• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 12, 2025

ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان

ئامادەکردن: ئایندەناسی

ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (Non- state actors) (فاعلون من غیر الدول) یان هەندێک جار بە ناحکومییەکانیش ناوزەد دەکرێن، بریتین لەو کیان یان دەسەڵات یان دەزگا یان گرووپ یاخود تەنانەت کەسێکی نێوخۆیی یان هەرێمی یان بیانی دەگرێتەوە کە ڕۆڵێک لە مەیدانی جیهانی بە پێی ئەو توانا و دەسەڵاتانەی کە هەیەتی یان ئەو سنوورەی بەشداریی تێدا دەکات. ئەم ڕۆڵگێڕانەش  خۆبەخۆ پێویستی بە بڕیارێکی دیاریکراو یان ئەنجامدانی کردەوەیەکی دیاریکراوە.

ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەوە دەناسرێنەوە کە ئەو کیان و قەوارانەن کە لە نواندنی کردەکانیاندا، دەوڵەتەکان توانای ڕکێفکردنیانی نییە و کۆمەڵە تایبەتمەندییەکیش لەخۆ دەگرن، لەوانە: هەبوونی پەیکەربەندییەکی ڕێکخراوی سەرکردایەتییکردن، مومارەسەکردنی سەربەخۆیی خۆیان لە بڕیارەکانی ئەو دەوڵەتەی کە لە ڕووی جوگرافیاوە ئینتیمایان بۆی هەیە و دەکرێت ئەم ئەکتەرانە نوێنەرایەتیی گرووپی نەژادی یان مەزهەبی یان هۆزیی یان ئایدۆلۆژی بکەن. خاوەنی ئامانجی سیاسیی خۆیانن و توانەی پێویستیشیان لە بەردەستدایە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان، هەر بۆیە بە ئەکتەری کاریگەر دادەنرێن لە سیاسەتڕێژیی دەوڵەتەکەدا.

لە پێناسەی فراوانتردا هاتووە، کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان هەر یەک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئەهلییەکان یان کۆمپانیا فرە ڕەگەز و ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی سەروەریی دەوڵەتی دایکەوەن، یان لانی کەم توانای چالاکیی دەرەوەی ئەو سەروەرێتییە دیاریکراوەی دەوڵەتیان هەیە و سنووری جوگرافیی نیشتمان و دەوڵەتەکە تێدەپەڕێنن بە هۆی ئەو توانە جیاواز و ئەو ڕەگەز و دەسەڵاتە خودییانەی کە لە خۆیان گرتووە لەوانەش توانا و تەکنۆلۆژیای زانیاری.

ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە پێناسەیەکی کورتتردا بریتین لەو دەستە واتاییانەی کە لە بواری نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی جیا لە دەوڵەتەکان کار دەکەن، بە پێی ئەو دەسەڵات و مافەی بۆی دیاری کراوە کە مومارەسەی بکات و سەرجەم ئەو پابەندی و ئەرکانەش دەبیت لە ئەستۆ بگرێت کە لەسەریەتی و بۆی دیاری کراوە، ئیتر ئەو پابەندییانە نەریتی یان ئیتیکی و پەیماننامەیی بن کە لەگەڵ سروشت و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی دەگونجێت لە بوارێک، یان چەند بوارێکی یاسای نێودەوڵەتی، بە پێی ئەو شایستەییەی کە پێویستە و لەسەریەتی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکە هەڵبگرێت.

ئەڵبەت مەرج نییە هەمیشە ئەم گرووپانە ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن، زۆر جار ناکۆکی هەیە سەبارەت بە دیاریکردنی پێناسەیەکی ڕوون و یەکلاکراوە، چونکە لە نێوان پێناسەی فەرمی و ڕۆڵی ڕاستەقینەی مەیدانییان جیاوازییەکی زۆر هەیە، پێناسە فەرمییە باوەکە ئەکادیمییەکەیان بریتییە لە ئەو لایەن و کیانە نێودەوڵەتیانە دەگرێتەوە کە دەوڵەتیان تێپەڕاندووە و دەتوانن بە هۆی سەرمایە و داهات و کاریگەریی سیاسییانەوە، لە دەرەوەی دەوڵەتە وێستڤالییە کلاسیکییەکانەوە ڕۆڵ بگێڕن. هەندێک جار ئەم گرووپانە ڕێگای دیکەی ناحکومی و نائاشتیخوازەنەش دەگرنە بەر وەک دروستکردنی هێزی چەکدار و بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەرخستنی ئایدۆلۆژیا سیاسی و ئایینی و مەزهەبییەکانیان. بۆ نموونە لە دنیای عەرەبیدا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە پاش شۆڕشی بە ئیسلامیزەکراوی ئیسلامیی ئێران ١٩٧٩، کە چەندین گرووپ و تۆڕ و دەزگا و ڕێکخراو و میلیشیای دروست کرد یان گرتە خۆ و پابەندی خۆی کردن لە نێوچەکەدا و کە زۆرێکیان ڕۆڵیان هەبوو لە لاوازکردنی سەروەریی دەوڵەتی تەقلیدی و ناوەندگەراکانی نێوچەکە، وەک حزبوڵای لوبنانی و حوسیەکانی یەمەن و… تاد.

ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییە چەکدار و توندوتیژییگەراکان، زیاتر لە پاش جەنگی سارد دەرکەوتن و ڕۆڵیان گێڕا، بەتایبەت لە لایەنی یەکێتیی سۆڤێتی جارانەوە، هەنگاوێکی ستراتیژیی بوو هەڵگرت و زۆرتریش لە ژێر ناوی باڵی هەناردەکردنی شۆڕش و سەرخستنی گەلانی بندەست و لاواز و وەک کارتێکیش دژی سیستمە سەرمایەدارییەکان بەکار دەهاتن. لەماوەی ئەو چەند دەیەیەدا سۆڤێت، زۆرێک لەو گرووپانەی چەکدار و پارەدار دەکردن و هانی دەدان دژی دەوڵەتەکان. چەندین ڕێکخراو و گرووپ لەم سێبەرەدا دەرکەوتن و چالاکییان نواند و بەشێکیشیان لەژێر پەردەی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازییدا جێگەی خۆیان کردەوە.

 ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان چەندین جۆریان هەیە لەوانە: ئابووریی کە چالاکیی ئابوورییانە ئەنجام دەدەن و کار لە سیستمی دارایی جیهانی دەکەن وەک کۆمپانیا فرەڕەچەڵەکەکان.

هەیانە سروشتێکی سیاسییان هەیە و بەشداریی لە سیاسەتڕێژیی دەوڵەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا دەکەن. لەگەڵ ئەمانەشدا هەیانە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و مرۆییدا ڕۆڵ دەبینن.

بە گشتی دەتوانرێت تایبەتمەندییەکانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێنەوە:

  1. خاوەنی پەیکەرێکی ڕێکخراوەییی سەربەخۆن و سەرکردایەتییەکی دیارییکراویان لە دەرەوەی دەوڵەتی نیشتمانیدا هەیە.
  2. خاوەنی توانای دارایی و سەرمایەی ماددین، هەر ئەمەش وای کردووە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و ئەو ئامانجانە بەجێ بهێنن کە خۆیان دەیانەوێت، چونکە لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆن.
  3. وابەستە نین بە سنووری دەوڵەتەکەیانەوە و خاوەنی پەیوەندیی دەرەکی و نێودەوڵەتی و جیهانین.
  4. لەخۆگریی چەندین چالاکیی جۆربەجۆرن کە لە چوارچێوەی میانەی خۆیان و ئامانجەکانیان ڕێکیان خستوون و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت کاریگەر بن لە سەر دۆخی سیاسیی نێوخۆیی یان هەرێمی یان نێودەوڵەتی، ئەمەش بە پێی خشتە و پلانێکی دیاریکراو و ئامانجدار.
  5. خاوەنی پەیوەندیی بەرفراوان و تۆڕی گشتگیرن لەگەڵ ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی دیکەدا.

سەبارەت بە جۆرەکانی ئەم ئەکتەرە نادەوڵەتی یان ناحکومییانە، چەند جۆرێکن، وەک: ڕێکخراوە نیودەوڵەتی و ناحکومییەکان، کۆمپانیا فرەڕەچەڵەکەکان، ئەکتەرە کەسایەتییەکان، کۆمپانیا ئاسایشییەکان، سەنتەرەکانی توێژینەوە، چالاکوانی بواری ئینتەرنێت، کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی، میدیای جیهانی و… تاد.

سەرچاوەكان

  • حمزة محمد ذیاب ابوصالح (٢٠٢٥): المسوولیة الدولیة للکیانات من غیر الدول عن الانتهاکات الجسمیة فی القانون الدولی، جامعة العربیة الامریکیة، کلیة الدراسات العلیا، قسم العلوم القانونیة، فلسطین.(اطروحة الدکتوراه).
  • مکرم رباح (٢٠٢٤): الجهات الفاعلة غیر الحکومیة ونهایة الدور الوظیفی، سایتی المجلة: ٨/٢/٢٠٢٤.
  • یاسین هادی ثجیل (٢٠٢٤): الفاعلون من غیر الدول و اثرهم علی العلاقات الدولیة، مجلة کلیة القانون والسیاسة، ع ٢٦، تشرین الاول.

 

 

Send this to a friend