• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 20, 2025

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: قەندیل چۆڵبکرێت، هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان تێیدا جێگیردەبن

چاوپێکەوتن: تورکیاناسی

ساڵێک بە سەر دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیدا تێپەڕیوە. هەرچەندە لە ڕووی تیۆرییەوە لێدوانی ئەرێنیی دڵخۆشکەر لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە دراوە، بەڵام لە ڕووی کارەکییەوە هەنگاوێکی جێگیرو دڵخۆشکەر بۆ کوردو تورکیاش نەنراوە. گفتوگۆی ئەم جارەی تورکیاناسی لەگەڵ محەمەد ئەمین پێنجوێنی؛ نوسەرو شارەزا لە کاروباری تورکیاو پەکەکە دەبێت.

پێنجوێنی، جگە لەوەی خاوەنی پەیوەندی‌و ئەزموونێکی فراوان‌و قووڵی دەیان ساڵەیە لەگەڵ پەکەکەو خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیکراوی ئەو حیزبەدا، لە هەمان کاتدا لە سەرجەم هەنگاوو پڕۆسەکانی ئاشتیدا کەسێکی گوێلیگیراوو متمانپێکراو بووە لەلایەن هەردوو لاوە. هەرچەندە بە هۆی تەمەن‌و گۆڕانی بارودۆخیی سیاسیی تورکیا، پەکەکەو هەرێمی کوردستانەوە تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوەی لە مەیدانی سیاسەت‌و پەیوەندییەکانی پێوەدیاربێت، بەڵام لەم هەنگاوەی ئەم جارەی پڕۆسەی ئاشتیشدا کەسێکی پرسپێکراو بووەو لایەنەکان سەرنج‌و تێبینییەکانی پێنجوێنییان بەهەندوەرگرتووە.

تورکیاناسی: تورکیا بۆچی جارێکی دیکە بەپێویستیزانیوە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا دەستپێبکاتەوە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: جوڵەیەک لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانی جیهانەوە دەستیپێکردووە بۆ دووبارە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا لەلایەن بەریتانیاوە داڕێژراوە، ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپاو ئەندامانی ناتۆ پشتیوانی دابینکەری ژێرخان‌و سەرخانی پڕۆژەکەن، ئیسرائیل‌و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕاسپێردراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا تورکیاو ئێران ئەو دوو وڵاتەن، کە بڕیاریان لە سەر دراوە لاوازبکرێن، بۆیە ئەنقەرە دەیەوێت بە کەمترین زیان لەو پڕۆژەیە ڕزگاریببێت. لە لایەکی دیکەوە دۆخی ئابووری‌و سەنگی لیرەی تورکی کەوتووەتە ناسەقامگیرییەکی تەواوەوە، چەندین کۆمپانیای بچووک‌و قەبارە ناوەند لە تورکیا مایەپووچبوونیان ڕاگەیاندووە، سەنگی لیرەی تورکی بەردەوام لە داشکاندایە. پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی جیهان‌و بە تایبەت ئەندامانی ناتۆدا خراپە، هەروەها ئەو سیاسەتەی خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای هاتنەسەر تەختی دەسەڵات جێبەجێیکردووە لە گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی بۆ سەرۆکایەتی، گۆڕینی ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە ڕووەو ڕۆژئاواو ناتۆوە بۆ ڕۆژهەڵات‌و وڵاتانی ئیسلامی، بە تایبەت کڕینی سیستەمی بەرگریی (S-400)ی ڕووسی، نیگەرانیی لە لای ئەمریکاو ئەندامانی دیکەی ناتۆ دروستکردووە. لە ڕووی سەربازییشەوە هەرچەندە یەک لە سەر سێی خاکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیرکرابێت، بەڵام سوپای تورکیا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کوردوویەتی، شکستیهێناوە، لە سەدان تونێل‌و خەندەقی پەکەکە تەنها یەک تونێل‌و چەند لوتکە چیایەکی دەستبەسەرداگرتووە. هەموو ئەمانە تورکیا بەرەو ناسەقامگیریی سیاسی‌و داڕمانی ئابووری‌و مەترسیی کودەتای سەربازی بردووە. بەرپرسانی تورکیاش زۆر باش دڵنیان لەوەی کە کورد یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان بۆ دەستخستنەناو کاروباری ناوخۆیی تورکیاو ئێران‌و لاوازکردنیان لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە.

تورکیاناسی: کەواتە ئەم هۆکار و مەترسییانەیە وایکردووە ئەم جارە دەستپێشخەریی پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن کەسێکی وەک دەوڵەت باخچەلییەوە بکرێت، کە بە درێژایی (٤٠) ساڵ سیاسەتی حیزبەکەی لە سەر دژایەتیی کوردو پەکەکە داڕشتووە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: دەوڵەت باخچەلی گەشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ جێبەجێدەکرێت‌و تورکیاو ئێرانیش وەک عێراق‌و سوریاو لوبنانیان لێدەکرێت. باخچەلی بیرمەندو سیاسییەکی بەتوانای دەوڵەتی تورکیایە. لە کاتێکدا ئەردۆغان خەمی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمارو مانەوەی حیزبەکەیەتی لە دەسەڵات، باخچەلی خەم بۆ فەلسەفەی تورکیزم‌و مانەوەی دەوڵەت دەخوات، بۆیە باخچەلی هەوڵدەدات سەرنج‌و مەیلی کورد بە لای ئەنقەرەدا ڕابکێشێتەوەو نەبن بە بەشێک لە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.

تورکیاناسی: ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان بە چی دەگات؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لەبەرئەوەی ئیسرائیل ناهێڵێت لە سەر سنوورەکانی هیچ هێزێکی دژ یان مەترسییەک هەبێت، بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەمێنێتەوەو تەنانەت هێندە بەهێزیشدەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بە تورکیایشەوە حسابی بۆ بکەن.

تورکیاناسی: بەڕێزتان چەند جارێک ئاماژەتان بەوە داوە، کە پەکەکە بڕیاریداوە دەستبەرداری چالاکیی چەکداری ببێت دژی تورکیا، نەک بە تەواوی چەکدابنێت. ئەگەر گەریلا بە یەکجاری چەکدانەنێت، لە قەندیل چی دەکات؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بەڕێز ئۆجەلان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیادا بەڵێنی ئەوەی لێوەرگرتوون، کە لە ڕێگەی پەرلەمانەوەو لە دەستوورو یاساکاندا دان بە ناسنامەی کورددا بنرێت‌و مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە زمان‌و کولتوورو بەشداریی چالاکیی سیاسی بە شێوەیەکی سەربەست دابینبکرێت، بەڵام ئەمانە تەنها بەڵێنن‌و تا ئێستا هەنگاوی کردارییان بۆ نەنراوە، بۆیە گەریلاش تەنها بڕیاریداوە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ڕابگرێت، دەنا چەکی لە شانەو لە قەندیل ماوەتەوە. لە دۆخی جێبەجێنەکردنی ئەو داواکارییانەدا هێزی چەکدار قەندیل چۆڵناکات‌و چەکەکانیشیان دانانێن، واتە ئاگربەستێکی یاسایی ڕاگەیەنراوە.

تورکیاناسی: بەڵام پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی نەداوە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بەڵێ، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام هاوشێوەی هەسەدەو چەندین گرووپی دیکەی چەکداری، هێزی گەریلاش لە قەندیل وەک هێزێکی چەکدار ماوەو ئامادەی چالاکی‌و بەرگرییە، بەڵام گوێڕایەڵی هەر بڕیارو فەرمانێکی ئۆجەلانیش دەبێت. پاشان نزیکەی (٢٠) هەزار کەس چەکدابنێت‌و قەندیل چۆڵبکات، ڕوو لە کوێ بکات؟ پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان دەستەبەربکرێت، پاشان ئەو ناوچەیە چۆڵبکەن.

تورکیاناسی: لە قسەکانتاندا ئاماژەتان بەوە دا گەریلای پەکەکە هەموویان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، پێتانوایە ئەنقەرە ڕێگەدەدات بە بەرپرسانی باڵای سەربازیی پەکەکە بگەڕێنەوە تورکیا؟ هەر خودی ئەو بەرپرسانە ئامادەن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بەڵێ، بە گوێرەی یاسا بۆچی نەگەڕێنەوە! من قسەم لەگەڵ خودی ئەو سەرکردانەدا کردووە، دەشکرێت ئەو سەرکردانە خۆشیان چەند کەسێکى هاوکارو پاسەوان بۆ خۆیان دابینبکەن.

تورکیاناسی: لە دۆخی چۆڵکردنی قەندیلدا، کێ لەو ناوچەیە جێگیردەبێت؟ بە لەبەرچاوگرتی ئەوەی ڕۆژی (٢٠)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٥)، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لە عێراق‌و سوریا درێژکردەوە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: سوپای تورکیا بۆ کارێک نەهاتووە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە خاکی عێراق‌و هەرێم بکشێتەوە. بەرپرسانی باڵای تورکیا خۆیان دەڵێن: “تاوەکو کەرکووک خاکی ئێمە بووەو بۆ ئێمەش دەبێت”. بەڵێ، تورکیا ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکانی کەرکووکە، هەرچەندە ئێران ڕێگە بە کارێکی لەو جۆرە نادات‌و تاوەکو باشووری کەرکووک بە بەشێک لە ستراتیژی تاران دەزانن. ئەگەر قەندیل چۆڵبکرێت، هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەستیبەسەردادەگرن، هاوشێوەی تۆرابۆرای ئەفغانستان، بە جۆرێک ئەمریکاو بەریتانیاش نەتوانن پێیانچۆڵبکەن.

تورکیاناسی: مەبەستتان لە هێزە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: هێزە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان درێژکراوی ئیخوان موسلیمینن، بەڵام من مەبەستم لەو هێزە توندڕەوانەیە، کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا جێگەیاننابێتەوە، جگە لە ناوچە سەختەکان.

تورکیاناسی: ئەگەر تورکیا هەوڵبدات لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاشتییەوە بە کەمترین زیان لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا خۆی بنوێنێت، کەواتە ئەمریکاو ئیسرائیل پێویستە دژی پڕۆسەی ئاشتی بن، لە دۆخی شکستهێنانی پڕۆسەکەدا چی ڕودەدات؟ پێویستە کورد چۆن مامەڵەبکات؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: من پێموایە پڕۆسەکە تێکدەچێت، ڕەنگە بگاتە ئەنجامێک، بەڵام ئەو ئەنجامە بریتی نییە لە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کورد، لەبەرئەوەی نیەتی تورکیا جێبەجێکردنی مافەکانی کورد نییە، مامەڵەی تورکیا لە لۆزان‌و قۆناغەکانی دیکەی کاری هاوبەش‌و دانوستان‌و پڕۆسەکانی پێشوو بەڵگەن بۆ ئەم بۆچوونە. تورکیا دەیەوێت سوود لەم دۆخەی ئێستا وەربگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دۆخی جیهان‌و ناوچەیی‌و عێراق‌و هەرێمیش گۆڕاوەو وەک ڕابردوو جیهان بە ڕووی کورددا دانەخراوە. ئێستا دوو کیانی کوردی لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، دەیان حیزب‌و ڕێکخراوی کوردی لەم وڵاتانەو ئەوروپاو ئەمریکا هەن‌و گوێیانلێدەگیرێت.

تورکیاناسی: ئێستا بۆچوونێک هاتووەتەکایەوە، کە پەکەکە کۆتاییهاتووە، بەڵام بەڕێزتان دەڵێن پەکەکە تەنها چالاکیی چەکداریی دژی تورکیا ڕاگرتووە، چۆن؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بەڵێ، پەکەکە وەک ناوێک‌و حیزبێک نەماوە، بەڵام هێشتا کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) ماوە، هەروەها ئەو هێزە چەکدارە نزیکەی (٢٠) هەزار کەسی لە قەندیل ماوەو چەکیدانەناوەو دایشینانێت بە ئاسانی، تاوەکو ئەو بەڵێنەی تورکیا بە ئۆجەلانی داوە، جێبەجێینەکات. جگە لەمانەش، پژاک و هەسەدەش چەکدانانێن‌و بانگەوازەکەی پەکەکە ئەوان ناگرێتەوە. لە دۆخی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیشدا زۆرێک لەو چەکدارانە دەگەڕێنەوە تورکیاو لە ناو دەمپارتی یاخود هەر پارتێکی دیکەدا خەباتی سیاسی دەستپێدەکەن. بانگەشەی تەواوبوونی پەکەکەو ئۆجەلان، بانگەوازی هەندێک هێزو دەوڵەت‌و کەس‌و گرووپی نەیارو دژی پەکەکەن، ئەو بانگەشانە تازە نین بۆ پەکەکە.

تورکیاناسی: پێگەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتیدا چۆن دەبێت؟ هەرێم چی بکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد پارێزراو بێت؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەوەی دیارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و تەواوی حیزبە سیاسییەکان پشتیوانی لە پڕۆسەکە دەکەن، باشترین بەڵگەش بەڕێوەچوونی مەراسیمى سوتاندنى چەکی سی گەریلای پەکەکە بوو لە ئەشکەوتی جاسەنە، بە جۆرێک ئەو گەریلایانەو چەند بەرپرسێکی سەربازیی تورکیا بێنە جاسەنەو مەراسیمێک بکەن‌و نوێنەری چەندین دەوڵەت‌و لایەنی هەرێمی کوردستان‌و عێراق‌و تورکیاو دەزگا میدیاییەکانی تورکیا بەشداریی پڕۆژەکە بکەن‌و هیچ گرفت‌و مەترسییەکی ئەمنی بۆ هیچ لایەک دروستنەبێت. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکومەتی هەرێم‌و بە تایبەت هێزە ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی، کە تەنانەت هەست بە هیچ مەترسییەکی درۆنی تورکی یاخود هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بەرپرس‌و گەریلایانەی پەکەکە نەکراوە. هەر چەند ڕۆژێک دوای لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی‌و بانگەوازی پڕۆسەی ئاشتی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی ئەنقەرە کرابوو. پێش ئەوەی بڕوات، بە تەلەفۆن پەیوەندییپێوەکردم‌و وایلێکردم قسە لەگەڵ بەرپرسانی قەندیلدا بکەم بۆ ئەوەی داواکاری‌و مەرجەکانی قەندیل بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بگەیەنم بە سەرۆکی هەرێم، بۆئەوەی بارزانی لە سەردانەکەی ئەنقەرەیدا پەیامی قەندیل بگەیەنێت بە بەرپرسانی تورکیا. کەواتە هەرێمی کودستان هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە لە ڕووی سیاسی‌و ئەمنییەوە پرس‌و ڕاوێژیپێکراوە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک هێزی باڵادەست لە ناوچەی سلێمانی، ڕۆڵ‌و ئەرکێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکەو بە تایبەت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە چەکدانان‌و گەڕانەوەی گەریلادا بۆ ناوچەکانی خۆیان. دواجار چارەسەری کێشەی کوردو چەکدانانى پەکەکە بە شێوەیەکی ئاشتی، سوودی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت. بە جۆرێک ئیدی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان‌و سلێمانییش دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن، کە هیچ هێزێکی چەکدار لە سنوورەکانیان نییە، کە ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

Send this to a friend