چالاکڤانیی ژنانی کورد لە نێوان هەڵپەسێردراوی و بە جەماوهریبووندا
د. ئازاد حاجی ئاقایی
پوختە
لە کاتێکدا ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان، لە ژێردەسەڵاتی حکومەتێکی شێوە-سیکۆلار خەریکی پەرەسەندنی سێبەرکانی خۆی بە سەر جومگەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەدایە و هاوکات پانتایی تاکەسیی هەڵسوکەوتی ژنانیشی کردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی، ئەم دۆخە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێکی ئایینی، ڕەوتێکی پێچەوانە تێدەپەڕێنێت. لە سێهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی و لە کاتێکدا کە دۆخی ئابووری و سیاسی ئێران ڕووەو تەقینەوەی خاڵەکانی قەیران هەنگاو دەنێت،ڕەوتیخەبات، داخوازی و ئەو ئاسۆیانەی ژنان بۆ داهاتووی سیاسی دەخوڵقێنن، تا چ ڕادەیەک دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گۆڕانی پانتایی سیاسی ئێران بە گشتی و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت؟ ئەم وتارە بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ دەدا سیکۆلاریستبوونی بزاڤی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێزی داینەمۆی گۆڕانی کۆمەڵگە، وەک ڕەوتێکی مێژوویی تاوتوێ بکات.
بەرایی
گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە مەودایەکی زەمەنی درێژخایەن، لە ناو تێگەیشتنی کۆمەڵگە بیچم دەگرن و لە کاتە هەستیارەکانی وەرچەرخانی سیاسی، یان ئەو کاتەی کۆمەڵگە موبیلیزە دەکرێت، وەک دروشم یان ویستی گۆڕانکاری گشتی، لە چەشنی هاتنە سەر شەقام و چەکێکی مادی، خۆیان دەردەخەن. گشتگیربوونی دروشمی سیکۆلار و دژە هیرارکییەکانی باوکسالاری و دەسەڵاتدارییەکی ئیسلامی و سەرەڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێران، ژن، ژیان ئازدی، ئەگەرچی ئاخێزگەکەی کوردستان بوو، بەڵام زۆر ئاماژەی سیاسی و دیرۆکی لە خۆیدا حەشار داوە.
هاوکات لەگەڵئاماژەکردن بە لایەنە سیاسییە ڕووتەکانی ئەم بزووتنەوەیە، وەک لابردن یان لە ناوچوونی دەسەڵاتێکی ئایینی، کە ئایین وەک هێزی یاسادانەر دەناسرێت، دژایەتیکردن لەگەڵ نەریتە زاڵەکانی کۆمەڵگەی نەریتیش، وەک باڵا دەستی پیاو بەسەر ژن، دژایەتی لەگەڵکۆنترۆڵی جەستەی ئافرەت لە لایەن پیاو-دەسەڵات، بەشێکی تر لەم ویستە بە هەژموونکراوەی ئەم سەرهەڵدانە بوو کە سێ ساڵ پێش ئێستاکە چوارچێوەکانی جوگرافیای سیاسی ئێرانی تەنییەوە.
سەرەڕای ئەم تێبینیانە، کە لەسەر بنەمای چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی درێژەمەودا، بە زمانی ئینگلیزی نوسراوە، لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە و هەروەها، تەعبیرە جیاوازەکان، یان هەوڵدانەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم دیسکۆرسە، کە لە سەرەتادا وەک دروشمێک بەرز کرایەوە، بە گرنگیپێدانی بزووتنەوەی ژنانی کوردلە ناو جوگرافیای سیاسی ئێران، پێشینەی سیکۆلاری خەباتی ژنان لە دژە دەسەڵاتدارییە سەرەڕۆکانی ئێران، بۆ بەدیهێنانی مافە مرۆڤییەکان و نەتەوەییەکان، لە ماوەیەکی نزیکەی یەک سەدە،بنەما پراکتیک و فکرییەکان بخرێنە بەر باس.لە کۆتاییداهەوڵ دەدرێتئاسۆکانی داهاتووی بزاڤی ژنان لە کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژەڤی داهاتووی سیاسی ئێران وەک، گریمانەیەک باس بکرێت.
بەم تێڕوانینەوە کە چالاکڤانیی ژنانی کورد، بەردەوام لە ژێر کاریگەری مێژوونووسی پیاوانەدا([1])، لە کوردستان شاردراوەتەوە، ئەم کورتە وتارە بە داکۆکیکردن لەسەر گیڕانەوەکانی ژنانی کورد، هەوڵ دەدات بە ئاماژەکردن بە جیۆپۆلەتیکی فێمینیستی، ڕوخساری دیرۆکی خەباتی ژنان بە تیۆری، Abeyanceهەڵپەسێردراوی بخوێنێتەوە. بەڵام خوێندنەوەیەک لە ڕۆڵی ژنان لە ناو بزاڤی کوردستانی، بەم تیۆرە،لە یەکەم ساتدا،بە پێچەوانەی تیۆرە ڕۆژئاواییەکان کێشەیەکی مەعریفی لێ دەکەوێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی گێڕانەوەی ژنانە لە سیاسەت و کردەی سیاسی، لە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم چەند ساڵەی دوایدا کەمو زۆر پەرەی سەندووە، بەڵام وا دێتە بەرچاو، بە هۆی باڵادەستی ئێپیستمۆلۆژی پیاوانە(1) و دیرۆکنووسی پیاوسالارانە(2) بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ژنەکانیان بە شێوازێکی سیستەماتیک لەبەرچاو نەگرتووە، ئەم ڕەوتە تاکو ئێستا نەیتوانیوە ڕێچکەیەک لە بەرهەمهێنانی زانست لە کوردستان پێک بێنێت.هاوکات مێژوونووسیبزاڤی کوردستانی، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لە پارچەکانیتریش، تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر باندۆریدیرۆکنووسی ناسیۆنالیستی پیاوسالار بووە و زۆرجارگێڕانەوەکانی ژنان لەمەڕ مێژووی سیاسی پەراوێز خراوە یان بە ڕوانگەیەکی پیاوانە، گێڕانەوەکان، نووسراونەتەوە.
لەگەڵ ئەم کێشە گشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ناکرێ تەنیا بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەربەست بکرێتەوە، لەم بەشەی وڵات، هەندێک چالاکڤانی ژن، وەک گۆڵروخ قوبادی، مەلەک مستەفا سوڵتانی، ئامینە کاکەباوە و… توانیویانە بە نووسینەکانی خۆیان، دەلاقەیەک، هەم ڕووەو گێڕانەوەی خەباتی ژنان بکەنەوە و هەمیش، لە بەرهەمهێنانی زانستی دژە باو، ڕۆڵیان هەبێت. لە لایەکی ترەوە، توانیویانە، بیرەوەری سیاسی-کۆمەڵایەتیش سەبارەت بە کردەی سیاسی تووشی ئاڵوگۆڕ بکەن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم کێشەگشتییە، دەکرێ، باس لە تیۆری هەڵپەساردن بکرێت.
سەرەڕای دەسەڵاتە دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکان کە کەم و زۆر مەیلێکی سیکۆلاریان هەیە و ئامادەی دابەشکردنی دەسەڵات بە سەر چین، توێژ و ئەتنیکەجیاوازەکانی کۆمەڵگەن، ئەم مەیلە لە ناو دەسەڵاتدارییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان لە ژێر کۆنترۆڵ دایە، بە هۆی ویستی ناوەندخوازانە یان ویستیی ئایینی، تا ڕادەیەکی زۆر بەرچاو، بەرتەسک ترە. پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە هەم بۆتە هۆکاری لاوازکردنی پێکهاتەکانی دەوڵەت و هەم ڕێگری لە پێشکەوتنی دیموکراسی کردووە.
بەڵام بزووتنەوەکانی ژنان، بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بە هۆی نەریتییبوونی کۆمەڵگەو سیاسەتەکانی دەسەڵات، بە تایبەت لە ئێران، بەردەوام لە دۆخێکی شێوە-هەڵپەسێردراوماونەتەوە. سەرەڕای ئەم بەربەستە، دۆخی ژنان لەناو بزووتنەوەی کوردستانیشدا، ئەم بەربەستەی زەقتر کردۆتەوە. ئەمە وایکردەوە لە لایەکەوە چالاکڤانیی ژنانی کوردهەم نەبینراوە، وەک بزاڤسەیر بکرێت و هەمیش بە پێی دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی جڤاکی ئێران، هەڵکشان و داکشانێکی بێ وێنەبە خۆیەوەببینێت. لەم ئاستەدا کە تیۆری هەڵپەساردن، دەتوانێ ڕەوتی گەشە و گۆڕانی چالاکڤانی ژنانی کورد لە ناودەقی کۆمەڵگە نا-دیموکراتەکان و دۆخی نەریتیی کۆمەڵگەی کوردی، وەک بزووتنەوەیەکی ئینتەرسێکشناڵ، شەن و کەو بکات.
پەیوەندیدار بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی–سیاسی، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی ئامانج و مەبەستی خۆیان دەتوانن ئامانجێکیتایبەتیان هەبێت یان بەشێوەیەکی فراوانتر بۆ پرسە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ئامانجەکانیان تەرخان بکەن. پرۆگرام،ناسنامە و بەردەوامیی(3) یەکێک لەم تایبەتمەندییانە بۆ پێناسەی بزاڤی ژنان، بەڵام بەو هۆکارانەی پێشتر، باسیان لەسەر کرا، چالاکڤانیی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاکو ئێستاش لە چەشنی بزووتنەوەیەک نەبینراوە.
لەناو بەستێنی تیۆرەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چوارچێوەی هەڵپەساردن سەرنجی زانستی زۆری ڕاکێشا بەهۆی شیکارییەکانی بۆ ستراتیژی و میکانیزمەکانی مانەوە کە لەلایەن بزووتنەوەکانەوە بەکاردەهێنرێن لە قۆناغەکانی وەستان لە نێوان ژینگە دوژمنکارەکان یان ئاڵنگاری نزیکدا. فۆرمولەکردنەکە سەرنج دەخاتە سەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کە پێشتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، کاتێک زەحمەتە بەشداریکردنی جەماوەری کۆبکرێتەوە و، ڕێگە بە زانایان دەدات لە “هەڵگرتن” لە نێوان بزووتنەوەکان تێبگەن(4).
لە چوارچێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەناودۆخە دیموکراتییەکاندا بە گشتی و بزووتنەوەی ژنانی ئەمریکی بە تایبەت، ڤێرتا تایلۆر (١٩٨٩) چەمکی هەڵپەساردنی پێناسەکردو پەرەی پێدا.بەو پێیەی کە ڕێکخراوە فێمینیستەکان لە قۆناغی ڕاستەوخۆی دوای جەنگی جیهانی دووەمدا خۆڕاگر بوون، ئەم تیۆرە جەختی لەسەر چالاکییە ناوخۆییە کولتوورییەکان دەکردەوە. هاوکات پابەندی چالاکڤانانی ژن بە بەهایبەرەنگاری، لە ناو دۆخی نالەباری گوشار لەسەربزاڤی ژنان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێناسەکردنە بوو. هەر بۆیە لەم پێناسەیەدا، تایلۆر پێداگری لەسەرئەمخاڵە کرد کە لە ئەگەری داکشان یان هەڵپەساردنی چالاکیی ژنان، ئەوە بەم واتایە نایەت کە بزووتنەوەکە لەناوچووە، بەڵکوقۆناغەکانی داهاتوو نیشانی دەدات. چالاکڤانان بە کەڵک وەرگرتنی لەدەرفەتە جیاوازەکان، دەتوانن بەستێنێکی بەهێز بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دابین بکەن(5).
بەپێی تیۆری هەڵپەساردن، دەرفەت یان کەشی کراوە، کولتوورەکانی هاودەنگی، تۆڕە شاراوەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کولتووری سیاسی بەرخۆدان و سۆزی خۆشەویستی، وەک دەلالەتەکانی هەڵپەساردنی بزووتنەوەیەک لەکاتە هەستیارەکاندا، دەتوانێت پێناسەیەکی وردتر سەبارەت بەم تیۆرەبە دەستەوە بدات(6) و(7) هەر کام لەم چەمکانە ئاماژەیەکن بۆ ئەوەیکە چۆن نەوەستانی بزووتنەوەکان، بەستێنێک بۆ سەرهەڵدانەوەی نوێ دەڕەخسێنێت. هەر بۆیە چەمکی هەڵپەساردن، گرنگی دەخاتە سەر ئەم خاڵەگرنگە کە کەشە ئازادەکان، سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ سەرلەنوێ هەستانەوەی ئەو کەسانەی بەرەو ڕووی سیستەم و نەهامەتی بوونەتەوە(8).
بنەماکانی هەڵپەساردن لە ناو بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی سێ تایبەتمەندین: تۆڕەکانی چالاکڤانیی و مانەوەیان دەپارێزن، ئامانج و تاکتیکەکان ڕادەگرن و ناسنامەی گشتی بەشداربوواندەپارێزن،(9) بەپێی ئەم سێ تایبەتمەندییە ،لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی-دیرۆکی، تاوتوێکردنی بزاڤی ژنان لە قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵگە دەسەڵاتخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەلاقەیەک بۆ خوێندنەوەی چالاکڤانیی ژنانی کورد لە بەستێنی نادیموکراتی دەسەڵاتە ئێرانییەکان لەمێژووی هاوچەرخ دەکاتەوە.
دەرکەوتنی چالاکڤانیی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات
دەرکەوتنی چالاکڤانیی کۆمەڵایەتی سیاسی ژنانی کورد، گرێدراوی بەستێنەکانە و کاریگەربوون یان ناکاریگەربوونی، ڕەنگە تەنیا گرێدراوی تواناییەکان و جۆری چالاکییەکان نەبێت. بۆ نمونە دەرکەوتنی چالاکیی ژنانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،لە سەردەمی مۆدێرن، گرێدراوی ئەو بەستێنەبوو، کە بۆشایی سیاسی لەجوگرافیای سیاسی ئێران ودیاردەیەکی نوێ، وەک دەرکەوتنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بەستێن و دەرەفەتەکانی ڕەخساند.
تەنانەت ئەگەر وەک ڕواڵەتێکیش بێت، دامەزرانی پارتی ژنانی دیموکراتی کوردستان، لە ٨ ی مارسی ١٩٤٦ یەکەم هەنگاوبوو ژنان توانیان، لە پانتایی گشتی سیاسی، نوێنەرایەتی بەشێک لە توێژی کۆمەڵگەی کوردی بکەن. لە کاتێکدا ژمارەی ژنان، بەپێی گێڕانەوەی کوبرا عەزیمی، هەم کەمبوو و هەمیش زۆرتر بە مەبەستی یارمەتیدانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام دیسکۆرسی نەتەوەخوازانە، توانی بۆ یەکەمجار ژنان بێنێتە ناو پانتایی گشتی سیاسی و ژنانێکی زۆرتر لە ناو پانتایی سیاسی، مۆبیلیزە بکات.
موجاب پێی وایەبوونی ژنان لە ناو پارتی سیاسی، ژیانی ژنانی لەناو سیاسەتدا فۆرمولە کرد ولەناو بڕیارە سیاسییەکاندا پەراوێزخران(10) بەڵام هەر ئەو میراتە سیاسییە کورتخایەنە وایکرد ئەم ڕەوتە لە ماوەیەکی کورت، نزیکەی ١٠ ساڵ دواتر، بە فۆرمێکیتر، لەژێر کاریگەی سیاسەتی مۆدێرنیزاسیۆنی دەسەڵاتی پەهلەوی، لەتەواوی جوگرافیای سیاسی ئێران و بە تایبەت لە بەشی کوردستان(11) سەرلە نوێ خۆی بنوێنێتەوە.
گوڵێ قوبادی، چالاکڤانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەبارەت بەم کاریگەییانە پێی وایە سەرکوتی سیاسی، کەش وهەوای نادیموکرات، هەڵاواردنی ئابووری و بیروەرییەکانی کۆماری مهاباد، ژنانی کوردی هاندا تاوەکو ناوەندەکانی خۆڕاگریلە ناو بزاڤە چەپگەرەکان پێک بێنن. لە کاتێکدا ژمارەی ژنان، بە پێی گێڕانەوەی کوبرا عەزیمی، هەم کەم بوو و هەمیش زۆرتر بە مەبەستی یارمەتیدانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام دیسکۆرسی نەتەوەخوازانە، توانی بۆ یەکەمجار ژنان بێنێتە ناو پانتایی گشتی سیاسی و ژنانێکی زۆرتر لە ناو پانتایی سیاسی، مۆبیلیزە بکات. لەم بارەیەوە قوبادی پێی وایە:
تێڕوانینە ئایدۆلۆژییەکانی کەسانی مۆدێرن بە هۆی چوارچێوەکانی مارکسیی سۆڤیەتی، هاوڕێ لەگەڵ تێگەیشتنەکان لە کوبا و ئەمریکای لاتینەوە فۆڕمی پێدرابوو. لەناو ئەم پێکهاتە سیاسییەدا، خەیاڵکردی ئەخلاقی ئێمە لە هاوسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی وەک بەردی بناغەی کۆمەڵە وابوو. لە ئاکامدا، هاوکارییەکان لە نێوان هاوسەران و برایان، گەشەسەندنی چالاکڤانیی ژنانی کوردی لێکەوتەوە.
ئەگەر چی، کۆمەڵگەی نەریتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەک وەک لەمپەر لە ئاست چالاکڤانیی ژنانی کورد وەستایەوە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەی چالاکانی ژن لە سەردەمی پێش شۆڕشی ١٩٧٩، لە ژێر کاریگەری خەیاڵکردەکانی پەیوەندیدار بە یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و لە ژێر کاریگەریی بیرەوەرییەکانی کۆماری کوردستان، چالاکان توانیان، سەر لەنوێ، دوای ماوەیەک هەڵپەساردنی کردەی سیاسی، چالاکییەکانیان دەست پێ بکەنەوە.
وەک گیڕانەوەی بیرەوەرییەکانی خۆیان، گوڵروخ قوبادی، ڕەخشەندە بلوری و شەمسی خوڕەمی، وەک چالاکانی سیاسی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان، کە هەم لە سەردەمی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ و هەمیش دوای ئەو، چالاکییان کردووە، ئاماژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵیەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وەک شوێنێک بۆ دۆزینەوەی فەزای چالاکییەکانیان دەکەن.
بە پێی گێڕانەوەکانیان، ژنان لەم سەردەمەدا بۆ ئەوەی بتوانن لە دۆخی پڕ لە دژایەتی لە هەمبەر ژنان، چالاکیی خۆیان بەردەوام بکەن، هەندێک تاکتیکی کردەیی جیاوازیان بۆ خۆیان پێناسە دەکرد. پێکهێنانی گرووپی کتێب خوێندنەوە، ژیان لە بەشە هەژارەکانی ناوشارەکان یان دیهاتە دوورەکان، کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هەژارەکان و ژنانی لێقەوماو، پەرەپێدانی خوێندن و نووسین و لە ئاکامدا، پاڵپشتی کردن لە مافەکانی ژنان.
گێڕانەوەی ئەم ژنانە لە کردەی سیاسی خۆیان، یەکێک لە ئەڵقە پێناسەکراوەکانی تیۆری هەڵپەساردن، نیشان دەدا، واتە ئەو کاتەی دۆخی سیاسی وا دەکا چالاکڤانانی ژن، چیتر لە پانتایی سیاسیدا نەمێنن، هەندێک لە باوەڕپێکراوترین چالاکان، تاکتیکی کارکردن، لە پانتایی سیاسییەوە بۆ پانتایی کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگوازنەوە تاکو هەم بەردەوامیی گرووپ بپارێزن و هەمیش ئامانجاکان بە شێوازێکی تر بپێکن.
ئەگەرچی دوابەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ کرانەوەیەکی گەورە بۆ چالاکانی سیاسی و بە تایبەت ژنان کردەوە و ژنان توانیان لە ناو ئەنجومەنی شارەکاندا خۆیان ڕێکخستن بکەن و تەنانەت دواتر، ئەگەر ژمارەیان کەمیش بووبێت، هێزی پێشمەرگەی ژنان لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا پێک بێنن، بەڵام ئەم ڕەوتە درێژخایەن نەبوو. کەمتر لە دوو ساڵ، بەرفراوانبوونەوەی دەرفەتە سیاسییەکان بۆ بەشداری سیاسی و وەگەڕکەوتنەوەی بزووتنەوەی ژنان(12) و (13). بە هۆی ڕاگەیاندنی جیهاد لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی، وایکرد ئەم ڕەوتە توشی دابڕان ببێت,(14)
لە گێڕانەوەکانی چالاکڤانانی ژن سەبارەت بە پەیوەستبوونیان بە هێزی پێشمەرگە، دوای دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی کورد، هەر کامیان، ئاماژەیان بە هۆکاری جیاواز کردووە. هەندێکیان بە مەبەستی تێکشکاندنی باڵادەستی پیاوان، بەدەستهێنانی ئازادیی و هەندێکیشیان دەربازبوون لە قەفەسی تەنگی نەریتیی کۆمەڵگەیان وەک بەڵگە هێناوەتەوە.
ئەگەرچی هەر کام لەم چەشنە بەڵگاندنانە دەتوانێت ئاماژە بە لایەنێکی سایکۆلۆژی و تاکەکەسیش بێت، بەڵام سەرەڕای ماوەیەک هەڵپەساردن، بە هۆی بەستێنە سازکراوەکانی پێشووی بەرەی پێش لە چالاکانی ژن، بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیانەوەیەک کورت مەوداوی بە خۆوە بینی. دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران- عێراق و دواتر هێرشی گەورە بۆ سەر شارەکانی کوردستان،لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە، ژمارەیەکی زۆر چالاکانی سیاسی تووشی گیران، ئەشکەنجە و ئیعدام بوون، بەشێکی زۆریشیان لەگەڵ هێزی پیشمەرگەی باشوور بوون.
بە پێی گێڕانەوەی چالاکانی سیاسی، لەم سەردەمەدا، خەباتی ژنان بە شێوازی شاراوە، لەناو شارەکان پەرەی پێدرا. بەڵام ژینگەی سیاسی چالاکانی ژنی بۆ پاراستنی پەیوەندیی و ڕێکخستنەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، تووشی مەترسی گەورە کردەوە. ئەگەر دژواریش بووبێت، پاشماوەی ڕیکخستنەکان و شانەی ناوشارەکان، بە پێکهێنانی گرووپی ئابووری بچووک، دروستکردنی کارگەی بچووکی فەرش چنین، یان گرووپی دانیشتنتی شەوانە هەوڵیاندا تۆڕی نا-سیاسی دابمەزرێنن و ئەزموونەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ بەرەی داهاتوو.
بەم پێێە لە قۆناغی بەدیارکەوتنی ژنان لە بەستێنی سیاسی، لە سەردەمی کۆمار و هەڵپەساردنی ئەم چالاکییە لە دوای ڕووخانیکۆمار، دەکرێ لانیکەم دوو سیکڵی هاوشێوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی چالاکیی ژنان لەگەڵ دۆخی دژ و نا-دیموکراتیکی ئێران ئاماژەی پێ بکرێت. یەکەمیان سەرلەنوێ ژیانەوەی چالاکیی ژنان و دەبڕینی داخوازییەکانیان لە ناو بەستێنی سیاسی حیزبە سیاسییەکان. دوابەدوای ئەمە موبیلیزەبوونی ژنان لە ناو پانتایی سیاسی و هێزی سەربازی. دامرکانەوەی چالاکیی سیاسی-کۆمەڵایەتی بە هۆی زەخت و گوشارەکانی ژینگەی نا-دیموکراتیک. هەروەک سەردەمی دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان، لەم بەستێنەدا، ژنان هەوڵیان دا بە تاکتیکی جیاواز، پابەندبوونی خۆیان بە خەیاڵکردە کۆمەڵایەتییەکانی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بە شێوازی جیاواز ڕابگرن و بپارێزن.
سەردەمێکی کورت و مەودای نوێ
ساڵانی نێوان ١٩٩٧-٢٠٠٥ لە ئێران وەک سەردەمی کرانەوەی سیاسی دەناسرێت. لەم ماوەیەدا ڕیفۆرمیستەکان بە سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمی هەوڵیاندا لە ناو پێکهاتەی داخراوی ئێران، کەم و زۆر کەشێکی سیاسی کراوەتر بخوڵقێنن. ئەم سەردەمە هاوکات بوو لەگەڵ کەمبوونەوەی مەترسیی سەرکوتی تووند و گەشەپێدانی هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و کرانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرەڕای ئەوەی لەم ماوەیەدا، چالاکیی ژنان لە ئێران زۆرتر لە ژێر ناوی فێمینیسمی ئیسلامی(15) بەرەوپێشچوو، بەڵام دەرفەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێرەی ناوەندی ئێران کەمتر بوو. ئەم سەردەمە هاوکات بوو لەگەڵ گەشانەوەی چالاکیی کولتووری، پەرەپێدانی گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و کۆبوونەوەکان لەناخۆ، سەقامگیربوونی شێوە-دەوڵەتێکی سەربەخۆی باشوور و پەرەپێدرانی چالاکیی پارتە سیاسییەکانم بە تایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات.
ئەم ژینگەیە، دەرفەتێکی نوێی بۆ بووژانەوەی چالاکڤانیی ژنانی کورد بەدی هێنا. کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکان، لە دەستپێکدا نیشانەیەک بوو بۆ خۆڕێکخستنەوەی ژنان لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی و دواتر لە فۆرمی ناسنامەی جێندەردا خۆی نواندنەوە. بیرەوەری کۆماری کوردستان لەم سەردەمەشدا وەک سیمبولێکی بەرەنگاری و خەبات، بوونی خۆی پاراست(16).
گێڕانەوەی ژنانی بەرەی سێهەم لە بیرەوەرییەکانیان لەسەردەمی ڕیفۆرمدا پێداگرییەکە لەسەر بەردەوامکردنی خەباتی بەرەی دووهەم. بۆ نمونە دیبا عەلیخانی، پێی وایە بیروەرییەکانی کۆمار، خەیاڵکردی ژنانی کورد لەناو پێشمەرگە، دوای ١٥ ساڵ، ئەو ڕێگەیەی کردەوە بەستێنەکانی چالاکڤانیی ژنان ڕووەو ئاقاری تر وەک وەستان لە ئاستی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، دەمارگرژی ڕەگەزی، دژایەتیی لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزی بڕوات.
ئەزموونی سیاسی، وایکردبوو ژنانی کورد لە ساڵانی کۆتایی سەردەمی ڕیفورم لە ئێراندا، ڕێکخراوتر داخوازیی زۆر بنەڕەتی تریش بهێننە زمان. عەلیخانی لە بیروەرییەکانی خۆیدا لە سەردەمی چالاکیی بەبیر دێنێتەوە:
لە کاتێکدا ژنان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران لە هەوڵی ئاشتکردنەوەی ئیسلام و فێمینیزم بوون، ئامانجی ژنانی کورد، لابردنی حیجابی زۆرەملی بوو. ئەو کاتەی ئێمە وەک ژنانی کورد لە تاران، پێشنیاری وەلانانی حیجابی زۆرەملێمان کرد، ئەوان وتیان ئەم ویستە لەگەڵکارە لە پێشینەکانی ئێمە هاوئاهەنگ نییە. ئەوان زۆرتر لەسەر مافی تەڵاق و سەرپەرشتی منداڵ دوای تەڵاق پێداگریان دەکرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکییانە، چالاکڤانانی ژنی کورد، بۆ ماوەیەکیش لەگەڵ فێمینیستە ئیسلامی و سیکۆلارەکانی ناوەند،کاری هاوبەشیان دەستپێکرد. ئەم چالاکییە، لە کۆتاییدا چەشنە درزێکیشی خستە ناو چالاکی ژنان لە ناو ئێران و پرسی ئینتەرسێکشناڵبوونی چالاکیی ژنانی کوردی لە ناو جوگرافیای سیاسی ئێران زەق کردەوە.
لە ماوەی کەمپەینی یەک میلۆن واژۆ، یەکێک لە چالاکڤانە کوردەکان بەبیر دێنێتەوە کە ژنانی ناوەند پێیان وابوو ژنانی کورد، نابێ باس لە ناسنامەی کوردی خۆیان بکەن و پێویستە تەنیا لەسەر ڕەگەزی خۆیان وەک ژن، داکۆکی بکەن.
مشتومڕەکانی ئەم پرسە لە ناوخۆی ئێران و لە ناو کوردستان، پەرەی بە چەمکی ئینتەرسێکشناڵبوونی پرسی ژنی کورد، وەک ئۆبژێکتێکی یەکتربڕ لە ناو چەند پرسی هاوکات لێکەوتەوە، واتە ژنی کورد، لە ناو کۆمەڵگەی نەریتیی کوردی بە تێڕوانینی باوکسالاریی، ژێر دەستبوونی لەناو جوگرافیای سیاسی ئێران وەک کورد و وەک ژنێک لە ژێر دەسەڵاتی ئایینی، لە جەند لاوە تووشی هەڵاواردن و نایەکسانی بۆتەوە.
هەر بۆیە دەرەنجامەکانی ئەم پرسە دوابەدوای هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە درێژخایەنەکانی ناو جوگرافیای سیاسی ئێران، پاشکوژرانی ژینا ئەمینی، تەنیا بە پرسی کورد لە ناو ئێراندا بەربەست نەکرا، بەڵکو زۆر بە تووندی پێکهاتەی پارتە سیاسییەکانی کوردستانیشی لە ڕۆژهەڵات هەژاند.
بە تێڕوانینێکی کورت لە سێ قۆناغی جیاوازی مێژووی هاوچەرخی کوردستان لە ناو ئێران، دەکرێ بوترێت، چالاکڤانیی ژنانی کورد لەم سێ قۆناغەدا تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی بەبەریەکەوتنی پێکهاتە پیاوسالارەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان، خەیاڵکردی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری و لە کۆتاییدا، ئاوێتەبوونی پرسی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندخواز-ئایینی لە ئێراندا بیچمی گرتووە.
ئەم سێ لایەنە، هاوکات بەربەستیان بۆ چالاکڤانیی ژنانی کورد بەرهەمهێناوە و لەلایەکی تریشەوە، ئەم ژینگە پڕ لە دژایەتییە، وایکردووە ژنان، بۆ دەربازبوون لەم بەربەستانە، هەوڵی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان، ڕێکخستنو پەرەپێدانی تۆڕی پەیوەندییەکانیان بدەن.
بەرەی یەکەمی چالاکانی ژن، سەرەڕای ئەوەی نەیانتوانی کاریگەرییەکی کردەیی بەرچاویان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی هەبێت، بەڵام ڕەنگدانەوەی بیرەورییەکانی ئەوان لە ناو بەرەی دووهەم و سێهەم،لە ژێر کارتێکەری کۆماری کوردستان لە مهاباد، ویستی یەکسانی و شوناسی نەتەوەیی و جیندەری،وایکرد دژایەتی لەگەڵ پێکهاتەکانی دەسەڵاتێکی ناوەندخواز و ئایینی، ببێتە بنەمایەک بۆ بەردەوامی کاروچالاکی.
تیۆری هەڵپەساردن کە لە سەرەتادا بۆ تاوتوێکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو کۆمەڵگە دیموکراتەکاندا فۆرمولە کرابوو، بە هۆی توانستەکانی بۆ خوێندنەوە خەباتی شاراوە، لێدوان سەبارەت بە قۆناغەکانی چالاکی و هەڵکشان و داکشانی چالاکڤانیی، بەردەوامی کردەی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگە نا-دیموکراتەکانیش ڕوون دەکاتەوە.
ڕەنگە زوو بێت باس لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، بەڵام بە پێی ئاماژەکردن بە سێ قۆناغی چالاکڤانیی ژنانی کورد، دەکرێ باس لەوە بکرێت ئەم چالاکڤانییە، نە تەنیا لە ژینگەیەکی نا-دیموکراتیکدا مانەوەی خۆی مسۆگەر کردووە، بەڵکو دوابەدوای شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، بەرەو پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ژنان و بزووتنەوەیەکی ژنانەش هەنگاوی ناوە.جیا لەوە، تێکەڵاوبوونی ئەم چالاکڤانییە لەگەڵئایدۆلۆژیا سیاسییەکانی وەک ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزم، لە ناو ژینگەی پڕ لە دژی ئێران و ڕۆژهەڵات، سیمایەکی تایبەتیشی پێ بەخشیوە.
تێبێنی:
ئەم کورتە وتارە، لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن لە سەر چالاکڤانیی ژنانی کورد لە زانکوی یاگیولیسنکی لە کراکۆ، نوسراوەتەوەو و وەک تێزی پۆست دۆکتۆرای نووسەر، لە هەوڵی ئەوەدایە چالاکیی ژنانی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک وەکوو خەباتێکی کورتخایەن، بەڵکوو وەک تێڕوانینێکی ستراتیژیک، بە چەمکیی هەڵپەساردن و بەردەوامیی تیوریزە بکا. دەتوانن لەم دوو لینکەی ژێەرەوە دەتوانن بڕواننە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەشێک لەم تێزە و ئەم کورتە وتارە.
Enacting Citizenship: Kurdish Women’s Resilience, Activism and Creativity | SpringerLink
Full article: Kurdish women’s activism in Iran: struggle for re-conquest of the public sphere
سەرچاوەکان:
- Çağlayan, H. (2020). Women in the Kurdish Movement: Mothers, comrades, god desses. Palgrave Macmillan.
- Baker, A. (1998). Voices of resistance: Oral histories of Moroccan women. State University of New York Press.
- Tilly, C., Castañeda, E., & Wood, L. J. (2020). Social movements, 1768–2018. Routledge.
- Gusfield, J. R. (1981). Social movements and social change: Perspectives of linear ity and fluidity. In L. Kriesberg (Ed.), Research in social movements, conflict and change (Vol. 4, pp. 317–339). JAI Press. p. 324
- Taylor, V. (1989). Social movement continuity: The women’s movement in abey ance. American Sociological Review, 54(5),
- Taylor, V. (1989). Social movement continuity: The women’s movement in abey ance. American Sociological Review, 54(5), 761–775.
- Crossley, A. D., & Taylor, V. (2015). Abeyance cycles in social movements. In B. Klandermans & C. van Stralen (Eds.), Movements in times of democratic transition (pp. 64–87). Temple University Press.
- Polletta, F. (1999). Free spaces in collective action. Theory and Society, 28, 1–38.
- Taylor, V. (1989). Social movement continuity: The women’s movement in abey ance. American Sociological Review, 54(5), 761–775.762.
- Mojab, S. (2001). In Bannerji, Mojab, & Whitehead (Eds.), In: Of property and propriety: The role of gender and class in imperialism and nationalism (pp. 116–152). University of Toronto Press.
- Cabi, M. (2020). The roots and the consequences of the 1979 revolution: A Kurdish perspective. Middle Eastern Studies, 1–20. P.85.
- Cabi, M. (2020). The roots and the consequences of the 1979 revolution: A Kurdish perspective. Middle Eastern Studies, 1–20. P.85.
- Qobadî, G. (2015). Shaghayegh-ha Bar Sanglakh, Zendegi ve-Zamaneye Yek Zane Kord az Kordestan-e Iran [Poppies on rocky].
- Moghissi, H. (1996). Populism and Feminism in Iran: Women’s Struggle in a Male-Defined Revolutionary Movement. Macmillan Press.
- Moghissi, H., & Mojab, S. (2023). Feminist Ethics: The End of “Islamic Feminism” and the Rise of “Woman, Life, Freedom” [Persian]. https://www. radiozamaneh.com/765807
- Vali, A. (2011). Kurds and the state in Iran: The making of Kurdish identity. Palgrave Macmillan.137.
[1]تەیفور بەتحایی (١٩٤٦-٢٠٢٠ )وەک ئەندامیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕەنگە کەسایەتێیێکی بەرچاو لە ڕۆژهەڵآتی کوردستان بووبێت کە لە کتێب و فیلمەکانیدا جێگەیەکی تایبەتی بۆ ڕۆلی ژنان لە ناو کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردستان تەرخان کردبێت.