• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 22, 2025

فەتواكانی “ئیبن سەلاحی شارەزووری” دەربارەی سیفەتەكانی خودا مشتومڕێكی عەقیدەییە لەگەڵ “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” و زانا كەلامییەكانی دیكە   

د. یاسین تەها محەمەد

توێژەر و مامۆستا لە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی _ زانكۆی سلێمانی

\

پوختە:

ئەم بابەتەی بەردەست تیشك دەخاتەسەر بۆچوون و فەتواكانی “ئیبن سەلاحی شارەزووری” (مردووە: 643هـ/1245م) لە بارەی سیفەتەكانی خودا لەبەر ڕۆشنایی مشتومڕێكی عەقیدەیی ناوبراو لەگەڵ زانای ئیسلامی ناسراو “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” (مردووە: 660ك/ 1262ز)، هەروەها بۆچوونەكانی دیكەی “ئیبن سەلاح” لەبارەی چۆنێتی تێگەیشتن لە دەقەكانی پەیوەست بە سیفەتەكانی خودا و ڕێگاكانی تێگەیشتن لێیان و هەڵوێست دەربارەیان، دەخاتە ڕوو.

هۆكاری مشتومڕ و ژینگەی كاری هەردوو زانا ئیسلامییەكە

     لە سەدەی 7ك/ 13ز دا كۆمەڵێك كەس پرسیارێكیان ئاڕاستەی زانای ئیسلامی ناسراو “ئیبن سەلاحی شارەزووری” كردووە، لەبارەی سیفەتی كەلامی خودا و مەسەلەی پیت و دەنگ لە قورئاندا (الحرف والصوت)، ئەویش وەڵامێكی پوختی داوەتەوە كە “قورئان مەخلوق نییە” و نابێت لەم بابەتەدا بچنە وردەكاری و بنكۆڵكارییەوە. بەرامبەر بەمەش “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” كە هەڵگری نازناوی “سوڵتانی زانایانە” و هاوچەرخی “ئیبن سەلاح” ـە، فەتوای داوە كە دەبێت ئەو بابەتە وردبكرێتەوە، ئەمەش دەكاتە ڕەتكردنەوەی بۆچوونەكەی “ئیبن سەلاح”.

      هەرچەندە لە فەتواكانی هەردوو زانا ئیسلامییەكەدا ئاماژەكردن بۆ ناوی یەكتر نەهاتووە، بەڵام چەند ئاماژەیەك هەن ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە وەڵامی یەكتر بن: هەردوو زانا ئیسلامییەكە هاوچەرخ و هاوتەمەنی یەكترن و نیشتەجێی شاری دیمەشق بوون، هەردووكیشیان لەبارەی بابەتی دیكەوە كەوتوونەتە ناكۆكی ئاشكراوە (ابن كثير، 1993: 873)، بواری كاركردنیان تاڕادەیەك جیایە؛ “ئیبن سەلاح” زیاتر لە فەرموودەدا كاری كردووە و “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” زیاتر لە بوارەكانی عەقیدە و كەلام ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی بیركردنەوەیان هەبووە. توێژەر و مامۆستایەكی شەریعە لە زانكۆی “أم القری”ی سعودی كە وەڵامەكانی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام”ی ساغ كردووەتەوە و بۆ یەكەمجار بڵاوی كردوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەدایە ئەوانە وەڵامی فەتواكەی “ئیبن سەلاحی شارەزووری” بێت، چونكە هەردوولا لەبارەی یەك شتەوە ناكۆك بوون، هەروەها دواتر خوێندكارێكی “ئیبن سەلاح” بەناوی “كەمالەدینی مەغریبی” (مردووە: 650ك) بەرگری لە مامۆستاكەی كردووە و وەڵامێكی درێژتر لە “ئیبن سەلاح”ـەوە دەگوازێتەوە، دیسان “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” تێهەڵدەچێتەوە و وەڵامێكی دیكەی بۆچوونەكانی “ئیبن سەلاح”ی داوەتەوە (العوني، 2024: 181_184)، ئەمەش ئاماژە زیاتر دەكات كە مەبەستیان یەكتر بووبێت.

هەردوو تێڕوانین و تێگەیشتنەكەی ئەم دوو زانایەش لەبارەی چۆنێتی لێكدانەوەی سیفەتەكانی خودا چمكێك لە مێژووی مشتومڕە عەقیدەییەكانی سەدەی 7ك/13ز لە سنووری قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ئەیوبیدا لە میسر و شام دەخاتەڕوو، لەكاتێكدا ئایینزای سەرەكی دەوڵەت لە سەردەمی سوڵتانی دامەزرێنەرەوە كە “سەلاحەدینی ئەیوبی” یە ئەشعەری بووە (المقريزي/ 1418ه: 4/ 167)، ئەم ئەشعەریبوونەی دەوڵەتیش بە ڕوونی لە عەقیدەنامەكەی شەرعزانی كەلامیی “تاجەدینی حەمەوی” دا دیارە، كە بۆ “سوڵتان سەلاحەدین”ی داناوە و بە “العقیدة الصلاحیة” ناسراوە. لەم دانراوەدا گرنگترین تەوەرەكانی عەقیدەی سوننە بە پێی بنەماكانی ئەشعەری چەسپێنراون و لە دەوڵەتی ئەیوبیدا بوونەتە بنەما. ڕێباوەڕی ئەشعەرییش كە لە پانتاییەكی گەورەی جیهانی ئیسلامی ئەوكاتدا بڵاوبووەتەوە قوتابخانەیەكی كەلامی سوننەیە و جگە لە “سیفەتە زاتییەكانی خودا” كە بەشێكن لێی و لێی جیا نابنەوە وەك (الحياة، العلم، الإرادة، السمع، البصر، القدرة، والكلام)، ئەوانی دیكە یان تەئویل دەكەن و مانای دیكەیان بۆ دەدۆزنەوە یان ماناكانیان هەواڵە دەكەن بۆ خودا كە “التفویض”ی پێدەگوترێت (الجویني، د.ت: 137)، بە شێوەیەكی بەربڵاویش ئەشعەرییەكان كەلام و فەلسەفە بەكاردەهێنن بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەكردن و خستنەڕووی بابەتەكانی پەیوەست بە عەقیدە و سیفەتەكانی خودا.

 ئیبن سەلاحی شارەزووری.. پەروەردە و جێگەدەستی  

       ئەم نێودارە ئیسلامییە شارەزوورییە كە بە “ئيبن سەلاح” ناسراوە (مردووە: 643ك)، ناوی “عثمان بن الصلاح عبد الرحمن”ـە، ناسناویشی “تقي الدین أبو عمرو الشهرزوري”یە، یەكێكە لە ناسراوترین پێشەوا كوردەكانی ناو مەزهەبی شافیعی، لە چەند زانستێكی ئیسلامیدا لێهاتویی خۆی پیشانداوە، لەوانەیش: تەفسیر و فەرموودەناسی و شەرعزانی (ابن خلكان،1900: 3/ 243)، هەروەها هەڵگری ناسناوی “الحافظ”ـە، كە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ شارەزایی. هەرچەندە ناوبراو لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی “شرخان”ی هەولێرە لە نزیك شارەزوور (ابن خلكان،1900: 3/ 245)، بەڵام لە موسڵ پەروەردەبووە و لە دیمەشق گیرساوەتەوە (السبكي، 1413هـ 8/ 328).  بە پێی بەدواداچوونەكان “ئیبن سەلاح” پەروەردەی بەردەستی “عەبدولڕەحمان”ی باوكی بووە و لە ژێر چاودێری ئەودا لای شەرعزانە كوردەكان و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئیسلامی گەڕاوە لەوانەش: موسڵ، بەغدا، شارە جیاجیاكانی ئێرانی لە خۆراسان و هەمەدان و شارەكانی دیكە، لەگەڵ دونەیسەری جزیرە (ابن الصلاح، 2002 _ 13_14) بەر لەوەی لە شام و قودس بگیرسێتەوە.

     “ئیبن سەلاح” لە دەوڵەتی ئەیوبیدا خزمەتی كردووە و ئەرك و بەرپرسیارێتی لە قوتابخانەكانی فەرموودەدا هەبووە (ابن خلكان،1900: 3/ 243). لە كاروانی ژیانی زانستیی خۆیشیدا دەوروبەری پازدە (15) بەرهەمی نوسیوە، جگە لەوەیش بۆچوون و ڕاڤەی لە سەر چەند بەرهەمێكی تر هەیە (الأسنوي، 1987: 2/ 41). سەرباری ئەمانەیش شارەزایی سەرەكیی ئەم شەرعزانە لە زانستی فەرموودەدایە و لەم پێناوەدا زۆر کاریكردووە و كۆی ئەم وردبوونەوەیەیشی لە دووتوێی بەرهەمێكدا كۆكردووەتەوە بە ناوی “مقدمة”، كە لە سەر زاری زانایانەوە دەگوترێت باشترین دانراوە لە زانستی فەرموودەناسیدا بەو پێیەی كۆكراوە و گوشراوی ئەوانەی پێش خۆیەتی بە شێوەیەكی ڕوون و ڕێكخراو هەروەها زانیاری نوێشی خستووەتە سەری (العسقلاني، 2002: 39).

ئەم زانا شارەزوورییە لەگەڵ ئەیوبیەكان كاریكردووە، سەردەمانێك بەڕێوەبەر و گەورەی قوتابخانەی نیزامییەی قودس بووە كە بە “الناصریة” بە ناوبانگە و “سوڵتان سەڵاحەدین” خۆی دایمەزراندووە، دواتریش لە دیمەشق سەرپەرشتیی خانەی فەرموودە (دار الحدیث)ی “مەلیك ئەشرەف”ی ئەیوبی كردووە، لەگەڵ قوتابخانەی “ست الشام”ی زومرد خاتوونی هەمان بنەماڵە (ابن خلكان، 1900: 3/ 243)، یەكەم كەسیشە لەو قوتابخانەیە مامۆستایەتی كردبێت و دواتر سەپەرشتیكردنی قوتابخانەی “الجوانیة”ی دیمەشقی لە ئەستۆ گرتووە، بەوەش ناسراوە كە پێشەوا و لێهاتوو بووە لە زانستە ئاینییەكان و بنەماكانی مەزەبی شافیعی، لە بیروباوەڕ و عەقیدەشدا ڕێچكەی پێشینان (سەلەف)ی پەیڕەو كردووە و ڕقی لە فەلەسەفەكاری و بەكارهێنانی زانستی لۆژیك بووە، پادشا ئەیوبیەكانیش لەمەدا بە قسەیان كردووە و ڕاوێژەكانیان وەرگرتووە (ابن كثير، 1993: 857).

 فەتواكەی “ئیبن سەلاح دەربارەی قورئان”:

     ئەم فەتوایە لە وەڵامی پرسیاری كۆمەڵێك كەسدا هاتووە، كە لە “ئیبن سەلاح” یان پرسیوە: خەڵكانێك هەن باوەڕیان وایە پیتەكانی قورئان و ئەو دەنگەشی دریدەكات لە كاتی خوێندنەوە هەر سیفەتی “قدیم”یان هەیە، ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت لە كاتێكدا مەزهەبی پێشین و مەزهەبی ئەوانەشی تەئویلی دەقەكان ئەكەن هەر لەگەڵ ئەمەدا ناجۆرە. ئەوانەی پرسیاریان كردووە مەبەستی خۆیان بەوە دیاریكردووە دەیانەوێت لە نێوان سیفەتی “قدیم” و پێچەوانەكەی سیفەتی ” المحدث” جیاوازی بكەن، بۆ ئەوەی شتێك نەچێتە عەقڵ و دەروونیانەوە كە بەرەو گومڕایی بڕوات، داواشیانكردووە لە “ئیبن سەلاح” كە بە بەڵگەی عەقڵی و شەرعی ڕوونكردنەوە بدات.

     لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا “ئیبن سەلاح” (1407ه: 1/ 215_216) جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوەی پێشینان و پاشین لەسەری دەڕۆن و بەندە ڕاساڵەكانی خوا هەڵیانبژاردوە ئەوەیە؛ “ڕۆچوون ناكرێت لە سیفەتەكانی خودا بە دیاریكردنی چۆنایەتییان”، لەبارەی قورئانیشەوە كە لقێكە لە سیفەتەكانی خودا دەڵێت : “نابێ بگوترێت خودا بەوجۆرە و وەها قسەی كردووە، بەڵكە كورتدەكرێتەوە بەوجۆرەی پێشینان (سلف) وتوویانە”. لە ڕوونكردنەوەی باوەڕی پێشینانیشدا “ئیبن سەلاحی شارەزووری” دەڵێت “قورئان پەڕاوی دابەزیوی خودایە، دروستكراو (مخلوق) نییە، پێشینان دەربارەی ئەو دەقانەی قورئان كە لە یەک دەچن و مانای جۆراوجۆر ھەڵدەگرن، بڕوایان پێیان هەیە و كورتی دەكەنەوە بەوەی بە كۆمەڵ وەریاندەگرن بەبێ وردكردنەوە و دیاریكردنی ئەوەی كە چۆن چۆنن”. دەربارەی  بابەتە گشتییەكانی بیروباوەڕیش “ئیبن سەلاح” ئەوە لە پێشینانەوە دەگوازێتەوە كە: باوەڕیان وایە خودای “سبحانه وتعالی” لە هەموو ئەو شتانەدا تەواوەتی ڕەهای هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە. باس لەوەش دەكات: پێشینیان پشتیش لە ڕۆچوون دەكەن لە سیفەتەكان لە ترسی ئەوەی نەبادا پێیان بخلیسكێت پاش ئەوەی جێگیر وەستاون. ئامۆژگاری ئەوانەش دەكات پرسیاریان كردووە: ئێوەش شوێن ئەوان بكەون بێوەی دەبن. باس لەوەش دەكات زۆر لە گەورە زانایانی كەلامی خاوەن دانراویش، دواتر گەڕاونەتەوە بۆسەر ئەم بنەمایە، ئەویش پاش بێزاربوون لەوەی كە تووشیان هات لە دەرد و بەڵای وركردنەوەی سیفەتەكانی خودا. لە كۆتاییدا زانا شارەزوورییەكە ئامۆژگاری پرسیاركەرەكان دەكات دەربارەی قورئان: هەرچی هاتە بەردەستتان لەم بابەتانە باوەڕت وابێت هەموو كەمال و تەواوەتییەك و پاكێتییەكی ڕەها و بێ كۆتایی بۆ خودایە، لە پاش ئەوە وردەكاری پێویست نییە، تەنیا باوەڕ و پشتڕاستكردنەوە بەشێوەیەكی گشتی بەسە.

 وەڵامی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام”:

     هاوشێوەی پرسیارەكەی “ئیبن سەلاح” پرسیارێك ئاڕاستەی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” (مردووە: 660ك) كراوە كە خەڵكانێك هەن دەڵێن: خۆمان ناخەینە نێو شتێك كە لێی دڵنیا نین، ئاخۆ كەلامی خودا بە پیت و دەنگە، یان پیت و دەنگ نییە و دەڵێن: لەمەدا باوەڕمان هەمان باوەڕی پێغەمبەرە (د.خ). ئەوانەی پرسیاریان كردووە لە “عیززی كوڕی عەبدولسەلام دەپرسن:  ئایا ئەم كەسانە پێویستە نكولییان لێ بكرێت؟ یان ئاڕاستە بكرێن؟ یان ئەگەر باوەڕیان وابێت، هیچ زیانی نییە؟

     سەرەتا پێویستە ئاماژە بكرێت كە “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” كێیە و پێگەی چییە لە دنیای ئیسلامدا. ناوبراو زانایەكی هەرە بەناوبانگی سەردەمی ئەیوبیە كە لە زیاتر لە زانستێكی ئیسلامیدا دانراوی هەیە. سەرەتا ماوەیەك لای شەرعزانی ناسراوی ئەشعەری و زانستە نەقڵییەكان “سەیفەدینی ئامەدی” خوێندوویەتی، سەردەمێك جگە لە وانەبێژی لە غەزالییەی دیمەشق، وتاربێژی مزگەوتی ئومەویش بووە لە پایتەختی شام (السبكي، 1413ه: 8/ 209_2010)، بە شێخی شافیعییەكان ناسراوە، لە بوارەكانی تەفسیر و فەرموودە و شەرعزانی و بنەماكانیدا دانراوی هەیە و خوێندكاری زۆر لە وڵاتانەوە ڕوویان تێكردووە، پاش سەفەری بەغدا لە دیمەشق كراوەتە وتاربێژ، لەگەڵ “ئیبن سەلاح” دا كە شێخی “خانەی فەرموودە” بووە لەبارەی هەندێك پرس ناكۆك بوون، پاشان چووەتە میسر و لەوێ لای پادشای ئەیوبی “الصالح نجم الدین أیوب” گیرساوەتەوە و بووە بە دادوەر و وتاربێژی دەوڵەت (ابن كثير، 2004، 873_875).

      لە وەڵامی پرسیارەكەشدا بۆ خۆلادان لە مشتومڕی سیفەتەكانی خودا بەو پێیەی لەسەردەمی پێغەمبەردا (د.خ) باو نەبووە، “عیززی كوڕی عەبدلسەلام” (1419: 102_103)، بە پێچەوانەی “ئیبن سەلاحی شارەزووری” فەتوایەكی داوە كە دەڵێت: “ئەمە قسەی كەسێكی نەزانە خۆیشی نازانێ چ دەڵێت: ئەو كەسە پێویستە سیفەتە تەواوەكانی خودا بزانێت بۆ ئەوی لە ڕاڕاییدا نەمێنێتەوە لە نێوان سیفەتی تەواو و سیفەتی نوقساندا. جێگەی سەرسوڕمانیشە بڵێت باوەڕم هەمان باوەڕی پەیامبەرە لە كاتێكدا نازانێت باوەڕی ئەو چۆن بووە؟”.

     لە جێگەیەكی دیكەدا “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” (1986: 55_57)، جەخت دەكاتەوە، هەركەس بڵێ باوەڕی ئەو دەربارەی سیفەتەكانی خودا هەمان باوەڕی پێشینانە “ئەوە درۆی كردووە”، چونكە “تۆ چۆن باوەڕت شتێكە كە هەستت پێنەكردووە، لەسەر ماناكانی نەوەستاویت”. بە بۆچوونی ئەو قسەكردن لە سیفەتەكانی خودا بیدعەیەكی خراپ نییە، بەڵكو بیدعەیەكی پەسەندە، بگرە واجبیشە بەهۆی سەرهەڵدانی گومانەوە. “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” پێیوایە پێشینان بۆیە لە سیفەتەكان بێدەنگبوون، لە سەردەمی ئەواندا كەس نەبووە قسەی خودا و پێغەمبەر بە ئاڕاستەی دیكەدا ببات و لێكدانەوەی دیكەیان بۆ بكات، ئەگەر لەسەردەمی ئەوانیشدا گومان هەبووایە؛ ئەوە “بەرپەرچیان دەدایەوە و بەدرۆیاندەخستەوە و ئەوپەڕی نكولییان لێدەكرد”. “عیزز”، بەڵگەش بەوە دێنێتەوە كاتێك قەدەرییەكان ]نكولی دەكەن لەوەی خودا شتەكانی پێش ڕوودانیان نووسیبێت[ لە سەردەمی هاوەڵان دەركەوتوون و “بیدعەی خۆیان ئاشكرا كردووە” ئەوان وەڵامیان داونەتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ئەو مشتومڕەیان نەكردووە چونكە پێویست نەبووە.

وەڵامی “ئیبن سەلاحی شارەزووری”:

     لە فەتواكانی “ئیبن سەلاح” دا هاتووە كە لە عێراقەوە پرسیارێكی لێكراوە دەربارەی پیت و دەنگی قورئان و “استواء”ی خودا لەسەر عەرش، ئایا لە سوننەت و دیدی خەلیفەكانی ڕاشدین و پێشەواكاندا چۆن بوون؟. بەپێی گێڕانەوە خوێندكارەكەشی “كەمالەدینی مەغریبی”، ئەویش وەڵامێكی داوەتەوە كە شایستە و بیانووبڕە، ئەمەش “لەسەر ڕێبازی ئەهلی وەرع و ڕاساڵان كە پەیڕەوانی چوار ئایینزاكەی سوننەت قبوڵیانە” (حەنەفی، مالیكی، شافیعی، حەنبەلی). دەقی فەتواكەش دوورودرێژە، بەشێكیشی بەم جۆرەیە (1407ه: 115): پێویستە باوەڕیان وابێت خودا هەموو سیفەتێكی تەواوی هەیە، پاك و بێگەردە لە هەموو سیفەتێكی نوقسان، پاك و بێگەردە لە چوواندن ] بە مرۆڤ[ و نواندن ]لە لایەن مرۆڤەوە[ (التشبیه والتمثیل). هەروەها “ئیبن سەلاح” جەت دەكاتەوە پێویستە خەڵك باوەڕیان پتەوبێت بە وتەكانی خودا، لەسەر ئەو واتایەش وەریگرن كە خۆی مەبەستی بووە، باوەڕیان بە فەرموودەكان هەبێت لەسەر ئەو واتایەی پێغەمبەر (د.خ) مەبەستی بووە، ئەمەش كۆكراوەی سەرجەم ڕستەكانی باوەڕە. هەروەها “ئیبن سەلاح” جەخت لەوەش دەكاتەوە قسەكردن لەبارەی پیت و دەنگی قورئان (الحرف والصوت) و شێوازی “استواء”ی خودا لەسەر عەرش “بەشێك نییە لە ئایین”، هەركەسیش سەرقاڵی چۆنێتی سیفەتەكانی خودابێت “ئەوە بەڵای ئایین و ئافاتی یەقینە”، هەروەها پێیوایە ئەوە لادانە لە سوننەتی پێغەمبەر (د.خ) و خەلیفەكانی و پێشەوا موتەقییەكانی دی؛ لە هاوڵان و شوێنكەوتەكانیان لە پێشین و پاشینی موسوڵمانان (السلف و الخلف). پاشان “ئیبن سەلاحی شارەزووری” (1407ه: 115)، پێشنیار بۆ ئەو كەسانە دەكات دەیانەوێت ڕێگای پێشین و پاشینەكانیان بگرنەبەر دەربارەی دەقەكانی پەیوەست بە سیفەتی خودا، ئەوە بڵێت: ئەوانە واتاگەلێكیان هەیە شایستەیە بە گەورەیی و تەواوەتی و پیرۆزی ڕەهای خودا، گەڕان بەدوای وردەكارییەكەشیاندا ئەركی خەڵك نییە و بێدەنگبن لە ئاستیاندا، لەبارەی واتاكانیانەوە نەپرسن و نەچنە وردەكارییەوە چونكە پرسیاركردن دەربارەیان بیدعەیە. “ئیبن سەلاحی شارەزووری” پێیوایە هەركەس بچێتە ئەو وردەكارییانە ئەوە ڕیسكی بە ئایینی خۆیەوە كردووە، ڕەنگە كوفریشی كردبێت یان نزیك بووبێتەوە لێی و خۆی بەخۆی نەزانێت.

     پاش گواستنەوەی فەتواكەشی “ئیبن سەلاح” خوێندكارەكەی “كەمالەدینی مەغریبی” بەوە بەرگری لێدەكات (1407ه: 115)، بۆچوونی شێخەكەی هاوتایە لەگەڵ هی شافیعی و خوێندكارەكەی كە “المزني” یە، هەروەها هاوتایە لەگەڵ بۆچوونی “ابن شریح” و سەرجەم سەر مەزهەبەكانی دیكەی میللەتی ئیسلام ]چوار ئایینزاكە[، هەروەها نمونەش بە بۆچوونەكانی ڕێبەری شافیعی نێودار “ئەبو حامیدی غەزالی” دەهێنێتەوە لە بەرهەمەكەیدا بەناوی “الجام العوام عن علم الكلام” كە هاوتایە لەگەڵ فەتواكەی “ئیبن سەلاحی شارەزووری”.

وەڵامی دووەمی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام”

 مشتومڕی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” و “ئیبن سەلاحی شارەزووری” درێژە دەكێشێت و لە وەڵامی روونكردنەوەی دووەمی “ئیبن سەلاح” دا زانا ناودارەكەی تری شام چەند سەرنج و ڕەخنەیەكی هەیە لە “ئیبن سەلاح” و بە “مسكین” ناوی دەبات، سەرنجەكانیش لە فەتوا دەستخەتەكانیدا هەن (سێ نوسخەی جیای هاوتا) (العوني، 2024، 184_ 190) كە ئەمە پوختەكەیەتی: “عیززی كوڕی عەبدولسلام” پێیوایە پێداگریكردن لەسەر ئەوەی قسەكردن لە سیفەتەكانی خودا بەشێك نییە لە ئایین “هەڵەیەكی زەق و گەورەیە”، بەڵگەش بەوە دێنێتەوە گرووپە موسوڵمانەكان بۆچوونی جۆراوجۆریان لەبارەی سیفەتەوە هەیە، ئەگەر وابێت ئەوانە لە ئایین دەرچوون، هەندێكیان سیفەتیان تەئویل كردووە و مانای دیكەیان بۆ دۆزیوەتەوە] ئەشعەرییەكان[، هەیانە مانای ڕواڵەتیی دەقەكانیان وەكخۆی وەرگرتووە ]حەنبەلییە سەلەفییەكان[  و …هتد. هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە ناكرێت ئەوە بكرێتە بەڵگە كە هاوەڵان لە سیفەتەكانی خودا بێدەنگبوون، چونكە ئەوكات ئەو بابەتە نەوروژێنراوە، لەو كاتەشدا بۆ ئەوان “بێدەنگی ڕەوا بووە”. جەخت لەوەش دەكاتەوە: ئەگەر گومان دەركەوت؛ وەڵامدانەوەی واجبە، بە بەڵگەی ئەوەی پێشین گومانی قەدەرییەكانیان ڕەتكردووەتەوە، “عەلی كوڕی ئەبو تالیب” مشتومڕی لەگەڵ كردوون، هەر “عەلی كوڕی ئەبو تالیب” و “عەبدوڵڵای كوڕی عەباس” لەگەڵ خەواریج گفتوگۆی ڕووبەڕوویانكردووە، “ئەبو حەنیفە”ش بە هەمانشێوە لەگەڵ خەواریج مشتومڕی هەبووە، پێشینان بەرپەرچی موعتەزیلەیان داوەتەوە لەبارەی ئەوەی وتوویانە “قورئان مەخلوقە” و كێ بەرپرسە لە كردەوەی مرۆڤ، خۆی یان خودا، نمونەی ئەم گفتوگۆ ڕووبەڕووانەش لەگەڵ جەبری و مورجیئەكان ]كردەوە بە بەشێك لە ئیمان نازانن و دەڵێن تەنیا بڕوا و پشتڕاستكردنەوەیە[ لە پێشینانی ئیسلامدا زۆرە. بە بۆچوونی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” ناكرێت مرۆڤ ئەگەر پرسیاری بۆ دروست بوو لە شك و گوماندا بمێنێتەوە، بە تایبەت كە خودا ڕێنمایی خەڵكی كردووە لە كاتی نەزانین پەنا بۆ شارەزایان ببەن (فَاسْأَلُواْ أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ). لەوەڵامی ئەوەشی كە پێشەوا “شافیعی” لە سەردەمی خۆی سەركۆنەی “ئەهلی كەلام” و ڕۆچوون لە پرسەكانی عەقیدەی كردووە، “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” بەوە تەئویلی دەكات كە تایبەتە بە “لەڕێ دەرچووانی سەردەمی خۆی”، بۆ هۆشداریدانی “ئەبو حامیدی غەزالی” كە هاوشێوەی “ئیبن سەلاح” لەگەڵ گشتاندنی باسەكانی سیفەتەكانی خودا و وردكردنەوەیاندا نییە، “عیززی كوڕی عەبدولسلام” پێیوایە بۆ ئەوانەیە كە نایزانن نەبادا بەهۆی ئەوەوە بخلیسكێن بۆ كوفر و بیدعە، ئەمەش هاندان نییە بۆ ئەوەی خەڵك لە گومانددا بمێنێتەوە.

كێشەی “ئیبن سەلاح” لەگەڵ لێكدانەوەی عەقڵی

كێشەی “ئیبن سەلاحی شارەزووری” لەگەڵ لێكدانەوەی عەقڵییانە بۆ دەقەكان تەنیا لەو پرسیار و وەڵامەدا نییە دەربارەی سیفەتی كەلام و وردبوونەوە لە پیت و دەنگی قورئان یان مانای “الاستواء”ی خودا لەسەر عەرش، بەڵكە فەتوای هاوشێوەی دیكەی هەیە كە دژ بەوە فەلەسەفەكاری و بەكارهێنانی زانستە عەقڵییەكانە بۆ لێكدانەوەی سیفەتەكانی خودا (ابن كثير، 1993: 857)، ئەمە لە كاتێكدا ناوبراو ئەو ئەكاتەی لە موسڵ فێرخواز و هاوەڵی شێخی شافیعیی_ئەشعەریی “كەمالەدینی كوڕی مەنعە”ی (م.٦٣٩ك/١٢٤٢ز) هەولێریی بووە، هەوڵیداوە بە نهێنی زانستی “مەنتیق”ی لا بخوێنێت، بەڵام مامۆستاكەی ئامۆژگاریكردووە واز لە خوێندنی “مەنتیق” بهێنێت و پێیوتووە: “خەڵك ڕایان لە سەرت باشە، هەر كەسیش خەریكی “مەنتیق” بێت لە سەر ئەوانە ئەژماردەكرێت كە عەقیدەیان خراپە، بە هۆی ئەمەیشەوە واتێدەگەن تۆ عەقیدەیان تێكدەدەیت، بەم هۆیەیشەوە “ئیبن سەلاح” لە خوێندنی مەنتیق وازیهێناوە” (ابن خلكان، 1994: 5/ 314). ئەم هۆشداری و دوورەپەرێزگرتنەوەی “ئیبن سەلاح” لە “مەنتیق” دەگاتە ئەوەی فەتوایەكی بەناوبانگ بدات لە سەر حەرامكردنی فەلسەفە و لۆژیك كە ئەوكات دەقەكانی پەیوەست بە سیفەتەكانی خودایان پێ لێكدەدرایەوە. لە فەتواكەیدا “ئیبن سەلاح” (1407هـ/ 1: 209_2010) جەخت لە چەند شتێك دەكاتەوە: “فەلسەفە ترۆپكی گەمژەیی و بەربادییە، بابەتێكە بۆ دڵەڕاوكێ و گومڕایی و دڵكرمی و زەندەقە، هەر كەسیش فەلسەفەكاری بكات چاوی لە ئاست جوانییەكانی شەریعەت كوێردەبێت و شەیتان سواری سەری دەبێت”. لە بارەی “مەنتیق”یش پێیوایە (1407هـ/ 1: 209_2010) “دەروازەی خراپەكارییە”، سەرقاڵبوون بە فێربوونیشی لە شەریعەتدا بە حەڵاڵ نازانێت چونكە “لە ناو هاوەڵان و شوێنكەوتەكانیان و پێشەوایانی سەلەفدا ڕێگەیپێنەدراوە”. جەخت لەوەش دەكاتەوە بەكارهێنانی زاراوەكانی “مەنتیق” لە باسە شەرعییەكاندا خراپەكارییە”، دەربارەی ئەوانەشی پێیانوایە بۆ كەڵكوەرگرتن خۆیان بەم زانستەوە سەرقاڵدەكەن دەڵێت: ئەوە شەیتان خڵافاندوویەتی و فێڵیلێكردووە”. بەلای ئەویشەوە ئەركی دەسەڵاتدار ئەوەیە ئەم “شوومانە” لە قوتابخانەكان دووربخاتەوە و ئەوانەیش سزابدات کە پێوەی سەرقاڵن ئیتر چ بە شمشێر بێت یان بە ئیسلامەتی، هەروەها جەختیكردووەتەوە (1407هـ/ 1: 209_2010)، لە هەموو شت پێویستتر لادانی ئەو مامۆستایانەیە لە كاری وانەوتنەوە كە ئەهلی فەلسەفەن یان دانراویان هەیە تێیدا، نەك هەرەوە بەڵكە پێویستە زیندانی بكرێن و لە ماڵەوە دەستبەسەربن. لەم میانەیەشدا ئەوە باوە كە وتوویەتی وەرگرتنەوەی قوتابخانەیە لە “سەیفەدینی ئامەدی” لە ڕزگاركردنی شاری عەككا باشترە لە خاچییەكان” (ابن تیمیة، 1995: 9/76)، بە دوای ئەمەیشدا پادشای ئەیوبی “مەلیك ئەشرەف” لە ناو خەڵك هۆشداریداوە كەس خۆی بە زانستە دێرینەكانەوە سەرقاڵنەكات و لە بری ئەوە گرنگی بە تەفسیر و فەرموودە و شەرعزانی بدەن. هەروەها “سەیفەدینی ئامەدی” لە مامۆستایەتی قوتابخانەی “العزیزیة” لابردووە (ابن كثير، د.ت: 13/ 124) ، چونكە ناوبراو پێشەنگی زانستە عەقڵییەكان بووە لە سەردەمی خۆی.

عەقیدەی “ئیبن سەلاحی شارەزووری”

     “ئیبن سەلاحی شارەزووری” لە ژینگەیەكی ئەشعەریدا پەروەردە بووە كە پێشتر ئاماژەی پێكرا سیفەتەكانی خودا یان تەئویل یان ماناكەی هەواڵەی خودا دەكەن (التفویض)، كەچی ئەم شەرعزانە كوردە شارەزوورییە جیاواز لە زۆر لە هاوتا كورد و ئیسلامییەكانی دیكەی سەردەمی خۆی هۆگری عەقیدەی پێشین بووە كە پابەندییە بە مانای ڕواڵەتی دەقەكانەوە و بە دەربڕینی “ابن كثیر” (1993: 857) لە عەقیدەدا سەلەفی بووە”. ئەمەش زیاتر لە نوسینی پەراوێزێك دا دەردەكەوێت كە لە سەر هۆنراوەیەكی “أبي الحسن الكرجي” (م.٥٣٢ك/١١٣٧ز) نووسیویەتی، هۆنراەوەكە باسی بەرز و بڵندیی (العلو)ی خودا دەكات لە سەر عەرش، تانەی زۆریش لە عەقیدەی ئەشعەرییەكان دەدات و خراپ ناویاندەهێنێت، “ئیبن سەلاح”یش لەسەری نووسیوە “ئەمەیە عەقیدەی ئەهلی سوننەت و فەرموودە” (الذهبی، 2003، 2/ 473) . هەر بەم هۆیەیشەوە “الذهبي” (1998: 4/ 149) لە بارەی “ابن الصلاح” وتوویەتی “كەسێكی بە عەقیدە سەلەفی بووە، دووریگرتووە لە تەئویلی ئەهلی كەلام، باوەڕی بە واتای دەقەكان هەبووە بەبێ قووڵبوونەوە و وردبوونەوە تێیدا”، ئەمەش هەمان ئەنجامگیری “ابن كثیر”ـە لەبارەی باوەڕی زانای شارەزووری.

كاركردنی “ئیبن سەلاح” لەگەڵ “مەلیك ئەشرەف” ی ئەیوبی كە دۆست و هاوڕێی حەنبەلییەكانە وەك لە پێشەوە باسكرا، دەشێت هەر ئەم پاڵنەرەی هەبووبێت، هەردوولایش لەو شافیعییە كوردانەن كە نەچوونەتەناو تەوژمی باوی ئەشعەرییەوە، لەم چوارچێوەیەیشدا “مەلیك ئەشرەف” بەڕێوەبردنی “دار الحدیث”ی دیمەشقی پێسپاردووە (٦٢٨ك/١٢٣١ز)، لەم خانەیەشدا ئەو نەعلانە نمایشكرابوون كە باوەڕوایە هیی پێغەمبەر بێت (د.خ) (الذهبي، 2001: 13/ 360). هەر لەم سۆنگەیەشەوە “ئیبن سەلاح” و “مەلیك ئەشرەف” یش لەگەڵ “عیززی كوڕی عەبدولسەلام ناكۆكی و ناجۆرییان زۆر بووە، چونكە وەك “السبكي” (1413ه: 8/ 218) دەڵێت: هاوەڵانی ئەم پادشا لەوانەبون خۆیان بە سەلەفی و پەیڕەوی “ئەحمەدی كوڕی حەنبەل” زانیوە و هێندەش كاریگەرییان هەبووە لەسەری “تێكەڵ بە خوێن و گۆشتی سوڵتان بووە”، بەم هۆیەشەوە كێشەیەك كەوتووەتە نێوانیان لەگەڵ “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” و دواتر بە نێوانگریی شەرعزانی كوردی میسری “ئیبن حاجیب” و دەستوەردانی پادشای ئەیوبی “مەلیك كامیل” دامركێنراوەتەوە و “مەلیك ئەشرەف” ڕازیی كردووە و داوای لێبوردنی لێكردووە (السبكي، 1413: 8/ 229_230_239)، پێشتریش ئاماژەی پێكرا كاریگەربوونی “مەلیك ئەشرەف” بە “ئیبن سەلاح” وایكردووە مامۆستاكەی “عیززی كوڕی عەبدولسەلام” كە “سەیفەدینی ئامەدییە” لە وانەبێژی لە شام دووربخرێتەوە و لەوە بەدوا بە گۆشەگیری و لە باخەكەی خۆیدا ژیاوە تا كۆتایی ژیانی (ابن كثیر، د.ت: 13/ 141)، بەشی گەورەی هۆكاری ئەمەش ئەوەیە وەك “ئیبن تەیمیە” (1996: 9/7) دەڵێت: “كەس لە سەردەمی ئەودا هێندە قووڵنەبووە لە زانستە كەلامی و فەلسەفییەكان” لە هەمان كاتیشدا شایەتی ئەوەی بۆ داوە “كەس لەو مسوڵمانتر و باوەڕقایمتر نەبووە”.

كۆبەند

لەم باسانەی پێشەوە دەردەكەوێت ڕاجیاییەكی توند لە بارەی وەستان لە بارەی سیفەتەكانی خودا یان ڕۆچوون لە لێكدانەوە و شرۆڤەكردنیان لە نێو شەرعزانە دیارە ناسراوەكانی دەوڵەتی ئەیوبیدا لە شام هەبووە (سەدەی 7ك/13ز) لە كاتێكدا هەموویان لە چوارچێوەی گشتی ئایینزای شافیعیدا كاریانكردووە. لەم مشتومڕەشدا “ئیبن سەلاحی شارەزووری” وەك كوردێكی دەركەوتوو لە زانستە ئیسلامییەكاندا، پێگە و بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبووە و بە فەتواكانی بەشداریی بەرچاوی لە بابەتە عەقیدەییەكاندا كردووە و كاریگەریی لەسەر دەسەڵاتدارانیش هەبووە لەوانەش “مەلیك ئەشرەفی ئەیوبی”. ئەم شەرعزانە كوردە جیاواز لە زۆر لە كوردە هاوسەردەمەكانی خۆی، لە بارەی عەقیدەوە سەر بە قوتابخانەی نەقڵ بووە و پشتیوانی لەوەكردووە جگە لە وەرگرتنی واتای ڕواڵەتی دەقەكانی پەیوەست بە سیفەتەكانی خودا، وردەكاریی و بنكۆڵكاری زیاتریان تێدا نەكرێت بە پشتبەستن بە زانستەكانی فەلسەفە و لۆژیك، ئەمەش وایكردووە لەگەڵ یەكێك لە هەرە ناسراوترین زانا ئیسلامییەكانی هاوچەرخ و هاوسەردەمی خۆی كە “عیززی كوڕی عەبدولسەلام”ـە، بكەوێتە ناكۆكی و مشتومڕەوە. لایەنگریكرنی “ئیبن سەلاح” بۆ قوتابخانەی نەقڵ لە كاتێكدا لە زنجیرەی مامۆستاكانیدا زۆربەیان لەگەڵ تەئویل و هەواڵەكردنی مانای دەقدان بۆ خودا، ئەمەش دەشێت  پەیوەندی بە كێڵگەی سەرەكی كاركردنی ناوبراوەوە هەبێت كە فەرموودەناسییە. مشتومڕی ئەم دوو زانا ئیسلامییەش لەگەڵ یەكتر ئەگەرچی هەندێك زبریشی تێدایە لە وردەكاریدا، بەڵام بەگشتی بەشێكن لە چوارچێوەیەكی گەورەتری مشتومڕ و ململانێ عەقیدەییەكانی سەدەكانی ناوەڕاستی ئیسلامی كە شار و سنوری قەڵەمڕەویی دەوڵەتی ئەیوبیشی گرتووەتەوە لە كاتێكدا ئایینزای سەرەكی دەوڵەت شافیعی _ ئەشعەری بووە و بەشێكیشن لەو هەواڵانەی بۆ ناسینی زیاتری زاتی خودا و سیفەتەكانی دراون هەریەك بە پێی میتۆد و ڕێچكەی خۆی.

سەرچاوەكان:

الأسنوي، عبدالرحيم جمال الدين (ت 772هـ/1371م). (1987). طبقات الشافعية، تحقيق كمال الحوت. بيروت: دار الكتب العلمية.

ابن تيمية، أحمد بن عبد الحليم (ت 726هـ/1326م). (1995). مجموع الفتاوى، تحقيق عبد الرحمن بن محمد بن قاسم. المدينة: مجمع الملك فهد لطباعة المصحف.

ابن حجر العسقلاني، أحمد بن علي بن محمد (773-852هـ/1371-1449م). (2000). نزهة النظر في توضيح نخبة الفكر في مصطلح أهل الأثر، تحقيق نور الدين عتر. دمشق: مطبعة الصباح.

الجويني، عبد الملك عبدالله (ت478هـ/1085م) (د.ت). الإرشاد الى قواطع الأدلة في أصول الاعتقاد. مصر: مكتبة الثقافة الدينية.

الحموي، تاج الدين. (ت ق6ه/10م) (1327هـ) حدائق الفصول وجواهر العقول في علم الكلام على أصول أبي الحسن الأشعري. مصر: مكتبة الخانجي.

ابن خلكان، شمس الدين أحمد بن محمد (ت 681هـ/1282م). (1968). وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان، تحقيق إحسان عباس. بيروت: دار صادر.

الذهبي، شمس الدين محمد (ت 748هـ/1347م). (1998). تذكرة الحفاظ. بيروت: دار الكتب العلمية.

الذهبي، شمس الدين محمد (ت 748هـ/1347م). (2001). تاريخ الإسلام ووفيات المشاهير والأعلام، تحقيق بشار عواد معروف. بيروت: دار الغرب الإسلامي.

الذهبي، شمس الدين محمد (ت 748هـ/1347م). (2003). العرش، تحقيق محمد التميمي. المدينة: الجامعة الإسلامية.

ابن الصلاح، عثمان بن عبد الرحمن، أبو عمرو، تقي الدين (ت 643هـ/1245م). (2002). معرفة أنواع علم الحديث، تحقيق عبد اللطيف الهميم وماهر ياسين الفحل. بيروت: دار الكتب العلمية.

ابن الصلاح، عثمان بن عبد الرحمن، أبو عمرو، تقي الدين (ت 643هـ/1245م). (1417ه) فتاوى ابن الصلاح، تحقيق موفق عبد الله عبد القادر. بيروت: مكتبة العلوم والحكم، عالم الكتب.

ابن عبد السلام، العز (1986). كتاب الفتاوى، تخريج وتعليق عبد الرحمن بن عبد الفتاح. بيروت: دار المعرفة.

ابن عبدالسلام، العز (660هـ/1262م). (1419هـ). الفتاوى الموصلية. تحقيق إياد خالد الطباع. بيروت: دار الفكر المعاصر.

ابن كثير، إسماعيل بن عمر (ت 774هـ/1373م). (2004). طبقات الشافعيين، تحقيق أنور الباز. المنصورة: دار الوفاء.

ابن كثير، عماد الدين إسماعيل بن عمر (ت 774هـ/1372م) (د.ت). البداية والنهاية. القاهرة: مطبعة السعادة.

المقریزي. علي بن أحمد (ت845ه/1442م). (1418هـ) المواعظ والاعتبار بذكر الخطط والآثار (الخطط المقريزية). بيروت: دار الكتب العلمية.

سەرچاوە نوێیەكان:

العوني، الشريف حاتم بن عارف. (2004). سجال عقدي حول إيجاب الإجمال أو إيجاب التفصيل في المسائل الخلافية من صفات ربنا الجليل. دورية نماء، مركز نماء، مصر، 8(14)، ص 178-196.

 

Send this to a friend