دابەش بوو بۆ بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی[7]. گوتاری بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕووی دینییەوە، زیاتر گوتارێكی سۆزداری میراتی سەردەمی خەباتی چەکداری ئەم حزبەیە، زیاتر خۆبەستنەوەیە بە ڕووداوەکانی وڵاتانی دەوروبەر کە پەیوەندییان بە پرسی ئیسلامی سیاسییەوە هەبێت، لە چەشنی فەڵەستین و تورکیا و ئەفغانستان و بابەتی تر[8]. لە ڕووی بوون و کاریگەرییان بەسەر دیندارانی موسڵمان لە هەرێم کاریگەرییەکی وایان نییە، بە هەمان شێوە بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بە حوکمی ناونانی ئەم باڵەی حزب بەو ناوە پتر خۆبەستنەوەیە بە ناوێكی حزبێكی سیاسی لەناو ئەدەبیاتی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان. گوتاری دینی لەم حزبەش هەر لەم چوارچێوەدا دەخولێتەوە. هیچ یەکێك لەم دوو باڵە لەگەڵ ئیسلامی میللی تەریب نین، بەڵکو سەرەتاکانی بەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی میللی پتر لە بزووتنەوە بوو. بە هۆی ئەوەشی کە حزبەکانی تر، مامەڵەیەکی ڕوونیان نەبوو لەگەڵ پرسی دین، ئەم گۆڕەپانە بۆ ئیسلامییەکان جێ مابوو.
- یەکگرتووی ئیسلامی
ئەم حزبە لەگەڵ ئەوەی مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە کوردستان، بەڵام نەك بە ناوی یەکگرتوو، پتر بە خەتی یەکی ئیخوان ناسرابوون، ڕەنگە سەرکردەی زۆربەی حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان سەروکاریان لەگەڵ ڕێكخستنەکانی ئیخوان هەبووبێت[9]. ئەم حزبە لە ساڵی (1994) بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خۆی ئیعلان کرد[10]. ئەم دەستەواژەی ئیعلانکردن ڕوونە کە جیایە لەگەڵ دامەزراندن، مانای وایە دەمێك بووە دامەزراون، بەڵام خۆڕاگەیاندن بەم ناوە تازە بابەت بوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. تا پێش ڕاگەیاندنەکە بە گشتی هەر بە ئیخوان ناسرابوون جموجۆڵیان لەو مزگەوتانە بوو کە پێشنوێژ و وتارخوێنەکانیان لە کۆنەوە سەر بە ڕێكخستنەکانی ئیخوانی عێراقی بوون. بە گشتی گوتاری یەكگرتوو دەگمەن وایە لە چوارچێوەی مەنهەجی ئیخوان دەربچێت، نە لە فیقهەوە نە لە بیروباوەڕەوە، ئەم حزبە ئاڕاستەیەکی دیاری نییە، پتر وابەستەی پیاوانی دینی نزیکی مەکتەبی ئیرشادی ئەم حزبەیە لە وێنەی قەڕزاوی و قەرەداغی و حەوا و ئەوانی تر. بۆیە گوتاری دینی یەکگرتوو لە بنەڕەتەوە گوتارێكی بانگخوازی (دەعەوی) و پەروەردەیی بووە بۆ تاکەکانی دەوروبەری. لەبەرئەوە دەبینرێت لەو کۆمەڵگانەی ئیخوان جووڵەی زۆری تێدان، زۆرترین کاریگەریی ئایدیۆلۆژی ئیخوانی و کەمترین ئامادەیی سیاسیی ئیخوان تێیاندا بەدی دەکرێت. ئیخوان لە هەرێم هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حیجاب دەدات لە ڕێگەی ڤیستڤاڵەکانی تاجی زێڕین[11] و چالاکی جۆراوجۆری وەك پڕۆژەی بەختەوەری و ڕابیتە هەم خێرخوازی و هەم بانگەوازی[12]، تەنانەت لە نوێترین چالاکی کۆکردنەوەی یارمەتی و پیتاك بۆ غەززە تونراوە بە میلۆنان دۆلار کۆبکرێتەوە لە خەڵكی هەرێم، بەڵام لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ئەم حزبە نەبووەتە خاوەنی چواریەکی دەنگی خەڵكی ئەم وڵاتە کە زۆرینەی هەر زۆری موسڵمانە. هەروەها دیوێكی تری گوتاری ئەم حزبە وەك دەنگی کوردی ئەم ڕووداوانەیە کەوا ئیخوانی جیهانی جاڕیان بۆ دەدات، وەك غەززە و بۆرما و تورکیا و قەتەڕ. کەم تا زۆر بووە لەناو ئەم حزبە کەسانێك دەنگێكی نەتەوەییان هەبێت وەك ئەبوبەکر هەڵەدنی، یا دەنگێكی دیموکراسیانەی وەك ئەبوبەکر کاروانی، یا هەر دەنگێكی تری سۆفیگەری و .. هی تر. بەڵام دواجار دەنگە زاڵەکە گوتارە ئیخوانییەکەیە و پاشەکشە بە هەر دەنگێكی تری ناو ئەم حزبە دەکات. ئەمە لە کاتێكدایە جۆرێكی تری بیری ئیسلامی تورکی کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ئەم حزبە، ئەویش ئەردۆگانیزمە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ڕۆڵی سیاسیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ئیخوانی جیهانی، بە هۆی ئەوەی دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئێستای میسر بەسەر سەرۆکی پێشووی میسر محەمەد مورسی، بەشێكی زۆری سەرکردەکانی ئیخوان زیندانیکران و ئەوانی تریش پەرگەندەی وڵاتان بوون، تورکیا وەك پەناگەیەکی لێ هات بۆیان، بۆیە جووڵەکانی تورکیا هەمیشە ئاڕاستەکاری ئیخوان و پێکهاتە جیاجیاکانی بووە[13]، ئەم کاریگەرییە هەر تەنیا لە قۆناغی شکستی ئیخواندا نییە، بەڵکو لە ماوەی حوکمی ئیخوان لە میسر لە ستایشی ئەردۆگان کتێب چاپ کراون و بە زەعیم ناونراوە[14]، نەك هەر ئەمە، بەڵکو بانگخوازێكی دیاری وەك ڕاغب سەرجانی چوار جار کتێبێكی (350) لاپەڕەیی چاپ کردووە تا هەمان ساڵ بە ناوی (قصة أردوجان) کتێبێكە پڕیەتی لە پێدا هەڵدان و پاساوهێنانەوە بۆ ئەم سیاسەتانەی کە بە دڵیان نییە، لە توندترین هەڵوێست وەك ئامۆژگارێكی سەردەمی خیلافەت بۆ خەلیفەیەك دەردەکەوێت و دەیچوێنت بە نورەدینی زەنگی و سەڵاحەدینی ئەیوبی و سەیفەدین قوتز و زاهیر بیبریس[15]. ئەمە گەر مەکتەبی ئیرشادی ئیخوان وا هەڵسوڕێنێت، زۆر ئاسایی لقە بچووکەکانی ئیخوان یاخود هەوادارانی ئیخوانیش دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گوتاری دینی ئەم حزبە بووە، مەلا و بانگخوازانیان وەسفی بکەن بە ڕۆڵەیەکی عوسمانی دەست بە دەستنوێژ. جیاوازتر لەم گوتارە ئیخوانییەی ساڵانی زووی هەی بوو، پتر کاریگەر بوو بە بانگخواز و سەرکردە ئیخوانییەکانی دنیای عەرەبی.
- کۆمەڵ
ئەم حزبە لە هەناوی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامییەوە دەرچوو لە ساڵی (2001) دوای قبوڵ نەکردنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکەمی بزووتنەوەی یەكبوون لە لایەن مەلا عەلی هەڵەبجەی ڕابەریەوە، سەرەتا بە ناوی کۆمەڵی ئیسلامی دامەزران و خۆیان وەك میراتگری بزووتنەوە دانا بە ئەمیرایەتی عەلی باپیر، دواتر ساڵی (2021) لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ناوی گۆڕا بۆ کۆمەڵی دادگەری و پۆستی ئەمیر کرایە سەرۆك[16]. بەو پێیەی بزووتنەوەی یەکبوون کە پێكهاتبوو لە بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕاپەڕینی ئیسلامی، کە لە ڕووی بیرەوە ئەم حزبە تێکەڵەیەك بوو لە جیهادی و سەلەفی و پاشخانی کاریگەر بە شۆڕشی ئیسلامی و ئیخوان. بۆیە کۆمەڵی ئیسلامیش بە هەمان شێوە کاتێك بزووتنەوەی یەکبوون چەند کەرت دەبێت، ئەوە نییە هەر ئاڕاستەیەك لەمانە بە تەنیا ببێتە حزبێك، بەڵکو چەند باڵێكی لێبووەوە، لەناو هەر باڵێكیان ڕێژەیەك لەم بیر و بۆچوونانەیان تێدا بوو. بۆیە کۆمەڵیش، بە هەمان شێوە ئاڕاستەیەکی سەلەفی تێدایە، بەڵام جیاواز لە سەلەفیەتی مەدخەلی و حەڵەبی و ئەوانی تر. مەیلی جیهاد لەناو كۆمەڵ وەك میراتێكی سۆزداری لێ هاتووە، بۆیە هەودارانی کۆمەڵ هەر ڕەوتێكی ئیسلامی لە جیهاندا جموجۆڵێكی چەکداری بکات، ئاسان ئەمە لە سۆشیاڵ میدیا و گوتاریاندا هەستی پێ دەکرێت. بۆیە کاریگەریی ڕووداوەکانی وەك غەززە لەسەر کۆمەڵ جیاوازە تا یەکگرتوو، چونکە دیوە جیهادییەکەی حەماس کاریگەرترە لەسەر کۆمەڵ، وەك ئەوەی یەکگرتوو دیوە ئیخوانییەکەی حەماس کاریگەریی هەیە. ئەمەش بە ئاشکرا لە گوتاریان ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها بە هەمان شێوەی یەکگرتوو گوتاری کۆمەڵ جگە لەمە گوتارێكی خێرخوازیی هەیە پتر لە دەزگای خێرخوازی بەخشین ڕەنگ دەداتەوە[17]، ئەم دەزگایە خێرخوازییە ناسراوە بە پیتاك و یارمەتیدانی هەژاران، هەروەها بە هەمان شێوەی دەزگا خێرخوازییەکانی نزیك یەکگرتوو، هاوکاری لێقەوماوانی غەززەی کردووە، نەخۆشخانەیەکی هەیە لە شاری سلێمانی.
هەروەها گوتارێكی تری کۆمەڵ زیاتر جەختکردنەوەیە لەسەر بابەتە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە ئەمە هەمان گوتار لای یەکگرتوو و ئیسلامیەکانی تریش هەیە، بەتایبەت بابەتەکانی پەیوەست بە ئافرەت و سێکس، ئەمە زۆر جار لە کاتی هەڵبژاردنەکان زیاتر تۆخ دەبنەوە، وەك کەرەستەیەکی لێدان لە هێزەکانی دەسەڵات. ئەمە جگە لەوەی گوتاری یەکگرتوو و کۆمەڵ بە هۆی ئەوەی زیاتر لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی هەرێمدا بوونە، گوتارێك بووە بەو ئاڕاستەی دین هۆکاری ئەم گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی هەرێمە وەك ئەوەی ئەم هێزانە هۆکاری گەندەڵییان دووریان بێت لە دینەوە. ئەم شێوە گوتارەی ئیسلامی سیاسی بە گشتی و ئەم دوو حزبە ئاسان کاریگەرییان لەسەر موسڵمانی ئاسایی هەیە، بۆیە لای خەڵكێكی دینداری ناڕازی لە بەڕێوەبردنی وڵات، ئاسان دەبنە جێگرەوەی ئیسلامی میللی.
سێیەم: ئیسلامی سەلەفی
سەرەتای سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانی شەستەکان بوو لە ڕێگەی مەلا حەمدی عەبدولمەجید سەلەفی بوو، کە ناوبراو یەكێكە لە قوتابییە یەکەمینەکانی محەمەد ناسڕ ئەلبانی[18]، ئەلبانی یەكێکە لە جەمسەرە هەرە باڵاکانی سەلەفیەت، هەرچەند ئەلبانی لەسەر شەقامی عەرەبی کاریگەریی بەهێز بوو، بە تایبەت لە وڵاتی سعوودیە، بەڵام مەلا حەمدی ئەو کاریگەرییەی لەسەر شەقامی کوردی نەبوو. دواتر لە هەشتاکان تا نەوەتەکان نەوەی دووەمی سەلەفییەکان هاتنە گۆڕەپانەکە، ئەمیش بە دوو ئاڕاستە، ئاراستەیەکیان درێژەدەری ڕەوتەکەی حەمدی سەلەفی بوو ناسراوترینی ئەم ڕەوتە مەلا عومەر سەلەفی (چنگیانی) بوو[19]. ڕەوتەکەی تر کە تێکەڵەیەکی سەلەفی حزبی و جیهادی بوون، بە کاریگەریی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوساکە ناسرابوون بە سەلەفیی جیهادی کە ناسراوترینیان مەلا کرێكار بوو[20]. هەرچەند ڕەوتی یەکەم لە هەندێ سەرچاوە بە سەلەفیی عیلمی ناسراون، بەڵام ئەوساکە لە کوردستان بە لاجەماعی ناسرابوون، هەرچەند کەسایەتی مەلا حەمدی کەسێكی زۆر نزیکی بارزانی بوو لە شەستەکان، بەڵام ڕەوتی لاجەماعی بە گشتی وا ناسرابوون کە نزیکی پرسە سیاسییەکان نەبوون بە ئەرێنی و نەرێنییەوە، بۆیە گوتاری سیاسییان لاچەپ بوون.
لە بەرامبەریشدا لە هەناوی سەلەفیی لاجەماعی، کۆمەڵێك لە ژێر کاریگەریی بانگخوازیی سعوودی ڕەبیع مەدخەلی و ئەفریقی ئەمانوڵڵا جامی دەرکەوتن، کە خۆیان بە میراتگری ڕاستەقینەی سەلەفیەت دەزانن. بەڵام دەرکەوتەی ڕاگەیاندنیان لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵی ئامۆژگاری و سایتی بەهەشت هەیە. گەورەی دیارترینی ئاڕاستەی ئەم گرووپە کەسایەتی عەبدوللەتیف ئەحمەدە. هەرچەند ئەم ئاڕاستەیە زادەی چەندان ترازانی ناو ماڵی سەلەفیەتە، بەڵام لە ئێستا ئەم ئاڕاستەیە پتر بوونەتە ڕووخساری دەرکەوتەی (واجیهەی) سەلەفیەت. لەم باسەدا لە هەر شوێنێك باسی سەلەفیەت کرا، مەبەست لەم ئاڕاستەیە.
ئەڵبەت ئەم ئاڕاستەی سەلەفی کە مەدخەلی ناسراون، ئەمە دەشێت بە هەڵەیەکی میتۆدی دابنرێت، چونکە ڕەوتی سەلەفی و لق و پۆپەکانی بەردەوام گەمەی ترازان و پارچەبوون دەکەوێتە نێوانیان، گەرچی کەسایەتی عەبدوللەتیف ئەحمەد لە سەرەتای دەرکەوتنی خۆری کەسێتیی، پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ڕەبیع مەدخەلی هەبوو، چەندان سەردانی کردووە و تەزکیەی مەدخەلی وەك پشتگیریی مەنهەجی و عەقائیدی هەبووە و بە کەسایەتییەکی گەورە و بەیداخی سەلەفی سەرانسەری عێراق وەسفی دەکات[21]. بەڵام ئەم ڕەوتە وەك باوە بێ نەیار ناژیت، بۆیە ئاسایی لەناو خۆیاندا ئاسان دەکەونە بەربەرەکانی و نەیاری یەکتر، ئەم هەموو تەزکیەی ڕەبیع مەدخەلی درێژە ناکێشێت، مەدخەلی تەبەڕا دەکات لێی بە گومڕا و بێ کەرامەت ناوی دەبات. ئەم ڕەوتەی ئامۆژگاری، ناچار بە دوای موڕشیدێكی تر کەوتنە گەڕان، ئەویش کۆنە دۆستێكی تری پێشووی ڕەبیع مەدخەلی و نەیاری ئێستایەتی، عەلی حەلەبی. بۆیە ئەم ئاڕاستەیە لە پۆڵێنکردنی لق و پۆپەکانی سەلەفیەت ئێستا لەسەر حەلەبیەکان دەژمێردرێن[22]. ئەمە لەگەڵ مانەوەی ئەم ئاڕاستەی تا ئێستاش هەر بە مەدخەلی ناسراون.
بۆیە دەتوانین سەلەفییەکان بۆ ئەم ئاڕاستانە پۆڵێن بکەین:
- دژە دەسەڵات: ئەمانە پتر لە کۆنە جیهادییەکانی ناو ئیسلامییەکان و ئەوانەی دژایەتی تیۆری پیرۆزی وەلی ئەمر دەکەن، لەلایەن نەیارانیان بە تەکفیری دەناسێنرێن. لە پاڵ بابەتەکانی تەوحید و بیدعە و..هتد زۆر پێداگیرن لەسەر بابەتی حاکمیەت و حوکمداریی شەرعی.
- نادژ: ئەمانە خۆیان دەبیننەوە لە مەدخەلییەکان کە تۆزێك پەرشن لە ئێستادا، هەروەها حەڵەبییەکان کە ئاڕاستەی کەناڵی بەهەشتن. ئەمانە نەك دژی دەسەڵات نین، بەڵکو پشتیوانین. ڕیشەی ئەم پرسەش دەگێڕنەوە پێشینە چاکەکانی ئەم ڕەوتە بۆ ملکەچبوون بۆ حاکمانی وڵاتان.
لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەش ئاڕاستەیەکی خۆڵەمێشی تێکەڵ هەیە، لە بێدەنگبوون بەرامبەر سیاسەت، تاکو ڕەخنەگرتنێكی شەرمنانە.
بە شێوەیەکی گشتی کۆی گوتاری سەلەفی بە هەموو ئاڕاستەکانییەوە زۆر پێداگیرە لەسەر بابەتی تەوحید و ئیمان و شیرك و بچووکترین بابەتی لەم جۆرە لە باوەڕی باوی خەڵك دەکەوتە جێی سەرنجی ئەم ئاڕاستەیە، بۆیەشە سەلەفییەکان پتر لە ئیسلامییەکان دەکەونە بەریەك لەگەڵ ئیسلامی میللی. لەلایەکی ترەوە هەردوو ڕەوتی مەدخەلی و حەڵەبی، بە هۆی ملکەچییان بۆ تاعەتی وەلی ئەمر، دەسەڵات لەم ڕووەوە لەسەر حسێبی ئیسلامی میللی و مەلاکانی دەیانهێنێتە پێش. ئەمە زۆر جار دەسەڵات دەخاتە کێشەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دوو بەرەی وا دژ. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، بایەخدان بە کۆی ڕەوتەکانی سەلەفییەت زیاتری کەوتووەتە زۆنی سەوز، زۆنی زەرد لە ڕێگەی یەکێتی زانایانەوە، زیاتر بایەخ بە دینی میللی و حوجرەی ئەم جۆرەی دینداری دەدات لە ڕێگەی مەلاکان و هەندێك لە خانەقا و تەکیەکانەوە.
ئەنجام
- بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان زیاد لە جۆرێكی ئیسلامەتی هەیە و زۆربەی جۆرەکانیش کاریگەرن بە جۆری ئیسلامەتی لە وڵاتانی ترەوە، بە هۆی هاوردەکردنی ئیسلامی میسری و خەلیجی و تورکی…هتد.
- ئیسلامی میللی زادەی تێگەیشتنی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کوردییە بۆ دینی ئیسلام، بە شێوەیەکی گشتی خۆی دەبینێتەوە لە فێرکاری دینی مەلاکانی حوجرە کۆنەکان و ئەم بیر و ڕایە باوە کولتووریانەی لەناو کۆمەڵگەدا باون.
- گوتاری ئەم جۆرانەی ئیسلامەتی لە خاڵی یەکەم هاتوون بەردەوام بەریەك دەکەون لەگەڵ گوتاری ئیسلامی میللی. زۆربەی جارانیش ئەم گوتارانە لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژی و گەمە و ململانێیە سیاسییەکاندان.
- نەك تەنیا ئیسلامی میللی و کولتووری، بەڵکو ئیسلامی سیاسی لە ناوەخۆیدا بەردەوام بەریەکتر دەکەون و ململانێی سیاسی و دینی تێکەڵ بە یەك دەیان گەیەنێتە یەکتر خستنە دەرەوەی بازنەی دینەوە.
- بە هەمان شێوەی ئیسلامی سیاسی، ئیسلامی سەلەفی کە بەردەوام خۆی بە گرۆهە ڕاستەکەی ناو ئیسلام دەزانێت، لە ناوخۆیشیدا ئەم بیرکردنەوەیە بەردەوام دەیانخاتە ململانێی توند و گوتاری یەكتر تەبدیع تا تەکفیر دەڕوات.
سەرچاوەکان
یەکەم: کوردییەکان:
- باخەوان، هاوڕێ و ئەوانیتر (2016) كورتەی ڕەگوڕیشەی سەلەفیی جیهادی لە کوردستان: کتێبی کوردستان و پۆست – داعش. چ:2. کوردستان: ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو.
- سیوەیلی، ئیدریس (2017) بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، 1992-1999 توێژینەوەیەکی مێژووی بەڵگەنامەییە، چ1، سلێمانی: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان.
- عاڵایی، عەبدوڵڵا فایق (2015) سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردیی. زنجیرەی ئایین ناسی- کتێبی دووەم. هەولێر: ماڵی وەفایی.
- ابراهیم، عبدالله، 2024، دەیەمین ڤیستڤاڵی تاجی زێڕین، هەولێر: سایتی کوردیو، ماڵپەڕی هەوڵی یەکگرتوو، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.kurdiu.org/ku/b/549004
- بەختەوەری (2023) حاجی کاروان بانگخواز، هەرێمی کوردستان: ڕێكخراوی بەختەوەری، ماڵپەڕی فەرمی ڕێکخراوی خێرخوازی بەختەوەری، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://bextewery.org/hajikarwan/
- بەخشین (2009) دەربارەی دەزگای خێرخوازی بەخشین، سلێمانی: دەزگای خێرخوازی بەخشین، ماڵپەڕی ڕەسمی، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://bakhshin.org/about#
- چەلەبی، ڕێبوار (2023) ئیسلامی سیاسی بەرەو کوێ مل دەنێ، توێژینەوە و شیکاری، هەرێمی کوردستان: میدیای شارپرێس، مێژووی سەردانی (20/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=219488
- دەربارەی یەکگرتوو (2025) هەرێمی کوردستان: سایتی ڕەسمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، مێژووی سەردانی (22/9/2025) بەستەری بابەت:https://www.yakgrtw.net/y/100/
- ڕزگار، محەمەد (2021) کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هەرێمی کوردستان: پەیجی زانیاری، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://zaniary.com/blog/60f1720cd7ef1
- عثمان، دیدار (2018) ئەو نامەی چارەنووسی ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستان دیاری کرد، هەرێمی کوردستان: ماڵپەڕی مێژووی کورد، مێژووی سەردانی (22/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.historyofkurd.com/2018/02/25/
- عەبدوڵڵا، بێباك (2017) ڕەوتی مەدخەلی و حەلەبی و ڕەنگدانەوەی لەسەر سەلەفیەکانی کوردستان. سلێمانی: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیران. (مێژووی سەردانیکردن: 24/2/2021) https://www.kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5206
- کەریم، سنوور (2023) ناکۆکییەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، بەشی کوردی، ماڵپەڕی ڕەسمی، مێژووی سەردانی (20/9/2025)، بەستەری بابەت: https://www.dengiamerika.com/a/7294692.html
دووەم: عەرەبییەکان
- أحمد، سامي عويد (ب.ت) المطالب العالية في تزكية الإمام ربيع للشيخ عبداللطيف الكردي وصده عدوان البغاة. ح:1. موقع الامام الاجري.
- الأيوبي، نزیه (2020) الاسلام السياسي الدين والسياسة في العالم العربي، ت. محمد كمال، بيروت: مركز نهاء للبحوث والدراسات.
- بسلي، حسين و أوزباي، عمر (2012) رجب طيب أردوغان (قصة زعيم)، مصر: دار البشير للثقافة والعلوم.
- التلاوي، أحمد (2016) الإخوان تركيا ونقاش حول تنقاقضات استراتيجية، مصر: مٶسسة نبوست
- السرجاني، راغب (2012) قصة أردوجان، مصر: دار الكتب المصرية، ط4.
- سيويلي، إدریس(2017) السلفیة في إقليم كردستان العراق: تیارات وشخصیات، كتاب السلفية في كردستان، تحرير محمد حريري، الامارات: مركز المسبار للدراسات والبحوث.
- همي، الشفق (2009) الإسلام الشعبي، أندنوسیا: JOURNAL OF INDONESIAN ISLAM، Volume 03, Number 01, June.
سێیەم: ئینگلیزییەکان
- Moller, Andre (2005) Ramadan In Jawa The Joy and Jihad of Ritual Fasting, Indonesia, Jakarta: Lund Studies In History Of Religions,volume20.
- Vrijhof, Pieter H. & Waardenburg, Jacqoues (1979) Official And Popular Religion, Analysis of a Theme for Religion Studies, Paris & New York: Mouton Publishers.
[1] Vrijhof, Pieter H. & Waardenburg, Jacqoues (1979) Official And Popular Religion, Analysis of a Theme for Religion Studies, Paris & New York: Mouton Publishers. Pp. 340-341.
[2] Moller, Andre (2005) Ramadan In Jawa The Joy and Jihad of Ritual Fasting, Indonesia, Jakarta: Lund Studies In History Of Religions,volume20, p41.
[3] الشفق، همي (2009) الإسلام الشعبي، أندنوسیا: JOURNAL OF INDONESIAN ISLAM، Volume 03, Number 01, June ص201-202
[4] الأيوبي، نزیه (2020) الاسلام السياسي الدين والسياسة في العالم العربي، ت. محمد كمال، بيروت: مركز نهاء للبحوث والدراسات ص 18-23.
[5] سیویلی، ئیدریس (2017) بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، 1992-1999 توێژینەوەیەکی مێژووی بەڵگەنامەییە، چ1، سلێمانی: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، ل56.
[6] چەلەبی، ڕێبوار (2023) ئیسلامی سیاسی بەرەو کوێ مل دەنێ، توێژینەوە و شیکاری، هەرێمی کوردستان: میدیای شارپرێس، مێژووی سەردانی (20/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=219488
[7] کەریم، سنوور (2023) ناکۆکییەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، بەشی کوردی، ماڵپەڕی ڕەسمی، مێژووی سەردانی (20/9/2025)، بەستەری بابەت: https://www.dengiamerika.com/a/7294692.html
[8] چەلەبی، ڕێبوار (2023) سەرچاوەی پێشوو.
[9] عثمان، دیدار (2018) ئەو نامەی چارەنووسی ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستان دیاری کرد، هەرێمی کوردستان: ماڵپەڕی مێژووی کورد، مێژووی سەردانی (22/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.historyofkurd.com/2018/02/25/
[10] دەربارەی یەکگرتوو (2025) هەرێمی کوردستان: سایتی ڕەسمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، مێژووی سەردانی (22/9/2025) بەستەری بابەت:https://www.yakgrtw.net/y/100/
[11] ابراهیم، عبدالله، 2024، دەیەمین ڤیستڤاڵی تاجی زێڕین، هەولێر: سایتی کوردیو، ماڵپەڕی هەوڵی یەکگرتوو، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://www.kurdiu.org/ku/b/549004
[12] بەختەوەری (2023) حاجی کاروان بانگخواز، هەرێمی کوردستان: ڕێكخراوی بەختەوەری، ماڵپەڕی فەرمی ڕێکخراوی خێرخوازی بەختەوەری، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://bextewery.org/hajikarwan/
[13] التلاوي، أحمد (2016) الإخوان تركيا ونقاش حول تنقاقضات استراتيجية، مصر: مٶسسة نبوست، ص3-4.
[14] بسلي، حسين و أوزباي، عمر (2012) رجب طيب أردوغان (قصة زعيم)، مصر: دار البشير للثقافة والعلوم.
[15] السرجاني، راغب (2012) قصة أردوجان، مصر: دار الكتب المصرية، ط4، ص211-217.
[16] ڕزگار، محەمەد (2021) کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هەرێمی کوردستان: پەیجی زانیاری، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://zaniary.com/blog/60f1720cd7ef1
[17] بەخشین (2009) دەربارەی دەزگای خێرخوازی بەخشین، سلێمانی: دەزگای خێرخوازی بەخشین، ماڵپەڕی ڕەسمی، مێژووی سەردانی (23/9/2025) بەستەری بابەت: https://bakhshin.org/about#
[18] عاڵایی، عەبدوڵڵا فایق (2015) سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردیی. زنجیرەی ئایین ناسی- کتێبی دووەم. هەولێر: ماڵی وەفایی. ل77.
[19] سيويلي، إدریس(2017) السلفیة في إقليم كردستان العراق: تیارات وشخصیات، كتاب السلفية في كردستان، تحرير محمد حريري، الامارات: مركز المسبار للدراسات والبحوث. ص37-38.
[20] باخەوان، هاوڕێ و ئەوانیتر (2016) كورتەی ڕەگوڕیشەی سەلەفیی جیهادی لە کوردستان: کتێبی کوردستان و پۆست – داعش. چ:2. کوردستان: ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو. ل29.
[21] أحمد، سامي عويد (ب.ت) المطالب العالية في تزكية الإمام ربيع للشيخ عبداللطيف الكردي وصده عدوان البغاة. ح:1. موقع الامام الاجري. ص3.
[22] عەبدوڵڵا، بێباك (2017) ڕەوتی مەدخەلی و حەلەبی و ڕەنگدانەوەی لەسەر سەلەفیەکانی کوردستان. سلێمانی: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیران. (مێژووی سەردانیکردن: 24/2/2021) https://www.kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5206
كوردی

