• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 13, 2025

میدیای نەتەوەیی و ئایندەی تەلەڤزیۆنە بازرگانییەکان لە ئوسترالیا

سەروەت عەبدوڵا/ ماستەر لە زانستی مرۆڤایەتی و پەیوەندیکردن

بەرایی

میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم کار دەکات و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەدان و چەسپاندی بنەماکانی دیموکراسی لە وڵاتدا، ئەویش لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان، لێپرسینەوە لە دەسەڵات، ئاسانکاری بۆ دروستکردنی ڕای گشتی دەربارەی پرسە چارەنووسسازەکانی دیموکراسی و زەمینەسازی بۆ دەرکەوتنی میدیای فرەجەشن. ئازادیی ڕۆژنامەگەری و میدیای فرەجەشن لە نیشانە گرنگەکانی دیموکراسیی تەندروستن، شوێنێک کە هاوڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان بەبێ ترسی دەستوەردان و تۆڵەسەندنەوە لە لایەن حکومەت (هێزی)ی دەسەڵاتدارەوە بتوانن بۆچوونەکانی خۆیان دەربڕن و زانیاری وەربگرن و بڵاوی بکەنەوە؛ واتای ئامادەیی دیموکراسییە.

لە ئوسترالیاش وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسی؛ زۆر جار میدیاکان لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا تێکەڵ دەبن، یان چەند میدیایەکی زەبەلاح دەست دەگرن بەسەر بازاڕی میدیادا و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر فرەچەشنیی میدیایی لەو وڵاتەدا. یاخود دوو پارتە سیاسییە باڵادەستەکە (پارتی کرێکارانی ئوسترالیا (ALP) و هاوپەیمانیی لیبراڵ-نیشتمانی) لە مێژوودا کەڵکیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ ئەجێنداکانی خۆیان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دیمەنی میدیایی لە ڕووی سیاسییەوە پارچەپارچە ببێت، بە جۆرێک زۆر جار پەیوەندی و بەرژەوەندییە ئایدیۆلۆژییەکان دەبن بە سێبەری ڕاپۆرت و بابەتە میدیاییەکان. بۆیە لەم کاتانەدا تەنها ئامادەبوونی میدیایەکی نیشتمانی دەتوانێت دیمکراسی و دەنگی هاوڵاتییان لە کپبوون و پەراوێزخستن و سەرکوتکردن بپارێزێت. میدیایەک کە دەنگ و ڕەنگی هاوڵاتییان بێت و هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسیی حیزبی یان بارزگانی نەتوانێت ئەجێنداکانی دیاری بکات و پەیامەکانی لەقاڵب بدات.

ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو دابەشبوونەی لە دونیای میدیای ئوسترالیدا بوونی هەیە، بە تایبەت خستنەڕووی میدیای نیشتمانیی ئوسترالی و ڕۆڵ و سەرچاوەی داهاتی و کاریگەریی لە زەمینەی بەشداریی هاوڵاتییان لە پڕۆسەی میدیاییدا، کارکردن بۆ پاراستن و بەردەوامیدا بەو فرەکولتووری و فرەزمانییەی لە ئوسترالیادا هەیە و هەمووان شانازیی پێوە دەکەن، هەروەها کاریگەریی لە سەر لەقاڵبدانی ڕاپۆرتە میدیاییەکان. لە سەرەتادا چوارچێوەی مێژوویی میدیای ئوسترالی خراوەتە ڕوو، پاشان باس لە هەردوو میدیای نیشتمانیی ئوسترالی؛ (Australian Broadcasting Corporation (ABC و (Special Broadcasting Service (SBS کراوە. لە دواتردا ئاماژە بە میدیا بازرگانییەکانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئوسترالیا کراوە، دواتر ئایندەی میدیای باو باو لە ئوسترالیا شی کراوەتەوە و باس لە چەمکی media concentration کراوە و کاریگەریی لە سەر پڕۆسەی بازرگانیی میدیایی لە ئوسترالیا ڕوون کراوەتەوە. هەر لێرەشەوە ئایندەی میدیا و مەترسیی باڵادەستبوونی چەند کۆمپانیایەکی میدیایی خراوەتە بەر باس. ئەوە ڕوون کراوەتەوە ئەم قۆرخکارییە چۆن دەتوانێت ببێت بە هەڕەشە بۆ سەر پایەکانی دیمکراسی لە ئوسترالیا و سڕینەوەی فرەڕنگی و فرەکولتووری لەو وڵاتە.

 

دیوە مێژوویەکەی ڕۆژنامەگەری ئوسترالیا

کۆلۆنیالیزمی بەریتانی وەک زۆربەی بوارەکانی دیکە لە ئوسترالیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دەرکەوتن و گەشەسەندی ڕۆژنامەگەری و میدیا بەگشتی. مێژوو و ڕۆڵی میدیا لە ئوسترالیادا ڕەگوڕیشەی لە قووڵیی میراتی کۆلۆنیالیزمیدا بدۆزرێتەوە،  لە ئوسترالیا میدیا بە ڕۆژنامەکانی حکومەت دەستی پێ کرد، وەکوو سیدنی گەزێت (Sydney Gazette) لە ساڵی ١٨٠٣، کە خزمەتی بە بواری کارگێڕی دەکرد، بەڵام دواتر ڕۆژنامەگەریی ستانداردی بەرزیش بەرهەم هێنرا و بڵاو کرایەوە. بە تێپەڕبوونی کات دەست کرا بە دەرکردنی ڕۆژنامەگەلێک بۆ دەستخستنی قازانج لە ڕێگەی کۆمپانیاوە. جوگرافیا فراوانەکەی ئوسترالیا کە بە ستەمکاری دووری ( the tyranny of distance) ناسراوە، بووە هۆی پەرەسەندنی ناوەندە میدیاییە گەورەکان لە شارە گەورەکان و دەزگا بچووک ەکانی ناوچەیی، ئەمەش جیاوازیی لە ڕۆژنامەگەری لە نێوان شار و گوندەکاندا دروست کرد. دواتر سەندیکا دەردەکەوێت. کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئوسترالیا (Australian Journalists Association) (AJA) ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە برەودان و پارێزگاریکردن لە میدیا و کاری ڕۆژنامەگەری. کۆمەڵەکە لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩١٠دا لە شاری مێلبۆرن دامەزراوە، وەک سەندیکایەکی کرێکاری کە نوێنەرایەتیی ڕۆژنامەنووسانی دەکرد لە سەرانسەری ئوسترالیادا[1].

خاوەندارێتیی میدیا لە ئوسترالیا زۆر سنووردار بووە، کەسایەتییەکانی وەک ڕوپەرت مردۆک و کێری پاکەر زۆرترین پشکیان بەر کەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و ناهاوسانگی لە نێوان پەخشکەرانی گشتی (public broadcasters)، وەک کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیا و میدیای تایبەت. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، بە تایبەتی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت، مۆدێلی بازرگانیی باو گۆڕا و کاریگەریی زۆری لە سەر دانا، ئەمەش وای کرد ڕۆژنامەنووسان پێویستیان بە لێهاتوویی نوێ هەبێت بۆ ئەوەی بەسەر ئاستەنگەکانی بازاڕی کاردا سەر بکەون. سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، میدیای ئوسترالیا بەردەوامە لە هاوسەنگکردنی میراتی کۆلۆنیالیزم و ئەولەویەتەکانی ئابووری و گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا[2]. جا لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندیی میدیا و سیاسەت لە ئوسترالیا ڕەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم. ڕۆژنامەگەریی ئوسترالی لە ژینگەیەکی دابەشکراودا پراکتیزە کراوە، کە لە لایەن کۆمەڵێک هێزەوە ئاڕاستە کراوە. یەکێک لەوانە دابەشبوونی مێژووییە لە نێوان میدیای حکومی و ناحکومی. بۆیە ڕۆژنامەکان لە سەرەتادا بریتی بوون لە لاپەڕەی فەرمیی زانیاری کە خزمەتیان بە پێداویستییەکانی ئیدارەی شەش کۆلۆنیی بەریتانیا دەکرد، کە دواتر ئەم کۆلۆنییانە یەکیان گرت و نەتەوەی ئوسترالیایان پێک هێنا.

لەگەڵ گەشەکردنی میدیا و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، پەیوەندیی دەزگا میدیاییەکان لەگەڵ سیاسەت و حیزبە سیاسییەکاندا گەشە دەکات و گۆڕانی بەسەردا دێت. ڕۆژنامەکانی وەکوو زە ئەیج (The Age) و زە سیدنی مۆرنینگ هیرالد (The Sydney Morning Herald)، سەرەتا هەڵوێستی بێلایەنیان هەبووە، بەڵام وردە وردە خواستیان بەرەو پەیوەندییە سیاسییەکان و نزیکبوونەوە لە حیزبەکان ڕۆیشت. لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێکان و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی زانیاری، بازاڕی مامەڵەکردن زیاتر بووە، بە تایبەت لەو کاتەوەی زانیاریی سیاسی دەبێتە خۆراکێکی گرنگی میدیا و لە هەمان کاتدا سەرچاوەیەکی هێزی مانەوە و پارە پەیداکردن. هاتنەناوەوەی ڕوپەرت مردۆک (Rupert Murdoch) بۆ ناو گۆڕەپانی میدیای ئوسترالیا لە ساڵانی ١٩٥٠دا، خاڵێکی وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی. لەو کاتەوە کۆمپانیای هەواڵی مردۆک (Murdoch’s News Corp) بووە هێزێکی باڵادەست، بە هۆی پشتگیری لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی (Conservative) ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، بە تایبەتی دوای نزیکبوونەوەی لە هاوپەیمانیی لیبراڵ-نیشتمانی (Liberal-National Coalition). بە هەمان شێوە، پارتی کرێکارانی ئوسترالی (Australian Labor Party) (ALP) لە ڕووی مێژووییەوە سوودی لەو ڕۆژنامانە وەرگرتووە کە لە لایەن سەندیکاکان و دەزگا سەربەخۆ میدیاییەکانەوە پشتگیری کراون کە پاڵپشتیی سیاسەتی پێشکەوتنخوازانە دەکەن. بۆ نموونە؛ ڕۆژنامەی گاردیان ی ئوسترالیا (The Guardian Australia) کە ساڵی ٢٠١٣ و دوابەدوای گاردیان ی ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠١١ لە شێوەی ڕۆژنامەی ئۆنلاینیدا دەستی بە پەخش کرد، هەمیشە دەنگێکی دیار بووە بۆ خوێنەران و بینەرانی چەپ.

ئەگەر بێت و ئەم دابەشکارییە سیاسییە لە ڕێگەی میدیای نیشتمانییەوە هاوسەنگ نەکرێتەوە، ئەوکات هاوڵاتییان دەکەونە بەردەم شەپۆلێکی بەهێزی پەیامی میدیایی کە بارگاوییە بە ئایدۆلۆژیای حیزبەکان، بە جۆرێک بۆ هاوڵاتییان ئاسان نابێت هەواڵ و زانیارییە ڕاست و دروستەکان لە یەک جودا بکەنەوە، یان جیاوازی بکەن لە نێوان بەرژەوەندییە نیشتمانی و بەرژەوەندییە حیزبییەکاندا. هەر لە بەر ئەم هۆکارەیە هەمیشە میدیا لە سیستمێکی تۆتالیتاری و دیکتاتۆریدا دەبێتە یەکێک لە ترسناکترین دەزگاکانی سەرکوتکردن و ناهۆشیارکردنی هاوڵاتییان. خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم بابەتە، دەتوانێت سوود لە ڕۆمانی ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆرێڵ وەربگرێت، کە بە جوانی کاریگەریی میدیا و نەبوونی میدیای فرەچەشن ڕوون دەکاتەوە، هەروەها چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە پاراستنی سیستمەکە و گەوجاندنی هاوڵاتیدا. لە ئوسترالیا لە بەر ئەوەی لە سەر بنەما و پایەکانی دیمکراسی دروست بووە و گەشە دەکات، هەر زوو پەی بەم مەترسییانە براوە، بۆیە دامەزراندنی دەزگای میدیای نیشتمانی دەکرێت بە مەرجی سەرەکی و حوکمەت ناچارد دەکرێت بە دابینکردنی بودجە بۆیان بە بێ ئەوەی بتوانێت و ڕێگەی پێ بدرێت هیچ دەستتێوەردانێک ئەنجام بدات.

میدیای نیشتمانی لە ئوسترالیا

ئوسترالیا بە گشتی خاوەنی دوو کەناڵی میدیایی نەتەوەییە کە داهاتەکانیان لە ڕێگەی باجەوە دابین دەکرێت، ئەوانیش: (Australian Broadcasting Corporation (ABC، (Special Broadcasting Service (SBS. ئەم دەزگایانە لە بەر ئەوەی بە پارەی هاوڵاتییان بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، بەرپرسن لە داواکاری و گەیاندنی داخوازی و خواستی هاوڵاتییانی ئوسترالی و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان، لە هەمان کاتدا هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییانی ئوسترالی لە پرسەکان، پاراستنی ئەو فرەکولتوورییەی لە وڵاتەکەدا هەیە. جا مەبەست لە پارەی هاوڵاتییان، بەشێکی لەو باج (Tax)یە کە هاوڵاتییان ساڵانە دەیدەن بە دەزگای باجی ئوسترالی (Taxation office) لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی حکومەت پێشکەشی هاوڵاتییانی دەکات. لەم باجە هەروەک چۆن نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، پارەی سۆشیال و پەنابەرانی پێ دابین دەکەن، بە هەمان شێوەش کەمێک لە بودجەی ئەو دوو دەزگا میدیاییەش لە پڕۆسەیەکی تایبەتدا دابین دەکات.

میدیای نەتەوەیی لە ئوسترالیا بەو میدیایە دەوترێت وەک هەر دەزگایەکی دیکە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی دەکات. ئەم دەزگایانە بەرپرس و دامەزراون بۆ گەیاندنی زانیاریی ورد و ڕاست بە کۆمەڵگە، لە بەر ئەوە دەبێت خزمەتگوزارییە هەواڵییەکانیان هاوسەنگ، قابیلی باوەڕپێکردن و لە ڕووی بەڕێوەبەر و دەستەی نووسەرانەوە سەربەخۆ بێت. کۆمپانیای پەخشی ئوسترالی  (ABC)بە پێی گەڵاڵەنامە یەک کار دەکات کە لە یاسای کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیا ساڵی 1983دا پێناسە کراوە. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەخشی هەمەچەشن (فرەلایەنی) و داهێنەرانە کە ڕەنگدانەوەی فرەکولتووری و ناسنامەی نیشتمانیی ئوسترالیایە و گەیاندنی ناوەرۆکی پەروەردەیی[3]. واتە ئەرکەکان خۆیان دەبیننەوە لە ئاگادارکردنەوە، پەروەردەکردن و سەرقاڵکردنی هەموو ئوسترالییەکان. کەناڵەکە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی ئوسترالیایە لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەرنامەی جیاوازەوە کە سوودبەخش و سەرنجڕاکێشن. هەروەها حکومەتی ئوسترالیا ساڵانە ئەم بڕە پارەیە وەک بەشێک لە بودجەی حوکمەتی فیدراڵ دابینی دەکات. بودجەکەش لە لایەن دامەزراوەی نیشتمانی (DITRDCA) (ژێرخان، گواستنەوە، گەشەپێدانی ناوچەیی، پەیوەندییەکان و هونەر)ەوە تەرخان کراوە و چاودێری دەکرێت. واتە پارەکە لە داهاتی گشتیی حکومەتەوە دێت کە باجیش لەخۆ دەگرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ لە لایەن دامەزراوەی باجەوە (ATO) بەڕێوە ناچێت. ئەم پارەیە بۆ تێچووی کارکردنی ئاسایی، کارە سەرمایەییەکان و پڕۆژە تایبەتەکانە. لە بەرمبەریشدا حکومەتی ئوسترالیا هیچ جۆرە دەستتێوەردان و ئاڕاستەکردن و بەرنامەسازییەک لە کەناڵەکەدا نەکات، بەڵکوو پەرلەمان گەرەنتی سەربەخۆیی ئەم میدیا نیشتیمانییەی کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی بەرنامە و زانیارییە پەخشکراوەکان دوورە لە دەستتێوەردانی سیاسی[4].

وەک ئاماژەی بۆ کرا، دابینکردنی بودجە بۆ ABC بە شێوەیەکی سەرەکی لە تەرخانکردنی حکومەتەوە دێت، لەگەڵ بودجەی کارکردن کە لە ساڵی (1989)ەوە لە سەر بنەمای سێ ساڵە دیاری کراوە. واتە ئەو بودجەی بۆی تەرخان دەکرێت؛ بۆ ماوەی سێ ساڵە و هەر سێ ساڵ جارێک بودجەی بۆ تەرخان دەکەنەوە، کە ئەمەش یارمەتیی دەزگاکە دەدات پلانی درێژخایەن دابنێت، بە تایبەت بۆ ئەو بەرنامانەی پێویستیان بە پلانی درێژخایەن هەیە، وەک هەندێک بەرنامەی دێکیۆمێنتاری. بۆ نموونە: لە بودجەی (2019-20)، کەناڵەکە  43.7 ملیۆن دۆلاری ئوسترالیی لە ماوەی سێ ساڵدا وەرگرتووە بۆ بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە هەواڵییە ناوچەییەکان و پرسی گەنجان. هەروەها پارەی زیاتر بۆ دابەشکردنی گواستنەوە، چالاکییە بازرگانییەکان و بەرهەمهێنانی بەرنامەی دیکە لە کاتی پێویستدا دابین دەکرێت[5]. تێچووی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری کەناڵەکە وەک هەموو پڕۆسەیەکی دیکەی پارەدان لە ئوسترالیا لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی وردەوە دەبێت، ئەویش بەو شێوەیەی کە لایەنی سێیەم دێتە ناو مامەڵەکەوە، واتە لە ڕێگەی گرێبەستێکەوە دەبێت لە نێوان ABC لەگەڵ دابینکەرانی لایەنی سێیەم، بە جۆرێک پارەکە ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو هەژماری دامەزراوەکەوە، بەڵکوو لایەنی سێیەم پارەکە وەردەگرێت و لە ڕێگەی بەرنامەیەکی وردەوە پارەکە بۆ دامەزراوە میدیاییەکە دەگوازرێتەوە.

پێوەرە سەرەکییەکانی تەرخانکردنی بودجە بریتین لە توانای ABC بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ناو میساقەکە. پابەندبوون بە میساقی ABC ، بەو مانایەیە کە کۆمپانیای پەخشی ئوسترالی (ABC) دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بنەما، بەرپرسیارێتی و ئامانجەکانی کە لە میساقەکەیدا هاتووە کار بکات، وەک لە یاسای کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیا ساڵی 1983دا دیاری کراوە.

بە کورتی، میساقەکە ئەرکە سەرەکییەکانی ABC ی بەم شێوەیە دیاری کردووە[6]:

١. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی داهێنەرانە و گشتگیر کە ڕەنگدانەوەی فرەکولتووری و ناسنامەی نیشتمانی و بەهاکانی ئوسترالیا بێت.

٢. ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئەو بەرنامانەی کە دەبنە هۆی هۆشیار کردنەوەی بینەران وەک بەرنامەی؛ پەروەردەی و کات بەسەربردن چ لە ناوخۆی ئوسترالیا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

٣. پشتگیریکردن لە هونەرە نمایشییەکان و پێشکەشکردنی ناوەرۆکی پەروەردەیی و کولتووری.

٤. دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەو بەرنامانەی کە سەرنجڕاکێشییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو بەرنامانەی کە خزمەت بە بینەرانی تایبەت و چینێکی دیاریکراو دەکەن، بۆ نموونە چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

هەر چی لە بارەی خزمەتگوزاریی پەخشی SBS (The Special Broadcasting Service)ە، لە ساڵی 1975 وەک وێستگەی ڕادیۆیی تاقیکاریی 2EA لە سیدنی و 3EA لە مێلبۆرن دەستی پێ کردووە. لەو کاتەدا بە حەوت بۆ هەشت زمان بەرنامەکانی پەخش کردووە، ئەویش بە مەبەستی پێدانی زانیاری بە کۆمەڵگە کۆچبەرەکان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی تەندروستی و ناساندنی پلانی مێدیبانک. جا لە بەر ئەوەی توانیی ببێتە وێستگەیەکی جەماوەری و وەرگرانێکی زۆری بە لای خۆیدا ڕاکێشا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئوسترالی لە ساڵی ١٩٧٨دا بە فەرمی SBS دابمەزرێنێت بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە ڕادیۆییەکانی تایبەت بە فرەکولتووری. دواتر و لە ساڵی 1980، خزمەتگوزاریی تەلەڤزیۆنیی SBS دەستبەکار بوو. ئەم دەزگا میدیاییە ساڵانە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بودجەی خۆی دەخاتە دەرەوە*. زۆربەی پارەی SBS لە حکومەتی ئوسترالییەوە تەرخان دەکرێت. باقیی بودجەکەی لەو چالاکییە بازرگانییانەوە دێت کە کەناڵەکە ئەنجامیان دەدات، لەوانەش ڕیکلام و سپۆنسەر[7]. لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە چوارچێوەی تەرخانکردنی بودجەی دەزگاکا میدیاییەکاندا و لە پلانی پێنج ساڵەی بودجە تەرخانکردن دا، لە دارایی ساڵی (2023-24) یەکەم ساڵی ڕێکخستنی پێنج ساڵەی بودجەی SBS (2023-24 تا 2027-28) تەرخان کرا، ئەمەش لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە مانگی ئایاری 2023دا ڕاگەیەنرا. بە پێی ڕاپۆرتی دارایی دامەزراوەکە، کۆی گشتیی بودجەی تەرخانکراوی حکومەتی ئوسترالی لە ساڵی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)دا بۆ دامەزراوەی SBS بریتی بووە لە (٣٣٤.٩ ملیۆن دۆلاری ئوسترالی)، هەروەها لە سەددا (٣٠.٥%) داهاتەکەی لە ڕێگەی ڕیکلامەوە بەدەست هێناوە[8].

هەروەک چۆن ABC خاوەنی میساقێکی نیشتمانی بوو، SBS بە هەمان شێوە میساقێکی نیشتمانیی واژۆ کردووە کە گرنگترین خاڵەکانی خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە:

یەکەم: ئەکی سەرەکیی SBS بریتییە لە پێشکەشکردن و پەخشکردنی بەرنامەی فرەزمانی (multilingual) و فرەکولتووری (multicultural) و میدیای دیجیتاڵی، کە لە ڕێگەیەوە زانیاریی پەروەردەیی و فێرکاری، سەرگەرمی و کاتبەسەربردن بە بێ جیاوازی بگەیەنێتە هەموو هاوڵاتییەکی ئوسترالی. لە ئەنجامی ئەم ئەرک و کارەشدا، ڕەنگدانەوەی هەبێت لە کۆمەڵگەی فرەکولتووریی ئوسترالیدا.

دووەم: SBS لە ئەنجامدانی بەجێگەیاندنی ئەرکی سەرەکیی خۆیدا، دەبێت[9]:

١. بەشداریکردن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پەیوەندیکردن ی کۆمەڵگەی فرەکولتووریی ئوسترالیا، لەوانەش کۆمیونیتی نەتەوە جیاوازەکان، کۆمیونیتی ئەبۆرجینال (Aboriginal) و تۆریس ئایلەندەکانی (Torres Strait Islander) ئوسترالیا.

٢. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە جۆراوجۆرە کولتوورییەکان بۆ گەشەسەندنی بەردەوامیی کۆمەڵگەی ئوسترالیا.

٣. بەرەوپێشبردنی ئاستی تێگەیشتن و قبووڵکردنی جیاوازییە کولتووری، زمانەوانی و نەتەوەیی خەڵکی ئوسترالیا.

٤. بەشداریکردن لە مانەوە و بەردەوامیی پەرەپێدانی فرەزمانی و کارامەییەکانی کولتوورەکانی دیکە.

٥. تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرێت؛ ئاگادارکردنەوە، زانیاری پێدان، پەروەردەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئوسترالییەکان بەو زمانەی دڵخوازی خۆیانە.

٦. سوود لە سەرچاوە داهێنەرە جۆراوجۆرەکانی ئوسترالیا وەربگرێت.

٧. بەشداریکردن لە جۆراوجۆریی گشتیی خزمەتگوزارییەکانی پەخش و میدیای دیجیتاڵیی ئوسترالیا، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریکردنی کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیا (ABC) و کەرتی پەخشی کۆمەڵایەتی.

٨. بەشداریکردن لە درێژکردنەوەی مەودای خزمەتگوزارییەکانی پەخش و میدیای دیجیتاڵیی ئوسترالیا و ڕەنگدانەوەی گۆڕانی سروشتیی کۆمەڵگەی ئوسترالیا، بە خستنەڕووی چەندین دیدگای جیاواز و بەکارهێنانی شێوازی داهێنەرانە لە دەربڕین و خستنەڕووەکاندا.

وەک دەردەکەوێت، لەم میساقەدا کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی بۆ میدیای نیشتمانی دیاری کردووە. بۆ نموونە ئەرکی بەهێزکردنی گوتاری گشتی و دابینکردنی سەکۆیەک بۆ دەنگە جۆراوجۆرەکان، هەروەها شێوازی بەرنامەسازی کە ڕەنگدانەوەی پێداویستی و ڕوانگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بێت. ئەوەی لە میدیای نەتەوەییدا زۆر گرنگە، بریتییە لە پرسی پاراستنی ئەو سەربەخۆییەی کە هەیانە و بۆ ئەوەی ئەمەش ڕوو بدات، پێویستە ڕێکخستن و ڕێنمایی بۆ پاراستنی ئەم سەربەخۆییە هەبێت. بۆ نموونە وەزیری پەیوەندییەکان کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەدا نییە. لە کاتێکدا لەو شوێنانەی کە میدیای کۆنترۆڵکراوی حکومەت هەیە، ئەوە وەزیری پەیوەندییەکانە کە دەتوانێت ڕێنمایی ڕاستەوخۆ بدات و ئەجێندای میدیا دیاری بکات. کارێکی دیکەی میدیای نەتەوەیی بریتییە لە بوونی نووسینگە و پەیوەندیی بەرفراوان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، واتە کردنەوەی نووسینگە لە دەوڵەتان و گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریی باوەڕپێکراو؛ لە ئەرکە گرنگەکانی میدیای نەتەوەیین. دەزگایەکی وەک ABC لەگەڵ ئەوەی لە دەوڵەتان نووسینگەی هەیە، لە سەر ئاستی ناوخۆی ئوسترالیاش، لە ناوچە و شارە دوورەدەستەکانیش نووسینگە و ستافی هەیە، کە دەتوانن دەنگی ئەو ناوچە کەناراوییانە بگەیەننە سەنتەرەکان و ناوەندەکانی دەسەڵات. لە هەمان کاتدا کەناڵێکی نەتەوەیی وەک SBS کەناڵێکی هەیە بە ناوی NITV ، تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی ڕەسەنی (Indigenous) ئوسترالیایە، پەیام و ناوەرۆکی میدیایی لە ڕوانگەی گەلانی ڕەسەنی ئوسترالیاوە پیشان دەدات. ئەمە جگە لەوەی هەواڵەڕادیۆیی و پۆدکاستەکانی بە ٦٠ زمان پێشکەش دەکرێت.

میدیای نیشتمانیی ئوسترالیا لە ڕووی کولتوورسازییەوە گرنگترین ڕۆڵ دەبینن. ئوسترالیا بە ناونیشانی یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە خاوەن فرەکولتوورە و خۆی زۆر شانازیی پێوە دەکات، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی میدیاوە کار دەکات بۆ پاراستنی ئەم فرەکولتوورییە، هەروەک ئاماژەی بۆ کرا. پەخشکرنی بەرنامەکان بەو زمانە جیاوازانە، یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی پاراستنی ئەو فرەڕەنگییە. هەروەها کارکردن بۆ کولتوورسازی و شانازیکردن بە ئوسترالیبوونەوە. ئامانجی لەپێشینەی ئەم میدیایانە؛ بەرهەمهێنانی کولتوورییە نەک دەستخستنی داهات. میدیای نیشتمانیی ئوسترالی زیاتر گرنگیی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان داوە نەک ڕیکلامی بازرگانی و قازانج. بۆیە گرنگیدانی تایبەت بە هونەر و هونەرمەندان لە ئوسترالیا؛ هەمیشە جێگەی بایەخ بووە و وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی تەماشا دەکرێت. هەروەها لە سەردەمی کۆرۆنادا ئەم دەزگا میدیاییە توانیی بەرنامە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنییە ناوخۆییەکانی بە شێوەیەک پێشکەش بکات کە جێگەی ڕەزامەندیی هاوڵاتییانی ئوسترالیا بێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئارەزووی وەرگران. ئەم دەرفەتە بەنرخەش کاریگەرییەکی زۆری لە سەر دروستکردنی متمانە لە نێوان هاوڵاتییان و دەزگاکانی میدیادا هەبوو [10].

بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە ئوسترالیا لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیی ئوسترالییەوە بودجە و پارەی دوو دەزگای گەورەی میدیایی دابین دەکات بۆ گەیاندنی زانیاری بە هاوڵاتییانی ئوسترالی بە بێ ئەوەی هیچ دەستتێوەردانێت لە بەرنامەڕێژیی دەزگاکاندا ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕێگە بدرێت ڕۆژنامەنووسانی میدیای نیشتمانی بەدواداچوون بۆ پرسەکان بکەن، پرسیار بکەن، یان ڕەخنە لە حکومەت و هەموو لایەنە سیاسییەکان بگرن. هەروەها میدیای نیشتمانی بۆخۆیان بڕیار دەدەن چ هەواڵێک بڵاو بکەنەوە و چۆن ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن. وەک کریستیان پۆرتێر؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوپەیمانیی جیهانیی میدیای گشتی (Global Public Media Alliance) دەڵێت: بۆ ئەوەی متمانە بە [میدیای نیشتمانی] بکرێت، دەبێت ئەوە نیشان بدەن کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێلایەن ڕووماڵی هەواڵەکان دەکەن و لێکی دەدەنەوە و ڕاپۆرتیان لە سەر دەکەن[11]. بە گوێرەی دوایین ڕاپرسی، بە بەراورد لەگەڵ کەناڵە بازرگانییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی میدیایی وەک نێتفلێکس و پرایم ڤیدیۆ، میدیای فەرمیی ئوسترالیا وەک ABC لە سەرووی لیستی ئەو دەزگا میدیاییانەوەیە کە بینەران متمانەیان پێیەتی، 84%ی خەڵکی ئوسترالیا ئەو دەزگا هەواڵانە بە گرنگ دەزانن بۆ وڵاتەکەیان[12].

میدیای دەوڵەتی

ئەم جۆرەی میدیا جیاوازە لە میدیای نیشتمانی، ڕاستە سەرچاوەی داهاتی هەردووکیان حکومەتەکانن، بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا حکومەتی ئوسترالی هیچ جۆرە دەستتێوەردانێکی نییە لە ئەجێندای ئەو دوو میدیایەدا کە بودجەیان بۆ دابین دەکات، ئەمە لە کاتێکدا میدیای دەوڵەتی لەگەڵ ئەوەی بودجەی حکومەت و هاوڵاتییانە، بەڵام دەوڵەت ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات و میدیا دەبێت بەو پلان و بەرنامە بڕوات بەڕێوە کە ئەوان مەبەستیانە، بۆیە ئەم جۆرە میدیایە زیاتر لە سیستمە سەرکوتکەرەکاندا برەویان پێ دەدرێت و ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتەکەدان. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم میدیایانە، دەتوانرێت سوود لەو تیۆرانە وەربگیرێت کە بە تیۆرە نۆرمەتیڤەکانی میدیا ناسراون و خۆیان لە شەش جۆر تیۆردا دەبیننەوە، کە هەندێک جار بە تیۆری دەسەڵاتیش باس دەکرێن. لەناو ئەو شەش تیۆرەدا چەند دانەیەکیان باس لەو پەیوەندییە دەکەن کە لە نێوان دامەزراوەیەکی میدیا و دەسەڵاتدا هەیە، کە چۆن دەسەڵات سەرلەبەری چالاکییەکانی میدیا دەخاتە خزمەتی بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیای خۆی و حیزبەکەیەوە بە بێ ئەوەی گوێ بداتە فرەڕەنگی، کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی.

 بۆ نموونە تیۆری پاوانخوازی (Authoritarian Theory) کار لە سەر ئەوە دەکات کە چۆن میدیا لە لایەن دەوڵەت یان نوخبەی دەسەڵاتدارەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ڕۆژنامەگەری بە جۆرێک ڕێک دەخرێت و سانسۆر دەکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی حکومەت و دەسەڵات بکات، ئەویش بۆ ڕێگریکردن لە ڕەخنەگرتن. ئەم مۆدێلە لە کاری میدیایی زیاتر لە سیستمی پادشایەتی و دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکاندا بوونی هەیە. هەروەها تیۆری کۆمۆنیستی سۆڤیەت (Soviet Communist Theory) جۆرێکی دیکەیە لە تیۆری پاوانخوازی، بەڵام کەمێک گەشەکردوو، کە لە سەر بنەمای تێگەیشتنی مارکسیست-لینینیستەکان بۆ دەسەڵات و میدیا و ئازادی دامەزراوە. میدیا لە لایەن دەوڵەتەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی کار دەکات. هیچ چاپەمەنییەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی کاریگەریی پارتی دەسەڵاتدار بوونی نییە. ئەم جۆرە میدیایە لە مێژوودا دەتوانرێت نموونەی لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانی تردا ببینرێت[13].

وەک پڕۆفیسۆر وێندی بیکۆن؛ بەرپرسی پێشووی پڕۆگرامی ڕۆژنامەگەری لە زانکۆی تەکنەلۆژیای سیدنی (UTS) دەڵێت: ئامانج لەو دەزگا میدیاییانە ئەوەیە کە دەنگێک بن بۆ هەر حکومەتێک کە کۆمەڵگاکەی کۆنترۆڵ بکات . هۆکاری ئەمەش ئەوەیە لەم دۆخانەدا میدیا ڕاستەخۆ لە خزمەتی سیستمەکەدایە نەک هاوڵاتییەکان، سیستمەکەش خۆراک لەو ئایدۆلۆژیاوە وەردەگرێت کە حیزبی باڵادەست ئاڕاستەی دەکات، بۆیە دەبینیت لەم سیستمانەدا ئەجێندای گشتی (Public Agenda) هیچ ڕۆڵێک نابینێت لە ئەجێنداسازیی ئەجێندای میدیایدا (Media agenda).

لێرەدا گرنگە بە کورتی ئاماژە بکرێت بۆ ئەو سێ جۆر ئەجێندایەی کە پێویستە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئامادەیی هەبێت، بۆ ئەوەی میدیا دواجار بتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بە تایبەت دوو ئەجێندای کۆتایی؛ ئەوانیش بریتین لە ئەجێندای میدیا، ئەجێندای گشتی، ئەجێندای سیاسی (policy agenda):

ئێڤێرت ڕۆجەرز و جەیمس دیرینگ (Everett Rogers and James Dearing) باوەڕیان وایە تیۆری ئەجێنداسازی لە پەیوەست بە میدیاوە، لەگەڵ سێ ئەجێندای دیکەدا لە پەیوەندیدایە کە بریتین لە ئەجێندای میدیا (Meida Agenda)، ئەجێندای گشتی (Public Agenda)، ئەجێندای سیاسی (policy agenda).

جا ئەجێندای سیاسی ئەو ئەجێندایانەن کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری دەوڵەتداری یان هەر لایەنێک کە سیاسەتسازی دەکات، دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنیدا. بۆ زیاتر تێگەشتن لە ئەجێندای سیاسی (policy agenda) و پەیوەندیی لەگەڵ دوو ئەجێنداکەی دیکە، دەتوانرێت بەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە: ڕۆجەرز و دیرینگ جەخت لەوە دەکەنەوە ئەجێندای سیاسی واتە لیستی ئەو پرسانەیە کە حکومەتەکان و داڕێژەرانی سیاسەت سەرنجیان لە سەریەتی. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە کە چۆن ڕای گشتی، ڕووماڵکردنی میدیا و ئەولەویەتەکانی حکومەت کارلێک دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر میدیاکان تیشک بخەنە سەر گۆڕانی کەشوهەوا (ئەجێندای میدیا) و داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی (ئەجێندای گشتی)، حکومەتەکانیش لەوانەیە لە وەڵامدا دروستکردنی سیاسەتی ژینگەیی (ئەجێندای سیاسەت) لە پێشینەی کارەکانیان بێت. ئەم پەیوەندییە لە نێوان ئەم سێ ئەجێندایەدا، ئەوە لەقاڵب دەدات کە کام پرس لەو سێ پرسە چارەسەر دەکرێن[14].

میدیای بازرگانی لە ئوسترالیا

لە پەیوەندیی نێوان میدیا و دیموکراسیدا بابەتێکی دیکە هەیە کە دووبارە دەبێت بە یەکێک لە پایەکانی پێوانی دیموکراسی لە وڵاتدا، ئەویش بوونی میدیای جۆراوجۆر و فرەڕەنگە. واتە بۆ ئەوەی سیستمێکی دیموکراسی پایەدار بێت، تەنها بوونی میدیا لەو سیستمەدا گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەش گرنگە کە ئەم میدیایە تا چەند لە جۆرایەتی و ئامانجیاندا جیاوازن. ڕاستە میدیای نیشتمانی پایەیەکی گرنگە و دەوڵەت بە بێ دەستتێوەردان لە ئامانج و بەرنامەیاندا بودجەیان بۆ دابین دەکات، بەڵام کۆمەڵە میدیایەکی دیکەش پێویستن کە سەرچاوەی داهاتیان لە ڕێگەی دیکەی وەک ڕیکلامەوە پەیدا دەکەن و پەیامەکانیان بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، ئەمانەش ئەو دەزگایانەن کە بە میدیای بازرگانی ناو دەبرێن.

ئایندەی تەلەڤزیۆنە بازرگانییەکان لە ئوسترالیا

پیشەسازیی پەخشی بازرگانی لە ئوسترالیا ڕووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو بووەتەوە، ئەمەش بە هۆی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و گۆڕانی ڕەوتی ڕیکلامەوە. بۆ دەیان ساڵ ناوەندەکان کێبڕکێکانیان لە بەرژەوەندیی خۆیان سنووردار کردبوو. ئەم ناوەندانە بەردەوام گەشەیان دەکرد، ئەویش بە قۆرخکردنی سەرنجی بینەر و سوودوەرگرتن لەو سنووردارکردنانەی حکومەت لە ڕێگەی ڕێنماییەکانیەوە ئاڕاستەی دەکرد. بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە داهاتەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام کەمی کردووە، چونکە ڕیکلامکەران (ئەو کۆمپانیا و ناوەندانەی پێویستیان بە ڕیکلام هەیە) لە بریی ئەوەی ڕیکلامەکانیان بەم ناوەندانە بکەن، خەرجییەکانیان ئاڕاستەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک سۆشیالمیدیا کردووە. لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٦ و ٢٠٢٢)، پشکی پەخشکەرانی بازرگانی (commercial broadcasters) لە بازاڕی ڕیکلامی ئوسترالیا لە (٤٣% بۆ ١٧%) دابەزی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە سەر خواستی ڕیکلام هاتووەتە پێشەوە.

ئەم دابەزینە داراییە بە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرنامەسازییەوە (programming) ئاڵۆزتر بووە، کە ساڵانە بە ڕێژەی 1.1% زیادی کردووە. سەرەڕای بەڕێوەبردنی چەندین کەناڵ، پەخشکەران نەیانتوانیوە گەشەی داهاتی دەستەبەر بکەن. لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی پەیامی ناوخۆیی زیانێکی زۆری بەر کەوتووە. لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٣)، خەرجییەکان بۆ درامای ئوسترالی بە ڕێژەی ٧٢% دابەزین و بودجەی درامای منداڵان بە تەواوی نەهێڵرا. بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان، پەخشکەران خشتەکانیان پڕ کردووەتەوە بە بەرنامەی هەرزانتر، بەڵام ئەمە بینەرانی بەرەو پلاتفۆرمە بەدیلەکان بردووە، لە نێوانیاندا خزمەتگوزارییەکانی وەک نێتفلێکس.

لە بەرامبەر ئەم کورتهێنانەدا، دەزگاکانی پەخشکردن ڕوویان کردووەتە ڕیکلامی قومار

(Gambling advertisements) وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات و دەستخستنی داهات. لە ساڵی (٢٠٢٢-٢٠٢٣)دا (١٦٢ ملیۆن دۆلار) بەشداریی کردووە، واتە کەمتر لە ٥%ی کۆی بازاڕی ڕیکلامی تەلەڤزیۆنی. لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە ڕیکلامانە هەندێک یارمەتیی دارایی دەدەن، بەڵام ئەم خەرجییە بە تێچووی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، واتە لە گیرفانی خەڵکی دێتە دەرەوە. ئوسترالیا لە سەر ئاستی جیهان بە پێشەنگ دادەنرێت لە زیانەکانی قومارکردن کە ساڵانە (٢٤ ملیار دۆلارە). هەر بۆیە حکومەتی ئوسترالی بیر لەوە دەکاتەوە کە ڕیکلامەکانی قومار لە تەلەڤزیۆندا سنووردار بکات، دوا جار ئەمەش زیاتر دەبێتە مەترسی و ئاڵنگاریی دارایی بۆ سەر ناوەندەکانی ڕیکلام و پەخشکردن.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە پرسە کولتووری و پێکهاتەییەکان؛ پیشەسازیی ڕیکلام تووشی کێشە دەکات. تۆڕەکانی وەک ناین و سێڤن ڕووبەڕووی تێکچوونی کارکردن و ناسەقامگیریی دارایی بوونەتەوە. ئێستا قەرزەکانی سەر کەناڵ سێڤن ئاستی ئاسایی تێپەڕاندووە. ئەم ئاڵنگارییە ئەو پرسیارە دەورووژێنن کە ئایا هەندێک تۆڕ و ناوەندی پەخشکردن وەک بازرگانییەکی بەردەوام دەمێننەوە یان تەنها بە هۆی مۆڵەتی پەخشەکانیان (Broadcast licenses)ەوە دەتوانن پارە پەیدا بکەن؟ چونکە مۆڵەتی پەخش لە زۆر بارودۆخدا دەتوانرێت بفرۆشرێت یان بدرێتە کرێ بە کەناڵێکی دیکە و بەو شێوەیە دەرامەتێک بۆ پەخشکردن پەیدا بکرێت و بەردەوامی بدرێت بە کارکردن. جگە لەوەش، پەخشکەران کاریان بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتییە گشتییەکانیان کردووە، سەرەڕای بەکارهێنانی سەرچاوە گشتییەکانی وەک سپێکتریمی کارۆموگناتیسی ، ئەمیش هەر لە ڕێگەی بەکرێدانەوە دەبێت بۆ دەستخستنی داهات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، داهاتووی پەخشی بازرگانی (commercial broadcasting) لە ئوسترالیا نادیارە. لە کاتێکدا هەندێک پەیامی وەک وەرزش و هەواڵ توانیویانە خۆیان لەگەڵ پلاتفۆرمە بەدیلەکاندا بگونجێنن، هەر چەندە ئەمەش بە دیوێکی دیکەدا لەوانەیە بەکارهێنەرانی ئەو کەناڵانە ڕووبەڕووی تێچووی زیاتر بکاتەوە، یان پێویستیان بە پشتیوانیی زیاتری حکومەت هەبێت. کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەنگە چیتر مۆدێلی تەقلیدیی پیشەسازی کە لە لایەن ڕێکلامکەرەوە بەڕێوە دەبرێت؛ نەتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی ناوەرۆکێکی باشتر کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات، ئەویش بە ئەولەویەت دان بە پێداویستییەکانی بەکاربەر نەک داواکارییەکانی ڕیکلامکەر[15].

چڕبوونەوەی میدیای ئوسترالیا (Australia’s media concentration) و ئایندەی میدیا لە ئوسترالیا

چڕبوونەوەی میدیای ئوسترالیا ئاماژەیە بۆ ئەو ڕادەیەی کە ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیا یان لایەنەکان زاڵن بەسەر میدیادا لە وڵاتەکەدا. ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەم لایەنانە چەندە کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و خاوەندارێتیی ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و میدیای دیجیتاڵییان هەیە. بە شێوەیەکی گشتی چڕبوونەوەی میدیا بەو مانایەیە کە چەند دامەزراوەیەک زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆنترۆڵ دەکەن، ئەمەش هەمەچەشنی لە ڕوانگە و کێبڕکێ و سەربەخۆیی لە ڕاپۆرتکردنی هەواڵدا سنووردار دەکات[16]. لە ئێستادا چڕبوونەوەی میدیای ئوسترالیا پرسێکی گرنگ و بەرچاوە، ئاستێکی بەرزی خاوەندارێتی لە نێوان چەند کارەکتەرێکی سەرەکیدا چڕ بووەتەوە. ئەم چڕبوونەوەیەش بووەتە هۆی ورووژاندنی نیگەرانیی جددی لە بارەی چەند پرسێکی گرنگی وەک هەمەجۆری، کێبڕکێ و کاریگەرییە ئەگەرییەکان لە سەر گوتاری دیموکراسی. بە پێی توێژینەوەکەی مایکل پوسی ، دەڵێت ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرزترین ئاستی چڕبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیای لە جیهاندا تۆمار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی هەمەچەشنی لە دیدگاکاندا. ئەم چڕبوونەوەیە ڕێگە دەدات بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، نەبوونی فرەچەشنیی بیروڕا و سەرکوتکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری [17].

کەواتە ئاستی بەرزی چڕبوونەوە بەو مانایەیە کە ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکان پشکێکی زۆر لە بازاڕی میدیادا کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش دەتوانێت فرەدیدگایی سنووردار بکات و مەودای زانیارییەکانی بەردەست بۆ خەڵک کەم بکاتەوە. هەروەک ئاماژەی بۆ کرا، کاریگەرییەکی نەرێنیی دەبێت لە سەر پڕۆسەی دیموکراسی، چونکە چاپەمەنییەکی ئازاد و هەمەچەشن بۆ دیموکراسییەکی تەندروست پێویستە. چڕبوونەوەی بەرزی میدیا دەتوانێت ئەمە تێک بدات، ئەویش بە کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگە سەربەخۆکان و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ببێتە هۆی یەک ڕەنگکردنی ڕووماڵکردنی هەواڵەکان.

لایەنە سەرەکییەکانی چڕبوونەوەی میدیا:

١. زاڵبوونی خاوەندارێتی: لە ئوسترالیا کۆمپانیاکانی وەک نیوز کۆرپ، ناین ئینتەرتەینمەنت و سێڤن وێست میدیا؛ پشکێکی بەرچاویان بەر دەکەوێت لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژنامەکان، تەلەڤزیۆنی پەخشکراو و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.

٢. کۆنترۆڵی بازاڕ: بۆ نموونە چوار کۆمپانیا 84%ی بازاڕی میدیا لە ئوسترالیا کۆنترۆڵ دەکەن، کە لە بەرزترین پلەی چڕبوونەوەدا دێت لە سەر ئاستی جیهان.

٣. کاریگەریی لە سەر هەمەجۆری: خاوەندارێتیی کەمتر، واتە هەمەجۆریی کەمتر لە هەواڵ و بۆچوونەکاندا. ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لە سەر گوتاری گشتی هەبێت و دیدگا و بۆچوونە جۆراوجۆرەکان سنووردار بکات.

٤. بەراوردکاریی جیهانی: لە دوای بەڕازیل ەوە؛ ئوسترالیا لە پلەی دووەمدایە کە چڕترین بازاڕی میدیایی هەیە لە جیهاندا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمەڵەیەکی بچووکی کۆمپانیاکان بازاڕەکەیان قۆرخ کردووە و باڵادەستییان هەیە.

ئەو چوار کۆمپانیایە کە ٨٤٪ی بازاڕی ڕۆژنامەکان لە ئوسترالیا کۆنترۆڵ دەکەن؛ بریتین لە:

نیوز کۆرپ (News Corp): خاوەنەکەی ڕوپەرت مردۆک ە، گەورەترین یاریزانە، پشکێکی بەرچاوی لە ڕۆژنامەکاندا هەیە، لە نێویاندا بڵاوکراوە گەورەکانی وەک: زە ئوسترالی، دەیلی تەلەگراف و زە هیرالد سەن.

ناین ئینتەرتینمنت (Nine Entertainment): ئەم کۆمپانیایە خاوەنی ڕۆژنامەی(The Sydney Morning Herald) (The Age) و (The Australia Financial Review)،لەگەڵ سەروەت و سامانی میدیایی دیکەیە لە سەرانسەری تەلەڤزیۆن و ڕادیۆدا.

سێڤن میدیای ڕۆژئاوا (Seven West Media): بە خاوەندارێتیی ڕۆژنامەی ڕۆژئاوای ئوسترالی و بڵاوکراوە ناوچەییەکانی دیکە ناسراوە، شانبەشانی کارەکانی تەلەڤزیۆنی.

میدیای کۆمەڵایەتیی ئوسترالیا (Australian Community Media) (ACM): کە گرنگی بە ڕۆژنامە ناوچەیی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات. ACM خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە بڵاوکراوە ناوخۆییەکانە لە سەرانسەری وڵاتدا.

بە پێی توێژینەوەکانی ئەم دواییە کە لە لایەن توێژەرانی چەند زانکۆیەکی ئوسترالیاوە ئەنجام دراوە، ئوسترالیا لە پلەی دووەمی چڕبوونەوەی میدیا دایە لە سەر ئاستی جیهاندا. ڕاپۆرتەکە جەخت لە سەر باڵادەستیی ژمارەیەکی کەمی کارەکتەرەکانی بواری میدیایی دەکاتەوە، کە ئەمانە داوای باج لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیی دەکەن وەک گوگڵ و مێتا دەکەن بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە داهات و بودجەی میدیایی بەرژەوەندیی گشتی دابین بکەن. لە نێوان ساڵانی (٢٠١٩ و ٢٠٢٢)، چڕبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیا لە ئوسترالیا زیادی کردووە. ئەو چوار کۆمپانیا گەورەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا؛ لە ٨٤%ی بازاڕی میدیایان کۆنترۆڵ کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ٧٨% بووە، لە هەمان کاتدا گوگڵ و مێتا توانیویانە دەست بگرن بەسەر 70%ی بازاڕی ڕیکلامی دیجیتاڵیدا، هەروەها لە ئوسترالیا لە ڕیزبەندیی دووەم و هەشتەم ی گەورەترین کۆمپانیای پەیوەندیکردندان دێن.

   جا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئایندەی میدیا لە ئوسترالیا، ئەو توێژینەوانەی لەم بوارەدا ئەنجام دراون پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە (2%) لە داهاتی ڕیکلامی دیجیتاڵی وەربگیرێت و بۆ دەزگا میدیاییەکانی دیکەی بواری میدیای گشتی خەرج بکرێت، چونکە وا دەردەکەوێت ئەم یارمەتییە لەو بڕە پارانە زیاتر بێت کە ئێستا بە پێی یاسای زیادکردنی (موزایەدە) میدیای هەواڵ (News Media Bargaining Code) دابین دەکرێت. پڕۆفیسۆر تێری فلۆ (Terry Flew) لە زانکۆی سیدنی باس لەوە دەکات کە باجێکی لەو شێوەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەردەوامبوونی میدیای بەرژەوەندیی گشتی و ڕێگریکردن لە دابەزینی بەردەوامی میدیای باو (وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەی بۆ کرا). باڵادەستیی کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری تەکنەلۆژیا و ڕێکخستنەوەی بازاڕەکانی میدیا، چڕبوونەوەی میدیای بەرەو ئاستێکی خراپتر بردووە، ئەمەش مەترسییەکی بەرچاوی لە سەر ڕۆژنامەگەریی ناوخۆیی دروست کردووە و توانای ڕێکخستنی وردبینیی هەواڵەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە. جگە لەوەش، سەرهەڵدانی بیابانەکانی هەواڵ -(news deserts) واتە ئەو ناوچانەی کە ڕۆژنامە ناوخۆییەکان تێیدا نەماون و هەواڵەکانیان ناگوازرێنەوە- لەگەڵ ئامرازەکانی گەڕان کە لە لایەن AI ەوە بەڕێوە دەبرێن، زیاتر پیشەسازییەکەیان خستووەتە مەترسییەوە. لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩، نیوز کۆڕپ (١٠٠) ڕۆژنامەی ناوخۆیی داخست، تۆڕەکانی وەک سێڤن و ناین ڕووماڵی هەواڵ و کاروباری هەنووکەییەکانیان بە ڕێژەی (٨٠%) کەم کردەوە بە بەراورد بە سەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠)[18].

هەروەها زیادبوونی چڕبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیا (concentration of media ownership) ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی جیهانییە، کە مەترسی لە سەر گوتاری دیموکراسی دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەی بینەران زیاتر ڕوو لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەکەن، کاریگەریی میدیای تەقلیدی کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستاندنی ڕۆژنامەگەریی ناوخۆیی، چونکە وەک وترا چوار کۆمپانیای سەرەکی لە بواری پەخشی تەلەڤزیۆنیدا پشکی لە (79% بۆ 87%)ی بازاڕیان بەرز کردووەتەوە، لە کاتێکدا کارەکتەرە پێشەنگەکانی بواری ڕادیۆ خاوەندارێتیی تەنها لە (57% بۆ 77%) زیاد کردووە. لەم کاتەدا تەنها نیوز کۆرپ وەک گەورەترین کۆمپانیای میدیایی لە ئوسترالیا دەمێنێتەوە، کە پشکی بەرچاوی لە ڕۆژنامە و خزمەتگوزارییەکانی ستریمینگ و تیڤی بە پارە هەیە، سەرەڕای ئەوەی خاوەندارێتیی ناوخۆیی نییە. لە بەرامبەردا کۆمپانیای ناین ئینتەرتەینمەنت گەورەترین کۆمپانیای میدیاییە کە خاوەنەکەی (خاوەنداری) ئوسترالیایە و سەروەت و سامانەکەی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و میدیای دیجیتاڵی دەگرێتەوە. بە سەرنجدان لەم ڕەوتانە، لە کۆتاییدا ئەوە پشتڕاست دەبێتەوە کە میدیا و بازاڕی میدیایی ڕووبەڕووی قۆرخکارییەکی مەترسیدار بووەتەوە کە دواجار ئەمە کاریگەریی دەبێت لە سەر کەمبوونەوەی ژمارە و فرەچەشنیی میدیا لە ئوسترالیا، ئەمەش واتای ئەوەیە سەرچاوەکانی زانیاری بۆ هاوڵاتییان کەمڕەنگ دەبێتەوە، دواجار هاوڵاتییان دەکەونە بەر شەپۆلی ئەو زانیارییانەی کە تەنها کۆمپانیا قۆرخکارە گەورەکان مەبەستیانە. لە لایەکی دیکەوە پڕۆسەی دیمکراسی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، چونکە دوا جار هاوڵاتییان بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی و خستنەڕووی بۆچوونەکانیان لە ڕێگەی میدیاوە کەم و سنووردار دەکرێتەوە. بۆیە لە ئێستادا دۆخەکە ئەوە دەخوازێت کە دەستتێوەردانێکی ڕێکخراوەیی دەست پێ بکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی مانەوەی ڕۆژنامەگەریی بەرژەوەندیی گشتی لە ئوسترالیا[19].

 

ئەنجام

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا بەوە دەگەین کە میدیا لە وڵات و سیستمێکی وەک ئوسترالیادا ڕۆڵێکی قووڵ و کاریگەری هەیە بۆ پاراستنی سیستمەکە و ئەو فرەکولتوورییەی وڵاتەکەی پێ ناسراوە. پاراستنی هاوسەنگی لە لایەکەوە و گرنگیدان و بەردەوامی بە فرەڕەنگیی ئوسترالیا ، لە ئەرکە لەپێشینەکانی حکومەتی ئوسترالیایە بە هەموو ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانیشەوە. واتە یەکێک لە گرنگترین ئەجێندا نیشتمانییەکانی دەوڵەت بریتییە لە برەودان بەم فرەکولتوورییە، لە هەمان کاتدا پاراستنی. جا بۆ ئەوەی دەوڵەت بتوانێت ئەم کارە بە باشترین شێوە ئەنجام بدات، هاتووە بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ دوو گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەی میدیایی؛ ABC و SBS دابین کردووە و لە ڕێگەی گەڵاڵەنامە  ناچاریکردووە بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ئەرکی نیشتمانی کە هەموویان دەچنەوە سەبەتەی خزمەتکردن بە فرەکولتووری و پاراستنی کۆمەڵگەی ئوسترالی. ئەم دامەزراوە نیشتمانییە میدیاییانە بە هیچ جۆرێک لە لایەن حکومەتی ئوسترالییەوە دەستتێوەردانیان تێدا ناکرێت، بە جۆرێکیش بودجەکەیان لە پڕۆسەیەکی سێ یان پێنج ساڵیدا بۆ دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە کە حکومەت نەتوانێت گرفتیان بۆ دروست بکات، تەنها ئەوەندە هەیە پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی کە لە خەمی هاوڵاتییانی ئوسترالیدایە و لە هاوڵاتیانەوە بۆ هاوڵاتیان هەڵبژێردراوە، چاودێریی ئەم دەزگایانە دەکات کە لە پرەنسیپ و میساقەکان لا نەدەن کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی ئوسترالیدایە بە هەموو ڕەنگەکانیەوە.

لە لایەکی دیکەوە دۆخێکی ئازاد بونیاد نراوە بۆ ئەو میدیایانەی دەیانەوەت کار بە ئەجێندای خۆیان بکەن و لە چوارجێوەی بازرگانیدا و بە ڕیکلام پارە پەیدا بکەن. لەم توێژینەوەدا هەوڵمان داوە کار لە سەر ئەو جۆرە میدیایانە بکەین و ئەو ئاڵنگارییانە بخەینە ڕوو کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. پرسێکی وەک زیادبوونی چڕبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیا (concentration of media ownership) لە دەستی چەند کۆمپانیایەکدا بووەتە مەترسییەکی جددی بۆ سەر پڕۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتانەدا. لە کاتی ئێستادا ئوسترالیا بە دووەم دەوڵەت دادەنرێت کە ڕێژەی بەرزترین چڕبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیا ، واتە کۆبوونەوە و کورتبوونەوەی دەزگا میدیاییەکان لە دەستی چەند کۆمپانیایەکدا کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە سەر ناوەندەکانی دیکەی میدیا، بە جۆرێک هەندێک دەزگا ناتوانن لە ڕێگەی ڕیکلامەوە بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن. جا ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فرەڕەنگی و فرەدەنگی لە ئوسترالیا و لە کۆتاییدا حکومەت دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی نوێوە بۆ پاراستنی فرەکولتوورییەکە.

سەرچاوەکان

[1] Media, Entertainment & Arts Alliance. (2017, December 8). A proud history at the forefront of Australian journalism. MEAA. https://www.meaa.org/news/meaa-media-aja-history/

[2] Josephi, B., & Richards, I. (2012). The Australian journalist in the 21st century. In D. H. Weaver & L. Willnat (Eds.), The global journalist in the 21st century (pp. 115-116). Routledge.

[3] Wils, T. (2019). Funding the Australian Broadcasting Corporation [Research paper series, 2019–20]. Parliamentary Library.

[4][4] Infrastructure Australia. (n.d.). Australian Broadcasting Corporation (ABC). Retrieved January 24, 2024, from https://www.infrastructure.gov.au/media-communications-arts/national-broadcasters/australian-broadcasting-corporation-abc

[5] Wils, T. (2019). Funding the Australian Broadcasting Corporation [Research paper series, 2019–20]. Parliamentary Library.

[6] Wils, T. (2019). Funding the Australian Broadcasting Corporation [Research paper series, 2019–20]. Parliamentary Library.

[7] Special Broadcasting Service (SBS). (n.d.). رسانه ها در استرالیا چگونه کار می کنند؟? Retrieved January 24, 2025, from https://www.sbs.com.au/language/persian/fa/podcast-episode/how-does-media-in-australia-work/xdgzkdqcf

[8] Special Broadcasting Service (SBS). (n.d.). FAQs. Retrieved January 24, 2025, from https://www.sbs.com.au/aboutus/contact-us/faqs

[9] Special Broadcasting Service (SBS). (2024). SBS 2024 annual report. Retrieved January 24, 2025, from https://www.sbs.com.au/aboutus/inc/uploads/2024/10/SBS_2024_Annual_Report_DIGITAL.pdf

[10] شریفیان، ا. (۱۴۰۳، تیر ۱۹). نقش خبرگزاری رسمی استرالیا در توسعه فرهنگ و هویت ملی. دریافت‌شده از https://cgtt.ir

[11] Special Broadcasting Service. (2024). SBS annual report 2024. Special Broadcasting Service. https://www.sbs.com.au

[12] شریفیان، ا. (۱۴۰۳، تیر ۱۹). نقش خبرگزاری رسمی استرالیا در توسعه فرهنگ و هویت ملی. دریافت‌شده از https://cgtt.ir

[13] Siebert, F. S., Peterson, T., & Schramm, W. (1956). Four theories of the press: The authoritarian, libertarian, social responsibility, and Soviet communist concepts of what the press should be and do. University of Illinois Press.

[14] Mohd Zain, N. R. (2014). Agenda setting theory. Retrieved from https://www.researchgate.net/publication/321698436

[15] Lotz, A. (2024, September 11). The commercial broadcasters crisis can no longer be ignored. What s next for TV? The Conversation. Retrieved from https://theconversation.com

[16] Meade, A. (2024, October 3). Australia’s media concentration ranked second-worst in the world as experts call for levy on tech firms. The Guardian. https://www.theguardian.com/australia-news/2024/oct/03

[17] Pusey, M., & McCutcheon, M. (2010). The concentration of media ownership in Australia — From the media moguls to the money men? Record of the Communications Policy & Research Forum 2010, 211-225, P.2.

[18] Meade, A. (2024, October 3). Australia’s media concentration ranked second-worst in the world as experts call for levy on tech firms. The Guardian. https://www.theguardian.com/australia-news/2024/oct/03

[19] Meade, A. (2024, October 3). Australia’s media concentration ranked second-worst in the world as experts call for levy on tech firms. The Guardian. https://www.theguardian.com/australia-news/2024/oct/03

Send this to a friend