مەهدی بازرگان؛ یەكەم سەرۆك وەزیرانی دوای شۆڕش
د. یاسین عزەم

سەرەتای ژیانی
مەهدی بازرگان لە ١ی ئەیلوولی ١٩٠٧ لە تاران لەدایکبووە. خێزانەکەی لە بنەڕەتدا ئازەری و دانیشتووی شاری تەبرێز بوون. باوکی، عەباس قلی بازرگان، بازرگانێکی سەرکەوتوو و خاوەن بیرۆکەی ڕێفۆرمخواز و دایکیشی لە خێزانێکی ئایینی بوو.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سوڵتانی و ئامادەیی لە “دارلمعلمین”ی ناوەندی لە تاران، كە لە لایەن ئەبولحەسەن فروغییەوە بەڕێوەدەبرا تەواوكرد، بازرگان لە ماوەی خوێندنی ئامادەیی لە ژێر كاریگەری ئەبولحەسەن فروغیدابوو.
خوێندنی زانکۆیی
دوای تەواوكردنی خۆێندنی ئامادەیی، بازرگان توانی زەمالەی شاهەنشاهی بەدەستبهێنێت و لە وڵاتی فەرەنسا درێژەی بە خوێندنی ئەندازیاری كارەبا و تەرمۆدینامیك دا، ماوەی حەوت ساڵ لە فەرنسا مایەوە، دوای تەواوكردنی خوێندنەكەی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا لە ئەندازیاری تەمۆدینامیكدا گەڕایەوە بۆ ئێران.
دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی تاران، دواتریش هەر لەو زانكۆیە وەك مامۆستا و سەرۆكی كۆلێژەكە دەستبەكار بوو.
دەستپێکی چالاکی سیاسی (١٩٥٠-١٩٦٣)
بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی نەوت
قۆناغێکی گرنگ لە ژیانی سیاسی بازرگان پەیوەندی بە بزووتنەوەی خۆماڵیكردنی پیشەسازی نەوتەوە هەبوو، کە لەلایەن دکتۆر محەمەد موسەدەقەوە لە ساڵانی 1950-1953 سەرکردایەتی دەکرا. سەرەتای بەشداری سیاسیی بازرگان دەگەڕێتەوە بۆ كابینەی یەكەمی موسەدەق، كە لە لایەن كەریم سەنجابی وەزیری ڕۆشنبیرییەوە وەك وەكیل وەزیر دیاری كرا، بەڵام لەو پۆستەدا ماوەیەكی كەم مایەوە، چونكە لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە، وەك سەرۆكی تیمی خۆماڵیكردنی كۆمپانیا نەوتییەكانی ئێران دەستنیشان كرا.
بازرگان بە یەكێك لە پاڵپشتە گەورەكانی مسەدەق لە قەڵەم دەدرێت سەبارەت بە پڕۆسەی خۆماڵیكردنی سەرچاوە سروشتییەكانی ئێران و كەمكردنەوەی دەستی بێگانە لەو وڵاتە، هاوكات بە یەكێك لە نزیكەكانی ئایەتوڵڵا كاشانی كەسایەتی دیاری ئایینی، كە لەسەرەتای كابینەی یەكەمی موسەدەق پشتگیرییەكی سەرسەختی بوو لە پڕۆسەی خۆماڵیكردنی نەوت لە ئێران.
دامەزراندنی بزووتنەوەی ئازادی ئێران
دوای کودەتای ١٩٥٣ و كۆتایی هێنان بە حكومەتی موسەدەق، بازرگان و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کە بیروڕای هاوشێوەیان هەبوو، دەستیان کرد بە چالاکی سیاسی ناڕەسمی، سەرەتا بزووتنەوەی بەرگری ئێرانیان دامەزراند، دواتریش لە ساڵی ١٩٦١دا، لەگەڵ ئایەتوڵڵا محەمەد تاڵەقانی كەسایەتی دیاری ئایینی، “نهضت آزادی ایران” (بزووتنەوەی ئازادی ئێران)یان دامەزراند. ئەم ڕێکخراوە بنەمایەکی فیکری تایبەتی هەبوو کە بە “ئیسلامی دیموکرات” وەسف دەکرا. ڕێكخراوەكە توانی سەرنجی بەشێكی بەرچاو لە ڕووناكبیر و ڕۆشنفیكرەكانی ئەو كاتی ئێران بەلای خۆیدا ڕابكێشێت.
لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، محەمەد ڕەزا شا “شۆڕشی سپی”ی (انقلاب سفید) ڕاگەیاند، بەرنامەیەک بۆ ڕێفۆرم لە سەرەوە بۆ خوارەوە. بزووتنەوەكە ئەم بەرنامەیەیان ڕەخنەباران کرد، نەک لەبەر دژایەتیکردن لە ڕێفۆرم، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕەنگە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی شا توندتر بکات و پێگەی محەمەد ڕەزا شا بەهێزتر بكات. بازرگان و هەشت کەسی دیکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئازادی دەستبەسەر کران و بە “تاوان”ـی ئەنجامدانی چالاکی دژی حکومەت، لە دادگا دادگایی کران. بازرگان بەرگریی لە خۆی کرد. ئەو ئامانجە سیاسییەکانی و بیر و باوەڕەکانی بە شێوەیەکی باش ڕوون کردەوە و گوتی “ئێمە نە کۆمۆنیست، نە فاشیستین، ئێمە ئێرانین، مسوڵمانین، باوەڕمان بە دیموکراسییە.”بازرگان بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ مانگ زیندانی کرا، پاشان ئازاد کرا.
لە نۆڤێمبەری ١٩٦٤دا، تەنها چەند مانگ دوای ئازادبوون، جارێكی دیكە بازرگان و ئایەتوڵڵا تاڵەقانی و چەندین کەسی دیکە دەستگیر كران. ئەم جارە حوکمی زیندانیان سەختتر بوو، بڕیاردرا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی بكرێن. تاوانەکەیان “هەوڵدان بۆ سەرنگوونی ڕژێمی شاهنشاهی” بوو. پاش بەسەربردنی سێ ساڵ لە زیندان، بە هەوڵی ناوخۆیی و نێودەڵەتی لە زیندان ئازاد كران، بەڵام بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ دەركرا، دوای ئازادبوون لە زیندان، بازرگان نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ کاری ئەکادیمی بە شێوەیەکی ئاسایی، چونکە لە زانکۆ دوورخرابووەوە.
لە سەروەختی بەسەربردنی زیندان و دوورخستنەوەیدا بازرگان بەردەوامبوو لە كاری نووسین و كۆمەڵە كتێب و لێكۆڵینەوەیەكی نووسی لە گرنگترینیان:
١. راه طی شده: ئەم کتێبە یەکێک لە کارە هەرە کاریگەرەکانی بازرگان بوو. تێیدا هەوڵی دا بە بەکارهێنانی زانست (تەرمۆدینامیک، بایۆلۆجی، فیزیک) بیسەلمێنێت کە خودا هەیە و ئایین لەگەڵ عەقڵ و زانستدا ناکۆکی نییە.
٢. دفاع از آزادی (بەرگری لە ئازادی) کۆکراوەیەکی نووسراوەکانی دەربارەی ئازادی سیاسی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە دیدگای ئیسلامییەوە.
٣. مجموعه آثار (کۆکراوەی کارەکان) ژمارەیەک کتێب و وتار دەربارەی ئایین، زانست، سیاسەت و کۆمەڵگە.
لە هەموو ئەم کارانەدا، بازرگان هەوڵی دەدا ئەوە پیشانبدات، کە ئیسلام نەک تەنها لەگەڵ مۆدێرنیتەدا ناکۆک نییە، بەڵکو دەتوانێت بنەمای سیستەمێکی مۆدێرن، دیموکرات، و پێشکەوتووانە بێت.
پەیوەندی لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی
لە دەیەی ١٩٧٠دا، بازرگان پەیوەندی لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی دروستکرد، کاتێك لە شاری نەجەفی عێراق بوو. سەرەتای پەیوەندیەکەیان لەسەر بنەمای دژایەتی هاوبەشیان لە دژی ڕژێمی شا بوو. چونكە بیرو باوەڕیان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و شێوازی بەشداری پیاوانی ئایینی جیاواز بوو، بەڵام بازرگان بڕیاریدا پشتگیری لە ئایەتوڵڵا خومەینی بكات، چونكە پێیوابوو ئەو دەتوانێت هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دژ بە ڕژێمی شاهەنشاهی یەكبخات.
لەسەرەتای دەستپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە ساڵی 1977، بازرگان هەوڵیدا وەك نێوەندگیر لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات كاربكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ كۆتا سەرۆك وەزیرانی ڕژێمی شاهەنشاهی كۆبوویەوە، بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینی هەر زوو ئەو پەیامەی بە گوێی بازرگان و هاوڕێكانیدا، كە ئەو نێوەندگیر قبوڵ ناكات و دەیەوێت شا لە دەسەڵات دووربخاتەوە.
بازرگان وەک یەکێک لە دەنگە میانەڕەوەکان، هەوڵی دەدا وەک پردێک لە نێوان هێزە جیاوازەکان بە مەبەستی ڕێگری كردن لە خوێنڕێژی و كەمكردنەوەی گرژییەكانی وڵات، بازرگان داوای لە ئایەتوڵڵا خومەینی كرد، كە ڕێگە بدات محەمەد ڕەزا شا بمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەو و بدرێت بە حكومەتێك لە ژێر چاودێری شۆڕشگێڕاندا بێت، لە پەیامەكەیدا بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی گوتبووی” لە ئێران سێ دەسەڵات بوونی هەیە، شا، سوپا، ئەمریكا، ئەگەر شا ئێران بەجێبهێڵێت، چی لە سوپا و ئەمریكا بكەین؟” لە وەڵامدا ئایەتوڵڵا خومەینی بە بازرگانی ڕاگەیاندبوو” لێگەڕێ با شا وڵات بەجێبهێڵێت، سوپا مناڵی كۆمەڵگەی ئێران خۆیەتی و دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی شۆڕش، ئەمریكاش ناچار دەبێت ئێران بەجێبهێڵێت”. لە 16ی كانوونی دووەمی 1979، محەمەد ڕەزا شا ئێرانی بەجێهێشت، ئەوەش بە مانای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی شاهەنشاهی بنەماڵەی پەهلەوی لە ئێران هات.
دوای پازدە ڕۆژ لە جێھێشتنی ئێران لە لایەن محەمەد ڕەزا شاوە، ئایەتوڵڵا خومەینی لە پاریسەوە گەڕایەوە بۆ ئێران و سەركەوتنی یەكجارەكی شۆڕشی ڕاگەیاند و گوتی” بە یارمەتی گەلی ئێران حكومەتێكی نوێ بۆ ئێران دیاری دەكەم”.لە ٥ی شوباتی ١٩٧٩دا، ئایەتوڵڵا خومەینی، بە فەرمی مەهدی بازرگانی وەک سەرۆک وەزیرانی “حکومەتی کاتی” دیاری کرد.
قۆناغی سەرۆک وەزیرانی بازرگان (شوبات-نۆڤێمبەری ١٩٧٩)
لە سەروەختی ڕاسپاردنی وەك سەرۆك وەزیران كە لە لایەن هاشمی ڕەفسەنجانییەوە بڕیاری دەستبەكاربوونەكەی خوێندرایەوە، لەسەر ڕاسپاردەی ئایەتوڵڵا خومەینی، داوا لە بازرگان كرا ئەوانەی كە لە كابینەی حكومەتەكەی بەشدارییان پێ دەكات نابێ ئەندامی ئەو حیزب و لایەنانە بن كە چالاكی سیاسیان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك هەلەكە نەقۆزێتەوە بە قازانجی پارتەكەی خۆی كار نەكات، ئەوەش كێشەیەكی جدی بوو بۆ بازرگان لە دیاریكردنی ئەندامانی حكومەتەكەی.
كێشەیەكی دیكەی بازرگان كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ڕووبەڕووی بوویەوە، بوونی چەند لایەنێكی دیكە بوون كە دەسەڵاتیان لە حكومەت زیاتر بوو، وەك “ئەنجومەنی شورای شۆڕشی ئیسلامیی” كە هەندێ كات دەسەڵاتیان لە حكومەتەكەی بازرگان زۆر زیاتر بوو، چونكە ئەمانە زۆرینەیان پیاوانی ئایینی و نزیك لە ئایەتوڵڵا خومەینی بوون، ئەوە جگە لە “كۆمیتەی شۆڕش” كە هیچ حیسابێكیان بۆ دام و دەزگاكانی دەوڵەت نەدەكرد و خۆیان بە پاسەوانی شۆڕش دەناساند و لە تەواوی شار و شارۆچكەكاندا گرووپی چەكداریان هەبوو، بازگەیان دادەنا و خەڵكیان زیندانی دەكرد بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت.
دادگای شۆڕش یەكێكی دیكە بوو لە و دامەزراوانەی كە نەبەسترابوویەوە بە حكومەتەوە، بەڵكو فەرمانەكانی ڕاستەوخۆ لە ڕابەری باڵای شۆڕشەوە وەردەگرت، ئەم دادگایە زیاتر بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانە دامەزرابوو، كە پەیوەندییان بە ڕژێمی شاهەنشاهییەوە هەبوو، ئەم دادگایانە بە خێرایی و بەبێ پابەندبوون بە پرۆسەی یاسایی، حوکمی دەیان کەسیان بە سزای لە سێدارەدان دەركرد. بازرگان توانای ڕێگریکردنی ئەو بڕیارانەی نەبوو .هاوكات سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی كە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینیدا بوو، بە فەرمانی خۆی لە ئایاری 1979 دامەزرابوو. بازرگان زۆرجار سکاڵای دەکرد و دەیگوت “من سەرۆک وەزیرانم، بەڵام دەسەڵاتم تەنها لەسەر ٣٠٪ی دامەزراوەکانە.”
کێشەکانی ئابووری، یە كێكی دیكە بوو لە و ئاڵنگارییانەی كە ڕووبەڕووی حكومەتەكەی بازرگان بووبوویەوە، چونكە لە سەرەتای ١٩٧٩دا، ئابووری ئێران لە دۆخێکی خراپدا بوو، پیشەسازی نەوت وەستابوو یان بە کەمی کاری دەکرد، زۆرێک لە سەرمایەدارانی ئێرانی وڵاتیان بەجێهێشتبوو و سەرمایەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، نەهامەتی و نرخەکان بەرز بوونەوە.
کێشەکانی ئەمنی و توندوتیژی سیاسی
یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی حکومەتی بازرگان کۆنتڕۆڵنەکردنی توندوتیژی سیاسی بوو. لە مانگەکانی یەکەمی دوای شۆڕش، دادگای شۆڕش بە سەرپەرشتی ئایەتوڵڵا خەلخاڵی، سەدان کەسیان لە سێدارەدا، ئەم لە سێدارەدانەش زۆرجار دوای دادگایەکی کورت و بەبێ ماف بۆ بەرگریی یاسایی ئەنجام دەدران. بازرگان سەرسەختانە ڕەخنەی لەم پڕۆسە گرت و گوتی “ئەمە دادپەروەری نییە، ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە، بەڵام خەلخاڵی هیچ گوێی لە سەرۆك وەزیران نەگرت و لەسەر كارەكەی بەردەوامبوو.
پەراوێزخستنی گرووپە سیاسیەکانی بەشدار لە شۆڕش یەكێكی دیكەبوو لەو ئاڵنگارییانەی كە بازرگان نەیتوانی بەری پێبگرێت، گرووپە چەپگەرا و لیبڕاڵەکان بە تەدریج لە دەسەڵات دوورخرانەوە. زۆرێک لە ڕۆژنامە سەربەخۆکان داخران. هێزە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان زیاتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەكەیان كرد.
هەڵوێستی بازرگان لە نووسینەوەی دەستوور
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی حکومەتی کاتی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ ئێران بوو. هەرچەندە بازرگان خوازیاری دەستوورێک بوو، کە سیستەمی پەڕلەمانی دیموکرات دابین بکات، مافی مرۆڤ بپارێزێت و دەسەڵاتەكان لە یەكتری جیابكاتەوە و ڕۆڵێکی سنووردار بۆ پیاوانی ئایینی دیاری بکات، بەڵام شورای شۆڕش و پیاوانی ئایینی دەستوورێکیان نووسی، کە “ولایت فقیه”ی لەخۆ دەگرت، واتە ڕابەر وەك جێنشینی ئیمامی مەهدییە، ئەوە گەورەترین پێگە بوو كە بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی لە دەستووری ئێراندا چەسپێنرا. جگە لەوەش دیاریكردنی ئەنجوومەنێكی نوێ بە ناوی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور، كە لە توانایدا بوو یاسا دەركراوەكانیش هەڵبووەشێنێتەوە، كە لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا ناگونجێن. هەرچەندە بازرگان ڕەخنەی لەم دەستوورە گرت، بەڵام نەیتوانی گۆڕانکاری بەرچاوی تێدا بکات. لە چاوپێكەوتنێكدا بازرگان ئاماژەی بەوە كرد ئەوان دەیانەوێت حكومەتێكی كۆماری ئیسلامیی دیموكراتی دابمەزرێنن، بەڵام لەوەڵامی بازرگاندا ئایەتوڵڵا خومەینی چەند جارێك ئەوەی دووپاتكردەوە كە “كۆماری ئیسلامیی دروست دەكەن نە وشەیەك زیاد و نە وشەیەك كەم” هەربۆیە بازرگان بەناچاری چووە سەر ڕایەكەی ڕابەری باڵا. لە مارسی ١٩٧٩دا، ڕێفراندۆمێک بۆ پەسەندکردنی “کۆماری ئیسلامیی” ئەنجام درا، زیاتر لە ٩٨٪ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیاندا.
قەیرانی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و دەستلەكاركێشانەوەی بازرگان لە ٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩دا گرووپێک لە خوێندکارانی ڕادیکاڵی پشتگیریکراو لەلایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە تاران داگیرکرد و تەواوی دیپلۆماتكارە ئەمریکییەكانیان وەک بارمتە گرت. ئەوان داوایان کرد شا بگەڕێنرێتەوە ئێران بۆ دادگاییکردن.
بازرگان باوەڕی وابوو، کە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئابووری ئێران گرنگە، هەربۆیە لە نۆڤەمبەری ١٩٧٩دا لە ئەلجەزایر چووە دیداری بڕیژینسکی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک کارتەر.
لە ٢٢ی ئۆکتۆبری ١٩٧٩دا، سەرۆک کارتەر ڕێگەی دا بەمحەمەد ڕەزا شا بچێتە ئەمریکا بۆ چارەسەری نەخۆشی. ئەمە لە ئێراندا وەک نیشانەیەک بۆ هاوپەیمانییەتی ئەمریکا لەگەڵ شا و ئەگەری پێکهێنانی پیلانێکی کودەتا لێكدرایەوە.
دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەكە بووە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا، بازرگان سەرسەختانە ڕەخنەی لەم کردەوەیە گرت و گوتی “ئەمە نەک تەنها پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، بەڵکو زیانی گەورە بە ئێران دەگەیەنێت.” هەوڵی دا فەرمان بدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام نەیتوانی.
ئایەتوڵڵا خومەینی، لە بەرامبەردا، پشتیوانی لە خوێندکارەکان کرد و گوتی ئەمە “شۆڕشی دووەمە گەورەتر لە یەکەم.” هەروەها ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانە “لانەی سیخوڕی” بووە و دەبێ داگیر بکرێت.
کاتێک بازرگان بینی کە ناتوانێ قەیرانەکە چارەسەر بکات و دەسەڵاتی نییە بۆ فەرماندان بە ئازادکردنی بارمتەکان، لە ٦ی نۆڤێمبەری ١٩٧٩دا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ئایەتوڵڵا خومەینی کرد و لە لایەن خومەینییەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ کرا.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا، بازرگان نووسیبووی “من هەمیشە باوەڕم وابوو، کە شۆڕش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە یاسا، بنیات و نیزام، بەبێ ئەمانە، شۆڕش دەگۆڕێت بۆ ئاژاوە و دەرفەتێک بۆ دژبەران.”
دوای دەستلەکارکێشانەوەی بازرگان، ئەنجوومەنی شۆڕشی ئیسلامیی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی حکومەتی گرتە دەست. ئێران چووە قۆناغێکی نوێ کە تێیدا هێزە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان کۆنتڕۆڵی تەواویان بەدەستهێنا.
ژیانی سیاسی دوای دەستلەکارکێشانەوە
دوای دەستلەکارکێشانەوە، بازرگان بەردەوامبوو لە ژیانی سیاسی، بەڵام لە پێگەیەکی لاوازتر. ئەو وەک سەرکردەی بزووتنەوەی ئازادی ئێران مایەوە و بووە دەنگێکی سەرەکی بۆ ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو. بازرگان وەک ئەندامی مەجلیس (پەڕلەمانی ئێران) (١٩٨٠-١٩٨٤) هەڵبژێردرا. لە پەڕلەماندا، ئەو یەکێکبوو لە ڕەخنەگرە میانەڕەوەکان، کە بانگەشەی ڕێزگرتنی لە دەستوور، پاراستنی مافی مرۆڤ، کەمکردنەوەی توندوتیژی سیاسی و ئازادی ڕۆژنامەوانی دەكرد. بازرگان سەرسەختانە ڕەخنەی لە زۆرێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران دەگرت.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێران، بازرگان پشتگیری لە سیاسەتی حكومەت كرد، بەڵام دوای دوو ساڵ لە جەنگ، داوای كرد پێویستە كۆتایی بە جەنگ بهێندرێت، ئەوە لە كاتێكدا بوو دەسەڵاتدارانی ئێران سووربوون لە بەردەوامیدان بە جەنگەكە، بازرگان ئاماژەی بە زیانەكانی بەردەوامی جەنگەكە كردبوو دەیگوت” تا ئەو كاتەی وڵاتی عێراق هێرشبەر بووە، ئەو لەگەڵ ئەوە بووە كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەكییەوە بەرگری تەواو لەخاكەكەی بكات، بەڵام دوای ئەوەی ئێران دەستی بە هێرشكردن بۆ سەر خاكی عێراق كرد، بازرگان ڕایگەیاند پێویستە ئیتر كۆتایی بەو جەنگە ماڵوێرانكەرە بهێنرێت”.
یەكێكی دیكە لەو كەیسانەی بەلای بازرگانەوە مایەی گرنگیپێدان بوو ، بابەتی قەیرانی بارمتەکان بوو، بازرگان بەردەوام بوو لە ڕەخنەگرتن لە گرتنی دیپلۆماتكارە ئەمریکییەکان. ئەو گوتی ئەمە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات و ئێران دەکاتە وڵاتێکی دابڕاو. بارمتەکان لە کۆتاییدا لە سەرەتای ساڵی ١٩٨١دا، دوای ٤٤٤ ڕۆژ ئازاد کران.
دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ئێران-عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی ڕابەری باڵا، تەواوی زیندانیانی سیاسی لە ئێران دوای دادگاییەكی ڕووكەش لە سێدارەدران، ئەو كارەی دادگا، جارێكی دیكە بازرگانی هێنایەوە دەنگ و لە نامەیەكی كراوەدا بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی نووسی “ئەمە یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، چۆن دەتوانین بە ناوی ئیسلام! ئایینی بەزەیی و ڕەحمەت، ئەم کوشتارە بکەین؟” بەڵام خومەینی وەڵامی نەدایەوە. لە ١٩٩١دا، نووسینگەی بزووتنەوەی ئازادی لە تاران بە فەرمانی حکومەت داخرا. گوتیان ئەم ڕێکخراوە “دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی”یە. سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە، بازرگان ڕەتی کردەوە بێدەنگ بێت یان وڵات بەجێبهێڵێت. ئەو گوتی: “من لە ئێران لەدایکبووم، بۆ ئێران خەباتم کردووە و لە ئێران دەمرم”.
کۆتایی ژیان و مردن
لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، بازرگان بەردەوامبوو لە چالاکی فیکری، سەرەڕای نەخۆشی و پیری، ئەو بەردەوامبوو لە دیداری گەنجان و ڕووناکبیران و گفتوگۆکردن لە بارەی ئایندەی ئێرا، مەهدی بازرگان لە ٢٠ی شوباتی ١٩٩٥دا، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. لە شاری تاران بە ئامادەبوونی بەشێكی زۆر لە كەسایەتییە سیاسی و ئایینییەكان و سەرۆك كۆماری ئەوكاتی ئێران ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی بەخاك سپێردرا.
سەرچاوەکان:
- م.د.سرمد عكيدي فتحي، مهدي بازركان ودوره السياسي في ايران 1942-1980، مجلد 1 عدد 74 (2017): الجزء الاول -العدد 74لسنة 2017، : https://doi.org/10.57592/djhr.v1i74.74
- قاسم تبریزی، کارنامه حیات سیاسی اجتماعی مهدی بازرگان، مركز اسناد انقلابی اسلامی، https://irdc.ir/fa/news/2060، لە بەرواری 1\بهمن\1396، بڵاوكراوەتەوە.
- شیرین سمارة، شخصيات إيرانية: مهدي بازرغان، سلحفاة السياسة على طريق الثورة السريع (1908 – 1995)، https://aljadah.media/archives/6002، لە بەرواری 2\فبرایر\2019 بڵاوكراوەتەوە.
- مهدی كنجی، رفض الثورة الإيرانية ثم أصبح رئيس حكومتها… مهدي بازَركان رفض الثورة الإيرانية ثم أصبح رئيس حكومتها… مهدي بازَركان، لە ماڵپەڕی https://raseef22.net/article، لەبەرواری 2\ابریل\2023 بڵاوكراوەتەوە.
- مهندس بازرگان که بود و چرا شکست خورد؟، لە ماڵپەڕی https://www.rouydad24.ir/، لە بەرواری 24\یهمن\1403 بڵاوكراوەەتەوە.
- مردی که بدون حکم پادشاه یا رییس جمهور، نخست وزیر ایران شد/ عجیبترین اقدام مهندس بازرگان در سال ۵۸ / بازرگان حتی میان همفکرانش هم تنها بود، لەماڵپەڕی https://www.khabaronline.ir/news، لە بەرواری 2\یهمن\1403 بڵاوكراوەتەوە.
- قاسم تبریزی، کارنامه حیات سیاسی اجتماعی مهدی بازرگان، بەماڵپەڕیhttps://irdc.ir/fa/news/2060/، بەرواری سەردان 14\ 12\2025.
- چرا مهدی بازرگان از نخست وزیری استعفا داد؟، لە چەناڵی یوتیوب، لینكی چەناڵ https://www.youtube.com/watch?v=Jd__rxk8Y0g، بەرواری بڵاوكردنەوە 25\سبتمبر\2025.
- مهدی بازرگان؛ سیاست مداری که اول از همه حذف شد، لە چەناڵی یوتیوب، بینكی چەناڵ https://www.youtube.com/watch?v=TFkt3iXo1h4، بەرواری بڵاوكردنەوە2\ئۆكتۆبەری\2023.
كوردی

