• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 23, 2025

ڕوانینی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا

ئامادەكردن: ئێرانناسی

بەرایی

لەم بابەتەدا، تیشك دەخەینە سەر ڕوانین و هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی نێوان توركیا و حزبی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە). گرنگە بزانین نیگەرانی یان دڵخۆشییەكانی ئێران سەبارەت بەم پرۆسەیە چین؟ ئێران پشتیوانی دەكات یان دژی دەوەستێتەوە. ئەگەر نیگەرانە، نیگەرانییەكانی لە چیدایە؟ ئەگەر پشتیوانی دەكات بۆچی؟

پرۆسەی ئاشتی، بۆچی؟

پرۆسەیەكی گرنگ بە ناوی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری كە ڕاگەیاندنی چەكدانانی پەكەكە بەڕابەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بەدوادا هاتووە، لە ئارادایە. هەڵبەت پرۆسەیەك ئاڵۆز، فرە ڕەهەند و جێی مشتومڕە. ڕەخنەگر و لایەنگری زۆری هەن. لەسەر ئاستی كوردایەتی، هەندێك بە شكستی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی و خەباتی كورد لێی تێدەگەن و هەندێكیش كە زیاتر لایەنگرانی پەكەكەن، پاساوی بۆ دەهێننەوە. هەندێك بە پڕۆسەی ئاشتی و هەندێك بە خۆبەدەستەوەدانی كوردەكان پێناسەی دەكەن. بەڵام دەنگی زاڵ ئەوەیە كە دەمودەست لەسەر ئاستی نێوخۆی توركیا، كوردەكانی باكوور و ڕۆژئاڤا، بەرپرسانی حزبی و حكومی لە هەرێمی كوردستان، عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازی لە دەستپێكردنی پڕۆسەكە كرا. هەڵبەت ئۆردوگان و حزبەكەی لەسەرەتاوە سڵیان لەوە دەكردەوە كە خۆیان بكەن بە خاوەنی.

ئەمە یەكەمجار نییە كە توركیا و پەكەكە ئاشت دەبنەوە. لانیكەم سێیەمجارە كە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان كورد و توركدا لە وڵاتی توركیا بەڕێوە دەچێت. دوو جارەكەی پێشوو شكستیان هێنا. جاری یەكەم پاش دەستگیركردنی ڕێبەری حزبی كرێكارانی كوردستان، ئەم گروپە ئاگربەستی یەكلایەنەی ڕاگەیاند. ساڵی 2002. سەركردەكانی ئەوكاتی پەكەكە، چالاكییەكانی حزبیان كۆتایی پێهێنا و دەستبەجێ ڕێكخستێكی نوێ بەناوی كۆنگرەی ئازادی و دیموكراسی كوردستان پێكهێنرا كە بڕیار بوو بەرخودان لەسەر ئاستی سیاسی درێژە پێبدات. ساڵێكی دواتر، ناوی ڕێكخراوەكە دوبارە گۆڕدرا و ساڵی 2004 پەكەكە بە فەرمی شكانی ئاگربەست و دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارانەی ڕاگەیاندەوە.

جاری دووەم ئەو كاتە بوو كە حزبی عەدالەت و گەشەپێدان لە ساڵی 2007 ڕێژەی دەنگی یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكانی بەدەست هێنا و بە تەنیا دەوڵەتی پێك هێنا. هەر لەو كاتەوە كۆمەڵێك ڕێكاری وەك ئازادییە ڕێژەییەكانی وەك بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامە، گۆڤار و كتێبی كوردی، دامەزراندنی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بە ناوی تی ئاڕتی كوردی، ڕێگەدان بە خوێندنی بە زمانی كوردی، پڕۆژەگەلی وەك كرانەوەی دیموكراسییانە و چۆڵكردنی شاخ و گەڕانەوە بۆ نێو كۆمەڵگەی خستە بەرنامەی كارەوە. گفتوگۆكان لە ئۆسلۆ لە ساڵی 2009 دەستیان پێكرد. بەڵام پڕۆژەی یەكەمی خولی دووەمی گفتوگۆكانیش شكستی هێنا. لە دیسەمبەری 2012 گفتوگۆی نهێنی نێوان دەوڵەت و ئۆجەلان ئاشكرا كرا. بە ڵام لە مانگی حەوتی 2013 كوژرانی سەكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز، گۆمەكەی شڵەقاندەوە و پرۆسەكەی پەك خستەوە و لە ساڵی 2015 بە تەواوەتی شكستی پرۆسەكە ڕاگەیەندرا. لە پرۆسەی دووەمدا و لە ساڵی 2011 دا پرۆفیسۆر ناسر ئینتیسار گوتی پرۆسەی ئاشتی نێوان توركیا و پەكەكە، ئێرانی سوپرایز كردووە. ئەو گوتی: دیارە كە ئێران ئەم دۆخەی پێشبینی نەكردبوو. بۆیە دەكرێت بڵێین ئێران بە تەواوەتی دۆش داماوە .

وادیارە ئێران لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ئەمجارەشدا تووشی دۆشدامان بووە. بەڕادەیەك كە جگە لە لێدوانێكی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هیچ هەڵوێستێكی ڕوونی ئێران لە هەمبەر پرۆسەی ئاشتی بەدی ناكرێت. پڕۆسەكەی ئەمجارە جیاوازە. لە 27ی كانوونی یەكەمی 2025دا، پەیامە گرنگەكەی ئۆجەلان خوێندرایەوە. جیاوازییەكەی تەنیا لە داخوازییەكانی پەیامەكەدا نەبوو. بەڵكو لە گۆڕانی بارودۆخەكەدا بوو. هەروەها هۆكارەكانی گۆڕانی بارودۆخەكە. دەتوانرێت گرنگترین هۆكارەكان و نیازەكانی پرۆسەی ئاشتی ئەمجارە بۆ هەردوو لا بەمشێوەیە كورت بكرێنەوە:

– لەسەر ئاستی نێوخۆی توركیا، ترسی ئەردۆغان و حزبەكەی لە بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویستی سەرۆكایەتی كۆماری ئەمجارە و نیازی خۆپاڵاوتنی كە بە بێ بەدەستهێنانی دەنگی كوردەكانی باكوور ناتوانێت ئەو نیازەی بهێنێتە دی. هەروەها بەم هەنگاوە دەتوانێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەركردایەتی جەهەپە لاواز بكات و ڕێگەی لێ بگرێت لە هاوپەیمانییەتی نوێ لەگەڵ كوردەكان.

– ترسی توركیا لە پڕۆژەی گۆڕین و كێشانەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە سەركردایەتی ئیسرائیل بۆ گەمارۆدانی ئەنادۆڵ(1).

– لەسەر ئاستی هەرێمی، دوابەدوای شكستی ئێران لە پاراستنی بەشار ئەسەد و ڕژێمەكەی. دەرفەت بۆ توركیا ڕەخسا كە كۆنتڕۆڵی سووریا بكات. دۆخی هەنووكەیی سووریا وا دەخوازێت بەم ڕێككەوتن و پرۆسە نوێیەی ئاشتی، كوردانی ڕۆئاڤا لاوازتر بكات.

– ترسی توركیا لە هاوكاریكردنی كوردەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە لایەن ئیسرائیلەوە.

– هەروەها نائومێدبوونی لەوەیكە كە بتوانێت كۆتایی بە ڕۆژئاڤای كوردستان بهێنێت بە بێ ڕەزامەندی ئەمریكا و ڕۆژئاوا.

– لە سەرئاستی نێودەوڵەتی، توركیا بەم ئاشتەواییە دەتوانێت هەنگاوێك لە ئەندامبوون لە یەكیەتی ئەوروپا و نزیكبوونەوەی زیاتر لە ناتۆ نزیك ببێتەوە(2).

– لە لایەكی ترەوە، هەروەك چۆن لە پەیامەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەخوێندرێتەوە، پەكەكە لە ڕووی گوتارەوە ئیدی كۆتایی هاتووە و ناتوانێت خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. بەتایبەت كە ئاماژە بە دەركەوتنی نەوەیەكی تر لە چالاكانی شاری و سیاسی لە باكووری كوردستان دەكرێت كە ئەمانە كەمتر باوەڕیان بە جوداخوازی هەیە، لەوانەش سەلاحەدین دەمیرتاش.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم ئەگەر و هۆكارانەی سەرەوە دەكرێت بگەینە بەو ئەنجامەی كە بۆ هەردوو لا و بەتایبەت بە توركیا ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەكی ناچارییە.

ڕوانینی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی

هەر پرۆسە و پرۆژەیەك بە تایبەت لەم چوار دەوڵەتەی كە بەشێك لە خاكی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، كاریگەری لەسەر دەوڵەتەكانیتر دادەنێت. بۆیە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دەتوانێت مایەی نیگەرانی یان دڵخۆشی ئێرانییەكان بێت. لە خوارەوە ئاماژە بە هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین لە سێ ڕوانگەوە؛ مەیدان/پڕۆكسییەكانی ئێران و دیپلۆماسی، كە پڕۆكسییەكانیش دەچنە بازنەی مەیدانەوە.

پێشوەختە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە سیاسەت و زمانی ڕاگەیاندن و بڕیاری ئێران تەنیا بریتی نییە لە وەزارەتی دەرەوە، بەڵكو لە مەیداندا دەكرێت بە دوای هەڵوێستی ئێراندا بگەڕێین. مەیدان واتە پانتایی چالاكییەكانی سوپای پازداران، كە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادەوە تا ئەم چركەساتە بەسەر دیپلۆماسیی ئێراندا زاڵ بووە. كەواتە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی دەبێت لە هەر دوو ڕوانگەكەوە هەڵبسەنگێنرێت.  ئێران لە تاكە هەڵوێستی فەرمیدا و بە گوێرەی ڕاپۆرتی سیاسەتی دەرەوەی ایرنا، لە زاری ئیسماعیل بەقائییەوە كە نوێنەرایەتی “دیپلۆماسی” ئێران دەكات، ڕایگەیاند: “كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە هەر پرۆسەیەك دەكات كە ببێتە هۆی وەستاندنی تیرۆریزم و بەهێزكردنی ئاسایش لە وڵاتی توركیادا و هیوادارە ئەم گۆڕانكارییە لەسەر ئاستی ناوچەكەش كاریگەری ئەرێنی دابنێت(3) “. بەڵام لە مەیداندا هیچ هەڵوێستێكی ئێران ئاشكرا نەكراوە. بەم بێدەنگییە، دەتوانرێت نیگەرانی مەیدانی ئێران هەڵێنجان بكرێت.

ڕوانگەی سێیەم بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ئێران بریتییە لە پڕۆكسییەكان. ئێران لە مەیداندا، هەندێكجار لە ڕێگەی پڕۆكسییەكانییەوە پەیام و هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەكان ڕادەگەیەنێت. بۆ نموونە دوا بەدوای هاتنەپێشەوەی ئەردۆغان و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی، لە جریوەیەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەمەڕ چەكدادانی پەكەكە، ڕایگەیاند: چیتر پاساو بۆ مانەوەی سەربازیی توركیا لە عێراق بوونی نییە و داوای لە عێراق و پەرلەمان كرد كە ڕێكاری بەپەلە بۆ چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزە چەكدارەكانی توركیا بگرێتە بەر(4). عەلی ئەلبەنداوی، ئەندامی كۆمسیۆنی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقیش لە دوای ڕاگەیاندنی چەكدانانی پەكەكەوە گوتی: سەرەڕای چەكدانان، توركیا هێشتا هێزەكانی نەكشاندووەتەوە و عێراق چاوەڕێی پاشەكشێی سوپاس توركیایە چونكە ئیدی هیچ پاساوێك نەماوەتەوە(5). لە هەڵوێستی پڕۆكسییەكانییەوە دەردەكەوێت كە ئێران هیچ ئامادەكارییەكی بۆ پڕۆسەی ئاشتی نەبووە و لە دوای ئاگاداربوون لە پڕۆسەكە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە چۆن بتوانێت سوود لە بارودۆخە وەربگرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی گوتارەوە قەرەبوونی ئەو ڕووداوە بكاتەوە.

ئێران چی دەوێت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چار نییە، جگە لە گەڕان بە نێو میدیا و ڕاگەیاندنەكانی ئێراندا بۆ ئەوەی لە نیگەرانییەكان و هەڵوێستی ئێران تێبگەین. ئەو بابەت و وتارانەی كە سەبارەت بەم پڕۆسەیە بڵاو كراونەتەوە سێ خاڵی سەرەكییان تێدا زەق كراوەتەوە كە ئێران لە ڕێگەیانەوە دەیەوێت بەجۆرێك گوتاری خۆی بەرهەم بهێنێتەوە یان دەستوەستان نەگەڕێتەوە:

یەكەم، فشاری هێزە عێراقییەكان بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق و بەتایبەت ناوچەكانی دهۆك. ئێران ئەم ڕێككەوتنە بە دەرفەت دەزانێت بۆ فشارخستنەسەر عێراق لە ڕێگەی پرۆكسییەكانییەوە بۆ ئەوەی هێزەكانی توركیا ناچار بكەن بە گەڕانەوە بۆ نێو سنوورەكانی خۆیان.

دووەم، زەقكردنەوەی ئەو خاڵەی كە توركیا دواجار جێی متمانە نییە و سیاسەتی بانێك و دوو هەوا بەرامبەر بە كوردەكان پیادە دەكات. لە چەندین بابەتدا، ئاماژە بەوە كراوە كە توركیا هیچكات جێگەی متمانە نەبووە. لە لایەك كۆمەڵكوژی كوردەكان لە ڕۆژئاڤا دەكات و تەنانەت قەیوم بۆ شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان دادەنێت و مافە سەرەتایییەكانیان لێ زەوت دەكات، لە لایەكیش هەر ماوە جارێك پرۆسەیەك دەست پێدەكات بەناوی پڕۆسەی ئاشتی(6).

 سێیەم، ئەوەی ئۆردۆگان دەیكات تەنیا پلانێكە بۆ مانەوەی خۆی و توانای خۆكاندیدكردنەوەی بۆ خولێكی دیكە لە ڕێگەی داڕشتنی دەستوورێكی نوێ، كە ئەمەش تەنیا بە بەدستهێنانی دەنگی كوردەكانی نێو پەرلەمانی توركیا دێتە دی. هەوڵی ئێران بۆ بچووك نیشاندانی پڕۆسەكە و بەبیرهێنانەوەی ئەوەیكە چەند جارێكیتر ئەم پرۆسەیە دەست پێكراوە و بێئەنجام كۆتایی هاتووە. هەر ئەوەیكە بە لێدوانی فەرمی قسەیان لەمبارەیەوە نەكردووە، جێگەی سەرنجە. یان لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییە دەوڵەتییەكانەوە، ئاماژە بە سیاسەتی بانێك و دوو هەوای ئەردۆگان دەكەن. بۆ نموونە، سایتی باشگاە خبرنگاران دانشجوی ایران، لە بابەتێكدا كە لە پەیامنێری نێودەوڵەتیی سكای نیوزەوە وەری گرتووە، ئاماژە بە سیاسەتی دووفاقی توركیا بەرامبەر بە كوردەكانی سووریا لە لایەك و هێرشە یەكلەدوای یەكەكانی دژ بە ئەوان لە لایەكی ترەوە دەكات و دەنووسێت كە ڕوون نییە ئەم گۆڕانكارییە لە تێڕوانینی توركیادا تا چەند واقعی یان بە مەرامی بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانە(7). یەكێك لە دەستكەوتەكان دەرفەتی خۆكاندیكردنەوەی ئۆردۆگانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی لە ساڵی 2028 كە بە گوێرەی دەستووری ئێستا مەحاڵە. چونكە پێویستی بە 45 كورسییەكەی كوردەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە.

چوارەم. زەقكردنەوەی بێسوودبوونی چوار دەیە جەنگی خوێناوی نێوان پەكەكە و توركیا و شكستی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد. باشترین بەڵگە، داننانی ئۆجەلانە بەوەیكە پەكەكە واتای خۆی لە دەستداوە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە. جەختكردنەوەی خبرگزاری تسنیم لەسەر ئەوەیكە ئۆجەلان چیتر نە فیدراسیۆنی دەوێت، نە ئۆتۆنۆمی، نە سەربەخۆیی و تەنانەت سەربەخۆیی ئیداری و داننان بەوەی كە ئەم داواكارییانە ئەنجامی بێ ئەملاوئەولای بزوتنەوەیەكی نەتەوەگەرایانەی توندڕەون و ئەم جۆرە بونیادانە وەڵامگۆی پرسیارەكانی ئێستا نین(8).

پێنجەم، جەختكردنەوە لەسەر باڵ باڵێن و دووبەرەكی بەردەوامی نێوان سەركردایەتی پەكەكە لە نێو خۆیان و كوردەكان بە شێوەیەكی گشتی. هەروەها ئەوەیكە خەباتی كوردەكان بە ئۆجەلان دەستی پێنەكردووە تا بە خۆبەستەوەدانی ئەو كۆتایی بێت(9). هەروەها گەورەكردنی جیاوازیی بیروڕا و بڕیاری سێكوچكەی كورد كە بریتییە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هێزە سیاسییەكانی باكوور و قەندیل. بۆ نموونە زەقكردنەوەی لێدوانەكانی بەرپرسانی وەك جەمیل بایك كاتێك ئاماژە بە داخوازییەكانی قەندیل دەكات دەكات لە بەرامبەر پابەندبوونی ئەوان بە بڕیارەكان و داواكارییەكانی ڕێبەری پەكەكە(10). هەروەها مەرج نییە ئەوەیكە ئۆجەلان دەیڵێت قەندیل ناچار بە پابەندی بكات.

ئەم گومان دروستكردنانە هەڵبەت لە ڕابردوودا وای لە توركیا كردووە كە ئێران بە یەكێك لە هۆكارەكانی شكستهێنانی پرۆسە یەك لە دوای یەكەكەكانی ئاشتی لە توركیا بزانێت. بۆیە هەندێك جار كار دەگەشتە شەڕ و بەیاننامەی ڕاگەیاندن دژ بە یەكتر و توركیا ئێرانی تاوانبار دەكرد(11) و ئێرانیش بە هەموو شێوەیەك ڕەتی كردووەتەوە. تەنانەت تۆمەتباركردنی توركیا بەوەی كە پەكەكە بەكار دەهێنێت بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی و سیاسەتی فراوانخوازی لە ناوچەكەدا(12). توركیاش ئاماژە بە كەینوبەینی نێوان ئێران و پەكەكە(13) دەكات(14). بۆ نموونە هەر ئەم ماوەیەی پێشوو، هاكان فیدان لە لێدوانێكیدا ڕەخنە لە كۆبوونەوەی بەرپرسانی سەربازی ئێران و مەزڵوم كۆبانی دەگرێت و داوا لە ئێران دەكات كە پشتیوانی لە كوردانی سوریا و بەتایبەت (ی.پ.گ) نەكات(15).

شەشەم و كۆتا خاڵ كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نیگەرانییەكانی ئێرانەوە هەیە، گومانی ئێرانە لە پەیوەندیكردنی ئەندامای پەكەكە بە پژاكەوە و یەكگرتنیان و دواتر هاندانیان(16) بۆ دژایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران(17).

ئەنجام

بە گوێرەی ئەو ئاماژانەی كە لەسەرەوە باس كران، كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا یەك جار بە شێوەیەكی فەرمی پشتیوانی و پێشوازی لە ڕاگەیاندنی نوێیی ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا كردووە. وادیارە وەك دووەم پرۆسەی ئاشتی، ئەمجارەش لە دەرەوەی بازنە بووە و بە دۆشدامانەوە سەیری دۆخەكە دەكات. بۆیە تەنیا لە ڕێگەی میدیاكانی نزیك لە بناژوخوازەكانەوە یان هەڵوێستی پڕۆكسییەكانەوە دەتوانین پەی بە هەڵوێستی شاراوەی ئێران ببەین. ئێران، لەم ڕێككەوتنەدا تەنیا دەیەوێت بە تەواوەتی دەستخاڵی نەگەڕێتەوە و جۆرێك لە دەستكەوتی لە ئەنجامەكانی ڕێككەوتنەدا هەبێت. دەتوانین بڵێین گرنگترین ئەو خاڵانەی كە ئێران جەختیان لەسەر دەكاتەوە بریتین: لەڕێگەی پڕۆكسییەكانەوە فشار دەخاتەسەر عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا لە وڵاتەكەیان، چونكە بیانوو بۆ مانەوەیان نەماوەتەوە. جۆرێك لە گومانخستنەسەر نیازپاكی ئەردۆغان وتوركیا لە هەمبەر كوردەكان بە گشتی و بەكارهێنانیان بۆ درێژكردنەوەی سەرۆكایەتییەكەی و بوون بە ئەندام لە یەكیەتی ئەوروپا، و ڕەنگدانەوەی جۆرێك لە نیگەرانی ئێرانییەكان سەبارەت بە پەیوەندیكردنی هێزەكانی پەكەكە بە هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتەوە. هەروەها ترسی ئێران لە بەهێزبوونی زیاتری توركیا، چونكە یەكێك لە دەرەنجامەكانی ئەم ڕێككەوتنانە، كردنەوەی دەرگای زیاترە بەڕووی توركیادا كە بەهێزتر لە جاران بتوانێت لە ناوچەكەدا تەراتێن بكات بە بێ ئەوەی هیچ هێزێكی كوردی بێزاری بكات. لە دواجاریشدا توركیا بەم هەنگاوانە ڕەنگە بتوانێت خۆی لەبەردەم باهۆزی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕابگرێت.

سەرچاوەكان:

  • باخچەلی: ئامانجی ئیسرائیل دەورەدانی ئەنادۆڵ و تێکدانی پرۆسەی تورکیای بێتیرۆرە، سایتی كەناڵ 8 https://channel8.com/kurdish/news/129560 ڕێككەوتی داسەردان 18/6/2025.
  • تحولات کردستان و ترکیه: نگاهی به بیانیه اوجالان، عوامل و نتایج آن،فواد کیخسروی، https://www.radiozamaneh.com/849986 ڕێككەوتی دواسەردان (18/6/2025)
  • https://shorturl.at/P0Prb استقبال ایران از فراخوان کنار گذاشتن سلاح توسط پ.ک.ک ، خبرگزاری جمهوری اسلامی ایران، ڕێككەوتی دوا سەردان (10/6/2025)
  • https://x.com/Qais_alkhazali/status/1921911353230385371/photo/1
  • کمیسیون امنیت پارلمان عراق: «با وجود اعلام انحلال پ.ک.ک نظامیان ترکیه از اراضی عراق عقب‌نشینی نکرده‌اند، شفقنا، https://fa.shafaqna.com/news/2045266/ ڕێككەوتی دوا سەردان 11/6/2025
  • از درخواست انحلال پ.ک.ک. تا ابهامات و پیامدهای منطقه‌ای https://shorturl.at/34sww دوا سەردان (17/6/2025)
  • یک بام و دو هوای دولت ترکیه / تلاش اردوغان برای آشتی با کردها، باشگاە خبرنگاران دانشجوی ایران، https://shorturl.at/TGvbfڕێككەوتی دوا سەردان (11/6/2025)
  • نگاهی به ابعاد توافق ترکیه و اوجالان درباره پ.ک.ک، خبرگزاری تسنیم، https://shorturl.at/kSepM ڕێككەوتی دوا سەردان (10/6/2025)
  • پیام اوجالان برای خلع سلاح «پ.ک.ک» و پاسخ به ۵ سوال کلیدی، خبرگزاری مهر، ڕێككەوتی دواسەردان (12/06/2025) https://shorturl.at/gz4te
  • آشتی با اوجالان، سایتی روزنامە صبح ایران، https://vatanemrooz.ir/fa/news/402394/%D8%A2%D8%B4%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7-%D8%A7%D9%88%D8%AC%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86 ڕێككەوتی دواسەردان (10/6/2025)
  • واکنش ایران به اتهام کارشکنی در روند صلح ترکیه با کردها، https://shorturl.at/VFW31
  • روایتی از طرح ترکیه برای ایجاد تفرقه کردی – آذری در ایران / اردوغان چگونه از پ‌ک‌ک برای پیشبرد توسعه طلبی خود استفاده می کند؟ https://shorturl.at/ZQ6iA
  • https://iramcenter.org/fa/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D9%85%D8%B3%D8%A6%D9%84%D9%87-%D9%BE%DA%A9%DA%A9-1366،مرکزمطالعات ایرانی آنکارا (ایرام) ایران و مسئله پ.ک.ک.، حقی اویغور
  • پشت پرده خلع سلاح پ.ک.ک، روزنامەی هم میهن https://shorturl.at/Kg7qM
  • وزیر خارجه ترکیه: ایران از گروه‌های تروریستی حمایت نکند، سایت DW فارسی، https://shorturl.at/6tTVQ ڕێككەوتی دوا سەردان (19/06/2025)
  • شاید پ ک ک را علیه ایران تحریک کنند، دیپلماسی ایرانی، ڕێككەوتی دوایین سەردان (18/6/2025) https://shorturl.at/6QwpI
  • آیا ایران نگران توافق ترکیه و پ‌ک‌ک است؟ https://www.bbc.com/persian/world/2013/05/130515_an_turkey_pkk_iran_syria گونی یلدیز، سایت بی بی سی فارسی ڕێككەوتی دواسەردان (20/6/2025)

Send this to a friend