گفتوگۆی ئێرانناسی؛ ئێران بەرەوكوێ؟

بەرایی
ئێران ساڵی نوێی زایینی 2026 بە خۆنیشاندانی بەرفراوانی سەرتاسەری دەست پێكرد. بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ناهەمواری وڵات، و دەركەوتنی زیاتری دەرهاویشتەكانی جەنگی دوانزە ڕۆژە، خوێندنەوەكان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگێكی دیكەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و وەشاندنی گورزی سەربازی ئەمریكا بە دوور نازانن. هەرچەندە دۆناڵد تڕەمپ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند كە ئێران داوای دانووستانی كردووە لەگەڵیدا، بەڵام ئەمە ئەگەری گورزی سەربازی و ملنەدانی ئێران بە داواكارییەكانی ئەمریكاش ناڕەوێنێتەوە. لە نوێترین ڕاپرسیدا نزیكەی نیوەی كۆمەڵگەی ئێرانی پێشبینی ئەو جەنگە دەكەن. لە ژمارە 17 وەرزنامەدا گفتوگۆ دەكەین لەسەر دۆخی مەترسیداری هەنووكە و ئایندەی ئێران. بەشدارانی ئەمجارەی گفتوگۆ م. بارام مەجید خان، د. ئەژی ئازاد و د. موئمین زەڵمین.
ئێرانناسی: ستراتیجی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هیچ ئاماژەیەكی بە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی گەڕێكی دیكەی دانووستان تێدا بەدی ناكرێت. چونكە لە ستراتیجەكەدا ئاماژە بە لەپەلوپۆخستنی تەواوەتی ئێران كراوە و ڕێگەش نادرێت جارێكیتر مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەوان دروست بكاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندی و دانووستانانەی كە لە نێوان ئێران و ئەمریكادا هەبووە، ئایا ئایندەی دانووستانەكان چۆن دەبینێت؟
م. بارام: پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو حیکایەتێکی درێژە. هەردوو وڵات لە سەد ساڵی ڕابووردوو بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیون. سەرەتایەکی شیرین و کۆتاییەکانی بە تاڵاوی هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی ئێران کۆتایی هات. باشتر وایە بڵێم هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
لە پاش کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمیکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە گرنگی بە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان ئەدەن، گرژی و ئاڵۆزی لە نیوان ئێران و ئەمریکا چاوەڕوانکراو بوو. کشانەوە لە بەرجام بۆ ئێران و ناوچەکە دەرەنجامی قورسی هەبوو. جگە لە کاریگەرییە ئابورییەکان، قورسترین کاریگەری کە جێیهێشت؛ دەرکەوتنی کاراکتەرێکی دەوڵەی وەک ئیسرائیل بوو، کە کاریگەر بوو لە تێک چوونی ئپەیوەندی ئێران و ئەمریکا. لە چەرکە ساتی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، هەم سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە توندتر بوون و هەم ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سیاسەتی هێرشبەرانەی بۆ سەر بریکارەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان چڕتر کردەوە. تاوەکوو دوا جار هێرشی دوازدە ڕۆژەی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا. لە کاتی قەیران و هێرشەکانیشدا دەرگای دیپلۆماسی هەر بە نیوە داخراوی مانەوە. ناو بە ناو بە شیوەی نهێنی و ئاشکرا وتووێژ لە نێوان ئێران و ئەمریکا چە بە شێوەی ڕاستەوخو و چە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام دراوە. پرسیاری سەرەکی لە دۆخە تازەی کە ڕۆژهەڵای ناوەڕاست ئیرانی تێکەووتووە ئەوەیە کە ئایا کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هاتنە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو کێشەکان دەرنجامی دلخۆشکەری دەبێت؟
تێزێک لە ئێران کە لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت لە ئارادایە کە؛ کێشەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا کێشەی زاتین. کێشەی جەوهەرین. کێشەی ماهییەتی دۆ شێواز لە حوکمڕانین کە بە هیچ شێوازێک دەرفەتی چارەسەرکردنیان بۆ ناڕەخسێت، بەڵام لە هەمانکادا دەرگای دپلۆماسی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. ئێران (باشترە بڵێم شۆرشی ئێران) مکوڕ و پێداگرە لە سەر بنەماکانی شۆڕش. چونەکە ئەم سیاسەتەی ئێستا لە لایەن بەشێکی زۆری حکومەتییەکان و خەڵکی ئێران پشتیوانی ناکرێت. ئەم سیاسەت و پیداگریەی ئێران، زیانی ئابووری قورسی بە سەردا سەپاندوون. بە تایبەت لە دۆسییەی ئەتۆمی. بە پێێ وتەکانی جەواد زەریف نزیکە نیو ترلیۆن دۆلار بەس لە بوواری ئەتۆمی خەرج کراوە. ئەگەر زیانەکانی گەمارۆکانی سەر ئیرانیش ئەژمار بکەین ئەوا نزیکەی ترلیۆنێک دۆلار زیان بەر ئێران کەوتووە. ئێران هیچ ڕێگایەکی بۆ دواوە نییە. ئەوەی هەیە هەڵهاتنە بۆ پێشەوە. داواکانی ئەمریکا لە ئێران زۆر ڕوونە.
١. پێچانەوەی دۆسییەی ئەتۆمی. ئێران لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی هەوڵی نۆژەن کردنەوەی دامەزراوەکانی دەدات و پەرە بە دامەزراوە نهێنییەکانیشی دەدات.
٢. لە کار خستنی بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە. لە دوای جەنگی دوانزە ڕۆژە ئێران هەوڵی دوبارە ڕێکخستنەوەی بریکارەکانی لە یەمەن و لوبنا و عێراق دەدات.
٣. سنور دارکردنی توانا موشەکییەکانی ئێران. ئیران لە داوی جەنگ سەرقاڵی پەردان بە توانا موشەکییەکانی خۆیەتی و سەرقاڵی بەهێز کردنی سیستەمی دژە موشەکی و توانای بەرگریکردن کردن لە ئاسمانی ئێرانە.
ئەمە سێ گۆشەی ناکۆکی نێوان ئیران و ئەمریکایە. بەر مەبنای هەر سێ ڕاستییەکە ئاسوی خولی یەکلاکەرەوەی دانووستان بۆ چارەسەری کێشیەی نێوانیان ئەگەرێکی زۆر لاوازە. سیاسەتی ئیران زۆر ئاشکرایە: شەڕ ناکەین. وتووێژ ناکەین. بەرەی موقاوەمە بەهێز دەکەین.
بە گشتی لە دۆسییەی ئێران دوو چاوەڕووانی زۆر نزیکە. یەکەم داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتەیە کە گەیشتوەتە قۆناغی مەنترین هەڵاوسانی مێژووی لە ئیراندا. دووەم هێرشکردنە سەر بازووی سەرەکی ئیران لە ناوچەکە کەحیزبوڵلای لوبنانە. وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ گەڕی دووەمی جەنگێکی مەزن لە گەڵ ئێران.
گۆڕانکارییەکان لە ئێران ڕو لە پەرەسەندنە. پێشبینییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی قورسی خۆپیشاندانەکان ڕاست بوون و دوور لە چاوەڕوانی نەبوون. سەرهەڵدانەکان لە تاران و لەبازاڕی ئەو شارە دەسییان پێکرد و بە توندی ڕوو لە پەرەسەندنە. جیاوازی ئەم خولەی خۆپیشاندانەکان لە گەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار ئەویە کە ئەم جارەیان هاندەری خۆپیشاندانەکان هەژاری و دۆخی خراپی ئابووریە و دروشمەکانی سیاسی و داوای کۆتایی هێنان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. کاردانەوەی میدیایی وڵاانی ئەوروپا و ئەمریکا و جیهانی سەلمێنەری ئەو بابەتەیە کە چاوی جیهان لە سەر ئێرانە و هەموو ئەگەرەکان بە ڕوی ئێران بە کراوەی دەهێڵێتەوە. جەنگێکی تازە هاوشان لە گەڵ ناڕەزایی خەڵک، یاخود گرفتە ناوخۆییەکانی ئێران لە گەڵ گەڵی ئێران بەرەو ئاراستەی گۆڕانکاریی بنچینەیی بڕوات.
ئێرانناسی: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی مەسعود پزشكیان و بەتایبەتی لەم چەند مانگەی كۆتاییدا، كۆمەڵێك دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستە جۆاروجۆرەكانی كابینە دەبینین لەو كەسانەی كە لایەنگری پزشكیان بوون؛ هۆكارەكانی چین؟
د. ئەژی: لە چەند مانگی ڕابردوودا كابینەی پزشكیان چەندین جیابوونەوە و دەستلەكاركێشانەوەی بەخۆوە بینی؛ بەشێكی بەرچاوەی دەستلەكاركێشانەوەكان ناڕەزایەتییەك بووبەرامبەر بە لادانی كابینەی پزشكیان لە پرۆژەی ناسراو بە یەكدەنگیی نیشتمانی (وفاق ملی)، بەو پێیەی ئەم پرۆژەیەك نەك تەنیا نەبووە هۆی هێنانەپێشەوەی كەسایەتەییە پسپۆڕ و پراگماتیگەكان بەبێ گوێدان بە لایەنگری سیاسییان، بەڵكو وەك بەشێكیان ئاماژەیان پێ داوە، مەجالێك بووە بۆ گەڕانەوە یان مانەوەی بەشێك لە بناژووخوازە ڕاستڕەوەكان كە تەنانەت ئەزموونی بەشدارییان لە كابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی-ش هەبووە. جیا لەمە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەسایەتییە ڕیفۆڕمخواز و میانەڕەوەكانی نزیك لە ڕۆحانی و هەروەها ناكۆكی ئەمان لەگەڵ كەسە نزیكەكانی پزشكیان وەك محەمەدجەعفەر قائێم پەنا، جێگری سەرۆككۆمار بۆ كاروباری جێبەجێكردن، لەسەر جیاوازی دید و ئاراستەی كاركردن و هۆكارەكانی دیكە لێكترازانەكان بوون. ئازەری جەهرۆمی، وەزیری پێشی كابینەی رۆحانی و یەكێك لە كەسایەتییە چالاكەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پزشكیان، بە هۆی ناكۆكی لەگەڵ عارف ئامادە نبوو لە كابینە بەشدار بێت یان ڕێگری لێ كرا! تەیب نیا وەزیری پێشووی ئابووری كابینەی ڕۆحانی، پاش بەشداریی وەكو ڕاوێژكاری باڵای سەرككۆماری بۆ كاروباری ئابووری، دیاری كرا، زۆری نەبرد بە هۆی نەبوونی ستراتیژییەكی دیاریكراو و پێنەدانی دەسەڵاتی پێویست، لە كابینە كشایەوە، پێشتریش محەمەد جەواد زەریف، سەرباری ئەوەی بە فشاری پەرلەمان ناچار كرا، پۆستی جێگری و ڕاوێژكاری سەرۆككۆمار بۆ پرسە ستراتیژییەكانی بەجێ هێشت، بەڵام ئەویش گلەیی لە دۆخی كابینە هەبوو. ئەمە جیا لەوەی كە چەندین كەسایەتیی دیكەی ریفۆڕمخواز و ئوسولگەرای میانەڕەوە وەكو فەیاز زاهێد و محەمەد موهاجری، بە هۆكاری هاوشێوەی بێهوایی لە سیاسەتە ناخۆییەكانی پزشكیان و دانانی بەڕێوەبەرانی كابینەی ڕۆحانی، دەستیان لە كار كێشایەوە. بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستەلەكاركێشانەوەی عارف بوو، كە لە لایەن پزشكیانەوە پەسەند نەكرا؛ بەپێی زانیارییەكان عارف بە هۆكاری “جیاوازی دیدگا” لەگەل بەشێك لە ئەندامانی كابینە و ڕەخنەی لە پشتگیرینەكردنی بەشێك لە ڕێفۆڕمخوازەكان لە كابینە، ئامادە نەبووە درێژە بە ئەركەكەی بدات. كۆی ئەم وێنەیە، دەرخەری قووڵایی كێشە جواروجۆرەكانی نێو كابینەی پزشكیانە، بەدەر لە فشاری بەردەوامی بناژووخوازە ڕاستڕەوەكان كە لە ڕیگە پەرلەمان (وەك هەوڵەكان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكانی كابینە) و میدیاكانیانەوە (تەنانەت بە میدیای فەڕمی حكومەتیشەوە)، كابینەی پزشكیانیان ماندوو كردووە. بەشێوەیەكی گشتی؛ تا ئەم ساتە پرۆژەی یەكدەنگیی نیشتیمانی پزشكیان، نە بووەتە جێگەی ڕەزامەندی ڕیفۆڕمخواز و میانەڕەوەكان و نە توانیوێتی ئوسوڵگەڕا ڕاستڕەوكان قایل بكات كە پشتیوانی هەنگاوەكانی بن.
ئێرانناسی: یەكێك لەو قەیرانانەی كە چەندین ساڵە بەرۆكی ئێرانی گرتووە قەیرانی ئابوورییە. هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانەوەی ئەمجارەی خۆنیشاندانەكانیش توڕەیی خەڵك و بەتایبەت بازاڕییەكان بوو لە بەرزبوونەوەی هەرچی زیاتری نرخی دۆلار. هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی ئەم چەند هەفتەیە، كابینەی پزشكیان بڕیارێكی قورسی ئابووری بۆ چارەسەری ناجێگیری بازار و نرخی كاڵاكان داوە، ئەم سیاسەتە چییە و بەرەو كوێ دەچێت؟
د. ئەژی ئازاد: بڕیارێكی گرنگی پزشكیان كە لە ئایندەدا كاریگەرییەكی گەورە لەسەر چارەنووسی كابینەكەی و تەنانەت حكومەت بەجێ دەهێڵت، بڕیاری ڕاگرتنی پێدانی دراوی چەند نرخییە (ارز چند رقمی) بە هاوردەكاران. بۆ نموونە ئەگەر پێشتر كابینە بێ گوێدان بە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد، دۆلاری 28 هەزار و 500 تمەنی بە هاوردەكاران دەدا، بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی نەوستێت و نرخی شتومەكان گرانبوونێكی خێرایان نەبێت، ئێستا چیتر ئەو دۆلارە نەماوە و هاوردەكاران دەبێت بە دۆلاری ڕۆژ، كالاكان هاوردە بكەن. هۆكاری ئەم بڕیاڕە ئەو گەندەڵی و ڕانتە گەورەیە بوو كە ئەم سیاسەت بە دوای خوێدا هێنابووی و نە كابینەی پزشكیان بەڵكو كابینەكانی ڕەئیسی و رۆحانیش نەیانتوانی چارەسەری بكەن، دراوی چەند نرخی بووە هۆی ئەوەی كەمینەیەك بە سوودوەرگرتن لەم دۆلارە، كاڵاكان بە نرخێكی زۆر زیاتر لەوەی كڕیبوویان لە ناوخۆدا بە خەڵكی بفرۆشنەوە، یان دۆلارە وەربگرن و لە شێوەی كاڵا نەیگەڕێننەوە، تا ئەو ڕادەیەكی كە پزشكیان ڕایگەیاند: “هەر كەسێك دۆلاری 28 هەزار وەرگرتبێت، ڕانتی وەرگرتووە”. ئەم بڕیارە بەخێرایی شۆكێكی ئابووری دروست كرد و نرخی هەندێ خواردمەنی وەك ڕۆن و مریشك و هێلكە بەرزبوونەوەیەكی نائاسایی بەخۆوە بینی. داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە بەو هیوایەن لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی بە خەڵك لە شێوەی پسوڵەی پارە (كالابەرگ) و زیادكردنی پارەی پاڵپشتیی مانگانە (یارانە)، قەرەبووی نرخە زیادكراوەكە بداتەوە، لە ماوە درێژیشدا، هیوای پزشكیان ئەوەیە بەم سیاسەتە، جێگیربوونێكی نرخەكان لە بازاڕ بهێنێتەوە كایەوە، كە لە 2018-ەوە ئابووری ئێران پێوەی دەناڵێنێت، یان لانیكەم خێرایی بەرزبوونەوەی نرخەكان كەم بكاتەوە. بەڵام ئەم سیاسەتە، چینی خوار و ناوەڕاستی خەڵكی ئێران بەتەواوی ماندوو دەكات و زەختێكی زۆر زیاتر لە جارانیان تووش دەكات، ئەگەر لایەنە زیانمەندەكانی ئەم سیاسەتەش كاری تێكدەرانە بكەن وەكو دروستكردنی كێشە لە هاوردەكردن كالا سەرەكییەكان، تێكدانی بازاڕی دراو و یاریپێكردنی، دیار نییە كە نرخەكان تا چ ڕادەیەك بەرزتر دەبنەوە. بۆیە ئەگەر ئەم بڕیاڕە هاوكار و پاڵپشتی ناوەندەكانی هێز و بەگشتی “نظام”ی لەگەڵ نەبێت، سەر بۆ هەژاریی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی ئێران و دواتر خۆپێشاندان دەكێشێت. هاوكاتیی ڕاگەیاندنی ئەم سیاسەتە و خۆپێشاندانەكانی ئێستای ئێران، چارەنووسی ئەم بڕیاڕە قورسەی خستووەتە گومانێكی زۆرە. هەرچییەك بێت، تا ئەو كاتەی ئێران چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ گەندەڵیی سیستماتیك نەدۆزێتەوە، نەچێتە نێو بازاڕ جیهانی و ئاڵۆگۆڕی بانكییەوە و ناوەندەكانی دەسەڵاتیش بەتەواوی پشتگیری هەنگاوەكانی كابینە نەكەن، سەرجەم ئەم بڕیار و سیاسەتانە، نەك دۆخەكە بەرەو باشتربوون نابەن، بەڵكو زەمینەكانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكان، زیاتر خۆش دەكەن.
ئێرانناسی: لە دوای كورتكردنەی دەستی ئێران لە لوبنان، سوریا و فەلەستین، تەنیا مەیدانێك كە ئێران بتوانێت گەمەی تێدا بكات، عێراقە. لە دوای بڵاوكردنەوەی ستراتیجی نەتەوەیی ئەمریكاشەوە، كە كەمترێن حسێبی بۆ ئێران كردووە، دەگوترێت ململانێكانی ئێران و ئەمریكا لە عێراقدا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت. لە ستراتیجە نوێیەكەی ئەمریكادا، ئێران لە پەلوپۆ خراوە و رێگە نادرێت بە هیچ جۆرێك ببێتە مەترسی بۆ گەرووی هورمز، وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت ئیسرائیل. لە بەرامبەردا ئێران لە تاقە گۆڕەپانەكەیدا كە عێراقە، دەیەوێت چی بكات؟
د. موئمین زەڵمی: لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویاندا، بەتایبەتی لە لوبنان، سووریا و فەلەستین، عێراق وەک تاقە مەیدانێکی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی کاریگەری و هەژموونی ئێرانی ماوەتەوە. بینیمان لە لوبناندا، حیزبوڵڵا کە بەماوەی چەند دەیەیەک پرۆکسی سەرەکی ئێران بوو، لە شەڕەکانی کۆتاییدا گورزی قورسی لێکەوت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی و بە نزیکەیی کۆی بنکە و چالاکییەکانی لەدەستدا، لە سووریاشدا، کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد دوای چەندین ساڵ پشتیوانیی ئێرانی و ڕووسی، لەوانەیە گەورەترین لەدەستدانی ستراتیجی بۆ ئێران بێت لە ناوچەکەدا، چونکە سووریا پردێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی چەک و یارمەتی بۆ حیزبوڵڵا لە لوبنان، هەروەها مەیدانێک بوو بۆ ئامادەبوونی سەربازی ڕاستەوخۆی ئێران. لە فەلەستینیش، توانای حەماس بۆ وەرگرتنی پشتیوانی و چەک لە ئێران سنوورداربووە بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆکانی ترەوە. ئەم دۆخانە واتای ئەوە دەگەیەنن کە ستراتیجی “بەرەی مقاومە”ی ئێران کە پشتی بە چەندین باڵ و گروپ دەبەست لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازبووە و عێراق بووەتە تاقە گۆڕەپانی سەرەکی کە ئێران هێشتا دەتوانێت تێیدا پەلی تیا بهاوێت.
بە واتایەکیتر تا ئێستاش عێراق لە جیاوازترین دۆخدایە بەراورد لەگەڵ مەیدانەکانی دیکەی نفووزی ئێرانی، و ئەمەش زیاتر لە یەک هۆی هەیە. یەکەم، نزیکایەتی جوگرافی و هاوبەشبوونی سنوورێکی درێژ لەگەڵ ئێران، کە ئاسانکاری دەکات بۆ گەیاندنی، چەک و یارمەتیی بەبێ پێویستی بە ڕێڕەوی دوور یان ناوەندگیری وڵاتانی دیکە. دووەم، پەیوەندییە مێژوویی و ئایینییە قووڵەکان، بەتایبەتی زۆرینەی شیعەی دانیشتووانی عێراق و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ئێران، کە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کاریگەری درێژخایەن دروستدەکەن. سێیەم، ژێرخانی سیاسی لاواز و ناسەقامگیری سیاسی، گەندەڵی بەرفراوان، و دابەشبوونی مەزهەبی و قەومی لە عێراقدا، کە دەرفەت بۆ کاریگەری دەرەکی دروستدەکات. چوارەم، ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەکدارە شیعیەکان کە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەیە، بنکەیەکی توانادار بۆ کاریگەری ئێرانی پێکدەهێنن.
بەو هۆیەشەوە دەتوانین لەو چوارچێوەیە باشتر تێبگەین کە ئێران چەند ئامانجێکی ستراتیجی لە عێراقدا هەیە: پارێزگاری لە سنوورەکانی خۆی، مانەوەی کاریگەری سیاسی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حکوومەتەکانی عێراق لایەنگیری بەرژەوەندییەکانی بکەن، دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ و سەرچاوەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکان کە نزیکەی نیو سەدەیە وڵاتەکەی گرتووتەوە، و بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک قووڵایی ستراتیجی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا.
لە بەرامبەردا، ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا کە ئەم دواییانە بڵاویکردەوە، ڕوانینێکی توندتری بەرامبەر ئێران گرتووەتەبەر و ئامانجی سنووردارکردنی کاریگەری ئێرانە لە ناوچەکەدا. ئەم ستراتیجییە چەند پرەنسیپێکی سەرەکی دەگرێتەوە: لەقاڵبدانی ئێران وەک وەڵێنەییەک لە ڕێگەی گەمارۆی ئابووری، فشاری بەردەوام و ئامادەیی سەربازی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گەرووی هورمز کە گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت بە کراوەیی بمێنێتەوە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ دروستکردنی بەربەستێک لە دژی فراوانبوونی هەژموونی ئێرانی، و دڵنیابوون لەوەی کە ئێران نەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل. بۆیەش لە ژێر رۆشنایی ستراتیجەکەدا، ئەمریکا نیگەرانییە قووڵەکەی ناشارێتەوە لە ئامادەبوونی سەربازی لە عێراق، و فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێرانی، پشتیوانی زیاتر دەکات لە هێزە نا پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوەوەی عێراقدا، و ئامادەیە بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەکی سەربازی لە دژی ئامانجە ئێرانییەکان لە عێراقدا هەر کاتێک پێویست بێت بە تایبەت لە چوارچێوەی پاراستنی «ئاشتی بۆ ئیسرائیل» دا.
لە ئەزموونی نزیکەوە، شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران نموونەیەکی ڕوون بوو لە قورسی دۆخی حکوومەتی عێراق، کە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی تا ڕادەیەکی زۆر توانی باڵانس ڕابگرێت و عێراق لە شەڕەکەدا تێوەنەگلا. ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماتییە نیشانی دەدات کە حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات سەروەرییەکی رێژەیی پاراستبێت لە نێوان فشارە جیاوازەکانی ئێران و ئەمریکادا، بەڵام ئەم باڵانسە پڕئاڵەنگاری و قورسە پێویستی بە لێهاتووییەکی زۆری سیاسی و دیپلۆماسی هەیە بۆ بەردەوامی پێدان.
لە ئێستادا ئێران لە مەیدانی عێراقیدا چەند ستراتیجییەتێک بەکاردەهێنێت بۆ پاراستن و فراوانکردنی هەژموونەکەی. لە ئاستی سیاسیدا، پشتیوانی مادی و سیاسی لە پارتە شیعەکان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەیە و لە هەڵبژاردنی رابردووشدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، بە شێوەیەک زیاتر لە یەک لەسەرسێی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راستەوخۆ لەو هێزانەن، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی و یارمەتی ئابووری و وەبەرهێنان پێشکەش دەکات بۆ دروستکردنی گرێبەستی ئابووری کە هەڵکەندنیان بە جۆرێک ببێتە مەحاڵ. لە ڕووی سەربازیشەوە، گروپە چەکدارە شیعەکان کە لە حەشدی شەعبی دا کۆکراونەتەوە، ئامرازێکی سەرەکین بۆ پارێزگاری لە ئێران. هەروەها گروپەکانیتری وەک کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی و عەسائیبی ئەهلی حەق کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەیە، و لە رابردوودا هێرشیانکردووەتەوە سەر بنکە ئەمریکییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فشاربوون بۆ سەر حکوومەت بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە سنوورەکان و ڕێڕەوە بازرگانییەکان. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئێران هەوڵی داوە لە ڕێگەی عێراقەوە خۆی لە گەمارۆکان دەرباز بکات، چونکە بازاڕی عێراق گرنگە بۆ کاڵاکانی ئێرانی و هەروەها کارەبا و گاز، بەکارهێنانی سیستەمی بانکی عێراق بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ داراییەکان، و وەبەرهێنانی کردووە لە بواری وزە و ژێرخانی عێراق بۆ قووڵکردنەوەی بەرژەوەندی ئابووری. ئەم ستراتیجییە فرەلایەنە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئێران بەتەواوی ئامادە نییە عێراق وەک مەیدانی کاریگەری و نفووز بەجێبهێڵێت، و ئامادەیە هەموو ئامرازە بەردەستەکانی بەکاربهێنێت بۆ مانەوە لەم گۆڕەپانەدا.
بەڵام ململانێی پێشبینیکراوی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر عێراق و گەلەکەی جێدەهێڵێت. ناسەقامگیری ئاسایش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکان و بەرپەرچدانەوەکان، کێشەی ئابووری بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنان و گەندەڵی، لاوازی خزمەتگوزارییەکان و قووڵترکردنەوەی دابەشبوونی مەزهەبی و قەومی، هەموویان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی عێراق جێدەهێڵن. حکوومەتی عێراقیش لە دۆخێکی زۆر قورسدایە، چونکە پێویستی بە ڕاگرتنی هاوسەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان داواکارییەکانی ئەمریکا و ئێراندا، لە کاتێکدا کە توانایەکی سنوورداری هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوەوەی وڵاتەکەدا و هێشتاش پشتدەبەستێت بە ئەمریکا و ئێران بۆ پێداویستییە ئابوورییەکانی.
لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کە چاوەڕوانکراوە لە ماوەی داهاتوودا پێکبهێنرێت وەک ئەنجامی هەڵبژاردنی مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، دەبێتە خاڵێکی تۆختری ململانێی ئێران و ئەمریکا. چونکە چاوەڕوان دەکرێت کە هێزە دۆستەکانی ئێران کاریگەرییان زیاتر بێت لەم حکوومەتە نوێیەدا، و بەتایبەتی چاویان لە وەزارەتە کاریگەرەکان وەک وەزارەتی دەرەوە بێت. وەزارەتی دەرەوە لە ئاستێکی ستراتیجیدا گرنگی تایبەتی هەیە، چونکە لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە دەتوانرێت کەناڵێکی بەهێز بکرێتەوە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە لە سەردەمێکدا کە ئێران لە تەنگژەی دیپلۆماسی و گەمارۆکانی نێودەوڵەتیدایە. بەو پێیە، شانۆی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان دەبێتە مەیدانێکی نوێی ململانێ، و ئەوەی کە کام لایەن بتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەر پێکهاتەی کابینەی نوێ و دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، بەتایبەتی لە وەزارەتە سەرەکییەکاندا، ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لە دیاریکردنی ڕێڕەوی سیاسەتی دەرەوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ.
لە کۆتاییدا گرنگە لەوە تێبگەین کە داهاتووی ململانێی ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا بەستراوەتەوە بە توانای هەردوو لایەن بۆ دۆزینەوەی ڕێکەوتنێک کە سنووری کاریگەری یەکتری دیاری بکات، یان توانای حکوومەت و کۆمەڵگەی عێراقی بۆ خۆدامەزراندن و بەدیهێنانی سەروەرییەکی ڕاستەقینە لەسەر بڕیارە نەتەوەیی و ئاسایشییەکانیان. بەڵام لە دۆخی ئێستادا، عێراق بەردەوام دەبێت وەک مەیدانێک بۆ ململانێی نێوان هەردوو دوو هێزەکە، کاتێک کە خەڵکی عێراقی زۆرترین زیانیان لێدەکەوێت لەم کێشە نێودەوڵەتییانەی کە لەسەر خاکیاندا ڕوودەدەن. هاوسەنگی و تێوەنەگلان کە حکوومەتی سوودانی لە شەڕی ئیسرائیل-ئێران پیشانیدا، ڕەنگە نموونەیەک بێت بۆ تێگەشتن لە ئەگەرەکانی داهاتوو، بەڵام ئەم سیاسەتە پێویستی بە پشتیوانی ناوخۆیی بەهێز، یەکگرتوویی نیشتمانی و توانایەکی دیپلۆماسی بەرز هەیە کە هەموویان لە عێراقی ئەمڕۆدا بوونیان نیە و تەنانەت خودی سودانیش گەرەنتییەکی بەهێزی نیە کە بتوانێت ئەم خولەی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراقی بەدەستبهێنێتەوە. بۆیە، لەوانەیە عێراق بۆ ماوەیەکی زیاتریش بەردەوام بێت لە هەڵگرتنی باری قورسی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە کاتێکدا کە پرسی سەرەکی ئەوە دەبێت کە ئایا عێراقییەکان دەتوانن لەم نێوەندەدا دەنگێکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت یان نا، یان ئایا بەردەوام دەبن وەک مەیدانێک بۆ پرواندنی ژەنگی لایەنەکانی دیکە لەسەر خاک و بەرژەوەندییەکانیان.
ئێرانناسی: گۆڕانكارییەكانی ئەم سێ ساڵەی ڕابردوو، كە گرنگترینیان سەرهەڵدانی خۆنیشاندانەكانی ژن، ژیان، ئازادی و جەنگی دوانزە ڕۆژە بوون، مێژوی ئێرانی دوای شۆڕشی 1979 یان بە تەواوەتی گۆڕی. بە ڕاددەیەك كە ئەگەر ئەو وڵاتە مل بە دانووستانی ناچارەكی (دۆڕاوە-براوە) لەگەڵ ئەمریكادا نەدات، ڕووخانی كۆماری ئیسلامی بەهێزترین ئەگەر دەنوێنێت. هۆكاری ئەم دۆخە خراپە ئەوەیە كە ئێران تەنیا لەڕووی سیاسەتی دەرەوە و هێزی سەربازییەوە ڕووبەڕووی قەیران نەبووەتەوە، بەڵكو لە نێوخۆی وڵاتیشدا بە دەست كۆمەڵێك قەیرانی ئابووری (دراو، گەمارۆكان)، كێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك (ئاو، كارەبا، سووتەمەنی)، خراپی دۆخی كۆمەڵایەتی (برسییەتی، كپكردنی ئازادییەكان)، مەترسیی جوگرافی (بەسەحرابوون) و ئەگەری لێكدابڕان و قووڵبوونەوەی ناكۆكییە ئێتنیكییەكان و لە هەمووی گرنگتر لەناوبردنی هەموو پشتیوان و پرۆكسییەكانی كە پێشتر دەیانتوانی ببنە مەترسی بۆ نەیارەكانی ئێران دەناڵێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم قەیرانانە كە بەشێكیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە گەڕانەوەی میكانیزمی بەلەپیتكە و سەرهەڵدانی خۆنیشاندانی جەماوەرییەوە هەیە، دەتوانین بڵێین دۆخی ئێران لە خراپترین ئاست و لێواری داڕماندایە.
كوردی

