• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 19, 2025

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی وڵاتانی هاریكاریی كەنداو

د. یاسین عزەم

بەرایی

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێكی وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت، كە دەتوانێت داهاتووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ئەم ناوچە هەستیارە بۆ ماوەیەكی درێژ دیاری بكات. گۆڕانی ماهیەتی ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە شەڕی بەوەكالەت و ڕاگەیاندنەوە بۆ بەریەككەوتنی سەربازی ڕاستەوخۆ، كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ دەخاتە ڕوو سەبارەت بە داهاتووی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا .هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە تەموزی ٢٠٢٥ و كوشتنی چەندین لێپرسراوی بەرزی سەربازیی و زانای ئەتۆمی، لەگەڵ تێكدانی دامەزراوە ناوەكییەكانی ئەم وڵاتە، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی كێشەكانی ناوچەكە. ئەم هێرشە نەك تەنها كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو، بەڵكو هەموو وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی وڵاتانی هاوپەیمانی كەنداوی خستە بەردەم دۆخێكی نوێ و پڕ لە ئاڵنگاری، وڵاتانی كەنداو كە ماوەی چەند ساڵێكە سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژە گەشەپێدان و گۆڕانكاری ئابوورین و هەوڵدەدەن ناوچەكە بگۆڕن بۆ ناوەندێكی جیهانی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان، ئێستا خۆیان لە بەردەم مەترسییەكی جددی دەبینن، كە دەتوانێت ئەو هەوڵانەیان بخاتە مەترسیەوە. مەترسی فراوانبوونی شەڕەكە، ئەگەری داخستنی گەروی هورمز، تێكچوونی ژینگە بە هۆی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوەكییەكان، و بوونی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی ئەم وڵاتانە، هەمووی وایكردووە ئەم دەوڵەتانە بەتەواوی سیاسەت و هەڵوێستەكانی خۆیان هەڵبسەنگێنن.

ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدەدات تیشك بخاتە سەر هەڵوێستی وڵاتانی هاریكاری كەنداو لەبەرامبەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، و شیكاری ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانە بكات كە ئەم وڵاتانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، هەروەها ڕێگە و شێوازەكانی دیپلۆماسی كە ئەم دەوڵەتانە بەكاریان دێنن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە لە قۆناغێكی وەها هەستیاردا.

 

-هێرشی ئیسرایل بۆ سەر ئێران

لە ڕۆژی 13ی تەموزی 2025، ئیسرائیل هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر ئێران، سەر باری هێرشی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە ناوەكییەكانی ئێران، هاوكات هەر لەو هێرشەدا چەند سەركردەیەكی سەربازی وەك”حسێن سەلامی” فەرماندەی  گشتی سوپای پاسداران،سەرۆك ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكان”لیوا محەمەد باقری، فەرماندەی “خاتەمول ئەنبیاء” لیوا “غولام عەلی ڕەشید”، هاوكات چەند زانایەكی بەناوبانگی ناوەكی وك” ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری و مەهدی تەهرانچی فەرەیدون عەباسی كوژران”. هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە كاتێدا بوو، كە وابڕیار بوو ئەمریكا و ئێران دوای دوو ڕۆژی دیكە كۆبوونەوەیەكی گرنگ  سەبارەت بە بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران ئەنجام بدەن. دوای ئەنجامدانی هێرشەكە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێكیدا جەختی لەوە كردەوە، ئەو كارەی ئەوان سەرەتای دەستپێكردنی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر تاران، تا ڕێگری بكات لەو وڵاتە ببێتە خاوەن چەكی ناوەكی.

سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە وابڕیار بوو لە دوو ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا، لە مەسقەتی پایتەختی عەمان كۆببنەوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر تاران و چەندین كەسایەتی سەربازی و زانای ناوەكی و دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمنی كردە ئامانج. لە ڕاستیدا هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل، ئێرانییەكانی تووشی شۆككرد، ئەوان لەو بڕوایەدا نەبوون، ئیسرائیل بتوانێت وا بە ئاسانی ئەو سەركردە سەربازیانەی وڵاتەكەی بكاتە ئاماجی هێرشەكانی.(1)

سەبارەت بە هۆكاری ئەنجامدانی ئەو هێرشە، سوپای ئیسرائیل ئەوەی دووپاتكردەوە، هێرشەكانی ئەوان دەستپێشخەری بووە بۆ ڕێگریكردن لە تاران لە پەرەپێدانی بەرنامە ناوەكییەكەی، لێپرسراوێكی باڵا لە سوپای ئیسرائیل ئەوەی دووپات كردەوە، وڵاتەكەی زانیاری پێگەشتووە، كە ئێران سەرقاڵی ئەوە بووە پەرە بە بەرنامە ناوەكییەكەی بدات و نزیك بووە لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوەكیی، ئەوەش بەلای وڵاتەكەیەوە بەزاندنی هێڵی سوورە، ئەو هێرشانەش بۆ ڕێگریكردن بووە لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوەكی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە.(2)

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل “بنیامین ناتانیاهۆ” جەختی لەوە كردەوە، كە ئێران بەردەوامە لە دژایەتیكردنی وڵاتەكەی و بووەتە مایەی هەڕەشەیەكی جددی، هەربۆیە لە ئەگەری بەدەستهێهانی چەكی ناوەكی، بە تەواوی وڵاتەكەی دەكەوێتە بەر مەترسی ئێران.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە ڕاپۆرتێكیدا ڕۆژێك بەر لە هێرشەكەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، كە تاران هەماهەنگی ناكات لەگەڵ لیژنەكەیان و پابەند نییە بە یاسای ڕێگریكردن لە بڵاوببونەوەی چەكی ئەتۆمی. ئەوە لەكاتێكدا بوو، كە تاران بە هەموو شێوەیەك ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسەكەی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتە دوورە لە ڕاستییەوە و متمانە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

دوابەدوای ئەنجامدانی هێرشەكە، ئەمریكا ئەوەی دووپات كردەوە، ئەوان بەشداریی ئەو هێرشەی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران نەكردووە. دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سەرباری بەشداری نەكردنی وڵاتەكەی لەو هێرشانە، بەڵام پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل دووبارەكردەوە و هێرشەكەشی بە سەركەوتوو ناوبرد. سەرۆكی ئەمریكا جەختی لە هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئیسرائیل كردەوە و ڕایگەیاند ئەوان بە جۆرێك هاوكاری ئیسرائیل دەكەن، كە پێشتر نەكراوە، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “ۆڵستریت جۆڕناڵ”، ڕایگەیاند ئەوان ئاگاداری هێرشەكەی ئیسرائیل بوون، بەڵام خۆیان بەشداریان نەكردووە.( 3)لە بەرامبەردا ئێرانییەكان ئەوەیان دووپاتكردەوە، كە ئەمریكا و ئیسرائیل دوو هاوپەیمانی نزیكن و ئیسرائیل بە بێ ئەمریكا ناتوانێت هێرشێكی لەو جۆرە ئەنجام بدات، هاوكات جەختیشیان لەوە كردەوە ئەو دوو وڵاتە باجی ئەو كردە سەربازییە بە زوویی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەدەن.

ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ” عەلی خامنەیی” جەختی لەوە كردەوە داهاتوویەكی تاریك چاوەڕێی ئیسرائیل دەكات، بەزوویی وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی وەردەگرێت، هاوكات هەڕەشەی لەو وڵاتانەش كرد، كە هاوپەیمانی ئیسرائیلن بەتایبەتی ئەمریكا. دوای هەڕەشەكانی ئێران، لە ئەمریكا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە” ماركۆ ڕۆبیۆ” ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەشداری هێرشەكەی نەكردووە، بەڵام لە لایەن ئیسرائیلەوە ئاگاداركراوینەتەوە، كە بۆ پاراستنی خۆیان ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، كە پێویستە لەسەر ئێران دوور بكەوێتەوە لە بە ئامانج گرتنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و بەڕوونی ئەو پەیامەی دا بەگوێی ئێرانییەكاندا، ئەوان لە ئێرانی قبوڵ ناكەن، هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە ئەنجام بدات.(4)

-وەڵامی ئێران بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل

دوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، چون لە پێشتردا شەڕی بە وەكالەتیان دەكرد، بەڵام ئیتر دەرفەتێك نەما بۆ ئەوەی ئێران لە ڕێگەی لایەنگرەكانییەوە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، لە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل، ئێران بڕیاریدا چالاكی “وعدە صادق3″ دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات. هێرشی پێچەوانەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە ئاڕاستەكردنی چەندین مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆ سەر شارو شارۆچكەكانی ئیسرائیل دەستپێكرد. هەرچەندە لە لایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و” قوبەی ئاسنین” بەشێكی زۆر لە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران پوچەڵ كرایەوە، بەڵام چەند مووشەكێك لە شارو شارۆچكەكانی ئیسرائیل كەوتنە خوارەوە و زیانی ماددی و گیانیشی لێكەوتەوە. ئیسرائیل لەو بڕوایەدا نەبوو، كە تاران بتوانێت مووشەكەكانی بگاتە خاكی وڵاتەكەی و ئامانجی خۆی بپێكێت، هەربۆیە بەزوویی كەوتە خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و لە ڕێگەی فڕۆكەكانییەوە چەندین هێرشی بۆ سەر پێگە گرنگ و ستراتیجییە ئەتۆمییەكانی تاران ئەنجامدا.(5)

بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەكتری، وڵاتانی جیهانی هێنایە دەنگ و داوایان كرد هەرچی زووە كۆتایی بە هێرشەكانیان بهێنن، لەو بارەیەوە حكومەتی فەرەنسا دەستپیشخەرییەكی خستەڕوو بۆ گفتگۆ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتری، هاوكات وەزیرانی دەرەوەی هەریەكە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا داوای كۆبوونەوەیان لە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی كرد، بۆ ئەوەی لە شاری جنێف لەگەڵی كۆببنەوە. سەبارەت بە داواكەی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، عێراقچی ئەوەی دووپاتكردەوە، وڵاتەكەی هێشتا چارەسەری دیبلۆماسی بە كاری بە پیشینەی خۆی دادەنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی .

لە مۆسكۆ، سەرۆكی ڕویسا “ڤلادیمێر پۆتن”، جەختی لەو كردەوە پێویستە هەرچی زووە كۆتایی بەو شەڕەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بهێندرێت، هاوكات جەختی لەوە كردەوە، تاران داوای یارمەتی سەربازی لە وڵاتەكەی نەكردووە، ئەو یارمەتییە سەربازییانەی ڕویسا لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەكی بە شەڕەكەوە نییە، سەباری نەرمی لێدوانەكانی سەرۆكی ڕوسیا دەربارەی شەڕەكە، بەڵام لە زاری جێگری وەزیری دەرەوە”سێرگی ڕیباكۆف”، هۆشداری توندی دا بە ئەمریكا لە ئەگەری بەشداریكردنی لە شەڕەكەدا، جێگری وەزیری دەرەوە بە ڕوونی ئاماژەی بەوە كرد، بەشداری ئەمریكا پەلدەكێشێت بۆ كارەساتێكی ئەتۆمی لە ناوچەكە، هەربۆیە داوادەكەین ئەمریكا خۆی بە دوور بگرێت لە وەها بڕیارێك.(6)

سەرباری هەڕەشەكانی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەمریكا هێرشێكی گەورەی بۆ سەر  چەند بنكەیەكی  ئەتۆمی ئەنجامدا، سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر بنكەی ئەتۆمی” فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان” پشتڕاستكردەوە. دۆناڵد ترامپ هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئەو بنكە ئەتۆمییانەی ئێرانی بە سەركەوتوو ناوبرد و ڕایگەیاند لە ئێستادا، كە من قسە دەكەم فڕۆكەكانمان چالاكییەكەیان بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە وئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە. سەبارەت بە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەكە، سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، هیچ هێزێك لە دونیا ناتوانێت بەو شێوەیە ئەو چالاكییە سەربازییە ئەنجام بدات، دوای كۆتایی هاتنی هێرشی وڵاتەكەی داوای كرد، ئیتر كۆتایی بەو شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەهێنن، هەربۆیە داوای لە هەردوو وڵات كرد، كە هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتری ڕاگرن. سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لە ئێران كرد لە ئەگەری كۆتایی نەهێنان بە هێرشە مووشەكییەكانی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریكا هێرشی دیكە بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.(7)

-هەڵوێستی وڵاتانی هاریكاریی كەنداو

دوای چەند ڕۆژێك لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنەكە و بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتی ئەنجومەنەكە “جاسم ئەلبدێوی”، لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆیی كۆبوونەوەیەكیان بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی كوەیت ئەنجامدا، كە لەو كاتەدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی دەكرد. ئەلبدێوی لە وتەیەكیدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆبوونەوە ڤیدیۆییەكە، ئاماژەی بەوە كرد ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، كە لە پیشتردا وێنەی نەبووە، ئەوەش بە هۆكاری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە لە لایەن ئێرانییەكانەوە، هەر بۆیە داوای كرد بە گرنگییەكی زۆرەوە لە بارودۆخی ناوچەكە وردببنەوە و تەواوی سیناریۆكانی داهاتوو لە بەرچاو بگیرێت. سكرتێری ئەنجومەنەكە جەختی لەوە كردەوە هێرشەكانی ئیسرائیل بووەتە هۆكاری پەكخستنی هەوڵە دیبلۆماسییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان ئێران و ئەمریكا، هەربۆیە داوای لە وڵاتانی ئەندام كرد سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بكەن. هاوكات داوای لە ئامادەبووان كرد بەتەواوی خۆیان بۆ دۆخی نوێ ئامادە بكەن، چونكە بارودۆخەكە پێویستی بە خۆسازدانی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی ئەو هەلەی كە ئێستا لە بەردەستدایە لە كیس نەچێت، تابتوانن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە چاوەڕوانكراوەكانی داهاتوو ببنەوە.(8)

-هەڵوێستی عەرەبستانی سعودی

دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعودی دوابەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی هەینی، سەركۆنەی هێرشەكەی كردو بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتێكی خاوەن سەروەری ناوی برد، هاوكات جەختی لەوە كردەوە ئەو هێرشە پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە. بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، بە هەموو شێوەیەك ئیسرائیلی بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار كرد و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد “بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و ئەو هێرشە دوژمنكارانەیە ڕاگرن”.

-كوەیت

دەوڵەتی كوەیت وەك یەكێك لە وڵاتانی هاریكاری كەنداو، سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل، بۆ سەر ئێرانی كرد، لە بەیاننامەیەكدا، بە شێوەیەكی زۆر توند دژ بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران هاتە دەنگ و ڕایگەیاند ئەو هێرشە پێشێلكردنی تەواوی یاسا كارپێكراوە نێودەوڵەتییەكانە، هاوكات دەستدرێژییە بۆ سەر خاكی وڵاتێكی خاوەن سەروەریی، جگە لەوەش ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە بە هۆكاری هێرشەكە كەتۆتە بەر مەترسی و نائارامی.

-قەتەر

هاوشێوەی وڵاتانی هاریكاری كەنداو، قەتەریش هێرشەكەی ئیسرائیلی بە پیشێلكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان ناوزەندكرد، هاوكات ئەوەی دووپاتكردەوە ئەو جۆرە هێرشانە دژە لەگەڵ تەواوی ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەی، كە لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەركراوە. دەوڵەتی قەتەر لە بەیاننامەكەیدا مەترسی ئەوەی خستە ڕوو كە ناوچەكە دووچاری نائارامی دەبێتەوە، هۆكارەكەشی هێرشەكەی ئیسرائیلە بۆ سەر خاكی ئێران، هەربۆیە داوای كرد هەرچی زووە وڵاتان بكەونە خۆ بۆ كۆتایی هێنان بەو پێشێلكارییەی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، هاوكات جەختیی لەوە كردەوە تاكە ڕێگەی بەردەمیان چارەسەری دیبلۆماسییە بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكانی ناوچەكە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر “محەمەد بن عەبدولڕەحمان”، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوە كرد تەواوی وڵاتانی دونیا سەرقاڵی ئەوەن كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە چارەسەر بكەن، بەڵام ئیسرائیل بەو هەڵوێستە شەڕانگێزییەی، چانسی ئاشتی ناوچەكە بەرەو لەباربردن دەبات، هەربۆیە پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێش ئەوەی چانسی ئاشتی لەدەست بچێت، تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە بخەنەگەڕ و ڕێگری لە ئیسرائیل بكەن بۆ ئەوەی نەتوانێت بەو جۆرە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل بكات.

-سەڵتەنەی عومان

سەڵتەنەی عومان لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە سەركۆنەی هێرشەكەی ئیسرائیلی كرد، “بەدر ئەلبوسەعیدی” وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان ڕایگەیاند هێرشەكەی ئیسرائیل، تاك لایەنە و دژ بووە بە تەواوی یاسا نێودەوڵەتییە بەركارەكان، هیچ بەهانەیەك ناتوانێت ڕێگە بە ئیسرائیل بدات یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل بكات و هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام بدات. هاوكات جەختی لەوە كردەوە هەڕەشەكانی ئیسرائیل، بووەتە مایەی نا ئارامی و دڵەڕاوكێ لە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێست وڵاتەكەی دووبارە كردەوە لە سەركۆنەكردنی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەلبوسەعیدی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هانی دیبلۆماسی بدەن بە یەك دەنگ، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە.

-دەوڵەتی ئیمارات

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارت، بە شێوەیەكی زۆر توند سەركۆنەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران كرد، دەوڵەتی ئیمارات هاوخەمی خۆی بۆ ئێران پیشاندا و ڕایگەیاند ئەوان ئەو هێرشانە بە هەوڵێكی دوژمنكارانەی ئیسرائیل دژ بە ئێران لە قەڵەم دەدەن، هاوكات ئیسرائیلی بە تێكدانی ئارامی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار كرد. ئەوە لە كاتێكدات بوو لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوە داوای لە ئێران كرد دان بە خۆیدا بگرێت بۆ ئەوەی كێشەكە لەوە زیاتر گەورە نەبێت پەرەنەسێنێت بۆ شەڕێكی درێژخایەن، وەزارەتی دەرەوە داوای كرد كێشەكە بە گرتنەبەری ڕێگەی دیبلۆماسی چارەسەر بكەن، چونكە باشترین بژاردەیە و هەر هەوڵێك بۆ قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان زیان بە هەموو لایەك دەگەیەنێت.

-دەوڵەتی بەحرەین

بەحرەینیش وەك یەكێك لە وڵاتانی هاریكاری كەنداو دژایەتی هێرشەكەی سەر ئێرانی كرد، وەزارەتی دەرەوەی مەنامە هێرشەكەی ئیسرائیلی بە هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە ناوبرد، هاوكات مەترسی وڵاتەكەی خستەڕوو سەبارەت بە لێكەوتەكانی هێرشەكە لە تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە، هەربۆیە داوای لە هەموو لایەك كرد دانبەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و مەترسی ڕوونەكاتە دانیشتوانی ناوچەكە. وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین داوای لە ئەمریكا و ئێران كرد هەرچی زووە لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بكەن. هاوكات جەختی لەوەكردەوە چارەسەری دیبلۆماسی كێشەكان كلیلی دەستەبەركرنی ئەمن ئاسایشی ناوچەكەیە و بە قازانجی تەواوی خەڵكی ناوچەكەیە.(9)

-کاریگەرییە ئابوورییەكانی لەسەر وڵاتانی كەنداو

كۆمپانیای “ئێس ئەندپس گلۆباڵ” لە ڕاپۆرتێكیدا سەبارەت بە زیانە ئابوورییەكانی بەردەوامی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە كرد، كە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئابووری وڵاتانی ناوچەكە هەیە، بە هۆكاری ئەگەری ڕووداوی پێكدادان لە ڕێگە سەرەكییەكانی گواستنەوەی دەریایی، ئەوەش ڕەنگە گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان لە ئاوی كەنداو پەك بخات، ئەوە سەرباری كەمبوونەوەی گەشتیار و پەككەوتنی ئەوكەرتە بە تەواوی. جگە لەوەش مەترسییەكانی بەرفراوانبوونی شەڕەكە ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت خاوەن سەرمایەكان ناوچەكە بەجێبهێڵن.

بابەتێكی دیكەی هەستیار بەلای وڵاتانی كەنداو، ئەگەری هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر وێستگەی ناوەكی “بووشەهر”، كە نزیكە لە ئاوی كەنداو.هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو بنكە ناوەكییە كاریگەری دەبێت لەسەر پیسبوونی ئاوی كەنداو، ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر تەواوی ئەو وڵاتانەی كە دەڕوانن بەسەر ئاوی كەنداودا. هەربۆیە وڵاتانی هاریكاری كەنداو بە چەندین رێگەی جیاواز و لە چەندین كەناڵەوە هەوڵەكانی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕەكە، تا بتوانن وڵاتەكانیان بە دوور بگرن لەو مەترسیانە.(10)

مەترسییەكی دیكەی وڵاتانی كەنداو داخستنی گەرووی هورمزە، لە لایەن ئێرانەوە، چونكە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكەن لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەكان، یەكێك لە بژاردەكانیان داخستنی ئەو گەروەیە بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكاندا. لە ڕاستیدا داخستنی گەرووی هورمز كە نزیكەی لەسەدا بیستی گواستنەوەی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، گورزێكی كوشندە دەبێت بۆ وڵاتانی كەنداو، لەگەڵ ئەوەی نرخی سووتەمەنی زۆر بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەو وڵاتانە ناتوانن بە ئاسانی بەرهەمەكانی خۆیان بگەیەنن بە بازاڕە جیهانییەكان، ئەوەش زیانێكی گەورە دەبێت بۆیان. جگە لەوە داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی ئەو پێداویستیانەی كە لە بازاڕەكانی وڵاتی چینەوە دەگاتە ئەم وڵاتانە، بەوەش هەڵاوسان دروست دەبێت و نرخی شتومەك زیاد لە ڕادە بەرز دەبێتەوە.(11)

هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران، كە باس لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات لە ناوچەكە جارێكی دیكە بووەتە مایەی دڵە ڕاوكێ بۆ وڵاتانی كەنداو، چونكە لە زۆبەی ئەو وڵاتانە بنكەی سەربازی ئەمریكی هەیە، ئەوەش ئەگەری بەركەوتنی پریشكی ئاگرەكە بەو وڵاتانە زیاتر دەكات. مەترسی هێرشی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكای ئەمریكا لەو وڵاتانی كەنداو، هۆكارێك دەبێت بۆ كەمبوونەوەی گەشت و گوزار و كەمبوونەوەی گەشتیار لەو وڵاتانە، ئەوە جگە لە ڕاوەستانی هێڵی فڕۆكەوانی بە هنۆكاری مەترسی بەركەوتنی مووشەكی دوور هاوێژ كە ئێران، ئاڕاستەی ئیسرائیلی دەكات. بەردەوامی شەڕو ئاڵۆزییەكان بە هۆكاری ئەوەی وڵاتانی كەنداو هاوسێی ئێرانن، دەبێتە مایەی نەمانیی ئاسایشی ئابووری بۆ وڵاتانی كەنداو.(12)

سەرباری ئەو مەتریسانەی كە وڵاتانی كەنداو هەیانە سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، بەڵام داخستنی ئەو گەروە بۆ ئێران هەروا ئاسان نییە، لێكەوتەی سیاسی و ئابووری گەورەی دەبێت لەسەر ئێران و ئەمریكا و تەنانەت ئەو وڵاتانەی دیكەش كە خۆیان بە هاوپەیمان و دۆستی ئێران دەزانن. داخستنی گەرووەكە بە مانای ڕاگەیاندنی جەنگ دێت دژ بە ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا، ئەوە جگە لە ناڕەزایەتی چین و هیندستان، چونكە ئەو دوو دەوڵەتەش بەشێكی گەورە لە پێداویستییەكانی وزەی خۆیان لە ڕێگەی ئەو گەرووە بەدەست دەخەن، ئەوە جگە لە ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و گەیاندی بە بازاڕە جیهانییەكان لە ڕێگەی بەكارهێنانی گەرووی هورمزەوە، ئەو دەوڵەتانە لە ڕابردوودا هاوكاری ئێرانیان كردووە، وەك دۆستی ئێران دادەنرێن، لە ئەگەری داخستنی گەرووەكە زیاتنێكی گەورە بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان دەكەوێت، ڕەنگە ئەوە پاڵیان پێوە بنێت لە ئێران دوور بكەونەوە و ببنە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیل، هەربۆیە داخستنی گەرووەكە بە زیانی ئێرانیش دەشكێتەوە. (13)

-ئەگەری هێرشی نوێی ئیسرائیل و هەڵوێستی وڵاتانی هاریكاری كەنداو

دوای هێرشی ئەمریكا، بۆ سەر گرنگترین بنكەی پیتاندنی یۆرانیم لە ئێران بەناوی “فۆردۆ”، ئێران بەڵێنیدا تۆڵەی ئەو هێرشە بكاتەوە و هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، لەسەر بنەمای هەڕەشەكانی، سوپای پاسدارانی ئێران بڕیاریدا هێرش بكاتەسەر بنكەی سەربازی “ئەلعەدید” ی ئەمریكا لە وڵاتی قەتەر، دوابەدوای هێرشەكەی ئێران، قەتەر و وڵاتانی كەنداو زۆر بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانیان كرد، لەگەڵ ئەوەی هێرشەكەی ئێران هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە، بەڵام وڵاتی قەتەر، ئەو هێرشەی ئێرانی بە دوژمنكارانە وەسفكرد و بە پیشێلكردنی سەروەری خاكی وڵاتەكەی دایە قەڵەم.(14)

لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەكی كاتی كۆتایی بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هات، بەڵام ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕەكە لە ئارادایە، بە هۆكاری ئەوەی، كە ئسیرائیل جەخت لەوە دەكاتەوە لە ئەگەری پەنابردنی ئێران بۆ دووبارە پیتاندنەوەی یۆرانێۆم و بەگەڕخستنەوەی بنكە ناوەكییەكان هێرشیان دەكاتەوە سەر، لە بەرامبەریشدا ئێران دڵنیایی ئەوە دەدات، ئەوان دووبارە ئەو بنكانە نۆژەن دەكەنەوە و لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناوەستن.

وڵاتانی هاریكاری كەنداو، پێیان وایە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پریشكی ئاگری شەڕەكە بەر ئەوانیش دەكەوێت، هەربۆیە لەگەڵ ئەوە نین دووبارە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەرهەڵبداتەوە، هەرچەندە بەشێك لە چاودێران پێیان وایە لاوازبوونی ئێران و ڕێگریكردن لە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە بەرژەوەندی وڵاتانی كەنداوە، چونكە بازاڕی وزە پێویستی بە بەرهەمەكانی ئەو وڵاتانە زیاتر دەبێت، ئەوە سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەهۆكاری زۆری خواست لەسەری، بەڵام هێشتا ناتوانرێت دڵنیایی تەواوی ئەوە بدرێت كە ئەو وڵاتانە دەتوانن پێداویستی بازاڕی وزەی جیهانی پڕبكەنەوە، چونكە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات، ئەوەش بەمانای كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی كەنداو دێت، جگە لە عەرەبستانی سعودی كە دەتوانێت ڕێگەی بەدیل بەكاربهێنێت و نەوتەكەی لە ڕێگەی دەریای سوورەوە هەناردە بكات، بەڵام ئەوەش تێچووی زۆری دەوێت ئەگەر بیەوێت لە بازاڕەكانی ئاسیا ساغی بكاتەوە. مەترسییەكی دیكە وڵاتانی كەنداو تێكچوونی بارودۆخی ناوچەكەیە بە هۆكاری ئەگەری ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیی لە ئێران، چونكە ئەو وڵاتە ژمارەی دانیشتوانی نزیك بە نەوەد ملیۆن كەسە، ئەوەش دەبێتە مایەی كێشە بۆ ئەو وڵاتانەی، كە هاوسێی ئێرانن.

لایەنێكی دیكەی ئەرێنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لاوازبوونی ئەو وڵاتەیە، ئەوەش بەمانای لاوازبوونی هێزە لایەنگرەكانی ئێران دێت لە ناوچەكە، كە بەردەوام مایەی مەترسی بوون بۆ ئەو وڵاتانە، وەك حوسییەكانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە لایەنگرەكانی ئێران لە عێراق و بەشێكی دیكە لە وڵاتانی ناوچەكە. هێرشی ئیسرائیل وا دەكات ئێران بەوهێزانە ڕانەگات و نەتوانێت پڕچەكیان بكات، بەوەش نفوزی ئێران لەدەرەوە لاوازدەبێت، ڕەنگە ئەوە چانسی زیاتر بدات بە وڵاتانی كەنداو تابتوانن پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەكەیان بكەن. بەڵام شەڕ كاولكاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمریكا چەندین بنكەی سەربازی لە وڵاتانی كەنداودا هەیە، ئێرانیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكات لە ئەگەری هنێرشی نوێ بۆ سەر وڵاتەكەی تەواوی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكاتە ئامانج. هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو وڵاتانە دەبێتە هۆكاری نائارامی و ئەوەش كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر كەرتی ئابووری و بەشێك لەو كۆمپانیا و بازرگانەنەی كە لەو وڵاتانە كاردەكەن، لەوانە بیرلەوە بكەنەوە سەرمایەكەیان بگوازنەوە بۆ ناوچەیەكی ئارام. ئەوەش كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتانی كەنداو، كە بڕبڕەی پشتی پیشكەوتنی ئەو وڵاتانەیە. هەربۆیە وڵاتانی كەنداو هەموو كەناڵە دیبلۆماسییەكانی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ڕیگری كردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە.(15)

دەرئەنجام:

  • دەوڵەتانی كەنداو لە بەرژەوەندییاندایە، كۆماری ئیسلامیی ئێران لاوازبێت، بەڵام نایانەوێت بۆشایی ئەمنی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت، چونكە هەر بۆشاییەكی ئەمنی لە ئاوەكانی كەنداو، لە داهاتوو دەبێتە كێشەیەكی جددی لەسەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی كەنداو. جگە لەوەش نایانەوێت ناوچەكە ڕووبەڕووی جەنگێكی درێژخایەن ببێتەوە.
  • وڵاتانی كەنداو، پشتگیری ئێران ناكەن، بەڵام دەترسن لە سەركەوتنی ڕەهای ئیسرائیلی، كە كارتەكانی ناوچەكە ڕێك بخاتەوە بە شێوەیەك كە ڕۆڵی ئەوان لاوازتر بكاتەوە. هەروەها ئاشكرا دژایەتی ئیسرائیل ناكەن، بەڵام پێیان باشترە پەیوەندییەكەیان لەگەڵیدا لە پشت پەردەوە بەڕێوە ببەن تا بەتەواوی لە بارودۆخەكە تێدەگەن.

  • بژاردەی بێلایەنی و خۆ دوور گرتن لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن وڵاتانی كەنداوە وە پلانێكی ستراتیجی ئەو وڵاتانەیە بۆ نەبن بە بەشێك لە قەیرانەكان و بتوانن وەك ناویژیوان و لایەنی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان ڕۆڵ بگێڕن.
  • هەرچەندە وڵاتانی كەنداو بە ڕوونی سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران كردووە و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویان بردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا دڵەڕاوكێی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەگەری فراوانبوونی ململانێكان و كێشانی ناوچەكە بۆ ناو جەنگێكی گشتگیر.

  • وڵاتانی كەنداو لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدان، چونكە لەلایەكەوە دەیانەوێت پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل هەبێت، لە لایەكی دیكەشەوە ناتوانن بێدەنگ بن لەبەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێكی ئیسلامی و هاوسێیان. هەروەها مەترسی لێكەوتە ئابوورییەكان وەك داخستنی گەرووی هورمز، كەمبوونەوەی گەشتیاری، و لاوازبوونی وەبەرهێنان، وایكردووە ئەم وڵاتانە هەموو كەناڵە دیپلۆماسییەكان بخەنە گەڕ بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە.

سەرچاوەكان:

  • 7 أسئلة لفهم خلفيات الهجوم الإسرائيلي على إيران، لە بەرواری 13\6\2025، لەماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/news/2025/6/13 بڵاوكراوەتەوە.
  • كواليس هجوم إسرائيل على إيران.. “معلومة ذهبية”، لەبەرواری 15\ یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://www.skynewsarabia.com/middle-east بلاوكراوەتەوە.
  • الهجوم الإسرائيلي على إيران: الدلالات والتداعيات والسيناريوهات المحتملة، لە بەرواری 13\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://trendsresearch.org/ar/insight، بڵأوكراوەتەوە.
  • 7 أسئلة لفهم خلفيات الهجوم الإسرائيلي على إيران، لە بەرواری 13\6\2025، لەماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/news/2025/6/13 بڵاوكراوەتەوە.
  • التحليل الفني: عملية الوعد الصادق 3، لەماڵپەڕی https://www.ecssr.ae/ar/research، بڵاوكراوەتەوە، بەرواری سەردان، 21\9\2025.
  • رد إيراني بصواريخ فرط صوتية على الغارات الإسرائيلية وترامب يدرس احتمال التدخل العسكري، لەماڵپەڕی https://www.france24.com/ar/، لە بەرواری 19\6\2025 بڵاوكراوەتەوە.
  • هجوم أمريكي على منشأت فردو ونطنز وأصفهان النووية في اليوم العاشر من الحرب، لە بەرواری 22\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://ar.ncr-iran.org/ بڵاوكراوەتەوە.
  • دول الخليج تحذر من سيناريوهات مقلقة جراء الهجوم الإسرائيلي على إيران، لە بەرواری 16\6\2025، لە ماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/news، بڵاوكراوەتەوە.
  • دول الخليج تدين الهجمات الإسرائيلية على إيران، لە بەرواری 13\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://www.alarabiya.net/arab-and-world/، بڵاوكراوەتەوە.
  • دول الخليج العربي تفاجأت بسرعة هجوم إسرائيل على إيران، لە بەرواری 20\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://asharqbusiness.com/economics، بڵاوكراوەتەوە.
  • اقتصاديون يحذِّرون من تداعيات تجارية عالمية صعبة جرَّاء الحرب الإسرائيلية- الإيرانية، لە بەرواری 16\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://aawsat.com/، بڵاوكراوەتەوە.
  • ما تداعيات الحرب بين “إسرائيل” وإيران على منطقة الخلیج؟، لە بەرواری 15\6\2025، لە ماڵپەڕی https://khaleej.online/RMRbVr، بڵاوكراوەتەوە.
  • همايون فلكشاهي، تداعيات الصراع الإيراني الإسرائيلي على الاقتصاد والطاقة، لە بەرواری 27\سونسو\2025، لە ماڵپەڕی https://www.washingtoninstitute.org/ar، بڵاوكراوەتەوە.
  • بعد الهجوم الإيراني على قاعدة العديد.. ما شكل العلاقة بين دول الخليج وطهران؟، بە بەرواری 24\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://www.bbc.com/arabic، بڵاوكراوەتەوە.
  • عمار الحدیثی، الخليج بين إيران وإسرائيل.. بين الحياد العلني والانخراط الخفي، لە بەرواری 15\یونیو\2025، لە ماڵپەڕی https://www.noonpost.com/، بڵاوكراوەتەوە.

Send this to a friend