كۆچ؛ دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وام و دەروازەی دەرفەتەکان
د. یوسف گۆران
هه‌ر چه‌نده دیارده‌ی كۆچ له دێرزه‌مانه‌وه بە گەڕانی مرۆڤ به‌دوای ژینگه‌یه‌كی باشتر و ئارامتر بۆ گوزه‌ران و مانه‌وەیەوە په‌یوه‌ست بووه، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه له سه‌رده‌می مۆدێرندا و به تایبه‌تی له ٣٠ ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی دیکە و فره‌لایه‌نه‌ی وەرگرت.
چه‌ندین هۆی سه‌ره‌كی بۆ دیارده‌ی كۆچ، چ کۆچی تاكەکەسی و چ کۆچی کۆمەڵی بێت، به پێی سه‌رده‌مه‌كه له‌ئارادا بووه، ڕه‌نگه گرینگ‌ترینیان هۆی ئابووری و گه‌ڕان به‌دوای خۆشگوزه‌رانییەوە بووبێت و یاخود جەنگەکان و گه‌ڕان به‌دوای ئارامی و ئۆقره‌ییەوە هۆیەکی دیکە بووبێت. به‌ڵام له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا به هۆكاری گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و قاتوقڕی و گۆڕانكاری لە ژینگه‌ی جیهانیدا و به تایبه‌ت له ئه‌فەریقا، ئاسیا و ئه‌مەریكای باشووردا، هۆیەكی دیکەی سه‌ره‌كی بۆ كۆچ بووبێت و سه‌ره‌نجام به‌رپابوونی نائارامی و شه‌ڕوشۆڕی لێ كه‌وتووەته‌وه.
كۆمه‌ڵگەی كوردستانی به هۆی پێگه جوگرافییه‌كه‌ی له چەقی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌رده‌وام ڕووبەڕووی دیارده‌ی كۆچ بووەتەوە، له لایه‌ک نەتەوە هاتووەکانی نێوچه‌كه به تایبه‌ت تورک و عه‌ره‌ب، به هۆكاری جیاواز یان هاتوونه‌ته كوردستان، یان پیایدا تێپه‌ڕیون، كه سه‌ره‌نجام گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیمۆگرافی و كولتووریی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. گه‌ر له دوای ده‌ركه‌وتنی ئیمپڕاتۆریای بێزه‌نتی و داگیركردنی باکووری كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆری كوردستانیانیش یان به زۆره‌ملێ یان به هۆكاری جیاواز بۆ نێوه‌ڕاستی ئه‌نادۆڵ و توركیای هەنووکە كۆچیان كرد. ئه‌وه‌ش بۆخۆی به‌ڵگه‌یه كه كۆچكردنی كوردانی كەفكاس له سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاست به‌ره‌و سووریا و میسڕ و فه‌ڵه‌ستین و عێراقی عه‌ره‌بی، گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی سیاسی و مێژوویی له چه‌شنی ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبی و ده‌ركه‌وتنی سه‌ركرده سه‌ڵاحه‌دینی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا.
به‌ڵام له ڕووی مێژووییه‌وه دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، كه له سه‌ر بنه‌مای كولتووری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست دامه‌زرا، ئه‌م دیارده‌یه زیاتر هه‌ستی پێ كرا و ده‌ركه‌وت، چونكه ئه‌گه‌ر پێشتر ئایین تاقه پێوه‌ری جیاكردنه‌وه‌ی شوناسی هاوڵاتییان بووبێت، ئه‌وا به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئینتیمای كولتووریی ئیتنیی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌هه‌ندی جیاكاریی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا و پڕۆسه‌ی تێكه‌ڵبوونی تاكه غه‌ریبه‌كان (كۆچبه‌ران)ی كۆمه‌ڵگای قورس‌تر و ئه‌سته‌متر کرد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک و ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه به “بەجیهانیبوون” ناسرا و ده‌ستی پێ كرد، دیارده‌ی كۆچ ڕه‌هه‌ندی گه‌وره و مه‌ترسیداری به‌خۆوه بینی. ده‌رئه‌نجامی به‌جیهانیبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنەلۆژیای په‌یوه‌ندیكردن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هاوڵاتییانی جیهان به ئاسانی ئاگایان له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و ئاستی كۆمه‌ڵگەكان و ته‌نانه‌ت شێوازی هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن بۆ نێوچه ئارام و خۆشگوزه‌رانییه‌كانی جیهان بوو، كه بووه پاڵنه‌ری به‌هێز بۆ كۆچكردن بەرەو دنیای ڕۆژئاوا. ئه‌م دیارده جیهانییه به تێكچوونی ژینگه و دۆخی كه‌مئاوی و به‌بیابانبوون هێندەی تر قووڵ و چڕ بووەوە. بۆیه هەنووکە ده‌توانین بڵێن نائارامیی سیاسی و ئاسایشی و هه‌ژاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌ڕه بێكۆتاكانی په‌یوه‌ست به تێكچونی ژینگه و كێبڕكێی سیاسی؛ هۆی سه‌ره‌كیی دیارده‌ی كۆچی جیهانین.
ڕه‌هه‌ندێكی دیکەی كاریگه‌ریی ئه‌م دیارده‌یه له تێكدان و گۆڕینی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییەکانە له وڵاته خانەخوێکاندا، به تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مەریكا به هۆی زۆریی ژماره‌ی كۆچبه‌ران كه كولتوور و دابونه‌ریتی جیاوازیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناوه، كۆمه‌ڵگە خانەخوێکانی تووشی دیارده‌ی نامۆ و جیاواز کردووەتەوە كه پێشتر له نێو به‌ها كۆمه‌ڵاتییه‌كانی خۆیاندا بوونیان نه‌بووه. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا هەڵکشان و به‌هێزبوونی باڵی ڕاستڕەوە پارێزگار (موحافزكار)ەکان كه دژی سیاسه‌تی كۆچ و كولتووره جیاوا‌زه‌كانیانن؛ به‌خۆوه ده‌بینێت كه بێگومان كاریگه‌ریی بە په‌یوه‌ندیی وڵاتانەوە ده‌بێت، به‌ڵكوو ڕه‌نگه خودی كۆمه‌ڵگە ڕۆژئاواییه‌كان تووشی بوومه‌له‌رزه‌ی سیاسی و كولتووری و ئاسایشی بكات و هەرەس بهێنن.
سه‌باره‌ت بە پرسی کۆچ و پەیوەست به كورد و کوردستانەوە، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی سه‌ركوتكردنی شۆڕشه كوردستانییه‌كان له نێوەڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه و به تایبه‌ت له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییەوە ئه‌م دیارده‌یه ده‌ستی پێ كرد، ده‌رپه‌ڕاندن و كۆچكردنی نالی و كوردی دوای ڕووخاندنی میرنشینی بابان و دوورخستنەوەی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان؛ دوو نمونه‌ی نێو ده‌یان نموونه‌ن. به‌ڵام دیاره ئه‌م كۆچكردنه‌ی كوردانیش جگه له هۆكاری سیاسی و شه‌ڕ، پاڵنه‌ری تریشی به‌خۆوه بینیوه. ڕاستە ئێستا نزیكه‌ی ٢ ملیۆن كورد له ئه‌ورووپا ده‌ژین كه ده‌کرێت بڵێین به‌شی پێنجه‌می كوردستانە، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م كۆچكردنه زۆرەملێیه؛ ئه‌م دیارده‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی تاكی كوردستانی و كردنەوه‌ی به ڕووی شارستانیه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندی ڕۆژئاوادا سوودێكی به‌رچاوی هه‌بووه.
وەک کورد گرنگه وه‌ک نه‌تەوه‌یه‌كی كه‌مدۆست و پڕ لە کێشە له جوگرافیای سیاسیی دراوسێكانی نێوچه‌كه، گرنگییه‌كی تایبه‌ت به كوردانی كۆچبه‌ر( دیاسپۆڕا) بدات. ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان كه تاقه ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمیی كورده له سه‌رجه‌م پارچه‌كانی تری كوردستان، به‌رنامه‌ی نیشتمانیی فراوانی هه‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی كولتوور‌و پاراستنی شوناسی كوردانی دیاسپۆڕا و به‌ستنه‌وه‌یان به نیشتمانی دایكه‌وه. گرنگیدان به گه‌نجانی لێهاتووی كورد له ده‌ره‌وه و فه‌راهه‌مكردنی چانسی زیاتر بۆیان، چ له ناوه و چ له ده‌ره‌وه، پێویسته كاری له‌پێشینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێممان بێت. ئه‌گه‌ر پێشتر كۆچ و ئاوارەیی و غه‌ریبی به گوته‌ی شاعیری مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان ”حاجی قادری کۆیی”:
غه‌ریبی غوربه‌تی لێ كردم به ئه‌وتان سه‌راپای دونیای لێ كردم به زیندان
گەر ئەو دەمە هه‌موو دنیای لێ كردبینه زیندان، ئه‌وا ئێستا به هۆی گه‌شه‌كردنی زانست و ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و به‌رنامه‌ی ڕوونی كاركردن له سه‌ر كوردانی دیاسپۆڕا، ئه‌م زیندانه ببێته گۆڕه‌پانێكی فراوان و كراوه و پڕ لە دەرفەت به ڕووی كورد و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگە لە ڕووی سیاسی و زانستی و زیاتر ئاشنابوون به به‌ها دیموكراسی و دامه‌زراوه‌ییه جیهانییه‌كان.