• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 27, 2025

کورد لە سەفەرنامەکاندا (لە سەفەوییە تا کۆتایی پەهلەوی)

[1]

ئامادەکردنی: ئێرانناسی

ئەوانەی لە بواری کوردناسی و ئێرانناسی کاریان کردووە، پشتیان بە سەفەرنامەکان وەک سەرچاوەی مێژووی و ئەتنوگرافی بەستووە. لەگەڵ شیرینی خوێندنەوەی  ئەو کتێبگەلانە، ناوبەناو ئەگەر دێڕێک یاخود بەشێک پەیوەندی بە کورد و کوردستانەوە هەبووبێت ئەوا خەتێکمان بە ژێریدا کێشاوە و بوەتە جێگەی سەرنجمان. بەڵام کەمتر بینیبوومان کە کتێبێک بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی کۆی ئەو زانیارییانەمان بۆ ڕێکبخاتەوە و لە دووتوێی کتێبێکی لەم چەشنە پێشکەشی خوێنەر و پسپۆڕانی ئەو بوارەی بکات. خۆشبەختانە  ‘دامەزرەوەی ئێرانناسی” لە ئێران و بە قەڵەمی توێژەرێکی بە سەبر و بەتاقەت ئەو بەرهەمەی هێنایە بوون، ئەویش “فەرامەرزی ئاقابێگی” یە.

کوردناسی کۆڵەکەیەکی گرنگی  ڕۆژهەڵاتناسیە. وەک نەتەوەی چوارەم لە ناوچەکە جێگەی سەرنجی گەشتیار و گەریدەکان بووە. وەک نەتەوەی بێ دەوڵەتی ناوچەکەش هەمیشە چاوی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانی لە سەر بووە. لە پێنج سەد ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتەت لە سەدەکانی پانزە و شانزە بە دواوە گەریدەکان کاری کنە وپشکنینی کولتووریان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئێران کوردستان بە تایبەتی ئەنجام داوە. ئەو ناوە دیارانەی کە چ وەک گەشتیار و گەڕیدە و چ ئەوانەی بو مەبەستی کاری ئەتنۆگرافی و زانستی کاریان کردووە لە کۆتاییدا ئامانجیان ناسینی ڕۆژهەڵات بووە. لێرەوە ڕۆژهەڵاتناسی وەک زانست خۆی نمایش دەکات.

كتێبەکە بە ستراکچەرێکی بەهێز داڕێژراوە. ڕیزبەندی بەشەکانی بە شێوازێکە، کە زەمەنی مێژووی تێێدا ڕەچاو کراوە. بە پێی زنجیرەی کات و مێژووی بابەتەکانی تێرئاو کراون. جیاواز لە ڕای گەڕیدە و سەرچاوەکانی کە وەک سەفەرنامە دەرکەوتوون پشت بە نووسراوی هەندێک لە کەسانە بەستراوە کە وەک نێردە و یاخود فەرمانەبەر یا خود دیپلۆماتکار لە ناوچەکە کاریان کردووە.

سەفەرنامەکان وەک پەردەی نیگارکێشی داب و نەرتی و ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری خەڵک لە ئامێز دەگرن. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی مێژوو نووسی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئیسلامی ئەوە بووە کە: مێژوونووسان گرنگییان بە مێژووی کۆمەڵایەتی نەداوە ئەم کەلێنە هەمیشە لە لایەن گەشیتار و گەڕیدەکانەوە پڕ کراوەتەوە. بە هۆیی هەلومەرج و دۆخیی مێژوویی وڵاتانی ڕۆژهەڵات کەمتر توانای سەفەر کردن بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان ڕەخساوە کە سەفەر بۆ ڕۆژئاوا بەکەن و نمونەی زۆر کەم نەبێت سەرچاوەی وامان لە بەردەست نییە، بۆ نموونە سەفەرنامەی ناسرەدین شا بۆ فەرەنگ. بەڵام بە پێچەوانەوە جیهانی ڕۆژهەڵات و میزۆپۆتامیا بە تایبەت بابەتی لێکۆڵینەوەکانی گەشتیار و میسیۆنێر و گەریدە ئەورووپاییەکان بووە. بە تایبەت ئەوەی کە پەیوەستە بە کولتوور و شارستانییەتی گەلانی ئێران لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە تا مێژووی هاوچەرخ بابەتی ئەم لێکۆڵینەوە بە نرخەیە. کە ئاماژە بە هەندێک لەو سەرچاوە بە نرخانە دەکەین.

زۆربەی ئەو سەفەرنامانەی کە لە سەردەمی سەفەوییدا نوسراوە بە شێوەیەکی گوماناوی و هەندێک جار هاوتەریب لە گەڵ مێژوونووسە ئیسلامییەکان کە کوردیان وەک خێڵی جنۆکە .. ناساندووە، ئەورووپاییەکانیش بە هەمان شێوە هەندێک دەستەواژەی وەک وەحشی و دز ..یان بەکارهێناوە.

بازرگانە وینیزییەکان یەکەم دەستەی ئەوانە بوون کە لە سەردەمی سەفەوییەوە گەیشتوونەتە ئێران. پاشان “برایانی شرلی”، “فیگۆئروا”، ‘پیتر دولاوالە”، “تارونییە”، “شاردن” و” کارری” گرنگترین ئەو کەسانە بوون کە لە سەردەمی سەفەوییەکان گەیشتوونەتە ئێران. دواتریش لە سەردەمی نادر شای ئەفشاو و خانەدانی زەندییە تا کۆتایی قاجار بەردەوام بوو.

گرنگترین سەفەرنامەکانی ئێران لە سەرەتای سەفەوییە تا کۆتایی قاجارەکان نووسراون.

  • سەفەرنامەی پیترودولاوالە. گەریدەی ئیتاڵیایی ١٦١٧
  • سەفەر لە ئێران، گاسپار دروویل ١٨١٢ لە سەدەمی قاجارەکان هاتووەتە ئێران.
  • سەفەرنامەی هانری بایندەر: سەفەر نامەی کوردستان و بەینولنەهرەین و ئێران.١٨٨٧ و لە سەردەمی قاجارەکان و ناسرەدین شا
  • ئێران و قەزییەی ئێران.جورج ناتانیل کۆرزۆن ١٨٩٠
  • سەرزەمینی سەرسوڕهێنەر و خەڵكێکی میهرەبان. ١٩٤٩-١٩٥٠ ویلیام داگلاس قازی دیوانی باڵای ئەمریکا لە سەفەری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیویەتی.

توێژەری ئەم باسە لە بنەڕەتدا بۆ یەکێک لە زانکۆکانی ئێرانی نووسیووە، توانیویەتی داتاکانی سەفەرنامەکانی بە شێوەیەکی باش لە لێکۆڵینەوەکەیدا بەکار بهێنێت.

سەفەرنامەکانی سەردەمی سەفەوی دەربارەی کورد و کوردستان “گشتی و کورتن” ئاماژەکان زۆربەی جار پڕن لە دیدگای دژ بە یەک لە سەر کوردەکان. بۆ نمونە “برایانی شرلی” کاتیک دەگەنە کوردستان دەڵین: میللەتێکی وەحشی و دزن” لە هەمان کاتدا لە شوێنێکی تردا باسی میواندۆستی و جوامێری کوردەکان دەکات. بە وەحشی ناوزەد کردنی کورد لە لایەن ئەورووپییەکانەوە وەک باوێک لە ناو کتێبەکاندا باس کراوە وەک لە سەفەرنامەی ‘ژان باتیست” ئاماژەی پێ کراوە. هەر وەک چۆن مێژوو نووسە مسوڵمانەکان کوردیان بە جنۆکە پێناسە دەکرد.

کتێبەکە بە گشتی پێکهاتووە لە پێنج بەشی سەرەکی کە بەشی یەکەم لە پێناسە و ناساندنی سەفەرنامەنامە نووسی و بنەماکانی. لە بەشی دووەم باس لە جوگرافیای کورد دەکات لە ناوچەکە. بەشی سێێەم تەرخانە بۆ ئابووری کورد لە سەفەرنامەکاندا. بەشی چوارەم تایبەتە بە خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکانی کورد. کۆتا بەش باس لە تایبەتمەندییە کولتووری و ئەدەبییەکانی کورد دەکات.

ئەم کتێبە سەنگ و نرخی خۆی هەیە بە لێکۆلەرانی زانکۆ و ئەوانەی خولیای مێژووی ئێران و گەلی کوردیان هەیە.

[1] فرامرز اقا بیگی. کرد در سفرنامەها ( از صفوی تا پایان پهلوی) . تهران انرشارات ایرانشانسی چاپ اول ١٤٠٠

Send this to a friend