عێراق‌و توركیا؛ نەوت به‌رانبه‌ر به ئاو
د. فاروق عه‌بدول

“نه‌وت به‌رانبه‌ر به ئاو”، ئه‌و چه‌مكەیە له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووەوە بووە بە جێی باسوخواسی میدیا لۆكاڵی‌و ناوچه‌ییه‌كان، لە ناو پەرەسەندنی قەیرانە ژینگەیی‌و ئابوورییەکان، داڕێژەرانی سیاسەت له به‌غدادو ئه‌نقه‌ره بیرۆکەیەکی نوێ‌و تاڕاده‌یه‌ك بوێرانەیان خستووەتەڕوو، کە تێیدا “نه‌وت و ئاو خرانه سه‌ودایه‌كی ئابوورییانه‌وه”. ئه‌م بیرۆكه‌یه لە مانگی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٥)دا به فەرمی بووە بە ڕێككه‌وتنی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات. هه‌رچه‌نده وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌وه‌ی كراوه، یاداشتی لێكتێگه‌یشتنەو ڕێككه‌وتن نییه، به‌ڵام میدیا توركییه‌كان جه‌خت له ڕێككه‌وتن ده‌كه‌نه‌وه‌و وه‌كو هه‌نگاوێكی مێژوویی باسیلێوه‌ده‌كه‌ن. بیرۆكه‌ی ڕێككه‌وتنه نوێیه‌كه‌ی نێوان بەغدادو ئەنقەرە كه زیاتر له قازانجی توركیایه، لە سەر بنەمای میکانیزمێکی داراییە. توركیا ده‌ستده‌كات به بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئاوی عێراق له ڕێگه‌ی دروستکردنی بەنداوی بچووك‌و مامناوەندو ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كانەوە، له به‌رانبه‌ردا عێراق پاره‌داركردنی ئه‌و پڕۆژانه لە ڕێگەی داهاتی فرۆشتنی نەوته‌وه ده‌كات. هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن تورکیا نزیکەی یەك ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ عێراق زیاددەکات، لە بەرانبەردا عێراق نەوت به نرخی پاڵپشتیكراو بۆ تورکیا دابینده‌كات.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن فوئاد حسێن؛ وەزیری دەرەوەی عێراق‌و هاکان فیدان؛ هاوتا تورکییەکەیەوە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەغداد ئیمزاکرا. هه‌ر زوو ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری له شه‌قامی عێراقى دروستكرد، به تایبه‌تی ساته‌وه‌ختی ڕێككه‌وتنه‌كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه (11)ی تشرینی دووەمی (2025) به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و خودی حكومه‌ته‌كه‌ی سودانییش له به‌رده‌م سه‌خترین قه‌یرانی وشكه‌ساڵیدایه، كه به درێژایی سه‌د ساڵی ڕابردوو وێنه‌ی نه‌بووه. هەرچەندە دەقی ڕێککەوتنەکە بە ڕوونی باس لە مامه‌ڵه‌ی “نەوت به‌رانبه‌ر بە ئاو” ناكات، بەڵام چاودێران پێیانوایە ڕۆحی ڕێككەوتنەکە ڕەنگدانەوەو وابەستەی پڕۆسه‌یه‌كی ئابوورییە، کە تێیدا وزەو ئاو بەیەکەوە گرێدراون.
پرسیاری سەرەکی لەم باسەدا ئەوەیە، کە ئایا ئەم ڕێککەوتنە کە بنەماکەی لە ساڵێک زیاترە کاری بۆ کراوە، دەتوانێت ژێرخانی ئاویی عێراق لەو قەیرانە کوشندەیە ڕزگاربکات، یان زیاتر هەوڵێکی ئازارشکێنەو وابەستەیە بە تاکتیکی نوخبەی دەسەڵاتدارەوە بۆ کێبڕکێی مانه‌وه له پۆست‌و دەسەڵات. داکۆکیکارانی ڕێککەوتنەکە نایشارنەوە، کە هیچ بژرادەیەکیان نەبووە، جگە لە مامه‌ڵه‌یه‌كی خێرای پراگماتیانه بۆ بەرگرتن لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی قەیرانەکە، بەڵام بەرهەڵستکاران نەک هەر ڕێكکەونەکە ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو بە کارەسات ناویدەبەن. پاساویان ئەوەیە، کە نوخبەی دەسەڵاتدار لە جیاتیی داڕشتنی بەرنامەو پلانی جێگرەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەواو زیادکردنی دەرامەتە ئاوییەکان‌و چاره‌سه‌ركردنی ڕه‌وشه‌كه له ڕێی هه‌وڵه ناوخۆییه‌كانه‌وه، وڵات دەخەنە دۆخێكی پاشکۆیەتیی مەترسیداره‌وە، کە ئەنجامەکانی بۆ داهاتووی عێراق کوشندە دەبێت، بەو پێیەی شاده‌ماری ئابووریی عێراق ده‌خرێته مامەڵەیەکی بازرگانیی نابه‌رانبه‌رییه‌وه‌و ته‌واوی دۆسیەی ژێرخانی ئاویی وڵاتیش ڕاده‌ستی توركیا ده‌كه‌ن‌و له ژێر كۆنترۆڵی بەغداددا نامێنێت.
عێراق دەیان ساڵە تورکیا تۆمەتباردەکات بە سنووردارکردن‌و گرتنه‌وه‌ی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلەو فورات، کە زیاتر لە (70%)ی ئاوی شیرین بۆ وڵاته‌كه‌ی دابیندەکەن. سه‌ره‌تای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAP)ی تورکیا، کە لە كۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیپێکردووەو زنجیرەیەك بەنداوی گەورەی وەك بەنداوی ئەتاتورك‌و ئه‌یلیسۆ لەخۆدەگرێت. لە کاتێکدا تورکیا پێداگری لە مافی خۆی دەکات بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان لە چوارچێوه‌ی سنوورەکانیدا، عێراق دەڵێت زیادەڕۆیی لە دروستكردنی بەنداو له توركیا بووە بە هۆی وشکەساڵییەکی زۆر‌و به‌بیابانبوونی ناوه‌ڕاست‌و باشووری عیراق‌و زیانی زۆر به كه‌رتی كشتوكاڵی کەوتووە.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه به‌هێزه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی ژێرخانی ئاویی عیراق بووەته‌وه، هه‌روه‌ك وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ساڵی (٢٠٢٥)ی بە وشکترین ساڵ لە دوای ساڵی (١٩٣٣)وە له‌قه‌ڵه‌مداوه، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ناڕه‌زایه‌تیی زۆری به دوای خۆیدا هێناوه، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت مافێکی سەرەتایی مرۆڤ بە بازرگانی بكرێت. ئاو مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤەو بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتیکراوە، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق بۆچوونێكی تریان هه‌یه‌و پێیانوایه، كه پشتبه‌ستنی ڕه‌های عێراق به ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ده‌ستەبه‌ركردنی ده‌رامه‌ته ئاوییه‌كانی، زیاتر ئه‌م وڵاته‌ی به‌ره‌و كاره‌سات‌و خنكان بردووە. به‌رگرییان له ڕێككه‌وتنه‌كه له‌و سۆنگه‌یەوه‌یه، كه ڕێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌ك ناتوانن تینوویەتیی عێراق بشكێنن، به‌ڵكو تا دێت، ده‌وڵه‌ت‌و سیستەمه سیاسییه‌كه‌ی له داڕمان نزیكده‌كەنه‌وه.
هه‌ر چۆنێك بێت، عێراق چووەته‌ناو ڕێكه‌وتنێكی ناڕوونه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك وه‌ك پێویستییەکی ستراتیژی سەیریدەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی داڕمانی ئاسایشی ئاویی عێراق‌و خواستی زۆری توركیا بۆ وزه. به واتایه‌كی تر، ئه‌م ڕێككه‌وتنه میكانیزمێكه بۆ گۆڕینی ده‌رامه‌تی ئاو لە سەرچاوەی ململانێوه بۆ دەرفەتی هاوبەش، كه هەردوولا دەتوانن نموونەیەکی نوێ له دیبلۆماسیی پراگماتی لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا نه‌خشه‌ڕێژبكه‌ن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی عێراق پاساوی خۆی هه‌یه بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه‌و توركیاش به مافی خۆی ده‌زانێت سوود له ده‌رامه‌ته سروشتییه‌كانی وه‌ربگرێت، به‌ڵام لێكه‌وته‌و ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه نوێیه‌ی عیراق و توركیا، وابه‌سته‌نابێت به ئاینده‌ی عێراقه‌وه به ته‌نیا، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری هه‌یه ببێت به فۆڕمێكی نوێ له گشتاندنی ناوچه‌یی “ئاو به‌رانبه‌ر بە وزه”، له شوێنی دیكەو له جوگرافیای جیاوازدا دووباره‌ببێته‌وه.
كوردی

