هەڵاواردنی فرەتوێ: تێگەیشتنی کوردە سوننەکانی ئێران لە پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
توێژەران: محەمەد حەیدەری و وەحید قاسمی
وەرگێڕان: ئارما مورادی
پوختە
بەکارهێنانی شێوازی شیکردنەوەی شیمانەیی، تێگەیشتنی کوردە سوننەکانی ئێرانمان لەسەر پرسی ئەزموونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تاوتوێ کردووە. بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە، شازدە کەس لە کوردە سوننەکانی ئێران بوون کە بە شێوەیەکی ئامانجدار هەڵبژێردراون. بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە چاوپێکەوتنی نیمچە پێکهاتەیی کەڵک وەرگیراوە. ئەنجامەکان دەریانخست کە بەشداربووان لە چوار ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە ڕووبەڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە: هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیک، هەڵاواردنی پێکهاتەیی، هەڵاواردنی ئاڕاستەکراو و هەڵاواردنی نێوئەتنیکی. ئەزموونی هەڵاواردنی فرەتوێ لەنێوان کوردە سوننەکاندا، ئاماژە بە دابەشکردنی پاوانخوازانەی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان و دەسەڵاتی سیاسی دەکات کە لە بەرژەوەندیی تاقمێکی ئەتنیکی تایبەت لە ئێران ڕەچاو دەکرێت. شێوازی پۆلێنبەندیی ئەتنیکی پەیوەندیدار بە کوردە سوننەکان لە ئێران، پیشاندەری هەبوونی ناوەکێکی باڵادەست و دەسەڵاتدار و ئەتنیکێکی پەراوێزخراوە. فاکتەرە کولتووری و سیاسییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ناوەندیی و کوردە سوننەکان، لە چوارچێوەی پەیوەندیی ناوەند-پەراوێز هەبووە. هەبوونی کۆمەڵگەی بێ حاکمییەت و خاوەنی حاکمییەت، بەردەوامبوونی هەڵاواردن دژی کوردە سوننەکانی لێکەوتووەتەوە. هەربۆیە، بەردەوامبوونی ئەو هەڵاواردن و نایەکسانییەی کە کوردە سوننەکان ئەزموونی دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی تواندنەوەی حکومەتی ناوەندی و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆتە هۆی کلۆنیالیزمی ناوخۆیی.
وشە سەرەکییەکان:
دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کوردە سوننەکان، هەڵاواردنی فرەتوێ، ئێران.
سەرەڕای هەوڵە مێژووییە بەردەوامەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەک لەو بابەتە بنەڕەتییانەی نێو کۆمەڵگە فرەئەتنیکییەکان و ئەو حکومەتانەی لەسەر ئەتنیک دامەزراون، ئەزموونی هەڵاواردنی ئەتنیکییە. وەک کوڕنێل (1995) دەڵێت، یەک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی جیاکاری و هەڵاواردنی ئەتنیکی، بەربڵاوبوونی ئەو دیاردەیە. لە حکومەتێکدا کە لەسەر ئەتنیک دامەزرا بێت، گرووپە ئەتنیکییەکان، بەشە سەرەکی و بنچینەییەکانی سیستەمی سیاسی پێکدێنن و زۆرێک لە مافە شارومەندییەکان تەنیا بۆ ئەندامانی گرووپێکی ئەتنیکیی تایبەت لەئارادان و جێبەجێ دەکرێن (غای، 2011). کەمینە ئەتنیکییەکان پلەیەکی نزم و لاوازیان لە کۆمەڵگەدا هەیە و زۆرجار لە ئاستی گشتی یان ژیانی تاکەکەسیدا، بەپێی ئایین، بیر و بڕواکان، ڕوانگە سیاسییەکان و یان هەلومەرجی مەدەنیی خۆیان، هەڵاواردنیان بەرامبەر دەکرێ (مەروان، 2019). هەر لەسەر ئەم ڕەوتەیش، کەمینە ئەتنیکییەکان لە ئیران بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندیی، هەستێکی فراوان بە هەڵاواردن و بێبەشبوون دەکەن (برەدلی، 207). ئامانجی ئەم توێژینەوە، تاوتوێکردنی تێگەیشتنی کوردە سوننەکان بووە –وەک یەک لە گرووپە سەرەکییە ئەتنیکییەکانی ئێران- لە ئەزموونکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
ئێران پێکهاتووە لە کۆمەڵێکی فرەڕەنگی ئەتنیکی و زمانی (ئاقاجانیان، 1983؛ ئەمانوڵڵاهی، 2005، برەدلی، 2007). بەشێوەی مێژوویی، ئەم وڵاتە هەڵگری ئاپوورەیەکی هەمەڕەنگ بووە بە شوناسی جۆراوجۆری زمانی و کولتووریی جۆراوجۆرەوە (ئاقاجانیان، 1983) و وەک بوونێکی چەند کولتووری و فرەئەتنیکی هەژمار دەکرێت (حەسەنییان و ئێستەنسفیلد، 2022)، کە تێیدا، شوناسە جۆراوجۆر و چینچینەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تاکەکاندا دەور دەگێڕن (موفیدی و ئاقاپووری، 2023). هەروەها لەدرێژەی مێژوودا، پێکهاتەی دەوڵەت لە ئێراندا لەسەر بنەمای ئەتنیک بنیات نراوە (برەدلی، 2007). خاڵێک کە پێویستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە ئەوەیە کە هەندێک لە حکومەتەکان ناوەندگەرا نەبوونە و لەگەڵ گرووپە ئەتنیکییەکانی دیکە پەیوەندیی دوولایەنەیان پاراستووە. لە حکومەتی لەم چەشنەدا، گرووپە ئەتنیکییەکان چیدی ڕووبەڕووی نایەکسانی و هەڵاواردن نەبوونەتەوە. لەبەرامبەردا، حکومەتەکانی دیکە سیاسەتی ناوەندگەراییان ڕەچاو کردووە و پەیوەندییەکی یەکلایەنەیان لەگەڵ گرووپە ئەتنیکییەکان دامەزراندووە. لەئەنجامدا نایەکسانی و هەڵاواردن بەرامبەر بەو گرووپانە باو بووە (محەمەدزادە و خانی، 2018). هەربۆیە، زمان و ئایین بەردەوام وەک دوو فاکتەری سەرەکیی جیاکەرەوەی ئەتنیکە ئێرانییەکان باس کراون و ئاماژەیان پێدراوە و بوونەتە هۆی نایەکسانی و هەڵاواردنی نێوان گرووپە ئەتنیکییەکان.
لە سەردەمی پێش مودێڕنیتەدا، حکومەتی سەفەوییەکان (1501-1736) هەڵاواردن دژی گرووپە ئەتنیکییەکانی لە ڕێگەی پەراوێزخستن و سەپاندنی تواندنەوەی (ئەسیمیلەیشن) ئاینییەوە لەسەر ئەو ئەتنیکانەی ئایینی شیعەیان نەبوو، دەستپێکرد (کۆنەپۆشی، 2004؛ سیراجزادە و ئادهەمی، 2008). نایەکسانی و هەڵاواردنی ئەتنیکی لە سەردەمی مۆدێڕندا لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی ڕەزاشا گرێ دراوە (ئاقاجانییان، 1983؛ ئەمانوڵڵاهی، 2002)؛ سیراجزادە و ئادهەمی، 2008؛ وەلی، 2011). ئامانجی سەرەکیی ڕەزاشا، بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێڕن، ناوەندی و یەکپارچە لەژێر حکومەتی ڕەهای خۆیدا بوو (ئەمانوڵڵاهی، 2002). هەربۆیە، لەسەر ئاڕاستەی پەرەپێدانی ناسیۆنالیزم و ئێرانگەرایی، بۆ بووژاندنەوە و زیندووکردنەوەی وڵات، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کولتووریی تایبەتی بەرامبەر بە ئەتنیکە نەفارسەکان و هاوکات لەگەڵ پرۆسەی ناوەندگەرایی جێبەجێکران (ئاقاجانییان، 1983). بۆیە حکومەتی پەهلەوی (1925-1979) یەکەمین حکومەتی ئێران بوو کە سیاسەتی سەرکوتکردن و تواندنەوە بەرامبەر بە نەتەوە-ئەتنیکەکانی نەفارس بەشێوەی ڕەسمی ڕەچاو کرد (محەمەدپوور و سلێمانی، 2020). ساڵی 1979 و دوابەدوای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران و پێکهاتنی پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە لەسەر بناغە مەعریفییەكەی ئیسلام –بەتایبەت ئامۆژیاری و یاساکانی ئایینزای شیعە و بەهاکانی نەتەوەی فارس- گرووپە ئەتنیکی و ئایینییە جۆراوجۆرەکان پەراویز خران (ئەلیاسی، 2021، ئینتیسار، 1989، ییلدیز و تاسی، 2007). بۆیە لەئەنجامدا، لە سەردەمی پێش مۆدێڕن، ئایین فاکتەری سەرەکیی هەڵاواردن بوو؛ لە سەردەمی مۆدێڕن و لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پەهلەویدا، هەڵاواردن لەسەر بنەمای زمان پێناسە دەکرا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێکگەیشتن و هاوکاتبوونی زمان و ئایین توندبوونەوەی هەڵاواردنی ئایینیی لێکەوتووەتەوە.
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم توێژینەوە تەرکیز دەخاتە سەر کوردە سوننەکانی ئێران. کوردستان وەک ئاقارێکی سەرسنوور، بەردەوام لە سنووری جیۆپۆلەتیکی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی کۆن و دەوڵەتە مۆدێڕنەکاندا بووە و بەردەوامبوونی مێژوویی ئەم پەراوێزکەوتنە جیۆپۆلەتیکەیش، فاکتەری سەرەکیی پێکهێنەری سیاسەت و مێژووی کوردەکان بووە (مەتین، 2020). کوردەکان گەورەترین کەمینەی ئایینیی ئێرانن و مێژووییەکی کۆنی زیاتر لە سێ هەزار ساڵەیان هەیە (ڕادپەی و ڕۆز، 2017). کورد پاش فارس و ئازەری، سێهەمین گرووپی ئەتنۆسیاسیی گەورەی وڵاتی ئێرانن (ئەلیاسی، 2021) و ئاپوورەیان 10 بۆ 12 ملیۆن کەس –بەرامبەر لەگەڵ ٪ 12 تا 15ی ئاپووڕەی ئێران- خەمڵێنراوە (حەسەنییان و ستەنسفیڵد، 2022). زۆرینەیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران نیشتەجێن. کوردەکان، هەروەها وەک زۆر گرووپی ئەتنیکیی دیکە، کۆمەڵێک بنەمای هاوبەشیان پاراستووە و هەر ئەمەش وشیاریی ئەتنیکیی کوردی پیکهێناوە (ئینتیسار، 1984). هەربۆیە، بەهۆی تایبەتمەندییە جیاوازییە زمانی، کولتووری و ئایدۆلۆژیکەکانی خۆیانەوە لە ئەتنیکەکانی دیکە جودا دەکرێنەوە (گرەش، 2009؛ حەسەنییان، 2021؛ کووهی-کەماڵی، 2003؛ مەک داوڵ، 2004؛ ڕادپەی و ڕۆز، 2017). ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ جۆراوجۆربوونی ئایینی و نەریتە ئایینییەکانی خۆیان، پێڕەوی ئایینگەلێکی وەک ئیسلام، مەسیحییەت، ئاسووری، جوو و یارسانیان تێدایە؛ بەڵام بەم حاڵەشەوە، زۆرینەی کوردەکان مسوڵمان و سەر بە ئایینزای شافیعین وەک لقێکی ئایینی سوننە (بۆناین، 2002؛ ئینتیسار، 1984، کووهی-کەماڵی، 203).
کوردەکان یەک لەو گەلانەی بوونە کە توندترین هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە و یەک لە پشتگوێخراوترین گرووپەکانن لە سەدەی بیستویەکەمدا (بۆناین، 2002). لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان وەک کەمینە سەیر کراون و یان بوونیان وەک نەتەوەیەک حاشای لێکراوە (ئەلیاسی، 2021). لەدرێژەی سەدەی ڕابردوودا، ڕەنج و سەرکوتکرانی بەکۆمەڵی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە (محەمەدی و کیانپوور، 2023). ئەگەرچی شارومەندیی فەرمییان هەیە، کوردەکان وەک ئەندامێکی مەشرووعی کۆمەڵگەی ئێران نەناسراون (ئەلیاسی، 2021). پەیوەندیی نێوان کوردەکان و دەوڵەتە ئێرانییەکان بەردەوام دژوار و پڕ لە کێشە و مشتومڕ بووە (کووهی-کەماڵی، 2003). لەسەر ڕێگە و ڕێبازی پتەوکردنەوەی دەسەڵات و ناوەندگەراییدا، پاشاکانی سەفەوی و قاجاڕ، پاشایەتی پەهلەوی و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی، هەموویان هەڵویستی هاوشێوە و توندیان بەرامبەر داواکارییە سیاسی، ئابووری-کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کوردەکان هەبووە (مەکداوڵ، 2004؛ کووهی-کەماڵی، 2003، حەسەنییان و ستەنسفیڵد، 2022). لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، فاکتەرە ئایینییەکان دەورێکی بەرچاویان لە توندکردنەوەی کێشەی نێوان کوردە سوننەکانی ئێران و ڕێبەرایەتی ئایینزای شیعە، گێڕاوە (ئینتیساری، 1984). لەنێو کوردەکان، هەم ئەتنیک و هەمیش ئایین تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر سیاسی کراونەتەوە و ناوچە کوردنشینەکان ڕووبەڕووی بێبەشبوونی بەرچاو و پێشنەکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوونەتەوە (ساڵح، 2013).
هەلومەرجی سیاسی و ئابووری-کۆمەڵایەتی کوردەکان، پیشاندەری ئەزموونی بەردەوامیانە لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و نادادپەروەری؛ هەڵاواردنگەلێک کە ڕەهەندە نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی، ژینگە و بواری پەرەسەندن دەگرنەوە (حەسەنییان و سوهرابی، 2022). چونکە بەرخۆدانی دژەکولۆنیالیزم و شۆڕش بۆ ئۆتۆنۆمی، تەوەری سەرەکیی مێژووی کوردەکان بووە (مەتین، 2020)، شوێنهات و دەرەنجامی ئەم هەڵاواردن و نادادپەروەرییە، پەراوێزخرانی کوردەکان بووە لە بەشداریی چالاک لە گۆڕەپانی گشتیی ئێران، ناڕەزامەندی لە حکومەت و بەهێزبوونی داواکارییەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی (ییڵدز و تایسی، 2007). هەر بەم بۆنەوە لەگەڵ دوو پرس ڕووبەڕووین: یەکەم، دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و سیاسەتە تێکەڵ هەڵاواردنەکانی بەرامبەر بە کەمینە ئەتنیکییەکان؛ و دووەم، گرووپی ئەتنیکیی کوردی سوننە کە لە 40 ساڵی ڕابردوودا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەت و سەرچاوەکانیان بەشێوەیەکی سنووردار بەردەستبووە و لەگەڵ جۆرەکانی نایەکسانی، هەڵاواردن و نادادپەروەری ڕووبەڕوو بووەتەوە.
ئەگەرچی توێژینەوەی زۆر لە ئێران دادپەروەری و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم پرسەیان لەنێو گرووپە جیاوازەکاندا تاوتوێ کردووە، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان پەرژاونەتەوە سەر بابەتی دادپەروەریی ئەتنیکی. بۆ نموونە، یەعقووبی (1388) گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لەنێو گرووپە ئەتنیکییەکانی ئێراندا لە باری هەستکردن بە دادپەروەرییەوە جیاوازییەکی بەرچاو نییە؛ هەستی گشتی بەرامبەر بە دادپەروەری لەنێوان هەموو گرووپەکاندا لێکچوون بەدی کراوە. لە سێهەمین شەپۆلی توێژینەوە و تاوتوێکردنی ڕوانگە و بەهاکانی ئێرانییەکان (1395)، وەڵامی پارێزگا کوردنشینەکان بە پرسیارە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پرسی تێگەیشتنیان لە دادپەروەری زیاتر نەرێنی بووە و زیاتر لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە نادادپەروەری لەئارادایە. نەوابەخش و گەڕاوەند (1390) ئاستی دادپەروەری ئابووری، سیاسی و کولتوورییان لەنێوان شارومەندانی کورددا وەک ئاستێکی نزم خەمڵاندووە. هەروەها تاڵبی و عەلیزادە (1396) دەریانخستووە کە خوێندکارە کوردەکان لەگەڵ هەڵاواردن، نایەکسانی و ڕەتکرانەوەی ئەتنیکیی بەرچاو ڕووبەڕوون؛ چ لە ئاقارە فەرمییەکاندا و چ لە ئاقارە نافەرمییە پەیوەندیدارەکان بە زانکۆکان، بەتایبەت لەسەر زمانی کوردی و ئایینی سوننە.
بەم پێیەش، سێ پرسی سەرەکی دەردەکەون: یەکەم، تێگەیشتنێکی ڕوون لە تێگەیشتنی کوردەکان بەرامبەر بە پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئێران، لەئارادا نییە. دووەم، زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی کە پەرژاونەتە سەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەسەر خەڵکی کورد، لە ڕوانگەی دەرەکی (چەندایەتی) کەڵکیان وەرگرتووە کە ئەمەش بووەتە هۆی تێگەیشتنێکی سەقەت و ناتەواو لە شرۆڤە و شیکاریی ئەوان لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. سێیەم، تێگەیشتنی دادپەروەریی ئەتنیکی لە ئێران پێویست بە تێگەیشتنی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند-پەراوێزی نێوان حکومەتی ناوەندی و گرووپە ئەتنیکییەکانە؛ بابەتێک کە لە تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا باسی کراوە، بەڵام لە توێژینەوەکانی دادپەروەریی ئەتنیکی لە ئێران کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە. ئەگەرچی هەندێ توێژینەوە (وەک ئەلیاسی، 2021؛ ئینتیسار، 2010؛ حەسەنییان، 2021؛ حەسەنییان و سوهرابی، 2022؛ محەمەدپوور و سلێمانی، 2020؛ سلێمانی و محەمەدپوور، 2019) ئەم تیۆرییەیان بۆ شرۆڤەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئێران و ناوچەی کوردنشین دەکار هێناوە، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی ئەزموونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەنێو کوردە سوننەکاندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ کەڵکیان وەرنەگرتووە. هەربۆیە، ئەم توێژینەوە لەدرێژەی هەمان توێژینەوەکانی پێشوودا، تەرکیزی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێزی نێوان حکومەتی ناوەندیی ئێران و کوردە سوننەکان. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکەش تێگەیشتنی کوردە سوننەکانی ئێران لە ئەزموونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئێران و شرۆڤەی ئەم تێگەیشتنە لەسەر بنەمای تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدایە.
چوارچێوەی چەمکی
هەڵاواردن دژی کوردەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی بەرامبەر بە گرووپە ئەتنیکییە کەمینە و پەراوێزخراوەکان. سەرەڕای ئەمە، توێژینەوە پەیوەندیدارەکان بە خەڵکی کوردەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جۆرێک لە پەیوەندیی ناوەند-پەراوێز لەنێوان حکومەتی ناوەندی و کوردەکان لەسەر بنەمای زمان (یان ئەتنیک) و ئایین لەئارادایە (ئەلیاسی، 2021؛ حەسەنییان و سوهرابی، 2022؛ محەمەدزادە و خانی، 1397؛ محەمەدپوور و سلێمانی، 1399؛ سلێمانی و محەمەدپوور، 1398؛ تاڵبی و عەلیزادە، 1397).
یەک لە ڕوانگە پڕبایەخەکان لە تاوتوێکردنی ئەم پرسەدا، تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییە. هەربۆیە ئەم تیۆرییە وەک چوارچێوەی چەمکیی توێژینەوەی بەردەست هەڵبژێردراوە؛ چونکە بەپێی گووتیێرێز (گووتیێرێز، 2004)، تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی باشتر دەتوانێ گۆشەگیری، پەراوێزکەوتن و دواکەوتوویی ناوچە و گرووپە خۆماڵییەکان شرۆڤە بکات.
چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لەلایەن بەکارهێنەرانی جیاوازەوە بەشێوەی جۆراوجۆر شرۆڤەی بۆ کراوە و لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا بەکارهێنراوە کە هەریەکەیان جەختیان لەسەر لایەن و ئامانجی جیاواز هەبووە. لە بەستێنی مەبەستی ئێمەدا، ئەم چەمکە ئاماژە دەداتە پەیوەندیی نایەکسان و تێکەڵ هەڵاواردنی نێوان حکومەتی ناوەندی و کەمینەیەکی ئەتنیکی پەراوێزخراو. وەک واڵتۆن (واڵتۆن، 1975) دەڵێت، کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی ئاماژەیە بۆ چەوساندنەوەی نێوان نەتەوەیی لە گرووپە ئەتنیکییە جیاوازەکان (ڕۆجێرسۆن، 1980، لاپەڕەی 107). هەروەها هیند (هیند، 1984) دەڵێت کە لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا، کۆلۆنیالیست و ئەوەی کۆلۆنیزە دەکرێت لە یەک وڵاتدا دەژین، و دەسەڵاتی سیاسی، چەوساندنەوەی ئابووری، دەسەڵاتی کولتووری و کێشە و مشتومڕە ڕەگەزی/ئەتنیکییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کۆلۆنە ناوخۆییەکاندا ڕوو دەدەن (کورت، 2018، 4). سەرەڕای ئەمەش، کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی ئاماژە دەداتە چۆنێتی هەبوونی نایەکسانییە سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکانی نێوان ناوەند و ناوچە جۆراوجۆرەکانی نێو یەک دەوڵەت. ئەم نایەکسانیگەلە بە گشتی لەسەر بنەمای ناکۆکییە ئەتنیکی-زمانی، ڕەگەزی و ئایینییەکان پێکهاتەسازییان بۆ دەکرێت (سلێمانی و محەمەدپوور، 2019).
بەپێی وتەی گۆنزالێس-کاسانۆڤا (گۆنزالێس-کاسانۆڤا، 1965)، تیۆریی سەرەتایی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی ئاماژە دەداتە ئەو گرووپە ئەتنیکییە بێبەشانەی کە دەکەونە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەکان. توێژەران ئاماژەیان بەوە داوە کە هەلومەرجی کۆلۆنیالیزمی نوێ لەسەر بنەمای نایەکسانییە ئیداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە لەنێوان کۆمەڵگە دەسەڵاتدار و ژێردەستە کولتوورییە جیاوازەکانی نێو یەکەیەکی جوگرافیایی (توغرول، 2022؛ دیاز، 2021). ناوبراو شرۆڤە دەکات کە: کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی ئاماژە دەداتە پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە دەکەونە سەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوەی نێوان گرووپە کولتوورییە نایەکسان و جیاوازەکان (گۆنزالێس-کاسانۆڤا، 1965، لاپەڕەی 33).
هەروەها ناوبراو لەسەر فاکتەرە ئەتنیکییەکان لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا جەخت دەکاتەوە. هەربۆیە، فرەکولتووری بەشێکی گرنگ لە پلانی تیۆریکی ناوبراو پێکدێنێت و ناوبراو ئەم چەمکە لە بەستێنی کۆمەڵگە فرەئەتنیکەکان بەکار دەهێنێت. لەکۆتاییدا و لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، پەیوەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی تەنیا بۆ لایەنە ئابوورییەکان سنووردار نابنەوە (لاڤ، 1986، لاپەڕەکانی 906 و 907).
مایکل هێکتەر (مایکێل هێکتەر، 1975) تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بەربڵاوتر کرد و پەرەی پێدا. ناوبراو دەڵێت کە تەوەری سەرەکیی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی دەچێتەوە سەر ناکۆکیی سیاسیی نێوان گرووپە ناوەندی و پەراوێزییەکان، کە ئەم ناکۆکییەش لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە ناونچەگەری بۆ دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، دواکەوتوویی گرووپە پەراوێزخراوەکان تەنیا لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی سیستەماتیکی دانوستانەکان لەگەڵ ناوەند توند دەبێتەوە. کۆمەڵگەی پەراوێزخراو لەپێشدا تووشی پەیوەندی لەچەشنی چەوساندنەوەیە لەگەڵ لایەنی ناوەندی، تا ئەو جێگایەی کە دەکرێ وەک کۆلۆنیالیزەکراو سەیر بکرێت. کۆمەڵگەی ناوەندی هەڵاواردن ڕەچاو دەکات لە دژی ئەو خەڵکانەی کە لە باری کولتوورییەوە جیاوازن و تارێندراون بۆ ئەو ناوچانەی دوورەدەستن و بێپیتن (هێکتەر، 1975، لاپەڕەی 32).
پێکهاتەی ئەتنیکی لە کۆمەڵگە فرەئەتنیکییەکاندا شێوازی ڕێکخراوەیی جۆراوجۆر پیشان دەدات. شێوازی ناوەکی باڵادەست و پەراوێزە کۆبووەکان باشترین وەسفە بۆ هەلومەرجی کوردەکان لە ئێراندا (ئینتیسار، 1989). لەم شێوازەدا، گرووپی ناوەکی خۆی وەک ئافرێنەری مێژوویی، دامەزراوەیی و سەمبولیکی دەوڵەت دەبینێ و بۆیە خۆی وەک دەسەڵاتداری مەشرووعی دەوڵەت دەزانێت (ڕۆسشیڵد، 1981، لاپەڕەی 72). لە ئێراندا، ناوەکی دەسەڵاتدار لە فارسەکانی لاتەبەرزەی ناوەندیی ئێران پێکهاتووە و گرووپی وەک کوردەکان، بەلووچەکان و تورکەمەنەکان پەراوێزی ئەم ناوەکەیان پێکهێناوە (ئینتیسار، 1989).
لەلایەکەوە، ستراتیژی پەرەپێدانی ناوەندگەرایانە بووەتە هۆی کەلێنی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی-ئابووری لەنێوان ناوەند و پەراوێزەکاندا؛ ئەم کەلێنە لەگەڵ دابەشکردنی نایەکسانی دەسەڵات، سەرچاوە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان و جێگەوپێگەی کولتووری-کۆمەڵایەتی تێکەڵە (برەدلی، 2007). لەلایەکی دیکەشەوە، لە چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەتنیکە نافارسەکانی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و بەشێوەی سیستەماتیک هەوڵی سڕینەوەی نیشانە و سەمبولە کولتوورییەکانی نافارسەکانی داوە. شێوازە بەکارهێنراوەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەرامبەر بە کەمینە ئەتنیکییەکان، وەک نموونەی بەرچاو و ئاشکرای کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی هەژمار دەکرێن (سلێمانی و محەمەدپوور، 2019). کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لەئێراندا، لە ڕێگەی بێبەشکردنی پێکهاتەیی و بەردەوامی ناوچە نافارس و ناشیعەکان، پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ناوەند-پەراوێزیان پێکهێناوە (سلێمانی و محەمەدپوور، 2020).
حکومەتی ناوەندیی ئێران، کەمینە ئەتنیکییەکانی لە بەشداربوون لە کاروباری دابەشکردنی دەسەڵات بێبەشکردووە و ئەوانی خستووەتە پەراوێزەوە (ساڵح، 2013). هەربۆیە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی و سیستەمی سیاسیی تاکەئەتنیکی-تاکەئایینی لە ئێران بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگە دەسەڵاتدارەکان لە بەرامبەر کۆمەڵگە بێدەسەڵاتەکان (سلێمانی و محەمەدپوور، 2020).
توێژەرانی بواری توێژینەوە کوردییەکان زیاتر ناوچە کوردنشینەکان وەک کۆلۆنییەکی ناوخۆیی لەنێو دەوڵەتی ئێران ئاماژە پێدەدەن. ئەم تایبەتمەندییە پیشاندەری پەیوەندییە نایەکسانەکانی ناوەند-پەراوێز و هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییە کە کۆمەڵی کوردەواری لەگەڵی ڕووبەڕوون. چەوساندنەوەی سیستەماتیک و لەناوبردنی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی خەڵکی کورد لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە ڕەچاو دەکرێت (ئەلیاسی، 2021؛ محەمەدپوور و سلێمانی، 2021؛ حەسەنییان و سوهرابی، 2022؛ ئینتیسار، 2010؛ سلێمانی و محەمەدپوور، 2019).
محەمەدپوور و سلێمانی (2020) پێکهاتەی سیاسیی ئێرانیان دابەشکردووەتە کۆمەڵگە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکان کە کوردەکان دەکەونە بەشی دووەمەوە. کوردەکان لە بواری ئەتنیکی و ئایینییەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی فارس-شیعەی دەسەڵاتدار جیاوازییان هەیە. لە ناوچە کوردنشینەکاندا، پێکهاتنی جیاوازیی نێوان کۆمەڵگە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکان، ئەمنیکردنی توند و دواکەوتوویی و پەرەنەسەندنی پێکهاتەیی، بووەتە هۆی پەیوەندییە ناهاوشێوە و نایەکسانە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان.
حەسەنییان (2021) دەڵێت کە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ تاوتوێکردن و کۆڵینەوەی پەیوەندیی دەسەڵاتدار-ژێردەست لە سەتاسەری کوردستاندا. بە بڕوای ناوبراو هەڵاواردنی سیاسی و کولتووری لەگەڵ بێبەشبوونی ئابووری، وەک تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەی کورد لە ئێرانە کە ڕەنگدانەوەیەکە لە کەلەپووری هەرمانی بەمۆدێرنكردنی زۆرەملیی ڕەزاشای پەهلەوی و شکستهێنانی سیاسەتی تواندنەوەی ناوبراو. بێبەشکردنە پێکهاتەییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان کە سەپاوەتە سەر کوردەکان و کۆمەڵگە نەتەوەییە کەمینەکانی دیکەی ئێران، پیشاندەری ئەوەن کە حکومەتە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتگەلە بەردەوام بوونە (حەسەنییان، 2021).
وشەی پەراوێز سەبارەت بە کوردەکانی ئێران دوو واتای هاوکاتی هەیە: کوردەکان نەک هەر لە بواری جوگرافیایی و ئەو ئاقارەی کە تێیدا کەوتوونەتە پەراوێز، بەڵکو لە پرۆسەکانی بڕیاردان و دابەشکردنی دەسەڵاتیشدا وەلا نراون (حەسەنییان و ستەنسفیڵد، 2022). هەربۆیە پەیوەندیی نێوان حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردەکان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، هەروەها چەوساندنەوەی ئابووری دەستنیشان دەکرێت. ئەم دەسەڵات و چەوساندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ شوناسی ئایینی-نەتەوەیی پێناسەکراو لەلایەن ناوەندەوە و شوناسی ئەتنیکی-ئایینی پەراوێز کە ڕەنگدانەوەیەکە لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی.
شێواز
لەم توێژینەوەیەدا ئێمە لە شیکاریی بابەتیانە و شێوازی تۆڕیی بابەتیانە، بۆ تاوتوێکردنی ئەزموونی ژیان لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەنێو کوردە سوننەکانی ئێران کەڵکمان وەرگرتووە. گۆڕەپانی توێژینەوە، ئەو ناوچانەی دەگرێتەوە کە پێگەی کۆمەڵایەتی-کولتوورییان بەرزە و زۆرینەی دانیشتووانیان کوردە سوننەکانن؛ ئەم ناوچەگەلە بریتین لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران. بەشداربووانی ئەم توێژینەوە بەشێوەی ئامانجدار هەڵبژێردراون و بۆ دەستخستنی کەسانی وشیارتر و گەورەکردنی ژمارەی نموونە، لە شێوازی تۆپەڵەبەفریش کەڵک وەرگیراوە. بەگشتی، ژمارەی 16 کەس لە کوردە سوننەکانی چالاک لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەم توێژینەوەیەدا بەشدارییان کردووە تا جۆراوجۆربوونی ڕوانگەکان وەک ئاڕاستەی ئامانجەکانی توێژینەوە دەستەبەر بکرێت.
خشتەی 1
تایبەتمەندییە دێمۆگرافیکییەکانی بەشداربووانی توێژینەوە
ڕیز |
ڕەگەز |
تەمەن |
پلەی خوێندەواری |
پارێزگا |
کار و پیشە |
1 |
نێر |
37 |
دکتۆرا |
کرماشان |
توێژەر |
2 |
مێ |
36 |
ماستەر |
کوردستان |
کابان |
3 |
مێ |
34 |
بەکالۆریۆس |
کوردستان |
فەرمانبەر |
4 |
نێر |
36 |
دکتۆرا |
کوردستان |
وانەبێژی زانکۆ |
5 |
نێر |
35 |
دکتۆرا |
کرماشان |
ئەندامی فاکەڵتی زانکۆ |
6 |
مێ |
39 |
ماستەر |
کرماشان |
کار لە ڕێی ئۆنلاینەوە |
7 |
نێر |
39 |
دکتۆرا |
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا |
توێژەر |
8 |
نێر |
37 |
ماستەر |
کرماشان |
مامۆستای قوتابخانە |
9 |
نێر |
34 |
ماستەر |
ئازربایجانی ڕۆژئاوا |
فەرمانبەر |
10 |
مێ |
38 |
بەکالۆریۆس |
کوردستان |
مامۆستای قوتابخانە |
11 |
نێر |
36 |
بەکالۆریۆس |
کرماشان |
فەرمانبەری کەرتی تایبەت |
12 |
نێر |
36 |
ماستەر |
کوردستان |
نووسەر |
13 |
مێ |
35 |
بەکالۆریۆس |
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا |
کابان (خەیات) |
14 |
نێر |
31 |
بەکالۆریۆس |
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا |
فەرمانبەری شارەوانی |
15 |
مێ |
37 |
ماستەر |
کوردستان |
کابان |
16 |
مێ |
35 |
ماستەر |
کرماشان |
مامۆستای قوتابخانە |
بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە چاوپێکەوتنی نیمچەپێکهاتەیی و قووڵ کەڵک وەرگیراوە و بۆ شیکردنەوەی وتووێژەکان، لە ئامرازی کۆد دانان کەڵک وەرگیراوە. بەپێی ڕێکارنامەی ئەتریاد-سترلینگ (ئەتراید-سترلینگ، 2001) سەرەتا تیمە بنەماییەکان لە ڕێگەی دەرکێشانی خاڵە سەرەکییە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئامانجەکانی توێژینەوە دەستنیشان کران؛ پاشان بە کورتکردنەوە و تێکەڵکردنی تیمە بنەماییەکان، تیمە دامەزرێنەرەکان پێکهاتن. لەئەنجامدا، تیمی گشتگیر لە تێکەڵکردنی تیمە دامەزرێنەرەکان دەرکێشراوە و تۆڕی بابەتیانە پێکهاتوو لە تیمە دامەزرێنەرەکان و تیمی گشتگیر ئاڕاستە کراوە. بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراویی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان، شیکردنەوە و دەسکەوتەکان، لە تەکنیکی دوبارە بینینی لەلایەن بەشداربووان (پێداچوونەوەی بەشداربوو) و پێداچوونەوەی دەرەکی کەڵک وەرگیراوە (کرێسوێڵ و میلەر، 2000). لەم پەیوەندییەدا، چەندین کەس لە بەشداربووان دروستبوونی دەرەنجام و دەسکەوتەکانی توێژینەوەیان پشتڕاست کردەوە. هەروەها، توێژەرێکی دووەم کە کەسێک لە کوردە سوننەکان و پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوەی چۆنایەتی بوو، وەک پێداچوونەوەکاری دەرەکی، پرۆسەی کۆددانان، شیکردەوەی زانیارییەکان و دەرکێشانی تیمەکانی توێژینەوەی بەشێوەی سەربەخۆ تاوتوێ کرد و دواجار پشتڕاستی کردەوە. تەکنیکی پێداچوونەوەی بەشداربووان لە قۆناغەکانی کۆد داناندا کرایەوە و دەرکێشانی چەمکە سەرەتاییەکان جێبەجێ کرا تا دڵنیا بینەوە کە کۆدەکان و چەمکەکان لەگەڵ گێڕانەوەی بەشداربووان بەدروستی هاوتەریبە و یەک دەگرنەوە. بەشداربووان ڕوانگەکانی خۆیان بەرامبەر بەم کۆد و چەمکانە ئاڕاستە کرد و کاردانەوەکانیان لە پێداچوونەوە و چاکسازیی کۆدەکان و چەمکە سەرەتاییەکاندا بەرچاو گیرا. تەکنیکی پێداچوونەوەی دەرەکیش بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراویی گشتیی پرۆسەی توێژینەوە کەڵکی لێ وەرگیرا. بۆ ئەم مەبەستە، پرۆسەی توێژینەوە دوکۆمێنتسازی کرا، یاداشتە توێژینەوەییەکان دابین کران (memo) و ڕاپۆرتێکی تەواو لە چالاکی و هەنگاوەکانی شیکردنەوەی زانیارییەکان ئامادە کرا. لەدرێژەدا، پێداچوونەوەکاری دەرەکی، پرۆسەی شیکردنەوە، کۆدەکان، چەمکە سەرەتاییەکان و چوارچێوەی بابەتیانەی بریتی لە تیمە سەرەتاییەکان، تیمە دامەزرێنەرەکان و تیمی گشتگیر تاوتوێ کردەوە و بیروڕای خۆی گەڕاندەوە کە لە پێداچوونەوەی کۆتاییدا بەرچاو گیران. شیاوی باسە کە هەر چەشنە جیاوازییەکی بیر و ڕا لەگەڵ بەشداربووان یان پێداچوونەوەکەری دەرەکی، لەڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر کراوە.
دەسکەوتەکان
نایەکسانی و ئەو هەڵاواردنە بەرچاوانەی کە کوردە سوننەکان لەگەڵی ڕووبەڕوون، لایەنی زۆر دەگرنەوە؛ ئەم لایەنانە لەلایەن بەشداربووانی توێژینەوەکەوە بەم چەشنە شرۆڤەیان بۆ کراوە: نەبوونی پەرەسەندنی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکان، دانەمەزراندنی پیشەسازییە سەرەکییەکان لەم ناوچەگەلەدا، بەردەستبوونی سنووردار بە سەرچاوە و دەرفەتەکان بۆ کوردە سوننەکان، نەبوونی دەرفەت بۆ وەرگرتنی پۆستە سیاسییە باڵاکان، بێبەشبوون لە کۆمەڵێک کار و پیشەی دەوڵەتی، قەدەغەبوونی فێرکاریی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، و دانانی سنوور و لەمپەر بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە کولتووری و ئایینییەکان. بەشداربووان هۆکاری ئەم نایەکسانی و هەڵاواردنانە دەگەڕێننەوە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری وەک ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار، پێکهاتەی سیاسی، بریکارانی دەوڵەتی و تەنانەت بەشێک لە فاکتەرە ناوخۆییە کوردییەکان. هەربۆیە، ئەزموونی کوردە سوننەکان لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی –واتە ئەو شتەی لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا لەگەڵی ڕووبەڕوو بوونە- چەمکێکە کە وەک هەڵاواردنی فرەتوێ ئاماژەی بۆ دەکرێ.
خشتەی 2
تیمە بنەمایی، دامەزرێنەر و گشتییەکان لەسەر تێگەیشتنی ئەزموونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەنێو کوردە سوننەکاندا
نموونەی وتە | تیمە بنەماییەکان | تیمە دامەزرێنەرەکان | تیمی گشتگیر |
زاڵبوونی ئایینێکی تایبەت، واتە شیعە، بووەتە هۆی بەلاوەنان و پەراوێزخستنی گرووپە ئایینییەکانی دیکە. | ئایدۆلۆژیای شیعە | هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیک | هەڵاواردنی فرەتوێ |
بەڕای من نایەکسانی و هەڵاواردن تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێنەوە سەر ئایین. | |||
ڕێبەرە سیاسییەکان بۆ مانەوە، ئایین وەک ئامراز دەکار دەهێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئایینەکانی دیکە پەراوێز بخەن. | |||
چەمکە ئێرانییەکان هەم ئایدۆلۆژیکن و هەمیش سیاسی و ئەمەش بووەتە هۆی سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ئێمەدا. | ئایدۆلۆژیای فارس | ||
لە پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامییدا، خەڵکی فارس وەک خەڵکێکی نایاب و بەرزتر سەیر دەکرێن. | |||
من هەڵاواردن ئەزموون دەکەم، چونکە خەڵکی فارس دەوری سەرەکییان لە ئایدۆلۆژیای حکومەتیدا هەیە. | |||
دەستووری (یاسای بنەڕەتی) ئێران، ئایینزای شیعەی وەک ئایینی فەرمیی ئێران دیاری کردووە و ئەمەش واتە پەراوێزخستنی ئایینەکانی دیکە. | ئەو یاساگەلەی لەسەر بنەمای ئەتنۆ-ئایینی دانراون | هەڵاواردنی پێکهاتەیی | |
وەختێک یاساکان ڕایانگەیاندووە کە زمانی فەرمیی وڵات فارسییە، زمانەکای دیکە پەراوێز دەخرێن. | |||
بەپێی دەستوور (یاسای بنەڕەتی)، تەنیا کەسێکی شیعە دەتوانێ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەرگرێ. | |||
سەرچاوە و دەرفەتەکان بەشێوەی ناوەندگەرایانە و لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئەتنیکی-ئایینی دابەش دەکرێن. | ناوەندگەرایی | ||
ناوەندگەرایی ئەتنۆ-ئایینی بووەتە هۆی پشتگوێخرانی مافی کەمینە ئەتنیکییەکانی وەک کورد. | |||
هەموو پیشەسازییە سەرەکییەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێراندا دامەزراون. | |||
زۆرێک لە سیاسەت و ئەکتەکانی سیستەمی سیاسی بەرامبەر بە کەمینە ئایینی و ئەتنیکییەکان لەسەر بنەمای زۆر دانراون. | سیستەم لەسەر ئاڕاستەی هێز و زۆرگەرایی | ||
حکومەت هەوڵ دەدات چالاکییە کولتوورییەکانی خۆی لەڕێگەی زۆرەوە لەنێو کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکان جێبەجێ بکات. | |||
حکومەت بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە ئایینی و کولتوورییەکان کوردە سوننەکان سنووردار دەکاتەوە. | |||
دەستوور (یاسای بنەڕەتی) لەسەر مافی کەمینە ئەتنیکییەکان لیڵ و ناڕوونە. | یاسا لێڵ و ناڕوونەکان | هەڵاواردن لەسەر بنەمای بریکارێتی | |
هەندێ لە بەند و ماددەکانی دەستوور لەسەر گرووپە ئەتنیکییە نەفارسەکان کێشە و ناڕوونییان تێدایە. | |||
لێڵ و ناڕوونبوون یەک لە کێشە سەرەکییەکانی یاسا پەیوەندیدارەکانە بە کەمینە ئایینییەکانەوە. | |||
هەندێ لە کاربەدەستان (بەرپرسان) یاساکان بەپێی بیر و ڕای تاکەکەسیی خۆیان شرۆڤە و جێبەجێ دەکەن. | ناجێگیربوونی یاساکان | ||
کاربەدەستان پێکهاتەی سیاسیی یاسا بەجۆرێک شرۆڤە و جێبەجێ دەکەن کە نادادپەروەریی لێدەکەوێتەوە. | |||
یاساکان لەسەر فارس-شیعەکان و کوردە سوننەکان، بەشێوەی یەکسان جێبەجێ ناکرێن. | |||
هەرکە دەگاتە کوردە سوننەکان، جێبەجێکردنی یاساکان وەک ئەوەی شیاو بێ دەستەبەر ناکرێن. | |||
دەستوور (یاسای بنەڕەتی) ڕێگەمان پێ دەدات ئەدەبیاتی خۆمان بە زمانی ئەتنیکی خۆمان لە قوتابخانەکاندا فێر بکەین بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا نەڕۆیشتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. | |||
ئەگەرچی زۆریک لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە کەمینە ئەتنیکی-ئایینییەکان دادپەروەرانەن، بەڵام بەشێوەی گونجاو جێبەجێ ناکرێن. | |||
کۆمەڵێک لە کاربەدەستە حکومییەکان، بەرامبەر بە کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکان، بەتایبەت کوردە سوننەکان، هەڵسوکەوتی دەرەوەی بازنەی یاسایان هەیە. | چالاکی لە دەرەوەی بازنەی یاسا | ||
زۆر جار، لەنێوان یاساکان و شێوازی کارکردنی جێبەجێکاران بەرامبەر بە ئێمە ناکۆکی و گرفت لەئارادایە. | |||
هەندێ لە کاربەدەستانی حکومی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و گرووپەکانیان یاساکان بەرچاو ناگرن. | |||
بێدەنگیی ئێمە یەک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی هەڵاواردن لە دژی ئێمەیە. | بێدەنگیی بەرامبەر هەڵاواردن | هەڵاواردنی نێوئەتنیکی | |
بەشێکی بەرچاو لە کوردە سوننەکان هەڵویستێکی سستیان هەیە. | |||
بەشێک لە کوردە سوننەکان لەبەر ترسی سزادران لەلایەن حکومەتەوە، هەڵاواردنیان قبووڵ کردووە. | |||
کوردی سوننەی لایەنگری دەوڵەت سەرچاوە و دەرفەتەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر بەردەستە. | ڕەزامەندیی لەبەر بژێوی ژیان لەلایەن بریکارە کوردەکانەوە | ||
لە هەر ناوچەیەکی کوردنشین، کەسانێک بوونیان هەیە کە بۆ حکومەت کار دەکەن و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کورد دەجووڵێنەوە. | |||
هەندێ جار، هەڵاواردن دژی کوردە سوننەکان لەلایەن بریکارە کوردەکانی لایەنگری دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێت. |
هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیک
ئەم جۆر هەڵاواردنە، ڕەهەندی بنەمایی هەڵاواردن دژی کەمینە ئەتنیکی-ئایینییەکانە لە ئێراندا. هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیک ئاماژەیە بۆ هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و پەراوێزخستنی کوردە سوننەکان لەسەر باوەڕ، ڕوانگە یان ئایدۆلۆژیاکانیان. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئایدۆلۆژیا بەشێوەی ڕوون و دیاریکراو دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری ئەتنیک و ئایین. پێناسەکردنی ئایینزای شیعەی وەک ئایینی فەرمیی وڵات لە دەستووری ئێراندا، چونکە زۆرینەی پێڕەوانی فارسەکانن، خاڵی گرنگی نایەکسانی، هەڵاواردن و پەراوێزخرانی ئایین و ئەتنیکەکانی دیکە لە پێکهاتەی سیاسی ئێستای ئێران بووە. ئەم ئایدۆلۆژیا بەرهەمی ئەتنیکی فارس-شیعەیە و پێکهاتەی سیاسی لەسەر ئەو بنەمایە پێکهاتووە و شێوازی دابەشکردنی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان، بەرژەوەندییەکان و دەسەڵات دەستنیشان دەکات. چونکە ئەمەش ئایدۆلۆژیای کوردە سوننەکان هەم لە باری ئەتنیکی و هەمیش لەباری ئایینییەوە لە دەرەوەی بازنەی خۆی و تەنانەت لە دژی خۆی دەبینێ، بەردەستبوونی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان، بەرژەوەندییەکان و دەسەڵاتی بۆیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردە سوننەکان جۆرێک هەڵاواردنی قورستر لەچاو ئەتنیک و ئایینەکانی دیکە ئەزموون بکەن.
چاوپێکەوتوو: ئەگەر من هەڵاواردنم بەرامبەر دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تێکەڵی ناوەندێتی ئەتنیکی فارس و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ئێرانیی کۆماری ئیسلامیی، هەلومەرجێکی مەترسیداری ساز کردووە کە ئەزموونی ژیانی زۆر تاڵ و نالەبارتر کردووە .
چاوپێکەوتوو: ئەگەر تاک لایەنگریی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی تایبەتی نەبێت، لە ئێراندا تەنیا هەبوونی بەهرە و توانایی بەس نین بۆ پێشکەوتن. پێشکەوتن تا ڕادەیەکی زۆر گرێ دراوە بە ئایدۆلۆژیاوە و زاڵبوون و کۆنترۆڵ لەسەر سەرچاوەکان، تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی فاکتەرە ئایدۆلۆژیکەکانن .
هەڵاواردنی پێکهاتەیی
هەڵاواردنی پێکهاتەیی جۆرێکە لە هەڵاواردن کە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتە بنەماییەکانی کۆمەڵگە و ئەو بنکە و ڕێکخراوەگەلەی کە جەوهەری سیستەمی سیاسیی ئێستا پێکدێنن. هەڵاواردنی پێکهاتەیی ئاماژە دەداتە شێوازە سیستەماتیک و دامەزراوەییکراوەکانی هەڵسوکەوتی نایەکسان بەرامبەر بە کوردە سوننەکان. ئەم هەڵاواردنە سێ تیمی سەرەکی دەگرێتەوە: یاساگەلی تێکەڵ هەڵاواردن، ڕوانگەی ناوەندگەرایانە و سیستەمی دامەزراو لەسەر بنەمای زۆر.
بە وتەیەکی دیکە، بنەمای ڕێکخستن و پێکهێنانی بەشێکی گەورەی ئەم پێکهاتە و دامودەزگاکانی، سنووردار کراوەتەوە بۆ ئەتنیک، ئایین و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت. بۆیە کەسانی دیکە بە بیر و ڕا و ئایدۆلۆژیا و هتدی جیاوازەوە وەک غەیری پەراوێزخراو هەڵاواردنیان بەرامبەر کراوە. ڕەهەندێکی دیکەی هەڵاواردنی پێکهاتەیی، دابەشبوونی ناوەندگەرایانەی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان و دەسەڵاتی سیاسی لە قەبارەیەکی جوگرافیایی کولتوورێکی تایبەت (یان لاتەبەرزەی ناوەندی) لە بەرژەوەندیی ئەتنیک یان ئایینێکی تایبەتە. دواجار کەڵک وەرگرتن لە زۆر و هێز بۆ سەپاندنی ئیرادە و ئایدۆلۆژیای حکومەتی ناوەندی لەسەر کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکان وەک ڕەهەندێکی دیکەی هەڵاواردنی پێکهاتەیی پێناسە دەکرێت.
چاوپێکەوتوو: دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران دادپەروەری دابین ناکات. لەم دەستوورەدا، پۆڵێنبەندی ئایینی و ئەتنیکی لەئارادایە. بۆ نموونە، ئایینی فەرمی وڵات شیعەیە و تەنیا پێڕەوانی ئەم ئایینە دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار. هەربۆیە، گرووپەی ئایینییەکانی دیکە پەراوێز دەخرێن.
چاوپێکەوتوو: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، هەڵاواردن سیستەماتیکە و هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئایدۆلۆژیای سیاسی، ئەتنیک و ئایین لە پێکهێنانی ئەم هەڵاواردنەدا دەور دەگێڕن. پێکهاتەی سیاسی لە ناوەندی ئەم سیستەمەدایە کە هەڵاواردن لەگەڵ خۆی دێنێ .
هەڵاواردن لەسەر بنەمای بریکارێتی
یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی هەڵاواردن کە بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە ئەزموونیان کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ بریکارێتی کاربەدەستانی پێکهاتەی سیاسی؛ واتە ئەو کەسانەی کە توانای بڕیاردان و جێبەجێکردنیان هەیە. ئەم کەسانە هەندێک لە یاسا دادپەروەرانەکانی نێو دەستوور بە جۆرێک شرۆڤە و جێبەجێ دەکەن (یان دەبنە لەمپەر بۆ بەشە گونجاوەکانی) کە دەرەنجامی دەبێتە بارودۆخێکی نادادپەروەرانە و تێکەڵی هەڵاواردن. ئەم جۆرە هەڵاواردنە لە چوارچێوەی ڕەوتە نادادپەروەرانەکاندا خۆی دەبینێتەوە، کە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەستوور یان یاساکانی دیکەدا نییە و یان تەنانەت نەیاری یاساکانن و لەگەڵیان یەک ناگرنەوە. لە ڕاستیدا لە بەشێکی گەورەی دەستوور یان یاسا پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پێکهاتەی سیاسی، هیچ شوێنەوارێک لە هەڵاواردن و نادادپەروەری نابینرێت. بەڵام بەم حاڵەشەوە هەندێ ڕەوتی نەنووسراو و شاراوە لەئارادان کە ئاڕاستەیان دەچێتەوە سەر هەڵاواردن و نادادپەروەری دژی هەندێ لە گرووپە ئەتنیکی و ئایینییەکان –وەک کوردە سوننەکان.
چاوپێکەوتوو: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، من پێم وایە کێشە ناچێتەوە سەر یاسا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ناکارامەی یاسا. بۆیە دەکرێ بڵێین کە نایەکسانی و هەڵاواردن دەگەڕێتەوە سەر کاری جێبەجێکاران و تاک و بریکارە پەیوەندیدارەکان. ڕەوتەکان نادادپەروەرانەن، چونکە بەرژەوەندیی خۆیانیان لا گرنگترە و ئەو کەسانەی کە سوود و بەرژەوەندییان بۆیان نییە، پشتگوێ دەخەن .
چاوپێکەوتوو: ئەو بریکار و کاربەدەستانەی کە دەسەڵاتی سیاسییان هەیە، پێبەندی دەستووری خۆیان نین. دەستوور مافی شارومەندی پێناسە دەکات. لە دەستووردا، یەکەمی بۆ وەرگرتنی ئیش و کار بۆ شیعەکان دەستنیشان و یەکلایی نەکراوەتەوە. بەڵام بەم حاڵەشەوە، حاڵەتی زۆر هەبووە کە کوردە سوننەکان بۆ وەرگیران لە پۆست و کارە حکومییەکاندا ڕووبەڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە .
هەڵاواردنی نێوئەتنیکی
هەڵاواردنی نێوئەتنیکی یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی هەڵاواردنە کە بەشداربووانی توێژینەوەکە ئەزموونیان کردووە. ئەم جۆرە هەڵاواردنە ئاماژە دادەتە جۆرێک هەڵاواردن کە تیایدا تاکەکان یان ئەو بنگرووپانەی نێو کۆمەڵگەیەکی ئەتنیکی، ئەندامانی دیکەی هەمان کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەکەنەوە یان پەراوێزیان دەخەن. هەڵاواردنی نێوئەتنیکی جۆرێک هەڵاواردنە کە بە هاوکاری و هاوڕێیەتی خەڵک و کاربەدەستانی کورد جێبەجێ دەکرێت. ئەم جەمسەرەی هەڵاواردن دوو شێوازی جۆراوجۆری هەیە. شێوازی یەکەم دەگەڕیتەوە بۆ بێدەنگبوون و داوانەکردنی خواستەکانی خەڵکی کورد بەرامبەر بە دابەشبوونی نادادپەروەرانەی سەرچاوە و دەرفەتەکان. بەشداربووان لەسەر ئەو باوەڕەن کە خەڵکی کوردی سوننە هەلومەرجی نادادپەروەرانەیان قبووڵ کردووە و تووشێک جۆرێک سستی و بێدەنگبوونی بەکۆمەڵ هاتوون؛ هەربۆیە، کاردانەوەی بەکۆمەڵی کاریگەریان بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانی و هەڵاواردن نییە. شوێنهات و دەرەنجامی ئەمەش دەبێتە بەردەوامبوون و توندبوونەوەی هەڵاواردن.
چاوپێکەوتوو: ئێمەی کوردیش لەم هەڵاواردن و نادادپەروەرییەدا بەشدارین. ئەگەر زوڵم لێکراوێک نەبێ، زاڵمێکیش نابێت. ئێمە زۆر جار بە سستی خۆمان هەڵاواردن قبووڵ دەکەین، لەحاڵێکدا دەبێ بۆ داواکارییەکانمان هەوڵ بدەین و بەرخۆدان بکەین. بۆ نمونە ئەو کاتەی بە منیان گوت ناتوانی لە زانکۆکانی ئێران ئیش بکەی، خێرا کۆچم کرد بۆ هیندستان .
چاوپێکەوتوو: بەداخەوە ئێمە لە زۆرینەی ئاستەکاندا، بەرامبەر بە هەڵاواردن بێدەنگیمان هەڵبژاردووە. جۆرێک ترس تیاماندا چاندراوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەمانەوێ تووڕەیی تاک یان بنکەی بەرپرسی هەڵاواردن بورووژێنین. هەربۆیە، ئەگەر لە جێگایەک هەڵاواردن یان نادادپەروەری هەبێت، پێمان باشترە لەباتی دەربڕینی ناڕەزامەندی، بێدەنگ بین .
شێوازێکی دیکەی هەڵاواردنی نێوئەتنیکی دەگەڕێتەوە سەر هاوڕێیەتی تاک یان بەکۆمەڵی بەشێک لە کاربەدەستە کوردەکان لەگەڵ پێکهاتەی نادادپەروەرانەی ئێستا. ئەم هاوڕێیەتییە کە بە ئامانجی بەردەستبوونی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان و کۆمەڵێک ئیمتیاز دێتە ئاراوە، دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ئێستا و بەستێنی بۆ کردەوەی تێکەڵی هەڵاواردنی ئەم کەسانە دابین کردووە. لەڕاستیدا هەندێ لە کاربەدەستانی کورد لەگەڵ خزمەتکردن بە ئامانج و ئایدۆلۆژیای پێکهاتەی سیاسی، بەمەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانی خۆیان، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڵاواردن دژی خەڵکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
چاوپێکەوتوو: هەندێ لە کوردە سوننەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی پەیوەندییان هەیە و تێکەڵی ئەو سیستەمە بوونە. ئەم تاقمە بە شێوازێکی تایبەت سەرچاوە و دەرفەتەکانیان بەردەستە. بەردەستبوونی ناڕێکوپێکی ئەم گرووپە لە کوردان بە سەرچاوە و دەرفەتەکان بووتە هۆی هەڵاواردن دژی کوردەکانی دیکە .
چاوپێکەوتوو: یەکێک لەو گرووپانەی کە زوڵم دژی کوردان دەکەن، خودی کوردەکانن. چونکە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانیان لەمپەرن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و ئەو بنەماگەلەی کە بڕوایان پێیەتی، بۆیە پشتگوێیان دەخەن و پێشێلیان دەکەن. ئەوان یان پێویستیان بە حکومەت هەیە و پابەندن پێی یان بۆ بژێوی ژیان و تێپەڕاندنی ژیانیان ئەم ڕەوتەیان گرتووەتە پێشێ .
هەڵاواردنی فرەتوێ
هەڵاواردنی فرەتوێ شێوازێکی ئاڵۆزی هەڵاواردنە کە بریتییە لە فاکتەرە هاوبڕ و تێکهەڵکێشەکان. بەپێی ئەو شتەی تا ئێستا باسی لێوە کراوە دەکرێ بڵێین کە بەشداربووان هەڵاواردنی فرەتوێ ئەزموون دەکەن کە زۆرێک لە بەشە سەرەکییەکان دەگرێتەوە، بۆ نموونە ئایدۆلۆژیای سیاسی (یان ئەتنیکی-ئایینی)، ئەو پێکهاتەگەلەی تێکەڵی هەڵاواردنن، هەڵاواردن لەسەر بنەمای بریکار و هەڵاواردنی نێوئەتنیکی. هەربۆیە هەڵاواردنی فرەتوێ (بەگشتی) لە لق و ئاستە جۆراجۆرەکاندا، ئەزموونی کوردە سوننەکان لە ئێراندا ئاشکرا دەکات. ئاخێزگەی ئەزموونی هەڵاواردنی بەشداربووان دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیای ئەتنیکی-ئایینی؛ پێکهاتە سەرەکییەکان یاساکانی هەڵاواردن دادەڕێژن و بریکارەکانی حکومەت ڕەوتە نادادپەروەرانەکان جێبەجێ دەکەن و بەرەوپێشیان دەبەن. لەئەنجامدا، بێدەنگی و هەڵسوکەوتی تێکەڵ بە چاوپۆشیکردن لە داواکارییەکانی خەڵکی کورد بەرامبەر هەڵاواردن، لەگەڵ هەندێ لە بریکارە کوردەکان کە ئاڕاستەی حکومەت دەگرنە پێشێ، یارمەتیدەرن بۆ بەردەوامبوونی هەڵاواردن.
لەسەر پەیوەندیی نێوان ڕەهەندەکانی هەڵاواردن دژی کوردە سوننەکان، هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیکی دەورێکی بنەمایی و سەرەکی دەگێڕێ و بنچینە و بناغەی ڕەهەندەکانی دیکەی هەڵاواردنە. بە وتەیەکی دیکە، ئایدۆلۆژیای دامەزراو لەسەر تەوەری ئەتنیک-ئایینی، خاڵی ناوەندی و ڕەهەندی سەرەکیی ئەزموونی هەڵاواردنە کە دەبێتە هۆی وەبەرهێنانەوەی دوبارە و بەردەوامبوونی هەڵاواردن لە ڕەهەندەکانی دیکەدا. ئەم ئایدۆلۆژیا، ئاخێزگە و بنەمای پێکهاتنی نایەکسانی و هەڵاواردن دژی کوردە سوننەکانە وەک کەمینەیەکی ئەتنیکی؛ چونکە زمان و ئایین، وەک دوو فاکتەری جیاوازیی ئەتنیکی و ئایینی لە ئێران، فاکتەرە سەرەکییەکانی هەڵاواردن پێکدێنن. هەروەها ئەم ئایدۆلۆژیا پێکهاتە سەرەکییەکانی نادادپەروەرانەی کۆمەڵگەی پێکهێناوە. هەربۆیە بنکە سەرەکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکان لە ئێراندا، دەکەونە ژێر کاریگەریی نایەکسانی و هەڵاواردن. شوێنهاتی ئەم هەلومەرجە، دابەشبوونی ناوەندگەرایانەی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان و دەسەڵاتی سیاسی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە تایبەت ئەتنیکی و ئایینییەکان، بەتایبەت تاقمە فارس-شیعەکانە.
سەبارەت بە رەهەندی دیکە، کاربەدەستە حکومییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی جۆراوجۆر –بەشێوەی ئاشکرا و نهێنی- ڕەوتە نادادپەروەرانەکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئەتنیک-ئایین و پێکهاتە تێکەڵ هەڵاواردنە بنەماییەکان ڕێک دەخەن. لەئەنجامدا هەڵاواردنی نێوئەتنیکی لەبەر دوو هۆکار دێتە ئاراوە: یەکەم ئەوەی کە بەشێکی زۆری کوردە سوننەکان بۆ بەرگریکردن لە خەسارە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان، داواکاری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نابن. لەهەمانکاتدا، هەوڵی کەسانی دیکە بۆ داواکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە زۆرینەی دۆخەکاندا لەلایەن حکومەتەوە بێوەڵام دەمێنێتەوە و تەنانەت وەڵامی توندوتیژانەی حکومەتی بەدوادا دێت. دووەم ئەوەی کە کۆمەڵێک لە کوردە سوننەکان بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان، پێش بەرژەوەندییە بەکۆمەڵ یان ئەتنیکییەکان دەخەن و بە کردەوە وەک بریکارانی پیکهاتەی حاکم لەنێو کۆمەڵگەی خۆیاندا دەور دەگێڕن. لەئەنجامدا، کوردە سوننەکان سەرەڕای هەڵاواردنی دەرەکی، لەگەڵ هەڵاواردنی نێوئەتنیکیش ڕووبەڕوون؛ کە ئەمەش بووەتە هۆی پێکهاتنی جۆرێک هەڵاواردنی توندتر و دووهێندە لە ئەزموونی ژیانیاندا.
گرووپە ئەتنیکییە بێبەشەکان لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا، هەروەک کە لە تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی (گۆنزالێز-کاسانۆڤا، 1965) باسی لێوە کراوە، دەتوانن یارمەتیدەری ڕوونکردنەوەی هەڵاواردنی فرەتوێ دژی کوردە سوننەکانی ئێران بن. بە وتەیەکی دیکە، بەپێی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی، هەڵاواردنی فرەتوێ کە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی ناوەند-پەراوێز لەنێوان حکومەتی ناوەندی (کۆماری ئیسلامیی ئێران) و گرووپە ئەتنیکییە کەمینەکان (کوردە سوننەکان)؛ ئەو پەیوەندیگەلەی کە دابەشبوونی نایەکسان و نادادپەروەرانەی سەرچاوە و دەرفەتەکانیان لێدەکەوێتەوە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئایدۆلۆژیای فارس-شیعە تەوەری سەرەکیی پێکهاتنی ئەم پەیوەندییە ناوەند-پەراوێزە و شوێنهاتە تێکەڵ هەڵاواردنەکانیەتی. ئەم ئایدۆلۆژیا پێکهاتە بنەماییە نادادپەروەرانەکانی کۆمەڵگەی پێکهێناوە و کاربەدەستانیش ڕەوتە نادادپەروەرانەکانیان لەسەر بنەمای ئەم پێکهاتەگەلە جێبەجێ کردووە. سەرەڕای ئەمەش، هاوشێوەی شێوازەکانی دەسەڵاتی ئەتنیکیی ناوەند-پەراوێز (ڕۆسشیڵد، 1981)، حکومەتی ناوەندی وەک گرووپێکی ناوەندی، خۆی وەک ئافرێنەری سەمبولیک و هەژموونی شیاو دەبینێت و ئایدۆلۆژیا ئەتنیکییەکانی دیکە بەفەرمی ناناسێت؛ هەربۆیە دابەشبوونی نایەکسانی دەسەڵات، دەرفەتە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان و سەرچاوەکان توندتر دەبنەوە. لەئەنجامدا، هاوشێوەی ڕوانگەکانی محەمەدپوور و سلێمانی (2020) و ئەلیاسی (2021)، هەڵاواردنی نێوئەتنیکی –وەک یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی هەڵاواردنی فرەتوێیش- هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییانەی ناوەند-پەراوێزی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردە سوننەکان، دەسەڵاتی ناوەند لەسەر پەراوێز، و هەڵسوکەوتی توندوتیژانە لەسەر کاربەدەستانی پەراوێز لەلایەن ناوەندەوە.
دەرەنجام
ئەم وتارە پەرژاوەتەوە سەر تێگەیشتنی کوردە سوننەکان لە ئەزموونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا. دەرەنجامەکانی توێژینەوە، تێگەیشتنی کوردە سوننەکان وەک ئەزموونێکی فرەتوێ لە هەڵاواردن لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا شرۆڤە دەکات. بە وتەیەکی دیکە، ئەزموونی ئەوان لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەشێوەی هەڵاواردنێکی فرەتوێ پیشاندەری پاوانخوازییەکە لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان، دەرفەتەکان و دەسەڵاتی سیاسی کە لە بەرژەوەندیی گرووپێکی تایبەت بە بیر و بڕوای ئەتنیکی-ئایینی و لەژێر چاوەدێری و پشتڕاستکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی، پێکهاتووە. هەروەک باس کرا، هەڵاواردنی فرەتوێ لە چوار ڕەهەندی جیاواز، بەڵام پێکەوە تێکەڵاودا ڕووی داوە. لەدرێژەدا هەریەکە لەم ڕەهەندگەلە بەپێی چوارچێوەی چەمکیی توێژینەوەکە شرۆڤە و شیکارییان بۆ دەکرێت.
پێش ئەوەی کە بچینە سەر ئەنجامەکان بەپێی چوارچێوەی چەمکیی توێژینەوەکە، شیاوی باسە ئاماژە بەوە بدەین کە دەسکەوتەکانی ئەم توێژینەوە تا ڕادەیەک ئەنجامەکانی توێژینەوەکانی پێشوو پشتڕاست دەکەنەوە. بۆ نمونە، کۆنەپۆشی (1383) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەڵاواردن دژی کوردەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، لە بەرزترین ئاستەوە تا نزمترین ئاستی کۆمەڵگە بوونی هەیە. ناوبراو ئەم هەڵاواردنەی لە پلەی سێهەم، واتە هەڵاواردنی توند خەمڵاندووە. بە وتەیەکی دیکە، نایەکسانی و هەڵاواردنێک کە دەگەڕێنەوە سەر کردەوە کۆمەڵایەتییە بەئەنقەست و سیاسەتە گشتییەکان کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییە جێبەجێ دەکرێن. نەوابەخش و گەڕاوەند (1390ی هەتاوی) گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە شارومەندانی کورد، دادپەروەریی ئابووری، سیاسی و کولتووری لە ئاستێکی نزمدا دەبینن. هەروەها ئەنجامەکانی توێژینەوەی ئەوان دەریخستووە کە ناوەندی پلەبەندیی ڕەهەندەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە بەرزترین بۆ نزمترین بە ڕیز بریتین لە دادپەروەیی سیاسی، کولتووری و ئابووری. توێژینەوەی تاڵبی و عەلیزادە (1397ی هەتاوی) پیشانی داوە کە خوێندکارانی کورد لەدرێژەی ئەزموونی زانکۆی خۆیاندا، چ لە ئاقارە فەرمی و چ لە ئاقارە نافەرمییەکاندا، لەگەڵ ئاستێکی بەرچاوی هەڵاواردن، نایەکسانی و پەراوێزخران و ڕەتکردنەوەی ئەتنیکی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەم خوێندکارانە بەشێوەی باو هەڵاواردن و نایەکسانییان بەپێی فاکتەری وەک زمانی کوردی و پابەندبوون بە ئایینی سوننە ئەزموون کردووە.
هەڵاواردنی ئایدۆلۆژیک، سەرەکیترین شێوازی هەڵاواردنە دژی کوردە سوننەکان لە ئێراندا کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەتنیکی فارس و ئایینی شیعە؛ هەروەک لە دەستووری کۆماری ئیسلامییدا (بۆ نموونە ماددەکانی 12 و 15دا) ئاماژەی پێدراوە[2]. هەربۆیە پێکگەیشتنی زمانی فارسی و ئایینی شیعە خاڵی ناوەندیی پێکهاتنی کەلێنی سیاسی و کولتووریی ناوەند-پەراوێزە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. ئەم پێکگەیشتنە، خاڵی سەرەتای نایەکسانی و هەڵاواردنە دژی گرووپە ئەتنیکییە کەمینەکان، بۆ نموونە کوردە سوننەکان. گۆنزالێز-کاسانۆڤا (1965) کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وەک هەلومەرجی گرووپە ئەتنیکییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا پێناسە دەکات و هێکتەر (1975) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی تەرکیز دەخاتە سەر ناکۆکیی سیاسیی گرووپە ناوەندی و پەراوێزییەکان کە ئەم ناکۆکییەش لەڕێگەی حکومەتی ناوەندییەوە ناوەندگەری بۆ دەکرێت. بەشێوەی هاوشێوە، لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا، جیاوازیی ناوەند-پەراوێز بەپێی ئەتنیک و ئایین ئاشکرایە. ئێمە جۆرە جیاوازەکانی نایەکسانیی ئیداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری دەبینین کە لە درێژە کەلێنە ئەتنیکی و ئایینییەکاندا و لەنێوان ناوەند و پەراوێز پێکهاتوون. هەربۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک حکومەتی ناوەندی، هاندەر و ناوەندی ئەم نایەکسانی و هەڵاواردنانەیە دژی گرووپە ئەتنیکییە کەمینەکان.
بەپێی پۆڵێنبەندیی محەمەدپوور و سلێمانی (2020)، کوردە سوننەکان بەهۆی جیاوازییە ئەتنیکی و ئایینییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی دەسەڵاتدار (یان ناوچە ناوەندییەکان)، وەک کۆمەڵگەی بێدەسەڵات (یان ناوچەی پەراوێزی) پۆڵێنبەندی دەکرێن. بۆیە ئەوان نایەکسانی و هەڵاواردنی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئیداری ئەزموون دەکەن. دەوڵەتی ئایدۆلۆژیکی ناوەندی، هۆکاری سەرەکیی ئەم نایەکسانی و هەڵسوکەوتە تێکەڵ هەڵاواردنگەلەیە.
لایەنێکی دیکەی هەڵاواردن، هەڵاواردنی پێکهاتەییە کە بەشێوەی ئاشکرا و نهێنی لەدرێژەی ئامانجەکانی ئایدۆلۆژیای ئەتنیکی-ئایینیدا دەجووڵێتەوە. ئەم شێوازە لە هەڵاواردن بەشێوەیەکی قووڵ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەدا جێی خۆی کردووەتەوە. دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک یەک لە پێکهاتە سەرەکییەکان، وەک یەک لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵاواردنی پێکهاتەیی هەژمار دەکرێت. لەحاڵێکدا کە بەشێکی زۆری یاسا بنەماییەکان دەتوانن دادپەروەرانە بن، هەندێ لە ماددە سەرەتاییەکانی بوونەتە خاڵە ناوەندییەکانی نایەکسانی و هەڵاواردن دژی گرووپە ئەتنیکییەکان. بۆ نمونە: ماددەی 12، ئیسلام و ئایینی جەعفەریی دوازدە ئیمامی وەک ئایینی فەرمی وڵات دەستنیشان دەکات؛ ماددەی 15، زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی وڵات پێناسە دەکات؛ و ماددەی 155، دەڵێت کە سەرۆک کۆمار دەبێ یەک لە پیاوە ئایینی و سیاسییەکان بێت کە بڕوای تەواو و بەهێزی بە ئایینی فەرمی وڵات هەبێت. بەپێی ئەم ماددەگەلە، کوردە سوننەکان بۆ بەردەستبوونی سەرچاوە و دەرفەتەکان سنوور و لەمپەریان بۆ دانراوە. بۆ نمونە، سیستەم ڕێگەی ئەوەیان پێ نادات کە وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێن یان لە پۆستە باڵا سیاسییەکاندا ئیش بکەن. هەروەها، پەروەردە و فێرکاری بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کراوە و ئیشکردنیان لە هەندێ پیشەدا سنووری بۆ دانراوە. ناوەندگەرایی بۆ دابەشکردنی سەرچاوە و دەرفەتەکان یەکێکی دیکە لە فاکتەرەکانی هەڵاواردنی پێکهاتەییە. دەوڵەتی ناوەندی وەک بەرپرسی سەرەکیی دابەشکردنی سەرچاوەکان بەشێکی بەرچاویانی تەرخان کردووە بۆ لاتەبەرزەی ناوەندیی ئێران، کە خاڵی سەرەکیی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هەر لەم بوارەدا، هێکتەر (1975) دواکەوتوویی گرووپە پەراوێزییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەندگەرایی لە ناوەنددا. هەربۆیە ئەم ناوەندگەراییە نایەکسانی، پەرەنەسەندن و تەنانەت دواکەوتوویی لە ناوچە کوردنشینەکاندا لێکەوتووەتەوە کە یەک لە گرووپە ئەتنیکییە پەراوێزییەکانن. بەکارهێنانی زۆر و هێز بەرامبەر بە کوردە سوننەکان فاکتەرێکی دیکەی هەڵاواردنی پێکهاتەییە. هەڵبژاردنی سیاسەتی تێکەڵ بە زۆر و هێز بۆ تواندنەوەی کوردە سوننەکان، یەکێک لە نمونەکانی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. ئەم سیاسەتگەلە زۆر جار لەڕێگەی دامودەزگا فەرمییە دەوڵەتییەکانەوە بۆ پەرەپێدانی تواندنەوەی زمانی و ئایینی جێبەجێ دەکرێن.
لایەنێکی دیکە هەڵاواردن لەسەر تەوەری بریکارێتییە، کە جەخت لەسەر ناکۆکیی نێوان دەستوور و کردەوەی کاربەدەستانی حکومەتی دەکاتەوە. بە وتەی ییڵدز و تایسی (2007) ئەگەرچی دەستووری ساڵی 1358(1979) بەڕواڵەت مافی یەکسانی بۆ هەموو کەمینە ئەتنیکییەکان دەستەبەر کردووە (بەرامبەر بە ماددەی 19)[3]، هیچ ئاماژەیەکی ڕوون و یەکلاکەرەوە بە دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەتنیکە نافارسەکانی نیشتەجێی ئێران نەکراوە. بە بڕوای سلێمانی و محەمەدپوور (2019)، ئەگەرچی ئایینی شیعە وەک ئایینی فەرمیی وڵات پێگەیەکی بەرزتری هەیە، ئایینەکانی دیکە لە هەندێ لە ماددەکاندا وەک ماددەکانی 12[4] و 13[5] بەفەرمی ناسێندراون. بەڵام بەم حاڵەشەوە، ئەم ناسینەوە زیاتر سەمبولیکە و بە کردەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە. هەروەها دەستوور بەشێوەی تیۆریک ڕێگەی بۆ فێرکاریی زمانەکانی دیکە بێجگە فارسی خۆش کردووە (ماددەی 15[6]) بەڵام ئەم ماددەیە هیچ کات لەڕاستیدا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەک حەسەنییان و ستەنفیڵد (2022) دەڵێن، وتار و کردەوەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر جۆراوجۆربوونی ئەتنیکی-نەتەوەیی و زمانی پێکەوە ناکۆکن و یەک ناگرنەوە. هەربۆیە بەپێی گێڕانەوەی بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە، نەناسینی زمان و ئایینەکان، وەک زمانی کوردی و ئایینزای سوننە، هەروەها جێبەجێنەکرانی دەستوور، دەگەڕێنەوە بۆ سەر دوو هۆکاری سەرەکی: 1. جێبەجێکردنی ناتەواوی یاساکان، و 2. کردەوەی نایاسایی و بەپێی خواست و مەیلی کاربەدەستانی حکومی. ئەم بابەتانە شێوازێکی دیکەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی پیشان دەدەن کە لەلایەن کاربەدەستانی سیاسییەوە و بەبێ هەبوونی یاساوڕێسای ڕوون و دەستەبەرکرانی جێبەجێکردنی دروستی یاساکان، دێتە ئاراوە.
هەڵاواردنی نێوئەتنیکی، وەک یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی هەڵاواردن دژی کوردە سوننەکان، لەڕێگەی هاوڕێیەتی کۆمەڵێک لە تاک و ئەکتەرە کوردەکان لەگەڵ پێکهاتەی ئێستا و بە دوو جۆر ڕوو دەدات: یەکەم، بەشێکی بەرچاوی کوردە سوننەکان بەرامبەر بە نایەکسانی و هەڵاواردن، هەڵسوکەوتێکی سستیان هەیە و بەشێوەیەکی نەخوازراو یارمەتیدەری بەردەوامبوونی هەڵاواردن دژی خۆیانن. ئەلیاسی (2021) دەڵێت کە شوناسی کوردی هەم لەڕێگەی توندوتیژیی ڕاستەوخۆوە و هەمیش لەڕێگەی تواندنەوەی کولتووری و بێبەشکردنی ئابوورییەوە سەرکوت کراوە. هەروەها محەمەدپوور و سلێمانی (2020) دەڵێن یەکێک لە ستراتیژەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی دەوڵەت-نەتەوە دەکارهێنانی زۆر و توندوتیژیی سیستەماتیکە. هەربۆیە هۆکاری سەرەکیی هەڵسوکەوتی سستی کوردە سوننەکان بەرامبەر بە هەڵاواردن و نایەکسانی، سەرکوتکرانی توندوتیژانەیە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە. دووەم، کۆمەڵێک لە بریکار و کاربەدەستانی کورد بەشێوەی وشیارانە و لەڕێگەی هاوڕێیەتی لەگەڵ پێکهاتەی سیاسیی حکومەتی ناوەندییەوە، پەرە بە هەڵاواردن دژی خەڵکی خۆیان دەدەن. لەم دۆخەدا بە وتەی ساڵح (2013)، پێوەری سەرەکیی بۆ دانانی بەرپرسانی کەمینە ئەتنیکییەکان لە سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامییدا وەفاداربوون بە ڕژێمە و نەک وەڵامدانەوەی داواکارییە سیاسییەکانی گرووپە ئەتنیکییەکان. ئەم کەسانە، نوێنەران و بریکارانی ڕاستەقینەی خواست و بەرژەوەندییەکانی گرووپی ئەتنیکیی خۆیان نین، بەڵکو بەشێکن لە پێکهاتەی سیاسی ستاتیک و سەرکوتکار. لەئەنجامدا، لە هەردوو دۆخی ئاماژەپێکراودا، هەڵاواردنی نێوئەتنیکی پشتڕاستکەرەوەی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییە: لە دۆخی یەکەمدا، سەرکوتکرانی توندوتیژانەی داواکارییە دادپەروەرانەکان، کوردە سوننەکانی بەرەو سستی و بیدەنگبوون بردووە، لە دۆخی دوومەدا، حکومەتی ناوەندی بە کەڵکوەرگرتن لە بریکار و کاربەدەستە کوردەکان، لەسەر هەڵاواردن دژی خەڵکی کورد بەردەوامە.
لەئەنجامدا، دەتوانین بڵێین دەسکەوتەکانی توێژینەوەکە لەسەر بنەمای چوارچێوەی چەمکیی توێژینەوە لە چەند خاڵی سەرەکیدا کورت دەبنەوە: یەکەم، شێوازی پۆڵێنبەندیی ئەتنیکی لەسەر کوردە سوننەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە ئەتنیکێکی ناوەندیی دەسەڵاتدار و ئەتنیکێکی پەراوێزی و پەراوێزخراو پێکهاتووە. دووەم، پەیوەندیی ناوەند-پەراوێزی نێوان حکومەتی ناوەندی و کوردە سوننەکان، دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەرە کولتووری و سیاسییەکان. سێهەم، کەلێنی توندی کۆمەڵایەتی-ئابووری نێوان ئەتنیکی دەسەڵاتدار لە ناوەند و ناوچە کورنشینە سوننەکان، خۆی لە دابەشبوونی نایەکسانی دەسەڵات، سەرچاوە کۆمەڵایەتی—ابوورییەکان و جێگەوپێگەی کۆمەڵایەتی-کولتووریدا دەبینێتەوە. چوارەم، لەنێو ناوچە کوردنشینە سوننەکانیشدا، پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییە نایەکسانەکان بوونیان هەیە کە دەگەڕێتەوە سەر پێکهاتنی کۆمەڵگە دەسەڵاتدارەکان (ناوەندگەرا) و کۆمەڵگە بێدەسەڵاتەکان (پەراوێزەکان). پێنجەم، نایەکسانی و هەڵاواردنی بەردەوام کە کوردە سوننەکان لەگەڵی ڕووبەڕوون، دەرەنجامی سیاسەتی تواندنەوەی حکومەتی ناوەندییە؛ سیاسەتێک کە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.
چونکە هەموو توێژینەوەیەکی ئەزموونی کۆمەڵێک سنووری دەکەوێتە سەر، وەک گرنگترین سنوورەکانی ئەم توێژینەوە کە دەچنەوە سەر ڕوانگەی چەندایەتیی توێژینەوەکە، دەتوانین ئاماژە بدەینە: ژمارەی کەمی بەشداربووان، کەڵکوەرگرتن لە چاوپێکەوتنی قووڵ وەک تەنیا ئامرازی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، ئەستەمبوونی گشتاندنی ئەنجامەکانی توێژینەوە بۆ ئاپوورەی گەورەتر. هەروەها یەکێکی دیکە لە سنوورەکانی ئەم توێژینەوە، کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وەک تاقە چوارچێوەی تیۆریک بۆ ڕوونکردنەوە و شرۆڤەی هەڵاواردنی ئەتنیکییە. هەربۆیە و بەپێی ئەم سنوورانە، ئەم پێشنیارانە دێنە ئاراوە: یەکەم، باشتر وایە توێژینەوەکانی داهاتوو لە ڕوانگە فرەشێوازییەکان یان تێکەڵ و تەکنیکەکانی سێگۆشەسازی بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە بەنرخەکان کەڵک وەرگرن و هەموو ڕەهەندەکانی دیاردەی هەڵاواردنی ئەتنیکی تاوتوێ بکەن. دووەم، کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییەکانی دیکە لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی دەتوانێ تێگەیشتنێکی چەندڕەهەندیتر لە دیاردەی هەڵاواردنی ئەتنیکی ئاڕاستە بکە و ڕوونکردنەوەی تەواوترمان پێ بدات. لەئەنجامدا، بەپێی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی، دەستێوەردانە سەرەکییەکان بۆ دابەزاندنی ئاستی هەڵاواردنی ئەتنیکی بریتین لە: نەهێشتنی کۆبوونەوەی دەسەڵات و سەرچاوەکان لە ناوەند و دابەشکردنیان لەنێو گرووپە ئەتنیکی و پەراوێزخراوەکان، تواناکردنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگە و گرووپە ئەتنیکییە پەراوێزخراوەکان، بەفەرمیناسین و بەهادانان لەسەر فرەکولتووری لەڕێگەی برەوپێدانی فرەکولتوورگەرایی، پاڵپشتیکردن لە کەلەپووری کولتووری و پاراستنی زمان و نەریتەکانی کەمینەکان، دانان و جێبەجێکردنی یاسا و سیاسەتی دژەهەڵاواردن بەمەبەستی بەرگریکردن لە هەڵاواردنی ئەتنیکی، پەرەپێدانی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و تێکەڵکردنی ئەرێنی لەڕێگەی بەهێزکردنی دانوستان و پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێوان گرووپە ئەتنیکییە جۆراوجۆرەکان.
[1] Multifaceted Discrimination: The Perception of Iranian Sunni Kurds About the Experience of Social Justice, Journal of Ethnic and Cultural Studiesc2025, Vol.12, No. 3, 71-88 http://dx.doi.org/10.29333/ejecs/1974
[2]. ماددەی 12: ئایینی فەرمیی ئێران، ئیسلام و ئایینزای جەعفەریی دوازدە ئیمامیە و ئەم ماددەیە تا هەتاهەتایە نەگۆڕە. ماددەی 15: زمان و خەتی فەرمیی ئێران، زمانی فارسییە؛ و وەک زمانی هاوبەشی خەڵکی ئێران هەژمار دەکرێت.
[3]. ماددەی 19: هەموو خەڵکی ئێران لە هەر ئەتنیک و عەشیرەتێک، مافی یەکسانیان هەیە و ڕەنگ و نەژاد و زمان و هتد نابنە هۆی ئیمتیاز و نایاببوون.
[4]. ماددەی 12: ئایینی فەرمیی ئێران، ئیسلام و ئایینزای جەعفەریی دوازدە ئیمامیە و ئەم ماددەیە بۆ هەتاهەتایە نەگۆڕە. ئایینزا ئیسلامییەکانی دیکە وەک حەنەفی، شافیعی، مالیکی، حەنبەلی و زەیدی خاوەن ڕێزی تەواون و پێڕەوانی ئەم ئایینگەلە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بەپێی ئایینی خۆیان ئازادن. ئەم ئایینزاگەلە لە کاروباری پێوەندیداربە پەروەردەی ئایینی، کاروباری تاکەکەسی (زەواج، تەڵاق، میرات، وەسیەت) و کاروباری پێوەندیدار بە دەزگای داد، بە فەرمی دەناسێنرێن. لە هەر ناوچەیەکدا کە پێڕەوانی یەک لەو ئایینزا ئاماژەپێدراوانە زۆرینە بن، یاسای ناوخۆیی تا ئاستی تواناکانی شووراکان، لەگەڵ بەرچاوگرتنی مافی پێڕەوانی ئایینزاکانیدیکە، بەپێی ئەو ئایینزایە دەبن.
[5]. ماددەی 13: ئێرانییە زەردەشتی، مەسیحی و جووەکان تەنیا کەمینە ئایینییە بەفەرمیناسێنراوەکانن کە لە سنووری یاسادا بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان ئازادییان هەیە و بۆ جێبەجێکردنی کاروباری تاکەکەسی و پەروەردەی ئایینییان بەپێی ئایینی خۆیان دەجووڵێنەوە.
[6]. زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامە و نووسین و دەقە فەرمییەکان و کتێبەکانی وانە دەبێ بەم خەت و ڕێزمانە بنووسرێن. بەڵام دەکارهێنانی زمانە ناوخۆیی و ئەتنیکییەکا لە چاپەمەنی و میدیا گشتییەکان و هەروەها فێرکارییان لەتەنیشت زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا ئازادە.