• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 20, 2025

ڕیفۆرمخوازان و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

د. محەممەد حسێن زادە –  دوکتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پوختە

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازی و ستراتیژییەکان و بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، جارێکی دیکە مشتومڕی نێوان ڕیفۆرمخوازان و بناژۆخوازانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە چۆنێتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە پەرەی سەندەوە. بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا بە فەرمی داوایان کرد حکومەت بە مەبەستی مسۆگرکردنی مانەوەی خۆی و ڕێگریکردن لە داڕووخانی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانوستان بکات و هەروەها ئامادەیی نیشان بدات بۆ هەڵپەساردنی دڵخوازانەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەکەیان دوای پەلامارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاسایی ببێتەوە. بەڵام بناژۆخوازان بە توندی بەرامبەر ئەو داواکاریانە وەستانەوە و هاوشێوەی جارانی پێشوو ڕیفۆرمخوازانیان بە تابووری پێنجەمی ئیسرائیل و خیانەتکردن تۆمەتبار کرد و دەڵێن ڕیفۆرمخوازان خۆیان بەشێکن لەوانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەدەن. دیارە مشتومڕی نێوان بناژۆخوازان کە زۆرینەیان نوێنەرایەتی وێژمانی ڕێبەر دەکەن لەگەڵ ڕیفۆرمخوازان تایبەت بەم قۆناغە نییە و لانیکەم سێ دەیەیە ئەو مشتومڕە لە ئارادایە. سەرباری ئەوەش ڕوانگەی بناژۆخوازان بەردەوام بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا زاڵ بووە و ڕیفۆرمخوازان لە پەراوێزدا ماونەتەوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی بنچینەیی باس لە ڕوانگە و بنەما فیکرییەکانی ڕیفۆرمخوازانی ئێران بکات سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بەو جۆرەی کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها سەرەکیترین هۆکارەکانی شکست و نەزۆکی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی لە سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیدا بخاتە بەر باس.

بەرایی

سیاسەتی دەرەکی یەکێکە لە گرینگترین لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی- سیاسی هەر وڵاتێک، چونکە ژیان و مانەوەی وڵاتان بەستراوە بە چۆنی و چلۆنایەتی سیاسەتی دەرەوە. وەک پێناسەیەکی گشتی و سەرەتایی سیاسەتی دەرەوە بریتییە لە ڕێچکە و میتودێک کە دەوڵەتێک لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەیگرێتە بەر بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و بەرگریکردن لە بوون و مانەوە و بەرژوەندییەکانی خۆی. لە شانۆی پەیوەندییە نەتەوەییەکانیشدا، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان پێگە و جێگەیەکی تایبەتی هەیە. سەرچاوەی ڕەفتاری دەوڵەتان لە شانۆی نێونەتەوەییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوسیاسەتانەی کە پێشتر لە نێوخۆ داڕێژراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیان دابین بکەن. لەم نێوەدا، سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکیش لەسەر بنەمای هەندێک بەها و بایەخ دانراوە. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش کە لەم وتارەدا دەکەوێتە بەر باس، بەدەر لەم پڕەنسیپە نییە.

کاریگەری سیاسەتی دەرەوە لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئێران بە تایبەت لە نزیک بە ٢٥ ساڵی ڕابردوو کە چالاکییە نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرابوون و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران سەری هەڵدا، بە ڕادەیەک بووە کە باس و مشتومڕ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە بووەتە یەکێک لە مژارەکانی ڕای گشتی و تەنانەت باسی نێو هاوڵاتییان لە سەر شەقامەکاندا. لە نێو دەسەڵاتیشدا لانیکەم دوو بەرەی بناژۆخوازن و ڕیفۆرمخوازان بەردەوام سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە شەڕەچەقە و مشتومڕیان هەبووە. ئەگەرچی ڕوانگەی بناژۆخوازان کە بە تایبەت هێزی سەربازی و زۆربەی جۆمگەکانی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و نوێنەرایەتی ڕوانگەی سەید عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی دەکەن، تەنانەت ئەو کاتانەی کە سەرۆک کۆماری نزیک لە ڕیفۆرمخوازان لەسەر کار بووە بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا زال بووە و لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا باڵادەست بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش هەندێک گۆڕانکاری هەرچەند بە شێوەی کاتی بووبێت لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازاندا هاتووەتە ئاراوە یاخود لانیکەم هەوڵی گۆڕانکاری دراوە.([1]) ئەو گۆڕانکاریانە لە قۆناغی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماری سەید محەمەد خاتەمی و بە ڕێژەیەکی کەمتر لە قۆناغی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕۆحانیدا کە ئەمیش بە یارمەتی ڕیفۆرمخوازان دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و زۆر جار لە بەرەی ڕیفۆرمخوازان هەژمار دەکرێت، بەدی کراون.

لە ڕۆژانی دوای هێرشی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ستراتیژییەکانی ئێران و هەروەها هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە، دیسان هەرا و مشتومڕی نێوان ڕیفۆرمخوازان کە لە ئێستادا مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری نزیک لە خۆیان دەبینن لەگەڵ بناژۆخوازان سەری هەڵدایەوە. ئەم مشتومڕە بە تایبەت دوای ئەوە هات کە کەسانێک وەک میرحسێن موسەوی و مەهدی کەڕووبی لە ڕابەرانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوز، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامیی و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی سەردەمی ڕۆحانی باسیان لە پێویستی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی کرد. دواتر بەرەی ڕیفۆرمخوازان کە لە نزیکەی ٣٠ ڕێکخراو و گرووپ و کۆمەڵ پێکهاتووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، باسیان لە پێویستی گۆڕانکاری لە وێژمان و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی کۆماری ئیسلامیدا کرد وەک تاقە ڕێگەچارەی دەربازبوونی کۆماری ئیسلامیی لە قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان([2]). ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکی دەڵێن کە سیاسەتی ئێستای بناژۆخوازان هەنگاو بە هەنگاو کۆماری ئیسلامیی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات و دواجاریش وڵاتەکەیان بەرەو چارەنووسی لیبیا، عێراق و سووریا ڕادەکێشێت. بناژۆخوازان ئەوە ڕەت دەکەنەوە و لە کاردانەوەی تونددا ڕاگەیەندراوەکەی ڕیفۆرمخوازان بە هاوپێچی هێرشی ئیسرائیل، وەرگێڕدراوی لیدوانەکانی ناتانیاهۆ، بەڵگەی ملکەچکردن بۆ دوژمنی دەرەکی و ڕێگەچارەی دوژمنی دەرەکی وەسف دەکەن و واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە و بە گشتی بەرەی ڕیفۆرمخوازانیش وەک تابووری پێنجەم، وتەبێژی ناتانیاهۆ و خزمەتکارانی دوژمن ناو دەبەن. بناژۆخوازان دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانە ڕیفۆرمخوازان بانگەوازی بۆ دەکەن هاوشێوەی ڕێفورمەکانی سەردەمی گۆرباتشۆڤە لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە بوونە هۆی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت. تا ئێستا ئەمە وەڵامی داخوازییەکانی ڕیفۆرمخوازان بووە.

لەگەڵ ئەوەیدا کە لێکدانەوە و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو مشتومڕانە دەرخەری ئەوەیە کە هەم ئامانجی ڕیفۆرمخوازان و هەم بناژۆخوازان بە شێوەیەکی سەرەکی پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە نەک ئەوەی لە خەمی بەرژوەندییەکانی گەلی ئێراندا بن، بەڵام من لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم باس لە ڕوانگە و بنەما فکرییەکانی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی بکەم بەو شێوازەی خۆیان باسی دەکەن، هەروەها تێدەکۆشم وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەمەوە کە بۆچی بەرەی ڕیفۆرمخوازی بۆچوونەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەدا شکستیان هێناوە و نەزۆکن. ئەمە بەو واتایەش دێت کە خوێنەری ئەم وتارە نابێ چاوەڕوان بێت کە نووسەر بە شێوەیەکی ورد بپرژێتە سەر وردەکارییەکانی ئەم مشتومڕانەی دوایی یاخود ڕووداوەکانی ڕۆژ، بەڵکو مەبەستی سەرەکی بریتییە لە ڕوونکردنەوەی بنەما فیکرییەکان و هەڵوێستی ڕیفۆرمخوازان بەرامبەر دیاردە و بابەتە جیاجیاکانی سیاسەتی دەرەکی بەو شیوازەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. ڕەنگە سوودی ئەم هەوڵە ئەوە بێت کە خوێنەر خوێندنەوەیەکی وردتر و بنچینەییتری هەبێت لە بنەما هزرییەکان و دواتریش مشتومڕەکانی نێوان ئەو دوو بەرەیە لە داهاتووشدا لەمەڕ بابەتە جیاوازەکان.

بۆ ئەو مەبەستە ئەم وتارە لە سێ بەش پێکهاتووە: سەرەتا باس لە بنەما فکرییەکانی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە. بەشی دووەم پرژاوەتە سەر ڕوانگە ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە پرسە جیاجیاکانی سیاسەتی دەرەوە. بەشی سێیەم تەرخانکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی سەرەکیترین هۆکارەکانی شکست و نەزۆکی ڕێفورمخوازی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا. لە کۆتاییدا ئەمجامی باسەکان پێشکەش کراوە.

بنەما فیکرییەکانی ڕیفۆرمخوازانی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە

ڕیفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتێک باس لە سیاسەتی دەرەوە دەکەن پەنا بۆ هەندێ چەمک و دەستەواژە دەبەن. ئەم چەمکانە دەتوانن ڕوونکەرەوەی ئەو ڕوانگە ڕیفۆرمخوازانە بن کە بانگەشەی بۆ دەکەن. هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر دیاردە و بابەتە جیاوازەکان پێویستە ئاگاداری ئەو چەمکانە بین کە پێکهێنەری بنەمای فکری ئەوانە لەمەڕ سیاسەتی دەرەوە. بۆیە لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم ئاماژە بە گرینگترینی ئەو چەمکانە بکەم کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا باسیان لێ کردوون و سەرەکیترینیان بریتین لە “سڕینەوەی گرژییەکان”، “گەشەی سیاسی یاخود گفتوگۆی شارستانییەتەکان”، “سیاسەتی فرەڕەهەندی یان فرەلایەنەگەرایی”، “پێکهێنانی متمانە” و “ئاشتیخوازی ئەرێنی”. حاشاهەڵنەگرە زۆربەی ئەمانە هەمان ئەو چەمکانەن لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەید محەمەد خاتەمیدا- ٢٠٠٥-١٩٩٧- جەختیان لێ دەکرایەوە و ڕیفۆرمخوازان ئێستاکەش وەک قۆناغێکی زێڕین لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی هەژماری دەکەن و شانازی پیوە دەکەن و ئێستاکەش ئاواتەخوازی گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغەن. بەم وەسفە، لە درێژەدا هەوڵ دەدەم ڕوونکردنەوەیەکی کورت سەبارەت بە هەر یەک لەو چەمکانە بخەمە ڕوو.

سەبارەت بە سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، ڕیفۆرمخوازان دەڵین ئامانج لەو سیاسەتە بریتییە لە دابینکردن، پەرەپێدان و جێگیرکردنی ئاسایش و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان. هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە کە سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان بە واتای پشتگوێخستن و خافڵان لە هەڕەشەکان و مەترسییەکان نییە، بەڵکو ناسینی سنوورەکانی دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ زیادکردنی ژمارەی وڵاتانی دۆستە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی باشتر و گونجاوتری هەڕەشەکان. بە وتەی خاتەمی ئەوە سیاسەتی بانگهێشتکردنی هەموو جیهانە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و سڕینەوەی ستەم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا([3]). هەڵبەت خاتەمی دەشڵێت سڕینەوەی گرژییەکان بە واتای دەستهەڵگرتن لە بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامیی، دەست درێژکردنەوە بەرامبەر دوژمنانی زلهێز، چۆکدادان بەرامبەر ستەمکاران و پشتگوێخستنی سەروەری و سەربەخۆیی نییە([4]). سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان بەو واتایە دێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەوڵی پێکهێنانی متمانە و وەلانانی ئەو گرژی و ناکۆکییەکانەی ڕابردوو بدات کە لەسەر یەک کەڵەکە کراون. بە وتەی ڕیفۆرمخوازان مەبەست لەو سیاسەتە ئەوەیە کۆتایی بە پێکدادان و کێشمەکێش لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا بهێنرێت. ئەم جۆرە سیاسەتە وێرای دووریگرتن و خۆبواردن لە توندوتیژی و خۆسەپێنی، بانگهێشتی هەموو وڵاتان دەکات بۆ هاوکاری دوولایەنە و ڕێگە دەکاتەوە بۆ هاوکاری و یەکگرتوویی هەمەلایەنە لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری و کولتووریدا([5]). ڕیفۆرمخوازانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم سیاسەتە زۆر خاڵ لە خۆ دەگرێت، لەوانە خۆبواردن لە پێکدادان و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پەیوەندی بەسوود و چالاکانە، گرینگیدان بە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و پابەندبوون بە ڕێوشوێن و پێوەر و یاسا و ڕێسا هەرێمی و نێونەتەوەییەکان و پەرەپێدان بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و پەیوەندیگرتن لەگەڵ باقی وڵاتان، پێکهێنانی بەرژوەندی هاوبەش و ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی و هەولدان بۆ جێبەجێکردنی یاسای نێونەتەوەیی، گرینگیدان بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەی نزیک و دەوروبەری ئێران، خۆبواردن لە داتاشینی دوژمن و دەستهەڵگرتن لە درووشمگەلی هەستەکی، ڕووکردن لە پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە، پەرەپێدان بە ئاشتی و ئاسایش بە میکانیزمی دانوستان و گفتوگۆ، گرینگیپێدان بە پرسە ئابووریییەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا، نەرمینواندن و لە هەمان کاتدا پاراستنی بنەما و بەها و بایەخەکان، پەرەپێدان بە هاوکاری و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە هەموو بوارەکاندا و لەگەڵ زۆرینەی وڵاتان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر و بەشداریکردنی چالاکانە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا، نزیکی و دۆستایەتی جیهانی ئیسلام و پتەوکردنەوەی یەکگرتوویی و یەکێتی وڵاتانی ئیسلامی. ڕێفۆرمخوازان دەڵێن سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان هەموو ئەوانە لەخۆ دەگرێت[6]. بە کورتی لە دیدی ڕیفۆرمخوازانەوە ئەمە پرۆسەیەکە بۆ کەمکردنەوەی کێشە و گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی و باقی گەمەکەرە نێونەتەوەییەکان بە شێوازێک کە ئەم گرژی و ئاڵۆزیانە بە شیوازێکی ئاشتیخوازانە و بەبی پەنابردن بۆ هێز و توندوتیژی چارەسەر بکرێن. بە واتایەکی دیکە، مەبەستیان شێوازێکە لە سیاسەتی قەناعەتپێهێنان یان قایلکردن لەسەر بنەمای هاوکاری، پێکەوەبەستراوەیی ئابووری و کێبڕکێ لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا دانپێدانراوە نیونەتەوەییەکاندا.

دەربارەی گەشەی سیاسی کە زیاتر لەژێر چەتری گفتوگۆی شارسانییەتەکان باسی لێ دەکرێت، پێویستە سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم ئایدیایە یەکەم جار لە لایەن محەمەد خاتەمی هاتە ئاراوە. لە ساڵانی دوای ١٩٩٧، خاتەمی ئەم ئایدیایە بەرامبەر تیۆرییەکەی هانتینگتۆن سەبارەت بە پێکدادانی شارستانییەتەکان خستە ڕوو. خاتەمی لە ٥٣هەمین کۆڕبەندی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەیلوولی ١٩٩٨دا بە فەرمی داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد وەک هەنگاوی یەکەمی بەدیهێنانی دادپەروەری و جیهانی بێ شەڕ و توندوتیژی ساڵی ٢٠٠١ وەک ساڵی گفتوگۆی شارستانییەتەکان ناوزەد بکەن و ئەوەش لە ساڵی ٢٠٠١ کرا. خاتەمی لە لێدوانێکدا لە پەڕلەمانی ئیتالیا وتی: “مەبەستی سەرەکی لە پێشنیاری گفتوگۆی شارستانییەتەکان لەڕاستیدا هێنانەئارای مۆدێلی نوێیە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا…گفتوگۆی شارستانییەتەکان بریتییە لە وەلانانی ویستی هێزخوازی و پەنابردن بۆ ئەوینخوازی”([7]). ڕیفۆرمخوازان تاوەکو ئێستاش ئەوە بە ئایدیایەکی پێشکەوتوو دەناسێنن و جەخت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ئایدیایە لە سیاسەتی دەرەوەدا دەکەن. زۆر جاریش دەڵین مەبەست ئەوەیە ڕوخسارێکی ئاشتیخوازانە لە ئیسلام نمایش بکەن([8]). دەشڵێن ئەم ئایدیایە بە کردە بەستێن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان هەموار دەکات.

مەبەستی ڕیفۆرمخوازان لە سیاسەتی فرەڕەهەندی و فرەلایەنەگەرایی لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەوەیە کە وڵاتەکەیان نابێت تەنیا پشت بە وڵاتانێکی تایبەت وەک چین و ڕووسیا ببەستێت و خۆی لە بەرەی ئەواندا پێناسە بکات کە زۆر کاتیش و لە کات و ساتە هەستیارەکاندا پشتیان لە ئێران کردووە و تەنانەت خیانەتیان پێ کردووە. ڕیفۆرمخوازان دەڵین پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاواش ئاسایی بکرێنەوە.

سەبارەت بە سیاسەتی پێکهێنانی متمانە، ڕیفۆرمخوازان دەڵین لەبەر گەلێک ڕووداوی مێژوویی و بەتایبەت ڕووداوەکانی ساڵانی پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، متمانە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیدا نییە و پێویستە ئێران دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی متمانە کە ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان([9]).

هەروەها ڕیفۆرمخوازان لەمەڕ ئاشتیخوازی ئەرێنی دەڵین، بانگەوازێکە بۆ جێگیرکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی جیهاندا و هەروەها جێگیرکردنی دیموکراسی نێونەتەوەیی. بۆ نموونە خاتەمی سەبارەت بە هاوئاڕاستەیی و هاوتەریبی دادپەروەی، دیموکراسی و ئاشتی پاوەجێ لە ئاستی جیهانیدا دەڵێت: “ئیمە لە شانۆی نێونەتەوەییدا پێویستیمان بە دیموکراسی هەیە، وەک چۆن هاوڵاتییانی وڵاتێک خاوەن مافی یەکسانن، هاوڵاتیانی کۆمەڵگەی جیهانیش کە بریتین لە نەتەوەکان پێویستە خاوەن مافی یەکسان بن… لە ئەگەری جێگیرکردنی دیموکراسی لە جیهاندا، پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ، لۆژیک و ڕێزگرتنی بەرامبەر بیچم دەگرن… ئاشتی هەتاهەتایی لە جیهاندا جێگیر نابێت مەگەر ئەوەی دادپەروەری لە جیهاندا جێگیر بێت”([10]).

گەرچی نووسەر نامیلکە یاخود نووسراوێکی توکمە و تایبەتی لە ڕیفۆرمخوازانی ئێران نەبینیوە کە ڕوونکەرەوەی سیاسەتی دەرەوەی دڵخوازی ئەوان بێت، بەڵام بە شیکردنەوەی لێدوان و نووسراوەکان و هەروەها وردبوونەوە لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی خاتەمی و ڕۆحانی و ئەوەی لە ئیستادا پزیشکیان باسی دەکات، دەکرێت ئەوانەی لە سەرەوە باسیان لێ کرا وەک گرینگترین بنەما فکرییەکانی ڕیفۆرمخوازان بۆ سیاسەتی دەرەوە سەیر بکرێن. ئەوان دەڵێن ڕوانگەی جیاوازی ئەوان لەگەڵ عەلی خامنەیی و باقی بناژۆخوازان لەمەڕ دیاردە و بابەتە جیاوازەکانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم وێژمانە جیاوازە کە لانیکەم بە تیۆری بانگەشەی بۆ دەکەن. بە پشتبەستن بەم ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بنەما فکرییە،کانیان لە خوارەوە بە شێوەیەکی وردتر دەپرژێمە سەر بیروبۆچوونیان سەبارەت بە گرینگترین پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی.

ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە پرسە جیاوازەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی

لەم بەشەدا، بە کورتی باس لە ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازان دەکەین سەبارەت بە پرسگەلێکی وەک چۆنێتی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باقی ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی فەلەستین و پەیوەندییەکان لەگەڵ حیزبوڵڵا، پرسی مافەکانی مرۆڤ و لەکۆتاییدا دۆسیەی ئەتۆمی.

ڕێفۆرمخوازانی ئێران گرینگییەکی تایبەت بە وڵاتانی ناوچەی کەنداو دەدەن و پێیان وایە پێویستە پێش هەموو شتێک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئاسایی بکەنەوە و پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن. بە تایبەتی تر پێیان وایە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیا دەتوانێت لەسەر باقی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی کەنداو کاریگەری هەبێت. پشتئەستوور بەم بۆچوونە، هەم لە سەردەمی خاتەمی و هەم لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ڕۆحانیدا گرنگییەکی تایبەت بە سعودیا دەدرا. هەروەها لەم دواییانەدا مەسعود پزیشکیان لە دیدار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی سعودیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی و کۆڕبەندی عەرەب لە دوحەی پایتەختی قەتەر کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بە مەبەستی لەنێوبردنی سەرکردەکانی حەماس بەڕێوەچوو جەختی کردەوە کە ئێران ئامادەیە پەیوەندییە دوو لایەنە و هەرێمی و نێونەتەوەییەکانی لەگەڵ سعودیا پەرە پێ بدات. وتیشی سعودیا دەتوانێت ڕۆڵیکی سەرەکی بگێڕێت لە یەکانگیری وڵاتانی ئیسلامی([11]). یەکێک لە بەندەکانی ڕاگەینداروەکەی ئەم دوایانەی ڕیفۆرمخوازانیش تەرخان کراوە بۆ پێویستی لێکنزیکبوونەوە لە وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت سعودیا بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاشتی و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی سەرچاوەگرتوو لە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەوەشیان بە ڕێفورمێکی پێویست لە سیاسەتی دەرەوە داناوە([12]).

لەپەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی و یەکێتی ئەورووپا، ڕیفۆرمخوازانی ئێران بە پێویستی دەزانن پەرە بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو یەکێتیە بدرێت. ئەوان دەڵێن پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی ئەو وڵاتانە و بە تایبەت بۆ کەرتی وزە. جگە لە قازانجی ئابووری ئەورووپا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادە سڕکەرەکان و کەمکردنەوەی پرسی کۆچەری و پەنابەری. خاتەمی سەبارەت بە چۆنێتی و ناوەڕۆکی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا دەیگوت پەیوەندییەکان پێویستە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوو لایەنە و دابینکردنی بەرژوەندییە هاوبەشەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی هەر دوو لا بێت و ئەمە بنەمای هاوکاری دوولایەنەیە لەگەڵ ئەورووپییەکان([13]). ڕیفۆرمخوازان دەڵێن پرۆسەی گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئەورووپا کە لە سەردەمی خاتەمیدا دەستی پێ کرد، ئێستاش دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت بۆ دەربازبوونی ئێران لەم دۆخە قەیراناوییەی ئێستا کە بە هۆی سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە کەوتووەت سەریان. هەڵبەت بە کردەش باشترین قۆناغی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەورووپا لە سەردەمی خاتەمیدا بوو. وەک دەزانین، زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای ئەورووپا و لەوانە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئیتالیا و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ یەکەمجار دوای دەسەڵاتگرتنی کۆماری ئیسلامیی سەردانی ئێرانیان کرد. لێژنەی وڵاتانی ترۆیکای ئەورووپا بە سەرۆکایەتی لویی میشل سەرۆک وەزیرانی بەلژیک سەردانی تارانی کرد بە مەبەستی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان. لە بەرامبەردا خاتەمی سەردانی چەندین وڵاتی ئەورووپی کرد، لەوانە سەردانی وڵاتی ئیتالیا لە ٩ی ئازاری ١٣٩٩ کە خاتەمی لەو دیدارەدا لەگەڵ پاپ ژان پۆلی دووەم سەرۆکی کاتولیکەکانی جیهان لە واتیکان لە ڕۆژی ١١ی هەمان مانگ دیداری کرد و ئەوەش یەکەم دیداری بەرپرسێکی باڵای ئێران بوو لەگەڵ پاپ دوای دەسەڵاتگرتنی کۆماری ئیسلامیی. هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی تەشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٩، گەشتێکی سێ ڕۆژەی کرد بۆ فەڕەنسا و لەگەڵ ژاک شیراک سەرۆکی ئەو وڵاتە دیداری کرد. هەر ئەو لە ١٠ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٠ سەردانی ئەڵمانیا و لە ٤ی نیسانی ٢٠٠١ دوای بانگهێشتی فەرمی کلستیل سەرۆک وەزیرانی نەمسا سەردانی ئەو وڵاتەشی کرد و پاشانیش گەشتێکی سێ ڕۆژەی کرد بۆ یۆنان. ئامانج لەو سەردان و گەشتانە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا بوو.([14]) ئەمڕۆکەش ڕیفۆرمخوازان گەڕانەوە بۆ ئەو سیاسەتە بە پێویست دەزانن و پێیان وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەورووپا زۆرێک لە کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی چارەسەر دەکات.

دەربارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازانەوە دانوستان و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و تەنانەت لە ڕوانگەی هەندێکیانەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن دەتوانێت چارەسەری زۆربەی کێشەکان بێت و دۆخی ئێران بە تەواوەتی لە شانۆی نێونەتەوەییدا ئاسایی بکاتەوە([15]). ڕیفۆرمخوازان دەڵێن تا ئەو کاتەی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نەبێت، ئەستەمە باقی کێشەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان چارەسەر بن. دەشڵێن پێویستە کۆتایی بە بێ متمانەیی نێوان تاران و واشنتۆن بهێنرێت وەک پێویستییەک بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچە و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و خێراییدان بە ڕەوتی گەشەی ئابووری و سیاسی لە نێوخۆدا.([16]) خاتەمی هەوڵی زۆری دا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بە هۆی بەرهەڵستکاری نێوخۆییەوە سەر نەکەوت([17]). یەکێکیش لە ئامانجەکانی حەسەن ڕۆحانی کەمکردنەوەی گرژییەکان بوو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێی وابوو ئەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گوشارەکان و بە تایبەت ئاساییکردنەوەی دۆخی ئابووری ئێران گونجاوترین سیاسەتە. ڕۆحانی ڕاشکاوانە دەیگوت ئەمریکا کوێخای گوندە و ڕێکەوتن لەگەڵ کوێخا کارێکی ئاسانترە.([18]) ڕۆحانی بۆ یەکەم جار لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا و دوای ٣٥ ساڵ لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ باراک ئۆباما لە ڕێگەی تەلەفونەوە قسەی کرد و ڕۆژی دواتر محەمەد جەواد و جۆن کێری وەزیرانی دەرەوەی ئەوکاتی ئێران و ئەمریکا پێکەوە دیداریان کرد و ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ پێکهێنانی متمانە ڕاڤە کرا.[19] ڕۆحانی دوای هێرشەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیش لە ڕۆژی ١٣ی مانگی ئابی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا هەم پێویستە و هەم واجب. جەختیشی کردەوە لە پێویستی داڕشتنەوەی ستراتیژی نیشتمانی([20]).

سەبارەت بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باقی ڕێکخراوە نیونەتەوەیی و ناوچەییەکان، هەرچەندە ڕیفۆرمخوازان وەک کۆی دەسەڵات پێیان وایە زۆرینەی ڕێکخراوە جیهانییەکان پێویستیان بە ڕێفورمە و بە تایبەتی دەڵین کە دەبێ ڕێوشوێنێک بگیرێتە بەر کە ئەو ڕێکخراوانە لەژێر ڕکێڤی زلهێزان و بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێنە دەر، بەڵام دەڵێن پێویستە لە هەموو ڕێکخراوەکاندا بەشدار بین. بە گشتی ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە ڕێکخراوە جیهانییەکان جیاوازییەکی ئەوتوی لەگەڵ بناژۆخوازان نییە. ئەوانیش دەڵێن پێویستە ڕێکخراوە جیهانییەکان زیاتر ڕۆڵ بگێڕن، بەڵام هاوکات ڕێگە بە بەشداریکردنی هەموو وڵاتان بدەن. سەبارەت بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوشێوەی بناژۆخوازان دەڵێن پێویستە ڕۆڵی کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە بەرجەستەتر بێت. هەروەها دەڵێن پێویستە ژمارەی ئەندامانی هەتاهەتایی ئەنجومەنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بن و نوێنەرانی وڵاتانی جیهانی سێیەم و نوێنەرانی جیهانی ئیسلامیش لەخۆ بگرێت. ئەمە بە کردە ڕوانگەی سەردەمی خاتەمی و ڕۆحانی([21]) و پزشکیانە لە ئێستاشدا. هاوکات پێیان وایە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر بە شیوازێکی دادپەروەرانە کار بکات دەتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی، هەر بۆیە پێویستە ئێران لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە بە شێوەیەکی گونجاو پەیوەندی هەبێت. بە کردەش لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازەکاندا بەشداریکردنی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان زیاتر لە سەردەمی بناژۆخوازان بووە. وەک ئاماژەم کرد لە سەردەمی سەرۆکایەتی خاتەمیدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٠١ی وەک ساڵی گفتوگۆی شارستانییەتەکان ناوزەد کرد. جگە لەوەش، ڕیفۆرمخوازان دەڵێن پێویستە وڵاتەکەیان گرینگییەکی زیاتر بە ڕێکخراوە هەرێمییەکان بدات چونکە ئەو ڕێکخراوانە دەتوانن ئاسانکاری بۆ هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ئەندام بکەن. بۆ نموونە دەڵێن ئێران دەتوانێت لە ڕێکخراوێکی وەک ئێکۆدا – ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری ECO =Economic Cooperation Organization – جەمسەرێکی شارستانی-کولتووری پێک بهێنێت. هەروەها پێگە و هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێران وا دەکات وڵاتەکەیان ڕۆڵی پردی نێوان باکوور – باشوور – ئاسیا – ئەورووپا بگێڕێت. وەک نموونەیەکی دیکە، ئەوان دەڵین وڵاتەکەیان دەتوانێت لە ڕێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامی قازانجی زۆر ببینێت بە تایبەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوەدا تەرکیز بخرێتە سەر بەدیهێنانی سیستەمێکی نێونەتەوەیی فرەجەمسەری. بۆیە بە پێویستی دەزانن وڵاتەکەیان زیاتر لەوەی ئێستا و بە شێوەی جدیتر لەو ڕێکخراوەیەدا ڕۆڵ بگێڕێت.

دەربارەی پرسی فەلەستین و حیزبوڵڵا ڕیفۆرمخوازان هاوشێوەی بناژۆخوازان بە پێویستی دەزانن پشتیوانییان بکەن. ئەوانیش دەڵێن ئاشتی تەنیا لە ڕێگەی پێدانی مافی گەلی فەلەستین و لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکان جێگیر دەبێت. تا ئێرە هەمان ڕوانگەی دەسەڵاتە. جیاوازییەک کە لەم بوارەدا لە نووسراوە و دەربڕینەکانیاندا بەدی دەکرێت ئەوەیە کە ڕیفۆرمخوازان دەڵین پێویستە پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەو گرووپانە بە شیوازێکی قایمکارانە و دووربینانە بێت([22]). سەعید حەجاریان لە ناودارترین تیۆریسیەنەکانی بەرەی ڕیفۆرمخوازان ، دەڵێت لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئوکتوبەری ئیسرائیل، زۆرێک لە دەستکەوتەکانی ئێران لە نێوچوون. حەجاریان دەڵێت سەردەمانێک ئێمە بەرەی موقاوەمەمان هەبوو، بەڵام ئێستا کانێ نیگەرانی ئەوەین دوژمن بە پێکهێنانی “بەرەی شەڕەانگێز” دەورەمان بدات([23]). ڕەنگە ئەم بۆچوونە کاریگەر بووبێت لەوەی کە ڕیفۆرمخوازان لە نەخشەڕێگەکەی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی پشتگیریکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بێت کە خواستی گەلی فەلەستینە. ئەمە جیاوازە لە ڕوانگەی خامنەیی کە باس لە کۆتاییهێنان بە هەبوونی ئیسرائیل و ڕزگاری فەلەستین و قودس دەکات.

مافەکانی مرۆڤ پرسێکی دیکەیە کە بەردەوام کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران هەبووە. ڕیفۆرمخوازان کە لە پڕۆپاگەندە و باسەکانیاندا خۆیان زیاتر لە بناژۆخوازان پابەندی جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ دەنوێنن، دەڵین ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە نیوخۆدا گرینگە چونکە ئەمە تەنانەت لە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. دەڵین هەر ئەم پرسە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە بیانووی ئەورووپییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ببڕێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی وەک گرینگترین پرسی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە، ڕیفۆرمخوازانی ئێران هەر وەک دەسەڵات باس لەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان مافی بێ ئەملاو و ئەولای هەیە کە چالاکی ئەتۆمی ئاشتیخوازانەی–بە وتەی ئەوان- هەبێت. بەڵام ڕیفۆرمخوازان دەڵین سیاسەتی بناژۆخوازان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی نەک هەر بووتە هۆی گەمارۆ و سزادانی قورسی ئێران و ژیانی خەڵکی بەرەو قەیران بردووە، بەڵکو مانەوەی کۆماری ئیسلامیی و بگرە ئێرانیشی خستووەتە مەترسییەوە. هەربۆیە دەڵێن پێویستە وڵاتەکەیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات و لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتنێکی گونجاو بکات. ئەوان دەڵین دۆخەکە بە ئاقارێکدا چووە کە تەنیا ئەم تەگبیرە مانەوەی دەسەڵات و بگرە وڵات گەرەنتی دەکات([24]). ڕیفۆرمخوازان لەو بڕوایەدان سەرباری هەموو کێشە و گرفت و ناکۆکی و گرژییەکان هێشتاش مەودا و دەرفەتی ئاساییکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەیە. بەڵگەشیان ئەوەیە کە دوای ڕێککەوتنی پاریس لە سەردەمی خاتەمیدا و دوای ڕێکەوتنی ناسراو بە بەرجام لە خولی یەکەمی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕۆحانیدا، توانرا هەرچەند بۆ ماوەیەکیش بێت دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ئاسایی بێتەوە و بەشێکی زۆر لە سزا و گەمارۆکان لەسەر وڵاتەکەیان هەڵبگیرێن. بە پشتبەستن بەو ئەزموونانە و دوای هەستکردن بە مەترسی ڕووخانی دەسەڵات و هەڵوەشانەوەی ئێران، ڕیفۆرمخوازان لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل خوازیاری ئەوەن کە کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات و بە شێوەیەکی خۆویست و دڵخواز پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵپسێرێت و ڕێگە بە چاودێرانی ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە بکەن ([25]).

ئەوەی باس کرا ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازانی ئێرانە سەبارەت بە سەرەکیترین پرسەکانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان. سەرباری ئەوەش، دەرکەوتووە ڕیفۆرمخوازی بە گشتی لە ئاستی نێوخۆ و بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا ئایدیایەکی نەزۆک و شکستخواردووە و بەرەی ناسراو بە ڕیفۆرمخواز نەیتوانیوە ئەم بیروبۆچوونانە کە بانگەشەیان بۆ دەکەن بە کردە جێبەجێ بکەن. لێکدانەوەی سادە و ساکار ئەوەیە کە کەسێک پێی وابێت هۆکاری ئەوە نەزۆکییە پەراوێزخستن و و دوورخستنەوەی ڕیفۆرمخوازانە لە لووتکەی دەسەڵات. بەڵام لەڕاستیدا، هۆکارەکان قووڵتر لەوەن و بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی کە پێکهاتەیەکی ڕێفورم هەڵنەگرە و بەشیکی بۆ خودی ڕیفۆرمخوازان کە باسەکانیان زیاتر پڕۆپاگەندەیە و بە کردە نیگەرانییان پاراستنی کۆماری ئیسلامییە تا ئەوەی لە خەمی بەرژوەندییەکانی هاووڵاتیاندا بن. لە درێژەدا بە شێوەیەکی وردتر دەپرژێمە سەر ئەم بابەتە.

هۆکارەکانی نەزۆکی ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا

ڕەنگە سەرەکیترین هۆکاری شکستی ڕیفۆرمخوازی ئەوە بێت کە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی کە لە ئێستادا عەلی خامنەییە هەر وەک سیاسەتی نێوخۆیی لە شانۆی سیاسەتی دەرەوەشدا دەسەڵاتێکی بێ سنووری هەیە و بڕیارەکانی لە هەموو بوارێکدا و لەمەڕ هەموو پرسەکان یەکلاکەرەوەن. هیچ بەرنامە و پلانێکی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە نییە، کە بەبێ پرسکردن و پەسەندکردنی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ بکرێت. سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ڕوانگە و جیهانبینی و بە گشتی ئایدۆلۆژیای ڕابەر دانراوە و ئەرکی سەرەکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە جێبەجێکردنی پرۆگرام و پلانەکانی ئەوە. ئەمە پرسێک نییە کە تەنیا پەیوەندی بە کەسایەتی خامنەییەوە بێت بەڵکو هەڵقوڵاوی ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامییە. چونکە ئەم دەسەڵاتە بێ سنوورانە تا ڕادەیەکیش پشتئەستوورن بە دەستووری وڵاتەکەوە. دەستووری کۆماری ئیسلامیی بە شیوازێک داڕێژراوە کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی بە ڕابەر داوە. بە پێی دەستوور پێگە و جێگەی ڕابەر سەرتر لە هەموو تاک و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئەو وڵاتەیە و هەر سیاسەتێک کە ئەو بە ڕەوای بزانێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ دەستووری وڵاتیش یەک نەگرێتەوە دەبێ بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە([26]). پێدانی ئەم پێگەیە بە ڕابەر بە جۆرێک لە جۆرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی شیعە کە بە پێی دەستوور، مەزهەبی ڕەسمی وڵاتی ئێرانە. لە ڕوانگەی شیعەکانەوە لە ئێستادا کە ئیمام مەهدی – ئیمامی دوازدەهەمی شیعەکان- غەیب بووە و نادیارە تا ئەو کاتەی کە دەردەکەوێتەوە هەموو دەسەڵات و بەرپرسیارییەکانی دەکەوێتەوە ئەستۆی “ولایەتی فەقیھ” و سەرپەرشتی هەموو موسڵمانان و بەتایبەتی شیعەکان دەکات. هەر لەو ڕوانگەوە هەموو پێکهاتە و سیستەمی ئێران ڕەوایی و شەرعییەتی خۆی لە ولایەتی فەقێ وەردەگرێت کە هاوکات ڕابەری وڵاتەکەشە. لەم بارەوە پێویستە ئاماژە بکرێت کە زۆرینەی ئەو دەسەڵاتانەی کە دراون بە ڕابەری ئێران لە بەندی ١١٠ی دەستووری ئێراندا پۆڵێنبەندی کراون کە زۆربەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوە هەیە، لەوانە: دەستنیشانکردنی سیاسەتی گشتی و هەمەلایەنەی حکومەت، چارەسەری کێشەکانی نێوان پەرلەمان و حکومەت و دەزگای داد دەربارەی چۆنێتی ڕاڤەکردنی دەستوور و ڕووداوە نیوخۆیی و دەرەکییەکان، فەرماندەیی هەموو هێزە چەکدارەکان، فەرمانی ڕاگەیاندنی شەڕ یان ئاشتی بەرامبەر وڵاتانی دیکە، چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی ئێران –وەک قەیرانی ئەتۆمی-، ڕەواییدان بە سەرۆک کۆمار بۆ دەستبەکاربوون و بەپێچەوانەوە دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار لە دەسەڵات و هەروەها بڕیاردان سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لە کاتی پێویستدا و بۆ بابەتە گرینگەکان. ئەمانە هەر هەموویان دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ڕابەری ئێران([27]). ئەم دەسەڵاتە فراوانە خۆی لە خۆیدا ڕوونکەرەوەی پێگە و ڕۆڵ یەکلاکەرەوەی ڕابەری ئێرانە لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سیاسەتی دەروەدا. کورت و پوخت، ڕابەر یەکەمین و سەرەکیترین بەرپرس و بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە.

ڕێبەر دەمێکە بۆ هەموو لایەنێک ڕوونی کردووەتەوە کە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی هەمان ئەو هێڵانەن کە ئایەتوڵڵا خومەینی دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دایڕشتوون.[28] ئەو دەڵێت بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەمان لە بنەما ئایینییەکانمان جودانین. بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەمان هەتاهەتایین و هیچ جیاوازی و گۆڕانکارییەک لە بنەما و ئامانجە گشتیی و ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەماندا بوونی نییە. ئێستاش هەمان ئەو ئامانجانەمان هەیە کە لە سەرەتای شۆڕشدا هەمانبوون و لە سیاسەتی دەرەوەدا هەوڵی دابینکردنی ئەو ئامانجانە دەدەین([29]).  ئەو پێی وایە شۆڕشی ئیسلامیی خۆی گەورەترین ڕێفورمە و وەک دەڵێت ڕێفورم لە ناخ و ناوەڕۆک و ناسنامەی شۆڕشی ئیسلامیدایە([30]). ئەو هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماری خاتەمیدا کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەنگی خەڵکی چاوەڕوانی ڕێفورم دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو، لە کۆڕی خوێندکارانی زانکۆی پیشەسازی ئەمیرکەبیری تاران وتی: “ئەمڕۆ، یەکێک لە چەمکە باوەکان، چەمکی ڕێفۆرمخوازییە… من لەو بڕوایەدام کە ڕیفۆرمخوازی سرووشت و گەوهەری شۆڕشی ئیسلامییە. بنەمای شۆڕشە. واتە، هەنگاوی گەورەی ئەم شۆڕشەمانە بەرەو پێشەوە و هەرگیز ڕاناوەستێت و بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕوات. ئەم پێشکەوتنە هەمان ڕیفۆرمخوازییە. بێگومان ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت وانەی ڕیفۆرمخوازیمان پێ بڵێنەوە لێیان وەر ناگرین، چونکە ئەوەی ئەوان بە ڕیفۆرمخوازی دادەنێن پاشڤەڕۆیی و دواکەوتووییە([31]). خامنەیی نیگەرانە لەوەی ڕیفۆرمخوازی دەستی دەرەکی لە پشتەوە بێت و لەو بارەوە لە سەردەمی خاتەمی لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی نوێژی هەینی لە ڕێکەوتی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٠٢، وێڕای ئەوەی ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە ڕیفۆرمخوازی ئەمریکا وەک گەندەڵی وایە دەڵێت: “وەک دەبینن ئەمرۆ لە پڕۆپاگەندەی ئەمریکییەکاندا و لە لێدوانەکانیاندا –نەک هەر لە میدیاکانیاندا، بەڵکو لە لێدوانی سەرۆک و نوێنەران و باقی بەرپرسانیاندا- باس لە ڕیفۆرمخوازی لە ئێراندا دەکرێت. ڕیفۆرمخوازی دەستەواژەیەکی جوانە. بەڵام ئەو ڕێفورمەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە ئێراندا ئەنجامی بدەن، ڕێک وەک گەندەڵی وایە. ئەوان دەیانەوێت کۆماری ئیسلامیی لەنێو ببەن کە دەرکەوتەی بڕوای گەل و سەروەریخوازی ئەوانە. ڕیفۆرمخوازی لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە واتە لەنێوبردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی… لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە ڕیفۆرمخوازان ئەو کەسانەن کە بێنە سەر شەقامەکانی تاران و شووشەی دووکانەنان بشکێنن یان ئاگر لە ترۆمبێلەکان بەر بدەن. هەر کەس لە هەر گۆشەیەکی ئێراندا دژی بەرژوەندییەکانی نەتەوەی ئێران و شۆڕشی ئیسلامی و ئیمام قسەیەکی کرد، لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە ڕیفۆرمخوازە!”.([32]) ئەو نیگەرانە لەوەش کە ڕیفۆرمخوازی لە ئێراندا ببێتە هۆی داڕمانی دەسەڵاتەکەی بەو شیوازەی کە لە سەردەمی گۆرباتشۆڤ لە یەکێتی سۆڤیەتدا بوو. هەر بۆیە دەڵیت: “پێویستە پێناسەیەکی ڕوون لە ڕیفۆرمخوازی بکرێت بۆ ئەوەی بزانین لە کۆتاییدا بە کوێ دەگەین… ئەگەر پێناسەیەکی ڕوون لە ڕیفۆرمخوازی نەکرێت، مودێلە دەرەکییەکان بەسەرماندا دەسەپێن، هەمان ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتدا ڕووی دا، چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چی دەکەن، هەر بۆیە لاسایی هەندێک مۆدێل و پارادایمی ڕۆژاواییان کردەوە و پەنایان بۆ بردن….”([33]) بەم جۆرە بیرکردنەوە، خامنەیی لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە سیاسەتی دەرەوە بەو جۆرە بێت کە دڵخوازی خۆیەتی.

بۆ نموونە، سەبارەت بە سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا کە ڕیفۆرمخوازان بە شێوەیەکی بەرچاو پێداگری لەسەر دەکەن، خامنەیی دەڵێت: “سڕینەوەی ناکۆکییەکان یەکێکە لە سیاسەتە ڕاگەیەندراوەکانی کۆماری ئیسلامیی بەڵام نەک لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، کە هەر لە بنەڕەتدا دان بە بوونیدا نانێین… پرسی ئەمریکاش پرسی سڕینەوەی کێشە و ناکۆکییەکان نییە… چونکە سیاسەتی لووتبەرزانەی ئەمریکا لەسەر بنەمای کێشە و تەنگوچەڵەمە دروسکردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژایەتیکردنی پێشکەوتنی ئابووری وڵاتەکەمانە”.([34])

سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خامنەیی هەتاوەکو ئێستاش پێی وایە ئامانجی واشنتۆن گۆڕینی ڕژێم بووە لە ئێراندا و ئەوەش بیانوویەک بووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەدات. بێگومان ئەو کاتانەش کە لەژێر فشاری سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بە تایبەت سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ناچار بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە لەژێر ناوی ‘نەرمینواندنی قارەمانانە” بووە، مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە نەبووە، بەڵکو ئامانج کەمکردنەوەی گوشارەکان لە قۆناغێکی تایبەتدا بووە.([35]) خامنەیی هەر پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دۆسیەی ئەتۆمی و لە خولی یەکەمی سەرۆک کۆماری خاتەمیدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر قسەکانی خاتەمی کە ئەمریکای بە شارستانییەتی مەزن وەسف کردبوو و باسی ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە کردبوو، وتی دانوستان و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئێران بێ سوودە. ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە هەر شتێک دەبێتە هۆی یەکاناگیری گەلی ئێران بیکاتە دەستمایەی دووبەرەکی. وتیشی هەر کات بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەدوێن ئەوا مەبەستیان دروسکردنی نائەمنی، دووبەرەکی و دوودڵی و ڕاڕاییە. جەختیشی کردەوە کە دوژمنایەتی ئەمریکا بە دانوستان کۆتایی نایەت. ئەمریکا بە شوێن بەرژوەندییەکانی خۆیەتی لە ئێراندا. تێچووی ئەوەی کە مرۆڤ سەربەرزانە بەرامبەر ئەمریکا ڕاوەستێت، زۆر لەوە کەمترە کە بەرامبەر ناهەقییەکانی ئەمریکا چۆک دابدات([36]). هەروەها لە کۆتا ساڵی سەدەی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەی بەشێک لە خوێندکاران لە ساڵیادی گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکادا دەڵێت: “لەم دواییانەدا خودی ئەمریکییەکان.. لە پێشەوە و هەندێک قەڵەم فرۆشی سووک و ڕیسوا و ڕەنگە کەسانێک فریوخواردوو و نەزان لە نێوخۆی وڵاتدا وا بیر دەکەنەوە ئەگەر ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێک وەک ئێران ئاسایی بکاتەوە، بەخێرایی هەموو کێشە ئابورییەکانی نەتەوەی ئێران چارەسەر دەبن! ئەگەر کەسێک وا بیر بکاتەوە، تووشی هەڵەیەکی زۆر گەورە بووە.”([37]) خامنەیی وتیشی: “ئەوانەی باس لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن یان ئەلفوبێی سیاسەت نازانن یاخود هیچ غیرەت و پیاوەتییان نییە، بەدەر لەمە نییە. لەکاتێکدا دوژمن نێوچاوان تاڵ دەکات و بێ ڕێزی دەکات و پشتڕاستیشی دەکاتەوە کە دەیەوێت دژی ئەم دەسەڵاتە و ئەم وڵاتە و بەرژوەندییەکانی کار بکات، هەندێک کەس لێرەدا بە شێوەیەکی سووک و زەبوونانە دەڵین چ بکەین و چ نەکەین؟ نزیکیان کەوینەوە؟ گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین؟ تکایان لێبکەین؟ ئەمە بێ ڕێزییە بە شکۆی گەلی ئێران و نیشانەی ناپیاوی و نەبوونی غیرەتە. بەمە ناوترێت سیاسەتوانی… ئەمەی ئێوە دەیکەن دژی تێگەیشتنی سیاسییە”([38]). بێگومان من لێرەدا بە مەبەست ئاماژەم داوە بۆ لێدوانەکانی خامنەیی لە ساڵانی پێشوو و تەنانەت پێش دەسەڵاتگرتنی ڕیفۆرمخوازان و سەرهەڵدانی دۆسیەی ئەتۆمی. مەبەست ئەوەیە جۆری بیرکردنەوەی خامنەیی سەبارەت بە ئەمریکا لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. لە مێژوویەکی نزیکتردا، واتە لە سەردەمی ڕۆحانیدا کە هەوڵ دەدرا گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا کەمتر ببنەوە و بگەنە ڕێکەوتنێکی ئەتۆمی، خامنەیی دەیگوت: ” ئێمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دەوڵەتێک دەزانین کە متمانەی پێ ناکرێت. دەوڵەتێکی خۆبەزلزان و نالۆژیکی و پەیمانشکێن، دەوڵەتێک کە بەتەواوەتی کەوتووەتە ژێر ڕکێڤی تۆڕی زایۆنیستی نێونەتەوەیی”.([39]) هەر لەم دوایانەدا و لە ڕاگەیەندراوی ژمارە ٣ لە کۆتایی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وێرای ئەوەی کە ئاماژەی بە شکستی ئیسرائیل و ئەمریکا کرد، ڕایگەیاند ئێران تا ئێستا چۆکی بۆ ئەمریکا دانەداوە و لەمە بەدواش چۆک دانادات.([40]) دواتریش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر نەخشەڕێگەکەی بەرەی ڕیفۆرمخوازان وتی: کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا قووڵە و چارەسەر ناکرێت. ئەوانەی خوازیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکان تەنیا ڕووکەش و ڕەواڵەتی بابەتەکە دەبینن. وتیشی دۆناڵد ترەمپ تەنیا ئەوەی دەوێت کە ئێران گوێڕایەڵی ئەمریکا بێت([41]). خامنەیی چەندە دژایەتی نزیکبونەوە لە ئەمریکا دەکات، هێندە لایەنگری نزیکبونەوە لە بەرەی دژە ئەمریکا واتە ڕووسیا و کۆماری چین و کۆریای باکوورە. ئەمە لە دەرەوەی ئەم باسەیە و زیاتر ناپرژێمە سەری.

هەروەها سەبارەت بە پرسی فەلەستین و حیزبوڵڵا، خامنەیی لانیکەم بە سیاسەتی ڕاگەیەندراو تا ئێستا نەرمی نەنواندووە. پێی وایە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی بریتییە لە پشتیوانی لەو گرووپ و ڕێکخراوانە تا ئەو کاتەی ئیسرائیل لەنێو دەچێت. ئەو دەڵێت پرسی فەلەستین پرسێکی ئایینییە و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامیی تەنیا بابەتیکی سیاسی نییە. وەک خۆی دەڵێت:”ئێمە بەرگری لە موسڵمانان و بەرگری لە نەتەوە چەوساوەکان بە بشێک لە بنەما سیاسییەکانی خۆمان دادەنەین و دەستی لێ هەڵناگرین. ئەمریکا چەندە لە زایۆنیزم بەرگری بکات ئێمە زیاتر بەرگری لە فەلەستین دەکەین…”.([42]) ئەو بەرگریکردن لە حیزبوڵڵاش بە واجبی ئایینی دادەنێت.

ئەو دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، پێی وایە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەردەوامبوون لە چالاکییە ئەتۆمییەکان مافی کۆماری ئیسلامییە و هێڵی سوورە. پێێ وایە پاشەکشێکردن لە دۆسیەی ئەتۆمی بە واتای هەموارکردن و تەختوڕاستکردنی ڕێگە بۆ فرەخوازی زیاتری ئەمریکا و ڕۆژاوا دێت تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بهێنن. دەڵیت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەن بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی میدیا و پڕۆپاگەندەوە دۆسیەکەیان بەئەمنییەتی کردووە. بۆیە وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، خامنەیی تا ئەو کاتانەی کە بە تەواوەتی نەکەوتووتە ژێر فشاری سزا و گەمارۆ هەمەلایەنەکان نە بە سەرۆکە بناژۆخوازەکان و نە بە سەرۆکە ڕیفۆرمخوازەکان مۆڵەتی دانوستانی نەداوە. ئەو کاتەش خۆی بە پێویستی زانیبێت کۆتایی بە دانوستانەکان هێناوە یاخود بە کردە هەڵیپساردوون. هەم لە سەردەمی خاتەمی و هەم لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ڕۆحانیدا ئەمە ڕووی دا. لە سەردەمی ڕۆحانیدا کە ئێران و ئەمریکا لە ڕێکەوتن نزیک ببوونەوە و بە وتەی ڕیفۆرمخوازان تەنیا ئەوە مابوو واژۆ لەسەر دەقی ڕێکەوتنەکە بکرێت، خامنەیی مۆڵەتی نەدا و دوای دەسەڵاتگرتنی ڕەئیسی بە تەواوەتی باسی ئەو ڕێکەوتنە وەلا نرا([43]). هەر ئەو سووربوونەوەی خامنەیی بووە هۆکار لە کۆتاییدا ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشێکی برووسکەئاسادا بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران بوردۆمان بکەن. ئەستەمە وڵاتێک لەسەر بنەمای دیموکراسی ئیدارە بکرێت و بەو ئاسانییە بکرێتە ئامانجی ئەکتەرە دەرەکییەکان.

ئەم خەسڵەتەی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی کە تێیدا دەسەڵاتێکی زۆر و بەرفراوان بە ڕابەر دراوە، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە هەڵگری ڕێفورم نییە و ئەستەمە کۆماری ئیسلامیی لانیکەم بە بێ گۆڕینی ئەم دەستوورەی ئێستای گۆرانکاری قووڵ بە خۆیەوە ببینێت. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکی ڕێفورم دژوارترە، چونکە لەم ساڵانەی دواییدا خامنەیی بە ئاشکرا تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیدا پەراوێز خستووە. لە هێرشی مووشەکی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریکا لە عێراق، تەنانەت حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە لەو هێرشە ئاگادار نەکرانەوە. دوای ئەوەی ڕۆحانی ئەوەی ئاشکرا کرد، ڕۆژنامەی کەیهان نزیک لە خامنەییە لە وتارێکدا نووسی کە بڕیاری ئەو هێرشە لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازی دراوە و کەمتر لە ١٠ کەس لە بەرپرسانی هێزە سەربازییەکانیش پێشوەختە ئاگاداری ئەو هێرشە بوون، هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پێویست بوو ئەو بڕیارە تا ئەنجامدانی هێرشەکە بە نهێنی بمێنێتەوە([44])! لە کۆتاییەکانی نیسانی ساڵی ٢٠٢١، فایلێکی دەنگی زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوبووەوە کە تێیدا باسی لە ڕۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەکرد، گوایە بە هاوکاری ڕووسیا ویستوویەتی ڕێگە لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بگرێت. هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە ڕووسیا ویستوویەتی ئێران بچێتە نێو شەڕی سووریاوە و قاسم سولەیمانی جێبەجێکاری خواستی ڕووسیا بووە. کۆی قسەکانی زەریف ئەوە بوو کە سوپای قودس و قاسم سولەیمانی زیاتر لە وەزارەتی دەرەوە گرنگییان پێ دەدرێت و بە کردە ئەوانن کە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچە جێبەجێ دەکەن. خامنەیی وەک کاردانەوە بەرامبەر قسەکانی زەریف وتی هەندێک بابەت لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دوژمنان بڵاو کرانەوە کە دووپاتکردنەوەی قسە و بانگەشەکانی دوژمنان بوون. ئەو گوتی سوپای قودس لە دەرەوەی سنوورەکان سیاسەتی شکۆمەندانەی کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ دەکات و یارمەتیدەرە بۆ دیپلۆماسییەکی چالاکانە. هەروەها وتی وەزارەتی دەرەوە جێبەجێکاری سیاسەتی دەرەکییە نەک داڕێژەر. خامنەیی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە دادەڕێژرێت.([45]). لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی (٢٠٢١-٢٠٢٤) هەتاوەکو ئێستا کە مەسعود پزیشکیانی نزیک لە بەرەی ڕیفۆرمخوازان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەیە ڕۆڵ و کاریگەری وەزارەتی دەرەوە کەمتریش بووەتەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و سوپای پاسداران سیاسەتی دەرەوەی ئێران دادەڕێژن و وەزارەتی دەرەوە پەراوێز خراوە.

هۆکاری دیکەی نەزۆکی ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازی لە ئێران خودی ڕیفۆرمخوازانن. ڕاستە لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ڕیفۆرمخوازی لە سەردەمی سەرۆکایەتی خاتەمی خەڵک بەو هیوایەی بینەری قەڵافەتێکی نوێ لە سیاسەت بن، پێشوازییان لێ کردن و دەنگیان پێدان، بەڵام بێ توانایی ڕیفۆرمخوازان لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان و لە ساڵانی دواتریشدا هەڵوێستی لاوازی ڕیفۆرمخوازان بەرامبەر دەسەڵات لە کاتی سەرکوت و کوشتاری هاوڵاتیانی ئێرانی و بەپێچەوانەوە بەرگریکردنی دەستەیەک لە ڕیفۆرمخوازان لە دەسەڵات، گەلی ئێران و بە تایبەت پێکهاتە نەتەوەییەکانی بەو قەناعەتە گەیاند کە ڕیفۆرمخوازان بەشێکن لە دەسەڵاتی  کۆماری ئیسلامیی و خەمی ئەوان داڕووخانی دەسەڵات و ئامانج و کەڵکەڵەیان مسۆگەرکردنی مانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە و تەنانەت بڕوایان بەو تیۆری و چەمکانەش نییە کە خۆیان باسیان دەکەن([46]). بە کردەش لە ئاستی نێوخۆدا لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازاندا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و بە تایبەتی پێکهاتە نەتەوەییەکان کە سەرەتا بە شێوەی بەرچاو پاڵپشتی ڕیفۆرمخوازانیان کرد ڕووی نەداوە. بگرە ڕیفۆرمخوازان لەم ساڵانەی دواییدا دژی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بوون لە ئێراندا بەو بیانووەی کە ئەو گۆڕانکارییە لەم ساتەوەختەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەقینەوەدایە، دەتوانن وڵاتەکەیان تووشی چارەنووسی سووریا و عێراق

و لیبیا بکات.

دەزانین کە لە جیهانی ئێستادا بە پێچەوانەی سەدەکانی ڕابردوو، ئەستەمە سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی لێک جودا بکرێنەوە. لەڕاستیدا ئەمە نوکتە و جەفەنگی سیاسییە کە ڕیفۆرمخوازان کە خۆیان بەشێکی سەرەکین لەو ستەمە نەتەوەیی و نادادپەروەرییەی لە نێوخۆدا بەرامبەر پێکهاتە نەتەوەییەکان دەکرێت و بە گشتی زۆر کات ڕێگرن لە گۆڕانکاری بنچینەیی سیاسی لە نێوخۆ لە بەرژوەندی هاووڵاتیان، لە دەرەوەی سنوورەکان باس لە پێویستی گفتوگۆی شارستانییەتەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی نێونەتەوەیی و جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری و لایەنگری لە نەتەوە چەوساوەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکەن. ئەوان تەنانەت لە ڕاگەیەندراوەکەی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا کە کاردانەوەی توندی بناژۆخوازانی لێ کەوتەوە، هیچ باسیان لە گۆڕینی دەستوور یان گشتپرسی نەکردووە و هیچ ئاماژەیەکیش بە وەلانان یاخود گۆڕینی ڕێبەر نەکراوە، بۆیە وا دەردەکەوێت ئەم ڕاگەیەندراوەش زیاتر لە ئاڕاستەی پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە.([47]) کۆی ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ڕیفۆرمخوازان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا وەک کەسانی دووڕوو سەیر بکرێن کە گوتار و کرداریان یەک ناگرێتەوە. بێ هۆ نییە ڕاگەیەندراوەکەشیان لە نێو هاووڵاتیاندا پێشوازی لێ نەکرا. لەڕاستیدا هاووڵاتیانی ئێران هیوایەکیان بە کۆی دەسەڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە هەمەلایەنەکان نەماوە، هەر بۆیە کۆتایی چیرۆکی دوانەی ساختەی بناژۆخوازی و ڕیفۆرمخوازی بووەتە درووشمی سەرەکی هەموو خۆپیشاندانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی. بە حەقیقەت، بەرەیەک کە هەم لە دەسەڵات پەراوێز خرابێت و هەم پاڵپشتی زۆرینەی خەڵکی لەگەڵ نەبێت، ئەستەمە بەدیهێنەری گۆرانکاری بنچینەیی لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوە بێت. کۆماری ئیسلامیی وەک چۆن لە ئاستی نێوخۆیی و لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەکان بڕێک جار بەناچارەکی دان بە هەندێ گۆڕانکاریدا دەنێت، دەکرێت لەژێر گوشاری سزا و گەمارۆ دەرەکییەکانیشدا هەندێک جار لە سیاسەتی دەرەکیدا نەرمی بنوێنێت. لۆژیکی ئەم گۆڕانکاریانە هەوڵدانە بۆ درێژەکردنەوەی تەمەن و گەرەنتیکردنی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی نەک ڕێفورمی بنچینەیی.

ئەنجام

بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لانیکەم لە سی ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە وا دەربکەون کە دەتوانن بە پشتبەستن بە وێژمانێکی جیاواز گۆرانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیاندا پێک بهێنن. لە سەردەمی خاتەمی و حەسەن ڕۆحانی و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران کە مەیلی ڕیفۆرمخوازنەی هەیە باسیان لە هەندێ بنەمای سیاسەتی دەرەوە وەک سڕینەوەی گرژی و ناکۆکییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، پێویستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، پابەندی زیاتر بە مافەکانی مرۆڤ و هتد کردووە، بەڵام بە کردە ئەم وێژمانە نەتوانیوە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگ بداتەوە. لە لایەکەوە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی و بە تایبەت پێگە و جێگەی ڕابەر و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بڕیارە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا و شێوازی دەسەڵاتی ڕەها وای کردووە کە کۆماری ئیسلامیی هیچ جۆرە ڕێفۆرمێکی ڕاستەقینە هەڵنەگرێت. لە لایەکی دیکەوە، جگە لەوەی کە خودی ڕیفۆرمخوازانیش زۆر کات سەلماندوویانە کە بۆ ئەوان مانەوەی کۆماری ئیسلامیی لە هەر شتێکی دیکە لای ئەوان گرینگترە و باسی دیموکراسی و کرانەوە و ئازادی لە نێوخۆ و سڕینەوەی گرژییەکان لە دەرەوە و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهان و بوون بە ئەکتەرێکی ئاسایی تا کاتێک لایان گرینە کە نەبنە هۆی گوڕینی ڕژێم. لەڕاستیدا لە دەرەوەی تیۆرییەکان و لێدوان و وتارەکان، بە کردە گۆرانکارییەکانی سەردەمی ڕیفۆرمخوازانیش وەک تاکتیکێکی دەسەڵات و نەرمینواندنێکی سنووردار خۆیان نواندووە. مەبەست دەربازبوون بووە لە قەیرانەکانی قۆناغگەلێکی تایبەت. بۆیە لە لایەن خەڵکەوە دوانەی بناژۆخواز و ڕیفۆرمخواز فێڵی دەسەڵاتە. بەم وەسفە دوور و ئەستەمە کە سیاسەتی دەرەوەی ئیران لانیکەم تا ئەو کاتەی خامنەیی لە دەسەڵاتدایە و دەستووری ئەو وڵاتەش نەگۆڕدراوە، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی ڕیفۆرمخوازانەی بەسەردا بێت. ئەمە بەو واتایە نییە کە چاوەڕوانی گۆرانکاری چارەلێبڕاو نەبین!

پەراوێز و سەرچاوەکان

[1] . لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوودا سێ سەرۆک کۆماری نزیک لە بەرەی ڕیفۆرمخوازان و دوو سەرۆک کۆماری نزیک لە بناژۆخوازان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە. سەید محەمەد خاتەمی، حەسەن ڕۆحانی و لە ئێستادا مەسعود پزیشکیانی سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخوازان سەرجەم ١٧ ساڵ و مەحمود ئەحمەدی نژاد و ئیبراهیم ڕەئیسی بناژۆخواز سەرجەم ١١ ساڵ. وێرای ئەوەی کە ڕۆحانی و پزیشکیان خۆیان وەک کەسانی میانەڕۆ ناساندووە بەڵام بە یارمەتی ڕیفۆرمخوازان دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە و زیاتر وەک سەرۆک کۆماری بەرەی ڕیفۆرمخوازان دەناسرێنەوە. سەرباری ئەوەش، لانیکەم لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا هەموو جارێک بناژۆخوازان لە مەجلسی شۆرای ئیسلامیدا زۆرینە بوون. هەموو هێزە چەکدارەکان لە کۆنتڕۆڵی ئەواندان و تەنانەت دەزگای داد و هێزەکانی ئاسایش جێبەجێکەری ڕوانگە و فەرمانەکانی بناژۆخوازانن.

[2] .ڕاگەیەندراوی بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران کە لە جەندین جێگای ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ دەکرێت، لەژێر ناوی “ئاشتی نیشتمانی: دەرفەتێکی زێڕین بۆ گۆڕانکاری و گەڕانەوە بۆ گەل” ١١ بەند لەخۆ دەگرێت و وەک خۆیان وتوویانە نەخشەڕێگایەکی پێویستە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە دەرەکی و نێوخۆییەکان. ئەم ڕاگەیەندراوە وەک پێداویستییەکانی ئاستی نێوخۆیی ئاماژە بەو خاڵانە دەکات: دەرکردنی لێبوردنی گشتی، ئازادکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان، گرینگیدان بە گەشەی وڵات و خۆشبژێوی هاوڵاتیان و کۆتاییهێنان بە ململانێی ئایدۆلۆژیک، کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ڕەخنەگران و جودابیران، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانەی کە لە سەرەوە و لە دەرەوەی یاسا بڕیار دەدەن، کۆتاییهێنان بە پرژوبڵاوی لە ڕەوتی بڕیاردان، گەڕانەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ بنکە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانیان لە کاروباری سیاسی و ئابووری و کلتووری، پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکان و شیوازی دابینکردنی ئاسایشی نێوخۆیی، مسۆگەرکردنی ئازادی میدیا و چاپەمەنی و کۆتاییهێنان بە سانسۆر، گۆڕینی یاساکانی دژ بە مافی ژنان و هەروەها پێدانی دەرفەتی یەکسانی ئابووری بە هەموو هاووڵاتیان و دابینکردنی بەستێن بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی نێوخۆیی و دەرەکی. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکیش ئاماژە بە هەندێک گۆڕانکاری پێویست دەکەن، لەوانە: پێویستی کەڵکوەرگرتن لە هەموو تواناکان لە بواری دیپلۆماسی فەرمی و دیپلۆماسی گشتی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە Snapback Mechanism لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە، هەڵپساردنی دڵخوازانەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕێگەدان بە چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ چاوەدێریکردنی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و لە کۆتاییدا دەستپێکردنی دانوستانی هەمەلایەنە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر دەسەڵات ئامادەی ئەو گۆڕانکاریانە نەبێت ئەوا وردەوردە بەرەو داڕووخان دەچێت. بڕوانە دەقی ڕاگەیەندراوەکە لەو لینکەی خوارەوەدا:

https://www.iran-emrooz.net/index.php/news1/more/122699/

[3]. بڕوانە ئەو سەرچاوانە:

– ابولافضل صدقی. ١٣٩٢. سیاست خارجی دولت خاتمی، تهران: مرکز اسناد انقلاب اسلامی، چاپ اول، بهار، ص ٢٩

-علیرضا ازغندی. ١٣٨٦. سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، تهران: نشر قومس، چاپ چهارم ، ص ٣٠.

[4]. مسعود لعلی. ١٣٧٨. خاتمی از چه میگوید؟. تهران: انتشارات آزادی اندیشه، چاپ دوم، ص ١.

[5].جواد سوری.١٣٨٤. “از تنش زدایی تا تعامل سازنده و موثر: بازتاب جهانی شدن در سیاست خارجی خاتمی”، فصلنامه ڕاهبرد، شماره سی و ششم، تابستان، ص ١٨٧.

[6] – لەم بارەوە بڕوانە ئەو سەرچاوانەی خوارەوە:

-ابوالفضل صدقی، هەمان، ل ٣٠.

-فرهاد درویشی و محمد فردی تازەکند.١٣٨٨ . “مفهوم منافع ملی در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، مطالعە موردی: دولت خاتمی 84 – 1376″، فصلنامه ژئوپلتیک، سال چهارم، شماره سوم، پاییز و زمستان، ص ١٢٥.

– جواد سوری. هەمان، ل ١٨٦.

[7] جواد سوری. هەمان. ل ١.

[8]. بۆ نموونە بڕوانە: کامران طارمی و ایرج مرادی. ١٣٩٣. “بررسی سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران با اتحادیه اروپا در سە دهە گذشتە”، پژوهشنامه ڕوابط بین الملل، دوره 7 ، شماره 28 ، زمستان، ص 149

9] -بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هەر دوای دەسەڵاترتنیان لە ساڵی ١٩٧٩ لە لایەکەوە کەوتنە دژایەتی ڕۆژاوا و لە لایەکی دیکەوە دەستیان کرد بە کوشتاری نێوخۆیی و تیرۆری نەیاران لە دەرەوە و زۆرێک لە ڕابەرانی ئۆپۆزیسیونیان لە وڵاتانی ئەورووپا تیرۆر کرد لە نێویاندا دوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واتە دکتور قاسملو و دکتور شەرەفکەندی. ئەمانە و دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و ڕێکخستنی گروپە تیرۆریستییەکان وایان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی و بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژاوا تێک بچێت.

[10] جلال دهقانی فیروز آبادی. ١٣٨٨. سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، تهران: انتشارات سمت، چاپ اول، بهار، ص ٤٥٥.

[11] . ڕوزنامه فرهیختگان. ۱۴۰۴/۰۶/۲۴. ” دیدار ولیعهد عربستان با مسعود پزشکیان”،

https://farhikhtegandaily.com/amp/214032/

[12] – بڕوانە دەقی ڕاگەیەندراوەکە لەو لینکەی خوارەوەدا:

https://www.iran-emrooz.net/index.php/news1/more/122699/

هەروەها بڕوانە ئەم سەرچاوەیە: اینترنشنال. ۲۷ مرداد ۱۴۰۴. “جبهه اصلاحات خواستار تعلیق غنی‌سازی، آزادی زندانیان سیاسی و پایان سرکوب منتقدان مصلح شد”، https://www.iranintl.com/202508182346

[13] – بڕوانە : جلال دهقانی فیروزآبادی، هەمان، ل 462 و ابوالفضل صدقی، هەمان، ل 86

[14] – لەکۆتاییدا، هیچ یەک لەمانە نەبوونە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا. من لە درێژەدا دەگەڕێمەوە سەر هۆکاری شکستهێنانی ڕیفۆرمخوازی لە کۆماری ئیسلامییدا.

[15] .ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لەو کەسانەی ئێستا لە بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێراندان، دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، لایەنگری گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بوون و بەشێکیان لە هەڵمەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی ئەمریکی لە باڵوێزخانە بەشدار بوون، کەچی ئێستا ئەوان تامەزرۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانن لەگەل ئەو وڵاتە و بەشێکی زۆر لە نێوان ناکۆکییەکانیان لەگەڵ خامنەیی و بناژۆخوازان بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە. لەدرێژەی باسەکەمدا دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە و بۆ نموونە ئاماژە بە هەڵوێستەکانی ئەو سەردەمەی کەسایەتییەکی وەک خاتەمی سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیاوازی ئەو هەڵوێستانەی لەگەڵ هەڵوێستەکانی دواتری دەکەم.

[16] – حسن کریمی فرد. ١٣٩٨. “سیاست تنش زدایی ڕوحانی در قبال آمریکا: اهداف و موانع”، فصلنامە سیاست، مجلە دانشکدە حقوق و علوم سیاسی، دورە ٤٩، شمارە ١، بهار، ص ٢١٧ و ٢١٨،

https://jpq.ut.ac.ir/article_70954_8c4d0607a0c2dcb849215a813e98bc5f.pdf

[17] – بناژۆخوازان دەڵێن لە سەردەمی خاتەمیدا و بە تایبەت دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ڕێگەی وڵاتی سوئیسڕاوە نامەیەکیان بۆ جۆرج دەبلیۆ بۆشی سەرۆکی ئەمریکا ناردووە کە تێیدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پرسگەلێک وەک ڕوونکردنەوەی چۆنێتی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ گرووپە فەلەستینییەکان، چەککردنی حیزبوڵا، دانپێدانان بە وڵاتی ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکان. لەبەرامبەردا ئەمریکا بەڵێن بدات هەوڵی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی یان گۆڕانکاری سیاسی لەو وڵاتەدا نەدات و کۆتایی بە هەموو سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران بێنێت و ڕێگر نەبێت لەوەی ئێران ببێتە ئەندامی ڕێکخراوی جیهانی بازرگانی. هەروەها واشنتۆن یارمەتیدەر بێت بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حیزبە بەرهەڵەستکارەکانی ئێران لە عێراقدا. بە وتەی بناژۆخوازان ئەم نامەیە کە بۆشی کوڕ هیچ گرینگییەکی پێ نەداوە بە نهێنی نێردراوە و دواتر ئاشکرا بووە. لەم بارەوە بڕوانە ئەو سەرچاوانە: ڕوزنامه کیهان. ٠٩ دی ۱۳۹۹. ” نامة محرمانه دولت خاتمی به ڕئیس‌جمهورآمریکا!”، https://kayhan.ir/fa/news/207309

[18] -بە گێڕانەوە لە: علی اکبر جعفری و دیان جانباز. ١٣٩٥. “تنوع گفتمانی در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران و وجوە دیپلماسی نوین هستەای”، فصلنامە پژوهشهاي ڕاهبردي سیاست، سال چهارم، شماره 16 ، بهار، شماره پیاپی 4، ص ١٠٣،

https://qpss.atu.ac.ir/article_3987_97d3e7eb61796bd17eead99cfe04e3f4.pdf

[19] -حسن کریمی فرد. ١٣٩٨. هەمان، لل ٢٠٦ و ٢١٣ و ٢٠١٥

[20] . اینترنشنال. ۲۷ مرداد ۱۴۰۴. “جبهه اصلاحات خواستار تعلیق غنی‌سازی، آزادی زندانیان سیاسی و پایان سرکوب منتقدان مصلح شد”، https://www.iranintl.com/202508182346

[21] .حسین کریمی فرد. ١٣٩٢. “جایگاه سازمان های بین الملل در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه سازمان های بین الملل، سال اول، شامرە چهارم، زمستان، ص ١٤٣.

[22]. وەک پێشتر وتم لەو نامەیەدا کە لە سەردەمی خاتەمیدا بۆ ئەمریکا نێردراوە، باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت دەربارەی چەککردنی حیزبوڵا و گرووپە ئیسلامییەکانی بەرەی موقاومە دانوستان بکەن. هەڵبەت بەبۆچوونی من دەکرێت وەک نامەیەک لە لایەن کۆی دەسەڵاتەوە سەیر بکرێت، چونکە ئەستەمە نامەیەکی لەو جۆرە بە بێ ئاگاداری و پەسەندی خامنەیی بۆ ئەمریکا بنێردرێت. بێگومان لەو قۆناغەدا بە هۆی ئەو ترسەی لە ئیدارەی بۆش هەیانبوو کە ئەو کات هێرشی کردبووە سەر ئەفغانستان و عێراق و ناوی ئێرانیشی خستبووە نیو لیستی وڵاتانی شەڕانگێز دوور نییە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییی ئەو بڕیارەی دابێت بەڵام بناژۆخوازان بیدەنە پاڵ ڕیفۆرمخوازان. کەماڵ خەرازی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی وێرای ئەوەی کە ئاماژە دەکات نووسینی ئەو نامە پێشنیاری ئەو بووە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی نووسینی نامەکە، نیگەرانی ئەوان بوو لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران. لەم بارەوە بڕوانە: ڕوزنامه شرق. ۱۵ مرداد ۱۳۹۸. ” نامه 2003 چه بود؟”،

https://www.sharghdaily.com/%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%A7%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1-3/786405-%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%DA%86%D9%87-%D8%A8%D9%88%D8%AF

[23] -سعید حجاریان. ۲۳ تیر ۱۴۰۴. جنگ ۱۲روزه: میهن‏‌پرستی بود نه ملی‌گرایی، گفتگو با ڕوزنامه هم میهن، https://www.khabaronline.ir/news/2089394/

[24] -یەکێک لە درووشمە سەرەکییەکانی حەسەن ڕۆحانی لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا ئەوە بوو کە “ڕاستە دەبێ چەرخی سانتریفیۆژی ئەتۆمی بگەڕێت، بەڵام پێویستە چەرخی کارگەکان و ژیانی خەڵکیش بگەڕێت”، ڕەنگە ئەمە ڕەنگەدانەوەی کۆی بۆچوونەکانی ڕیفۆرمخوازان بێت سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.

[25] – بڕوانە بەندەکانی ٩ و ١٠ی ڕاگەیەنداروی بەرەی ڕیفۆرمخوازان لەو لینکەدا: https://www.iran-emrooz.net/index.php/news1/more/122699/

هەروەها سەیری ئەو سەرچاوە بکە: فرهاد محمد صادقی. ۲۰/۰۸/۲۰۲۵. ” شکاف در حاکمیت پس از جنگ ۱۲ ڕوزه؛ جبهه اصلاحات: خطر «فروپاشی تدریجی» جدی است”، یورونیوز:

https://parsi.euronews.com/2025/08/20/reform-front-risk-of-gradual-collapse-is-serious

[26] . لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەوە لە چوارچێوەی حوکمی حکومەتیدایە کە بەو پێیە ڕابەری ئێران دەتوانێت لە دەرەوەی یاسا لەسەر هەموو بابەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بڕیار بدات. لەم بارەوە بڕوانه: نیلوفر اردم. ١٣٩٠. بررسی مقایسەای تاثیر و نفوذ ڕهبری در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران در دورەهای ڕیاست جمهوری آقای هاشمی، پایاننامه جهت اخذ مدرک کارشناسی ارشد، دانشگاه آزاداسلامی واحد تهران مرکزی، دانشکده علوم سیاسی، تابستان، ص 1

[27] .بڕوانە بەندی ١١٠ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی لەو بەستەرەدا:

 https://www.lu.ac.ir/uploads/123456_20436.pdf

هەروەها بۆ خوێندنەوەی وردەکاری زیاتر لەم بارەوە بڕوانە ئەو سەرچاوانەی خواراوە: علیرضا ازغندی. ١٣٨٩. چارچوب ها و جهت گیری های سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، تهران: نشر قومس، چاپ اول، ص ٥٤ و فرزاد پورسعید. ١٣٨٧. ساختار و ڕوند تصمیم گیری در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران: تحلیل متون آموزشی و پژوهشی”، فصلنامه مطالعات ڕاهبردی، سال یازدهم، شمارە دوم، شمارە مسلسل ٤٠، تابستان، ص ٩

https://quarterly.risstudies.org/article_938_651b06e3edc3fed90361be261452eb48.pdf

و جلال دهقانی فیروزآبادی، هەمان، لل ٢٥٤-٢٦٢.

[28] . بیژن ایزدی. ١٣٧١. درآمدی بر سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، قم: انتشارات بوستان کتاب، صص 112 – 111

[29] .بڕوانە وتەکانی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکانی شاندە دیپلۆماتکارەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، https://farsi.khamenei.ir/news-content?id=1172

[30] . وتاری خامنەیی لە نوێژی هەینی، ١٤ / ٠٤ / ٢٠٠٠،

https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3002

[31] . بڕوانە وتەکانی خامنەیی لە کۆڕی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی ئەمیر کەبیری تاران، ٢٠٠١ / ٠٢ / ٢٧، https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3053

[32] . وتەکانی خامنەیی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنکەکانی بەڕێوەبەری نوێژی هەینی، ٠٧ / ٢٧ / ٢٠٠٢، https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3133

[33] .وتەکانی خامنەیی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، ٠٩ / ٠٧ / ٢٠٠٠،

https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3016

[34] .بە گێڕانەوە لە: جلال دهقانی فیروزآبادی، هەمان، ل 456.

[35]. بەراوردی بکە لەگەل ئەو سەرچاوە: حسن کریمی فرد. ١٣٩٨، هەمان، ل ٢٠١٤،

[36] .وتاری خامنەیی بۆ خەڵک و زیارتکەران لە شاری مەشهەد، ١٥.٠١.٢٠٠١،

https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3001

[37] .وتەکانی خامنەیی لە کۆڕی قوتابیان و خوێندکاران، ٠٣. ١١. ١٩٩٩،

https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=2978

[38]. بڕوانە وتەکانی خامنەیی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵەی کوژراوانی کۆماری ئیسلامیی لە شەڕی عێراق، ٢٢.٠٥.٢٠٠٢ ، https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=3122

[39] – بە گێڕانەوە لە: حسن کریمی فرد. ١٣٩٨، هەمان، ل ٢٠١٤،

https://jpq.ut.ac.ir/article_70954_8c4d0607a0c2dcb849215a813e98bc5f.pdf

[40] .بۆ خوێندنەوەی دەقی سێیەم پەیامی تەلەڤزیۆنی خامنەیی لە کۆتایی هێرشەکانی ئیسرائیل، سەیری ئەم لینکە بکە: https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=60502

[41] . ڕادیو زمانه. ۳ شهریور ۱۴۰۴. ” ڕئیس قوه قضائیه امضاکنندگان بیانیه «جبهه اصلاحات» ڕا تهدید کرد”، https://www.radiozamaneh.com/863023/

[42]. بڕوانە وتەکانی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکانی شاندە دیپلۆماتکارەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، هەمان،

[43] .محسن میردامادی. ۱۴۰۴/۰۴/۲۹. “مهم ترین دستاورد ایران در جنگ ۱۲ ڕوز از نگاه فعال اصلاح طلب/ تندروها نگذاشتند برجام احیا شود”، مصاحبه با ڕوزنامه اعتماد،

https://www.etemaad.ir/fa/Main/Detail/235721/

44] . یورونیوز فارسی. ۲۶/۰۳/۲۰۲۴. ” چرا ڕوحانی از حمله به عین‌الاسد بی‌خبر بود؟ پاسخ کیهان: محرمانه بود، فقط ۱۰ نفر خبر داشتند”،

https://parsi.euronews.com/2024/03/26/why-was-rouhani-unaware-of-the-attack-on-ain-al-assad-keyhan-iran-usa-soleimani

[45] .فریا یونسی. 02-05-2021. زەریف داوای لێبووردن لە خێزانی قاسم سولەیمانی دەکات، ماڵپەڕی ڕووداو، https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/02052021

هەروەها سەیری ئەو سەرچاوە بکە: بی بی سی. . ۱۲ اردیبهشت ١٤٠٠. آیت‌الله خامنه‌ای سخنان ظریف ڕا ‘تکرار حرف‌های آمریکا’ خواند؛ ظریف: بیانات ڕهبری ختم کلام است، https://www.bbc.com/persian/iran-56963734

[46] . بۆ نموونە حەمیدڕەزا جەلایی پوور کە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران و لە کاتی لەسێدارەدانی ٥٩ گەنجی شاری مەهاباد لە ڕێکەوتی ٠٢.٠٦.١٩٨٣،  قایمقامی ئەو شارە بوو و دەستی لەو تاوانە کۆمەڵکوژییەدا هەبوو و ئێستا وەک کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخواز دەناسرێت، دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٧، ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی بە داڵاش و مردارخۆر وەسف کرد. هەروەها عەبەس عەبدی ڕوخسارێکی دیکەی ڕیفۆرمخوازان داوای کرد دەسەڵات بە توندی سزای خۆپیشاندەران بدات و بە ئاژاوەچی وەسفی کردن. بڕوانه: بی.بی.سی. ۱۲ دی ۱۳۹۶. ” اصلاح‌طلبان ایران در مورد اعتراض‌ها چه می‌گویند”،

 https://www.bbc.com/persian/iran-42542707

هەروەها لە ڕۆژانی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامیی، ئەلیاس حەزرەتی کەسایەتی ڕیفۆرمخواز و سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاگایەندنی ئیدارەی مەسعوود پزشکیان، وتی ئەو نەیارانەی کۆماری ئیسلامیی کە لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا سەرباری ئەوەی لە سیاسەتەکانی ڕژێم ناڕازی بوون بەڵام بێدەنگ بوون کەسانێکی بە حورمەت و بە شەرەفن و ئەوانەش هەر ناڕازی بوون کەسانێکی بێ حورمەت و بێ شەرەفن. بڕوانه: اینترنشنال. ۳۱ خرداد ۱۴۰۴ . حمایت اصلاح‌طلبان از سیاست‌های جنگی خامنه‌ای،

 https://www.iranintl.com/202506219803

هەر لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بکەم کە کەم نین ژمارەی ئەو کەسانەی پێیان وایە هەر لە بنچینەدا هێنانە سەرکاری ڕیفۆرمخوازان تاکتیک و فێڵی خامنەیی و دەسەڵات بوو لە قۆناغێکی قەیراناویدا بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی. پێش هاتنە سەرکاری محەمەد خاتەمی وەک یەکەم دەوڵەتی ڕیفۆرمخواز، ئێران بەرەوڕووی کێشە و قەیرانی قووڵی جۆراوجۆر لە نیوخۆ و لە ئاستی نیونەتەوەییدا ببووەوە. بە تایبەت ڕووداوەکانی دوای دادگای میکۆنۆس کە پەیوەندی بە تیرۆری دکتور شەرەفکەندی سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانییەوە هەبوو پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بە گشتی یەکێتی ئەورووپا بە تەواوەتی پچڕاندبوو. ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگای میکۆنۆس و سەلماندنی تاوانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی و لەوانە خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری دەرەوە و عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات-زانیاری ئێران و تاوانبارکردنی تاران بە ئەنجامدانی تیرۆری دەوڵەتی، باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران کشاندەوە و لەبەرامبەردا ئێرانیش باڵوێزەکانی خۆی لەو وڵاتانە بانگهێشتی تاران کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوە ترس و ناڕەزایەتی وڵاتانی ناوچە لە بە مەیلی فراوانخوازی ئێران و ناکۆکی ئێران لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی عەرەب و بە تایبەتی لەگەڵ سعوودیا، دەرکردنی باڵوێزی ئێران لە تورکیا، بەرزبوونەوەی ڕیسکی سەرمایەگوزاری و چالاکی ئابووری لە ئێران و هەروەها پەرەسەندنی هەوڵەکان بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی ئێران لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە نموونەی کێشەکانی دیکە بوون کە ئێران لە ڕۆژانی پێش دەسەڵاتگرتنی خاتەمیدا بەرەوڕوویان ببووەوە. ئەم قەیرانانە تا هاتنە سەر دەسەڵاتی خاتەمی بەردەوام بوون. ئەمانە بەڵگەن بۆ ئەو کەسانەی پێیان وایە دەسەڵاتگرتنی ڕیفورمخوازان هەر لە سەرەتاوە بە تایبەت پەیوەندی چڕوپڕی بە دادگای میکۆنۆسەوە هەبوو. ئەمە زێدەبێژی نییە، چونکە دوای دەرکردنی بڕیاری دادگای میکۆنۆس تەنانەت دانیشتنەکانی ئێران و ئەوڕووپا کە بە :گفتوگۆی ڕەخنەیی” دەناسران و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەستی پێکردبوو کۆتاییان هات و ئەورووپا سیاسەتی قەدەغەکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پەیڕەو کرد. بێ هۆ نەبوو لەناکاو دروشمگەلێک وەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و سڕینەوەی گرژییەکان و گفتوگۆی شارستانییەتەکان، بوونە مژاری سەرەکی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی. بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەری درێژخایەنیان لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە دانەنا. بۆ خوێندنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ئێران پێش دەسەڵاتگرتنی خاتەمی سەیری ئەو سەرچاوە بکە: مسعود موسوی شفایی و حجر اردستانی. ١٣٩٣. “نقش طبقە متوسط در سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران”، فصلنامه سیاست خارجی، سال بیست و هشتم، شمارە ٢، تابستان، صص ٢٥٤ و ٢٥٥،

https://fp.ipisjournals.ir/article_14059_0f337a82686c6a5d3bc13312617491a4.pdf

هەر لەو بارەوە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر یەکەم سەرۆک وەزیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و سەنەدی پێشکەشی دادگای میکۆنۆس کرد بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی بڕیادەری سەرەکی تیرۆری دکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی بوون، دەڵیت خودی ڕیفۆرمخوازان ڕایانگەیاندووە دادگای میکۆنۆس لەسەدا ١٠ بۆ ٢٠ یارمەتیدەر بوو بۆ دەسەڵاتگرتنی خاتەمی، بەڵام بەنی سەدر دەڵێت کاریگەری دادگای میکۆنۆس زۆر زیاتر بوو. بڕوانە ئەو سەرچاوە: میترا شجاعی.۱۳۹۱/۶/٢٦. “بازخوانی ترور میکونوس در گفت‌وگو با ابوالحسن بنی‌صدر”، دویچە ولە فارسی، https://www.dw.com/fa-ir/a-16245115

[47] – مسعود آذر. ۲۹ مرداد ۱۴۰۴. “یک بیانیه و چند واکنش؛ آیا اصلاح‌طلبان علیه نظام «شورش» کردند؟:، بی بی سی، https://www.bbc.com/persian/articles/cedvzdz5wxpo

 

Send this to a friend