د. محەممەد ڕەئوف: ده‌قێکی قورئانی، یان فه‌رمووده‌ی چه‌سپێنراو و یه‌کلاکه‌ره‌وه نییه له‌سه‌ر سیستمی حوکمڕانی و ناوی سیستمەکە
سازدانی: ئیدریس سیوەیلی

د. محەممەد ڕەئوف، یەكێكە لە كادیرە دێرینەكانی ئیخوان لە كوردستان و دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ئەو؛ ماوەی چەند ساڵێكە وەك سیاسەتوان و چاودێری سیاسی لە كایەی سیاسی‌دا كار دەكات، وەك نووسەرێك دیدگای خۆی لەمەڕ واقیعی سیاسی و ئابووری كوردستان بە گشتی و واقیعی فیكر و حاڵەتی ڕەوتە ئیسلامییەكان دەخاتەڕوو، بە دیدێكی واقیعبینانە و ڕەخنەگرانە لە ئەزموونی سەد ساڵی كاركردنی هێزە ئیسلامییەكان دەڕوانێت، لەم گفتوگۆیەدا تیشك دەخاتە سەر ڕێگوزەری ئەو ئەزموونە و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی.
ئایینناسی: كەم نین ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەی بانگەشەی زیندووكردنەوەی خیلافەت دەكەن، دەكرێت بپرسین خیلافەت ئەزموونێكی مێژوویی ئیسلامیی مرۆڤكردە، یان تێزی نموونەیی ئیسلامە بۆ حوكمڕانی؟
د. محەممەد ڕەئوف: له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌قێکی قورئانی، یان فه‌رمووده‌ی چه‌سپێنراو و یه‌کلاکه‌ره‌وه نییه له‌سه‌ر سیستمی حوکمڕانی و ناوی سیستمه‌که، بۆیه له سه‌رده‌می هه‌ر چوار خه‌لیفه‌كه و ده‌وڵه‌تى مهدینەش سیستمی حوکمڕانییه‌که‌ی هیچ ناوێکی نه‌بوو، سەرئەنجامیش ئه‌وه‌بوو له‌هه‌ر قۆناغێكی حوکمڕانی و گۆڕانی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ناوی جیاوازی هه‌ڵگرتووه، وه‌ك ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌وی، عه‌باسی، ئهيووبی، عوسمانی.
بۆ ورده‌کاری ئه‌م بابه‌ته دەبێت ئاماژە بەوە بدەین، كە چه‌مکی خیلافه‌ی ئیسلامی له قورئانی پیرۆزدا پێگەیه‌کی (وجودی) هه‌یه، قورئان دیاریکردووه بۆ هه‌موو ئاده‌میزاد، قورئانیش (استخلاف) سنووردار ده‌کات بۆ ئوممه‌ته ساڵحهكان، له سوره‌تی (ص)دا چه‌مکی (استخلاف) به واتای حوکمی سیاسی دێت، خیلافه‌ت له سیاسه‌تدا (شه‌رعیه‌ت له نبوه‌ت) وه‌رناگرێت، به‌ڵکو له کۆده‌نگی (اجماع)ی کۆمه‌ڵه‌وه وه‌رده‌گرێت که به‌یعه‌ت ده‌ده‌ن به که‌سێک، پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) داوای به‌یعه‌تی کرد پێش ئه‌وه‌ی کۆچ بکات بۆ مه‌دینه (مه‌به‌ست به‌یعه‌تی یه‌که‌م و به‌یعه‌ی گه‌وره‌ی دووه‌مه )، پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌سه‌ڵاتداری و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرد به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌لای کومهڵهوه به‌یعه‌تی پێدراوه، هه‌روه‌ها ده‌ستوورێکی دانا که له به‌ها قورئانییهكانهوه بۆی گه‌ڵاڵه بوو، ئەو دهستوورەش كە بە سەحیفەی مەدینە ناوزەد كراوە و لە چەند ماددە و بڕگەیەك پێكهاتووە، گرێبەستێكە لەنێوان پێكهاتەكانی مەدینە، كه‌واته ئه‌گه‌ر قورئان سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سياسی بوایه داوای به‌یعه‌تی نه‌ده‌کرد، سەحیفەی مەدینەش نەدەنووسرا، هه‌روه‌ها پاش فه‌تحی مه‌ككه پێغەمبەر (د.خ ) له شاری مه‌ککه ده‌مایه‌وه، لێرەوە دەگەینە ئه‌وه‌ی که گرێبه‌ستێک هه‌یه له نێوان پێغه‌مبه‌ر و خه‌ڵکی مه‌دینه‌دا و هه‌ردوولا پێوه‌ی پابه‌ندن.
بە سەرنجدان لە مێژووی ئیسلامی، دەردەكەوێت خیلافه‌ی ئیسلامی له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی به‌ئازادانه و هه‌ڵبژاردن بووه و به‌یعه‌ت ئازاد و مژاردهیی بووه، به‌ڵام له دوای فیتنه‌ی گه‌وره‌وه، واته شه‌ڕی نێوان موسڵمانان و سه‌رهه‌ڵدانى ياخيبوون، ئيدى به‌یعه‌ت گۆڕا بۆ نیمچه سه‌پاندن، بەمەش دەردەكەوێت ده‌سه‌ڵات بژارده‌ی کۆمه‌ڵه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری گشتی به ڕێگای ئیجتهاد و له ده‌سه‌ڵات و پێگەی دینییه‌وه وه‌رناگیرێت، هەر لەبەر ئەوەشە هەرچوار سەرمەزهەبەكە كە لە سەرەتای دەوڵەتی ئومەوییەوە دەستپێدەكەن هیچ كامیان داوای ئەوەیان نەكردووە، نە خۆیان خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی بن، نە فەتوای ئەوەشیان داوە كە دەبێت دەوڵەت دینی بێت و ڕەمخێكی دینی لەسەر كورسی دەسەڵات بێت، بەڵكو تەنیا داوای دوو شتیان كردووە، یەكەمیان دادپەروەری لە حوكمرانی و دووەم یەكڕیزی لەناو ئەممەت.
ئایینناسی: بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، زۆرێك لە ڕەوتە ئیسلامییەكان بانگەشەی زیندوكردنەوەی خیلافەتیان وەك سیستمێكی حوكمڕانی نموونەیی ئیسلامی كردووە، دواتر ڕێژەیەكی بەرچاویان پاشەكشەیان لە تەبەنیكردنی ئەو تێزە كرد و دیموكراسی وەك چارە دەبینن، پێتوایە بانگەشەی زیندووكردنەوەی خیلافەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی چەند بۆ سەردەمی ئێستا گونجاوە و تا چ ڕادەیەك بەریەككەوتنی لەگەڵ دیموكراسی و پلورالیزم هەیە؟
د. محەممە ڕەئوف: پێش ئەوەی ئاماژە بە وەڵامی پرسیارەكە بكەم، پێویستە ئاماژە بە بابەتێكی گرنگ بكەم، ئەویش ئەوەیە كە ئایا دژایەتی خیلافەت و بەشەیتانكردنی لەبەرچی و بۆچییە؟ ئایا ڕۆژئاوا و هێزە دژە ئیسلامییەكان لەبەرئەوە دژی خیلافەتن كە هەموو ئوممەت پێكەوە گرێ دەدات بە جیاوازی نەتەوەكانییەوە؟ ئایا خیلافەت بۆیە خراپە، چونكە ئیمپراتۆریەتی شەرقی ئیسلامی بوونیاد دەنێتەوە؟ ئایا خیلافەت بۆیە خراپە، چونكە دەبێتە خاوەنی هێزێك دەتوانێت بڵێت نەخێر؟ ئایا خیلافەت بۆیە خراپە، چونكە چل پارچەی جەستەی ئوممەت دەكاتەوە بە یەك؟ لە وەڵامدا دەڵێین، بەڵێ، هەموو ئیسلامییەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ڕۆژئاوا بۆیە دژی خیلافەتە، چونكە هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی بەرهەم دەهێنێت و بازاڕی دوو ملیاری دروست دەكات.
ڕۆژئاوا تا بتوانێت ناهێڵێت دەسەڵاتێكی گەورەی وەك سەد ساڵی یەكەمجاری ئوممەتی ئیسلامی دروست ببێت، كە توانی لە ماوەی چارەكە سەدەیەكدا دوو ئیمپراتۆریەتی بەهێزی ڕۆمی و فارسی بڕووخێنێت و ئیمپراتۆریەتی خۆی بوونیاد بنێت، ڕۆژئاوا ڕێگر دەبێت لەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دووبارە بێتەوە و چوارسەد ساڵ هەڕەشەیان لێ بكات و باج و سەرانەیان لێبسەنێت.
لێرەدا زۆر گرنگە بزانین، ڕۆژئاواش لەسەر شێوازی خیلافەت گەورەترین دەسەڵاتیان بوونیاد ناوە، وەك بەریتانیای گەورە بۆ ماوەی ٢٥٠ ساڵ، یەكێتی سۆڤێت ٦٩ ساڵ، ئەمریكای فیدراڵی ٢٤٩ ساڵ تا ئەمڕۆ، ئەمانە دەزانن خیلافەت و ئیمپراتۆریەت واتا و هێز و پێزە، بۆیە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەك لێیان داوە تەنانەت لە ڕووی فیكری و مێژووییشەوە موسوڵمان، یان ڕووی نایە، یان ناوێرێت باسی بكات.
له‌و ڕۆژه‌وه له‌سه‌رده‌ستی که‌مال ئه‌تاتورک خیلافه‌تی عوسمانی هه‌ڵوه‌شێنرايه‌وه تا ئه‌مڕۆ له جيهانى عه‌ره‌بی و ئيسلامیدا ئه‌و جه‌ده‌له به‌رده‌وامه ده‌رباره‌ی باشترین حوکمڕانی و سيستمى حوكمڕانى و به‌رده‌وام ئه‌و جه‌ده‌له ده‌گۆڕێت و له نوێبونه‌وه‌دایه و به‌رده‌وامی هه‌یه و ده‌وترێت؛ ئایا شێوازی خیلافه‌ت باشه دووباره بێته‌وه، که سیستمێکی گشتگیره بۆ حوکمڕانی به‌پێی شه‌ریعه‌ت، یان نموونه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێ و مۆدێرنه و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نیشتمانی جیاواز، كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون و هه‌ڵبژاردن و دیموكراسیه‌ت دامه‌زراون؟
یه‌كه‌م بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه گه‌رماوگه‌رم پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاته كایه‌وه، ئیخوان موسلیمین بوو له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا و دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌كه حه‌سه‌ن بەننا، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه باوه‌ڕی به ڕاستكردنه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی خیلافه‌ت هه‌بوو، به‌پێی میتۆدێكی نوێ و ڕیكخستن و دیسپلینێكی نوێ و مۆدێرن.
حه‌سه‌ن به‌ننا كاری جیدی كرد له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی وردی پشوودرێژ بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی دایڕشتبوو، كۆمه‌ڵێك چه‌مك و میكانیزمی جێگیر كرد و نزیكه‌ی 20 ساڵ كاری له‌سه‌ركردن، نه‌وه‌یه‌كی تۆكمه و خوێنده‌واری پێگه‌یاند، دیارترین چه‌مك و میكانیزمه‌كانی بریتیبوون له: چه‌مكی خیلافه‌ت، چه‌مكی ئوممه‌ت، چه‌مكی عروبه، چه‌مكی یه‌كڕێزی، چه‌مكی گشتگیری ئیسلام و دین و ده‌وڵه‌ت، چه‌مكی جیهاد و ڕزگاركردنی میسر، بە سەنتەركردنی دۆزی فه‌له‌ستین، چه‌مكی هاوكاری له‌نێوان لایه‌نه‌كان و … هتد، ئه‌م چه‌مكانه‌ی وه‌ك میتۆد و پرەنسیپ داڕشتووه له چوارچێوه‌ی كۆمەڵێك نامیلكە و بیست بنه‌مادا.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکانه جێگیر بێت، ده‌ستیکرد به په‌روه‌رده‌کردنێکی تۆکمه و ڕێکخستنێکی به‌هێزی دیسپلینکراو، که به چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت، له تاکه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ده‌بێته بنه‌ما بۆ خێزان، خێزانی په‌روه‌رده‌کراو و هۆشيار ده‌بێته بنه‌ما و ژێرخان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌کراوی هۆشیار و دواجار حكومه‌تێك دێته کایه‌وه.
پاش حه‌سه‌ن به‌ننا و شەهید كردن و زیندانیكردنی کۆمه‌ڵێک له سه‌رکرده، بیرمه‌ند، زانا و سه‌رکرده‌ی دیاری بزووتنه‌وه‌که و قه‌ده‌غه‌کردنی بزووتنه‌وه‌که له چالاکیی سیاسی و ته‌نانه‌ت بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌ش، پڕکردنی زیندانه‌کان له سه‌رکرده و کادر و ئه‌ندامه‌كان، ئيدى بزووتنه‌وەی برایانی موسوڵمان ، که‌وته قۆناغێکی پێشبینی نه‌کراو، بۆیه ئەو یه‌که‌م چهمکەی که له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه و سهکردهکانییهوه کاری له‌سه‌ر ده‌کرا كە چه‌مکی گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ت بوو، پێداچوونەوەی بۆ كرا، بەڵام پاش ئه‌و قۆناغه ئاڵۆز و پڕ قەیرانە، بزووتنه‌وه‌که به دونیای عه‌ره‌ب و ئیسلام و ڕۆژئاوادا بڵاوبووه‌وه، ئیدی لەسەر ئەو چەمكە نەڕۆیشت و تێگەیشت ئەو پاروە لەم سەردەمەدا كە سەردەمی كەوتنی هێز و پێزی ئوممەتە بە هیچ هیزێك قووت نادرێت، بۆیە وەك تێزێكی فیكری چەمكەكە مایەوە، ئیدی زیاتر کاریان له‌سه‌ر په‌روه‌رده و ڕێکخستنی بانگه‌واز كردووە بە ئێستاشەوە.
پاش چەندین ساڵ کرانه‌وه‌یه‌ک له سه‌رده‌مى ئەنوەر سادات هاته كایه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی، که له زیندانه‌کاندا له ژياندا مابوون ئازاد كران، دۆخێکی نوێی سیاسی و ئازادی ده‌ستیپێکرد، هاوکات چاودێری گشتی بزووتنەوەکه (عومه‌ر ته‌لمه‌سانی) سه‌رکرده‌یه‌کی خوێنده‌وار، كراوه و به‌توانا بوو، توانی به عه‌قڵێکی گه‌وره‌ی کراوه‌وه بزووتنه‌وه‌که به باشی بخاته‌وه سه‌ر پێ، نه‌ک هه‌ر کاری په‌روه‌رده و بانگه‌واز بوژایەوە، بەڵكو گەیشته قۆناغی هاوپه‌یمانی سياسى له‌گه‌ڵ حزبه نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانی و عهلمانيیه نه‌رمه‌کانی میسریش، به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کرد له‌ناو حزبه‌کانی ئه‌واندا، به‌م هه‌نگاوانه‌ی ته‌لمه‌سانی ئیدی چه‌مکی دیموکراسی، هه‌ڵبژاردن، ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، ئازادییه‌كان، هاوپه‌یمانی، مه‌ده‌نیه‌ت و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌شه‌ی کرد، چه‌مکی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ت و جێبەجێكردنی شه‌ریعه‌ت گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات، گه‌وره خوێنده‌وار و زانا و بیرمه‌نده‌کانی بزووتنه‌وه‌که ده‌ستیانکرد به توێژینه‌وه و نووسین و شرۆڤه له‌سه‌ر شورا، دیموکراسیه‌ت، حكومه‌تی مه‌دینه، ده‌ستووری مه‌دینه و پره‌نسیپه‌كانی، له‌و سه‌رده‌مه‌وه تا ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌نگاوانه به‌رده‌وامه و له گه‌شه‌کردندایه، له‌و بیرمه‌ند و زانا گه‌ورانه‌ی خزمه‌تیان کرد له‌و بواره‌دا وه‌ك د. یوسف قەرزاوی که ۱۷ هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی نووسیوه و به‌شێکی تایبه‌ته به‌و بوارانه، هه‌روه‌ها شێخ ڕاشد غەنوشی کۆمه‌ڵێک کتیب و تێز و بابه‌تی زۆر ڕۆشنتر و ڕونتر و بێ گرێی نووسيوه له‌سه‌ر ئازادى، ئازادییه گشتییه‌کان، خیلافه‌ت، حکومه‌تی مه‌ده‌نی، شورا و به‌هاکانی حوکمڕانی دروست، وه‌ک دادپه‌روه‌ری، ئازادی، دیموکراسی، مه‌ده‌نیه‌ت و که‌رامه‌تى مرۆڤ، ده‌توانین به ڕوونی بڵێین سه‌نته‌ری تێزه‌کانی شێخ غه‌نوشی له ئاییندا یه‌کتاپه‌رستی و له دونیادا ئازادی و که‌رامه‌تی مرۆڤ و دادپه‌روه‌رییه، ئه‌ڵبه‌ت بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی، بۆ هه‌موو ئه‌دیان، بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه و وڵاته جياوازهكان، بێ هه‌ڵاوێردن، له‌هه‌مان كاتدا زۆر به‌توندی ده‌چێته‌وه به‌گژی توندڕه‌وی و په‌ڕگیریدا، بۆيه هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و تێز و بیروباوه‌ڕانه‌ی توانی ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاتی سياسی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له پرهنسیپيش ببێته‌وه له حوکمڕانی تونس، بۆ ورده‌کاری و زانینی ته‌واوى زانياريیه‌كان خوێنه‌ر ده‌توانێت كتێبی (إرهاصات الثورة) بخوێنێته‌وه.
غەنوشی لە پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌ڵێت: “ده‌وڵه‌تی ئیسلام ده‌وڵه‌تی خه‌ڵکه، له ڕێگای شورای تایبه‌ته‌وه ئیجتهاد ده‌که‌ن و ده‌یپێکن و هه‌ڵه‌ش ده‌که‌ن، له ڕێگای شورای گشتییه‌وه ده‌سه‌ڵاتدار داده‌نرێت و ده‌بێته خزمه‌تکاری خه‌ڵک و بریکاری خه‌ڵک و له ژێر چاودێری خه‌ڵکدا ده‌بێت.”
هەروەها دەڵێت “ئیسلاميیه‌كان عه‌لمانییه‌کان دڵنیا ده‌که‌نه‌وه که ئیسلام له ماف و ئازادییه تاک و دهستهجهمعییهکانیان که‌م ناکاته‌وه”. هەروەها دەڵێت “دواجار ئيسلام و مودێرنه پێکه‌وه هه‌ڵده‌که‌ن و پره‌نسیپی ئیسلام پارێزراو ده‌بێت و ژیانی نوێ و سه‌رده‌میش تێکه‌ڵ ده‌کات له کایه ئابووری و سیاسی و کاروباره‌کانی کۆمه‌ڵگه.”
سەبارەت بە پێكەوەژیانیش دەڵێت “ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرانی پرۆژه‌ی ئیسلامی نه‌توانن کیانی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتيبوون دروست بکه‌ن و ئیسلامی، عه‌لمانی، نێر، مێ، سوننه، شيعه، موسڵمان، مه‌سیحی، عه‌ره‌ب و كورد له‌خۆ بگرێت، ئه‌وه ئیدی شیعاری “الاسلام هو الحل”، جێگای گومانە.”
توێژه‌رێکی بنکۆڵکار ده‌توانێت به ئاسانی هه‌موو قۆناغه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی تونسی و ئیخوان و ڕه‌وتی میانه‌ڕه‌وی ئیسلامی بخوێنێته‌وه و شرۆڤه‌ی وردی بۆ بکات، له ده‌ره‌نجام و پوخته‌ی هه‌موو کتێبه‌کانی د. قه‌رزاوی، شێخ غه‌نووشی، نوسه‌ره‌کانی مه‌غریب و جه‌زائیر و … هتد به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت که ئیخوان موسلمين ده‌مێکه گه‌یشتووەته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که شورا، دیموکراسیه‌ت، دادپه‌روه‌ری، ئازادى، هاووڵاتیبوون، شه‌فافیه‌ت، ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و چاكسازی ده‌بنه پایه و بنه‌ڕه‌ته‌کانی حوکمڕانی دروست و ڕه‌شید.
ئيدى پاش ئیخوان موسلمين، تەنیا دوو لايه‌نی ئيسلامى باوه‌ڕیان به چه‌مکی خیلافه‌ت هه‌یه وه‌ک نه‌گۆڕ، یه‌که‌میان حزبی ته‌حریری ئیسلامییه، ئه‌م حزبه ته‌مه‌نێكی زۆری هه‌یه و له‌سه‌ر ده‌ستى شێخ تەقیەدین نەبهانی دروست بووه و تائێستا به‌رده‌وامه و کار و چالاكی چه‌کدارییان نییه ، تەنیا له ڕووی سیاسیی ڕۆشنبیری و هه‌ندێک فیکره‌وه کار له‌سه‌ر چه‌مکه‌که ده‌که‌ن. لایه‌نی دووه‌م لایه‌نه توندڕه‌وه جیهادییه چه‌کداره‌کانن که به قاعیده ده‌ستیپێکرد و به نوسره‌دا تێپه‌ڕی و له داعشدا کوتایی هات.
ئایینناسی: لە سەد ساڵی ڕابردوو هێزە ئیسلامییەكان شێوازی جۆراوجۆری خەباتیان بۆ گەیشتنە دەسەڵات پەیڕەوكرد، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو، سەرنجی تۆ لەوبارەوە چییە؟
د. محەممەد ڕەئوف: پاش تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندن، گه‌شه‌کردن، هاتنه‌كایه‌ی بانگه‌واز و سياسه‌ت، ته‌نانه‌ت جيهادی چه‌کداری و ئۆپۆزسیۆنی جۆراوجۆر، له زۆربه‌ی وڵاتانى عه‌ره‌بی و ئیسلامی و به کوردستانیشه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو جۆره هه‌وڵ و به‌رخودانێک کرا، ده‌یان ڕووبه‌ڕووبونه‌وه ڕوویدا. هه‌زاره‌ها شه‌هيد و زيندانی و دورخستنه‌وه ڕوویدا، ده‌یان جار به‌خۆداچوونه‌وه و دیراسات و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی، فیكری، ڕۆشنبیری، کۆنگره و کۆنفرانس ئه‌نجامدرا، له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌شداری كرا، له هه‌ندێکیان زۆرینه‌یان به‌ده‌ستهێنا، له هه‌ندێكيان هاوپه‌يمانى ئيسلامی و له هه‌ندێكيان هاوپه‌يمانى عه‌لمانی و ئیسلامی ئه‌نجامدرا، دواجار کوده‌تای سه‌ربازی له جه‌زائیر دژیان ئه‌نجامدرا، له ساڵی ٢٠٠٣ ئيسلامی شيعه و سوننه و كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌لمانى و نه‌ته‌وه‌یی و ئايینهكانى ديكه، به هاوکاری ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌شداریان كرد له حكومه‌تی نوێی عێراق و ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی عێراقیان پێكهێنا، هه‌موو ئیسلامییه‌كانی عێراق و هه‌موو هێزه عه‌لمانی و نیشتمانییه‌كانی عێراق پێكه‌وه چوونه‌وه به گژی داعش و توندڕه‌ویدا، له 2011 به‌هاری عه‌ره‌بی ڕوویدا، هێزه ئیسلامییه‌كان تێیدا زۆرترین و دیارترین بوون، به‌رنامه و داواكارییه‌كانیان بریتی بوو له: ئازادی، چاكسازی، دادپه‌روه‌ری، دیموكراسی، حكومه‌تی مه‌ده‌نی، دژه گه‌نده‌ڵی و تاكڕه‌وی، ڕێزگرتن له هه‌موو پێكهاته‌كان، دروستكردنی په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی و هەرێمی و نێوده‌وڵه‌وتی و ده‌ستیان درێژ كرد بۆ هه‌موو لایه‌ك، باسی حكومه‌تی دینی و ڕه‌مزی دینی و خه‌لیفه و سوڵتانیان نه‌كرد، دواجار ڕێگەدرا له میسر به كوده‌تای سه‌ربازی و له تونس به كوده‌تا له جۆرێكی تر.
لەدوای بەهاری عەرەبییەوە كۆمەڵێك پرسیاری زۆر گەورە و قووڵ دروستبوون، هێشتا هەندێكیان وەڵامی تەواویان نەدراوەتەوە، لە نموونەی ئەو پرسیارانە ئەوە بوو، ئایا ئیسلامییەكان بەهەڵە خۆیان كردە كاراكتەری سیاسی یەكەم؟ ئایا ئیسلامییەكان لە بنەڕەتدا خاوەنی بەهاری عەرەبی بوون، یان كەوتنە نێو تەوژمی جەماوەر و خواستی جەماوەر؟ ئایا ئیسلامییەكان سۆز و عاتیفە زاڵبوو بەسەریاندا و بازیاندا بەسەر ڕێكخستنی ئەوراقی هەرێمایەتی عەرەبی و ئیسرائیل و ڕۆژئاوادا؟ ئایا ئیسلامییەكان هەر لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە سازكراون، كە ببنە بەدیلی دەسەڵات؟!
جگە لەم پرسیارانە و هاوشێوەكانی، دەبێت ئەوەش بڵێین كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت لە دەوڵەتە عەرەبیەكاندا تەنیا تەوژمی ئیسلامی هەیە هێز و پێگەی ئۆپۆزسیۆن و وجودێكی ڕێكخراوەیی و جەماوەریی هەبێت، بۆیە خەڵك و دەوڵەتان هەمیشە چاویان لەسەر ئەوانە، ئەوانیش نەخۆیان سازداوە بۆ گەیشتنە دەسەڵات و نە ڕێگەشیان پێدراوە.
ئایینناسی: بە سەرنجدان لەوەی خستتەڕوو، دەكرێت بپرسین ئیسلامییەكان لە گەیشتنە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی شكستخواردوو بوون، یان ئەوان جێگەی قبوڵكردن نین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی؟
د. محەممەد ڕەئوف: هه‌رچه‌نده وه‌ڵامه‌كه زۆر ئاوكێشه، به‌ڵام زۆر به‌كورتی ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌ین: ئیسلامییه‌كان سێ كێشه و گرفتی سه‌ره‌کییان هه‌یه، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه، له‌وه‌تەی هه‌ن له‌سه‌ر ئایدیا و پرهنسيپهكان قسه ده‌كه‌ن و دروشم ده‌ده‌ن و به‌ده‌نگی به‌رز دژايهتى ڕۆژئاوا و داگیرکاران و دوژمنان ده‌که‌ن، سیاسه‌تیش به پرەنسیپ و بانگه‌واز و دهقهنهگۆڕهکان ده‌که‌ن و فه‌له‌ستینیان کردووه‌ته پرسی ناوه‌ندی و به هیچ جۆرێک دانوستانى له‌سه‌ر ناكه‌ن، ئه‌و بابه‌ته‌ش بۆ ڕۆژئاوا هێڵى سووره و دانوستانی له‌سه‌ر ناکرێت و ئیسرائیل ده‌بێت بمێنێت و به‌هێز و بێ ڕكابه‌ر بێت و له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ش به‌هێزتر و پێشکه‌وتووتر بێت، هه‌ر ئه‌م دۆسیه‌ش کێشه‌ی قووڵی بۆ میسر و تونس دروستکرد. لێره‌وه دابڕانی به‌رده‌وام له‌نێوان ئیسلامییه‌کان و ڕۆژئاوادا دروست بووه و ساڕ‌ێژ نابێت.
دووه‌میان بریتییه له ڕژێم و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كانی ناوچه‌که، ئه‌م ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتانه به هیچ جۆرێک باوه‌ڕیان به دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و فره‌یی سياسی و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات نییه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه خاك و خه‌ڵك و سه‌روه‌تی وڵات به تاپۆ و به‌رکه‌وته‌ی خۆیان ده‌زانن و به‌هیچ جۆرێک چاویان به ئيسلاميدا هه‌ڵنايه‌ت، کاتێك باسی ئازادی، عه‌داله‌ت، شه‌فافیه‌ت، مافی هاووڵاتی، هه‌ڵبژاردنی پاک و دژه گه‌نده‌ڵی ده‌كات.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ده‌وڵه‌تی قووڵیان دروستکردووه و هێز و چه‌ک و پاره و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌کانیان به ته‌واوی قۆرخ کردووه، هه‌رکه‌سێک سنوورێکی دیاریکراو ببه‌زێنێت سزای ده‌ده‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگە ناده‌ن ئیسلاميیه‌كان له‌و وڵاتانه‌ى هه‌ڵبژاردنی تێدا ده‌کرێت ٢٠% تێپه‌ڕێنێت.
له‌م وڵات و ڕژێمانه‌دا تەنیا ئیسلامییه‌كان هه‌بوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، بۆیە هه‌میشه لێدراو بوون و فرسه‌تیان پێنه‌دراوه، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانیش بکه‌ن به ناوی تیرۆر و ئیرهابه‌وه به‌توندی لێیان دراوه و لێیان ده‌درێت.
سێیه‌میان ئه‌وه‌یه، ئیسلامییه‌کان که‌متر گرنگییان داوه به کاری سیاسی، فیکری سياسی، خيتابی سیاسی و فیعلی سياسي.
له‌به‌رئه‌وه‌ى سياسه‌ت و كاری سیاسی باسی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی و دهستڕۆیشتنه، ئيسلامییهكان نه‌یانویستووه زۆر خۆیانی پێوه سه‌رقاڵ بكه‌ن، چونکه ئه‌و حاڵه‌ت و دۆخه‌ی تێیدا ژیاون پێویسی به وه‌عز و په‌روه‌رده‌ی ئیمانی و خۆڕاگری و به‌رخودان و دونیانه‌ویستی بووه، بۆيه هه‌ركات به‌ناچاریش به‌شداریی هه‌ڵبژاردن، یان ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییان کردبێت پاش ماوه‌یه‌ک په‌شیمان بوونه‌ته‌وه، سه‌رزه‌نشتی خۆیان کردووه و کۆڵێک پاساویان بۆ خۆیان هێناوه‌ته‌وه..
لێره‌وه ئیسلامی و ئيسلاميیهكان له خيتاب و تێگه‌یشتن و هه‌ڵوێستدا تووشی قه‌یرانی به‌رده‌وام ده‌بن و له ناوخۆشدا هەمیشه دابه‌ش ده‌بن. قووڵترین و سه‌ختترین قه‌یرانی ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێن ئیسلام، دین و ده‌وڵه‌ت و هێز و حکومه‌تداریی یه‌ک پاکێجه و لێک جیاناکرێته‌وه، به‌ڵگه‌ش ده‌قه قورئانییه‌کان و چیرۆکی پێغه‌مبه‌ران و حوکمڕانی 1300 ساڵی ڕابردووه، ئه‌م قه‌ناعه‌ته له‌گه‌ڵ خۆپاراستن له کاری سیاسی یه‌کناگرێته‌وه.
ئیسلامیی ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت له ڕووی دینی و ئیلتیزامی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، که‌چی له‌هه‌مان كاتدا قه‌ناعه‌ت به‌خۆی و ڕێکخستن و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی و ڕای گشتی ده‌کات، که ئه‌و به‌دیل و ئهلتهرناتيڤی ده‌سه‌ڵات نییه، پاساویشی ئه‌وه‌یه که ژینگه‌ی ناوخۆیی و هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تی ئیسلامی قبوڵی نيیه، بۆیه نابێت نه پێ زياتر ڕاكێشێت، نه له گۆڕه‌پانێکدا یاری و شه‌ڕ بكات كه هی ئه‌و نییه.
بڕوام وایە، ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی و ئارامی و سەقامگیری و گه‌شه‌پێدان و پێشکه‌وتن له‌م ناوچه‌یه‌دا، هه‌رگیز نایه‌ته کایه‌وه تاوه‌کو به دوو قۆناغدا تێنه‌په‌ڕێت: قۆناغی یه‌که‌م، بریتییه له حوکمڕانییه‌کی دروست و دوور له قۆرخکاری، به هاوبه‌شی ئیسلامییه‌كان و هێزه‌کانی دیکه، ئه‌م قۆناغه لانیکه‌م پێویستی به (١٥ ) ساڵ هه‌یه. قۆناغی دووه‌م، بریتییه له قۆناغی دیموکراسی ته‌واو، هه‌لومه‌رجی ڕه‌خساو بۆ هه‌موو هێزه‌کان وه‌ک یه‌ک، به مه‌رجێك هیچ بوونێک نه‌مابێت بۆ ده‌وڵه‌تی قووڵ، نه بۆ ئیسلامی و نه بۆ هێزه‌کانی دیکه. تاوه‌کو وڵات و گه‌ل و نیشتمانه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌و دوو قۆناغه‌دا تێنه‌په‌ڕێت هیچ گۆڕانکاریه‌کی ڕیشه‌ی نايه‌ته كايهوه، ژێرخان و سه‌رخانی ئابووری دروست نابێت، دابه‌شبوون به‌رده‌وام ده‌بێت، هاووڵاتی بێ به‌ش و هه‌راسان ده‌بێت، دیموکراسی و ئازادی درۆ و ده‌له‌سه و شۆیەكی نمایشكارانە ده‌بێت.
ئایینناسی: لەناو هێزە ئیسلامییەكانی كوردستان كەسانێك بە دەنگێكی دلێر بانگەشەی جیاكردنەوەی بانگەواز و سیاسەت دەكەن، ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئیسلامییەكان بانگەوازیان خستە خزمەت سیاسەت و لە ئامانجە سەرەكییەكانیان دووریخستنەوە، یان پاڵنەری دیكە هەیە بۆ ئەم بانگەشەیە؟
د. محەممەد ڕەئوف: جەدەلی بانگەواز و سیاسەت ڕیشەیەكی مێژوویی قووڵ و باكگراوندێكی نوێی هەیە، ڕیشە مێژووییە قووڵەكەی لەوێوە دەستپێدەكات كە پێشەوا و سەرمەزهەبەكان بەتایبەت ئیمام ئەبو حەنیفە و ئیمام ئەحمەد ڕازی نەبوون، نە ڕازیبوون بە حكومەتی سەردەمی خۆیان و نە ڕازیش بوون قەزای دەوڵەت بگرنە دەست، بە پاساوی ئەوەی كە ئەوان مەرجەعی خەڵك و ئوممەتن بۆ بۆ بانگەواز و دینداری و جێبەجێكردنی شەریعەت لە ڕۆژانەی خەڵك و مامەڵەی بازاڕ و پەرستشەكاندا، دەسەڵاتی سیاسیش دادپەروەریی ڕەچاو ناكات و ڕێگە نادات دەسەڵاتدار و خەڵكی سڤیل وەك یەك بن لە بەرانبەر قەزادا، لێرەوە دەبینین بە درێژایی مێژوو ئیمام و سەركردە گەورەكانی زانایان لە ململانێی بەردەوامدا بوون لەگەڵ سوڵتەی زەمەنیدا و هەرگیز خۆیان ڕادەست نەكردووە، بۆیە هەموویان یان شەهید كراون، یان زیندانی كراون، یان دەركراون و دوورخراونەتەوە، ئێستاش ئەم دیاردەیە كەم و زۆر هەیە و دووبارە دەبێتەوە، ئەوانەی شەهید نەكراون، یان لە زیندانن، یان دوورخراونەتەوە.
پاشخانە نوێكەی جەدەلی بانگەواز و سیاسەتیش دەرئەنجامە زیاتر تاوەكو تێزی فیكری، هەرچەند خاڵیش نییە لە فیكریش، ئەم پاشخانەش بۆ حاڵەتی واقیعی ئسلامییەكان دەگەڕێتەوە كە سەد ساڵە دەستبەكاربوون و نەگەیشتنە هیچ پێگەیەكی دەسەڵاتی جێگیر، ڕاڕا و دوودڵ و ڕاجیاوازن لەمەڕ پرۆسەی سیاسی و بانگەواز و جیاوازییان، هەندێكیان بانگەواز بە واجب و فەرز دەزانن و كاری سیاسیش بە پلە دوو دەبینن، هەندێكیان كاری سیاسی و شەڕی ئیسڵاح و عەدالەت بە فەرز و واجب دەزانن و بانگەوازیش جێدەهێڵن بۆ ئەهلی تایبەتی خۆی، واتە لانیكەم هەردووكیان فەرزی كیفایەن بۆ ئەهلی پسپۆڕی، هەندێكیش دەڵێن مادەم دەرگای گەیشتنە دەسەڵاتمان لەو قۆناغە لێداخراوە، با تواناكانمان لە بانگەواز و پەروەردە و پێگەیاندندا بەكاربهێنین، ئەم تێگەیشتن و تێڕوانینە جیاوازانە جەدەلێكی قووڵی دروستكردووە لە نێوان كاراكتەرە دەعەوی و سیاسییەكاندا و چارەسەریشی نییە، تا ئەو ڕۆژەی دەسەڵاتێكی سیاسی سەركەوتوو دێتە كایەوە لەسەر دەستی كاراكتەرە سیاسییەكان و كاراكتەرە بانگخوازەكانیش دەبنە پشتگیر و هاوكار و ژێرخان، یان تا ئەو ڕۆژەی كە كاراكتەرە سیاسییە باكگراوند ئیسلامییەكان كۆڵدەدەن و هەموو ئیسلامییەكان یەكلادەبنەوە بۆ كاری بانگەواز و پەروەردە، دواجاریش واقیعیش حوكم دەدات و هەرجارەی بۆ لایەك یەكلایی دەكاتەوە، بەپێی هەلومەرجە ڕەخساوەكان.
ئایینناسی: دەوترێت هێزە ئیسلامییەكان ئایین تەوزیف دەكەن بۆ گەیشتنە دەسەڵات و مەرامی تر، تەنانەت بانگەواز و تەواوی كایەكانی تری كاریان خستووەتە خزمەتی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بە نموونە ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت بانگەشەی هێزێكی وەك بەرەی نوسرە و ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی پێشوو) لە قۆناغی پێشوو و ئێستادا جیاوازییەكی بەرچاوە، سەرنجی بەڕێزتان لەو ڕووەوە چییە؟
د. محەممەد ڕەئوف: بەدرێژایی مێژوو، هەر كەسێك، هەر گرووپێك، هەر هێزێك، هەر حكومەت و دەسەڵات و ئیمپراتۆریەتێك بۆی گونجا بێت ئایینی بەكارهێناوە بۆ دەسەڵات و مانەوەی لە دەسەڵات، مێژوو شایەتە بە ئەمڕۆشەوە،
ئەم تۆمەتە دژ بە ئیسلامییەكان بۆ ئەوەیە ڕێگری بكرێت لەوەی ئیسلامی بگاتە دەسەڵات، ئەگەر ئیسلامییەك ڕازی بێت بە دیموكراسی و هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانی، ڕازی بێت بە مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەتان و دەزگا نێودەوڵەتییەكان، ڕازی بێت بە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ هەموو دوڵەتانی جیهان دەستیهەڵگرتبێت لە چەمكی دارلكوفر و دارلئیسلام، ڕێزی هەموو ئایین و پێكهاتەكان بگرێت، چ عەیبێكی هەیە سەربەرز بێت بە پرەنسیپەكانی ئایینەكەی و بەدەنگی بەرز باسی قورئان و (رحمة للعالمين) بكات، خۆ دواجار ئەو پرنسیپانەش خزمەت بە دادگەری كۆمەڵایەتی، چاكسازی، عەدالەتخوازی و دژە گەندەڵی دەكەن.
كوردی

