• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 9, 2025

سیاسەتی پەنابەرێتی لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا

ئامادەكردن: ئایندەناسی

لە سەردەمی ئەمڕۆدا وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تەنگەژە سیاسیی و ئابوورییە جیهانیی قووڵ بوونەتەوە، بە جۆرێك كە كاریگەریی لەسەر مسۆگەركردنی مافەكانی پەنابەرێتی وەك یەكێك لە گرنگترین بابەتە نێودەوڵەتییەکان جێ هێشتووە. بەریتانیا و ئەڵمانیا، وەک دوو لە گرنگترین وڵاتانی ئەورووپا، سیستەمی جیاواز و تایبەتیان لە بەڕێوەبردنی کێشەی پەنابەرێتی هەیە، کە ڕەنگدانەوەی مێژوو، کولتوور، و ئامانجە سیاسییەکانییانە. کاریگەریی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی وەك شەڕی ئوکڕاینا، و ناسەقامگیریی سیاسی، زۆر لە بەرنامە و سیاسەتی پەنابەرێتی ئەم دوو وڵاتەی لێك جودا كردووەتەوە. لەم ڕاپۆڕتەدا هەوڵ دراوە جیاوازییەكانی دوو سیستەمی پەنابەرێتی وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥دا بخرێنە ڕوو، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامار و داتای فەرمییەوە، بە وردبوونەوە لەسەر بنەمای یاسایی، جیاوازیی لە دیدگا و كۆنتێكستە یاساییەكان، شێواز و پرۆسەی داواکاریی مافی پەناخوازیی، مامەڵە و مافەکانی ژیانی ڕۆژانەی پەنابەران، و لە کۆتاییدا هەڵسەنگاندن و پێشبینی. ئەم ڕاپۆرتە کاریگەری سیاسەتەکانی Brexit لەسەر سیستەمی پەنابەرێتی بەریتانیا و ئەڵمانیا وەك یەکێك لە گەورەترین وەرگرانی پەنابەر لە ئەوروپا، شێوازی بەڕێوەبردنی نوێێان ڕووندەكاتەوە.

جیاوازی بنەماكانی یاسای پەنابەرێتی لەنێوان بەریتانیا و ئەڵمانیادا

یاساكانی مافی پەنابەرێتی لە نێوان وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیادا لە بنەڕەت و پرنسیپەکانیدا جیاوازی بەرچاویان هەیە، هەرچەندە هەردوو وڵات بەشداری سەرەكی هەر دوو كۆنفرانسی جنێفی ساڵی ١٩٥١ و پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٦٧-ن، بەڵام شێوازی جێبەجێکردن و شرۆڤەی یاساکان لە نێوانیاندا جیاوازی بەرچاوی هەیە. لە بەریتانیا، یاسای پەنابەرێتی بەپێی سیستمەكانی (Immigration Act )ی سالی 2014 و (Nationality and Borders Act )ی ساڵی 2022 ڕێکخراوە، کە تیایدا ماددەی ٨ و ٩ی یاسای ناسنامە و شوناس و سنوور، جەخت لەسەر سێ ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران دەکاتەوە. ئەم یاسایە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی بەریتانیا بووە بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریی لە هاتنی پەنابەران بە شێوازی یاساغ، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ڕێگەی (کەنداڵی کانیشۆ)وە چوونەتە ئەو وڵاتەوە. لەم نێوەندەدا وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەرپرسیاری جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەیە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا بودجەیەکی ٧.٩ میلیار پاوەندی بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵەی کۆچ و پەنابەرێتی تەرخان کردووە.

لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا بەپێی دەستوور، کە لە ماددەی ١٦A دا جەخت لە ڕێكخستنی مافی پەنابەرێتی بە پێی هەلومەرجی سیاسیی و یاسایی دەكاتەوە، واتە ئەم وڵاتە بە یاسای بنەڕەتی، مافی پەنابەرێتی دابین دەکات کە لە ماددەی ١٦دا هاتووە: “ئەو کەسانەی لەسەر بنەمای سیاسیی دەچەوسێندرێنەوە مافی پەنابەرێتییان هەیە”. Bundesamt für Migration und Flüchtlinge (BAMF) وەک ڕێکخراوی سەرەکی، بەرپرسیارە لە وردبینی و بڕیاردانی داواکانی پەنابەران. بە پێێ ناوەڕۆكی ئەو ماددە دەستوورییانە، وڵاتی ئەڵمانیا بەشێوەیەكی ڕونتر و بەپێی دەقی یاسا بنەڕەتییەكانی مافی مرۆڤ دەربارەی كەیسی پەنابەران دوواوە و هەمان كات سیستەمێکی بەهێزتری مافی پەنابەریی بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپی دامەزراندووە. ئۆفیسی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران (BAMF) وەك دەسەڵاتی سەرەکی بڕیاردەر لەسەر داواکارییەکانی مافی پەنابەران کار دەکات، ئەم ئۆفیسە بۆ ٩٨ لق لە سەرتاسەری ئەڵمانیا دابەش بووە و ٨,٥٠٠ کارمەندی هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا ٢٣,٧ میلیار یۆرۆی بۆ مامەڵەی پەنابەران و کۆچبەران تەرخان کرد، کە ئەمە ٠.٦٪ ی تێکڕای بودجەی ناوەندی نیشتمانیی ئەڵمانی (GDP) بووە، كە تایبەتە بە كاروباری پەنابەرانی ئەو وڵاتە.

     لە بەریتانیادا سیستەمی پەنابەرێتی لە بنەڕەتدا پشت بە یاساكانی Immigration Rules و Asylum and Immigration Acts دەبەستێت، بۆ جێبەجێكردنی كەیسەكانی پەنابەرێتی Home Office بەرپرسیارە لە پرۆسەی وردبینی و بڕیاردان.

لەلایەكی ترەوە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە، بەریتانیا ١٠٨,١٣٨ داواکاری پەنابەری وەرگرتووە، کە ١٨% زیاتر بوو لە ساڵی ٢٠٢٣، لە کاتێکدا ئەڵمانیا ٢٣٦,٣٩٩ داواکاری پەنابەری لە ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمار كردووە، ئەمە ئەوە پێشان دەدات كە ئەڵمانیا بەردەوام یەکێك لە گرنگترین مەكۆ و ناوەندی پەنابەرانە لە نێو وڵاتانی ئەورووپادا. بە شێویەكی گشتی، ئەڵمانیا ٢٨ داواکاری پەنابەری بۆ هەر ١٠٠٠ دانیشتوانێك هەیە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە بەریتانیادا ١،٦ بۆ هەر ١٠٠٠ دانیشتووانێكە، لەسەر ئەم بنەمایە ناوەندی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا (EUAA) ئەوەی ڕایگەیاندووە کە ئەڵمانیا ٢١٪ ی کۆی داواکارییەکانی پەنابەری لە یەکێتی ئەورووپا وەرگرتووە، کە ئەمە زۆر زیاترە بەراورد بە فەرەنسا (١٤٪) و ئیتاڵیا (١٢٪) زۆر زیاترە، ئەمانەش لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی ڕاپۆرتی UNHCR بەریتانیا تەنها ١٪ ی کۆی پەنابەرانی جیهان وەردەگرێت.

لەسەر ئەو بنەمایانە، پێگەی هەر دوو وڵات لە نێو سیستمی مافەكانی پەنابەرێتی و یاسای نێودەوڵەتیدا جیاوازە؛ بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا تەنها ١٦ داواکاری پەنابەری بۆ هەر ١٠,٠٠٠ کەس هەیە، کە لە ڕێژەی ناوەندیی یەکێتی ئەورووپا ٢٢ داواکاری بۆ ١٠,٠٠٠ کەس کەمترە، ئەم ئامارە نیشاندەری سیاسەتی سەختگیرانەی بەریتانیایە لە پەسەندكردنی مافی پەنابەران. لە هەمان کاتدا، بەریتانیا بەرپرسیاری تێچووی بودجەیەكی ٤,٧ میلیار پاوەندی بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆچ لە ئەستۆ گرتووە، کە تیایدا ٢,٦ میلیار پاوەند تەنها بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران بەشێوەیەكی كاتی تەرخان دەکات، بەپێی “ئۆفیسی هەستە نیشتمانییەكان”، هەر پەنابەرێك لە بەریتانیدا بەگشتی ماوەی ٧٨٠ ڕۆژ چاوەڕوانی بڕیارەی وەڵامدانەوەی داخوازییەكەی دەکات، کە ئەمە بە یەکێك لە درێژترین ماوەی چاوەڕوانی پەنابەران لە سەرتاسەری ئەوروپا دادەنرێت.

لە ساڵی 2024 و 2025دا گۆڕانكارییەكی هەستپێكراو و ئاشكرا لە مامەڵەی بەریتانیا لەگەل دۆخی پەنابەراندا بەدیدەكرێت، بەتایبەت دوای مامەڵەكانی “Brexit”، بەریتانیا چیتر بەشداریی “ڕێکكەوتننامەی دابڵن” نییە کە ڕێگەی بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە نێوان وڵاتانی ئەورووپا خۆش کردبوو. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەم وڵاتە دەبێت بەرپرسیارێتی تەواوی داواکارییەکانی پەنابەری لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئازادیی زیاتریشی هەیە لە دانانی سیاسەت و یاساکانی خۆی. ئەمەش بوووەتە هۆی ئەوەی کە حکومەتی بەریتانیا یاسای (Rwanda Scheme) دانێت، کە بە پێی یاساكە پەنابەران دەنێردرانە وڵاتی ڕواندا بۆ چارەسەرکردنی داواکارییەکانیان. ئەم پلانە تاوەكو ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٧٠٠ میلیۆن پاوەندی خەرجی کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پەنابەرێك بنێردرێت. لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا بەردەوام هاوکاریی نزیكتری لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا هەیە و بەشداریکەری چالاکی European Union Agency for Asylum (EUAA)یە، کە پاڵپشتی لۆجیستی و تەکنیکی بۆ بەڕێوەبردنی پەنابەران بەشێوەیەكی بەردەوام پێشکەش دەکات.

 

بەراوردی یاساکانی پەنابەرێتی لەنێوان بەریتانیا و ئەڵمانیا

لە ناوخۆی ئەورووپادا جیاوازییەكی بەرچاو لە مامەڵەكردن لەگەڵ یاساكانی مافی پەنابەرێتیدا هەیە، بە جۆرێك كە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی پەنابەران بەجێ هێشتووە. لە بەریتانیا، یاسای (Nationality and Borders Act)ی ساڵی 2022، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر سیستەم و یاساكانی پەنابەرێتیدا هێناوە، ماددەی ١١ی ئەم یاساییە جیاکاریی لە نێوان پەنابەرانی “گونجاو” و “نەگونجاو” بەپێی شێوازی گەیشتنیان بە بەریتانیا دەكات. ئەم یاسایە دەسەڵاتی گەورەی داوەتە وەزیری ناوخۆ بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بەبێ چاوپێکەوتن، کە پێشتر تەنها لە بارودۆخە تایبەتەکاندا ئەم بابەتە ڕووی دەدا، هەروەها ماددەی ١٥ دەسەڵاتی بەڵگەی ڕێگەپێدان دەداتە بەرپرسانی سنوور ئەگەر گومانیان لە ساختەکاری هەبێت. هەروەها ماددەی ٢٨، پارێزگاریی زیاتر دەداتە کارمەندانی حکومەت لە دژی سکاڵاکردن کار بکەن.

لە لایەكی ترەوە پەنابەرانی “نەگونجاو” تەنیا مافی وەرگرتنی ڕێگەپێدانی کاتی ٣٠ مانگەیان هەیە، لە جیاتی ڕێگەپێدانی درێژخایەن کە ماوەی ٥ ساڵە. ماددەی ٣٦ی هەمان یاساكە دەسەڵاتی ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم دەداتە دەست حکومەت. هەروەها ماددەی ٤٢ دەسەڵات دەداتە بەرپرسان ئەگەر بێت و کەسێك کە بە شێوازی نایاسایی بێتە ناو وڵات، دەستبەسەر بکرێت تاكو پرۆسەکە تەواو بێت.

لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا سیستەمێکی یەکسانی ماڵی بۆ هەموو پەنابەران هەیە، بەپێی یاسای نوێی کە لە ساڵی ٢٠٢٥ کاردەکات، مافی پەنابەرێکی تەنها بەبێ پشتگیریی، ناتوانێت لە مانگێکدا زیاتر لە ٤٦٠ یۆرۆ وەربگرێت ئەگەر بە سەربەخۆیی ژیان بکات. ئەمەش ڕێژەیەكی بەرزە بەراورد لە و یارمەتیدانەی كە  47.39 یۆرۆ لە هەفتەیەك (نزیکەی ٢٠٠ یۆرۆ لە مانگێکدا) دەكات، بەراورد بەوەی کە بەریتانیا پێشکەشی دەکات. یاسای نوێی ناسراو یاسای مافی پەنابەران Asylbewerberleistungsgesetz (AsylbLG) کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥-ەوە کار دەکات، ڕێژەی یارمەتییەکان لە ٥١٨ یۆرۆ بۆ کەس و خێزانێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەربەخۆدا بەرز دەکاتەوە. هەروەها ئەم یاسایە ڕێگە دەدات پەنابەران دوای ٩ مانگ بۆ وەرگرتنی یارمەتیی کۆمەڵایەتی (Sozialhilfe) ئامادە بن، کە پێشتر ١٨ مانگ بوو.

ئۆفیسی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران (BAMF) لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٢٢٩,٧٥١ داواکاریی پەنابەری یەکەمجار و ٢١,١٩٤ داواکاری دووبارەی وەرگرتووە، ئامارەکە نیشاندەری ئەوەیە کە ئەڵمانیا بەردەوام وڵاتێکی گرنگی پەنابەران و وەرگرتنی داخوازییەكانیانە. لە ڕووی پرۆسە یاساییەکانەوە، بەریتانیا سیستەمی دادگای تایبەت (First-tier Tribunal) و دادگای بەرز (Upper Tribunal) هەیە بۆ سکاڵاکردن لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ. ماددەی ٨٢ی یاسای Nationality, Immigration and Asylum Act  لە ساڵی 2022 مافی سکاڵاکردن دەستنیشان دەکات.

بەراوردی پرۆسەی داواکاریی مافی پەنابەرێتی لەنێوان هەردوو وڵاتدا

پەیوەندی پەنابەران بە ئاژانسەکانی حکومەت لە هەر دوو وڵاتدا جیاوازی بەرچاو هەیە؛ لە بەریتانیادا، وەزارەتی ناوخۆ (Home Office) بەرپرسیاری سەرەکی وردبوونەوەیە لە داواکارییەکانی مافی پەنابەران، هەروەها ناوەندەکانی تۆمارکردن لە چەندین شوێنی جیاجیادا وەك Croydon, Liverpool, و Glasgow كە تایبەت بە كاروباری پەنابەران دامەزراون. سەرباری ئەوە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕووبەڕووی کێشەی پێداچوونەوە بە دۆسییە جیاوازەكانی مافی پەنابەران بووەتەوە، بۆ نموونە تاوەكو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، ١٠٩,٥٠٠ کەس چاوەڕوانی بڕیاردانن لەسەر دۆسییە و داواکارییان، ئەم ڕێژەیەش تاوەكو مانگی كانوونی یەكەمی 2024 كەمی كردووە.

لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا سیستەمێکی دابەشکراوی لەنێو ویلایەتەكانیدا (Länder) هەیە، بەپێی BAMF پەڕگە و بەڵگەکان لە هەموو لقەکانەوە دەتوانن بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بە ڕێگەی یاسایی پارێزراو زانیارییەكانیان بۆ دادگا کارگێڕییەکان بنێرن، زیاتر لەوە بەریتانیادا زۆرترین داواکاری پەنابەری لە نەتەوەکانی ئاسیایی وەك: (پاکستانی، ئەفغانی، بەنگلادیشی و هندی) هەبووە، جیا لەوە نەتەوەکانی ئەفریقا بە ڕێژەی (٢١٪)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی (١٨٪) و ئەورووپییەكان بە ڕێژەی (١٣٪) چوونەتە بەریتانیا.

سیستەمی چاوپێکەوتن لە هەردوو وڵاتدا بۆ ساڵی 2024 و 2025 بە شێوازی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، لە بەریتانیا چاوپێکەوتنەکان لە لایەن کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ-وە ئەنجام دراون، لە کاتێکدا لە ئەڵمانیادا کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی فیدراڵیی كۆچبەران و پەنابەران (BAMF) ئەم ئەرکە جێبەجێ دەكەن کە ڕاهێنانی تایبەتیان وەرگرتووە. پرۆسەی داوای پەنابەرێتی لە هەردوو وڵاتدا جیاوازە، لە ئەڵمانیادا پرۆسەی BAMF لە تۆمارکردنی سەرەتایی لە ناوەندە تایبەتەکاندا دەست پێ دەکات، دوای ئەوە چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ کارمەندانی BAMF بە یارمەتی وەرگێڕ ئەنجام دەدرێت، پاشان بڕیاردان لەسەر بنەمای زانیاری وڵاتی سەرچاوە و لە کۆتاییشدا ئەگەری پێداچوونەوە لە دادگا هەیە. کاتی پرۆسەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بۆ ١٢ مانگ زیادی کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو دۆسێیانەی ڕەتكراونەتەوە، بەڵام ئەم دۆسییەی لە دادگاكانن، ١٦.٧ مانگ دەخایەنێت. لە بەریتانیادا پرۆسەی Home Office بە داواکردنی سەرەتایی کاتی گەیشتن یان لە ماوەی یەک ساڵدا دەست پێدەکات، دوای ئەوە چاوپێکەوتنی وردبینی لە ئۆفیسەکانی Home Office، پاشان بڕیاردانی سەرەتایی لە لایەن کارمەندانی تایبەتەوە و ئاپیل لە First-tier Tribunal بەڵام بەریتانیا کێشە و گرفتی گەورەی پشتگیریكردنی ڕاستەوخۆ بۆ پەنابەران هەیە کە ماوەی چاوەڕوانی درێژ دەكاتەوە.

بەراوردی مافەکانی پەنابەران لە نێوان هەردوو وڵاتدا

دەستگەیشتن بە یارمەتی دارایی یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ژیانی پەنابەران لە بەریتانیا كە پەنابەران مافی وەرگرتنی 47.39 یۆرۆیان لە هەفتەیەکدا هەیە (نزیکەی ٢٠٥ یۆرۆ لە مانگێکدا)، لەگەڵ نیشتەجێبوون لە شوێنە دیاریکراوەکاندا كە لە لایەن حكومەتەوە دیاری دەكرێت، هەروەها سیستەمی کارتی ASPEN Card بۆ دابینكردنی خواردن بۆ پەنابەرانی وڵاتەكە دابین دەكرێت، بەڵام لە ئەڵمانیادا، ئەو پەنابەرانەی کە لە ناوەندەکانی وەرگرتندا ژیان دەگوزەرێنن، تەنها ١٥٠-٢٠٠ یۆرۆ لە مانگێکدا وەردەگرن، چونکە شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەكرێت لە ژوور و خواردنی پێویست، بەڵام ئەو پەنابەرانەی بە سەربەخۆیی دەژین و چاوەڕیی شوێن و دابینكردنی خۆراكی ڕۆژانە نین، زیاتر وەردەگرن.

خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەر دوو وڵاتدا، جیاوازی بەرچاویان لە ڕووی دابینکردن و پێشكەشكردن و کوالیتیدا هەیە؛ لە ئەڵمانیادا پەنابەران لە ماوەی یەکەمدا كە ١٨ مانگە، تەنیا مافی چارەسەری کێشەی پزیشکی ئاسایی و ئەو پەنابەرانەی پێویستی پزیشكی زیاتریان هەیە لە ڕێگەی دڵنیایی تەندروستی AsylbLG و بەرنامەی Sozialämter-ەوە، بەڵام دوای ١٨ مانگ مافی تەواوی بیمەی تەندروستی (GKV) و دەستڕاگەیشتن بە تەواوی خزمەتگوزارییەکان و چارەسەری دەروونی و تایبەتیان دەبێت. لەم ئەركەدا چەند دامەزراوەیەكی تەندروستی پێشكەوتوو هەن، لە نموونەی ڕێکخراوە تایبەتەکانی وەك Malteser Hilfsdienst کە خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ پەنابەران دابین دەکات، هەروەها دامەزراوەی Ärzte der Welt بۆ چارەسەری خۆڕایی و Medibüros وەك ئۆفیسی پزیشکی بۆ ئەوانەی بەبێ مۆڵەت پێدان كاردەکەن. بەڵام جیاواز لەوانە لە بەریتانیادا پەنابەران مافی Emergency care لە A&E، GP services یان هەیە دوای تۆمارکردن، بەرنامەیەكی گشتییان بۆ چارەسەری نەخۆشی دەروونیی هەیە، بەڵام خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەو وڵاتە تا ڕادەیەك سنووردارە بە تایبەت بۆ ئەو دۆسێیانەی هەندێك چارەسەری تایبەتیان بوێت و پێویستی بە پارە بێت و ماوەی چاوەڕوانی درێژی بۆ چارەسەركردن بوێت، هەروەها لە وڵاتی بەریتانیا ڕێکخراوە تایبەتەکانی وەك Doctors of the World UK بۆ خزمەتگوزاریی خۆڕایی، British Red Cross بۆ پشتگیری تەندروستی و Refugee Council بۆ ڕێنمایی دەستڕاگەیشتن بە NHS کار بۆ پشتیوانی دۆسییەی پەنابەران دەكەن.

سیستەمی فێرکردن و خوێندن لە هەردوو وڵاتدا لە ڕووی پرۆگرام و دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە جیاوازی بەرچاو هەیە، لە ئەڵمانیادا فێرکردنی زمان لەڕێگەی Integrationskurse کە ٦٠٠-٩٠٠ کاتژمێر فێرکردنی ئەڵمانی و Berufssprachkurse بۆ فێرکردنی زمان كە بۆ کاری تایبەت دەبێت بە خۆڕایی بۆ پەنابەران دابین دەکات، خوێندنی بەرز لە ڕێگەی پڕۆگرامی StudienkollegE بۆ ئامادەکردن بۆ زانکۆ، بەرنامەی Studienbrücke بۆ پرۆگرامی نێوان زانکۆکان و BAföG وەك یارمەتی داراییەکی خوێندکاران پێشکەش دەکات. هەروەها ڕێکخراوەکانی وەك DAAD (German Academic Exchange) بۆ كۆرسی خوێندن، Kiron University بۆ خوێندنی ئۆنلاین و ReDI School بۆ فێرکردنی تەکنەلۆجیا کار دەکەن. جیا لەوانە لە بەریتانیا فێرکردنی زمان لە ڕێگەی ESOL classes (English for Speakers of Other Languages) و Adult education colleges دابین دەکرێت، کە هەندێکیان بە خۆڕایی و هەندێکیان بە پارە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكەن، خوێندنی بەرز بۆ UASC (Unaccompanied Asylum Seeking Children) کە مافی خوێندنیان هەیە، هەروەها Home fee status دوای وەرگرتنی refugee status و Access courses بۆ ئامادەکردن بۆ زانکۆ دابین دەکرێت، پاشان ڕێکخراوەکانی وەك STAR (Student Action for Refugees) بۆ پشتگیری خوێندکارانی پەنابەر، Article 26 بۆ كۆرسی خوێندن و Refugee Education UK بۆ ڕێنمایی خوێندن کار دەکەن.

لە بواری خوێندندا، بەریتانیا سانسۆرێكی زۆری لەسەر مافی خوێندن و دەستگەیشتن بە پرۆسەی خوێندن داناوە، پەنابەران ناتوانن بۆ قوتابخانە و کۆلێجە نیشتمانییەکان بچن تاوەكو بڕیاری کۆتایی لەسەر داواکارییان نادرێت. لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا مافی خوێندنی بە شێوەی خوێندنی ڕۆژانە بۆ منداڵان و گەنجان تاوەكو تەمەنی ١٨ ساڵی دابین کردووە. هەروەها بەریتانیا کارکردنی پەنابەرانی بەتەواوی قەدەغە كردووە، تاوەكو بڕیاری ئەرێنی لەسەر داواکارییان نەدرێت، لە کاتێکدا ئەڵمانیا دوای ٣ مانگی چاوەڕوانی، ڕێگە بە پەنابەران دەدات کار بكەن و پارە پەیدا بکەن.

سەرباری ئەمانە، لە بەریتانیادا لە ساڵی ٢٠٢٤، ١٥,٢٠٠ خێزان لە ئینگلاند یارمەتی بۆ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون وەرگرتووە، ئەویش لە لایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە دوای جێهێشتنی شوێنی پەنابەرییان و نیشتەجێكردنیان وەك هاوڵاتییەكی ئاسایی ئەو وڵاتە، ئەمەش بە ڕێژەی ٣٩٪ زیاد بووە بەراورد بە ساڵی 2023.

هەڵسەنگاندن و بەرنامەی داهاتوو

بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم یاسا و شێواز و ڕێبازەكانی تایبەت بە مامەڵە و پێدانی مافی پەنابەرێتی لە هەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیادا، دەتوانین بڵێین سیستەمی پەنابەرێتی ئەڵمانیا لە ڕووی ڕێزگرتن لە پڕەنسیپ و مافە بنچینەییەكانی مرۆڤەوە لە بەریتانیا باشتر و لە پێشترە. ڕێژەی پەسەندكردنی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا بەرزترە و یارمەتی دارایی و مافەکانی کارکردن باشترن، بەو پێیەی لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٥دا، ئەڵمانیا ١٣,٤٥٠ بڕیاری ئەرێنی لە قۆناغی یەکەمدا بۆ وەرگرتن و جێبەجێكردنی داخوازیی پەنابەران داوە، کە ئەم ڕێژەیە هێشتا بەراورد بە وڵاتی ئیسپانیا كە (١٦,٠٦٠) و فەڕەنسا (١٤,٢٢٠) کەمترە، بەڵام ئەمە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی داواکارانەوەیە نەك کەمبوونەوەی پێدانی مافی پەنابەریی و  هاوكارییە سەرەكییەكان بۆ پەنابەران.

ئامارەکانی وەرگرتنی پەنابەر لە ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥-دا جیاوازی بەرچاویان هەیە؛ ئەڵمانیا ٢٥٠,٥٥٠ داواکاری لە ٢٠٢٤ وەرگرت کە زۆرترین ژمارەیە لە یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا بەریتانیا ١٠٩,٣٤٣ داواکاری لە ٢٠٢٥ وەرگرتووە، کە بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە. وڵاتانی سەرەکی كۆچبەران بۆ ئەڵمانیا پێك دێن لە: سووریا، ئەفغانستان و تورکیا، بەڵام بۆ بەریتانیا ئیران، ئەفغانستان، سوریا و ئەلبانیان. لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بەریتانیا ژمارەیەکی زیاتری ١٠٩,٣٤٣ داوای پەنابەرێتی وەرگرت کە بەرزترین ڕێژەیە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە. لە بەرامبەردا، ئەڵمانیا لە نیوەی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ٦٥,٤٩٥ داواکاری وەرگرتووە، کە کەمبوونەوەیەکی ٥٠٪ لە چاو ساڵی 2024دا نیشان دەدات. لە ئەڵمانیادا پەنابەران بە شێوەیەكی بەرچاو لە سووری و ئەفغانییەكان پێك دێنن و نزیکەی ١١٠,٠٠٠ داواکاری لەلایەن ئەو دوو نەتەوەیەوە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ پێشکەش کراوە، هەرچەندە هێشتا ئەمە ڕێژەیەكی كەمترە بەراورد بە ساڵی 2023 كە  لە ١٥٤,٠٠٠ پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان كردبوو، ئەمەش نیشاندەری کاریگەری سیاسەتە نوێیەکانی ئەڵمانیایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شێوازی وەرگرتن داواكارییەكانی مافی پەنابەران.

پێشبینی دەكرێت بەریتانیا بەراورد بە ئەڵمانیا و تەواوی وڵاتانی ئەوروپا، لە مامەڵەكردن لەگەل دۆسیەی پەنابەران بەشێوەیەكی گشتی زیاتر سەختگیر بێت، بەتایبەت دوای ئەو ململانێ توندەی لە نێوان پارتە سیاسییەكانی وڵاتەكەدا هەیە، كە هەر یەكەو بەرنامەی خۆی بۆ دۆسێی پەنابەرانی وڵاتەكە هەیە، لە کاتێکدا ئەڵمانیا بەهۆی پێداویستیی زۆری بۆ دەستی كار و کرێکار و تەمەنی دانیشتوان، ڕەنگە سیاسەتێکی کراوەتر بۆ وەرگرتن و پەسەندكردنی داخوازی پەنابەران هەبێت، بەتایبەت لە ئەڵمانیا كێشە و گیروگرفتی دیمۆگرافی و كۆمەڵایەتی هەیە، بۆ نموونە ڕێژەی زاوزێ لە ئەڵمانیا و ئەوروپا بۆ هەر ژنێك لە ئێستادا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، کە بۆ هەر ژنێك لە ئەڵمانیا دەگاتە (١.٢) منداڵ، لە ئەڵمانیادا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، ٦٠٠ هەزار منداڵ لە دایک بوون؛ لە دۆخێكدا ١ ملیۆن و 200 هەزار کەس مردوون، واتە ڕێژەی مردن بەراورد لەگەڵ لە دایکبوون لە ئەڵمانیادا دوو هێندە زیاترە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ژنانی پەنابەر بەگشتی دوو بۆ سێ منداڵیان دەبێت (هەڵبەت پەنابەران لەبەر ئەوەی مافی پەنابەرێتی وەربگرن، نەوەی زیاتر دەخەنەوە)؛ واتە ڕێژەی منداڵبوون لە ئەڵمانیا دەگاتە ژێر یەك منداڵ بۆ هەر ژنێک.

لەگەڵ ئەمەشدا، هەردوو وڵات بەرنامەی وردیان بۆ داهاتوو و باشترکردنی سیستەمی پەنابەرێتی داڕشتووە؛ ئەڵمانیا بەرنامەیەکی گەورەی بۆ نوێكردنەوەی مافەكانی وەرگرتن و پەسەندكردنی مافی پەنابەران هەیە، حكومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥-٢٠٣٠ پڕۆسەكە بە دیجیتاڵی بكات، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی AI بۆ خێراكردنی مامەڵەكان و  کەمکردنەوەی کات بۆ ٦ مانگ بۆ بڕیاردان لە قۆناغی یەكەمی دۆسییەكان واتە بڕیاری سەرەتایی، ناویان لێ ناوە Integration from Day One کە دەستپێکردنی فێرکردنی زمان و هونەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لەخۆ دەگرێت و دروستکردنی ناوەندی نوێ كە هەموو ناوچەکان و زۆنەكانی پەنابەران دەگرێتەوە. بەریتانیاش دوای ڕاگرتنی پلانی Rwanda، بەرنامەی نوێی داڕشتووە کە بە Rwanda Alternative ناسراوە، ئەم بەرنامەیە Border Security Command بۆ دروستکردنی ناوەندی تایبەت و قەرەبووکردنەوەی كەلێنەكان بۆ کەمکردنەوەی كەڵەكەبوون (backlog) بۆ ژێر ٥٠,٠٠٠ كەس،  هاوكات زیادکردنی ٢٨٪ لە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی ڕەت دەکرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە وردی هاوکاری زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی پێشكەش دەكات.

بەراوردی سیستەمەکان خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەردوو وڵات دەردەخات؛ ئەڵمانیا سیستەمی یاسایی خۆپارێزی و خزمەتگوزاری تەندروستی بەرفراوانتر پێشكەش دەكات و هەوڵی یەکگرتنی باشتری پەنابەران و تێكەڵكردنیان بە کۆمەڵگە دەدات و پرۆگرامی فێرکردنی جیددیان هەیە، بەڵام پرۆسەكە بەشێوەیەكی ڕێژەیین و كاتەكەی درێژخایەنە، هەروەها زمانی ئەڵمانی بە هۆی قورسیی فێربوونییەوە بووەتە ئاستەنگ و نەبوونی شوێنی کار لە هەندێك كات و شوێندا وەك خاڵی لاواز دەبینرێت. لە بەریتانیا زمانی ئینگلیزی وەك زمانێكی جیهانی ناسراوە، NHS وەک سیستەمی تەندروستی نیشتیمانیی، مێژووی درێژی وەرگرتنی کۆچبەرانی هەیە و سیستەمی یاسایی Common Law وەك خاڵێكی بەهێز پشتیوانی دەكرێت، بەڵام گرفتی گەورە سنووردارکردنی مافی کارکردن و سیاسەتی توندی گەڕانەوە و کەمیی پرۆگرامی یەکگرتنە كە ئەمانە تێكڕا وەك خاڵی لاواز دەژمێردرێن.

لە کۆتاییدا دەكرێت بڵێین هەر دوو سیستەم ئاستەنگ و لێهاتوویی باشیان هەیە؛ بە شێوەیەكی گشتی ئەڵمانیا سیستەمێکی داڕێژراوتر و یەکگرتووی باشتری هەیە، لە کاتێکدا بەریتانیا لە یەكلاكردنەوەی دۆسییەكان و پێدانی مافی كاركردن خێراتر و كارایە. هەر دوو وڵات پێویستیان بە چارەسەری ئاستەنگەکانی پشتگریی دۆسێی پەنابەران هەیە و پێویستە خێراتر پرۆسەکان بۆ باشترکردنی دۆخی پەنابەران یەكلایی بكەنەوە. ئەم بەراوردکاریە نیشاندەری ئەوەیە هەر چەندە هەردوو وڵات وەك دوو ناوەندی گەورەی وەرگرتنی پەنابەران، بەشداریی هەمان پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن و پەیوەستن بە چوارچێوەی یاساكانەوە، بەڵام شێوازی جێبەجێکردن و بەرنامەی سیاسییەکان کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ژیان و داهاتووی ملیۆنان پەنابەر هەیە.

تێبینی: ئەم بەراوردە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەیە كە تاكو ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ئامادەکراوە.

سەرچاوەکان

 

 

Send this to a friend