ئایین و ڕەگەز؛ کاریگەریی دیسکۆرسی ئیسلامیی سوننە لەسەر شۆڕشی ژینا ئەحمەد محەمەدپوور
ئایین و ڕەگەز: کاریگەریی دیسکۆرسی ئیسلامیی سوننە لەسەر شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
1ئەحمەد محەمەدپوور، 2فاتێح سەعیدی
- بەشی کۆمەڵناسی، زانکۆی بێنتلی، ماساچۆسێت، ئەمریکا
- بەشی توێژینەوە ئایینییەکان، زانکۆی تێگزاس لە ئاستین، تێگزاس، ئەمریکا.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: مورتەزا مورادی (ئارما)
پوختە:
شۆڕشی ژینا کە بە کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە لەلایەن حکومەت لە ئەیلوولی 2022ی زایینییەوە هەڵگیرسا، خاڵی پێکگەیشتنی مێژوویی خەباتە ڕەگەزی، ئەتنیکی و ئایینییەکانی ئێران بوو؛ بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە سەرەتا وەک شۆڕشێکی فێمێنیستی سەری هەڵدا، بەڵام زانا ئایینی و ڕێبەرانی مسوڵمانی سوننە، ڕۆڵێكی سەرەکییان لە پێکهاتنی ڕێگەکەی گێڕا. ئەم توێژینەوەیە دەپەرژێتەوە سەر ئەوەی کە چۆن گوتاری ئایینی بووە هۆی خێراتربوون و بەردەوامبوونی شۆڕشەکە و چوارچێوە سێکولارە باوەکانی نێو تیۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی خستە بەر پرسیارەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆرینەی ئاپوورەی سەر بە ئایینی سوننەن، بووە ناوەندێک بۆ هەردوو چەشنی کۆبوونەوەی ناسیۆنالیستی و ئایینی؛ زانا ئایینییەکان لە مزگەوت و وتارەکانیانەوە، دەنگی داواکارییەکانی شۆڕشەکەیان بەرزتر کردەوە و خەباتە ڕەگەزییەکانیان لەگەڵ داواکارییە ئەتنیکی و ئایینییەکان گرێ دا. سەرەڕای سنوورە مێژووییەکان لەسەر چالاکیی سیاسی، تۆڕەکانی گرووپە ئیسلامییە سوننەکان و بنکە ئایینییەکان توانییان ڕێبەرایەتی، یەکڕیزی و مەشرووعییەتی ئەخلاقی، تەنانەت ئەو کاتەی کە ئاستی توندوتیژییەکانی حکومەت بەرەو هەڵکشان دەچوو، بۆ خۆپیشاندەران دابین بکەن. ئەم وتارە بە دانانی شۆڕشی ژینا لە بەستێنی چوارچێوەی ناسیۆنالیستیی شیعی-فارسی ئێران، پیشان دەدات کە ئایین –کە زۆر جار لە شیکارییە پەیوەندیدارەکان بە شۆڕشە نوێکان پشتگوێ دەخرێ- ئێستاش هێزێکی گرنگی بەرخۆدانە کە یەکڕیزی دەبەخشێتە ناڕەزامەندییە جۆراوجۆرەکان لە دژی زوڵمی فرەلایەنی سیستمی دەسەڵات. هەروەها پارادۆکسی ئایینمان بیر دەخاتەوە؛ هەم وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی حکومەتی و هەمیش وەک کەرەستەیەکی گۆڕێنەر بۆ بە فەرمی ناساندنی و ڕزگاری.
وشە سەرەکییەکان: ناسیۆنالیزمی ئێرانی، شۆڕشی ژینا، شوناسە نەفارسییەکان، دیسکۆرسی ئایینی، ژن، ژیان، ئازادی.
بەرایی
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا، ئاگادار کراینەوە کە مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، چالاکی ئایینیی کورد کە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەشداری کردووە، وێڕای سزای شازدە ساڵ بەندکران، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی 19ی نۆڤێمبری 2022دا دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا، بەبێ ئەوەی پارێزەری هەبێ یان پێداویستییە پێویستەکانی بەردەست بێت، لە بەندیخانەدایە. ئەو تاوانانەی خراونەتە پاڵی بریتین لە بابەتی وەک “فەسادی فیلئەرز”، “هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی” و “پڕوپاگەندە دژی حکومەت[1]“.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ژیان، زانا ئایینییەکانی کورد و سەدان بەرنوێژی مزگەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕێگەی بەڕێوەبردنی وتارەکانی نوێژی هەینی، دەرکردنی ڕاگەیەنراوی گشتی بۆ دەربڕین و ڕاگەیاندنی یەکڕیزیی خۆیان لەگەڵ خۆپیشاندەران و هەروەها یارمەتیدان بە پێکهاتنی چوارچێوەیەکی گشتگیرتر بۆ ئەم شۆڕشە، لە خۆپیشاندانە گشتییەکاندا بەشدارییان کرد. ئەم کەسایەتییە ئایینییانە، وەک کوردە ناڕازییەکانی دیکە، لەگەڵ هەڕەشە، لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و دەستبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە ڕووبەڕوو بوونەوە. ئەوکاتەی شۆڕشەکە ڕووی لە داکشان کرد، چەندین ڕێبەری سەرەکی کە ڕۆڵێكی گرنگییان لە ئەستۆ بوو، حوکمی قورسیان بەسەردا سەپێنرا. مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی هەینیی کورد حوکمی 11 ساڵ بەندیخانە، وەرگرتنەوەی هەمیشەیی لە پلەی مامۆستایی و تاراوگەی بەسەردا سەپێنرا. هەروەها مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، بەرنوێژێکی هەینیی دیکەی کورد، حوکمی دوازدە ساڵ بەندیخانە، وەرگرتنەوەی هەمیشەیی پلەی مەلایەتی و تاراوگەی بەسەردا سەپێنرا. هەروەها مامۆستایان ئیبراهیم سەلیمی و مامۆستا سابیر خودامورادی بە ڕیز حوکمی سێ ساڵ و پازدە مانگ بەندیخانەیان بەسەردا سەپێنرا. ئەو تاوانانەی کە دادگای تایبەتی ئایینی لە هەمەدان خستبوویە پاڵ ئەم کەسانەوە بریتی بوون لە “پڕوپاگەندە دژی حکومەت و پاڵپشتیی لە حیزبە کوردییەکان”، “هاندانی ئاژاوە و ئاژاوەگێڕان” و “تێکدانی دیسیپلینی گشتی و ئاژاوەنانەوە[2]“.
لە گەرمەی شۆڕشەکەدا، واتە پاییزی 2022 و زستانی 2023، بزووتنەوەکە لەلایەن چینی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و میدیاکانەوە وەک بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی، شۆڕشگێڕانە و یەکەم نموونەی چەشنی خۆی لە ئێران پێناسە دەکرا[3]. دروشمی پێشڕەوانەی ئەم شۆڕشە زیاتر لەسەر تەوەری مافەکانی ژنان و ئازادییە مەدەنییەکانی دەسووڕایەوە. بەڵام بەم حاڵەشەوە، لە دوو ناوچەی کەمینە و کەمتر پەرەپێدراوی ئابووری، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلووچستان، ڕێبەرە ئایینییەکان بوونە پشتیوانانی سەرەکیی بزووتنەوەکە، خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازییان بەشێوەی چالاک هان دا و جاروباریش شۆڕشەکەیان بردە سەر ڕێبازێک کە بەربڵاوتر لە بازنەی پەیامە سەرەتاییەکەی بوو. ئەم وتارە رۆڵی هێزە موسڵمانە سوننەکان لە شۆڕشی ڕۆژهەڵات و شێوازی کاریگەریدانانی دیسکۆرسی ئایینی لەسەر خێراترکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات.
کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە 16ی ئەیلوولی 2022 بۆ جارێکی دیکە پرسی سەرکوتکرانی ژنانی لە ئێران زەق کردەوە. ژینا، کچی تەمەن 22 ساڵی کورد، بەهۆی “پێشێلکردنی یاساکانی حیجاب” لەلایەن پۆلیسی گەشتی ئیرشادی ڕژێمی ئیسلامییەوە لە تاران دەستبەسەر کرا. کۆچی دوایی ناوبراو لەو دۆخەدا، بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێران کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، نموونەی دیکەی لەو چەشنە ڕووی نەداوە. ئەم خۆپیشاندانانە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕان بۆ کۆمەڵەیەکی بەربڵاوتر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان دژی ڕژێم و سەرکوتکرانی نەتەوەیی درێژخایەن، بێبەشیی ئابووری و هەڵاواردنی پێکهاتەیی[4]. ئەگەرچی خۆپیشاندانەکان باڵیان بۆ زۆرینەی ناوچەکانی ئێران کێشا، لەو ناوچەگەلەیدا کە کۆمەڵگەی ئایینی ناشیعەی فەرمی تێدا بوو، ڕێبەرە ئایینییە سوننەکان بوونە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕێخستن و بەگشتیکردنی شۆڕشەکە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆرینەی ئاپوورە مسوڵمانی سوننەن و زیاتر لە سەدەیەکە کە پشتیوانی لە خەباتی کوردەکان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسن دەکرێت، هەم هەڵاواردنی ئایینی و هەمیش هەڵاواردنی ئەتنیکی بوونە هۆی توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان. هەربۆیە خۆپیشاندانەکانی ئەم ناوچەگەلە ڕەوتێکی توندتریان بەخۆوە گرت و تەشەنەیان سەند بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شۆڕشە کاردانەوەی توندوتیژانەی ڕژێمی ئێرانی بەدوادا هات و ئەنجامی بووە کوژرانی 134 کەسی سڤیل و بەندکران و ئەشکەنجەی هەزاران کەس[5].
پێویستە چاوخشاندنێکی کورتمان لەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ “ئەتنیکەکانی دیکە” هەبێت. ئاخێزگەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەگەڕێتەوە سەر تێکەڵێک لە ڕەوتە هزری و سیاسییەکانی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم کە دواجار لە ساڵی 1925ی زاییندا دامەزران و جێگیربوونی ڕژێمی پەهلەویی لێکەوتەوە. ڕەزاشا کە ساڵی 1925 لەڕێگەی کودەتایەکەوە و لەژێر سێبەری پاڵپشتیی بەریتانیا هاتە سەر دەسەڵات، دەیەویست بە جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوەندگەرایی، ئێران مۆدێرنیزە بکاتەوە؛ سیاسەتێک کە بە ئامانجی تواندنەوەی زمان-ئەتنیکە جۆراوجۆرەکانی ئێران داڕێژرابوو. سەپاندنی زمان و شوناسی فارسی دەکەوتە ناخ و ناوەندی ئەم پرۆسەیە کە خەڵکی نەفارسی وەک کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و تورکمانی دەخستە پەراوێزەوە و بەکردەوە ڕێگە و هەلی بۆ سزادانیان دەڕەخساند[6]. ڕژێمی پەهلەوی ئوپەراسیۆنێکی سیستماتیکی لە نیشتەجێکردنی زۆرەملی، توانەوەی کولتووری و بەتایبەت “بەفارسکردنی” شوێنگری دەکرد. زمانە نەفارسییەکانی وەک کوردی، تورکی، بەلووچی و عەرەبی بەفەرمی لە سیستمی پەروەردە سڕانەوە و لە ئاستی گشتییشدا سنووریان خرایە سەر. ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەروەها بەشێوەیەکی قووڵ گرێ درابووە ئیسلامەوە و هەوڵی دەدا تا ئەم ئایینە لە چوارچێوەی “ئیسلامی فارسگەرایانەدا” نەتەوەیی بکاتەوە[7]. ئەم سیاسەتە واتە بە زۆر “بەفارسکردن” بەشێوەیەکی ئێجگار توند و تۆڵ لە سیستمی پەروەردە، دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان و بوارە کولتوورییەکاندا جێبەجێ کرا. هاوشانی ئەم سیاسەتانەش، پەراوێزخستنی ئابوریش کەوتە چوارچێوەی سەرکوتکردنی “غەیرە ناوخۆییەکان”. ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بەرەی پێشەوەی توندوتیژییە حکومەتییەکاندا بوو، بەئەنقەست لە سەرمایەگوزارییەکانی پەرەپێدان بێبەش کرا و بووە ناوچەیەکی جوداکراوە و ئابوورییەکی پەراوێزخراو. شۆڕشی ساڵی 1979 سەرەتا مزگێنی هەڵوەشانەوە و پچڕانی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ڕژێمی پەهلەوی دەدا. بەڵام زۆری پێنەچوو، ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییی ئێران، فەتوایەکی دەرکرد و کوردەکانی بە کافر ڕاگەیاند و فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرکوت و کوشتوبڕ و هەروەها لەناوبردنی خەباتی ئازادیبەخشی کوردیی ڕاگەیاند[8]. ڕژێمی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامیی لەژێر ڕێبەرایەیی ئایەتوڵڵا خومەینیدا، ناسیۆنالیزمی شیعی-فارسی، بۆ جارێکی دیکە وەک ئایدۆلۆژیای ناوەندیی حکومەت پاراست. لە دەستووری فەرمیی کۆماری ئیسلامییدا، زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی ئێران ڕاگەیێندرا (ماددەی 55) و ئایینزای شیعە وەک ئایینی فەرمیی هەموو خەڵکی ئێران پێناسە کرا (ماددەی 12). سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ سەپاندنی شوناسێکی شیعی-فارسی، خەباتی کوردی کە تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ڕژێمی پەهلەویش دەستی پێکردبوو، بەردەوام مایەوە و سەردەمی پاش شۆڕشی 1979یش بە داواکردنی بەفەرمی ناسێندرانی مافە ئەتنیکی، زمانی و ئایینییەکانەوە بەهێزتر کرا.
شۆڕشی ژینا خاڵێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە لە بەرخۆدان و خەباتی سەدساڵەی کوردان بوو. ئەم ڕووداوە گرنگە نەک تەنیا داواکارییە دێرینەکانی کوردانی بۆ بەفەرمیناساندنی ئەتنیکی-زمانی سەرلەنوێ بووژاندەوە، بەڵکو ئەو داواکارییانەی لەگەڵ خەباتی ڕەگەزی گرێ دا[9]. ژنانی کورد کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە بەرەی پێشەوەی خەباتی ڕزگاریبەخشی کوردیدا بوون، لەم شۆڕشەیشدا وەک فاکتەر و کەسایەتیی کاریگەر دژی حکومەتی شیعی-فارسی و هەروەها پیکهاتە کۆنەکانی پیاوسالاری هاتنە گۆڕەپانەوە. هێزی ئەکتەرە ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم شۆڕشەدا بەرچاو بوو و ئەو ڕاستییەی ڕوون کردەوە کە ئایین، بەپێچەوانەی ئەوەی کە وەک پەراوێز وێنا دەکرێ، هێشتا ڕۆڵێکی گرنگ و ڕێکخەری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەدا هەیە. ئەم دیاردەیە تیۆریی سێکولاریزاسیۆن دەخاتە ژێر پرسیارەوە؛ تیۆرییەک کە وەک سمیت ئاماژەی پێداوە، لە شیکاریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئایینی پەراوێز خستووە. بەپێی تیۆریی سێکولاریزاسیۆن، دوابەدوای پێشکەوتن و مۆدێڕنبوونی کۆمەڵگەکان، ڕۆڵی ئایین کاڵ دەبێتەوە و بۆیە لە داینامیکی بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان وەلا دەنرێ. لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تیۆریدانانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئایین وەک فاکتەرێکی سەرەکیی گۆڕانکارییەکی بە کەم سەیر دەکرا. ڕوانگە سوبژەکتیڤە باوەکان –بەتایبەت ئەوانەی کە پشتیان بە کەڵکی پێکهاتەیییەوە دەبەست- ئایین زیاتر وەک هێزێکی جێگیرکەرەوە بۆ پاراستنی دیسیپلینی کۆمەڵایەتی وێنا دەکرا، نەک هاندەرێک بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا و پەروەردەکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە[10]. سمیت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زۆر پێویستن. کارلێکە بەردوامەکانی نێو گرووپە ئایینییەکان، پشتیوانی دەکات لەم بزووتنەوەگەلە لەڕێگەی بەهێزکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جێگیرکراوەکانەوە. ئەم تۆڕگەلە یارمەتیدەری پەرەسەندنی ڕێبەرایەتیی لێزان لە کۆمەڵگە ئایینییەکان دەکەن و ئاسانکاری بۆ وەرگرتن و ڕاکێشانی بەشداربووان دەکەن. سەرەڕای ئەمانەش، ئایین گێڕانەوەیەکی مەشرووعییەتبەخش ئاڕاستە دەکات؛ گێڕانەوەیەک کە بۆ چالاکیی سیاسیی پاکانەی ئەخلاقی دابین دەکات و لەڕێگەی ئاماژەدان بە ڕاستییەکی باڵاوە، یارمەتیی بزووتنەوەکان دەدات تا بەرامبەر بە کێشە دەرەکییەکان خۆراگر و بەردەوام بن[11]. لەم پرۆسەیەدا، ناسیۆنالیزم وەک سەرچاوەیەکی بەهێز لە وزەی عاتیفی تێگەیشتنی بۆ دەکرێ، بەتایبەت ئەوکاتەی کە لەگەڵ ئاماژەدانە ئایینی یان ئەتنیکییەکان تێکەڵ دەبێت[12]. ئایین بە ئاڕاستەکردنی هێماکان، ئایینەکان و هەستی یەکڕیزیی لەپێشەوە، کۆبوونەوەی کۆمەڵ بەهێز دەکات و ڕێبەران دەتوانن بەئاسانی کەڵک لەو کۆمەڵە وەرگرن.
پاڵنەرە ئایینییەکانی شۆڕشی ژینا
کوردەکانی ئێران لە چوار پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان (پارێزگای سنە)، کرماشان، ئیلام و بەشە باکوورییەکانی خۆراسان کە لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین و نزیک بە سەتا 60یان سەر بە ئایینزای سوننەن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها مەڵبەندی ژیانی کەمینەیەک لە کوردانی سەر بە ئایینی یارسانە. بەپێچەوانەی کوردە سوننەکان، کوردە شیعەکان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ئایینی نەبوونەتەوە؛ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ڕوانگەی مێژووییەوە لە ناوچە کوردنشینە شیعەکاندا تەشەنەی زیاتری سەندووە. هەربۆیە ئایین لە ناوچە کوردنشینە شیعەکاندا هاندەری سەرەکیی شۆڕشی ژینا نەبووە. لە ناوچە سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەندێ لە گرووپە ئیسلامییەکان لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی تێکەڵاون، ئایین ڕۆڵێكی گرنگتری لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکاندا هەبووە. گرووپە ئیسلامییە سوننەکان وەک سەلەفییەکان و “ڕێکخراوەی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران” بەشێوازی جۆراوجۆر لە شۆڕشی ژینادا بەشدارییان هەبووە[13]. سەلەفیگەری نەیاری ناسیۆنالیزمی کوردییە و داواکارییە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ مافەکانی ژنان پشتگوێ دەخات، لەحاڵێکدا کە ڕێکخراوەی دەعوەت و ئیسڵاحی ئێران لەگەڵ کار و بەرنامە ڕیفۆرمخوازانەکانی کۆماری ئیسلامیی یەک دەگرنەوە. دیسکۆرسی ئەم ڕێکخراوەیە کوژرانی ژینا وەک دەرەنجامی یاساکانی ئێران و ناکارامەیی ئەم یاساگەلە پێناسە دەکات؛ ڕوانگەیەک کە لە بڵاوکردنەوەی سنوورداری هەواڵەکانی سەر ماڵپەڕەکەیان ڕەنگدانەوەی هەبووە و بەجۆرێک ڕەنگدانەوەی هەڵویستی ڕیفۆرمخوازەکانی سەر بە حکومەتە[14].
لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو سنوور و لەمپەرە قورسانەی کە حکومەت لەسەر ڕێگەی دانانی پارت و ڕێکخراوەکان دایناوە، بووەتە بەربەستێک بۆ ئەوەی کە گرووپە ئایینییەکان بتوانن هەبوونی سیاسیی فەرمیی خۆیان بێننە ئاراوە. بەڵام بەم حاڵەشەوە کاریگەرییان هێشتا دیارە. ئەم گرووپانە تۆڕێکی بەربڵاوی مزگەوتەکانیان لە شارەکاندا پاراستووە کە پەیوەندییەکی ئورگانیک و قووڵیان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی پیکهێناوە. سەرەڕای ئەو گرووپانەی پێشتر ئاماژەیان پێدرا، دوو ڕێکخراوەی بەناوبانگی ئیسلامیی –”مەکتەب قورئان” و “یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)” دیسکۆرسی جیاوازیان پەروەردە کردووە و ئەمەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ڕوانگەی بەشیک لە مەلا و مسوڵمانە کوردەکان داناوە[15]. ئەگەرچی زۆرێک لە پێشنوێژە کوردەکان بەفەرمی سەر بەم گرووپانە نین، بەڵام بەجوانی لە گرنگبوونی زمان و کولتووری ئاگادارن. بۆ زۆرێکیان، ئیسلام بەشێکی سەرەکی لە شوناسی کوردی پێکدێنێت.
ئەگەرچی حیزبە سیاسییەکانی کورد (کە هەموویان لە ئێراندا قەدەغەکراون) ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، تەنیا “ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران” بەشێوەی مێژوویی لایەنگرییە ئیسلامییەکانی دەرخستووە. پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (KDPI) بنکەیەکی بەنێو “یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران” هەیە (UZAKI). هەردوو ڕێکخراوەکە بەئاشکرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ شۆڕشی ژینا ڕاگەیاند[16]. UZALKI و یەمامە لە هەندێ بوارە هزرییەکاندا هاوبەشن، بەتایبەت ڕوانگەیان لەسەر ئیسلام وەک بەشێکی بنچینەیی لە شوناسی کوردی. ئەو دوو گرووپە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تەشەنەکردنی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەر شوێن و بەستێنێکی دیکە لە سۆفیگەریدا دەبینرێت، چونکە زۆرێک لە شاعیرە کلاسیکەکانی کورد و بیرمەندە کوردەکان، سۆفی بوونە. هەردوو گرووپەکە هەروەها دانیان بەوەدا ناوە کە زۆرێک لە ڕێبەرە سیاسییەکانی کورد، وەک قازی محەمەد (1983-1947) دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946)، مەلا مستەفا بارزانی (1979-1903)، شێخ مەحمودی بەرزنجی (1878-1956)، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (1883-1826)، شێخ سەعیدی پیران (1925-1865) و سەید ڕەزا دەرسیمی (1937-1863)، هەموویان کەسایەتیی ئایینی بوون کە پێش نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم چالاکییان کردووە. ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیکەی وەک سەلەفی و ڕێکخراوەی دەعوەت و ئیسڵاحی ئێران (لقێکی ئیخوانول موسلمین لە ئێران) وەک هاوردەی تا ڕادەیەک نوێ سەیر دەکرێ و هەر بەم بۆنەیشەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگ و ڕەسەنایەتییەکی قووڵیان نییە.
بازنە و ئاستی بەشداریی ڕێبەرە ئایینییە کوردەکان، زانایانی ئایینی و خۆپیشاندەران بە شوناسی ئایینییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی تێگەیشتنیان لە ناسیۆنالیزمی کوردی. ڕەوتە سەلەفییەکان و “ڕێکخراوەی دەعوەت و ئیسڵاح” کە کێشەیان لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی هەیە، هەوڵ دەدەن خۆیان تێکەڵی چوارچێوەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێستای ئیران بکەنەوە و هەڵویستی پاوانخوازنە لەسەر مافەکانی ژنان هەڵگرن. ئەم دیاردەیە دەتوانێ هۆکاری ئامادەنەبوونیان لە شۆڕشی ژینادا بێت. بەپێچەوانەوە، ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیکە هاوڕێی ناسیۆنالیزمی کوردی بوون یان فاکتەرە بنچینەییەکانی وەک زمان و کولتووری کوردییان بەفەرمی ناسی. ئەم جیاوازییە بەتایبەت لە ناوچە شیعەنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەک کرماشان و ئیلام) گرنگە؛ لەو شوێنانەدا ڕێژەی بەشداریی لە شۆڕشی ژینا لەچاو ناوچە سوننەنشینەکانی دیکە کەمتر بوو. ڕێبەرایەتیی ئایینیی کوردی شیعە، کە تا ڕادەیەکی ئێجگار قووڵ لە دیسکۆرسی حکومەتیدا توێنراونەتەوە، ئەم شۆڕشەیان وەک هەڕەشەیەک دەبینی و بڕیاریان دا بەشداری تێدا نەکەن. ئەم هەڵویستە ڕەخنەی زانایانی ئایینی کوردی سوننەی لێکەوتەوە کە داواکاری پاڵپشتیی لە شۆڕشەکە بوون[17].
ئایین، ڕەگەز و سیاسەتەکانی شوناس
لە گەرمەی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی نۆڤێمبری 2022دا، زانایانی ئایینی کوردی سوننە لە زۆرینەی هەرەزۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی خۆیان لە شۆڕشی ژینا لە مزگەوتەکانەوە ڕاگەیاند. ئەم ڕاگەیەندراوانە بەشێوەی جیاواز و کاریگەر ئاڕاستە کران. لە ناوەندە شارییە گرنگەکانی وەک سنە، مەریوان، جوانڕۆ، سەقز، بۆکان، بانە، مەهاباد، پیرانشار، سەردەشت و شنۆ مەلاکان لە مزگەوتە گەورەکاندا کۆبوونەوە و نوێنەرێکی دەستنیشانکراو، ڕاگەیەنراوەکانی بەئاشکرا خوێندەوە. بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە زۆرینەیان جلوبەرگی کوردییان لەبەردا بوو و ڤیدیۆی کورتی ئەم کۆبوونەوەگەلە خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلێگرام و ئینستاگرام بڵاو بووەوە[18]. لە هەندێ لە شارەکاندا، دواکەوتنی دەرکردنی ڕاگەیەنراوەکان گوشاری خەڵکی لەسەر پێشنوێژان لێکەوتەوە و داواکاری شرۆڤەی هۆکارەکانی دواکەوتن بوون. کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک مەلا لوقمان کەریمی لە مزگەوتی چوار یاری نەبی لە سنە، مەلا سابیر خودامورادی لە مزگەوتی “قۆخ”ی سەقز و مەلا ئیبراهیم کەریمی لە مزگەوتی نەنەڵەی سنە، کە بەرنوێژانی هەینی بوون، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە پێکهێنانی ڕوانگەی کۆمەڵی سەربەخۆیان هەبوو. ئەم ڕێبەرانە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دواتر لەگەڵ حوکمی قورسی بەندیخانە ڕووبەڕوو بوونەوە. لە ماوەی شەش مانگرتنی گشتیدا کە زیاتر لە 25 ڕۆژی پێچوو و زۆرینەیان لەلایەن حیزبە سیاسییە کوردییەکانەوە ڕیبەرایەتی دەکرا، بەرنوێژانی مزگەوتەکان پاڵپشتییان لە مانگرتنەکان کرد[19]. یەک لە لقەکانی گرووپی مەکتەب قورئان، بە ڕێبەرایەتی حەسەن ئەمینی بەفەرمی لە ڕاگەیەنراوەکانی خۆیدا پاڵپشتیی مانگرتنەکانی کرد.
شیکردنەوەی وتارەکانی نوێژی هەینی و ڕاگەیەنراوەکانی بەرنوێژان لە مزگەوتەکان لە پاییزی 2022 و زستانی 2023 چەندین ناوەرۆکی هاوبەش ئاشکرا دەکات. زانیاریی وردتر لە کەناڵی فەرمیی تێلێگرامی “یەمامە” بەردەستە[20]. ئەم کەناڵە زۆرێک لە وتار و ڕاگەیەنراوەکان بڵاو دەکاتەوە، ئەگەرچی هەر مزگەوتێک ئەکاونتی تێلێگرامی تایبەتی خۆی هەیە. لەدرێژەدا ناوەڕۆکە سەرەکییە هاوبەشەکانی وتارەکانی نوێژی هەینی دەخرێنە ڕوو.
یەکەم، سەرەڕای جەختکردنەوەی شۆڕشی ژینا لەسەر مافەکانی ژنان و ئەو ڕاستییەی کە هێزە حکومەتییەکان ژینایان بە تاوان و بیانووی پێشێلکردنی حیجابی ئیسلامیی کوشتووە، بابەتی حیجاب بەدەگمەن لەلایەن بەرنوێژانەوە باسی کرا یان وەک هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان ئاماژەی پێدرا. زۆرێک لە بەرنوێژان، ئەگەرچی نەیارێتی توندیان بەرامبەر بە حیجابی ئیسلامیی نییە، دەڵێن کە جلوبەرگ و پۆشەنی نەریتیی ژنانی کورد لەگەڵ ئاکارە ئیسلامییەکان یەک دەگرێتەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە ژنانی کورد لە بنەڕەتدا کێشەی حیجابیان نییە[21].
لە بەرامبەردا کاک حەسەن ئەمینی، یەک لە ڕێبەرانی مەکتەب قورئان ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەرچی ئیسلام ژنان بەرەو بەرچاوگرتنی حیجاب هان دەدات، بەڵام لە سەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەکاندا هیچ ژنێک لەبەر بەرچاونەگرتنی حیجاب سزا نەدەدرا.
دووەم، بەرنوێژە کوردەکان خۆیان وەک بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی کورد بینیوە و لەسەر ئەو باوەڕەی بوون کە بۆ یەکڕیزی لەگەڵ خەڵک، بەرامبەر خواستەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران خەباتیان کردووە. هەندێکیان خۆیان وەک میراتگرانی زەقی ئایینیی کورد دەبینی کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوە کوردییەکانیان کردووە. لە یەک لە وتارەکانیدا، مامۆستا خودامورادی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی وەک قازی محەمەد، مەلا مستەفا بارزانی، شێخ مەحموودی بەرزنجی، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا دەرسیمی لە کوردستاندا پەروەردە کرابوون و دواتر بوونە ڕێبەرانی گەلی کورد.
سێهەم، لە وتار و ڕاگەیەنراوەکانی خۆیاندا، هەموو مەلاکان ڕایانگەیاندووە کە هاندەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان بریتین لە هەڵاوسانی لەڕادەبەدەری ئابووری، هەژاری، کێشە ئابوورییەکان، نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و نەتوانکاریی حکومەت بۆ چارەسەکردنی کێشە ئاماژەپێکراوەکان. ئەوان دەیانگوت کە تەنانەت ئەگەر حکومەت بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان ئەوپەڕی توندوتیژییش بنوێنێ، کێشە سەرەکییەکان هەر دەمێننەوە و دەبنە هەوێنی خۆپیشاندان و ناڕەزامەندیی نوێ. بەگشتی، لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام حکومەت سەرچاوەکانی لەباتی تەرخانکردن بۆ پێشکەوتنی ناوخۆ، بۆ خەون و خولیا سیاسییەکانی لە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان تەرخان کردووە.
بەرنوێژان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ناڕەزامەندیی لەنێو خەڵکی کورد –و ئەتنیکەکانی دیکەی وەک بەلووچ و عەرەب- زوڵمی دووهێندەیە کە لێیان دەکرێ. لە باری ئەتنیکییەوە، ئەو ئەتنیکانە لە مافەکانی پەروەردە، وانەوتنەوە و کەڵکوەرگرتن لە زمانی دایکی لە سیستمی پەروەردەدا بێبەش کراون؛ مافێک کە تەنانەت لە دەستووری ئێرانیشدا بەفەرمی ناسێندراوە. ئەم بێبەشبوونە نەیارێتییەکی بەربڵاوی لە دژی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت لەنێو کوردەکاندا. سەرەڕای ئەمەش، کورد وەک سوننە، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ئایینییش بووەتەوە. کوردەکان لەبەر زمان و ئایینیان وەک شارومەندی پلە دوو سەیر کراون و لە ساڵی 1979 بەدواوە بەردەوام و سیستماتیک مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان پێشێل کراوە.
پێنجەم، وێڕای سەركۆنەكردنی کەڵکوەرگرتنی حکومەت لە توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەرنوێژان داواکاری ئازادکرانی هەموو دەستبەسەرکراوان بوون. نازناوی شەهیدیان بەخشی بەو کەسانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژران و بەردەوام لە ڕێوڕەسمەکانی ناشتنیاندا بەشدارییان کرد تا ببنە هۆی ئۆقرەی بنەماڵەکانیان و بەجۆرێک پاڵپشتیی خۆیان پیشان بدەن. سەرەڕای ئەمەش، بەردەوام خەڵکیان هان دا بۆ نافەرمانیی مەدەنیی ئاشتیخوازانە و لەهەمانکاتدا داواکاری ئەوە بوون کە توندوتیژی یان لەناوبردنی داراییە گشتییەکان نەیەتە ئاراوە.
لەئەنجامدا، دوابەدوای بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان و لەو دۆخەیدا کە حکومەتی ئیسلامیی ئامادە نەبوو هەر چەشنە دانوستانێک لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات و لەباتی دانوستان سزای بەکۆمەڵ و توندوتیژانەی خەڵکی کوردی خستە ڕیزی کار و بەرنامەی خۆیەوە، کۆمەڵێک لە بەرنوێژان و ڕێبەرە ئایینییەکان داواکاری بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بوون. پێشنیاری ئەو تاقمە ئەوەیە کە دەستوور لەڕێگەی ڕێفراندۆمێکەوە و لەژێر چاودێریی بنکە نێودەوڵەتییەکاندا ڕیفۆرمی لەسەر بکرێ. بەرنوێژان داوا لە بەرپرسانی حکومەتی دەکەن کە ڕێز بۆ خواستی جەماوەر دانێن و لەمە زیاتر نەبنە هۆی دواکەوتن و لەناوچوونی وڵات.
دوا وتە:
پەیوەندیی نێوان خەباتی ڕەگەزی و کۆکردنەوە و سازدانی ئایینی لە شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشاندەری ئاڵۆزیی خەباتی کوردییە لە ئێران؛ خەباتێک کە پەلی بۆ دەرەوەی بازنەی بزووتنەوەیەکی تەنیا فێمێنیستی کێشاوە و بەشێوەیەکی قووڵ لەگەڵ شوناسە ئایینی و نەتەوەییەکان گرێ دراوە. دیسکۆرسی ئیسلامی سوننە –وەک هێزێکی گرنگ بەڵام زۆر جار پشتگوێخراو لە خەباتی کوردیدا- ڕۆڵێكی سەرەکیی لە ڕێکخستن و بەردەوامبوونی ئەم خەباتەدا گێڕاوە. زانایان و ڕێبەرانی ئایینیی کورد نەک تەنیا پاڵپشتیی مەعنەوی و ئەخلاقییان بۆ خۆپیشاندانەکان دابین کردووە، بەڵکو پێکهاتەیەکی ڕێکخراویان لە نەیارێتییەکان خوڵقاندووە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو سەرچاوەی ئایینی و ناسیۆنالیستی. ئەم سازدانە ئایینییە، بەتایبەت لە ناوچە سوننەنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بازنە و کاریگەریی شۆڕشەکەی گواستەوە بۆ دەرەوەی سنوورە ڕەگەزییەکان. بەشداریی کەسایەتییە ئایینییەکان –کە زۆرێکیان کەوتنە بەر شەپۆلی سەرکوتە توندەکانی حکومەت- پیشاندەری ئەوەیە کە ئیسلام هێشتا لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێگەی هەرمانی خۆی هەیە. ئامادەبوونی ئەو تاقمە تیۆرییە سێکولارەکانی خستە ژێر گومان و پرسیار کە ڕۆڵی دینیان وەک هاندەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە داواکاری گۆڕانکاریی سیاسین، پشتگوێ دەخست. بەپێچەوانەوە، شۆڕشی ژینا ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئایین دەتوانێ ئامرازێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی هێز بێت؛ ئامرازێک کە هەم زایەڵەی هەست و هەمیش هێزی مەشرووعییەتبەخش بێت بۆ خەباتی بەربڵاوتر لە دژی سەرکوت و زەبری حکومەت.
لایەنی ئایینیی خەباتی کوردی هەروەها پیشاندەری کەلێنیکی ناوخۆیی لەنێو گرووپە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردییە. زانا ئایینییە سوننەکان ئامادەبوونێکی چالاکانەیان لە شۆڕشەکەدا هەبوو و وەک دەرفەتێک بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرکوت و هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەروەها هەڵاواردنی سیستماتیکی ئایینی-ئەتنیکی سەیریان دەکرد کە خەڵکەکەیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فارسی شیعەدا لەگەڵی ڕووبەڕووە. لەبەرامبەردا، رێبەرانی شیعەی کورد کە زۆربەیان لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و ئایینی حکومەتدا توێنراونەتەوە، زۆرینە خۆیان لە شۆڕشەکە پاراست و بەدوور گرت. سەرەڕای ئەمە، بەشداریی چالاکانەی زانایانی ئایینی کورد لە شۆڕشەکەدا گێڕانەوەی حکومەتی ئێرانی کە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی زیاتر دەگەڕاندەوە بۆ خواستە ناسیۆنالیستی و جوداییخوازانەکان تووشی ئاڵۆزییەکی زیاتر کرد. زانا ئایینییەکانی کورد بە چوارچێوەدانان لەسەر بەشداریی خۆیان لە چوارچێوەی دیسکۆرسی ئیسلامیدا، دووڕوویی و درۆی حکومەتیان ئاشکرا کرد؛ حکومەتێک کە لەلایەکەوە یەکسانیی ئایینی دەسەپێنێ و لەلایەکی دیکەیشەوە کەمینە سوننەکان سەرکوت دەکات. ئەم خەباتە دوولایەنە لە دژی هەردوو شێوازی زوڵمی ئایینی و ئەتنیکی، زایەڵەیەکە لە مێژووی دوور و درێژی خەباتی کوردی کە بەردەوام هەڵگری داواکارییە کولتووری، زمانی و سیاسییەکان بووە.
[1]. دادگای باڵا حوکمی لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد، یەک لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی پشتڕاست کردەوە، هەنگاو، 6ی حوزەیرانی 2024، https://hengaw.net/fa/news/2024/06/article-33.
[2]. مامۆستا لوقمان ئەمینی حوکمی 11 ساڵ بەندیخانەی بەسەردا سەپێنرا، هەنگاو، 14ی حوزەیرانی 2023، https://hengaw.net/fa/news/archive/60002 ، مامۆستا ئیبراهیم حوکمی 12 ساڵ بەندیخانەی بەسەردا سەپێنرا، هەنگاو، 14ی حوزەیرانی 2023، https://hengaw.net/fa/news/archive/59996 ، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی حوکمی 3 ساڵ بەندیخانەی بەسەردا سەپێنرا، هەنگاو، https://hengaw.net/fa/news/archive/63407، و مامۆستا سابیر خودامورادی حوکمی 15 مانگ بەندیخانەی بەسەردا سەپێنرا، کوردپا، 29ی ئابی 2024، https://kurdpa.net/fa/news/2024/08/66 .
[3]. تارا مێحرابی، “ژن، ژیان، ئازادی: لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و ئەوەیکە بۆ بزووتنەوەیەکی فێمێنیستییە”، Kvinder, Køn und Forskning 2 (2022): 114–21, https://doi.org/10.7146/kkf.v34i1.134480، https://doi.org/10.7146/kkf.v34i1.134480 ؛ ڕێزوان موقەدەم، “هۆکارەکانی شۆڕشی ژنان لە ئێران لە ساڵی 2022: ژن، ژیان، ئازادی”، گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەی 1 (2024)، 40-132، https://doi.org/10.1215/15525864-10961860 ؛ هوما بازئەفکەن، “ژن، ژیان، ئازادی: سەردەمی شۆڕشێکی نوێ لە ئێران”، ئەنستیتۆی ڤییەنا بۆ وتووێژ و هاوکاری، 2022، https://www.vidc.org/en/detail/women-life-freedom-a-new-revolutionary-era-iniran ؛ فەرهاد خوسرەوخاوەر، “شۆڕشی مەهسا: یەکەم بزووتنەوەی فێمێنیستی لە ئێران؟”گۆڤاری بیری ئازاد، 14 (2023): 11-38، https://doi.org/10.53895/ftj1407.
[4]. فەرەنگیس قادی، “ژن، ژیان، ئازادی و پاکتاوکردنی مێژوویی کورد”، گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەی 4 (2023): 23-718، https://doi.org/10.1017/S002074382300137X ؛ ئەحمەد محەمەدپوور، “دەنگی کۆتاییهێنان بە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژهەڵات: هەڵاواردن و غەیرسازیی ڕەگەزی، پاکتاوی ئەتنیکی و سیاسەتەکانی ئینتەرسێکشیۆناڵیتی لە ئێران”، کۆمەڵناسیی ڕەخنەگرانە، ژمارەی 1 (2024): 85-106، https://doi.org/10.1177/08969205231176051.
[5]. ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر کوژرانی لانیکەم 134 شارومەندی کورد لە درێژەی شۆڕشی ژینادا”، هەنگاو، 11ی ئازاری 2023، https://doi.org/10.1177/08969205231176051.
[6]. ئەحمەد محەمەدپوور، “داهێنانی ئێران: لە ئێرانیبوونەوە بۆ فارسبوون”، توێژینەوە ئاسیاسییەکان، 2024، https://doi.org/10.1080/10357823.2024.2355110.
[7]. فاتیح سەعیدی و ئەحمەد محەمەدپوور، “ناسۆینالیزەکردنی ئایین: سۆفیگەری لە جیهانی فارسیدا”، ئەتنیسیتەی ئاسیایی 2024:1-26، https://doi.org/10.1080/14631369.2024.2410839.
[8]. فاتیح سەعیدی و داوود عوسمانزادە، “دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی و سیاسەتی مەرگی ئایینی: قوربانی کردنی پیرۆزی کوردانی کافر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەتنیکەکان 2024، https://doi.org/10.1177/14687968241287204.
[9]. قادری، “ژن، ژیان، ئازادی.”
[10]. ئایینی ئاژاوەگێڕ: هێزی باوەڕ و ئیمان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا (لەندەن، ڕاتلێج، 1996)، لاپەڕەکانی 2-4.
[11]. هەمان سەرچاوە، لاپەڕەکانی 9 بۆ 13.
[12]. بڕوانە سیدنی تارۆ، هێز لە بزووتنەوەدا: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتە ئاڵۆزیهێنەرەکان، ئیدیتی سێیەم (کەمبریج، بەریتانیا: وەشانخانەی زانکۆی کەمبریج، 2011).
[13]. ڕێکخراوەی دەعوەت و ئیسڵاح، “لیستی ئەندامان”، IDSB یەکێتی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی جیهانی ئیسلام، https://idsb.org/en/member-list/call-and-reform-organization.
[14]. ڕاگەیێندراوی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەت لەسەر کۆچی دوایی خاتوو مەهسا ئەمینی، ئیسڵاح، 17ی ئەیلوولی 2022.
[15]. بڕوانە https://fa.maktabquran.com/%D9%85%D8%B9%D8%B1%D9%81%DB%8C ؛ و سەباح موفیدی، “ئایین و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (تەرکیز لەسەر مەکتەب قورئان لە سەروبەینی شۆڕشی 1979ی ئێران)، گۆڤاری سیاسەت و یاسا، ژمارەی 3 (2015): لاپەڕەکانی 36 بۆ 50، https://doi.org/10.5539/jpl.v8n3p3.
[16]. سازمانی خەبات، “بەشی ناوخۆی سازمانی خەبات پاڵپشتی مانگرتنی گشتیی کوردستان دەکات”، سازمانی خەبات، 18ی ئەیلوولی 2022، https://www.sazmanixebat.com/kurdi/articles.php?id=5249 ؛ Yzaki، “پاڵپشتیی لە ڕاگەیێندراوی ناوەندی هاوکارییەکانی پارتە سیاسییەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران بۆ مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی”، 18ی ئەیلوولی 2022، https://yzak1350.blogspot.com/2022/09/blog-post_18.html.
[17]. حەسەن ئەمینی، “پەیامێک بۆ زانایانی ئایینی شیعە”، 27ی نۆڤێمبری 2022، https://t.me/kakhasanamini;؛ ڕاگەیێندراوی بەرنوێژانی هەینی و زانایانی ئایینی شارەکانی دێگولان و قوروە”، 24ی نۆڤێمبری 2022، https://t.me/delsozani_nishteman.
[18]. یەمامە، “کەناڵی فەرمیی تێلێگرامی یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان”، 2024، https://t.me/delsozani_nishteman.
[19]. ئالان حەسەنییان، “بۆ دووەمین ساڵۆگەڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی: سزای توندوتیژانەی بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵات و هەڵکردنی تۆتالیتەر لە ئێران”، ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستان، 2024، https://tishk.org/blog/kurdistanagora/on-the-secondanniversary-of-the-jin-jiyanazadi-upris-ings/#:~:text=. ئەم وتارە دەپەرژێتەوە سەر سزای توندوتیژانەی بەکۆمەڵ کە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی 2022 هاتە ئاراوە.
[20]. کەناڵی تێلێگرامی یەمامە.
[21]. حەسەن ئەمینی، “کەناڵی فەرمیی تێلێگرامی کاک حەسەن ئەمینی”، بیستی سێپتێمبری 2022، https://t.me/kakhasanamini.