كۆچی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا؛ وردبوونەوەیەک لە دەیتا و ئامارەكان
وەرگێڕان و ئامادەكردن: ئایندەناسی
دیاردەی کۆچی کۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بە یەكێک لە گرنگترین دیاردە مرۆیی و شارستانییەكانی سەدەی بیست و یەک دادەنرێت. ئەم کۆچە وێڕای چەندین پاساوی لاوەكی، جۆرەها هۆكاری جیاوازی وەک: جەنگی بەردەوام، ناسەقامگیریی سیاسی، تەنگەژەی ئابووری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی… هتد؛ لەخۆ دەگرێت. ئەم توێژینەوەیە تایبەتە بە دیاردەی کۆچ و کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا، بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا، بە پشتبەستن بە نوێترین ئاماری فەرمیی یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندی کۆچی تێکەڵ (Mixed Migration Centre) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
بە پێی نوێترین ئامارەكانی ناوەندی كۆچی تێكەڵ، کۆی گشتیی چوونە نێو خاكی ئەورووپا تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٩٩,٢٠٠ کەس بووە. ئەگەرچی ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کەمترە کە خۆی دەبینییەوە لە نزیکەی ٢٧٠,٧٠٠ کەس. ئەم دابەزینە لە ڕێژەی کۆچدا دەکرێت بۆ چەندین هۆکاری وەک سیاسەتە نوێ و سەختگیرەکانی یەکێتیی ئەورووپا بگەڕێنرێتەوە، لەگەڵ کۆنترۆڵی توندتری سنوورەکان و گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسیی هەندێک وڵاتانی ناوچەکە.
لە لایەکی ترەوە ئامارە گشتییەكان ئەوە نیشان دەدەن کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٨٧ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی لە ئەورووپا دەژین، کە ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاو نیشان دەدات، بە نزیکەی ١٦% لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە. ئەم زیادبوونە درێژخایەنە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام هێشتا ئەم ئامارە هەموو ڕاستییەکان دەرناخات، چونکە زۆر جار کۆچبەران ڕێگای نایاسایی بەکار دەهێنن یان لە ئامارەکاندا تۆمار ناکرێن. بۆ وێنە کۆچبەرانی سووری، ئەفغانی، عێراقی و کورد، زۆر جار بە شێوەی نایاسایی و بە پاساوی جیاواز و ئامانجی تایبەتی دەچنە ناو خاکی ئەورووپا و لە هیچ ئامار و دەزگایەکی فەرمیی تایبەت بە کۆچ و کۆچبەران ناو و ناونیشانیان تۆمار ناکرێت.
ئامارەكانی كۆچ لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا
بەرمەبنای ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی بەشێكی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، ڕێژە و بڕی كۆچ گۆڕانێكی بەرچاو و هەستپێكراوی تیادا بەدی دەكرێت. بۆ دەستنیشانكردنی بەشێک لەم ڕێژانە، دەكرێت چەند وڵاتێک بە نموونە وەربگرین، لەوانە:
- کۆچبەرانی سووری
کۆچبەرانی سووری بەشی زۆری کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دەهێنن. لە ساڵی ٢٠٢٤، بە پێی ئامارەكانی كۆمسیاریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەكان بۆ پەنابەرەكان (UNHCR)، پێکهێنەری ٣٨.٩٪ی كۆی ڕێژەی ئەو كۆچبەرانە بوون كە گەیشتوونەتە وڵاتی یۆنان، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤دا وڵاتی یۆنان زیادبوونێکی بەرچاوی لە ژمارەی کۆچبەرانی سووری بەخۆوە بینیوە. لەم ساڵەدا ٦٢,٠٢٢ کەس گەیشتنە یۆنان، کە زیادبوونێکی ٢٧% یە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کە ٤٨,٧٢١ کەس بوون. لە نێو ئەم ژمارە زیادبووەدا سوورییەکان پێکهێنەری ٣٨.٩ % گەیشتووانیان بوون، کە ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە سوورییەکان هێشتا گرنگترین گرووپی کۆچبەرن کە بەرەو یۆنان هەڵدێن. هەروەها كۆچبەرانی سووری بە ڕێژەی ٦٤.٥٪ی چوونەتە ناو وڵاتی قوبرس. ئەم كۆچە لە ساڵی ٢٠٢٤دا دابەزینێکی بەرچاوی لە ژمارەی کۆچبەرانی گەیشتوودا تۆمار کرد، بە تایبەت كە لەم ساڵەدا ٦,٠٩٧ کەس گەیشتنە قوبرس، کە دابەزینێکە لە ١٠,٩٢٠ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣. لەگەڵ ئەمەشدا سوورییەکان هێشتا زۆرترین گرووپی کۆچبەری گەیشتوو بوون و پێکهێنەری ٦٤.٥%ی گەیشتووانیان بوون. هەروەها ئیتاڵیا یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی ئەورووپی و دەروازەی سەرەكیی گەشتنی كۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا. لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦٦,٤٧٥ کەس لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، کە ئەمەش دابەزینێکی گەورەی ٤٢% بەراورد بە ١٥٧,٦٥١ کۆچبەر لە ساڵی ٢٠٢٣دا. هەروەها لە نێوان کانوونی یەکەم و کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، سوورییەکان پێکهێنەری ١٩%ی كۆچبەریان لە خاكی ئیتاڵیا پێک هێناوە.
زیاتر لەوە، پاش کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤، ”UNHCR” لە ڕاپۆرتێكدا دەربارەی كۆچبەرانی سووری، ڕایگەیاندووە كە زیاتر لە ١.٤ ملیۆن هاوڵاتیی سووری گەڕاونەتەوە ماڵەكانی خۆیان، بەڵام هێشتا نزیکەی ٣ ملیۆن پەناهەندەی سووری لە ئەورووپا دەژین. ئەم گەڕانەوەیە بەرچاو و خێرایە نیشانی ئەوە دەدات کە زۆرێک لە سوورییەکان هەمیشە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمانی خۆیان هەبووە، بەڵام شەڕ و کوشتار و ناسەقامگیریی ئەمنی ڕێگرییان لێ کردوون.
- کۆچبەرانی ئەفغانی
ئەفغانستان دووەم وڵاتی سەرەکیی كۆچوڕەوی هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. بە پێی بەشێک لە ئامارە فەرمییەكان لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ئەفغانییەکان ٢١.٦٪ی تێكڕای پەنابەرانی وڵاتی یۆنان پێک دەهێنن، بە تایبەت دوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە لە ئابی ٢٠٢١، کۆچی ئەفغانییەکان بۆ ئەورووپا زیادی کرد، بە تایبەت ژنان و منداڵان کە لە مافەکانیان بێبەش کراون. زۆرێک لە ئەم کۆچبەرانە پیاوانی گەنجن پاش ئەوەی لە خزمەتی سەربازی هەڵدێن، یان لە ترسی سزادان بۆ کارکردن لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بە ناچاری كۆچ دەكەن. ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەفغانستان نەک تەنها پەناهەندەی ئایینی و عەقیدەیی هەیە، بەڵکوو پەناهەندەی سیاسییش بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەرهەم دەهێنێت.
سووری و ئەفغانییەکان زۆرترین داواکاریی پەناهەندەییان پێشکەش کرد لە هەردوو ئەو ماوەیەدا، سەرەڕای کەمبوونەوەی داواکارییەکانیان. بە شێوەیەكی گشتی خواستی سوورییەکان کەمبوونەوەیان بە ٤١% بینی، لە کاتێکدا ئەفغانییەکان کەمبوونەوەیان بە ٢٢ لە سەددا تۆمار کرد. ئەفغانییەکان دووەم گرووپی گەورە بوون لە ڕووی بوونی نایاسایی هاوڵاتییانی لە یەکێتیی ئەورووپا كە ڕێژەكەی ١١٣,٠٠٠ کەس بووە.
- کۆچبەرانی عێراقی و کورد
کۆچی عێراقییەکان بە تایبەت کورد، سێیەم گرووپی گەورەی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا پێک دەهێنن. بە پێی ئامارەکان لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤-٢٠٢٠)، نزیکەی ٧٠%ی داواکارانی پەناهەندەیی عێراقییەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا كوردن، هەروەها لە بەریتانیاش نزیکەی ٦٥-٧٠٪ی كۆچبەرانی عێراقی كوردن. جیا لەوانە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیكەی ١٢١,٥٠٠ هاوڵاتی عێراقی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەورووپا و داوای پەناهەندەییان لە یەكێک لە وڵاتەكان كردووە. ئەم ڕێژەیە بەرزترین ئاماری ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەكانی بواری كۆچ بووە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هاوڵاتییە عێراقییەكان لە مێژووی كۆچ و كۆچبەری لەو وڵاتەدا، ئەمەش دوای دەركەوتنی ”داعش” و دەستپێکردنی شەڕی بەرفراوان لە عێراقدا. لەگەڵ ئەوەدا نیوەی کۆچبەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا کوردن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە ئاستی كۆچكردنی كورد لەو وڵاتە یەكجار بەرزە، ئەویش بە هۆی چەوساندنەوە و پەراوێزخستنی نەتەوایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی و خراپیی دۆخی ئابووری و بژێویی ژیانیان بووە.
ڕێكخراوەكانی بواری كۆچ لە ڕۆژئاوا، ئەوەیان تێبینی كردووە كە دیاردەی كۆچ لە نێو عێراقییەكان و كورد بە تایبەتی لە هەڵكشانی بەردەوامدایە. بۆ وێنە؛ لە نێوان ساڵانی (١٩٩٢-١٩٩٥)دا داواکارییەکانی ساڵانەی پەناهەندەیی عێراقی لە ئەورووپا لە نێوان ١٠,٠٠٠ و ٢٠,٠٠٠ کەس بوو، بەڵام لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨دا ژمارەکە زیاتر لە ٤٠,٠٠٠ کەس بووە و تا ئێستا ئەم هەڵكشانە بەردەوامە.
کۆچکردن بۆ یەکێتیی ئەورووپا
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٥.١ ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاتوونەتە یەکێتیی ئەورووپا، بەم پێیە كۆچكردن بۆ یەكێتیی ئەورووپا دوو هێندە زیادی كردووە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا؛ ٢.٤ ملیۆن كەس بووە. لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، جگە لە لۆکسمبۆرگ و سلۆڤاکیا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٠% یان زیاتری کۆچبەران لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاتوون. بەم پێیە دیارترین ئەو وڵاتانەی کۆچبەرانی ناو یەکێتی ئەورووپا بوون لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بریتی بوون لە:
- ئەڵمانیا (1.6 ملیۆن کەس یان 31%ی هەموو ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاتوونەتە یەکێتیی ئەورووپا)
- ئیسپانیا (860 هەزار كەس یان 17%)
- ئیتاڵیا (334 هەزار كەس یان 7%)
- چیک (331 هەزار كەس یان 6%)
- فەڕەنسا (317 هەزار كەس یان 6%)
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانەی کە کۆچیان کردووە بۆ ٥ ئەندامەكەی یەکێتیی ئەورووپا، ٦٧%ی هەموو ئەو کۆچبەرانەیان پێک هێناوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاتوونەتە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە.
هێڵكاریی داواكاریی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بە پێی ئاماری مانگی ئایاری ساڵی 2025
سەرچاوە: ئاژانسی یەكێتیی ئەورووپا بۆ پەنابەران
بە پێی ئەم هێڵكارییە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا یەکێتیی ئەورووپا ٦٤ هەزار داواکاریی پەنابەریی وەرگرتووە، کە ئەمەش بە بەراورد بە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بەرەو دابەزین دەڕوات.
دوابەدوای دەرکردنی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، داواکارییەکانی سووریا لەناکاو دابەزین بە ڕادەیەک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا نەبووەتە باوترین ڕەگەزنامەی پەناخوازان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ كەمبوونەوەی داخوازیی هاوڵاتییانی سووری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. لە مانگی شوباتەوە ئەڵمانیا بووەتە سەرەکیترین شوێن لە یەکێتی ئەورووپادا، دواتر ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ داواکاریی زیاتریان وەرگرتووە.
ژمارەی ئەو دۆسیەیانەی کە چاوەڕوانی بڕیاری قۆناغی یەکەم بوون لە ئاستێکی پێوانەیی نزیکدا ماوەتەوە، کە ٩٢٨ هەزار کەیسیان لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا هەڵپەسێردراون. مەزەندە دەکرێت کە کۆی ژمارەی ئەو کەیسانەی کە لە تانەدان یان پێداچوونەوەدان یان چاوەڕوانی بڕیارێک بوون، لە کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا (نوێترین زانیاری) نزیکەی ١.٣ ملیۆن حاڵەت بووە.
لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا نزیکەی ٤.٤ ملیۆن کەس سوودمەند بوون لە پاراستنی کاتی لە یەکێتیی ئەورووپا، دوای ئەوەی لە داگیرکاریی تەواوەتیی ڕووسیا بۆ ئۆکراین هەڵهاتن. زۆربەی سوودمەندەکان لە لایەن ئەڵمانیا و پۆڵەندا میوانداری کران، بەڵام چیک زۆرترین سوودمەندی سەرتاسەریی میوانداری کرد.
هێڵكاریی ڕێژەی وڵاتانی كۆچبەر و پەناخوازی ئەورووپا لە ساڵی 2022دا
سەرچاوە: ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچبەران
کۆچبەرانی سەر بە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
چەندین وڵاتی تر هەن كە بەشدارییان لە ڕێژەیەكی بەرزی كۆچی ڕۆژهەڵاتییەكان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، لە نموونەی ئێرانییەکان، پاکستانییەکان و یەمەنییەکان. ئێرانییەکان پێکهێنەری ٦.٢٪ی پەناهەندەیی وڵاتی قوبرس بوون تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا، یەمەنییەکانیش ٣٪ی گەیشتووانی یۆنان بوون. ئەم کۆچانە زۆر جار بە هۆی پەراوێزخستنی سیاسی، ئایینی یان نەتەوایەتی و هەروەها دۆخی نالەبار و ئابووری؛ شوێن و ماڵی خۆیان دەگوازنەوە و نیشتمانی خۆیان بە یەكجاری جێ دەهێڵن.
- ناوچەكانی ڕۆژئاوای باڵكان
دۆڵی ڕۆژئاوای باڵکان یەک لە گرنگترین ڕێڕەوە وشكانییەكانە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا. لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی کۆچبەران لە ڕێڕەوی ڕۆژئاوای باڵکان تاكوو ئەندازەیەک دابەزینی بەرچاوی بە ڕێژەی 78% بەخۆیەوە بینیوە، بەراورد بە ساڵی پێشوو كە كۆی ٢١,٥٢٠ کەس بوو. ئەم دابەزینە بەرچاوە لە ژمارەی کۆچبەراندا دەکرێت بۆ چەندین هۆکار وەک سیاسەتی توندی وڵاتانی ئەم ناوچەیە و هەروەها کۆنترۆڵی باشتری سنوورەکان بگەڕێتەوە. هەروەها لە نێوان کانوونی یەکەم و تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، سێ نەتەوەی سەرەکی کە ئەم ڕێڕەوەیان بە شێوەیەكی بەرچاو بەکار هێناوە، ئەوانیش سووری، تورکی و ئەفغانی بوون، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە سەرەڕای دابەزینێكی گشتیی ئاستی كۆچ لەم ناوچەیە، ئەم سێ نەتەوەیە بە هۆكاری جوگرافی؛ هێشتا زۆرترین بەکارهێنەری ئەم ڕێڕەوەن.
- ڕێڕەوی سنووری رۆژهەڵات
لە بەرانبەر دابەزینی ڕێڕەوەکانی تری کۆچدا، ڕێڕەوی سنووری ڕۆژهەڵات زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆوە دیوە. ژمارەی گەیشتووان لە ڕێڕەوی سنووری رۆژهەڵات بە ڕێژەی سێ هێندە زیادی كردووە، واتە بە ڕێژەی ١٩٢% بۆ ١٧,٠٠١ کەس تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا. سێ نەتەوەی سەرەکی کە ئەم ڕێڕەوەیان بەکار هێنا، بریتی بوون لە ئۆکراینی، ئەتیۆپیایی و سۆماڵی. ئەم زیادبوونە لە ڕێڕەوی ڕۆژهەڵاتدا دەکرێت بۆ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین و نائارامی لە هەندێک وڵاتانی ئەفەریقی بگەڕێتەوە، ئەمەش وای کردووە کۆچبەران ڕێڕەوی جیاواز بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بدۆزنەوە.
هۆکارەکانی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
كۆچی دانیشتووانی ڕۆژهەڵات بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا؛ چەندین هۆكاری جۆراوجۆری هەیە كە بە پێی ڕاپۆرتی بەشێک لە دامەزراوە و ڕێكخراوەكانی بواری كۆچ گرنگترینیان بریتین لە:
- کاریگەریی جەنگ و شەڕی چەکداری
جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی کۆچی بەكۆمەڵن. شەڕی سووریا کە لە (٢٠١١)ەوە دەستی پێ کرد، بووە هۆی ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس، هەروەها ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و دواتر گەشەسەندنی گرووپی داعش لە ٢٠١٤، بووە هۆی ئاوارەکردنی ملیۆنان عێراقی و کورد. کاریگەریی جەنگی ئەفغانستانیش کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بەردەوام بوو، بووە هۆی ئاوارەکردنی ملیۆنان ئەفغانی. ئەم جەنگانە نەک تەنها خراپبوونی ئاسایش و سەلامەتیی بەدوادا هاتووە، بەڵکوو تێکچوونی بناغەکانی ژیان وەک خوێندن، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیشی بەدوادا هاتووە. زۆر جار خێزانەکان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ منداڵەکانیان و ڕزگارکردنیان لە شەڕ و توندوتیژی، وڵاتەکەیان جێ بهێڵن.
- ناسەقامگیریی سیاسی و چەوساندنەوە
قووڵبوونەوەی ناسەقامگیریی ڕەوشی سیاسی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بووە هۆی کۆچی بەكۆمەڵ و بەرفراوان. لە سووریا حکومەتی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەڵکی سووریای دەچەوساندەوە، لە عێراقیش دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و سەددام حسێن، وڵاتەکە بووە مەڵبەندی گەرا و گەشەكردنی تیرۆریستان و هێزە فرە ئایینی و مەزهەبییە توندڕەوەكان، ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییە تایبەت بە کەمینەکان زیانبەخشتر بووە، وەک کوردانی عێراق و سووریا، کریستیانەکان و ئێزیدییەکان کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و کوشتاری بەكۆمەڵ بوونەتەوە. بە پێی ئامارەکان، نزیکەی ٧٠٪ی داواکارانی پەناهەندەیی لە عێراق لە ئەڵمانیا کوردن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە گەلی کورد بە هۆی چەوساندنەوە و پەراوێزخستنی نەتەوایەتی؛ ناچار بە جێهێشتنی نیشتمانەكەی خۆیان دەبن.
- قەیرانی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی كار
نەبوونی دەرفەتی كار و هەژاریی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەمیشەیی بووەتە هۆی کۆچی ئابووری و جێهێشتنی ناچاری لە پێناو دابینكردنی بژێویدا، نەبوونی کار، دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی دارایی زۆرێک لە وڵاتانە، لەگەڵ گرانی و دابەزینی کواڵتیی ژیان؛ بوونەتە هۆی ئەوەی کە گەنجان بە ناچاری و بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باش ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بكەن. بە پێی ئامارە فەرمییەكان نزیکەی ٨٧ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی لە ئەورووپا دەژیان تەنها لە ٢٠٢٠دا، كە بە نزیكەی ١٦% زیادی كردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥. کۆچی ئابووری زۆر جار تێکەڵی کۆچی سیاسی و هونەرییش دەبێت، چونکە خوێندکارانی زانکۆ، پزیشک و ئەندازیار و هونەرمەندان بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی پێشکەوتن لە ئەورووپا؛ وڵاتەکەیان جێ دەهێڵن.
- کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی کۆتاییدا بووە هۆکارێکی نوێ بۆ دیاردەی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وشکەساڵی لە عێراق، سووریا و ئەفغانستان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ئاو بوونەتە هۆی ئەوەی کە جووتیارەکان نەتوانن زەوی و کشتوکاڵ و كاری وەرزێریی خۆیان لە پێناو بژێویی ژیانیاندا ئەنجام بدەن، ئەمە لە كاتێكدا پاڵپشتییەكی ئەوتۆی حكومییان نییە. هەر بۆیە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە ناچاری زەوییە كشتووكاڵییەكانیان جێ دەهێڵن و کۆچ بۆ شارەکان یان دەرەوەی وڵات دەكەن. توێژینەوە نوێیەكان ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت لە ماوەی (٢٠٢١-٢٠٣٠)دا کاریگەریی گەورە لە سەر ئاڕاستەی کۆچ لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و ئەورووپا دابنێت.
هۆکارە تایبەتەکان بۆ بەشێک لە پێكهاتە نەتەوەییەكانی ڕۆژهەڵات
- کورد
کورد لە هەر چوار وڵاتی دابەشکراوی (تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا)دا ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بوونەتەوە. لە تورکیا بۆ ماوەی چەندین دەیە شەڕی نێوان ”PKK” و حکومەتی تورکیا بووەتە هۆی ئاوارەکردنی سەدان هەزار کورد. لە ئێرانیش دانیشتووانی كورد لە زێدی خۆیان بە هۆی چالاکیی سیاسی و کولتوورییانەوە ڕووبەڕووی سزا و تاوانبارکردن دەبنەوە. لە عێراق سەرەڕای هەبوونی هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی فیدراڵ، هێشتا کێشەی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا هەیە، هەروەها نزیکایەتیی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدەها هەزار دانیشتووانی کورد. لە سووریاش کورد کە زۆربەیان لە ناوچەی باکووری ئەو وڵاتە دەژین، ڕووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی پشتگیریکراو لە تورکیاوە دەبنەوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە نەتەوەی كورد ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی سیاسی، ئابووری و نەتەوایەتی دەبنەوە.
- سوورییەکان
کۆچی سوورییەکان سەرەتا بە ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبیی ٢٠١١ دەستی پێ کرد، کە بووە شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی. لە کاتێکدا کە سوورییەکان پێکهاتەیەکی جیاوازن کە عەرەب، کورد، تورکمان، ئەرمەن، سەرانی و کەمینەکانی تری تێدایە، هەریەکەیان هۆکاری جیاوازی کۆچیان هەیە، لەم نێوەندەدا كورد لە سووریادا بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووبەڕووی هێرشی تورکیا و گرووپە پڕۆکسییەکان بوونەتەوە، لە کاتێکدا عەرەبەکان زیاتر بە هۆی شەڕی ناوخۆیی و کوشتار ناچار بە کۆچ بوون.
- ئەفغانییەکان
کۆچی ئەفغانییەکان پەیوەستە بە شەڕی چوار دەیەی ناوخۆی ئەو وڵاتە، کە لە (١٩٧٩)ەوە دەستی پێ کرد. دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ٢٠٢١، بە تایبەت ژنان، منداڵان و ئەو پیاوانەی لەگەڵ هێزەکانی نێودەوڵەتی كاریان كردبوو، ڕووبەڕووی مەترسیی ژیان بوونەتەوە. زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەفغانی هونەرمەند و خوێندکاری زانکۆن، کە دەتوانن بەشدارییەکی باش لە ئابووریی ئەورووپادا بکەن.
سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر کۆچ
یەكێتیی ئەورووپا لە هەوڵێكی بەردەوامدایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕێژە و بڕی كۆچی یاسایی و نائاسایی لە وڵاتانی ئەورووپادا، بۆ ئەم مەبەستە ساڵانە چەندین ڕێگە و شوێنی پەیوەست بە دۆسیەی كۆچ و كۆچبەران دەگرێتە بەر، لەم نێوەندەدا چەندین هەنگاوی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر، لەوانە:
- سیاسەتی دەرکردن و گەڕاندنەوە
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵانی کۆتاییدا بەرانبەر کۆچ سیاسەتێکی سەختگیرانەی وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا سیاسەتی دەركردن و ڕەتكردنەوەی پەنابەریان گەیاندووەتە ئاستێكی بەرز، چونکە تەنها نزیکەی ١٩%ی ئەو كەسانەی کە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەكراوە؛ لە ماوەی سێ مانگدا گەڕێنراونەتەوە، بەم پێیە یەکێتیی ئەورووپا پلانی بۆ دامەزراندنی ”ناوەندەکانی گەڕانەوە” داناوە كە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی کۆچبەران دەركراون، لە کاتێکدا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان دەكەن. ئەم سیاسەتەش پشتیوانییەكی بەهێزی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بەدەست هێناوە، چونکە مەترسیی پێشێلکردنی مافەکانی پەناهەندەكان؛ ئەگەرێكی بەردەوامە.
- سیاسەتی پاراستن بە شێوەیەكی كاتی
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ”بەرنامەی پاراستنی کاتی”ی بۆ پەناهەندەی ئۆکراینی جێبەجێ کرد، کە ئاسانکارییەکی بێوێنەی پێشکەش کرد، بەڵام ئەم جیاوازییە لە مامەڵە لەگەڵ پەناهەندەی ئۆکراینی و ئەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی ڕەخنەی بەرفراوان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. لەم دواییەشدا بە هۆی گریمانەی کۆتاییهاتن و وەستاندن و خاوبوونەوەی شەڕی ئۆکراین و ماندووبوونی ئابووری، هەندێک وڵات وەک نەرویج و سلۆڤاکیا پشتگیرییان بۆ پەناهەندی ئۆكراینی كەم كردووەتەوە.
لە ١٣ی کانوونی دووەمی 2024دا، ئەنجوومەنی داد و کاروباری ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا ڕێنمایی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی پەسەند کرد. لە نێو بڕگەکانی دیکەدا، یاساکە پێناسەکانی ئێستا فراوانتر دەکات و سزای توندتر بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە پەیوەندییان بە تاوانەکانەوە هەیە. بەڵام نیگەرانیی جددی هەیە کە بتوانێت زیاتر ئەو کەس و ڕێکخراوانە ئاشکرا بکات کە خزمەتگوزارییە مرۆییە بنەڕەتییەکان پێشکەش دەکەن. بەڵام هیچ مەرجێکی یاسایی پابەندکەر لە دەقەکەدا نییە بۆ ڕێگریکردن لە واژۆکاران لە بەکارهێنانی بڕگەکانی بۆ دادگاییکردنی کۆچبەران و ئەو کەسانەی کە یارمەتییان دەدەن.
- ڕاگرتن و كەمكردنەوەی داواکارییەکان
دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤دا، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا داواکارییەکانی پەناهەندەیی هاوڵاتییانی سوورییان ڕاگرت، ئەم بڕیارەش پرسیاری گەورەی لە سەر دۆخی نزیکەی یەک ملیۆن پەناهەندەی سووری لە ئەورووپا دروست کرد. نەمسا زیاتر چووە پێشەوە و بە خێرایی ڕایگەیاند کە دەستی کردووە بە ئامادەکردنی پلانەکان بۆ ”بەرنامەیەکی ڕێکوپێک بۆ گەڕانەوە و دەرکردن”ی نیشتەجێبووانی سووری لە وڵاتەكەی، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشیارییان داوە کە ئەورووپا لە گەڕاندنەوەی پەناهەندەی سووری، چونکە هێشتا دۆخی سیاسی و ئەمنی لە سووریا ناجێگیرە.
ئاماری مەترسییە سەرەكییەكانی كۆچ و ئاسۆی نادیار بۆ پەنابەران
ڕێڕەوەکانی کۆچ بۆ ئەورووپا مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی جیهانن. لە ساڵی ٢٠٢٤دا کۆی گشتیی مردووانی ڕێڕەوی ناوەڕاستی دەریای سپیی ناوەڕاست گەیشتووەتە ١,٧١٧ کەس، لە کاتێکدا ژمارەی گەیشتووان دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ڕێژەی مردن بەراورد بە ژمارەی گەیشتووان بەرز بووەتەوە. لە ڕێڕەوی ڕۆژئاوای ئەفەریقا/ئاتلانتیکیش بۆ جزیرەکانی کاناری، ١,٠٦٢ حاڵەتی مردن تۆمار کراوە، بەڵام ڕاپۆرتی سەربەخۆی دامەزراوەی ”Ca-Minando Fronteras”دا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە نزیکەی ١٠,٤٥٧ کۆچبەر لە دەریا و لە ڕێگەی بەرەو ئیسپانیادا مردوون، ئەمەش بەو واتایەی پێویستی بە چاودێریی نێودەوڵەتی و چارەسەرێكی دەستبەجێ هەیە.
لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە تایبەت كە پەنابەرانی سووری لە پلەی یەكدا دەبینرێن و دوای دەرچوونی دراماتیکیی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە دیکتاتۆریەتی دڕندانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هێنا، ڕۆشنایییەکی خستە سەر داهاتووی زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سووری لە ئەورووپادا. تەنانەت پێش ڕووخانی لەناکاو و چاوەڕواننەکراوی ئەسەد، هەندێک وڵات بەدوای ئەگەری گەڕانەوەی هاوڵاتییانی سووریادا دەگەڕان بە پاساوی ئەوەی کە دەتوانرێت بەشێک لە سووریا بە “خاكی سەقامگیر” هەژمار بکرێت. بۆ نموونە هەردوو وڵاتی دانیمارک و هەنگاریا پێشتر لە سەر ئەم بنەمایە مافی نیشتەجێبوونی هەندێک لە پەنابەرانی سووریایان هەڵوەشاندەوە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، حەوت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا داوای هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی سووریا دەکرد بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا، بە تایبەتی ئیتالَیا، تەنانەت هەوڵی دابوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانەوە لە ماوەی ساڵەکەدا بگۆڕێت. بە پێی زانیارییەکان، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پەیوەندییە دەستەبەرکردن و دروستکردنی ناوچەیەکی سەلامەت بووە لە سووریا بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ڕژێم.
لەم چوارچێوەیەدا زۆرێک لە وڵاتان لە سەرانسەری ئەورووپا وەڵامیان دایەوە و بە خێرایی داواکارییەکانیان بۆ هاوڵاتییانی سووریا ڕاگرت. نەمسا لەوە زیاتریش ڕۆیشت و لە ڕۆژی دوای ڕووخانی ئەسەد ڕایگەیاند کە دەستی کردووە بە ئامادەکردنی پلان بۆ “بەرنامەیەکی ڕێكوپێکی گەڕانەوە و دیپۆرتکردنەوە”ی هاوڵاتییانی سووری لەو وڵاتە. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەڵمانیا کە میوانداریی زۆرترین دانیشتوانی سووریا دەکات، چۆن وەڵام دەداتەوە؟ بەو پێیەی کۆچ لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە پرسێکی سیاسیی زۆر دابەشکەر لە ناو ئەڵمانیادا، لە ئێستاشدا پاڵپشتییەکی بەرچاوی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە پارێزگاریکردن لە سووریاییەکان تەنانەت پێش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد. دواتر حکومەتی ئەڵمانیا پلانێکی چوار خاڵیی بۆ هاوڵاتییانی سووری لە وڵاتەکەدا بڵاو کردەوە کە وێڕای ڕێگەدان بە “مانەوەی ئەو كەسانەی كە حكومەت پەسنی كردوون، هەمان كات ئەو بڕگانەش بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو كەسانە دەخاتە ڕوو كە کۆمەڵەی تاوانکاری یان توندڕەویان هەیە، جگە لەوەش كاری كرد بۆ دانانی بەرنامەیەکی تایبەت بۆ گەڕانەوەی ئەو خۆبەخشانەی كە دەیانەوێت ئەڵمانیا بەجێ بهێڵن”.
سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نادیار لە سووریا، یەكێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدات لە پەلەكردن لە گەڕانەوەی هاوڵاتییانی سووری، بە هەمان شێوە هیومان ڕایتس وۆچ سەرنجی بۆ “دۆخی ناجێگیری سووریا و بەردەوامیی شەڕ لە هەندێک ناوچەی وڵاتدا ڕاکێشاوە. ”UNHCR” لە دوای ڕووخاندنی ئەسەد بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و دان بەو خواستەدا دەنێت کە ڕەنگە زۆرێک لە سوورییەکان هەستی پێ بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان و دەستخستنی كار بۆ بژێویی ژیانیان، بەڵام “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی دانیشتووانی سووریا دەبێتەوە”. ”قەیران، بەردەوامیی ئاستی بەرزی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و وێرانکاری و زیانگەیاندنی بەرفراوانی ماڵ و ژێرخانی گرنگ دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.”
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێشتا كاربەدەستانی یەكێتیی ئەورووپا لەو باوەڕەدان ساڵانە لە سنوورەکانی ئەورووپا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبینەوە کە پێویستیان بە وریایی و گونجانی بەردەوام هەیە. لە کاتێکدا کە ساڵی ٢٠٢٤ کەمبوونەوەی بەرچاوی دەروازە سنوورییە ناڕێکەکانی بەخۆیەوە بینی، هەروەها ڕێكخراوی كۆچبەران لە یەكێتیی ئەورووپا تیشک دەخاتە سەر گۆڕانێكی مەترسیدار و داینامیكی بەوەی كە دەسەڵاتدارانی سنوورەکان لە سەرانسەری ئەورووپا دەبێ ئامادە و نەرمونیان بن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرانە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە پەرەسەندووانە ببنەوە. پابەندبوون بە پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا، لە هەمان کاتدا بەرزترین ستانداردەکانی مرۆڤایەتی و هاوکارییە.
لە کاتێکدا ئامارەکانی کۆچی ناڕێک لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنەکانە، بەڵام ئاستەنگەکان هەر وا ماونەتەوە. تۆڕەکانی قاچاخچێتی خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێدا دەگونجێنن و ڕەوتی کۆچکردن دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە کە توندوتیژی لە لایەن قاچاخچییەکانەوە بە درێژایی ڕێگای بەڵکانی ڕۆژئاوا زیاد دەکات و پەرەسەندنی ناسەقامگیر لە ناوچە و كەناراوەكاندا هێشتا بەردەوامە لە پاڵنانی کۆچکردن بەرەو ئەورووپا.
سەرچاوەكان
- Mixed Migration Centre (MM- Quarterly Mixed Migration Update: Europe Quarter, 2024, https://mixedmigration.org/inc/uploads/2025/02/QMMU-2024-Q4-Europe.pdf
- Eurostat – Migration and asylum in Europe – 2024 edition https://ec.europa.eu/eurostat/web/interactive-publications/migration-2024
- Frontex – Irregular border crossings into EU drop sharply in 202 https://www.frontex.europa.eu/media-centre/news/news-release/irregular-border-crossings-into-eu-drop-sharply-in-2024-oqpweX
- Nature Scientific Data – Experts’ assessments of migration scenarios between the Middle East & North Africa and Europe, https://www.nature.com/articles/s41597-023-02532-1
- European Union Agency for Asylum (EUAA) – Latest Asylum Trends https://euaa.europa.eu/latest-asylum-trends
- IOM World Migration Report – Europe Chapter 2024, https://worldmigrationreport.iom.int/what-we-do/world-migration-report-2024-chapter-3/europe
- USA for UNHCR – Refugee Statistics, https://www.unrefugees.org/refugee-facts/statistics/
- Euronews – Number of refugees and asylum seekers in Europe keeps rising, data shows (September 2024), https://www.euronews.com/my-europe/2024/09/04/number-of-refugees-and-asylum-seekers-in-europe-keeps-rising-data-shows