• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 23, 2026

مافیاكانی ئاوی ئێران و قەیرانی ئاو: حوكمڕانی، كەشوهەوا و سیاسەتی مانەوە

توێژەر: كارزان عەدنان حمەسعید

پوختە

    ئێران لەسەر ڕووبەری1.75 ملیۆن كم2 یە و نزیكەی 35% ناوچەی بیابانە، كە كەمترین بڕی باران بارینی لەنێوان 50- 60 ملم ساڵانەیە لە (دەشتی كەویر و بیابانی لوت) هەروەها نزیكەی 16%ی وڵاتەكە لەناوچەی شاخاویەكانە كە بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا زیاترە لە 2000 مەتر و تێكڕای باران بارینی ساڵانەی ئەو ناوچانە وەك (ڕەشت) زیاترە لە 2750 ملم لە ساڵێكدایە. ئێران بەگشتی تێكڕای دابارینی باران بەهۆی زاڵبوونی كەشوهەوای وشك و بیابانی لەساڵێكدا لەنێوان 235 – 250 ملیمەترە. لە ئێستادا وڵاتەكە ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین ئاستەنگە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی دەبێتەوە، ئەوەش گرفتی کەمئاوی یان بە واتایەکی دیکە شکستی سیاسەتی ئاوی نیشاندەدات. هەرچەند قەیرانەکە نوێ نییە، بەڵام پانتایی کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکەش کە تێکڕای باران بارینیان لە 2000 ملم زیاترە. ئێستا بەرپرسانی باڵا دان بەوەدا دەنێن کە دەیان ساڵە بڕیاری خراپ و بەکارهێنانی بێ کۆنترۆڵ وڵاتەکەی گەیاندووەتە لێوار. سەرۆک مەسعود پزیشکیان لەم دواییانەدا دانی بەوەدا نا کە هەڵەکانی ڕابردوو بژاردەی کەمی لەبەردەم ئێراندا هێشتووەتەوە، پرسی چۆڵکردنی تارانی پایتەخت كە ساڵانێكە لەژێر لێوە، لەم ساڵدا كەوتە سەر زاری گەورە بەرپرسان و مشتومڕی تەواوی ناوەندەکانی وڵات. عیسا کەلانتاری جێگری پێشووی سەرۆک و بەرپرسی ئاژانسی ژینگەی ئێران هۆشداری دا لەوەی وشکەساڵی مەترسییەکی مەترسیدارتر لە ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروست دەکات.  بە گەڕانەوە بۆ شارستانییەتە دێرینەکانی ئێران بەڕوونی دەردەکەوێت گەلانی ناوچەکە خۆیان لەگەڵ کەمئاویدا گونجاندووە، ئەوەش بە ڕێگای گواستنەوەی ئاو لە ڕێگەی کارێزەکان کە لە ئێراندا بە (قەنات) ناو دەبرێن. بەهۆی هاتنی تەکنۆلۆژیا و لێدانی بیری قووڵ، وردە وردە قەناتە ئاوییەکانیش ئاوەکانیان کەمی کرد. هەروەها بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و گەمارۆ ئابوورییەکان و سیاسەتەکانی زامنکردنی ئاسایشی خۆراک، چەندین بەنداوی گەورە لەسەر ڕووبارە هەمیشەییەکان بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکران. ئەمەش بووەتە هۆی وشککردنی ڕووبارە هەمیشەییەکان و تێکچوونی ئێکۆسیستەمی ناوچەکە، دەرەنجامەكانی ئەم سیاسەتەش لە هەموو بوارەكاندا دیارە كە چۆنە؟

     ئەم دوو گۆڕانکارییەی سەرەوە، لە یەک کات دا بووە هۆی خاڵی کردنەوەی حەوزی ڕووبارەکان و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی بۆ ئاستی زۆر مەترسیدار، لە لایەکی دیکەش کۆکردنەوەی ملیاران مەتر سێجا ئاو لە پشتی بەنداوەکان لە کەشوهەوایەکی گەرمی وەک ئێراندا جگە لەوەی بووەتە هۆی بڕینی سەرچاوەی ئاوی چەندین کانی و ڕووبار، ساڵانە نزیکەی 30 ملیار مەتر سێجا ئاو لە پشتی ئەم بەنداوانە دەبێتە هەڵم.

    هەرچەندە کابینە یەک لەدوایەکەکانی حوکمڕان لە ئێراندا بە شکستی بەڕێوەبردنی ئاو یەکتر تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەڕای شارەزایانی بوارەکە هۆکارەکە تەنیا سیاسەتی کابینەیەک و هەڵەی کابینەکانی پێشتر نییە، بەڵکو مەسەلەی ئیفلاسبوونی ئاوی ئێران پەیوەندی بە (مافیای ئاو) هەیە. دکتۆر محەمەد پاپلی یەزدی پسپۆڕی ئاو و مامۆستای زانکۆی مەشهەد یەکەمین کەس بوو لە ساڵی 2015 ڕۆڵی مافیای ئاوی لە پشت پەردەوە ئاشکرا کرد و گوتی ”مافیایەکی زۆر ئاڵۆزی ئابووری ئاو لە ئێراندا دروستبووە، ئەم مافیایە ئەوەندە ئاڵۆزبووە، وەک ماسییەک لە ئاودا مەلە دەکات و وەک ئێمە کە لە هەواداین و لە مانای هەوا تێ ناگەین… ئێمە لە مانای ئەو مافیایە تێ ناگەین، چونکە ئێمە لە ناوەوەی نین، بەڵکو ئێمە یاری دەستی مافیاكانین. ئەو پێیوایە مافیاكانی ئاو قازانجیان لەوەیە كە سەرجەم سێكتەرەكان ئاوی لە ڕادەبەدەر بەكاربهێنن، تاكو بتوانن سوودی لەڕادەبەدەر لە سامانی ئاوی ئێران، دروستكردنی بەنداو، لێدانی تونێل و گواستنەوەی ئاو وەربگرن. یان بە پشت بەستن بە ئاوی بەنداوەكان كارگەكانی دروستكردنی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازییە قورسەكان لە ناوچە بیابانیەكاندا دابمەزرێنن. تەنانەت پێیوایە لەقوڵایی قەیرانەكانیشدا مافیاكانی ئاو لەرێگەی پڕۆژەكانی شیرینكردنی ئاوی كەنداو، پلانیان بۆ خۆدەوڵەمەند كردن و فریادڕەسی نیشتیمان هەیە.

    لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بە دیاریکراوی لە هۆکارەکانی شکستی بەڕێوەبردنی ئاو و کاریگەری سیاسەتەکان و قەیرانەکان و زاڵبوونی مافیاکانی ئاو و سەرەتای گرفتەکە و دەرەنجامەکانی بە کورتی بکۆڵینەوە کە هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی وشکبوونی چەندین ڕووبار و بەدوایدا لە بری ئاو دەریاچەکانی خوێ لە پانتاییەکی فراواندا چەندین گرفتی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لێ کەوتووەتەوە.

 

قەناتە ئاوییەكان

بەو پێیەی شوێنی ئێران لە پشتێنەی وشک و نیمچە وشکدایە لە مێژە تەحەدای بۆ دروستبووە. ئێران خاکی ڕووبارە تووڕەکان نییە، بەڵکو خاکی ”ئاوە شاراوە پەنگخواردووەکانە“. قەنات، یان کارێز، تەنیا پێکهاتەیەکی ئەندازیاری نییە؛ سیستەمێکی ئاڵۆزی ئابووری-کۆمەڵایەتییە کە سەدان ساڵە ڕێگەی بە ئێرانییەکان داوە خۆیان لەگەڵ کەشوهەوای وشکدا بگونجێنن. بە پێچەوانەی بەنداو و بیرە قووڵەکانەوە کە دژی سروشت شەڕ دەکەن، قەنات لەگەڵ سروشتدا کارلێک دەکات.

بۆ چەندین سەدە، ئێرانییەکان بۆ ئاودێری و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان پشتیان بە قەناتەکان بەستووە، کەناڵە ئاوییەکانی ژێر زەوی کە ئاوییان بە کەمترین هەڵمبوون دەگواستەوە، بوونە سەرچاوەی سەرەکی پشتبەستنی دانیشتوان، ئەو ناوچانەی کە هاوتاکانیان لە وڵاتانی دیکەدا ژیان کردن تێیدا ئەستەم بوو، لە ئێراندا بەهۆی قەناتەکانەوە شانبەشانی ئەو ژیارانەی کە لە کەنار ڕووبارەکاندا هەڵکەوتبوون، گەشە بکات. قەناتەکان بڕبڕەی پشتی ئابووری کشتوکاڵی لە فەلاتی ناوەڕاستی ئێران بوو. ئەگەر قەناتەکان نەبووایە هەرگیز شارەکانی وەک یەزد و کرمان و گۆناباد و بەشێکی گەورەی خوراسان و ئەسفەهان دروست نەدەبوون.(1) قەناتەکان هێزی کێشکردن بە کاردەهێنن بۆ هێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ سەر ڕووی زەوی. تایبەتمەندیە شاکارەکەی ئەوەیە کە تەنیا ئاوی سەرڕێژ بۆ سەر زەوی دەگوازێتەوە و هەرگیز نابێتە هۆی خاڵیکردنەوەی عەمبارەکانی ئاوی ژێر زەوی (بە پێچەوانەی بیرە قووڵەکانەوە).  قەناتەکان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سۆسیالیزمێکی نەریتی دروست کردبوو، بەو واتایەی جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم قەناتەکان موڵکێکی کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام خانەدانەکان کە خاوەن زەوی و دەسەڵاتێکی ئابووری بەهێز بوون، ڕۆڵیان هەبوو لە نۆژەنکردنەوە و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی قەناتەکان .بەهۆی سیستەمی دابەشکردنی بەپێی (پشک) و (جێ قەنات) وایدەکرد کە چەندین جووتیار و وەرزێر بەشداری کارا لە پاراستن و پەرەپێدانیدا بکەن، ئەمەش کاریگەری لە دروستبوونی هاودەنگی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکرد. پێش هاتنی حکومەتە مۆدێرنەکان و هاتنە کایەی یاسا بیرۆکراتییەکان، ئێران خاوەنی یەکێک لە باشترین یاساکانی نەریتی بواری ئاو بووە لە جیهاندا، (لەوانە یاسای سنوور یا حریم The Law of Harim  (کە گرنگترین بنەمای ئەم نەریتە تەقلیدیە ئەوەبوو تایبەتمەندێتی بە قەناتە ئاوییەکان دەدا و کەس مافی ئەوەی نەبووە لە نزیك قەناتێك یان سەرچاوەی ئاوی قەناتێكدا، قەناتێكی دیكە لێ بدات، بۆیە زۆرجار چوارچێوە یان سنووری پارێزەری قەناتەكان ڕەنگە بۆ چەند كیلۆمەترێك درێژبووبێتەوە. هەروەها تۆماری (شێخ بەهائی) نیشان دەدات کە چۆن سەدەیەک لەمەوبەر دابەشکردنی ئاو بەپێی عەدالەت و کەش و هەوا و پێویستی کشتوکاڵ بووە، نەک فرۆشتن و سەوداگەری بە ئاوەوە. هەروەها یاساکانی وەقف ڕێگری لە فرۆشتنی ئاو دەکرد و ئەم کاڵایەی بۆ سەرچاوەی خۆشگوزەرانی گشتی یان کشتوکاڵی دیاری کرد بوو(3). بەڵام کارەساتی قەناتەکان بە هاتنی دەوڵەتە نوێیەکان و گۆڕانی پێکهاتەی حوکمڕانی ئاو دەستیپێکرد.  دەستتێوەردانەکانی حکومەت لە سێ قۆناغدا شکستی بە قەناتە ئاوییەکان هێنا. لە قۆناغی یەکەمدا چاکسازییەکانی زەوی لە ساڵانی 1940 کە دەستی پێکرد، سیستەمی خانەدان و وەرزێر نەما، هەرچەند بە ڕواڵەت ئەمە لە بەرژەوەندی جووتیاران بوو، وای کرد بوونە خاوەنی زەوی خۆیان بەڵام بۆشاییەکی گەورەی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی قەناتەکاندا دروست کرد. خانەدانەکان تێچووی فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەیان لە ئەستۆ دەگرت، ئیدی جووتیاران هەماهەنگی و ئەو توانا داراییەیان نەبوو بۆ ئەو پرۆسەیە. قۆناغی دووەم هاتنی تەکنۆلۆژیا و پەمپ و بیرە قووڵەکان بوو، بە شێوەیەک پێش هاتنی شۆڕش و پاش شۆڕش، ئەم تەکنەلۆژیایە بەهێمای پێشکەوتن دادەنا. بۆ ئەو مەبەستە چەندین یاسا دەرکران کە هانی هەڵکەندنی بیری قووڵ و کڕینی ماتۆڕ و پێدانی قەرز و هتد دەکردەوە. بەمەش هەر لەنزیک قەناتەکانەوە چەندین بیری قووڵ لێدران و پێشێلی ئەو نەریتە کۆنانە کران کە بووبوونە هۆی پاراستنی سەرمایەی ئاویی، پەمپەکان بە خێراییەکی زۆر ئاویان دەردەکرد و قەناتەکان یەک لەدوای یەک وشک بوونەوە. قۆناغی سێیەم بریتیە لە بە نیشتمانیکردنی ئاو لە ساڵانی 1980 کاندا کە ئەویش بریتیبوو لە گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی ئاوەکانی ژێرزەوی بۆ دەوڵەت، بەمەش چەندین بیری قووڵ لێدران و حکومەت نەیدەتوانی کۆنترۆڵی دەشتە بەرفراوانەکان بکات و چەندین کاری نایاسایی و بیری بێ مۆڵەت بە یەکجاری تیری خۆیان لە قەناتە ئاوییەکان دا و وشکیان کردن. هەموو ئەمانەش بە ئامانجی خۆبژێوی بوو لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. (4)

بە گشتی 92%ی ئاوی ئێران بۆ بواری كشتوكاڵی بەكاردێت، 52 لە سەدی ئەو ڕێژەیە لە ئاوی ژێرزەویەوە دابین دەكرێت. بەمەش ئێران لە پاش هند لە ڕیزبەندی دووەم وڵاتدایە لە بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و خواردەمەنی، ئێران بە نزیكەیی 15.4% ئاوی ژێرزەوی جیهان لە بواری كشتوكاڵی و ئاودێریدا بەكاردەهێنێت. بڕوانە وێنەی ژمارە (1) كە زۆرترین بڕی بەكارهێنانی ئاو بۆ بواری كشتوكاڵی بە بەراورد بە پیشەسازی و بەكارهێنانی بۆ خواردنەوە و پێداویستییەكانی دیكە، بەكارهێناوە. (5)

بۆیە بە گشتی قەناتەکان نوێنەرایەتی ئەو تێ فکرینانەی دەکرد کە دەیگوت (بە ئەندازەی توانای سروشت ئاو بە کار بێنە تا زیندوو بمێنیتەوە) بەڵام دەستتێوەردانەکانی حکومەت و گۆڕینی یاساکان نوێنەرایەتی ئەو بیرکردنەوانەیان دەکرد کە دەیگوت (تا دوا دڵۆپ ئاو دروێنە بکە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ قازانج بکەیت، داهاتوو گرنگ نییە)

Figure 1 تێكڕای بەكارهێنانی ئاو بۆ كشتوكاڵ بە ملیار مەتر سێجا

لە بەنداوسازییەوە بۆ گواستنەوەی ئاو

هەر وەک چۆن لێدانی بیرە قووڵەکان بوونە هۆی لەناوبردن و وشککردنی سەرچاوەی سەرەکی ئاوی قەناتەکان، دروستکردنی دەیان بەست و بەنداوی ئاویی چەندین گرفتی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدوای خۆیدا هێناوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا تێکڕای دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی لەڕێگەی بیرە قووڵەکان گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و نزیکەی 80 لە سەدی ئاوی نوێ بووەوە بە پەمپ دەرهێنراوە. لە کاتێکدا ستانداردی جیهانی 20 لەسەدە و لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت 40 لە سەد تێپەڕ بکات. لە ئەنجامی ئەم دابەزینە ئاویە لە حەوزەکانی ژێرزەویدا، پەرە بە سیاسەتی دروستکردنی بەنداو بە شێوەیەکی نا زانستی و حیساب نەکردن بۆ ژینگە و توانای ڕووبارەکان دراوە.(6) لەم ڕووەشەوە ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی لە جیهاندا تۆمار کردووە. ئەگەرچی ئەم بەنداوانە لەسەر ڕووبارە گەورەکان هەندێکیان وەک ژێرخانێکی گرنگی ئابووری دادەنرێن. بەتایبەت ڕووبارە گەورەکانی وەک کارون، کەرخە، زایندەروود، دز و سیروان. بەڵام لەسەر ئەم ڕووبارانە چەندین بەنداوی گەورەی وەک گتوند، کارون دوو، سێ، چوار و چادگان و هتد بنیاتنراون. بەبێ حیساب کردن بۆ دەرەنجامە ژینگەییەکانی و کاریگەرییە نەرێنییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی پارامیتەرە نوێیەکان کەشوهەوای ئێران گۆڕانکاری بەرچاوی لە 50 ساڵی کۆتاییدا بە خۆییەوە بینیوە و لە هەر دەیەیەکدا 0.4 پلەی سەدی پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە. ئەمەش بە واتای بە هەڵمبوونی زیاتری ئاوی پشت بەنداوەکان دێت،(7) و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی فاو لە ساڵی (2025) مەزەندە کراوە 66 لەسەدی دابارین پێش گەیشتنی بە ڕووبارەكان بووەتە هەڵم(8) لە سەردەمی ڕژێمی محەممەد ڕەزا پەهلەوی ئێران تەنیا خاوەنی 13 بەنداو بووە، لە پێش شۆڕشی ئێران تەنیا 57 بەنداو بوونیان هەبووە، بەڵام ژمارەکە لە ئێستادا بۆ نزیکەی 700 بەنداوی گەورە بچووک لەسەر ڕووی ڕووبارەکان زیادکراوە.
زۆرێک لە توێژەرانی ئاو و لێکۆڵینەوەکان پێیان وایە گرفتی ئاو لە ئێران تەنیا پەیوەندیدار نییە بە وشکەساڵی و کەمی دابارین، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ داتا ئامارییەکان تێکڕای ساڵانەی دابارینی ئێران لە نێوان ساڵی (1920 – 2024) لەنێوان 235 – 250 ملم ساڵانە بووە، بڕوانە وێنەی ژمارە (2) کە تێکڕای ڕێژەی باران بارین لە 100 ساڵی ڕابردوو نیشان دەدات. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئێران بە گشتی وڵاتێکی وشکە. سەرەڕای ئەم سروشتە زاڵە، دەرەنجامەکانی چەندین لێکۆڵینەوە ئاماژە دەکەن بەوەی گرفتەکە هێندەی پەیوەندی بە خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو هەیە لەسەر زەوی و ژێرزەوی، هێندە پەیوەندی بە (ئاسمانەوە) نییە.

Figure 2 تێكڕای قەبارەی دابارین بە ملم لە نێوانی ساڵی (1925 – 2024)

ڕۆڵی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە ئیدارەدانی ئاودا لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی لاوەکی و تا ڕادەیەک پەنهان و نهێنی وەرگرتووە. لەو ناوەندەدا ڕۆڵی چەندین دامەزراوەی سەربازی و کۆنترۆڵکردنی ئاو لەلایەن دامەزراوەکانی ناحکومی زیاتر لەم ساڵانەی دواییدا ئاشکرابوو، کە لەڕێگەی چەندین کۆمپانیای ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی، توانیان لۆبیەکی گەورە لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی وەک وەزارەتی وزە و پەڕلەمان و ڕاگەیاندن و هتد دروست بکەن بە تەرخانکردنی بودجە زەبەلاحەکان لە دروستکردنی بەنداو و کۆنترۆڵکردنی ئەو بودجانە لەلایەن دامەزراوەکانی وابەستە. لێرەدا ڕۆڵی مافیای ئاو کە پاشتر باسی دەکەین بە ئاشکرا دەرکەوت.(9) لە لایەکی دیکە گەمارۆ یەک لە دوا یەکەکان و قەیرانە داراییەکان و سیاسەتی پشت بەستن بە بەرهەمە ناوخۆییەکان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و خۆماڵیكردن لە تەواوی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا، ئێران ڕووی کردە بەکارهێنانی تەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکان و پشت بەستن بە ئاوی سەر زەوی و گلدانەوەی. ئەمەش لە پاش دابەزینێکی گەورە لە حەوزە ئاوییەکانی ژێرزەویدا هات.

بێ گومان دروستکردنی دەیان و بگرە سەدان بەنداوی ناپێویست کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە و تێکچوونی ئێکۆسیستەمی ناوچەیی هەبووە. لە گرنگترین ئەو دەرەنجامە نەرێنییانەی کە هاتوونەتە کایەوە دەتوانین بڵێین بریتین لە مانەی خوارەوە.

  • کەمکردنەوەی ئاستی لە بەر ڕۆیشتنی سروشتی ئاوی ڕووبارەکان: کاتێک بەربەستێکی گەورە ئاوێکی زۆر لە پشتی خۆیەوە گل دەداتەوە، کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو ڕووبار و سەرچاوانەی کە دەکەونە بەردەمی و دەبێتە هۆی وشککردنی سەرچاوەی ئاودارکردنیان. سەدسازی لە ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنە زانستییەکان بووەتە هۆی وشککردنی ئاوی چەندین ڕووباری هەمیشەیی یان کەمکردنەوەی بۆ ئاستێکی مەترسیداری ژینگەیی بەتایبەت ڕووباری زایندەروود لە فلاتی مەرکەزی ئێراندا.
  • وشککردنی دەریاچە و گۆماوەکان: بەنداوەکان دەبنە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی حەوزی ئاوی ئەو ڕووبەرە ئاوییانەی کە بە شێوەیەکی سروشتی خۆیان نوێ کردووەتەوە. لە دەرەنجامدا چەندین گۆمی گەورەی وەک ورمێ گرفتێکی گەورەی ژینگەیی لەدوای وشکبوونی بەجێ هێشتووە.
  • داماڵینی زەوی و داتەپینی خاک: لە ئەنجامی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە لایەک و کۆکردنەوەی بارستەیەکی گەورەی ئاو لەسەر زەوی، بێگومان پەستانێکی گەورە لەسەر ئەو چینانەی ژێرزەوی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ڕۆچوونی مەترسیداری خاک، کە ئەم گرفتە بواری گەڕانەوەی بۆ هەمیشەیی لە دەست دەدات. دیاردەکە لە ئێراندا نزیک بووەتەوە لە سەنتەری شارستانیتە کۆنەکان و تەنانەت مەترسی لەسەر شارە گەورەکانی ئێستاش دروستکردووە.
  • بەرزکردنەوەی ڕێژەی بە هەڵمبوون: گلدانەوەی ئاوێکی زۆر لە بارودۆخی گەرمی ئێراندا، جگە لە گۆڕینی ئاو بۆ هەڵم، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پلەکانی گەرما و گرفتی ژینگەیی ناوچەیی لە نزیک بەنداوەکاندا دروست دەکات. سەرەڕای نیشتەمەنیەکی زۆر لەنێو بەنداوەکاندا کە خۆی یەکێکە لە گرفتەکانی دیکە.
  • لە هەمووی گرنگتر دروستبوونی ناکۆکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزبوونی زیاتری لەپاش تەواوکردنی بەنداوەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی خوارەوە هەبووە. چونکە گرووپە باڵادەستەکان لەڕێگەی پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو بڕیاردەرەن کە چ گوندێک دەبێت ئاوەدان بکرێتەوە و خاکەکەی بەراو بکرێت، هەروەها چ گوندێکیش دانیشتوانەکەی بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵی بە ناچاری کۆچ بکەن و کاولکاری ژینگەیی تەنیا پشکیان بێت. بێگومان ئەمەش چەندین دەرەنجامی دیكەی وەك كۆچكردنی دانیشتوان و زیادبوونی دانیشتوانی شارنشین لێكەوتۆتەوە كە لە ئێستادا بێكاری گەورەترین گرفتە كە هاوڵاتیان ڕووبەروویان بووەتەوە و ئەمەش چەندین گرفتی دیكەی كۆمەڵایەتی دیكەی هێناوەتە ناو كۆمەڵگەوە. بڕوانە وێنەی ژمارە (3 ) كە بەرزبوونەوەی پێوانەیی ژمارەی دانیشتوان نمایشدەكات بەشێوەیەك لە 13 – 14 ملیۆن لە دەیەی پەنجاكانەوە بۆ نزیكەی 93 ملیۆن لە 2025 دا بەرزبۆتەوە. هاوكات لەو ژمارەیە زیاتر لە 75%ی لە دانیشتوانی شارنشین پێكدێت (10).

 

Figure 3 زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ئێران و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شارنشین لەنێوان (1955 -2025)

مافیاکانی ئاو

لە نیو سەدەی ڕابردوودا سیاسەتی پەرەپێدانی ئێران بۆ ئاو لەسەر بنەمایەکی نازانستی و حساب نەکردن بۆ سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری حەوزەکانی ئاوی ژێرزەوی ئاڕاستە کراوە. ئەمەش لە ژێر کاریگەری تۆڕەکانی بەڵێندەران و کۆمپانیا ئەندازیارەکان و دەستەبژێرێکی سیاسی کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ئاودا هەبووە ڕوویداوە، مافیای ئاو بە گشتی بۆ هەر سێ گرووپەکە لە کەرتی ئاودا لە ئێران بەکاردێت. ئەم گرووپانە وەک کاڵایەکی ئابووری ئاو بەکاردەهێنن و دەوڵەتیش لەبری چاودێرێکی جدی، یان بە شاراوەیی یەکێکە لە جێبەجێکاران، یان بێ دەسەڵات و دەستەوەسان ماوەتەوە.(11)

ڕۆڵی دەوڵەت لە پەنجا ساڵی ڕابردوو تا ئێستا تەنها وەک میراوێک دەردەکەوێت کە مافیاکانی ئاو بە پلان و بەرنامە ئاڕاستەی دەکەن بۆ بەکارهێنانی ئاو لە کەرتە کشتوکاڵی و پیشەسازیە قوورسەکاندا. پێش شۆڕشی ئێران مۆدێرنەکردنی دامەزراوەکان و چاکسازی لە یاساکانی زەوی و زار و هێنانی ئامێر وەک ئامرازێکی مۆدێرنەکردن، دەوڵەت سیستەمی سونەتی قەناتی بە پاشکەوتوو ناوبرد و بەڕێوەبردنی تەکنیکیان خستە جێگەی. لە دوای شۆڕش و پاش سەرهەڵدانی جەنگ و ئابڵوقەی ئابووری، گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی دامەزراوەکانی ئاوەدانکردنەوە و وزەی ئێران بانگەشەی (کشتوکاڵی میحوەر ئازاد) پەستانێکی زۆریان کردە سەر سەرچاوە ئاوییەکان. پاشان لە سەردەمی دەسەڵاتی (ئەحمەدی نەژاد) پۆپۆلیسمی ئاوی دەستی پێکرد، بە بیانووی ڕاکێشانی جەماوەر و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان (یاسای مۆڵەتپێدان بە بیرە نایاساییەکان) دەرچوو. کە ئەمە کۆتا تیر بوو بەر حەوزەکانی ڕووبار و ئاوی ژێرزەوی کەوت(12). بۆیە دەتوانین بڵێین مافیاکانی ئاو تۆڕێکی سێ گۆشەیین کە بەشێوەیەکی نهێنی و ناڕەسمی وابەستە بە یەکترن و پێکدێن لە

1-دامەزراوە دەوڵەتییە بیرۆکراتیەکان وەک (وەزارەتی وزە) ئەم دامەزراوەیە تەواوی بودجەی خۆیان بە ئاڕاستەی دروستکردنی بەنداو و بەستەکان تەرخان دەکەن بە بیانوی بەکارهێنانی بۆ کارەبا و گەشتیاری و گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچە بێ ئاوەکان.

2-کۆمپانیا ئەندازیارییە ڕاوێژکارییەکان: ئەم کۆمپانیایانە پلانەکانی دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو دیزاین دەکەن، تەنانەت زۆرێک لە کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەت پاش خانەنشین بوونیان لێرە کار دەکەن.

3-بەڵێندەرانی گەورە و کۆمپانیا بیناسازییەکان: ئەم گرووپانە کە زۆربەیان بە دامەزراوە باڵادەستە ئەمنییەکان و ئیدارییەکانەوە وابەستەن، قازانجێکی خەیاڵی لە دروستکردنی بەست و بەنداوەکان و لێدانی تونێلەکان دەکەن کە بودجەکەیان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە بۆ تەرخان دەکرێت(13).

بە گشتی ئەم تۆڕە ڕەدووی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەکەون و لەڕێگەی نفوزی سیاسی، لۆبیگەری و فشار، سوودوەرگرتن لە دەرفەتە ئابوورییەکان، چەندین پرۆژە پێشنیاز دەکەن کە جگە لەوەی سوودێکی دارایی بۆ خۆیان دەستە بەردەکەن، هاوکات هیچ حیساباتێکی زانستی بۆ ژینگە و هایدرۆلۆجیای ناوچەکان لەبەر چاو ناگرن.

لە تایبەتمەندییەکانی ئەم گرووپە بریتییە لە ئەولەویەت دان بە پرۆژە گەورەکان و قازانج کردن و قۆرخکردنی بودجە زەبەلاحەکان، لە بری گرنگیدان بە سیاسەتەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.

هەروەها لە پرۆسەکانی تەرخانکردنی بودجەدا کار لەسەر ناشەفاف بوون و گرێبەستی وەهمی دەکەن، لە ناو کۆمەڵگەدا بە پشتبەستن بە بنەمای (پێویستی) کار لەسەر دروستکردنی لۆبیگەری و هاودەنگی کۆمەڵایەتی دەکەن ئەمەش لەڕێگەی ڕاگەیاندن و کەناڵە تایبەتمەندەکانی دیکەوە. هەروەها نادیدەگرتنی دەرەنجامەکانی خراپبوونی ژینگە و وشکبوونی دەریاچەکان و بەستنەوەی بە هۆکاری وشکەساڵی و سروشتی. نەک خراپی بەڕێوەبردن و شکستی سیاسەتی ئاوی.

بۆیە ئەم گرووپە بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو بە بەرنامە ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی بەرنامەکانی کابینە یەک لە دوایەکە کانی ئێران و تەنانەت داڕشتنی ئەو دروشمانەش کە هەر کابینەیەک هەڵی دەگرێت سەبارەت بە گرفتی ئاو.

خشتەی ژمارە (1) گۆڕانکاری دروشمەکانی دەوڵەت و مافیاکانی ئاو لە قەیرانی ئاودا بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی (3، 12)

كاریگەری لەسەر سەرچاوە ئاوییەكان
ڕۆڵی مافیاكانی ئاو
كاردانەوەی دەوڵەت (وەك بزوێنەری قەیرانەكە)
ئایدۆلۆژیای حاكم و بانگەشەی دەوڵەت
سەردەمەكان
پاشكەوتنی بەڕێوەبردنی كلاسیكی قەناتەكان و سەرەتایەكی ئارام بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی حەوزەكانی ڕووبار
دانانی یەكەمین توخمەكانی تەكنۆكراتی ئاو (شوێنگرتنەوەی ئەندازیارەكان لە بری میراوی قەناتەكان)
تێكدانی سیستەمی خانەدانەكان و هێنانی پەمپ و تەكەنەلۆجیای ڕۆژئاوا – سەرەتای بنیادنانی بەنداوەكانی (دز و سفیدرود)
مۆدێرنەكردن و (شۆڕشی سپی) چاكسازی لە زەوی و زار
دەیەی 60 و حەفتای زاینی (پێش شۆرش)
زیادبوونی بەرچاوی زەوی كشتوكاڵی و پەستانی زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییەكان بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراكی
جەختكردنەوە لە بەرهەمهێنانی خۆراك – پشت بەستن بە بازوی كاركردن بەتایبەت لە گوندەكان
تەرخانكردنی زەویەكانی دەوڵەت بۆ كشتوكاڵ- دابینكردنی سوتەمەنی و كارەبا بە خۆڕایی- هاندان بۆ بەرهەمهێنانی گەنم بە هەر نرخێك
سەربەخۆیی و بە ئاڕاستەی كشتوكالكردن
دەیە هەشتاكان (جەنگ و شۆڕش)
وشكبوونی گۆم و چۆم و ڕووبارەكان لەبەردەم بەنداوەكان – لەناوچوونی ئیكۆسیستەم-
لەدایك بوونی ڕەسمی مافیای ئاو – هاودەنگی دەوڵەت و كۆمپانیاكان و بەڵێندەرەكان بۆ دانانی پڕۆژی ملیاردی لە بواری ئاو
تەرخانكردنی بودجە گەورەكان بۆ سەدسازی، دامەزراندنی كۆمپانیا گەورەكان، سەرەتای لێكۆڵینەوە لە گواستنەوەی ئاو
سەدسازی و پەرەپێدان (كۆكردنەوەی ئاوەكانی سەرسەزەوی)
دەیەی نەوەدەكان (ئامادەكاری)
كۆتایی هاتنی حەوزەكانی ڕووبار – بە خێرایی وشكبوونی ئاوی ژێر زەوی و سەرەتای داتەپینی زەوی
باڵادەستی هێزی بەڵێندەران لە پەرلەمان – لۆبیكردنی گواستنەوەی ئاو بۆ پارێزگا بێ ئاوەكانی ناوەڕاست_
یاسای دیاریكردنی بیرە بێ مۆڵەتەكان و دەركردنی مۆڵەت بۆیان – پەرەپێدانی پیشەسازی كە پێویستیان بە ئاو هەیە لە ناوچە بیابانییەكان
عەدالەتی دابەشكاری (بەڕواڵەت) ئاو بۆ هەمووان
ساڵانی 2000 (پۆپۆلیسم)
شكستی ئاوی و كۆچكردنی دانیشتوان و نائارامی و بە فراوانی نیشتنی زەوییە كشتوكاڵییەكان
گۆڕانكاری لە ستراتیژی مافیای ئاو – لە دروستكردنی سەدسازی بۆ پڕۆژەكانی گواستنەوەی ئاو
پڕۆژەكانی گواستنەوەی ئاوی دەریا و پڕۆسەی شیرینسازی ئاو – كاردانەوە لەبەرامبەر بیرە بێ مۆڵەتەكان- سەركوتكردنی دەرگیریە كۆمەڵایەتییەكانی ئاو
ئاسایش و مانەوە (خۆگونجادن لەگەڵ كەم ئاوی (وەك پڕوپاگەندە)
2010 تا بە ئەمڕۆ (قەیران)

لە ئەنجامی خشتەی سەرەوە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕوویانداوە دەتوانین سێ دەرەنجامی گرنگ کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕۆڵی دەوڵەت و مافیای ئاو هەیە دەستنیشان بکەین:

یەکەم: دیاردەی قوفڵ بوون (lock – in) سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی ئاو لە ئێران لە شوێنێکدا قوفڵ بوون، کە بواری گەڕانەوەی بۆ دواوە زۆر ئەستەم کردووە. ئەمەش بەهۆی وابەستەبوونی زۆرێک لە خەڵک و دامەزراندنی چەندین ژێرخانی پیشەسازی و کشتوکاڵی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بەکارهێنانی ئاو. ئەمەش وا دەکات کە لە هیچ بارێکدا دەوڵەت نەتوانێت بڕیاری بڕینی ئاو لەو پیشەسازییانە بدات، یان قەدەغەی بەرهەمهێنانی هەندێک بەروبوومی کشتوکاڵی بکات کە ئاوێکی زۆریان پێویستە، یان بەرهەمهێنانی بۆ مەبەستی هەناردەکردن کەم بکاتەوە. چونکە لەو کەرتانەدا خەڵکانێک کار دەکەن کە بۆ چەندین دەیە وابەستەبوون بەکارەکانیانەوە. لە لایەکی دیکەش بوونی کۆمپانیا گەورەکانی وەک توانەوەی ئاسن و بەرهەمهێنانی کە بە بڕیاری سیاسی لەناو دڵی بیابانەکانی ئێراندا وەک یەزد و ئەسفەهان و کرمان (فلات مەرکەزی) بنیاتنراون و پێویستیان بە ئاوێکی زۆر هەیە. ببێتە هۆی لەدەستدانی چەندین هەلی کار و لە دەرەنجامدا داتەپینی ئاستی بەرهەمهێنان و هتد لێ بکەوێتەوە.

دووەم: گۆڕانی سیاسەتی کارکردنی مافیاکان: خشتەکە ئەوەمان نیشان دەدات کە مافیای ئاو لە ئێراندا بەبەردەوامی و بەپێی کاڵی و تۆخی قەیرانی ئاو، ئەویش ڕووی خۆی زیرەکانە گۆڕیوە. زۆر ڕوونە کە لە سەرەتادا بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی لە دروستکردنی بەنداودا دەبینێتەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە پلانی ستراتیژی و بودجەی زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەکرێت. پاش دەرکەوتنی کاریگەرییە ژینگەییەکانی و وشکبوونی ڕووبارەکان و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، مافیای ئاو ڕوو دەکاتە گواستنەوەی ئاو لە نێوان حەوزی ڕووبارەکاندا. ئەمەش دووبارە پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورەتر لە سەدسازی هەیە بۆ لێدانی تونێل و گواستنەوەی ئاو.

سێیەم: بە یاساییکردن و یاساکانی دژە ژینگە: جگە لە یاسای ساڵانی هەشتاکان کە کاریگەری لەسەر وشککردنی قەناتە ئاوییەکان هەبوو، یاساکانی ساڵی 2010 لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان لە ژێر فشاری پۆپۆلیستی و لۆبیکردندا بە شێوەیەکی کاریگەر تاڵانکردنی ئاوی بە یاسایی کرد، ئەویش بە پێدانی مۆڵەت بە دەیان هەزار بیری قووڵی نایاسایی کە لە دەرەنجامدا بوونە هۆی وشکبوونی تەواوەتی چەندین دەریاچەی گرنگ لە ئێراندا.

ئەنجام

بە كورتی و پوختی دەكرێت لە چەند خاڵێكدا دەرەنجامی ئەو سیاسەتانەی كە گیراونەتەبەر بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و ئەو دەرەنجامانەی كە لەم سیاسەتانە كەوتۆتەوە لێرەدا بە چەند خاڵێك كورت بكەینەوە:

  • ڕۆڵی دەوڵەت لە پێدانی مۆڵەت بە بیرە قووڵە نایاساییەكان، بۆ ڕاكێشانی سۆزی جەماوەری، نفوزی سیاسی، وایكرد كە دەوڵەت لەلایەك نەتوانێت كۆنترۆڵی وڵاتێكی گەورەی وەك ئێران بكات لە لێدانی بیری نایاسایی، تا ئاستی لەدەست دەرچوونی بارودۆخەكە. كە ئەمە فاكتەری كاریگەر بوو لە وشکكردنی ئاوی قەناتەكان. هەرچەند لەسەرەتادا دەوڵەت یاساكەی بۆ كۆنترۆڵكردن دەركرد، بەڵام نەیتوانی بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكات. تا لە ساڵانی دواتردا دەوڵەت لەڕێگەی هاندانەكان و پێدانی قەرزەوە لەبری ڕێگری، كارئاسانی زیاتری دەكرد.
  • ئەگەر دەوڵەت بیەوێت كۆنترۆڵی بكات (هەرچەند ناتوانێت) ئەوا مەرگی خۆی ڕادەگەیەنێت، چونكە ڕێژەیەكی زۆر لە دانیشتوان سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی بازرگانین. كە ئەمانە وابەستە بە چەندین گرووپی سیاسی و بازرگانی خاوەن بڕیارن.
  • ڕۆڵی مافیاكان لە پشت قەیرانی ئاوی ئێراندا، كاریگەریەكی قوڵی بەسەر بڕیارەكانی دەوڵەتەوە هەیە لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا، چونكە ئەو گرووپانە بۆ هەر بارودۆخێك پلان و بەرنامەی خۆیان دەگۆڕن. سەرەتا بە دروستكردنی بەنداو، لە كۆتاییدا بە پرۆژەكانی گواستنەوەی ئاو و شیرین كردنی ئاوی سوێر. چونكە ئەو گرووپانە بیردەكەنەوە لە چیدا زۆرترین سوودی ئابووری بۆخۆیان دابین بكەن.
  • هەموو ئەو سیاسەتانەی سەرەوە چەندین گرفتی ژینگەیی و سروشتی دروستكردووە. لە ڕادەبەدەر دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی وایكردووە داماڵین و داتەپینی زەوی ئێران بكاتە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی كە ئەم گرفتەیان هەیە. هەروەها زیادەڕەوی لەسەدسازی، چەندین گۆماو، دەریاچەی سروشتی وشككردووە.

ئەگەر چی چارەسەری ئەم بابەتە هەروا ئاسان نییە، چونكە ڕوونە كەمی دابارین لە ئێراندا دەرەنجامی زاڵبوونی كەشوهەوای بیابانی وشكە، بەڵام دامەزراوەكان زیاتر بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم شكستە ئاوییە، بەرگی وشكەساڵی بۆ بارودۆخەكە دەدورن، لەكاتێكدا كۆمەڵگەی زانستی و توێژەرانی وڵاتەكە بەدەیان ساڵە خەریكی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەن، مافیاكانی ئاو ڕۆڵیان هەیە لە پەردەپۆشكردنی ئەو ڕاستیانەی كەلەم لایەنانەوە دەردەچن. بۆیە بەبڕوای توێژەرانی بوارەكە، چارەسەرەكان پێش هەموو شتێك دەبێت داننان بێت بە شكست لەلایەن دەوڵەتەوە، ئینجا چارەسەری یاسایی، ژینگەیی، ئابووری، كۆمەڵایەتی هتد بۆ ئەم بارودۆخە ژینگەییە بكرێت كە ئێرانی گرتۆتەوە.

لێرە زۆر پێویستە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان، كە سەرچاوەی سەرەكی ڕووبارەكانمان لە ئێرانەوە هەڵدەقوڵێت و چەندین پڕۆژەی گواستنەوەی ئاویان لەسەر بنیاتنراوە. كاربەدەستان هەرێمەكە بەهەمان قەیرانی ئێراندا نەبەن، ئەگەرچی بڕی دابارین لە كوردستان لە 400 ملم زیاترە، بەڵام چەند ساڵێكە دروستكردنی بەنداو، پۆند خەریكە لە هەرێمیش لە سنوور دەردەچێت، لە ئێستادا لەچەندین شوێن نمونەی پۆندی دروستكراو هەیە، كە یان جوتیاران خۆیان دروستیان كردووە، یان بە هاوكاری و كار ئاسانی حكومەت دروستكراون، كە هەموو ئەمانە لە ئایندە گرفتی ژینگەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر لایەنە زانستیەكان ڕەچاو نەكرێن.

سەرچاوەكان

  • Khorrami, A., 2025. Water and Urban Tissues: The Qanat System and the Formation Process of Yazd, Iran. FORMA CIVITATIS: International Journal of Urban and Territorial Morphological Studies.
  • سەرچاوەی پێشوو
  • Nabavi, E. (2018) Failed policies, falling aquifers: Unpacking groundwater overabstraction in Iran. Water Alternatives, 11(3), pp. 699–724.
  • سەرچاوەی پێشوو
  • سەرچاوەی پێشوو
  • Hadei, M. and Hopke, P.K. (2025) Civilizational Drought: A Missing Category in the Understanding of Iran’s Water Crisis, Environmental Science & Technology, 59(27), pp. 13529–13531. doi:10.1021/acs.est.5c07392.
  • Mahmoudi, et al., 2024. Climate change and temperature trends in Iran. DOI:10.28974/idojaras.2024.4.5.
  • FAO, 2025. Water efficiency, productivity and sustainability in the NENA regions – Iran. Available at: https://www.fao.org/in-action/water-efficiency-nena/countries/iran/en/ [Accessed 23 Dec. 2025].
  • https://armandaily.ir/ پشت پردە مافیای اب, 23  2025
  • http://www.amareiran.org/index.php/jm-yt-ayran
  • سەرچاوەی پێشتر (9)
  • Krajcik, V., 2025. Iran’s Water Crisis: Ruining Qanats and Drying Up Tehran.
  • سەرچاوەی پێشتر (3)

 

Send this to a friend