ئیسلامی سیاسی
ئا: ئایینناسی

هه‌ردوو وشه‌ی پێكهێنه‌ری زاراوه‌ی ئیسلامی سیاسی به جیا مانایه‌كی ڕوون و ئاشكرایان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك زاراوه له‌ڕووی كاتی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی یەكەمی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كە به هۆی ڕووخانی خیلافه‌تی ئیسلامی لەلایەک و دروستبوون و دەرکەوتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عه‌لمانی لەلایەکی تر، بانگەوازی گێڕانەوەی خیلافەت و دەسەڵاتی ئیسلامی لای هەندێك گەڵاڵە بوو، یه‌كێك له ڕێگاكانی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بریتی بوو له تێكه‌ڵكردنی ئیسلام به سیاسه‌ت و پاشان ده‌ركه‌وتنی پارت و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان، به‌م هۆكاره‌ش ئایینی ئیسلام وه‌ك ئایدیۆلۆژیایه‌ك، یاخود بنه‌مایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و خیلافه‌ت بووه سیمای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م زاراوه‌یه له مه‌یدانی سیاسه‌ت.
به گشتی مانای ئیسلامی سیاسی بریتییه له هه‌وڵدان بۆ بەدەستهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پشتبه‌ست به بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام.
به‌ڵام هه‌ر زوو له وڵاتانی ئیسلامی و لەناو بیرمه‌ندان دوو ئاڕاسته دروستبوون، یه‌كه‌میان پاڵپشت بۆ ئه‌م زاراوه‌یه‌یە، کە به ڕێگەی دروستی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و دواتر به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زانن و بەلایانەوە دروستکردنی پارت و گرووپی ڕێکخراویش هۆکاری گەیشتن بەم ئامانجەن، هەرچی ئاڕاسته‌ی دووه‌مە دژ و پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌من و ئایینی ئیسلام ته‌نیا وه‌ك هۆكاری په‌یوه‌ندی تاك به خوداوه سه‌یر ده‌كه‌ن و به دووری ده‌زانن له هه‌موو تێكه‌ڵبوونێك به سیاسه‌ت.
ئه‌وه‌ی گرفتی بۆ ئه‌م بابه‌ته دروست كردووه ئه‌و ترازانه‌یه، كه ئیسلامییه‌كان تووشیبوون له‌كاتی تێكه‌ڵبوون به سیاسه‌ت، چونكه قۆناغ به قۆناغ له بنه‌ما بنهڕه‌تییه‌كانی ئایین دووركه‌وتنه‌وه و سیاسه‌تكردن بووە ئه‌مانج و كاری سه‌ره‌كییان.
هه‌روه‌ها ئه‌م زاراوه‌یه تێكه‌ڵبوون و ئاوێته‌بوونیشی به زاراوه‌كانی وه‌ك ڕه‌وته ئیسلامییه‌كان، یاخود كۆمه‌ڵه و پارته ئیسلامییه‌كان، یان بوژاندنەوە و بێداری ئیسلامی، جارێكی تر گرفتی ڕوونی مانا و ناوه‌رۆكی تووشی پرسیار بوو، كه ئایا ئیسلامی سیاسی هه‌مان ئه‌م گرووپ و پارتانه‌یه؟ یاخود كام له‌م ڕه‌وت و گرووپانه ئیسلامی سیاسین؟ ئایا پێوه‌ریش بۆ ئه‌م بابه‌ته چییه؟
كوردی

