• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 12, 2025

پێشبینییەکانی کاریگەریی چات جیپیتی (ChatGP) لە سەر پڕۆسەی پەروەردە لە ئایندەدا

تێڕوانینی مامۆستایانی ڕاهێنەری فینلاندی

نووسەران

هێنریکا ڤارتیاینێن، تیمو ڤالتۆنین، یوهو کاهیلا

سكوڵی زانستە پەروەردەییە كردارییەكان و پەروەردەی مامۆستایان/زانکۆی ڕۆژهەڵاتی فینلاند

مەتی تێدرە

 سكوڵی تەكنەلۆجیا و كۆمپیوتەر/زانکۆی ڕۆژهەڵاتی فینلاند

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: بەهرە مەهدی

سەرچاوە: Information and Learning Sciences Vol. 126 No. 1/2, 2025

لینک: https://www.emerald.com/insight/content/doi/10.1108/ils-10-2023-0146/full/html

 

پوختە

سەرهەڵدانی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە ساڵی ٢٠٢٢دا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر جیهانی ئۆنلاین هەبوو. بەردەستبوونی ئامرازەکان ئازادانە (بە بێ بەربەست) کە توانای بەرهەمهێنانی دەق و وێنەی هاوشێوەی مرۆڤیان هەیە، بووە هۆی سەرهەڵدانی گفتوگۆی چڕ سەبارەت بە سوود و زیانەکانی بەکارهێنانی “AI” لە پەروەردەدا. بۆیە وا پێویست دەکات هەڵسەنگاندن بۆ دیدگا خەیاڵی و واقعییەکان دەربارەی “AI” بکرێت لە بەرانبەر ئەو قسەوباس و سوود و نیگەرانییانەی کە پێشبینی دەکرێن لە کاتێکدا ڕاهێنەرانی بواری پەروەردە خودی خۆشیان پێوەی پەیوەستن. ئەم توێژینەوەیە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە بۆچوونی ڕاهێنەرە فنلەندییەکانی بواری پەروەردە سەبارەت بە ڕۆڵی “AI” لە پەروەردەدا. ئەم بابەتە دۆزینەوەکانی وۆرکشۆپێکی پراکتیکی دەخاتە ڕوو کە وەک بەشێک لە ڕاهێنانی مامۆستایان ئەنجام دراوە. لەم وۆرکشۆپەدا بەشداربووان ئاشنا کران بە زیرەکیی دەستکرد (AI)، بەدواداچوونی هاوبەشیان کرد بۆ زیرەکیی دەستکرد و پاشان بیریان لە سوود و زیانەکانی کردەوە. دۆزینەوەکان دەرەنجامی کۆمەڵێک بیری جۆراوجۆری قووڵ و وردن کە سەرچاوە دەگرن لە تێگەیشتنی قووڵی سیاسەتی پەروەردەیی، هەڵسەنگاندن و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری پەروەردە. بۆچوونی مامۆستایان دەخاتە ڕوو سەبارەت بە کاریگەریی “AI” لە سەر چالاکبوونی فێرخوازان، کارامەییەکانی میتاکۆگنیتیڤ، خۆڕێکخستن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر. ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی جیاواز زیاد دەکات بۆ سەر تێڕوانین و لێکدانەوەکانی ڕاهێنەران دەربارەی “AI” بە دیاریکراوی (لە بریی ئەوەی ”AI” وەک یەک چەمک و یەکسان سەیر بکرێت). لە جەختکردنەوەدا تەنها لایەنە خراپەکانی ”AI” (تێگەیشتنە دیستۆپیاییەکان)  تێدەپەڕێت، ئەویش بە جەختکردنەوە لە سەر توانای “AI” بۆ تەواوکردنی ڕێبازە پێداگۆجییەکانی (ڕێبازەکانی وانەوتنەوە) ئێستا. پەروەردەکاران ئاڵنگاریی بۆچوونە تەکنۆدیتەرمیستییە باوەکانیان کرد، لە بریی ئەوە زیرەکیی دەستکردیان وەک ئامرازێک بۆ بەرزکردنەوەی هەڵسەنگاندنی فۆرماتیڤ و پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی میتاکۆگنیشن، خۆڕێکخستن، بەرپرسیارێتی و خۆشگوزەرانی دەبینی. هەروەها بابەتەکە تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش دەکات سەبارەت بە پێویستیی پەروەردەی “AI” کە بە بیرکردنەوە؛ دیدگا کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان تێکەڵ دەکات و دیدگاکانی داهاتوویەک بەرەوپێش دەبات کە “AI” لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە بەردەوام بێت.

وشە سەرەکییەکان: ئەی ئای (AI)، چات جیپیتی (chatGPT)، ڕاهێنانی مامۆستا، خوێندنی باڵا، زانکۆ، پێشبینیەکان و زیرەکیی دەستکرد

پێشەکی

شۆڕشی فێربوونی قووڵ لە دەیەی (٢٠١٠)وە کاریگەرییەکی دیاری خستە سەر کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی. ڕاستە بەردەستبوونی دەیتایەکی زۆر، زیادبوونی هێزی کاری کۆمپیوتەری، ئاسانبوونی تەکنیکەکانی ژمێریاری، ئامارە ئاڵۆزەکان (Darwiche, 2018)، زیرەکیی دەستکرد (AI) و بە تایبەتی فێربوونی ئامێر (ML)؛ کاریگەرییەکی بەرچاویان کردە سەر ژیانی ڕۆژانەمان، بەڵام لە ئێستادا “AI” بە تەنها گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە دەبینێت بە هۆی خێرا سەرهەڵدانی مۆدێلە بنەڕەتییەکانی (Bommasani et al., 2021). مۆدێلە بنەڕەتییەکان بریتین لە کۆمەڵە دەیتایەکی فراوان و زانیارییەکی گەورە و دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ ڕاپەڕاندنی جۆرەها کار، ئەمە تێگەیشتن و خەیاڵمانی بە جۆرێ فراوان کردووە کە دەتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین کە  داهاتووی “AI”  چیی بەسەر دێت، بە دڵنیاییەوە بوونەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆریش. مەترسی و سوودەکانی ئەم مۆدێلە بنەڕەتییانە مشتومڕێکی بەرفراوانی سەرتاسەری جیهانە لە ئێستادا، هەر لە هەڵسەنگاندنیان لە ڕووی توانا، لایەنە تەکنیکییەکان و بەکارهێنانەکانیان لە بوارە جیاوازەکان، کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانەش ئابووریی ئاڵۆز، ژینگە و هەتاوەکوو دەگاتە پرسە یاسای و ئەخلاقییەکان. لە نێوان ئەم گۆڕانکارییە گرینگانەدا، باسی “AI” بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دید و پێشبینیی جۆراوجۆر سەبارەت بە کاریگەرییە بەسوودەکەی لە دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی و ڕیزبەندیی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی داهاتووی کار و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەکانی دیکەدا (هەندێک لەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە وەک: Brynjolfsson and McAfee, 2014; Crawford, 2021; ٢٠١٩؛ یوبانکس، ٢٠١٨).

لوپتۆن و واتسۆن (2022) پێی وایە کە داهاتووی پەیوەندیی “AI” و مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕوانینی تەکنۆیۆتۆپی یان تەکنۆدیستۆپیاوە وێنا دەکرێت. بۆ نموونە؛ ڕیکلامە بازرگانییە چەواشەکارەکان زۆر جار زیادەڕەوی دەکەن لە پێشبینییە ناواقعییەکانی داهاتووی “AI”  و بە پێویستی دەزانن بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ئابوورییەکانی. لە لایەکی دیکەوە لایەنەکانی دژیان، کە لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان و بۆچوونەکان و زانستە ناواقعییەکاندا دەبینرێن، زۆر جار دیدگا دیستۆپیاییەکانی “AI” نیشان دەدەن، بەوەی ئازادیی تاکەکان پێشێل دەکات، دەزگا و کار و زۆر شتی تریان لێ زەوت دەکات (Lupton, 2021; Lupton and Watson, 2022). سەرەڕای ئەوەش، “AI” لە ستراتیژە نێودەوڵەتییەکانیشدا بوونی هەیە، وەک گەشەسەندنێکی تەکنەلۆژیی تێکدەر وێنای “AI” دەکرێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ستراتیژییە کاریگەرەکانی وەک ئاژانسە گەورەکان و کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکان (Bareis and Katzenbach, 2022).

جاسانۆف (2015) پێی وایە ئەم جۆرە لە “تێڕوانینی کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی” وەک دیدگایەک بۆ داهاتوویەکی خوازراو لە لایەن کۆمەڵێک ئەکتەرەوە خراوەتە ڕوو (جاسانۆف، 2015، ل27). ئەوان لە ڕێگەی بۆچوون و گریمانەکانیانەوە نەک تەنها دەتوانن ببنە هۆی بەدەستهێنانی ڕای گشتی بۆ قبووڵکردنی و وەرگرتنی تەکنەلۆژیای نوێ، بەڵکوو دەتوانن دیزاین و ڕێکخستنی سیستمەکەش بۆ داهاتوو بسازێنن (Cave and Kanta, 2019; Fisher, 2006). هەروەها تەنها پیاهەڵدەری داهاتووی پەسەندکراو نین، بەڵکوو چالاکانە کردار و گۆڕانکاری لە ئێستادا دروست دەکەن (van Lente, 2012). وەک چۆن بۆروپ (2006) و چەندانی تر باس لەوە دەکەن، پێشبینییەکان بۆ داهاتوو لە بنەڕەتدا دروستکەرن، هەروەها ڕێنمایی دەکەن، پێکهێنەر و پڕۆژەن، سەرنج ڕادەکێشن و وەبەرهێنن. لەم ڕوانگەیەوە زۆر گرنگە کە بە شێوەیەکی چالاکانە ڕووبەڕووی ئەو داهاتووانە ببینەوە کە ئەم تەکنەلۆژیایانە بەڵێنیان داوە بیهێننە دی، نەک بێئاگایانە قبووڵی ئەو ڕاوبۆچوونانە بکەین کە بڵاویان کردووەتەوە، هەروەها ئاساییکردنەوەیان لە کۆمەڵگا و پەروەردەدا (Egliston and Carter, 2022).

لە کاتێکدا هەمیشە چەندین پێشبینی بۆ داهاتووی خوازراوی پەروەردە هەیە (Jasanoff, 2015)، پێشبینیی باڵادەستەکان زۆر جار واقعی ڕۆژانە و بەها و نیگەرانی ئەو کەسانەیان پەراوێز خستووە کە کار و چالاکییەکانیان کاریگەریی ئەم تەکنەلۆژیا سەرهەڵدراوانەیان لەسەرە (Pink, 2022b). بەڵام پەروەردە و فێرکردن هەمیشە پەیوەستن و ناتوانرێت لە بەها و یاسا و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان جیا بکرێنەوە کە کار و چالاکییەکانمان لەچوارچێوە دەدەن (ڤیگۆتسکی، ١٩٧٨؛ کۆل و ئێنگسترۆم، ١٩٩٣). بۆیە تێگەیشتنی پێشوەختەمان لە سەر زیرەکیی دەستکرد لە پەروەردەدا لەوێدا گرنگە کە بەدواداچوون بۆ پێشبینییەکانی مامۆستایان بکەین، چونکە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو لە سەردەمی “AI”دا.

بەڵام شتێکی کەم دەزانرێت دەربارەی ئەو خواست و نیگەرانی و پێشبینیی داهاتووی ڕاهێنەرانی بواری پەروەردە کە پەیوەستە بە زیرەکیی دەستکردەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە مۆدێلەکانی گفتوگۆکردن وەک “ChatGPT” کە سەرنجی سەرانسەری جیهانی ڕاکێشاوە. ئەم توێژینەوەیە بەشدارە لە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بە لێکۆڵینەوە لە پێشبینییەکانی ڕاهێنەرانی بواری پەروەردە لە فینلەندا دەربارەی بەکارهێنانی “AI” (زیرەکیی دەستکرد) (ChatGPT) لە پەروەردەدا. بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە ڕێبازێکی توێژینەوە دروستکردنمان گرتە بەر (Lupton and Watson, 2022) و وۆرکشۆپێکمان بۆ مامۆستایان ڕێک خست کە دەیانتوانی بە سەرنجەکانیان بەشدار بن، بەشداربووان فێری چۆنیەتیی کارکردنی “AI” بوون، لێیان کۆڵییەوە و لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە بیریان لە توانا و مەترسییەکانی کردەوە. دیاریکردنی لقێکی دیاریکراوی  “genetic AI” و بەشداریپێکردنی مامۆستایان بە سەرنجەکانیان بۆ ئەوەی دوور بین لە دیدێکی گشتی و فراوان بۆ “AI”، کە زۆر جار توێژینەوەکان لە سەر “تێڕوانینەکانی مامۆستایان دەربارەی AI” ئاڵۆزتر دەکات. توێژینەوەکە ئەم پرسیار و لێکۆڵینەوەیە دەخاتە ڕوو:

مامۆستایان چ جۆرە پێشبینییەکی هاوبەش دەکەن دەربارەی پەروەردە و فێرکردن لە حاڵەتی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرددا (AI)؟

ChatGPبۆ ”  تێڕوانینێکی گشتی

لە نێوان هەموو لق و بەکارهێنانە زۆرەکانی زیرەکیی دەستکرددا، ”AI generative” لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە (Cao et al., 2023). ئەم پێشکەوتنانە بە هۆی پەرەپێدانی مۆدێلە بنچینەییەکانەوە گەورەتر و خێراتر بوون -تۆڕە ئینتەرنێتییە گەورەکان کە لە سەر بڕێکی زۆر دەیتای بێ ناوەرۆک داڕێژراون و دەگونجێن لەگەڵ جۆرەها ئەرکدا (Bommasani et al., 2021). زۆرێک لە پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی “AI” کە لە میدیاکاندا باس کراوە، بە هۆی مۆدێلە بنچینەییەکان بووە. نموونە؛ بریتین لە مۆدێلی زمانی وەک: BERT (Devlin et al., 2019)، GPT-3 (Brown et al., 2020)، (LaMDA (Thoppilan et al. 2022)، کە دەتوانن دەق دروست بکەن هاوشێوەی ئەو دەقانەی لە لایەن مرۆڤەوە نووسراون. ئەم مۆدێلانە گشتگیر و هەمەچەشنن، دەربڕین و تێگەیشتنیان سەرنجڕاکێشە.

تاکە هۆکاری سەرکەوتنیان ئەوەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی پێکهێنەرە ناوخۆییەکان لە مۆدێلە بنچینەییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. مۆدێلی “BERT 2018” کە بۆ بەرزکردنەوەی بزوێنەری گەڕانی گوگڵ بەکار دەهێنرا، لە 110 ملیۆن بۆ 340 ملیۆن پارامێتەر پێک دەهات، بە پێی جۆرەکەی ڕێژەکەی لەو نێوەندەدا دەگۆڕدرا (Devlin et al., 2019). دوو ساڵ دواتر، مۆدێلی زمانی “GPT-3” بە 175 ملیار پارامێتەر بڵاو کرایەوە (Brown et al., 2020). لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکان سەرقاڵی پەرەپێدانی تەکنیکی نوێن بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکان بە شێوەیەکی کاراتر و بەکارهێنانی پارامێتەری کەمتر، وەک لە مۆدێلی “LaMDA 2022″دا دیارە کە 137 ملیار پارامێتەری هەیە (Thoppilan et al., 2022).

بەربڵاوبوونی کتوپڕی ئەم مۆدێلانە نیگەرانیی لێ کەوتەوە لە سەر شێوازی ڕێکخستن و ڕاهێنانیان. نموونەی ئەمەش کە شارەزایان ئاماژەیان پێ کردووە، پرسی خاوەندارێتی و کاریگەری لە سەر ژینگەیە. ڕاهێنانی مۆدێلەکان بە شێوەیەک کە ئۆتۆماتیک بتوانن لە هەموو سایتەکان زانیاری کۆ بکەنەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەی کە خاوەنی زانیارییەکەن لە بنەڕەتدا (بۆ نموونە، Bommasani et al., 2021)، چونکە مۆدێلەکان بە جۆرێ ڕادەهێنرێن کە ئەو زانیارییانە لە ماڵپەڕەکانەوە بە بێ گوێدانە ڕەزامەندیی خاوەنەکەی، شەفافیەت، یان بژاردەی خاوەنەکەی لە بەکارهێنانەوەی زانیارییەکەی لە شوێنی تردا (Jo and Gebru, 2020; Paullada et al., 2020). جگە لەمە، کاریگەرییە ژینگەییەکانی ڕاهێنانی ئەم مۆدێلانە لە ناوەندە گەورەکانی دەیتا بۆ ماوەیەکی درێژ مەترسیدارە، نموونە: 58 ڕۆژی خایاند بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی “LaMDA” لە سەر ڕیزبەندییەکی گەورەی 1,024 یەکەی تایبەت (Thoppilan et al., 2022).

هەروەها بایەخی مۆدێلە بنچینەییەکان لە بواری پەروەردەدا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. لە نەبوونی وەڵامێکی ڕوون بۆ پرسیاری “تەکنەلۆژیای نوێی ‘AI’ دەتوانێت چی بکات؟”، پێویستە نەخشەی ورد بکێشرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئاڵۆزییانە لە دنیانی پەروەردەدا (Bommasani et al., 2021). ئەم جۆرە کارکردنەی مۆدێلە بنچینەییەکان دەبنە هۆی مەترسییەکانی وەک هاوشێوەبوون، کەمبوونەوەی کاریگەریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بڕیاردان و گشتگیرکردنی دیدگا پەروەردەییەکان (Blodgett and Madaio, 2021).

بلۆدگێت و مادایۆ (2021) پێداچوونەوەیان کرد بە مێژووی تەکنەلۆژیاکانی پێشتری وەک
(ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و MOOC)، هانی خوێنەرانیان دا کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و بە شێوەیەکی بێلایەنانە “AI” بپشکنن. لە ڕاستیدا لە چەند دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای بەرفراوان ڕۆژانە لە قوتابخانەکاندا بەکار هێنراون  (Weller, 2020).

تەکنەلۆژیا سوودی لێ وەرگیراوە لە وانەوتنەوە و فێربوون و چالاکییەکانی تری پەیوەست بە قوتابخانە، بەڵام لە ڕابردوودا مەبەستی بەکارهێنانەکەشی جیاواز بووە بە پێی ڕێگە جیاوازەکانی فێرکردن (Koschmann, 2012). چاوەڕێ دەکرا پارادایمە جۆراوجۆرەکانی تەکنەلۆژیای پەروەردەیی و ئامرازە نوێیەکان؛ شۆڕش لە  فێرکردن و پەروەردەی قوتابخانەکاندا بەرپا بکەن. لێهتینێن (2006) پێی وایە ئەم چاوەڕوانییە ئەرێنییە زۆرەی وەک یۆتۆپیا بە بێ بەڵگە و لێکۆڵینەوەی پێویست جێی ڕەخنەیە.  دەربارەی تەکنەلۆژیای پەروەردەیی، بە بەردەوامی بە هیوایەکی زۆرەوە بنیات نراون بۆ تواناکانیان بە ئومێدی ڕێگەی نوێ و داهێنەرانە بۆ پشتگیریکردن و باشترکردنی چالاکییەکانی پڕۆسەی خوێندن. دەرباری “AI”یش بە هەمان شێوە (Bommasani et al., 2021).

تەکنەلۆژیا پەروەردەییەکانی پێشووتر؛ وردتر و ناساندنی باشتریان بۆ کراوە دەربارەی ڕۆڵیان لە پەروەردەدا بە بەراورد بە “ChatGPT”. تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک سیستمەکانی بەڕێوەبردنی پەروەردە، خزمەتگوزارییەکانی هەڵگرتنی دەیتا، مۆبایل و دنیای مەجازی؛ بە مەبەستی تایبەتەوە لە پەروەردەدا بەکار هێنراون کە بریتییە لە پاڵپشتیکردن و نوێگەریی پڕۆسەی پەروەردە لە قوتابخانەکاندا. لە بەرامبەردا مەبەستی “ChatGPT” لە سەرەتادا بۆ بەکارهێنانی لە پەروەردەدا نەبوو. لە ئێستادا چەندین توێژینەوە پێشنیاری ڕێگاکان دەکەن کە دەتوانرێت “GPT” لە پڕۆسەی فێرکردندا بەکار بهێنرێت (Trust et al., 2023; Costello, 2023)، بە شێوەیەکی گشتی سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن دەتوانێت پشتگیریی مامۆستایان بکات لە ئەرکەکانی وەک دیزاینی کۆرس، داڕشتن، نموونەهێنانەوە، پرسیاردانان و ڕێکخستنی کارەکانی مامۆستا بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە بوون بە مامۆستایەکی تەقلیدی. هەر چەندە “ChatGPT” هەرگیز مەبەست نەبووە ئامرازێکی پەروەردەیی بێت، بەڵام سروشتی خۆگونجاندنەکەی وای کردووە لە هەندێک قوتابخانەدا بەکار بهێنرێت.

سەبارەت بە خوێندکاریش دەرفەتی زیاتری دەستکەوتنی زانیارییان بۆ دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی فێرخواز، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە جێگرەوەی ئەو چالاکییانەن کە مەبەست لێیان بزواندنی مێشکی فێرخوازە.

میتۆدۆلۆژی

ئەم توێژینەوەیە ڕێبازێکی توێژینەوە دروستکردنی بەکار هێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشبینییەکانی تەکنەلۆژیا وەک “AI” و داڕێژەری ئۆتۆماتیک (Lupton and Watson, 2022). مەبەست لێی؛ دروستکردنی پێگەیەکی هاوبەشە بۆ بەرهەمی وەک “وێنە، دەق” بۆ فەراهەمکردنی گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندیی ئاڵۆزی تاکەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییە نوێکان (Lupton and Watson, 2022). لە کاتێکدا ئەم شێوازە دەتوانێت تێڕوانینێکی نوێ لە ئەزموون، کار، نیگەرانی و خواستەکانی بەشداربووان دابین بکات، بەڵام ڕەگوڕیشەیەکی ئەم ڕێبازە دەگەڕێتەوە بۆ میتۆدۆلۆژیی ڕەخنەگرانە کە ئامانجیان خستنەڕووی گرژیی نێوان سیستمی دامەزراوەیی، ئۆتۆماتیکی و ئابوورییە، ناساندنی دیدگاکان لە سەر نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی دەسەڵات (Pink, 2022a).

دەیتا ئەزموونییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە وۆرکشۆپێکی یەک ڕۆژە کۆ کراونەتەوە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا وەک بەشێک لە پڕۆگرامی پەروەردەی مامۆستایان لە زانکۆیەکی فینلاند بەڕێوە چووە. نیمی و هاوکارانی (2018)، تایبەتمەندیی جیاوازیی پەروەردەی فینلەندی ئەوەیە کە مامۆستایان ئاستێکی بەرزی زانیارییان هەیە و تواناکانیان بەرز دەنرخێنرێن، چێژ لە سەربەخۆییەکی بەرچاو وەردەگرن. لە فینلاند دەسەڵاتدارانی پەروەردە و کاربەدەستە سیاسییەکان و خەڵک بە گشتی متمانەیەکی زۆریان بە مامۆستایان هەیە، ئازادیی بڕیاردانیان لە دەستدایە سەبارەت بە شێوازەکانی وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندن. ڕاهێنانی مامۆستایان بە گشتی لە سەر پرۆگرامی سەرەکیی نیشتمانیی فینلەندی بۆ پەروەردەی بنەڕەتی (FNBoE, 2014) پەیڕەو دەکات، لە سەر بنەمای چەسپاندنی ڕۆحیەتی بەهێزی یەکسانی دامەزراوە و ئامانجی دابینکردنی خوێندنی کواڵتیی بەرزە بۆ هەموو منداڵێک، بە بێ گوێدانە لایەنی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، یان ئابووری (Niemi et al., 2018). جگە لەوەش، فینلاند تاقیکردنەوەی ستاندارد، وردبینی، یان چاودێریی دەرەکیی وانەوتنەوە جێبەجێ ناکات. پەیڕەوی سەرەکیی خوێندنی نیشتمانی جەخت لە سەر هەڵسەنگاندنی دروستکەر و پەرەپێدانی توانای خۆهەڵسەنگاندنی خوێندکاران دەکاتەوە (.(FNBoE, 2014

 

وۆرکشۆپەکە

وۆرکشۆپەکە لە لایەن تیمێکی پسپۆڕی توێژەرانی بواری زانستی کۆمپیوتەر و پەروەردەوە ڕێک خرابوو، کە سوودیان لە توێژینەوە و وۆرکشۆپەکانی پێشوو وەرگرتووە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان (Vartiainen et al., 2022; Jormanainen et al., 2023). وۆرکشۆپەکە کاتێک بەڕێوە چوو کە تازە “ChatGPT” بڵاو بووبووەوە و قسەوباسە سەرەتاییەکانی بانگەشەی میدیاکان دەربارەی سەریان هەڵدابوو. لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا هەڵبژاردەیەک لە مانشێتەکان بە بەشداربووان نیشان درا -هەندێکیان زەنگی ئاگادارکردنەوە و هەندێکی تر قسەوباس و هەندێ دڵخۆشی و هەندێکیش باسی مەترسییەکانی بوون.

بەشداربوون لە وۆرکشۆپەکەدا کراوە بوو بۆ هەموو مامۆستایەکی ڕاهێنەر، بەشداریکردنەکەش بە تەواوی خۆبەخشانە بوو. ڕایانگەیاند کە وۆرکشۆپەکە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان، بەشداربووان پێویستیان بە هیچ ئەزموونێک نییە لە بواری “AI”. بە پێی سیاسەتی دامەزراوەیی زانکۆکە، بەشداربووان فۆڕمی زانیاری و فۆڕمی ڕەزامەندیی بەشداربوونیان بەسەردا دابەش کرا، لە ناو ئەم فۆڕمانەدا ”ئاماژە کرابوو بە ئامانجی توێژینەوەکە و بەشداربووان ئازادن لە بەشداریکردن یان نەکردن و  هەروەها مافی کشانەوەیان لە هەر کاتێکدا هەیە، باس لە کۆکردنەوەی زانیاریی تاکەکان کرا و ڕوون کرایەوە کە چۆن زانیارییەکان پڕۆسێس دەکرێن و چۆن ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەکرێنە ڕاپۆرت”. توێژینەوەکە پابەند بوو بە ڕێنماییەکانی دەستەی نیشتمانیی فینلاند بۆ توێژینەوە (TENK, 2019). لە پاڵ ئەو سێ کەسەی کە وۆرکشۆپەکەیان ڕێک خستووە، نۆ کەسی تر لە وەزارەتی پەروەردەی مامۆستایان بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە. بۆ پاراستنی ناسنامەی بەشداربووان، (ناو و ڕەگەز و تەمەن و… هتد) بەشداربووان کۆ نەکرایەوە.

وۆرکشۆپەکە  پێنج کاتژمێری خایاند، ٣٠ خولەکی سەرەتا بە ناساندنی مۆدێلەکان و “GPT-3.5” دەستی پێ کرد، باسی پڕۆسەی ڕاهێنانیان و کارکردن و بەکارهێنان و سنووردارکردنەکانیان کرا. ئامانجی دەرخستنی نهێنییەکانی تەکنەلۆژیا و ئاشکراکردنی هەندێک لە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی و سنووردارکردنەکانی و ڕاستکردنەوەی هەندێ لە تێڕوانینە هەڵە باوەکان دەربارەی دوای پێشەکییەکە. بەشداربووان دابەش کران بەسەر سێ گرووپدا، ڕێنمایی کران کە لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی چۆن “ChatGPT” دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی پلانی وانەکان یان دیزاینکردنی ناوەرۆکی کۆرسەکان کە پەیوەندیی بە وانەوتنەوەکانیانەوە هەیە، هەروەها چۆن وەڵامی پرسیاری کۆرسەکان بداتەوە. پاشان گرووپەکان ئازادییان پێ درا کە بەو شێوەیەی دەیانەوێت دەتوانن لێکۆڵینەوە لە “ChatGPT” بکەن. لە کۆتایی بەشی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، هەر گرووپێک بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی سەرنج و تێڕوانین و ڕەنگدانەوەی خۆیان لە سەر ئەم دوو پرسیارەی خوارەوە باس بکەن:

  • زیرەکیی دەستکرد چ دەرفەت و بەربەست و پرسێکی ئەخلاقی بۆ پەروەردەی مامۆستایان دروست دەکات پەیوەست بە بەکارهێنانی “AI” لە وانەوتنەوەدا؟
  • کام بەشەی وانەوتنەوە دەکرێت ئۆتۆماتیک بکرێت و کام بەشەی ناتوانرێت؟

بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە لە سەر جێنێرەت “AI” گۆڕینی دەق بۆ وێنە بوو، بە تایبەتی “Midjourney” و پێکهاتەیەکی هاوشێوەی دانیشتنی یەکەمی پەیڕەو کرد. پێشەکی باسی چۆن تۆڕە ئینتەرنێتییەکان ڕاهێنراون بە بەکارهێنانی دەق و وێنە، چالاککردنیان، بەرنامە جۆراوجۆرەکان و پرسە ئەخلاقییەکان، لەوانەش نیگەرانییەکانی مافی چاپکردن و لایەنگری گرتەوە. دوای گەڕانی دەستی لە “AI”ی دروستکەری دەق بۆ وێنە لە گرووپە بچووکەکاندا، بەشداربووان جارێکی دیکە بانگهێشت کران بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوە و تێڕوانینەکانیان لە سەر بەکارهێنانی “AI”ی دروستکەر لە پەروەردەدا بەیەکەوە باس بکەن.

کۆکردنەوەی دەیتا و شیکردنەوەی

بە گوێرەی بنەماکانی دروستکردنی داهێنەرانە (بۆ نموونە، لوپتۆن و واتسۆن، ٢٠٢٢)، دەست کرا بە کۆکردنەوەی هەموو زانیارییەکانی چالاکییە گرووپینەکان و گفتوگۆکانیان، پاشان بە سێ کامێرای “GoPro” تۆمار کران.  دەیتای ناو ڤیدیۆکان لە دەرئەنجامی گفتوگۆ و نووسراوی هاوبەشی بەشداربووانەوە بوو (کە لە 35,836 وشە پێک هاتبوو)، ناویان لە سەر لا برا و کرانە ناو سۆفتوێی شیکاریی ”Atlas.ti”. شیکاریی بابەتی (Braun and Clarke, 2006)  بەکار هێنرا بۆ شیکردنەوەی دەیتاکان. یەکەم جار توێژەران چەند جارێک دەیتاکانیان خوێندەوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گشتی لە گفتوگۆ و ڕەنگدانەوەی هاوبەشیان بۆ زانیارییاکان هەبێت. دووەم، ئەو بەشانەی باسی سەرەکیی توێژینەوەکەن جیا کرانەوە، کۆد و ناوی خوازراویان بۆ دانرا. سێیەم ئەم یەکە کۆدکراوانە لە لایەن دوو توێژەرەوە پێداچوونەوە و تاوتوێ کران بۆ ئەوەی هەموویان بە تەوەری سەرەکیی توێژینەوەکەوە ببەستنەوە. لە قۆناغی کۆتاییدا تەوەرەکان پێداچوونەوەی بۆ کرایەوە و بە هاوکاریی توێژەران لە پێنج تەوەری سەرەکیدا کۆ کرانەوە.

ئەنجامەکان

لە کاتی وۆرکشۆپەکەدا مامۆستایان بە ئازادانە “ChatGPT”یان بەکار هێنا بۆ دیزاینی کۆرس، پلانی وانەکان و فیدباک لە سەر ڕاپۆرتەکان. هەروەها بەدواداچوونیان بۆ ژانرە ئەدەبییە جیاوازەکان کرد، لەوانە: شیعر، بۆچوونی ئەدەبی، شانۆنامە و ڕیکلام. هەر چەندە میدیاکان پێشتر جەختیان لە سەر توانای “ChatGPT” کردبووەوە بۆ دروستکردنی ناوەرۆک بە هەردوو زمانی فینلەندی و ئینگلیزی، بەڵام بەشداربووان هێشتا سەریان سوڕمابوو لە ئەنجامەکەی. بۆ نموونە: مینا هەستی بە نائارامی کرد بە بینینی دیزاینی کۆرسێکی دروستکراوی “AI” بۆ پۆلەکەی خۆی: “چییی! چۆۆۆن؟… هتد. ئەمە زۆر نزیکە لەوەی من دەمەوێت! ڕێک وەک ئەوەیە خۆم بینوسم!” بە هەمان شێوە، سامی سەرسام بوو کە چەندە بە وردی فیدباکەکانی “ChatGPT” لە سەر ڕاپۆرتەکانی خوێندکاران دەقاودەق وەک فیدباکی مامۆستاکانە کاتێک گرووپەکان گەورەن و کاتی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی یەک یەک فیدباکیان پێ بدرێت:

سامی کۆمێنتێکی هەبوو: “ئەوە پارچە نووسینێکی باش بوو بە دڵنیاییەوە، بۆ زۆر بابەت دەتوانرێت بەکار بێت، بەڵام ئەگەر مەبەستەکە ئەوەیە کە زۆر کۆرس هەبن کە وتاری درێژیان هەیە، ناتوانرێت یەک یەک فیدباکێکی تاکەکەسییان پێ بدرێت، ئەوا ئێستا لە ڕێگەی ‘ChatGP’یەوە لە 10 چرکەدا دەکرێت.”

بەشداربووان داڵغەیان بۆ ماوەیەک چوو کە ئایا زیرەکیی دەستکرد دەتوانرێت لە لایەن خوێندکارانەوە بەکار بهێنرێت بۆ زانینی فیدباک لە سەر نووسینەکانی خۆیان؟ جۆرما وتی: “ئەگەر کاتت لە کۆرسەکەدا هەبوو، ئەوا خوێندکاران دەتوانن خۆیان ئەوە بکەن، فیدباکی دروستکەری ‘ChatGPT’تان بۆ بنێرن، هەروەها هەڵسەنگاندن بکەن کە ئایا هەست دەکەن فیدباکەکە بە بۆچوونی ئەوان تەواوە یان نا؟”

لە توێژینەوەکاندا “AI”ی دروستکەر بووە هۆی سەرهەڵدانی ترس و زەنگی ئاگادارکردنەوە. دێهۆش (2021، ل17) نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە چۆن ”ئەو هەموو دەقە بەو ئاسانییە و بەو کواڵتییە بەرزە لە کاتێدا لە بنەڕەتدا سنووردار و بەردەستە بۆ هەمووان؟” (Cotton et al, 2023, p. 3) ئاماژەی بەوە دا ڕاپۆرتی دروستکراوی “AI” کە لە لایەن خوێندکارەوە نەنووسراون؛ مەبەستی خوێندنی باڵا تێک دەدەن، مەترسی لە سەر پەروەردەی خوێندکاران دروست دەکەن، لە کۆتاییدا دەتوانن ببنە هۆی دابەزینی بەهای بڕوانامەکان(Finnie-Ansley et al., 2022, p. 18) . پێیان وایە کە ”AI Condex” بووە هۆی سەرهەڵدانی مەترسییەکی گەورە بۆ بەرنامەسازیی فێرکردن و فێربوون. ئەم جۆرە نیگەرانییانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک ستراتیژی پێشنیارکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزیکردن کە بە هۆی “AI”ەوە ڕوو دەدەن. لە بەرامبەردا ئەم توێژینەوەیە دەریخست کە سەرسامیی سەرەتایی بەشداربووان لە “AI”ی دروستکەر پەرەی داوە بە گفتوگۆی قووڵتر سەبارەت بە کارامەییەکانی “مێتا” لە داهاتوودا، کاریگەریی درێژخایەنی لە سەر پیشەکان، ڕەنگدانەوەی لە سەر فەلسەفەی پەروەردە و هەڵسەنگاندنی. نیگەرانییەکانیان تەنها بۆ ڕێگریکردن لە دزیکردنی ئەکادیمی نەبوو، بەڵکوو کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و فەلسەفییە قووڵەکانی زیرەکیی دەستکرد و ئەو هەڕەشە ژینگەییانەی کە ڕەنگە لە دوای خۆی بیهێنێتە ئاراوە.

لە کاتی لێکۆڵینەوەی ورد و گەڕان بۆ زانینی وردەکاری لە سەر “AI”ی دروستکەر بە ئازادانە، هەندێک جار مامۆستاکان تووشی بێزاری دەبوون کە دەیانبینی وەڵامەکانی سیستمەکە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیاندا ناگونجێت، ئەمەش وای لێ کردن کە زیاتر ئاگاداری جۆری دەربڕین و وشەسازییان بن لە کاتی بەکارهێنانیدا. ساولی وتی: “دانی پیا دەنێم کە کارکردنی سوودمەند بە ‘AI’ی دروستکەر لە ئێستادا پێویستی بە کۆمەڵێک کارامەیی نوێ هەیە -بە تایبەتی توانای دەربڕین و داواکردنی ڕوون و ورد. زۆرێک لە هەوڵەکانی پێشووم سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش بە هۆی کەموکورتی لە تەکنەلۆژیاکەدا نەبوو، بەڵکوو زاراوە و دەستەواژەی گونجاوم بەکار نەهێنابوو.” پێشنیاری کرد: “ئەگەر وشە و داواکاری و پرسیاری دروستم بکردایە، پێدەچێت دەرئەنجامەکە زۆر باشتر بووایە. بۆ من لەو بڕوایەدام بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردی دروستکەر بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت، پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان و سکیڵ هەیە.”

دیزاینی نهۆمی نزم لە “ChatGPT” -کە بە توانای بەرهەمهێنانی بەسوود بەناوبانگە بە کەمترین هەوڵ-، هەستی بەهێزی بە بەکارهێنەران بەخشی. وای لە مامۆستایان کرد لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی بەرهەمدار بەشداری بکەن. کارکردن بە هاوکاریی “AI”ی دروستکەر زۆر بەچێژ بوو، کە دەبووە هۆی داهێنان و تەنانەت دەربڕینی هونەری. سارا بەم شێوەیە باسی کرد: “بە ڕاستی چێژبەخش و سەرنجڕاکێش بوو کە پێکەوە بیر بکەینەوە و کار بکەین، کە دەتوانرێت وەک ئەزموونی هونەری سەیر بکرێت. هەستێکی خۆشی بوو گەڕان بەدوای زانیارییەکان و ببینیت بۆ ئەو پرسیارە چ وەڵامێکی دروستکراو دەست دەکەوێت، کە وەک هونەرێک دەتوانرێت ببینرێت و هەروەها نموونەیەکی ئافراندنە”.

“ChatGPT” ڕاستە ئاسانکەرییەکی زۆری فرەلایەنە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە لێهاتوویی هەیە بۆ بەکارهێنانی سیستمەکە بە شێوەیەکی دروست و کاریگەر، ئەمەش پرسیارێک دەورووژێنێت کە ئایا لێهاتوویی لە بەکارهێنانی دەبێتە کارامەیییەکی نوێی سەدەی بیست و یەکەم، کە بۆ کارە پیشەییەکان داوا بکرێت؟ (بۆ نموونە، Binkley et al., 2012; Chalkiadaki, 2018). سەبارەت بە بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیەوە، ئەم جۆرە کارامەییانە لەگەڵ ئامانجەکانی پڕۆگرامی نیشتمانیدا دەگونجێن، یەکێک لەوانە دڵنیابوونە لەوەی کە خوێندکاران فێر دەبن چۆن تەکنەلۆژیا بەکار بهێنن لە  خوێندن و کارکردنیان لە پیشەی داهاتووی خۆیاندا (FNBoE, 2014). لەم چوارچێوەیەدا “ChatGPT” پێمان دەڵێت بۆ دەستکەوتنی وەڵامی خوازراو پێویستت بەوەیە کارامەییەکی نوێ فێر بیت کە زمانی دەربڕینی داواکارییەکانمانە لە ”ChatGPT”. جگە لەوەش، ئەم فۆڕمە نوێیە لە هەر شوێنێک پەیڕەو بکرێت کاریگەری لە سەر  پڕۆسەی فێربوون و دەرەنجامەکانی بەجێ دەهێڵێت، کە ڕێگر دەبێت لە دروستکردنی  ناوەرۆکە نادروستەکان.

گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان و کاریگەرییە پەروەردەییەکان

 مامۆستایان سەرنجیان بە پلەی یەک لە سەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی “AI” لە سەر پڕۆسەی پەروەردە بوو، نەک لە سەر سوودە کورتخایەنەکان و ئەو دەستکەوتانەی کە بە تاکەکان، خولەکان و وانەکانی دەبەخشێت. بە پێی ئەزموونی پاڤۆ، سەرهەڵدانی “AI”؛ هاوشێوەی سەرهەڵدانی ژمێرەری   “CAS”ە (کە توانای ئەنجامدانی کاری بیرکاریی پێشکەوتووی هەبوو، وەک هاوسەنگکردنی هاوکێشەکان)، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر خوێندنی بیرکاری لە ئامادەیی دانا، هەر چەند بۆ خوێندنی زانکۆ بەو جۆرە کاریگەریی نەبوو یان ڕێگەپێدراو نەبوون. هەر بە پێی ئەم چوارچێوە مێژووییە، پاڤۆ سەرنجی کاریگەریی بەرفراوانی دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە تەکنەلۆژییەکانی لە بابەتە فکرییەکان دا، لە کاتێکدا پێشتر لە لایەن خوێندکارانەوە ئەنجام دەدران، هەروەها تا چ ڕادەیەک ئەم جۆرە پێشکەوتنانە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە سەر فێربوونی خوێندکاران، سەرکەوتنیان لە کارە ئەکادیمییەکان لە داهاتوودا و پێشکەوتنی گشتیی زانست و زانیاری.

پاڤۆ وتی: “نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ژمێرەری ‘CAS’ (ئەوانەی دەتوانن کاری یەکگرتن و جیاکاری ئەنجام بدەن) لە قوتابخانە ئامادەییەکان بەکار هێنرا، ئەو خوێندکارانەی کە فێری بەکارهێنانی بوون؛ بە باشی سوودیان لێ وەرگرت بۆ وانەی بیرکاری، بەڵام کاتێک چوونە ناو زانکۆ، ژمێرەرەکان بەو شێوەیە سوودیان نەبوو -هەر چەندە بە ناچاری هەندێک جار ڕێگە دەدرا بەکاری بهێنن، چونکە دەزانرا کە پێشتر زۆر پشتیان پێ بەستبوو. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو خوێندکارانەی کە ‘CAS’یان بەکار نەهێنابوو لەوانەیە ئەو کاتە لە تاقیکردنەوەی قوتابخانەدا زۆر لێهاتوو نەبووبن، بەڵام لە ڕاستیدا لە کۆتاییدا کارامەیی و توانایەکی زهنیی زیاتریان هەبوو کە وای کرد سەرکەوتووتر بن لە داهاتوودا، ئەمە وا دەکات ڕابمێنم لە بوارەکەی خۆم و بڵێم: لەگەڵ ئەوەی زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستین بۆ پشتگیریکردن و پێشخستنمان، بەڵام چ گەرەنتییەک هەیە کە گەشەسەندنی مرۆڤایەتی بەردەوام بێت؟ ئایا ئێمە زیاد لە پێویست پشت بە زیرەکیی دەستکرد نابەستین بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانمان، لەو بڕوایەداین کە هەموو کارەکانمان بۆ ئاسان دەکات؟”

ساولیش بەردەوام بوو لە سەر هەمان بابەتی بەراوردکردنی “AI” بە تەکنەلۆژیاکانی پێشتر کە لە پەروەردەدا بەکار هاتوون، تیشکی خستە سەر ڕەوتی سەرەتاییان لە ناساندن و ورووژاندن و ترسی ئەخلاقی، دواتر قبووڵکردنیان وردە وردە و تێکەڵبوونیان بە چالاکیی ڕۆژانە. بیری لەوە کردەوە کە چۆن هەر شەپۆلێکی نوێی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا هەم جێی ئومێد و هەم جێی نیگەرانی بووە. بەڵام وتیشی کە ڕەنگە “AI” جیاواز بێت، چونکە تەنها ئامرازێکی نوێ پێشکەش ناکات، بەڵکوو یارمەتیی تاک دەدات: “هەموو سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیایەک سەرەتا جێی نیگەرانی بووە کە هەموو شتێک تێک دەدات. کاتێک ڕاستکەرەوەی ڕێنووس داهێنرا، ترسی لەدەستدانی توانای نووسین و… هتد؛ دروست بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم ئامرازانە بە سادەیی بۆ بیرکردنەوە و فێربوون لە پۆلدا بەکار هێنران. بۆ نموونە ژمێرەر یارمەتیی خوێندکاران دەدات سەرنجیان لە سەر چەمکە سەرەکییەکە بێت نەک هەنگاوە ڕۆتینییەکان، بەڵام “AI”  جیاوازە. فراوانترە، قووڵترە. وەک ئەوە وایە یارمەتیدەرێکی زیرەکیی کەسی لە تەنیشتتەوە بێت و ئامادەیە وەڵامی هەر شتێک بداتەوە، ئەمەش وا دەکات کاریگەرییەکە بە شێوەیەک جیاواز بێت کە پێشتر نەمانبینیوە.”

پاشان ساولى ئاماژەی بەوە کرد کە قوتابخانە پێویستە خوێندکار ئامادە بکات کە لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، لە ڕێگەی فێرکردنیان بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ: “چی دەربارەی فێربوونی ئەم ئامرازانەی ‘AI-augmented؟’ ئەمانە ئامرازەکانی ئەمڕۆن و خاوەن پیشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا لە ئێستاوە بەکاریان دەهێنن. بەو پێیەی ئێمە خوێندکاران ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ببنە پیشەکارانی داهاتوو، قوتابخانەکانمان دەبێت ئەم ئامرازانەش لەخۆ بگرن، بەڵام پێویستە بە شێوەیەک بن کە بنەماکانی فێربوون تێک نەدەن.”

سامی دیدێکی جیاوازی لە بابەتەکە خستە ڕوو، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە چۆن ڕەنگە داواکارییەکانی کۆمپانیاکان ببێتە هۆی دەستتێوەردانی بەها پەروەردەییە گرنگەکانی دیکەی فنلەندا، کە ڕەگی درێژخایەنیان لە فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا داکوتیوە: “ئەوەی ئێمە دەمانەوێت منداڵانی قوتابخانە فێری ببن؛ بە قووڵی بەستراوەتەوە بە سیاسەتی پەروەردەوە، هەروەها بە بیرۆکەی پەروەردەی لیبراڵی کلاسیکەوە -ئەوەی کە چیدنیۆس و بیرمەندانی تری ڕۆشنگەری. ئایا بابەتەکانی وەک هونەر و کاری دەستی بەردەوام دەبن، یان ڕێگای ئیستۆنیا دەگرینە بەر -سەیری داواکاریی پیشەسازی دەکەین و دەست دەکەین بە داڕشتنی پەروەردە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت؟ هەمووی پێوەستە بە  سیاسەتی پەروەردەوە”.

سامی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد چۆن کاری مامۆستایان لە لایەن پێشبینییە گشتگیرە نەتەوەیەکانەوە بڕیاری لێوە دەدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چ شتێک کاریگەریی هەیە لە سەر ئامانجە فراوانەکانی پەروەردە. ڕایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان چالاکانە دیدگاکانی خۆیان بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی دەخەنە ڕوو کە دەبنە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری، ئەم سیاسەتی گۆڕانکارییەش دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ وەبەرهێنانی بەرچاو و داهێنانی بەرفراوان (Selwyn, 2016).

سارا لە ژێر ڕۆشنایی فێربووندا پێویستی بە کات و هەوڵ هەیە. بابەتێکی ورووژاند کە گوتارە کاریگەرەکان -کە زۆر جار تەکنەلۆژیا تیایاندا هاوکارە- لە بەهای کاری مرڤەکان کەم دەکاتەوە. جەختی لەوە کردەوە کە فێربوونی ڕاستەقینە پەیوەستە بە ئارامگرتن و تەرخانکردنی کاتەوە، نەک خێرایی و سەرنجڕاکێشی. لە جێی ئەوە پێشنیاری کرد کە پێویستە تەکنەلۆژیا پشتگیریمان بکات لە خاوکردنەوە و سەرنجدان لەوەی بۆ هەر تاکێک مانادارە، نەک پەلەکردن و شپرزبوونمان. وتی: “کاتێک بیر لەم بابەتە دەکەمەوە، بەردەوام دەگەڕێمەوە بۆ بیرۆکەی کات. ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە نیشانی دەدات ئەوەیە کە پێشنیارەکانی دەق بە ڕاستی خێرا دەردەکەون -بەڵام فێربوونی ڕاستەقینە خاو دەبێتەوە. بەردەوام هەست بە خێرایی دەکەم. هەر جارێک تەکنەلۆژیایەکی نوێ دەردەکەوێت، تەنها پاڵ بە شتەکانەوە دەنێت بۆ ئەوەی خێراتر بجووڵێن، ئەمەش وا دەکات کارەکان چالاکتر بن. بەڵام مەرج نییە ئەو خێراییە واتای باشتر یان بەماناتر بێت، بۆیە من پرسیار دەکەم -پەرە بە تەکنەلۆژیا دەدەین کە لە ڕاستیدا یارمەتیدەرمان بێت بۆ خاوبوونەوە یان ئارامبوونەوە؟ کە بە ڕاستی بە لای منەوە مەبەستە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کاتمان هەبێت بۆ هەوڵدان و فێربوون و بیرلێکەدنەوە کە پڕۆسەکە بەچێژ دەکەن.”

دابەشبوونێک بە پێی کارامەییەکانی میتاکۆگنیتیڤ

کۆتۆن و هاوکارانی (2023) ڕایانگەیاند لە نێو ئەکادیمییەکاندا دیارترین ڕەخنە لە سەر “ChatGPT” بریتی بووە لە نیگەرانییان لە گزیکردن یان دزینی زانیاری، پێیان وا بوو “زۆرێک پێشبینیی کۆتایی توێژینەوەکان دەکەن وەک جۆرێک لە هەڵسەنگاندن”(ل8). بەڵام مامۆستایانی ئەم توێژینەوەیە کاردانەوەیەکی ڕووخێنەری لەو شێوەیەیان نیشان نەدا. لە بریی ئەوەی سەرنجیان لە سەر ترس و گومانەکان بێت، بە لێکۆڵینەوە لە سوودەکانی “AI”ی دروستکەر دەستیان پێ کرد، کە دەتوانێت لە پەروەردەدا هەیبێت.

سامی وتی: “ترسەکە ئەوەیە کە ئێمە پەروەردە بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازدا دەبەین، بە تایبەت ئەگەر ئێمە بەرەو دنیایەک هەنگاو دەنێین کە وێنە و دەق زاڵن بەسەریدا. بۆیە پێویستە ‘AI’ ڕۆڵێکی تری جگە لە نووسینی ڕاپۆرت بە شێوەی ئۆنلاین هەبێت، چونکە لە ڕاستیدا کەسێک دەتوانێت خێراتر و قەناعەتپێکەرتر ئەو کارە بکات. ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەگەر دەست بکەین بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکەی بە ئۆنلاین نەک پڕۆسەکە، چۆن دەتوانین پڕۆسەکە هەڵبسەنگێنین لە کاتێکدا لەوێ نەبین؟”

هەروەها باسی کێشەی متمانەکردن بە خوێندکارانیش کرا. لە گفتوگۆکەدا جەخت لە سەر گرنگیی هاندانی خوێندکاران کرایەوە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە پڕۆسەی فێربوونیاندا و ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان. مینا بە گاڵتەجاڕی و پێکەنینەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ”گزیکردن دیاردەیەکی نوێ نییە، هەموو ئەو گزیکردنانە [لە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکەدا] دەبنە هۆی خێراترکردن  و ئاسانتربوونی کارەکە، پێشتر لە بوارەکەی ئێمەشدا گزی کراوە”. لە بریی ئەوەی جەخت لە گزیی خوێندکاران بکرێتەوە، گفتوگۆکە جەختی لە یارمەتیدانی خوێندکاران کردەوە بۆ پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان و متمانەبەخۆبوونیان لە پڕۆسەی فێربووندا.

جۆرمە بەشداریی کرد و وتی: “هەروەها ڕەنگە لێرەدا شایەتحاڵی ئەوەش بین کە مرۆڤەکان دەست دەکەن بە دانانی سنوورێک بۆ هەڵەکانی خۆیان، لە شوێنێکدا بزانن جێگرەوەیەک هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان. لە هەر حاڵەتێکیشدا بۆیان هەیە پرسیار لە خۆیان بکەن و بڵێن ‘بوەستە! بە ڕاستی من فێڵ لە کێ دەکەم؟ بە ڕاستی من زۆر ئایدیالیستم!'”

هەندێک لە مامۆستایان نیگەرانیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دابەشبوونی خێندکاران بۆ دوو بەرە،  بەرەی ئەو خوێندکارانەی کە پشت بە کارامەییەکانیان و هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان دەبەستن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پڕۆسەی خوێندندا، هەروەها ئەوانەی “ChatGPT” وەک ئامرازێک سەیر دەکەن بۆ ڕاپەراندنی کارەکانیان. وەک ساولی پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە، پشتبەستن بە “AI” بۆ دوورکەوتنەوە لە ناڕەحەتی و هاوکاری لە فێربووندا زەرەرێکی ئەوتۆ بە پڕۆسەی خوێندن ناگەیەنێت، لە کۆتاییدا هەندێک لە خوێندکاران تێدەگەن لە بابەتەکان، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنها فێڵیان لە خۆیان کردووە.

مامۆستایەک وتی: ئارەزوومەندبوون کلیلی ئەم پڕۆسەیە: پێم وایە ئەمە بڕگە سەرنجڕاکێشەکەیە -یان مەبەستم ئەوەیە کە من حەزم لەم بڕگەیەیە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئارەزوومەندە، بەکارهێنانی “AI” پەیوەندیی بە ئارەزووەوە هەیە. هەروەها بە شێوەیەکی سەرسەڕهێنەر ئالوودەکەرە، هەموو ئەوەی ئێمە لێرەدا هەوڵی بۆ دەدەین بۆ هەمان شتە، ئەویش ئارەزووە. پێویستە بە ڕاستی بەهێز بیت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئارەزووە [بەکارهێنانی ”AI” بۆ دروستکردنی هەموو جۆرە ماددەیەک].

 

ئامراز لە پڕۆسەی پەروەردەدا یان شتێکی تر؟

مامۆستایان بە ئاسانی ڕەهەندەکانی “AI”یان دەستنیشان کرد کە پەیوەندییان بە دەسەڵات و سەرمایە و کۆنترۆڵ و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و ناهاوسەنگیی دەزگاکانەوە هەبوو. ئەوان نیگەران بوون لەوەی کە ئاگادار نەبوون و تێنەگەیشتن لە میکانیزمەکانی “AI” و نەخستنەڕووی کێشەکانی، بەکارهێنەران و کۆمەڵگەکان ڕەنگە متمانە و دەسەڵاتێکی زۆر بە سیستمەکانی “AI” و ئەوانەی پەرەی پێ دەدەن؛ بکەن. سامی ترسی ئەوەی هەبوو لە ژێر دەستی چەند کەسێکدا پێشکەوتن لە “AI”دا دەبێتە سندووقێکی ڕەشی کۆنترۆڵکردنی. مایجا بەرپەرچی دایەوە بە پێچەوانەکەی و سەرنجی خستە سەر پەرەپێدانی توانای تاکەکان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانە کە کێ دەتوانێت سوودمەند بێت لێیان. مامۆستایان  بە گومان بوون لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی “AI” لە ناو قوتابخانەکان بە بێ تێگەیشتنێکی دروست لە میکانیزمەکانیان، کۆنترۆڵ و دەسەڵات و سیاسەت و چاودێریکردن کە لەم سیستمانەدا جێگیر کراون:

سامی: چۆن وەک بوونەوەرێک لەم گەردوون و سەردەمی زیرەکیی دەستکردەدا، دەتوانیت بە جۆرێک ژیانێکی عەقڵانە بژییت؟ ئەمە وەک ئەوە وایە بوونی خۆت بە قەرز بدەیت بە کەسێکی تر، پێم وایە کە کەسانی نوخبە هەمیشە باشتر لە بوون  تێدەگەن، نەک ببنە بەشێک لە ئامێرێک. بێگومان ئەم جۆرە لۆژیکە هەیە کە هەموو بوونی خۆیان بە ئامێرێک دەسپێرن و بەوانی تر پێدەکەنن کە منداڵەکانیان دەبەن بۆ قوتابخانەیەک کە “AI” و ئامێرەکان بەکار ناهێنێت.

مایجا: زیرەکیی دەستکرد ئامرازن.

سامی: دڵنیا بە، بەڵام مەترسیی زیرەکیی دەستکرد ئەوەیە کە تۆ تەنها لەگەڵ ئەم یەک شتەدا دەڕۆیت، لەناکاو تێدەگەین کە ئێمە، کۆمەڵگە، خۆمان خستووەتە ناو ئەو سندووقە ڕەشەوە.

مایجا: بە ڕاستی ئەگەر نازانیت بنەماکانی کارکردنی ئەم ئامرازانە چین و نازانی کێ بەڕێوەیان دەبات، تەنها وەک ئامرازێکی باش بۆ ئاپی باش، هەموو شتێکی باش بەکاریان دەهێنیت، ئەم ئامرازانە لە کۆتاییدا بۆ هەموو شتێک بەکار دەهێنرێن کە ئێمە تێناگەین.

نیگەرانیی مامۆستایان دەربارەی هێز و دەسەڵات بە باشی دەگونجێنن، لەگەڵ ئەدەبیات لە سەر ئەخلاقی “AI”. سیستمەکانی “AI”؛ بزوێنەر، بێلایەن نین کە ئەنجامی بابەتی و بێبەها لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی بێلایەنەوە بەرهەم بهێنن. وەک هەموو بەرهەمەکانی تری مرۆڤ، پێویستیان بە هەندێک پەیوەندیی سیاسی هەیە تا بتوانن ببنە ئامرازێکی پەسەندکراو بۆ جێگیرکردنی هێز و دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگەکاندا (Winner, 1980). بۆ نموونە؛ مۆدێلی بنەڕەتی (وەک ئەوانەی لە ”ChatGPT” و ”Midjourney” بەکار هێنراون) لە بنەڕەتدا بەهادارن و لە سەر بنەمای ژمارەیەک نەخشەی سیاسی و هێز داڕێژراون، هەر لە کۆکردنەوە، تێبینیکردن و ڕاهێنانی دەیتاکانەوە (Paullada et al., 2020)، تا پێشینەکانی کۆمپانیاکانی دەوڵەت و تەکنەلۆژیا کە ئەم مۆدێلانە ڕادەهێنن (Crawford, 2021:181–209)، هەروەها بەکارهێنانیان (Bommasani et al., 2021)، لە کۆتاییدا چۆنیەتیی بەکارهێنانیان لە کۆمەڵگادا (Chouldechova and Roth, 2020) و… هتد.

مامۆستاکان کە قووڵتر بیریان لێ کردەوە، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەو سیستمانەی کە “AI” بەکار دەهێنن؛ تەنها کۆمەڵێک ئامرازن کە درێژکراوەی مرۆڤن، بەڵام بە ئاڵۆزی، شتە دەستکردەکانی وەک سیستمی توانای دەروونی و جەستەیی هۆمۆ فابەر، کە لە مەبەستەکانی مرۆڤ تێدەگەن (McLuhan, 1964; Brey, 2000). ئەو سیستمانەی توانای دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و تێکدانی گرێبەست و باشکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیان هەیە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کاریگەرییەکانی “AI” لە سەر ڕەفتار، دەزگا، ئەخلاق، و زۆر شتی تر بزانرێت (Coeckelbergh, 2020). لە گفتوگۆی مامۆستاکاندا جەخت لە  پێویستیی بەپەلەی دووبارە هەڵسانگاندنەوەی سیستمی پەروەردە و پەیوەندیی نێوان  خەڵک و زیرەکیی دەستکرد کرایەوە.

AI  لە ژینگە جیا ناکرێتەوە

دوور لە سەیرکردنی “AI” وەک دیاردەیەکی مەجازی و دابڕاو لە جیهانی ماددی، مامۆستاکان ئاگاداری ژێرخانی پیشەسازیی جیهانی بوون، کە پێویستیان بە بەردەوامبوون و توانا سەرنجڕاکێشەکانی ئامرازەکانی وەک “ChatGPT” و “Midjourney” هەیە. سارا سەرەتا باسەکەی بە ئاڕاستەی زۆری نرخی کارەبا لە جیهان و هەروەها ئەوانەی پەرە بە ئامێرە کەسییەکان، تۆڕەکانی پەیوەندی، کێڵگەکانی بەرهەمهێنان و ناوەندەکانی دەیتا دەبەن؛ برد:

سارا: لەم سەردەمی قەیرانی وزەیەدا سیستمەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد؛ چەند وزەی کارەبا بەکار دەهێنن؟ پێم وایە مایجا لە شوێنێکدا پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا ئەمانە لە سەر هەندێک سێرڤەر دامەزرێنراون؟ منیش دەمەوێت بزانم  بە ڕاستی چەند وزەیان پێویستە؟

بەم شێوەیە باسەکە گۆڕا بەو پەستانە بەردەوامەی کە زیرەکیی دەستکرد دەیخاتە سەر ژینگە:

سارا:  ئایا دەکرێت  ئێمە ئەم ئیکۆسیستمە تەکنەلۆژییە بە شێوەیەک بەرهەم بهێنین کە  زیان بە ژینگەی زەوییەکەمان نەگەیەنین؟ من خۆم بە ئەستەم دەتوانم تێیبگەم، هێشتا لە لام پرسیارە، ئێمە لە ئێستاوە بڕێکی زۆر وزە بەکار دەهێنین… ئەی ئەگەر بەردەوام بین لە داهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، ئایا بەکارهێنانی وزە زیاتر نابێت؟

بەم شێوەیە مامۆستاکان دەستنیشانی مەترسییەکانی بەکارهێنانی تاکنەلۆژیایان لە کۆمەڵگەکاندا کرد. لە مێژە باس لەو کێشەیەی کۆمپیوتەر لە قەبارەی “ML” و ئەو وزە زۆرەی کە پێویستیەتی بۆ ڕاهێنان، هەروەها ڕێکخستنی هەڵگرتن و گواستنەوەی زانیارییەکان کراوە (Bender et al., 2021). دەیان ساڵە پیشەسازییەکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لە سەر زیانەکانی پاشماوە ئەلکترۆنییەکانی و هەناردەکردنی بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕێسا ژینگەییەکانیان کەمترە، هەر چەندە هەوڵی زۆری چارەسەرکردنی دراوە (بۆ نموونە، ویدمەر و هاوکارانی، ٢٠٠٥). توێژەران تیشکیان خستووەتە سەر ئەو نادادپەروەرییە ژینگەییە زیانبەخشانە، هەر لە دەرهێنانی توخمە دەگمەنەکانەوە لە ژێر زەوی تا فڕێدانی پاشماوە ئەلکترۆنییەکان. ئەو زیانە ژینگەییانەی بەر زەوی دەکەون، زۆر زیاترن لەو قازانجە ئابوورییەی لێوەی بەدەست دێت و کاریگەرییان لە سەر کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان هەیە (بۆ نموونە، Stewart et al., 2014). نیگەرانییە ژینگەییەکان کە لە لایەن مامۆستایانەوە ورووژێنران، ئەوانە بوون کە لەگەڵ  گەشەی “AI”، ئەکادیمیا، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و چاودێرانی دیکەدا یەکیان دەگرتەوە (بۆ نموونە، Bommasani et al., 2021; Crawford, 2021).

گفتوگۆ

ئەم توێژینەوەیە ڕێک خرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو هیوا، نیگەرانی و پێشبینییانەی کە پەروەردەکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە لە سەردەمی سەرهەڵدانی زیرەکیی دەستکردی دروستکەر. بۆ ئەوەی لە “AI” بگەین لەم چوارچێوەیەدا، بەشداربووان بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکدا کرد بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لە سەر “AI”ی دروستکەر، گەڕان و وردبوونەوە لە ناوەرۆکی و  زیانەکانی لە ڕوانگەی جیاوازەوە.

ئەنجامەکان بریتی بوون لە نمایشی کۆمەڵێک تێڕوانینی پەروەردەیی و پشکنینی ورد و هاوسەنگی سوود و زیانە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی “AI”ی دروستکەر. لە بریی ترسە دیستۆپییەکان کە “AI” خوێندنی زانکۆ تێک دەدات یان مامۆستایان ناچار دەکات واز لە هەڵسەنگاندنە پێشینەکان بهێنن، بەشداربووان سەرنجیان خستە سەر ناوەرۆکی “AI” کە چۆن دەتوانێت سوودی لێ وەربگیرێت لە فۆڕمە جیاوازەکانی پڕۆسەی خوێندندا. ئەم جۆرە لە تێڕوانین، ئەوە دەردەخات کە تا چ ڕادەیەک بۆچوونی مامۆستایان لە بارەی “AI” گونجاو بوون، هاوتەریب بوون لەگەڵ بۆچوونە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە بەهادارەکان و ئامانجە پەروەردەییەکان. لە  فینلەندا، هەڵسەنگاندنی فۆرماتیڤ لە مێژە بەشێکی دانەبڕاوە لە پەروەردەی مامۆستایان و لە پرۆگرامی نیشتمانیدا جەختی لە سەر دەکرێتەوە (FNBoE، 2014). بە هەمان شێوە،  ڕاوبۆچوونی مامۆستایان جەختی لە ئاڕاستە پێداگۆجییەکانی وەک فێربوونی بنەمادار بە لێکۆڵینەوە و فێربوونی زانیاری دەکردەوە، کە لە لایەن پرۆگرامی نیشتمانییەوە پشتگیری دەکرێن. ئەم ڕێبازانە بریتین لە فێربوونی کۆتایی کراوە، کە پێویستت بە زانیارییە بۆ  چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای کۆنتێکست، بیرکردنەوە، وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی فێربوون و پاشان بەشکردنی لەگەڵ ئەوانی تر (Hkkarainen et al., 2013). بەم شێوەیە پێشبینییە تەکنەلۆژییەکان لە بواری پەروەردەدا لەگەڵ بەها و ڕێبازە پێداگۆجییەکانی مامۆستایاندا بەراورد دەکرێن، لەم ڕێگەیەوە مامۆستایان دەتوانن سوود و زیانەکانی “AI” بزانن.

تێڕوانینەکانی مامۆستایان جەختیان لە سەر کۆمەڵە شتانێکی وەک پەرەپێدانی توانای زەینی، خۆڕێکخستن، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و تەندروستی دەکردەوە، کە دژی بۆچوونە میدیاییە تەکنەلۆژییەکان بوون. کاتێک مامۆستایان سەرنجی کاریگەرییەکانیان دا، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم بەرهەڵستییە پێویستی بەوەیە تاکەکان و لایەنەکان و کۆمەڵەکان لە دەسەڵاتە شاراوەکانی “AI” تێبگەن  و وەک هێزێکی کاریگەر کە پەروەردە لەقاڵب دەدات؛ قبووڵ بکەن، نەک کوێرانە ڕادەستبوونی و بە تاسەوە بەکارهێنانی. لەم ڕێگەیەوە مامۆستایان خۆیان لە نێوان دوو بۆچوونی دژبەیەکدا بینییەوە: لە لایەکەوە ئەوانەی کە تەنها وانەوتنەوەی مامۆستان و پشتبەستن بە خۆیان بە دروست دەزانن و پێیان وایە  “AI” زیانێکی زۆر دەگەیەنێت کە چارەسەری مەحاڵە،  لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی تەکنەلۆژجیا کە باسی کاریگەرییە سیحراوییەکانی تەکنەلۆژیا دەکەن لە پێشخستنی مرۆڤایەتیدا (Campolo & Crawford, 2020).

ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو مامۆستایان کۆک بوون لە سەر بەها و ڕێبازە پێداگۆجییەکان کە جەخت لە  کاراکردنی مێشک، خۆڕێکخستن، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و تەندروستی دەکەنەوە. بە هەمان شێوە، ئەم بەها و ئامانجە پێداگۆجییانە لەگەڵ پرۆگرام و دیدگای ئێستای بەها پەروەردەییە نیشتمانییەکان دەگونجێن. مامۆستایان نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە بنەما نیشتمانییەکانی داهاتوو ڕەنگە  بگۆڕدرێن. ئەم نیگەرانییەش لە جێی خۆیەتی، چونکە  لە ئێستاوە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆی (بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکانی Eubanks, 2018)، دەریخست کە چۆن سیستمەکانی “AI” لە سەرەتادا لە ژێر درووشمی ئاسوودەژیانیدا ناسێنران، یان وەک یاسای سێیەمی زوبۆف کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پێشبینی کرابوو، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و بوونەتە ئامرازی چاودێری و کۆنترۆڵکردن.

ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخست کە لە خەیاڵی مامۆستایاندا بەرپرسیارێتی پرسێکی فراوانترە لە  بڕیار و کردارێکی تاکەکەسی. لە بریی ئەوەی تەنیا سەرنجیان لە سەر پەیوەندیی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا بێت، جەختیان لە هەڵوێستی بەرپرسیارانە لە ژینگەش کردەوە. مامۆستایان تەنیا نیگەرانی کاریگەریی تەکنەلۆژیا لە سەر مرۆڤ نەبوون، بەڵکوو هەستێکی قووڵی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە و سروشتیش هەبوو. مامۆستایان سەرنجیان خستە سەر چۆن “AI” کێشە ژینگەییەکان زیاد دەکات، نەک وەک ئامرازێک بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا (Coeckelbergh, 2020; Bommasani et al., 2021).

 وردبوونەی مامۆستایان لە “AI”ی دروستکەر، وای کرد مامۆستایان  بیر لە پرسە قووڵ و ئاڵۆز و بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە  پەروەردە و فێرکردن بکەنەوە. ئەم پرسە ئاڵۆزانە لە مێژە بابەتی مشتومڕن و تا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام لەم وۆرکشۆپەدا لە سەر “AI”، وای کرد مامۆستایان هەڵسەنگاندنەوە بۆ هەندێک لە بۆچوونەکانی پێشوویان بکەنەوە. جێی ئاماژەیە مامۆستایان هیچ کێشەیەکی پەروەردەیییان نەدۆزییەوە کە “AI” ئەو شتەیە بۆ چارەسەرکردنی داڕێژراوە. ئەمە ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە  ئەوان لەو بڕوایەدان “AI” ناتوانێت هیچ چارەسەرێکی ئاسان پێشکەش بە پەروەردە و فێرکردن، خۆشگوزەرانی و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی لە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرە مرۆیی و نامرۆییەکاندا بکات.

هەر چەندە ئەم توێژینەوەیە دۆزینەوە سەرەتایی و پشکێنراوەکان دەخاتە ڕوو، بەڵام لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی “AI” و پلاندانانی چالاکانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، نەک بێئاگا و بێ ڕەخنەگرتن شوێنی بکەوین و هەوڵی ئاساییکردنەوەی لە پەروەردەدا بدەین (Egliston and Carter, 2022). توێژینەوەکە گرنگی بە لقێکی دیاریکراوی “AI” دەدات، نەک چەمکی فراوانی “AI” بە گشتی، ئەمەش گفتوگۆ پەرە پێ دەدات لە سەر کەیسێکی تایبەت و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی  کە ڕەنگە “AI” ڕۆڵی هەبێت تیایاندا.

دۆزینەوەکان باس لەوە دەکەن کە  مامۆستایان پێویستە پەرە بە زانیارییەکانیان لە سەر “AI” بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی “AI” لە سەر  پەروەردە دیاری بکەن و بتوانن وا لە خوێندکاران بکەن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خۆیاندا پرسیارە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان لە خۆیان بکەن. هەوڵی زیاتر بدرێت لە بواری پەروەردەدا بۆ بەدیهێنانی چارەسەری نوێ، پێشبینی و دیدگاکانی داهاتوویەک کە لەگەڵ “AI” لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ژینگەییەوە بگونجێت. بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە بۆیان دەرکەوت کە داهاتوو داوای چی لە تاکەکان، لایەنەکان، کۆمەڵگەکان، پڕۆژەیاسا و تێڕوانینەکانی تر دەکات. دەربڕینی ڕای تاکەکان بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەستتێوەردانی تەکنەلۆژی زۆر گرنگە، بۆیە پلانی سیاسەتمەدارانە پێویستە لە پرۆگرام و ڕێنماییە نیشتمانییەکان، بۆ ئەوەی یارمەتیی خوێندکار و مامۆستا بدەن بۆ تێگەیشتن لە “AI” و کاریگەرییە فراوانەکانی.

سنووردارکردن و ئاڕاستەکانی داهاتوو

 

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە دروستکردنی داهێنەرانە دەتوانێت ڕێگایەکی کاریگەر بدۆزێتەوە بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون، نیگەرانی و ئومێدەکانی مامۆستایان، بە شێوەیەک کە هۆشیاریی کۆمەڵگە زیاد بکات لە سەر گرژییەکانی تەکنەلۆژیا و مەترسییەکانی “AI” (بڕوانە پینک، 2022a؛ پینک، 2022b). بەڵام زۆر گرنگە بزانین کە ئەو گرژی و هەستیارییانەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژەیان پێ کراوە، بریتییە لە سەرنجدانی سەرەتایی مامۆستایانی بواری پەروەردە لە فنلەندا لە “AI”ی دروستکەر لە چوارچێوەی کولتوورێکی تایبەتدا. بۆیە نابێت دۆزینەوەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان و گشتگیر وەربگیرێن، چونکە پڕۆسەی پەروەردە بەندە بە چوارچێوەیەکی کولتوورییەوە و بە پێی شوێنەکە دەگۆڕێت.

شێوازی بەشداریکردنی خۆویستانەی مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لە وۆرکشۆپەکەدا، وای کرد باشتر تێکەڵی گفتوگۆکان ببن و بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا بیبەن. لە گرووپی بچووک بچووکدا هاوکاری یەک بوون. تێکەڵبوونی ناخی کەسەکان لەگەڵ ژینگەی کارکردندا، کەشێکی ئاسانی بۆ بەشداریکردن و هەندێ جار گفتوگۆی ڕەخنەگرانە و کرانەوە لەگەڵ یەک ڕەخساندبوو. سەرەڕای ئەوەی ئامانجی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە بوو کە زەمینە بسازێنێت بۆ تێڕوانینە جیاوازەکان و گفتوگۆکردن لە سەر بابەتە ناکۆکی لەسەرەکان، بەڵام هێشتا داینامیکی تەمەن و پێشتر یەکترناسینی بەشداربووان ڕەنگە ڕێگر بووبێت لە ڕا و بۆچوونی جیاوازی هەندێک لە بەشداربووان. لە گرووپێکی بچووکی هاوپیشەدا، ڕەنگە هەندێک لە بەشداربووان لایەنگری هاوسەنگی و کۆدەنگی بووبن. بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو باشترە گرووپێکی هەمەچەشنتر پێک بهێنن لە بەشداربووان، كە ئاستیان جیاوازە لە ڕووی ئاشنایەتییان و ئارەزووی بەکارهێنانی ”AI” و… هتد.

جگە لەوەش، ڕەنگە ئەم ئەنجامانە بۆ ژینگەی تر بە تەواوەتی گونجاو نەبن بە هۆی جیاوازی لە ژینگەی پەروەردە، کولتوور و سیاسەتی پەروەردەیی لە نێو ئەوانی تردا. تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی مامۆستایانی بواری پەروەردەی فینلەندا و ژینگەی قوتابخانەکانیان، وەک سەربەخۆیی مامۆستا و گرنگیدان بە هەڵسەنگاندنی خودی، ڕەنگە ڕێگر بن لە گواستنەوەی ئەنجامەکان بۆ شوێنی دیکە. بۆیە گرنگە داهاتووی لێکۆڵینەوە بریتی بێت لە گەڕان بەدوای پێشنیار و ئەزموونی مامۆستایان لە کولتوور و ژینگە پەروەردەییە جیاوازەکاندا. هەروەها ئەمە دەرفەت دەڕەخسێنێت کە تێڕوانینێکی قووڵترمان هەبێت سەبارەت بەوەی کە چۆن پرسە ئەکادیمییەکانی وەک ڕێگاکانی وانەوتنەوە، تێڕوانینەکان لە لایەن پرۆگرام و سیاسەتی پەروەردە کاریگەرییان لە سەر ڕاوبۆچونی مامۆستایان لە بارەی “AI”ەوە هەیە. ئەم جۆرە توێژینەوانە دەتوانن سەرنجمان بگێڕنەوە بۆ بەها سەرەکییەکان کە ئاواتەخوازین لە بوارە جیاوازەکانی پەروەردەدا بیچەسپێنین و چۆن ئەم بەهایانە دەکرێت بە هۆی سەرهەڵدانی زیرەکیی دەستکردەوە کاریان تێ بکرێت.

هەر چەندە کاریگەرییەکانی “AI”ی دروستکەر لە سەر پەروەردە لە ئێستا و داهاتوودا ڕوون نین، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە مۆدێلە بنەڕەتی و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بکۆڵینەوە (Bommasani et al., 2021; Bender et al., 2021). بەو پێیەی زۆرێک لەم میکانیزم و دژایەتی و کاریگەرییانەی “AI”ی دروستکەر بۆ مامۆستایان ناڕوونن، پێویستی بە ڕاهێنانی مامۆستایانی ئێستا و داهاتووە. لەم جۆرە ڕاهێنانانەدا دەبێت مامۆستایان بتوانن بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بەدواداچوون بۆ دەیتاکانی تەکنەلۆژیا بکەن، کە کاریگەرییان لە سەر ژیانی ڕۆژانە، فێربوون و پەیوەندییەکانی جیهان هەیە (نووسەران، ٢٠٢٢؛ ٢٠٢٣). بە هەمان شێوە گرنگە بەها تایبەت و چوارچێوە ئەخلاقییەکە ڕەچاو بکرێت، ئەگەر بێت و ئەم تەکنەلۆژیایانە ببنە بەشێک لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن. وەک پینک (2022b) ئاماژەی پێ دەکات، ئەخلاقی “AI” و متمانەکردن بە بڕیاردانی ئۆتۆماتیک باس بکرێت و چوارچێوەی بۆ دابنرێت لە بڕیار و چالاکییە ڕۆژانەکاندا، لە ناویشیاندا بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بە دروستی (Pink, 2022b). لە داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن تێڕوانینی مامۆستایان بۆ “AI” بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆژانەوە دەگۆڕدرێت.

سەرچاوەكان

تێبینی: بە هۆی درێژیی توێژینەوەكە و پێویستیی پاراستنی هاوسەنگی لە بابەتەكاندا، لیستی سەرچاوەكان دانەنراوە، دەتوانن لە ماڵپەڕی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی سەرچاوەكان ببیین.

 

Send this to a friend