• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 2, 2025

دیدی ئۆجەلان بۆ كۆنگرەی پەکەکە

ئامادەكردنی لە تورکییەوە: تەحسین وسو عەبدوڵڵا | توێژەرو مامۆستای زانکۆ

ئەم نامەیە بریتییە لە دیدی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دوازدەیەمینی حیزبەکە، کە لە (٥-٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) بەڕێوەچوو.

نامەکە لە (٢٥)ی نیسانی (٢٠٢٥) ئاڕاستەی پەکەکە کراوە، تێیدا بڕیاری وەستاندنی خەباتی چەکداری‌و هەڵوەشانەوەی خودی پەکەکەی لەخۆگرتووە. لە بنەڕەتدا ئەم پەیامەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، خۆی لە پێشەکییەکی درێژو حەوت تەوەرەی سەرەکییدا دەبینێتەوە، ئەوانیش بریتین لە سروشت‌و مانا، سروشتی کۆمەڵایەتی‌و کێشەکانی، دووفاقی/ دوالیزمی دەوڵەت‌و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژووییدا، مۆدێرنیتە، ڕاستیی کوردو کوردستان، کۆتاییهێنان بە خەباتی پەکەکەو دیدەکان بۆ قۆناغی نوێ. لەبەر دوورودرێژیی نامەکە، وەرزنامەی تورکیاناسی پوختەیەکی پێشەکی‌و تەوەرەکانی “مۆدێرنیتە، ڕاستیی کوردو کوردستان، کۆتاییهێنان بە خەباتی پەکەکەو دیدەکان بۆ قۆناغی نوێ”ی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.

پێشەکی

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پێشەکیی نامەکەیدا بۆ دوازدەیەمین کۆنگرەی پەکەکە تیشکدەخاتەسەر چەند بابەتێکی گشتی لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆیەوە بۆ پرسەکان.

لە سەرەتای پێشەکییەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەڤاڵانی پەکەکە دەتوانن پشتئەستوور بەم پێشەکییە، پڕۆسەکانی کۆنگرە تاووتوێبکەن. هەڵبەت تەواوکردنی کارەکە ڕەنگە مانگێک بخایەنێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە مایەی دواکەوتنی پڕۆسەکەو هەندێک گێرەوکێشە.

ئاگایی‌و ناسنامەی کورد/ کوردبوون، لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک پرسیار دەکات، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ناسنامەی کوردەوە هەیە، لەوانە “کوردان هەن، یان نین؟ ئەگەر هەن، تا چ ئاستێک گەیشتوون بە ئاستی بوون؟ لەوەش گرنگتر، ئەم بوونەو ئازادی، هەتا چ ڕادەیەک لێکئاڵاون‌و هەتا چ ئاستێک بەدیهاتنی یەکتر دەڕەخسێنن؟”. لێرەدا باس لە خەبات‌و بەرخۆدانی پەکەکە دەکات، کە چۆن ئاگایی‌و گیانی ناسنامەی کوردیی زیندووکردووەتەوە، کە بەسەرچووبوو. لێرەدا ئەوەی پەکەکە ئامانجی بوو، بریتی بوو لە وەرچەرخانی ئەو جۆرە خەباتەی کە شوڕشەکانی پێشووتر (شێخ سەعید، سەید ڕەزا) لە پێناویاندا هەڵگیرسان. شۆڕشەکانی بەر لە پەکەکە نەریتی‌و سادە بوو، دەوڵەت_نەتەوەو پیشەسازیگەرایی زۆر بە ئاسانی لەناویبردن لە ڕێگەی ئامرازە جۆراوجۆرەکانەوە.

خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە چوارچێوەی پێشەکییە گشتییەکەدا باسکردنە لە قۆناغی گواستنەوە، کە گوزارشتە لەم قۆناغەی ئێستا. ئەوانەی کە گوزارشت لەم قۆناغە دەکەن‌و نوێنەری ئەم قۆناغەن، بریتیین لە سەعید ئاڵچی‌و سەعید قرمزی‌ تۆپراک، سلێمانی موعینی‌و براکانی، هەتا سیراج بیلگین. لە ئەدەبیشدا، جگەرخوێن، لە مۆسیقادا ئارام تیگران، نوێنەرایەتییدەکەن. ئەمانە بە وڵاتپارێز یان سۆشیالیست ناودەبات، کە هەموویان مۆدێرنن‌و نەبوونە ئامرازی دەستی هێزە دژبەرەکان، نەبوونە دەنگی هێزە دژبەرەکان، بەڵام هەر وەک تاکەکەس مانەوە، زۆربەشیان لەلایەن هاوکارانەوە (ئەوانەی دەستیان لەگەڵ نەیاراندا تێکەڵکردووە) لەناوبراون. هەڵبەتە کەمێک کاریگەرییشیان لە سەر ئێمە هەبووە.

دواتر ئۆجەلان درێژە بە قۆناغی ڕێبەرێتیی خۆی/ ئاپۆچێتی دەدات، زانیاری‌و تێگەیشتنی نوێ دەخاتەڕوو؛ “قۆناغی ئاپۆ” لە کارەکتەری ڕێبەرێتیدا، زۆر بە کەمی لێیتێگەیشتوون، لێیتێناگەن. ئێوە دەڵێن: “ڕاستیی ڕێبەرێتی”، بەڵام ئەم ڕاستییە چییە، ئێوە لێیتێناگەن. گەل پەرتەوازەیە، ئیفلیجبووە، هێزی تێگەیشتنی نییە. کادیرەکان بە گوێرەی پێویست نین. (٥٠) ساڵە، سەرسامی‌و مەسیحایەتیی کورد، گرێدراوی ئەم ڕاستییەیە. پەیدابوونی ڕێبەرێتی لە ناو پەکەکەدا، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوویی کورددا. بە لایەنی کەمەوە، هێندەی هۆشیاربوونەوەی کوردو شۆڕشی ژیانەوە، گرنگە. ئاپۆ، مەسیحێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بەڵکو ڕێبەرێکە، بە ڕەنج‌و کۆششی کۆمەڵایەتی خۆی ئافراندووە. سەرهەڵدانی ڕێبەرێتیی سۆشیالیستییە لە مێژووی کوردو کوردستاندا. پەیدابوونی ڕێبەرێتی لە ئاپۆدا، پیرۆزکردنی کەس نییە، بەڵکو پەیدابوونی ڕێبەرێتییەکی بەکۆمەڵە. لە پڕۆسەی سەرهەڵدانی ڕێبەرێتیدا، کوردایەتی پەرتەوازەکرابوو، ڕێبەرێتیی نەریتیی مایەپووچبوو، کورد لە بیرکردنەوە بێبەشکرابوو، بۆیە پێشکەوتنی ڕێبەرێتی لە ڕەوشێکی وەهادا، واتای موعجیزەئاسای لێبارکراوە، وەها لێیتێگەیشتوون، بەڵام هەتا ئێرەو بەس! ئەوە (٥٠) ساڵە چاوەڕێی تێگەیشتنێکی ڕاستم. هەر دەیڵێم‌و دەیڵێم‌و دیسان دەیڵێمەوە. لە ڕاستیی ڕێبەرێتی تێنەگەیشتوون، لە پەکەکە تێنەگەیشتوون، لە کوردی ئازاد تێنەگەیشتوون، لە کوردستان تێنەگەیشتوون. پێداگرن لە سەر پاشڤەڕۆیی، بۆیە پێشناکەون‌و نابنە ڕێبەر. بۆ ئەوەی بتانکەم بە بەشێک لە ڕێبەرێتیی ڕاست، (٥٠) ساڵە هەوڵ‌و تێکۆشانێکی بێوچانم داوە.

لێرەدا ناوبراو پەیوەندییەکی ڕاستەوانە دروستدەکات لە نێوان تێگەیشتن لە ڕاستی ڕێبەرێتیی ئاپۆو پێشکەوتن، بەو مانایەی هەتا بە دروستی لە ڕێبەرێتیی ئاپۆ تێنەگەن، ناتوانن بچنەپێش! لەم ڕوانگەیەوە ئاماژە بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی دەوڵەت باخچەلییەوە دێتەناو بابەتێکی دیکەوە، ئەویش ئەوەیە، کە دەڵێت هەتا ئێستا ئێوە لە من تێنەگەیشتوون‌و باخچەلی زیاترو باشتر لە من تێدەگات نەک ئێوە! بە هەموو شێوەیەک لایەنی سێیەم لە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد (کۆمەڵگەی دیموکراتیک) لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا ڕەتدەکاتەوەو پێداگری لە سەر ئەوە دەکات، کە کاراکتەرەکانی پرسەکە خۆیان دەتوانن پڕۆسەکە یەکلاییبکەنەوە.

یەکەم: مۆدێرنیتە

لە ئەوروپا ناوی سەردەمی نوێ پێیدەگوترێت مۆدێرنیتە، ئێمە مۆدێرنیتە لە ڕێگەی سێ سوارچاکی مەحشەرەوە پێناسەدەکەین، ئەوانەش؛ “سەرمایەداری، دەوڵەت_نەتەوەو پیشەسازیگەرایی”ن. مۆدێرنیتە پێناسەی ئەم سەردەمە دەکات. پێویستە مۆدێرنیتەو سەرمایەداری وەک هەمان شت نەبینرێن‌و تێکەڵنەکرێن (بەو واتایەی دوو چەمکی جیاوازن لەگەڵ یەکتردا). مۆدێرنیتە لە سەرمایەداری، دەوڵەت_نەتەوەو پیشەسازیگەرایی پێکدێت. ئەم بنیاتنراوە لە سەدەی شازدەیەمەوە دەستیپێکردووەو بووە بە بابەتێکی کۆنکرێتی. سۆشیالیزمی بنیاتنراویش بەرهەمی ئەم مۆدێرنیتەیەیە.

پێویستبوو سۆشیالیزم وەک جێگرەوەی ئەو سێ پایەیەی مۆدێرنیتە سەریهەڵبدایە، بەڵام تەنها هەوڵی شیکاریی سۆشیالیستیانە بۆ سەرمایەداری‌و تێکۆشان دژی سەرمایەداری هاتەپێش، ئەوەش بەرەوپێشنەبرا. هەر بۆ خۆی بەم حاڵە پێشنەدەخرا، چونکە تەنها بە بەیاننامەیەک یان بە مانیفستۆی کۆمەنیست سنووردار بوو. پیشەسازیگەرایی بەو شێوەیەی خۆی پەسەندکراو بەرزیانکردەوە بۆ ئاسمان. ئەمە جیابوونەوەیەکی کارەساتبارو هەڵەیەکی گەورەیە. دیسان مارکس لە سەر دەوڵەت_نەتەوە هیچ شیکارییەک/ ناساندێکی نەبوو. لەم لایەنەوە بۆشاییەکی گەورەی ئایدۆلۆژیی هەیە. بۆئەوەی ئەو مافەی پێبدەین، ئێمە دەڵێین: دوای ماوەیەک مارکس درکی بەم پێناسە سەیرەی خۆی کردو جیاوازییەکەی بینی. لە قۆناغی نوسینی کتێبی سەرمایەدا کتێبی سێیەم لە سەر دەوڵەت دەبوو، بەڵام تەمەنی ڕێگەینەدا. ئەگەر ئەو کتێبەکەیشی بنوسیبایە، بۆی ئەستەم بوو، کە ڕاستیی بنووسیبایە، بۆیە دیدی هەڵسەنگاندنی مارکس بۆ دەوڵەت_نەتەوە سنووردار بوو.

دەتوانرێت بوترێت مارکس ڕەخنەو هەڵسانگاندنی لە سەر پیشەسازیگەرایی نەبوو. ئەو تەنها لە سەر دژایەتیی سەرمایەداری شیکارییەکی سۆشیالیزمی پەرەپێدا. زۆر کەموکورتییشی لە ناودا هەیە، نەدەتوانرا پێشبخرێت. ئەم تیۆرییەی سۆشیالیزم لە شیکاریی مۆدێرنیتەدا ناتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی تەواو. ئەم توانایەی نییە. هەرچەندە بەشێکە لە مۆدێرنیتە، بەڵام لە ناو سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە.

کێشەی سەرەکیی سەردەمەکەمان ئەمەیە؛ مۆدێرنیتە بە هەرسێ سوارچاکە مەحشرەییەکەی، مرۆڤایەتیی بەرەو قیامەت دەبات. ئیستیغلالی سەرمایەداریی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی دڕندەیی. وەک نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهان بڵاودەبێتەوە. دەوڵەت_نەتەوە هێزە چالاکەکەیەتی. لە سیستەمی دەوڵەت_نەتەوەدا سوپای نەتەوە خۆی دەبێتە نەتەوە. لە بنەمای ئەم سیستەمەدا پێکدادان‌و شەڕ هەیە. دەوڵەت_نەتەوە سیستەمی کۆمەڵگەی شەڕکەرو شەڕخوازە. لەم شەڕانەشدا هەر جارێ ملیۆنان کەس دەکوژرێن (هەردوو جەنگی گەورەی جیهانی نموونەی بەرچاون لەم بارەیەوە).

لە سەرەتاوە پیشەسازیگەرایی هەموو سەرچاوە ژینگەیی‌و ژیانییەکانی سەرزەوی‌و ژێرزەوی دەخوات‌و بەو شێوەیە دەجوڵێتەوە. ئەمڕۆ مرۆڤایەتی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئەو ئەهریمەنەی بە دەستی خۆی دروستیکردووە، دەیخوات. ماوەیەکی درێژ لێپێچینەوە لە پیشەسازیگەرایی نەکرا، یان دوورخراوەتەوە. لەم بابەتەدا ئەوەی کە پێویستە سەرەتا بوترێت، ئەوەیە، کە پیشەسازیگەرایی هێندە بێتاوان نییە وەک ئەوەی دەبینرێت، چونکە پیشەسازیگەرایی تەونی کۆمەڵایەتی‌و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ‌و سروشتی گۆڕیوە.

بینینی پیشەسازیگەرایی وەک دیاردەو چالاکیی ئابووری‌و ئاشتییانە، دیدێکی هەڵەیە. پیشەسازیگەرایی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ تەکنەلۆژیای شەڕدا تێکەڵبووە. ئەمەیە، کە دەوڵەت_نەتەوە دەکاتە مومکین. بە واتایەکی تر، تێکەڵکردنی پیشەسازی‌و تەکنەلۆژیاو شەڕو یەکبوونیان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پیشەسازیگەراییە، بۆیە بە ڕێکەوت نییە، کە دەوڵەت_نەتەوە پێشکەوتووەکان خاوەنی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای شەڕن.

بە کورتی ئەگەر مرۆڤ پێشکەوتنە پیشەسازییەکان وەک خاڵێکی بێکاریگەر/ پاسیڤ ببینێت‌و لە خەبات دژی مۆدێرنیتەدا کاریگەرییەکی ڕاست نەگرێتەدەست، ئەوا شانسی سەرکەوتنی ئەو خەباتە نییەو دروستیشنابێت. ئەگەر مۆدێرنیتە ڕانەوەستێنرێت، یان ڕێگرییلێنەکرێت‌و بەو شێوەیە بەردەوامببێت، ئەوا (٥٠) ساڵ تەمەنی جیهانەکەمان ماوە. من باسی دیستۆپیاو پێشبینییەکی مەترسیداریی خەیاڵی ناکەم، باسی داهاتوویەکی مەحشەریی ڕاستەقینە دەکەم. مارکس درکی بەم هەڕەشەو مەترسییە کردو دەستیکرد بە بەرپەرچدانەوەی، بەڵام نەیتوانی پەرەیپێبدات. مارکس دەبوایە شەش کتێبی بنووسیبایە، بەڵام تەنها بەرگی یەکەمی کتێبەکەی نووسی. ئەویش بە کەموکورتییەوە نووسیی. بە شیکارکردنی چینایەتی‌و ناساندنی ژێرخانەکانی کۆمەڵگە سنووردار بوو. کاتێک کە ویستی ئەو ڕاستییە هەڵگەڕێنراوەیە پێچەوانەبکاتەوەو بیخاتەوەسەر پێیەکانی. لە دوای هیگڵیش مایەوە. ئەنگلس هەندێک هەوڵیدا مارکس تەواوبکات. دەستیخستەسەر بابەتەکانی وەک “ڕیشەی دەوڵەت، خێزان‌و موڵکایەتیی تایبەت، دیالەکتیکی سروشتی‌و ڕۆڵی توندوتیژی لە مێژوودا”، بەڵام تەمەنی ڕێگەینەدا. لینین هەوڵیدا لە بواری دەوڵەت‌و سیاسەتدا شیکارییەکی دروست بکات، بەڵام ئەویش نەیتوانی. ماوتسی تۆنگ ویستی ئەم تیۆرییە بگۆڕێت بۆ خەباتی ژێردەستان، بەڵام ئەویش سنووردار بوو. ماو دەیتوانی شیکارییەکی یەکگرتوو لە سەر سیستەم‌و چارەسەرییەکی جێگرەوە پەرەپێبدات، بەڵام ئەویش بە هەمان شێوە کورتیهێنا لە سەرپێخستنی بیرۆکەکەی.

ئێمە بۆ ئەوەی ئەو مۆدێرنیتەو سۆشیالیزمە بنیاتنراوەی هەیە، تێیبپەڕێنین، هەوڵماندا شیکارییەکی نوێ‌و تیۆرییەکی سۆشیالیستی جێگرەوە پەرەپێبدەین. ناوماننا “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک” لە بەرانبەر هەرسێ پایەکەی مۆدێنیتەی سەرمایەداری، یان بڵێین لە بەرانبەر سەرمایەداری، دەوڵەت_نەتەوەو پیشەسازیگەرایی ئێمە نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمۆنەو شیکاری ئابووری ئیکۆلۆژیی (ئیکۆ_ئیکۆنۆمی)مان پەرەپێدا. سیستەمی کۆمەڵگەیی ئازادیخوازمان لە سەر شیکاری ئەو سێ بوارە پەرەپێداو وەک “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک” پێناسەمانکرد. ئیمە نووسیمان‌و بینیمان هاوتەریبییەکی گرنگ لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە، بێگومان ئەم سێ بابەتەش لقیان لێدەبێتەوە. بۆ نموونە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کۆمۆنە ئازادیی ژنە. لەگەڵ ئەوەدا مرۆڤ دەتوانێت سیاسەت‌و ئەخلاق‌و …هتد بۆ خۆی بکاتە بنەما. بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم بابەتە دەخەینەڕوو، بەڵام پێناسەکردنی ئەم سیستەمە بە گشتی وەک “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک” بەسە.

لە ئایینە تاک_خوداپەرستییەکاندا چەمکی مەحشەر تەنها بۆ کۆتایی دنیا وتراوە، ئەم گوزارشتە بۆ ئەم دونیایەش گونجاوە. ئەو مەحشەرەی کتێبە پیرۆزەکان/ ئاسمانییەکان باسیدەکەن، هەر ئەمەیە. مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش مەحشەرێک بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێتەئاراوە. سۆشیالیزم کە دەبوایە لە بەرانبەر ئەوەدا بوەستایەتەوەو ڕێگرییلێیبکردایە، بەڵام لە واقیعدا بووەتە بارگیری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری‌و خۆراکی جانەوەری مۆدێرنیتە. یەکێتیی سۆڤیەت‌و چین نموونەی ڕوونی ئەم ڕاستییەن، چینییەکان مرۆڤی سەیرو عەجیبن، هەوڵیاندا سەرمایەداری‌و سۆشیالیزم تێکەڵی یەکدی بکەن. ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت بیربکاتەوە، بەڵام چین بەم کارەی سۆشیالیزمی خستووەتە خزمەتی سەرمایەدارییەوە.

لە ئەنجامدا بووە خزمەتکاری سەرمایەداری‌و تەمەنی درێژترکردەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سەرمایەداریی چین بۆ هەژموونی یان بۆ باڵادەستبوونی لە جیهاندا لەگەڵ ئەمریکادا لە ڕکابەریدایە. ئەمریکا دەتوانێت بە دژواری وەڵامی ئەو هەوڵە بداتەوە، ئەمەش شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئا ئەمەیە مەحشەر. ئەنیشتاین وتبووی: “گەر جەنگی جیهانیی سێیەم بە چەکی ئەتۆم ڕوبدات، ئەگەر هەندێک مرۆڤیش لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوا جەنگی جیهانیی چوارەم بە بەردو دار دەکرێت”، ڕاستی وتووە. بۆ ئەم بەشە ئەوەندە بەسە.

دووەم: ڕاستیەتی/ واقیعیەتی کوردو کوردستان

ماهیەتی هەر دیاردەو پرسێک، لەسەر شێوەو دیالەکتیکی بوون‌و مانەوەکەی فۆڕمولەدەبێت. ئەم دیاردەیە چۆن پەیدابووەو شێوەیگرتووە؟ چۆن‌و لە سەر چ بنەمایەکی ماددی‌و مەعنەوی درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، چەند پێدراوێکمان پێدەبەخشێت لە بارەی ماهیەتی بوون‌و نەبوونی دیاردەکەوە.

وەختێک مرۆڤ لەم چوارچێوەیەدا لێیدەڕوانێت، ڕاستینەی کورد بە هاتنی مۆدێرنیتە کۆتاییهاتووەو نەماوە. ڕاستینەی کوردو کوردستان وەک چەمک‌و دیاردە بە کۆمار/ کۆماری تورک قڕکراو داپۆشرا. بە گوتنی وەک “کوردستانی خەیاڵی لێرە نێژراوە” خاوەنداری لەم قڕکردنە کرا. ڕەوشی بەشەکانی تری کوردستانیش جیاواز نەبوو. ڕاستییەک بە ناوی کوردو کوردستانەوە نەمابوو.

وەک تەڤگەرێکی هاوچەرخ‌و مۆدێرن، گرنگترین سەرکەوتنی پەکەکە زیندووکردنەوەی ئەم ڕاستییە بوو. پەکەکە ڕاستیی کوردو کوردستانی سەلماند، گەیاندی بە ئاستێک، کە کەس نەتوانێت لەناویببات. خەباتی گەورەی پەکەکە، بابەتی بوونی کوردو کوردستانی هێشتەوە. هۆشیارییەکی بەهێزو پتەوی دەربارەی بوونی کورد پێشخست. بۆئەوەی بزانن ئەمە چۆن پێشخراوە، دەبێت بڕواننە ئارگۆمێنتە مێژوویی‌و سۆسیۆلۆژییەکان. من پێش (٥٢) ساڵ‌و مانگێک‌و (٤) ڕۆژ، بە گوتنی “کوردستان داگیرکراوە!” کەوتمەڕێ. وەختێک ئەمەم گوت، بێهۆشکەوتم. ئەمە دۆزینەوەیەکی دژوار بوو. بە گوتنی ئەمە، ترس دەکەوتە دڵم. کاتێک ئەم وشانەم بە یەک دوو هەڤاڵ گوت، وەخت بوو بێهۆشبکەوم. لەوێوە گەیشتین بە ئەمڕۆ. هێزی وشە بەکەممەگرن. کاتێک وشە لەگەڵ ڕاستیدا یەکدەگرێت، زۆر کاریگەرە، ئافرێنەرەو مرۆڤ ئاڕاستەدەکات. ئەم وشەیە تەنها ڕێخۆشکەر نەبوو بۆ بەرخۆدانێکی مەزن، بەڵکو گۆڕا بۆ وردبوونەوەیەکی مێژوویی مەزن. پاشان شرۆڤەکان دەربارەی نیولیتیک‌و ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژن‌و سۆشیالیزم‌و …هتد، بە دوای یەکدا هاتن. ئامانجی هەموو ئەمانە؛ دەرخستنی ڕاستیی کوردو بەدیهێنانی ڕۆشنگەریی کورد بوو. ئەم ئامانجەمان بەدیهێنا. گەیاندمان بە سەرکەوتن. ئەم ڕێپێوانە مێژووییە مەزن‌و شیکارییە سۆسیۆلۆژی‌و تێکۆشانە سیاسییە، ڕاستیی کوردو کوردستانی سەلماند، وایکرد لە لای دۆست‌و دوژمن قبوڵبکرێت.

باشە، ئایا پرسی ئازادکردن چارەسەرکرا؟ نەخێر. ڕاستیی کورد سەلمێنرا، خۆی گەیاندە هۆشیاری ئایدۆلۆژی‌و ڕێکخستنی، بەڵام لە هەنگاوی ئازادبووندا چەقی. لە پشت ئەم چەقین‌و بنبەستەوە، ئایدۆلۆژیای سۆشیالیزمی بنیاتنراوو کاریگەرییەکانی هەن. سۆشیالیزمی سەدەی بیستەم لە چەندین شوێنی جیهان دەسەڵاتی گرتەدەست. یەک لە سەر سێی جیهانی بەدەستەوەبوو، بەڵام نەیتوانی بمێنێتەوە، ڕوخا. ئەم ڕەوشە، بۆ ئێمەش وەک قەیرانێک کەوتەوە. سۆشیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە، ئێمە ماینەوە، بەڵام ئێمەش سەختییەکمان ئەزموونکرد. سۆشیالیزمی بنیاتنراو، چونکە پرسی ئازادیی چارەسەرنەکردو ئایدۆلۆژیای ئازادیی پێشنەخست، هەڵوەشایەوە. دەرچوون لە قەیرانی ئایدۆلۆژی زەحمەت‌و دژوارە. کاتێک ئەو ئارگۆمێنتە ئایدۆلۆژییانەی پشتیپێدەبەستن، شکستیانهێناوە، ئیتر پەنادەبەن بۆ کام چوارچێوەی ئایدۆلۆژی‌و کامە شیکاریی سۆسیۆلۆژی؟ سۆشیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە. شتێکی لێنەماوەتەوە. هەوڵماندا هەر چۆنێک بێت باوەڕمان بە سۆشیالیزم بپارێزین. ئەو دەمە هەڵسەنگاندنێکم کرد بە ناونیشانی “سووربوون لەسەر سۆشیالیزم؛ سووربوونە لە سەر مرۆڤبوون”. دڵسۆزی‌و باوەڕی خۆم بە سۆشیالیزم پاراست. تێکۆشام هەتا ئەمە بگۆڕم بۆ هۆشیارییەک. ساڵانێکی سەخت‌و دژوار بوون. یەکێک لە ئەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم هەوڵەمان “نەتەوەی دیموکراتیک”ە، ئەمەش بووەتە هەناسەیەک بۆ دیدی سۆشیالیستی. ئەم هەنگاوە هەم بۆ دیدی سۆشیالیستی‌و هەم بۆ پەکەکە، گۆڕا بۆ ستراتیژێک. ئەمڕۆ (لە ڕێی ئەم پڕۆسەیەوە) تەنها ناو لەم گۆڕانکارییە دەنرێت‌و فەرمیەتی پێدەبەخشرێت. ئەوە (٢٠) ساڵە هەوڵدەدەین ئەم گۆڕانکارییە بکەین.

چارەسەری “نەتەوەی دیموکراتیک” دەبێتە بناغەی ئەم پڕۆسەیە. دیدی چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک؛ نەتەوەی دیموکراتیکە. لە دەقی بانگەوازەکەدا بە “ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ناومانبردووە. هەردووکیان هەمان شتن‌و هەڵگری هەمان واتان.

پەکەکە ئەو بزوتنەوەیەیە، کە ڕاستیی کوردستانی دەرخست‌و ئەم بوونەی مسۆگەرکرد. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەناوببات. ئەو هەنگاوەی لەمەودوا دەنرێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە. کۆمەڵگەی ئازاد ئیتر لە سەر بناغەی کۆمۆنەو ئەخلاق‌و سیاسەت فۆڕموڵەدەبێت. وا دیارە ناکرێت ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی پەکەکەوە بەدینایەت. گەر پەکەکە نەبوایە، چ دەمایەوە لە ناوی کوردو کوردستان! کولتووری کوردو کوردستانیش، وەک کولتوورەکانی ئینکاو ئازتێک لە ئەمریکای لاتین‌و سوورپێستەکان لە ئەمریکای باکوور لە ناو لاپەڕەکانی مێژوو دەمایەوە، یان هەر نەدەما.

ڕاستییەکەی، ئەم مەترسییە یان ئەم ڕەوشە، هێشتا تێپەڕنەبووە. کوردەکان لە دێرسیم‌و چەولیک‌و زاگرۆس، هێشتا پاشماوەیەکی کولتووریین. هۆزەکان پەرتەوازەبوون، زمانێکی کاریگەر نەماوە، دابەشبوونی تەریقەتەکان‌و شەڕی نێوان عەشیرەت‌و بنەماڵەکان هێشتا ماوە. کاتێک سەرەڕای هەبوونی پەکەکە، هێشتا ئەم ڕەوشە تێپەڕنەکراوە، هۆکارەکەی پەرتەوازەبوونی قووڵی مێژوویی_کۆمەڵایەتیی ڕاستینەی کوردە. لەم خاڵەوە، چیتر زانیم وشەی “ژێردەست” یان “داگیرکراو” بۆ ئەم ڕەوشە بەس نییە. ئەم ڕەوشە لە ژێردەستی ئەولاترو قووڵترە، جۆرێکە لە “کۆمەڵگەی زبڵدان…” گۆڕستان. لە دۆڵ‌و ڕوبارو ئەشکەوتەکانی دێرسیمدا، هێشتا ئێسکوپرووسک ماون. هێشتا گۆڕی دوایین نوێنەرانی نەریت دیار نییە. کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدو سەعیدی کوردی‌و سەید ڕەزا لە کوێیە. ئەمانە بەهێزترین نوێنەری کوردایەتیی دێرینن.

چەند کۆمیتەیەکی جولەکەکان بە ناوی یودنرات (شورای جولەکەکان) هەبوون، ئەم کۆمیتانە دەستیان هەبوو لە جینۆسایدی جولەکەکاندا. ئەو گرووپ‌و خێزان‌و توێژە جوولەکانە بوون، کە هاوکاریی فاشیستەکانیان کرد. تاوەکو بۆ ڕۆژێک تەمەنی خۆیان‌و خێزانەکانیان درێژبکەنەوە، جولەکەکانیان بەرەو ژوورەکانی گاز ڕەوانەدەکرد. بە جولەکەکانیان دەگوت: “دەتانبەین بۆ حەمام”، کەچی فریویاندەدەن‌و دەیانبردن بۆ ژوورەکانی گاز. ئەم کۆمیتە هاوکارانەی جولەکەکان، بە گوێرەی ئەو ژمارەیەی داوادەکرا، دەستنیشانیاندەکرد، کە کێ دەچێتە ژوورەکانی گازو لیستی ناوەکانیان ئامادەدەکرد. فاشیستەکان ئەم کۆمیتانەیان دامەزراند. کاتێک بیرم لەم بابەتە کردەوە، بینیم، کە ڕاستینەی کوردیش وەک ڕاستینەی یودنراتە. ئەم ڕاستییەی کوردە، کە دەڵێم لە ژێردەستی‌و داگیرکراوی زیاترە. ئەوەتا بنەماڵە هەرە بەناوبانگەکانی وەک بارزانی‌و بەدرخان‌و بەشێک لە نەوەکانی شێخ سەعیدو سەید ڕەزا بوونەتە یودنرات. بۆ ڕزگارکردنی بنەماڵەکانیان کوردایەتی دەبەن بۆ لەناوچوون‌و سڕینەوە. کەسیان کتێبێکیان نەنووسیوە. خاوەندارییان لە بیرەوەریی باپیرانیشیان نەکردووە. دوژمنایەتیی کوردی ئازادیخواز دەکەن. دواجار لە بەدلیس پەرلەمانتارێک، لە شەرناخ قەیومێکی شارەوانییان بەخشی بە بەدرخانەکان. ئەمە ئیشی یودنراتەکانە. بەم دواییانە ئەم تێزەم پێشخست‌و تەواو بڕوام پێیەتی. لە بریی گوتنی “ڕاستی کوردو کوردستان داگیرکراوە”، بڕوام وایە ئەم وشەیە (یودنرات) زیاتر ئەم ڕاستییە ڕاڤەدەکات. ئەمە ڕەهەندێکی نوێی کارکردنمە لە سەر چەمکەکان. ئەم ڕەهەندەی کارکردنم، دەتوانێت باشتر ئەوە پێناسەبکات، کە چ شتێک لە ڕاستیی کوردو کوردستاندا ڕودەدات.

لەگەڵ ئەمەدا، لە لای کوردان هەڵهاتنێکی مەزن دەبینرێت. لەبیرتاننەچێت، ئێوە هێشتا لە ڕاستیی خۆتان هەڵدێن. کوردایەتی لە حاڵەتی هەڵهاتندایە. شێوازێکی سەرۆکایەتیم بۆ کوردان هەیە. چۆن دەتوانم تێیانبگەیەنم، کە ئەم هەڵهاتنە واتای چییە، چۆن دەتوانم هەڵهاتنەکەیان (لە ڕاستیی کوردایەتی) بوەستێنم، سەرقاڵی ئەمە بووم‌و ئێستاش پێیەوە سەرقاڵم. من هەم فێرتاندەکەم، هەم وادەکەم باجی ئەم هەڵهاتنە بدەن. شێوازێکی سەرۆکایەتیی وەهام هەیە. من بە ئێوەم گوت: “ناتوانیت لە کوردایەتی هەڵبێیت. کوردایەتی شتێک نییە بتوانی لێیهەڵبێیت. پەناتانبردەبەر هەزار فێڵ، هەوڵدەدەن فریومبدەن”. هەمان شتم بە دەوڵەت گوت: “ناتوانن فریومبدەن. چی دەکەن، بیکەن. ئەم ئاپۆیەی بەرانبەرتان فریونادرێت”. (٥٠) ساڵە بە ئێوە، بە پەکەکە دەڵێم. هەرچەندە هەوڵدەن بمکەن بە مەسیح‌و جانەوەر، لە دەستم ڕزگارنابن. (٥٠) ساڵە سەرۆکایەتیی شتێکی وەهایە.

دەوڵەت بۆچی ئەم مێزی گفتوگۆیەی دانا؟ چۆن‌و بۆچی توانیمان ئێوە لە سەر ئەم مێزە کۆبکەینەوە؟ ئەمە کۆبوونەوەیەکی جددییە. کۆبوونەوەی کوردە. لە ڕۆژانێکەوە هاتووین، کە دەوڵەت سزای قورسی بەرانبەر وشەی “کورد” دانابوو. ئەم کۆبوونەوەیە زۆر مانای جیاواز هەڵدەگرێت. چۆن ئەمە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، خەریکین هەڵیدەسەنێنین. چۆن گەیشتین بە ئێرە، بۆ ئەمە چ تێکۆشانێک کرا، من لە هەموان باشتر ئەمە دەزانم. کادیرەکانی سەرەتاشمان، هێشتا لە تێگەیشتن لەم ڕاستییە دوورن، بۆیە ناتوانن داهێنەر بن. ناتوانن ڕێبەر بن. لە گیانبەخشین‌و مردن ناترسێت‌و هەڵنایەت، بەڵام نایەوێت نزیکی ڕاستی ببێتەوە. ئیتر، ڕاستیی کورد لە ژێردەستی زیاتر بووەتە شتێکی وەک “زبڵخانە”، گەیشتووین بەم ڕاستییە.

ئەفریقاش داگیرکرابوو، بەڵام ئێستا هەریەکەیان (هەر وڵاتێک) بوونەتە دەوڵەت_نەتەوەیەک. ئەمریکای لاتینیش وەهایە، بەڵام لە ڕاستیی کورددا، شتێکی وەها نییە. نازانرێت کورد چییە. دێرین‌و نەریتییە یان مۆدێرن؟ بووەتە ڕاستییەکی تراژیدی. هۆکاری ئەمە فشاری دەرەکی نییە، وەک ئەوەی حەزدەکەن وا بێت. هۆکارەکەی ناوخۆییە. ئەو تاکتیک‌و ستراتیژانەی من دەیخەمەڕوو، بۆ ئاشکراکردنی ئەم ڕەوشە یەکلاییکەرەوەن.

جوگرافیای کوردستان یەکەم جار لەلایەن سۆمەرییەکانەوە وەک “کورد، هوریی، ئور” ناوبراوە. بەمەش یەکەم پێناسەی جوگرافی خراوەتەڕوو. ئەو کاتە لە هیچ شوێنێکی دنیا، ناوی هیچ وڵاتێک نییە. بەڵام ئێرە (کوردستان) وەها ناونراوە. پاشان وەک “کوردیا” لە نوسینە مێژووییەکانی یۆناندا جێدەگرێت. مێژووی هیرۆدۆت نزیکەی نیوە زیاتری دەربارەی ڕاستیی کوردستانە. کۆمەڵگەی یۆنان چاو لە مادەکان دەکات. لاسایی مادەکان دەکەنەوە. لە ژێر کاریگەریی مادەکاندا، دیموکراسیی خۆیان ئافراند. لە سەدەی ناوەڕاست، پاش شۆڕشی ئیسلام ناوی کورد بە تەواوەتی جێیگرت. سەلجوقییەکان بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ناوی کوردستانیان کردە دیاردەیەکی سیاسی. سوڵتان سەنجەر هەمەدان دەکاتە پایتەختی خۆی‌و “کوردستان” وەک ناوەندی وڵاتی هەمەدان ناودەبات. یەکەم جار لەلایەن سوڵتان سەنجەرەوە، کوردستان وەک یەکەیەکی ئیداری ناودەبرێت. حاکمێکی تورک، کوردستان بنیاتدەنێت. لەم ڕاستییەوە گەیشتم بەوەی کە ئایا سوڵتانی سەلجوقییەکان سوڵتانی کورد نییە؟ پایتەختەکەی لە ئەکباتانە (هەمەدان)و وەزیرەکەی نیزامول ‌مولکە. بە وەزیرەکەی دەڵێت: “بڕۆ، خێزانەکەم بپارێزە”. هەتا دەڵێت: “ئەگەر شکستمانهێنا،  دەکشێینەوە بۆ هەمەدان”. پاڵپشت بە هەمەدان، شەڕی مەلازگرت دەکات. واتە ئالپ ‌ئەرسەلان وەک میرێکی کورد شەڕدەکات. ئەمەش سەرەداوێکە بۆ تێگەیشتنی نوێی ئێمە لە مێژوو. ئالپ‌ ئەرسەلان زیاتر میرێکی کوردە نەوەک تورک. خێزانەکەی لە هەمەدانە. وەزیرەکەی خەڵکی ئەوێیە. باشە، لە سەر بنەمای ئەم زانیارییانە، چۆن سەلجوقییەکان هەڵبسەنگێنین؟ میرنشینێکی تورکە یان کورد؟ پێویستە لێکۆڵینەوەو گفتوگۆی زیاتر لە سەر ئەم خاڵە بکرێت. ئێستاش دەوترێت نیوەی دانیشتوانی هەمەدان تورکمانن. ئێستا زۆربەیان بوونەتە کورد. لە میرنشینەکاندا، مەڕوانییەکان‌و شەدادییەکان جێگەی سەرنجن. مەڕوانییەکان لە نێوان فورات‌و دیجلە گوزارشت لە کوردبوون دەکەن. ئەوانیش لە ڕێگەی ئیسلامەوە بەرەوپێشدەچن. لە لای سەلجوقییەکانیش هەمان ڕەوش هەیە. ئالپ‌ ئەرسەلان هێزی چەکداری مەڕوانییەکان دەداتەپاڵ خۆی‌و لە شەڕی مەلازگرت دژی بیزەنتییەکان دەجەنگێت. ئالپ ‌ئەرسەلان فەرماندەیەکی سەربازییە، دەوروبەری پڕە لە کورد. پاداشتەکەش میرنشینێکە. ئەگەر کوردەکان لایەنگری بیزەنتییەکانیان بکردایە، ئالپ ‌ئەرسەلان سەرنەدەکەوت. بێگومان، بە هاوپەیمانی لەگەڵ کورداندا، ئالپ ‌ئەرسەلان لەو شەڕەدا سەرکەوت. لە ساڵەکانی (١٠٥٠-١٠٦٠) لە باشووری قەوقاس، سەلجوقی‌و شەدادی دەبنە هاوپەیمان‌و ڕێککەوتنێک دەبەستن بەرانبەر بیزەنتییەکان. نە شەدادییەکان دەتوانن بە تەنها بمێننەوە، نە سەلجوقییەکان بە تەنها دەتوانن هەنگاوبنێن. هەردوولا ڕێککەوتنێکی مێژوویی دەبەستن. بەرهەمی سەرەتایی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە، لەشکرکێشییە دژی شانشینی ئەرمەنییەکان. شارەکانی ئانی‌و قەرس فەتحدەکرێن. دوای ئەم شەڕە، شاری ئانی دەدەن بە مەنوچەهرو قەرس دەدەن بە توغرول. وەک پاشماوەی ئەو کاتە، هێشتا لە قەرس مزگەوتی مەنوچەهر هەیە.

پەیمان یان ڕێککەوتنی نێوان سوڵتان سەلیم‌و ئیدریسی بەدلیسی زۆر گرنگە. شەڕەکانی ڕدانیەو مەرج ‌دابق‌و چاڵدێران بەرهەمی ئەم ڕێککەوتنەن. لە ئەنجامی ئەم شەڕانەدا، عوسمانییەکان بوونە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کوردەکان توخمێکی سەرەکین لە پێکهێنانی ئەم ئیمپڕاتۆریەتەدا. کاتێک چەلەبی محەمەد  پاش بەدیلگرتنی باوکی هەڵدێت، بایەزیدی پاشای ئاماسیا ئەو دەخاتە پشتی خۆی، هەتا ئاماسیا دەیبات. ئەویش پاشایەکی کوردە. ڕەنگە ئەمە ڕوداوێکی سیمبولیک بێت. لەو کاتەدا، لە ئاماسیا؛ باڵی قوتلوشاهی شەدادییەکان، خانەوادەی فەرمانڕەوا بوون. چەلەبی محەمەد پاشاش، کە عوسمانی لە قۆناغی بنبەست ڕزگارکرد. مەلا گۆرانی‌و ئاق ‌شەمسەدینیش کوردن، ئەوان سوڵتان محەمەد هاندەدەن بۆ فەتحکردن/ ڕزگارکردنی ئەستەنبوڵ. پێویستناکات باسی شەڕی ڕزگاریی تورکیا بکەم. مستەفا کەمالیش نەوەک لە شارە تورکییەکانی وەک ئەزمیرو تراکیا، بەڵکو لە ئەرزەڕۆم‌و فارقین، لە جوگرافیای کورد، ئەم شەڕە دەستپێدەکات. شەڕی ڕزگاریی تورکیا بە هاوپەیمانیەتیی کوردو تورک گەیشتە سەرکەوتن؛ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. ئەنجامەکەش کۆماری تورکیایە، کە پێیئاشناین. کوردەکان، وەک دامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆمار، پاش ساڵێک پەراوێزخران. ناسنامە (کولتوورو ناوی کورد) قەدەغەکرا. بەم جۆرە، ئەو کوردانەی کە لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە لە مێژوودا تۆمارکراون، بە دامەزراندنی کۆماری تورک، نادیدەگیران.

پەکەکە بە بەرخۆدان ئەم نکۆڵییەی پوچەڵکردەوە. ناسنامەو ڕاستیی کوردی لە ڕووی مێژوویی‌و کۆمەڵایەتییەوە پیشاندا، بۆ دۆست‌و دوژمنی پێناسەکرد، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی ئەم نکۆڵییە (لە کەسێتیی ئێوەدا) بە تەواوەتی تێپەڕنەکراوە. هێشتا لە ڕاستیی خۆتان هەڵدێن. من لە ئێوەدا ناسنامەو کەسێتییەکی تەندروست‌و جێگیر نابینم، ناتوانم بیبینم.

ئەم کارە تەنها بە بەرخۆدان نابێت. لە قەوارەی نوێدا (ژیان‌و کۆمەڵگە)، کولتووری شۆڕشگێڕی‌و ڕێکخراوی دیموکراتیک‌و ڕێکخراوی نەتەوەی دیموکراتیک‌و ڕێکخراوی توێژینەوەو زمان، ڕۆڵی خۆیان دەبێت. نابێت ئەم ڕێکخراوانە بە سەرمایەدارییەوە گرێدراو بن. پێویستە کۆمەڵگەی کورد دژی سەرمایەداری بێت. دەبێت کورد بە نەتەوەی دیموکراتیک‌و ئیکۆ_ئابووری‌و کۆمۆناڵیتە خۆیان ئازادبکەن‌و ژیانێکی بەردەوام مسۆگەربکەن. ئەمەش بە تێکۆشانی بوون‌و بنیاتنان بەدەستدەهێنرێت. بەرانبەر دەرەوە، دژی فشاری دەرەکی، بەرخۆدان کرا. یەکێک لە هۆکارەکانی تەواوبوونی وادەی پەکەکە ئەوەیە، لە بەرخۆدان دژی فشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەمەودوا، دەبێت بەرخۆدان‌و تێکۆشان ڕووی لە ناوەوە بێت. دەبێت ئەم قۆناغە ببێتە قۆناغی خۆسازدانەوە. بۆ ئەمەش، پێویستمان بە ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئێستا ئێمە ئاستەنگێکمان لە پێشە.

سێیەم: کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک ڕیاڵ_سۆشیالیزم (سۆشیالیزمی بنیاتنراو) ڕوخا، پەکەکە زمانی ئایدۆلۆژیی لەدەستدا، چونکە پەکەکە لە سەر ڕوانگەی سۆشیالیزمی بنیاتنراو خۆی ڕێکخست. بەرنامە، ستراتیژ، تاکتیک‌و …هتد لە سەر بنەمای سۆشیالیزمی بنیاتنراو دامەزرابوو. لە سەر ئەم بنەمایەش پەکەکە لە پاش ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە دوچاری قەیران هات. سەرباری ئەم قەیرانەش، هێشتا لە سەر ڕێگای ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سۆشیالیستی، لە سەر پێی خۆی وەستابوو. لەبەرئەوەی جوڵانەوەکەمان تازە بەرەو پێشەوە دەچوو، پێویستییەکی زۆرمان بە ڕزگاریی نەتەوەیی هەبوو، ئەمەش پاڵنەری مانەوەی پەکەکە بوو لە سەر پێی خۆی. درێژەمان بەم ڕێبازە دا، بەردەوامیمانپێیدا، ئێمە دەمانزانی سەردەمی سۆشیالیزمی بنیاتنراو بەسەرچووە، بەڵام نەماندەزانی چی بکەین بە جێگرەوەی. بە هۆی ئەمەشەوە ئێمە لە ساڵانی (١٩٩٠) هەتا ساڵانی (٢٠٠٠) کەوتینە قەیرانەوە، لە ساڵی (١٩٩٨)دا من گوتبووم: “من دەست لە پارتێکی وەها هەڵدەگرم”. هۆکارەکەی ئەوە بوو، ئێمە نەمانتوانی قەیرانی ئایدۆلۆژیا لە ناو پارتەکەماندا تێبپەڕێنین. لە قۆناغی ئیمراڵیدا لە سەر ئەم کێشەو گرفتانە هەمووی کەوتمەناو لێوردبوونەوەو توێژینەوەی بەرفراوان. دەرئەنجامی ئەم قاڵبوونەوەو توێژینەوانەم بە کتێبێکی پێنج_بەرگی، خستەڕوو. ستراتیژی تێکۆشانی سۆشیالیست‌و …هتد زۆر شتی تر، کە سەرلەنوێ پێناسەمکردەوە. لە پێناوی سەرلەنوێ داڕاشتنەوەی ئایدۆلۆژیاو ستراتیژدا، کۆبەرهەمێکی گرنگمان نووسی. ئێمە ڕەخنەی توند لە ناوی “پەکەکە” دەگرین‌و خۆمان ڕەخنەدەکەین، تێکۆشانی (٥٠) ساڵە بە لایەنی باش‌و خراپی خۆیەوە، هەگبەی خۆڕەخنەکردنە بەبێ خۆپەڕاندنەوە. ڕاوەستانی سۆشیالیزم دۆخێکی گشتییەو لەم بارەیەوە هەندێک بەدواداچوون هەیە، بەڵام قەیران‌و تەنگەژە بەردەوامە. شرۆڤەکانی ئێمەتان لە سەر سۆشیالیزم پێشخست‌و لە دەرەوەی وڵاتیش هاوسۆزانێکی سۆشیالیست‌و ڕۆشنبیرتان دروستکردو سەرنجی ئەوانتان خستەسەر خۆتان، ئەمە بە بەباشی دەبینرێت.

پرسی کۆتاییهێنان بە کارو خەبات لە ژێر ناوی پەکەکەدا، ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، کاتێک داواکاری‌و خواستێکی وەهام لە ناو دەوڵەتیش بینی، وەڵاممدانەوە. پێمگوتن: من بۆ چارەسەری کێشەکە، لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیاو سیاسییەوە، پێویستم بە خاوەنداریەتی‌و قورسایی کردار هەیە، لە ڕاستیدا ئەوە شەش مانگە ئێمە بەو پرسانەوە سەرقاڵین‌و هێناومانە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، پێویستناکات ئەم بابەتە زۆر بکەینەوە. پێویستە ڕەخنەو ڕەخنەکردنی ناوخۆیی سەرلەنوێ‌و بە شێوەیەکی بنچینەیی بکرێت. بە تایبەتی ئەگەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کارو خەبات لە ژێر ناوی “پەکەکە”دا کرا. ئەم کۆنگرەیە دەتوانێت زۆر درێژەبکێشێت، کێشە تەنها کۆتاییهێنان بە کارو خەبات لە ژێر ناوی “پەکەکە”دا نییە، پێویستە لایەنی باش‌و خراپی ئەم بابەتە بە چەندان مانگ وتووێژبکرێت. تەنانەت پێویستناکات لە شوێنی “پەکەکە” هیچ شتێکی نوێ دروستبکەن. هەتا پێویستناکات بڵێن سەرلەنوێ دامەزراندنەوە، چونکە ئێمە بە تەنها باسی بینایەک ناکەین، ئێمە باسی گۆڕانکاریی بنچینەیی لە هۆشمەندی‌و  کەسێتیدا دەکەین. سەرلەنوێ دامەزراندنەوە بە لایەنی زۆرەوە مومکینە پێکبهێنرێت، هەر چۆنێک بێت، چەند مانگێک کاتی دەوێت. بۆئەوەی پڕۆسەکە بە دروستی بچێتەپێشەوەو بگاتە ئەنجام، پێویستە پەلەنەکەن. حکومەت‌و دەوڵەت دەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە تەنها وەک “چەکدانان” پێناسەبکەن، نیشاندانی قۆناغ‌و پڕۆسەکە بەم جۆرە هەڵەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ئێمە دەیخەینەڕوو، سەردەمێکی نوێی بەڵێن‌و داخوازییەکانی ئێمەیە، بەڵام ئەمە تەنها بە گوێرەی خواستی ئەوان جێبەجێنابێت. لەم بابەتەدا پێشکەوتنە تیۆری‌و سیاسییەکانمان لە سەر ئەم پرسە بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەیشتووەو ئاڵوگۆڕێکی گەورەی ئەزموونیمان بۆ دروستبوو.

ناتوانین بڵێین، کە ئێمە هەڵسەنگاندن لە سەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کارو خەبات لە ژێر ناوی “پەکەکە”دا دەکەین، دەزانم لە کردنەوەی ئەم گرێکوێرەیەوە هەتا بەستنی کۆنگرەش زۆر زەحمەتی دەکێشین. وەک وتمان: خەباتێکی گۆڕانکارییەو ماوەیەکی درێژە دەستیپێکردووە.

چوارەم: دیدەکان بۆ قۆناغی نوێ/ تازە

پەکەکە لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سۆشیالیزمی بنیاتنراوو پرەنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی دامەزرابوو. ستراتیژو تاکتیکی تێکۆشانی بە گوێرەی ئەوە فۆڕموڵەبووبوو، وەها دامەزراو پێشکەوت. کوردستانی یەکگرتوو و سەربەخۆ ئامانجی بنچینەیی بوو، ئێمە ئەم ئامانجەمان وەک “ئامین/ باوەڕ”کردنێک بۆ سۆشیالیزم قبوڵکرد.

کاتێک سۆشیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە، هەروەها لە کێشەی دەوڵەت_نەتەوە وردبوومەوە، کە لە سەر دیدەکانی سۆشیالیزمی بنیاتنراو فۆڕموڵەبووە، بۆمان دەرکەوت ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە سۆشیالیزم‌و ڕزگاریی نەتەوەییشەوە نییە. بە پێچەوانەوە، هەرچەندە کە دەوڵەت_نەتەوە لە سەر دیدی سۆشیالیزمی بنیاتنراو دامەزرابێت، بەڵام خزمەتی بە سیستەمی سەرمایەداری کرد. بوو بە مۆدێلێکی سەرمایەداری.

هۆکاری لێوردبوونەوە/ بیرکردنەوەی ئێمە لە سەر سۆشیالیزم‌و هەوڵی دیموکراتیزەکردنی لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییانە بوو، لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ وشەی “دیموکراتیک” دەخاتەپاڵ سۆشیالیزم، ئەم وشەیە تەواو جێگەی خۆی ناگرێت، لەبەرئەمە سۆشیالیزم دەبێت لە ڕەگەوە دیموکراتیک بێت، بەڵام کاتێک سۆشیالیزمی بنیاتنراو چاوی لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتەو ئامانجی بنیاتنانی دیکتاتۆریەتی کرێکاری (پڕۆلیتاری)یە، لە جەوهەرەکەیدا دیموکراسی لاوازدەبێت. لە سەر ئەم بنەمایەش ئێمە دەستەواژەی “سۆشیالیزمی دیموکراتیک”مان کرد بە پێویستی.

دەوڵەت_نەتەوە بە سروشتی خۆی دەسەڵاتپەرستە/ دەسەڵاتخوازە، دەسەڵات لە دەستی پڕۆلیتار بێت یان لە دەستی بۆرژوازەکان، لە لایەنی سیاسەتەوە ڕەنگە گۆڕانکارییەک بهێنێتەئاراوە، بەڵام لە لایەنی کولتووری دەسەڵاتخوازییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا بەدیناکرێت، هەروەها تێکۆشانی چینێک لە بەرانبەر چینێکی تریشدا ڕاست نییە. ئەمە تەنها دابەشکردنی کۆمەڵگا لە نێوان چینەکاندا قوڵتردەکاتەوە. لە بریی شەڕی چینێک لە بەرانبەر چینێکی تر، ئێمە دوالیزمی “کۆمۆنە بەرانبەر بە دەوڵەت”مان جێگیرکرد.

دەوڵەت_نەتەوە بە پێچەوانەی جەوهەری سۆشیالیزمە، تەنانەت سۆشیالیزم لەناودەبات/ دەڕزێنێت، لەبەرئەوە ئێمە زوو تێگەیشتین، هەروەها ئێمە ئامانج‌و کەڵکەڵەی دەوڵەت_نەتەوەشمان پێچەوانەکردەوە. لە شوێنی ئەو “نەتەوەی دیموکراتیک”مـان دانا.

دیدی ئێمە بۆ سەردەمی نوێ؛ نەتەوەی دیموکراتیک، ئیکۆ_ئیکۆنۆمی‌و سەرلەنوێ دامەزراندنی کۆمەڵگایە لە سەر بنەمای هەرەوەزی/ پێکەوەیی. ئەو بەرپرسیاریەتییەی لە پێشمانە، ئەمەیە؛ پێشخستنی بنیاتێکی فەلسەفی، ڕەهەندە ئایدۆلۆژیکەکان، بە وردەکارییەوە دانانی چوارچێوەی چەمک‌و دەستەواژەکان‌و دانانی لە ناو جەستەی کۆمەڵگادا. لە بەردەوامیی خەباتماندا هەموو ئەم بابەتانە، بە سەردێڕو کۆتایی دێڕ دەگرینەدەست. بەو واتایەی کە ئێمە هەم لە بواری بەرنامەڕێژی‌و هەم لە بواری تاکتیک‌و ستراتیژدا هەوڵبدەین چوارچێوەیەکی نوێ دەستنیشانبکەین.

بانگەوازی کۆتاییم، بانگەوازە بۆ “ئاشتی‌و کۆمەڵگای دیموکراتیک”. ئەم بانگەوازە بە مۆڵەتی کۆماری تورکیا کرا. ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە ئاشتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا مومکینە، کە بەرانبەری تێدەکۆشیت. کۆمەڵگای دیموکراتیک بە دیالۆگ لە ناو ئەم دەوڵەتەدا دەتوانرێت دابمەزرێت. ناوی ئەمەش دەبێتە “هاوپەیمانیی دیموکراتیک”. پێشتر لە بانگەوازەکەمدا ئەم خاڵە هەبوو.

بێگومان؛ دەبێت کە ئامانجی لایەنەکان لە یەکتر جیاواز بێت، بەڵام ئەو هەنگاوی نراوەو ئەو بانگەوازەی کە کراوە، ڕاستە، لە جێی خۆیدایە. دۆخی لایەنەکانیش ئەوە نیشاندەدات، کە ئەم هەنگاوە لە جێی خۆیدایە. بۆ من کۆنگرە لە مێژە تەواوبووە، بەڵام با هێزی کادیرەکانمان ئەم بابەتە بکەن بە ڕۆژەڤی خۆیان‌و بە فەرمی بیکەن. باوەڕناکەم هیچ کێشەيەک دروستببێت. لەمە گرنگتر ئەوەیە، کە ئێمە لە داهاتوودا بنیاتی فەلسەفی‌و ئایدۆلۆژی‌و بەرنامەو بەرنامەڕێژیی پراکتیک‌و ڕەهەندە تاکتیکی‌و ستراتیژییەکانی پێشدەخەین.

کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی. سیاسەتی کۆمەڵگای دیموکراتیکیش سیاسەتی دیموکراتیکە. کۆمین خۆی لە خۆیدا دیموکراتیکە، جیاکردنەوەیان لە یەکتر نابێت، دروست نییە. کۆمەڵگای کۆمین کۆمەڵگای دیموکراتیکە. پێویستە ئەم کۆمەڵگەیە ناویلێبنرێت کۆمەڵگای دیموکراتیک، سۆشیالیزمی دیموکراتیکیش پارێزەری کۆمەڵگای دیموکراتیکە. چۆن مێژووی دەوڵەت هەیە، ئاواش مێژووی کۆمین هەیە. بابەتی کۆمین زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا، لەبەر گرنگییەکەی ئێمە بە دوورودرێژی لێیبکۆڵینەوە. ژیانی ئازادی گەلان بە کۆمین بەرجەستەدەبێت. چۆن دەوڵەت_نەتەوە چەکی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئاواش کۆمین چەک‌و زمانحاڵی گەلانە. لە ڕێگەی شارەوانییەکانیشەوە ئەم کۆمەڵگایە دەتوانرێت ڕێکبخرێت، لە بواری تیۆرو پراکتیکیشدا بەرجەستەیە، بەڵام بە هەستیارییەکی زۆرو تێکۆشانێکی ڕاست لە دژی سیستەمی سەرمایەداری بەدیدێت. ئەگەر مێشکی کادیری جێبەجێکار تێکەڵوپێکەڵببێت‌و ئیرادەی پەرشوبڵاو بێت، ئەم کارە سەرناگرێت.

ئێمە بە گرنگی دەزانین کە سەرەتا ئەم قۆناغە لە کۆماری تورکیا سەربگرێت، کۆبوونەوەکانمان هەتا ئێستا، ئەم کارەی گەیاندووەتە ئەم خاڵە. ئەمە قۆناغێکی گرنگە، ئەم کۆبوونەوانە بۆ خۆی نیوەی چارەسەرە، لە ئێستا بە دوایشەوە کارو خەباتی ڕژدی دەوێت لە دڵەوە. هیواو باوەڕم بە سەرکەوتن بەرزە، نەک تەنها بۆ کوردو کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە ڕێگە لە بەردەم دەستکەوت‌و سەرکەوتنی گەورە بکرێتەوە. سەرکەوتنێک لێرەوە بێتەدی، کاریگەری لەسەر ئێران، عێراق‌و سوریاش دەکات، بۆ کۆماری تورکیاش چانسی خۆتاجدارکردن بە دیموکراسی‌و پێشەنگایەتیکردنی هەرێمەکە هاتووەتەپێشەوە.

دەتوانم بڵێم: ئەوانەی دژایەتیی ئەم پڕۆسەیە دەکەن، گوزارشت لە هیچ بەهایەک ناکەن‌و دوچاری شکست دەبن. هاوکات تێپەڕاندنی ئەو دژایەتییەش، بەرپرسیاریەتی دەخاتەسەر شانتان.

دەزانم لە ناوچەکەو لە سەر ئاستی نێونەتەوەییش ئەم پڕۆسەیە ئەنجامگیر دەبێت، کۆنفیدراڵیزمبوونی ناوچەکە وەک پێویستییەکی ڕەها/ مسۆگەر خۆی نیشاندەدات. دژەژەهری شەڕی ئیسرائیل‌و فەڵەستین‌و شەڕو دەمارگیرییە مەزهەبییەکان‌و ناکۆکییەکانی دەوڵەت_نەتەوە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە.

ئەم پڕۆسەی چارەسەرییەش بە هەمان شێوە پێویستی بە ئەنتەرناسیۆنالێکی نوێش هەیە، لەگەڵ دۆستەکانتان بەبێ دواکەوتن، دەستپێکردنی خەباتی ئەنتەرناسیۆنال دەبێتە هەنگاوێکی دروست‌و مێژوویی.

لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت

https://serxwebun.org/reber-aponun-12-pkk-kongresine-gonderdigi-perspektif /

Send this to a friend