• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 23, 2025

ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران؛ گۆڕانی ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوە و هاوسەنگیی خۆپاراستنى نوێ

[1]

نورە ئەلبورەیکی | وەرگێڕانی: بارام سوبحى

خاڵە سەرەکییەکان

 خاڵى جیاکەرەوەى پێکدادانەکانى حوزەیرانی (٢٠٢٥) لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا ئەوەیە، کە ڕێسا نەریتییەکانى پێکدادانى تێپەڕاندووە. پێشتر ڕووبەڕووبوونەوەکە لەڕێگەی پرۆکسییەکان یان ئۆپەراسیۆنی سنووردارەوە دەکرا، بەڵام ئەمجارەیان گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو زلهێزی ناوچەکە، بە بەکارهێنانی چەکی هێرشبەری ورد و یەکخستنی ئامرازە ئاسایی و ناتەقلیدیەکان لە بەڕێوەبردنی ململانێکاندا.

 یەکێک لە گۆڕاوە گرنگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئیسرائیل و ئێران، هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بوو بۆ ناو شەڕەکە لەڕێگەى ئەنجامدانى بۆردومانێکى دیاریکراو کە کۆمەڵگە و دامەزراوە ستراتیژییە/ئەتۆمییەکانى لەناوخۆی ئێراندا بە ئامانج گرت، ئەمەش پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشە و هاوسەنگییەکانى خۆپاراستن دەگۆڕێت.

 ڕووبەڕووبوونەوەکەی ئەم دواییە دەریخست کە گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەرەڕای مەترسییەکانی، هێشتا لە ڕێگەى ڕێکارى سیاسی و سەربازییەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگرى لێ بکرێت کە بەرەو شەڕێکی سەرتاسەری وەربچەرخێت. لەو سۆنگەیەوە دەرفەتى گەڕانەوە بۆ سەر ڕێچکەى دیبلۆماتى بەتایبەتى لە پرسى ئەتۆمى ئێران و چالاکییە هەرێمایەتییەکانى ئێراندا بەهێزە.

 بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆ دانوستانی فراوانتر لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەرگاکە هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە، کە ئەنجامەکانی دەتوانێت هاوکێشەی ئاسایشی ناوچەکە بە تەواوی دابڕێژێتەوە.

لە ماوەی نیوەی دووەمی مانگی حوزەیرانی (2025)دا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدادانێکی سەربازی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، کە خۆى لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەبینێتەوە، کە لەماوەی دەیان ساڵدا گەورەترین و توندوتیژترین ڕووبەڕووبوونەوەیان بوو. ئەم پێکدادانە لەنێو کەشوهەوای نائارامی ناوچەکەدا، لوتکەی ساڵانێک لە گرژی و پێکدادانی بەوەکالەت بوو، ئاماژەکانی تەقینەوەى بەهۆى پەککەوتنى دانوستانە ئەتۆمییەکانى نێوان ئێران و هێزەکانى ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتى ئەمریکا، هەروەها بەهۆى بەردەوامبوونى دەرکەوتەکانى پێکدادان لەگەڵ هەژمونى ناوچەیى ئێراندا کە لەم دواییانەدا بەرەو پاشەکشە دەڕۆیشت، بەرەو زیادبوون چوو. سەربارى گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، ئەو کەسەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێرانی ساڵی (٢٠١٥)ی دڕاند.

گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانی ڕێیاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە

ئیسرائیل لە (13)ی حوزەیراندا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی بەناوی “گەلێک وەک شێر” دەستپێکرد، بۆردومانى دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لەناو ئێراندا کرد. لەڕێگەى جێگیرکردنی یەکەکانی کۆماندۆ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی بۆ لێدانی ئامانجە دیاریکراوەکان لەناو خودی ئێراندا، بە دەرئەنجامی پلاندانانێکی بەرفراوان وەسفى کرد. هەروەها شێوازی تیرۆرکردنی ڕاستەوخۆى بەکارهێنا، وەک چاندنی بۆمبی لکێنراو لەناو ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکاندا. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران، لەوانە حوسێن سەلامی و محەمەد باقری، هەروەها چەندین زانای ئەتۆمی کوژران، کە دواهەمینیان محەمەد ڕەزا سدیقی بوو کە ناوى لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە. بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە نەهێشتنی “هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران” و “ڕەنگە هاندانی گۆڕینی ڕژێم”یش بێت.

تاران بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرپەرچدانەوە، کە ناوی لێنرا “بەڵێنی ڕاستەقینە 3” وەڵامی هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیلی دایەوە، لەو ماوەیەدا سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل کرد، وەکو: بارەگای فەرماندەیی لە تەلئەبیب، بنکەی ئاسمانی نیڤاتیم، بەندەری حەیفا و پەیمانگاى وایزمان، جگە لە بۆردومانکردنى شارەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان. هەرچەندە ئیسرائیل زیانەکانى بەفەرمى ڕانەگەیاند، بەڵام ژمارەیەک زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. ئیسرائیل لەڕێگەى لەکارخستنى سەکۆى هەڵدانى موشەکەکان لەناو ئێران و چالاککردنی سیستەمێکی بەرگری پێشکەوتووەوە، توانى بەشێکی زۆری هێرشەکانى ئێران پووچەڵ بکاتەوە.

ئەوەى گرژییەکانى حوزەیرانى (2025) لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا جیادەکاتەوە ئەوەیە ڕێسا نەریتیەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى گۆڕى. چون جاران ڕووبەڕووبوونەوەکە لەڕێگەى پرۆکسیەکان یان هەندێک ئۆپەراسیۆنى سنوردارەوە دەکرا، بەڵام ئەمجارەیان گۆڕا بۆ ململانێیەکى ڕاستەوخۆ و کراوە لەنێوان دوو زلهێزى ناوچەکەدا، لەگەڵ بەکارهێنانى چەکى هێرشبەرانەى پێشکەوتوو، هەروەها بە تێکەڵکردنى ئامرازە نەریتى و پێشکەوتووەکان (تیرۆرکردن، فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، هێرشى ئەلیکترۆنى).

گرژییەکانى ئەمجارە هێڵە سوورەکانى پێشووى لەناوبرد، وەکو خۆبەدوورگرتن لە هێرشکردن لە قووڵایی یان بە ئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکاندا. پێدەچێت ئەم وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانى هەردوولادا سەرەتاى قۆناغێکى نوێ بێت، کە لەسەر بنەماى ڕێگریکردنە لە یەکتر لەگەڵ ئەگەری پەنابردنە بەر ململانێی ئاشکرا.

یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بەرچاوەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بوو بۆ ناو شەڕەکە لەڕێگەى ئەنجامدانى بۆردومانێکى دیاریکراو کە کۆمەڵگە و دامەزراوە ستراتیژییە/ ئەتۆمییەکانى لەناوخۆی ئێراندا کردە ئامانج، ئەمەش پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشە و هاوسەنگییەکانى خۆپاراستن دەگۆڕێت.

لە (٢١ی حوزەیران)، سوپای ئەمریکا هێرشێکی ورد و چڕى بە بەکارهێنانى پێشکەوتوترین فڕۆکە بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران ئەنجامدا کە بریتی بوون: لە بنكەى فۆردۆى پارێزراو لەژێرزەمیندا، دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز و ناوەندێکی پەرەپێدانی سەنتەرفیوج لە دەوروبەرى ئەسفەهان. دۆناڵد ترەمپى سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، کە “ئەم لێدانە پێویست بوو بۆ ئەوەی ئێران نەگاتە بەربەستی ئەتۆمی”، هەروەها بە “هێرشێکی ئامانجدار لە دژی تواناکان، نەک دژی گەل یان ڕژێم” وەسفی کرد و دووپاتی کردەوە کە “هەتا من لە کۆشکی سپی بم، ئێران نابێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی”.

سەرەڕای کاریگەریی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییە هەستیارەکان، بەڵام بەهۆی بەتاڵکردنەوەی پێشوەختەی شوێنەکانەوە، توانرا بەشێک لە زیانەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن. ماوەیەکی کەم بەر لە هێرشەکان، ئێران بڕێکی زۆر لە ماددە پیتێنراوەکانی بۆ شوێنی دیکە گواستەوە، دامەزراوە ناوەندییەکانی لە گازی فلۆریدى شەشەمى یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بەتاڵکردەوە. ئەمەش کاریگەری تێکدەرانەی هێرشەکانی ئەمریکاى کەمکردەوە و ڕێگەی لە دزەکردنی گەورەی تیشکدانەوە گرت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، هیچ دزەکردنێکى تیشکدانەوە لە ناوچەکانی دەوروبەری بنکەکان تۆمار نەکراوە. هەرچەندە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد کە تاران لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە ناڕاستەوخۆکانەوە ئاگاداری هێرشەکە بووە، ئەوەش یارمەتیی داوە زیانە تەکنیکیەکان سنووردار بکات، بەڵام هێرشى ڕاستەوخۆی ئەمریکا پێشینەیەکی مەترسیداری بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەوڵەتێکى نائەتۆمی دانا، مشتومڕەکانیشی لەسەر “شەرعییەتی هێز” و “پیرۆزیی دامەزراوە مەدەنییەکان لە شەڕدا” هەڵگیرساندەوە.

ئەم پەلامارە و شکستی بەشێکی پێشووی ئیسرائیل بۆ تێکدانی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕادەی کەلێنی توانای تەکنیکی بەتایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا ئاشکرا کرد. هەربۆیە ئەمریکا بۆمبى لەناوبەرى ژێرزەمینى (GBU-57)ی بەکارهێنا، کە ئیسرائیل ژمارەیەکى کەمی هەیە.

لەڕووی ستراتیژییەوە، هێرشی ئەمریکا سێ پەیامی هاوکاتی ئاشکرا کرد: یەکەم، واشنتۆن سەرەڕای خۆدوورگرتنى لە بەشداریکردن لە شەڕێکی هەمەلایەنەدا، بەڵام ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دووەم: ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە هێزی سنووردار وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی و ستراتیژی بەکاربهێنێت. سێیەم: هەماهەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونی هەیە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنووردارى وردی لەبەرچاو گیراودایە کە ڕەچاوى ترازان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوچەیی کراوە بەهەند وەردەگرێت.

ئێران لە سەرەتادا خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی هێرشەکەی ئەمریکا بەدوور گرت، وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی خۆی تەنها لەسەر ئیسرائیل چڕکردەوە. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و ڕێگریکردن لە تێوەگلانی زیاتری واشنتۆن سەیرکرا. بەڵام سێ ڕۆژ دواتر و بە تایبەتی لە شەوی (٢٣ی حوزەیران)دا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی “مژدەى سەرکەوتن” تاران مووشەکی بالیستی مەودا کورت و مامناوەندی ئاڕاستەى بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکی لە قەتەر کرد. جێگای سەرنجە، ئێران وریایانە هۆشداری پێشوەختەى سەبارەت بە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە نارد. ئەمەش وایکرد زۆربەی مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوێتەوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی خواستی ئێران بوو بۆ ناردنی پەیامێکی بەرپەرچدانەوەى سنووردار، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکادا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا پەرەپێبدات.

رەنگدانەوەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى ململانێکە لەسەر هەردوو لایەنى ململانێکار

پەرەسەندنی گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران، گوشارەکانی سەر ئابووری ئێرانی گەورەتر کرد. بۆرسەی تاران بەڕێژەی (7.2%) دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هەروەها نرخی ڕیاڵ لە بازاڕی هاوتەریبدا بۆ (937) هەزار بەرامبەر دۆلار دابەزی، جیاوازییەکەی لەگەڵ ڕێژەی فەرمیدا فراوانتر کرد. هەڵاوسانی مانگانە گەیشتە (2.7%)، پێشبینیش دەکرێت بگاتە (3.5%). گواستنەوەی سەرمایە بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کرد، ئەمەش گوزارشتە لە دۆخی ترس و دڵەڕاوکێی دارایی و لەدەستدانی متمانە بە سیستمی بانکی ئێران. هەروەها نرخی زێڕ لەناوخۆدا بۆ زیاتر لە (10%) بەرزبووەتەوە، چونکە سەروەت و سامانی وەبەرهێنەران ڕوو لە پەناگەیەکی سەلامەت دەکات.

لە ئیسرائیل سەرەڕای بۆردومانەکانی ئێران، بۆرسەی تەلئەبیب تەنها بەڕێژەی (4%) دابەزی، هەروەها نرخی شیکل بەرامبەر دۆلار بەڕێژەی (3.1%) دابەزی. بۆ پاڵپشتی ئابووری ئیسرائیل حکومەت (٦.٥) ملیار شیکلی خستە بازاڕەوە، پشکەکانی پیشەسازی بەرگرى بەرزبوونەوە. بەڵام شرۆڤەکاران هۆشدارییان دا لەوەی ئەم گەشەسەندنە ڕەنگە “بڵقێکی دارایی” بێت و ڕەنگدانەوەی هێزی ڕاستەقینەی ئابووری نەبێت، بەڵکو دەرئەنجامی پشتیوانی حکومەتە لەناو کەشوهەوای سەردەمی جەنگدا.

سەرەڕای قەیرانی ئابووری و داڕمانی دراو، کۆمەڵگەی ئێران یەکگرتوویییەکی بەرچاوی نیشاندا. تیرۆرکردنی سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی هاوسۆزییەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە، تەنانەت لەناو ناوەندەکانی ئۆپۆزسیۆنیشدا. نیشانەکانی خۆڕاگریی جەماوەری و دروشمی نیشتمانپەروەرانە و دەستپێشخەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەرکەوتن، کە لەلایەن میدیای فەرمییەوە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزى ناوخۆیی بەکارهێنرا. بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نیگەرانى جەماوەر، بەتایبەتی لە تاران و تەورێز. بەهۆى زیادبوونى شەپۆلی ئاوارەبوون بەرەو باکوور (مازەندەران) لە ترسی بەردەوامی هێرشەکان یان دزەکردنی تیشکدانەوە، زۆرێک لە دامەزراوە گشتیەکان لەکارکەوتن و هەندێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پەکیان کەوت.

لای خۆیەوە ئیسرائیل ڕووبەڕووی پەککەوتنی بەرفراوانی ژیانی گشتی بووەوە، قوتابخانەکان داخران و دانیشتووانیش بانگهێشتی پەناگەکان کران، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی گەیشتنى مووشەکەکانى ئێران بە یەکێک لە پەناگەکان، ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی کوژران، ئەمەش گومانی لەسەر کاریگەری سیستەمی بەرگری دروستکرد. ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کرد کە زیاتر لە (٦٠%)ی ماڵەکان لە ئیسرائیل ژووری پەناگەیان نییە، ئەمەش ترسی خەڵکى قووڵتر دەکاتەوە، لەنێوان دەستەبژێرى سیاسی و سەربازی، لەسەر توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، دابەشبوون ڕوویدا.

لەڕووى میدیاییەوە، میدیاکانى هەردوو وڵات بەدرێژایى ڕۆژانى ڕووبەڕووبوونەوەکە گوتارى جۆشدانیان چڕکردەوە، ئێران جەختیدەکردەوە سەر “وەڵامدانەوەی ڕەوا” و نیشاندانی خۆڕاگری بەرگرییەکانی، سەرەڕای پەرەسەندنی ڕەخنە ناوخۆییەکان، بەڵام پەیامی دڵنیاکەرەوەی سەبارەت بە هێزە سەربازییەکان دەنارد.

هەڵوێستی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییە کاریگەرەکان و ئاماژەکانیان

چین و ڕووسیا: پەکین خۆی لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە قەیرانەکەدا بەدوور گرت، بەڵام چاودێرى پەرەسەندنی گرژییەکانى لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەکرد، بەو پێیەى دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنى پێگەی دانوستانکارانەی خۆی لەبارەی پرسە ستراتیژییەکانى (تایوان، وزە)وە. هەرچى مۆسکۆیە هەڵوێستێکی ڕوونتری پیشاندا. سەرۆک ڤلادیمێر پوتین هۆشداری دا لە “کارەساتێکی جیۆپۆلەتیکی” کە لە ئەنجامی ململانێکانەوە سەرهەڵدەدات، پشتیوانی سیاسی بۆ ئێران دووپاتکردەوە و تیرۆرکردنی ڕێبەری مەزنی مەزنی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر هاوبەشی ئەتۆمی مەدەنی کردەوە. بەم کارە ڕووسیا هەوڵیدا خۆی وەک نێوەندگیرێکی گریمانەکراو پیشانبدات، بەبێ ئەوەی هاوپەیمانییەکانی لەدەست بدات یان گرژییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا پەرەپێبدات.

ئەورووپا: هەڵوێستی ئەورووپییەکان لەنێوان هۆشداری و داوای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان دابەشبوو، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی بەرجەستەى لەسەر پەرەسەندنی گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران هەبێت. بەڵام پێشهاتێکی بەرچاو لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکی ئەورووپییەوە سەریهەڵدا کە لە (20/ حوزەیران) کۆبوونەوەیەک لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، لەنێوان وەزیرى دەرەوەى ئێران و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە کردنەوەی کەناڵێکی وتووێژ بوو سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. ئەورووپا لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە هەوڵیدا دەستپێشخەری دانوستانەکان بگرێتەوە دەست و پەرەسەندنی سەربازی بێلایەن بکات و کاریگەریی ڕووسیا لە دۆسیەى ئێراندا سنووردار بکات.

دەوڵەتانی کەنداو: دەوڵەتانی کەنداوى عەرەبی لەسەرووى هەموویانەوە ئیمارات و سعودییە و قەتەر، داوای هێمنی و دان بەخۆداگرتنیان کرد، ڕەتیانکردەوە بەشداری هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ بکەن. ئیمارات هەڵوێستێکی هێمنانەی ستراتیژی هەبوو، هاوکات جەختی لە گرنگی سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران و ئیسرائیلدا کردەوە، هاوتەریب لەگەڵ ڕێبازە نوێیەکەی بۆ گێڕانى ڕۆڵێکی هێورکەرەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، لەبری ئەوەی لایەنگری یەکتر بکەن.

دەرەنجامەکان: سنووری ڕووبەڕووبوونەوە و دەرفەتەکانى هێمنکردنەوە

ڕووبەڕووبوونەوەکەی ئەم دواییە دەریخست کە گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەرەڕای مەترسییەکانی، هێشتا لە ڕێگەى ڕێکارى سیاسی و سەربازییەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگرى لێ بکرێت کە بەرەو شەڕێکی سەرتاسەری وەربچەرخێت. هەرچەندە هێرشی وردی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر پشتڕاستی کردەوە کە واشنتۆن ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لەهەمانکاتدا خواستی واشنتۆنى دەرخست بۆ تێوەنەگلان لە ململانێیەکی فراوانتری ناوچەییدا. لەو سۆنگەیەوە تاران بە هێرشێکی مووشەکی وەڵامی دایەوە و بنکەی ئەلعودەیدی ئەمەریکی لە قەتەر کردە ئامانج، کە وا دیاربوو هەماهەنگى پێشوەختە هەبووبێت، بۆیە لە ئەنجامدا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی هەردوولایەنی ئێرانی و ئیسرائیلى لە بەرەبەیانی (٢٤)ی حوزەیراندا لەسەر ئاگربەستی نێوانیان ڕێکبکەون.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانە، چانسی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی بەهێز بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران. بەڵام ئەم دەرفەتە پەیوەستە بە ڕەفتارەکانى هەردوولا و ڕادەى پابەندبوونیان، لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکى نوێی ڕێگریکردن. هەروەها قەیرانەکە گرنگی کەنداوی عەرەبی لە سیاسەتی ناوچەکەدا دەرخست، کە توانییان لە گۆڕەپانێکەوە بۆ توندکردنى گرژییەکان خۆیان بەرەو ئەکتەرێکى کاریگەر لە کۆنترۆڵکردنى قەیرانەکە و لێکەوتەکانی بگۆڕن. لەکاتێکدا کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام دەرگا لەبەردەم دانوستانێکى فراوانتردا هەر بە کراوەیى دەمێنێتەوە، کە دەتوانێت هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە دوبارە دابڕێژێتەوە.

* توێژەر لە کاروباری ئێران و پرسە ناوچەییەکان، وەک بەشێک لە تیمی یەکەی ئێران لە ناوەندی سیاسەتی ئیمارات کاردەکات.

[1] – ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی مركز الإمارات للسياسات بە ناونیشانی المواجهة بين إسرائيل وإيران: قواعد اشتباك متغيرة وموازين ردع جديدة نوره البريكي بڵاوكراوەتەوە.

Send this to a friend