• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 16, 2025

لە پەڕاوێزی کێشەکانی نێوان ئێران و  ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

بارام مەجید خان

ئێران، ئێران، ئێران… زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە و هەمیشە ئەم ناوە لە زەین و یادەوەری باوان و ڕەچەڵکی دێرینمان ڕاستەوخو و ناڕاستەوخۆ، زرنگاوەتەوە. لەسەر شاڕێی شارستانییەتە دێرینەکان و تا کوچە و کۆڵانەکانی سەمەرقەند و بوخارا ئێران بوونی هەبووە. هەندێک جار بە ئاڵایەکی شەکاوە و هەندێک جارێش بە ئاڵایەکی شکاو و بریندار.

دوا برینی سەر جەستەی ئێران، شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا کە دۆخێکی قورسی لە سەر کۆی سیاسەت و ڕێڕەوی سیاسی و ستراتیژی ئێران خوڵقاندووە. دوا بزماری وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بۆ سەر تابووتی ئێران، کارا کردنەوەی میکانیزمی ماشە بوو. میکامیزمی ماشە ئەو بەندەی ناو ڕێکەوتننامەی بەرجام کە تێیدا ئێران بە پابەند دەکات بە ڕێکەوتننامەکەوە. ئەو داوەی کە بۆ ئێران لە بەرجام دانرابوو مینڕێژ کراوە بە چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە پێش ساڵی ٢٠١٥ لە دژی ئێران ڕاگەیەندرابوو. هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران کە لە ڕێکەوتننامەی بەرجام ناکارا کرابوون، جارێکی تر کارا کرانەوە.

گەمارۆکانی سەر ئێران لە سەردەمی حکومەتی ئەحمەدی نەژاد بە کاغەزی بێکەڵک ناوبرابوون. ئێستاش حکومەتی ئێران پێێ وایە کە: “سناپ باک کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ئێران نابیت. ئێستاش بە بێ سناپ باک هەمان ئەو گەمارۆیانەمان لەسەرە کە لە سناپ باک بڕیاری لێ دراوە.” ئەگەر شێکردنەوەیەکی لۆجیکی بۆ ئەم بۆچوونەی ئێران بکەین، ئەوا هەڵەیەکی زەقی تێدا بەدی دەکرێت. ئەویش گەمارۆکانی کە بەر مەبنای سناپ باک دەگەڕێنەوە شەرعیەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پشتەو و ئێران دەخاتە ژێر فەسڵی حەوتی ئەنجومەنی ئاسایش. زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆکان و هەم وڵاتانی ئەورووپا چیدی هیچ چەشنە سەودایەکی بازرگانی لە گەڵ ئێراندا ناکەن. لە ڕوی سیاسییەوە ئێران بە تەواوی گۆشەگیر و دەستەودامان دەکات. هەڵاوسانی ئابووری ئێران کە ئێستا لە ئاستی داڕمانی ئابووریدایە زیاتر دەکات. کەشتیوانی ئێران پەک دەخات. ترانزێتی کاڵا لەگەڵ ئێران نامێنی. سیستەمی بانکی ئێران ئیفلیج دەکات. پیشەسازی فڕۆکەوانی بە ڕێژەیەکی زۆر لاواز دەکات. لە هەموو گرنگتر چیدی بەرجام بوونی نامێنی و وڵاتانی ئەورووپا لە بەرجام نامێنن. ئەمەش هەموو ئامادەکارییە بۆ ئەوەی لە ژێر فەسڵی حەوت مامەڵە لەگەڵ ئێران بکرێت.

لە سەر ئاستی ناوخۆش حکومەت لەو توانایەی کە ئێستا هەیەتی ناتوانی خزمەتگوزاری زیاتر  پێشکەش بە هاوڵاتیان خۆی بکات. ئەمەش بەو مانایە دێت کێشە ئابووری و ژینگەیی و سەندیکاییەکانی ئێران بە چارەسەر نەکراوی دەمێننەوە. هەر چەشنە ناڕەزای دەربڕین و خۆپیشاندانێکی سەندیکایی و پیشەیی بەبێ وەڵام وەک خۆیان و بە چارەسەر نەکراویی دەمێننەوە. کەرتی تایبەتی ئابووریش لە تەنیشت کەرتی گشتی هەرەس دەهێنێت. کاتێک کە سەرمایەدارەکان نەتوانن پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی ئێرانەوە بکەن.

 پێشنیاری ئاشتی لە غەزە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا و بە پشتیوانی پشتی پەردەی وڵاتانی عەرەبی لەو پرۆژەیە، پێدەچێت، هەم ئێران و هەم ئیسرائیل بە ناچاری سیاسەتی ئەمری واقیع قبووڵ بکەن. نە ئیسرائیل و نە ئێران لە ناخەوە بە پرۆژەکەی سەرۆکی ئەمریکا ڕازی نیین. هەم ئێران و هەم ئیسرائیل هۆکاری جیاوازیان هەیە. ئیسرائیل لە ژیر گوشاری سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەکەی و فشارەکانی ئۆپۆزسیۆن، پێویستی بە ڕیگەچارەیەک هەیە بۆ چارەسەری کێشەی غەزە. بەڵام پێێان وایە هێشتا حەماس بە پێوە وەستاوە و ناکرێت هێرشەکان بە بێ دەستکەوتی گەورە بۆ ئیسرائیل کۆتاییان بێت. هەرچی سیاسەتی ئێرانیشە وەستانی شەڕ لە غەزە و کپکردن و سەرکوتکردنی غەزە دەرفەت دەداتە ئێسرائیل بۆ سەرکوتکردنی جەمسەرەکانی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە و پاشان هێرشی دوبارە بۆ سەر ئێران. پرۆژەی ئاشتی لە غەزە سەربگرێت، یاخود شکست بهێنێت، کێشەکە چەند دەرهاویشتەی گرنگی تێدا بەدی دەکرێت:

چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لە غەزەوە وەک داوێکە بۆ ئێران و لاوازکردن و پاشان هێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە دەبینرێت. بە هەر دوو جەمسەری شەڕ و ئاشتی لە غەزە ئێران هیچ دەستکەوتێک بۆ خۆی ناچنێتەوە. ئامانجی کۆتایی پرۆژەی ئاشتی لە غەزە، پەیوەستکردن و یارگرتنە بۆ پەیمانی ئیبراهیمی لە ناوچەکە کە ئامانجی درێژ خایەنییان؛ پەیوەستبوونی ئێرانە بەو پرۆژەیەوە. بۆیە ئێران پێی ڕازی نابێت.

هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان عەرەب-ئیسرائیل، چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئەو کێشەیە، جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەکە پەرەی سەندووە. دۆسییەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە بنبەست. ئەگەری پێکدادانی سەربازیی لە ئارادایە. لە ناوخۆی ئێران باس لە ئەگەری هێرشی پێشدەستانە دەکرێت، ئەو کاتەی دڵنیا بوونەوە لە هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە. ئەم بۆچوونە ئەگەریش بۆ ڕازیکردنی ناوخۆی وڵاتیش بێت ئێران پشتی بەو فڕۆکە هێرشبەرانە بەستووە کە لە لایەن ڕووسیاوە بە دەستی هێناوە. هەموو ئامادەکارییەکی چەنگێکی نوێ لە ناوچەکە کراوە. فڕۆکە و کەشتی جەنگی ئەمریکاش لە ناوچەکە بوونیان هەیە. لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە ئەگەری تێوە گلانی هەندێک لە گرووپەکانی هاودەنگ و هاوڕیز لەگەڵ ئێران بوونی هەیە. هەرێمی کوردستانیش پریشکی ئەو جەنگەی بەر دەکەوێت لە لایەن هەر دوو جەمسەری جەنگەکە.

Send this to a friend