• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 5, 2025

ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئاوێته‌بوونى پەنابەرانی سووریا له‌ هەرێمی کوردستان

د. فارووق عەبدول مەولوود/ پسپۆڕ لە سیستمە سیاسییەكان

 

بەرایی

پرسی پەنابەران و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیدا؛ یەکێکە لەو بابەتانەی کە ئه‌مڕۆ جیهانی نیگەران کردووە، چونکە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە هەم لە سەر ئەو وڵاتەی کە پەنابەران لێیەوە هەڵاتوون و هەم لە سەر ئەو وڵاتەی کە میوانداریی پەنابەران دەکات. کاریگەرییه‌كانی ئەم جووڵه‌ مرۆییە گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌ر هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتوورییەکانی وڵاتی میواندار به‌جێ ده‌هێڵێت. لەم توێژینه‌وه‌یه‌ماندا ڕۆشنایی دەخەینە سەر پرسی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان و ئەو سەختی و گرفتانەی بەدەستیەوە دەناڵێنن کە ڕێگرن لە پڕۆسەی ئاوێته‌بوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێدا، بە تایبەت کە ململانێ و شەڕ لە سووریا ماوەیەکی زۆر بەردەوام بووە، وەک چۆن نەوەیەکی تەواو لە هەرێمی کوردستان لەدایک بووە.

چەمکی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی

زاراوەی “ئاوێتەبوون” جۆرێک لە ئاڵۆزیی تێدایە، چونکە لە یەک کاتدا هەڵگری ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵناسییە، ئەمە جگە لە پەیوەندی بە مشتومڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو پرسەکانی کۆچبەری (ئاوێتەبوونی پەنابەران) و فرەکولتووری (ناسنامەی کولتووری)، بە تایبەتی لە هەندێک کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی کە ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتە بەر و وەزارەت یان دەزگایەکی حکومییان بۆ دامەزراندووە کە تایبەتن بە کۆچبەری و پرسی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی([1]).

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ئاوێتەبوون ئاماژەیە بۆ ئەو پڕۆسه‌یه‌ی کە تاکێک یان کۆمەڵێک دەتوانێت ببێتە ئەندامی گرووپێکی گەورەتر و فراوانتر بە وەرگرتنی بەها و ڕێساکانی سیستمە کۆمەڵایەتییەکەی([2]).

ئاوێتەبوون بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە هاوڵاتییان ڕۆڵی خۆیان لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە دەبەن، یان بە هەوڵدان -لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی- بۆ وەرگرتنەوەی پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا، یان بە چالاککردنی پێگەی خۆیان لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن دەوڵەتەوە([3]). بۆیە ئاوێتەبوون دوو مەرجی دەوێت: ئیرادەی تاک و کەسی بۆ ئاوێتەبوون و خۆگونجاندن -واتە دەربڕینی خۆبەخشانەی “ئاوێتەبوون”، پاشان توانای ئاوێتەبوونی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە فرەیی و جیاوازیی تاکەکان.

چەمکی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی؛ ئەو پڕۆسەیەیە کە تاکەکان بتوانن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەکانیاندا ئاسمیلە بکەن (بگونجێنن)، بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە وەرگرتنی بەها و دابونەریت و شێوازی ژیان، بە شێوەی ستوونییش واتە بەدەستهێنانی شوناسێکی سیاسی کە پەیوەندی و وەلائیان بە دامەزراوەی دەوڵەتەوە بەهێزتر و جێگیر بکات([4]).

ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ پڕۆسەی دڵنیابوون لەوەی کە هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا دەرفەتی بەشداریکردنی لە هەموو لایەنەکانی ژیان و بەدیهێنانی توانای تەواوی خۆی هەیە. پەیوەندیی بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکەوە هەیە کە هەمووان تێیدا بەشدار بن و بەهایان بۆ دابنرێت، بە بێ گوێدانە پاشخان و توانا و پێگەی کۆمەڵایەتی، ئەوەش ئامانجێکی گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کەسێک هەمان دەرفەت و سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکانی هەبێت و بە ڕێز و کەرامەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی لە ژێر کاریگەریی چەند هۆکارێکدایە، لەوانە([5]).

  1. فاکتەرە کولتوورییەکان: بریتین لە زمان، ئایین، داب و نەریت، بەها کۆمەڵایەتییەکان. دەتوانرێت ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی کولتووری بۆ گرووپە ئامانجدارەکان باشتر بکرێت.
  2. هۆکارە ئابوورییەکان: بریتین لە دامەزراندن، خوێندن و نیشتەجێبوون. دەتوانرێت ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی باشتر بکرێت بە ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری بۆ باشترکردنی ژیان.
  3. فاکتەرە سیاسییەکان: بریتین لە یاسا و سیاسەت و ڕێککەوتننامە و دامەزراوەکان. دەتوانرێت ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی باشتر بکرێت بە نوێکردنەوەی سیاسەت و یاساکانی کۆچبەری و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ پەنابەران و کۆچبەران.
  4. فاکتەرە دەروونییەکان: بریتین لە هاندان و پاڵنەر و متمانەی نێوان کەسەکان. دەتوانرێت ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی بە دابینکردنی چالاکیی کارلێککارانە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو تاکەکان باشتر بکرێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئاوێتەبوون پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە، پێویستی بە ڕێوشوێنی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی پەنابەران و کۆچبەران بتوانن ژیانێکی ئاساییان وەک هەر هاوڵاتییەکی تر هەبێت، دوور لەو هۆکارانەی لە وڵاتەکانیان لێی هەڵهاتوون.

 چەمکی پەنابەران و پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان

یەکێک لە بابەتە ئاڵۆزەکان پێناسەکردنی پەنابەرە، بە تایبەت پەنابەر کێیە و کێ مافی پەنابەریی هەیە و کێ سوودمەندە لەو گەرەنتییانەی کە یاسای نێودەوڵەتی بۆ پەنابەرانی دابین کردووە. بۆیە دەکرێت پەنابەر بەو کەسە پێناسە بکرێت کە وڵاتی ئەسڵی خۆی بەجێ هێشتووە لە ترس یان بۆ ڕزگاربوون لەو هەڕەشانەی بە هۆی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، بیروڕای سیاسی، یان ئەندامێتی لە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا ڕووبەڕووی بووەتەوە و نایەوێت خۆی بخاتە ژێر پاراستنی وڵاتی بنەڕەتی خۆی([6]). لە مادەی (١٤)ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا، بە ڕوونی ماف بە هەموو کەسێک دەدات کە داوای پەنابەری لە وڵاتانی دیکە بکات بۆ دەربازبوونی لە هەڕەشە و چەوسانەوە. ئەم مافە نابێت لە دادگاییکردنەکاندا لە سەر بنەمای تاوانی ناسیاسی یان کردەوەی پێچەوانەی ئامانج و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە ئاراوە([7]). لە ڕوانگەی ئەو وڵاتەی کە پەنابەر بۆ پاراستنی ژیانی لێی هەڵهاتووە، پەنابەری بە کارێکی دوژمنکارانە دادەنرێت لە لایەن وڵاتی میواندارەوە. بە پێی دەیتاکانی کۆمیسۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٨١ ملیۆن کۆچبەر لە جیهاندا هه‌ن و لەو ژمارەیەش ١٦٤ ملیۆنیان کرێکاری کۆچبەرن، کە دەکاتە نزیکەی ٣.٦%ی دانیشتووانی جیهان([8]).

پێناسەکردنی پەنابەر بۆخۆی پرسێکی گرنگە، هەروەها لە چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرییشدا زۆر گرنگە، چونکە ئەم پێناسەیە دیاریی دەکات کێ شایستەی پەنابەرییە و بەم پێیەش شایستەی پاراستنی یاساییە. پێناسەی پەنابەر بە پێی داڕێژەرانی و ناوچە جوگرافییەکان و پەیماننامەکان جیاوازە. بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی پەنابەران لە سەر یەک پێناسەیان کۆک نین کە مەبەست لە پەنابەر چییە، بەڵکوو هەر بەڵگەنامەیەک بە پێی مادە و بڕگەکانی پێناسەی دەکات([9]).

پێناسەیەکی دیکەی مافی پەنابەری ئەوەیە کە دەوڵەتەکان پارێزبەندی لە خاکی خۆیاندا بەو کەسانە دەدەن کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون و لە چەوساندنەوە یان هەڕەشە هەڵدێن([10]).

بە پێی ڕێککەوتننامەی پەنابەران لە ساڵی ١٩٥١، پەنابەر هەر کەسێکە کە بە هۆی ترسێکی ڕاستەقینە لە چەوساندنەوە بە هۆکاری ڕەگەز، ئایین، نەتەوەیی، ئەندامێتی لە گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان بۆچوونی سیاسیی دیاریکراو؛ لە دەرەوەی وڵاتی نەتەوەکەی بێت و نەتوانێت یان بە هۆی ئەو ترسەوە ئامادە نییە سوود لە پاراستنی ئەو وڵاتە وەربگرێت([11]).

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەنابەر کەسێکە کە وڵاتەکەی بەجێ هێشتووە بە هۆی مەترسیی پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆڤ یان چەوساندنەوە. مەترسییەکانی سەر سەلامەتیی ژیانی گەیشتووەتە ئاستێک کە ناچارە وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت و بەدوای سەلامەتیدا بگەڕێت لە دەرەوە، چونکە حکومەتەکەی ناتوانێت یان ئامادە نییە پارێزگاریی بۆ دابین بکات. پەنابەر مافی پاراستنی نێودەوڵەتیی هەیە([12]).

پڕۆسەی ئاوێتەبوونى پەنابەران پڕۆسەیەکی کارلێککارانەیە کە پەیوەستە بە هەردوو پەنابەران و تاک و دامەزراوەکانی وڵاتی میواندارەوە. پەنابەران لەگەڵ هاوڵاتییانی وڵاتی میواندار تێکەڵ دەبن، یەک کۆمەڵگە پێک دەهێنن کە جیاوازییەکانیان لەباوەش بگرێت. پڕۆسەی ئاوێتەبوون پێویستی بە ئامادەیی پەنابەران هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی وڵاتی میواندار بە بێ ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان بن. پێویستە وڵاتی میواندار پەنابەران لەخۆ بگرن و جیاوازییەکان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی دامەزراوەکان بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن. بێگومان پڕۆسەی یەکخستنی پەنابەران ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی لە سەر کۆمەڵگەی میواندار هەیە، چونکە ئەوان دەست بە پڕۆژەی نوێی خۆیان دەکەن، هەلی کار لە وڵاتی میوانداردا دەڕەخسێنن و ڕۆیشتنی سەرمایە و وەبەرهێنان ئاسان دەکەن. هەروەها باج دەدەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووریی وڵاتی میواندار. جگە لەوەش، ئامێزگرتن و تێکەڵکردنی پەنابەران لە لایەن وڵاتی میواندارەوە، کۆمەڵگە دەوڵەمەند دەکات بە هۆی کراوەیی بە ڕووی کولتوور و دابونەریت و بیرۆکە و زمان و هونەری جیاوازدا. لە ڕێگەی ئەم پێناسانەوە دەتوانین بڵێین پەنابەر ئەو کەسەیە کە وڵاتی ڕەسەنی خۆی بۆ شوێنێکی تر بەجێ دەهێڵێت، بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی باشتر و سەقامگیرتر. شێوازی ڕۆیشتن زۆر جار خۆبەخشانە یان هەندێک جار زۆرەملێیە([13]).

پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی 2011، بە هۆی ڕووداوەکانی سووریاوە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە دەست دڕندەیی ڕژێمی سووریا و شەڕی ناوخۆ و ململانێ ناوخۆییەکان وڵاتیان جێ هێشتووە و پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ برد، بە تایبەتی لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و سەرهەڵدانی داعش. ئەم پەنابەرانە بەرەو کەمپەکان لە وڵاتانی دراوسێ و بە درێژایی ناوچە سنوورییەکانی تورکیا، لوبنان، ئوردن و عێراق بەڕێ کەوتن. ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی([14]).

عێراق میوانداریی نزیکەی 346 هەزار پەنابەری سووریی کردووە([15])، زۆرینەی ڕەهایان لە هەرێمی کوردستان دەژین. بە پێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئاوارەکانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە نزیکەی 254 هەزار و 200 کەس، ئەمەش 92 هەزار و 46 کەس دەگرێتەوە کە لە کەمپەکاندا دەژین و 162 هەزار و 154 کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین([16]). 72 هەزار لەو کەسانە لە لایەن پڕۆگرامی جیهانیی خۆراکەوە یارمەتی و هاوکاریی نەختینەیی بۆ گوزەرانی ڕۆژانە وەردەگرن، لە کاتێکدا ”UNHCR” کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، لەوانە پشتگیریی یاسایی، خزمەتگوزاریی تۆمارکردن، هاوکاریی نەختینەیی، پشتگیریی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

پەنابەرانی سووری بەسەر نۆ کەمپدا دابەش کراون کە دەکەونە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک:

  1. کەمپەکانی پارێزگای دهۆک: دۆمیز، دۆمیز 2، گه‌ویلان، قەڵای ئاکرێ
  2. کەمپەکانی پارێزگای هەولێر: دارەشەکران، کەوەرگۆسک، باسیرمە، قوشتەپە
  3. کەمپەکانی پارێزگای سلێمانی: باریکە

هەر خێزانێک لە کەمپەکاندا لە خێوەتگەیەکدا دەژین کە ڕووبەرەکەی ٩٠ مەتر چوارگۆشەیە، کە تانکیی ئاوی هەزار لیتری لەخۆ دەگرێت و هەفتەی جارێک پڕ دەکرێتەوە. بە درێژایی کاتژمێرەکان؛ کارەبا بەردەستە. دووکاندارەکانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کەمپەکاندا بوونیان هەیە([17]).

کەمپی دۆمیز گەورەترین کەمپی پەنابەرانی سووریایە لە هەرێم، کە نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە شاری دهۆکەوە دوورە. ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. بە هۆی زۆریی چڕیی دانیشتووان لە کەمپی دۆمیز، حکومەت ناچار بوو کەمپی دۆمیز ٢ دروست بکات کە ٣ کیلۆمەتر لە کەمپی دۆمیزی سەرەکییەوە دوورە. کەمپی قەڵاى ئاکری لە ساڵی 2013 دامەزراوە و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری دهۆکەوە دوورە. کەمپی گه‌ویلان لە کۆتایی ساڵی 2013 دامەزراوە و بە دووریی 100 کیلۆمەتر لە باشووری شاری دهۆک هەڵکەوتووە. کەمپی دارەشەکران  47 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای هەولێر دوورە و لە هاوینی ساڵی 2013 دامەزراوە. کەمپەکە لە 12 بەش و دوو هەزار و 480 خێمە پێک هاتووە، کە نزیکەی دوو هەزار و 500 خێزانی تێدا نیشتەجێیە. کەمپی کاوەرگۆسک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دامەزراوە و دەکەوێتە ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای هەولێر. ”باسیرمە”، ئەم کەمپە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر دوورە و لە ساڵی ٢٠١٣دا دامەزراوە. کەمپی ”قوشتەپە” دەکەوێتە ٢٠ کیلۆمەتر باشووری شاری هەولێر و لە ساڵی ٢٠١٣دا دامەزراوە. کەمپی ”باریکە” لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و دەکەوێتە ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی([18]).

بەشی دووەم: دەیتا و شیکاری توێژینەوەکە

ئەم توێژینەوەیە پشتی بە ڕاپرسی و شێوازی شیکاری بەستووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان. پشتی بە ڕاپرسی و چاوپێکەوتنی کراوە بەستووە، کە شێوازێکی چۆنایەتییە و یارمەتیدەرە بۆ پشتگیریکردنی ئەو دەیتا و ئامارە چەندایەتییانەی کە لە ڕێگەی پرسیارەکانەوە کۆ کراونەتەوە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەسەر پێکهاتەکانی سووریادا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دابەش کراون. پرسیارەکان تەنیا تایبەت نین بە سوورییەکان که له ناو کەمپەکاندا نیشتەجێ بوون، بەڵکوو ئەو سووریاییانەی له دەرەووی کەمپەکانیشدان؛ لەخۆ گرتووه.

کۆی ژمارەی بەشداربووان 50 کەسە، لە هەردوو ڕەگەزى نێرو مێ، جيا لە ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنی كه‌سی له‌گه‌ڵ 25 كه‌س له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز کە بەم شێوەیە دابەش کرابوون، وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا خراوەتە ڕوو:

ڕه‌گه‌ز
مێ
نێر
ڕێژه‌
49%
51%

خشتەی ژمارە 1: ڕێژەی سەدیی نێر و مێی بەشداربوو لە ڕاپرسییەکەدا

سەبارەت بە کاتی گەیشتنیان بۆ هەرێم، زۆربەی بەشداربووان لە قۆناغی دوای جەنگ گەیشتوونەتە هەرێم، وەک لە خشتەی (٢)دا دیارە. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی فێشخابور (سێمێلکا)ەوە هاتوونەتە ناو هەرێمەوە ٧٠% بووە، ئەوانەی دیکە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان یان ڕێگاکانی دیکەوە هاتوونەتە هەرێم.

دوای جەنگ
پێش جەنگ
ساڵى گەیشتنیان بۆ هەرێم
7%
93%
ڕێژه‌

خشتەی ژمارە 2: بەشداربووانی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان

بەشداربووانی ڕاپرسی کە لە خشتەی ژمارە 3 دیارە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون، پارێزگای هەڵەبجە کەمترین ڕێژەی هەیە .

هێلكاریی 1: دابەشبوونی جوگرافیای نموونەی توێژینەوەکە

ئاستی خوێندنى بەشداربووان جیاواز بوو ، وەک لە خشتەی (4)ی خوارەوەدا نیشان دراوە:

خوێندنی باڵا
بەكالۆريۆس
ناوه‌ندی
سه‌ره‌تایی
ئاستی خوێندن
%17.3
%36.5
%32.7
%13.5
ڕێژه‌ی سه‌دی

خشتەی 3: ئاستی خوێندنی بەشداربووانی توێژینەوەکە

سەرەڕای ئەو ڕێوشوێن و ئاسانکارییانەی کە بۆ ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێن و هاوکارییەکان بەردەوامن، بەڵام دوای نزیکەی ١٤ ساڵ هێشتا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە، بە تایبەتی کە بارودۆخی سووریا وای کردووە گەڕانەوەیان مەحاڵ بێت. بە سەرنجدان لە خراپیی دۆخی سووریا و  بەردەوامیی ململانێکان، پێویستە لێکۆڵینەوە لە واقیعی پەنابەران بکرێت و ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە ڕێگری لە تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێدا دەکات. ئاوێتەبوونی پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگادا پڕۆسەیەکە کە وڵاتی میواندار ئەنجامی دەدات بۆ تێکەڵکردن لەگەڵ دانیشتووانی ڕەسەن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە کۆمەڵگا. بۆیە وڵاتی میواندار کار بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکات وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان. پڕۆسەکە لە سێ ڕەهەند پێک دێت: ڕەهەندێکی یاسایی و سیاسی، ڕەهەندێکی ئابووری، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی. پڕۆسەی ئاوێتەکردن پێویستی بە کۆمەڵگەی نەرمونیان و پێشوازیلێکراو هەیە بۆ پەنابەران، دامەزراوەی گشتی کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی پەنابەرانی بە هەموو جۆرەکانیەوە هەبێت، هەروەها پەنابەران توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ کۆمەڵگا و بارودۆخە نوێیەکان هەبێت بە بێ ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان بن. لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاستەنگەکانی ئاوێتەبوون دابەش دەکەین بۆ:

یەکەم: ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە پڕۆسەی ئاوێتەبوون

هەر چەندە زۆرینەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان کوردن، واتە لێکچوونێک لە دابونەریت و کولتووری پەنابەران و پێکهاتەی خانەخوێدا هەیە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ڕەوینەوەی کۆمەڵێک پرس و ئاستەنگ کە ڕێگرن لە پڕۆسەی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی، وەک زمان، خوێندن و تەندروستی، کە توێژەینەوەکە لە لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا تیشکی خستووەتە سەریان.

١.  زمان

گرنگیی زمان لە ژێر ڕۆشنایی جووڵەی مرۆڤەکان و گەیاندنی بیرۆکەکان لە چوارچێوەی سنوورە نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانییەکاندا بە ڕوونی دیارە.

لە کۆکردنەوەی دەیتاکاندا زمان وەک یەکێک لە سەرەکیترین بەربەستەکانی ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دیاری کرا. هەر چەندە زۆرینەی پەنابەرەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان کوردن، بەڵام جیاوازیی زاری قسەکردن لە نێوانیاندا هەیە. زاری کرمانجی کە لە لایەن پەنابەرانەوە قسەی پێ دەکرێت، جیاوازە لە زاری کوردیی ناوەندی کە زاری فەرمی و باڵادەستە لە هەرێمی کوردستان. ئەم جیاوازییە بە تایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کێشەی دروست کردووە، بەڵام لە پارێزگای دھۆکدا کەمترە، چونکە زارەکە یەکە.

ئەم جیاوازییە کاریگەریی لە سەر توانای پەنابەران هەیە بۆ خوێندنەوە و نووسین و تێکەڵبوونیان لە کۆمەڵگەی میواندا. نەبوونی پلانێکی ڕێکخراو یان کۆرسی فێرکاریی زمان لە کەمپەکانی پەنابەران، ئەم کێشەیەی زیاتر کردووە. لە لێکۆڵینەوەکەدا کە پرسیار ئاڕاستەی بەشداربووان کراوە: ئایا هەست دەکەیت زمان بەربەستێکە لە بەردەم توانای تێکەڵبوونت لەگەڵ کۆمەڵگەدا؟ وەڵامەکە بەم شێوەیە بوو: نزیکەی ٤٤%ی ئەو پەنابەرانەی پرسیاریان لێ کراوە، جیاوازیی زمانیان وەک بەربەستێک بۆ ئاوێتەبوون لە کۆمەڵگەدا دەبینن.

هێلكاریی 2: ڕێژەی سەدی تا چەند شێوەزار کاریگەریی لە سەر ئاسانکاریی ئاوێتەبوون هەیە

هەڵبەت ئەم ڕێژەیە بەرزە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێک لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن. لە ڕاستیدا ئەوان لەگەڵ زاری کرمانجی ڕووبەڕووی گرفت نابنەوە، بەو پێیەی پەنابەران و دانیشتووانی پارێزگای دهۆک بە یەک زار قسە دەکەن. زۆربەی ئەوانەی نیشتەجێی پارێزگای سلێمانی و هەولێرن، بەدەست زاری کوردیی ناوەندییەوە دەناڵێنن. ئەمەش بە بەربەستێکی گەورە دادەنێن، بەو پێیەی زمان پردی سەرەکییە بۆ پەیوەندیی نێوان تاکەکان و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و دابونەریت و ئاسانکاری بۆ ئاوێتەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگادا. کاتێک پرسیارێک سەبارەت بە بوونی کۆرسەکانی فێربوونی زاری کوردیی ناوەندی کرا، وەڵامەکە وەک لە خشتەی ژمارە (6)دا دیار بوو.

هێلكاریی 3: ڕێژەی سەدیی بەشداربووان لە خولی فێربوونی زاری کوردیی ناوەندی

تەنها نزیکەی ٦%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دەرفەتی بەشداریکردنیان لە خولی فێربوونی زاری کوردیی ناوەندی هەبووە. زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم خولانە لە سەر خەرجی خۆیان بووە و مەبەست لێی بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار بووە.

لەبەر ڕۆشنایی هەردوو خشتەکەی پێشوو، کە وەڵام بۆ پرسیارەکانی شێوه‌زاری کوردیی دەدەنەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ پلانێکی خوێندنەوەبۆكراو و یان ڕێکخراو نییە گرنگی بدات بە کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان ئەو زارانە و ڕۆڵیان هەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی ئاوارەکان و ئاسانکاریکردن بۆ ئاوێتەبوونیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا نیشتەجێن، کە ئەمە دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کار و مسۆگەرکردنی داهاتوویان باشتر دەکات. پرسی زمان ئەگەر پەنابەران پێی تەیار بکرێن؛ یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەربازبوونیان لە پشتبەستن بە کەسانی دیکە و کەمکردنەوەی هەستی لاوازی لای تاکەکان و بەهێزکردنی متمانە لای گەنجەکان.

  1. 2. خوێندن

پڕۆسەیەکی ڕێکخراوە بە ئامانجی بەهێزکردنی بنەما سەرەکییەکانی مەعریفە و پەرەپێدانی تواکانی تاک. پەروەردە و خوێندن ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە پڕۆسەی ئاوێتەبوونی پەنابەران لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا، بە تایبەتی ئەگەر پلانی دروست و داڕێژراو هەبێت. خوێندن دەتوانێت هەنگاوی کرداری بەرجەستە بکات بەرەو یەکخستنی پەنابەران، باشترکردنی ژیانیان، کەمکردنەوەی هەستی گۆشەگیری و پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان پەنابەران و باقیی کۆمەڵگا. خوێندن یەکێکە لە پرسە ئاڵۆز و هەستیارەکان، بەو پێیەی داهاتووی نەوەکانی پێوە بەستراوە و ئاسانکاری دەکات بۆ ئاوێتەبوونی پەنابەران لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا، دەرفەتێک بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان گرووپە جیاوازەکان لە ناو یەک کۆمەڵگەدا لە شوێنی خوێندنگاکان دەڕەخسێنێت. لە ساڵی (2011)ەوە دوای ئەوەی هەزاران خێزانی سووریا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، کێشەی ئاستەنگی فێربوون لای منداڵانی پەنابەر سەری هەڵدا بە هۆی گواستنەوە لە پڕۆگرامی زمانی عەرەبی بۆ زمانی کوردی.  بەڵام دواجار بە پاڵپشتی و هاوکاریی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ گرنگی بە فێربوون بە زمانی عەرەبی درا، بەو پێیەی زمانی عەرەبی زمانی فەرمی و دانپێدانراوی خوێندنە لە سووریا. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان؛ پارەی خوێندنی ڕاگرت، ئەمەش بۆ پەرەپێدان و گرتنەبەری سیاسەتێکی خوێندنى یەکگرتوو و دڵنیابوون بوو لەوەی کە منداڵانی پەنابەر فێری زاری کوردیی ناوەندی دەبن و پەیوەندییەکان لە ناو پۆلەکاندا پتەوتر دەبن. بڕیارەکە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم بڕیارە وای کرد زۆرێک لە دایکان و باوکان خۆیان لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە بەدوور بگرن بە هۆی ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بە تایبەتی کە بڕیارەکە چوار پۆلی سەرەتایی یەکەمی لەخۆ گرتبوو. بەو مانایەیە کە منداڵێک لە پۆلی سێیەمدا کە سێ ساڵی یەکەم بە زمانی عەرەبی خوێندوویەتی، ڕووبەڕووی پڕۆگرامێک بوونەتەوە بە زمانێکی نوێ -زاری کوردیی ناوەندی- کە زۆربەیان تەنها چەند وشەیەکی سادەیان لێ دەزانی، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی بەشێکی زۆری خوێندکاران. جگە لەوەش، خواستی دایکان و باوکان بۆ بەردەوامبوون لە فێربوونی منداڵەکانیان بە زمانی عەرەبی؛ دەگەڕێتەوە بۆ هیوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

سەرەڕای هەموو هەوڵ و ڕێوشوێنە حکومی و ڕێکخراوەییەکان، بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە بانکی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، 48%ی پەنابەرانی سووری لە خوێندن بێبەشن. ئەو قەیرانە ئابوورییە دووبارەبووانەی کە دانیشتووانی هەرێم بە گشتی و پەنابەران بەتایبەتی تووشی بوون، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر واقیع و ژیانی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان هەبووە، بە تایبەتی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩ و دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی مووچە کە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی لە سەر ئاستی خوێندن و ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران هەبووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتییەکانی بۆ کەرتی خوێندن ڕاگرت. ئەمە کاتێک ڕوون بووەوە کە پرسیارێکمان کرد سەبارەت بە ڕادەی ڕازیبوونی بەشداربووان لە ئاستی خوێندن. وەڵامەکە وەک لە خشتەی (7)دا دیار بوو.

هێلكاریی 4: ڕێژەی سەدیی ڕازیبوون لە ئاستی خوێندن

لەم ژمارەیە بۆمان دەردەکەوێت کە تەنها 3%ی بەشداربووان لە ئاستی خوێندنی منداڵەکانیان ڕازی بوون. ئەم ئامارە کاریگەریی لە سەر ئایندەی تەواوی نەوەیەک هەیە، بەو پێیەی خوێندن بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگەیەکە و وای لێ دەکات باشتر گەشە بکات. ئەگەر دایکان و باوکان لە ئاستی خوێندن ڕازی نەبن، ئەگەری وازهێنان لە خوێندن زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە ناو کەمپەکاندا کە ژمارەی خوێندنگاکان سنووردارن، بەمەش ڕێژەی نەزانی بەرزتر دەبێتەوە و بۆشایی نێوان پەنابەران و کۆمەڵگەی میواندار فراوانتر دەکات.

یەکێک لەو پرسە ئاڵۆزانەی دایکان و باوکان لە میانی چاوپێکەوتنەکاندا لە سەر پرسی خوێندن ئاماژەیان پێ دا و پێویست بوو تیشکی بخەینە سەر؛ بڕیاری گۆڕینی زمانی فێرکردن بوو لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی و لە ساڵی ٢٠٢٢دا جێبەجێ کرا. زۆرێک لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان بۆ خوێندنگاکانی سەر بە ئاوارە عێراقییەکانی هەرێم گواستەوە کە بە زمانی عەرەبی وانە دەڵێنەوە، وەک لە خشتەی (8)دا دیارە.

هێلكاریی 5: جۆری ئەو خوێندنگایانەی کە پەنابەرانی سووری لە هەرێم  تێیدا دەخوێنن

نزیکەی 30%ی بەشداربووانی توێژینەوەکە منداڵەکانیان لە خوێندنگاکانی دەرەوەی هەرێم ناونووس کردووە، واتە خوێندنگای ئاوارە عێراقییەکان، کە لە کۆتایی ئەم ساڵی خوێندندا بە بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی دادەخرێن، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارە پەنابەرە سوورییەکان لە خوێندن بێبەش دەبن، ئەمەش کێشەیەکە و دەبێت چارەسەری جێگرەوە و ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.

  1. تەندروستی

بە گشتی کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی کە هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە پەنابەران دەکات، بە بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و کۆمەڵگەی میوانداردا هەبێت. تەنانەت ئەم خزمەتگوزارییانە حاڵەتی فریاگوزاری و نەشتەرگەریی بەپەلەش لەخۆ دەگرن کە پارەیەکی زۆر کەمیان لێ وەردەگیرێت، بە مەرجێک پەنابەر مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کارای هەبێت. هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن بریتین لە چاودێریکردنی دایکان و منداڵ، کوتان و پاڵپشتیی دەروونی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختانەی کە پەنابەران تووشی بوون، لەوانە توندوتیژی و بارودۆخی نەرێنی و دیمەنەکانی شەڕ و کوشتن، بۆیە پێویست بوو پاڵپشتیی دەروونی لە سەر ئاستی کۆمەڵگا بۆ هەموو تەمەنەکان دابین بکرێت، واتە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە ناو کەمپەکانی پەنابەراندا نیشتەجێن. ئەمە جگە لە دابینکردنی زۆرێک لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت بۆ هەرزەکاران و منداڵان، لە پێناو ئامادەکردنیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگا و تێپەڕاندنی بەربەستی ترسی دەرەوەی کۆمەڵگە. ئەمانە هەنگاوی زۆر ئەرێنین بەرەو ئاسانکاریی پڕۆسەی ئاوێتەبوون. هەموو ئەم چالاکییانە لە لایەن پسپۆڕان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ئەنجام دەدرێن کە پەیوەندییان بە کاروباری پەنابەرانەوە هەیە، دیارترینیان کۆمیساری باڵای پەنابەران و پزیشکانی بێسنووری نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە ڕێگەی چاوپێکەوتنەکانەوە کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان ئەنجام دران، کۆدەنگی و ڕەزامەندی لە ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکی و چاودێرییە تەندروستییەکان هەبوو کە پێشکەش دەکرێن. هەمووان دەریانخست کە خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە پەنابەران دەکرێت وەک هەر هاوڵاتییەکی تری هەرێم، بە بێ هیچ جیاوازییەک، بە مەرجێک پەنابەرەکە خاوەنی مافی مانه‌وه‌ی نیشته‌جێبوونى کارا و بەسەرچوو نەبێت. کاتێک پرسیار لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کرا سەبارەت بە ڕەزامەندییان لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، وەڵامەکانیان وەک لە خشتەی (9)دا هاتووە.

هێلكاریی 6: ڕێژەی سەدیی ڕازیبوونی بەشداربووان لە خزمەتگوزارییەکان

ئەمەش بەو مانایەیە کە نزیکەی 95%ی بەشداربووانی توێژینەوەکە لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانە ڕازین کە پێشکەشیان دەکرێت و هەست بە هیچ جیاکارییەک ناکەن لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگەی میوانداردا. هەروەها خزمەتگوزارییەکی دیكه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم پێشکه‌ش به ئاواره سوورییه‌کان ده‌کرێت، گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ له هه‌رێم و له ناو که‌مپه‌کاندا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن بۆ ڕۆژئاوا له ‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی فیشخاپوورەوە (سێمیکا).

دووەم: ئاستەنگە ئابووری و سیاسییەکان

  • ئاستەنگە ئابوورییەکان

بارودۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دیکەی دراوسێ، لە ڕووی دەستڕاگەیشتن بە هەلی کاری گونجاو تا ڕادەیەک باشترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پەنابەران دەتوانن بە شێوەیەکی یاسایی لە زۆر شوێن و لە هەموو کەرت و بوارەکاندا کار بکەن. بەڵام قەیرانە ئابوورییە یەکلەدواییەکەکانی هەرێم و قەیرانی مووچە و پەتای کۆڤید-١٩؛ کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ژیانی ئاوارەکان هەبووە و دەرهاویشتەی بۆ سەر بژێویی ژیان و ئاسایشی خۆراکیان هەبووە. زۆرێک لەو پەنابەرە سوورییانەی کە ڕۆژانە کار دەکەن، گلەیی ئەوەیان دەکرد کە لە لایەن هەندێک خاوەنکارەوە دەقۆزرێنەوە و کاتژمێرێک زیاتر کار دەکەن و پارەی کەمتر لە شایستەی خۆیان وەردەگرن، ئەمەش بە ڕوونی لە وەڵامەکانیاندا بۆ پرسیارێک سەبارەت بە ئاستی ڕازیبوونیان لە داهاتەکەیاندا دیار بوو. وەڵامەکە ئەوە بوو کە زیاتر لە 60%ی بەشداربووان کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر کراوە؛ لە داهاتەکەیان ڕازی نەبوون، وەک لە خشتەی (10)دا دیارە.

هێلكاریی 7: ڕێژەی سەدیی ڕازیبوون لە ئاستی داهات

ئەو قەیرانە ئابوورییە دووبارەبووانەی کە هەرێم تووشی بووە، کاریگەرییەکی بەرچاو و نەرێنیی لە سەر بارودۆخی ژیانی پەنابەران هەبووە. هەر چەند ڕێگە بە پەنابەرانی سووری دەدرێت کار بکەن، بەڵام بەربەستی بەرچاو هەیە کە ڕێگرییان لێ دەکات لە بەدەستهێنانی هەلی کاری هاوتا لەگەڵ بڕوانامەکانیان، بە تایبەتی بڕوانامەی پزیشکی کە پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لە بەغدا و هەرێم هەیە، بە مەرجی ئاڵۆز، بۆ ئەوەی بتوانن پیشەکەیان وەک پزیشک ئەنجام بدەن. سەبارەت بە پسپۆڕییەکانی تریش، بە هۆی قورسیی بەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی هەموو بەڵگەنامە و بڕوانامە پێویستەکان بە هۆی بارودۆخی شەڕ لە سووریا، بووەتە بەربەستێک لە بەردەم پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان و کارکردن لە چوارچێوەی پسپۆڕییەکانیاندا، ئەمەش زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بڕوانامەی باڵایان هەیە.

سەبارەت بەو کەسانەشی کە کارێک دەکەن و پێویستیان بە بڕوانامەی ئەکادیمی نییە، وەک لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی گشتی، تاکسی یان ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گەورە، پەنابەرانی سووری ناتوانن ئەو جۆرە کارانە بکەن، چونکە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریی گشتییان نییە، تەنها دەتوانن مۆڵەتی شۆفێریی تایبەت بەدەست بهێنن. پرسیارێک کە لە توێژینەوەکەدا خراوەتە ڕوو سەبارەت بەوەی تا چەند کارەکانیان لەگەڵ ئەو بڕوانامە ئەکادیمییانە کە بە پێی پسپۆڕییەکانیان بەدەستیان هێناوە دەگونجێت، وەڵامەکە وەک لە خشتەی (11)دا هاتووە.

خشتەی ژمارە 11: ڕێژەی سەدیی ئەو کەسانە نیشان دەدات کە لە بواری خوێندنەکەیاندا کار دەکەن

دەرکەوتووە کە تەنها لە سەددا ١٧.٦ لە بواری خوێندنەکەیاندا کار دەکەن و ئەوانی دیکە لە چوارچێوەی بوارەکەی خۆیاندا کار ناکەن. سەبارەت بە هاوتابوونی بڕوانامەی بەدەستهێنراو لە سووریا، کاتێک پرسیارمان لە بەشداربووان کرد سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕوانامەکانیان هاوتا کردووە یان نا، 98%ی خاوەن بڕوانامەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە نەیانکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆربەی خاوەن بڕوانامەکان هیچ هیوایەکیان نییە دەرفەتی کاریان بە پێی پسپۆڕییەکانیان بەدەست بهێنن. پڕۆسەی ئاوێتەبوونی ئابوورییش پشت بە دابینکردنی دەرفەت دەبەستێت کە لەگەڵ کارامەییەکاندا بگونجێت، لە هەرێمی کوردستاندا ئەم دەرفەتە نەک بۆ پەنابەرانی سووریا نییە، بەڵکوو بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمیش دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کار قورس و ئاڵۆزە.

لە ڕووی تیۆرییەوە پەنابەرانی سووریا دەتوانن لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن، بەڵام دەبێت ڕێژەکەیان لە 25% زیاتر نەبێت لە کۆی ژمارەی کرێکاران لە هەر دامەزراوەیەک، کارگەیەک، یان کۆمپانیایەک، ئەمەش بە پێی بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ی ئەیلوولی 2022 دەرچووە لە ژێر ڕۆشنایی کەمیی هەلی کارى بەرچاو  لە هەرێم.

  1. ئاستەنگە سیاسییەکان

ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی نێوان هەردوو لایەنی سەرەکیی هەرێم؛ کاریگەریی بەرچاوی لە سەر دۆخی ئاوارەکان هەبووە، بە تایبەتی لە بازگەکانی جێ نفووزی هەردوو پارتی باڵادەستی هەرێم (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان)، بە پێی چاوپێکەوتنەکان کاتێک ناکۆکیی نێوان هەردوو لا پەرەی سەندووە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە بازگەکاندا توندتر کراون و ئاستەنگ بۆ پەنابەران دروست بووە و بە بیانووی ڕێوشوێنی ئەمنییەوە بۆ چەندین کاتژمێر ڕاگیراون.

لە لایەکی دیکەوە هەر پەنابەرێکی سووری کە خاوەن مافی مانەوەی هەرێم بێت؛ ناتوانێت گەشت بکات بۆ دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم، چونکە کاردی مانەوەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دانپێدانراو نییە. هەر چەندە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵیی دانپێدانراوە بە پێی دەستووری ساڵی 2005.  هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاوارەکان هەبووە و ژمارەیەک پەنابەری سووری بە هۆی سەفەرکردن بۆ باشووری عێراق بە زۆر دیپۆرت کراونەتەوە.

کاتێک پرسیارمان کرد “هەست دەکەیت وەک پەنابەرێک جیاکاریت لەگەڵ دەکرێت؟”، 36%ی بەشداربووان وەڵامی “بەڵێ”یان داوەتەوە، کە ئەمەش رێژه‌یه‌كی تا ڕادەیەک بەرزە، وەک لە خشتەی (12)دا هاتووە.

هێلكاریی 8: نیشان دەدات کە تا چەند بەشداربووان هەستیان بە جیاکاری کردووە

ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە ڕوونی کاریگەریی لە سەر جووڵەی ئاوارەکانی دەروازەی فیشخاپوور (سمێلکا) هەبووه، کە تاکە دەرچەی پەنابەرانە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسوکاریان لە ڕۆژئاواى کوردستان. بە هۆی بەردەوامیی گرژیی نێوان ئەو دوو لایەنەی کە لە هەردوو لاوە کۆنترۆڵی هاتوچۆی پەنابەرانيان كردووه؛ زیاتر لە جارێک دەروازەکە داخراوە، ئەمەش کاریگەریی لە سەر بارودۆخی ئابووری و دەروونی و ژیانی پەنابەرانی سووریا هەبووە.

ململانێی ناوچەیی و ناوخۆی هەرێم کاریگەریی لە سەر ڕەوتە سیاسی و فیکرییەکانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان کە وەک پەنابەر هاتوونەتە هەرێم؛ هەبووە. بە گوێرەی چاوپێکەوتنەکانی توێژەر لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتمەداری کوردی سووریا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە بوونەتە بەشێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوخۆی هەرێمدا هەیە. ئەوان ناتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ چالاکییە سیاسییەکانیان بکەن، بە بێ یەکلاییکردنەوەی پێشوەختەی پەیوەندییەکانیان و پشتیوانیی یەکێک لە حزبە باڵادەستەکانی هەرێم.

  1. ئاستەنگی یاسایی

لایەنی یاسایی پەنابەران لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمدا؛ یەکێکە لە پرسە ئاڵۆز و تێکەڵاوەکان، بە تایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. عێراق لەو دەوڵەتانە نییە کە واژووی لە سەر یاسای پاراستنی پەنابەران و پرۆتۆکۆلی ساڵی ١٩٦٧ی پەیوەست بە دۆخی پەنابەران کردبێت، بۆیە بڕگە و یاساکان ناڕوونن و بە وردی جێبەجێ ناکرێن.

بە شێوەیەکی گشتی یاساکانی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمى كوردستاندا ئاڵۆز و ناسەقامگیرن، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند کە پەنابەران و ئاوارەکانيش بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌و واقعه‌، ئەمەش هەستی ترس و ناسەقامگیریی لای پەنابەران دروست کردووە. کاتێک پرسیار لە بەشداربووان دەکرێت: “ئەگەر دەرفەتت بۆ ڕەخسا بچیتە وڵاتی سێیەم و لەوێ نیشتەجێ ببیت، ئایا ئامادە دەبیت هەرێم بەجێ بهێڵیت؟”، وەڵامەکە وەک لە خشتەی ژمارە (13)دا دیار بوو.

هێلكاریی 9: ڕێژەی سەدیی ئەو کەسانە نیشان دەدات کە ئەگەر دەرفەتیان پێ بدرێت؛ دەچنە وڵاتی سێیەم

بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە نەبوونی یاسای تایبەت و ڕوون سەبارەت بە پەنابەران و داهاتوویان لە هەرێم و عێراق، وای کردووە زۆربەی بەشداربووان ئارەزووی بەجێهێشتن بکەن ئەگەر دەرفەتێک هاتە ئاراوە، لە کاتێکدا تەنها 7% ئامادەیی خۆیان بۆ دەربڕیوە کە لە هەرێم بمێننەوە تەنانەت ئەگەر دەرفەتی نیشتەجێبوونیان لە وڵاتی سێیەمیشدا پێ بدرێت.

لە لایەکی ترەوە یاساکانی تایبەت بە پێدانی ڕەگەزنامە بە هاوڵاتییانی بیانی؛ باس لەوە دەکەن کە هەر تاکێک کە بۆ ماوەیەکی کەمتر لە دە ساڵ لەسەریەک بە بێ پچڕان لە ناو عێراق ژیابێت و هیچ تاوانێکی گەورەی نەکردبێت کە یاساکان پێشێل بکات و خاوەنی تەواوی توانای دەروونی و جەستەیی بێت، مافی هەیە داوای ڕەگەزنامەی عێراقی بکات، بە پێی یاسای عێراقیی ژمارە ٢٦ی ساڵی ٢٠٠٦ (مادەی شەشەم، بڕگەی ج). ئەم یاسایە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ عێراقییەک کردووە و ماوەی هاوسەرگیرییان لە پێنج ساڵ کەمتر نەبووە (مادەی ١١)، بەڵام ئەم یاسایە وەکوو خۆی جێبەجێ ناکرێت.

لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک کەس، ئەوە ڕوون بووەوە کە هەر کەسێک بە فەرمی هاتبێتە ناو هەرێمەوە، واتە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە و لە کاتی نوێکردنەوەی ماوەی مانەوەی لە ساڵی دەیەمدا، پێویستە واژوو لە سەر نووسراوێک بکات کە وه‌كوو دەستبەرداربوون وایه‌ لە مافی داواكردنی ڕەگەزنامەی عێراقی. ئەم دابەشبوون و ناڕێكی و ناڕوونییه‌ سەبارەت بە دۆخی یاسایی پەنابەران لە عێراق؛ بەربەستە لە بەردەم ئاوێتەبوون و نیشتەجێبوونیان لە کۆمەڵگەی میواندا، بە بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپی کە یاسا و ستراتیژی ڕوونیان هەیە بۆ پەنابەران. لە عێراق پەنابەران هەست بە بۆشایی یاسایی و سەرلێشێواوی دەکەن لە ناو دامەزراوەکاندا، ئەمەش بە ڕوونی لە کاتی قەیرانی نوێکردنەوەی مافی مانەوەدا دەردەکەوت، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە توێژەر لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی ئاشکرا لەگەڵ ژمارەیەک پەنابەر دەستی کەوتووە. بە هۆی قەیرانی کۆرۆناوە مافی مانەوە زۆر دواکەوتووە، هەروەها بە هۆی دواکەوتنی دەرکردنی کاردی نیشتەجێبوونیان؛ بڕە پارەیەکی زۆر لە سەر بەشێک لە پەنابەران کۆ بووەوە. بەشێک لە پەنابەران بۆ هەر ڕۆژێک دواکەوتن لە دەرکردنی كاردى مانەوە، بە بڕی 20 هەزار دیناری عێراقی غەرامە كراون، سەرەڕای ئەوەی گرفته‌كه‌ بە هۆی بەشی دەرکردنی ئیقامەوه بووه لە ئەنجامی زۆریی ژمارە و کەڵەکەبوونی داواکاریی نوێکردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون.

ئەنجامگیری

  1. پرسی کۆچ و پەنابەران بابەتێکی ئاڵۆز و هەستیارە کە حکومەت و وڵاتانی میوانداری تووشی ئاستەنگ و کێشە کردووە، بووەتە هۆی دروستبوونی ناهاوسەنگی لە ناو دەوڵەت و کۆمەڵگاکاندا.
  2. ململانێ و ناکۆکییەکانی سووریا لە دوای ساڵی 2011، ژمارەی پەنابەرانی زۆر زیاد کرد کە بەسەر وڵاتانی دراوسێدا دابەش بوون، ژماره‌كیش له‌وان لە شار و کەمپەکانی ناو هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
  3. هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، جیاوازیی زار و زمانی بەکارهێنراو لە پەروەردە و خوێندندا؛ کاریگەریی نەرێنییان لە سەر پڕۆسەی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی هەبووە.
  4. هاتنی پەنابەرانی سووریا بۆ هەرێم هاوکات بوو لەگەڵ چەندین قەیرانی ئابووریی کەڵەکەبوو، کە بە ڕوونی کاریگەرییان لە سەر ژیانی پەنابەران و سەقامگیریی داراییان هەبوو.
  5. بارودۆخی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر ژیانی ئاوارەکان هەبوو، پڕۆسەی ئاوێتەبوونی خاو کردەوە و ئارەزووی جێهێشتنیان بۆ وڵاتی سێیەم و نیشتەجێبوونیان زیادی کردووە.
  6. پرسی پەنابەرانی سووریا پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و درێژخایەن هەیە، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخ و ململانێکانی سووریا.

پێشنیار  و  ڕاسپاردە

  1. بە شێوەیەکی گشتی پەنابەرانی سووریا سەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگن لە زۆر بواردا، چ لایەنی زانستی بێت یان پیشەیی، بەو پێیەی دەتوانرێت سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان.
  2. داڕشتنی پلانی ورد بۆ داهاتوو بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی ئەورووپا لە بواری پێشوازیکردن لە پەنابەران و ئاوێتەکردنیان لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا.
  3. باشکردنی بارودۆخی ئاوارەکان و هاندانیان بۆ پەرەپێدانی ئەزموون و تواناکانیان تاکوو بتوانرێت لە کەسانێکەوە کە پشتبەستوون بە کۆمەک و هاوکاری؛ بگۆڕدرێن بۆ تاکی بەرهەمدار، بەشدار بن لە باشترکردنی ژیانی خۆیان و نەوەکانیان.
  4. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکەوە توێژەر گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئاستەنگە یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەربەستی بەهێزن لە بەردەم پڕۆسەی ئاوێتەبوون. بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانی وردیان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پەنابەرانەوە هەیە و بەم شێوەیە پڕۆسەی ئاوێتەبوون ئاسانکاری دەکات.
  5. خوێندن یەکێکە لە پایە گرنگەکان کە ئاسانکاری دەکات بۆ پڕۆسەی ئاوێتەبوون، بەو پێیەی نەوە گەنجەکانی پەنابەران دەکاتە ئامانج و ئایندەیان لە ناو کۆمەڵگەی میوانداردا دادەڕێژێت، بۆیە دەبێت فۆکەسی بخرێتە سەر و گرنگیی پێ بدرێت و کەموکورتییەکانی ئەم پڕۆسەیە چارەسەر بکرێت.

سەرچاوەكان

[1]  فوزي ﺑﻮﺧﺮﻳﺺ، اﻻﻧﺪﻣﺎج اﻹﺟﺘﻤﺎﻋﻲ واﻟﺪﻳﻤﻘﺮاﻃﻴﺔ ﻧﺤﻮ ﻣﻘﺎرﺑﺔ ﺳﻮﺳﻴﻮﻟﻮﺟﻴﺔ، ﻣﺆﺳﺴﺔ ﻣﺆﻣﻨﻮن ﺑﻼﺣﺪود ﻟﻠﺪراﺳﺎت واﻷبحاث، رﺑﺎط، ص5.

[2]  مجموعة مؤلفين، جدليات الاندماج الاجتماعي وبناء الدولة والأمة في الوطن العربي، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، دوحة، ط1، 2014، ص ص 666-667.

[3] فوشان عبدالقادر، الاندماج الاجتماعي: المفهوم، الأبعاد والمؤشرات، مجلة الراصد العلمي، جامهة وهران، العدد 4، 31 يناير2017، ص33.

[4]  مجموعة مؤلفين، المرجع سبق ذكره، ص667.

[5]  Michaela Hynie, Refugee Integration: Research and Policy, Peace and Conflict: Journal of Peace Psychology, American Psychological Association, 2018, Vol. 24, No. 3, 265–276.

[6] محمد احمد محمد مقدادي، اثر اللجوء السوري في الجانب الاجتماعي والتربوي في الأردن ودور كتب التربية الوطنية والمدنية في التصدي لهذه المشكلة، اطروحة  دكتوراه، جامعة اليرموك، فلسطين- كلية التربية، ص11.

[7] الإعلان العالمي لحقوق الإنسان، للأمم المتحدة 217 ألف (د-3) المؤرخ في 10 كانون الأول/ديسمبر 1948، المادة 14.

[8] تقرير المتوظية السامية لشوؤن اللاجئينUNHCR ،2020. ، على الرابط  https://mena.iom.int/ar/byanat-wmward

[9] رنا سلام امانة، مبدا عدم الاعادة القسرية للاجئين في القانون الدولي، اطروحة  دكتوراه، جامعة النهرين، كلية الحقوق، سنة 2015، ص25.

[10] أحمد عبد العليم احمد االتربي، آليات الحماية المجتمعية بالمنظمات الدولية لمواجهة مشكالت للاجئين بالمجتمع المصري، مجلة كلية الخدمة الاجتماعية للدراسات والبحوث االجتماعية، جامعة الفيوم، العدد 2، ص419.

[11]  Michaela Hynie, op. cit.  p268.

[12] اللاجئون وطالبو اللجوء والمهاجرون، المنظمة العفو الدولية، موجود على هذة الرابط:

https://www.amnesty.org/ar/what-we-do/refugees-asylum-seekers-and-migrants/،  تاريخ الزيارة: 2/2/2024.

[13] سلمى علي سالم ابراهيم، اندماج اللاجئين في المجتمعات المضيفة:دراسة مقارنة بين “الأفارقة والسوريين” في المجتمع المصري، المركز الديمقراطي العربي،موجود على هذا الرابط https://democraticac.de/?p=47637&fbclid=IwAR0i5

[14] شام مصطفي، 11 عاما على انطلاق الثورة- تعرف على خريطة الهجرة والنزوح السوري، تقرير الجزيرة نت، الرابط: https://www.aljazeera.net/politics/2022/3/14/11

[15] تقرير المجلس النرويجي للاجئين (NRC) بغوان: الإعتماد على الذات للاجئين السوريين في إقليم كوردستان العراق: الرابط:  https://www.nrc.no/globalassets/pdf/reports/self-reliance-for-syrian-refugees-in-kri/ar

[16] موقع وزارة التخطيط حكومة اقليم كردستان، هيئة احصاء إقليم كوردستان، على الرابط: https://krso.gov.krd/ar/indicato

[17] كمال شيخو، 250 ألف سوري في كردستان العراق و70 ألفاً يعيشون في 8 مخيمات، جريدة الشرق الاوسط،، على الرابط: https://aawsat.com/home/article/1449911/250

[18] أمين الملا، المراكز الصحية في مخيامت اللاجئني السوريني في إقليم كردستان العراق (مخيم قوشتبه منوذجا)، مركز حرمون للدراسات المعاصرة، دوحة، 2018، ص5-9.

Send this to a friend